بڕیاری بەریتانیای مەزن لە شوباتی ساڵی ١٩٢٩دا بۆ وازهێنان لە ماندێتەکەی ئێراقی و لێگەڕانی بۆ ئەوەی وڵاتەکە سەربەخۆیی خۆی بەدەستبێنێت لە ڕێگەی دانوستان کردنەوە لە سەر پەیماننامەیەکی نوێ کەوا لەسۆنگەی نەبوونی هیچ باس و خواسێک لەبارەی ئۆتۆنۆمیی کوردەوە گەورەترین بزاڤ و جموجووڵی مەدەنیی وڕووژاندبوو لە کوردستانی ئێراق لە ماوەی ماندێتەکەدا. ورووژاندنی سیاسی لە ناڕەزایی و پشێویی سلێمانیدا ڕۆژی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ گەیشتە لووتکە، کاتێ کە سوپای ئێراق لە بارودۆخێکی ناڕوون و تەمومژاویدا تەقەی لە ئاپۆرەی خەڵک کرد و بوو بە هۆی کوشتنی چواردە کەس.
ئەم پشێوی و ناڕەزاییانە لاپەڕەیەکی گرنگن لە مێژووی لۆکاڵی و نیشتمانیی ئێراق لە سایەی ماندێتدا. یەکەم تەقەکردنەکە جێگەیەکی کاریگەری داگیرکرد لە یادەوەریی دەستەجەمعیی دانیشتووانی سلێمانیدا و دووەمیش خەسڵەتی شارستانیی ناڕەزایی دەربڕین و پشێوییەکە بواردنێکی دا بە ناوەرۆکی جووڵانەوە کوردییەکان، کە پێشتر بە شێوەیەکی سەرەکی مۆرکێکی دێهاتیان پێوەبوو لە سەردەمی ماندێتدا. دواجار کاریگەری و لێکەوتەی سەرەکیی کوشتارەکە گەڕانەوەی بەهێزی “شێخ مەحموود” بوو، کە بەریتانییەکان لە سالی ١٩١٨وە بە کاریگەرترین کەسایەتیی کوردی دادەنێن لە کوردستانی باشووردا لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای ئەوەش، لەسۆنگەی پێگەکەیەوە وەک سەرۆکی رێبازی سۆفیگەرێتیی قادری (سەر بە لقی بەرزنجی)١ و هەروەها لەسۆنگەی شکۆ و پایە و سامانەکەی وەک ئەریستۆکراتێکی خاوەن مڵک لە شانۆی سیاسیی کوردیدا ساڵی ١٩٣٠.
لە ڕوانگەی ئەو سێ بوارەی کە لە سەرەوە باسکران-یادەوەریی دەستەجەمعی، ڕادیکاڵێتی و ڕاپەڕین لە ژێر سەرکردایتیی شێخ مەحمووددا- ئەم باسە تیشک دەخاتە سەر ڕادیکاڵێتیی ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لە سلێمانیدا. پێش هەموو شتێک ئێمە دەبێت ڕەوشی مێژوویی دەستەبژێرە ناوخۆییەکانی ئەم شارە کوردە باس بکەین لەگەڵ هۆکارەکانی پەیدابوونی کێبەرکێی جەمسەرە سیاسییەکان لە ساڵی ١٩٢٤دا و پاشان دێینە سەر شیکردنەوەی دینامیکییەتی پەڕگریی سیاسی لە سلێمانیدا و بەتایبەتیش هەرا و پشێوییەکانی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠. دواتر باسەکە دێتە سەر ڕوونکردنەوەی ئەوەی ئاخۆ بۆچی لە پاش سالی ١٩٣٠ و تا جەنگی جیهانیی دووەم ناوچە دێهاتییەکان بوون بە سەنتەری بزاڤ و جموجووڵی کوردی، ئەگەرچی ساڵانی ١٩٢٠کان مۆرکی ڕادیکاڵیی شارستانێتیی سیاسیی کوردی پێوە دیاربوو.
شوێنی تایبەتمەندی سلێمانی لە بارودۆخی کوردی سەردەمی ماندێتدا دەکرێت بەو گۆڕانکاری و پەرەسەندنە تایبەتەدا لێکبدرێتەوە کە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی عوسمانی لە ناوچەکەدا هاتەکایەوە. لە نۆڤەمبەری ١٩١٨دا، “مێجەر ئێدوارد نۆئێڵ” کە ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی بوو بە هەندێک ئەزموون و زانیاریی لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بە ئەرکێک نێردرا بۆ سلێمانی بە مەبەستی گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی و بە هاوکاریی لەگەڵ سەرۆکە لۆکاڵییەکانی ئەو ناوچانەی دەکەوتنە دەرەوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی سەربازیی بەریتانیاوە. شێخ مەحموود (١٨٨٢ – ١٩٥٦) کرابوو بە حوکمداری “باشووری کوردستان”، کە تێرمێکە بۆ دەستنیشان کردنی ئەو ڕووبەرەی دەکەوتە نێوان هەردوو زێی گەورە و دیالەوە (سیروان – و). بۆ هەریەک لەم ناوچانە کاربەدەستێکی کورد دامەزرابوو و لە ژێر رێنمایی ئەفسەر یان حاکمە سیاسییەکانی بەریتانیدا کاری دەکرد.
بەم پێیە باشووری کوردستان، بە سلێمانیی “پایتەختیەوە” وەک قەوارەیەک لەلایەن بەریتانییەکانەوە دڕووستکرابوو و نەخشەی بۆکێشرابوو بۆ ئەوەی ببێتە “تاقیگەیەکی” ئەندازەگرتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دەستی بەڕێوەبەرە کۆڵۆنیاڵییەکاندا٢. بێجگە لەوە هۆکاری تریش هەبوون کە پشتگیریی ئەم تایبەتمەندییەیان دەکرد. پێش هەموو شتێک شاری سلێمانی دۆخێکی جیاوازتری هەبوو لە مەڵبەندە شارستانییەکانی تری باکووری ئێراق بە هۆی هاوچەشنیی ئیتنیکی و ئایینییەوە، چونکە تاڕادەیەک تەواوی دانیشتووانی ناوچەکە لە کوردی سوننی پێکهاتبوون، بەپێجەوانەی هەولێر و کەرکوکەوە کە بە تەنها تورکمان و عەرەب و کورد زۆرینەیەکی ڕوون و ئاشکرایان پێکنەدەهێنا٣. (ئەمە رای نووسەری باسەکەیە کە لەم ڕووەوە ورد نەبووە دەنا بە واقیع وانەبووە و هەمیشە هەر کورد زۆرینە بووە لەم شوێنانەدا – وەرگێڕ). بێگومان تایبەتمەندی و تاقانەییەکی تری سلێمانی لە کەلەپوورە مێژووییەکەیدا خۆی دەبینییەوە، چونکە “باشووری کوردستان” تاڕادەیەک تێهەڵکێشی میرنشینی کۆنی بابان بووبوو کە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەمدا لە لایەن بابا سڵێمانەوە (١٦٦٣ – ١٦٧٥) دامەزرابوو. سلێمانی وەک شار لەلایەن ئیبراهیم پاشاوە (١٧٨٣ – ١٨٠٣)، (لێرەدا پێموایە مەبەست ساڵانی حوکم کردنیانە – و) دڕووستکرابوو لەکۆتایی سەدەی هەژدەدا وەک پایتەختی نوێی میرنشینەکە. میرنشینی بابان لە گەورەترین و فراوانترین ڕەوشیدا کۆیسنجەق و بانە لە باکوورەوە و کفری و قەرەتەپەی لە باشوورەوە لەخۆگرتبوو. میرە کوردەکانی بابان کە لە نێوان هەردوو ڕکەبەری تورک و فارسدا گیریانخواردبوو بەردەوام لە هەوڵی پاڕاستنی دۆخی سەربەخۆییاندا بوون. بەڵام لە ساڵی ١٨٤٧دا ئەحمەد پاشا، کە دوا فەرمانداری بابان بوو، لە لایەن نەجیب پاشای والیی بەغدای عوسمانییەوە شکستی خوارد و سەربەخۆیی بابان کۆتایی پێهات. تێکدان و ڕووخاندنی دوا میرنشینی کورد بەشێک بوو لە پرۆسەی بەسەنتراڵ کردنی ئیدارە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە لە ساڵی ١٨٣٩وە دەستیپێکردبوو لە ژیر پەردە و چاودێریی بەرنامەی تەنزیماتدا (خۆڕێکخستنەوە) کە ئامانجی مۆدێرنە کردنی پێکهاتە و دامودەزگاکانی ئیمپراتۆرییەت بوو.
سلێمانی، سەرباری لەدەستدانی سەربەخۆیی، وەک پایتەختێکی هەرێمیی عوسمانی گەیشتبووە ئاستێکی بایەخداری گەشەکردن. لە پێش جەنگی جیهانیی یەکەمدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە دەگەیشتە زیاد لە دە هەزار کەس و فەرمانگەی تۆماری زەوی و خانووبەرەی لەخۆگرتبوو لەگەڵ چەندین قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی (ڕەنگە ئەم چەندینە لێرەدا ورد نەبێت – و) و زیاد لە سی مزگەوت، چەندین حەمامی تورکی، بانکێکی کشتوکاڵی، خانوودامی رێکوپێک و ژمارەیەکی باشی بازرگانی دەوڵەمەنددا٤. هەڵبەت جێی سەرسوڕمان نەبوو کاتێ کە لە ساڵی ١٩١٩دا بەریتانییەکان هاتنە سلێمانی هێشتا ژمارەیەکی بەرچاو لە نەوەکانی فەرمانڕەوایانی پێشتری بابان هەر لە شارەکەدا دەژیان و ناودارترینیان جەمال بەگ٥ و عەزمی بەگ و فایەق بەگ بوون، کە ئەمانە گشتیان دواتر تێکەڵی حیزبی نەتەوەیی کوردی بوون. ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی بنەماڵەکە٦ لە بەغدا نیشتەجێ بوون چەشنی (حەمدی بەگ) و هەروەها ئەستەمبووڵیش چەشنی حوسێن شوکری و مستەفا زیهنی پاشا٧.
لە سەروبەندی وەرگەڕان بەرەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا، بازرگانان و گەورەپیاوانی سلێمانی کەوتنە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحموود و پاشانیش شێخ مەحموود خۆی، کە هەردوکیان بە لای پشتگیریی سوڵتانی عوسمانیدا دایاندەشکاند٨. کاتێ نۆئێڵ گەیشتە سلێمانی کەوتە پشتبەستن بە “سەرۆکە ئاساییەکان” یان نێوەندگیرە لۆکاڵییەکان، کە بە زۆری شێخ و ئاغاکان بوون، بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی ناوخۆیی ئاسایی. بە پێی ئەو رێنماییانەی لەلایەن کۆڵۆنێڵ ئەرنۆڵد ویڵسنی جێگری ئەودەمی کۆمیسیاری میزۆپۆتامیا، کە درابوو بە مێجەر نۆئێڵ: “پێویستە بۆ سەرۆک هۆزەکان ڕوونبکرێتەوە کە تۆ پەیوەندییان لەگەڵ دەگریت و هیچ نیازێک نیە بۆ سەپاندنی ئیدارەیەک بەسەریاندا نامۆ بێت بە نەریت و ئارەزووەکانیان. بێگومان سەرکردە خێڵەکییەکان پڕکێشیی ئەوە دەکەن هاوپەیمانییەک دڕووست بکەن بۆ راییکردنی کاروباری گشتییان بەگوێرەی رێنمایی ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکان”٩.
ئەنجامی ئەم سیاسەتی “پشت بە خەڵک بەستنە” کە لە ساڵانی دواتردا پەیڕەوی کرا بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەی ئێراقیش بەگشتی١٠. لە دیدی گەلێ لە بەریتانییەکانەوە، سەرۆک خێڵ ئەو کەسە بوو کەوا کاریگەرانە لە خزمەتی خاڵی پێکەوە گرێدانی نێوان دەوڵەت و دانیشتووانی بەربڵاوی دێهاتدا بوو١١ . بژاردەی “شێخ مەحموود” و هاوکارانی وەک “سەرۆکە سرووشتی و ئاساییەکان”ی کوردستانی ئێراق پەیڕەوی ئەو مۆدێلە کۆڵۆنیاڵییەی دەکرد کە لە هندستاندا جێبەجێ دەکرا١٢، هەروەها بەپێی فشارە هەنووکەییەکانیش. ڕاستییەکەی لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٠دا بەریتانییەکان پلانی ئەوەیان هەبوو کە پشت بە گەورەپیاوانی شارستانیی شکۆدار ببەستن و بەتایبەتی ئەریستۆکراتەکانی بابان، چەشنی حەمدی بەگی بابان١٣. بەهەرحاڵ، فشاری سەربازیی تورکیا و کاریگەریی ڕوو لە هەڵکشانی لە نێو خێڵە کوردەکانی باکووری ئێراقدا، وای لە بەریتانییەکان کرد پشت بە “شێخ مەحموود” ببەستن و ئەو بە تاقە کەس دانرا کە بتوانێت هێزێکی گەورەی چەکدار لە نێو هۆزەکاندا بخاتەگەڕ بۆ بەرگرتن لە پێشڕەوی کردنی لەشکری تورک لە ویلایەتی مووسڵدا.
هەر لە ساڵی ١٩١٨وە یاخیبوون دژ بە بەریتانیا و یاخیبوون لە ناوچە شاخاوییەکانی رەواندز و ئاکرێ و بارزاندا بەرپابوو لە نێو خێڵە لۆکاڵەکاندا بە مەبەستی بەدەستهێنانی سەربەخۆییان. زیاد لەوە و سەرباری قبووڵ کردنی ئاگربەسی نۆڤەمبەری ١٩١٨ کە کۆتایی بە جەنگ هێنا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام فەرماندەکانی “جەنگی سەربەخۆیی” تورکیا بە سەرکردایەتیی “مستەفا کەمال” ژمارەیەکی باشی سەرۆک هۆزە کوردەکانیان کۆکردەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئینگلیزە “کافرەکاندا” لە ڕێگەی بەگەڕخستنی پرۆپاگەندەی چڕوپڕی پان ئیسلامییەوە. ئامانجی ئەم پرۆپاگەندەیە بە کارایی و زیندوو راگرتنی سەرچاوەکانی یاخیبوون بوو بەهیوای دووبارە وەرگرتنەوەی ویلایەتی کۆنە عوسمانیی مووسڵ، کە وەک خاکێک لەقەڵەم دەدرا کەوا لە ڕووی مێژووییەوە بەستراوە بە وڵاتی ئەنەدۆڵەوە١٤. لە کۆتایی ساڵی ١٩١٨دا سلێمانی کەوتبووە دۆخێکەوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان جیاواز بوو لە شکۆداریی grandeur جارانی پایتەختە کۆنەکەی میرنشینی بابان. بەپێی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی بەریتانییەکان کەوا هێزەکانی عوسمانی وەک کەلاوە بەجێیهیشتووە و ٨٠%ی دانیشتووانەکەی لە ماوەی جەنگدا شاریان بەجێهێشتووە١٥. لە ڕەوشێکی ئاوهادا وادێتە بەرچاو کە زەحمەتە بیر لە بوونی ئاستێکی بەرچاوی گەورەپیاوان بکرێتەوە کە پەنایان بۆ ببرێت بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتییەکی شارستانیی تۆکمە.
دامەزراندنی “حکوومەتێکی کوردیی” سەربەخۆ لە سلێمانی و دەوروبەریدا ساڵی ١٩١٨، بڕیاری کۆمەڵەی گەلانی بە هەڵپەسێردراوی هێشتبووەوە سەبارەت بە سوود و باشەی داهاتوو بۆ کوردستان و ئەمە لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانییەوە وا تەماشا دەکرا کە ئیجرایەک بێت بەرەو ئاسوودەیی خەڵکەکەی. بەڵام بە شێوەیەکی دژوار و سەرباری سیاسەتی بەریتانیا بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی دۆخی هۆزەکان لە کوردستاندا، ئەو ڕۆڵە سیاسییە نوێیەی “شێخ مەحموود” لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩دا بەدەستیهێنابوو وەک “نوێنەری کورد” لە بەرژەوەندیی دڕووستبوونی دەستەبژێرێکی شارستانیی نوێ بوو کەوا پلە بە پلە و لەسەرخۆ بەدوای چەسپاندنی هێز و توانای لۆکاڵیی خۆیدا دەگەڕا بۆ ئەوەی دواجار خۆی ڕزگار بکات لە کاریگەریی شێخەکان و ئاغاکان. ڕاستییەکەی لە ساڵی ١٩١٨وە ناسیۆنالیزمی کوردی بوو بە سەرچاوەیەکی تازەی رەوایی “شێخ مەحموود” و توێژی ئەفەندییەکانی effendiyya١٦ لەخۆی نزیک کردەوە، کە دەستە و تاقمێک بوون بریتی لە فەرمانبەرانی مەدەنی، مامۆستایان، ڕۆژنامەنووسان و ئەفسەرانی کۆنی سوپای عوسمانی١٧. یەکەم حکوومەتی شێخ مەحموود ئاڵایەکی “نیشتمانیی” کوردیی بۆ خۆی چێکرد١٨. هەرچەندە ڕاپۆرتە بەریتانییەکان پێ لە سەر بایەخی هۆزەکان دادەگرن، بەڵام نوێنەرانی ئەم دەستە و تاقمە ڕۆڵێکی بێ چەند و چوونیان بینی لە ئیدارە کوردییە سەربەخۆکەدا١٩.
لە ساڵی ١٩١٩دا جێگری کۆمیسیاری مەدەنی بڕیاریدا کۆتایی بە یەکەم حکوومەتی “مەحموود” بێنێت لەبەرئەوەی ئەم سەرۆکە کوردە هەوڵیدەدا قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات و کەرکوک و کفریش بگرێتەوە و ئەمەش هەڕەشە بوو بۆ تێکدانی هاوتایی و پارسەنگی هێز لە باکووری ئێراقدا و سەرۆکە کوردەکانی تر بەلای خۆیدا رابکێشێت و یاخیبوونێکی بەربڵاو لەدژی بەریتانییەکان بەرپا بکات. نۆئێڵ وەک ئەفسەری (حاکمی) سیاسی گۆڕدرا و “ئی. بی. سۆن” جێی گرتەوە، کەوا کەسێکی ریالیستی قسەلە ڕووی ڕەخنەگر و توانجگر بوو لە شێخ مەحموود٢٠. پەیوەندیی نێوان ئەم دوو پیاوە تا دەهات ڕوو لە گرژی و ئاڵۆزی بوو، تا وایلێهات بوو بە قەیران و لە مایسی ١٩١٩دا تەقییەوە کاتێ “شێخ مەحموود” لەپڕ داوای لە تاقمێکی پشتیوانانی کرد لەودیو سنووری وڵاتی فارسەوە بێن بە هانایەوە و ئەفسەرە بەریتانییەکانی دەستبەسەر کرد و جاڕی سەربەخۆیی کوردستانی دا. بەڵام بێ یارمەتی و هاوکارییەکی ئەوتۆ لە لایەن هۆزە کوردەکانەوە و لە حوزێرانی ١٩١٩دا شێخ مەحموود گیرا و رەوانەی بەغدا کرا (لێرەدا مەبەستی شەڕی دەربەندی بازیانە _ وەرگێڕ).
بەهەرحاڵ سلێمانی چیتر ئەو ئارامییەی بەخۆوە نەبینی کە دەسەڵاتدارانی سەربازیی بەریتانیا ئومێدیان لە سەر هەڵچنیبوو بۆی. بەریتانییەکان لە ترسی پەلاماردان و پێشڕەویی هۆزە کوردە یاخییەکان و هێزی تورکی ‘ناڕێکوپێک’ زۆر بەخێرا و بەپەلە لە یەکی سێپتەمبەری ١٩٢٢دا شارەکەیان چۆڵکرد. پاشان کۆمیسیاری باڵا “شێخ مەحموود”ی گێڕایەوە و لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٢دا کردی بە حوکمدارhukumdar یان حوکمڕانی کوردستان. شێخ مەحموود پاش چەند ڕۆژێک لە گەڕانەوەی فەرمانێکی باڵای دەرکرد بە پێکهێنانی کابینەیەکی حکوومەت کە لە هەشت “وەزیر” پێکهاتبوو و لە هەردوک ئەریستۆکراتییەتی خێڵەکی و توێژی ئەفەندییەکان effendiyya دانرابوون، کە تێیدا “شێخ مەحموود” خۆی بوو بە وەزیری بەرگری (سەرەڕای حوکمدارییەکەشی – و) و شێخ قادری برای کرا بە سەرۆک وەزیران و شێخ محەمەد غەریبی زاوای کرا بە وەزیری ناوخۆ. پۆستە وەزارییەکانی تریش دران بە کەریمی عەلەکە کە بازرگانێکی کریستیان بوو بۆ دارایی، ئەشغاڵی گشتی بۆ حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا کە بازرگان و زەویدارێکی دەوڵەمەند بوو لە سلێمانیدا، داد درا بە شێخ عەلیی قەڵەندەری، سەرۆکی پۆلیس بە سەید ئەحمەد بەرزنجی کە خاوەن مڵک بوو لە سلێمانی، پەروەردە و فێرکردنیش درا بە مستەفا پاشا کە جەنەراڵێکی پێشووبوو لە سوپای عوسمانیدا. لە پاش مانگێک “شێخ مەحموود” خۆی کرد بە “مەلیکی کوردستان” و کەوتە دەرکردنی ڕۆژنامەیەک بە ناوی “ڕۆژی کوردستان Roji Kurdistan” بە هاوکاریی ڕۆشنبیران و شاعیرانی سلێمانی٢١. شێخ سیمبۆڵەکانی ناسیۆنالیستیی برەو پێدەدا وەک گەڕانەوە بۆ ئاڵای کوردستان و بووژاندنەوەی، چاپکردنی پوولی پۆستەی “کوردی” و ڕێکخستنی نمایشی سەربازی کە ڕۆڵی خۆی دەبینی لە بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم یان نەتەوەپەرستی وەک زمانی هاوبەشی lingua franca خەڵکی سلێمانی.
لە تەمووزی ١٩٢٢دا کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیران (مونەوەران – و) و پیاوماقووڵانی سلێمانی، بە رابەریی مستەفا پاشا (١٨٦٦ – ١٩٣٦) جەمعییەتی کوردستانKurdistan Jamiyeti (کۆمەڵەی کوردستان) یان دامەزراند، کە رەنگدانەوەی ئەو کۆمیتە و لیژنە کولتووری و فەرهەنگییانە بوو کەوا لەلایەن ڕۆشنبیر و ناسیۆنالیستە کوردەکانی ئەستەمبووڵەوە دادەمەزران لە ماوەی حوکمی عوسمانیدا٢٢. لە ئابی ١٩٢٢دا مستەفا پاشا یەکەم ژمارەی بانگی کوردستانیBangi Kurdistan دەرکرد، کە جۆرناڵی رەسمیی کۆمەڵەکە بوو.
لە ساڵی ١٩٢٣دا دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بۆ جاری دووەم بڕیاریاندا کۆتایی بە خولیاکانی “شێخ مەحموود” بێنن و گومانی ئەوەیان خستبووەسەر کە پەیوەندیی بەردەوامی هەیە لەگەڵ رابەرە شیعەکانی کەربەلا و نەجەف و کەمالیستەکاندا کە هێشتا هەر ئیددیعای خاوەندارێتیی ویلایەتی مووسڵیان دەکرد. بەم پێیە سلێمانی لە مایسی ١٩٢٣دا جارێکیتر داگیرکرایەوە، سەرەڕای ئەوەش کاربەدەستە بەریتانییەکان هەر لە ساڵی ١٩٢١وە کاریان بۆ جێبەجێ کردنی ئەوەبوو کەوا دەسەڵاتی ئیداری و سیاسیی شارەکە ببەستن بە حکوومەتی ئێراقەوە. کۆتایی “مەملەکەتەکەی” شێخ مەحموود دەرگای خستە سەرپشت بۆ بەشێنەیی دڕووستبوونی کێبەرکێی سیاسیی لە نێوان دەستە و تاقمە جیاوازەکاندا. کاپتن “سی. جەی. ئەدمۆنز” بەڕێوەبەرێتییەکی ناوخۆیی پێکهێنا بە هاوکاری ئەو پیاوماقووڵانەی ئامادەبوون بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ماندێتدا. شێخ قادری برای شێخ مەحموود، کە هەمیشە ڕێککەوتنی لەگەڵ بەریتانییەکان بەلاوە پەسەندبوو، کرا بە بەرپرسی ئاسایشی گشتی و ئەحمەد تۆفیق بەگیش، کە پیاوماقووڵێکی شاربوو، کرا بە بەرپرسی کارگێڕیی مەدەنی.
بەڕێوەبەرێتییە نوێکە لە لایەن بازرگانانەوە پشتگیریی کرا کە پێشتر لە ساڵانی ١٩١٨ – ١٩١٩ و ١٩٢٢ – ١٩٢٣دا بە تووندی سزادرابوون بە هۆی ئەو سیستەمی باج کۆکردنەوەوە کە شێخ مەحموود سەپاندبووی بۆ یارمەتیدانی دارایی “پشتیوانیی” هۆزەکان. لە دید و بۆچوونی بازرگانەکانەوە ئیدارەی بەریتانی بووژانەوەی بارودۆخی دارایی دەگەیاند و دواجاریش ئەگەرێک بوو بۆ چەسپاندنی کاریگەرییان لە کاروباری ناوخۆدا کەوا هێز و تینی لە توانای ئابووری و تۆڕی بازرگانییانەوە وەردەگرت لەگەڵ دێهات و شارۆچکەکانی تری ناوچەکەدا٢٣. ئەم بەرەیە لەلایەن پارتیزانەکانی شێخ مەحموودەوە بەرەنگاریی دەکرا، بە رابەریی سەید ئەحمەد بەرزنجیی سەرۆکی پۆلیسی پێشوو لە سەردەمی دەسەڵاتی “مەملەکەتەکەی” شێخ مەحموودا. ئەم دەستە و تاقمە هەندێجار لە ڕاپۆرتە بەریتانییەکاندا بە تاقمی “سەر بە شێخ مەحموود” باسیان دێت و هەندێجاریش بە “سەر بە تورک”، چونکە بەرهەڵستییان بۆ ماندێتی بەریتانیا وەک ئەوە وابوو کە مۆرکێکی ستراتیجیی هاوپەیمانییان پێوەبێت لەگەڵ حکوومەتی ئەنقەرەدا.
“شێخ مەحموود” لە تەمووزی ١٩٢٣دا توانی بگەڕێتەوە سلێمانی لەدوای پاشەکشەی هێزەکانی بەریتانیا وەک ئەنجامێک بۆ ئەو فشارە سەربازی و داراییەی ماندێت بوو بە هۆکاری و لە سەرێکیشەوە بوو بە هۆی هەڵاتنی نزیکەی دوو هەزار کەس لەم شارە و ئاوارەبوونیان و زۆربەی زۆریان ئەو پیاوماقووڵ و بازرگانانە بوون کەوا کەم و زۆر دەستیان لەگەڵ بەریتانییەکان تێکەڵ کردبوو. ئەمەش بوو بە هۆی زیادبوونی دەسەڵاتی دەستە و تاقمی “سەر بە شێخ مەحموود”. بەهەرحاڵ، ئەم ڕەوشە سیاسییە هەروا نەمایەوە و زۆری نەخایاند و ئەزموونی “کوردستانێکی باشووری” ئۆتۆنۆمیدار راشکاوانە لەگۆڕنرا. لەو ماوەیەدا کە “شێخ مەحموود” لە سلێمانی دەرکرا کانتۆنەکانی (قەزاکانی – و) رانیە و قەڵادزە لە باکوورەوە، چەمچەماڵ لە ڕۆژئاواوە، قەرەداخ و هەڵەبجە لە باشوورەوە لە ناوچەی سلێمانی دابڕان و بەم ڕەنگە کاتێ شێخ مەحموود لەم سەروبەندەدا گەڕایەوە دەسەڵاتەکەی بەتەواوی دابەزی تا ئاستێکی تەواو سنووردار و ڕووبەرێکی بەرتەسکی نێوان سنوورەکانی وڵاتی فارس (کە لە ساڵی ١٩٣٤وە بە رەسمی ناوی ئێرانی لێنرا – و) و ئەو ناوچە کوردییانەی تازە بەم دواییە خرابوونە بندەستی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقەوە.
پاشان سلێمانی دیسانەوە بۆ جارێکیتر لە مایسی ١٩٢٤دا کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بەریتانییەکان٢٤. لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا سلێمانی دۆخی شارێکی بووژاوە و گەشەکردووی بۆ گەڕایەوە. ژمارەی دانیشتووانی شار کە ساڵی ١٩٢٤ دابەزیبوو بۆ حەوت سەد کەس لە ماوەی دوو ساڵدا بەرزبووەوە بۆ دوانزە هەزار و لە ساڵی ١٩٢٨دا بوو بە بیست هەزار٢٥. بەرنامە و پڕۆژەی بەستنی سلێمانی بە ئێراقەوە بەزۆری لە ڕێگەی زیرەکیی ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکانەوە ئەنجامدرا، کە کێبەرکێی سەرۆک هۆز و پیاوماقووڵانیان یەکلاکردەوە دژ بە مێمڵ و ڕکەبەرەکانیان، چەشنی بابەکر ئاغا دژ بە عەباس مەحموود ئاغا، کە دوو سەرۆک هۆزی پشدەر بوون و هەروەها شێخ قادر لەدژی شێخ مەحموودی (برای – و). بە هەمان شێوە ئەفسەرە بەریتانییەکان پێگە و پۆستی رەسمییان دەدا بە هاوپەیمانە لۆکاڵییەکانیان، وەک دامەزراندنی ئەحمەد تۆفیق بەگ بە موتەسەڕیف. بەهەرحاڵ، ترنجاندنی هەندێك “بریکار یان گوێ لە مست” لە ناو ڕژێمە نوێکەی بەریتانییەکاندا بوو بە هۆی زیادبوونی کێبەرکێی نێوان دەستەبژێرەکان. هەرکاتێ ئاشتیی سەقامگیر و پتەو دەبووPax Britannica ئەوە بەرەی ناسیۆنالیستە کوردەکان، کە دواتر بەرپرس بوون لە بەرپاکردنی ئاژاوە و پشێویی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠، لە دەوری کۆمەڵەی زانستیی کوردستان کۆدەبوونەوە، کە لە بەهاری ١٩٢٦دا دامەزراوە بە ئامانجی “پەرەپێدانی پەروەردە و فێرکردن بۆ جەماوەری کورد”٢٦. بەڵام هەر زۆر زوو ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامان، کە جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە جەمال بەگی بابانیش لە ناویاندا بوو، ویستیان مۆرکێکی سیاسیی زیاتری بدەنێ و ئەفەندییە کوردەکان بخەنە ناوجەرگەی گفتوگۆ و مشتومڕی هەنووکەییەوە، چەشنی ئۆتۆنۆمیی ئیداری و پەرەپێدانی ئابووری و بەرفراوان کردنی خوێندن و فێرکردن بە شێوەیەک کە لە زیانی سەرۆک هۆزەکان بکەوێتەوە٢٧.
وەک “داڤید ماکدواڵ” بۆی دەچێت کەوا کۆمەڵەی زانستیی کوردستان بووبوو بە “گۆڕەپانی شەڕەدەنووکی ڕکەبەرە سیاسییە لۆکاڵەکان کەوا کوردە ناسیۆنالیستە قسەڕۆیشتووەکان دەیانویست بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریبێنن”٢٨. بەم پێیە مستەفا پاشای “وەزیری” پێشووی پەروەردە و فێرکردن لە حکوومەتەکەی شێخ مەحمووددا، کۆمەڵەکەی بەکاردەهێنا بۆ سەپاندنی بەربژێربوونی خۆی وەک نوێنەری سلێمانی لە پەرلەمانی ئێراقدا. ئەم هەوڵ و تەقەلایە لەلایەن ئەحمەد تۆفیق بەگی موتەسەڕیفی سلێمانییەوە خەتابار کرا، کە ئەم خۆیشی سەرۆکی کۆمەڵەکە بوو، بە دنەدان و وڕووژاندنی ئەفسەرە بەریتانییەکان. دەست لەکار کێشانەوەی مستەفا پاشا لە ساڵی ١٩٢٧دا هاوکات بوو لەگەڵ کەمپێنێکدا لە دژی ئەحمەد تۆفیق بەگ لەپێناوی دانانی جەمال بەگی بابان لە جێگەکەیدا وەک موتەسەڕیف. هەڵبەت بەریتانییەکان وایبۆدەچوون کەوا جەمال بەگی بابان پەیوەندیی بنەماڵەیی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە ئیدارییانەی کە مابوون٢٩. هەرچەندە ئەم فڕوفێڵە شکستی هێنا، بەڵام ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە خولیا و مەراقی تاکەکەس و پەیوەندیدار بە “بنەماڵەوە” بۆ هەندێک لە پیاوماقووڵانی کوردی وەک بابان، زۆر لە نزیکەوە تێهەڵکێشی خەون و خولیاکانی ناسیۆنالیستی بووبوون.
لە ساڵی ١٩٢٩وە ئەو دەستە و تاقمە سیاسییانەی لە دەوری کۆمەڵەی زانستیی ئاڵابوون چوونە نێو ڕکەبەری و ململانێیەکی ئاشکراوە بە هۆی سێ فاکتەرەوە کە بریتین لە: بڕگەکانی پەیماننامەی ئەنگلۆ-ئێراقی و سیاسەتی هەڵبژاردن و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە نێوان گەورەپیاوانی سلێمانیدا دوابەدوای دەرکردن و دوورخستنەوەی تۆفیق وەهبیی موتەسەڕیفی نوێ (١٨٩١ – ١٩٨٤) لە شارەکە لە ساڵی ١٩٣٠دا٣٠. نەبوونی تەواوی هیچ ئاماژەیەک بۆ ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی کورد لە رەشنووسی پەیماننامەی ئەنگلۆ-ئێراقیدا کە ساڵی ١٩٢٩ ئاشکرابوو و کاردانەوەی بەهێزی لێکەوتەوە لە بازنەی کوردە ناسیۆنالیستەکاندا. لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٩ و ١٩٣٠دا چەندین یاداشت و سکاڵانامە لەلایەن کەسایەتی و کۆمیتە (ڕێکخراوە – و) کوردییەکانەوە بەرزکرایەوە بۆ دەسەڵاتە بەریتانییەکان و کۆمەڵەی گەلان. وەک ئەنجامێک بۆ ئەم چالاکی و داواکاریانە حکوومەت بەڵێنی سیاسەتێکی دا کە لە دەوری یاسایەک بۆ زمانە ناوخۆییەکان یان لۆکاڵییەکان دەخولایەوە لە سەرەتای نیسانی ١٩٣٠دا. بەهەرحاڵ، سەرباری فشارە بەردەوامەکان بۆ سەر کابینەی حکوومەتی ئێراق لە لایەن راوێژکارە بەریتانییەکانەوە، ئەم یاسایە تا مایسی ١٩٣١ هێشتا هەر لە قۆناخی رەشنووسیدا بوو، “کاتێکیش کە بۆ دواجار دەرکەوت هێند لاواز بوو کە تا رادەیەک وەک ئەوە وابوو کە دانی پێدا نەنرابێت”٣١. ناهەستیاریی حکوومەتی ئێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داواکارییەکانی بازنە کوردییەکاندا هاوپەیمانییەکی لێکەوتەوە لە نێوان سێکتەرە میانڕەوەکانی کەوا شێخ قادر و پشتیوانەکانی نوێنەرایەتییان دەکرد و کاربەدەستە بەریتانییەکان لە لایەک و ئەو “ڕادیکاڵانەی” نوێنەرەکانی توێژی ئەفەندییەکان سەرۆکایەتییان دەکرد لە لایەکی ترەوە کە بازرگانان و ئەفسەرانی سوپای ئێراقیشیان لەگەڵ بوو. سەرەڕای ئەوەش و بە پێی ڕاپۆرتە بەریتانییەکان ئەفەندییە ناسیۆنالیستەکان لە شێخ قادر کاریگەرتر بوون چونکە ئەم هەمان گونجاوی و خەسڵەتی شێخ مەحموودی برای نەبوو٣٢.
بەدەر لە دەستە و تاقمی “سەر بە کورد” دەستە و تاقمی ڕکەبەری “سەر بە بەغداش” هەبوون و بایەخیان لەو کاتەوە پەیداکرد کە تاقمی “سەر بە تورک” ڕۆڵ و کاریگەرییان لەدەستدا لە پاش بڕیارەکەی ساڵی ١٩٢٥ی کۆمەڵەی گەلان سەبارەت بە بەستنەوەی ویلایەتی مووسڵی جاران بە ئێراقەوە. تاقمی “سەر بە بەغدا” وایان بەلاوە پەسەند بوو سلێمانی بخرێتە سەر دەوڵەتی ئێراق بەو هیوایەی کەڵک و سوودی لێببینن، بەتایبەتی بۆ مەسەلەی دڕووستکردنی ڕێگەوبان کە ئاسانکاریی بازرگانی دەکرد لەگەڵ مووسڵ و بەغدادا٣٣. لایەنگرانی ئەم تاقمە دڵسۆزی ناسیۆنالیزمی عەرەب نەبوون بەڵام تاڕادیەک بیر و بۆچوونی تێکەڵ و پێکەڵیان هەبوو. هەندێک لە سەرۆکەکانیان، چەشنی مستەفا پاشا، ناسیۆنالیستی کورد بوون، بەڵام سەرکێشییەکانی “شێخ مەحموود” نائومێدی کردبوون و دەیانخواست دەڕووی نوێی کاریگەریی شەخسیی بدۆزنەوە و بەشێکی تریان کە پارتیزانەکانی جارانی سەر بە تورک یان سەر بە “شێخ مەحموود” بوون و بۆچوونی دژە بەریتانی زاڵ بوو بەسەریاندا. بۆشایی نێوان ئەوانەی لایەنگری ئۆتۆنۆمیی کورد و ئەوانەی کە یەکگرتنیان لەگەڵ بەغدا بەلاوە باشتر بوو تا دەهات قووڵتر دەبووەوە لە قۆناخی سەرەتایی پێش هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراودا. پاش ئەوەی بەندە سەرەکییەکانی پەیماننامەی ئەنگلۆ-ئێراقی لە یەکی تەمووزی ١٩٣٠دا بڵاوبووەوە دەستەیەکی یانزە کەسی لە پیاوماقووڵان کۆمیتەیەکیان لە خۆیان پێکهێنا بۆ ئاڕاستە کردنی هاندانی سیاسی لە سلێمانیدا و توانییان بایکۆت بە خەڵکی شار بکەن لە هەڵبژاردنی لیژنەی پشکنیندا بۆ ناوچەکە کە سەرپەرشتیکار و بەرپرس بێت بۆ ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنی تەشریعیی تازە٣٤.
لە هەمان کاتدا هەندێک لە گەورە پیاوانی دەستڕۆیشتووی شار لە هاوینی ١٩٣٠دا چەند داواکارینامەیەکیان نارد بۆ جنێڤ و تێیاندا داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی کوردییان کردبوو لە ژێر سەرپەرشتیی کۆمەڵەی گەلاندا. لەوە بەدواوە ناردنی داواکارینامەکان هاوپێچ دەکرا بە “کۆمەڵێک بابەتی هەمەچەشن”٣٥. ئەمەش بریتیبوو لە ئامادەکردنی “راڕەوێکی جۆشدان” بە رابەریی بازنەیەکی بچووکی ئەو ڕۆشنبیر یان مونەوەرانەی لە دەوری “جەمعییەتی کوردستان” و دواتر کۆمەڵەی زانستیی کوردستان یەکیانگرتبوو بە مەبەستی پتەوکردنی “سیاسەتی جەماوەریی” ناسیۆنالیستی.
نووسین: جۆردی تێجێڵ گۆرگاس: پرۆفیسۆری مێژووی نێودەوڵەتییە لە ئینستیتوتی گراجوەیت، بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی- سویسرا
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق