“دیداری ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی ئۆسکارمان لەگەڵ گۆرانیبێژی میللی شێخ بوزان”
کۆنترین بەڵگە لەبارەی گۆرانیبێژ (یان دەنگبێژە) گەڕۆکەکان لە ناوچەی ئورفەدا لەلایەن “جەیمس باکینگهام”ەوە باسکراوە. ئەو لە گەشتەکەی ساڵی ١٨١٦دا چاوی بە گۆرانیبێژانی کورد کەوتووە، لە کاتی گەشت و پشوودانی کاروانێک لە نێوان ماردین و ئورفەدا و دەگێڕێتەوە کەوا: “لای ئێوارە دوو گۆرانیبێژی کورد سەردانیان کردین و یەکێکیان گیتارێکی سەرەتایی دەژەند (ڕەنگە مەبەستی تەمبوور یان ساز بێت)، ئەویتریان ئەو گۆرانییە کوردییانەی دەچڕی کە تژی بوون لە جووڵە و بزۆزی و بە ئاوازی خۆڕسک و سرووشتی”. ئەم چەشنە گۆرانییە پیشەییانە پێویستە وا تەماشا بکرێن کە بەشێکن لە کەلەپووری گۆرانیی کوردی دەوڵەمەند لە ژیانی ڕۆژانەدا…
“شێخ بۆزان بەرازی”
زانیاریی ئێمە لەسەر شێخ بۆزان کە “شاعیری هەمیشەیی خێڵی بەرازییە لە سرووج” زیاترە لەوەی کە دەیزانین لەبارەی ئەوانیترەوە کە پەیوەندییان بە ئۆسکار مانەوە گرتووە و پێدەچێت ئەوەش بگەڕێتەوە بۆ تووندوتۆڵیی هاوکاریی ماوەیەکی دوور و درێژی نێوان ئەم گۆرانیبێژە و توێژەردا. خۆشبەختانە ئۆسکارمان وێنەیەکی شێخی گرتووە و ئەمەش یارمەتیداین کەوا وێنای دۆخی کۆمەڵایەتیی ئەو بکەین. لە وێنەکەدا دیارە کەوا گۆرانیبێژەکە کراسێکی سپیی لەبەردایە و پۆشاکێکی سووریی خەتخەتی نەریتیی کردووە بە سەریدا و پشتێنێکی پانی قوماشی لەسەر بەستووە و عەبایەکی لەسەر شانە و مێزەر و عەگاڵێکی شێوازی بەدووانەی لەسەرناوە، کە ئەم جل و پۆشاکە لە سەرەتای سەدەی بیستدا باو بووە و هێندە ئەستوور دیارە کە لە قەڵغان دەچێت. وا دیارە بۆزان جگەرە یان سەری نەرگیلەیەکی (قلیانێکی) بەدەستی چەپەوەیە، کە ئەمەش لەو پێداویستییانەیە و گوزەران باشەکانی ناوچەکە هەڵیدەگرن. ئەم پۆشاکە بەدەوییە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە شێخ بۆزان پاش ئەوەی تەمەنی هەڵکشاوە گواستوویەتییەوە بۆ ئەوەی لە شاردا بژی، چونکە دانیشتووانی ئورفە شەرواڵیان لە پێ کردووە و تەربووش یان مێزەر و عەمامەیان لەسەرکردووە و کاتێ کە وێنەکەیم پیشانی ئەو کەسانە دا کە لە سرووج چاوم پێیانکەوت وتیان ببێ و نەبێ ئەمە هەر کەسێکی عەشایەرە.
نێردە مژدەدەرەکان (مسیۆنێرەکان) لە ئورفە لەبارەی هەژارییەوە لەوێ نووسیویانە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە لەبەرکردنی پۆشاکی شڕ و چڵکن باو بووە، بەڵام جلوبەرگی “شێخ بۆزان” هەژاریی پێوە دیار نییە تەنانەت ئەگەر ئەم جلوبەرگە پۆشتانەشی بۆ وێنەگرتن لەبەرکردبێت. بێجگە لەوەش، ئەو ئۆسکارمانی بانگهێشت کردووە بۆ ماڵی خۆی و خوانێکی لە بەرخی برژاوی بۆ ڕازاندووەتەوە. هەر لەسەر شێخ بۆزان، پیاوانی ناوچەی خێڵی بەرازی کە ماڵ و خانووی خۆیان هەبوو لە ئورفە، بەعادەت ژیان و گوزەرانیان لەسەر داهاتی مەڕوماڵات و کێڵگەکانیان بوو لە گوندەکانیان.
نازناوی شێخ بەزەروورەت هەر لەو پیاوانە نەدەنرا کە سەر بە بنەماڵەی شێخان بوون، بەڵکو لەوانەش دەنرا لە حەجی مەککەیان دەکرد یان لە قوتابخانە ئاینییەکان خوێندبوویان یان هەرکەسێک کە زانیاریی نەریتیی سەرسامکەری هەبوایە (واتە پیاوێکی دانا بووایە). هەندێ جاریش نازناوەکە لە پیاوانی گەورەساڵ دەنرا لە لایەن ئەندامانی عەشیرەت و خزمەکانیانەوە. خۆشبەختانە شێخ بۆزان پاش ئەوەی کە لە ستایش کردنی ئیبراهیم پاشای میللی بووەوە پاشخانی خێزان و بنەماڵەکەی بۆ باسکردین.
“کێ ئەمەی پێ گوتی؟ شێخ بۆزان لە عەشیرەتی بەرازییە و ئامۆزای خەلیل ئاغا گۆگئۆغڵووە*”
فیدراسیۆنی بەرازی لە نزیکەی دوانزە عەشیرەت و سێسەد گوند پێکدێت و زۆربەی ئەندامانی خێڵەکە نیمچە کۆچەر بوون لەو ناوچەیەی دەکەوتە نێوان ئورفە و جەرابلوس و بەرەوخوار بە ئاڕاستەی ڕەققە. خەلیل یان خەلیل ئاغای گوکان (گوگئۆغڵوو) کەوا شێخ بۆزان لە سەرەتای سەدەی بیستدا ئاماژەی پێکرد، سەرۆک عەشیرەتی شەددادان بوو، کە لەمڕۆدا سێهەم عەشیرەتی سنوورە لە دیوی تورکیاوە. خەلیل ئاغا دانیشتووی گوندێک بوو بە ناوی گوگان (بە تورکی ئوزون خضر) لە نزیک سرووجەوە. شێخ بۆزان ناوی خەلیل ئاغا لە دوا دێڕەکاندا دەهێنێت بۆ ڕوونکردنەوەی پێگە و مەقامی، سەرباری ئەو پلەی خزمایەتییەی کە ئاماژەی پێدەکات (واتە ئامۆزا) و بەمە ناتوانین ئەنجامگیریی پایە و مەقامی بکەین لە خێڵی گوکاندا. شتێکی خۆشیشە ئەوە بزانین کە ئاخۆ شێخ بۆزان خۆی بە گۆرانیبێژێکی پیشەیی دەزانێت یان هەر تەنها ئارەزوومەندێکی ئەو نەریتە بوو. لەکاتێکدا کەوا زۆرێک لە پیاوەکان گۆرانی وتنیان لە دیوەخانی گوندەکانیاندا پێ پەسەند بوو، بەڵام گۆرانی چڕینی پیشەیی بە کار و پیشەیەکی پسپۆڕی و تایبەتمەند لەقەڵەم دەدرا. سەرۆک و پیاوماقووڵانی عەشیرەت بەئاشکرا گۆرانییان نەدەوت چونکە ئەوە پایە و مەقامی کۆمەڵایەتیی دەخستنە مەترسییەوە و گۆرانیبێژە گەڕۆکەکان بەعادەت سەر بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بوون.
شێخ بۆزان بەو پێیەی کە هونەرمەندە ناتوانین بەئاسانی پۆلێنی بکەین و ئەو لەنێوان پەخشانی سادە و هۆنراوەی ئاست بەرزدا ئەمسەر و ئەوسەر دەکات و لەگەڵ کارەکانی تریدا، بەپێچەوانەی ئەیوب ئاغا تەمەرەوە، شێخ بەراوردکاری (لێکچوون) بەکاردێنێت چەشنی ڕەحمان بەکری گۆرانیبێژی موکری، کە مامۆستای ئەم هونەرە بووە لە ئێراندا و ئۆسکار مان باسی کردووە.
“شێخ بۆزان” بەوە جیادەکرێتەوە کەوا لە بواری زانیاریی گشتیدا لە ئەیوب ئاغا تەمەر شارەزاترە. ئەو ئاماژە بە ستراتیجییە سەربازییەکان دەکات وەک شەڕی سەنگەرەکان و وا لە دەروێشی پاڵەوانی دەکات پەنا بباتە بەر دەقە ئیسلامییە بەناوبانگەکان و لێیان بگوێزیتەوە. بەهەرحاڵ، لەوانەیە ئەو نەخوێندەوار بووبێت چونکە مامۆستا ئاینییەکان (خواجەکان) و مەلاکان لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەدا کە لە گوندەکاندا ساز دەکرا ئەو کتێبانەیان دەخوێندەوە١. ڕیزبەندیی کات بۆ دەقەکانی ئەو لەبارەی سەرۆک و دەمڕاستانی خێڵی میللان یان میللی پەیڕەویی شێوازێکی ناباو دەکات بۆ نەریتە زارەکییەکان و پێدەچێت ئەمە کاریگەر بووبێت بە شێوازی عوسمانی لە نووسینەوە و تۆمارکردنی مێژوودا. بێجگە لەوەش، دەکرێ لەوە دڵنیابین کە بۆزان زمانی عەرەبیی بەباشی و ڕەوانی زانیوە و ئەمەش مەسەلەیەکی باو نەبووە بۆ گۆرانیبێژێکی کورد، چونکە ئەو لە ئەدەبی عەرەبیی زارەکی دەیگواستەوە٢. گۆرانییەکەی ئەو لە ستایشی ئیبراهیم پاشادا (مەبەست ئیبراهیم پاشای سەرۆکی فیدراسیۆنی خێڵەکیی میللییە – و) دەچێتەوە سەر ئەو گرووپە گۆرانییانەی کە تایبەتن بە پەسن و ستایشی سەرۆک خێڵە بەدووەکان و وادیارە بۆزان زانیاریی وردی هەبووە لەسەر داستانی عەرەبیی “بەنی هیلال”. هەروەها برازایەکی خەلیل ئاغا پێیوتم کەوا بنەماڵەی گوگان لە سەرەتای سەدەی بیستەوە پەیوەندیی ژن و ژنخوازییان هەبوو لەگەڵ بنەماڵەیەکی شێخانی عەرەبی حەڕاندا٣. ئاشکراشە کەوا خودی ئیبراهیم پاشای میللی لە دۆخ و سیاقێکی دوو نەتەوە (ئیتنیک) و دوو زماندا ژیاوە و خۆی و کەسانێکی تری خێڵەکەی چەندین پەیوەندیی خێزانییان هەبووە لەگەڵ عەشیرەتە عەرەبییەکاندا.
“شێخ بۆزان” دەیسەلمێنێت کەوا بەتوندی پابەند و ملکەچی ئیبراهیم پاشایە و ئەمەش لە دووتوێی ئەو گەنجینە هونەرییەوە دەردەکەوێت کە بۆ عەشیرەتی میللانی تەرخان کردووە. ئەم مەسەلەیەش جێی سەرسوڕمانە چونکە پەیوەندیی نێوان هەردوو خێڵی میللی و بەرازی لە ساڵی ١٩٠٦دا زۆر گرژ و ئاڵۆز بووە و ڕاستەوخۆ لە دوای سەردانی ئۆسکار مان بۆ ئورفە، پاشا هێرشی کردووەتە سەر سرووج، کە مەڵبەندی باکووری دەشتایی خێڵی بەرازی بوو. هەرچۆنێک بێت، بەپێی بینینی مارک سایکس، پەیوەستبوون بە پاشای ناوبراوەوە بەدەر لە وابەستەگیی عەشایەری مەسەلەیەکی نامۆ نەبووە و سایکس سەرسام بووە بەوەی کەوا پاشا پایە و ڕێزێکی زۆری بووە تەنانەت لای خێڵە دوورەکانیش.
سەرچاوە: کتێبی “پێدەشتەکەمان بەرفراوانە .. داستانە کوردییەکان و چیرۆکە خێڵەکییەکان لە ئورفە، ١٩٠٦”، کۆکردنەوەی ئۆسکار مان
Our Steppe is vast, Kurdish epics and tribal stories from Urfa, 1906. Collected by: Oskar Mann
پەراوێز
١ بەپێی عەلی ئەمیری، مەلا و خواجەکان بە شەواندا کتێبی ئاینیی بەناوبانگیان بۆ کۆڕ و کۆمەڵی گوندنشینان دەخوێندەوە چەشنی “ئەحمەدی”.
٢ لە کاتی گفتوگۆدا لەگەڵ گوندنشینان لەبارەی ئەزموونیان لەگەڵ گۆرانیبێژاندا، من هەمیشە پرسیاری ئەوەم لێدەکردن کە ئاخۆ داستانە عەرەبییەکانیان بیستووە. من تاقە جارێک گوێم لە گواستنەوەی ئەدەبیی لەم چەشنە بووە و ئەویش ئەوە بوو کەوا محەمەدۆک، کە ناوی گۆرانیبێژێکی (دەنگبێژێکی) بەبنەچە عەرەبە و ئەم کەسە داستانە عەرەبییەکانی بە کرمانجی دەوتەوە.
٣ دایکی حاچمی کوڕی خەلیل ئاغا (حاچم لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٠دا لەدایکبووە) سەر بە بنەماڵەی شێخێکی عەرەبە لە حەڕان.
* خەلیل ئاغای سەرۆک عەشیرەتەکانی (ئۆخ و شەدداد و عاصیان) کە عەشیرەتەکانی فیدراسیۆنی بەرازین، پێدەچێت لە ساڵی ١٨٥٥ لە سرووج لەدایکبووبێت و ساڵی ١٩٢٠ کۆچی دوایی کردبێت و لە شاری ڕەها نێژرابێت بەپێی گێڕانەوەی نەوەکانی.
وەرگێڕانی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق