ڕەگی وشەی لاتینی “بڕیار” بە واتای “بڕین” دێت. ئەوەی کە تۆ دەیکەیت کاتێک بڕیار دەدەیت شتێک بکەیت ئەوەیە کە بە شێوەیەک هەموو بژاردەکانی تر ببڕیت. کاتێک بڕیار دەدەیت بچیتە دەرەوە بۆ خواردن لە چیپۆتڵ (خواردنگەیەکی مەکسیکی)، دەڵێیت: “ناچم لە ماکدۆناڵدز، بەرگر کینگ، وێندیز و هتد نان بخۆم.” ڕۆژانە هەزاران بڕیاری لەم جۆرە دەدەیت. هەر کتێبێک کە لە ڕەفەی کتێبخانەکەتی دەردەهێنیت واتای وایە کتێبەکانی تر ناخوێنیتەوە. کارکردن لە پیشەیەکدا واتە کارنەکردن لە هەموو پیشەکانی تردا. لە هەموو ساتێکی ژیانماندا “ئەگەر” لەبەردەممان داڕێژراوە. ئێمە بەردەوام ڕێگایەک لە نێوان ڕێگە بێکۆتاکاندا دەگرینە بەر. ئایا تا ئێستا وەستاویت و بیر لەوە بکەیتەوە ئەگەر بڕیارێکی جیاوازت دابایە ژیانت دەکرا چۆن بووبێت؟ نیمۆ نەوبەدی (تۆماس بایرن و تۆبی ڕێگبۆ و جارێد لیتۆ) لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر وەستاوە (کە پێی دەوترێت وێستگەی چانس)، بیر لەوە دەکاتەوە دەکاتەوە کە ئایا لەگەڵ دایکیدا (ناتاشا لیتل) بڕوات یان لەگەڵ باوکی (ڕایس ئیفانس) بمێنێتەوە. ئەم بڕیارە سەنتەری فیلمی مستەر نەوبەدییە.
ئەم فیلمە ئەگەر و سیناریۆی جۆراوجۆر نیشان دەدات کە لە دەرکردنی ئەم بڕیارەوە سەرچاوە دەگرن، هەموویان لە چوارچێوەی خەیاڵی ئەودا ڕوودەدەن، چەندین هێڵی ئەگەر لە بڕیارە سەرەکییەکەی ئەم وێستگەیەوە سەرهەڵدەدەن. لە کاتێکدا کە ئاگاداربوون لێیان دەکرێت قورس بێت، سێ ژن هەن کە هەریەکە و سەر بە هێڵی کاتی جیاوازن. یەکێکیان ئانا (لۆرا برومەین، جونۆ تەمپڵ و دایان کرۆگەر). ئانا ئەو هەڵبژاردنەیە کە پڕ بووە لە سۆز. سەرنج بدەنە ئەو شێوازەی کە ڤان دۆرمایل (دەرهێنەر) یاری بە ڕەنگ دەکات. لەگەڵ ئانادا ڕەنگەکانی سوورە، ڕەنگی سۆز. بۆ ئەلیس (لیا تۆموس، کلێر ستۆن و سارا پۆلی) کە بەدەست دوو جەمسەری و خەمۆکییەوە دەناڵێنێت، ڕەنگەکە شینە. بۆ جین (ئەنایس ڤان بێل، ئۆدری جیاکۆمینی و لین دان فام) کە لە هێڵی کاتیی سامانی ماددیدا دەژی،ڕەنگەکە زەردە. سۆرێن کیکە؛گارد فەیلەسوفێکی دانیمارکی بووە و کە لە ساڵی ١٨١٣ تا ١٨٥٥ ژیاوە و بە باوکی بوونگەرایی دادەنرێت. بە شێوەیەکی گەرموگوڕ و ڕۆحیەتییەکی بەرزەوە نووسیویەتی.
بەڵام “کیکەگارد” لۆتەرانیش بوو و، بە شێوەیەکی زەق ڕەخنەی لەو شتە دەگرت کە پێی دەوت مەسیحیەت (کەنیسەی لۆتەرانی دانیمارکی). سەرەڕای ئەمەش، زۆربەی فەلسەفەکەی هێشتا لە دەوری باوەڕە مەسیحییەکانی خۆیدا کۆدەبێتەوە. لە کاتێکدا کە ئەو زانایەکی ئیلاهیاتی زۆر بەرزە، بەڵام بەشێکی زۆری فەلسەفەکەی توانای ئەوەی هەیە کە بەعەلمانییهت بکرێت. لە ڕاستیدا بەشێکی زۆری فەلسەفەکەی پێش چوونە ناو مەسیحیەت ڕوودەدات. مستەر نەوبەدی لەو بیرۆکانە دەکۆڵێتەوە کە کیکەگارد تەنها لە دوو لاپەڕەدا کۆیکردوونەتەوە، کە جەوهەری فیلمەکەن؛ ئەگەر، پێویستی و ئەو بڕیاردانانەی دەیدەین. زۆرجار کیکەگارد دوو چەمکی جیاوازی دەکێشا کە لە ڕووی دیالکتیکییەوە دژایەتی یەکتریان دەکرد و نیشانی دەدا کە چۆن لە ڕاستیدا هەردووکیان پێویستن.
“خود” کۆکراوەی چەمکە جیاوازەکان بوو. “کیکەگارد” دەنووسێت “کەسایەتی بریتییە لە سەنتێزی ئەگەر و پێویستی. بەردەوامی بوونی وەک هەناسەدان وایە، کە هەواهەڵمژین و دانەوەیە.” خود تەنها کاتێک بەڕاستی خۆیەتی کە هەردوو لایەنی هەبێت، هەم ئەگەر و هەم پێویستی. بۆ “کیکەگارد”، کاتێک تەنها یەکێک لە ئەگەر یان پێویستی بوونی هەبێت، خود لە نائومێدیدایە: “کاتێک خودێک بەم شێوەیە لە ئەگەردا وون دەبێت، ئەوە تەنیا لەبەر کەمی وزە نییە؛ لایەنی کەم نابێت بە شێوازی ئاسایی لێکبدرێتەوە. ئەوەی نەماوە لە بنەڕەتدا هێزی گوێڕایەڵییە، ملکەچبوونە بۆ پێویستی لە ژیانی مرۆڤدا، بۆ ئەوەی کە ڕەنگە پێی بڵێین سنووردارکردنی مرۆڤ. بۆیە کارەساتەکە ئەوە نییە کە خودێکی لەو شێوەیە نەگەیشتبێتە شتێک لە جیهاندا؛ نەخێر، کارەساتەکە ئەوەیە کە ئاگاداری خۆی نەبووە، ئاگاداری ئەوە بووە کە ئەو خودەی کە هەیەتی شتێکی زۆر دیاریکراوە و بەم پێیەش پێویستە. بەڵکو خۆی لەدەستدا، چونکە ئەم خودە بە شێوەیەکی خەیاڵی خۆی لە ڕەنگدانەوەی ئەگەرەکاندا دەبینییەوە. تەنانەت لە بینینی خوددا لە ئاوێنەشدا پێویستە خۆی بناسێتەوە، ئەگەر ئەمە نەکات، خۆی نابینێت بەڵکو تەنها مرۆڤێک دەبینێت. ئاوێنەی ئەگەر ئاوێنەیەکی ئاسایی نییە؛ دەبێت بە وریایییەکی زۆرەوە بەکاربهێنرێت، چونکە بە مانا بەرزەکەی ئەم ئاوێنەیە ڕاستییەکان ناڵێت. ئەوەی کە خودێک لە ئەگەری خۆیدا فڵان و فڵانە دەربکەوێت، تەنیا نیوە ڕاستییەکە، چونکە لە ئەگەری خۆیدا خود هێشتا دوورە لە خۆ بوون یان تەنیا نیوەی خۆیەتی. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن پێویستی ئەم خودە دیاریکراوە بە شێوەیەکی ڕوونتر پێناسەی دەکات.
“ئەگەر” وەک بانگهێشتی منداڵێک وایە بۆ حیزبێک; منداڵەکە یەکسەر ئامادەیە، بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دایک و باوک مۆڵەت دەدەن- لێرەدا دایک و باوک پێویستین.” کاتێک مرۆڤ ئەگەری چەند داهاتوویەکی لە پێشە، دەتوانێت ئەوەندە هیوابەخش و گەشاوە دەربکەوێت. لە سەرەتای ژیانماندا هەموومان ئەو هەستەمان هەیە، کە جیهان لە ژێر دەستماندایە. چیمان بووێت ئەوە دەکەین. زۆرێک لە ئێمە لە خەونی گەورەییدا دەژین، جا ئەستێرەیەکی گەورەی وەرزشی، مۆسیقاژەنێک، ئەکتەرێک بێت، یان زانایەک کە دۆزینەوەیەکی جەوهەری دەکات. نیمۆ دەڵێت، “ئەگەر پەتاتەی کوڵاو و سۆسەکە تێکەڵ بکەیت، دواتر ناتوانیت جیایان بکەیتەوە. بۆ هەمیشەییە. دوکەڵەکە لە جگەرەی باوکەمەوە دێتە دەرەوە، بەڵام هەرگیز ناگەڕێتەوە ناوەوە. ناتوانین بگەڕێینەوە دواوە. هەر بۆیە بڕیاردان قورسە. دەبێت بڕیارێکی دروست بدەیت. تا ئەو کاتەی بڕیار نەدەیت، هەموو شتێک بە ئەگەر دەمێنێتەوە.” بەڵام لە خاڵێکی دیاریکراودا خۆمان لە خەونەکەدا لەدەست دەدەین. “کیکەگارد” دەنووسێت، “بەم شێوەیە ‘ئەگەر’ بۆ خود گەورەتر و گەورەتر دەردەکەوێت؛ زیاتر و زیاتر دەبێتە ‘ئەگەر’ چونکە هیچ شتێک نابێتە ڕاستەقینە. بەرەبەرە پێدەچێت هەموو شتێک بکرێت، بەڵام ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە تاریکی خود قووت دەدات. کاتێکی دەوێت تا هەر ئەگەرێکی بچووک ببێتە واقیع.
بەڵام بەرەبەرە ئەو کاتەی کە دەبێ بۆ واقیع بەکاربهێنرێت، کورتتر و کورتتر دەبێتەوە؛ هەموو شتێک زیاتر و زیاتر ساتەوەختی دەبێت. ‘ئەگەر’ زیاتر و زیاتر چڕتر دەبێتەوە- بەڵام بە مانای ئەگەر، نەک بە مانای واقیع، چونکە چڕ بە مانای واقیع بە واتای بەدیهێنانی هەندێک لەو شتانەی کە دەکرێت بکرێن. لە چرکەیەکدا شتێک وەک ‘ئەگەر’ دەردەکەوێت، ‘ئەگەرێکی’ نوێ دەردەکەوێت و لە کۆتاییدا ئەم فانتازیاگۆریایانە بە شێوەیەکی خێرا بەدوای یەکتردا دەڕۆن کە وا دیارە هەموو شتێک ئەگەری بوونی هەبووە و ئەمەش ڕێک ساتەوەختی کۆتاییە، ئەو خاڵەی کە تاک خۆی دەبێتە ئا سەراب.” ئەگەر هەموو کاتەکانمان لە ئەگەرەکاندا بەسەر بەرین، ئەوا هەستی واقیع لەدەست دەدەین کە تێیدا دەژین، وەک مرۆڤێکی ئاسایی. لەبیرمان دەچێت کاتەکانمان لە ساتەوەختی ئێستادا بەسەر بەرین. وەک چۆن “کیکەگارد” لە سەرەوە بە شێوازێکی جوان و شاعیرانە دەنووسێت، پێویستە بتوانین گوێڕایەڵی جیهانی فیزیکیش بین، سنوورەکانی خۆمان وەک مرۆڤ بزانین، چونکە لەدەستدانی خۆمان لە جیهانێکی خەوناویی ئەگەر، لەدەستدانی نیوەی خۆمانە: “بەڵام ئەگەر ‘ئەگەر’ لە ‘پێویستی’ زیاتربێت بەجۆرێک کە خود لە ئەگەردا لە خۆی ڕابکات، ئەوا هیچ پێویستییەکی نییە کە بگەڕێتەوە بۆی؛ ئەمە بێهیوایی ئەگەرە. ئەم خودە دەبێتە ئەگەرێکی ئەبستراکت (مردوو)؛ لە ئەگەردا دەلەرزێت تا ماندوو دەبێت، بەڵام نە لەو شوێنەی کە لێیەتی دەجووڵێت و نە دەگاتە هیچ شوێنێک، چونکە ‘پێویستی’ بە شێوەیەکی دەقاو دەق ئەو شوێنەیە کە بوون بە خود لەو شوێنەدا بریتییە لە جوڵە. درووست بوون جوڵەیەکە بە دوورە لەو شوێنە، بەڵام بوون بەخۆبوون جوڵانەوەیەکە لەو شوێنەدا.”
“پێویستی” ئەو زەمینەیە کە دەمانەوێت کە “ئەگەر” لەسەری بوەستێت. بەبێ پێویستی دەبینە هەوری ئەبستراکت (مردوو). واتە، دەبینە منداڵێک کە هەوڵدەدەین بچینە ئاهەنگەکەوە. دەکرێت، بەڵام ئێمە پێویستمان بە توانای جەستەییە بۆ ئەوەی ئەم کردارە ئەنجام بدەین. ئەو توانایەی ڕۆشتن “پێویستییە”. بێگومان، ناتوانین تەنیا بە “پێویستی” بژین. کیرکێگارد دەنووسێت، “خودی دیتەرمینیست(بکەر) ناتوانێت هەناسە بدات، چونکە مەحاڵە بە تەنیا هەناسەی پێویستی بدەین، چونکە ئەوە بە تەواوی خودی مرۆڤ دەخنکێنێت.” بە هەمان شێوەی ئەوەی کە خودێکی تەواو ناتوانێت تەنها لە ئەگەردا بژی، ژیان تەنها لە پێویستیدا خنکێنەرە.
هیچ ئومێدێک بۆ تاک بەجێناهێڵێت. هیچ شتێک بۆ چاوەڕوانی بەجێناهێڵێت. مرۆڤ بوونەوەرێکە بۆ هەمیشە لە جوڵەدایە. ئەمە بە درێژایی فیلمەکە دەبینین. لە یەک هێڵی کاتیی ئەگەریدا، (نیمۆ) هاوسەرگیری لەگەڵ (جین) کردووە و تەنانەت لە هیچی کەم نییە، بەڵام ئەو لە نائومێدیدایە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو “ئەگەر”ی نییە. لە ژیانیدا نوێگەری نییە، بوار بۆ مانۆڕکردن نییە. هەموو شتێک بە تووندی و جێگیری کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بەو ڕادەیەی کە (نیمۆ) ئارەزوو بۆ ژیان لەدەست دەدات. هەوڵی خۆکوشتن دەدات بە خۆ نوقمکردن لە مەلەوانگەکەیدا. جین تێبینییەک دەدۆزێتەوە کە (نیمۆ) نووسیویەتی، و دەیخوێنێتەوە: – کاتێک دێت لە ژیاندا کە هەموو شتێک ئاستەنگ دەردەکەوێت. کار لە کار ترازاوە، ئەوەی ماوە تەنها بەردەوام بوونە لەسەر ئەوەی هەیە. وەک لەپی دەستم خۆم دەناسم. دەتوانم پێشبینی هەموو کاردانەوەیەکم بکەم، هەموو شتێک وەک ئاو ڕوونە.
ژیانم وەک قاڵبە چیمەنتۆیەک وایە کە ئێرباگ و پشتێنی سەلامەتی بۆ داندراوە. من هەموو شتێکم کۆنترۆڵ کردووە. من هەموو شتێکم کردووە بۆ ئەوەی بگەمە ئەم خاڵە و، ئێستا کە لێرەم زۆر بێزارم. قورسترین شت ئەوەیە بزانم ئایا من هێشتا لە ژیاندا ماوم.” ژیانی ئەوەندە پێشبینیکراو و نەگۆڕە، ئەوەندە کۆنترۆڵکراوە و پلانی بۆ دانراوە، کە چیتر هیچ هیوایەکی تێدا نییە بۆی. چێژ و خۆبەخۆیی نییە. ئیتر هەست بە زیندوویی ناکات. ئەمە بەراورد بکە لەگەڵ بڕگەیەکی کورتی کیکەگارد: “نەبوونی ‘ئەگەر’ واتە یان هەموو شتێک بۆ مرۆڤ بووەتە پێویستی یان بوونەتە شتێکی بێ بایەخ.” بۆ (نیمۆ) هەموو شتێک بێ بایەخە. مات و بێزارکەر و پێشبینی کراوە. کیکەگارد هەروەها دەنووسێت، “ئەگەر لەدەستدانی خۆد لە ئەگەردا بەراورد بکرێت لەگەڵ گوتنی دەنگە بزوێنەکان لەلایەن منداڵێکەوە، ئەوا نەبوونی ‘ئەگەر’ هەمان شتە لەگەڵ گێلیدا. ‘پێویست’ی وەک نەبزوێنە ڕەسەنەکان وایە، بەڵام بۆ دەربڕینیان دەبێت ‘ئەگەر’ هەبێت. ئەگەر ئەمە کەمی هێنا، ئەگەر بوونێکی مرۆڤ بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی کە ‘ئەگەر’ی تێدا نەبێت، ئەوا لە نائومێدیدایە هەر ساتێک کە ‘ئەگەر’ کەم بێت”. هەروەها کارەکتەرێکی دیکەش بەهۆی نەبوونی ئەگەرەوە لە نائومێدیدایە. لە یەکێکی دیکە لە هێڵە کاتییەکاندا، نیمۆ و ئانا دەبنە زڕ خوشک و زڕ برا کاتێک دایک و باوکیان بەیەک دەگەن. عاشق دەبن و پەیوەندییەکی پڕ لە سۆزیان دەبێت.
کاتێک دایک و باوکیان جیا دەبنەوە، بەڵێن دەدەن یەکدی بدۆزنەوە. دواتر بە ڕێکەوت یەکتر دەدۆزنەوە و، لەکاتێکدا نیمۆ لەسەر کورسییەک دانیشتوون لەناو پارکێک، ئانا دەڵێت، “کاتێک لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا جیا بووینەوە، گوتم هەرگیز کەسی ترم خۆشناوێت. هەرگیز وابەستە کەسی کە نەدەبووم، هەرگیز لە هیچ شوێنێکدا بە جێگیری نەدەمامەوە، هیچم بۆ خۆم نەدەبوو. تەنها وتم نە…وا خۆم نیشان دەدەم کە لە ژیاندام. ئەمە ئەوەیە کە من چاوەڕێی بووم، هەموو ئەم کاتە. دەستبەرداربوون لە هەموو ژیانێکی ئەگەری، تەنها بۆ یەک لەگەڵ تۆ بوون.” ئانا خۆبەخشانە هەموو ژیانە “ئەگەر”یەکانی خۆی ڕەتکردەوە جگە لە ژیانێک: ئەو ژیانەی کە لەگەڵ نیمۆ دەیویست. ئانا دەڵێت کە وا خۆی نیشان دەدا کە لە ژیاندایە، چونکە لەکاتێکدا بە نزیکەیی هەموو ئەگەرەکان ڕەتدەکاتەوە، بەڵام لە نائومێدیدایە. ئەو هەم ئەگەر و هەم پێویستی خۆی ڕەتدەکاتەوە، لە واقیعدا ئینکاری ژیانی جەستەیی و زەمینەسازی کە هەیە لە بەردەمیدا دەکات، هەروەها هەر ژیانێکی دیکەی کە ئەگەری بوونی هەبێ. هەروەها پێویستە باس لەوە بکەین کە چۆن ئەم جیاوازییە لە نێوان ئەگەر و پێویستیدا دڵەڕاوکێدا زیاد دەکات. کیکەگارد نووسیویەتی، “دڵەڕاوکێ بریتییە لە مەستبوون لە ئازادیدا.”
ئەمە شێوازێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە بۆ ئەوەی بڵێین: لەگەڵ ئەگەرەکاندا نادڵنیایی دێت، نادڵنیایییەک سەبارەت بەوەی کە چ هەڵبژاردنێک ڕاستە. کام ڕێگا بگرینە بەر ڕێگای ئەگەر بۆ پێویستی؟ تۆقێنەرە کاتێک ئێمە ئەوەندە هەڵبژاردن و ئەگەر لە ژیانماندا هەبێت. چۆن بزانین کام هەڵبژاردن ڕاستە؟ چۆن بزانین باوەڕ بە چی بکەین؟ چۆن بزانین هاوسەرگیری لەگەڵ کێ بکەین؟ چ ڕێگایەکی پیشەیی بگرینە بەر؟ لە کوێ بژین؟ هەڵبژاردنەکان بێ سنوورن. وەک پێشتر نووسیومە، ئەمە هۆکارێکە کە زۆرینەی کەس بیرکردنەوە یان کار لەسەرخۆکردن ڕەتدەکەنەوە، بەڵکو پشت بە جۆرێک لە گرووپ دەبەستن کە پێمان بڵێن چۆن دەبێ بژین. مێژوو پێمان دەڵت کە کاتێک لە ساتەکانی ئاژاوەگێڕی و نادڵنیایی گەورەداین، مرۆڤەکان بەرەو بزووتنەوە تاکڕەوەکان یان کولتییەکان دەکێشن، جا چ سیاسی بن یان ڕۆحی.
ئاماندا مۆنتێل زمانناسێکە کە کتێب لەسەر زمان دەنووسێت. نوێترین فیلمی کە لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، بە ناوی Cultish ەوە. ئەو لەو زمانە دەکۆڵێتەوە کە گرووپە ئایینییەکان بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی کەسایەتیمان دەستبەسەر بکەن و لە خشتەمان بەرن بۆ ئەوەی پەلکێشمان بکەنە ناو بیرۆکەی خۆیان و خەڵکی بەکاربهێنن. ئەم دیاردەیە زیاتر ڕوون دەکاتەوە: “گرووپە ئایینییە مۆدێرنەکانیش بەشێکیان هەست بە ئاسوودەیی دەکەن، چونکە یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی ئەو فەسادە دڵەڕاوکێیەی ژیان لە جیهانێکدا کە ئەگەرێکی زۆر دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی ببن بە فیگەرێک (یان هەر نەبێت بە وەهمیش بێت).
جارێک دەروونشیکارێکم هەبوو پێی وتم کە خۆ گونجاندن بەبێ پێکهاتە بە هیچ شێوەیەک خۆ گونجاندن نییە؛ ئەوە تەنها وێرانەیە. ژیانی کەسانێکی زۆر ئەم هەستەیان هەبووە. زۆربەی مێژووی ئەمریکا، بە بەراورد کەم ئاراستە هەبوون کە پیشەی کەسێک، خولیاکانی، شوێنی نیشتەجێبوونی، پەیوەندییە سۆزدارییەکانی، خۆراکی، جوانکاری – هەموو شتێک – بە ئاسانی بێت بە دەستەوە. بەڵام سەدەی بیست و یەکەم مینیویەکی بڕیار بە قەبارەی کارگەی پەنیر پێشکەش بە نوخبەیەک (ئەوانەی کە هەندێک ئیمتیازیان هەیە) پێشکەش دەکات. زۆری بڕ دەتوانێت ئیفلیجکەر بێت، بە تایبەت لە سەردەمی خۆ دروستکردنی ڕادیکاڵدا، کاتێک فشارێکی وا هەیە بۆ دروستکردنی ‘مارکەیەکی کەسی’ بەهێز لە هەمان کاتدا ئەو مۆڕاڵ و مانەوەی بنەڕەتی هەستی ناجێگیری زیاتر دەکەن بۆ گەنجان کە لە ماوەیەکی زۆردا هەستیان پێ نەکردووە. وەک چۆن زانستی نەوەکانمان دەڵێت، دایک و باوکی هەزارەییەکان(جیلی ئاڵتونی) پێیان دەگوتن کە گەورە بوون، ببنە ئەوەی کە دەیانەوێت، بەڵام دواتر ئەو خەیاڵە پڵاوەی ‘چی ئەگەر’ و ‘دەتوانرێت بێت’ زۆر ڕووخێنەر دەرچوو، تەنها شتێک کە دەیانویست گورویەک(جۆرێک پیاوی ئاینییە) بوو بۆ ئەوەی پێیان بڵێت چی هەڵبژێرن”. مۆنتێل بە شێوەیەکی کاریگەرانە لەسەر ئەم ساتەوەختە مێژووییە دەنووسێت، کە هەموو شتێک ژیانی مرۆڤ بە خێراییەکی زۆر تێدەپەڕێنێت. لەگەڵ پرسەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، حزبایەتی سیاسی و ناجێگیری، داڕمانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨، و کەشێکی پڕ لە دڵەڕاوکێی زۆری سۆشیال میدیا ئەگەری ئەوە دەخاتە ڕوو کە هەمووان لە شەوێکدا بەناوبانگ بن بەهۆی تەنها ڤیدیۆیەکەوە. لەگەڵ کۆمەڵێک بڕیاری زۆر کە دەبێ بدرێت، دڵەڕاوکێ لەبارەی سەرکەوتن و مانەوە لە کێبڕکێکەدا بەردەوام بەرز دەبێتەوە. ئاڵن واتس بە وردی باسی لەم بابەتە کرد. وتی “ئێوە نازانن بڕیارەکانتان لە کوێوە سەرچاوە دەگرن. وەکو نزگەرە وان. وە کاتێک بڕیارێک دەدرێت خەڵک دڵەڕاوکێیەکی زۆریان هەیە سەبارەت بە بڕیاردان. ئایا من باش بیرم لەمە کردۆتەوە؟ ئایا داتای پێویستم لەبەرچاو گرتووە؟ ئەگەر بیری لێ بکەیتەوە بۆت دەردەکەوێت کە هەرگیز ناتوانیت داتای پێویست لەبەرچاو بگریت. داتا بۆ بڕیارێک لە هەر بارودۆخێکی دیاریکراودا بێ سنوورە! کەواتە ئەوەی تۆ دەیکەیت ئەوەیە، بە شەپۆلەکانی بیرکردنەوەدا تێدەپەڕیت و چی دەکەیت لەم بارەیەوە.
بەڵام خەمخۆرەکان ئەو کەسانەن کە بیر لە هەموو ئەو گۆڕاوانە دەکەنەوە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆیانن و ئەوەی کە ڕەنگە ڕووبدات. هەڵبژاردن ئەو کردارە دوودڵییە کە پێش ئەنجامدانی بڕیارێک دەیکەین. شڵەقانی دەروونییە. بۆیە ئێمە هەمیشە لە دۆخێکی گومانداین کە ئایا ئێمە بە شێوەیەکی دروست ڕەفتار دەکەین، کارێکی دروست دەکەین، هتد و جۆرێکی دیاریکراو لە متمانە بەخۆبوونمان نییە. ئەگەر بینیت متمانەت بە خۆت نییە، ئەوا لە ڕێگەی قسەکردنێکی هەڵیت و پەڵیت بە هەڵەدا دەچیت. ئەگەر متمانەت بە خۆت هەبێت لەوانەیە بەردەوام بیت لە ئەنجامدانی کارێکی تەواو هەڵە.” خەمخۆر کەسێکە کە بیر لە هەموو ئەو ئەگەرانە دەکاتەوە کە دەتوانن لە بڕیارێکەوە سەرهەڵبدەن. کەسێکە کە بەردەوام لە ئەگەرەکاندا دەژی و ڕەتیدەکاتەوە کە پێویستییەکان وەربگرێت. بەڵام ئەمە ڕەهەندێکی دیکە بۆ گفتوگۆکە زیاد دەکات و ئەو ڕەهەندەش ئەخلاقییە. دەبێت بڕیار بدەین و هەندێکجار ئەو بڕیارانە پێشنیاری ئەخلاقییان دەبێت. لە فیلمەکەدا هەموو ئەو ئەگەرانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە هەمان هاوردەکردنی ئەخلاقییان هەیە. هەموویان چیرۆکی خۆشەویستی ئەگەریین، ئەوە دیاری دەکەن کە “نێمۆ” کام ژنی خۆشدەوێت. بەڵام زۆرێک لە بڕیارەکانی تر ڕەهەندی ئەخلاقییان هەیە کە لە جیهانی ڕاستەقینەدا کاریگەری ئەخلاقییان هەیە.
ئایا کڕینی کابۆیەک کە لە وڵاتانی دەرەوە دروستکراوە پاڵپشتی ئەو بزنس و کارانە دەکات کە ڕێگە بەو کرێکارانە دەدەن سەروەت و سامانی خۆیان کۆبکەنەوە و بەسەر هەژاریدا زاڵبن، لە سەروو ئەوەشهوە ڕزگاریان بێت؟ یان پشتگیری سیستەمێکی نادادپەروەری دەکات کە لە بنەڕەتدا سوودمەند دەبێت لە بەکارهێنانی خەڵکی وڵاتانی هەژار، کارەکانیان دەدزێت و دۆخیان خراپتر دەکات؟ زۆری پێناچێت بۆ ئەوەی بزانین کە زۆرێک لەو هەڵبژاردنانەی کە ڕۆژانە چەند جارێک ئەنجامی دەدەین ئەم وردبینییانەیان تێدایە. بەڵام ئەمە هەنگاوێکە لە سەروو ئەوەی کە “کیکەگارد” بیری لێدەکردەوە و نووسیویەتی. زیاتر بیری لە بڕیارە دەقاودەقەکەی بەردەمی دەکردەوە. چی لە کاتەکانمان بکەین ئەمشەو؟ چی بخوێنمەوە؟ هاوسەرگیری لەگەڵ کێ بکەم؟ ئەمانە هەموو ئەگەرێکن کە دەبێت بڕووخێن و بۆی ببنە پێویستی، بەڵام هێشتا هەندێک ئەگەر بهێڵینەوە، ئەگەرنا لە نائومێدیدا دەژین. “ئەو کەسەی لە ئەگەردا ون دەبێت، بە بوێری نائومێدی بەرز دەبێتەوە؛ ئەو کەسەی کە هەموو شتێک بۆی بووە بە پێویستی لە ژیاندا خۆی زەحمەت دەکێشێت و لە نائومێدیدا تێکدەشکێت.” دڵەڕاوکێ لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە ئەگەر و پێویستی هەڵبژاردنەوە. کەواتە ئایا واتس چارەسەرێکمان پێدەدات، ڕێگەیەک بۆ بیرکردنەوە لەوە کە یارمەتیمان دەدات لە کۆتاییدا مامەڵە بکەین؟ بەڵێ، بە جوانیش وەڵام دەداتەوە، “دەبێت جەستەی خۆت وەک هەورێک سەیر بکەیت. چونکە دەبینیت هەور هەرگیز هەڵە ناکات. تا ئێستا هەورێکت بینیوە کە هەڵە پێکبێت؟ تا ئێستا شەپۆلێکی خراپ دیزاینکراوت بینیوە؟ نەخێر هەمیشە کارێکی دروست دەکەن. بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەک وەک هەورێک یان شەپۆلێک مامەڵە لەگەڵ خۆت بکەیت، و بزانیت کە ناتوانیت هەڵەیەک بکەیت، هەرچییەک بکەیت، هۆکارێکە تەنانەت ئەگەر شتێک بکەیت کە پێدەچێت بە تەواوی کارەساتبار بێت، ئەمەش هەمووی بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕوون دەبێتەوە. پاشان، لە ڕێگەی ئەم تواناسازییەوە جۆرێک لە متمانە پەرە پێدەدەیت، لە ڕێگەی متمانەشەوە دەتوانیت متمانە بە ژیری خۆت بکەیت.
ئەمە نێوەندێکە بۆ ئەوەی بزانیت پەیوەندی بە بڕیارەکەتەوە نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە یان نا، جا بڕیار بدەیت کە ناتوانیت هەڵەیەک بکەیت یان بڕیار بدەیت بەهەر حاڵ ڕاستە، کە تۆ وەک هەور و ئاو بیت. لە ڕێگەی ئەو تێگەیشتنەوە، بەبێ ئەوەی لە ئاراستەکەی تردا قەرەبووی زۆر بکەیتەوە، دەگەیتە ئەو ئاستەی کە دەست دەکەیت بە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ خودی خۆتدا و دەتوانیت متمانە بە مێشکی خۆت بکەیت.” هەموو شتێک بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕوودەدات. کاتێک بڕیار دەدەین، دەبێت لەگەڵ دەرئەنجامەکەدا ڕازیبیت، چونکە ئەگەر باش نەبێت، ئەوا لە نائومێدیدا دەژیت بەرامبەر بەو شێوەیەی کە ویستووتە واقیع بێت. هیچ شتێک نییە بەو مانایەی کە شتەکان دەبێت بەوشێوەیە بن کە ئێمە دەمانەوێن. بەخت، چارەنووس، هیچ هەستێک بە پێش مەبەست؟ بوونی نییە. ئێمە مەیلی ئەوەمان هەیە ڕووداوەکان وەک قەدەرێک لە دوای ڕاستییەکە ببینین، کە لە ڕاستیدا، هێشتا دەبوو بەو شێوەیە بمانبینییایە تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی دیکەش ڕوویان دابا. لە خاڵێکدا بەرهەمهێنەرێک بە نیمۆ دەڵێت، “لە ژیاندا یەک هەل بەدەست دەهێنیت. ئەگەر خراپ بوو، تەنها قبوڵی دەکەیت.” واتس دەڵێت هەرچی ڕووبدات، ڕوودەدات. دەبێت فێری قبوڵکردن ببیت. دەبێت لەگەڵ خۆتدا لە پەیوەندییەکی باشدا بیت بۆ ئەوەی واقیع لەو شوێنەدا ببینیت. هیچ بڕیارێکی هەڵە نییە. هاوشێوەی گفتوگۆیەکە کە ڕۆژنامەنووسەکە لەگەڵ نیمۆدا دەیکات کاتێک پیرە: “ڕۆژنامەنووس: هەموو ئەو شتانەی کە دەیڵێیت دژبەیەکن. ناکرێ لە یەک کاتدا لە چەند شوێنێک بیت.
نیمۆ: مەبەستت ئەوەیە بڵێیت دەبێت بڕیار بدەین.
ڕۆژنامەنووس: لەو هەموو ژیانە، کامیان…کامیان ڕاستە؟
نیمۆ: هەریەکێک لەم ژیانانە ژیانێکی دروستە. هەموو ڕێگایەک ڕێگای ڕاستە. هەموو شتێک دەکرا هەر شتێکی تر بێت و بە هەمان شێوە مانای هەبوو”.
لە نزیک کۆتایی فیلمەکەدا، نیمۆ بە ڕۆژنامەنووسەکە دەڵێت، “نە تۆ نە منیش بوونمان نییە. ئێمە تەنها لە خەیاڵی منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵدا دەژین. ئێمە لەلایەن منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵەوە خەیاڵمان بۆ دەکرێت کە ڕووبەڕووی بڕیاردانێکی مەحاڵ دەبینەوە”. ئەو هەڵبژاردنە مەحاڵە ئەوەیە کە لەگەڵ دایکیدا بڕوات یان لەگەڵ باوکیدا بمێنێتەوە. لە ساتێکدا، لە هەموو ئەو ژیانە ئەگەرییانەی کۆڵیەوە کە دەتوانێت بژی بەپێی ئەوەی کام هەڵبژاردن دەکات. چۆن بزانێت کام بڕیارە ڕاستە؟ “پێشتر نەیدەتوانی هەڵبژاردنێک بکات، چونکە نەیدەزانی چی ڕوودەدات. ئێستا کە دەزانێت چی ڕوودەدات، ناتوانێت هەڵبژاردنێک بکات.” تەواوی فیلمەکە لەو ساتەوەختە ئەگەریەدا ڕوودەدات. دەڵێت، “لە شەترەنجدا پێی دەوترێت “تسوکتسڤان” لە کاتێکدا تاکە جووڵەی بژاردە نەجووڵانە.” پێویستە بجوڵێت یان نا؟ دەبێت بڕیار بدات یان نا؟ کات بەرەو پێشەوە دەڕوات گرنگ نییە چی هەڵدەبژێرێت، چونکە هەڵنەبژاردن بۆ خۆی لە خۆیدا هەڵبژاردن نییە؟ نیمۆ ئەمەی بە بیردا نایەت کە بڕیارنەدان واتە نەژیان. بەدڵنیاییەوە، ساتەکانی ئازار و دوودڵی لەخۆ دەگرێت، بیرەوەرییەکانی ئەوەی کە ئەگەر هەڵبژاردنێکی جیاوازی بکردایە ژیان دەکرا چی لێدەهات، بەڵام چی دیکە ماوە بیکات؟ تا کۆتایی دنیا لەسەر سەکۆکە بوەستێت؟ پاشان هیچ واقیعێکی نییە، هیچ پێویستییەکی نییە و لە نائومێدیدا دەژی. ئایا باشتر نییە بژیت، هەرچەندە بێ سەروبەریش بێت؟ وەک نیمۆ دەڵێت، “من لە مردن ناترسم. دەترسم لەکەم ژیانیم! پێویستە لەسەر هەموو تەختەیەکی ڕەشی ژووری قوتابخانە بنووسرێت. ژیان گۆڕەپانی یارییە، یان هیچ نییە”
پهراوێز/
- فانتازماگۆریایانە: زنجیرەیەک وێنای خەیاڵی وەکو خەو
- تسوکتسڤان: وشەیەکی ئەڵمانییە کە لە بنەڕەتدا بە واتای “نۆرەی تۆیە کە بجوڵێیت، و هەموو جوڵەکانت خراپن!” لە شەترەنجدا “پاس” یان “جوڵەیەک بەجێهێشتن” نییە، بۆیە هەندێکجار ناچاربوون بە جوڵە یارییەکە بدۆڕێن!
سەرچاوە:
http://www.tasteofcinema.com/2022/philosophical-musings-mr-nobody-2009/
نووسینی: ستیفان سوانسۆن
وەرگێڕانی له ئینگلیزییهوه: هۆگر جەز