بۆیە ئەو ئایدیالیستێکی بەرزەفڕ و بانەڕۆ بوو کە کانتی موتوربەکردبووە سەر ئەفلاتوون، تا ئیرادە و خواستی مرۆڤی مۆدێڕن پێناسە بکات. بگاتە ئاوەها بیچم بەندییەک کە هەم بۆ ئالبێرت ئەنیشتاین بەکار بێت و لە کاتی تەنگانەکانی ژیان، ئەم وتەیەی شووپێنهاور کە “مرۆڤ هەرچی بیەوێت دەیگەێنێتە ئەنجام”30 بەردەوام سرووش و مزگێنی دەری بوون، هەمیش لەوپەڕی کوشندەیی خۆیدا دەیتوانی ئیرادەی ناپلیۆنی بکاتە پاڵپشت و پاڵنەری(ئیرادەی نەبەز)ی هیتلەر؛ کە دەیگووت: هەموو دەم کتێبی شووپێنهاوری لەبەرەکانی جەنگا پێ بووە و بارەها خوێندوویەتییەوە، لە چەمکی خواست بۆ بەرەوپێشڤەبردنی جەنگ و هەژموونی و دەسەڵاتی خۆی کەڵکی زۆری وەرگرتووە31. و لەبەر هۆی هەر ئەم خواستە بوو کە نیچە، شووپێنهاوری وەکوو دوا ئاڵمانی بەبایەخ دەدا لە قەڵەم32 و چەمکی خواستی دەسەڵاتی بە سەرەنجدان بە(خواستی ژیان) بۆ خولقان و بارهێنانی مرۆڤی تەواو، هێنایە کایەوە. هەر بە هەمان شێوە کە ویلیام جێیمز(خواستی باوەڕ33) و میشیل فۆکۆ(خواستی زانست34) یان لە ژێر کاریگەری شووپێنهاور هێنایە گۆڕێ. سوزان کاپلێر لەم کتێبە دواییەی خۆی واتە خواستی توند و تیژی رەنگە لە ژێر کاریگەری ئەودابێت کە دەنووسێت:-
جەنگ، کتووپڕ و لەناکاو لە کۆمەڵگایێکی هێمن و ئاشتی خوازدا سەرهەڵنادات، شاڵاوە رەگەزپەرەستییەکان لە ئاسمانی غەیرە رەگەزپەرەست دا ناگەشێتەوە، توندوتیژی پاکترین شعوور لە بیروباوەڕی رۆژانەی ئێمەدا، بەتایبەتی خواستی توندوتیژی تاکەکەسی کەسایەتی ئێمەیە کە ئامادەگی چەمکیانە، پڕچەک بوونی ئایدۆلۆژی و شاڵاوی بیرکردنەوەیی لە ئێمە دا دەسازێنێت تادەگاتە دەرکەوتنی جەنگ، توندوتیژی فیزیکی و هێرشە رەگەزپەرەستانەکان، کە ئەگەری کوشتن و وێرانکاری دەخاتەوە35.
ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەمە جەنگە کە ئەندێشەی تووندوتیژی و مەرگ لە ئێمەدا هەڵدەخڕێنێت و یان ئەندێشەی مەرگە کە دەگاتە سەرزەمینی جەنگ و کوشتار و وێرانکاری؟ رەنگە جەغزێکی نالەبار و سەقەت بێت کە تەنانەت پاکترین شعووری شارستانییەتی ئێمە لەچڕنووکیدا رزگاری بەخۆیەوە نەبینێت. ئەو پرسەی کە رەنگە شووپێنهاور و دواتر فرۆیدی گەیاندبێتە ئەم باوەڕ و تێزە سوقراتی-ئەفلاتوونییەی کە “مەرگ دوائامانجی ژیانە”. ئەو شتەی پێوەندی بە ئینسانییەتی مرۆڤی بیرمەندەوە هەیە ئەمەیە کە (بە بێ بوونی مەرگ بەدەگمەن بتوانرێت بیردۆزی و فەلسەفە ئەندێشی بکرێت) و ئەمەش کە (یەقینی سامناکی مەرگ، هاوڕێیەکی پێویستی بیرە). بۆیە شووپێنهاور بە داکۆکیکردن و پێداگرتن لەوەی کە(مەرگ سرووشی ئیلهامبەخشی(Muse) فەلسەفەیە) سووڕی کاتژمێری فەلسەفەیان، گەڕاندەوە بۆ سەردەمی سوقرات و ئەفلاتوون؛سووڕی ئەو کاتژمێرەی کە میشیل دۆمونتین، ئێسپیۆنوزا و دیکارت هێنابوویانە پێشەوە، و مرۆڤی مۆدێڕنیان لە مەرگ ئەندێشی بۆ ئەندێشەی ژیان پاڵ پێوە نابوو. هەڵبەت بەم جیاوازییە گشتییەوە کە شووپێنهاور رۆڵەی مۆدێڕنیتە بوو و پەروەردەکراوی چاخ و سەردەمی خۆی، واتە هزر و ئەزموون تەوەری(Empericism)، بۆیە نەیدەتوانی واقیع و راستییەکانی پێوەندی دار بەمەرگ و ژیان سەراپا حاشای لێ بکات و باسی مەرگ بە شێوەیێکی رەها بخاتە پانتا و زەمینی دەرهەست و میتافیزیکەوە. بەتایبەتی وەکوو دۆمونتین، توماس هابز و دیکارت کە لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا زۆر لەمەرگ دەترسان و تۆقابوون. بۆیە سام و هەراس لە مەرگ تان و پۆی فەلسەفەکەی تەنیوە، هەر بەو شێوەیە کە بنەمای فەلسەفەی هیگل بوو. دیسانەوە هەر بەم هۆیەش سام و هەراس لە مەرگ تایبەتمەندی سەردەمی رێنێسانس و مۆدێڕنە لە ئەندێشەی فەلسەفی رۆژئاوا دا بوونی رەها خۆی دەپارێزێت.
ژیانی زۆرینەیەکی زۆر خەباتێکی بەردەوامە بۆ ئەم وجوودە، بەم یەقینەی کە لەکۆتایی دا لەکیسیان دەچێت. بەڵام ئەوەی گوڕ و وزەیان دەداتێ بۆ ئۆقرە گرتنی ئەم خەباتە داڕزێنەر و پووکێنەرە، خەستی و تەوژمی عەشق بۆ ژیان نییە، بەڵکوو سام و هەراس لە مەرگێکی حاشاهەڵنەگرە کە لە پێشەوە وەستاوە و هەر سات دەیەوێت لێیانەوە بێتە پێشەوە و نێزیکییان لەگەڵدا بکات.36
بەم پێیە، بەپێچەوانەی ئیسپیۆنۆزاوە، کە ئەقڵ بە قووڵبوونەوە لەژیان دەزانێت، ئەوەی هەڵخێزرا و بەرهەمهاتوو لە سام و هەراسی مەرگ بووبایێت، بە بێبایەخی لەقەڵەم دەدا، شووپێنهاور ئاوەژووی کردەوە و خەباتی زۆرینەی خەڵکی بۆ ئەم ژیانە نەک هەڵخێزراو لەعەشق بۆ ژیان، بەڵکوو لە ژێر کاریگەری سامی مەرگ دەزانی، مەرگێک کەبەمانای کۆتاییە. ئەوەی وا لە مەرگ دا لێی دەترسین و سامناکە بۆمان، بە هیچ شێوەیەک دەرد نییە، چوونکوو دەرد ئاشکرا لەم بەرەوەی مەرگدایە و لەوەش زیاتر ئێمە زۆربەی کات لەدەردەوە پەنا دەبەینە بەر مەرگ و بەپێچەوانەشەوە هەندێ کات دەردێکی کوشندە بۆ هەڵهاتن لەچنگی مەرگ دەخەینە بەر خۆمان و بەو هۆیەوە کە تاکی ئۆبژەکراو(Objectification) تەرخان و تایبەتکراوی خودی خواستی ژیانە، کەواتە تەواوی سرووشتی لەگەڵ مەرگدا دەجەنگێت37. هەڵبەت بۆ شووپێنهاور ژیان بەردەوام(رەنجی لەبن نەهاتوو) بوو و کەسێک کە توانایی دیتنی ئەم راستییەی هەبایە و بەم حاڵەش هەر (ژیان بە بەدیهێنەر و بەدیاری هێنەر بزانێت) و خەون و ئارەزووی درێژەدانی ژیانی هەبایە مرۆڤێکە کە:
لێبڕاو و پایەبەرز لەسەر زەمینێکی تۆکمە، تووند و قایم وەستاوە و شتێکی بۆ ترس نییە. پڕچەک و بەئامێر لە زانست، رووخساری مەرگ کە بە پڕتاو لێی دێتە پێشێ بە هێمنی چاولێدەکات و بە فریودانێکی درۆ و بۆش لێی دەڕوانێت38 . شووپێنهاور حاڵەت و دۆخی ئاوەها مرۆڤێک بە(داکۆکی رەهای خواستی ژیان) دەزانێت و (نکۆڵی خواستی ژیان39) لە رووبەرووەکەی دادەنێت. لە بۆچوونی ئەوەوە لەدایکبوون و مەرگ هەر دوو بەندن بە دیاردەی(خواستەوە)، و مرۆڤ لە یەکەمین دەسکەوتی پەیوەست بە زانیاری و وشیاری بۆی دەردەکەوێت کە (دەخوازێ)، و وەکوو رێسایەک ئەم خواستنە لەگەڵ زانستی وی دا، گرێدراو و لێک هەڵپێکراو، بەردەوام دەبن40. (بابەت و پرسی تەواوی کردەکانی خواست، بەردەوام بەدی ئانینی پێویستییەکانی تایبەت بە لەش، گیان پارێزی و لەدایک بوون و درێژەدانی رەگەز و توخمی ئەنواعە(چەشنە)41). بۆیە سرووشتی مرۆڤ لە خۆگری خواستێکی هەڵوەدا و بزۆز و دینامیکە، بەختەوەریشی بەسانایی لە رێبازی تێپەڕین لەئارەزووەوە بۆ کامڕەوایی(چێژ تێر کردن) و لە کامڕەواییەوە بۆ ئارەزوویێکی نوێ دەستەبەر دەبێت. چوونکوو غیابی کامڕەوایی رەنجەو؛ ئیشتیا و خواستێکی بەتاڵ و بۆش بۆ ئارەزوویێکی نوێیە. “بۆیە بنەمای تەواوی خواستەکان پێویستی، کەمایەسی و دواتر رەنجە” دەرد و رەنجێکی بەردەوام کە بنەمای ژیانە و ناتوانین لێی قوتار بین.( تەواوی کامڕەواییەکان یان ئەوەی زۆرتر بەختەوەری لەقەڵەم دەدرێت، بەردەوام و لە بنەماوە نێگەتیڤە و هەرگیزاوهەرگیز پۆزەتیڤ و ئەرێنی نییە. بەم هۆیەوە بەختەوەری ناتوانێت دڵخۆشکەر و کامڕەوایی ناشێت سەقامگیر بێت، تەنیا ئێمە لە دەردێک یان خواستێک رزگار دەکات کە دەبێت بە دوایدا تازە دەردێک یان باری سستییەک، ئارەزوویێکی بۆش و خەمێک، دابێت42.
بۆیە شووپێنهاور وابیر دەکاتەوە کە هیچ کەسێک لە کۆتایی ژیانی خۆیدا ئەگەر وشیارانە حوکم بکات و لەگەڵ خۆیدا راستگۆ بێت، ئارەزوویێکی بۆ ژیانەوەی ژیانی خۆی نییە. ئەو بە سانایی (نەبوون) هەڵدەبژێرێت! لەم رووەوە تاقانە وتەی هاملێت وا دەخوێنێتەوە، کە ژیان هێندە دەردهێنەرە کە نەبوون سەرتر و باشترە. بۆیە دەنووسێت(کورتی تەمەن کە ئەم هەمووە فرمێسکەی بۆ دەرێژرێت، دەشێت باشترین تایبەتمەندی ژیان بێت). ئەمە هەمان وشیاری و پێزانینە کە هزری رۆژهەڵاتی لە ئایینی بودا و هیندو و تائۆ پێیگەییشتبوو و شووپێنهاور بەتەواوی شێواو و سەوداسەری بوو. بە نکۆڵی خواستە کە دەتوانین دەرگا لە رووی ئیشتیا و ئارەزوو داخەین و کۆتایی بە رەنج و دەرد بهێنین!
“خاڵی وەرچەرخان لە مۆدێڕنیتە دا”
ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانی نوێیە لە مۆدێڕنیتەدا کە پشتی(ئیرادەی بێسنووری) مرۆڤی مۆدێڕن دەشکێنێت. زانست و زانیاری هەڵکەوتوو و هەڵخێزراو لە شەڕەناپلیۆنییەکان لای شووپێنهاور گەییشتە خاڵ و پنتی وشیاری و زانیاری دژوازییانە(Paradoxical) . خواستی ژیان بەناچار بۆ دەربازبوون لە دەرد، نکۆڵی خواستی بەدواوەیە. هەر خواستێک ئێمە لەدەرد یان خواستێکیتر قوتاردەکات تاکوو بمانباتە پانتای دەردێکی تازە و ئارەزوویێکی پووچ کە ئارەزوویێکی تری بەدواوەیە! ئایا ئەمە هەر هەمان سرووشی ئیلهام دەری فەلسەفە نییە؟ هەمان میۆز، کەلەهەمانکاتدا سەرچاوەی بیرەوەرییە لەیادکراوەکانە، ئەو بیرەوەرییە ئەزەلی یان راونراو و پەستاوتووانە بۆ زەینی ناوشیاری فرۆیدی؟ یان ئەوەی وا ژاک دێریدا بە ئارشیو ناوزەدی دەکات؟43 ئارشیوێک کە دژایەتی و دژوازی و تایبەتێتی و کەسێتی یان گشتێتی و جیهانی لە فەزای خۆیدا هەڵگرتووە، فەزایەک کە لە ئەندێشەی شووپنهاوردا ژیان لە پێوەندی لەگەڵ مەرگدا مانا دەگرێت، لەم رووەوەیە کە:-
ئاوەزمەندترین ئوستوورەکان، واتە ئوستوورە هیندییەکان سەرەڕای ئەوەی کە شیوا وەکوو هێما ملوانکەیەک لە کاسەسەرەکانی دراوەتێ، بەڵکوو نێریینەییش(Linga) کە هێمای زاووزێیە وەریگرتووە، کە لێرەدا بەمانای هاوتا و هاوڕێی مەرگ دەنوێنێتەوە. بەڵام سەرەنج و سەرقاڵی مرۆڤ بە پاراستنی بوونی خۆیەتی کە لەسەر بنەمای رێسایەک، تەواوی ژیانی دەتەنێت و دەگرێتە بەر44.
و بەم شێوەیە شووپێنهاور رێگەی رۆژهەڵات دەگرێتەبەر و پێش بینی دەکات کە ئەقڵی ئەزەلی، لە رۆژئاوادا، نە وەکوو ئەقڵی گالیلە، بەڵکوو دەبێت ئەقڵی رۆژهەڵاتی بکات بە جێنشین و ئالتەرناتیڤی خۆی! بەڵام ئەگەر پێشەکییەک وەکوو وێرانییەکانی جەنگ لە لایەک و رەوتی خێرای شۆڕشی پیشەیی لەلایەکی دیکەوە نەبوایە، ئەگەر بیر و ڕاکانی مالتۆس لەمەڕ(پێکداهەڵشاخانی مانەوە)(تنازع بقا) و بە دوای ئەودا بیروڕاکانی داروین لەئارادا نەبووبایە کە ببێتە پاڵپشت و پاڵنەرێکی زانستی بۆ(خواستی دەسەڵات) ی شووپێنهاور و هەراس لەمەرگ لەمەڕ پێوەندی نێوان خودا و عەبدی(بەندەی) هیگل نەهاتبایەتە گۆڕێ، ئایا بیروڕاکانی ئەم دووکەسە بەتایبەتی شووپێنهاور دەیتوانی کاریگەریێکی ئەوتۆ لەسەر مۆدێڕنیتەی دوای خۆی بەجێبێڵێت؟ و واگنێر لە لایەک و نیچەش لە لایەکی دیکەوە وەکوو گرینگترین بیرمەندی چاخی نۆزدە ستایشی بکەن؟ واگنێر کە لەبەراوردی نێوان ئەو و هیگل، هیگل بە شەلەتان پێناسەدەکات،لە نامەیەکدا بۆ لیزت(1854(Liszt- نووسی: ( باوەڕی گشتی ئەو، ئەوپەڕی نکۆڵی کردنی تامەزرۆیی-(desire) بۆ ژیان، زۆر جیددیە، بەڵام تەنها رێگەی رزگاری شیاو پیشان دەدات)45! نیچە بە پێچەوانەی ئەوەوە هۆگری زۆرتر بۆ خواستی ژیان پیشان دەدات، ئەگەر چی لە کتێبی “لەدایک بوونی تراژیدی” دا دەپەرژێتە سەر رۆحی دیۆنیزیاک لە کولتووری رۆژئاوا دا، کە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی تراژێدی و قوتابخانەی ئۆرفەییەوە و لە رۆخی مەرگ ئەندێشی لەبنەمای کولتووری یۆنانی لەنگەر دەگرێت(کە دواتر بە شێوەیەکی بەربڵاو دەپەرژێینە سەری). بە هەر حاڵ ئەم لێکدژی دەروونی مرۆڤە کە بە مەرگ و ژیان، شووپێنهاور لە مالتۆس-داروین و نیچە-واگنێر تێپەڕێنێت تاکوو بە ئەزموونی جەنگ، ئەویش جەنگێک بەرینتر لە جەنگەناپلیۆنییەکان، بگاتە ئامێزی فرۆید و بزاڤی دەروون شیکاری. فرۆیدیش وەکوو میشێل دۆمۆنتین، هێگل و شووپێنهاور لە ئەنجام و بەرسڤی ئەزموونی تایبەتی خۆیان لەجەنگ بوو کە لەمەڕ ئەندێشەی مەرگەوە نووسی:-
روون و ئاشکرایە کە جەنگ رووبەرووبوونەوە و هەڵس و کەوتی ساویلکانە لەگەڵ مەرگدا دەگۆڕێت؛ مەرگ ئیدی نکۆڵی لێناکرێت. ئێمە ناچارین باوەڕی کەین، خەڵک بەراستی دەمرن، ئەویش نە تاک بە تاک، بەڵکوو کۆمەڵ بە کۆمەڵ، هەندێ کاتیش دەهەزارکەس لە رۆژێکدا. مەرگ چیدی رووداوێکی بەهەڵکەوت نییە46.
“دوو شێوەگۆڕان لە تێڕوانین دا”
ئەمە راستە کەجەنگ دەتوانێت یان دەشێت تێڕوانینی خەڵکی جەنگ لێکەوتوو بۆ مەرگ بگۆڕێت. چوونکوو لە ئەنجامدا مەرگ لە رووبەرێکی بەربڵاو دا رۆژانە لە پێش چاوی خەڵک دایە. بەم پێیە نکۆڵی کردنی زۆر دژوار و سەخت دەنوێنێت. بەڵام ئایا جەنگ هەرجار و لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە روودەدات و لە هەر سەردەمێکدا کاریگەری هاوسان و هاوشێوەی هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانین بەبەراوردکردنی دوو سەردەم واتە نیوەی یەکەمی چاخی نۆزدەهەم و نیوەی یەکەمی چاخی بیستەم، بدۆزینەوە. بەم هۆیەوە باس لەبارەی ئەم دوو سەردەمە لە سەرەتای لێکدانەوەکەمدا هێنایە گۆڕێ، چونکوو لە چاخی مۆدێڕنیتەدا ئەم دووسەردەمە قەیراناویە، سەردەم ساز و لەباری بیچم دانی گوتارەکان و گۆڕانی تێڕوانینەکان زۆر ئاڵۆز و بەنرخ وەدیاردەکەوێت.
دەورەی یەکەم دوای شۆڕشی مەزنی فەرانسە(1789) و بزاڤی رۆشنگەرییە کە ئەورووپا پێدەنێتە ناو جەنگێکەوە کە زۆرتر لە 20 ساڵ درێژەی دەبێت. ئەم جەنگانە بە ناوی سەردارێکەوە دەبەسترێتەوە کە سەرەڕای تایبەتمەندیگەلێکی وەکوو جەنگ خوازی و خۆخوازی، بۆ خەڵکی ئەورووپا، بەتایبەتی کاتێک کە دەوڵەت-نەتەوەکان لەحاڵی بیچم گرتن دا بوون، سوارچاکێتی و جوان چاکێتی خۆیشی هەبوو و لەگەڵ ستایشی خەڵکێکی زۆری ئەورووپا دا هاوتەریب بوو. سەرەڕای ئەمەش مۆدێڕنیتە بە پێشکەوتنە زانستی و تێکنۆلۆژیکییەکانی ئاسۆیەکی رووناک و دیاری لەبەردەم خەڵک دا دەردەخست. شۆڕشی پیشەیی کە لەسەرووبەندی ساڵی 1760 لە ئینگلێستان دەستی پێکردبوو بە خێراییەوە دەچووە پێشێ و رۆژ دوای رۆژ خەڵک لەگەڵ رووداو و داهێنانە سەیرەکانی سەرسام تر دەبوون.
بەم پێیە جەنگ بێگومان و هەروەها کە پەرش و بڵاو لەم لاو لاوە ئاماژەم پێدا، شێوەگۆڕانی تێڕوانینی بەرچاوی لەبارەی مەرگ و ژیان لەکولتووری ئەورووپایی دا هێنابووە گۆڕێ. (یان رەنگە باشتر وایە کە بڵێین ئەم گۆڕانی تێڕوانینییە لەدوای ئەو جەنگانەوە وەدەرکەوتن، لە ژێر کاریگەرێتی ئەو هۆکارانەوە کە جەنگ یەکێکیان بوو.) بەڵام ئەم گۆڕانی تێڕوانینە بە هەمان شێوە کە پێشتر گوتمان، حەتمەن نەرێنی و نێگەتیڤ نەبوو. بوونی مەرگ هەم لە ئەدەبیاتدا و هەم لەفەلسەفەدا، بوونێکی نەرێنی نەدەهاتە بەرچاو. لەفەلسەفەدا گرینگترین رووداو(خواستی ژیانی) شووپێنهاور و دیالیکتیکی پێوەندی نێوان خودا و عەبدی هیگل بوو کە لەگەڵ مەرگ و سامناکییەتی مەرگ پێوەندی دەگرت و هەر دووک بە روانینێکی ئەرێنی، مەرگیان لە تیۆرەی خۆیان دەخستەبەر شیکاری و لێکدانەوەوە. لە فەلسەفەدا، رۆمانتیسیسم و ئەدەبیاتی رۆمانتیکیش لەمە زیاتر چوون، کەوتنە ستایشی مەرگ و بەشکۆ لەقەڵەمدانی. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ژیان لە رووبەرێکی بەرین دا کە پێوەندی لەگەڵ سرووشت دابوو و لەم رووەوە کە جاوید و هەمیشەیی بوو ستایش دەکرا و رۆمانتیکەکان هەڵوەدای(گیانی جیهان) بوون. لەحاڵێکدا گۆڕانکاری تێڕوانینەکان لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بەم شێوەیە نەبوو. ئەگەرچی لەو سەردەمەدا روانینی فرۆید و هایدیگر-کە هەر دوویان رەنگە گرینگترین و کاریگەرترین بیرمەندانی ئەو سەردەمە بوون- بۆ مەرگ، روانین و نیگایەکی ئەرێنی و پۆزەتیڤ بوو.
تەنانەت ئۆتۆ رانکیش کە لە روانگەی داهێنانی کولتوورییەوە چاوی لە مەرگ دەکرد و لێکیدەدایەوە، بۆ هەراس و سامی مەرگ جێگە و پێگەیەکی بەرز و بڕیاردەری دانابوو. لەروانگەی ئەوەوە مرۆڤ لەوەڵامی سام و ترسی مەرگدایە کە هێزەخولقێنەر و داهێنەرەکانی خۆی بۆ خولقانی هونەری و زانستی دەخاتەگەڕ و شارستانییەت دادەهێنێت. بەڵام وەڵامی ئەدەبیاتی ئەو سەردەمە وەڵامێکی خەمۆکاو و دڵسارد و تۆقێنراو بوو. پۆل والێری لە 1919 دا، هاملێت ئاسا بەسەر شکۆمەندی لەبارچووگ و رووخاوی ئەورووپا دا دەگریە و دەهۆنێتەوە! جەنگی گەورە، ئەوی خستبووە تێڕامان لەبارەی سرووشتی شکاوە و خۆکوژی شارستانییەتەکانەوە؛ هەم سەبارەت بە شارستانییەتی ئەورووپاوە، هەم لەبارەی شارستانییەتە بەشکۆکانی نەینەوا، بابل و تەختی جەمشید. بەم پێیە نووسی (ئێمەش، دوا شارستانییەتەکان، ئێستاکە دەزانین کە رۆژێک دادێت کە دەمرین)47. ئەمە بەتەنیا مەرگی ئەورووپا نەبوو کە والێری جاڕی دا، ئاندرێ مالرۆش باسی لە(مەرگی ئینسان)48 دەکرد، و لە واقیع دا ئەمە وێنەی کلاسیکی مرۆڤی ئاوەزمەندبوو کە لەحاڵی مەرگ یان گیانەڵڵا دابوو. تی.ئێس.ئێلیۆتیش دەفتەری شیعرەکەی خۆی بەناوی پیاوانی پووچ بڵاو کردەوە. بیرمەندە ئەورووپاییەکان بوون، کە لە ساڵەکانی دوای جەنگ، سەدەی بیستەمیان بە(چاخی دڵەڕاوکێ) ناوزەد کرد. بەڵام هێشتا(خواست) ی زانست، داهێنان و زانیاری(وشیاری) لە ئەورووپا دا زاڵ بوو، ئەگەرچی ئەورووپا تانە و تەشەری خۆی دەستپێکردبوو. فرۆید نووسی:- دوو شت لەم جەنگەدا هەستی فریوسڕینەوە لە ئێمەدا بە هێز دەکەن، یەکەم ئاکاری سووک و ڕزیوی دەوڵەتەکان لە دەرەوە (و ئەویدی) دڕندایەتییەکە، کە تاکەکان لە باڵاترین ئاستی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لەخۆیانی بەر دەدەنەوە49 . . .
بەڵام هەندێک باوەڕیان وایە کە هەستکردن بە داتەپین و بەربوونەوە ساڵەها پێشتر دەستی پێکردبوو. ئەگەرچی ئامریکا لەدونیایەکی دیکەدا دەیبردەسەر، بەڵام رۆژئاوا لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە دا کەش و هەوایەکی سارد، خەمۆکیی و خەم بزوێنی هەبوو؛ شتێک وەکوو ناهومێدی سەرەمەرگ، بەڵام بۆچی دەبوایە ئەو سەردەمە بەو چەشنە بێت؟ هەستی مەرگ و رۆحییەتی کۆتایی سەدە. (Fin de siecle) . رۆژئاوا رەنگە هەمان تێڕوانینی ئۆدیسەیی خۆی بۆ مەرگ، لە فەلسەفە و هونەر و ئەدەبیات لە هەمان ساڵەکانی 1815 کە کۆتایی جەنگ بوو، دەست پێکردبوو و لە دیاری و دەرکەوتەکانی مۆدێڕنیتە و شۆڕشی پیشەیی کەڵکی وەردەگرت و دەڕۆییشت تاکوو سەردەمی هێمنی و هێوری خۆی لەنیوەی دووەمی ئەو سەدەیەدا بدۆزێتەوە. سەردەمێک کە زانست و پیشە لە بەرەوپێشڤەچوونی بەردەوام دا بوون و ئینسانی ئاوەزمەند جارێکی دیکە توانی بوو بە ئاوەزی خۆی خواست و داڵغە سەرکێش و وەحشییەکانی خۆی رابگرێت و بەسەریدا زاڵ بێت. بەو دەسەڵاتەی کە لە دەستکەوتەکانی زانست و ئەقڵی ساوکەیی(تجربی) وەریگرتبوو و بە شانازی و لووت بەرزی خۆی لە شارستانییەتی خۆی، ژیانی خودایانەی خۆی لەسەر عەبدە ئاسیایی و ئەفریقاییەکان درێژە دەدا، لەوپەڕی بێوەیی و ئاسایشدا، بەرواڵەت بە کەمترین ئاستی ترس و هەراس لە مەرگ، رەنگە زۆرتر لە هەر کاتێک مەرگ ئەندێش بووبوو، سەردەمێک کە ناوزەد کرابوو بە کۆتایی سەدە و لە 1885 ەوە تا کۆتایی سەدە درێژەی هەبوو. ئێلن بێرگێر لەم بارەیەوە دەنووسێت:-
“ئەم بزاڤە، پەرچەکردارێک بوو لەدژی پۆزیتیویزم و ناتۆرالیزم، و تارادەیەک گەڕانەوەیەک بوو بۆ رۆمانتیسیزم، و بەو هۆیەشەوە بە رۆمانتیسیزمی نوێ ناوی دەرکرد، لەسەر فەلسەفە، ئەدەبیات، هونەرەکان، مۆسیقا، شێوازی گشتی ژیان کاریگەری دانا، لەحاڵێکدا کە رۆمانتیسیزم تەواوی شتەکانی لە پرۆسێسی بەرەوپێشڤەچوون و گەشەکردن دا دەدیتەوە، رۆمانتیسیزمی نوێ دەیخوازی کە شتەکان لە پرۆسێسی پووچی و هیچی دا ببینێتەوە”50.
پێشەنگان و هۆگرانی ئەم بزاڤە کەسانێک وەکوو ئێستێفان ژۆرژ، هۆگۆ فێن فێمانێستال، رانێر ماریا ریلکە بوون و رۆحییەتی پووچی لە هەموو شوێنێک پەلی داخستبوو. تاکیان لە گۆشەگیری و تەراکەوتەیی خۆی ستایش دەکرد. نارسیزمیان بە هێمای سەردەمی خۆی دەزانی و لەگەڵ ئەوشتەی وا دژەئاوەز و رازئاسا بوو تێکەڵ دەبوون. ئەمە یەکێک لەو سەردەمە سەرسووڕهێنەرانەیە کە مرۆڤ لە هەمبەر پێشڤەچوونی زانست و تەکنۆلۆژیا، ئاسایش و هێمنی و ئەمنی دا دەوەستێت، ئەوەش نە لە لایەن مرۆڤێکی بنەماخواز یان ترادسیۆن(سوننەتی) دا لە کۆمەڵگایێکی ئاسیایی یان ئەفریقایی، بەڵکوو لە پێشکەوتووترین کۆمەڵگاکانی ئەورووپی و لە تەشقی مۆدێڕنیتە دا! هەنگاو هەڵگرتن بەرەو رووی مەرگ بێ ئەوەی شتێک لە جەنگ، برسێتی، نەخۆشی، بوومەلەرزە و هەرەس بەدی بکرێت. وادەهاتە پێش چاو کە ئەم بەرگری و لەهەمبەر وەستانە بەتەنیا لەگەڵ سرووشتی مرۆڤ، پێویستییە دەرونییەکانی ورەنگە شکڵ گرتنی گوتارییەکەیدا هاوپێوەند ولە دان و ستان دا بێت. جۆرێکە لە گۆڕان و دۆخ گۆڕی لە تێڕامانی گشتییدا.
وا دەردەکەوێت ئەو هۆکارانەی وا مرۆڤی لە ئازادی دەترساند و راوی دەنا و ئێریک فرۆم لە(هەڵهاتن لە ئازادی) دا پەرژا بووە سەری، دەبێت لە رێنوێن کردن و دەستگرتنی مرۆڤ بۆ کۆتایی سەدە لە کار دا بێت! رەنگیشە هۆکارگەلێکی دی وەکوو(ترس لە هێمنی و ئاسایش) و تۆقین لە(بێدەردی) بێت کە هونەرمەندی سەردەمی پووچی تووشی دڵەفیچقێ و خەمباری و دڵشێواوی کردبێت. رەنگە فرۆید راستی دەگووت؛ تامەزرۆییەک بۆ مەرگ یان (گەڕاڵانی مەرگ) مرۆڤ بەرەو نەمان و نابوودی پەلکێش دەکات. یان نۆستالۆژی پاڵەوانێتییە کە مرۆڤ ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە! یان دڵتەنگییە بۆ دەرد و رەنج کە مرۆڤ دەبێت قارەمانانە لە ئامێزی بگرێت! یان پێویستیەک بۆ ناکامی و چێژی دەرد، هەر ئەو شتەی کە مرۆڤ دەکێشێت بەرەو قووڵاییەکانی ریازەت و دەردی ناکامی! ژول رۆمەن دەنووسێت:-
جیهان سەربەرزانە دەڕۆییشت و لەژیان و دڵخۆشی سیخناخ بوو. لە هەر جێیەک ئازادی سیاسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی پێشکەوتنی هەبایە، زانست و تەکنۆلۆژیای نوێ بەدەگمەن شتێکیان جگە لە لایەنە سوودمەندەکانی خۆیان پێشکەش دەکرد و وادەهاتە پێش چاو کە هیچ بەڵێنێک بێجگە لە باشتر بوون و پێشکەوتنی بەردەوام بە خەڵک نادات و سیمبۆلیسمی شاز و واڵا، لەسەر تەشقی ئاسمانی خۆی ئەفسانەی دەهۆنییەوە، (ئەو زەمانەی خۆی پووچ دەنرخاند) کە بێگومان دیاردەمەندترین هەڵەیەک بوو کە ئەدەبیات ئەنجامی دابوو؛ ئێسکیزۆفێرنیەکی گشتی51.
کەواتە هەستی کۆتایی پێهاتن(Finitude) تەنانەت پێش لە جەنگی جیهانی یەکەم لە رۆژئاوادا دەستی پێکرد بوو. هەڵبەت لە هەمان سەردەم دا بوو کە نیچە زۆر بە تووندی مەرگ ئەندێشی رەتکردەوە، سەرەڕای ئەوەی کە شووپێنهاوری ستایش دەکرد و بیرۆکەی خواستی ئەوی بۆ بیردۆزی سەبارەت بە(خواستی دەسەڵات) دەکار کردبوو. بەڵام دەڵێی نیچەش ئەم هەستی کۆتایی هاتنەی دەئەزمووا کاتێک کتێبی دەجال(Antichrist) ی نووسی. لە واقیع دا رەنگە ئەزموونی ئاخر زەمانی(Apocalyptic) جیهانی رۆژئاوا دەستی پێکردبێت، ئەزموونێک کەدوای جەنگی جیهانی یەکەم بە(مەرگی ئەورووپا)، ( مەرگی شارستانییەت) و دواتر(مەرگی ئینسان)، (مەرگی سووژە)، (مەرگی نووسەر) درا لە قەڵەم. کۆتایی خوازی(End-ism) کە لە شەستەکان و دوای جەنگی دووهەمی جیهانی و لە خۆڵەمیش و تەپ و تۆزی دووکەڵی بۆمبی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناکازاکی هەڵگیرسابوو، لەتەواوی کاتی جەنگی سارد، بە ترس لە نابوودی ئەتۆمی تا لەناوچوونی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو و واتە جەمسەری رۆژهەڵات درێژەی هەبوو، تاکوو لە کۆتایی ئایدۆلۆژییەوە بگاتە کۆتایی مێژوو.
ئەمە هەستی مەرگ و کۆتایی پێهاتنە کە بە( خودا مردووە) ی نیچە و دڵشێواوی و خەمباری(کۆتایی سەدە) ی نۆزدەهەم دەست پێدەکات و تاکوو هەستی ئاخر زەمانی دوای جەنگی جیهانی دووهەم و چاوەڕوانی مەرگ و کۆتایی لە نووسراوەی سامۆئێل بێکت، کە بە گرینگترین تایبەتمەندی ئەدەبیاتی مۆدێڕنی نیوەی دووەمی سەدەی بیست لە قەڵەم دەدرا، بگات تا بتوانرێت بە نیگەرانی و ترس، رەنگیشە خەم(دەنگی دوای مردنی پۆست مۆدێڕنیتە) ببیسترێت رەنگیشە بە سامناکییەوە، بەم بیرەوە کە مۆدێڕنیتە بۆ کوێ دەچێت؟ ئایا بە قبووڵ کردنی مەرگ بەو جۆرەی فرۆید باسی لێوە دەکرد و بیری لێدەکردەوە، مەرگ بۆ شوێنەواری واقیعی خۆی کە پەیوەستە پێی، گەڕاوەتەوە؟ یان مەرگیان لە کۆتاییەوە هێناوەتە سەرەتاوە؟
تۆ گریای بە هیوای شەو، ئێستاکە شەو داهاتووە. کەواتە لە تاریکی دا بگریە. کۆتایی کایە-سامۆئێل بێکت52
“نیگای ئینسانی مۆدێرن”
“ئەوەی کە خەڵکان هیچ کات نەیانەوێ بیر لە ئەندێشەی مەرگ بکەنەوە من شاد دەکات! زۆر پێم خۆشە دەست بدەمە کارێک کە ئەندێشەی ژیان سەد جار بۆیان خوازراوتر بکەم” فریدریش نیچە-زانستی شاد
شارستانییەتی رۆژئاوا لە سەر بنەما و بنەوەچی یۆنان راست بۆتەوە. بەم پێیە دەبێت لێکدانەوەی گۆڕانی تێڕوانینی رۆژئاوا بۆ مەرگ لە دنیابینی خەڵکانی یۆنان و کۆلۆنییەکانی لە ئاسیای بچووکدا، بەتایبەت لە کولتووری ئیۆنیاوە دەست پێبکەین، واتە ئەوکاتەی کە فەلسەفە و ئەندێشەی زانستی خەریک بوو جێبگرێت، رەنگە سەردەمی تالێس و فیساغورەس لە سەدەی شەشەمی پێش زایین. بەڵام مووس فینێلی53 دەڵێت کە (ئەوەی وا لە کتێبخانەی ئەسکەندەرییە بەجێ مابوو، کەکرانەوە و دامەزرانی دەگەڕایەوە بۆ سەدەی سێهەمی پێش زایین و -نێزیکەی نیوەی- نوسخەکانی بەرهەمەکانی هۆمەر و لە هەموویان زۆرتر نوسخەکانی ئیلیاد بوو). کە بە گوێرەی وتەی ئەفلاتوون، رەنگە لە سەردەمی نووسینی حەماسەکان تا سەدەی پێنجەمی پێش زایین هۆمەر (مامۆستای یۆنان) بووە. (کتێبی کۆمار54). منداڵان لە قوتابخانەدا بەشگەلێک لە ئیلیاد و ئۆدیسەیان لەبەر دەکرد و قارەمانانی ئاخائی و تروا، سەرچەشن و هێمای ئایدیالی ژیان و رێباز بوون بۆ کوڕان لە قوتابخانەکانی یۆنان و دواتر لە رۆمی هێلێنی دا55 . لە واقیع دا لەسەرتاسەری یۆنان و جیهانی هیلینی دا، هۆمەریان بە گەڵاڵەدانەر و دامەزرێنەری بناغە و بنەماکانی باش بوون و واڵا بوون(Areta) دەزانی. گوتراوە کە ئاخیلیس گەورە قارەمانی ئیلیاد بووەتە نموونە و سەرچەشنی زۆربەی سەردارە گەورەکانی رۆژئاوا.
تراژیدی ئاتێن دەتوانین لە پێگەی تراژێدی رۆژئاوا دا لە قەڵەم بدەین. لەئەسکەندەری مەزنەوە تاکوو ناپلیۆن و لە ژولیۆسی سێزارەوە تا ئامریکای هاوچەرخ، رۆژئاوا لە فێربوون و راگرتنی ئەو وانانەی وا تراژێدی نووسەکان لەهەڵوەدای گواستنەوە و وتنەوەیان بوون، حاشای کردووە و سەری هەڵتەکاندووە.56 فیلیپی مەقدۆنی کوڕەکەی دایە دەست ئەرەستوو و گوتی: “کوڕەکەم ببە و شیعرەکانی هۆمەری فێرکە”. بەم پێیە (ئیلیاد، رێنوێن و چاوساغی ئەسکەندەر بۆ هونەری جەنگ بوو و قارەمانەکەی،ئاخیلیس، هێمای هونەری قارەمانانە). (O’Brien-1992) و هەر شەو بەم کتێبە و خەنجەرێکی ژێر بالیفەکەی خەوی لێدەکەوت. کاتێک هێرشی کردە ئێران، سەربازەکانی، خەزێنەی داریۆشیان تاڵان کرد و بەنرخترین سندووقیان هێنایە بەردەمی و لە هەڤاڵانی پرسی کە ئایا دەزانن چ شتێک بە راستی بەنرخە کە بۆ پاراستنی دەبێت بخرێتە سندووقەوە؟ وەڵامگەلێکی جۆراوجۆر درایەوە، بەڵام دواتر خۆی گووتی: دەبێت ئیلیاد بخرێتە ئەو سندووقەوە.(Plutarch)57
ئۆدیسەش یەکێک لە گرینگترین هێماکانی رۆژئاوایە. نەتەنیا بە نموونە و تەمسیلی مەسیحێکی ریفۆرم خواز کە هەڵوەدا و عەوداڵی خانەی ئاسمانییە زانراوە، بەڵکوو لەپێگەی پێش نموونەیەکی ئینسانی رۆشنگەر چاوی لێدەکرا. تیۆدۆر ئادێرنۆ و ماکس هۆرکهایمێر ئۆدیسە بە (دەقی بنەمایی شارستانییەتی ئەورووپایی) دەزانن کە تێیدا ململانێ و جەنگەکانی ناو ئۆدیسە دەتوانێت وەکوو حەکایەتگەلێک چاوی لێبکرێت کە خۆ-رووخێنەری یان خۆکوژی ئاوەزمەندی مۆدێڕن ئاشکرا دەکەن. ئەم حەکایەتانە بە واقیعی خودی سەفەر دەست پێدەکات58 . بۆ ئەوان ئۆدیسە سەفەرێکە بۆ کەشف و دۆزینەوەی خود، کە لە رێگای ئووستوورەوە دەشێت پێی بگەن. بەسەر گیانلەبەرە تۆقێنەرەکانی زەریا دا یەک بە یەک زاڵ دەبێت و هێزی خودائاسایان لەناو دەبات. بەم پێیەش جیهان دەبێتە جیهانێکی سیکۆلار- کەواتە ئیدی پێویست نییە لە خودایان بترسین، ئینسانێک کە لەم بەسەرهاتانە ماوەتەوە، (ئینسانێکە کە کاتی مەترسی و هەڕەشەی مەرگ لەگەڵ گەورەترین ریسک و کارەسات دا رووبەروو بۆتەوە و بەم پێیە کاتی درێژەدانی ژیان بەدەسەڵات تر و خۆڕاگرتر بووە59. ئادێرنۆ و هۆرکهایمێر، فیڵبازییەکان و چارەسەرییەکانی ئۆدیسە بە پێش نموونەی ئاوەزمەندێتی(Rationality) ئینسانی رۆشنگەر دەزانن. ئۆدیسەش وەکوو مرۆڤی مۆدێڕن بە سەر سرووشتدا سەردەکەوێت. داگلاس کێلنێر(Douglas Kellner) پێی وایە کە “دەقی هۆمەر دەتوانین وەکوو سەفەرێکی تەمسیلی بدەینە قەڵەم، کە تێیدا ئۆدیسە بەسەر هێزە سرووشتییە بەدەوییەکان دا زاڵ و سەرکەوتوو دەبێت60”. ئیمانۆئێل لویناسیش ئۆدیسە بە سەربووردەی کولتووری رۆژئاوا دەزانێت کە ئاوەزمەندێتی مۆدێڕنی ئۆدیسەیی ئەو، کاولکەر و توندوتیژە، لێوانلێویشە لە مەرگ61 .
لە حەماسەی ئیلیاد دا (مەرگی جوان) و ( تووندوتیژی شکۆمەند) زۆر بەرجەستە و زەقە، بەڵام مەرگێکی نەخوازراو و نەویستراوە! ئاخیلیس لە سەرتاسەری ساتی گەمارۆی تروا دا، کڕکەوتووە و تووڕەیە؛ دوودڵ لە نێوان رۆیشتن و نەرۆیشتن دا، ئەگەر بڕوات، گیانی دەربازدەبێت، بەڵام لە هەرمان و جاویدانەگی لە دونیای شاعیران دا بێ بەری دەبێت و ئەگەر نەڕوات، گیانی لە دەست دەدات، بەڵام ناوی بۆ هەمیشە بەرز و بە شکۆ رادەگیرێت. بۆیە لە کۆتایی دا کە لێدەبڕێ بجەنگێت، لە واقیع دا ناچار دەبێت و بەسەریدا دەسەپێت، پاترۆکلیس هەڤاڵ و هاودەمی کە جل و بەرگی ئەوی لە بەر کردبوو و چووبووە جەنگ و زۆرانەوە لەگەڵ هێکتۆر- لەباتی ئەو کوژرابوو، ئاخیلیس بۆ خوێنخوازی ئەم هەڤاڵەیە کە دەچێتە جەنگی هێکتۆرەوە- سەرەڕای ئەوەی کە دایکی پێی گوتووە کە ئەگەر هێکتۆر لە ناو بەرێت، زۆری پێناچێت کە خۆشی دەکوژرێت؛ دایکی لە ترووم(رەگەز)ی خودایانە و پێشگۆییەکانیشی خودا ئاساییە، بەڵام جەنگ ناچارییە. لە حەماسەی ئۆدیسە، کاتێک ئاخیلیس لە گەڵ ئۆلیس لە کۆشکی هادێس رووبەروو دەبێت، ناتوانێت خەمباری خۆی لە مەرگ بشارێتەوە، ئەگەرچی بەشانازی و لووتبەرزییەوە گەییشتبووە جاویدانەگی و کورسی هەرمان و لە کۆشکی هادێس پاشا و فەرمانڕەوای مردووان بوو. بەڵام دەیگووت:-
ئۆدیسەی گەشاوە، لەگەڵ من باسی باشییەکانی مەرگ مەکە، باشتر ئەوەیە کە لەسەر زەوی کرێکاری وەرزێرێکی هەژار بم، کە بستێک زەوی نییە و کرێی من لە تۆزەدەسترەنجی خۆی دەدات، تاکوو لە قەڵەمرۆی مردووان پاشایەکی تاقانە بم62.
دایکی ئۆدیسەش وەکوو دانیشتووانی تری کۆشکی هادێس کە زۆرتر حاکمان و سەردارانی گەورەی ئاخایی تێدایە، لەسەرزەمینی مردووان دا خەمگینە و خەمی خۆی لەمەرگی سڕی سارد وشێداری سەرزەمینی مردووان دەردەبڕی، نیگای ئۆدیسە هەراسان و سەرگەردان، لەدەستپێکی سەفەر، لەهەر شوێنێک مەرگ خۆی مەڵاس دابێت؛ لەزەریاکان،دوورگەکان، ئەشکەوتەکان، تۆفانەکان، گێژئاوەکان، تا قەڵشتی پڕشێداری کۆشکی هادێس.
لە هەموو شوێنێک مەرگ دەمی داچەقاندووە تاکوو ئەو و پیاوانی قووت بدات. ئەو و پیاوانی بارەها تۆقاو لەمەرگ، خۆیان بەزەمین و زەمان بەند دەکەن و دەگریێن! کاتێک حەماسەکانی ئیلیاد و ئۆدیسە لە گەڵ شانامەی فیردەوسی دا بەراورد بکەین، جیاوازییەک کە زۆرتر لە هەر شتێک زەقتر دەنوێنێت، ئەوەیە کە پاڵەوانەکانی حەماسەکانی هۆمەر لەئاستی مەترسییەکانی مەرگ بە جارەها دەگرین بەڵام بە شانامە دا، گریانی پاڵەوانەکان دەگمەنە، رەنگە تەنیا گریانی رۆستەم بەسەر تەرمی زۆراو دا! خودی ئەم گریانانە پیشانی ئێمەی دەدا کە مەرگ ئەندێشی لە پاڵەوانەکانی هۆمەردا زۆرتر مەرگ وشیارییە و بە هیچ کڵۆجێک ناتوانێت، مەرگ خوازی لەو چەشنە بێت کە لە چاخی فەلسەفەی یۆنان و دەسەڵاتی مەسیحییەت دا دەیبینین.
چاخی پرێکلێسیش لە یۆنان بەجەنگ و سەرکەوتنەوە دەست پێدەکات، کە توسیدید گێڕاویەتەوە و وتارە گرینگەکەی پریکلێسی لە 430 پێش زایین دا تێدا هاتووە کە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی نەمران و شەهیدانی جەنگی پلۆپێنزی پێشکەش کراوە. بۆیە جارێکی دیکە لە جەنگ و یادهێنانەوەی مەرگ و ئەو گیانانەی کە لەدەست رۆییشتووە، لەبارچوون و ئەوانەی کە بۆ پاسەوانی سەرزەمین و نیشتمانی باوکیی خۆیان فیدا کردووە، قسە و باس دێتە گۆڕێ. زۆرێک لە نووسەران، یۆنانی چاخی زێڕینی پریکلێسیان وەکوو نموونە و سەرچەشنی شارستانییەتی رۆژئاوا داوەتە قەڵەم.
نووسینی: دوکتور موحەمەد سەنعەتی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: عادڵ قادری