“لێکۆڵینەوەیەک لە توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی تیۆدۆر نۆڵدکە”
ئەم توێژینەوەیە بە زمانی ئەڵمانی لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی تیۆدۆر نۆڵدکە Theodor Noldekeلە ساڵی ١٨٩٨ لە سەردەمێکدا بڵاوکرایەوە کە هەزاران دەقی مێخیی، کە ئێستا لە مۆزەخانەکانی ئەوروپادان، هێشتا نە دۆزراونەتەوە و نە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و زانستی ئاشوورناسی کە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە لە دەقە مێخییەکانەوە هەبووە، هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدا بووە و بەو پێیە توێژەرەکە پشتی بەو سەرچاوانە بەستووە کە لەو کاتەدا لەبەردەستیدا بووە. لە ڕوانگەی گرنگییە زانستییە گەورەکەی ئەم باسە بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد، بەپێویستم زانی بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە دووبارە بیخوێنمەوە. بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی “نۆڵدکە” تێکەڵ نەکەم لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانم لەو بۆچوونانە، ناوی توێژەر نۆڵدکەم ڕاستەوخۆ دوای ئەو ڕا و بۆچوونانەی دانا کە لە وتارەکەیدا خستوویەتیە ڕوو، سەبارەت بەو سەرچاوانەی کە لە لێکۆڵینەوەی ئەم باسەدا پشتم پێیان بەستووە، ئەوە لە پەراوێزەکاندا ئاماژەم پێکردوون.
“نۆڵدکە” لێکۆڵینەوەکانی بە باسکردنی گەلی کۆردۆ دەست پێدەکات، کە لەلایەن مێژوونووسی یۆنانی زینۆفۆن لە ساڵی ٤٠١ی پێش زاییندا باسی لێوە کراوە، لە شوێنێکدا کە پێی دەوترێت “لەشکرکێشییە دە هەزارییەکە”. زینۆفۆن لە کتێبەکەیدا (ئەناپاسیس) باس لە کوردۆخیۆن دەکات “نۆڵدکە”، کە دانیان بە دەسەڵاتی هەم ئەرمەنەکان و هەم هەخامەنشییەکاندا نەناوە. هەر لەو هەڵمەتەدا سۆفانێتوسی Sophaenetus هاوڕێ جەنگاوەرەکەی ناوی گەلی کوردۆخی هێناوە و پێی وابووە کە دوا پاشگری (خی) پەیوەست بەو ناوەوە، نیشانەی کۆیە لە زمانی ئەرمەنیدا. دواتر ئەم ناوە لەلایەن نووسەرانی دیکەوە بەکارهێنراوە “نۆڵدکە”. ئەوەی نۆڵدکە باسی کردووە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناو لە حاڵەتی تاکدا گوردۆ یان کوردۆیە و زینۆفۆن ناوی کوردۆخییەکان لە ئەرمەنەکانەوە فێربووە. لە کاتێکدا، توێژەری نەمسایی شپایزەر Speiser ، پێچەوانەی ئەوەی نۆڵدکە باسی کردووە سەبارەت بە پاشگری (خی) و پێی وایە کە ڕەگی خووری هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەزارەی دووەمی پێش زایین، لانیکەم و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شێوەزارەکانی خووریدا بەکارهاتووە، وەک خۆی لە دەقەکانی خووریدا لە پایتەختی هیتییەکان، خاتووشا (لە ئێستادا بۆغازکۆیی Boğazköy)، دەربڕینی خاتو – خی Ḫattu-khi ، بە واتای شازادە هیتییەکان و لە دەقەکانی Tell el-Amarna تل العمارنة لە میسر، زاراوەی خورو – خی Ḫurru-Ḫe، بە واتای خووری، دەردەکەوێت بەردەوام باسی لێوە دەکرێت، هەروەها لە دەقەکانی شاری خووریی نووزی (12 کم لە باشووری کەرکووک) ئاماژە بەو زاراوەیە کراوە، کە بە شێوەی کۆ یان فرەیی بە کاشۆ – خی ناودەبرێن بە کاسییەکان (یان کاشییەکان).
نۆڵدکە زێدی سەرەکی کوردۆخەکان لە شاری بۆهتان (بۆتان)، ناوچەی نێوان ڕووباری دیجلە و بۆتان سو (کینتراتیس) و خابووری (بچووک/ فیش خابوور) دەسنیشان دەکات. نۆڵدکە و لە دوای ئەویش توێژەرانی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوی کوردۆخییەکان لە نووسینەکانی دواتری یۆنانی و نووسینەکانی ڕۆژهەڵاتناسەکان بە شێوەی دەستکاریکراوی ناوە ڕەسەنەکە هاتووە. کە نووسەرانی ئەسکەندەری مەکەدۆنی (وەک ئاریان، پلوتارخ، کورتیۆس و ئەوانی تر) لە دەستنووسەکانیاندا ناوەکەیان بە شێوەی کۆردیۆس Cordeos بەکارهێناوە، کە ڕەنگە لە گۆردیۆس و گۆردایۆسەوە Gordeos, Gordiaeos وەرگیرابێت و بەو پێیەی لەشکرەکانی ئەسکەندەر پێیان نەخستووەتە ناو وڵاتەکەوە، نۆڵدکە پێی وایە کە ڕەنگە ناوەکەیان لە دراوسێ سامییەکانیانەوە بیستبێت کە – وەک دواتر تێدەپەڕێت ئەوان یەکەم پیتی ناوەکە بە شێوەی (ق) دەڵێنەوە، کە لەلایەن یۆنانیەکان بە شێوەی (خی) دەخوێندێندرایەوە، کە بە تەواوی لەگەڵ دەنگی (ق) ناگونجێت و پیتی قاف بە شێوەی (گ) دەڵێنەوە. (نۆڵدکە). هاوشێوەی نۆڵدکە، مینۆرسکی دەڵێت: کاردۆخییەکان لە ڕۆژهەڵاتی بۆتان ژیاون و لە سەردەمی زینۆفۆن بەدواوە سەرچاوەکان بەردەوام ئاماژە بە نیشتەجێبوونیان دەکەن لە کەناری چەپی ڕووباری دیجلە، لە نزیک چیای جوودی (نزیکەی ١٥ کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی جزیرەی بۆتان)، کە ناوی ناوچەی بۆتان لە سەرچاوە ئارامییەکان لە شێوەی “بێث قاردۆ” یان بێث کاردۆ هاتووە. مینۆرسکی دەشڵێت سەرەتای دەستپێکردن بە پیتی (ک) لە ناوەکەدا (وەک لە کۆردوینیدا) هاتووە دەگەڕێتەوە بۆ سەختیی گۆکردنی پیتی (ق) لەلایەن نووسەرانی کلاسیکەوە. نۆڵدکە پێی وایە دەزانێت کە لێکچوون لەگەڵ ناو و ناوی یۆنانی لە ئاسیای بچووکدا گۆردیۆز، گۆردیاز، گۆردۆس، گۆردویۆن Gordioz, Gordiaz, Gordoz, Gorduion) کە بە باشی لەلایەن یۆنانییەکانەوە ناسراو بوون، کە زۆر وریا نەبوون لەم جۆرە بابەتانەدا، بووە هۆی ئەوەی ناوەکە بەم شێوەیە دەربکەوێت (واتە کۆردیۆس Cordeos) (ئەو فۆرمەی هەیە لەلایەن هێکاتایۆسەوە Hecataeus بەکارهاتووە کە ڕەنگە لە ستیفانیۆسەوە وەریگرتبێت). دەشڵێت، زاراوەی گۆرد Gordلە سەردەمی هێلینیستی و سەرەتای سەردەمی ڕۆمانیدا بە شێوەیەکی باو بەکارهاتووە، لە هەواڵەکاندا سەبارەت بە شەڕی فەرماندەی ڕۆمانی لوکوللۆس و پۆمپیۆسی جێنشینی، کە لەو ماوەیەدا ڕۆمانەکان بۆ یەکەمجار بەرکەوتنیان لەگەڵ ناوچەکەدا هەبووە، ناوی وڵاتی کۆردۆینی و دانیشتوانی کۆردۆینی باسکراوە.
نەخشەیەک کە ئاماژەیە بۆ ئەو مەملەکەتانەی پەیوەست بوون بە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانییەوە لە ساڵی ٣١ی پێش زاییندا و تێیدا سترابۆ Strabo فۆرمی گۆردیای Gordyiaei و گۆردیایۆس Gordyaius بەکاردەهێنێت، ناوی وڵات و خەڵکەکە بە گۆردوزی Gorduz کوڕی تریپتۆلیموس Triptolimus دەبەستێتەوە. هەروەها ئەرمەنەکان ناوچەی بۆتانیشیان بە کۆردوز ناودەبرد. ناوەکە لای ستێف Steph بە شێوەی کوردواز (بۆ وەسفکردنی وڵات) و کوردوەی دەردەکەوێت، هەروەها لەگەڵ پاشگری (خی) بۆ کۆی (کوردۆخی). بەڵام ناوەکە بە وردی لەلایەن قەشە بابلییەکەی بێرۆسۆس Berossus(کە لە سەرەتای سەدەی سێیەمی پێش زایین ژیاوە) ئاماژەی پێکراوە، کە ئیشارەتە بۆ ئەوەی کەشتیی پاڵەوانی لافاوەکە لەسەر چیای کۆردۆین Corduen وەستابوو. سەرەڕای فرەیی شێواز و فۆرمەکان کە دەرکەوتنی ناوەکەیان تێدا هاتووە، ئەم شێوە یان فۆرمولەیەی کە بێرۆسۆس باسی کردووە چەسپاوە (نۆڵدکە). بەڵام پێدەچێت فۆرمولەی کاردۆخی لەگەڵ ناوی نوێی کۆردۆینی لە بەکارهێناندا مابێتەوە، بۆ نموونە نووسەری ڕۆمانی دیۆدۆرۆسی سیکولۆس Diodorus Siculus کە لە سەدەی یەکەمی پێش زاییندا ژیاوە ناوی چیاکانی کۆردۆخییان لە بەشی باکووری زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدایە، واتە ناوچەی کۆردۆینی کە سترابۆ باسی کردووە.
مێژوونووسی جوولەکە جۆزێفوس فلاڤیوس Josephus Flavius (٣٧ – ١٠٠ ز) کە لە سەردەمی ڕۆماندا لە قودس ژیاوە، باس لە کەشتییەکەی نووح دەکات کە لەسەر چیاکانی کۆردیاییان Cordyaeans جێگیر بووە و چۆن خەڵک قیریان لە دارەکانی کەشتییەکە دەرهێناوە و وەک نووشتە بەکاریانهێناوە بۆ پاراستنیان لە دەرد و بەڵا. هەرچەندە لە نەریتەکانی میزۆپۆتامیادا ئەوە جێگیر بووە کە ئەفسانەی لافاوەکە (لە داستانی سۆمەری گیلگامێشدا) پەیوەستە بە چیای نیموشەوە Nimuš کە لەلایەن خەڵکی (لۆلۆبییەکانی) دانیشتووی ناوچەکەوە بە کینیبا Kiniba ناودەبرا و ئەو شاخەیە کە لە ئێستادا پێی دەوترێت شاخی پیرەمەگروون Shakh-i Pir-a Magrun، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە لە کوردستانی ئێراق. شاخەکە لە وەرگێڕانی ئارامیی کتێبی پیرۆز (تەرگوم یان تەرجوم)دا هاتووە، کە ئۆنکێلۆس Onkelos وەریگێڕاوە، بە شێوەی قردو هاتووە و ئەو فۆرمەیە کەوا لە وەرگێڕانی عەرەبیشدا دۆزراوەتەوە. سەبارەت بە وەرگێڕانی ئارامیی کتێبی پیرۆز کە بە ئۆرشەلیمی ناسراوە و هەروەها لە کتێبی پیرۆزی سابیئە مەنداییەکاندا (گنزا ڕەبا)، ناوی شاخەکە بە شێوەی قردون هاتووە و ئەمەش بەپێی بۆچوونی درایڤەری ڕۆژهەڵاتناسی ئینگلیزی، دەنگدانەوەی فۆرمولەی کاردینۆسە Kardynos کە لەلایەن دیۆ کاسیۆسەوە Dio Cassius باسکراوە. ناوی وڵاتەکە لە وەرگێڕانەکانی پەیمانی کۆندا بە شێوەی قەردۆ هاتووە و دانیشتوانەکەی بە قەرداوای قەرداوایا Qardawayyā ناودەبرێن و ناوەکەش جارێک لە شێوەی قەردۆدا هاتووە.
لە سەدەی یەکەمی زایینیدا، ناوەکە بە شێوەی کۆردو، کۆردی، لەو سەردەمەدا هاتووە کە ڕۆمانەکان زیاتر ئاشنای ئەو وڵاتە بوون، هەروەک ناوەکە لەلای سالوست بە شێوەی کوردۆینۆس هاتووە. پلینی Plinius (٢٣ – ٧٩ ز) باسی کۆردۆینی کردووە و بە کۆردۆخی پێشوو (نۆڵدکە) وەسفی کردووە، کە لەلایەن سترابۆشەوە پشتڕاست کراوەتەوە و نووسەر “پلینی” شوێنی هۆزەکانی کۆردۆینی لە ناوچەکانی هەردوو زاب یان زێی سەرەوە و خوارەوە دیاری کردووە. هەروەها کۆردۆینی لەلایەن مێژوونووسی ڕۆمانی ئەمیانۆس مارسێلینۆسەوە هاتووە کە لە ساڵی ٤٠٠ی زایینیدا کۆچی دوایی کردووە، هەروەها لەلایەن قەشە و مێژوونووس مەشیخا زخا (سەدەی شەشەمی زایینی) ناوی هاتووە، کە باسی لە ڕاپەڕینی ناوچەی کۆردۆینی کردووە دژ بە ساسانییەکان و ناوەکەی بە شێوەی قەردو تۆمار کردووە. ناوەکە بە شێوەی تر لەلایەن نووسەر بێلینییەوە ئاماژەی پێکراوە کە بریتییە لە کۆردیاییس Cordiaeis و کۆردیایروم Cordiaeorum. لە کاتێکدا ناوەکە لەلایەن دیۆ کاسیۆسەوە بە شێوەی کۆردۆناوی ئاماژەی پێکراوە. ئەم فۆرمەی کە پیتی نون بەکاردەهێنێت دواتر لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە بەکارهێنراوە، هەروەک دواتر باسی دەکەین.
ئامیان بە زانیارییەکی زۆرەوە نووسیوێتی کۆردۆینا، کە فۆرمی کۆردوام و کۆردوانای لە ناویدا دەرناکەوێت، لە کاتێکدا ناوەکە لە هاوڕێ چەکدارەکەیدا یۆترۆپ Eutrop بە فۆرمی کۆردۆینی دەردەکەوێت، هاوەڵەکەی دیکەی زۆسیموس ناوەکەی لە فۆرمەکەدا نووسیوە کۆردۆنی Cordonei و هەمان فۆرم لای چەندین نووسەری دیکەی سەردەمی دیۆکلیتیاندا دەردەکەوێت. ناوەکە لە سەرچاوەیەکی تردا (Notitia) بە شێوەی کاردوێنی و کۆردوێنی Cardueni، Cordueni هاتووە. لە دەقێکی جوگرافیدا، ناوەکە لە شێوەی کۆردۆینادا هاتووە و ڕەنگە دوا فۆرم لەلایەن فیلۆستۆرجیۆس Philostorgius زانای ئایینی کەنیسەی بەکارهێنرابێت (نۆڵدکە).
ناوی کۆردۆینی لەلایەن مێژوونووسی کەنیسە، یوسبیۆسی قەیسەری (٢٦٣ – ٣٤٠ زایینی) بە شێوەی کۆردوای Korduae ئاماژەی پێکراوە. مەترانی سلوقیە کتێسیفۆن Ctesiphon (٤١٠ی زایینی) باسی قەشەکانی باکووری میزۆپۆتامیا دەکات، لەنێویاندا قەشەی کاردۆینی، لە سەرەتای سەدەی شەشەمدا (490 – 510 ز) مێژوونووس و دیپلۆماتکاری ڕۆمانی یۆسیموس ناوەکەی بە کاردۆینا هێناوە. پیترۆس پاتریکیۆس کە لە نێوان ساڵانی ٥٠٠ – ٥٦٥ی زایینیدا ژیاوە، ناوەکە بە شێوەی کاردەنێ، کاردوینی، کاردوێنۆی باس دەکات. وا دەردەکەوێت، لەڕێگەی ئەوەی “نۆڵدکە” باسی کردوە، زۆر ناو هەیە کە بە کوردۆخییەکان نراوە، ئەم جیاوازییە هەندێکجار بە گوتەی درایڤەر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گرنگیدان و کەمتەرخەمی لەلایەن کتێبنووسەکانەوە و درایڤەر ئەوەش دەڵێت:- کەوا فۆرمە جیاوازەکانی ناوەکە (کە گەیشتووەتە ٢٢ فۆرم)، کە لەلایەن کتێبنووسەکانەوە لە نێوان سەدەی یەکەمی پێش زاییندا پێنجەمی زایینیدا باسکراون، هەموویان بە وشەی کارد، کۆرد یان گۆرد دەست پێدەکەن و هەموویان ئاماژە بە کورد دەکەن. هەروەها توێژەر فلێچەر Fletcher لە پێش توێژەر درایڤەردا ئاماژەی بە لێکچوونێکی ڕوونی نێوان وشەی کورد و گۆرد و گۆردیائۆروم کردووە و ئەم جیاوازییە بچووکە، بە بۆچوونی ئەو، دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی پیتی (گ) لە زمانە سامییەکان بۆ پیتی (ک). وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەو چیایەی پەیوەستە بە چیرۆکی لافاوەکەوە، لەلایەن قەشەی بابلی “بێرۆسۆس” ناوی لێنراوە چیای کوردۆ و بەپێی ئەوە و بەگوێرەی نەریتی کۆنی جوولەکەکان و نەریتی سریان خاکی ئاراراتیش دەگرێتەوە کە کەشتییەکەی نووحی تێدایە نیشتووەتەوە و بە شێوەی قەردی باسی لێوە کراوە و ناوەکەش هەندێک جار لە شێوەی قەردیوەی و قەردیوە و قەردین هاتووە، بەڵام فۆم و شێوەی ئاشنا قەردۆ یان قاردۆیە (دەقەکان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ٤٢٣، ٥٥٣، ٦٠٥ زایینی)، و لە نووسینە سریانییەکاندا بە زۆری دەردەکەوێت (وڵاتەکە ئەبرەشیە یان ئەپستۆریای نەستۆری بووە) و تا سەدەکانی ناوەڕاست لە نووسینە ئارامییەکاندا بەکارهێنراوە و ماوەتەوە.
قەردۆ لە تۆمارە کۆنەکاندا بە “ماری” ناسراوە و سەر بەو ئەپستۆریایەن کە کڵێساکانی لە ناوچەی دیجلە دامەزراندووە و دەقەکان زۆر جار باس لە دروستکردنی دێریک دەکەن لەسەر لوتکەی چیای قەردۆ بۆ بەزیندوو ڕاگرتنی بۆنە و یادی لەنگەرگرتنی کەشتییەکەی نووح. بۆ نموونە لە کتێبی نووسەر دیۆنیسیۆسی تەلمەهری (سەدەی هەشتەمی زایینی) و لە کەتەلۆگی Rosen und Forshall باسکراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٤٤ی زایینی (نۆڵدکە). لە لێدوانێکدا لەسەر ئەوەی کە نۆڵدکە باسی کردووە، لێرەدا بەسوودە ئاماژە بەوە بکەین کە زاراوەی ئارارات کە لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی پێکراوە، بەڵام ئەم ئاماژەیە بۆ لووتکە شاخێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ وڵاتی ئۆرارتۆی شاخاوی شاخاوی (سیفری دروستبوون یان پەیدابوون ٨ : ٤) و دەڵێت کەوا کەشتییەکە “لەسەر شاخەکانی ئارارات لەنگەری گرتووە” بە واتای چیاکانی مەملەکەتی ئۆرارتۆ، کە دەکەوێتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئاشوور و ناوەندەکەی لە ناوچەی وان بووە. جێگای سەرنجە کە ئویتیکیۆسی Eutychius پاتریارکی ئەسکەندەرییە (لە سەدەی ١٠ی زایینی) باس لەوە دەکات کەوا کەشتیی نوح لەسەر چیاکانی ئارارات نیشتووەتەوە و بە چیای جودی لە نزیک مووسڵ دەسنیشانی دەکات (مەودای ١٣٠ کم).
گەڕیدەی جوو بنیامین ڤۆن تودێلای Benjamin of Tudela، کە لە سەدەی دوانزەهەمدا سەردانی ڕۆژهەڵاتى کردووە، باس لەوە دەکات کە دوو ڕۆژ گەشتى کردووە بۆ جەزیرەی ئیبن عومەر، کە دوورگەیەکە لە ناو ڕووباری دیجلە لە دامێنی چیای ئاراراتدا، کەوا کەشتییەکەی نووح لەوێ لەنگەری گرتووە. واتە ناوی ئاراراتی لە چیای جوودیی ناوە. سەرچاوە مێژووییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەستۆرییەکان چەندین دێریان لە دەوروبەری چیای جوودی دروستکردووە، لەنێویاندا دێرێک لەسەر لووتکەکەی بە ناوی کەشتیی نووح پێغەمبەرەوە (دێری کەشتی). ناوی ئەم دێرە لە سەرچاوە عەرەبییەکانیشدا هاتووە و لە ساڵی ٧٦٦ی زایینیدا هەورەبرووسکە ئەم دێرەی ڕووخاندووە و دوای ئەوە موسڵمانەکان مزگەوتێکیان لە شوێنەکەیدا دروستکردووە. لە ساڵی ١٩١٠ خانمە دیپلۆماتکاری بەریتانی، گێرتروود بێڵ Gertrude Bell، بە ناوچەکەدا گەڕا و ڕایگەیاند کە لە چواردەی ئەیلوولی هەموو ساڵێکدا مەسیحی، جوو، موسڵمان، سابیئە و ئێزیدییەکان لەسەر شاخەکە کۆدەبنەوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی قوربانیدانی نووح. ئەم نموونانەی کە ئاماژەمان پێکردووە بە شێوەیەکی لۆژیکی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا ئەو شاخەی پەیوەندیی بە چیرۆکی لافاوەکەوە هەیە، چیای جوودییە و لە گێڕانەوە ئیسلامییەکانیشدا باسی هاتووە. نۆڵدکە و هەروەها مینۆرسکی باس لەوە دەکەن کە جزیرەی بۆتان بەشێک بووە لە وڵاتی قوردۆ و بە ناوی جزیرەی قوردۆوە هاتووە و فرە جاریش لەسەر ناحیەی بەیت بازبیدی ئەژمار دەکرا کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای دیجلەوە. ناوی جزیرەکەش بەهەمان شێوە هاتووە، واتە (قوردۆ)، لەلایەن مێژوونووسی سریانی بار هیبرایۆسەوە (إبن العبری) و لە “مێژووی کەنیسەکان” و لە دەستنووسێکیشدا هاتووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٣١ (نۆڵدکە).
سەرەڕای ئەوەی کە نۆڵدکە باسی کردووە، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئیبن ئەلعیبری بێجگە لە شێوازی قەردۆ، لە کاتی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ٦٨٦ی زایینیدا، لە کتێبەکەیدا “مێژووی چەرخ و سەردەم – تاریخ الزمان” شێوەی کاردوی Kardu بەکارهێناوە و تێیدا ئیبن ئەلعیبری باس لەوە دەکات کە محەمەد شازادەی جزیرەی کاردو هێرشی کردووەتە سەر ڕۆمەکان لە کەپادۆکیا و شکستی پێهێناون لە نزیکی قەیسەری. هەروەها شێوازی کاردۆ / گاردۆ لە دۆسێ و فایلەکانی شەهیدانی فارسیشدا دەردەکەوێت. تێبینیی دەکرێت کە دەقەکانی دواتر باس لە شێوە یان فۆرمولەی (کارد -کاردۆ) کراوە بۆ ئاماژەکردن بەو ناوچەیەی کە کورد لەو سەردەمەدا تێیدا نیشتەجێ بووە، بۆ نموونە گەڕیدەی ئیتاڵی مارکۆ پۆڵۆ (١٢٥٤ – ١٣٢٤ ز) کە بە ناوچەکەدا تێپەڕیوە ناوی کوردی بە شێوەی کارد هێناوە. ناوی جزیرەی کاردۆ لە نووسینە ئارامییەکانیشدا هاتووە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٦ – ١٧.
نۆڵدکە نموونەی دیکە سەبارەت بە وڵاتی قەردۆ و چیاکانی قەردۆ باس دەکات، لەوانە ئەوەی لە کتێبی مێژووی شەهید گیوارگیس Giwargis (سەدەی حەوتەمی زایینی) و تۆماس ئەلمەرگە Thomas Almargā (سەدەی ١٠ی زایینی)دا ئاماژەی پێکراوە، هەروەها دەستنووسێکی عەرەبی وەرگێڕانی “ئەشکەوتی گەنجینەی” کە تێیدا زاراوەی قەردۆ لە شێوەی قەردوە و قەردا دەردەکەوێت. بە گوتەی نۆڵدکە، عەرەبەکان دوای داگیرکردنی ناوچەکەیان لە ساڵی ٦٤٠ی زایینیدا بەو ناوە ئاشنا بوون (البلادەری ١٧٦٥ و ئەلتەبەری لە ساڵی ٧٩٠، و جوگرافیناسانی سەدەی ٩ – ١٠ وەک ئیبن الفقیە، ئیبن ڕستە و ئیبن خوردازبە و ئەلمەسعووودی و ئیبن حەوقەل و یاقوت الحموی)، بە تایبەتی لە کتێبی إبن الأثیر لە کاتی قسەکردن لەسەر ڕووداوەکانی سەدەی چوارەمی کۆچیدا ئاماژەی پێکراوە. “نۆڵدکە” ئاماژە بەوە دەکات کە مێژوونووسی ئەرمەنی موسا خورێناتسی Moses Khorenatsi (لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا ژیاوە) باسی کۆردوخی Kordûx کردووە (لە سەدەی حەوتەمدا)، کە لە بەرامبەردا ڕەنگە پشتی بە کتێبی پەتڵیمۆس Ptolemaeus بەستبێت. پاشان دەڵێت کەوا ڕەنگە کاردو ناوێک بووبێت بۆ عەشیرەتێک و دواتر ناوەکە ئاماژەی بە وڵاتەکە کردبێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر شوێنەواری ئەم ناوە لە نێو عەشیرەتە کورد یان ئەرمەنییەکاندا نادۆزینەوە. وەک بەڵگەیەک بۆ بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، لە کۆپیی سریانیی کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی پێکراوە، جگە لەوەش وا هاتووە کە سەر بە ناوی کەنیسەیی بێت (نۆڵدکە).
لە کاتێکدا توێژەری ئەرمەنی “ئاساتریان” باس لەوە دەکات کە ئەرمەنییەکان پێیان دەگوت کۆردوک Korduk، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەرمەنییەکان لە یەک کاتدا شێوە و فۆرمولەی کۆردوک و کۆردوکیان بەکارهێناوە. جگە لەوەی کە “نۆڵدکە” سەبارەت بە چیای کاردۆ باسی کردووە، لە پەراوێزدا باسی بەستنەوەی قورئان و سەرچاوە ئیسلامییەکان دەکات بۆ چیرۆکی لافاوەکە بە چیای جوودییەوە (کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی جەزیرەی بۆتان)، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کەوا نۆڵدکە زۆر لەسەر ئەو بابەتە نەوەستاوە، بەتایبەتی کە هەندێک سەرچاوە بەڕاشکاوی ئاماژە بەوە دەکەن کە چیای جوودی و جەزیرەی بۆتان لە وڵاتی کوردانن.
لێرەوە بەو شتە دەست پێدەکەم بە ژیاننامەی “مار قەرداغ” ناسراوە، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە سەردەمی شای ساسانی خوسرەوی دووەم (٥٩٠ – ٦٢٨)دا نووسراوەتەوە، بەڵام پاڵەوانی داستانی قەرداغ لە سەردەمی شاپووری دووەمدا ژیاوە ٣٠٩ – ٣٧٩ کە بە جێگری خۆی (میرزەبان) دایمەزراندووە لەو ناوچەیەی لە شاری نوسەیبینەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دیالە (تۆرمەرا). لە دەقی ژیاننامەکەدا باس لە ئۆدیشۆی پیاوانی ئایینی مەسیحی دەکرێت، کە پێشتر بنەماڵەکەی لە گوندی خاززا کە ١٢ کم لە باشووری هەولێرەوەیە نیشتەجێ بوون، دواتر لەلایەن بتپەرستەکانەوە لە گوندەکە دەرکراون، بە هۆی پابەندبوونیان بە ئایینی مەسیحییەوە، لەبەر ئەوە بنەماڵەکە بڕیاریان دا بچنە “گوندی هەشتا لە وڵاتی کوردان”، کە دەکەوتە دامێنی چیای جوودییەوە. لە شوێنێکی تری هەمان ژیاننامەدا، نووسەر باس لەوە دەکات کە مار قەرداغ گەیشتووەتە “خاکی کورد” و کاتێ چاوی هەڵبڕیوە تەماشای کردووە وا ئۆردووگای گەورەی دوژمنەکانی لێیە (واتە ڕۆمانەکان و غەسانییەکان لەوێن) و لە کەناری ڕووباری خابور خێوەتیان هەڵداوە (لێرەدا مەبەست خابووری دیجلەیە یان ئەوەی بە فیشخابوور ناسراوە)، بۆیە قەرداغ هێرشی کردە سەریان و شکستی پێهێنان. واتە دەقەکە ئاماژە بە ناوچەیەکی نزیک شاری زاخۆی ئێستا دەکات کە دەکەوێتە باشووری جەزیرەی بۆتانەوە و ئێرە و ناوچەکانی دەوروبەری قەڵایەکی مێژوویی کورد بوون، بەتایبەتی عەشیرەتی بەختی، کە ناوەکەیان لەلایەن بەشێک لە مێژوونووسانی موسڵمانەوە بە شێوەی ڕەسەنی خۆی هاتووە، لەوانە یاقوت الحموی، کە قەڵای گەردقیل/ حێزدقیل (گورگیل Gurgil) وەک ناوەندی سەرەکییان لەقەڵەم دەدا. بوختی یان بوختو ناوێکی زۆر کۆنە و ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زایین. لانی کەم مێژوونووسی یۆنانی هیرۆدۆت ٤٢٥ – ٤٨٥ پێش زایین) لە ناوچەیەکدا بە ناوی پێختویخ Pekhtuikh کردووە و دەڵێت کەوا دەکەوێتە ناو ساتراپی (ویلایەتی) سێزدەهەمی دەوڵەتی هەخامەنشییەکان (559 – 331 پێش زایین). نۆڵدکە پێی وایە و کیپەرتیش پشتگیری لێ دەکات، کە بەختویخەکان پەیوەندییان لەگەڵ بۆتانی ئێستا هەیە و بەختیییەکان ئەو کەسانەن کە هێرۆدۆت باسی کردوون کاتێک باسی ئەرمەنییەکان دەکات، لە لایەکی ترەوە. بەڵام مارتن هارتمانMartin Hartmann گومانی لەم بۆچوونە هەیە بە پشتبەستن بە جیاوازی گۆکردن لە کاتێکدا کەوا بەدلیسی باس و خواسیکی تر دەگێڕێتەوە کە لە ناو کورددا باو بووە: «هەموو گەلانی کورد لە بنەماڵەی بیجنی – بشنۆ و بوخت – بۆتانن».
هەموو ئەو شتانەی کە تازە باسمان کرد، بەبێ گوێدانە ئەو ناوە جیاوازانەی کە جەزیرە بەو ناوە ناسراوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناوی جەزیرەی بۆهتان/ بۆتان پەیوەستە بە کوردەوە، و ئەم بابەتەش بەو شتانە پشتڕاست دەکرێتەوە کە لەلایەن مێژوونووس عیززەدین ئیبن شەدداد (١٢٨٥ کۆچی دوایی کردووە) بە گێڕانەوەی ئیبنولوازیح – إبن الواضح (پێدەچێت لە ساڵی ٨٩٨ یان ٩٠٥ی زایینی کۆچی دوایی کردبێت). ”ئاماژە بەوە دەکات کەوا جزیرەی بۆتان پێش ئەوەی ئیبن عومەر بیگاتێ و بە ناوی ئەمەوە بلکێت بە جەزیرەی کورد ناسرابوو، هەڵبەت ئەمەش وەرگێڕانی عەرەبیی جەزیرەی دۆگاردۆیە کە پێشتر باسیان هاتووە. بەڵام سەبارەت بەو چیایەی کە پەیوەنیدارە بە چیرۆکی لافاوەکەوە و لەلایەن بێرۆسوسی Berossus کاهینی بابلییەوە بە شێوەی چیای کۆردوین باسی کردووە، شوێنەکەی لەلایەن مێژوونووسی یۆنانی سترابۆوە لە نێوان دیاربەکر و مووشدا دیاری کراوە، واتە لە وڵاتی گۆردۆینی Gordyene کە ناوەندەکەی دیاربەکر بووە، وەک لە سەرەوە باسمان کرد. هەروەها هەندێک سەرچاوەی مەسیحی باس لە چیای کۆردۆین (قاردۆی سریانی و کاردۆخی ئەرمەنی) دەکەن، بەپێی وەرگێڕانە ئارامییەکانی کتێبی پیرۆز، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاریگەریی ڕوونی نەریتی بابلی و گەڕانەوە بۆ گێڕانەوەکانی بێرۆسوس. وەک تازە ئاماژەمان پێدا، عەرەبەکان لە ساڵی ٦٤٠ی زایینیدا کاتێک کە ناوچەی بۆتانیان داگیرکرد، لە مەسیحییەکانەوە ئاگاداری ئەو ناوە بوون و چیای قەردۆیان بە ناوی جوودی ناوبرد کە لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە.
توێژەر هەن، وەک سترێک Streck و هالۆ Hallo کە پێیان وایە ناوی جوودی لە ناوی گووتییەوە Guti وەرگیراوە، کە یەکێکە لە گەلە کۆنەکانی کوردستان و لە سەرچاوەکاندا تا سەردەمی سلووقییەکان باسی لێوە کراوە. سەرەڕای لێکچوونی فۆرمولەی جوودی لەگەڵ گووتی، بەڵام من ڕاستی و دروستیی بۆچوونی ئەو دوو توێژەرە بە دوور دەزانم، چونکە سەرچاوە مێژووییەکان باس لە درێژبوونەوەی گووتی بۆ ئەو ناوچەیە ناکەن. نزیکترینیان لە ڕاستییەوە، بەڕای من ئەوەیە کە زاراوەی جوودی زیاتر لە گۆردۆیین یان گۆردییەوە وەرگیراوە، بەو پێیەی عەرەبەکان پیتی یەکەمیان بە پیتی (ج) گۆڕیوە و پیتی (ڕ)یان لە دوای بزوێنی (ئۆ) سڕیوەتەوە تا لەگەڵ گۆکردنی عەرەبیدا بگونجێت و بەم شێوەیە ناوی گۆردی گۆڕاوە بۆ جوودی و ئەوەی ئەم بیرۆکەیە بەهێزتر دەکات ئەوەیە کە یاقووت ئەلحەمەوی ئاماژە بەوە دەکات کەوا ناوی جوودی سەرچاوەی عەرەبیی نییە، بەڵکو وەرگرتنە لە تەورات و لێرەدا بە دڵنیاییەوە مەبەستی نووسراوەکانی جوولەکە و سریانییە. ئەوەی جێگای سەرنجە، مێژوونووسی ئینسایکلۆپیدی فەزلوڵڵا ئەلعومەری کە لە سەدەی چواردەهەمی زایینی (١٣٠١ – ١٣٤٩ی زایینی) ژیاوە، جەبەل ئەلجوودی بە “چیای کوردان” ناودەبات بە واتای چیای کۆردۆین. ئەم ناوانە کە هەموومان باسمان کرد بە ڕوونی ئاماژەن بۆ ئەوەی ناوی کوردۆ ئاماژەیە بۆ کورد.
دوای خستنەڕووی بۆچوونەکانی نۆڵدکە و سەرنجدان لەسەریان، ئاماژە بەوە دەکەین کە نۆڵدکە نکووڵی لە بوونی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کورد و کوردۆخییەکان دەکات، بەڵکوو پێی وایە کورد نەوەی ئەو کورتییانەن کە سەرچاوە کلاسیکییەکان باسیان کردووە:-
ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت: پێشتر لە لایەن توێژەران کیپەرت Kiepert و لێهربوخ Lehrbuch، بە خۆمیشەوە، وا لەقەڵەم دەدرا کە دەستەواژەی کوردۆخ شێوە و فۆرمێکە لە ناوی کورد. لە ئێستادا توێژەر هارتمان Hartmann بە لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر بۆتان باوەڕی وایە کە ناوی کوردۆخ گوزارشت لە سیفەت و تایبەتمەندیی کورد ناکات و ئەمە ئەو بۆچوونەیە کە منیش لە ئێستادا باوەڕم پێیەتی. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی پیتەکان لە دوو شێوەکەی (کۆرد و کارد)دا، بەڵکوو گرنگترین شت ئەوەیە کە کۆتا ژمارە ئاماژەیە بۆ ڕووبەرێکی دیاریکراو کە ڕووبەرەکەی زۆر گەورە نییە. بەم جۆرە هەم سریانی و هەم عەرەب ناوی قەردۆ و قەردە لەپاڵ ناوی باوی بەربڵاوتری کورد بەکاردێنن، بەبێ ئەوەی هەرگیز لێیان تێکچووبێت. کورد لە وشەی کۆنتری کورتەوە وەرگیراوە کە لە زمانی یۆنانیدا بە ناوی کۆرتۆی تووشی دەبین و ئەم وشەیە لە لایەن مێژوونووسانی کلاسیکی پۆلیبیۆس و لیڤ (وەک کیرتای یان کیرتی و کیرتیۆرۆم) و سترابۆ هاتووە. ڕەنگە سەرچاوەی ئەم نووسەرانە پۆلیبیۆس (١٢٠ – ٢٢٠ پ. ز) بێت، کە ئاماژەیە بۆ گەلێکی کۆچەری بە ناوی کۆرتۆی، کە لە باکووری میدیا و فارس ژیاون و خەریکی تاڵانکاریی بوون. ئەم ناوە بە وردی ئاماژەیە بۆ ناوچەی ئێستای بڵاوبوونەوەی کوردەکان و ڕەنگە ناوەکە لە بنەڕەتدا ئاماژە بێت بۆ هۆزێکی شاخاویی ئێرانی. هۆکاری کەمیی فۆرمەکە لە ناو نووسەرانی کلاسیکدا ئەوەیە کە ڕۆمانەکان بە دەگمەن لەگەڵ کورددا بەریەکتر کەوتوون. دیسان لە کۆتایی سەدەی شەشەمی زایینی لە “کتێبی پەهلەوی”دا کە ئاماژە دەکات بۆ کارەکانی پاشای ساسانی ئەردەشێری یەکەم (کارناماک ئەردەشیر( کۆپیی یان وەشانی پێشۆتان Peshotan) دەکات، تووشی ئەو ناوە دەبینەوە. ناوەکە لە کارنامەکدا بە شێوە کۆنەکەی دەردەکەوێت کە بە پیتی ت کۆرتان (کۆرتی تاک) کۆتایی دێت، کە فۆرمی کۆیە و وەک هاوواتایەک بۆ ئەو بابەتانە بەکارهاتووە کە ناوەکەیان بە شێوەی کۆی مادیگانیش Madigan تۆمار کراوە، بەڵام گومانی تێدا نییە هەیە کە نووسەر بە شێوەی کۆردان گۆی کردووە (نۆڵدکە) و ئەمەش وتەکەی نۆڵدکە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەم شێوازە لای کوردی ئێستا ئاشنا و باوە. جێگای سەرنجە ئەو کوردانەی کە لە باکووری دیاربەکر/ ئامەد بە شێوەزاری کوردیی زازایی قسە دەکەن، خۆیان بە کیرد ناودەبەن (لە حاڵەتی کۆدا کیردی) و ئەمەش فۆرمێکی زۆر نزیکە لە کورت و کیرت کە نۆڵدکە باسی لێوە دەکات، لە کاتێکدا بە کوردی قسەکەرانی شێوەزاری کوردی کرمانجی بە کیرداس ناودەبەن و شێوەزارەکەشیان بە کیرداسی.
لەو شتانەی کە نۆڵدکە سەبارەت بە بەکارهێنانی زاراوەی کورت باسی کردووە، وا دیارە کۆنترین سەرچاوەکان کە نۆڵدکە سەبارەت بەوان باسی کردووە، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دووەمی پێش زایین. بەڵام توێژەر هەن کە ئاماژە بە سەرچاوەی زۆر کۆنتر دەکەن. بە گوتەی ئیزەدی، دەقەکانی تل العمارنة دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٤ی پ. ز. ئاماژەیە بۆ بوونی مەملەکەتی شاخاویی قۆرتی یان کۆرتی لە باکووری میزۆپۆتامیا، تا دەگاتە دەریاچەی وان و لە سیاقی داگیرکردنی لەلایەن پاشاکانی کاشییەوە ئیشارەتی پێکراوە. بەهەمان شێوە لێکۆڵەری نەمسایی هێنەربیشلەر Hennerbichler ئاماژە بە باسکردنیان دەکات لە دەقی هیتییەکان و دەقی پاشاکانی ئاشوور لە سەردەمی ناوەڕاست و سەردەمی ئاشووری مۆدێرن.
توێژەر “کۆزاد محەمەد ئەحمەد”، لە سەرنجەکەیدا لەسەر ئەوەی کە مێژوونووس محەمەد ئەمین زەکی باسی کردووە سەبارەت بە کورتییەکان لە دەقی تەکلات بێلاسەری یەکەمدا، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کەوا خوێندنەوە مۆدێرنەکانی ناوەکە دەریدەخات کە هەڵەیەک لە خوێندنەوەی کۆنی ناوەکەدا هەیە و بەڵکوو خوێندنەوەی دروستی ناوەکە ثاتخۆیە کە ناوێکی بە ڕەچەڵەک خوورییە و بە واتای شاخاوی دێت و دەکەوێتە باکووری کوردستانەوە. لە کاتێکدا توێژەر هێرزفێڵد Herzfeld ئاماژە بەوە دەکات کە باب یان پاپ (شاخ) و پاشگری سەر بە خوورییە (خی) هاوواتای نازناوی کورتی بوون، کە لە تۆمارە هیتییەکان لە خاتووشای پایتەختەکەیانەوە (بوغازکۆیی ئێستا) بە شێوەی گشتی بابانخی دەرکەوتووە و بە دانیشتوانی چیاکانی تۆروس و ئامانۆس وتراوە تا دەگاتە ئاشوور و بەرزاییەکانی ئەرسانیاس و تا دەریاچەی وان، کە ژمارەیەکی زۆریکۆنفیدراسیۆنی خێڵەکیی بچووکی کووتییان لەخۆگرتووە (کووتییەکان لێرەدا هیچ پەیوەندییەکیان بە گوتییەکانی Gutî زاگرۆسەوە نییە.
نووسین: کۆمەڵێک نووسەر
وەرگێڕانی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق