“دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەیەکی هاوچەرخ، بۆ دابەزێنراوی بەجێ”
لەسەدهی (۱۹)دا چەند بزوتنەوەیەکی چاکسازی و نوێگەری پەیدابون لەوانە (رشيد رضا، محمد عبده، جمال الدين الٲفغاني)، بەڵام مەخابن دەرەنجامەکانی ئەو هەوڵانە دەرەنجامگەلێکی کەم بوون، ئەوەی بەڕاستی دەستی خستە سەر برینەکە (عبدالرحمن الكواكبی) بوو کە لە ساڵی (۱۹۰۲) کتێبێکی نوسی بەناوی (طبائع الٳستبداد و مصارع الٳستعباد) کتێبکی ئێجگار قەشەنگە و جۆرەکانی (زۆرداری)ی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی تێدا ڕوونکردۆتەوە و بۆ ئێستاکێی کۆمەڵگای عەرەبی گونجاوە و وەک ئەوەی دوێنی نوسرابێت، بێگومان شۆڕشەکان لە کۆمەڵگای عەرەبیدا ڕوویانداوە، بەڵام هیچکام لەو شۆڕشە سیاسیانە بزاف و بزووتنەوەی فیکر و ڕۆشنگەری لە پێشدا نەبوون، واتە هیچکات جوڵانەوەی ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەری لە پێش شۆڕشە سیاسییەکانەوە ڕووینەداوە، بەڵام بۆ زانیازی پێغەمبەری مەزن ژیانکردنی لە شاری مەککە لە ماوەی (۱۳) ساڵدا هیچکات هەڵنەساوە بە کردنی جوڵانەوەیەکی سیاسی بەڵکو هەستا بە جوڵانەوەیەکی فیکری و ڕۆشنبیری وەک خودا فەرمویەتی { إِنَّ ٱللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا۟ مَا بِأَنفُسِهِمْ – الرعد ۱۱ } واتە( بە دڵنییایەوە خودا هیچ نەتەوەیەک ناگۆڕێت هەتا ئەوان خۆیان بارودۆخی خۆیان نەگۆڕن )، شۆڕشەکانی ئەوروپا و ڕێنیسانسی ئەوروپی پێشتر خاوەنی بزووتنەوەی فیکری و ڕۆشنبیری بوون و هاوڕێ لەگەڵ بوونی فەیلەسوفەکاندا کە هزر و بیرۆکە و دونیابینی نوێیان هێنا، واتە شۆڕشی ئەوروپی پشتئەستوور بوە بە فیکر و فەلسەفە، (جمال الدين الٲفغانی) و (محمد عبدە) کە لەژێر سایەی دەسەڵاتدارێتی ئیمپراتۆییەتی عوسمانیدا ژیاون، چەمکی ئازادی لە ئەدەبیاتی ئەوانەوە سەرچاوەی نەگرتووە بەڵکو ئەوان باسی باسی (زۆرداری دادپەروەر – المستبد العادل)یان کردووە. واتە هێشتا لە ئەقڵییەتی عەرەبیدا عەدالەت یەکسان نییە بە ئازادی، پێویستە بزانین کە هەمو زۆردار و ستەمکارێک خۆی لە پشت دروشمی (دادپەروەری)دا شاردۆتەوە و خستەڕو و پێشکەش کردنی دادپەروەری بریتییە لە “پەسەند کردنی پێدانی ڕەوایەتی(الشرعية) بە ستەمکار”، شۆڕشی شیوعییەت لەسەر بنەمای (دیکتاتۆرییەتی کرێکار – پرۆلیتاریا) دروست بوو، واتە نابێت هیچ توێژێکی باڵادەست بوونی هەبێت لە کۆمەڵگادا و پێویستە هەمو چین و توێژەکان وەکو یەک یەکسان بن، لێرەوە تێدەگەین کە شۆڕشی شیوعییەت لەسەر بنەمای چەمکی یەکسانی دروستبو نەوەک لەسەر بنەمای چەمکی ئازادی، ئەوە دروشمی چەمکی دادپەروەری بەرزدەکاتەوە بە ستەمکار دەڵێت “ڕاستە تۆ ستەمکاریت بەڵام دادپەروەربە”. بۆئەوەی شەرعییەت بە بە ستەمکاری بدات بەڵام بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادی شتێکی دیکەیە کە وا لە (تاک) دەکات هەست بە (ئازادی ویست) بکات.
واتە من مرۆڤێکم خاوەنی ویستی ئازادم، ئەم (تاک)ە خاوەنی ویژدانی ئازادە و هەست دەکات ئەوەی دەخوازێت دەیڵێت، بەبێ ئەوەی بترسێت. گرفتی ئەمرۆکەی ئێمە ئەوەیە کە لەسەدەمی پێغەمبەرەوە هەتا ئێستا دەوڵەتێکی دامەزراوەییمان نییە، ئێمە هەتا ئێستاکێش گۆرانی و سروود بۆ (عەدالەتی عومەری کوڕی خەتاب) دەڵێین، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە عەدالەتەکەی عومەر وەربگێڕینە سەر ئەرزی واقیعی ئێستاکێمان و بیکەینە ڕەنگدانەوەی دامەزراوەکانمان و هەتا هەنوکە بەدوای عومەردا دەگەرێین و بەدوای فریادڕەس و پاڵاوانێکدا وێڵین، ئێمە بە فریادڕەس و پاڵەوان خواست ویستی ئازاد و تەواوی بڕیارەکانمانی پێدەبەخشین و دەستهەڵدەگرین لە ویستی ئازاد و بڕیارەکانی خۆمان بۆ ئەو، ئەم ئەقڵییەتە لە کۆنەوە هەتا ئێستا هەر بەم تەرزە بەردەوامە و سەرشارە، وە ئەم ئەقڵییەتە ناتوانێت مەعریفە بەرهەمبهێنێت ئەمەش دەمانباتە نێو خاڵێکی دیکەوە ئەویش سوربوونمان بە دەستگرتن بە کەلەپورمانەوە و پێشمان وایە دەستمان گرتووە بە ڕەسەنایەتییەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پێویستە لەسەرمان هزری نوێ و تێگەیستنی نوێ بخەینە سەر ئەو چەمکانەی کە لە کەپوردا هاتوون بۆئەوەی پەرەیان پێبدەین و پێشیان بخەین، بەمانایەکی تر هاوچەرخێتی ئەوەیە کە دووبارە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ دونیابینی ئەدەبیاتی ڕەسەنایەتیمان بکەین بۆئەوەی پێشیبخەین، ڕەتکردنەوەی ڕەسەنایەتی نا بەڵکو نوێکردنەوەی ڕەسەنایەتی، پێویستە بزانین کە “زانین ملکەچی ئامڕازەکانێتی”، چونکە جیاوازی هەیە لەنێوان سیستمی مەعریفە و ئامڕازەکانی مەعریفەدا، دەستگرتن بە کەلەپور(التراث) و ڕەسەنایەتی(الٲصالة)وە یەکێکە لەم دو بژاردەیە:-
⚛ یاخود مردووەکان زیندون.
⚛ یاخود زیندوەکان مردوون.
من دەمەوێت و خواستی ڕۆژگار و سەردەم وایە کە قورئان بخوێنینەوە بە چاوەکانی خۆمان، نەوەک بە چاوەکانی (شافيعی) و (ابن كثير) و (الطبري)ی و ئەوانی دیکە …هتد، دەمەوێت چاوەکانی خۆم بەکاربهنێم بۆ خوێندنەوەی کتێبەکەی خودا نەوەک چاوەکانی پێشین(سلف). خەڵکانێک هەن پێمدەڵێن تۆ پسپۆڕی ئەندازیاریت و چ پەیوەندییەکت هەیە بە ئایینەوە و بۆچی خۆی هەڵدەدەیتە کێڵگەی ئایینەوە، چەندن کتێبت نووسیوه کە هەڵتەکێنەری دونیابینی کەلەپوری ئێمەیە؟ منیش لە وەڵامی ئەوانەدا دەڵێم: ئایا ناردنی خەڵکی بۆ بەهەشت یان دۆزەخ ئەوە پسپۆڕی ئێوەیە؟ ئەوە پسپۆڕی کێیە؟ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە ئایین پسپۆڕی بۆ چییە؟ تێگەیشتن لە بەهەشت و دۆزەخ پسپۆڕی بۆ چییە؟ بۆنمونە خودا فەرمویەتی { شَهْرُ رَمَضَانَ ٱلَّذِىٓ أُنزِلَ فِيهِ ٱلْقُرْءَانُ هُدًى لِّلنَّاسِ – البقرة ۱٨٥ } واتە( مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە کە قورئانی تێدا هاتۆتەخوار و ئەو قورئانە ڕێنموییە بۆ خەڵکی) ئایا من خەڵکی {النَّاس}نیم؟ ئایا بەشێک نیم لە خەڵکی؟ کەواتە قورئان ڕێنموییە بۆ منیش، پێغەمبەر فەرمویەتی (بلغ عني ولو آية) واتە(ئەگەر تەنها یەک ئایەتیش بێت لە منەوە بیگەیەنن)، سەرنج بدەن؛ پێغەمبەر فەرمویەتی (ئایەتێکیش) بێت نەیفەرمووە (فەرمودە) بگەیەنن و بڵاوی بکەنەوه، ئەوەی لەسەدەی حەوتەمی کۆچیدا پەڕاوی خودای بڵاوکردۆتەوە و ئێمە هەنوکە گوێی لێدەگرین و کاری پێدەکەین، پێویستیشە هەموو کەسێک لێکۆڵینەوە و وردبونەوە(ٳجتهاد) بکات لە کتێبی خودا، چونکە چ ئامڕازەکانی مەعریفە و چ سەقفی مەعریفی سەردەمی ئێمە لەم سەردەمەدا زۆر جیاوازە لەسەردەمی ڕابردوو، بە پێداچونەوە بەو جێگیرانە(الثوابت)ی کە زانایان دایانناوە دەتوانین خوێندنەوەیەکی هاوچەرخ بۆ ئەو جێگیرانە بکەین و هەڵیانبوەشێنینەوە چونکە لەلایەن خەڵکەوە دانراون نەوەک لەلایەن خوداوە، وە ئەگەر وانەکەین بەرەوپێشچون و گەشەکردنمان مەحاڵە، پێویستە قورئان بەگوێرەی زەمینەی مەعریفی گونجاو بەو سەردەمەی خۆی بخوێنینەوە واتە بۆ هەمو سەردەمێک پێویستە قورئان بەگوێرەی ئامڕازەکانی مەعریفە و زەمینەی مەعریفی گونجاوی ئەو قۆناغە بخوێنینەوە .
“دوو”
گرفتەکانی هزری عەرەبی:-
پێشتر گوتم کە گرفتی عەقڵی عەرەبی لە بنەمادا گرفتێکی ڕۆشنبیری پێکهاتەیی عەقڵییە لە خودی خۆیدا واتە ئەو عەقڵە پێکهاتو(المکون)ە مێژویەیە(کەڵەکەبوی مێژویی)، وە لە دوای ئەوەی ئەم عەقڵییەتە پێکهاتوە و کڵێشەی گرتوە پەککەوتە و بێتوانا بوە لە بەرهەمهێنانی مەعریفەدا، وەلێ گرنگترین ئەو گرفتانەی کە ئەم عەقڵە دەرگیری بوە بە کورتی بریتین لە :
یەکەم: عەقڵی هاوماناگەر(العقل الترادفي):-
ئەم ئەقڵییەتە هاوماناییە ناورد(غير دقيق)ە، خودای پایەبەرز و دروستکەری گەردوون و بوونەوەر و دابەزێنەری قورئان، ئەم گەردوون و بوونەوەرەی کە خودا بەدیهێناوە ئەوپەڕی وردتێی لەخۆگرتووە کە بریتییە لە کتێبی بینراوی خودا وە ئەو کتێبەش کە بە سرووش(الوحي) نێردراوە بریتییە لە کتێبی خوێندراوی خودا وە پێویستە هەمان وردێتی تێدا بێت (بەدڵنیاییەوە کتێبی خودا لێوان لێوە لە وردێتی) وەک وردێتی گەردوون، بەکورتی وەک چۆن ئەوپەڕی وردێتی لە گەردووندا هەیە کەواتە ئەوپەڕی وردێتیش لە کتێبی خودا هەیە، بڕیاردان لەسەر بوونی هاومانایی لە کتێبی خودادا ڕێگری و ئاستەنگەلێکی زۆر دروستدەکات لەمەڕ تێگەیشتن لە زۆرێک لە ئایەتەکان، گرفتەکە لەو خاڵەدایە کە هەندێک پێیانوایە گرنگترین پەرجو(ٳعجاز) و گژنێ(تحدي) کتێبی خودا لە پەرجوی دەربڕین و دەرخستنی زمانەوانیدایە(ٳعجاز البياني) چونکە عەرەب لە سەردەمی دابەزینی کتێبی خودا نەتەوەیەکی لێهاتوو بوون لە ڕەوانبێژیدا و لەو میانەیەدا عەرەب دەستەوەستان و بێ توانا بوون لە ئاست هێنان و دروستکردنی ئایەتێک، بۆ ئەم ئەقڵییەتە هاوماناگەریەی عەرەبی کە لە ڕەوانبێژی و هونەرەکانی دەربڕیندا خۆی دەبینێتەوە هاومانایی نەنگی وعەیبەیەک نییە، بۆنمونە هاومانایی لەنێو شیعردا نەنگی و گرفت نییە، دەتوانین بڵێین: ئەم ئەقڵییەتی هاوماناگەرییە ئەقڵییەتێکی شیعرییە، ڕوانگەیەکی دیکەی کوشندە خوێندنەوەی کتێبی خودایە بە چاوی شاعیرێک و بە نیگایەکی شیعرییەوە کە ئەمەش زۆر هەڵەیە و هیچ وردێتییەکی تێدا نییە، کتێبی خودا بە چاوی شاعیرەوە ناخوێندرێتەوە بەڵکو پێویستە بەچاوی زانا(عالم)وە بخوێندرێتەوە واتە پێویستە تەماشای ” وردێتی ” ئایەتەکان بکەین نەوەک ” جوانی و ڕەوانبێژی “ی ئایەتەکان چونکە بەتەنها بینینی جوانی دەربڕین و هونەری ڕەوانبێژی لەقورئاندا بەس نییە، ئەم ئەقڵییەتە هاوماناییە جیاوازی ناکات لە نێوان وشەکاندا بۆنمونە لە نێوان (الٲب) و (الوالد) و لەنێوان (الٲم) و (الوالدة) و ….هتد و لەسەر پێوانەیان دەکات ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی کە بەپێی پێویست خوێندنەوە و ڕاڤەی ئایەتەکان نەکرێن.
ئەقڵی بەراودکار(العقل القياسی):-
ئەقڵی پێوانەکار واتە بوونی ڕەسەنایەتییەک و پێوانە لەسەر کردنی، بەواتایەکی دیکە ڕەسەن(ٲصل)ێک هەیە و لەسەر ئەم ڕەسەنە پێوانەی لەسەر بکرێت، بۆنمونە شیوعییەتی عەرەبی ئەو شێوازە شیوعییەتە بوو کە لە یەکێتی سۆڤییەتدا هەبوو، واتە لێرەدا شیوعییەتی سۆڤێتی بنەما و ڕەسەنە و شیوعییەتی عەرەبیش پێوانەی لەسەر کرابوو، بۆنمونە دەیانگوت: “لە یەکێتی سۆڤییەت وا کراوە کەواتە پێویستە ئێمەش وابکەین، لەوێ بەوجۆرەیە کەواتە پێویستە ئێمەش وابین “….هتد، واتە هەموو شتێک لەوانەوە وەربگرین و کۆپی لای خۆمانی بکەین، نەوەی یەکەمی هاوەڵانی پێغەمبەر هەمان کاری پێوانەکارییان لەسەرکرا، واتە هاوەڵان کراون بە بنەڕەت و ڕەسەن و پێوانەیان لەسەر دەکرێت، ڕوونتر بڵێم کاروباری هاوچەرخی خۆمان پێوانەی (۱٤۰۰) ساڵی پێش ئێستای ئەوان دەکەین، بۆنمونە کاتێک محەمەدی پەیامهێنی مەزن تەشریفی هێنا بۆ شاری مەدینە و خەڵکیش بە (دەف) پێشوازییان لێکرد، کاتێک زاناکان خوێندنەوەیان بۆ ئەم ڕواوە کرد گوتییان ” ئامێری مۆسیقی (دەف) حەڵاڵە و ئامێرە مۆسیقییە هاوچەرخەکان حەرامن”، ئەو پرسیارەی لێرەدا پێویستە بکرێت ئەوەیە بۆچی پێوانە(قیاس) لەسەر ئەم (دەف)ە دەکەن؟ لە کاتێکدا لە بنەمادا هەمو شتەکان حەڵاڵن و حەرامکراوەکانیش دیاریکراون و هەڵاوێرد(ٳستثنائي)ن، لێرەدا پێوانەکاری هیچ مانایەکی نییە، گرفتی پێوانەکاری ئەوەیە کە واقیعێک هەیە و واقیعێکی حاڵی لەسەر پێوانە دەکرێت، ئەم ئەقڵییەتە توانا و بڕشتی داهێنانی تێدا کوشتوین، ئەمڕۆکە لە کۆمەڵگای عەرەبیدا هەزاران زانکۆمان هەیە، بەڵام ژمارەی ئەو زانایانەی لەم زانکۆیانەوە بەرهەمهاتوون چەندن؟ بەکورتی هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لەژیانی هاوچەرخدا هەن بوونەتە یاساسازی(التشریع) پێوانە لەسەرکراوی سەردەمی پێش خۆی، واتە یاساسازی دونیای نوێ پێوانە لەسەرکراوی یاساسازی دونیای ڕابردووە، دەپرسم چۆن و بۆچی پێوانە لەسەر ئەو سەردەمە کۆنە دەکەن؟ ئەقڵییەتی پێوانەکاری یەکێکە لە کوشندەترین جۆری ئەقڵییەتەکان.
ئەقڵی پەیوەندیگر(العقل الٳتصالي):-
ئەم ئەقڵییەتە لە ڕێگەپێدراو(المسموح) و قهدەغەکراو(الممنوع) دەپرسێت نەوەک لە ڕەوا(الحق) و پوچەڵ(الباطل) بپرسێت، واتە بەرلەوەی لە ڕەوا و ناڕەوا بپرسێت لە حەرام و حەڵاڵ دەپرسێت، ئەم ئەقڵییەتە زۆر تەریب و گونجاوە لەگەڵ ملهۆڕی و زۆرداریدا، بۆنمونە سەروەختی پەیدابوونی ئامێری پەیوەندیبەستن(تەلەفۆن) یەکەمین شت کە گوتمان بەکارهێنانی تەلەفۆن حەرامە یان حەڵاڵ؟ پێش ئەوەی بپرسین چۆن دروستکراوە و بۆچی بەکاردێت؟ بۆ هەمو شتێکی نوێ و هاوچەرخیش هەمان دەستوور مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، ئەم دونیابینی و ئەقڵییەتە توشی دڵەڕاوکێ و ترسی کردین و چوینە حاڵەتێکی دەروونی کتوپڕییەوە(طاريء)، سەدان ساڵە بەم هەستەوە دەژین تا وامان لێهات ئێستاکێ هەستی پێناکەین و سڕبووین و لەگەڵ حاڵەتەکەدا ڕاهاتین، هزری عەرەبی و بەدیاریکراوی فیقهی ئیسلامی لەژێر سایەی دەسەڵاتدارێتییەکی زۆرەملێدا لەدایکبووە، لێرەدا باس لەو ئەقڵییەتە پێکهاتووە کۆمەڵایەتییە، سیاسییە، ئابوورییە، فیکرییە دەکەم کە بەدرێژایی مێژوو کڵێشەی گرتووە نەوەک لەسەر ئەقڵی زگماکی(العقل الفطري)، هیچ میللەتێک هێندەی ئێمە ئازاری گرێی هەست بە تاوان و گوناهی نەچەشتوە، ئێمە هەمو ڕۆژ، بەیانی و ئێوارە هەست بە تاوان و گوناهـ دەکەین و تەنانەت کاتێک نەخۆشیش دەکەوین دەڵێین: ئەوە خودا لێمان توڕەیە و قەدەری خودایە، هەروەها خاوەنی ئەو ئەقڵییەتەین کە دان بە هەڵەی خۆماندا نانێین بەتەرزێک کاتێک نەخۆشێک دەمرێت کە دەرەنجامی هەڵەی پزیشکێک بووە کەچی دەڵێین: تەمەنی تەواو بووبوو و لەقەدەری خودا نووسرابوو کە دەبوو بمرێت. بۆچی وادەڵێین؟ چونکە پزیشکانی وڵاتانی عەرەبی هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن.
ڕابوونی ئیسلامی یاخود ڕابوونی ئیمانی(الصحوة الٳسلامية ٲم الصحوة الٳيمانية):-
گۆیمان لە دەستەواژەی ڕابوون و بەئاگاهاتنەوەی ئیسلامی دەبێت و من دەپرسم مەبەست لە (ڕابوونی ئیسلامی چییە)؟ بێگومان ئەم پڕۆژەی ڕابوونە لە (۷۰)کانی سەدەی بیستدا پەیدابووە کە ئەم دەرەنجام و لێکەوتانەی لێوەپەیدابوون،
یەکەم:- ژمارەی نوێژخوێنان زیادیان کرد.
دووەم:- ژمارەی مزگەوتەکان زیادیان کرد.
سێیەم:- ژمارەی سەردانیکەرانی ماڵی خودا(الحج) زیادیان کرد.
چوارەم:- ژمارەی ڕۆژوگران زیادیان کرد.
پێنجەم:- ژمارەی باڵاپۆشان زیادیان کرد،
بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم شتانەش زیادیان کرد:-
یەکەم: ژمارەی ساختەچێتی و فێڵکردن زیادی کرد.
دووەم: ژمارەی گەندەڵی زیادی کرد، کەواتە باس لە چ ڕابوونە و بەئاگاهاتنەوەیەك دەکەن؟ ئیسلام و ئیمان دوو چەمکی جیاوازن و یەک شت نین، بەبڕوای من هاوکێشەی ئیسلام و ئیمان بەم جۆرەی لای خوارەوەیە:-
⚛ بە زیادبوونی ژمارەی نوێژخوێنان، واتە ئیمان باش و سەلامەتە و بە زیادبوونی کرێ و باجەکان واتە ئیسلام باش و سەلامەتە.
⚛ بەزیادبوونی ژمارەی ڕۆژوگران واتە ئیمان باش و سەلامەتە و بەزیادبوونی ژمارەی پزیشکان و بیمەی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، واتە ئیسلام باش و سەلامەتە.
⚛ بەزیادبوونی ژمارەی باڵاپۆشان واتە ئیمان باش و سەلامەتە و بەزیادبوونی ژمارەی کۆمەڵە خێرخوازییەکان و کۆمەڵەی پارێزەرانی مافی ئاژەڵان و مافی مرۆڤ واتە ئیسلام باش و سەلامەتە.
بەکورتی؛ پابەندبوون بە دروشمەکان(الشعائر)وە واتە بارودۆخی ئیمان باش و سەلامەتە، لە بەرامبەردا پابەندبوون بە بەها مرۆڤایەتییەکانەوە واتە بارودۆخی ئیسلام باش و سەلامەتە، چونک ئیسلام واتە سرووشتی ڕاستەقینە(فطرة) و باوەڕ(ئیمان) واتە ئەرک لەئەستۆ بوون(تکلیف)، کەواتە ئەوان لە پای چی و بە چ مەبەستێکەوە باس لە ڕابوونی ئیسلامی دەکەن؟ یەکێک لە گرفتە گەورەکانمان جیاوازی نەکردنە لە نێوان ئیسلام و ئیماندا، کە وای کردووە شوێنکەوتوانی محەمەد(د.خ) پێیان وابێت جگە لە خۆیان سەرجەمی مرۆڤایەتی کافرن و بەوەش (٨۰٪) خەڵکی سەرزەوییان لە ئیسلامەتی کردۆتە دەرەوە و ناردوویانن بۆ دۆزەخ.
🔹 چەمکەکان و ئامڕازەکان( المفاهیم و الٲدوات):
کردەی نزیکبوونەوە لە کێڵگەی مەعریفە دابەشدەبێتە سەر دوو بەش:-
یەکەم:- شۆڕشێک لە خوێندنەوەی چەمکەکاندا.
دووەم: شۆڕشێک لە بەکارهێنانی ئامڕازەکاندا.
چەمک شتێکە و ئامڕاز شتێکی دیکەیە، بۆنمونە خەڵکی بۆ ماوەیەکی کاتی زۆر درێژ پێیان وا بوو کە زەوی چەق و ناوەندی گەردوونە،گەردون بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، ئەم تێگەیشتنە باو بوو هەتا هاتنی “کۆپەرنیۆس” و گوتی “نەخێر ئەوە کۆمەڵەی خۆرە کە ناوەندی گەردوونە و زەویش لە خولگەی خۆیدا دەسورێتەوە” لێرەوە کۆپەرنیکۆس تەواوی چەمک و تێگەیشتنەکەی ئاوەژوو کردووتەوە. ئەمە بریتییە لە شۆڕشێک لە چەمک و تێگەیشتنەکاندا. بەهەمان شێوە بە دەرکەوتنی ” گالیلۆ” زانستی ئەستێرەناسی و جوڵەی ئەستێرەکان ئیدی بە ئامڕازی تەلیسکۆب دەبینران و بەم کارەی شۆڕشێکی نوێی لە ئامڕازەکانی مەعریفەدا بەرپاکرد. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بەدەرکەوتنی چەمکی نوێ لەگەڵ کۆپەرنیکۆس و بە دەرکەوتنی ئامڕازی نوێ لەگەڵ گالیلۆدا جیهان هەنگاوێکی فراوانی ناوە ڕوەو ئاڕاستەی ڕاستینە(الحقيقة)، بەهەمان تەرز ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی دروست لە دابەزێنراوی بەجێ(التنزیل الحکیم) تێبگەین پێویستە لە میانەی چەمکەکان و ئامڕازە نوێکانەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین کە ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی ئەم چەمک و ئامڕازە نوێیانەین وە بەپێچەوانەوە نەوەی یەکەمی هاوەڵان(الصحابه) و پێشین(سلف) خاوەنی نەبوون و لە واقیعی ئەواندا بەردەست نەبوو.
“سێ چەمکە گرنگەکە”
یەکەم:- دوایی نەبوونی پەیامەکە(الخاتمية الرسالة)، وەک فەرمویەتی { ٱلْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِى وَرَضِيتُ لَكُمُ ٱلْإِسْلَـٰمَ دِينًا – المائدة ۳ } واتە (ئەمڕۆ ئایینەکەتانم بۆ بەپایان گەیاند و تەواو کرد و نازو نیعمەت خۆمم ڕژاند بەسەرتاندا و ڕازیبوم بەوەی کە ئیسلام ئایینتان بێت).
دووەم:- جیهانیبوونی پەیامەکە(العالمية الرسالة)، وەک فەرمویەتی { وَمَآ أَرْسَلْنَـٰكَ إِلَّا كَآفَّةً لِّلنَّاسِ – سبٲ ۲٨ } واتە (ئەی محەمەد تۆمان نەناردوە مەگەر بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی نەبێت).
سێیەم:- میهرەبان پەیامەکە(الرحمة الرسالة)، وەک فەرمویەتی { وَمَآ أَرْسَلْنَـٰكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَـٰلَمِينَ – الٲنبياء ۱۰۷ } واتە (ئەی محەمەد، تۆمان نەناردووە مەگەر ڕەحمەت و پڕ میهرەبان نەبیت بۆ هەموو جیهان).
گرنگی ئەم سێ خاڵە لە چیدایە؟ بەزەیی و میهرەبانی خودا دەبێت ڕەنگدانەوەی هەبێت لە تۆکیۆ و سیدنی و لەندەن و دیمەشق، بەڵام مخابن کوا کاریگەری میهرەبانی ئەم پەیامە و لەکوێدا دەیبینین و بەری دەکەوین؟ هەروەها جیهانێتی ئەم پەیامەش لەکوێ و لە چ پنتێکی دونیادا دەیبینین؟ کتێبە کەلەپورییەکان و کتێبەکانی فیقهـ، بەهیچ شێوەیەک هەڵگری دونیابینی جیهانیبوون نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە پەیامی جیهانێتی ئیسلامیان بەرتەسک و بچوککردۆتەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو کە ئەویش نیمچە دوورگەی عەرەبییە، واتە نیمچە دوورگەی عەرەبییان هەم لە ڕوی شوێن و هەم لەڕوی کاتەوە کردۆتە نمونەی باڵا و هەمو جیهانییان لەسەر پێوانە کردووە و پێشیان وایە تەنها نەوەی یەکەمی مێژووی ئیسلام نەوەی باڵا و نمونەن و ئەم نمونەیەش کۆتایی پێهاتووە و پێویستە هەموو دونیا بەو نمونە باڵایە پێوانە بکرێن، لەم ڕوانگەیەوە تێدەگەین؛ پێویستە تێگەیشتن بۆ چەمکی پێوانە(قیاس) گۆڕانی بەسەردا بێت، گرفتەکە لەو خاڵەدایە کە تێپەڕینی کات و سەردەم لەلای ئێمە هیچ مانایەکی نییە و مردووە بۆنمونە سەدەی حەوتەمی کۆچی و سەدەی بیستەمی زایەنی و سەدەی… هتد.
لەلای ئێمە هیچ مانایەکیان نییە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لۆجیکی شێوەیی یاخود شێوەکی کات (المنطق الصوري للزمن) لەلای ئێمە بوونی نییە، واتە دەرەنجامەکان دروستدەبن بە لێکدانی پێشەکی لەگەڵ ئەنجامدا، بەڵام فوقەهاکان(الفقهاء) هاتوون پێشەکییەکەیان گەڕاندۆتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی کۆچی و کات و سەردەمی ئێستاکێی لەسەر پێوانە دەکەن، بۆنمونە لە سەدەی حەوتەمی کۆچی و لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا کاتێک ئافرەتێک ویستویەتی لە مەککەوە بۆ یەمەن گەشت بکات، پێویستی بە هاوەڵێکی مەحرەم( محرم: واتە خزمی نزیک: دایک و باوک و خوشک و برا) هەبووە لە گەشتەکەیدا؛ لەسەدەی (۲۱)دا ئافرەتێک بیەوێت لە سویدەوە گەشت بکات پێویستە هاوەڵێکی مەحرەمی لەگەڵدا بێت، ئەم ئەقڵییەتە جیاوازی نێوان سەردەمەکان ناکات و نازانێت و بەهەمان پێودانگی نەوەی یەکەم مامەڵە لەگەڵ هەموو چەرخ و سەردەمەکاندا دەکات، بەم کردەیەشیان جوڵەی کاتیان کوشتووە و دەتوانم بڵێم لە ئەقڵییەتی سەلەفی و فیقهیدا کات بوونی نییە.
ئەگەر کەسێک لێم بپرسێت ئایا تێگەیشتنی هاوەڵانی پێغەمبەر بۆ کتێب و قورئان بەس نییە؟ یاخود هەر هێندە پێویست نییە؟ لە وەڵامدا دەڵێم نەخێر، تێگەیشتنی ئەوانم پێویست نییە چونکە ئەوان لە بارودۆخێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەعریفی تایبەت بەسەردەمەکەی خۆیان ژیاون و منیش لەسەردەمێکی تەواو جیاواز لەوان دەژیم، من لەسەردەمی فەلسەفە گەورە و بەهێزەکاندا دەژیم و لە کاتێکدا ئەوان نەیانزانیوە فەلسەفە چییە و نەشیان بیستووە، من هەمان ئەو قورئانەم لەبەردەستە کە لەلای ئەوانیش هەبووە، بەڵام من بە چاوێکی دیکە و خوێندنەوەیەکی دیکەوە تهماشای دەکەم و پێویستم بە تێگەیشتن و دیدگای ئەوان نییە بۆ کتێبی خودا، چونکە گژنێ(تحدي)کان تازەن و دونیابینییەکان نوێن و منیش لەسەردەمی شتە نوێکاندا دەژیم کە زۆر جیاوازە لەسەردەمی هاوەڵان، دەکارم بڵێم: لێرەدا گرفتگەلێک هەن کە پێویستە ڕووبەڕوویان ببینەوە پاشان تێیان بپەڕێنین، گرفتەکانیش بریتین لە:-
یەکەم:- گرفتی زمانەوانی.
دووەم: گرفتی ئایینی.
سێیەم: گرفتی یاساسازی(التشريعي) یاخود سیاسی.
“گرفتی زمانەوانی”
پێشتر ئاماژەم بەم خاڵە کرد، کە ئەو خودایەی ئەم گەردوون و بوونەوەرەی بەم وردێتییە بەدیهێناوە هەمان زاتە کە کتێبی بۆ محەمەد دابەزاندووە، کەواتە وەک چۆن وردێتی بێ سنوور لە گەردووندا بوونی هەیە پێویستە ئەم وردێتییە لە کتێبی خوداشدا ڕەنگ بداتەوە، چونکە هەم گەردوون و بوونەوەر و هەم ئەو کتێبەی کە بۆ محەمەد هاتۆتەخوارەوە لەلایەن یەک زاتەوە بەرپا بووە، ئەویش زاتی خودایە، لە کتێبی خودادا (بێهۆیی) و (زیادە) بونییان نییە و تەنەنەت یەک پیتی زیادی تێدا نییە، بەڵکو کتێبێکی جێگیر و تووند و تۆڵ(محکم)ە و خودا گژنێی مرۆڤ و پەری(الجن)ی پێدەکات، کە بتوانن وەک ئەو کتێبە بهێنن، کتێبی خودا لێوان لێوە لە وردێتی و پێوستە بەوچاوەوە بیخوێنینەوە بۆنمونە فەرمویەتی {حُرِّمَتْ عَلَيْكُمْ أُمَّهَـٰتُكُمْ – النساء ۲۳ } واتە (دایکان، دایکی خۆیی لێتان حەرام کردووە )، لەم ئایەتەدا حەرامکردن بۆ دایکی خوێنە نەوەک بۆ دایکی بەخێوکەر چونکە دایکی(الٲم)ی خوێن جیاوازە لە دایکی(الوالدة)ی بەخێوکەر و سەرپەرشتیار، هەروەها کاتێک فەرمویەتی { وَحَلَـٰٓئِلُ أَبْنَآئِكُمُ ٱلَّذِينَ مِنْ أَصْلَـٰبِكُمْ – النساء ۲۳ } واتە “ژنی کوڕتان(بوکتان) ئەو کوڕەی کە لە خوێن و پشتی ئێوەیە لێتان حەرام کراون”، ئایەتەکە باسی ئەو کوڕانە دەکات کە لە پشت و خوێنی خۆمانن، کەواتە لێرەوەی ئەوە ڕووندەبێتەوە کە منداڵانێک هەن کە لە خوێن و پشتی ئێمە نین، بەڵکو(بەمنداڵی بهخێوکردن ـ التبني)کراون، هەڵبەتە ئەگەر بەو وردێتییەوە کتێبی خودا نەخوێنینەوە، ئەوا کتێبی خودا پێکدێت لە ئایەت و وشە و پیتی زیاد و ناپێویست، نمونەیەکی دیکە: فەرمویەتی { فَمَا ٱسْطَـٰعُوٓا۟ أَن يَظْهَرُوهُ وَمَا ٱسْتَطَـٰعُوا لَهُۥ نَقْبًا – الكهف ۹۷ } لەم ئایەتەدا یەکەمجار فەرمویەتی {ٱسْطَـٰعُوٓا} و دووەمجار فەرمویەتی {ٱسْتَطَـٰعُوا} کە هەردو وشەکە بە مانای (توانین)دێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا تواناکان جیاوازن لە یەکتری.
لە وشەی دوەمدا پیتی (ت)یەکی زیاتر هاتووە کەواتە ماناکەی جۆرێکی دیکەیە، کەواتە چونەسەری پیتی (ت)ێک بۆسەر کردارێک(فعل) واتا وشەکە بەمانای هەواڵ و ماندووبوون و توانایەکی زیاتر دێت، ئەم تەزرە ورد خوێندنەوەیەی کتێبی خودا لەسەر بنەمای ئەوپەڕی وردێتی لە خوێندنەوەدا دامەزراوە وەک ئەوەی تەماشای هاوکێشەیەکی بیرکاری بکەیت، هەمو زانستەکان پێشکەوتن(کیمیا، فیزیا، پزیشکی،….هتد) و لەم نێوەندەدا زانستی زمانناسیش پێشکەوت و پێویستە سود لەم پێشکەوتنە زمانەوانییە ببینین بۆ تێگەیشتن لە کتێبی خودا، چونکە کتێبی خودا زمانە و بە زمانێک دابەزیوە، هەروەها بۆ سەرجەمی زانستەکانی دیکەش هەر ڕاستە و پێویستە سود لە پێشکەوتنی زانستەکان وەربگرین بۆ تێگەیشتن لە کتێبی خودا.
سەدان و هەزاران جار بیستومانە کە دەڵێن “دەرگای لێکۆڵینەوە و گۆشکردن(ٳجتهاد) بۆ هەمو کەسێک کراوەیە و هەرکەسێک پێکای ئەوا دو پاداشت و ئەوەیشی نەیپێکا یەک پاداشتی هەیە”، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕستەیە ڕستەیەکی بانگەشەیی(ٳعلامي)ە و تەنها لەسەر شاشەکان دەیبینین و دەیبیستین لە واقعدا بەو جۆرە نییە و دەڵێن “نەخێر لێکۆڵینەوە کۆشش کردن و خوێندنەوەی دەق تەنها بۆ کەسی تایبەتی خۆی و لە شوێنی دیاریکراوی خۆی و لە پێگەی دیاریکراوی خۆی”، ئەمەش قسەی زاناکانی ئیسلامە و گوتەی خەڵکانی سادە نییە، کاتێک شافیعی بنەماکانی فیقهـ(ٲصول الفقه)ی دانا (کتاب، سوننەت، کۆدەنگی، پێوانە)ی دانا، پێویستە لەم سەردەمەدا پێداچونەوە بکەین بەو کتێب و بنەمایانەی کە شافیعی دایناون، بۆنمونە ماناو و مەبەست لە کتێب(الکتاب) چییە؟ لەلای شافیعی (الکتاب) مانایەکی هەیە و لەلای ئێمە (الکتاب) مانایەکی دیکەی هەیە، ئەمەیە پێداوچونەوە بە هەموو بنەماکانی فیقهی ئیسلامی وە ئەوەشم لە پێشچاوە کە هەریەک لە زانایان و دامەزرێنەری مەزهەبەکان گوتویانە ” کاتێک قسەی ئێمە پێچەوانەی قسەی پێغەمبەر بو ئەوا قسەی ئێمە بدەن بە دیواردا “، بەڵام کرۆکی گرفتەکە لەو خاڵەدایە کە هەمو زانایان لەوخاڵەدا هاوبەشن و بڕوایان بەوەیە کە محەمەدی پەیامهێنی خودا خاوەنی دو سورشەکەیە(صاحب الوحيين)، بەڵی ئەمەیە کە پێویستە دووبارە خوێندنەوە و پێداچونەوەی پێدابکرێت کە ئایا محەمەد خاوەنی یەک سرووش (الوحي)یە یاخود دوان، بۆ ئەوەی سۆز و میهرەبانی پەیامەکە ببینین هێندە بەسە بەراوردێک بکەین لە نێوان شەریعەتی موسا و شەریعەتی محەمەددا، شەریعەتی موسا پێکهاتوە لە (٦۱۳) بەند و شەریعەتێکی زۆر دیارکراو(عيني)یە واتە هەر بەندێک بۆ حاڵەتێکی دیاریکراو یان ڕووداوێکی دیاریکراو یان خواردنێکی دیاریکراو یان حەرام و حەڵاڵێکی دیاریکراو بووە. بەڵام شەریعەتی محەمەد کە کۆتا شەریعەتە بەم جۆرە نییە و دەستکراوەییەکی ئێجگار زۆر و پانتاییەکی فراوانی تێدایە و شەریعەتێکی سنووردار(حدودي)ە واتە بازنەیەکی فراوان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سنوورێکی دوور کە سنووری خودایە .
“سێ”
“ڕەویە و ڕێکخەرەکانی بیردۆزی مەعریفە بۆ خوێندنەوەیەکی هاوچەرخ”
ئایا لە قورئاندا هیچ بیردۆزێکی مەعریفی هەیە کە ڕێگا بۆ مرۆڤ ئاوەڵا بکات بۆ بەرزبونەوە بۆ بۆشایی ئاسمان و نقوم بوون بۆ نێو دەریاکان، هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری ژێرپەنجە و …هتد؟ وە ئەو ڕەویە(المنهج) چییە کە بۆ خوێندنەوەیەکی هاوچەرخ پەیڕەوی دەکەم و پشتی پێدەبەستم؟ لە وەڵامدا دەڵێم: ئەو ڕەویەیەی کە من پەیڕەوی دەکەم پابەندە بە سەقفی مەعریفی سەدەی بیستەم، واتە من بە ڕەویەیەک کار دەکەم کە پشتئەستورە بە زەمینەیەکی هاوچەرخی مەعریفی، بەڵام هەمو ئەوانەی کە دەیڵێم و دەینوسم پێویستە پاش (٥۰) ساڵی دیکە یاخود (۱۰۰) ساڵی دیکە بەگوێرەی پێدراوە مەعریفییەکانی ئەو سەردەم و قۆناغە و بەگوێرەی ئەو دۆزینەوە زانستی و پێشکەوتنە مەعریفیانەی کە ئەنجام دراون دووبارە چاو پێداخشانەوەی پێدا بکرێتەوە بۆ دەرکەوتنی ڕاستێتی و دروستێتیان. چونکە من ناچار نیم گرفت و ئاریشەکانی (۱۰۰) ساڵی دیکە چارەسەر بکەم، بەڵکو من سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئاریشەکانی سەردەمی خۆمم، لە پاش (۱۰۰) دیکە خەڵکی ئەو قۆناغ و سەردەمە پێویستە خۆیان چارەسەری گرفتەکانیان بکەن نەوەک من.
بەم بۆنەیەوە ڕۆژێک کەسێک لێی پرسیم: ئێستاکێ ژمارەی ئافرەتان لە ژمارەی پیاوان لە جیهاندا زیاترە، فرەژنی هەیە و بێوەژن هەیە و…هتد بەڵام ئەگەر سەردەم و قۆناغێک هات ژمارە پیاون لە ژمارەی ئافرەتان زیاتر بوو ئایا فرەژنی ڕێگا پێدراوە؟ منیش لە وەڵامدا گوتم کاتێک ئەو قۆناغ و سەردەمە هات و کەوتنە بارودۆخێکی لەوجۆرەوە ئەوە من لە ئێستاوە ناچار نیم چارەسەری گرفتێک بکەم کە هێشتا ڕووی نەداوە و نەهاتۆتە پێش، بەڵکو پێویستە خەڵکانی هاوسەردەمی گرفتەکە خۆیان چارەسەری ئەو حاڵەتە بدۆزنەوە نەوەک من، بەکورتی من بەهیچ شێوەیەک پابەند و پەیوەست نیم بە چارەسەرکردنی گرفتێک کە (۱۰۰) دیکە سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەمە لە کولتوور و کەلەپوری فیقهزانەکاندا بوونی هەبووە، بۆنمونە لەسەردەمی کۆندا لە فیقهزانەکان(الفقهاء)یان پرسیوە ئایا دروستە نوێژ لە شوێنێکدا بکرێت کە ئەو شوێنە نە بە بنمیچە(سقف)وە لکاوە و نە بە زەوییەوە جێگیرە؟ دواتر و لەسەردەمی هاوچەرخدا دەرکەوت کە ئەو شوێنە ناو فڕۆکەیە، خەڵکانێک هەبوون دەیانگوت دروسته و خەڵکانێکیش هەبوون دەیانگوت نادروستە، هەڵبەتە ئەگەر پرسیارەکەش گونجاو بێت ئەوا وەڵامەکەی بۆ سەردەمی ئەوان بێ مانایە، چونکە وەک ئەوەی (عابد الجابري) پێی دەڵێت (دەشێ یاخود ئەگەرە هەزرییەکان – الممكنات العقلية)، ئێمە لە ژیاندا بە ئەگەر کار ناکەین، بەڵکو دەست و پەنجە لەتەک گرفتە واقیعییەکاندا نەرم دەکەین، ڕەویەی من پشت ئەستوورە بە پێدراوە مەعریفییە هاوچەرخەکان و ئەو واقیعەی کە تێیدا دەژیم، چونکە واقیع لە پێشچاومە و پێویستە ڕاستێتی واقیع هاوشان بێت لەگەڵ دابەزێنراوی بەجێدا، بۆ نمونە لە دابەزێنراوی بەجێدا خودا فەرمویەتی { ٱلرِّجَالُ قَوَّٰمُونَ عَلَى ٱلنِّسَآءِ بِمَا فَضَّلَ ٱللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ وَبِمَآ أَنفَقُوا۟ مِنْ أَمْوَٰلِهِمْ – النساء ۳٤ } واتە (پیاوان و ژنان سەرپەرشتکار و چاودێرن بەسەر پیاوان و ژنانەوە بەوەی کە خودا چاکەکاری کردون بەسەریەکەوە،بەو ماڵ و سامانەی کە هەیانە و دەیبەخشن، (وەک لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەم پێ کردووە کە ڕاڤەی ئایەتەکانم بەگوێرەی تێگەیشن و خوێندنەوەی دکتۆر محەمەد شەحرور کردوە، بۆنمونە ئەو پێیوانییە کە وشەی (الرجل – الرجال) لە قورئاندا تەنها بەمانای پیاو بێت بەڵکو بەچەندن مانای دیکە دێت لەوانە (ئافرەتان، جوڵە و ڕۆیشتن) – وەرگێڕ)، خودا چاکەی ئافرەتان و پیاوانی داوە بەسەر یەکتردا ئەم چاکە بەسەر یەکتر کردنەدا دیاردەیەکی جیهانییە و لە یابان و ئوستراڵیا و…هتد هەیە نەوەک تەنها لە بەیروت و مەککە و مەدینە، دەپرسم ئەم دیاردەی چاکەکارییەم لە کتێبی خودادا بۆ بدۆزنەوە کە چونییەک بێت لەگەڵ واقیعدا واتە کتێبی خودا ڕەنگدانەوەی هەبێت لە واقیعی حاڵدا؟ ئایەتەکە ئایەتێکی هەواڵیییە(خبري)، مەبەستم ئەوەیە ڕاستێتی کتێبی خودا لە کوێی واقیعدا ببینم و بیدۆزمەوە؟
ئایەتەکە فەرمویەتی پیاوان و ئافرەتان بەسەر یەکتردا چاکەکارن ئایا لە یابان ئافرەت و پیاوی لێنییە ؟ بێگومان بەڵێ، بەکورتی لە ڕاستێتی ئەم ئایەتە لەکوێی واقیعی یابان و لۆس ئەنجلۆسدا ببینم؟ من باس لە جیهانیبون(العالمية)ی کتێبی خودا دەکەم، جیهانیبونی کتێبی خودا لەکوێی ئەرزی واقیعدا ببینم؟ بەپێچەوانەوە ناجیهانیبون یاخود ناوچەیی بوون(محلي)ی پەیامی خودا خۆی لە دروشمەکان(الشعائر)دا دەبینێتەوە، واتە ئەو گوتارەی کە ئاڕاستەی شوێنکەوتوانی محەمەد کراوە لە سنوورێکی بچوکی ئیسلامدا خۆی دەبینێتەوە و هەڵگری دیدێکی جیهانی نییە بە پێچەوانەوە گوتارێکی ناوچەییە و تایبەتە بە موسڵمانان و خۆی لە جێبەجێکردنی “دروشمەکان” دا دەبینێتەوە، بۆنمونە کەسێکی دەبینین کە نوێژ ئەنجام دەدات و ڕۆژو دەگرێت بەم کارەی بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم کەسە موسڵمانە و شوێنکەوتەی دواهەمین پەیامهێنە کە محەمەدە. مەگەر نا بەگشتی پەیامی خودا پەیامێکە بۆ هەموو جیهان و هەڵگری ئەدگاری جیهانێتییە، ئەوەشمان لەیادنەچێت کە چ ڕاستێتی(المصداقية) و چ جیهانیبون(العالمية)ی پەیامی خودا هەردووکی بەیەکەوە خۆیان دەردەخەن و هاوڕێ لەگەڵ یەکتردا و لە ئەرزی واقیعدا خۆیان نمایندە دەکەن .
نووسینی: محەمەد شەحرور
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد