“دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەیەکی هاوچەرخ، بۆ دابەزێنراوی بەجێ”
“یەک”
بۆ هەمو شتێک سەرەتایەک هەیە و هەزار میل بە هەنگاوێک دەستپێدەکات، دەستپێکی پڕۆژەکەم و بەرەبەیانی ڕامانم لە کتێبی خودا لە ساڵی (۱۹٦۷)وە دەستپێدەکات پاش جەنگی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتی عەرەبی، کاتێک “موعید” بوم لە کۆلێجی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی دیمەشق، نەوەی من لەو نەوەیەی کە ڕاستەوخۆ له نێو بارودۆخی جەنگدا ژیاین توشی هێدمە(صدمة)یەکی ئێجگار ترسناک بووین، بە ئاستێک لە پاش هەڵگیرسانی جەنگ بە ڕوژێک یاخود دوان ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستینی کە لە ساڵی (۱۹٦٥/۱/۱)دا دامەزرابو هەستا بە داوهتکردن و سازکردنی خوانێکی ئیجگار گەورە و داوەتکردنی کۆمەڵگای عەرەبی بە بۆنەی سەرکەوتن لە جەنگدا و لە هەمانکاتدا لە ڕادیۆش بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەوەی شوێنی نیگەرانی قورس بوو ئەوە بوو کە دەرەنجامەکانی جەنگ بە خەیاڵ و ئەندێشەی کەسدا گوزەری نەدەکرد، بەڵام مخابن پاش شەش یاخود حەوت ڕۆژ توشی شۆک بوین و لە دەرەنجامەکانی جەنگ سەراسیمە وەستاین، ئەوەی من کردوومە و پێی هەڵساوم لە ڕامان و نووسین و لێکۆڵینەوه بریتییە لە خوێندنەوەی ئەم هێدمەیە، نسکۆی جەنگ بە تەرزێک جەرگ بڕانەبو کە بەشێکی فراوانی دەوڵەتە عەرەبییەکانی داگیرکرد لەوانە (میسر، سوریا، …).
یەکەم: هەڵبەتە پاش ئەوەی بۆمان دەرکەوت کە ئێمەی دەوڵەتانی عەرەبی جەنگەکەمان دۆڕاندووە، پاش چەند ڕۆژێک گوێم لە یەکەمین وتاری هەینی پاش جەنگ بوو، وتاربێژی مزگەوتەکە وتی ئێمە بۆیە لە جەنگەکە دۆڕاین چونکە ئافرەتەکانمان جەلوبەرگییان پۆشیوە بەڵام ڕوتن(نساء كاسياتا عاريات)، وتاربێژەکە بە لێکدانەوەی خۆی بەم قسەیە کێشەی نسکۆ گەورەکەی چارەسەر کرد، واتە دوو تەن تۆپ قوماش بهێنین و بیبڕن و بدەنە بان جەستەی ژناندا ئیتر گرفتەکە چارەسەر دەبێت، لە کاتێکدا سەربازە جولەکەکان بە شۆرتەوە دەجەنگان و براوەش بوون.
دووەم: پاش دوو یان سێ ڕۆژ کەسێکی شیوعیم بینی و گوتی بۆیە جەنگەکەمان دۆڕاند چونکە مانگی ڕەمەزان بەڕۆژو دەبین، لەمەوە بۆم دەرکەوت کە هەم وتارخوێنی مزگەوتەکە و هەم بابای شیوعی بە هەمان ئەقڵییەت و پێودانگ بیردەکەنەوە، بۆم دەرکەوت کە ڕاستڕە و چەپگەرای کۆمەڵگای عەرەبی هەڵگری هەمان بیرکردنەوەن و هەمان پێوەر و دونیابینییان هەیە، هەردوکییان لە قەیرانی ئاوەزگەراییدا دەژین، بەڵام ئەوەی پتر وای لە من کرد وردببمەوە ئەوە بو پێش ئەوە ئاماژەی بۆ بکەم هەڵبەتە من پێشتر لە یەکێتی سۆڤییەت قوتابی بووم لەوێ هەندێک دیاردەم بینی کە شایەنی خوێندنەوە و تێڕامان بوون:-
یەکەم: بۆنمونە ئەو دروشمانەی کە لە ڕووسیادا بەرزدەکرانەوە بریتیبون لەوەی (حیزب ئەقڵ و ویژدان و شکۆمەندی(شرف)ی میللەتە واتە ئەقڵێکی کۆگەلی و ویژدانێکی کۆگەلی و شەرەفێکی کۆگەلی، لەم دروشمەدا و لەم نێوەندەدا (تاک) هیچ بەهایەکی نییە، ئەگەر حیزب ئەقڵ و ویژدان و شەرەفی میللەت بێت ئەی کوا تاک؟ بێگومان ئەمە بۆ من ئیجگار هێدمەکار بوو، زۆر بەتووندی بەر ئەم دونیابینییە کەوتم، گوتم ئەمە چۆن دەگونجێت و بەهای تاک دەکەوێتە کوێوە.
دووەم: کڵێشەی کۆمەڵگای شیوعی بەو تەرزە داڕێژرابو کە بەهای تاک یەکسانە بە بەهای پێداویستییەکانییانەوە و لێرەوە کیانی دەوڵەتی شی دەبێتەوە و بوونی نامێنێت. پرسیارەکە ئەمەیە چۆن بوونی کۆمەڵگایەک بەبێ بوونی دەوڵەت دەگونجێت؟ ئەمە جۆرێک بوو خەون و ساوێر(وهم)، ئەم دروشمە پرسیاری لەلا بەجێهێشتم کە چۆن دەگونجێت و بەچی پێوەرێک حیزب ئەقڵ و ویژدان و شکۆمەندی(شرف)ی میللەت بێت؟ سەرچاوەی ئەم دروشمە لە کوێوە هاتووە ئەمە لە یەکێتی سوڤییەت، لە بەرامبەردا ئێمەی کۆمەڵگای عەرەبیش هەمان پێوەرمان هەیە و بەهەمان پێودانگ بیردەکەینەوە ئەویش بوونی دەسەڵاتی ” زانایان “ی بواری ئایینە واتە (مەلاکان) لە پانتایی کۆمەڵگای عەرەبیدا، هەم ئەقڵییەتی سۆڤییەتی و هەم زانایانی بواری ئایینی لای خۆمان هەمان شتن و لە ناوخندا دو دیوی یەک دراون،
یەکەم: ئێمە بیرۆکەی ئامادە و حازر بەدەستمان وەرگرتوە و دەمانەوێت ڕاستەوخۆ لە سەر کۆمەڵگا جێبەجێی و پیادە بکەین، بۆنمونە ئایینی ئیسلام بە نمونە وەربگرین، ئێمە دەڵێین ئیسلام ئایینێکی گونجاوە بۆ هەموو خەڵکی سەرزەوی و گونجاوە بۆ هەمو شوێنکاتێک، بەڵام ئێمە دەخوازین ڕاستەوخۆ ئەم ئایینە بەسەر کۆمەڵگادا جێبەجێ بکەین، واتە باز بەسەر ئەو هەمو جیاوازییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و دونیابینییەوە بدەین و ڕاستەوخۆ ئایین بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا پیادە بکەین یاخود ئایین بگونجێنین لەگەڵ شێوازی ژیانی خەڵکانی سەرزەوی بەگشتی ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە واتە ئایا خەڵکی بگونجێنین لەگەڵ ئایینی ئیسلام، چونکە ئایین بۆ هەمو خەڵکییە ئایین بگونجێنین لەگەڵ خەڵکی، چونکە ئایینی ئیسلام گونجاوە بۆ خەڵکی سەرزەوی؟ هەڵبەتە ئەو ڕێباز و ڕێچکەیەی کە ئیسلامی پێدەناسرێتەوە و پێی پیشاندەدرێت و کە ناوی (فیقهی ئیسلامییە) شوێنی پرسیاری گەورە و ڕامانی قووڵە، ڕێچکە و ڕێگایەکی جیهانی نییە واتە (فیقهی ئیسلامی) ڕێبازێکی جیهانگەرایی نییە، ئەو گوتارەی کە بە گوێی خەڵکدا دەدرێت ئایا گوتارێکی جیهانییە؟ ئایا دەتوانرێت بەو گوتارە گفتوگۆی ئینگلیز و ئەمریکا و یابان و ئوستورالیا بکەین و بڵێین ئەمە گوتاری ئیسلامە و بۆ گرۆی ئادەمیزاد هاتووە؟ هەروەها چۆن ئەم گوتارە پێشکەشی جیهان دەکەیت؟ بێگومان نەخێر گوتاری (فیقهی ئیسلامی) گوتارێکی جیهانی نییە، دەپرسم چۆن گوتاری ئایینی ئیسلامی خۆمان پێشکەشی دونیا بکەین، بە گوێرەی ئەو کتێبانەی یاخود لە ڕوانگەی ئەو کتێبانەی کە هەزار ساڵ پێش ئێستا بنەماکەی دانراوە؟ بۆنمونە زانکۆی ئەزهەر لە سەدەی بیست(۲۰)دا سەد ساڵ بەسەر یادی دامەزراندنیدا تێپەڕی لە کاتێکدا زانکۆی کامبریدج نزیکەی هەشتا ساڵە دامەزراوە لەکاتێکدا دادەزرێنەرانی زانکۆی کامبریدج زیوانەکان(کاهن)بوون، کەواتە با بەراوردی نێوان ئاستی مەعریفی هەردو زانکۆی ئەزهەر و زانکۆی کامبریدج بکەین، بزانین کامیان ئاستی زانستی و مەعریفی باڵاترە؟ ڕەوگە(منهج)کانی مەعریفە لە زانکۆی ئەزهەر دواکەوتوە لە کاتێکدا لە کامبریدج پێشکەوتوە، لە بنەمادا ئەوەی کاتی خۆی و لە ڕابردوودا لە کامبریدج خوێندراوە ئێستاکێ لە بیرکراوە و چۆتە ئەرشیفەوە، هەتا هەنووکە هەمو زانکۆی وڵاتە عەرەبییەکان مەعریفە بەرهەمناهێنن، ئەزهەر کە بنەوان(مرجعية)کی ئاینییە(مەرجەعییەتی ئایینی چییە؟ بەڕاستی شوێنی پرسیارە) و یەکێک موفتییەکانی میسر گوتویەتی کە فیقهی ئیسلامی چارەسەری (ملیۆنێک و دوسەد هەزار) باس و بابەت و گرفتی کردووە، من دەپرسم (ملیۆنێک و دوسەد هەزار) باس و بابەتی فیقهی ئهمە ئایینە؟
ئەم قورسکردن و ناڕەحەتکردنەی خەڵکی ئایینە؟ ئایا ئەمە ئەو ئایینەیە کە دەبێتە هۆی سۆز و میهرەبانی(الرحمة) بۆ هەمو خەڵکی؟ ئایین بۆ هەمو خەڵکی سەرزەوی هاتووە کە ئاسانە و ساکارە نەقورسە و نەسەختە وە بۆ هەمو خەڵکییە بەگشتی بۆ ئەوەی مرۆڤ ئارام بێت هەست بە ئارامش بکات نەوەک ڕووبکاتە (ملیۆنێک و دوسەد هەزار) باس وبابەت و گرفتی فیقهی. بەقسەی فەقیهـ و زانایانی بواری ئایین بێت کە دەڵێن (لە بنەڕەتدا هەمو شتەکانی نێو ژیان ڕێگا پێدراوە حەرامەکانیش دیاریکراو و سنووردارن) دەی کەواتە دەپرسم ئەگەر هەمو شتێک ڕێگا پێداراوە و حەرامەکانیش دیاریکراون ئێوە فەتوا لە چی دەدەن و بڕیار لە سەر چی دەردەکەن؟ ئەگەر هەمو شتێک حەڵاڵ و ڕێگا پێدراو بێت و حەڵاڵ و ڕێگا پێدراوەکانیش بە مەرج و کۆتوبەند پیادەبکرێن بۆ نمونە کاسێک خانو دروستدەکات کە حەڵاڵ و ڕێگا پێدراوە، بەڵام لێرەدا یاسایەکی بیناسازی هەیە کە بینا و خانووەکە بەند و مەرجدار دەکات لە پێویستە بەم شێوازە بێت و لە سنوری زەویەکەی خۆی دەرنەچێت و …. هتد، بەڵام ئایا یاساکانی بیناسازی ئازادی لە دروستکردنی خانودا سنوردار و مەرجدار کردووە؟ بێگومان نەخێر، ئاییین ئازادی سنوردار و مەرجدار ناکات بەڵکۆ ئەوە کۆمەڵگای و سیستمی کۆمەڵایەتییە کە ئازادی مرۆڤ بەند و سنوردار دەکات، ئایین ئاماژەی بۆ کۆمەڵێک حەرامکراو کردووە و لەم کۆمەڵە بترازێت هەمو شتەکان حەڵاڵ و ڕێگا پێدراون، بەڵام حەڵاڵەکان کۆمەڵگا یاسا و سیستمیان بۆ دادەڕێژیت و ڕێکییان دەخات، لە فیقهی ئیسلامیدا هەردوو چەمکی {ڕێگاپێدراو(المندوب) و بێزراو(المکروە)} هیچ مانایەکییان نییە.
حەرامکراوەکان لە مەککە و نیویۆڕک و تۆکیۆ و مۆسکۆ و قودس و قاهیرە و لە هەمو شوێنێک هەر حەرامە و مۆرکی گشتیگیرێتی و هەتا هەتایی پێوەیە هەتا ڕۆژی دوایی هەر حەرامن، بەڵام حەڵاڵەکان بەڕەهایی و بەبێ قەیدوبەند پیادەناکرێن و ئازادییەکانیش کۆمەڵگا ڕێکییان دەخات لەبەرئەوەیە گوتم دەستەواژەی (الموندوب) و (المکروە) هیچ مانایەکییان نییە و پوچەڵن. کەچی مخابن لەلای خۆمان پێچەوانە کراوەتەوە هەمو شتێک حەرامە و حەڵاڵەکان سنوردار و مەرجدارکراون، گرفتی ئێمەی موسڵمان ئەوەیە کە دەستبەرداری کتێبی خودا (القرآن) بووین و دەستمان بەو قسانەوە گرتووە کە فوقەهاو زاناکانی ئیسلام دەیڵێن، لەم نێوەندەدا ئایین هەر ئەوەیە کە شافیعی گوتویەتی نەوەک ئەوەی کە پێغەمبەری پایەبەرز هێناویەتی وە ئەمەش بەرپرسیارێتی ئێمەیە لەوەی کە کەمتەرخەم بووین بە خوێندنەوەیەکی هاوچەرخ بۆ ئایین نەوەک ئەو خوێندنەوە و وردبونەوە (ٳجتهاد)نەی کە لە سەدەی یەکەمدا کراون بۆ کتێبی خودا، چونکە نووسەران و لێکۆڵەران و زانایانی سەدەی یەکەم نەیانگوتوە (ئەوەی ئێمە دەیڵێین قورئانە و ڕاستی تەواوەتییە)، بەڵکو گوتویانە (هەوڵی خوێندنەوە و کۆششەکانمان هەمووی تێڕوانین (ٳجتهاد)ی خۆمانە و بۆ سەردەم و قۆناغی خۆمانە)، کەواتە پێویستە ئێمەش کۆشش و لێکۆڵینەوە لە کتێبی خودا بکەین لە سەردەمەکەی خۆماندا. لە کوێدا مۆسیقا و گۆرانی و پەیکەر و تەواوی هونەرەکان حەرامن؟ لەکوێدا حەرامکراون؟ لە کتێبی خودا حەرامنەکراون هیچ بەڵگەیەکما نییە لەسەر حەرامێتییان، حەرام دیارکراوە دەپرسم پێناسەی حەرام چییە؟ چەمکی “حەرام” پێناسەیەکی زۆر ورد و تەواوی هەیە ئەویش ئەوەیە: حەرام بریتییە لە گشتگیرێتی(شمولي) و هەتا هەتایی(ٲبدي)، جگە لە خودا هیچ کەس مافی ئەوەی نییە شتێک حەرام بکات، هەروەها حەرامکراوەکان پێویستە لە کتێبی خودا بە ڕوونی بوونیان هەبێت دیارکراو بن، هەروەها ئەو قسەیەی کە دەگوترێت کە: هەندێک لە حەرامکراوەکان (بەقسەی فەقیهەکان) لە سوننەتی پێغەمبەردا دیارکراون و ئاماژەیان پێکراوە. واتە بنەوان(مرجعية)ی ڕۆشنبیری ئیسلامی لە دوای کتێبی خودا(قورئان) سوننەتی پێغەمبەرە وەک ئەوەی ئەوان دەیڵێن، دەی کەواتە با یەکەمین جار بگەڕێینەوە بۆ کتێبی خودا ئەوان ناڵێن یەکەمین جار سەرچاوەی سەرەکی کتێبی خودا و دومجار سوننەتە؟ دەی با یەکەمین جار بگەڕێینەوە سەر کتێبی خودا و بزانین چۆن ئاماژە بە حەرامکراوەکان و حەڵاڵەکان کراون و چۆن باسکراون؟
دێمەوە سەر ئەو بنەمایەی کە من بڕوای سەد دەر سەدم هەیە کە ئەو قورئانەی لە بەردەستمدایە لەلایەن خوداوە نێرداروە ئەوەش کە لەناوخنی ئەو کتێبەدایە هەم وەک دەق و هەم وەک ناوەڕک سەد دەر سەد بەڕاستی دەزانم، کەواتە با باگرێینەوە سەر ئەم کتێبە، ڕاڤەکار (ابن كثير) دەڵێت “قورئان خۆی ڕاڤەی خۆی دەکات، واتە ئایەتەکان یەکتر ڕاڤە و ڕوون دەکەنەوە، ئەگەر لە قورئاندا هیچت نەدۆزییەوە ئەوا پێویستە ڕووبکەیتە سوننەتی پێغەمبەر “جگە لەو زۆرێکی دیکە هەمان ڕستە دەڵێنەوە، من ئەم بنەمایەم بۆ ڕاڤەکردنی قورئان بە قورئان(ئایەت بە ئایەت) لەلای خۆم هەڵگرت و سەرسام بوم پێی و بنەمایەکی ڕێزدارە و باشە و شوێنیشی کەوتم، کەواتە با ڕاڤەی ئایەت بە ئایەت بکەین بە تێگەیشتی من گرفتی هزری عەرەبی لە نێو ڕۆشنبیری کەلەپوری بۆماوەی ئیسلامیدایە چونکە ئەم کەلەپورە ڕۆشنبیری بۆماوەییە کۆمەڵێک بنەمای لەلایەن خەڵکییەوە بۆ دانراوە واتە خەڵک ئەم بنەمایانەی داناون نەوەک لەلایەن خودای باڵادەستەوە سازکرابن بۆیە پێویست ناکات پیت بەپیت و ڕستە بەڕستە بەو بنەمایانەوە پابەند بین کە زانایانی کەلەپوری ئیسلامی دایانناون، زانایان ئەم چوار بنەماو سەرچاوانەیان دامەزراندوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کتێبی خودا و وردبونەوە لە شەریعەت.
⚛ کتێبی خودا (الکتاب).
⚛ سوننەت یان ڕێچکەی پێغەمبەر (السنة).
⚛ کۆدەنگی (الٳجماع).
⚛ پێوانە (القياس) .
هەمو فیقهی ئیسلامی لەسەر ئەم چوار بنەمایە لەلایەن خەڵکییەوە داڕێژراوە، نەوەک لەلایەن خوداوە وە پێویستە خوێندنەوە و پێداچونەوە بۆ ئەم بنەمایانە بکەین، ئایا شایەنی ئەوە نییە دوبارە خوێندنەوەیەکی جددییان لە بارەوە بکەین؟ بێگومان پێویستە بیکەین، لە ڕوانگەی ئەو بنەمایەی کە (ابن كثير) دایناوە و لەسەرەوە گواستومەتەوە دەڵێن ئەگەر لە قورئاندا هیچمان دەستنەکەوت و دەستەوەستان بوین پێویستە لە سوننەتدا بۆی بگەڕێین منیش دەڵێم ” ماوەی (٤۰) ساڵە دەستەوەستان و بێحەوج نەبوم لە گەڕان و لێکۆڵینەوە لە قورئاندا”
کەواتە دوای ئەو هەمو ساڵە لە پشکنین و توێژینەوە لە ناواخنی قورئاندا پێویستم بە گەڕان و بنۆڵکردنی نییە لە سوننەتدا و بۆم دەکەوت هیچ پێویست نییە لە دوای قورئان لە کتێب و سوننەتدا بۆ ماناکانی قورئان بگەڕێم و بییاندۆزمەوە، چونکە کلیلەکانی تێگەیشتن لە قورئان لە نێو خودی قورئاندایە نەوەک لە دەرەوەی قورئان، خودا بۆخۆی کتێبەکەی داناوە و کلیلەکانی تێگەیشتن لە کتێبەکەی خۆی لە ناواخنی کتێبەکەیدا چاندوە و داناوە نەوەک لەدەرەوەی. خاڵێکی دیکە لە پانتایی ڕۆشنبیری کەلەپوری ئێمەدا بە کێ دەگوترێت (زانا)؟ و بە کێ دەگوترێت فێرخواز(طلب العلم)؟ لەلای ئێمە بە کەسێک دەگوترێت زانا کە لە بواری ئاییندا شارەزابێت واتە لە هەزری کۆیەکی(العقلية الجمعية) ئێمەدا ناونیشانی “زانا” کوتکراوەتەوە تەنها بۆ زانایانی ئایینی نەوەک بۆ زاناکانی بوارەکانی دیکە، کورتکردنەوەی ئەم دەستەواژەی “زانا”یە دیاردەیەکی کۆنەوە و هۆکارێکی لە پشتەوەیە هۆکارەکەش ئەوەیە کە ساڵانێکی زۆرە یان بڵێم دو سەدەیە هەمو ئەو پرسیارانەی کە مرۆڤی عەرەبی پێویستی بە وەڵامەکەی هەبووە لە سەردەمی پێغەمبەرەوە هەتا چەندین سەدەی دواتر وەڵامەکەی لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە دراونەتەوە، پرسیارەکان پرسیاری دونیایی بوون و پەیوەندییان نەبووە بە پرسیارە فیزیایی و بیرکاری و فەلەکییەکان و هاوتەرزەکانیان، چونکە مرۆڤ لە ناوچەیەکی جوگرافی بچوکی وەکو لادێ یان گوند یان شارۆچکەیەکدا دەژیا لەبەرئەوە هەمو پرسیارەکانیان بریتی بوو لە کەسێک لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هاوسەرگیری دەکات دەگونجێت و ئایین ڕێگا دەدات یاخود نا؟ یان فڵانەکەس شیری داوە بە فڵانەکەس و ئەوەندە جار شیری پێداوە، زەکات بدرێت بەکێ؟ بەگشتی بابەتی نێو پرسیارەکانییان سادە و ڕۆژانەیی بوون، هەر ئەوەندەشییان پێویست بووە، کەسێک نەبووە پێیان بڵێت ئەمە زانستی بیرکاری و ئەمە زانستی کیمیا و ئەمە زانستی پزیشکی ئەمە بوونی نەبووە، لەمیانەی مێژوویەکی دورو درێژەوە هەتا ئێستا ئەو تێگەیشتن و دونیابینییە چۆتە هزری عەرەبەوه کە ئەم پیاوە ئایینییەی کە وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە زانایە و ڕاڤەی ئەم ئایەتەشیان بەوە لێکداوەتەوە کە مەبەست لێی زانای ئایینییە وەک فەرمویەتی { إِنَّمَا يَخْشَى ٱللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ ٱلْعُلَمَـٰٓؤُا۟ – فاطر ۲٨ }واتە ( بەدڵنیاییەوە بەندە زاناکان لە خودا دەترسن)، ئایەتەکە ئاماژە بە زانای ڕووەکناسی و زانای زەویناسی و زانای جەستەناسی و …هتد دەکات و هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ زانای ئایینی بەتەنها، بۆئەوەی قسەکەم بەهەڵە نەخوێندرێتەوە باسی ئەوە ناکەم کەسێک هەیە لە بوارێکی دیاریکراودا و شارەزایە و زانایە بەڵکو باسی ئەو ئەقڵییەتە کۆگەلییە عەرەبییە دەکەم کە هەرکات باسی زانا کرا ڕاستەوخۆ زانای ئایینی ئەزهەر و نەجەف دێنە پێش چاوی.
هەروەها ئەم ئەقڵە دەستەوەستان و بێ توانایە لە ئاست بەرهەمهێنانی مەعریفە و زانیندا، سەدەی بیستەم بەنمونە وەربگرین لە (۱۹۰۰ – ۲۰۰۰) و بەتایبەت نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە (۱۹٥۰ – ۲۰۰۰) دەبینین بەرهەمهێنانی مەعریفە لەو پەنجا ساڵەدا هێندەی بەرهەمهێنانی مەعریفە بووە لە ئادەمەوە هەتا (۱۹٥۰) هێندە بەبڕشت و زۆر بووە، پرسیاری من ئەوەیە ئێمە چیمان بەرهەمهێناوە لەم پێشکەوتنانەدا؟ چی پشکێکمان لەم پێشکەوتنانە بەردەکەوێت؟ لە هەمان کاتدا و لەسەدەی بیستەمدا (۳۰۰۰) شاعیرمان بەرهەمهێناوە، من باسی پێشکەوتن دەکەم هەم مەعریفی و هەم مرۆیی، ئەقڵی عەرەبی فێری بەرهەمهێنانی مەعریفە نەبووە، فێری ئەوە بووە ئەم تەکنەلۆژیایە چۆن دروستکراوە و چۆن بەکاردەهێنرێت، بەڵام خودی بەرهەمهێنانی مەعریفە نەخێر فێرنە بووە، هەرکەسێک بخوازێت فێری بەرهەمهێنانی مەعریفە بێت کۆچ بکات بۆنموونە لە میسرەوە بۆ یابان لەوێ فێری ئەقڵییەتی ئەوان بێت و وەک ئەوان بیربکاتەوە، بۆ ئەوەی بۆ خوێنەر ڕونبێت مەبەستم لە “بەرهەمهێنانی مەعریفە” چییە بریتییە لە “دۆزینەوەی یاساکانی گەردون”، دۆزینەوەی ئەو یاسایانەی کە گەردوونی ڕێکخستووە، دۆزینەوە نەوەک تەنها بەکارهێنانی وەک بەکاربەرێک، بۆ نمونە دۆزینەوەی گەردیلە، دۆزینەوەی شێرپەنجە، پێکوتەکان، نەوەک دوای ئەوەی ئەوانی تر دۆزییانەوە ئێمە فێربین، ئەم بەرهەمهێنانە پێویستی بە سیستمێک هەیە بۆ ئەوەی مەعریفە بەرهەمبهێنێت ئەم سیستمە لەلای ئێمە زۆر کۆنە و نوێگەری تێدا نییە.
ئەقڵی عەرەبی کۆمەڵێک گرفت و دەردی هەیە و یەکێک لەو گرفتانە ئەوەیە کە ئەقڵییەتێکی فیقهییە واتە بەرهەمهاتویەک یان بەرهەمێک بەکاربەرێت و پێش ئەوەی بپرسێت چۆن بەکاردێت و چۆن بەکارنایەت دەپرسێت ئەم بەرهەمە “حەرامە یان حەڵاڵ”، وە هەتا ئێستاکێش پشت بەو قسانە دەبەستین کە پێشین(سلف) گوتویانە وە دەمانەوێت لەم سەردەمەدا وەک سەردەمی ڕابردووی ئەوان بژین لەسەرەتای دەرکەوتنی ئیسلامدا، بێگومان بەم حاڵ و هزرەوە هیچ شتێک بەرهەمنایەت، ئەنیشتاین دەڵێت “گەمژەییە گومانت وابێت بە دووبارە کردنەوەی یەک شت شتێکی نوێ بدۆزیتەوە و بەرهەمبهێنیت”، لە هەمان کاتدا “ناتوانین چارەسەری گرفتێکی نوێ بکەین کە دەرەنجامی ڕەویە(منهج) بوە کە چارەسەری گرفتێکی کردووە و لێرەوە گرفتێکی نوێی دروست کردووە و ئەم گرفتە نوێیەش بە هەمان ڕەویە چارەسەر ناکرێت “، واتە بە هەمان پێودانگی مەنهەجێک ناتوانین گرفتێک و ئاریشەیەک چارەسەر بکەین کە گرفتی نوێی دروستکردووە، بەکورتی بۆ هەر هەنگاوێکی هزری و مەعریفی و بۆ هەر قۆناغێکی پێشکەوتن پێویستمان بە سیستمێکی مەعریفی نوێ، تایبەت بەو قۆناغە هەیە. بۆنمونە لە ڕابردوودا لە کێڵگەی زانستی فیزیادا دەگوترا کە جیهان دروستکراوی چوار پێکهاتە و ڕەگەزە (ئاو، هەوا، ئاگر، خۆڵ)، تێکڕای سرووشت لەم چوار ڕەگەزەوە سەرچاوەی گرتووە، لە سەردەمی خۆیدا ئەم بیرۆکەیە کۆمەڵێک گرفتی چارەسەر کرد، بەڵام کۆمەڵێک گرفتی دیکەی نوێی چارەسەر نەکراوی دروستکرد، دواتر پێماننایە نێو قۆناغێکی نوێوە و پێوەرە و پێودانگی نوێ دەرکەوتن و دەرکەوت نەخێر ڕەگەزی دیکە دەستی هەیە لە دروستکردنی سرووشت و بونەوەردا، کاتێکیش ئەم خاڵەمان بۆ ڕوون بووهوه کە سیستم و پێوەرێکی دیکەی باڵاترمان داهێنا کە توانی گرفت و مەتەڵ چارەسەر بکات، لەم نێوەندەدا گرنگی ئەم خاڵە ئەوەیە ” ئەگەر دەرەنجامەکان و سیستم و یاسای یەکەم ڕاست دەرچوو ئەوا ڕاستەوخۆ و خودکارانە هەنگاو دەنێت بۆ یاسای دوەم، سیستمی دووەم، سیستمی یەکەم پشگوێ ناخات و لە کەنار ناخات، بەڵکو کەڵەکەی دەکات و یەک لە دوای یەک کەڵەکە دەبن و هەریەکەیان گرفتی خۆی چارەسەر دەکات، عەرەب لەم کەڵەکەبووهی مەعریفی و یاسا و سیستمە مەعریفییەکانمان یەک لەسەر یەک نییە و پەیوەندی نییە بە ئەقڵی ناوەکیمانەوە(العقل الباطني)، بەڵکو پەیوەستە بە ئەقڵی بەدەستهاتوو یان ئەقڵی پێکهاتوومانەوە(العقل المكون). دەپرسن ستەم لە ڕەسەنێتی(الٲصالة) دەکەین لەسەر حسابی داهێنان و نوێخوازی و لە کاتێکدا هەموو نەتەوەیەک بە گرنگی و بایەخەوە لە ڕەسەنێتی خۆی دەڕوانێت؟ منیش لە وەڵامی ئەوان و هاوبیرەکانییانەوە دەڵێم “ڕەسەنێتییەکانی کۆمەڵگا پێکدێن لە کۆمەڵێک یاسا و دابونەریت کە بارامبەر و دژ ناوەستێتەوە لەگەڵ داهێناندا”، ئایا ڕەسەنێتییەکانی کۆمەڵگای بەریتانی دژ وەستاوەتەوە لەگەڵ داهێناندا؟ بێگومان نەخێر. بۆ نموونە:-
یەکەم: ئێستاکێ ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی میسر (۸۰) ملیۆن کەسە، کاتێک پێشەوا شافیعی هات بۆ میسر ژمارەی دانیشتوانی ئەوپەڕی (۲) ملیۆن کەس بووە ئایا مانای هەیە لە ساتەوەختی چونی شافیعییەوە هەتا ئێستاکێ کەسێک پەیدا نەبوە زاناتربێت لە شافیعی؟ چەندین سەدەیە زانکۆی ئەزهەر نەیتوانیوە زانایەک بەرهەمبهێنیت کە شافیعی تێپەڕێنێت.
دووەم: (ابن رشد) کەسێکی بەڕەچەڵەک عەرەب بوو و فەیلەسوفێک بوو کاریگەری لە هەزری ئەوروپا کرد، بەڵام کاریگەری نەبووە لەسەر هزری عەرەبی، چونکە بەژدار نەبووە لەدروستکردن و پێکهێنانی ئەقڵی عەرەبی، کاتێک بووژاندنەوە و ڕێنیسانسی ئەوروپی لەسەدەی (۱٦)دا پەیدابو توانییان (ابن رشد) تێبپەڕێنن و بیخەنە خانەی کەلەپورەوە و لەڕەفەی مێژووی فەلسەفەدا پۆلێنکراوە، بەڵام ئایا ئێمە تا هەنوکەش (غەزالی)مان تێپەڕاندووە؟ بێگومان نەخێر هەر دەیڵێینەوە و دەیڵێینەوە گرفتەکەش ئەوەیە کە هەتا ئێستا پشتی پێدەبەستین و لەسەر بنەماکانی وەستاوین، کەلەپورخوازان(الثرتيون) لە کۆنەوە هەتا ئێستاش دەڵێن: دەرگای کۆشش و لێکۆڵینەوە و وردبونەوە(ٳجتهاد) کراوەیە بۆ هەرکەس بخوازێت وردببێتەوە و توێژینەوە بکات، بەڵام من دەڵێم مەحاڵە داهێنان ڕوبدات بەبێ ئەوەی پیاچونەوە نەکەین بەوەی لە ڕابردودا بۆتە جێگیرەکان(ثوابت) لە کەلەپوری ڕۆشنبیریماندا، واتە بتەوێت لەسەر هەمان ئەو بنەمایانەی کە لە سەدەی (۲)ی کۆچیدا دانراون گرفتە نوێکانی خۆت چارەسەر بکەیت وە پێشت وابێت ئەمە ئەم بنەمایانە جیهانین ئەوە بە دڵنیاییەوە بێهودەییە و هیچ ئەنجام و کەڵکێکی نابێت، باسی ئیسلامێکمان بۆ دەکەن کە لە هەوا هەیە و لە واقیعدا نییە بۆنمونە دەڵێن: ئیسلام وایە و ئیسلام ئەوەیە و ئەمە هەڵەی موسڵمانانە و هەڵەی ئیسلام نییە واتە باسی ئایینێک دەکەن کە لە بۆشایدایە، هەر بۆخۆیان دەڵێن ئیسلام ئایینێکی جیهانییە، ببینین ئێستاکێ ژمارەی مرۆڤایەتی دەگاتە (۷) ملیار کەس کەچی کوا ئیسلام لە کوێی ئەم (۷) ملیار کەسەدا هەیە؟ ڕەحمەت و میهرەبانی پێغەمبەری مەزن لە کوێی گرۆی ئادەمیزاددا ڕەنگی داوەتەوە؟ ئایا لە نێو قورئاندا لێکۆڵینەوەمان کردووە بۆ بینین و چارەسەر کردنی گرفتەکامان؟ بێگومان نەخێر، لە کاتێکدا ئەمە پرسیارە گرنگەکەیە.
عەرەب شانازی دەکەن بە بەستنی کۆنگرەگەلێک لەمەڕ پەرچووی زانستی قورئانی پیرۆز، لە کاتێکدا ئەم کۆنگرەبەستن ئاهەنگانە لەکە و نەنگییە بۆ ئێمە، ئایا شورەیی نییە بۆ ئێمە کە خۆرئاوا ئەو بیردۆزە نوێیانە کە لە کتێبی خودا هەیە و خودا ئاماژەی بەوەکردوە کە پێویستە بگەڕێین و لێکۆڵینەوە بکەین وردببینەوە لە کتێبەکەیدا بەڵام دواجار خۆرئاوا بەوکارە هەڵدەستێت، بۆچی ئێمە ئەو بیدۆزانە نادۆزینەوە پەییان پێنابەین کە لە کتێبی خودادا هەیە و (۱٤۰۰) لەبەردەستماندایە. خاڵێکی دیکە هەیە کە پێمانوایە کە قورئان هەمو زانیارییەکی گەردوونی لە خۆدا هەڵگرتووە لە ئەزرەوە هەتا ئاسمان، ئایا گەڕان و توێژینەوەمان کردووە لە بیردۆزێکی مەعریفی لە قورئاندا کە بەو پێیەی ئەم بیردۆزە مەعریفییە مرۆییە ئەگەرلەسەر زەویدا جێبەجێمان کرد دەتوانین بچینە بۆشایی ئاسمان و بچینە ژێر قووڵایی دەریاوە و موشەک بهاوین و دەرمان دروست بکەین، باسی بیردۆزی مەعریفی مرۆیی دەکەم لە نێو قورئانی پیرۆزدا بە دیاریکراوی ئایا ئەم بیرۆدۆزەی تێدایە یاخود نا؟ دەبێت ئەوەش لەیاد نەکەین کە هەر فەلسەفەیەک بیردۆزی مەعریفی تێدا نەبێت فەلسەفە نییە، دەڵێن قورئان فەلسەفە نییە، بەڵکو کتێبی خودایە منیش لەوەڵامدا دەڵێم ئایا کتێبی خودا بانگهێشتی خەڵکی دەکات بۆ مەعریفە؟ ئایا کتێبی خودا مرۆڤ هەڵدەنێت بۆ زانین؟ بیگومان بەڵێ کتێبی خودا مرۆڤ بەرەو گەڕان و پشکنینی ورد هەڵدەنێت، ئایا قورئان ئاریشەکانی مەعریفەی چارەسەر کردوە لە دونیادا؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە ئایا ئەم جیهانەی دەروبەرمان جیهانێکی ڕاستەقینە(حقيقي)یە یان ئەندێشەییە(تصوري)؟ ئەمە پرسیاری فەلسەفەیە، ئەقڵییەتی سەلەفی دەڵێن مادام پێشین(سلف) پرسیارییان نەکردووە کەوایە تۆ بۆچی دەپرسیت، یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی ئەقڵی کۆگەلی ئەوەیە بڕوای وایە کە ڕەوڕەوەی مێژوو بەرەوە دواوە پێ هەڵدەگرێت و و ڕوەو دواوە مل دەنێت، واتە هەر سەدەیەک سەدەی پێشتر چاکتر و باشترە بۆنمونە گێڕانەوەیەک هەیە گوایە پێغەمبەری ئیسلام فەرمویەتی { خير ٲمتي القرن الذين يلوني، ثم الذين يلونهم، ثم الذين يلونهم، ثم يجيء قوم تسبق شهادة احدهم يمينه و يمينه شهادته }، ئەگەر ئەمە یاسا بێت کەواتە بۆچی گلەیی دەکەن ڕەخنە لە چی دەگرن، بەڵام ئەوە بزانن تەنها لەلای ئێوە مێژوو بەرەوە دواوە دەگەڕێتەوە.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە چۆن ئەم فەرمودەیە وەربگرین کە بە حساب باشترین سەدە سەدەی پێغەمبەر و پاشان سەدەی دوای ئەو و پاشان سەدەی دوای ئەو، بەکورتی سەدەکانی پێشین باشترین ناوازەترین سەدەن، بەڵام دەبێت ئاگاداربین کە گەورەترین کردەی ساختەکاری و فێڵکردن دژی پێغەمبەری مەزن لە سەدەی یەکەمدا ڕوویدا، گەورەترین کردەی ساختەچێتی ڕوویدا ئەویش بە دروستکردنی فەرمودەی ساختە و ناڕاست(الٲحاديث المزورة)، بەناوی پێغەمبەرەوە کە ژمارەی ئەو بەناو فەرمودانە گەیشتە ملیۆن، ئەمە کەی ڕوویدا لەسەدەی دە(۱۰)؟ نەخێر بەڵکو لەسەدەی یەکەمی کۆچیدا ڕوویدا، ئەم فەرمودە ساختە و هەڵبەستراوانە نە لە (چین و یابان)ەوە هاتوون و نە ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکی دروستی کردوون بەڵکو هەر ئەو کەسانە دروستیان کرد کە لەگەڵ پێغەمبەردابوون و ئەوانەشی کە لە دوای ئەو بوون کە بەحساب باشترین کەسانی نێو مێژوون، هەرئەوان ئەو لێشاوە بێشومارە بەناو فەرمودەیان هەڵبەست بەناوی پێغەمبەرەوە نەوەک کەسانی تر، ئەم ساختەکارییە لە فەرمودەدا بەو هۆیەوە درۆستبو کە پێیان وابو محەمەد خاوەنی دو سرووش(صاحب الوحيين)ە، یەکەمیان قورئان و دووەمیان سوننەتە، بەم جۆرش سوننەت چوە شوێنی قورئان و جێگرەوەی قورئان وە کارگەیشتە ئەوەی بڵێن ” قورئان زیاتر پێویستی بە سوننەتە وەک لەوەی سوننەت زیاتر پێویستی بە قورئان بێت “، واتە قورئان نوقسانە و کەمی هەیە و پێویستی بە فەرمودەیە بەڵام فەرمودە پێویستی بە قورئان نییە، (کارگەیشتە ئەوەی بڵێن بە سوننەت و فەرمودە دەتوانیت ئایەتی قورئان هەڵوەشێنیتەوە – وەرگێر).
بۆنمونە پێشەوا ئەحمەد نزیکەی (۳۰۰۰۰) فەرمودی بە فەرمودەی ڕاست جێگیر کردووە لە کۆی نزیکەی (۱۰۰۰۰۰۰) یەک ملیۆن فەرمودە کە لە بەردەستیدا بووە، هەروەها پێشەوا بوخاری (٦۰۰۰۰۰) فەرمودەی کۆکردۆتەوە و نزیکەی (٦۷۰۰) لێجیاکردۆتەوە و بە حساب ڕاستن، ئەم بەناو فەرمودانەی دانراون و هەڵبەستراونە لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا دانراون، ئێمە بۆچی لە وەڵامی ئەم پرسیارە هەڵبێین کە دەڵێت لە چ سەدەیەک و کێ ئەم فەرمودانەی دانا و هەڵبەستن؟ بێگومان لەلایەن ئەو خەڵکانەوە دانرا کە بە حساب باشترین خەڵک بوون لەسەدەی یەکەمی کۆچیدا، ئەوە گەورەترین ساختەچێتی بوو بەناو فەرمودە دژی پێغەمبەر گیرایەبەر، ئەم بەناو فەرموودانە لەسەردەمێکدا کۆکرانەوە کە دەسەڵاتداری ئەوکاتی موسوڵمانان دەسەڵاتدارێتی موسوڵمان بوو (ٲمیر المٶمنین) نەوەک دەسەڵاتدارێتییەکی نا موسوڵمان، چۆن دەگونجێت ئەم درۆهەڵبەستنە بە ناوی پێغەمبەرەوه سەربگرێت بە ئەنجام بگات و کەسیش نەبێت بیوەستێنێت؟ کەسیشمان نەبینی لەسەر ئەم دیاردەیە سزا بدرێت، دەپرسم ئایا دەسەڵات مافی دەستێوەردانی هەیە لەمەڕ ئەم بابەتە و پەیوەندی هەیە بەم بابەتەوە یاخود نا؟ وەکو گوتم ئەم بەناو فەرمودانە لە ژێر سایەی دەسەڵاتدارێتییەکی موسوڵماناندا دروستکراون نەوەک لە ژێر سێبەری دەسەڵاتێکی نا موسوڵمان و بێ باوهڕدا، بەڵام ڕاستی ئەم کردەیە ئەوەیە کە ئەم بەناو فەرمودانە دروستدەکران و دەگوتران بە هۆکاری ڕامیاری و ئابووری و دەبونە نمایندە و بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی موسوڵمان و هەروەها بۆ کەلوپەل و شمەک. ژمارەی ئەم بەناو فەرمودانەی کە لە سەردەمی ئومەوییەکاندا دانران گەیشتنە ملیۆنێک و وەگو گوتم لەبەرژەوەندی دەسەڵاتداراندا دەگوتران و دەنووسران، بۆنمونە: فەرمودەیەکی زۆر بڵاو و ناودار هەیە ئەویش فەرمودەی (دە کەسە مژدە پێدراوەکەی بەهەشت – العشرة المبشرين با الجنة)ە، کە لە سونەنی (الترمذي، ٲحمد، ابن ماجه)دا هاتون کە ئەم دە(۱۰) کەسەن:
۱. ابوبكر الصديق.
۲. عمر بن الخطاب.
۳. عثمان بن العفان.
٤. علی بن ابي طالب.
٥. طلحة بن عبيد الله.
٦. الزبير بن العوام.
۷. عبدالرحمن بن عوف.
٨. سعد بن ابي وقاص.
۹. ٲبو عبيد بن ٲلجراح.
۱۰. سعد بن زيد بن عمرو.
سەرنجی ئەم فەرمودەیە بدە دەبینیت هەر دە کەسە مژدە پێدراوەکەی بەهەشت قوڕەیشین(لە هۆزی قوڕەیشن) و یەک کەسی لە گرووپی سەرخەران(ٲنصار) تێدا نییە، هەڵبەتە لە دوای جەنگی (حنین) پێغەمبەر دەستکەوتەکانی جەنگی بەسەر هۆزی قوڕەیشدا دابەش کرد و (ٲنصار)کانی لێ بێبەش کرد واتە هەمو دەستکەوتەکانی جەنگی بەخشی بە خەڵکی مەککەو و کۆچکەران(المهاجرین)، وە بەم بێبەشکردنە کۆمەڵەی (ٲنصار) زۆر نیگەران بون و گوتییان ئێمە چۆن لە پشکی دەستکەوتی جەنگ بێبەش دەکرێین؟ بێمەوە سەر فەرمودەکە: تەواوی دە کەسە مژدە پێدراوەکە لە هۆزی قوڕەیشن و تەنها یەک سەرخەر(ٲنصار)ی تێدا نییە، ئایا کاتێک (ٲنصار)کان گوێیان لەم فەرمودەیە بووە و زانیویانە کە لە دە مژدە پێدراوەکە هیچ کەسێکی ئەوانی تێدا نییە ئایا بێدەنگ بون و هەڵوێستیان وەرنەگرتوە ؟ گرفتەکە لێرەدا بۆ گێرەرەوەی فەرمودەکە دەگەڕێتەوە و کێشەکە ئەو دروستی کردووە، دەپرسم چۆن دەگونجێت تەنها یەک کەسی (ٲنصار)ی لەو ناوانەدا نەبێت؟
یەکەم: (ٲنصار)کان لە بێبەشکرنییان لە دەستکەوتەکانی جەنگ نیگەرانی کردن،
دووەم: لەم فەرمودەیەشدا هەر بێبەشکراون و ناوی هیچ مژدە پێدراوێکی ئەوانی تێدا نییە، لە نێوان خاڵی یەکەم و دوەمدا بێگومان خاڵی دووەم گرنگترە بۆ (ٲنصار)کان، من گومانم لە پایەداری محەمەدی پەیامهێن نییە، بەڵکو گومانم لەو کەسانە هەیە کە ئەم فەرمودەیەیان دروستکردوە بە بیانوی بەرژەوەندییەکی تایبەتەوە، ئەم فەرمودەیە لە هیچکام لە دو ڕاستەکە(الصحيحين)ی (بوخاری و مسلم)دا نەهاتون وهەروەها شیعەی دوانزە ئیمامیش باوەڕ بەم فەرمودەیە ناکەن، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بوونی ئەم لێشاوە فەرمودەیە ئەوەیە کە بۆ بانگەشە و پڕوپاگەندە و شمەک بوە بۆنمونە گوتراوە: ” گوێم لە پێغەمبەری خودا بوە فەرمویەتی ئەم کارە وایە…. “، ” گوێم لە پێغەمەبەری خودا بوە فەرمویەتی ئەم خواردنە بەسودە “، “گوێم …. هتد “، فەرمودە هەڵبەستراوەکان بەم جۆرە دروستبون و دانران و گەیشتنە ملیۆن دانە، لەم نێوەندەدا خاڵێکی نامۆ هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە نێو لێشاوی کتێبەکانی فەرمودەدا و لە نێو سەدان هەزار فەرمودەدا تەنها یەک فەرمودە نادۆزیتەوە و ناخوێنیتەوە باسی (شکۆی ئازادی) بکات لە کاتێکدا چەندین فەرمودە هەیە کە باس لە (فەرزبونی گوێڕایەڵی بۆ سەرۆک و ڕابەر) دەکات، بۆنمونە ئەو فەرمودەیەی کە لە (مسلم)دا هاتوە و بە حساب پێغەمبەر فەرمویەتی (تسمع و تطيع للٲمير وٳن ضرب ظهرك و ٲخذ مالك فاسمع و ٲطع) واتە(گوێبگرە و ملکەچی ڕابەر و میر بە ئەگەر لە پشتیشی دایت و ماڵ و سامانیشی بردیت پێویستە هەر گوێڕادێر و ملکەچ بیت)، دەپرسم بۆچی هیچ فەرمودەیەک نییە باسی گرنگی ئازادی بکات، بەڵام فەرمودەمان هەیە باسی ملکەچبون و بێدەنگبوون دەکات؟ سەرنجبدەین دەبینین دڵسۆزی و پتەوکردنێکی ئێجگار گەورەی فەرمودە هەبووە بۆ دەسەڵاتداران، پرسیارێک هەیە دەڵێت: ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران و ڕابەر و ئەمیرەکان چ پەیوەندییەکی بە ئەقڵی عەرەبییەوە هەیە، کە پڕ ئاشکرایە ئێستاکێ ئەقڵی عەرەبی کراوەیە و بەئاگاهاتۆتەوە؟ لە وەڵامدا دەڵێم: دەرەنجامەکانی جەنگی ساڵی(۱۹٦۷) ئەوەی دەرخست کە پڕۆژەکانی ڕۆشنگەری لە وڵاتانی عەرەبیدا پێنەگەیوە و خیانەتی لە بەڵێنەکانی خۆی کردووە.
نووسینی: محەمەد شەحرور
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد