“دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەیەکی هاوچەرخ، بۆ دابەزێنراوی بەجێ”
“تایبەتمەندییەکانی دابەزێنراوی بەجێ”
تایبەتمەندی یەکەم:- نەبوونی هاومانایی(عدم الترادف) لە دابەزێنراوی بەجێدا
یەکەمین تایبەتمەندی خوێندنەوەیەکی هاوچەرخ بۆ دابەزێنراوی بەجێ، ئەوەیە کە هاومانایی(ترادف) لە وشەکانی نێو دابەزێنراوی بەجێدا بوونی نییە، هیچ وشەیەک نییە لە قورئانی پیرۆزدا کە دوو مانای وەکو یەکی هەبێت، دەگونجێت وشەیەک پتر لە مانایەکی هەبێت، بەڵام ئەوەی کە دوو وشە یەک مانای هەبێت بوونی نییە، ئاساییە و دەگونجێت کە هاومانایی لە شیعردا هەبێت، بەڵام هەرگیز لە دابەزێنراوی بەجێدا بوونی نییە، لە بارەی وشەی (ترادف – ردیف) بۆ نمونە دەڵێم: (ٲردفتک خلفي) واتە تۆ لە پشتی منەوەیت، واتە تۆ لەمنەوە زۆر نزیکیت و ڕەنگە دەستیشم لێ بدەیت و بەریشم بکەویت، بەڵام تۆ تۆیت و منیش منم، نە تۆ منیت و نە منیش تۆم، ئەمەیە مانای (ترادف – هاومانایی)، بۆنمونە هەرسێ وشەی (قطف، قطع، قطر) ئەمەیە هاومانایی واتە هەرسێ وشەکە لە ڕووی دەنگەوە لەیەکترەوە نزیکن، بەڵام لەڕووی ماناوە لەیەکتری جیاوازن، یاخود هەردوو وشەی (الٲب) و (الوالد) ئەم دو وشەیە لە هەموو ڕوویەکەوە لەیەکتری جیاوازن، بەڵام وەکو گوتم دەگونجێت وشەیەک لە یەک مانا زیاتر لە خۆبگرێت.
گوتەیەکی (الجرجانی) هەیە کە دەڵێت (کاتێک قسەکەر قسە بۆ گوێگر دەکات مەبەستی لەوە نییە کە مانای وشەکان بە گوێگر بڵێت: بەڵکو قسەکەر دەق(نص)ێک بە گوێگر دەگەیەنێت)، چونکە قسەکەر(ئاخیوەر) لە ڕێگای دەقێکەوە مەبەستێک دەگەیەنێت و هەروەها قسەکەر نابێته فەرهەنگی ڕوونکردنەوەی وشەدانەکان(المفردات)، بۆنمونە فەرمویەتی {زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ ٱلشَّهَوَٰتِ مِنَ ٱلنِّسَآءِ وَٱلْبَنِينَ وَٱلْقَنَـٰطِيرِ ٱلْمُقَنطَرَةِ مِنَ ٱلذَّهَبِ وَٱلْفِضَّةِ وَٱلْخَيْلِ ٱلْمُسَوَّمَةِ وَٱلْأَنْعَـٰمِ وَٱلْحَرْثِ ۗ ذَٰلِكَ مَتَـٰعُ ٱلْحَيَوٰةِ ٱلدُّنْيَا – آل عمران ۱٤} واتە (ڕازێنراوەتەوە بۆ خەڵکی خۆشەویستی ئارەزووەکان لە دواهاتوەکان و بینا و باڵەخانەکان و زۆری ئاڵتون و زیوی چەمێنراو و ئەسپی خاڵدار و ئاژەڵەکان و کشتوکاڵ، ئەوانە کەلوپەل و شمەکی ژیانی دونیان)، لەم ئایەتەدا وشەی {ٱلنِّسَآءِ} کۆکراوەی ئافرەتان(جمع الٵمرٲة) نییە، بەڵکو کۆی (نسيء)ە واتە وشەی {ٱلنِّسَآءِ} بەمانای (شتە دواهاتووەکان-المتٲخرات) دێت، واتە دواهەمین شتەکان(نوێیەکان)، هەروەها وشەی {ٱلْبَنِينَ} مەبەستی منداڵانی نێر ڕەگەز نییە چونکە شێوازی ڕەوگە(سیاق)ی ئایەتەکە ئەوەمان پێدەڵێت چونکە چ وشەی {ٱلنِّسَآءِ} و چ وشەی {لْبَنِينَ} لەگەڵ ئاژەڵان(الٲنعام)دا هاتوون، خودا لەسەرەتای ئایەتەکەدا وشەی {لِلنَّاسِ}ی بەکارهێناوە وە {النَّاسِ} (نیر و مێ)ش دەگرێتەوە، دەڵێم چۆن دەگونجێت وشەی {ٱلنِّسَآءِ} بەمانای ئافرەت بێت و بفەرموێت (ڕازێنراوەتەوە ئافرەتان بۆ ئافرەتان)، نەخێر بەوجۆر نییە و خودا ئاماژەی بە {ٱلنِّسَآءِ} کردووە لەگەڵ شتە دونیاییەکانی وەک بیناوباڵەخانە{ٱلْبَنِينَ} و زێڕو زیوی چەماوە{ٱلْقَنَـٰطِيرِ ٱلْمُقَنطَرَةِ مِنَ ٱلذَّهَبِ وَٱلْفِضَّةِ} و ئەسپی خاڵدار{ٱلْخَيْلِ ٱلْمُسَوَّمَةِ} و ئاژەڵان{ٱلْأَنْعَـٰمِ} و کێڵان{ٱلْحَرْثِ} و لە کۆتایی ئایەتەکەدا فەرمویەتی هەموئەمانە کەرەستە و کەلوپەلی ژیانی دونیان{ذَٰلِكَ مَتَـٰعُ ٱلْحَيَوٰةِ ٱلدُّنْيَا}، ناکرێت و ناگونجێت کە خودا ئافرەت و ئاژەڵ بەیەکەوە دابنێت و بە هەردوکیشیان بڵێت ئەمانە کەلوپەلی ژیانی دونیان، هەروەها وشەی {ٱلْبَنِينَ} مەبەست لێی منداڵی نێر ڕەگەز نییە، مەبەستی (کوڕ) نییە و وشەکە پەیوەندی بە منداڵەوە نییە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە لە شوێنێکی دیکەی قورئاندا فەرمویەتی { يَوْمَ لَا يَنفَعُ مَالٌ وَلَا بَنُونَ – الشعراء ٨٨ } واتە( ڕۆژێک دێت نە ماڵ و نەبیناو باڵەخانە سودێکیان نابێت)، ئەگەر لەم ئایەتەدا {بَنُونَ} بەمانای منداڵی (کوڕ) بێت کەواتە پێچەوانەکەی ڕاستە و ڕاڤەی ئایەتەکە بەم جۆرەیە (ڕۆژێک دێت منداڵی کوڕ (نێر) هیچ سوودی نابێت)، بەڵام منداڵی کچ(مێ) سوودی دەبێت.
ئەم ڕاڤە و خوێندنەوە و تێگەیشتنانە بۆ ئەم ئایەتانە و ئایەتگەلی دیکەش کە بەهەمان تەرز ڕاڤەکراون هەڵەن، بەڵکو ڕاڤەی ڕاستەقینەی ئەم ئایەتانە بەگوێرەی ڕەوگەکەی بەم جۆرەیە کە (لە ڕۆژی دواییدا بینا و باڵەخانەکان هیچ سودێک بە مرۆڤ ناگەیەنن)، بۆنمونە فیرعەون هەڕەمەکانی دروستکرد، بەڵام ڕۆژێک دێت هەڕەمەکان هیچ سودێک بە فیرعەون ناگەیەنن، وشەی {بَنُونَ} واتە بیناوباڵەخانە(البناء) نەوەک منداڵان(الٲبناء)، کەواتە لەڕێگای ڕێکخستن و شێواز و ڕەوگەی ئایەتەکەوە مانای وشەکان دیاریدەکرێن و دەزانرێن، بۆنمونە فەرمویەتی { يَـٰٓأَيُّهَا ٱلنَّبِىُّ إِذَا طَلَّقْتُمُ ٱلنِّسَآءَ – الطلاق ۱ } واتە( ئەی پێغەمبەر کاتێک لە ژنانتان جیادەبنەوە)، لەم ئایەتەدا وشەی {ٱلنِّسَآءَ} بەواتای کۆکراوەی ئافرەتان(ٳمرٲة) دێت، ئەم مانایەش لە ڕێگای ڕەوگەی ئایەتەکەوە دەرکەوت، کەواتە ئەو گوتەیەی (الجرجانی) کە لەسەرەوە نووسیمان بنەمایەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مانای وشەکان لە ڕەوگەی ئایەتەکاندا.
لە شوێنێکی دیکەی قورئاندا وشەی {ٱلنِّسَآء} بەمانای کۆمەڵێک نێر دێت وەک فەرمویەتی {وَقُل لِّلْمُؤْمِنَـٰتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَـٰرِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَىٰ جُيُوبِهِنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا لِبُعُولَتِهِنَّ أَوْ ءَابَآئِهِنَّ أَوْ ءَابَآءِ بُعُولَتِهِنَّ أَوْ أَبْنَآئِهِنَّ أَوْ أَبْنَآءِ بُعُولَتِهِنَّ أَوْ إِخْوَٰنِهِنَّ أَوْ بَنِىٓ إِخْوَٰنِهِنَّ أَوْ بَنِىٓ أَخَوَٰتِهِنَّ أَوْ نِسَآئِهِنَّ – النور ۳۱ } واتە (ئەی محەمەد بە ئافرەتانی موسڵمان بڵێ کە چاویان لە ئاست دیمەن و ئەو شوێنەی لەش کە حەرامن ببینرێن بپارێزن و داوێنیان لە کاری نابەجێ و داوێنپیسی بپارێزن، جوانی خۆیان دەرنەخەن مەگەرئەوە نەبێت کە بۆخۆی دەرکەوتووە، وە سنگیان داپۆشن، جوانی خۆیان بۆ مێرد و باوک و خەزور و منداڵی خۆیان و مناڵی نەوەکانیان و برایان و برازایان و خوشکەزیان و نێرینەی نەوەکانیان نەبێت دەرنەخەن)، لەم ئایەتەدا وشەی {نِسَآئِهِنَّ} بەمانای کۆمەلێک نێر دێت کە پێکدێن لە نێرینەی منداڵەکان و نەوەکان(ٲحفاد) (هەمو پۆلەکە نێرینەن {لِبُعُولَتِهِنَّ}، {ءَابَآئِهِنَّ}، { ءَابَآءِ بُعُولَتِهِنَّ }، {أَبْنَآئِهِنَّ}، { أَبْنَآءِ بُعُولَتِهِنَّ }، {إِخْوَٰنِهِنَّ}، { بَنِىٓ إِخْوَٰنِهِنَّ }، { بَنِىٓ أَخَوَٰتِهِنَّ }، کەواتە نێرینە نەوەی نەوەی ئەم گەلەنێرینەیە، خودا نەیگوتوە کوڕی کوڕی برای یان کوڕی کوڕی خوشکی بەڵکو گوتویەتی نێرینە نەوەی برا و خوشکی، هەڵبەتە من ئەم مانایەم لە ئایەتەکە هەڵنەگۆزیوە بەڵکو ڕەوگە(سياق)ی ئایەتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات،وشەی {نِسَآئِهِنَّ} کۆکراوەی نێرینە نەوەی نەوەی ئەو پۆلە نێرینەیەیە، وشەی { أَوْ نِسَآئِهِنَّ } واتە (ما نسٲ عنهم) بۆنمونە دەڵێین ئەم کتێبە و ئەو کتێبەو ئەوەیش کە لەوای ئەمانەوە دێت (ئەوەی کە لە دوای مانەوە دێت کتێبە نەوەک شتی تر چونکە ڕەوگەی قسەکە وامان پێدەڵێت).
هەر لەبارەی وشەی {ٱلنِّسَآء}وە فەرمویەتی {نِسَآؤُكُمْ حَرْثٌ لَّكُمْ فَأْتُوا۟ حَرْثَكُمْ أَنَّىٰ شِئْتُمْ – البقرة ۲۲۳ } واتە (شتە تازە داهاتوو و دونیایی و ماددییەکانتان بەرهەم و بەدەستهاتوەکاتانن کەواتە چۆنتان ویست بەوجۆرە بەکاریانبهێنن)، لەم ئایەتەدا وشەی{نِسَآؤُكُمْ} بەمانای ئافرەت(ٳمرٲة) نایەت بەڵکو بەمانای شتە بەدەستهاتوە نوێیەکان دێت وە هەر لە ئایەتەکەدا وشەی {حَرْثَكُمْ} هاتوە کە بەواتای کێڵان(حرث) نایەت چونکە خودا لە ئایەتێکی یکەدا فەرمویەتی {مَن كَانَ يُرِيدُ حَرْثَ ٱلْـَٔاخِرَةِ نَزِدْ لَهُۥ فِى حَرْثِهِۦ ۖ وَمَن كَانَ يُرِيدُ حَرْثَ ٱلدُّنْيَا نُؤْتِهِۦ مِنْهَا وَمَا لَهُۥ فِى ٱلْـَٔاخِرَةِ مِن نَّصِيبٍ – الشوری ۲۰ } واتە( کێ کێڵانی(کردەوەی چاک) ڕۆژی دوای دەوێت ئەوا ئێمە کێڵانەکەی بۆ زیاد دەکەین، وە هەرکەسێکیش کێڵانی دونیایی دەوێت(کردەوە تەنها بۆ دونیا) ئەوا پێیدەبەخشین، بەڵام لە ڕۆژی دواییدا هیچ بەش و پشکێکی نابێت)، لەم ئایەتەدا وشەی {حَرْثَ} بەمانای کێڵان دێت کەواتە وشەی {نِسَآؤُكُمْ} لە ئایەتی {نِسَآؤُكُمْ حَرْثٌ لَّكُمْ فَأْتُوا۟ حَرْثَكُمْ أَنَّىٰ شِئْتُمْ}دا واتە شتە بەدەستهاتووە تازەکانی وەک مۆبایل و تەلەفزیۆن و…هتد کە هەموویان حەڵاڵن و پرسیار لە حەڵاڵێتی یان حەرامێتیان مەکەن، ئەو شتە نوێیانەی کە هەتا ڕۆژی پەسڵان(القيامة) بەبەردەوامی لە پەیدابووندان، لە درێژەی ئایەتەکەدا فەرمویەتی {وَٱتَّقُوا ٱللَّهَ} واتە پارێزگاری خوداتان هەبێت لە بەکارهێنانی ئەو شتە نوێیانەدا، واتە کاتێک فەرمویەتی {فَأْتُوا حَرْثَكُمْ أَنَّىٰ شِئْتُمْ} باسی شوێن و کات دەکات بەمانای ئەوەی لە هەرشوێنێک و لە هەرکاتێکدا چۆنتان بوێت دەتوانن شتەکان و کەلوپەلە بەدەستهاتووەکان بەکاربهێنن، بەڵام پارێزگاری سنووری خودا بکەن لە کاتی بەکارهێنانیدا، ئایەتەکە ئاڕاستەی (نێر و مێ)ش کراوە و خودا پێمان دەڵێت هەتا ڕۆژی دوایی بە بەردەوامی شتی نوێ سەرهەڵدەدات و پەیدا دەبێت و ئێوە پرسیار لە شێخ و مەلاکان مەکەن دەربارەی حەڵاڵێتی یان حەرامێتی ئەو شتە نوێیانە، دەبێت بزانین کە وشەی {حَرْث} واتە ” بەدەستهاتوو یان دەستکەوت ” (مکسب) واتە تێگەیشتین کە بەهیچ شێوەیەک لە قورئاندا دو وشە یەک مانای نییە، بەڵام دەگونجێت وشەیەک پتر لە مانایەکی هەبێت بۆنمونە وشەی (ٲمر) کە لە قورئاندا بەچەندین مانا هاتوە وەک ئەمانای لای خواراوە:-
⚛ وشەی (ٲمر)فەرمان دژی (النهي) قەدەغەکردنە:- وەک فەرمویەتی { إِنَّ ٱللَّهَ يَأْمُرُ بِٱلْعَدْلِ وَٱلْإِحْسَـٰنِ وَإِيتَآئِ ذِى ٱلْقُرْبَىٰ وَيَنْهَىٰ عَنِ ٱلْفَحْشَآءِ وَٱلْمُنكَرِ وَٱلْبَغْىِ ۚ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ – النحل ۹۰ } واتە (بەدڵنیاییەوە خودا فەرمان دەکات بە دادپەروەری و چاکەکردن و کۆمەکی کردنی خزمە نزیکەکان و قەدەغەی بەدڕەوشتی و خراپە و ستەم دەکات وە ئامۆژگاریتان دەکات بەڵکو یاداوەری وەربگرن).
⚛ وشەی (ٲمر) کاتێک پەیوەندیدارە بە مرۆڤەوە:- وەک فەرمویەتی { إِنَّمَآ أَمْرُهُۥٓ إِذَآ أَرَادَ شَيْـًٔا أَن يَقُولَ لَهُۥ كُن فَيَكُونُ – يس ٨۲ } واتە( بەدڵنیاییەوە فەرمانی خودا ئەوەیە کە ویستی لەسەر هەر شتێک بێت، پێی دەڵێت ببە ئەویش دەبێت).
⚛ وشەی (ٲمر) بەواتای سەرسۆڕمان(التعجب):- وەک فەرمویەتی { فَٱنطَلَقَا حَتَّىٰٓ إِذَا رَكِبَا فِى ٱلسَّفِينَةِ خَرَقَهَا ۖ قَالَ أَخَرَقْتَهَا لِتُغْرِقَ أَهْلَهَا لَقَدْ جِئْتَ شَيْـًٔا إِمْرًا – الكهف ۷۱ } واتە (بەڕێکەوتن هەتا سواری کەشییەک بوون (ئەو کەسەی لەگەڵ موسا بوو) کەشتییەکەی کون کرد و موسا پێی گوت: ئەوە کەشتییەکەت کون کرد بۆ ئەوەی خەڵکانی نێوی نقوم بکەیت بەڕاستی شتێکی سەرسوڕهێنەرت کرد).
⚛ وشەی (ٲمر) بەواتای زۆرێتی(الكثرة):- وەک فەرمویەتی { وَإِذَآ أَرَدْنَآ أَن نُّهْلِكَ قَرْيَةً أَمَرْنَا مُتْرَفِيهَا فَفَسَقُوا۟ فِيهَا فَحَقَّ عَلَيْهَا ٱلْقَوْلُ فَدَمَّرْنَـٰهَا تَدْمِيرًا – الٳسراء ۱٦ } واتە (کاتێک دەمانەوێت دێیەک لەناوبەرین خۆشگوزانەکانی تێدا زۆر دەکەین (واتە ژمارەی دەوڵەمەندان زیاد دەکەین واتە چینایەتی دروست دەکەین) ئەوانیش خراپە لە دێیەکەدا دەکەن ئیدی بڕیاری ئێمە بەسەر شارەکەدا جێبەجێ دەبێت و زۆر بە کوشندەیی وێرانی دەکەین)، سەرنجی ئایەتەکە دەدەین کە وشەی {أَمَرْنَا} هاتووە بەواتای زۆری(الكثرة) دێت، واتای گشتی ئایەتەکە بەوجۆرەیە کە هەرکاتێک ژمارەی دەوڵەمەند و زەنگینەکان زیادیان کرد و بوونە توێژێکی گەورەی کۆمەڵگا و چینایەتی دروست بوو ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو کۆمەڵگایە گەندەڵ دەبێت و پاشان وێران و لەناودەچێت، ئەوە ڕێباز(سنة)ی چێنراوی خودایە لە دروستکراوەکانیدا(خلقه).
تایبەتمەندی دووەم:- نەبوونی زیادەی ڕێزمانی(نحوي) لە دابەزێنراوی بەجێدا.
دەڵێن کرداری (ما) لەدوای ئامڕازی (ٳذا)وە زیادەیەکی ڕێزمانەوانییە لە دابەزێنراوی بەجێدا، بەڵام من دەڵێم (ما) زیادەیەکی ڕێزمانەوانییە، بەڵام ئایا زیادەیەکی ئاماژیی(دلالية)ە؟ ئەگەر بە گوتەی ئەوان بێت ئاوە کتێبی خودا (پیت و ئامڕازی) زیادە و ناپێویستی تێدایە، بەڵام من دەڵێم نەخێر کتێبی خودا دوورە لە زیادە و ناپێویست و بەپێچەوانەوە هەمو پیت و وشە و دەستەواژە و ئامڕازێک لە دابەزێنراوی بەجێدا مانایەکی دیاریکراوی هەیە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، بۆئەوەی لە کرداری (ما) تێبگەین پێویستە پێشتر لە هەریەک لە ئامڕازەکانی (ٳذا) و (ٳن) تێبگەین لە دابەزێنراوی بەجێدا، سەرەتا لەو خاڵەوە دەستپێدەکەم کاتێک (الزمخشري) بەقوڵی لە ئایەتی { فَإِمَّا يَأْتِيَنَّكُم مِّنِّى هُدًى – طه ۱۲۳ } واتە( لەلایەن منەوە”خودا” بە پەیامهێنەراندا ڕێنموییتان بۆ دێت)، ڕاما و گوتی: چۆن دەگونجا خودا ڕێنمویی و هیدایەتی بۆ خەڵکی نەناردایە چونکە لە ئایەتەکەدا کرداری (ما) لەدوای ئامڕازی (ٳن)وە هاتووە، هەرکاتێک کرداری (ما) لەدوای ئامڕازی (ٳن) هاتبێت ئەوا ئەگەری ڕوودانی(ٳحتمال الوقوع)ی ئەو شتە هەیە نەوهک دڵنیایی ڕوودان(حتمية الوقوع)، ئەگەر بەوجۆرە بێت، ئەوا ناردنی ڕێنمویی خودا بۆخەڵکی حاڵەتێکی ئەگەری بوو نەوەک حاڵەتێکی هەردەبێی(حتمي) ئەمەش بۆخودا نەگونجاوە و نەشیاوە، بەڵام من دەڵێم ڕاستێتی ئەم بابەتە بەمجۆریە؛ هاتنی کرداری (ما) لە ئایەتەکەدا ئاماژەییە(دلالية) کاتێک فەرمویەتی {فَإِمَّا} ئەوا ئەو (ما)یە نەرێکردنە(نافية)، نەرێی ئەگەر(نفي ٳحتمال) دەکات، واتە ئەگەر ناهێڵێت و لەناوی دەبات بەواتایەکی دیکە (ئەگەر خودا ڕێنمویی بنێرێت بەڵکو بەدڵنیاییەوە خودا ڕێنمویی دەنێرێت)، بەڵام کاتێک (ما) لەدوای ئامڕازی (ٳذا)وە هاتبێت ئەوا نەرێی بیانو(نفي العذر) دەکات بۆنمونە فەرمویەتی { وَلَا يَأْبَ ٱلشُّهَدَآءُ إِذَا مَا دُعُوا۟ – البقرة ۲٨۲ } واتە (هەرکاتێک گەواهیدەرەکان بانگکران بۆ گەواهیدان پێویستە بچن و هیچ بیانویەک بۆ نەچوون نییە).
بەڵام ئەگەر ئامڕازی (ٳذا) بەبێ کرداری (ما) هاتبێت ئەوا (ئەگەر) لەخۆدەگرێت و بیانوویەک هەیە وەک فەرمویەتی { يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓا۟ إِذَا نُودِىَ لِلصَّلَوٰةِ مِن يَوْمِ ٱلْجُمُعَةِ فَٱسْعَوْا۟ إِلَىٰ ذِكْرِ ٱللَّهِ – الجمعة ۹ } واتە( ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە ئەگەر بانگکران بۆ نوێژ لە ڕۆژی هەینیدا ئەوا بڕۆن بەدەم یادی خوداوە)، لەم ئایەتەدا دەبینین ئامڕازی (ٳذا) هاتووە بۆ بیانوویەک واتە ئەگەر کەسێک نەخۆش بو ئەوا بیانودارە نەچێت بۆ نوێژی هەینی، بەڵام ئەگەر بیگوتایە (ٳذا ما نودي) ئەوا نوێژی هەینی پێویست(واجب) دەبوو لەسەر هەموو کەسێک بەبێ هیچ بیانویەک، لەبەرئەوە دەڵێین هەموو زیادەیەک لەگەڵ وشەیەکدا دەبێته هۆی زیادبوونی ئاماژەیەکی زیاتر لە ڕەوگەی ئایەتەکەدا، نمونەیەکی دیکە فەرمویەتی { فَأَمَّا ٱلْإِنسَـٰنُ إِذَا مَا ٱبْتَلَىٰهُ رَبُّهُۥ فَأَكْرَمَهُۥ وَنَعَّمَهُۥ فَيَقُولُ رَبِّىٓ أَكْرَمَنِ ⚛ وَأَمَّآ إِذَا مَا ٱبْتَلَىٰهُ فَقَدَرَ عَلَيْهِ رِزْقَهُۥ فَيَقُولُ رَبِّىٓ أَهَـٰنَنِ – الفجر ۱٦،۱٥ } واتە( کاتێک پەروەردگار مرۆڤ تاقیدەکاتەوە و ڕێزی لێدەنێت و نازونیعمەتی پێدەبەخشیت و دەڵێت ئەوە پەروەردگارم ڕێزی لێناوم ⚛ بەڵام کاتێک خودا تاقیدەکاتەوە و ڕۆزییەکەی لێکەم و تەسک دەکاتەوە و دەڵێت ئەوە پەروەردگارم ڕیسواری کردووم)، دەبینین لە هەردوو ئایەتەکەدا لەدوای ئامڕازی (ٳذا)وە (ما) هاتووە واتە بەدڵنیاییەوە خودا بەندەکانی تاقیدەکاتەوە، لەم ڕوانگەیەوە تێدەگەین هەرکاتێک کردار(فعل) لە دوای ئامڕازی (ٳذا) هاتبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوشتە ڕوودەدات و (حتمي)ە بەڵام کاتێک کردار لەدوای ئامڕازی (ٳن)وە هاتبێت ئەگەری ڕوودان هەیە و (ٳحتمالي)ە، بۆنمونە فەرمویەتی { فَإِذَا سَوَّيْتُهُۥ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِن رُّوحِى فَقَعُوا۟ لَهُۥ سَـٰجِدِينَ – الحجر ۲۹ } واتە (کاتێک شێوەی مرۆڤم ڕێکخست و پاشان لەو گیانەی(کەتایبەتە بە مرۆڤ) کردم بەبەریدا ئیدی ئێوە کڕنۆشی بۆبەرن)، بەدڵنیاییەوە خودا شێوەی مرۆڤی ڕێکوپێک کرد و ڕێکی خست، هەروەها فەرمویەتی { إِذَا ٱلشَّمْسُ كُوِّرَتْ ⚛ وَإِذَا ٱلنُّجُومُ ٱنكَدَرَتْ – التكوير ۲،۱ } واتە( بەدڵنیاییەوە خۆر خڕ دەکرێتەوە و ڕوناکییەکەی نامێنێت ⚛ بەدڵنیاییەوە ئەستێرەکان پەرشوبڵاو دەبنەوە). دەبینین لە هەردوو ئایەتەکەدا لەدوای ئامڕازی (ٳذا)وە کردار هاتووە و لەبەرئەوە بەدڵنیاییەوە لەواقیعدا و لە ڕۆژی دواییدا ئەو حاڵەتانە ڕوودەدەن، هەروەها فەرمویەتی { يَـٰٓأَيُّهَا ٱلنَّبِىُّ إِذَا طَلَّقْتُمُ ٱلنِّسَآءَ – الطلاق ۱ } واتە (ئەی پێغەمبەر کاتێک لە خێزانەکانتان جیابونەوە)، لەم ئایەتەدا ئامڕازی (إِذَا) هاتووە چونکە دەربارەی دەستلێکبەردان(الطلاق) دەدوێت کە دیاردەیەکی جیهانییە و جیابوونەوەی هاوسەران دیاردەیەکە بە دڵنیاییەوە ڕوودەدات و ناگونجێت هیچ کۆمەڵگایەکی مرۆیی ئەم دیاردەیە هەڵبوەشێنێتەوە. لەبەرامبەردا هەرکاتێک ئامڕازی (ٳن) لە ئایەتەکەدا هاتبێت ئەوا ئەگەری ڕوودان هەیە نەوەک دڵنیایی ڕوودان وەک فەرمویەتی { وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِن قَبْلِهِ ٱلرُّسُلُ ۚ أَفَإِي۟ن مَّاتَ أَوْ قُتِلَ – آل عمران ۱٤٤ } واتە (محەمەد تەنها پەیامهێنە و لە پێش ئەویش پەیامهێنی دیکە هەبون لەبەرئەوە ئەگەر محەمەد بمرێت یان بکوژرێت)، هەروەها فرەژنی دیاردەیەکی ئەگەرییە و هەمووکەسێک ناگرێتەوە و لە ئەگەری حاڵەتێکدا ئەم مۆڵەتە بەردەستە و ڕێگا پێدراوە وەک فەرمویەتی { وَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تُقْسِطُوا۟ فِى ٱلْيَتَـٰمَىٰ فَٱنكِحُوا۟ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ ٱلنِّسَآءِ مَثْنَىٰ وَثُلَـٰثَ وَرُبَـٰعَ – النساء ۳ } واتە (ئەگەر ترسان لەوەی کە دادپەروەر نەبن لەگەڵ بێباوکاندا ئەوا بۆتان هەیە دووان و سیان و چوار ئافرەت مارە بکەن)، دەبینین ئامڕازی (ٳن) هاتووە چونکە دیاردە(الضاهرة)ی فرەژنی پەیوەستە بە چوارچێوەی حەڵاڵەکانەوە و ئەگەری هەیە ڕۆژێک ئەم دیاردەیە هەڵبوەشێندرێتەوە و کۆتایی پێ بێت.
نمونەیەکی دیکە لەمەڕ بوونی پیت(حرف)ی زیادە لە دەربڕیندا وەک فەرمویەتی { فَمَا ٱسْطَـٰعُوٓا أَن يَظْهَرُوهُ وَمَا ٱسْتَطَـٰعُوا لَهُۥ نَقْبًا – الكهف ۹۷ } واتە (نەیانتوانی بەسەریدا سەربکەون و نەشیانتوانی کونی بکەن)، لەم ئایەتەدا هەردو وشەی {ٱسْطَـٰعُوٓا} و وشەی {ٱسْتَطَـٰعُوا} هاتوزن کە هەردووکیان لەڕووی کڵێشەوە وەک یەکن، بەڵام لە وشەی دووەمدا پیتی (ت) هاتووە کە بەمانای هەوڵی زیاتر دێت، واتە پیتی (ت) لە وشەی {ٱسْتَطَـٰعُوا}دا ئاماژەیە بۆ کۆشش و هەوڵێکی زۆر، واتە هەوڵ و كۆششێکی زۆریاندا بۆ کونکردنی دیوارەکە بەڵام دواجار هەرنەیانتوانی دیوارەکە کون بکەن لەبەرئەوە من ئەم پیتی (ت)م ناوناوە بە (ت)ی هەوڵدان(تاء الجهد)، چونکە کونکردنی دیوار کۆشش و هەواڵدانێکی زۆر زیاتری دەوێت وەک لە سەرکەوتن بەسەریدا، نمونەیەکی دیکە:- چونکە ناو حەرەمی زانکۆ و هاتنەدەرەوە لێی(الخروج) پێویستی بە چەند خولەکێکی کەمە، بەڵام دەرچوون بە بڕوانامەوە(التخروج) پێویستی بەچەندین ساڵ خوێندن و هەوڵدانە بۆیە ناونراوە بە (التخروج) و (ت)ی (التخروج) واتە (تاء)ی کۆشش و ماندووبوون و هەوڵدانی چەندین ساڵ، هەروەها نمونەی دیکەشمان هەیە کە ئاماژەن بۆ حاڵەتێک و زیادە نین لە دابەزێنراوی بەجێدا وەک فەرمویەتی { وَقُلْنَا يَـٰٓـَٔادَمُ ٱسْكُنْ أَنتَ وَزَوْجُكَ ٱلْجَنَّةَ – البقرة ۳٥ } واتە (گوتمان ئەی ئادەم تۆ و خێزانت لە بەهەشتدا نیشتەجێبن)، ڕێزمانەوانان دەڵێن: کە بونی ئاماژەی {أَنتَ} لە ئایەتەکەدا ئاماژەیەیە بۆ دڵنیایی(التٲكيد)، منیش لە وەڵامی ئەواندا دەڵێم دڵنیایی لە چ شتێکدا؟ دڵنیایی بۆ چ شتێک؟ من دەڵێم ناوی ئاماژە(ٳسم الٳشارة)ی {أَنتَ} ئاماژەیە بۆئەوەی کە خودا لە ناو کۆمەڵێک ئادەمیزاد(بشر)دا ئادەمی هەڵبژارد بۆئەوەی بیکاتە جێنشینی خۆی، واتە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە جگەلە ئادەم خەڵکانی دیکەش (ئادەمیزادی دیکەش) لەسەر زەویدا بوونیان هەبووە چونکە خودا فەرمویەتی (تۆ – ٲنت) ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە لە نێو کۆمەڵێکدا ئاماژەی بەیەک کەس کردووە، ئەگەر ئادەم بەتەنها خۆی بوایە نەیدەگوت (تۆ – ٲنت) بەڵکو دەیگوت خۆت و هاوسەرەکەت، ئاماژەی (ٲنت) ئاماژیە بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک لە نێو کۆمەڵێک کەسی تردا وەک چۆن مامۆستا لە پۆلدا بە خوێندکارێک لە ناو خوێندکارەکانی تردا دەڵێت ” تۆ هەستە “، کەواتە لەم حاڵەتەدا (ٲنت) ئامڕازی هەڵبژاردنە(آداة الٳصطفاء).
قووڵایی بابەتە؛ بریتییە لەوەی کە هیچ زیادەیەک یان ناپێویستێک لە دابەزێنراوی بەجێدا بوونی نییە، بەڵکو ئەوەی کە ڕێزمانزانان و هاوبیرانیان پێی دەڵێن زیادە ئەوا زیادە نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ حاڵەتێک یان خاڵێکی گرنگ لە ئایەتەکەدا بەڵام پێویستی بە لێ ورد بوونەوە و توێژینەوەی زۆر هەیە بۆ دەرخستنی ئەو ئاماژەیە، نمونەیەکی دیکە دەهێنمەوە کە فەرمویەتی { وَحَلَـٰٓئِلُ أَبْنَآئِكُمُ ٱلَّذِينَ مِنْ أَصْلَـٰبِكُمْ – النساء ۲۳ } واتە (خێزانی کوڕتان”کوڕی خوێن” لێتان حەرامە مارەکردنیان ، ئەم ئایەتە ئاماژە بۆئەوە دەکات کە منداڵانێک هەن کە لە خوێن ئێمە نین واتە(بەمنداڵی خۆ کردن – التبني) کراون، ئەگەر هەمو منداڵێک کوڕی ڕەستەقینە(کوڕی خوێن)ی خۆمان بێت ئەوا دەستەواژەی {مِنْ أَصْلَـٰبِكُمْ} زیادەیە و ناپێویستە بەڵام نەخێر {مِنْ أَصْلَـٰبِكُمْ} ئاماژەیە بۆئەوەی کە جگەلە منداڵی ڕاستەقینەی خۆمان منداڵانی دیکەش هەن کە هەڵگیراوەن و لە خوێنی ئێمە نین، {مِنْ أَصْلَـٰبِكُمْ} واتە منداڵگەلێک هەیە کە هەڵگیراونەتەوە و بەخێوکراون وە کاتێک ئەم منداڵە هەڵگیراوە هاوسەرگیری بکات و دواتر لە خێزانەکەی جیاببێتەوە ئەوا ئەو کەسەی کە ئەم کوڕەی هەڵگرتبۆوە دەتوانێت خێزانەکەی بۆخۆی بخوازێت و مارەبکات وەک چۆن محەمەد(د.خ) خێزانی (زید – ئەو کوڕەی کە محەمەد کردبوی بە منداڵی خۆی)ی لە خۆی مارەکرد، بۆنمونە کاتێک دەڵێین (سێوە سورەکەم بە تۆ دا) ئەم ڕستەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جگەلە سێوی سور سێوی زەرد و سەوزیش هەیە مانای ئایەتەکەی سەرەوەش بە هەمان شێوە.
هەندێک کەس دەربارەی ئایەتی { قَالَ رَبِّ أَوْزِعْنِىٓ أَنْ أَشْكُرَ نِعْمَتَكَ ٱلَّتِىٓ أَنْعَمْتَ عَلَىَّ وَعَلَىٰ وَٰلِدَىَّ وَأَنْ أَعْمَلَ صَـٰلِحًا تَرْضَىٰهُ – النمل ۱۹ } واتە( گوتی پەروەردگارا وام لێبکە کە سوپاسی ئەو ناز و نیعمەتانەت بکەم کە بە خۆم و دایک و باوکمت بەخشیوە و وام لێبکە کە کردەوەیەکی چاک بکەم کە پێی ڕازی بیت)، دەپرسن ئایا کارێک هەیە کە باشە بەڵام خودا پێی ڕازی نییە و پێیخۆش نییە؟ منیش دەڵێم: بەڵێ بۆنمونە ماددەی لە (ئەتۆم)وە دەتوانین کەرەستەی تیشیکدەر دروستبکەین و لە بواری پزیشکیدا بە کاریبهێنین ئەمە کارێکی باشە و خوداش پێی ڕازییە، بەڵام لە هەمان (ئەتۆم)وە دەتوانین چەکی ناوەکی و وێرانکەری لێ دروستبکەین ئەمە کارێکی باشە کە چاکی ناوەکی دروست بکەین، بەڵام خودا پێی ڕازی نییە، دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانین کە کارگەلێکی زۆر هەن کە مرۆڤ دەیانکات و خۆی پێوەی مژۆڵ کردووە لە کاتێکدا خودا پێی ڕازی نییە. خاڵێکی دیکە لە ئایەتی (میرات)دا فەرمویەتی { وَلِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَٰحِدٍ مِّنْهُمَا – النساء ۱۱ } واتە( وە بۆ دایک و باوکی(دایک و باوکی پەروەرشیار نەوەک دایک و باوکی بایۆلۆژی) هەرکێ لەوان)، لە ئایەتەکەدا وشەی {وَلِأَبَوَيْهِ} هاتووە و نەیفەرموە (ولوالديه) چونکە (الٲب – باوکی بەخێورکەر و سەرپەرشیار) چەمکێکی مرۆییە و لەبەرامبەردا (الوالد – باوکی خوێن) چەمکێکی بایۆلۆژییە و خاوەنی مەنی ڕاستەقینەیە وە ڕەچەڵەک یان نەژاد(نسب) دەگەڕێتەوە بۆ باوکی سەرپەرشیار(الٲب) نەوەک باوکی خوێن(الوالد)، بەڵام دەشگونجێت (الٲب) باوکی خوێن بێت و دەشگونجێت وانەبێت، بەڵام لە ڕاسپاردە(الوصية)دا فەرمویەتی { كُتِبَ عَلَيْكُمْ إِذَا حَضَرَ أَحَدَكُمُ ٱلْمَوْتُ إِن تَرَكَ خَيْرًا ٱلْوَصِيَّةُ لِلْوَٰلِدَيْنِ – البقرة ۱٨۰ } واتە( لەسەرتان نوسراوە کاتێک یەکێک لەئێوە لە ساتەوەختی پێش مەرگدا بو سەروەت و میراتی بەجێهێشت با ڕاسپێرێت کە هەندێک لە ماڵەکەی بدرێتە دایک و باوکی)، کەواتە لەم دو ئایەتەوە ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە میرات(الٳرث) بۆ باوکی سەرپەرشیارە(الٲب)، بەڵام ڕاسپاردە(الوصية) بۆ باوکی بایۆلۆژییە(الوالد)، بەڵام زۆربەی جار چ (الٲب) و چ (الوالد) هەر یەک کەسن بۆنمونە فەرمویەتی { وَقَضَىٰ رَبُّكَ أَلَّا تَعْبُدُوٓا۟ إِلَّآ إِيَّاهُ وَبِٱلْوَٰلِدَيْنِ إِحْسَـٰنًا ۚ إِمَّا يَبْلُغَنَّ عِندَكَ ٱلْكِبَرَ أَحَدُهُمَآ أَوْ كِلَاهُمَا فَلَا تَقُل لَّهُمَآ أُفٍّ وَلَا تَنْهَرْهُمَا وَقُل لَّهُمَا قَوْلًا كَرِيمًا ⚛ وَٱخْفِضْ لَهُمَا جَنَاحَ ٱلذُّلِّ مِنَ ٱلرَّحْمَةِ وَقُل رَّبِّ ٱرْحَمْهُمَا كَمَا رَبَّيَانِى صَغِيرًا – الٳسراء ۲٤،۲۳ } واتە (پەروەردگارت بڕیاری داوە کە جگەلەو هیچ شتێکی دیکە نەپەرستن هەروەها لەگەڵ دایک و باوکتاندا چاکەکاربن کاتێک یەکێکیان یان هەردوکیان لە تەمەنی پیرێتیدا لەلای تۆ دەبن ئەوا ئۆفیان لێمەکە و پێیاندا هەڵمەشاخێ و بە ناجۆری مەمەڵەیان لەگەڵدا مەکە بەڵکو بە وشەی جوان و بە نەرمونیانی قسەیان لەگەڵدا بکە ⚛ وە باڵی ملکەچی میهرەبانیان بۆ ڕابخە و بڵێ ئەی پەروەردگارا میهرەبان بە لەگەڵیاندا وەک چۆن کاتێک منداڵ بوم بە میهربانییەوە پەروەردەیان کردم).
لەسەرەتای ئایەتی یەکەمدا خودا داوامان لێدەکات کە چاکەکاربین لەگەڵ دایک و باوکماندا (دایک و باوکی بایۆلۆژی) بەڵام لە کۆتایی ئایەتی دووەمدا خودا پێمان دەلێت کە بە سۆز و میهرەبان بین لەگەڵ دایک و باوکماندا کاتێک بەمنداڵی پەروەردەیان کردووین، لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو باوکەی ئێمەی هێناوەتە دونیاوە هەر ئەو باوکەشە کە پەروەردەی کردوین، ئەم بابەتە بۆ دایک (الٲم – دایکی بیۆلۆژی) و دایک(الوالدة – دایکی پەروەرشیار)یش بە هەمان شێوەیە، ئەوەشمان لەیاد نەچێت جیاکردنەوەی ئەم دو باوکە (الٲب و الوالد) و ئەم دو دایکە (الٲم و الوالدة) لە دابەزێنراوی بەجێدا زۆر گرنگە و لە کێشەی میرات ڕزگارمان دەکات و بەرچاوو ڕوونیمان پێدەبەخشێت چونکە بێدایک و باوکەکان(اللقطاء) خاوەنی دایک و باوکی سەرپەرشیار(الوالدین)ن، بەڵام دایک و باوکی بایۆلۆژی(ٲبوین)یان نەماوە یان ونە، بەم هۆیەوە دەیانکەین بە منداڵی خۆمان و (التبني)یان دەکەین، لەبەرئەوە لە باسیاری میراتدا پێویستە دوبارە بە ئایەتەکاندا بچینەوە بەڵام بەرمەبنای جیاکاری لە وشەکاندا، هەروەها بە خوێندنەوەی زەمینەی مەعریفی سەردەمی ئێستاکێمان ئەویش بە شیکاری بیرکارییانە و ئەندازەی شیکاری و بیرکاری هاوچەرخ و بیردۆزە ئەگەرییەکان بێگومان بەم ڕێکارە زانستییە هاوچەرخانە دەتوانین دەرەنجامێکی نوێ بۆ پرسی زانستی میرات بدۆزینەوە.
دێمەوە سەر ئەوخاڵەی کە زیادە و ناپێویست لە دابەزێنراوی بەجێدا بونی نییە و هەمو پیت و وشەیەک مانایەکی دیاریکراوە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو وە هەڵەیە وشەیەک بگۆڕین بە وشەیەکی دیکە بۆنمونە { فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلَـٰثَةِ أَيَّامٍ فِى ٱلْحَجِّ وَسَبْعَةٍ إِذَا رَجَعْتُمْ ۗ تِلْكَ عَشَرَةٌ كَامِلَةٌ – البقرة ۱۹٦ } واتە (ئەو کەسەش کە نەیبو “پارەی پێنەبوو” قوربانی بکات ئەوا سێ ڕۆژ بە ڕۆژو بێت لە کاتی حەجکردندا و حەوت ڕۆژی دیکە کاتێک لە حەج گەڕایەوە ئەوە (دە) ڕۆژی تەواوە )، سەرنجبدەین فەرمویەتی {تِلْكَ عَشَرَةٌ كَامِلَةٌ} ئەوە (دە)ی تەواوە، لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت کە ئایا (دە)ی ناتەواو هەیە ؟ چونکە ئایەتەکە دەڵێت (دە)ی تەواو {عَشَرَةٌ كَامِلَةٌ}؟ ئەم ئایەتە دو خاڵی گرنگ ڕووندەکاتەوە:
یەکەم:- دە ڕۆژی بەڕۆژووبوونەکە دابڕانیان تێدایە بەڵام پێشتر پێویستە جیاوازی لە نێوان مانای دو وشەدا بکەین:- یەکەم:- تەواوکردن(الکمال) بریتییە لە تەواوکردن بەڵام پچڕ پچڕ، دووەم: بەئەنجامگەیاندن(التمام) بریتییە لە بەئەنجامگەیاندن بەبەردەوامی و بەبێ پچڕان، بۆنمونە کاتێک مانگی ڕەمەزان بەڕۆژو دەبیت لە بەیانییەوە هەتا شەو بەڕۆژوویت، بەڵام شەو ڕوژووەکەت دەشکێنیت واتە ڕۆژوەکەت دەپچڕێنیت و پاشان سبەینی دووربارە بەڕۆژو دەبیتەوە بۆیە فەرمویەتی { أَتِمُّوا۟ ٱلصِّيَامَ إِلَى ٱلَّيْلِ – البقرة ۱٨۷ } واتە( ڕۆژوەکەتان تەواو بکەن بەبێ پچڕان هەتا شەو) لەم ئایەتەدا وشەی {أَتِمُّوا} هاتووە واتە لە بەیانییەوە هەتا شەو بەڕۆژوبن بەبێ بچڕاندن و شکاندن بەڵام بۆ تەواوکردن(الکمال) فەرمویەتی { ٱلْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ – المائدة ۳ } واتە( واتە ئەمڕۆ ئایینەکەتانم بۆ تەواو کردن) ئایین پچڕ پچڕ هاتووە لە (نوح)وە دەستیپێکردوە و هەر سەردەمە و پەیامهێنێکی هەبووە و بەشێکی ئایینەکەی تەواو کردوە بۆنمونە لە نێوانی عیسا و محەمەددا (٥۷۰) ساڵە لەبەرئەوە ئایینی ئیسلام بەش بەش و پچڕ پچڕ هاتوە هەتا بەتەواوی و لە سەردەمی محەمەددا ئایین گەیشتە کەماڵی خۆی واتە لە (نوح)وە ئایین پچڕ پچڕ دەستیپێکرد و لە (محەمەد)دا تەواو بو و گەیشتە پایان، هەروەها فەرمویەتی { لِتُكْمِلُوا۟ ٱلْعِدَّةَ – البقرة ۱٨٥ } واتە( بۆ ئەوەی ئەو ماوە دیاریکراوە تەواو بکەن )، وشەی {لِتُكْمِلُوا} هاتووە واتە پێویستە ڕۆژوەکە پچڕانی تێبکەوێت چونکە یەکەمین ڕۆژی جەژن ڕۆژی تێدا ناگیرێت و پاش یەکەمین ڕۆژی جەژن دەتوانیت بە ڕۆژو بیت، واتە بۆئەوەی ڕۆژوە قەزاکان بگریتەوە پێویستە لەدوای یەکەمین ڕۆژی جەژنەوە دەسپێبکەیت، واتە پچڕان هەبێت.
بەڵام سەرنج بدەین دەربارەی موسا فەرمویەتی { وَوَٰعَدْنَا مُوسَىٰ ثَلَـٰثِينَ لَيْلَةً وَأَتْمَمْنَـٰهَا بِعَشْرٍ فَتَمَّ مِيقَـٰتُ رَبِّهِۦٓ أَرْبَعِينَ لَيْلَةً – الٲعراف ۱٤۲ } واتە( بەڵێنی سی شەومان بە موسا دا و بە دە ڕۆژی دیکە تەواومان کرد و کاتی دیاریکراوی پەروەردگاری موسا بو بە چل شەو )، لەم ئایەتەدا وشەی {أَتْمَمْنَـٰهَا} هاتوە واتە هیچ پچڕان و دابڕانێک لەنێوان شەوەکاندا نەبوە (۳۰) شەو ڕاستەوخۆ (۱۰) شەوی بۆ زیادکرا بو بە (٤۰) شەو، لە ئایەتێکی دیکەدا فەرمویەتی { قَالَ إِنِّىٓ أُرِيدُ أَنْ أُنكِحَكَ إِحْدَى ٱبْنَتَىَّ هَـٰتَيْنِ عَلَىٰٓ أَن تَأْجُرَنِى ثَمَـٰنِىَ حِجَجٍ ۖ فَإِنْ أَتْمَمْتَ عَشْرًا فَمِنْ عِندِكَ – القصص ۲۷ } واتە( گوتی ئەی موسا دەمەوێت یەکێک لە کچەکانمت لێمارە بکەم و لەبەرامبەردا تۆش هەشت ساڵ کارم بۆ بکە و ئەگەر دە ساڵیشم بۆ بکەیت ئەوە لە چاکە خۆتە )، لەم ئایەتەدا وشەی {أَتْمَمْتَ} واتە لەنێوان هەشت بۆ دە ساڵەکە پچڕان و دابڕان نەبووە یەکڕاست هەشت ساڵ کارم بۆ بکە و لەگەڵیشیدا دو ساڵی دیکە بکە ببێتە دە ساڵ، لێرەوە جیاوازی گەورەی نێوان (الکمال – تەواوکردن بە پچڕ پچڕ) و (التمام – تەواوکردن بەبێ پچڕان و دابڕان)مان بۆ دەرکەوت .
دووەم: مەرج نییە سیستمی (دەیان – العشري) لە یاسای ژمارەکاندا هەمیشە کامڵ و تەواو بێت چونکە سیستمی (دەیان)تەنها لەنێو سیستمی(دەیان)دا تەواوە نەوەک لە سیستمی ژمارەیی دیکەدا، چونکە ئێمە جگەلە سیستمی (دەیان) سیستمی ژمارەیی دیکەمان هەیە بۆنمونە سیستمی (شازدەیی)و سیستمی (دوانزەیی) کە لە وڵاتی بەریتانیادا بەکاردەهێنرێت بۆنمونە (پێ) بە (۱۲) ئینج دانراوە، هەروەها کاتێک فەرمویەتی {عَشَرَةٌ كَامِلَةٌ} واتە (۷) ڕۆژ لە حەج بەڕۆژو دەبیت و دواتر کە هاتیتەوە لە حەج (۳) ڕۆژی دیکە بەڕۆژو دەبیت. لە کۆتایی ئەم باسەدا دوبارە دەگەرێمەوە سەر ڕاستێتی(المصداقية)ی کتێبی خودا بۆنمونە فەرمویەتی { ٱلزَّانِى لَا يَنكِحُ إِلَّا زَانِيَةً أَوْ مُشْرِكَةً وَٱلزَّانِيَةُ لَا يَنكِحُهَآ إِلَّا زَانٍ أَوْ مُشْرِكٌ ۚ وَحُرِّمَ ذَٰلِكَ عَلَى ٱلْمُؤْمِنِينَ – النور ۳ }، ڕاستێتی ئەم ئایەتە لە کوێی ئەرزی واقیعدا هەیە؟ لە کوێی دونیادا ڕاستێتی ئەم ئایەتە ببینین؟ هەڵبەتە ئایەتەکە باسی ڕۆژی دوایی ناکات بەڵکو باسی حاڵەتێک دەکات کە لە هەمو پارچەکانی دونیادا بوونی هەیە و ڕوودەدات، دەبێت بزانین کە ئایەتەکە باسی هاوسەرگیری ناکات و پەیوەندی بە هاوسەرگیری(الزواج)وە نییە چونکە ئەگەر پەیوەندی بە هاوسەرگیرییەوە هەبێت ئەوا خودا هەواڵی ناڕاستی پێداوین، بەڵام نەخێر هەواڵی خودا ڕاست و دروستە ئایەتەکە باسی (سێکس) دەکات نەوەک هاوسەرگیری، گوتوویانە کە بە حساب ئایەتەکە فەرمویەتی (ئافرەتی زیناکار تەنها دەێتە خێزانی پیاوی زیناکار) من دەڵێم ئەمە چ قسەیەکەی بێمانا و چ ڕاڤەیەکی هەڵەیە بۆ ئایەتەکە، نەخێر ئایەتەکە باس لە کردەی (سێکس) دەکات نەوەک هاوسەرگیری، ئەم ئایەتە باسی (سێکس)ی بەکۆمەڵ(جماعي) دەکات بۆنمونە یەکێک لەگەڵ دو کەس یان بەپێچەوانەوە، مانای {مُشْرِكٌ} واتە ” دوکەس “، وشەی {مُشْرِكٌ} لەم ئایەتەدا بەواتای (الشرك) هاوەڵ پەیداکردن نایەت و پەیوەندی بە (الشرك)ی ئایینی و بیروباوەڕەوە نییە.
نووسینی: محەمەد شەحرور
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد