“یەڵماز گونەی” کە بە شای ناشیرین ناسراوە، دەرهێنەر و ئەکتەرێکی کوردە و وەکوو واتای ناوەکەی (واتای یەڵماز بە تورکی دەبێتە نەترس) چاونەترس بووە. کاتێک باس لە فیلمەکانی دەرهێنەرێکی کورد دەکرێت، یەکسەر خەڵک بیر لە “یەڵماز گونەی” دەکەنەوە. چونکە هەوڵی دەدا بە فیلمەکانی ئازارەکانی کورد پیشانی کۆمەڵگەی جیهانی بدات. ئەگەر کەسێک فیلمی “ڕێ، دیوار، جەلەب و باوک”ی نەبینیبێت، دیسانیش هەر “یەڵماز گونەی” دەناسێت و ناوەکەی لای ئێمە ناسراوە و بە پێشەنگی فیلمە مۆدێڕنەکان لە کوردستان ناسراوە. “یەڵماز گونەی” ساڵی 1937ی زاینی، لە گوندی “یەنیچ”ی سەر بە شاری ئەدەنە لە بنەماڵەیەکی هەژار لەدایک بووە. ئەو کورد بوو و خۆی لەو بارەوە وتوویەتی: “باوکم زازایە و دایکم کوردە، ئێمە لە بنەماڵەیەکی بێ زەوی و هەژار گەورە بووین.”
“یەڵماز گونەی” لەگەڵ بنەماڵە هەژارەکەی لەژێر دەستی ئاغای گوند کاری پەنبەیان دەکرد و تا درەنگانی شەو خەریکی کار بوون. بێگومان ژیانی یەڵمازی بچووکیش، لە ژیانی منداڵانی گوند جیاواز نەبوو؛ ژیانی ئەو لەنێو برسیبوون، هەژاری، دەسکورتی و کارکردن لەنێو زەوی و باخەکاندا تێپەڕ بوو. ژیانی دژواری یەڵماز کاریگەریی لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و ڕوانگەی داهاتووی هەبوو. لەو پەیوەندییەدا، “یەڵماز گونەی” وای نووسیوە: “وێڕای پەرێشانی، دەستکورتی و ئازار کە لە منداڵیدا بینیومە، لە بیرم ناچێت و باش دێتەوە بیرم، ئێمە ڕۆژێکی خۆش و شادمان لە ماڵ نەبینیبوو، باوکم بەهۆی کێشەیەکی بچووک لە دایکمی دەدا و لە ماڵ دەری دەکرد، زۆر جاریش ئێمەی دەردەکرد. لەبەر درگای ماڵمان دارێکی توو و دوو داری هەنجیر هەبوون، زۆر جار لەگەڵ دایکمان تاوەکوو بەیانی زوو لەژێر دارەکان دەخەوتین، بەڵام جاری وایش بوو دایکم دەستی من و براکەمی دەگرت و نزیک 27 کیلۆمەتر بە پێ دەڕۆیشتین هەتاکوو دەگەیشتینە ماڵی خزمێکمان لە شاری ئەدەنە. من هیچکات بارودۆخ و گریانی دایکم لە درێژایی ڕێگەدا لەبیر ناکەم بە تایبەت، من ناتوانم ئەو گۆرانییە غەمگین و لە هەمان کاتدا پڕ لە ڕق و تۆڵانەی کە دایکم بە فرمێسک و دەنگێکی نزم دەیوتەوە لەبیر بکەم.”
یەڵماز گونەی لە تەمەنی منداڵیدا، بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی هەندێكجار ڕۆژنامەی دەفرۆشت، هەر وەک لە یەکێک لە فیلمەکانیدا کە باسی بەسەرهاتی خۆی دەکات، بەم شێوازە دەڵێت: “دایک! مەگەر لەبیرت نایە ئێمە چۆن گەورە بووین؟ بێ جلوبەرگ، بێ باوک لەنێو ئازاردا، بە فرۆشتنی کولێرە و ڕۆژنامە، کاتێک تۆ لەبەر دەرگای ماڵان جلوبەرگی خەڵکت دەشۆرد، من لە قوتابخانە هەڵدەهاتم و بە دوای پاروویەک نان دەکەوتم.”
ساڵی 1950 کاتێک کە “یەڵماز گونەی” لە ئەدەنەدا دەژیا و دەستی بە خوێندن کرد، لە گەڕەکێکی ئەدەنە سینەمایەک هەبوو و جارێک یەڵماز بە دانی 25 قروش چووە نێو سینەماکەوە، لەو کاتەدا بە بینینی فیلمەکان بوو بە لایەنگری سینەما. دڵی هەمووکات لەلای سینەما بوو، بەڵام ئەو هێشتا منداڵ بوو و کاری دەکرد، هاوکات دەرسی دەخوێند و پارەکەی بەشی ئەوەی نەدەکرد جارێکی دیکە بڕواتە سینەما.
یەڵماز بە ڕۆژ دەرسی دەخوێند و بە شەو کاری دەکرد. ئەوندە حەزی لە سینەما دەکرد کە لە کۆتاییدا توانی لەوێ کارێک بدۆزێتەوە و لە شیرکەتی “And-Film”دا کار بکات و فیلمەکانی ئەم سینەمایە بفرۆشێت، بەڵام پارەکەی کەم بوو و تەنیا 7 لیرە بوو. یەڵماز دەستی لەو شیرکەتە کێشا و چووە شیرکەتی “Kamal Film” و لەوێ 8 لیرە مووچەی هەبوو. کاری ئەو بڵاوکردنی فیلمەکان لە گوند و شارەکان بوو. شیرکەتی “کەماڵ فیلم” بۆ یەڵماز زۆر گرینگ بوو. ئەو لە نزیکەوە بارودۆخی ژیانی کرێکار، جووتیار و بە تایبەت کوردەکانی دەبینی. یەڵماز بەم شێوەیە هەتاکوو ساڵی 1957 لە سینەما کاری کرد و دواتر کۆتایی بە زانکۆ هێنا و بەرە و ئیستانبۆڵ چوو. یەڵماز ئەو کاتەی کە بەرەو ستانبۆڵ دەچوو تەنیا 150 لیرە لە گیرفانیدا هەبوو. ژیانێکی غەریب و دوور لە بنەماڵەی. ناوبراو لە ئیستانبۆڵدا بیری دەکردەوە و دەیوت: “ئایا من لە بنەڕەتدا کورد نیم؟ ئەو کاتە بۆ هۆی چی باوکم زێد، زەوی و باخەکانی بەجێ هێشتبوو و ببووە کۆچەری نێو تورکەکان؟ بۆچی ئەوندە جیاوازیی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری لەو ناوچەیانەدا هەیە؟
لەمبارەیەوە یەڵماز وتوویەتی: “دواجار تێگەیشتم بۆچی باوکم شوێنی خۆی بەجێ هێشتووە و کۆچی کردووە بۆ شارەکانی دیکەی تورکیا. زۆر باش تێدەگەیشتم کە ئەوان سیاسەتی توانەوە و ئاسمیلەکردنیان لە دژی ئێمە بەکار هێنا، ئەوان بە زۆر ناچاریان کردین بە تورکی قسە بکەین؛ جگە لەوەش لە قوتابخانەکاندا بە زۆر فێریان کردین کە هەموومان تورکین.” یەڵماز گونەی زۆر حەزی لە نووسین بووە و دوای بڵاوبوونەوەی یەکێک لە چیرۆکەکانی، بە تاوانی بڵاوکردنەوەی بیر و باوەڕی کۆمۆنیستی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت و زۆر ئەشکەنجە دەدرێت. دوای ئەوە، یەڵماز گونەی لە ساڵی 1958 وەک ئەکتەر ناسرا و لە ساڵی 1966 وەک دەرهێنەر هاتە نێو جیهانی سینەماوە.
فیلمەکانی “یەڵماز گونەی” ژیان، بەسەرهات و چەوساندنەوەی کورد پیشان دەدەن. بۆ نمونە فیلمی “هیوا” بەسەرهاتی باوک، برا و هەموو بنەماڵەکەیەتی. هەروەها لە فیلمەکەیدا بە ناوی “سورو” کە بە واتای “جەلەب یا کەری” دێت، ڕۆڵی ژیانی دایکی و خاڵۆکەی دەگێڕێت. “یەڵماز گونەی” لە فیلمەکانیدا باس لە کۆچبەری، ستەم و چەوساندنەوەی سیاسی و دوورکەوتن لە وڵاتی دەکرد و بە شێوەیەکی زۆر جوان و هونەرمەندانە دەیخستە سەر شاشە. ئەو لە ڕێگەی فیلمەکانییەوە ژیانی ڕاستەقینەی گەلی کورد و ئەم ژیانەی کە دەسەڵاتدارانی تورکیا ویستوویانە بیشارنەوە، پیشان دەدات. گونەی لە هەموو فیلمەکانیدا جۆرێک لە جیهانبینیی بەکار هێناوە، کە ئەویش ڕووخساری مارکسیستییە کە لە هەموو بەرهەمەکانیدا دیارە. هونەری “یەڵماز گونەی” پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی لەگەڵ کۆمەڵگەدا هەبوو، هەر بۆیە لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشوازیی لێ دەکرا. کاتێک مرۆڤ بۆچوون و باوەڕێکی سیاسیی نەبووایەت و سەیری فیلمەکانی یەڵماز گونەی بکردایەت، ڕوانگەیەکی سیاسی بەبێ ویستی خۆی دەدۆزییەوە. فیلمەکانی یەڵماز گونەی کاریگەرییەکی وایان لەسەر کۆمەڵگە و بینەرەکانی هەبووە و تەنانەت دەتوانن تێڕوانینی خەڵک بۆ دەوروبەر، ژیان و کۆمەڵگە بگۆڕن.
فیلمی “یۆڵ” بە واتای فیلمی “ڕێگا”، کە ساڵی 1982 بەرهەم هێنراوە، یەکێکە لە بەرهەمە ناسراوەکانی یەڵماز گونەی و یەکێکە لە بەناوبانگترین فیلمەکان کە تا ئێستا بەرهەم هاتووە. لەم فیلمەدا هیچ هیوایەک نابینرێت و لە دەسپێکی فیلمەکەدا دیمەنی بەندیخانەیەک نیشان دەدرێت. ترس، سەرکوت و چەوساندنەوە لەم بەندیخانەیە نیشان دەدرێت و لەنێو فیلمەکەدا چۆنیەتیی بێڕێزیکردن و هەڕەشەکردن لە دەسبەسەرکراوەکان نیشان دەدا. فیلمی “ڕێگا” کە باشترین فیلمی یەڵماز گونەیە، یەک لە سیاسیترین فیلمی مێژووی سینەمای تورکیا بە ئەژمار دێت و لە ساڵی 1982ی خەڵاتی فێستیڤاڵی “KENی پێ بەخشرا.
“یەڵماز گونەی” لە نەورۆزی ساڵی 1984 کە لە فەڕانسە بەشدار بوو، لەبارەی کورد و کوردستانی سەربەخۆ وای وت: “هاوڕێیان، ئازار، زۆرداری، هەژاری، خوێن و فرمێسک چارەنووسی گەلی کورد نییە. ئێمە ئەم چارەنووسە ڕەت دەکەینەوە، ئێمە ئەم چارەنووسە ناناسین. ئێمە نامانەوێت منداڵانی وڵاتێکی بندەست بین کە لە چوار لاوە داگیر کراوە، بەڵکوو ئێمە دەمانەوێت ببینە منداڵی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یەکگرتوو و سەربەستی کوردستان، ئێمە ببینە منداڵی کوردستان. ئێمە دەمانەوێت لەسەر خاکی خۆمان بە زمانی خۆمان گۆرانیی ئەوین و ئازادی بڵێینەوە. ئێمە دەمانەوێت جیهان و خاکی خۆمان، بە دەستی خۆمان تێکەڵی یەک بکەین و سەرلەنوێ ئاوەدانی بکەین. ئێمە دەمانەوێت لەسەر خاک و بن ئاڵای خۆمان سەربەخۆ و ئازاد بژین.”
“یەڵماز گونەی” کە لە وڵاتی فەڕانسە دەژیا و بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشتبوو، ڕۆژی 9ی ئەیلولی 1984 لە تەمەنی 47 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شاری پاریس ماڵاوایی لە ژیان کرد و تەرمەکەی بە ئامادەبوونی سەدان هاوڕێ، دەرهێنەر، لایەنگر و دۆستانی لە گۆڕستانی پێرلاشیز بە خاک سپێردرا. کاتێک “یەڵماز گونەی” کۆچی دوایی کرد، ئەوکات لە سەردێڕی زۆرێک ڕۆژنامەکان نووسرا: “فیلم مرد”.