قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن لە پێناو خوێندنەوەی ئاسۆی گەشەسەندن لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، هەوڵدانێکی هاوبەشی نێوان چەندین بواری زانستییە. هەر بوارێکیش بە شێوازی تایبەت بە خۆی لەم قوتابخانەیەدا بەشداربووە تا خوێندنەوە بۆ پرسە سەرەکییەکانی تایبەت بە مۆدیڕنیزاسیۆن بکات. بۆ نموونە، کۆمەڵناسان تیشکیان خستووتەسەر چۆنییەتی گۆڕانی بگۆڕەکانی نموزەج (pattern variables) و لێکجیاکاریی ستراکتۆریی؛ ئابورناسان جەخت لەسەر خێراترکردنی سەرمایەگوزاریی بەرهەمدەر دەکەنەوە؛ زانایانی سیاسەت پێداگریی لەسەر زەرورەتی بەرزکردنەوەی توانایی سیستەمی سیاسی دەکەن. سەرەڕای سروشتی فرە بواریی (multidisciplinary) مۆدێرنیزاسیۆن، توێژەرانی سەر بە قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن لە خوێندنەوەیان بۆ گەشەسەندنی جیهانی سێیەم لە دوو دەستە گریمانە (assumption) و مێتۆدۆلۆژیا هاوبەشن. چونکە زۆرێک لە توێژەرانی مۆدێرنیزاسیۆن نەیانتوانییەوە گریمانە و مێتۆدۆلۆژییەکەیان بە ڕاشکاویی بخەنەڕوو، کەواتە بەسوودە ئەگەر پێداچوونەوەیەک بۆ ئەم گریمانە و مێتۆدۆلۆژیایە بکەین.
یەکەمین کۆمەڵە لەو گریمانانەی کە توێژەرانی مۆدێرنیزاسیۆن لەسەری کۆکن، بریتین لە کۆمەڵە چەمکێک کە لە تیوریی کامڵبوونی ئەوروپییەوە سەرچاوەیان گرتووە. بە پێی تیوری کاملبوون، گۆڕانی کۆمەڵایەتی پرۆسەیەکی ڕاستەهێلی، پێشکەوتنخواز، لەسەرەخۆ، نەگەڕاوە بۆ دواوەیە کە کۆمەڵگاکان لە قۆناغی سەرەتاییەوە بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتوو دەگوازێتەوە و لە ڕەوتی کامڵبووندا کۆمەڵگاکان تا ڕادەیەک هاوشێوە دەکات. بە پشتبەشتن بەم گریمانەیە، توێژەرانی مۆدێرنیزاسیۆن بە ناڕاشکاویی، تیورییەکانی خۆیان داڕێشت کە ئەم خەسڵەتانەی خووارەوەیان لەخۆ گرتووە (see Huntington 1976, p.30-31).
١. مۆدێرنیزاسیۆن پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغە (phased process). بۆ نموونە تیوری ڕۆستۆ، قۆناغە جیاوازەکانی مۆدێرنیزاسیۆنی کە گشت کۆمەڵگاکان پێدا تێپەڕ دەبن، لێکجیاکردووتەوە. بە پێی ئەم بۆچوونە، کۆمەڵگا لە قۆناغی سەرەتای، سادە، لێکجیانەکراویی تەقلیدیی دەست پێدەکات و بە قۆناغی پێشکەوتوو، ئاڵۆز و لێکجیاکراوەی مۆدیرن کۆتایی دێت. لەم گۆشەنیگایەوە، لێڤی باس لەوە دەکات کە دەکرێ کۆمەڵگاکان بە پێی ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک توانیویانە لە تەقلیدییەوە بەرەو مۆدێرن هەنگاو بنێن، بەراورد بکرێن.
٢. مۆدێرنیزاسیۆن پرۆسەیەی یەکدەست کردنە (homogenizing process). مۆدێرنیزاسیۆن مەیل بۆ لێکتر نزیکبوونەوەی (convergence) کۆمەڵگاکان زیاد دەکات. هەر وەک لێڤی (١٩٦٧، ل٢٠٧) ئاماژەی پێدەکات ”بە بەرەوپێشچوونی زەمەن، ئەوان و ئێمە زۆرتر لێکدەچین… چونکە نموزەجەکان مۆدێرنیزاسیۆن بە شێوازێکە کە هەرچەند ئاستی مۆدێرنبوونی کۆمەڵگاکان زۆرتر بێت، ئەوان زۆرتر بە یەکتر دەچن”.
٣. مۆدێرنیزاسیۆن واتە پرۆسەی بە ئەوروپاییکردن (یاخود بە ئەمریکاییکردن). لە ئەدەبیاتی مۆدێرنیزاسیۆندا، جۆرێک لە خۆشبینی لەهەمبەر ئەوروپای ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەبینرێت. وەها دەبینرێت کە ئەم نەتەوانە خاوەن وژانەوەیەکی ئابوریی بێهاوتا و دیموکراسییەکی سەقامگیرن (Tipps, 1976). هەروەها چونکە ئەوان پێشکەتووترین نەتەوەکانی جیهانن، ئەوان وەک مۆدێلێک وێنا دەکرێن کە نەتەوەکانیتر لاسایی ئەوان دەکەنەوە. لەم ڕووەوە، مۆدێرنیزاسیۆن واتە پرۆسەی بە ئەوروپاییکردن یاخود بە ئەمریکایی کردن. بۆ نموونە، چونکە ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمریکا بە ئاستێکی بەرزی پیشەسازیی گەیشتوون و وڵاتی دیموکراتیکن، بەمجۆرەش بەپیشەسازییبوون و دیموکراسی بوون بە دوو خواستی سەرەکی ڕوانگەی مۆدێرنیزاسیۆن هژمار دەکرێن.
٤. مۆدێرنیزاسیۆن پرۆسەیەکە بۆ دواوە ناگەڕێتەوە (irreversible process). هەر کاتێک مۆدێرنیزاسیۆن دەستی پێکرد، ئەستەمە بوەستێنرێت. بە واتایەکیتر، هەر کاتێک وڵاتانی جیهانی سیێەم پەیوەندیان لەگەڵ ڕۆژئاوا دروست کرد، ئەم وڵاتانە ناتوانن لەهەمبەر بزوێنەری مۆدێرنیزاسیۆندا خۆراگریی بکەن. ئەگەرچی ئاستی گۆڕان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکیتر جیاوازە، بەڵام ئاراستەی گۆڕانەکە لە گشتیاندا هەر یەک ئاراستەیە. هەر بۆیەش لێڤی بە مۆدیرنیزاسیۆن دەڵێت ”چارەسەری گەردوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان” کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خەسڵەتە تەقلیدییەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەم.
٥. مۆدێرنیزاسیۆن پرۆسەیەکی پێشکەوتنخوازە (progressive process). دەرد و نەهامەتیەکانی مۆدێرنیزاسیۆن زۆرن، بەڵام لە درێژخایەندا مۆدێرنیزاسیۆن نەتەنیا پرۆسەیەکی حەتمییە، بەڵکو خوازیاریشە. بۆ کۆلمەن، بە بەراورد لەگەڵ سیستەمی سیاسی تەقلیدیی، سیستەمی سیاسی مۆدێرنبوو، لە چارەسەری کارکردەکانی شوناسی نەتەوەیی، مەشروعییەت، چوونەناوەوە، بەشداریکردن و دابەشکردن، توانای زۆرتری هەیە.
٦. دواجار، مۆدێرنیزاسیۆن پرۆسەیەکی درێژخایەنە (lengthy process). مۆدێرنیزاسیۆن گۆڕانێکی تەکامولییە، نەک گۆڕانێکی شۆڕشگێرانە (evolutionary not revolutionary). بۆ کامڵبوونی کۆمەڵگا، پرۆسەیی مۆدێرنیزاسیۆن چەندین نەوە و سەدە دەخایێنێت و کاریگەرییە قووڵەکانی تەنیا بە دەربازبوونی کات هەستی پێدەکرێت.
کۆمەڵێک گریمانەیتری توێژەرانی بواری مۆدێرنیزاسیۆن لە تیوریی کارکردگەراییەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەم تیورییە جەخت لەم بوارانەی خوواەروە دەکات؛ وابەستەیی دوولایەنەی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگی بگۆڕەکانی نموزەج لە ئاستی کولتوریدا، گۆڕانی ناوخۆ کە لە میانەی خود-هاوسەنگی (homeostatic equilibrium) دێتە کایەوە. توێژەرانی بواری مۆدێرنیزاسیۆن کە لە ژێر کاریگەریی ئەم بیرۆکەکانی پارسۆنزدا بوون، بە ناڕاشکاوی چەمکی مۆدێرنیزاسیۆنیان داڕێشت کە ئەم تایبەتمەندیانەی خووارەوە لەخۆ دەگرێت؛
١. مۆدێرنیزاسیۆن پرۆسەیەکی سیستێماتیکە (systematic process). خەسڵەتەکانی مۆدێرنیتە گشتێکی پێکەوە گڕێدراو بەرهەمدێنێت، هەر بۆیەش ئەم خەسڵەتانە شێوازێکی پێکەوە گرێدراویی نەک لێکجیایان هەیە (Hermassi, 1978). مۆدێرنیتە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لەگشت بوارەکانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا دروستدەکات بە تایبەتیش دەبێتە هۆی بەپیشەسازیی بوون، سێکۆلاریزاسیۆن، بەشداریکردن و ناوەندگەرایی.
٢. مۆدێرنیزاسیۆن پرۆسەیەکی گوازێنەرە (transformative process). بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگا بەرەو مۆدێرنیتە هەنگاو بنێت. پێویستە تەواوی ستراکتۆری تەقلیدیی کۆمەڵگا و بەهاکانی جێگەیان بە کۆمەڵێک بەهای مۆدێرن بدەن. هەر وەک هانتینگتۆن (١٩٧٦) باسی لێدەکات بە بۆچوونی قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن، ‘مۆدێرن’ و ‘تەقلیدیی’ دوو چەمکن کە لە جەوهەردا ناتەریبن. ئەگەرچی بە ڕاشکاوی باس لە تایبەتمەندییەکنای مۆدێرنیتە کراوە، بەڵام تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای تەقلیدیی دیار نەکراون. بۆ ئاسانکاریکردن، گشت ئەو شتانەی کە مۆدێرن نین، بە تەقلیدیی هەژمارکراون. لە دەرەنجامدا، تەقلیدیی ڕۆلێکی بچووکی هەیە و پێویستە لە میانەی پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆندا جێگە بۆ کۆمەڵگای مۆدێرن چۆڵ بکات.
٣. مۆدێڕنیزاسیۆن پرۆسەیەکی زاتیە (immanent process). مۆدێرنیزاسیۆن بە هۆی سروشتی سیستێماتیک و گوازێنەرەکەیەوە، گۆڕانی لە ناوخودی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا دروستکردووە. کاتێک کە گۆڕان لە کایەیەکدا دەستپێدەکات، گۆڕان لە کایەکانیتریشدا دروستدەکات (Hermassi, 1978). بۆ نموونە، کاتێک خێزان دەست بە پرۆسەیی لێکجیاکاریی ئەرکەکان دەکات، دامەزراوەکانیتری کۆمەڵگا، وەک ئابور، ئامرازی ڕاگەیاندن، پۆلیس و…، ناچارن بە پرۆسەی لێکجیاکاریی ئەرکەکان و ئیندیماجدا دەرباز بن. هەر بە هۆی ئەم هۆکارە زاتییەیە کە قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن، تیشک دەخاتەسەر سەرچاوە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا.
سەرەڕای گرتنەبەری گریمانەی تیورییەکانی کامڵبوون و کارکردگەرایی، ئەندامانی قوتابخانەی مۆدیڕنیزاسیۆن لە توێژینەوەکانیاندا مێتۆدۆلۆژییەکی هاوشێوەی یەکتریان پەیڕەو کردووە. یەکەم، توێژەرانی مۆدێرنیزاسیۆن لە ئاستێکی زۆر گشتی و ئەبستراکتدا باس لە توێژینەوەکانیان دەکەن چونکە ئامانجی ئەم تویژەرانە ڕوونکردنەوەی نموزەجە گشتییەکان، ئاراستە گەردوونییەکان و ئاسۆیەکی هاوبەشە بۆ مۆدیڕنکردنی وڵاتانی جیهانی سیێەم، هەر بۆیەش نایانەوێت خۆیان سەرقاڵی حاڵەتی ناوازە و ڕووداوە مێژووییە دەگمەنەکان بکەن. توێژەرانی مۆدێرنیزاسیۆن بۆ ئەوەی کە بە ئاستێکی بەرزی گشتاندن بگەن، و ئارگیومێنتەکانی خۆیان پوخت بکەن، پشت بە نمووزەجی ئایدیالی پارسۆنز دەبەستن (بۆ نموونە کۆمەڵگای تەقلیدیی لەهەمبەر کۆمەڵگای مۆدیرن). دوای ئەم پشت بەستنە، هەوڵی زۆربەی قوتابیانی قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن دەستنیشانکردنی کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەت بەم نموزەجە ئایدیالییە دوانەییە بوو. [واتە نیشاندانی خەسڵەتەکانی کۆمەڵگای تەقلیدیی و خەسڵەتەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن) (بڕوانە خشتەی ٢.١).
سەبارەت بە یەکەی شیکردنەوە، تیپس (Tipps, 1976)، ئاماژە بەوە دەکات کە جوگرافیایی دەوڵەتی نەتەوەیی گرنگی تیوریکی زۆری بۆ تیورمەندانی قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن هەیە تەنانەت ئەگەر بە ڕاشکاویش باس لەم بابەتە نەکەن؛ بەڵام دەبی ڕەچاو بکەین کە چ بەپیشەسازییبوون بێت یاخود لێکجیاکاریی ستراکتۆریی بێت، کە هەر کامەیان بەشێک لە پرۆسەی مۆدیڕنیزاسیۆن پێکدێنین، وەک گۆڕانێک هەژمار دەکرێت کە لە ئاستی نەتەوەییدا ڕوودەدات. کەواتە، تیورییەکانی مۆدیڕنیزاسیۆن، بریتین لە تیورییەکانی گواستنەوەی دەوڵەت-نەتەوەکان.