ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) جۆرە ڕژێمێکی سیاسییە، کە لەلایەن کۆمەڵەی گەلان (عصبە الامم) بە گوێرەی، بە پێی بەندی (22) ی پەیماننامەی دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان (عصبە الامم) دامەزراوە، لە ڕێکەوتی (28_6/یونیو_1919) دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش بۆ ماوەیهکی کاتی بوو، بریتی بوو لە بەرێوەبردنی ئەو ناوچە و وڵاتانەی، کە گوایە لە ژێر دەستی داگیرکاری هەر دوو دەوڵەتی عوسمانییەکان و ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) ئازاد کراوەن، هەموو ئەو خاکانەی کە کەوتوونەتە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی کۆمەڵەی گەلانەوە پێشتر لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی کە لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا شکستیان هێنا بوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی بریتی بوو لە ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) و دەوڵەتی عوسمانییەکان کۆنترۆڵ کرا بوون.
ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) لە بنەڕەتدا جیاواز بوون لە پارێزراوەکان، چونکە دەسەڵاتی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) پابەند بوونەکانی بەرامبەر بە دانیشتوانی خاکەکە و بەرامبەر بە کۆمەڵەی گەلان گرتە ئەستۆ، لە هەر سێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریقیا و ئۆقیانووسیادا، لە میانەی جەنگی یەکەمی جیهانی دا، واتا گواستنەوەی بەرێوەبردن ئەو ناوچە و وڵاتانەی کە پێشتر داگیر کراو بوون بۆ ژێر دەستی داگیرکەرەکەی تر، تاوەکو ئەو کاتەی خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان توانای بەرێوەبردنی خۆیان ئەبێت، کە ئەمەش شتێک بوو کە دەوڵەتە کۆلۆنیالیزمییەکانی وەکو ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا و کۆماری سێیەمی فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی بەلژیکا و کۆمۆنویالپی ئورسترالیا و ئیمپراتۆریای ژاپۆن (یابان) و یەکێتی ئەفریقیای باشوور و دەوڵەتی نیوزلەندە لە ڕێگەی کۆمەڵەی گەلان (عصبە الامم)ەوە دایانتاشی بوو، تاوەکو بەو جۆرە ڕێگەیە و بەو ناوەوە دەست بگرن بە سەر وڵاتانەدا و شەرعیەت بدەن بەو داگیرکارییە، ئەوەش بە گوێرەی خاڵی دووی کۆنگرەی سان ریمۆ بوو، ئەگینا هیچ بنەماڵێکی ئاسایی نەبوو ، هەر بۆ ئەوە دروستیان بوو کە خەڵکی وڵاتە داگیر کراوەکان لە وشەی کۆلۆنیالیزم و ئیستعمار ئەترسان و ژەنەڕاڵ جان سموتسی گەورە کەسایەتی و سیاسەتمەداری یەکێتی باشووری ئەفریقیای بە ڕەگەز نێپێراندی، کە دوو جار بووە بە دووەمین سەرۆک وەزیرانی یەکێتی باشووری ئەفریقیا، کە ئەوەیش لە نێوان ساڵانی (1919_1924ز)، لە نێوان ساڵانی (1939_1948ز) خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) بووە.
ئەوەش لە لایەن وودر ویلسون (1913_1921) بیست و هەشتەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری کرا، هەروەها پاش دامەزراندنی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ڕژێمە لابرا و ڕژێمی سەرپەرشتی کردن (الوصایە) شوێنی گرتووە. ئەوە بوو لە ڕێکەوتی (18_4/ئەپرێل_1920) کۆنگرەی سان ریمۆ لە شارۆچکە (قەزا)ی سان ریمۆ سەر بە پارێزگای ئێمپیریا لە هەرێمی لیگوریای باکوری وڵاتی ئیتاڵیا دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، لە نێوان دەوڵەتانی هاوپەیمانان کە پێکهاتبوو لە هەر یەکە (ئیمپراتۆریای دووەمی بهریتانیا و کۆماری سێیەمی فهرهنسا و شانشینی ئیتاڵیا و ئیمپراتۆریای یابان_ژاپۆن). کۆنگرەکە دەستی بە کارەکانی کرد، بە ئامادە بوونی داڤید لیۆید جۆرج (1922_1916ز) سەرۆک وەزیرانی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا، ئالکیساندهر میللیراند سەرۆک وەزیرانی کۆماری سێیەمی فەرەنسا (1920)، دواتر سەرۆکی کۆماری سێیەمی فەرەنسا لە نێوان ساڵانی (1920_1924)و ، فرانکیسکۆ ساڤێریۆ نیتتی (1920) سەرۆک وەزیرانی شانشینی ئیتاڵیا و باڵیۆزی ئیمپراتۆریای یابان (ژاپۆن) لە شاری ڕۆمای پایتەختی شانشینی ئیتاڵیا، بۆ لێکۆلینەوە لە مەرجەکانی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانییەکان دا، کە جێبەجێ بکرێت لە پەیماننامەی سیڤەر و ڕەزامەندیی دان لە سەری، لە پاش ڕایگەیاندنی سەربەخۆیی شانشینی عەرەبی سوریا ڕێکەوتی (3_8/ ئاگوستۆس _ 1918) و جیا بوونەوەی لە دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانییەکان، هەروەها شاندێکی جولەکە بە سەرۆکایەتی حاییم وایزمان یەکەم سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیل لە نێوان ساڵانی (1952_1949) و ناحوم سۆکۆلۆو سەرۆکی بزووتنەوەی زایۆنیزمی جیهانی و هێربێرت ساموێل یەکەم مەندوبی سامی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا لە ئیسرائیل (فەلەستین) لە کۆنگرە بەشدار بوون، کە یاداشتنامەێکیان بە شاندی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا دا، کە لەگەڵ بڕیارەکانی کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس لەگەڵ بەڵێننامەی بەلفۆر، کە لە ڕێکەوتی (2_11/تشرینی دووەم_1917) لە لایەن ئارپور جێمس بەلفۆر (1919_1916ز) وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە و کاروباری کۆممۆنویالپەکان دەرچوو بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ نەتەوەی جوو بگونجێت. یەکێک لەو خاڵانەی کە لە کۆنگرەی سان ریمۆ لێکۆلینەوەی لە سەر ئەکرا، دابەشکردن و چەساپدنی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) بوو بە گوێرەی بەرژەوەندی دەوڵەتانی هاوپەیمانان. لە ڕێکەوتی (25_4/ئەپرێل_1920) کۆنگرەی سان ریمۆ، کۆتایی بە کارەکانی هێنا، کە ئەنجامەکانی ئەمانە بوون:-
پرۆسەی دامەزراندنی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) لە دوو قۆناغ پێکهاتبوو:-
یەکەم:- لابردنی فەرمی سەروەری ئەو دەوڵەتەی، کە پێشتر خاکی دەوڵەتە داگیر کراوەکانیان کۆنترۆڵ کرد بوو.
دووەم:- گواستنەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) بۆ تاک دەوڵەتەکان لە نێوان دەوڵەتە زلهێزەکانی هاوپەیماندا، کە بە پێی پەیماننامەکان دەست بە سەردا گرتنی کۆلۆنیالییەکانی دەرەوەی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا)، لەگەڵ سێ خاکی جیا بووەوە لە ناوچەی زێدی کیشوری ئەوروپادا بریتی بوون لە (شاری ئازادی دانزیگ ، خاکی مێمێل و سار) ، کە ئەوانەش لە پەیماننامەی ڤێرسای ساڵی (1919) دا بەدیهات، لەگەڵ تەرخانکردنی خاکەکان لە نێوان هاوپەیمانان لە ڕێکەوتی (7_5/ئایار_1919) دابەش کردنی خاکی دەوڵەتی عوسمانییەکان بۆ یەکەمجار لە پەیمانی سێڤەری ساڵی (1920) دا باس کرا و، لە پەیمانی لۆزانی ساڵی (1923) دا کۆتایی هات. باس کردن لە چارەنووسی خاکەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەکانی تورکیا لە کۆنفرانسی سان ڕیمۆی ساڵی (1920) دا لە نێوان دەوڵەتە زلهێزەکانی هاوپەیمانان تەرخان کران.
“جۆرەکانی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات)”
بە پێ بەندی (22) ی لە پەیماننامەی دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان (عصبە الامم) دا، کە تیشک ئەیخاتە سەر سێ چینی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات):-
یەکەم:- ناوچەی سوور، کە بە پۆلی (A) ناسراوە، کە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەکان ئەگرێتەوە لە ناوچەی ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیادا ، کە لە پێشوو دا داگیریان کرد بوو.
دووەم:- ناوچەی شین، کە بە پۆلی (B) ناسراوە، کە وڵاتانی دەسەڵاتی ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) ئەگرێتەوە لە ناوچەی ناوەڕاستی کیشوەری ئەرفریقیادا، کە لە پێشوو دا داگیریان کرد بوو.
سێیەم:- ناوچەی زەرد، کە بە پۆلی(B) ناسراوە، کە وڵاتانی دەسەڵاتی ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) ئەگرێتەوە لە ناوچەی باشو,ری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا و ناوچەکانی ناو زەریای هێمن لە کیشوەری ئۆقیانوسیادا، کە لە پێشوو دا داگیریان کرد بوو.
کۆمەڵەی گەلان(عصبە الامم) ئاستی وردی کۆنترۆڵ کردنی دەسەڵاتی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) بە سەر هەر ناوچەێکی ئینتیداب (ماندات) کراوەدا لە سەر بنەمای تاکەکەسی بڕیاریدا، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەسەڵاتی ئینتیداب (ماندات) دروستکردنی قەڵا یان بەرزکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی سوپای لە ناو خاکی هەر ناوچەێکی ئینتیداب (ماندات) کراوەدا قەدەغە کرابوو و، پێویست بوو ڕاپۆرتێکی ساڵانە لەسەر خاکی ئینتیداب (ماندات) کراوەدا، پێشکەش بە کۆمیسیۆنی ئینتیداب (ماندات) هەمیشەیی کۆمەڵەی گەلان (عصبە الامم) بکات. دەسەڵاتی ئینتیداب (ماندات) دا دابەش کرا بوون بە سەر سێ گروپی جیاوازدا بە پشت بەستن بە ئاستی گەشەسەندن کە هەر دانیشتووانێک لەو کاتەدا بە دەستی هێنا بوو.
یەکەم_گرووپی یەکەم، یان ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ناوچەی پۆلی (A)، کە بریتی بوون لە خاکی ئەو وڵاتانەی پێشتر لە لایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە کۆنترۆڵ کرا بوون کە بە گەیشتوونە تە قۆناغێکی گەشەسەندن کە بوونی ئەوان وەک نەتەوە سەربەخۆکان ئەتوانرێت بە شێوەیەکی کاتی دانی پێدانرێت بە مەرجی پێشکەشکردنی ئامۆژگاری و ڕاوێژ کردن و هاوکاری کارگێڕی، لە لایەن ڕژێمی ئینتیداب (ماندات)ەوە تاوەکو ئەو کاتەی کە ئەتوانن بە تەنیا بوەستن، خواستی ئەم کۆمەڵگایانە ئەبێت ڕەچاو کردنی سەرەکی بێت لە هەڵبژاردنی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات)دا.
دووەم:- گروپی دووەم، یان ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ناوچەی پۆلی (B) ، هەموویان بریتی بوون لە خاکی ئەو وڵاتانەی کۆلۆنیالیزمی پێشووی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) بوون لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی کیشوەری ئەفریقادا، لە لایەن ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا)وە بە (شوتزگێبیێت_پارێزراوەکان یان خاکە کۆلۆنیال کراوەکان) ناویان ئەبرد، کە پێویستیان بە ئاستێکی زیاتری کۆنترۆڵ کردن بوو لە لایەن دەسەڵاتی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) دائەنران، ئەبێت دەسەڵاتی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) بەرپرسیار بێت لە بەڕێوەبردنی خاکەکە بە مەرجێک کە ئازادی ویژدان و ئایین گەرەنتی بکات، دەسەڵاتی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) دروست کردنی بنکەی سەربازی یان دەریایی لە چوارچێوەی ئەرکەکاندا قەدەغە کرا بوو.
سێیەم:- گروپی سێیەم، یان ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ناوچەی پۆلی(C)، لەوانەش ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا و هەندێک ناوچە لە دوورگەکانی باشوری زەریای هێمن لە کیشوەری ئۆقیانوسیا، بە باشترین بەڕێوەبردن بە پێی یاساکانی ڕژێمی ئینتیداب (ماندات)، وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە خاکەکەی دائەنران.
یەک:- کیشوەری ئاسیا، کە ناوچەی پۆلی (A) ئەگرێتەوە:
یەکەم:- هەرێمی سوریا، ئەوە بوو لە ڕێکەوتی (3_8/ئاگوستۆس_1918) دا شانشینی عەرەبی سوریا دامەزراوە و، ئەوە بوو لە ڕێکەوتی (26_11/تشرینی دووەم_1919) دا هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیای مەزن لە بەشێکی خاکی شانشینی عەرەبی سوریا کشایەوە، کە دواترمخاکی شانشنی عەرەبی سوریا دابەش کرا بە سەر (19) سەنجەق و (3) موتەسەریف و (105) شارۆچکە (قەزا) دا و، پێکهاتبوو لە وڵاتانی وەکو بەشێکی هەرە گەورەی کۆماری سوریا لەگەڵ تەواوی ڕۆژئاڤای کوردستان (کوردستانی بندەستی کۆماری سوریای ئێستە) و تەواوی کۆماری لوبنان و کۆماری ئیسرائیل بە هەرێمی عەرەب نشین (فەلەستین)ەوە و بەشێکی گەورەی شانشینی ئوردون و بەشێکی کۆماری تورکیا (باکوری کوردستان_کوردستانی بندەستی کۆماری تورکیای ئێستە) و هەندێ ناوچەی تورک نشینی کۆماری تورکیای ئێستە. لە مانگی (5) ی ساڵی (1920) دا هێزەکانی سوپای کۆماری سێیەمی فەرەنسا بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ هێنری گۆوراود هێرشیان کردە سەر ئەم شانشینە تا لە ئەنجامدا شەڕی مایسالون بەرپا بوو، لە ڕێکەوتی (24_7/یولیو_1920) لە ناوچەی خان میسلونی نزیکی شاری دیمەشقی پایتەختی ئێستەی سوریا لە نێوان هێزەکانی سوپای شانشینی عەرەبی سوریا کە پێکهاتبوو لە (3) هەزار سەرباز بە چەکی ئاسایی بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ یوسف عڤمەی وەزیری بەرگری شانشینی عەرەبی سوریا و سوپاسالاری هێزەکانی سوپای شانشینی عەرەبی سوریا و هێزەکانی سوپای کۆماری سێیەمی فەرەنسا کە پێکهاتبوو لە (9) هەزار سەرباز بە چەکی پێشکەوتوو بە پشتیوانی فرۆکەی سەربازی و تۆپخانە بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ هێنری گۆوراود، شەڕەکە ماوەی (9) دەمژێر (سەعات)ی خایاند و، هێزەکانی سوپای شانشینی عەرەبی سوریا نزیکەیی (1.400) سەربازیان کۆژران و بریندار بوون بە خودی کوژرانی ژەنەڕاڵ یوسف عڤمەی وەزیری بەرگری شانشینی عەرەبی سوریا و سوپاسالاری هێزەکانی سوپای شانشینی عەرەبی سوریا.
هێزەکانی سوپای کۆماری سێیەمی فەرەنسا نزیکەیی (196) سەربازیان کوژران و بریندار بوون، سەر ئەنجام هێزەکانی سوپای کۆماری سێیەمی فەرەنسا سەرکەوتن و هێزەکانی سوریا شکستیان هێنا، ئەوە بوو و شانشینی عەرەبی سوریا بە تەواوی داگیرکرا، لە ڕێکەوتی (28_7/یولیو_1920) کۆتایی هێنرا بە شانشینی عەرەبی سوریا و خودی شا فەیسەڵی یەکەم (1918_1920) سێیەم و کۆتا شای شانشینی عەرەبی سوریا بوو دوور خرایەوە، و دواتر لە ڕێکەوتی (24_7/یولیو_1922) دا خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی کۆماری سێیەمی فەرەنسا، کە هەرێمی ڕۆژئاوای کوردستان (کوردستانی بندەستی کۆماری سوریای ئێستە)شی گرتووە و، لە ڕێکەوتی (17_4/ئەپرێل_1946) کۆماری عەرەبی سوریا سەربەخۆیی ڕاگەیاند، دەوڵەتی کۆماری ڤیشی فەرەنسا لە ڕێکەوتی (22_11/نۆفمبەر_1943) دانی نا بە سەربەخۆیی کۆماری عەرەبی سوریا.
دووەم:- هەرێمی لوبنان، کە بەشێک بوو لە شانشینی عەرەبی سوریا ، ئەوە بوو لە ڕێکەوتی (26_11/تشرینی دووەم_1919) هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیای مەزن لە بەشە لوبنانەکەی ویلایەتی بیروت کشانەوە و، شانشینی عەرەبی سوریا بە تەواوی لە لایەن هێزەکانی سوپای کۆماری سێیەمی فەرەنساوە داگیرکرا و ، لە ڕێکەوتی (28_7/یولیو_1920) کۆتایی هێنرا بە شانشینی عەرەبی سوریا، دەوڵەتی لوبنان لە ڕێکەوتی (1_9/سێپمبەر_1920) دامەزرا، ئەوەش بە پێی بڕیاری دەسەڵاتی سەربازی فەرەنسا لە سوریا و لوبنان بوو، دواتر لە ڕێکەوتی (24_7/یولیو_1922) دا خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی کۆماری سێیەمی فەرەنسا، لە ڕێکەوتی (8_11/نۆفمبەر_1943) کۆماری لوبنان سەربەخۆیی ڕاگەیاند، دەوڵەتی کۆماری ڤیشی فەرەنسا، لە ڕێکەوتی (22_11/نۆفمبەر_1943) دانی نا بە سەربەخۆیی کۆماری لوبنان.
سێیەم:- هەرێمی ئێراق، کە ئەوە بوو لە ڕێکەوتی(25_4/ئەپرێل_1920) خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا، کە دواتر لە ڕێکەوتی (16_12/کانوونی یەکەم_1925) هەرێمی باشووری کورستانی ئێستە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستانی ئێستە (کوردستانی بندەستی کۆماری فیدڕاڵی ئێراقی ئێستە)شی گرتووە و هەروەها لە ڕێکەوتی (11_11/تشرینی دووەم_1920) یەکەم کابینەی وەزاری پێکهێنا بە سەرۆکایەتی نەقیب عەبدوڵڕەحمان گهیلانی و لە ڕێکەوتی (23_8/ئۆگەست_1921) شا فەیسەڵی یەکەم (1921_1933ز) کرایە شای شانشینی ئێراق و ، لە ڕێکەوتی (3_10/ئۆکتۆبەر_1932) شانشینی ئێراق سەربەخۆیی وەرگرت لەئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا.
چوارەم:- هەرێمی میرنشینی ڕۆژهەڵاتی ئوردون، ئەو وڵاتە بەشێکی پێشتر بەشێک بووە لە ویلایەتی سوریا (شام) و زۆرینەی خاکەکەی ناوچەی بیابان بووە، لە ڕێکەوتی (25_4/ئەپرێل_1920) خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا و، لە ڕێکەوتی (11_4/ئەپرێل_1921) میر عەبدوڵڵای یەكەم (1921_1946) وەکو میر میرنشینی ڕۆژهەڵاتی ئوردونی دامەزراند، لە ژێر سایەی ئینتیداب (ماندات) ی كارگێری فەلەستین كە سەر بە ئیمپراتۆریای دووەمی بهریتانیا بوو، لە ڕێکەوتی (25_5/ئایار_1946) میرنشینی ڕۆژهەڵاتی ئوردون بە سەرۆکایەتی شا عەبدوڵڵای یەكەم (1946_1951ز) سەربەخۆیی ڕاگەیاند و جیا بووە لە ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا و، لە ڕێکەوتی (25_5/ئایار_1946) شانشینی ئوردون لە ناوچەی كارگێری فەلەستین دەرچوو و، هەروەها ناوەكەشی گۆڕی لە میرنشینی ڕۆژهەڵاتی ئوردون بۆ ناوی شانشینی ئوردونی ھاشیمی.
پێنجەم:- هەرێمی ئیسرائیل (فەلەستین)، ئەوەش پاش ئەوەی هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی سینا و ئیسرائیل (فەلەستین) دا لە دژی هێزەکانی سوپای دەوڵەتی عوسمانییەکان ئەنجامی دا، لە نێوان ڕێکەوتی (26_1/کانوونی دووەم_1915) تاوەکو ڕێکەوتی (28_10/ئۆکتۆبەر_1918) ، ئەوە بوو هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا نزیکەیی (8) شەڕ و هێرشی ئاسمانی لە دژی هێزەکانی سوپای دەوڵەتی عوسمانییەکان لە سەر خاکی ئیسرائیل (فەلەستین) ئەنجامدا، لە ڕێکەوتی (25_4/ئەپرێل_1920) خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا، لەگەڵ پابەند بوون بە جێبەجێکردنی بەڵێننامەی بەلفۆر، هەروەها تاوەکو ڕێکەوتی (14_5/مایو_1948) ئیسرائیل (فەلەستین) لە ژێر سایە ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا مایەوە، ئەوە بوو کۆماری ئیسرائیل کە لە ڕێکەوتی (51_5/مایو_1948) سەربەخۆیی ڕایگەیاند و جیا بووە لە ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا.
دوو:- کیشوەری ئەفریقیا، ناوچەی پۆلی (B) و ناوچەی پۆلی(C)ئەگرێتەوە:
یەکەم:- هەرێمی تۆگۆ (توغو) ی بەریتانی، کە بەشی ڕۆژهەڵاتی کۆماری گانا بوو کە پێشتر یەکێک بووە لە ناوچە کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیای ئەڵمانی لە کیشوەری ئەفریقیا لە نێوان ساڵانی (1888_1914) دا و، پاشان لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیاوە داگیر کراوە و ، دواتر خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا، لە ڕێکەوتی (20_7/یولیو_1922) تاوەکو ڕێکەوتی (13_12/کانوونی یەکەم_1946) و ، دواتر لە ڕێکەوتی (13_12/کانوونی یەکەم_1946) خرایە ژێر ڕژێمی سەرپەرشتی کردن (الوصایە) ی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تاوەکو ڕێکەوتی (6_3/ئادار_1957) و ، لە هەمان ڕێکەوت لەگەڵ وڵاتی گانا یەکیانگرت بە ناوی کۆماری گانا.
دووەم:- هەرێمی تۆگۆ (توغو) ی فەرەنسی، کە ئێستە کۆماری تۆگۆیە، کە پێشتر یەکێک بووە لە ناوچە کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیای ئەڵمانی لە کیشوەری ئەفریقیا لە کیشوەری ئەفریقیا لە نێوان ساڵانی (1888_1914)، پاشان لە لایەن هێزەکانی سوپای کۆماری سێیەمی فەرەنساوە داگیر کراوە، دواتر خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی کۆماری سێیەمی فەرەنسا و ، لە ڕێکەوتی (20_7/یولیو_1922) تاوەکو ڕێکەوتی (27_4/ئەپرێل_1960) ، کە لەو ڕێکەوتەدا بە ناوی کۆماری تۆگۆ سەربەخۆیی وەرگرت لە کۆماری پێنجەمی فەرەنسا.
سێیەم:- هەرێمی کامیرۆنی بەریتانی، کە بەشێکە لە کۆماری کامیرۆن و کۆماری فیدڕاڵی نیجیریا، کە پێشتر یەکێک بووە لە ناوچە کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیای ئەڵمانی لە کیشوەری ئەفریقیا لە نێوان ساڵانی (1888_1920) و پاشان لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیاوە داگیر کراوە، دواتر خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا، لە ڕێکەوتی (28_6/یونیو_1919) تاوەکو ڕێکەوتی (1_10/ئۆکتۆیەر_1961) کە لە هەمان ڕێکەوت دا سەربەخۆیی وەرگرت لە ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا، دواتر بەشێکی زۆری لەگەڵ هەرێمی کامیرۆنی فەرەنسی یەکیانگرت بە ناوی کۆماری فیدڕاڵی کامیرۆن.
چوارەم:- هەرێمی کامیرۆنی فەرەنسی، کە بەشێکە لە کۆماری فیدڕاڵی کامیرۆن، کە پێشتر یەکێک بووە لە ناوچە کۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیای ئەڵمانی لە کیشوەری ئەفریقیا، لە نێوان ساڵانی (1888_1920)، پاشان لە لایەن هێزەکانی سوپای کۆماری سێیەمی فەرەنساوە داگیر کراوە، دواتر خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی کۆماری سێیەمی فەرەنسا، لە ڕێکەوتی (28_6/یونیو_1919) تاوەکو ڕێکەوتی (1_10/ئۆکتۆیەر_1961) ، کە لە هەمان ڕێکەوت دا سەربەخۆیی وەرگرت لە لە کۆماری پێنجەمی فەرەنسا، دواتر لەگەڵ بەشێکی زۆری هەرێمی کامیرۆنی بەریتانی یەکیانگرت بە ناوی کۆماری فیدڕاڵی کامیرۆن.
پێنجەم:- هەرێمی ڕواندا_ئوروندی بەلژیکی، کە ئێستە بەشێکە لە هەر دوو کۆماری ڕواندا و کۆماری بوروندی کە پێشتر یەکێک بووە لە ناوچە کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیای ئەڵمانی لە کیشوەری ئەفریقیا لە کیشوەری ئەفریقیا لە نێوان ساڵانی (1888_1916)، پاشان لە لایەن هێزەکانی سوپای ناوچەی کۆنگۆی کۆنیالیزمی شانشینی بەڵژیکاوە داگیر کرا، دواتر خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی شانشینی بەڵژیکا، لە ڕێکەوتی (20_7/یولیو_1922) تاوەکو ڕێکەوتی (1_7/یولیو_1962)، کە لە هەمان ڕێکەوتدا بە ناوەکانی کۆماری ڕواندا و شانشینی بوروندی سەربەخۆییان وەرگرت لە شانشینی بەلژیکا.
شەشەم:- هەرێمی تانگانیگای بەریتانی، کە ئێستە بەشێکە لە کۆماری یەکگرتووی تانزانیا بووە لە ناوچە کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیای ئەڵمانی لە کیشوەری ئەفریقیا لە نێوان ساڵانی (1888_1918) ، پاشان لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیاوە داگیر کراوە و دواتر خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا، لە ڕێکەوتی (20_7/یولیو_1922) تاوەکو ڕێکەوتی (9_12/کانوونی یەکەم_1961) ، کە لە هەمان ڕێکەوت دا سەربەخۆیی وەرگرت بە ناوی تانگانیگای وشکانی لە ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا و، پاشان لە ڕێکەوتی (26_4/ ئەپرێل_1964) کۆماری تانگانیگای وشکانی لەگەڵ کۆماری میللی زەنگبار و پیمپایان لە ژێر ناوی کۆماری یەکگرتووی تانزانیا یەکیان گرت.
حەوتەم:- هەرێمی باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقای بەریتانی، کە پێشتر یەکێک بووە لە ناوچە کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیای ئەڵمانی لە کیشوەری ئەفریقیا لە نێوان ساڵانی (1888_1915)، پاشان لە لایەن هێزەکانی سوپای یەکێتی باشووری ئەفریقیای سەر بە ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیاوە داگیر کراوە و دواتر خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا، لە ڕێکەوتی (28_6/یونیو_1919) تاوەکو ڕێکەوتی (3_3/ئادار_1961) ، کە لە هەمان ڕێکەوت دا بووە بەشێک لە کۆماری باشوری ئەفریقیا، دواتر له ڕێكهوتی (21_3/ئازار_1990) بە ناوی کۆماری نامیبیا سەربەخۆیی وەرگرت و جیا بووە له كۆماری ئهفریقیای باشوور.
سێیەم:- کیشوەری ئۆقیانووسیا، کە ناوچەی پۆلی (C)ئەگرێتەوە:
یەکەم:- هەرێمی دوورگەی دەریاکانی باشوور، کە ئێستە بەشێکن لە هەر یەکە لە کۆماری پاڵاو و کۆماری دوورگەکانی مارشاڵ و ویلایەتە فیدراڵییەکانی مایکرۆنیزیا و کۆممۆنویالپی دوورگەکانی ماریانای باکوور، کە پێشتر بەشێک بوون لە هەرێمی گوینیای نوێ سەر ناوچەکانی کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە کیشوەری ئۆقیانووسیا دا لە نێوان ساڵانی (1884_1920) ، لە میانەی جەنگی یەکەمی جیهانی لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای ژاپۆن (یابان)ەوە داگیر کراوە و لە ڕێکەوتی (28_6/یونیو_1919) خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای ژاپۆن (یابان) و، دواتر لە ساڵی (1944) دا لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانی دا لە لایەن هێزەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە داگیر کرا، بەڵام هەر لە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریای ژاپۆن (یابان)ەوە مایەوە تاوەکو ڕێکەوتی (28_7/یولیو_1947) ، کە لە هەمان ڕێکەوت دا بووە ناوچەی کۆمەڵە دوورگەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرپەرشتی کردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زەریای هێمن، کە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەرێوەئەبرا، بەڵام کۆممۆنویالپی دوورگەکانی ماریانای باکووری ئەمریکی لە زەریای هێمن لە کیشوەری ئۆقیانووسیا لە ساڵی (1986) پەیوەست بوون بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ناوچەکانی تری کۆمەڵە دوورگەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرپەرشتی کردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زەریای هێمن، کە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئەبران بەرێووە، تاوەکو ڕێکەوتی (1_10/ئۆکتۆبەر_1994) بەردەوام بوو، هەروەها کۆماری دوورگەکانی مارشاڵ لە ڕێکەوتی (21_10/ئۆکتۆبەر_1986) بە پێی پەیماننامەی کۆمەڵەی ئازاد سەربەخۆیی وەرگرت، لە ڕێکەوتی (3_11/تشرینی دووەم_1986) ویلایەتە فیدراڵییەکانی مایکرۆنیزیا، له ڕێكهوتی (1_10/ئۆکتۆبەر_1994) جیا بوونەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەوەش ناوچەی کۆمەڵە دوورگەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرپەرشتیکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زەریای هێمن کۆتایی پێهات.
دووەم:- هەرێمی گوینیای نوێ، کە ئێستە بەشێکە لە ویلایەتە سەربەخۆەکانی پاپوا گینیای نوێ، کە پێشتر بەشێک بوون لە هەرێمی گوینیای نوێ سەر ناوچەکانی کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە کیشوەری ئۆقیانووسیا لە نێوان ساڵانی (1884_1920) ، لە میانەی جەنگی یەکەمی جیهانی لە لایەن هێزەکانی سوپای کۆمۆنویالپی ئوسترالیاوە داگیر کراوە و لە ڕێکەوتی (28_6/یونیو_1919) خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی کۆمۆنویالپی ئوسترالیا، لە نێوان ساڵانی (1942_1945) دا لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانی دا لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای ژاپۆن (یابان)ەوە داگیر کرا، لە دوای ساڵی (1945) له پاش کۆتایی هاتنی جهنگی دووهمی جیهانی، ئەوە بوو جارێکی تر له لایهن هێزهکانی سوپای کۆمۆنویالپی ئوسترالیاوە داگیر کرایەوە، بەوەش جارێکی تر خرایەوە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات)ی ئوسترالیا، تاوەکو ڕێکهوتی (16_9/سێبتهمبهر_1975) کە بووە بەشێک لە ویلایەتە سەربەخۆەکانی پاپوا گینیای نوێ سەربەخۆیی وەرگرت و جیا بووە لە کۆمۆنویالپی ئوسترالیا.
سێیەم:- هەرێمی ناورو، کە ئێستە کۆماری ناورویە، کە پێشتر بەشێک بوو لە هەرێمی گوینیای نوێ سەر ناوچەکانی کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە کیشوەری ئۆقیانووسیا لە نێوان ساڵانی (1884_1920)، لە میانەی جەنگی یەکەمی جیهانی لە لایەن هێزەکانی سوپای کۆممۆنویالپی ئوسترالیاوە داگیر کراوە، دواتر لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا داگیر کرا، لە ساڵی (1919) دا لە نێوان هەر یەکە لە ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا و دەوڵەتی نیوزلەندا و کۆمۆنویالپی ئوسترالیا ڕێکەوتننامەی ناورۆیان واژۆ کرد کە بە ڕێککەوتنی فۆسفات ناسراوە و ڕێگەیان پێدرا فۆسفات لە دوورگەکە دەربهێنن، لە ڕێکەوتی (17_12/کانوونی یەکەم_1920) خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریا دووەمی بەریتانیا و لە نێوان ساڵانی (1942_1945) لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانی دا، بەشێک لە هەرێمی ناورو لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای ژاپۆن (یابان)ەوە داگیر کرا و، بەشێکە هەر لە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریا دووەمی بەریتانیا ما بووە و دواتر ئەو بەشەی لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای ژاپۆن (یابان)ەوە داگیر کرا بوو، جارێکی تر لە لایەن هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیاوە داگیر کرایەوە، دووبارە خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی ئیمپراتۆریا دووەمی بەریتانیا، تاوەکو ڕێکەوتی (1_11/تشرینی دووەم_1947) بە ناوی کۆماری ناورو سەربەخۆیی وەرگرت و ، جیا بووە لە ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا.
چوارەم:- هەرێمی سامۆای ڕۆژئاوا، کە ئێستە دەوڵەتی سەربەخۆی سامۆایە، کە پێشتر بەشێک بوو لە هەرێمی سامۆای سەر ناوچەکانی کۆلۆنیالیزمییەکانی ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) لە کیشوەری ئۆقیانووسیا لە نێوان ساڵانی (1900_1920) ، لە میانەی جەنگی یەکەمی جیهانی لە لایەن هێزەکانی سوپای دەوڵەتی نیوزیلەندەوە داگیر کراو، لە ڕێکەوتی (17_12/کانوونی یەکەم_1920) خرایە ژێر ڕژێمی ئینتیداب (ماندات) ی دەوڵەتی نیوزیلەندە، لە ڕێکەوتی (13_12/کانوونی یەکەم_1946) ژێر دەسەڵاتی سەرپەرشتی کردنی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە لایەن دەوڵەتی نیوزیلەندە بەرێووە ئەبرا و لە ڕێکەوتی (1_1/کانوونی دووەم_1962) بە ناوی دەوڵەتی سەربەخۆی سامۆا سەربەخۆیی وەرگرت و جیا بووە لە دەوڵەتی نیوزیلەندە.
سهرچاوهکان:
1_یاسین صابر صاڵح: ئینسایکلۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.
2_عهلی کهندی: فهرههنگی رووداوهکانی کوردستان و وڵاتانی جیهان-ههولێر2005ز.
3_وریا ڕهحمانی: کورد و کوردستان له ڕوانگهی نهخشهوانییهوه-ههولێر2009ز.
4_فهرید ئهسهسهر: ئهتڵهسی سیاسی ههرێمی کوردستان1914-2005-سلێمانی2010ز.
5_د . سامان حوسێن ئەحمەد: زلهێزەکان لە جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا کۆتایی جەنگی سارد (1991_1914ز)-ههولێر2012ز.
6_بێرنارد لویس: ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست-وه: عهبدوڵڵا ڕهسوڵی-سلێمانی2014ز.
7_ د . سامان حوسێن ئەحمەد: زلهێزەکان لە جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا کۆتایی جەنگی سارد (1991_1914ز)-سلێمانی2020ز.
8_د . کەمال دیب: بومەلەزەریەک لە سەرزەمینی ناتەباییدا_مێژووی سەد ساڵی عێراق (1915_2015ز)-وە: سەربەست جیهاد-هەولێر2020ز.
9_پ . د . ئەحمەد باوەڕ: مێژووی هاوچەرجی عێراق (1914_1968ز) لێکوڵینەوەیەک لە مێژووی سیاسی-سلێمانی2022ز.
10_دارت بروکس ریسلی دووەم: بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و دابڕینی موسڵ-وە: شەفیقی حاجی خدر-هەولێر2023ز.
11_ئینتهرنێت-ویکیپیدیای ئازاد.