“کورتکراوه”
“ئۆنتۆلۆژی شیعر” ره‌نگه پێیه‌کی له‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی “بوون ناسانه” دا بێت و پێیه‌کیشی له ناو دنیای هێرمنۆتیک و شێوازی خوێندنه‌وه و راڤه‌کردنی ده‌ق، به لێکدان و موتوربه‌کردنی ئه‌م دوو رووبه‌ره، ئاسۆگه‌ل و هه‌رێمگه‌لێکی مانایی نوێ ئه‌زموون ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر چی ئانتۆلۆژی شیعر له دێر زه‌مانه‌و سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌ڵام له گوتاری تیۆری و ئه‌ده‌بی و هزری کوردی‌دا، سه‌ره‌تاکانێتی و وه‌کوو هه‌موو چه‌مکه‌کانی ناو گوتاری زاڵی کوردی نه ئه‌زموونه‌کانی دیاره و نه ئاسۆیه‌کی روونیشی له‌به‌رده‌مه، ئه‌مه‌ش گرێدراوی نه‌بوون و غه‌یبه‌تی کوبرای ره‌خنه‌یه له‌م گوتاره‌دا. ئانتۆلۆژیا، چه‌مک و وشه‌یه‌کی پڕئاڵۆزه و من له‌م وتاره‌دا بۆ روونکردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م چه‌مک و رێبازه به دیدێکی به‌راوردکارانه‌وه، ئانتۆلۆژیای مارتین هایدیگه‌ر و ئیگزیستانسیالیزمی ژان پۆل سارته‌رم خستۆته به‌ر لێکدانه‌وه و شیکارییه‌وه.
هه‌ر چه‌نده زۆرێک له لێکۆڵه‌ران جیاوازییه‌کانی نێوان ئه‌م دوو رێبازه باس ناکه‌ن و نایخه‌نه رۆژه‌ڤه‌وه و زۆرتر له تایبه‌تمه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانین ده‌دوێن و ئه‌م “دووانه” به “یه‌ک” ده‌زانن، به‌ڵام من سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جیاوازییه‌که‌یان له ئاستێکی زۆر قووڵ نابینم، هه‌ر هێڵکاریم له نێوانیاندا کردووه و ئه‌گه‌رچی له دووتوێی وتاره‌که دا باسیشم کردووه که من ئه‌م “یه‌ک”ه به “دووانه” یه‌ک داده‌نێم و وه‌کوو جووتێکی تاقانه له قه‌ڵه‌مم داوه. له‌راستیدا زۆرترین وزه و ده‌رکه‌وتنی ئانتۆلۆژیکاڵ و بوون ناسانه، له قه‌واره‌ی چه‌شن و شێوازێک له زمان واته شیعر دا ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام شیعری نوێی کوردی له‌و بواره‌دا زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند نییه و ئه‌تۆموسفێری سیاسی هێشتا هه‌ر هه‌ناوی زمان و بوونمانی به‌رنه‌داوه، به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه ئه‌زموونگه‌لێکم (هه‌ڵبه‌ت تا ئه‌و شوێنه‌ی که له‌م گوتاره‌دا ده‌رفه‌ت بووه) خستۆته روو. من ده‌رکه‌وته‌ی بوون ناسانه له هه‌ندێ بزاڤی شیعری وه‌کوو به‌ره‌ی چوارم نه‌خستۆته بازنه‌ی تۆژینه‌وه‌که‌م، ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌یه که به باوه‌ڕی من ئه‌م ره‌وته شیعرییه هێشتا ماویه‌تی خۆی به ده‌قه‌کانییه‌وه ده‌ربخات، ده‌کرا باسی ئه‌زموونه‌کانی پێش به‌ره‌ی چوار بکرایه. وه‌کوو؛ سواره، مارف ئاغایی، ژیلا حسه‌ینی و جه‌لال مه‌له‌کشا.
به‌ڵام ئه‌زموون و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م شاعیرانه ئه‌وه‌نده رانه‌خرا و په‌ره‌ی پێنه‌درا که به شێوازێکی گشتی “بوون” وه‌کوو که‌ڵکه‌ڵه‌ی کاره‌کتری ئه‌م شاعیرانه له ده‌قدا ده‌رکه‌وته‌ی هه‌بێت. “زه‌وی سه‌خت و ئاسمان دوور” ناوی ته‌نها دیوانی مارف ئاغاییه، که له نیگای یه‌که‌مدا و به ناوی دیوانه‌که‌ی سه‌رنجت به‌ره‌و قۆناغێک له فامی دازاین راده‌کێشرێت که یاخی بوون یان باشتره بڵێم بێ هیوا بوونه له ئاسمان و زه‌مین، به‌ڵام کاتێک ده‌چینه ناو دوونیای کتێبه‌که‌یه‌وه ئه‌م ره‌هه‌نده‌مان پێ نادۆزرێته‌وه، ره‌نگه باشتر وابووایه که ئه‌م دیوانه ناوی “پردی برووسکه”، که یه‌کێک له‌و ناوانه بوو که بۆ کتێبه‌که له زه‌ینی شاعیردا بوو و سه‌ره‌تاش هه‌ڵیبژارد، بۆ ئه‌م دیوانه شیعرییه هه‌ڵبژێردرابایه. له هه‌موو ئه‌مانه‌ش بترازێت ئانتۆلۆژیا گرێدراوی و لێکهه‌ڵپێکرانێکی تووند و تۆڵی له گه‌ڵ زه‌مان (مێژوودا) هه‌یه. (هه‌ڵبه‌ت مێژوو یه‌کێکه له ده‌رکه‌وته‌کانی زه‌مان). کۆمه‌ڵگای کوردی له درێژایی مێژوودا بوونێکی ته‌ژی له ناکامی و کاره‌ساتی به هۆی دۆخی ناله‌باری سیاسی، خستۆته روو. و خه‌ونی جوغرافیا لای به‌هێزتره تاکوو خه‌ون و خه‌یاڵی بۆ مێژوو. کۆمه‌ڵی کورد ده‌قی به‌م دۆخه‌وه گرتووه و ده‌رباز بوونی به‌نده به دوو هۆکاری زه‌مان و تێڕامان. زه‌مان لای ئێمه مه‌ندی و وه‌ستاوییه‌کی سه‌یری ئه‌زموون کردووه. له‌م دۆخه‌دا به‌راستی ده‌رکه‌وتنی ده‌قی ئانتۆلۆژیکاڵی ره‌سه‌ن له‌لایه‌ن تاکی کورده‌وه وه‌کوو شۆڕشێک له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. به هه‌ر حاڵ که‌م تازۆر یه‌که‌مین بانگه‌شه‌کانی ئه‌و شۆڕشه ده‌رکه‌وتوون و ده‌بیسترێن.
“ده‌روازه‌یه‌کی تیۆریک له‌سه‌ر باسێکی ئاڵۆز”
ئانتۆلۆژی یان بوون ناسی لق و باڵێکی بنه‌مایی و هه‌ره گرینگی فه‌لسه‌فه‌یه، که هه‌ر له رۆژگاره دێرینه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی بیری فه‌لسه‌فی و خۆشه‌ویستی و تامه‌زرۆیی مرۆڤ بۆ زانیاری و ناسکاری و مه‌عریفه، بوونی هه‌بووه، بوون یان نه‌بوونی ئه‌م لقه هه‌ره گرینگه‌ی فه‌لسه‌فه له رۆژگاره که‌ونینه‌ییه‌کانه‌وه بۆ سه‌رده‌می هه‌نووکه له‌پێگه‌ی رێباز و کڵاورۆچنه‌یه‌کی مه‌عریفی به‌رووی جیهان و ده‌وروبه‌ری مرۆڤدا، جێگای ئه‌رێ و نه‌رێ و مشتومڕی زۆره، که له درێژه‌دا ده‌په‌رژێمه سه‌ری. ئانتۆلۆژی شێواز و قه‌واره‌یه‌کی به‌رینه له چالاکی و هه‌وڵی فه‌لسه‌فی بۆ تێڕامان و چه‌مکاندنی بنه‌ڕه‌ت و بنه‌وه‌چی”بوون” به شێوه‌یه‌کی گشتی.
خاڵی هه‌ڵوێسته و وه‌ستان و داکۆکیکه‌رانه‌ی ئانتۆلۆژی”بنه‌ڕه‌ت یان حه‌قیقه‌تی”بوونه”. ده‌شێت بڵێین ئانتۆلۆژی و ئیگزیستانسیالیسم دوو چه‌مک یان ده‌سته‌واژه‌ن که هاوڕه‌چه‌ڵه‌ک و هاوخه‌ونیشن، به‌ڵام جیاوازییه‌کی ناسک له نێوانیاندا هه‌یه که لێناگه‌ڕێت ئه‌م دوو زاره‌وه‌یه هاوشان و هاوواتا لێکبدرێنه‌وه. جیاوازییه‌که‌ش ره‌نگه جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی نه‌بێت، به‌ڵکوو زۆرتر جیاوازی و تۆفیرێک بێت له ئاستی ئاراسته و رێگایه‌ک که بۆ ناسین و مه‌عریفه ده‌یگرنه‌به‌ر و هه‌روه‌ها رووبه‌ر و پانتای رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌م “جووته تاقانه‌یه”1 له گه‌ڵ پرس و بابه‌تی”بوون” به هه‌موو بارستایی مانای وشه‌وه. (Onto) وشه‌یه‌کی کۆنی یۆنانییه که به مانای بوون یان هه‌ستی دێت و (Logy)ش به واتای ناسین دێت که له پشتییه‌وه ئیراده و خواستی هه‌تاهه‌تایی مرۆڤ بۆ زانیاری و مه‌عریفه خه‌وتووه. نوێنه‌رو خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ئه‌م گه‌ڕیان و رێبازه فه‌لسه‌فییه، فه‌یله‌سووفی به‌ناو بانگ و نووسه‌ری کتێبی “بوون و زه‌مان” واته مارتین هایدیگه‌ره(1976-1889). ئه‌و، ئه‌م گه‌ڕیانه‌ی خۆی به بزاڤ و هه‌ڵسانێکی تاقانه و ره‌سه‌ن ده‌زانێت و سه‌ربوورده‌یه‌کی سه‌یر و له‌هه‌مانکات به‌په‌راوێزخراوی بۆ ده‌گێڕێته‌وه و لێکده‌داته‌وه. هایدیگه‌ر، ره‌چه‌ڵه‌ک و بنه‌وه‌چی ئانتۆلۆژی ده‌باته‌وه بۆ سه‌رده‌می پێش سوقرات واته رۆژگاری فه‌یله‌سووفانی هه‌رێمی ئیۆنی2 که ناوداره‌کانیان بریتین له تالیس، ئاناکسیمێنس و ئاناکسیمێندرێس و… ئه‌م فه‌یله‌سووفانه و به تایبه‌تی پارمێندێس و هراکلیتۆس لای هایدیگه‌ر له‌و هزروان و بیریارانه بوون که لایه‌نی تێڕامان و قووڵبوونه‌وه له حه‌قیقه‌تی “بوونیان” به‌رنه‌داوه و فه‌رامۆشیان نه‌کردووه و هه‌وڵه ئانتۆلۆژیکانه‌کانیان له قه‌واره‌ی وشه‌ی (urstooff) ده‌ر‌که‌وتووه و چڕبۆته‌وه.
ئه‌م وشه‌یه ده‌لاله‌ت و ئاماژه‌یه بۆ هه‌وڵ و خواستێکی لێبڕاوانه بۆ پشکنین و گه‌ڕان به‌دوای هۆکاری حه‌قیقی و بنه‌مایی “بوون” ، خودی وشه‌که به‌واتای ئامیان یان هۆی بنچینه‌یی هه‌موو بوون دێت. ئه‌و، سه‌رده‌می سوقرات و پاش سوقرات تا رۆژگاری خۆی به سه‌رده‌می له‌یادچوونه‌وه‌ی ئۆنتۆلۆژیا ده‌زانێت، بۆیه ئه‌م ده‌ربڕین و بانگه‌وازه‌ی هایدیگه‌ر که له پرسیاری”بوون چییه؟” دا ره‌نگ ده‌داته‌وه، ده‌بێته هۆی هه‌ژان و له‌رینه‌وه‌ی کۆڵه‌که‌کانی میتافیزیکی رۆژئاوایی. ئیگزیستانسیالیزمیش که ئاخێزگه و سه‌رچاوه‌که‌ی له ئاڵمانه‌وه بوو، له دوای جه‌نگی جیهانی دووهه‌م و به‌هۆی تێکۆشان و هه‌وڵ و هزره‌کانی ژان پۆل سارته‌ره‌وه هه‌مه‌گیربۆوه و هه‌موو وڵاتی فه‌رانسه‌ی له شه‌قامه‌کانه‌وه بۆ باڕه‌کان و له‌وێشه‌وه بۆ زانکۆکانی ته‌نییه‌وه و بوو به خاوه‌نی هه‌ڵسووکه‌وت و دانوستانی تایبه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ مرۆڤ و جیهاندا. ئیگزیستانسیالیزم به‌پێچه‌وانه‌ی ئانتۆلۆژی زۆر له‌سه‌ر حه‌قیقه‌ت و هه‌ناوی بوون راناوه‌ستێ، به‌ڵکوو بوونی مرۆڤ وه‌کوو گرینگ‌ترین و دواترین وێستگه ده‌کات به چه‌قی هه‌ڵسووڕان و ئیش‌کردنی خۆی. سارته‌ر که‌سێک بوو که دوو ئه‌زموونی جیاوازی هه‌بوونخوازی3 (ئیگزیستانسیالیزم) ی تاقی کرده‌وه.
سارته‌ر ئه‌م دوو ئه‌زموونه جیاوازه‌ی له قه‌واره‌ی کتێبی”هیق”(1938) و “ره‌خنه‌ی ئه‌قڵی دیالیکتیکی”(1960) لێک جیاکرده‌وه و هێڵی له‌نێوانیان دانا. ئه‌زموونی یه‌که‌م هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندی تاکخوازی و جۆرێک “دڵه‌ڕاوکێی”ئانتۆلۆژیکاڵ بوو که کییه‌رکێگارد، وه‌کوو یه‌که‌مین ئیگزیستانسیالیست به “دڵه‌ڕاوکێی ئیبراهیم” ناوی لێده‌بات، و ئه‌زموونی دووهه‌م له‌خۆگری وزه و هه‌وڵی پراکتیکیانه و کردارخوازانه بوو که ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له خواستی به‌رپرسایه‌تی بۆ جیهان و مرۆڤ سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت. نووسه‌ری کتێبی”بوون و نه‌بوون” له دوا ئه‌نجامد زۆرتر وه‌کوو چالاکڤان و گۆڕانخوازێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رکه‌وت. ره‌نگه سارته‌ر له‌م دوو وێنه‌یه زیاتر وێنه‌یه‌کیتری نه‌بێت که ئێمه له‌سه‌ری بکۆڵینه‌وه.
“جیاوازی له‌نێوان ئۆنتۆلۆژی هایدیگه‌ر و ئیگزیستانسیالیزمی سارته‌ر”
من هه‌م، که‌واته بیر ده‌که‌مه‌وه. “مارتین هایدیگه‌ر”
من بیر ده‌که‌مه‌وه، که‌واته هه‌م “رینییه دیکارت”
شتێک که روون و حاشاهه‌ڵنه‌گره ئه‌مه‌یه که تا هه‌نووکه‌ش به‌ده‌گمه‌ن فه‌یله‌سووفێکی وه‌کوو هایدیگه‌ر سه‌ری هه‌ڵداوه که ئاوه‌ها ترس و سام و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی گه‌وره و ریشه‌یی بخاته هه‌ناوی فه‌لسه‌فه و میتافیزیکی رۆژئاواییه‌وه. هایدیگه‌ر به گه‌ڵاڵه‌کردن و پێداگه‌ری له‌سه‌ر پرسیاری “حه‌قیقه‌تی بوون، چییه؟” هه‌موو هزر و فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا، هه‌ر له زانسته سرووشتییه‌کانه‌و تا ده‌گاته زانسته مرۆییه‌کان و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و وتار و گوتاری ناو جه‌ماوه‌ر و کۆمه‌ڵگا هه‌موو ده‌چێته ژێر پرسیارێکی گه‌وره‌وه. ئه‌م پرسیاره له سه‌رده‌می سوقراته‌وه تا رۆژگاری دیکارت و تا هه‌نووکه‌ش پشت گوێ خراوه. هه‌ر بۆیه‌شه که هایدیگه‌ر لۆژیک و مه‌نتیقی ئه‌ره‌ستوو و دیکارت هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و له‌راستیدا ئه‌ندێشه‌ی هایدیگه‌ر به یاخی بوون و ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌قڵی دیکارتی ده‌ست پێده‌کات. به‌ڵام خاڵی پێداگری و ته‌وه‌ری باسه‌کانی ئیگزیستانسیالیسته‌کان، مرۆڤ و چۆنیه‌تی ده‌رکه‌وتنیه‌تی له هه‌مبه‌ر جیهان و رووداوه‌کانیدا. ئه‌م دوو تێڕوانینه ده‌بێته هۆی درووست بوونی دوو شێوازی جیای بیریاری و هزراندن له‌روانگه‌ی بوونه‌وه. هایدیگه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی به زێڕه پرسیار و بنه‌ماییترین پرسیار ده‌زانی و پێشی وابوو فه‌یله‌سووفی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه که هه‌موو ته‌مه‌نی له‌سه‌ر یه‌ک پرسیاری بنه‌مایی ئیش ده‌کات. هه‌بوون خوازه‌کان “بوون” له قه‌واره‌ی بوونی مرۆیی کورت ده‌که‌نه‌وه و مرۆڤ به نیشته‌جێبوون له چه‌قی ئه‌م بوونه که‌ڵکه‌ڵه‌ی دۆزینه‌وه‌و دیاری کردنی چییه‌تی و ماهییه‌تی شته‌کانی له‌سه‌ردایه.
ئه‌گه‌ر بمه‌وێت بۆ روونکردنه‌وه‌ی زیاتری جیاوازی نێوان ئه‌م “جووته تاقانه “یه، گێڕانه‌وه‌یه‌ک بکه‌م، به به‌راوردێکی پاژبینانه (جزءنگرانه) له ئاستی نیگارکردن و وێنه‌کێشانی جیهان له سۆنگه‌ی چه‌مکه‌کانه‌وه، لای هه‌ر یه‌که له‌م دوو فه‌یله‌سووفه واته مارتین هایدیگه‌ری ئاڵمانی و ژان پۆل سارته‌ری فه‌رانسییه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م.
سارته‌ر به هۆی ئه‌وه‌ی که دواترین نووسه‌ر له نووسه‌رانی پێش جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی و یه‌که‌مین نووسه‌ر پاش جه‌نگی دووهه‌می جیهانی بوو، کاره‌کته‌ر و پێرسۆنایه‌کی دوو که‌رتکراو (هه‌ڵبه‌ت بێگومان هه‌ر دووی ئه‌م که‌رتانه باش و ئه‌رێنی بوون)بوو و له به‌رئه‌نجامدا دوو سیما و رووخسار یان که‌سایه‌تی جیاواز و تا راده‌یه‌ک دژ به‌یه‌کی له رووی ناوه‌رۆک و پێکهات و میتۆده‌وه بۆ خۆی نیگار کرد. سارته‌ری پێش ساڵه‌کانی 1939 سارته‌رێک بوو که جوانترین و چڕترین نیگاری ئایدیالی خۆی بۆ “بوون” له سیما و داڕشتنی که‌سایه‌تی “ئانتۆڤان رووکانتێن” واته پاڵه‌وانی رۆمانی “هیق” دا به‌رجه‌سته کردبووه‌وه. که تێڕوانین و وزه‌ی وجوودخوازی لای ئه‌ودا به باری نیهیلیزم دا ده‌شکێته‌وه و زۆر جیاوازه له خوێندنه‌وه و تێڕوانینی هایدیگه‌ر، و ئه‌م جیاوازییه‌ش هه‌م له‌رووی میتۆد و ناوه‌رۆکی فه‌لسه‌فییه‌وه زه‌قه و هه‌م له باری به‌رئه‌نجامگیری فه‌لسه‌فی و عه‌قڵییه‌وه. “ئانتۆڤان” ی سارتێر به‌م شێوه دێته زار: “بوون” هه‌موو شوێنێکی پڕ کردووه، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ش به‌شێکین له‌و. به بێ بوون باس له هیچ “شتێک” ناکرێت، که‌چی هێشتا ناتوانین ئه‌و “بوونه” به‌ده‌ست بگرین، یان هه‌ستی پێبکه‌ین. کاتێک بیر له بوون ده‌که‌مه‌وه ده‌ڵێیت بیر له “هیچ” ده‌که‌مه‌وه و ته‌نیا ئه‌و مانایه له مێشکمدا درووست ده‌بێت که هه‌بوونه (Existence) .
شتێک، که ئه‌گه‌ر شوێنپێی له بیروڕاکان و ئه‌ندێشه‌کانی سارته‌ر دا بگرین و دوای که‌سایه‌تی سارته‌ر تا دوا وێستگه‌ی ژیانی بکه‌وین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌مه‌یه که “ئانتۆڤانی” سارته‌ر، وه‌کوو کۆ و گشتییه‌تێک چاو له بوون ناکات یان باشتر وایه بڵێم وزه و هێز و خه‌ستیی وجوودی له ئاستێک‌دا نییه که به شێوازێکی راسته‌وخۆ و چاوله‌چاو و گشتی بڕوانێته بوون، به‌ڵکوو “بوون” داگیری کردووه و لێوانلێوی کردووه یان به زمانێکتر بڵێم بوون”لووزه‌ی به‌رداوه‌ته سه‌ری”٤ و ئه‌م هاوکێشه‌یه وای کردووه که سه‌ره‌نجی له بوونه‌وه به‌ره‌و هه‌بوون شۆڕکاته‌وه و دایبه‌زێنێت. وه‌ک ده‌رکه‌وت رووکانتێن بیرکردن له بوون وه‌کوو هیچ دێته پێش چاوی و به‌ره‌و ئاقار و ئاراسته‌ی هه‌بوون(Existence) ده‌ڕواته پێش و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و ناسین و لێکدانه‌وه‌ی چییه‌تی و ماهییه‌تی شته‌کان و له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه به‌ره‌و پێناسه‌کردن و دۆزینه‌وه‌ی شوناس وچییه‌تی بوونه‌وه‌رێک به ناوی مرۆڤ هه‌نگاو هه‌ڵ ده‌گرێت وده‌خزێته پێشه‌وه. وه‌کوو کاره‌کته‌رێک‌ی دراماتیک “ئانتۆڤان رووکانتێن” رۆڵ و پێگه‌یه‌کی ماناداریشی هه‌یه؛ ئه‌و ڵێکۆڵه‌رێکی مێژووه که دوای چه‌ند سه‌فه‌رێکی دوور ودرێژ له ناوه‌ندی ئه‌ورووپا، ئافریقا و رۆژهه‌ڵاتی دوور گه‌ڕاوه‌ته‌وه و بۆماوه‌ی سێ ساڵێکه له شاری “بۆڤیڵ”(Bouville) ی سه‌ر به وڵاتی فه‌رانسه نیشته‌جێیه، بۆ ئه‌وه‌ی که لێکۆڵینه‌وه مێژووییه‌که‌ی خۆی له باره‌ی “مارکیۆس دۆ روولێبۆن”(Marquis de Rollebon) که که‌سایه‌تییه‌کی مێژوویی وڵاتی رووسیایه، درێژه پێبدات. ئه‌م رۆڵ و پێگه ماناداره که بۆ رووکانتێن دابین کراوه چونکوو سیمایه‌کی تایبه‌ت و پڕکه‌ڵکه‌ڵه‌ی هه‌یه، ئه‌و، وه‌کوو مرۆڤێک که به‌شێوه‌یه‌کی زه‌ق و جیددی ده‌یه‌وێت یاده‌وه‌ری مێژوویی خۆی، ته‌نانه‌ت له چرکه‌به‌چرکه‌ی ژیانی تاکه‌که‌سی خۆیشیدا له‌به‌ر چاو بێت و بینووسێته‌وه، و هه‌ر ئه‌م تێم و ناوه‌رۆکه پێکهاتی رۆمانه‌که‌ش دیاری ده‌کات؛ بۆ نموونه له پێشه‌کییه‌ک که بڵاوکراوه‌ی رۆمانه‌که‌٥ نووسیویه‌تی ئاماژه به‌وه ده‌دات که ئه‌م ده‌فته‌رچانه(مه‌به‌ست رۆمانه‌که‌یه) له نێو قاقه‌زه‌کانی رووکانتێن دا دۆزراونه‌ته‌وه و لاپه‌ڕی یه‌که‌می مێژووی له سه‌ر تۆمار نه‌کراوه، ئه‌م لاپه‌ڕه بێ مێژووه ئاوه‌ها ده‌ست پێده‌کات: باشتر له هه‌موو شتێک ئه‌وه‌یه که رووداوه‌کان رۆژبه رۆژ بنووسرێن، بۆ فامکردنیان ده‌فته‌رێکی بیره‌وه‌ریت هه‌بێت و جیاوازییه گچکه‌کان و بابه‌ته په‌راوێزییه‌کان بنووسین و له‌هه‌مووش گرینگتر ده‌سته‌به‌ندی و پۆلینبه‌ندییان بکه‌ین. به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی رووبه‌ر و چییه‌تی “گۆڕانکارییه‌کان” به وردی ده‌ستنیشان بکرێت.
ئه‌م هه‌ڵوێست و بڕیاره‌ی پاڵه‌وانی چیرۆکه‌که که ئه‌رکی چاوه‌دێری وته‌زای”گۆڕان” له نێو بازنه‌یه‌کی ورد و پاژبینانه‌ی زه‌مه‌نی له سه‌ر شانی خۆی ده‌زانێت، چاره‌نووس و پێگه‌ی پاڵه‌وانه‌که که هه‌مان رووکانتێن بێت له لێکۆڵه‌رێکی مێژووه‌وه به‌ره‌و نووسه‌رێکی ئه‌دیب و داهێنه‌ر ده‌گوازێته‌وه. ئه‌گه‌ر رۆمانه‌که‌مان به وردی خوێندبێته‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه که رووکانتێن هه‌ستی هێڵنجدان و هیقگرتن به سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت، ته‌نها له یه‌ک فۆرم و حاڵه‌تدا و یه‌که‌مجاریش له کافه‌ی راندۆز ڤۆس چه‌مینتۆس(Rendez vous des chemintos) له ژێر زه‌خت و گوشاری هێڵنج و هیق ده‌ربازده‌بێت، ئه‌ویش کاتێکه که ده‌چێته نێو کافه‌که و گرامافۆن(سنووق ئاوازه)٦ گۆرانییه‌کی هونه‌ری ده‌نگبێژێکی ره‌شپێستی له‌سه‌ره، ئه‌م بڕشت و جه‌وهه‌ره پیرۆزه‌ی هونه‌ر، ئان وسات هه‌ستی هێڵنجه‌که‌ی ده‌ڕه‌وێنێته‌وه و هێوری ده‌کاته‌وه. بێگومان هه‌ر ئه‌م وێنه رزگاری به‌خشه‌ی نێو کافه بوو که وه‌کوو سه‌ره‌تایه‌ک رۆچنه و درزێک بۆ رووکانتێن ده‌کاته‌وه که له مێژووه‌وه به‌ره‌و هونه‌ر(مه‌به‌ست ئه‌ده‌بیات و رۆمان نووسینه) ده‌یبات. ئه‌گه‌ر ره‌چه‌ڵه‌ک ناسی دوو وشه‌ی(Hi story) و(Story) له زمانی ئینگلیسی‌دا بکه‌ین خاڵ و توخمی هاوبه‌شیان ده‌بێته “گێڕانه‌وه”، وشه‌ی یه‌که‌م که به مێژوو ناونراوه توخم و لۆسه(اهرم)ی گێڕانه‌وه‌ی رووداوگه‌ل و بابه‌ته‌کانی ناو دونیای واقیع و ئه‌مری واقیعی به‌رهه‌سته و له دواجاردا له لێکدان(ترکیب) و ناوی گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی چڕ ده‌بێته‌وه و شوناسێکی سه‌ربه‌خۆ وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته لقێک له لقه‌کانی زانست به پێوه‌ر و پێودانگی تایبه‌ت به خۆیه‌وه.
وشه‌ی دووهه‌م که ناوی چیرۆکی وه‌رگرتووه به توخمگه‌ل و بابه‌تگه‌لی ناو جیهانی خه‌یاڵ و خه‌یاڵکردن و ده‌رچوون له بازنه‌ی ته‌سک و ته‌نگه‌به‌ری ناو دونیای واقیع له ژێر ناوی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکیدا چڕ ده‌بێته‌وه. جیاوازی بنه‌مایی و سه‌ره‌کی نێوان ئه‌م دوو چه‌شنه گێڕانه‌وه‌یه له‌و شیمانه و ئیمکان و ئه‌گه‌رانه‌یه که بۆ ریوایه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی بوون و وجوود ده‌یخه‌نه به‌رده‌ستمانه‌وه یان له‌ده‌ستمانی ده‌ردێنن. وه‌کوو ئه‌ره‌ستووش زۆر له‌پێشتر باسی کردووه گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی سه‌رێتی و زاڵێتی به ملی گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی‌دا هه‌یه، ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆکاره‌ی سه‌ره‌وه که باسم کرد. له رۆمانی “هیق” دا پاڵه‌وانی چیرۆک واته رووکانتێن به هۆی په‌ڕینه‌وه له گێڕانه‌وه‌ی مێژووییه‌وه بۆ ناو جیهانی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی شیمانه و ده‌رفه‌ت و ئه‌گه‌ری زۆر بۆ ناسین و زانیاری له هه‌مبه‌ر “بوون” بۆ خۆی وه‌کوو بوونخوازێک ده‌کاته‌وه. ئه‌مه کورته وێنه‌یه‌کی ئایدیال و سه‌رچه‌شنی(الگو- نمونه) ناو جیهانی سارته‌ری سه‌ره‌تایه، که له چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی کۆتایی رۆمانه‌که‌دا ئاوا خاڵی کۆتایی له به‌رده‌میدا داده‌نرێت: ئایا من ناتوانم هه‌وڵی خۆم بده‌م؟ هه‌ڵبه‌ت ته‌نها باس له‌سه‌ر نه‌وا و هه‌وایه‌کی مۆسیقایی نییه. به‌ڵام ئایا ناتوانم له بوارێکی دیکه‌دا؟ ده‌بێت کتێبێک بێت. به‌ڵام نه‌ک کتێبێکی مێژوویی. مێژوو له‌باره‌ی شتێکه‌وه ده‌دوێت که پێشتر هه‌بووه. بوونه‌وه‌رێک قه‌ت ناتوانێت پاساو بۆ بوونی بوونه‌وه‌رێکی دیکه بهێنێته‌وه. هه‌ڵده‌ستم به‌ڕێده‌که‌وم هه‌ستێکی سڕۆک و کاڵبوونه‌وه رووم تێده‌کات، ناوێرم بڕیار بده‌م. ئه‌گه‌ر دڵنیا ده‌بوومه‌وه که تواناییم هه‌یه…به‌ڵام هه‌رگیز-هه‌رگیز شتێکی له‌م چه‌شنه‌م نه‌نووسیوه. کتێبێک، رۆمانێک. و که‌سانێک ده‌رده‌که‌ون که ئه‌م رۆمانه ده‌خوێننه‌وه و ده‌ڵێن: ئانتۆڤان رووکانتێن نووسیویه‌تی، پیاوێکی قژئاڵ که له کافه‌کاندا له هاتوو چۆدا بوو.
وێنه‌ی و رووخساری سارته‌ری دووه‌م وه‌ک خۆیشی ده‌ڵێت: سه‌رده‌می دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی بوو که ده‌رده‌که‌وێت. سه‌رده‌می گۆڕانێک که تێیدا سارته‌ری یه‌که‌م تێیدا نامۆ و غه‌واره ده‌نوێنێت. (من 34 ساڵ ته‌مه‌نم بوو که جه‌نگ ده‌ستی پێ‌کرد و چل ساڵیشم بوو که کۆتایی پێهات و ئه‌مه به‌ڕاستی تێپه‌ڕین و بگاردنی٧ من له قۆناغی لاوه‌تی به‌ره‌و قۆناغی که‌ماڵ و گه‌وره‌یی بوو. هه‌روه‌ها له سه‌روبه‌ندی جه‌نگدا بوو که له‌خۆنامۆبوونی مر‌ۆڤم به هۆی کۆیله‌یه‌تی و یه‌خسیری بۆ ده‌رکه‌وت، له کاتی جه‌نگدا بوو که له مانای پێوه‌ندی نێوان تاکه‌کان تێگه‌ییشتم، و هه‌روه‌ها مانای دوژمنم بۆ ده‌رکه‌وت، دوژمنی راسته‌قینه، نه‌ک به‌رگریکارێک که له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا و له‌کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌ژی و له سه‌ر ئاستی زمان و زار هێرش دێنێت و هه‌ڕه‌شه ده‌کات، به‌ڵکوو دوژمنێک که به ئاماژه‌یه‌کی ساده بۆ سه‌ربازان، ده‌ستت به‌سه‌ردا ده‌گرێت و له سیاچاڵت ده‌په‌ستێت.)
سارته‌ر هه‌روه‌ها له‌م قۆناغی په‌ڕینه‌وه‌یه‌دا به راشکاوی ده‌ریده‌خات که له کاکڵ و جه‌سته‌ی رووکانتێنی قووتاری بووه و خه‌ریکه ئه‌زموون و ره‌هه‌ندێکدتری بوون تاقی ده‌کاته‌وه: له کاتی جه‌نگدا بوو که من له تاکخوازی(Andividuvalism) ره‌های سه‌رده‌می پێش جه‌نگ لێبوومه‌وه‌و قووتارم بوو و به‌ره‌و بابه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و رێبازی کۆیی په‌ڕیمه‌وه. خاڵی وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ی ژیانی من لێره‌دایه: پێش له جه‌نگ و دوای جه‌نگ. سه‌رده‌می پێش له‌جه‌نگ بووه هۆی ئه‌وه‌ی که من به‌رهه‌مێک وه‌کوو (هیق) بخولقێنم که تێیدا پێوه‌ندی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگادا پێوه‌ندییه‌کی فه‌لسه‌فییه و سه‌رده‌می دوای جه‌نگ به‌ره‌به‌ره منی به‌ره‌و نووسینی (ره‌خنه‌ی ئه‌قڵی دیالیکتیکی) رێنوێنی کرد. وه‌کوو له‌م وتانه ده‌رده‌که‌وێت وێنه‌ی دووهه‌می سارته‌ر وێنه‌یه‌کی پراکتیکیانه و کردارمه‌ند بووه و هه‌ر دوای ئه‌م قۆناغه‌شه که سارته‌ر چه‌ندین رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی جیددی له‌م رێبازه‌ی خۆیدا له گه‌ڵ بزاوتی چه‌پ و کۆمه‌ڵێک بیرمه‌ند و نووسه‌ر له‌وانه ئالبێر کامۆی هاووڵاتی خۆی بۆ دێته پێشێ. وه‌ک ده‌زانین رووداوه‌کانی دوای جه‌نگی دووهه‌م جێگه‌ی مقۆمقۆ و گێرمه‌وکێشه‌ی زۆر بوون له نێوان هه‌موو چین و تاقمه‌کانی نوخبه‌ی جیهانی سه‌رده‌مدا هه‌ر له سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه بگره تا ده‌گاته ئه‌دیبان و شاعیران و فه‌یله‌سووفان. مشت ومڕه‌کانی دوای جه‌نگی جیهانی دووهه‌میش بریتی بوون له دابه‌شکارییه نێونه‌ته‌وایه‌تییه‌کان له ئاستی سیاسی و جوگرافیدا و ململانێ ئایدۆلۆژییه‌کان و دادگایی‌کردنی تاوانبارانی بێ ئه‌ملاولای جه‌نگ و کۆمه‌ڵێک بابه‌تی دیکه که هه‌ر جۆره به‌شداریکردنێک له‌م نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی جیهان(هه‌ڵبه‌ت به مانایه‌کی کلاسیکی)ی دوای جه‌نگدا به مانای هه‌وڵ و به‌شدارییه‌کی پراکتیکی و به‌رپرسیارانه ده‌رده‌که‌وت و سارته‌ر زه‌قترین و به‌رجه‌سته‌ترین به‌شداری له‌م پانتایه‌دا هه‌بوو.
ئه‌م نیگاره‌ی که له دوو وێنه‌ی جیاوازی سارته‌ر خستمه روو، پیشانده‌ر و به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌زموونی سارته‌ر وه‌کوو بوونخوازێک دوو لایه‌نی تاقیکرده‌وه که ئه‌گه‌رچی لایه‌ن و ره‌هه‌ندی دووهه‌می زۆرتر له لایه‌نی یه‌که‌می ده‌رخه‌ری جۆرێک هه‌ڵوێستی کۆتایی و ره‌ها و یه‌قینی به‌نیسبه‌تی بوونه‌وه بوو، به‌ڵام ئه‌زموونێکی جێگه‌ی سه‌ره‌نج و گه‌شاوه له رووبه‌ر و پانتای به‌رینی “بوون” دایه و وه‌کوو بوونخوازێک ئه‌گه‌ر سارته‌ر له 21ی مانگی ژووه‌نی 1975 که تووشی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی جه‌سته‌یی جیددی بووه‌وه، هه‌ناسه‌ی بوونخوازانه‌ی نه‌که‌وتبایه بڕکانه‌وه، ره‌نگه لایه‌ن و ره‌هه‌ندی دیکه‌ی له سۆنگه‌ی نڤیساره‌کانییه‌وه له‌باره‌ی رووبه‌ری بوون بۆ ئێمه و خۆی ده‌ربخستایه. ئێستاکه با به‌راوردێک له نێوان ئه‌م وێنانه‌ی سارته‌ر له پێگه‌ی بوونخواز و وێنه سه‌یر و جیاوازه‌کانی مارتین هایدگێر بکه‌ین له پێگه و ئاستی ئانتۆلۆژیست یان بوون ناسێک، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی که ئه‌و جیاوازییه ناسکه‌ی که له نێوان ئه‌م دوو ده‌سته‌واژه‌یه دا هه‌یه که ده‌شێت له تاقه سه‌رچاوه‌یه‌ک ئاو بخۆنه‌وه روونتر ده‌رخه‌ین. هایدگه‌ر(1976-1889) و فره‌توێیی وێنه‌کانی “بوونخوازێک که وێنه‌کانیی ئاوێنه‌یی ده‌بنه‌وه یان وێنه‌کانی به‌رده‌وام له ئاوێنه دا ون ده‌بن”
هایدگه‌ر یه‌کێک له باس هه‌ڵگیرسێنه‌رترین و ئاڵۆزترین فه‌یله‌سووفه‌کانی مێژووه که هه‌نووکه‌ش له خوێندن و شیکاری و توێکاری ده‌قه‌کانی نه‌بووینه‌ته‌وه. ئه‌و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به پرسیارێکی گه‌وره‌وه کرۆک و جه‌سته‌ی فه‌لسه‌فه‌ی تووشی راچڵه‌کان و ته‌کانێکی گه‌وره کرد. ئه‌و، ئه‌رکی فه‌یله‌سووفی راسته‌قینه‌ی له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه خۆی، ئیش‌کردن و گه‌ڵاڵه داڕێژی له سه‌ر یه‌ک پرسیار ده‌زانی، بۆ ئه‌و، پرسیاری بنه‌مایی و ئه‌و گه‌وره پرسیاره‌ی که باسمان کرد ئه‌مه‌یه که: (حه‌قیقه‌تی “بوون” چییه؟). هایدگه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌ندێشه‌ی رۆژئاوایی پرسیاری(بوون)ی له یاد بردۆته‌وه، ئه‌وه‌ش نه‌ته‌نها له‌م سه‌رده‌مانه‌ی دوایی دا، به‌ڵکوو له پرۆسێسێکی له‌یادبردنه‌وه و پشتگوێ خستنێکدا که 2500 ساڵ درێژه‌ی هه‌بووه. ئه‌رک و ئامانجی هایدیگه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌م پرسیاره بوو، که چۆناوچۆن ده‌کرێت له (بوون) تێبگه‌ین؟ ئایا بوار و شیمانه‌ی ئه‌وه هه‌یه، که دانوستان و مامه‌ڵه‌یه‌کیتر له گه‌ڵ بوون دا بکرێت تاکوو ئاراسته‌کانی ئه‌م دوو هه‌زار ساڵه به‌لایه‌کیتر دا ببه‌ین و بیگۆڕین؟ بۆ هایدیگه‌ر ئه‌وه‌ی وا کیان و بوونی که‌وتبۆوه مه‌ترسییه‌وه سه‌رتاپای ئه‌ندێشه‌ی رۆژئاوایی به مانای گشتییه‌تی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بوو. نه ته‌نها فه‌لسه‌فه‌که‌ی به‌ڵکوو زانسته سرووشتییه‌کان، زانسته مرۆییه‌کان و ته‌نانه‌ت وتار و ئاخاوتنی رۆژانه‌ش له تیغ و ده‌می ئه‌م مه‌ترسییه بێبه‌ری نییه. ئه‌مه به واتای وه‌پێش ڕانان و گه‌ڵاڵه‌کردنی هزرێکه که به شێوازێکی‌تر دێته کایه‌وه و ده‌سووڕێته‌وه. که‌مته‌ر فه‌یله‌سووفێک تاکوو ئێستا ئاوه‌ها دڵه‌ڕاوکێیه‌کی ریشه‌یی و بنه‌مایی خستۆته گیانی فه‌لسه‌فه‌وه. ئه‌م هه‌وڵه نوێیه هایدیگه‌ری به‌ره‌و پانته‌گه‌لێکی غه‌ریب و ئه‌فسووناوی برد و له سه‌رزه‌مینێکدا هه‌واری هه‌ڵدا که هه‌م لاهووتی٨ بوو هه‌م ناسووتی٩، ئێره‌یی بوو و ئه‌وێیی، رابردوو بوو و داهاتووش… ئه‌م هه‌رێمه کوێ بوو؟ به شوێن گرتنی وتاره‌که وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌مان ده‌داته‌وه. جارێک با به مه‌به‌ستی تێگه‌ییشتنی زۆرتر له هایدیگه‌ر روونکردنه‌وه‌یه‌ک له سه‌ر بوون(Onto) و هه‌بوون(Existanse) بکه‌م به تێڕوانینی خودی هایدیگه‌ره‌وه.
هایدیگه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی قووڵ له‌سه‌ر هه‌موو رێبازه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌زموونخوازی(Experemental) و پۆزیتیڤیستی و ره‌ها خوازی به‌گوومان بوو و له‌گه‌ڵ هیچ کام له چه‌شنه‌کانی باوی هزری زانستی کۆک نه‌بوو. ئه‌و ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر راسته که هزران و ئاخافتن له‌باره‌ی هه‌ستییه‌وه، پێویستی به هاودوویی و هاوده‌می له گه‌ڵ زمانی شیعر و رازه‌وه هه‌یه، ده لێگه‌ڕێن باوه‌ها بێت و له فه‌لسه‌فه و زانستێک که هه‌موو هه‌ناوی گرێدراوی ئه‌زموونه ده‌ست هه‌ڵگرن…هایدیگه‌ر ئه‌م ناوه‌رۆک و تێمانه له قه‌واره‌ی ته‌تڵه‌کاری و جیاکارییه‌کی گرینگ روونتر ده‌رده‌خات: بوون و هه‌بووه‌کان.
هه‌بووه‌کان(به ئاڵمانی Seiendes به مانای کۆیی واته هه‌بووه‌کان دێت و له شێوه‌ی تاکیدا Das seiende به واتای هه‌بوو) به‌کار ده‌برێت، هه‌بوو گه‌لێک که به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه که هه‌یانه پێناسه ده‌کرێن و چییه‌تی و ماهییه‌تیان ده‌رده‌خرێت. ده‌توانین بۆ نموونه ئه‌و هه‌بووانه‌ی که له پێگه‌ی ئامێروئامراز دان، بهێنینه‌وه؛ وه‌کوو کتێب یان زه‌مین یان گوڵ، که به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان (وه‌کوو ره‌نگ، بۆن، بارستایی، ئه‌ندازه‌وهتد…) هه‌ر کام له یه‌کدی جیا ده‌بنه‌وه. هیچ کاتێک گوڵ له گه‌ڵ کتێب‌دا به یه‌کێک ناگرین و له رووی چیه‌تییه‌وه شوێن و پێگه‌یان له گه‌ڵ یه‌کدیدا ناکرێت بگۆڕێت. “بوون”(Sein) که ده‌لاله‌ت و ئاماژه‌یه بۆ بوونی ئه‌م هه‌بووانه، (بوون) به مانای راسته‌قینه و وردی وشه: ئه‌م راسته‌قینه‌یه که هه‌بووه‌کان بوونیان هه‌یه، واته؛ هه‌بووه‌کان هه‌ن. له‌تێڕوانینی هایدیگه‌ردا دڵه‌ڕاوکێ و خه‌می راسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فه هه‌ر ئه‌م “بوون”(Sein) ه‌یه که له هه‌ناو و بوونی دازاین(Dasein) دا ده‌رده‌که‌وێت. دازاین له زمانی ئاڵمانیدا به واتای “له‌وێنده‌رێ بوون” دێت، که پێش مه‌رج و پێش بوون و ته‌نانه‌ت پێش شوێنی دازاینیشه، وشه‌ی Da له زمانی ئاڵمانیدا به واتای له‌وێنده‌رێ و Sein یش به واتای بوون دێت.
به‌ڵام ئه‌مه وێنه‌یه‌که له‌هایدیگه‌ر که ره‌نگه به زه‌قی و تۆخیش بۆ خۆی ده‌رکه‌وتبێت، ئه‌گه‌ر سه‌ره‌نجی ئه‌و راڤه و شیکارییه جیاوازانه بده‌ین که له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی سه‌ر به رێبازگه‌لی جۆراوجۆری فه‌لسه‌فییه‌وه له مه‌ڕ وێنه‌کانی هایدیگه‌ر کراون، ده‌رده‌که‌وێت که ئێمه وێنه‌یه‌گه‌لێکی ئاوێنه‌ییمان له‌م فه‌یله‌سووفه له‌هه‌مبه‌ر دایه. فه‌یله‌سووفی رێبازی شیکاری واته ئێی.جه‌ی.ئێیێرده‌ر(1982) له مه‌ڕ پرسیار له (بوون)ه‌که‌ی هایدیگه‌ره‌وه ده‌ڵێت: “پرسیار له بوون؟! پرسیارێکی بێ‌مانا سه‌باره‌ت به شتێک که ده‌بێت وه‌کوو گریمانه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر و بێ سێ ودوو دابنرێت. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م گریمانه‌یه‌دا وه‌کوو پرسیار مامه‌ڵه‌بکه‌ین هیچ رێگایه‌ک بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ممان دا نییه، ئه‌وه‌ی له هایدیگه‌ر دا به راشکاوی ده‌بینرێت ده‌رکه‌وته‌گه‌لی غه‌فڵه‌ت و خڵه‌فاوییه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ر، چه‌واشه‌کردنی غه‌یری ئه‌خلاقیانه‌ی راستییه‌کان و ئه‌و شته‌یه که به راستی ده‌توانین وه‌کوو فریوکاری و فێڵبازی ناوی لێ ببه‌ین”. سه‌رنج راکێشه گه‌ر بزانین فه‌یله‌سووفی کۆنسێرڤاتیڤ و موحافه‌زه‌کاری به‌ریتانی واته راجێر ئێسکرۆتن(1992) باشتر له ئێیێرده‌ر له مه‌ڕ هایدیگه‌ره‌وه نایه‌ته قسه. ئه‌و ده‌ڵێت: “نووسراوه‌کانی هایدیگه‌ر له‌خۆگری دواترین مانا خه‌مۆک و ناهومێدئامێزه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی رۆمانتیکی ئاڵمانه. کتێبه گه‌وره‌و ئاڵۆزه‌که‌ی واته “بوون و زه‌مان” به‌راستی ئاڵۆز و دژواره- و ره‌نگیشه هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی به‌تاڵ بێت له‌مانا، که له‌م حاڵه‌ته‌دا خوێندنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی ساویلکانه ساناوساکاره. هێشتا به‌ته‌واوه‌تی نازانم چۆن له سه‌ری حوکم بده‌م و به‌راستیش تا ئێستا نه‌مدیوه راڤه‌کارێک، ته‌نانه‌ت یه‌که‌مین هه‌نگاوگه‌لیش بۆ فامکردنی ئه‌و کتێبه و تێگه‌ییشتن له مانا و ئامانجه‌کانی هه‌ڵگرتبێت”. ویلیا‌م بێرتیش، له درێژه‌ده‌ران و هۆگرانی رێبازی هایدیگه‌ر، له وتووێژێکدا له گه‌ڵ برایان مه‌گی ئاوه‌ها ده‌دوێت: “هایدیگه‌ر به شۆڕش له دژی عه‌قڵی دیکارتییه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد و من له هایدیگه‌ر دا له‌گه‌ڵ تێڕوانین و تێگه‌یه‌کی قووڵ له حه‌قیقه‌ت رووبه‌روو بوومه‌ته‌وه، که تێناگه‌م ئه‌م هه‌موو فه‌یله‌سووفانه‌ی وه‌کوو رۆدۆلف کارناپ، کارل پوپه‌ر، جد ئێیێرده‌ر که به‌راستی و راشکاوی دیاره خۆش مرخ و بیرتیژن، بۆچی و چۆن توانیویانه هایدیگه‌ر به گاڵته و ته‌شقه‌ڵه بگرن و نه ته‌نیا له ئاخافتندا به‌ڵکوو له نووسینه‌کانیشیاندا کاره‌کانی ئه‌و به مانا و نموونه‌ی حه‌قیقی بێ سه‌روبه‌ر و وه‌کوو کۆمه‌ڵێک وشه‌ی رێسراو له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. به رای من کاره‌کانی هایدیگه‌ر دوورن له‌و قسانه و به‌ڵکوو زۆریش قووڵ و به‌رجه‌سته‌یه”.
برایان مه‌گیش له تێڕوانینی خۆیه‌وه ده‌ڵێت: “فه‌لسه‌فه‌ی بوون له دوا شیکاریدا هه‌ڵگری جۆرێک تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی پێش مه‌زهه‌بییه. واته مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه دوای تێپه‌ڕاندن و بگاردنی پێچه‌ڵپڵووچییه‌کان و ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه له کۆتایی دا ده‌گه‌یینه خاڵێک که سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی دینه. چوونکوو له دواجاردا یا واقیع و راسته‌قینه‌یی بوونی ئه‌و شتانه‌ی که “بوونیان” هه‌یه مانایه‌ک ده‌ده‌ن یان هه‌موو شتێک بێمانایه”. ئه‌گه‌ر بمه‌وێت هه‌مووی ئه‌م دژبێژی و باش وخراپ بێژییانه کۆ بکه‌مه‌وه، ده‌یخه‌مه قه‌واره‌ی چه‌ند پرسیارێکه‌وه که رێگه‌ی فره‌ترمان بۆ لێکۆڵین و به‌دواداچوونی هایدیگه‌ر و رێبازه تاقانه‌که‌ی ده‌خه‌نه به‌رده‌م.
مارتین هایدیگه‌ر “پاشای په‌رده‌نشین” فه‌لسه‌فه بوو، یان گرینگ‌ترین راڤه‌کار و لایه‌نگری سۆفیگه‌ری(عیرفان) غه‌یری دینی که رێگه ده‌باته‌وه سه‌ر لاڕێ و گومڕا ده‌بێت؟ هایدیگه‌ر به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌گه‌لی سه‌رده‌م دا بازی دا‌و و هۆڵده‌رلینی کرد به‌سه‌رچاوه‌ی هزرین و تێڕامانی خۆی، ئایا مه‌به‌ستی ئه‌و کردنه‌وه‌ی سه‌رزه‌مینێک له ئیمکان بوو١٠ که له‌رێگه‌ی شیعره‌وه له‌هه‌مبه‌رماندا ده‌کرێته‌وه؟ گه‌ر وابوو چوونه‌ناوه‌وه‌ی ریزی حیزبی ناسیۆناڵ- سۆسیالیزمی هیتله‌ر ره‌هاخوازی نه‌بوو؟ ئه‌ی بۆچی په‌نای هێنایه بوودا و دائۆ و رێبازگه‌لی پڕهێما و نیشانه و ره‌مزی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه؟ئایا فه‌یله‌سووفان و بیرمه‌ندانێکی وه‌کوو سارته‌ر، هابێرماس، فۆکۆ، ژاک لاکان و ژاک دێریدا و، رێبازگه‌لی فه‌لسه‌فی دواتر که له دوای خۆی وه‌ده‌رکه‌وتن، له ژێر په‌رده‌که‌ی هایدیگه‌ره‌وه هاتنه ده‌رێ؟ به‌راستی هایدیگه‌ر ویستی چی دابهێنێت، قه‌واره‌یه‌کی ئووستووره‌یی که له‌بنه‌وه‌چه‌وه کۆنسێرڤاتیستانه‌یه یان هزرێک که لێبڕاوانه به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی باو دا باز ده‌دات و روو ده‌کاته بوونێکی پڕ ره‌مزوراز و هێما و نیشانه‌ی وه‌ک شیعر؟
“ئۆنتۆلۆژیا و شیعر”
ئۆتۆ پووگله‌ر؛ له راڤه‌کاران و شیکارانی ده‌قه‌کانی هایدیگه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه که ده‌شێت تێڕامانه‌کانی هایدیگه‌ر سه‌باره‌ت به ”بوون” به سه‌ر سێ قۆناغدا پۆلینکاری بکه‌ین. له قۆناغی یه‌که‌م مانای “بوون” ته‌وه‌ر و خولێنگه‌ی تێڕامانه‌کانێتی. له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م فه‌یله‌سووفه به خستنه‌رووی ته‌عبیر و ده‌ربڕینێکیتر له ئینسان، واته(Dasein) دازاین، ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌گه‌ر و ئیمکانی تێگه‌ییشتن و فامکردنی “بوون” له لایه‌ن ئه‌وه‌وه. له قۆناغی دووهه‌مدا حه‌قیقه‌ت(Wahreit) ی بوون بایه‌خی ده‌رده‌که‌وێت. له‌م قۆناغه‌دا هایدیگه‌ر به تێڕوانین و گۆشه‌نیگایه‌کی نوێ بۆ حه‌قیقه‌ت و به خستنه‌رووی پرسیاری “بوونی حه‌قیقه‌ت” له پێوه‌ندی نێوان سرووشت و زاتی حه‌قیقه‌ت و خودی “بوون” ده‌دوێت. و دواجار و له قۆناغی سێهه‌مداسه‌ره‌نجی هایدیگه‌ر به‌ره‌و شێواز و قه‌واره و خانه(Topos)ی بوون راکێشراو و پێوه‌ندی نێوان زه‌مان، زمان و مانا (یان نه‌فس و زات)ی “بوون” که‌وته به‌ر شیکاری و لێکدانه‌وه‌کانی. ئالێره‌دایه که ده‌سته‌ملانێتی و هاوپێوه‌ندی ئانتۆلۆژیا و شیعرمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، و وته ناوداره‌که‌ی هایدیگه‌ر که “زمان یانه‌ی بوونه”، مانای خۆی وه‌رده‌گرێت و گه‌شاوه‌ترین و کراوه‌ترین شێوازی زمانی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و کرانه‌وه له هه‌مبه‌ر بووندا به شیعر وێنا ده‌کرێت. هه‌ڵبه‌ت تێگه‌ییشتن له‌و وته ناوداره‌ی هایدیگه‌ر پێشمه‌رجێکی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که هه‌مووان تێده‌گه‌ن، ئه‌وه مرۆڤ نییه که به‌سه‌ر زماندا زاڵه، به‌ڵکوو ئه‌وه زمانه که به سه‌ر مرۆڤدا ده‌خوڕێ و زاڵ و سالاری ناو دونیای مرۆڤه. به تێگه‌ییشتن له‌م راستیانه‌ی ناو دونیای هایدیگه‌ر بۆمان روون ده‌بێته‌وه، ئانتۆلۆژیا و تێڕامانی به‌رده‌وام له سه‌ر “بوون” زۆرتر لای فریدریک هۆڵدرلین و ماریا ریلکه، ئیسته‌فان جۆرج، جۆرج ته‌راکه‌ل و، به گشتی لای شاعیران و به زمانی شیعر ئه‌زموون و تاقی ده‌کرێته‌وه و هه‌ر ئه‌م زمانه‌شه که “بوون” ده‌خاته بازنه‌ی سووڕانه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامه‌وه، نه به لۆژیکی ئه‌زموونی به‌رهه‌ستیانه‌ی “بوون” لای دێکارت و نه به لۆژیکی ئه‌ره‌ستووش و به گشتی له رێگه‌ی سیسته‌مه باوه فه‌لسه‌فییه‌کانی سه‌رده‌مه‌وه ئه‌م ئه‌نجام و ده‌سکه‌وته‌مان له‌مه‌ڕ بوونه‌وه ده‌ست ناکه‌وێت که له رێگه‌ی شیعر و ئانتۆلۆژیای ناوه‌کی زمانی شیعر دا به ده‌ستی دێنین.
ریلکه، زۆرتر هه‌وڵیده‌دا له‌و چرکه‌ساته ئه‌فسووناوی و غه‌ریبانه بنووسێت، که تێیاندا حه‌قیقه‌تی تۆکمه‌ی “بوون”-ئه‌وه‌ی که شتێک هه‌یه-زۆرتر له باقی ساته‌کانیتر هه‌ست پێده‌کرێت. هایدیگه‌ر له (سه‌باره‌ت به شاعیردا)1912 له مه‌ڕ جیهانی شیعری ریلکه‌وه ده‌نووسێت: شاعیر یان وه‌گێڕ(راوی)ی ریلکه سواری به‌له‌مێک، له دوورگه‌ی فیلای یۆنانه‌وه به‌ره‌و زه‌ریا به‌ڕێده‌که‌وێت. شتێکی ئه‌وتۆ روونادات به‌ڵام شتێکی‌تر رووده‌دات که دژه باوه! له هه‌مبه‌ر چاوانی منه‌وه، شازده‌که‌س بوون که سه‌وڵیان لێده‌دا؛ زۆربه‌ی ساته‌کان شتێکیان نه‌ده‌دیت؛ نیگا ئه‌بڵه‌ق بووه‌کانیان هه‌وای ده‌بووارد و تێیده‌په‌ڕاند… به‌ڵام هه‌ندێ جار یه‌کێک له‌وان ده‌بوو به داومه‌وه، له کاتێکدا نغرۆی تێڕامان بوو و بیری له دیارده‌یه‌کی غه‌واره و نه‌ناس ده‌کرده‌وه که به هه‌یئه‌تێکی ره‌نگین و زه‌نگین له هه‌مبه‌ری دا ده‌رده‌که‌وت و ده‌یخسته تێڕامان و بیرکردنه‌وه له دۆخگه‌لێک که ره‌نگه سرووشت و هه‌ناوی راسته‌قینه‌ی ئه‌و دیارده‌یه به‌وجۆره وه‌ده‌رکه‌وێت و، تا ده‌هاتمه سه‌ر خۆم و لام ده‌کرده‌وه، بێ سێ و دوو ئه‌و حاڵه‌ته بیرمه‌ندی و قووڵڕوانینه‌ی خۆی ده‌دۆڕاند، تاشوێنێک که ئه‌و حاڵه‌ته جوان و قووڵه جێی خۆی له‌گه‌ڵ حاڵه‌تێکی سووک و بێمانای که‌سێک دا ده‌گۆڕییه‌وه که ده‌تگووت ده‌روه‌زه‌یی ده‌کات لێت.
دڵه‌ڕاوکێکانی هایدگێر و ریلکه له‌یه‌ک چه‌شنن. ریلکه ده‌ڵێت: “پرسیار له بوون ره‌نگه پێویستی به زمانێکی شاعیرانه بێت…هایدگێریش وه‌کوو هاونه‌وایه‌ک ده‌ڵێت: ئه‌م پرسیاره هه‌موو فه‌یله‌سووفانی هه‌راسان کردووه. ئایا ئه‌مه بوو ئه‌و سامان و خه‌رمانه‌ی میتافیزیک و ئه‌ندێشه‌ی رۆژئاوا؟”
فریدریش هۆڵده‌رلین(1843-1770) یه‌کێکیتره له شاعیره ئایدیاله‌کانی هایدیگه‌ر، نه‌ته‌وه‌خوازێکی ئاڵمانی که له‌سه‌رێکه‌وه حاڵ و هه‌وایه‌کی یۆنانی خسته نێو رێبازی رۆمانتیسیزم و له سه‌رێکیتره‌وه تاموبۆ و تێمێکی کوفرئامێزی رژانده هه‌ناوی خوداناسی(Theolojy) مه‌سیحییه‌ته‌وه. هایدیگه‌ر پێنج بابه‌تی له‌باره‌ی هۆڵدرلینه‌وه نووسی و زۆربه‌یانیشی به هۆنینه‌وه‌کان و شیعره‌کانی هۆڵدرلین به‌ڵگه‌مه‌ند ده‌کرد. ئه‌و، و‌اتێده‌گه‌ییشت که هۆڵده‌رلین یه‌کێک له‌و که‌سانه‌یه که “بوونی” ناسیوه، شیعری (گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، 1802) ی هۆڵده‌رلین که هایدیگه‌ر باسی لێوه ده‌کات، سه‌ربوورده‌ی سه‌فه‌ری شاعیرێک ده‌گێڕێته‌وه که له‌رێگای چیاکانی ئالپه‌وه ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رێمی سووئابی ئاڵمان واته نیشتمانی خۆی. له چیاکانی ئالپدا، خۆشی و شادی له‌راده‌به‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵ هه‌ست پێده‌کات. جۆش و خرۆشێک به ناخمدا دێت و هه‌مدیس له‌دڵمدا بوێرییه‌کی شادی ئامێز شایلۆغانێ و سه‌مایه‌تی… به تێڕوانینی هایدیگه‌ر “زمان” بۆ هۆڵدرلین شتێکه که خودی گه‌ڕانه‌وه تێیدا روو ده‌دات، شتێکه ده‌کرێت تێیدا “ببین”.
لێمانه‌وه دووره‌و نێزیکیش، نێزیکیشه‌و دووریش. بۆیه شتی نێزیک ده‌بێت تا راده‌یه‌ک داپۆشراو و سه‌ر به‌مۆر بمێنێته‌وه ئه‌گینا ئیدی نێزیک نییه. ئه‌مه‌یه رازی نێزیکی. ئه‌م رازه به‌ره و رازێکی گشتیتری په‌یوه‌ست به “بوون” ده‌مانبات، که چه‌مکی رازاوی “ئه‌لسێئیا(aletheia)” یه که دواتر دێمه سه‌ری. ئه‌م لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌ی هایدیگه‌ر به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سارته‌ردا ئێمه زۆرتر و ره‌سه‌نتر گرێ ده‌دات به ئانتۆلۆژیای شیعره‌وه، هه‌رچه‌نده که سارته‌ریش له پێشه‌کییه‌کدا که له‌سه‌ر شیعره‌کانی “ستێفان مالارمه” نووسی، که‌ڵکه‌ڵه‌ی خۆی بۆ حه‌قیقه‌ت و بنه‌ڕه‌تی بوون له چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی هاوکێشه‌ی “زه‌رووره‌ت، رێکه‌وت” هه‌ڵبه‌ت به تێگه و هه‌ڵگۆسته‌یه‌ک که له شیعره‌کانی مالارمه هه‌بووی، ده‌رخستووه. به‌ڵام وه‌کوو چه‌ق و ته‌وه‌رێکی به‌رده‌وام و درێژ له جیهان و کاره‌کانیدا “بوونی” نه‌بووه. زه‌رووره‌ت و رێکه‌وت وه‌ک دووانه‌یه‌ک که “بوون” ده‌هاوێنه ئامێزی یه‌کتر و له‌نێوان خۆیاندا جێگۆڕکێی پێده‌که‌ن، وه‌کوو بنه‌ڕه‌تی بوون لای سارته‌ر و مالارمێ ده‌رده‌که‌ون.
به‌ڵام هایدیگه‌ر به زه‌قکردنه‌وه و خستنه‌ڕووی چه‌مک و وشه‌ی “ئه‌لسێئیا(aletheia)” جیهان و سه‌رزه‌مینێکی شیعری واته ئانتۆلۆژیای شیعری له‌به‌رده‌مماندا ده‌کاته‌وه. “ئه‌لسێئیا” که وشه‌یه‌کی یۆنانی کۆنه هاوواتای حه‌قیقه‌ت به‌کار دێت. به‌و واتایانه‌ی که ئه‌م وشه ده‌یپرشێنێته‌وه و لێیده‌وه‌شێته‌وه، فه‌زا و زمانێکی شیعریمان بۆ مسۆگه‌ر ده‌کات. ئه‌لسێئیا، بێجگه له حه‌قیقه‌ت به واتای “ناپۆشراوه‌یی” ش دێت. که‌واته ده‌رده‌که‌وێت یۆنانێکانی جیهانی که‌ونارا کاتێک بیریان له حه‌قیقه‌ت ده‌کرده‌وه، هاوکات و هاوته‌ریبیش له‌باره‌ی “له‌سه‌ر داماڵین، په‌رده‌هه‌ڵماڵین، ده‌رخستن و یان دۆزینه‌وه” بیریان ده‌کرده‌وه. ته‌نها زمانێک که به دوور له زمانی ره‌های زانست و هه‌ندێ رێبازی فه‌لسه‌فی و به‌ڵگه‌لۆژیکمه‌نده‌کان و بڕیاره پۆزێتیڤیستییه‌کان و …هتد ده‌توانێت له‌جیهانی ئه‌م چه‌مکه دا زانیاری و ناسین ئه‌زموون بکه‌ن و بنه‌ڕه‌تی بوون بگێڕێته‌وه، زمانی ئانتۆلۆژیکانه‌ی شیعره. شیعر به پاراستنی هه‌تاهه‌تایی شیمانه و ئیمکان له‌هه‌مان کاتدا که چه‌شنێک له حه‌قیقه‌تی تێدایه، جاڕی نه‌بوونی حه‌قیقه‌تیش لێده‌دات.
به‌پێڕه‌وکردنی ئه‌و رۆشناییه‌ی که وشه‌ی ئه‌لسێئیا “یه‌کێکیتر له مانا گرینگه‌کانی ئه‌م وشه‌یه رووناکی یان نووری داپۆشراوه” له به‌رده‌مماندا ده‌یکاته‌وه، شیوازێک له رووبه‌ڕووبوونه‌وه و خوێندنه‌وه به هێنانه دی چه‌ند چه‌مکێک و کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مکانه به‌ده‌ست دێنین. که راسته‌وخۆ په‌یوه‌ست و گرێدراوی بوونێکی شیعریانه‌ن، بوونێک که له‌ناو زمانی شیعردا رووده‌دات، هه‌ر ئه‌مه‌شه که هایدیگه‌ر چه‌ند جارێک دێڕه ناوداره‌که‌ی هۆڵده‌رلین ده‌کاته خاڵی ده‌سپێکی نووسین و هه‌ندێ له تێڕامانه‌کانی، هۆڵده‌رلین ده‌ڵێت: ئینسان، شاعیرانه نیشته‌جێ ده‌بێت. له درێژه‌دا زیاتر مانای ئه‌م دێڕه شیعره لێکده‌ده‌ینه‌وه.