ئاتێنی چاخی زێڕینی پریکلێس، بووەتە نموونەی شارستانییەت بۆ رۆژئاوا. ئامانجگەلی وەک دیمۆکراسی، لێبووردن و بەرپرسیارێتی مەدەنی وەکوو بنەمای ژیانی گشتی رۆژئاوا وایە. یۆنانی کلاسیک بەمانای بەربڵاوی وەکوو پارادایمێک بۆ شارستانییەتێکە کە لە ئەشکەوتی بەربەرییەتەوە هاتۆتە دەرەوە. ئاڵمانییەکانی دوای چاخی رۆشنگەری خۆیان لەسەر بنەمای سەرچەشنی یۆنانییەکان(Schmidt 2001) رێکخست63. لەم چاخە زێڕینەیە کە کەڵەتراژێدی نووسەکانی یۆنان دەژین و لە تراژێدییەکانی خۆیاندا،(توندوتیژی و جەنگیان، نەوەکوو شکۆمەند یان رێبازی پەڕینەوە بۆ جیهانی جاوید، بەڵکوو وەکوو بابەتێکی دڕندە، گەمژانە و پڕڕق پیشانیان دەدا. بەپێچەوانەی تێڕوانینی هۆمەری کە قارەمانێتی پیاوانە بە مەرگێکی جوان و یان شکۆی نەمری هاوتەریب لەگەڵ وتو وێژ و دانوستانی شیعرئامێز لەگەڵ رووە ترسناکەکەی مردنەوە دێتە کایەوە، تراژێدی نووسەکان چەندەها جار لەسەر بێ بایەخی و نەگبەتی جەنگ پێداگری و داکۆکی دەکەن64.
لەم کولتووری تراژیدییەدایە کە بە راڤە و شرۆڤەی نیچە لەپشت هەر قارەمانێکی تراژێدی، دیۆنیزۆسێک هەیە و رۆڵ و دەوری خۆی دەگێڕێت و دیۆنیزۆس خودایەکە کە دەمرێت تا جارێکی کە زیندوو بێتەوە، خودایەک کە ئایینی ئۆرفەیی لەسەری بونیاد نراوە، ئەوەش بە مەرگی ئۆرفیۆس دەگاتە تەشقی نەمری خۆی. بەڵام بۆ هەر تراژێدی نووسێک ئەمە روون و ئاشکرایە کە دەبێت لە مەرگ بترسێت و شیوەنی بۆ بگێڕێت. بەڵام ئەم ترس و سامە لەمەرگ کە لەتەواوی کولتووری هۆمەری و چاخی زێڕین دا روون دەینواند، لەچاخی فەلسەفە لەلایەن سوقراتەوە نکۆڵی لێدەکرا. ئەو بە دەربڕنی ئەوەی کە(فەیلەسووفی حەقیقی لەئیشی ئامادەبوون بۆ مەرگدایە) هاوکات داکۆکی لەوەش دەکرد کە فەیلەسووف لە مەرگ ناترسێت بیرۆکەیەک کە لەمە بەدواوە لەگەڵ فەلسەفەدا هاوڕێ بووە، بەتایبەتی لە فەلسەفەی فلۆتین کە حەز و تامەزرۆیی زۆری خۆی بۆ عیرفان و سۆفیگەری نەدەشاردەوە و هەروەهاش لە تەواوی زنجیرە و نەوەکانی فەیلەسووفە رەواقییەکان و رێبازی ئەبیقور دا بەدواداچوون و شوێن پێی هەبووە. فەیلەسووفگەلێکی بەنرخ وەکوو سیسرۆ و سێنێکا لە ژێر کاریگەرێتی ئەوان دا لەبارەی مەرگەوە دەستیان دایە نووسین. بەڵام ئەم مەرگ ئەندێشییە لەگەڵ نکۆڵی سام و ترسی مەرگ-تایبەت بوو بە تاکەکان،خەڵکی مەدەنی و ساویلکەی رۆژئاوا-هەر بەو شێوە کە ئەفلاتوون لە وتاری فایدۆن دا نووسی- لەمەرگ دەترسان و سام دایانی دەگرت. تائەوەی کە لە سەدەکانی ناوەڕاست دا و لەگەڵ دەسەڵات و سەروەری کلێسای کاتۆلیک، پەرەسەندنی کولتووری مەزهەبی و ژیان بێزی رەهبانییەتی مەسیحی، مەرگ ئەندێشی پەرەی سەند و ئیشتیا و حەزی ژیانی زەوینی لەگەڵ جوانی لەش و رێزگرتنی گۆشتی لەش(Flesh) بەجارێک تووڕدرا. تاکوو لەشی بێ گیان، کاتی مەرگ، خاکێک بێت کە بە ئەسپەردە کردنی بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە؛(لەخاکەوە بۆخاک، لەخۆڵەمێشەوە بۆ خۆڵەمێش) ئەو خۆڵەمێشەی کە نوێنەری رەنجی مرۆڤە و ئێنسانێک کە لەم ژیانە دا خۆی هێمای رەنج بوو و ئەم ژیانەی کە سەرتاپا هەمووی رەنج بوو.
بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمان، هاوکێشەکە گۆڕدرا و بە بزاڤی کولتووری رێنێسانس، مرۆڤ جارێکی کە لەدایک بوو و لەم ژیانەدا لەدایکبوونێکی تری بەخۆوە دیت. لە حەقیقەتدا ئینسانێکی تر پێی خستە دونیاوە جیاواز لە ئینسانی سەردەم و شوێنەکانی تر. هەڵبەت رەنگە ئینسانی نوێش وەکوو ئینسانی کەونینەیی چاخی هۆمەر لەگەڵ خواستی ژیان و جۆش و خرۆشی “بوون” دەژیا، بەڵام بەم جیاوازییەوە کە ئینسانی دووەم زۆرتر بە غەریزە و خواستەکانی رێنوێنی دەکرا و ئینسانی یەکەم، بەتایبەتی دوای چاخی رۆشنگەری بڕیاریدا بە ئەندێشە و ئەقڵەوە ژیانی خۆی بەوشیاری و ئیرادەی ئازاد و حەزی پێشکەوتن بەرەو داهاتوویەکی گەش و روون و هەڵبەت باشتر لە پێشوو ببیاتە پێشەوە. بۆیە ئینسانێکی نوێ بە شوناسێکی نوێوە پێناسە کرا. ئینسانی نوێ، ئینسانییەتی بە هزر، خاوەن ئەندێشە، ئیرادەی ئازاد و هەڵبەت بە خواستی ژیان و گەڕان بۆ حەقیقەت لە واقیعە بەرهەست و کۆنکرێتەکاندا پێناسە دەبوو-و بەم پێیە ئینسانێک بوو لەشی خۆی خۆشدەویست و وەکوو ئینسانی کولتووری هۆمەری جوانی و چاکیەکەی دەبینی و شیاوی رێزی دەزانی کە دەبێت جوانی و تەندرووستییەکەی بپارێزرێت. ئیدی گۆشت و لەشی ئینسان پیس و پۆخڵ و نەویستراو چاولێنەدەکرا. بەڵام بەهەمان شێوە کە تێڕوانین بۆ ژیان، جوانی و داهاتووی ئەم جیهانە گۆڕدرا، تێڕوانینیش بۆ مەرگ بە هەمان شێوە گۆڕانی بەسەرداهات، یان بە پێچەوانەوە تێڕوانین بۆ مەرگ بوو کە تێڕوانینی ئینسانی نوێی بۆ خۆی و ژیانی خۆی لەم جیهانەدا گۆڕا.
بەهەرحاڵ، لەهەمان سەردەمی رێنێسانس(بووژانەوە)، ئەوەی وا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا تێڕوانینی مەسیحییەتی رۆژئاوا بوو، چووە ژێر پرسیار و گومانەوە و (مشت و مڕگەلێک لەبارەی نەبوونی یەقین) بە نەمری و پەسڵانی(رستاخیز) وادەدراو و(مشت و مڕگەلێکیش لەبارەی یەقین) لەمەڕ ئازار و دەردی سەرمەدی و هەمیشەیی65 وەدەرکەوت. بە گوێرەی ئامۆژگارییەکانی کلێسا، ژیان لە جیهانی دیکەدا سەرچاوەی ئەشکەنجە و دەرد بوو، بۆ رزگار بوون لەم بڕیارە ئەبەدییەی ئەشکەنجە- کە هیرۆنیمۆس بۆش(Hieronymous Bosch) ئەو ئەشکەنجەیەی وەها سەرسووڕهێنەر و رووت و رەها لەتابلۆ بەناوبانگەکەی نیگار کردووە- دەبێت هەر ئیماندارێک وەها پارێزکارانە و زاهیدانە بژیایە کە بێجگە لە گرووپێکی کەم، کەس لە توانای دا نەبوو بەڕێوەی ببات. لەبەر ئەمە بەهەوڵ و تێکۆشانی کلێسا و رەهبانییەتی مەسیحی، مەرگ وەکوو وشیاریەکی بەرجەستە و زەق دەرکەوت و لە جوانترین و پوخت ترین وتەدا ئەمەیە;( لەناوەڕاستی ژیان دا لەمەرگ داین!)(Media in vita in morte sumus)66.بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم داکۆکی و پێداگرتنانە لەسەر بنەمای ئەوەی کە(مەرگ باشترە لە ژیان)، ترس و سام لە مەرگ بەربڵاو و پانتابەرین بوو67. لە حەقیقەتدا بە هەمان شێوە کە هەوڵەکانی فەیلەسووفانی یۆنان و رۆمی کەونارا لە فیساغورێس، سوقرات و ئەفلاتوونەوە تاکوو رەواقییەکان، بۆ دابەزاندن و نەهێشتنی هەراس و سامی مەرگ نەگەییشتبووە هیچ کوێ، هەوڵەکانی کلێسا و زنجیرەی رەهبانییەتیش لەم بارەیەوە دەسکەوتێکی سەرەنج راکێشی نەبوو68.
تێڕوانینی کۆمەڵگای رۆژئاوا لە سەرەتای فەلسەفەدا لە یۆنانی کەوناراوە تاکوو رێنێسانس لە ئیتالیا دووفاق و ناهاودەنگ بوو. زۆربەی خەڵک واتە زۆرینەی خەڵکی مەدەنی، بە ترس لە مەرگەوە دەژیان، ئەگەرچی ئیمانیان بە مەسیحییەت و کلێسای کاتۆلیک هەبوو، بەڵام بە ئاگادار بوون لە گوناهبار بوونی خۆیان، رەنج و سزای دوای مەرگیان چاوەڕواندەکرد و خودی ئەم ترس و سامە، رەنج ودەردی ژیانی دووئەوەندە دەکردەوە. لە بەرامبەر ئەم ئاپۆرە زۆرەدا، کەمینەیەکی تایبەت لە فەیلەسووفان، بەڕێوەبەرانی کلێسا و دەیرنشینەکان هەبوون کە هەوڵیاندەدا کە یان بە(فەلسەفین-رێگەی فەلسەفە و بیرکردنەوە) هەراس و سامی مەرگ لە خۆیان دوور بخەنەوە تاکوو خۆیان بۆ مەرگێکی هێمن و ئارام تەیار بکەن، یان بە گۆشەگیری و ریازەت و خۆئازاردان و روو وەرچەرخان لە هەر جۆرە خۆشی و چێژێک لە چێژەکانی جیهان، هەوڵیاندەدا تووشی گوناهـ نەبن. بەم پێناسەیە تابلۆی گشتی سەدەکانی ناوەڕاست لە پێوەندی لەگەڵ مەرگ و ژیان تابلۆیەکی رەش و گرژ و مۆن بوو کە تێیدا خەڵک یان بە ترس و وەحشەت لە مەرگەوە دەژیان و یان لە چاوەڕوانی مەرگدا واقی ئاسۆ بوون تاکوو لە رەنج و دەرد قوتار ببن.
“قبووڵکردنی سامناکی مەرگ”
بە دەستپێکردنی رێنێسانس چەندەها هۆکار دەستیان دایە دەستی یەکترەوە و تێڕوانینی ئینسانیان بە نیسبەتی مەرگەوە گۆڕی. رێزگرتن لە زانستە سرووشتییەکان، و شکڵ گرتنی چەمکەکان لە رێگەی سەرەنج و وردبینی کە لە ئابیلارد(Abelard 1079-1142) و قوتابییەکەی، واتە ژان(John of Salisbury 1115-1180)69 دەستی پێکرد، و بەهۆی بە گیروگرفتکردنی بیرۆکەکانی ئەفلاتوون و ئاگۆستینی قیددیس، لە جیهانی ئایدیا و میتافیزیکەوە پێیان نایە ناو جیهانی هەست و سرووشتەوە. کەواتە ئەم جیهانە نوێیەشیان بە دەستکردی خودا دەزانی، شیاوی رێزلێنان و بەو هۆیەشەوە خۆشەویست و خوازراو ئەژماریان دەکرد:- بێگومان، ئەمەش هێشتا جیهانی خودا بوو، و سەرسامییەکانی راشکاوانە، شکۆ و بەرزی خوڵقێنەرەکەی دەگوتەوە. بەڵام هەستی نوێ بۆ سرووشت بە رادەیەکی ئەوتۆ بە هێز بوو کە کەسێکی وەکوو پترارک(1304-1374) لە نێوان جێهێشتنی دونیا یان گۆشەگیری – کە ئامۆژگاری باوکانی کلێسا بوو- و هۆگری و خۆشەویستی بۆ سرووشت، بخاتە ململانێ و مقۆمقۆ و مشت ومڕەوە70.
پترارکی قەشە، بۆ چێژوەرگرتن لە ئەم جیهانە کە نیشانە و هێمای شکۆمەندی داهێنەرەکەی بوو، دەچووە سەر ترۆپکی کێوی ڤێنتۆ، تاکوو جوانییەکانی کە دەسکرد و بەرهەمهاتووی خودا بوو ببینێت و لەوێدا ستایشی کات. (ئەو نەک هەر تەنیا خۆی بە قەشەیەک بەڵکوو ئیماندارێکی راستەقینەی پڕهیوا مەسیحییەت71) دەزانی. بەم هەوڵ و هزرانە بوو کە دروشمی رێنێسانس دواتر وەدەرکەوت کە هەنووکە(مەرگ دەتوانێت چاوەڕوان بێت). (Memento vivera)72 .
پیکۆ دێلا میرئاندۆلا (Pico Della mirandola 1463-1494) لە وتارە بەناوبانگەکەی خۆیدا واتە (لەبارەی پێگەی مرۆڤ) لە زمانی خوداوە بە ئینسان دەڵێت: (من ئێوەم لە ناوەند و چەقی دونیا دا نیشتەجێکرد بەو هیوایەی کە بۆ خۆتان ئەوەی کە بە باشتری دەزانن وەری بگرن و بیبینن)73.
ئەم مانیفێست و راگەیاندنەی رێنێسانس، تێڕوانینی داشکاو و مەرگ خوازی مەسیحییەکان و رەواقییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، دەگۆڕێتە سەر تێڕوانینێکی تازە، کە خۆڕاگری و بەرەنگارییەکی تەواوی لە هەمبەر مەرگ و قەدەر دا هەیە و تامەزرۆیی و حەزێک بۆ ژیان و پاڵنەرانێک بۆ ئارەزوومەندکردنی چێژەکانی خۆی و دواتر شیاوی و شایانی خۆی دەرخست. بەم پێیە ئینسانی رێنێسانس رووگەشی و سەرزیندووییەکی(Vitality) بێسنوور و ناکۆتا ئەزموون دەکات. گرینگترین و گشتیترین وەڵام بۆ پرسیاری مەرگ لە رۆژئاوای چاخی رێنێسانس دا، وەڵامی میشێل دۆمونتین لە بەرامبەر وەڵامی مەسیحییەتە بۆ مەرگ. ئەوەی ئەندێشەی رۆژئاوا لە سەردەمی رێنێسانس بە خۆی سەرقاڵ دەکات، هەم دۆزینەوەی رێگایەک بۆ مەرگێکی هێمنە و هەمیش رێگایەک کە تێیدا هەراس و سام بەهۆی مەرگ ژیان تاڵ و ژەهراوی نەکات، و ئەمەش پرسێکە گرینگترین نیگەرانی میشێل دۆ مونتین بە هۆیەوە هاتۆتە ئاراوە. لە حەقیقەتدا هەم میشێل دۆ مونتین و هەم فرانسیس بیکەن، هەراس و سام لە مەرگ کە لە ئەندێشەی فەیلەسووفانی یۆنان و رۆم، ئوستوورەی دیۆنیزۆس و ئایینی ئۆرفەیی و هەروەها رەهبانییەتی مەسیحییەتیش کە لە هەوڵی کوشتن و سەرکوتکردنی دابوون، جارێکی دیکە گەڵاڵەیان کرد و هێنایانەوە سەر پێ. فرانسیس بیکەن لە وتارێکی کورتدا لە ژێر ناوی(لەبارەی مەرگەوە)74 ئەم ترسە بە بابەتێکی جیهانگیر(Universal) دەزانێت. میشیل دۆ مونتینیش لە وتارەکەی خۆیدا دان بەوەدا دەنێت کە ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ترس و سامی هەڵکەوتوو لە مەرگ لە ژان و رەنج دا بووە، تەنانەت کاتێکیش کە نەخۆشییەکەی بەرەو تەندرووستی دەچوو. ئەو بە ئاگاداری لەوەی کە (دوائاکامی ژیان مەرگە)75 ژیانی رادەبووارد و هەر ساتێکی ژیانی بەم بیرۆکەیەوە دەکەوتە مەترسی و نەیدەزانی چیبکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆش و کەڵکەڵە فیکرییەدا. لەم رووە دەیویست بە نووسراوەکانی سیسرۆ و سێنێکا رێگەیەک بۆ دامرکان لەم ترسە ببینێتەوە. ئەوە فەلسەفەیە کە دەتوانێت مرۆڤ فێری ئەوە بکات کە لە مەرگ و مردن نەترسێت. بۆیە بەم هۆیەوە وتاری کتێبەکەی خۆی تایبەت کرد بەمەوە کە: ( فەلسەفین فێربوونی چۆن مردنە)76.
لەوێدایە کە دەڵێت “مەرگی ئێوە بەشێکە لە رێک و پێکی و نۆرمی جیهان” و ئەوەی کە (مەرگ ئامانجی “بوون”ی ئێمەیە). سەرکوتکردنی ئەندێشەی مەرگ کردە و ئاکاری رەشەخەڵکەکانە. فەیلەسووف دەبێت “مەرگ وشیار” بێت و بزانێت کە مەرگ لە هەر کوێ بێت چاوەڕوانێتی. ئەو، ئەم ئامۆژگارییەی سێنێکای لە پێشی خۆی داناوە کە بەردەوام مەرگ ئەندێشی، باشترین شێوازە بۆ زاڵ بوون و سەرکەوتن بە سەر مەرگدا. بەڵام ئەزموونی بینینی مەرگ لە نێزیکەوە، بە هەمان شێوە کە چوار سەدە دواتر فرۆیدی هێنایە سەر ئەم بڕوایە تاکوو بە شێوازێکی دیکە ببینێت، تێڕوانینی میشیل دۆ مونتینیشی گۆڕا. بە مەرگی کچە منداڵەکەی، لەگەڵ ئەو تاعوون و جەنگەی کە لە ساڵی 1585 دا ویلایەتی بۆردۆی تەنییەوە77، مەرگ لە ئەندێشە و بیرۆکەیەکی دەرهەست و زەینی گۆڕایە سەر شێواز و واقیعێکی گرژ و مۆن و بە مەترسییەکی ترسناک دەینواند. ئەو، بەرە بەرە بۆی دەرکەوتبوو کە ئامادەگی و تەیار بوونی هەمیشەیی لە هەمبەر شاڵاوی مەرگدا شتێک ناگۆڕێت. کەسێک ناتوانێت لە حاڵەتی مەترسی و راسانی هەمیشەیی دا بژی. ئەگەر لە سەر ئەم رێبازە بڕوات لە باتی ئەوەی لە ئەندێشەی مەرگ قوتاری ببێت خراپتر دەکەوێتە چنگ و داویەوە. لە 1588 دا دەنووسێت:-
ئێمە ژیانمان بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لە بارەی مەرگەوە دەخەینە زەختەوە و بە نیگەرانی دەربارەی ژیانیش، مەرگ دەخەینە زەخت و زەحمەتەوە.78 و لەو پێدا چوونەوەی کە دوای مەرگی بڵاو دەبێتەوە دەیخوێنینەوە کە: فەلسەفە حوکمی ئەوە بەسەری ئێمە دا دەدات کە بەردەوام مەرگمان لە پێش چاو بێت و پێش وەخت چاوی لێبکەین و بیری لێبکەینەوە و رێسایەک فێری ئێمە دەکات کە ئەم ئەندێشەیە ئێمە ئازار نەدات، بە تەواوی ئەمانەوە، ئەگەر ئێمە زانیبێتمان چۆن بژین، ئیدی پێویست ناکات فێری چۆن مردنمان بکەن.79 میشیل دۆ مونتین ئێستاکە بۆی دەرکەوتووە کە مەرگ دوا ئامانجی ژیان نییە. بەڵام ئەمە بۆ من ئاشکرا بووە کە مەرگ بە راستی کۆتاییە، نە ئامانجی ژیان؛ بەڵکوو دواییەکانی و ساتی کۆتایی پێهاتنیەتی.80
پێش لەوەیش وەکوو زۆرێکی تر، لەوانە سوقرات و رەنگە زۆربەی سۆفییەکانی رۆژهەڵات، مۆنتینیش پێی وابوو کە ژیان بە هۆی تایبەتمەندی لەناوچوونییەوە بەتەواوەتی بێنرخ و بێ کەڵکە. بەڵام ئێستاکە تێگەیشتبوو کە ژیان راستەوراست بە هۆی ئەم لەناوچوونییەوە بەبایەخە؛ بەهۆی هەر ئەم سنووردارێتی(finitude) و کاتاوی(temporality) بوونەیەتی کە دیاریکەر و پێناسەکەری تایبەتمەندییەکانیەتی. بایەخی ژیان لە بێسنوورییەکەیدا نییە، بەڵکوو لەسنووردارێتی و تێپەڕاندن و تەیکردنی ئەم سنوورەیە(…) من لەژیانم لە ئاستی دیتراندا چێژ وەردەگرم، هەنووکە کە لێم روونە ژیانم پەستێندراوەتە ناو زەمان، و کاتاوییە، دەمەوێ قورسایی و سەنگی زۆرتر کەم و لەو رووەشەوە کە هەناسەدان لەناو ژیاندا کورتە، دەمەوێ هەناسەم قووڵتر و پڕتر کەم81.
بەڵام میشیل دۆمونتین سام و ترسی مەرگ رەنجی وەبەردەنا و فەلسەفەشی بۆ زاڵبوون بەو سامە خوێند بوو- بەتایبەتی فەلسەفەی ئەفلاتوون و رەواقییەکان! تاکوو بیر لە مەرگ بکاتەوە، ئەگەر دەیەوێ لەسام و دڕندایەتی مەرگ قوتار بێت. بەڵام دوای ئەزموونی دیتران لە جەنگ و تاعوون و بە لە دەستدانی کچەکەی، ئێستاکە دەیزانی کە باشتر و شیاوتر وایە لەباتی ئەقڵی سوقرات، ئەفلاتوون و سێنێکا لە ئەزموونی ساکار و سادەی جووتیارێک کەڵک وەربگرێت کەمەرگ دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆتایی ژیان، ئەو جێگایەی کە سەرزەمینی راستەقینەیەتی و پێش لەمەرگیش بیری لێنەکاتەوە:- من قەد جووتیارێکم نەبینیوە کە قووڵ ڕوانی بکات لە دواسات و کاتەکانی ژیانی، سرووشت واڕایهێناوە و فێری کردووە کە بیری لێنەکاتەوە مەگەر تەنیا ئەو کاتەی لەسەرەمەرگ و گیانەڵڵا دایە82. بەڵام ئەو دەیزانی کە ئەمە تێڕوانین و ئاوەزی ئێمەیە کە دژی مەرگ و لەناوچوون یاخی دەبێت، ئەندێشە و ئاوەزێک کە لە هەمبەر سرووشت دا رادەوەستێت و لەهەموو کاتدا تێڕوانین و نیگای ئێمە بۆ مەرگ و ژیان دەگۆڕن. ئەوە ئاوەزی ئێمەیە کە بە (خواستی ژیان) ئامانجی زاڵ بوون لەسەر سرووشت و سەرکەوتن بەسەر هێزگەلی سەربزێو و سەرکەشی بۆ خۆی دیاری کردووە، دەیەوێت بەسەر برسێتی، نەخۆشی، پیری و دواتر مەرگدا زاڵ بێت و دەستڕۆیی بە ئاسۆکانی داهاتوو ساناتر، و گەرەنتی بکات. بەڵام ئایا میشیل دۆمونتین کاتێک وزەی بیر و ئەندێشەی لەخۆیدا بزواندبوو و دوای ئەو هەموو ئەزموونە زانراوانە و مەعریفەیەک کە لە خۆی و جیهانی خۆی هەبوو، دەیتوانی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ شوێنگە و پێگەی جووتیارێکی کورد و بەو شێوەیەی کە خۆی دەڵێت: لە (گێلێتی) ئەو جوتیارە دەرس وەربگرێت.
دەبێت بڵێین؛ کە ئایا ئەمە گێلێتیە کە ئاوەها ئۆقرە و ئارامییەک لەئاستی شەڕوشۆڕەکانی ئێستاکە و بێ هەڵوێستیەکی قووڵ بەنیسبەت رووداوگەلی داهاتوو دەنوێنێت و دەردەخات؟ ئەگەر ئاوەهایە، وازبێنن با هەموو لە گێلێتیەوە فێربین و دەرس وەرگرین83. و ئاوەها بوو کە مرۆڤی رێنسانس و سەردەمی مۆدێڕنیتە کە بە گوێرەی نووسراوەی کانت لە وتاری(رۆشنگەری چییە؟) دا لە منداڵی و ساوایی خۆی دەربازبوو، تا گەورە و باڵغ ببێت، ئێستاکە بە توخمی ئەندێشە و هزری خۆی بۆی دەرکەوتووە کە نکۆڵی کردنی مەرگ، یان سامکردن لەمەرگ هیچ هێمنی و ئارامییەک لە ئاستی جیهان دا بۆی بە دیاری ناهێنێت. هیچ شتێک ئاوەها جوان و گەشاوە نییە کە چەشنی ئینسان بجووڵێیتەوە؛ هیچ ئامۆژگارییەک ئاوەها سەخت و ئەستەم نییە کە بزانی ژیان چۆن دەژیت، سرووشتی و باش و زەقترین ناخۆشی ئەوەیە کە ئێمە بوونی خۆمان دابەزێنین و سووک لێی بڕوانین84.
ئەمە مرۆڤی رێنێسانسە، کە لە دونیایەکی شاد و پڕچێژ، بە زۆر شتی ناخ بزوێن و جوان کە دەتوانێت ژیانی پێ باش بێت و بیخوازێت و بە خواست و هزر بەرەو رووی داهاتوویەکی هومێددار هەنگاو هەڵێنێت و هەراس و سام لەمەرگ لەخۆیدا بەرزکاتەوە و بە جۆرێک بیباتە سەرێ و بیکاتە بزوێنەرێک بۆ دائانین و خوڵقاندنی دونیایەکی مۆدێڕن.
“مرۆڤی ئازاد و تاسووقی ژیان”
ئەگەر هۆگران و پەیڕەوانی رێبازی دیۆنیزیۆس-ئورفێئوس لە دووتوێ و هەناوی مەرگدا دەژیان و سوقرات، ئەفلاتوون، فلووتین و سێنێکاش بە نکۆڵی کردنی مەرگ، فەلسەفە بە ئامێرێکی باش بۆ قوتار بوون لە سامی مەرگ و ئامادەگی و تەیاریی بۆ قبووڵ کردنی مەرگ دەزانی، میشیل دۆمونتین لە سامی مەرگ تێپەڕ دەبێت تا وەکوو خەڵکانی سادە، مەرگ لە دوا وێستگەی ژیاندا دیدار کات، و پێش لەوەش بیر لەمەرگ نەکاتەوە. و سەدەیەک دوای ئەو، بارۆخ ئێسپیۆنوزا(1677-1632) لە بابەتی 67- لە بەشی چوارەمی ئەخلاق دا دەڵێت: مرۆڤی ئازاد کەمتر لە هەر شتێکی دی بیر لەمەرگ دەکاتەوە و ئەقڵی ئەو قووڵبوونەوە لەژیانە نە وەکوو مەرگ و لە سەلماندنی دا دەڵێت:- مرۆڤی ئازاد، ئەو کەسەیە کە بە پێی فەرمانی ئەقڵ دەجووڵێتەوە، و بە سام و ترسی مەرگ ناچێتە پێشەوە(pr.63.iv) بەڵکوو راستەوخۆ تامەزرۆ و تاسووقی باشی و چاکییەکانە.(cor.pr.63IV) واتە(pr:24.IV) بۆ پاراستنی وجودی خۆی بە پێی پرەنسیپی گەڕان بەدوای بەرژەوەندییەکان دا هەڵس و کەوت دەکات، و ژیان دەباتە سەر. بۆیە ئەو کەمتر لە هەموو شتێکی دیکە بیر لەمەرگ دەکاتەوە و و ئەقڵی ئەو قوڵبوونەوە لە ژیانە85.
لە واقیع دا لە گۆشەنیگای ئێسپیۆنوزاوە، مرۆڤی ئازاد، مرۆڤێکی ئاوەزمەندە کە بە ئەقڵی خۆی توانیویەتی لەسەر هەموو هەڵچوونەکان(passions) و ترسەکانی خۆی زاڵ بێت. هەڵبەت ئامۆژگاری ئێسپیۆنوزا لەگەڵ ئەوەی وا رەواقییەکان دەیڵێن:- یەک ناگرنەوە و جیاوازن. لە رێبازی ئەوانیشدا، هەر بەو چەشنە کە لە عیرفان یان مەسیحییەت دا، زاڵ بوون و سەرکەوتن بەسەر حەز و خواست و دڵەڕاوکێ و زۆڵییەتییەکان، کە لە قەوارە و شێوەی خۆشەویستی بۆ ژیان و ترسان لەمەرگ دەردەکەون، بە تاقیکردنەوە و ئەزموونی ئیرادی و خواست(will) دێنە کایەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هزری ئینسانی ئازاد لە سۆنگەی ئیسپیۆنوزاوە لە رووناکی و چاوساغی بیرکردنەوەیەوە هاتووە. واتە، وزە و بڕستی بیر نەکردنەوە لەسەر مەرگ، لە مرۆڤی حەکیم دا، بەرهەمهاتووی دەکارکردنی شیاو و بەجێی هزرێکە، کە عەوداڵ و ماڵ بەکۆڵی چاکییەکانە. ئێسپیۆنوزا ئاگاداری ئەوەیە کە حەکیم بوون و فرەزانی چەندە ئەستەمە و ئینسانی حەکیم تەنها بەئیرادەوە ناتوانێ بیر لەمەرگ نەکاتەوە. لەم رووەوە ئەو نەیگوتووە (ئینسانی هزرمەند نابێت بیر لە مەرگ بکاتەوە)، ئەو باوەڕی وایە کە ئینسانی حەکیم(بیر لەمەرگ ناکاتەوە). بەڵام دەکرێت ئەم گەورەترین مەترسی و خەتەرەی وجوودی ئینسان، هەررۆژە ببینێت و بتوانێ پشت گوێی خات و لەبەر چاوی نەگرێت؟ بتوانێت پشتی لێهەڵکات؟ ئەویش فەیلەسووفێک کە هزر و ئاوەز ، ژیانی دەبەن بەڕێوە، هزرێک کە عەوداڵی چاکەیە، ئایا دەتوانێت گرینگترین و خەتەرناکترین(شەڕ) کە بوونی لە جیهان دەخاتە مەترسییەوە-لانیکەم بۆ خۆلادان لێی- نەیبینێت و بیری لێ نەکاتەوە؟ تارادەیەکی زۆر نەکردە و دوورە دەستە. بەتایبەتی بۆ ئیسپیۆنوزا کە لەدەسپێکی وتاری “پوختەبوونی فامی ئێمە” تیشک دەهاوێتە سەر دەستکەوتن و دەست پێڕاگەییشتن بە (بەختەوەری بەردەوام، واڵا و بێسنوور) ئا لێرەدایە کە ئاماژە دەدات بە ترس و خەتەری کۆتایی ئەم بەردەوامیە بێسنوورە بە دەرکەوتنی مەرگەوە. بۆیە ئێسپیۆنوزاش وەکوو مونتین و تەنانەت زۆرتر لەویش دەست دەداتە نکۆڵی و ئینکارێک کە بیرۆکە و بڕیارەکەی ناشیاو و ناکەردە دەکات و رەنگە ئاماژە بێت بۆ هەراس و وەسواسێک لە خۆیدا کە بە نیسبەتی مەرگەوە رووی داوە. ئەو بابەتەی کە دیکسۆن لێی نابوورێت و لە کتێبی “دۆخی ئینسانی” دا دەنووسێت کە ئیسپیۆنوزا وەسواسی بە نیسبەت ئەندێشەی مەرگەوە هەبووە؛ (ئەو دەیویست بیر لە مەرگ نەکاتەوە، بەڵام ببڕای بڕ لەو ویستە پەیڕەوی نەکرد)86.
ئەم ئیشتیا و تامەزرۆییە بۆ بیرنەکردنەوە لە مەرگ و گرینگتر لەوەش حەز و ئارەزووی نەترسان لە مەرگ، لەئەندێشەی مۆدێڕنی رۆژئاوایی، لە دیکارتەوە تاکوو نیچە، روون و ئاشکرایە. لەکولتووری ئێمەدا،( ترسان لە مەرگ، وەکوو خودی مەرگ وایە). بەم پێیە لەوشوێنەی کە ئەندێشە و ئیرادە ناتوانێت بەسەر هەراس و تۆقانی مەرگ دا زاڵ بێت، ئینسان هەم لەمەرگ و نەمان دەترسێت و هەم لەخودی ئەم ترسە کە رەنگە بنەماییترین ترسەکان بێت. سەرەڕای ئەوەش کولتووری رۆژئاوا و رۆژهەڵات، لەرابردوودا، دەسەڵاتی لە رێڕەوی قارەمانێتیەوە(heroism) دەدیتەوە و بە دەسترەسی دەزانی و قارەمانیگەریشی بە بەرخۆدان و رووبەرووبوونەوە لە هەمبەر مەرگدا و بێباکانە لەباوەش گرتنی دەناسی. بەپێچەوانەوە، لەو سەردەمەدا هەراس لەمەرگ، سەرەڕای دەرد و رەنجی تۆقێنەری، تابۆش بوو و قبووڵکردن و ددانپێنانی، لە ئاکارە شەرم بارەکانی ئینسانی لەقەڵەم دەدرا. بۆیە کۆمەڵگای قارەمان پەرەستەکان لە هەر چاخێکدا، لەتەواوی شارۆمەندەکانی خۆی داوا دەکات کە لە مەرگ نەترسن و قارەمانانە لە هەمبەری دا بوەستنەوە. لەم رووەوە ئینسان، لە ئاوەها کۆمەڵگایەکدا لە هەمبەر مەرگدا، نە رێگەی بۆ پێشەوە هەیە نە بۆ پاشەوەش- دۆخێک کە ئاخیلیس گەورەترین قارەمانی خودائاسای هۆمەر هەیبوو کە دواتر قارەمانێتی هەڵبژارد، ئەگەرچی دەیزانی مەرگ لە کۆتایی قارەمانێتیەکەی چاوەڕوانی دەکات. ئەو نەیەویست کە بمرێت، بەڵام نەشیدەتوانی شەرمی هەڵاتن لەمەرگ قبووڵ کات. بەڵام ئۆدیسە وەکوو گیلگەمش، لەگەڵ خۆی وەفادار و راستەڕا بوو، چونکوو دەیتوانی هەراسی خۆی لە مەرگ بێنێتە زمان و جارەها لە هەمبەر خەتەر و مەترسی مەرگدا بگرێت و بەفێڵ و تەڵەکە لە چنگوڵی هەڵبێت. هەر بەو شێوەیە کە ئیڤان ئیلیچ تۆلستۆی لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ مەرگێک کە ساڵەها نکۆڵی لێدەکرد، حەپەسا و دۆش داما. بۆیە هەراس و سامێک کە ئیتر نەدەشاردرایەوە بە سەرتاپای وجوودیدا باڵی کێشا.
نووسەران و هونەرمەندان سادەتر لەگەڵ هەستەکانی خۆیان رووبەڕوو دەبنەوە و بێباکانەتر دەیهێننە زمان، رەنگە کەمتر لە فەیلەسووفەکان و عاریفەکان دەست دەدەنە ئینکار و نکۆڵی کردنی مەرگ و دەکەونە داوی رۆڵی کۆمەڵایەتی خۆیانەوە. نەتەنها تۆلستۆی ئاگاداری مەرگی خۆی بوو، بەڵکوو بۆ نووسەرانێکی زۆریش هەر ئاوەها بوو. گوستاو فلۆبێر لە کاتی سەرەمەرگدا بە ئێرەییەکی زۆرەوە بۆ قارەمانی خوڵقاو و دەسکردی خۆی دەیگووت: ( بۆڤاری پەتیارە، تۆ دەژیت و من دەمرم).
“فەلسەفە و عیشق بۆ ژیان”
یەکێک لەو فەیلەسووفە دەگمەنانەی کە شەرمێکی ئەوتۆی لە دەربڕینی ترسی خۆی لەمەرگ-هەڵبەت زۆرتر بە قەوارەیەکی گشتی تر، ترسی مرۆڤ لە مەرگ- نەبوو، باوکی فەلسەفەی نوێ واتە رێنێ دیکارت بوو، کە هەڵبەت بە جیاکردنەوەی لەش لە زەین و پێشکەشکردنی دووانەتەوەری(dualism)، یەکێک لەبنەمایی ترین کێشەکانیشی بۆ ئینسانی مۆدێڕن لەم بارەیەوە خوڵقاند. ئەو نەک تەنها بە زانست و میتۆدە زانستییەکان هۆگرییەکی زۆری هەبوو، یان ئەگەر راستتر بڵێین شەیدای(حەقیقەت لە زانستەکان) دا بوو، بەڵکوو زۆرتر لەمانەش هۆگری پزیشکی بوو. نە تەنها بۆ ئەوەی پزیشکی دەرد و رەنجەکانی ئینسان کەمتر و ئەهوەنتر دەکاتەوە، بەڵکوو لە مابەینی تەواوی زانستەکاندا ئەمە پزیشکی بوو کەدەیتوانی لەهەمبەر مەرگدا بوەستێ. لەم رووەوە ئینسانی مۆدێڕن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی زۆرترین چاوەڕوانی و هیوای بە پزیشکی بووە. دیکارت وەکوو زۆرێکی دی گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە زانستی زۆرتر لە بارەی لەشی مرۆڤ و یاسای خۆراکییەوە دەتوانێت تەمەنی مرۆڤ تا چەند سەدە درێژتر بکەنەوە، واتە ئەو خاڵەی کە سەرەنجی شازادەی سوێد، کە سەردەمانێک میواندارێتی دیکارتی کردبوو، لەکاتی مەرگی ناوەختیدا(لە53 ساڵی) دا راکێشا و شازادە بە توانجەوە، کورتی تەمەنی دیکارت و چاوەڕوانی تەمەنی چەند سەدەیی خستە پاڵ یەکەوە. بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە ترسی دیکارت لەمەرگ لە نووسینەکانیدا، لەنامەیەکدایە کە بۆ هاورێکەی دەنووسێت(1646) و تێیدا ئاماژە بە کتێبێک دەدا کە سەرقاڵ و خەریکی نووسینێتی لە ژێرناوی “کەف و کوڵەکانی گیان” دەڵێت:- لەباتی دۆزینەوەی رێگایەک بۆ پاراستنی ژیان، رێبازێکی دیکەم دۆزیوەتەوە، رێگەیەکی ئاسانتر و دڵنیاتر و ئەوەش نەترسان لەمەرگە87.
لە نامەیەکی دیکە بۆ دۆستێکیتر بە ناوی کۆنێستانتین هیۆگێنس(Constantin Huygens)1642 دەڵێت:- باش دەزانم کە تۆ هەموو چارەسەرییەکان بۆ ئەهوەنکردنەوەی دەردەکانت دەزانی، بەڵام من، دەرمانێکت پێدەڵێم کە زۆر هێزدار و توانایە. ئەمە نەتەنیا بۆ مەرگی خۆشەویستەکانم بەهێمنییەوە هاریکاریم دەکات، بەڵکوو لە هەراس و سامی خۆم بۆ مەرگیش دەستم دەگرێت، ئەگەرچی سەر بە تاقمی خەڵکانێکم کە ژیانیان زۆر خۆش دەوێ88. لەواقیعدا دەرمانێک کە دیکارت بۆ بەرگریکردن لە هەراسی مەرگ دەستی کەوتبوو باوەڕی ئەو بەمە بوو کە( گیان دوای لەش دەمێنێتەوە) و ئەم باوەڕەی نە لە ئامۆژگارییە دینییەکان بەڵکوو لە سەر بنەمای(بەڵگە سرووشتییەکان) پێی گەییشتبوو، ئەو بەڵگانەی کە خەون و خەیاڵەکانی دیکارتی لە هەمبەر گیانەوە پێک دەهێنا. لە “کەف و کوڵەکانی گیان” دا بیروڕای وایە کە سرووشتی گیان لەگەڵ لەشدا لەململانێ و رووبەرووبوونەوەدان بەڵام گیان بە هەموو ئازای لەشەوە گرێدراوە. دواتر درێژەی پێدەداو کە ئەگەرچی تەواوی گیان بە تەواوی لەشەوە گرێدراوە، بەڵام گیان ئیشی تایبەتی و سەرەکی خۆی لە غودەیەکی بچووک لە مێشکدا بەڕێوە دەبات. هەڵبەت بۆ دیکارت گیان و زەین هاوواتای رۆح نییە. رۆح ئەو شتەیە کە ژیان دەبەخشێتە لەش، بەڵام زەین و گیان نیشتەجێی لەشن. بە هەرحاڵ لەکۆتایی دا بەم ئەنجامە دەگات کە دوای مەرگ ئێمە لە ژیانێکیتر لەدایک دەبینەوە کە هێمنتر و شیرینتر لە ژیانی هەنووکەمانە89.
“ئەقڵی رۆژهەڵاتی و ئاوەزخوازی رۆژئاوا”
شووپێنهاور، لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم، بەپێشکەشکردنی چەمکی خواستی زیندەگی(will to life) یان خواستی ژیان(will to live) و بە روانینێکی جیاکارانە، رەنگە یەکەمین بیرمەندی رۆژئاوایی بێت کە جیاوازیەکی بنەمایی و بەرجەستەی لە کولتووری رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەدی کرد و نووسی:- لەنێوان ئاکاری یۆنانییەکان و هیندییەکان دا ئانتی تێزێکی سەرەنج راکێش هەیە. بابەتی یەکەمینیان(بێجگە لە ئەفلاتوون) ئەمەیە کە ئەگەری ژیانێکی شادومان بخاتە پێشەوە-a vitam beatam- بەڵام بابەتی دووەمینیان، بەپێچەوانەوە ئەوەیە کە دووبارە مرۆڤ لە ژیان وەردەگرێتەوە و بەتەواوەتی لێی دەربازی دەکات، بەهەمان شێوە کە لە رستە سەرەتاییەکانی سانخیا کاریکا(sankhia karika) بە روونی ئاماژەی پێدراوە، هەر دووکیان تامەزرۆی ئەوەن تاکوو ساتی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ مەرگ(یەکدی) بلاوێننەوە و دڵدانەوەی یەکدی بدەنەوە، بەڵام هەر کام بە شێوەی دژی ئەویدی، هەر دووکیش بە درووستی؛یەکیان داکۆکی لە خواستی زیندەگی دەکات تا لە ژێر تیشکی دا ژیان بۆ هەمیشە دەستەبەر بێت و ئەویدی بە هێماکانی رەنج و مەرگ، نکۆڵی خواستی زیندەگی و قوتار بوون لەدونیایەک دێنێتە زمان کەمەرگ و ئەهریمەن تێیدا سوڵتان و سالارن90.
جیاوازییەک کە شووپێنهاور دەیدیت راستە و خاڵێکی زۆر بەنرخە. ئەوکاتەی کەسێک بیەوێت جیاوازی بنەمایی لە ئەندێشەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا تێبگات، بنەمایی ترین و بڕیاردەرترین جیاوازی، جیاوازی “بوون” تەوەرانەیە! لەم رووەوە لەگەڵ رووداوە دۆخ خولقێنەکان رەنگیشە جیاوازییە گوتاری(discursive) و تێڕوانینی(attitudinal) یەکانی لێبکەوێتەوە، کە لەسەر هەموو شێوازێکی ژیانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا کاریگەری داناوە. بەم مانایە کە دەرک کردنی ئەم فەلسەفانە تەنها بە سنووری ژیان و مەرگ و ئەویش وەکوو پرس و بابەتێکی میتافیزیکی و ئەخلاقی بەند نابێت، بەڵکوو لە سەر رەهەندە جیاوازەکانی کوولتوور، لەسەر بنەمایی ترین ئاتاجی و پێویستییەکانی مرۆڤ گرتوویەتی تا ئاڵۆزترین و پێچەڵپڵووچ ترین پرسەکانی کۆمەڵناسی، سیاسی، ئابووری، تێکنۆلۆژی و زانست تاکوو دەگاتە هونەر و ئەدەبیات کاریگەری هەبووە. بەڵام شووپێنهاور بەگشتی کردنەوەی لەسەر هەموو کولتووری رۆژهەڵات و رۆژئاوا و لەهەموو سەردەمەکاندا، تێگەیشتنی ئەم پرس و بابەتە تۆزێک ئەستەم دەکاتەوە. لە واقیعدا ئەگەرچی شووپێنهاور یەکێک لە سەرەکیترین بیرمەندانی رۆژئاواییە کە بە تێڕوانینێکی جیاواز چاو لە رۆژهەڵات دەکات و رۆژهەڵات ناسی ئەو، رەنگە جیاواز لە رۆژهەڵات ناسی باقی هاوڕێیان و هاوتاکانی –لانیکەم بۆ ماوەی یەک سەدە دوای خۆی- بووە، بەڵام لە ئاکامدا ناتوانێت خۆی لە و روانینە گشتکەرەوە بۆ رۆژهەڵات و رۆژئاوا دوور بگرێت.
رۆژئاوا بە هیچ کڵۆجێک کولتوورێکی یەکدەست و یەکڕەنگی نەبووە، بە تایبەتیتر لەپێوەندی لەگەڵ بابەتی خواستی زیندەگییەوە، هەندێ جار ئاوەها ئینکاری مەرگی کردووە کە جیاکردنەوەی لە هیندوییزم یان ئەندێشەی کەونینەیی میسر ئەستەم و نەکردە دەبێت. پرسەکە بە تەنها ئەفلاتوون نییە کە دەگمەن و عەنتیکە وەربگیردرێت. لەواقیع دا کوولتووری یۆنانی هەر بەوشێوەیەی کە دواتر دەیبینین بە وتەی زۆرێک لە توێژەران لە کوولتووری میسر، بابل، سۆمەر، ئێران، ئاشوور و باقی کولتوورە هاوسا و هاوماڵەکانی خۆی لە پێوەندی بە مەدیتەرانەوە هاتبووە ئاراوە. بووژانەوە و هەڵکردنی کولتووری یۆنانی، لەوڵاتانی ئیۆنیا(Ionia) لە ئاسیای بچووکدا دەست پێدەکات کە لەهەمان دەسپێکەوە یان لەپێوەندی تووندوتۆڵ لەگەڵ ئەسکەندەرییە و کولتووری میسر دا بووە و یان لەسەدەی شەشی زایینی بەم لاوە، لانیکەم ساڵەها وەکوو بەشێک لە ساتراپە هەخامەنیشییەکان دەدرا لە قەڵەم؛ سەرەڕای خەت و نووسین و ئەو زانستانەی کە لە بابلییەکان و ئاشوورییەکانیان وەرگرتبوو. نەتەنها ویل دۆرانت، بەڵکوو وێرنیگێر یش باوەڕی وایە کە کولتووری یۆنانی کولتوورێکە کە زۆربەی زانیارییەکانی خۆی لە شارستانییەتە هاوسا و دەورووبەرەکانی خۆی وەرگرتووە، بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە هیچ کات سیستەمێکی مەزهەبی و رێکخراوێکی بەهێزی کاهینی تۆکمە و تاقانەی نەبووە، بەم پێیە دەسکەوت و دۆزینەوە زانستی و فەلسەفییەکان دەیانتوانی بە بزۆزی و دینامیکییەوە گەشە بکەن و شێوازیان بۆ بڕیارە رووناک و هەتاهەتاییەکان نەگۆڕێت. لەم رووەوە کولتووری یۆنان دەگاتە ئاوەها گەشە و پێشکەوتنێکی سەرەنج راکێش و ناباوەڕانەوە. بەڵام ئەمەش لە هەمان سەردەمی سوقرات و ئەفلاتوون، و رەنگە لە هەمان سەردەمێک کە میسر لە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەواکانی پتۆلیمی بۆ ماوەی سێ سەدە( لە 304-30BC )حوکمڕانی دەکرا.
نووسینی: دوکتور موحەمەد سەنعەتی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: عادڵ قادری