هەروەها “سەبیحە سەرتەل” ئیددیعای ئەوەش دەکات کەوا لەلای یەک لە هەڤاڵە نزیکەکانی “مستەفا کەمال” سکاڵای کردووە، کە مەزهەر موفید (كانسو) بووە و لەوکاتەدا نوێنەری دنیزلی بووە69 و پێیوتووە کەوا لە دەستووردا هیچ شتێک نییە لەبارەی چاکسازیی زەویوزار و کشتوکاڵ و مافی کرێکارەوە و وەڵامی مەزهەر موفید وابووە کە ” مستەفا کەمال دەیەوێت گەلێک چاکسازی بکات و سەبارەت بە ریفۆرمی زەوی و زار قسەی لەگەڵ خاوەن موڵکەکان [ئاغاکان] کردووە، بەتایبەتی خاوەن زەوییە کوردەکان و نوێنەرە کوردەکانی وەک فەیزی بەگ.٧٠ ئەم کێشەی چاکسازیی زەویوزارە تابڵێن قورسە و مەحاڵە بچێتە ئەقڵێ ئاغاکانەوە و چارەسەری ئەم کێشەیە واتای لەدەستدانی تەواوی ئاغا و پیاوماقووڵان دەگەیەنێت. لەبەرئەوە لەئێستادا جارێ سەری مەسەلەی چاکسازیی زەوی و زارمان ناوەتەوە”٧١.
پێویستە ئەم شایەتییەی “سەبیحە سەرتەل” لە بەر رۆشنایی پابەندبوونی دواتری بە مەسەلەی کۆمۆنیستییەوە تەماشا بکرێت. بەڵام ئەوە ڕاستییەکە کەوا لە دووەم ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا خاوەن مڵکی خەڵکی باشووری ڕۆژهەڵات هەبوون و دوو نوێنەری مەڵاتییە وەک ئاغا دەسنیشان کراون72، بەڵام هیچ سەرۆک عەشیرەتێک لە یەکەم ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا دەسنیشان نەکراوە73. بێگومان خاڵی سەرەکیی جێبایەخ لە مشتومڕ و گفتوگۆکانی کۆمیتەی دەستوور و پاشانیش لە کاتی گفتوگۆی پرۆژەی دەستووردا، دەسەڵاتەکانی سەرۆک مستەفا کەمال و مەسەلە پەیوەندیدارەکان بووە بەو دەسەڵاتەوە. لەبەرئەوە حکوومەتی ناوخۆیی، کە گریمانەی ئەوەی هەبوو نەژادی کورد لە ناویدا جێبکرێتەوە هیچ بایەخێکی پێنەدرا. بەپێی پرۆفیسۆر سونا كيلي بێت، “شتیکی کەم نەبێت گفتوگۆیەکی ئەوتۆ نەکرا لە سەر ئەو بەشەی دەستوور کە تەرخانکرابوو بۆ بەڕێوەبردنی ویلایەت و هەرێمەکان”74. لە گفتوگۆکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا، خاڵیس تورگوتی نوێنەری سیواس (کە لە ساڵی 1926دا لەسێدارەدرا بە ئیددیعای تێوەگلانی لە پیلانی تیرۆرکردنی مستەفا کەمالدا لە ئیزمیر)75 سکاڵای لەوە دەکرد کە ئەنجومەنی پاڕێزگاکان (کە لە سەر مۆدێلی ئەنجومەنە گشتییەکانی فەرەنسا بوون) دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان نییە و پێویستە هەرێمەکان بتوانن کاروباری تایبەتی خۆیان بەڕێوەببەن76. لێرە بەدواوە زاراوەی “ئۆتۆنۆمی یان خودموختاری” (muhtariyet) لە ئەحکامەکانی حکوومەتی ناوخۆیی لابرا و زاراوەی شوورا بۆ ئەنجومەن بەکاردەهات. هەروەها شەش مادەکەی حکوومەتی ناوخۆیی دەستووری ساڵی 1921 کەمکرایەوە بۆ دوو مادەی کورت لە دەستووری ساڵی 1924دا، کە ئەمانەن:- مادە 90 “هەرێمەکان و شارەکان و شارۆچکەکان و گوندەکان قەوارەی یاسایین” و مادە 91 “کاروباری هەرێمەکان بەپێی پرەنسیپی درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکان و جیاوازیی نێوان کار و فرمانەکاندا بەڕێوەدەبرێن”77 (تەڤسی مەئزوونییەت و تەفریقی وەزائیفی ئەساسی). ئەم دەستوورە تا ڕادەیەک بە کۆدەنگی پەسەندکرا لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵاوە لە 20ی نیسانی 1924دا78.
ئەدەمە هیچ بەرهەڵستییەکی فەرمی لە ئەنجومەندا نەبوو، چونکە “مستەفا کەمال” زۆربەی ئەندامەکانی دیاریکردبوو. بەڵام ئەمە ڕێگەی لە جموجووڵە سەرکەوتووەکان نەگرتبوو بۆ سنووردار کردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە هەندێک مەسەلەی وەک هەڵوەشانەوەی پەرلەمان گێرانەوەی یاساکان بۆ چاوپێداخشانەوەیان. یەک لەو نوێنەرانەی بەرهەڵستیی ئەوەیان کرد مافی ڤیتۆ بدرێتە سەرۆک پاڕێزەر فەرەیدوون فکریی نوێنەری هەرێمی دەرسیم بوو کەوا زۆرینە کوردە79 و دواتر بوو بە ئەندامی پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی بەرهەڵستکار80. بەڵام نە ئەو و نە هیچ کەسیکی تر باسیان لەو ئایدیایە نەکرد، کە ساڵێک لەوەوپێش مستەفا کەمال مشتومڕی لە سەر کردبوو، سەبارەت بە پێدانی مافی ئۆتۆنۆمی بەو هەرێمانەی کە زۆرینە کورد بوون لە چوارچێوەی حکوومەتی ناوخۆیی پەرەسەندوودا. هەڵبەت پلانەکە لەکاتەدا بەتەواوی لە گفتوگۆی گشتی چووبووە دەرەوە. باشە ئەم مەسەلەیە بۆچی وایلێهات؟
کێشەی مووسڵ هێشتا هەر بێ چارەسەر مابووەوە و بەوپێیە مسۆگەرکردنی دانیشتووە کوردەکانی باکووری ئێراق هێشتا هەر پێویست بوو، هەر هیچ نەبێت لە ڕووی تیۆرییەوە. بەڵام وەک تێبینی کرا پەیامە کورتەکەی ئیزمیت لە کانوونی دووەمی 1923دا ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کەوا مستەفا کەمال مووسڵی سڕییەوە. دەکرێت بە گاڵتەجاڕییەوە بگوترێت کەوا مەسەلەی ئۆتۆنۆمیی کورد لە چوارچێوەی تورکیادا رێکوڕەوان بە ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان لە 24ی تەمووزی 1923دا پشتگوێخرا و دان بە مافی سەروەریی حکوومەتی تورکیادا نرا بەسەر خاکەکەیدا. بەڵام ئەمە شکستی ئۆپۆزسیۆنی یاسایی و ڕۆژنامەنووسیی بەرهەڵستکار ناگەیەنێت بۆ هەر لاکردنەوەیەک لە خەسڵەتی ئیتنیکیی دانیشتووانی وڵات، کە مستەفا کەمال خۆی دانی پێدانابوو لە سەردەمی جەنگی سەربەخۆییدا.
من وایدەبینم کە وەڵامی ئەو پرسیارە هەمیشە قورسە کەوا سەگەکە بۆچی نەوەڕی و – لەم حاڵەتەدا هۆکاری پاشەکشەی مەسەلەی ئۆتۆنۆمیی کوردە لە سیاسەتی ئەنقەرە و ئەستەمبووڵ لە ساڵی 1924دا – خۆی لەو ڕاستییەدا دەبینێتەوە کەوا مەسەلە لەپێشینەکان گۆڕانکارییان بەسەرداهات. پەیوەست بە مستەفا کەمالەوە، دامەزراندنی تورکیایەکی مۆدێرنی سێکولار بوو بە مەسەلەیەکی لەپێش و پێویستی بە هێزێکی رەها بوو بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. لەبەرئەوە هەر جۆرێک لە ئۆتۆنۆمیی هەرێمی دەبووە کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم نەخشە و پلانەکانیدا، بەتایبەتی خۆی و تەواوی دەستەبژێری تورکیش ئەم ناوچەیەی ئۆتۆنۆمییان بە شوێنێکی دواکەوتوو لەقەڵەمدەدا. پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی لیبراڵیش، کاری لەپێشینە جڵەوکردنی هێز و دەسەڵاتی مستەفا کەمال بوو. سەبارەت بە چەپی ڕادیکاڵیش، کە “سەبیحە سەرتەڵ” شایەتحاڵێتی، ئەوە کوردبوون یان ناسیۆنالیزمی کوردی (کورتچلک Kurtculuk) خزمەتی بەرژەوەندیی خاوەن مڵکەکان و سەرۆک خێڵە فیوداڵەکان و “کۆنەپەرستەکانی” تری دەکرد. ئەوە دەکەوێتە دەرەوەی ئەم توێژینەوەوە کە لە سەر ئەوە ڕاوەستین کەوا لە چ قۆناخێکدا لینین و پاش ئەویش ستالین ئەو شتەیان پێ پەسەند بووە کە دەکرێت پێی بگوترێت فیدراڵیزمی درۆینە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی ناوی لێنراوە چاودێری کردنی کولتووری نەتەوەیی لە فۆرمدا بەڵام سۆشیالیستی لە ناوەرۆکدا، کەوا کۆمۆنیست و مارکسییەکانی تورکیا پێیەوە پابەند بوون، بەڵام فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە نەبووە لە ساڵی 1924دا.
لە پاش ساڵی 1923، دەستێوەردانی سەرەکیی مستەفا کەمال لە مەسەلەی کورددا لە شوبات – مارتی 1925دا بوو لە کاتی یاخیبوونەکەی شێخ سەعیددا بوو و لەو سەروبەندەدا حکوومەتەکەی فەتحی (ئۆکیار) یاسای عورفیی ڕاگەیاند و کەوتە جێبەجێ کردنی کردەوەی سەربازی دژ بە یاخیبووان. پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی ئۆپۆزسیۆنیش پشتگیریی لە کردەوەکانی حکوومەت کرد. بەڵام مستەفا کەمال بڕیاریدا کە مەسەلەکە پێویست بە کار و کردەوەی تووندتر دەکات و بەو هۆیەوە عیسمەت (ئینۆنو) ی پیاوی دەستەڕاست و جێمتمانەی خۆی لە ئەستەمبووڵەوە بانگ کرد و کارێکی کرد کەوا پارتی گەل، کە حیزبی خۆی بوو، فەتحی بخاتە لاوە و عیسمەتی هێنایە سەر دەسەڵات بۆ وەرگرتنی کار و کردەوەی توند بە مەبەستی دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە. کاتێ کە ئەنجومەن یاساکەی عیسمەتی پەسەندکرد بۆ پاڕاستنی توندوتۆڵی نیزام لە 4ی مارتی 1925دا، بە زۆرینەی 122 دەنگ لەبەرانبەر 22 دەنگدا، کە 37 نوێنەری ناوچە کوردییەکان لەگەڵ حکوومەتدا بوون و تەنها حەوتیان بەرهەڵستکار بوون.
لە ڕاگەیاندنەکەی 7 مارتی 1925، مستەفا کەمال هۆکاری یاخیبوونەکەی گێڕایەوە بۆ هەندێک کەسایەتیی دیاریکراو، کە دادگا تاوانباری کردن (kanunen mucrim olan bazi muteneffizan) و دەمامکی ئاینیان بەکارهێنابوو بۆ شاردنەوەی نیاز و مەبەستی خۆیان. پاشان بەردەوام بوو لە سەر ڕاگەیاندنی ئەوەی کە یاسا و نیزام پاڕێزراو دەبن وەک بنەمایەک بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری82. خولی نوێی ئەنجومەن لە 1ی نۆڤەمبەری 1925دا کرایەوە و بە سادەیی یاخیبوونەکەی بەوە وەسفکرد کە “ڕووداوێکی کۆنەپەرستانە” بووە (ئیرتیجاع حادیسەسی). دوابەدوای یاخیبوونەکەی شێخ سەعید، پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی ئۆپۆزسیۆن داخرا. لەگەڵ ئەوەشدا، جەنەراڵ کازم قەرەبەکری سەرکردەی ئەم حیزبە لە ساڵانی 1922 / 23دا ڕاوبۆچوونی خۆی بەو جۆرە دەربڕی کەوا دەمارگرژیی ئایینی بهکارهاتووە بۆ هاندانی یاخیبوونی کوردەکان. بە قسەی قەرەبەکر بێت سەبارەت بە کورد ئەوەی کە گرنگە ژمارەکەیان نییە، بەڵکوو قەبارەی ئەو خاکەیە کە داگیریان کردووە، لەبەرئەوە پێشنیازی چارەسەرێکی زۆر تایبەت و هەستەوەری کرد و دەیوت پێویستە ئەو ڕۆشنبیرانەی لە کۆڵێجە ئاینی و یاساییەکانی ئەستەمبووڵ دەخوێنن و ڕاهێنانیان پێبکرێت و فێری زمانی کوردی بکرێن و جێگەی شێخە کوردەکان بگرنەوە، هەروەها پێویستە دوو ڕاڕەوی ستوونی و ئاسۆیی بە دەوری دەریاچەی واندا بکرێتەوە بۆ زەمانەت کردنی دەسەڵاتی حکوومەت بەسەر کوردستاندا لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئایینییەوە٨٣. مستەفا کەمال و فەتحی (ئەکیار) و کازم قەرەبەکر رێکنەدەکەوتن لە سەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاپەڕینە کوردییەکاندا، بەڵام هەر هەموو کۆک بوون لە سەر ئەوەی کە دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی دەبێت بشکێت بە سەر تەواوی وڵاتدا.
لەکاتێکدا کەوا حکوومەت ئامادەکاریی دەکرد بۆ قەدەغەکردنی “پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی” ئۆپۆزسیۆن، دۆستێکی ڕەئووف (ئۆربای)، کە یەکێک بوو لە هەڤاڵە دێرینەکانی مستەفا کەمال لە ئەنەدۆڵدا بەڵام لەو ماوەیەدا بووبوو بە نەیارێکی سیاسی، کەوتە بەر لێپرسینەوە لەلایەن پۆلیسەوە بە هۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورددا. ناوی ئەم دۆستە عومەر فەوزی ماردین ئەفسەرێکی خانەنشین بووە و ئەنوەر پاشا ڕایسپاردووە کە یارمەتیی ڕەئووف بدات بە ئەرکێکی نهێنی لە ئێران لە سەرەتای جەنگی گەورەدا (جەنگی جیهانیی یەکەم – و). عومەر فەوزی ماردین بە لێکۆڵەرەوانی پۆلیسی وتووە کە دایکی کچی بەدرخان پاشا بووە و ئەمەش تاقە پەیوەندیی ئەو بووە لەگەڵ کورددا. بەڵام وەک ئەفسەرێک هەمیشە خزمەتی مەسەلەی یەکگرتنی هەموو ڕەگەز و نەژادەکانی کردووە لە سایەی یەک ئاڵادا – واتە ئەو کۆمەڵگە ئیتنیکی و نەژادییانەی – لە وڵاتدا دەژین84 و مستەفا کەمالیش بە دەستەواژەی هاوشێوە دەدوا لە سەروەختی جەنگی سەربەخۆییدا، بەڵام وا ئێستا کات و سەردەم گۆڕاوە.
لە 8 ی ديسەمبەری 1925دا، وەزارەتی خوێندن و فێرکردن گشتاندنێکی دەرکرد و تێیدا بەکارهێنانی ئەو زاراوانەی قەدەغە کرد کە جیاوازی و دابەشبوون دەورووژێنن وەک کورد و چەرکەس و لاز و کوردستان و لازستان85. مستەفا کەمال بیری نوێی لە نامیلکەی پەروەردەی مەدەنیدا ڕوونکردووەتەوە کە لە ساڵی 1930دا بۆ عیففەت عینانی کچە لەخۆگرتووەکەی (لە منداڵییەوە بەخێوی کردبوو – و) نووسیوەتەوە و دەقی بڕگە پەیوەندیدارەکەی لێرەدا دەنووسینەوە:-
“لە ناو یەکێتیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەلی تورکی ئەمڕۆدا هاووڵاتییان و هاونەتەوە هەن هاندراون وا بیر لەخۆیان بکەنەوە کە کوردن یان چەرکەسن یان لازن یان بۆسنین. بەڵام ئەم ناولێنانە – کە بەرهەمی سەردەمە ڕابوردووەکانی ستەم و ملهوڕین – هیچی لەگەڵ خۆ نەهێناوە لە خەم و مەینەت بەولاوە بۆ تاکەکانی گەل و ئوممەت، ژمارەیەکی کەمی کۆنەپەرستانی مێشک پووچی لێبەدەر، کە بوون بە داردەستی دوژمنان. ئەمە لەبەرئەوەی ئەو تاکانەی گەل و نەتەوە هاوبەشن لەگەڵ کۆی کۆمەڵگەی تورک لەهەمان ڕابوردوو و مێژوو و چەمکی مۆراڵ و یاساکاندا”.
لێرەدا باسێکی دیاریکراو نییە بۆ بنەچەی هاوبەشی ڕەگەز و نەژاد. بەڵام لە هەمان ساڵدا، مستەفا کەمال ڕەزامەندیی دا لە سەر بڵاوکردنەوەی “کورتەیەک لە مێژووی تورک” (Turk Tarihinin Ana Hatlari) – کە ئەمەش ناونیشانیکە ئەو کتێبە مێژووییەی دانراوی ئێج. جی. وێڵزمان بێردێنێتەوە بەناوی “نەخشەی مێژوو” و ئەتاتورک پێی سەرسام بوو. “نەخشە” تورکییەکە تێزە مێژووییە تورکییەکانی وا داڕشتووە کە ئیددیعای ئەوە دەکات کەوا زۆربەی شارستانییەتەکان لەلایەن ئەو گەلانەوە بنیاتنراون کە بە بنەچە تورکن. ئیددیعاکە میدییەکانیش87 دەگرێتەوە کەوا کورد بە باوباپیرانی خۆیانیان دەزانن و بە هەمان شێوە ئەخمینییەکان و پارسەکانیش.
پاشان، لە 14ی حوزێرانی 1934دا، یاسای سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەiskan Kanunu)) ٨٨ تەواوی هاونیشتمانییانی وڵاتی ئاوێتەی کولتووری تورک کردووە – سەرنج بدە وشەی “کولتوور” – وەک سیاسەتێکی فەرمیی حکوومەت. هەڵبەت، دەکرێت پێداگریی لە سەر “کولتوور” بگێڕینەوە بۆ “زيا گوێکئەلپ”، کە یەکێکە لە ئایدیۆلۆجیستە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی. لێرەدا مۆدێلەکە، وەک هەمیشە، فەرەنسا بوو، کە تێیدا بریتۆنی و ئۆکیتانی و ساڤۆیارد و فلێمینگەکان و .. تاد. هەر هەموو لە کولتوور و فەرهەنگی فەرەنسیدا تێکەڵ و ئاوێتە کران. حکوومەتی کۆماری تورکیا سووربوو لە سەر دووبارە نەکردنەوەی ئەو هەڵەیەی کەوا نامیق کەمال لە سەدەی ڕابوردوودا سەرکۆنەی کرد و بۆی بەداخ بوو کاتێ کە بەرنامەکانی – خوێندن بە زمانی تورکی – جێبەجێ نەکرا، بەڵام ئەمجارە چیتر ئەو مەسەلەیە پشتگوێ ناخرێت.
ئەتاتورک بەرهەڵستیی ئەم سیاسەتەی نەکرد و ئەگەر وانەبوایە دەیوەستاند. بەڵام بایەخدانی ڕووی لە شوێنیکی تر بوو-واتە پرۆژەی مەزنی نوێکردنەوەی خوێندن و فێرکردن بوو. لێرە بەڕقەرارکردنی یاسا و ئاسایش بۆ حکوومەتەکەی عیسمەت ئینۆنو قۆرخ بوو و ئەتاتورک ئەوەی بۆ رەخساندبوو. کاتێ کە یاساکان و دەزگا و دامەزراوەکان گۆڕانکارییان تێدا کرا و کێشە و تەگەرە سەریان هەڵدا، ئەتاتورک دەستیکرد بە سەردانی بەردەوام بۆ هەرێم و ناوچەکان، بەڵام دیاربەکر و باشوری ڕۆژهەڵات، کە لە ساڵی 1919وە بەڵێنی سەردانی دابوو، تا دوا ساڵی ژیانی لە گەشتەکانی دەرکرابوو. دواجار، لە 12ی نۆڤەمبەری 1937دا، ئەتاتورك لە ئەنقەرەوە بە شەمەندەفەر ڕۆیشت بۆ دیاربەکر بە هاوڕێتیی جەلال بایاری سەرۆک وەزیرانە نوێکەی. لە ڕێگا، سەردانی شوێنی بنیاتنانی کارگەیەکی نوێی ڕستن و چنینی کرد لە مەڵاتییە لە 14ی نۆڤەمبەردا. بۆ ڕۆژی دواتر لە کۆنسێرتێکی موزیکدا ئامادە بوو لە ماڵی گەلدا لە دیاربەکر. لەوێ لە وتاردانێکدا وتی: “وا لە دوای بیست ساڵ، جارێکیتر خۆم لە دیاربەکردا دەبینمەوە و گوێ لە موزیکی جوان و مۆدێرن دەگرم لە یەکێک لە جوانترین تەلارەکان لە جیهاندا و بە ئامادەبوونی خەڵکی سارستانی لەم ماڵەی گەلدا”89. بۆ ڕۆژی دوایی، پرۆژەی درێژکردنەوەی هێڵی ئاسنی کردەوە بۆ ئێران و عێراق بەسەر دیاربەکردا. پاشان بۆ ماوەیەکی کورت لە ئەلعەزیز (مەعموورەتولعەزیز) وەستا و دەسەڵاتداران دڵنیابوونەوە لەسێدارەدانی سەرکردەکانی ڕاپەڕینەکەی دەرسیم لەپێش سەردانەکەدا90. سەبیحە گوێکچەنی کچەکەی ئەتاتورک بە هەڵگرتنەوە و فڕۆکەوانی سەربازی پێشتر بەشداریی کردبوو لە هێرشکردنە سەر یاخیبووان بە فڕۆکە و بۆمباران کردنیان.
لە 18ی نۆڤەمبەردا، ئەتاتورك گەیستە ئەدەنە و ماوەی پێنج ڕۆژ لە باشووری ڕۆژهەڵات مایەوە٩١، بەڵام مۆرکێکی هەمیشەیی تێا بەجێهێشت، بە دەرکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی کەوا پێویست دەکات ناوی بگۆڕدرێت لە دیاربەکیرەوە بۆ دیاربەکر و ئەلعەزیز بۆ ئیلازیغ Elazig بەپێی تیۆریی ڕۆژ لە زماندا کە ڕەگ و ڕیشەی تورکیی بۆ هەموو شتێک و هەر وشەیەکی بنەچە بێگانە دەدۆزییەوە. لە گەڕانەوەیدا، ئەتاتورک رایگەیاند کەوا دڵخۆش بووە بە بینینی دانیشتووانی هەر یانزە ویلایەتەکەی کە سەردانی کردوون و بە خواست و ئارەزووی خۆیان پارە دەدەنە گەنجینەی دەوڵەت بێ هیچ دوودڵییەک و بە گیانێکی قوربانیدان و خۆبەختکردنەوە و ئەوەش لە پێداویستیی ڕۆژانەی خۆیان زیادبووە و لەپێناوی کۆمارێکی تورکیی دەوڵەمەند و بەهێز و مەزندا٩٢.
عاسم ئووسی نوێنەر و ڕۆژنامەنووس لە پارتی گەلدا، لە یاداشتەکانیدا تێبینیی ئەوەی کردووە کەوا ئەتاتورک لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵات فەرمانیداوە بە درووستکردنی ڕێگەوبانی سەربازی لە دەرسیم (کە دواتر ناوی تونجەلی لێنرا)، بەڵام تەرخانکردنی چوار ملیۆن لیرەی بۆ درووستکردنی قوتابخانە و ملیۆنێک لیرەش بۆ چاککردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە جەردە و ڕێگرەکان بەرپایان کردبوو، بە پێی ئەو بنەمایەی کە وا باشترە دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان لە پێدەشتە بەپیتەکانی ناوچە و هەرێمەکانی نیشتەجێ بکرێنەوە93.
بەکورتی بڵێین، کەوا لە ساڵانی جەنگی سەربەخۆییدا، مستەفا کەمال بەدیاریکراوی دانیناوە بە خەسڵەتی فرەڕەگەزی دانیشتووانە موسڵمانەکانی تورکیادا، بەڵام لەهەمان کاتیشدا سووربووە لە سەر یەکگرتوویی برایانەیان. هەروەها بەڵێنی داوە کە حکوومەتە ناوخۆییەکان تایبەتمەندیی ئیتنیکی و نەژادی لەخۆدەگرێت، بەڵام لە پاش ساڵی 1923، هەموو ئایدیا و بۆچوونێک لەبارەی حوکمی خۆکردنی تاکتاکی ڕەگەز و نەژادی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان لە ئەجێندای سیاسیی تورکی دەرکرا. لێرە بەدواوە “مستەفا کەمال” وزە و توانای خۆی بۆ پتەوکردنی هێز و شۆڕشە کولتوورییەکەی تەرخان کرد و کاتی کەم بوو بۆ کوردەکان. ئاخۆ بیر و بۆچوونی گۆڕابوو، وەک جۆن سیمپسۆن لە ئێستگەی ڕادیۆی بەریتانی BBC بۆیدەچێت، ئاخۆ کەوتبووە بانگەشە و برەوپێدانی ئەو ئەفسانەیەی دەڵێت کەوا تورک تاقە گڕووپی ئیتنیکین لە تورکیادا؟ بێگومان ئەوەی کرد و بەو مانایەی کەوا هەموو کاسێک کە باسی دێت لە مێژوودا ڕەگ و بنەچەی تورکە و کوردەکانیش لەمە بەدەر نین.
ئەو ئایدیۆلۆجیایەی سیاسەتی حکوومەتەکانی کۆماری تورکیای پێکهێنابوو لەبەرانبەر هاونیشتمانییە کوردەکانیدا بۆ پێش ئەتاتورک دەگەڕێتەوە. بەشداریی سەرەکیی ئەو لە ئیدارەدانی سەرکەوتووی کێشەی کورددا لە ماوەی جەنگی سەربەخۆییدا بوو، بەڵام پاش ئەوە، پێداویستییەکانی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی مۆدێرن بوون بە کاری لەپێشینەی. ئەوە ڕاستە کەوا شۆرشی کولتووریی ئەتاتورک تەگەرەیەکی تر بوو لە بەردەم کولتوورە ئیتنیکییە جیاوازەکاندا چ جای جێبەجێکردنی ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی، بەڵام لە کۆمەڵگەی تورکیدا داواکارییەکی ڕوون و ئاشکرا نەبوو بۆ هیچکام لەمانە. لەم بارودۆخەدا، ئەتاتورک دەیتوانی ئیدارەدانی کوردەکان بسپێرێتە حکوومەتەکەی.
ئەمرۆ تێزە مێژووییەکەی تورکیا هاوشان و هاوکات لەگەڵ تیۆریی ڕۆژدا لەبارەی زمانەوە تووڕدراوە و ڕەگ و ڕیشەی ئیتنیکی و نەژادیی جۆراوجۆری خەڵکی تورکیا بەئاشکرا مشتومڕی لە سەر دەکرێت و ئەمرۆ وشەی “مۆزاییک mosaic” بووە بە کلێشەیەک لە باسوخواسی وێنەی ئیتنیکی و نەژادیی وڵاتدا. ئێمە ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ ئەو زمانەی کە مستەفا کەمال (ئەتاتورك) بەکاریدەهێنا و ئەو بیر و ئایدیانەی لە ماوەی جەنگی سەربەخۆییدا دەیخستنە بەر باس. ئالێرەوەیە گرنگی و بایەخی تۆمارکردن و شیکردنەوە دێت بۆ ئەوەی کە باوکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا وتوویەتی لەو سەردەمە یەکلاکەرەوەی مێژووی تورکیادا.
پەراوێز:
1 – “منداڵانی ئەتاتورك: توركيا و کورد”، (لەندن، 1996) ، ل 11. پێداچوونەوەی کتێبەکە: “گۆڤاری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، بەرگی 30، ژمارە (کانوونی دووەمی 1997) ، ل 155- ١٥٦.
2 – ڕۆژنامەی میللییەت، 30 حوزێران 1998، ل 8.
3 – جونێدئۆغلوو سورونوو، “کێشەی باشووری ڕۆژهەڵات”، لە ڕۆژنامەی میللییەت، 10ی ئابی 1998، ل 19.
4 – وردەکاری لە جەلال ئیريكان، “كوموتان ئەتاتورك”، [ئەتاتورك وەک فەرماندە]، (ئەنقەرە، 1972)، ل 181 – 217.
5 – هەڵبژاردە لە ئوڵوغ ئێغدەمیر “ژیانی ئەتاتورک”، Turk Tarih Kurumu (ئەنقەرە، 1980)، ل 79 – 87.
6 – عیززەدین چاڵشلەر، “دوو ساڵ و نیو لەگەڵ ئەتاتورک”، (ئەستەمبووڵ، 1993).
7 – چاڵشلەر، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 102.
8 – چاڵشلەر، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 134.
9 – چاڵشلەر، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 130.
10 – ATASE [بەشی مێژووی سەربازی بۆ ئەرکانی گشتیی تورکیا] ، “بایۆگرافیای فەرماندەی تیپەکان و گەورە فەرماندەکانی جەنگی سەربەخۆیی تورکیا”، چاپی دووەم. (ئەنقەرە، ١٩٨٩)، ل ١١١ – ١١٥.
11 – فەخرەدین ئاڵتای، “دە ساڵ لە جەنگ (1912 – 1922) و دواتر”، (ئەستەمبووڵ، 1970)، ل 29 و دواتر.
12 – ئاڵتای، هەمان سەرچاوە پێشوو، ل 53.
13 – ئاڵتای، هەمان سەرچاوە پێشوو، ل 57.
14 – ئاڵتای، هەمان سەرچاوە پێشوو، ل 70.
15 – سەليم دێرینگل، “بوارە باش پاڕێزراوەکان”، (لەندن ، 1998) ، ل 101 – ١٠٤.
16 – ” ئانا بريتانيكا”، چاپی یەکەم. (ئەستەمبووڵ، 1986 – 1987) ، بەرگی11، ل 71.
17 – لە مەسامی ئارای وەرگیراوە، “ناسیۆنالیزمی تورکی لە سەردەمی تورکە لاوەکاندا”، (لەيدن، 1992)، ل 3٠.
18 – ئافێتنان، “یادەوەری و بەڵگەنامە لەبارەی ئەتاتورکەوە”، (ئەستەمبووڵ، 1984)، ل 43 – ٥١.
19 – دەقی نامەکە لە ساڵح بوزوک “بۆ هەمیشە لایەنگری ئەتاتورکم”، (ئەستەمبووڵ، 1985)، ل ١٨٢ – ١٨٣.
20 – دێڤيد ماكدواڵ، “مێژووی نوێی کوردەکان”، (لەندەن ، 1996)، ل 121.
21 – هەمان سەرچاوە، ل ١٢٣ ؛ “ئینسکلۆپیدیای ئیسلام”، چاپی دووەم. (لەيدن، 1958)، بەرگی1، ل ٨٧١ ;”ئانا بريتانيكا”، بەرگی ، ل 85 .
22 – دێڤيد ماكدواڵ، “مێژووی نوێی کوردەکان”، ل ١٢٢.
23 – دێڤيد ماكدواڵ، “مێژووی نوێی کوردەکان”، ل 121 – ١٢٣.
24 – ATASE ، “هەڵبژاردە لە ئەرشیفی تایبەتی ئەتاتورک”، بەرگی ٥، چاپی دەستەی ئەرکانی گشتی، (ئەنقەرە، ١٩٩٦). یەکەم ڕاپۆرتی ئەحمەد جەودەت، ل 1 – 8 .
25 – مەحموود گوڵئۆغڵوو، “کۆنگرەی سیواس”، (ئەنقەرە، 1969)، ل 120.
26 – لیستی تەواوی نوێنەران لە مەحموود گۆڵئۆغلوو، “کۆنگرەی ئەرزڕوم”، (ئەنقەرە، 1968)، ل 78 – 80 .
27 – دەقەکەی لە گوڵئۆغلوو، “کۆنگرەی ئەرزڕوم” ، ل 2 – 2.
28 – كەمال ئەتاتورك، “وتاردان : بەڵگەنامە”، کولتووری ئەتاتورک، ئەنقەرە 1991، بەڵگەنامەی ژمارە 41، ل 63.
29 – مەزهەر موفیت كانسو، “لە پاڵ ئەتاتورکدا، لە کۆنگرەی ئەرزڕومەوە تا کۆچی دوایی”، (ئەنقەرە، 1988)، بەرگی ٢ ، ل٥٨٥ .
30 – ئێريكان، “كوموتان ئەتاتورك”، ل 58 .
31 – شەوکەت سورەیا ئایدەمیر، “تاقە پیاو”، (ئەستەمبووڵ، ١٩٨٤)، بەرگی ٢، ل ٨٩؛ مەزهەر موفید کانسو، ل ١٩٨ – ٢٠٣.
32 – “یاداشتی ڕۆژانەی مێجەر نۆئێڵ”، (بەسرە، 1919)، ل 19. تۆمەتەکە لە برووسکەی ئەحمەد جەودەت باسکراوە، لە ١٢ سێپتەمبەر بۆ سەرۆک وەزیران، کۆپیی تیپی سێ لە سیواس – (ATASE ، ل ٧٨).
33 – “یاداشتی ڕۆژانەی مێجەر نۆئێڵ”، ل ١٠.
34 – “یاداشتی ڕۆژانەی مێجەر نۆئێڵ”، ل ٢١.
35 – گوڵئۆغڵوو، “کۆنگرەی سیواس”، (ئەنقەرە، 1969)، ل ٧٤، ١٢٤.
36 – گوڵئۆغڵوو، “کۆنگرەی سیواس”، (ئەنقەرە، 1969) ، ل ١١٠.
37 – گوڵئۆغڵوو، “کۆنگرەی سیواس”، (ئەنقەرە، 1969)، ل ٢٣٢ – ٢٣٤.
38 – ATASE، ل 79.
39 – “یاداشتی ڕۆژانەی مێجەر نۆئێڵ”، ل 24.
40 – برووسکەی رەجەب زوهدی بۆ فیڕقەی سێ لە سيواس، ATASE ، ل 91 – ٩٧.
41 – سینا ئاکشین “حکوومەتی ئەستەمبووڵ و خەباتی میللی”، (ئەستەمبووڵ، ١٩٩٢)، بەرگی١، ل ٥٨٩ .
42 – ئیلهان تەكەلی و سەليم ئیلكين، “نامە و نووسراوی نێوان تەڵعەت پاشا و مستەفا کەمال لە سەردەمی خەباتی ڕزگاریدا”، گۆڤاری بێلەتەن (ئەنقەرە، 1980)، بەرگیXLIV ، ژمارە ١٧٤، ل ٣١١.
43. Ataturk’un Soylev ve Demecleri (ASD) وتاردان و ڕاگەیاندنەکانی ئەتاتورک ,
Ataturk Kultur , Dil ve Tarih Yiiksek Kurumu , Ataturk Arastirma Merkezi (Ankara, 1989), Vol.1, p. 30.
44. Ataturk’un Soylev ve Demecleri (ASD).
– وتاردان و ڕاگەیاندنەکانی ئەتاتورک، بەرگی 1 ، ل 74 – ٧٥.
45 – ASD ، بەرگی 1، ل 236.
46 – ASD ، المجلد ٢ ، ل 37 ، 39.
47 – دەقی تەواوی تێکستەکە لە رۆنا ئەيبای، “تێکستی بەراوردکاریی دەستووری 1961” (چاپخانەی فاکوڵتی، ئەستەمبووڵ، 1963)، ل ١٩٩.
48 – ATASE ، ل 69.
49 – TBMM Gizli Celse Zabitlan “کۆنووسەکانی کۆبوونەوە نهێنییەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا” (ئەنقەرە، 1985)، بەرگی سیانزەهەم ، ل٥١١.
50 – ATASE ، ل 69.
51 – TBMM Gizli Celse Zabitlan، بەرگی ٢، ل٢٧٠.
52 – TBMM Gizli Celse Zabitlan، بەرگی ٢، ل ٦٣٠ .
53 – کازم قەرەبەکر، “جەنگی سەربەخۆییمان”، (ئەستەمبووڵ، 1969) ، ل ٩٧٨ – ٩٧٩.
54 – رۆبەرت ئۆڵسن، “سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و یاخیبوونی شێخ سەعید، ١٨٨٠- ١٩٢٥”، (ئۆستن، تەکساس، 1989)، ل 38 – ٣٩.
55 – ماكدواڵ، ل 187 – ١٨٨.
56 – TBMM Gizli Celse Zabitlan، ل 80 – 248. لەم سیاقەدا وشەی موستەقیل mustakil (سەربەخۆ) ئیشارەتە بۆ سنجاق یان لیوای سەربەخۆ (هەرێم یان لیوای جیاواز) لەبری سەربەخۆی تەواو لە دەوڵەت.
57 – TBMM Gizli Celse Zabitlan، بەرگی 2 ، ل 623.
58 – TBMM Gizli Celse Zabitlan، بەرگی 3، ل ٥٥٩.
59 – دۆغو پیرنجەک، “مستەفا کەمال: وتاردان لە ئاسکی شەهر و ئیزمیت (1923)”، (ئەستەمبووڵ، 1993)، ل 104.
60 – ستێفان ئیڤانز، “نزیکبوونەوەی لە سەرخۆ: بەريتانيا و توركيا لە سەردەمی كەمال ئەتاتوركدا، 1919 – 1938″، (وۆکینگتن، ئینگلاند، 1982)، ل ٨٥ – ٨٦.
61 – دۆغو پیرنجەک، “مستەفا کەمال: وتاردان لە ئاسکی شەهر و ئیزمیت (1923)” (ئەستەمبووڵ، 1993)، ل 94 – ٩٦.
62 – سەعدی بوراك، “وتاردانەکانی ئەتاتورک، ڕاگەیاندنەکانی، نامە و نووسراو و چاوپێکەوتنەکانی کە لە بلاوکراوە رەسمییەکاندا تۆمار نەکراون”، (ئەستەمبووڵ، 1997)، ل ٢٢٥.
63 – مەحموود گوڵئۆغڵوو، “کۆماری تورکیا: 1923″، ل ٩٤.
64 – دۆغو پیرنجەک، “مستەفا کەمال: وتاردان لە ئاسکی شەهر و ئیزمیت (1923)”، (ئەستەمبووڵ، 1993)، ل ١٣.
65 – ASD, I ، ل ٣٣٧ ، ٣٣٨.
66 – سەبيحە سەرتەل، “رۆمانی گیرفان” [وەک نۆڤڵێتێک وایە]، (ئەستەمبووڵ، 1969)، ل 68 – ٧٨.
67 – سەبيحە سەرتەل بەمە دەڵێ مادە 4ی ڕەشنووسەکە. لەڕاستیدا ئەمە مادەی 4ی دەستووری 1921بوو (بڕوانە ئایبەی، هەمان سەرچاوە، ل 99).
68 – ئایبەی، هەمان سەرچاوە، ل٩٩.
69 – مەحموود گوڵئۆغڵوو، “کۆماری تورکیا: 1923” ، ل ٢٠٢.
70 – پێدەچێت مەبەستی فەوزی پرینجیی نوێنەری دیاربەکر بێت. (گوڵئۆغڵوو، “کۆماری تورکیا: 1923″، ل 320).
71 – سەبيحە سەرتەل، ل 76.
72 – گوڵئۆغڵوو، “کۆماری تورکیا: 1923″، ل 244.
73 – گوڵئۆغڵوو، “قۆناخی سێهەمی دەستووری”، پابەندیی خێڵەکیی سێ نوێنەر لە دەرسیم (ل 328)، یەکێک لە
ئەرزنجان (ل 329) و یەکێک لە وان باس دەکات (ل 343).
74 – سونا كيلی، “مشتومڕی ئەنجومەن لەبارەی دەستوورەکانی هەردوو ساڵی 1924 و 1961″، ناوەندی توێژینەوەی رۆبەرت کۆڵێج، (ئەستەمبووڵ، 1971)، ل ٦٠.
75 – فەريدون كاندەمير، “چیرۆکی ناوەوەی هەوڵی تیرۆر کردنەکەی ئیزمیر”، چاپخانەی Ekicigil، (ئەستەمبووڵ، 1955) ، بەرگی 1 ، ل ١٠٧.
76 – گوڵئۆغڵوو، “چاکسازییەکان و کاردانەوە لەئاستیاندا”، (ئەنقەرە، 1972)، ل٣٨.
77 – ئايبای، ل ٢٠٠.
78 – گوڵئۆغڵوو، “چاکسازییەکان و کاردانەوە لەئاستیاندا”، (ئەنقەرە، 1972)، ل ٤٩.
79 – گوڵئۆغڵوو ،”چاکسازییەکان و کاردانەوە لەئاستیاندا”، (ئەنقەرە، 1972)، ل ٣٧ – ٣٨.
80 – مەتە تونجای، “دامەزراندنی سیستەمی تاک حیزبی لە کۆماری تورکیادا”، (ئەستەمبووڵ، 1981)، ل ١٠٨.
81 – ئیسماعیل گۆڵداش، “مشتومڕ لە سەر پاڕاستنی یاسا و نیزام”، (ئەستەمبووڵ، ١٩٩٧)، ل ٤٧٠، ٤٩١.
82 – ASD، IV، ل ٥٦٢ – ٥٦٣.
83 – کازم قەرەبەکر، “جەنگی سەربەخۆییمان”، (ئەستەمبووڵ، 1969)، ل ١٠٣٤.
84 – رەوف ئۆربای (نووسینی: عیسمەت بوزداغ)، “ئاشی دۆزەخ: یاداشتە سیاسییەکانم”، (ئەستەمبووڵ، 1993)، بەرگی ٢، ل١٩٠.
85 – سامی ئوێزەرديم، “کرۆنۆلۆجیای چاکسازییەکانی ئەتاتورک”، (ئەنقەرە، 1996)، ل٩٣.
86 – نووران تەزجان، “زانستی مەدەنییەت (رێنماییەکە) لەلایەن ئەتاتورکەوە نووسراوە”، (ئەستەمبووڵ، 1994)، ل 23.
87 – “کورتەیەک لەبارەی مێژووی تورکەوە”، ساڵی 1996 چاپکراوەتەوە لەگەڵ پێشەکییەکی دۆغۆ پەرینچکدا (ئەستەمبووڵ)، ل 189.
88 – یاسای ژمارە 2510، کە لە ڕۆژی 21ی حوزێرانی 1934 لە ڕۆژنامەی رەسمیدا (رەسمی گازێتی) بڵاوکراوەتەوە.
89 – ASD ، بەرگی ٢، ل 328.
90 – ئیحسان سەبری چاغڵەیانگڵ، “یادەوەرییەکانم”، (ئەستەمبووڵ، 1990)، ل 46 – ٥٥.
91 – ئوێزەل شاهینگیرەی، “دەفتەری تۆماری ئەتاتورک”، (ئەنقەرە ١٩٥٥)، ل ٦٧٢ – ٦٧٤.
92 – ASD، بەرگی چوارەم، لاپەڕە 678 – ٦٧٩.
93 – عاسم ئووس، “یاداشت، ١٩٣٠- ١٩٥٠'”، (ئەستەمبووڵ، 1966)، ل 34. عیسمەت ئینۆنو ismet inonu لە یاداشتەکانیدا دەڵێ، بەپێچەوانەی ئەوەوە، ئەو زۆر چاوی خستبووە سەر خوێندن لە دەرسیمدا و لە ساڵی 1950دا، کە ئۆفیسی سەرۆکایەتیی بەجێهێشتووە، دەرسیم لە هەر هەرێمیکی تری تورکیا قوتابخانەی سەرەتایی زیاتر تێدابووە. لەکۆتاییدا، وەک ئینۆنو دەڵێت، هێڵی ئاسن (شەمەندەفەر) کێشەی دەرسیمی چارەسەر کردووە. دواتریش رێگاوبانی تێدا درووستکراوە بۆ ئەوەی ناوچەکە بە بەشەکانی تری وڵاتەوە ببەستێت، “عیسمەت ئینۆنو، یاداشت Hatirlar، (ئەنقەرە، 1987)، بەرگی دووەم، لاپەڕە 69”.
سەرچاوە:
گۆڤاری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارە ٤: ٣٥، ١٩٩٩، ل ١ – ٢٥.
Atatürk and the Kurds
Andrew Mango
Seventy – Five Years of the Turkish Republic
Middle Eastern Studies, (1999) 35: 4, 1 – 25,
- ئەندرو مانگۆ Andrew Mango ، ١٩٢٦ – ٢٠١٤
نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کتێب دانەرێکی بەریتانییە و لە تورکیا لەدایکبووە و یەک لە سێ کوڕی دواتر ناوداری خێزانێکی ئەنگلۆ – ڕووسیی دەوڵەمەند بووە. خوێندنی لە زانکۆی لەندەن تەواو کردووە و منداڵی و بەشێک لە گەنجی لە ئەستەمبووڵ بەسەربردووە. ساڵی ١٩٤٧ بەیەکجاری شوێنی نیشتەجێبوونی گواستووەتەوە بۆ بەریتانیا و تا مردن لە لەندەن ژیاوە. چەند بڕوانامەیەکی لە زانکۆی لەندەن بەدەستهێناوە و یەک لەوانە دکتۆرایەکە لە ئەدەبی فارسیدا. کاتێ کە خوێندکار بووە لە ڕادیۆی BBC کاریکردووە و دواتر هەموو کار و فەرمانەکانی لە دەزگای خزمەتگوزاریی دەرەوەدا بووە. ساڵی ١٩٨٦ خانەنشین بووە و ساڵی ٢٠١٤ لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. لەبەرئەوەی پاشخانی خوێندنی لە عەرەبی و فارسیدا بووە بۆی رەخساوە بڕوانامەی ماستەر لە زمانی تورکیی عوسمانیدا بێنێت و دکتۆرایەکی تری لە زانکۆی سواس SOAS لە لەندەن بەدەستهێناوە لە سەر ئەسکەندەری مەزن. ماوەی پێنج ساڵ لە سەر ژیاننامەی ئەتاتورک کاریکردووە. ئەمەی خوارەوە بەشیک لە کتێبەکانێتی:
– لە سوڵتانەوە بۆ ئەتاتورکی تورکیا (٢٠٠٩).
– تورکیا و جەنگی تێرۆریزم (٢٠٠٥).
– تورکەکان لەمڕۆدا (٢٠٠٤).
– ئەتاتورک: بایۆگرافیی دامەزرێنەری تورکیای نوێ (١٩٩٩).
– تورکیا: تەحەدای ڕۆڵێکی نوێ (١٩٩٤).
– دۆزینەوەی تورکیا (١٩٧١).
نووسین: ئەندرو مانگۆ، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کتێب دانەرێکی بەریتانییە
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق