“خوێندنەوەیەکی نوی بۆ کورد و رەگەزی ئاری و هیندۆئەوروپیەکان”
کورد وچەمکی ئاری و تیۆری ئاری نەژادی
هەروەها زاراوەی ئاری-ئارییەکان، ئاریا و تیۆری ئاری نەژادی، ئەمەش بۆخۆی بابەتێکی ئاڵۆز و پڕ کێشەیە و گفتوگۆ زۆر هەڵدەگرێت، چونکە ئەگەر پێناسەیەک بۆ ئەم کۆمەڵە خەڵکەش بکەین ئاوها دەبێت؛ (ئەمانە کۆمەڵە خەڵک و هۆزێک بوون لە ناوەراستی ئاسیاوە لەنزیک ڕووباری ئۆراڵەوە (کازاخستانی ئەمڕۆ)ەوە هاتوون بەرە و ناوچەکانی ئێرانی ئەمرۆ و لە ٣ هەزار ساڵ پ.زدا. دوای ئەوەی ماوەیەک لەوێ ماونەتەوە وردە وردە چونەتە هیند و لە دۆڵی هیندۆس(هیندۆکش) ماونەتەوە ساڵی ١٩٠٠-١٥٠٠پ.زدا، تا ئەم کاتە نەناسراو بوون، دوای ئەوەی ماوەیەک لەوێ جێگیربوون بەهیندۆ-ئاری ناسراون، پاشان لەساڵی ١٥٠٠-٥٠٠پ.زدا شارستانییەتی دۆڵی هیندۆس سەرکەوت، گەشەی کرد و بە (ئاری) و (ئاریا) ناسران. کەواتە ئەم زاراوەیە یان ئەم ناوە پێش هاتنیان بۆ ئێران هەیان بووە، دواتر ئێران بە وڵاتی ئارییەکان ناسراوە، واتە ناوی ئێرانیش بۆ ئەمان دەگەڕێتەوە، واتە وڵاتی ئاریا، ئاریان، ئاران، ئێران و هیچ پەیوەندی بە چەمکی رامیارییەوە نیە، وەک هەندێ کەس بۆ ئامانجی تایبەت بەکاری دێنن، بۆ ئەوەی گەلانی ئاری لە ژێر ناوی ئێراندا بتوێنەوە بە فارسی بکەن و ئاریا و ئێران بەهی فارس بزانن. بەڵکو فارسیش لقێک یان خێڵێکی بچوکی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بوون، نەک هەموو هۆز و گەلانی ئاری، ئەگەر پارسوا-فارس لقێکی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بن، ئەوا ئێمەی کورد چەندین لقمان لەو کۆمەڵە خەڵکە دا هەیە کە بەئاری ناسراون وەکو کاسی-کاشی کە چوار سەدە فەرمانڕەوایەتی و دەوڵەتدارییان کرد، هەروەها هیتی و میتانی لەهاوشانی کاشیەکان خاوەن دەوڵەت و ئیمپراتۆری هوری ومیتانی بوون، لەهاوشانی دەوڵەتی فیرعەونی میسر، پاشانیش میدی و میدیەکان کە سەدە و نیوێک دەوڵەتداری وئیمپراتۆریان هەبووە و بەیەکێک لەچوار ئیمراتۆرەگەورەکەی جیهان دانراون لەهاوشانی میسرو بابل و لیدیا، پاشان فارسەکان بە کودەتایەک بەسەر میدیادا سەرکەوت و بوون بەخاوەن دەوڵەت و زۆرینەی بنەماکانی دەوڵەتداری و شارستانیان لە میدەکانەوە وەرگرت.
هەروەها مانای وشەکەش زۆرشت روون دەکاتەوە، ئەم زاراوەیە بەمانای (خانەدان، گەورە و بەڕێز، ئازاد، شارنیش، نیشتەجێ) دێت، هەروەها لە پەرتووکی (ڤیدا)ی ئایینی هندییەکاندا بە(ئاریاناڤیجا) –(ئاریاناڤاج) و (ئاریانا-ئاریان) هاتووە، بەماننای شوێن نەک ناوی گەڵ و رەگەز، واتە مانایەکی جوگرافی هەیە، بەڵام دواتر بە تێپەڕینی کات گۆڕاوە و ئاریانا بووە بەئاریان و ئاری و پاشان ناوی شوێنەکە بۆتە ناوی گەل و رەگەزی ئاری، دواتر لە سەردەمی رژێمی شای ئێراندا بووە بە ئێران کە لە ناوی وڵاتی ئاری و ئاریانە و ئاریانەوە وەری گرتووە.(١٥) ئەمەش زیاتر بۆئامانجی رامیاری و توانەوەی گەلانی تر لە ژێر ناوی ئێران و ئێرانی و ئێرانی بووندا بەتایبەتی نەتەوەی کورد، چونکە خاوەن پایەیەکی گەورەی رەگەزی و زمان وشارستانین لەناوچەکەدا، لەپێش فارس وتورک و عهرەبەوەن، پێشەنگی دروستکردنی بنەماکانی شارستانین لەجیهاندا.
هەروەها رەگی چەمک و زاراوەو وشەی ئاری پەیوەندی بەزمانی سانسکریتیەوەهەیە، سانسکریتیش یەکێکە لە زمانە کۆنەکان و سەر بەکۆمەڵەی زمانە هیندۆ ئەوروپیەکانە، بەکۆنترین لقی زمانی هیندۆئەوروپی دادەنرێت، ئەوەی پەیوەندی بەکوردستانەوە هەیە لەبەشە هیندۆزاگرۆسییهکەی دایە، هیندۆ-زاگرۆسیش لقێکی بە هێز و گرنگی زمانە هیندۆ ئەوروپیەکانە لەچەند بەشێکی گرنگ پێکهاتووە، وەک سانسکریتی ئاریایی، سانسکریتی ئاڤیستایی، ئەمانەش پەیوەندیەکی تووندوتۆڵ و بەهێزیان بەرەگەز و زێدو زمانی ئاریەوە هەیە، کە لەراستیدا دەگەڕێتەوە سەرمیتانیەکان کە ماوەیەکی زۆر دەستەڵاداربوون لەناوچەکەدا، ناوی (ئاریا)ن هێناوە و خواوەندی (ئاریان)پەرستووە. هەروەها ئەوان رۆڵی سەرەکیان بینووە لەبڵاوکردنەوەی ئەو زمانەدا و گەیاندویانەتە ناوەراستی ئاسیا، دواتر بووە بە دوو بەشی سەرەکیەوە وەک هیندی و زاگرۆسی، هەردولاش لەرووی کولتووری و شێوەوە لەیەکەوە نزیکن، بەڵام کۆنترین تۆماری سانسکریتی لەزاگرۆس دەگەڕێتەوە بۆ ئاڤێستای زمانی پیرۆزی ئاینی زەردەشتی، یان زمانی کۆنی میدیی کە دواتر نووسینی ئەخمینەییەکانی پێ تۆمارکراوە. هەرچەندە لەوڵاتی هیند و ناوچەکانی تری رێڕەوێکی تر و شێوازێکی تری وەرگرت و زیاتر پەرەی پێدراوە.(١٦) هەرچۆنێک بێت ئەم زمانە پەیوەندی بە زمانی ئاڤیستای میدیەوە هەیە، ئەم چەمکەش(ئاریای) لەسەردەمی یۆنانیەکانەوە بەکارهاتووە، بۆ نمونە هیرۆدۆتس بەکاری هێناوە بۆ کۆمەڵە خەڵکێک کە به ئاری ناسراون، لەناویاندا میدیەکان.(١٧)
لێرەشەوە لەسەر ئاری و ئاری نەژادەکان وزمانی ئاری و خەڵکی ئاری مشتومڕی زۆر دەکرێت، بووە بە بنەمای دروست بوونی چەندین تیۆری زمان و رەگەزی کە بەتیۆری ئاری و ئارییەکان ناسراوە.(١٨) لەم بارەیەوە تۆم هۆللاند بەم شێوەیە باسی ئاری وئارییەکان دەکات ودەڵێت؛ (ئاری یان ئارییەکان کۆمەڵە هۆز و کۆمەڵە خەڵکێک بوون بە ئاژەڵداری و ئەسپ بەخێوکردنەوە خەریک بوون، لەناوچە شاخاوییەکانی زاگرۆسدا، ئەمانە بە باوە گەورەی زۆرێک لەگەلانی ناوچەکە دادەنرێن، هەرلە خۆراسانەوە تا هەموو ناوچەکانی زاگرۆس، ئەم کۆمەڵانە لەو ناوچانە جێگیربوون بە(ئاری) ناسراون، دواتر لەکۆنفیدراسیۆنێکی نەتەوەییدا یان لەچوارچێوەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیدا یەکیان گرت لەژێر دەسەڵاتی میدییەکاندا، تا دەهات بەهێزتر دەبوون و بوونە رێگری سەرەکی لەبەردەم پەلهاوێشتنی ئاشورییەکاندا..))(١٩) ئەم بابەتەی تۆم هۆللاند ئەوە دەردەخات کە ئارییەکانیش هەرخەڵکی زاگرۆس بوون و لەوێوە سەریان هەڵداوە، خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، لێرەوە سەرچاوەیان گرتووە، دەرکەوتنی خێڵە میدییەکانیش وەکو هێزێکی گرنگ و دروستکردنی دەوڵەت، وایکرد چوارچێوەیەکی جێگیر و پارێزراو دروست بکات بۆ گەشەی زمان و فەرهەنگی میدی و هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو کولتوور و فەرهەنگییە مێژوویەی بە هی گەلانی ئاری ناسران. هەروەها زانای چیکی (پراشک) یەکێکی ترە لەو زانایانەی باوەڕی وایە ئارییەکان لەوڵاتی میدیا جێگیربوون و تێکەڵ بەدانیشتوانی بنچینەیی و رەسەنی ناوچەکە بوون، هەر ئەمانە بوونە پێشەنگی ژیانێکی نوێ و سەرەتایەکی گرنگ بۆ شارستانی کوردستان، هەروەها مینۆرسکیش لەو باوەڕدایە ئارییەکان هاتونەتە کوردستان و تێکەڵ بە خەڵک و گەلانی رەسەنی ناوچەکەبوون، پاشان میدییەکان دروست بوون، لەم روانگەیەوە زمانی کوردیش دەبەنەوە سەر کۆمەڵە خەڵکێک کە لەیەک شوێن و ناوچەی جوگرافی نیشتەجێبوون، بوونە بنەمای دروست بونی زمانی کوردی و دواتر بڵاوبۆیەوە بەهەموو وڵاتی کوردستاندا.(٢٠)
دواتریش بەپێی سەردەم و دەسەڵاتەکانی سەرخاکی کوردستان و ناوچەکە ئەم زاراوەیە بەکارهاتووە لەلایەن زۆربەی گەلانەوە، لەمێژووی دێرینەوە تاهاوچەرخ، ئەڵمانەکان هەوڵیان داوە تیۆری ئاری نەژاد بسەلمێنن، بۆئەم مەبەستە لێکۆڵینەوەیان ئەنجام داوە هەرچەندە ئەڵمانەکان لە ساڵی ١٧٧٠ز ئاشنایەتییان لەگەڵ زاراوەی (ئاری) هەبووە، هەردەم هەوڵیان دەدا تیۆرییەک دابنێن شوێنی تیۆری هیندۆ-ئەوروپی بگرێتەوە، چونکە لێکدانەوەی تیۆری هیند-ئەوروپی تارادەیەک لەسەربنەمای زمان و ئایین دروست بووە، بۆیە ئەڵمانەکان تیۆری ئاری نەژادیان بایەخ پێداوە وەک تیۆرێکی رەگەزی و شوێنگرەوی تیۆری هیندۆ ئەوروپی بەکاریان هێناوە، لێرەوە تیۆری ئاری نەژاد گەشەی کرد، دیارە ئەوکات زانستی شوێنەوار گەشەی نەکردبوو وەکو ئێستا تا بەشێوازی زانستی ئەو راستیانە بسەلمنرێت، لەوکاتەشدا تەنها گەلانی (میدی، جوو، فارس، هند هەبوون، (سومەر، گوتی، خوری) نەناسرابوون، پاشماوە شوێنەواریەکانیان هەڵنەدرابوونەوە، لەوکاتەشدا ئەڵمانەکان دەیانویست لەرووی رەگەزونەتەوەییەوە خۆیان بەرابردوویەک یان گەلێک ببەستنەوە کە لەگەڵ باری کۆمەڵایەتی و ئایینی ئەوکاتدا بگونجێت.
لەدوایدا ئەوەیان هەڵبژارد کە گەلێک هەبووە لە مێژوودا خاوەن شارستانی و شکۆ و گەورەیی و ناوبانگ بوون، ئەویش (ئاری) ئاریاییەکان بوو لە باکووری هندستان، دواتر بوونەتە چەند بەشێکەوە، وەکو (میدی، پێرسیا، هیند، کاشی، میتانی، هیتی) پاشان لقە جیاجیاکانی تری گەلانی ئاری و هندۆئەوروپی لەمانەوە دروست بوون و بڵاوبوونەتەوە، چەمکی ئاری بوونیش بۆ یەکەمجار لەلایەن (کریستیان لایس) ١٨٠٠-١٨٧٦ز بووە، ئەم کەسە داوای دەکرد وشەی (ئاری) لەبری دەستەواژەی (هیندۆ-ئەورپی) بەکاربهێنرێت وەکو ناوێکی گشتی بۆ خێزانی زمانە هیندۆ ئەوروپیەکان و ئەوگەلانەی ئاخافتنی پێدەکەن، لەبەر ئەوە ناوی ئاری هەستێکی هاوبەشی رەچەڵەکی بڵاوبوونەوەی جوگرافی دەدا بە ئەوگەلانە.(٢١) بەم هەنگاوانەش تیۆری ئاری شوێنی تیۆری هیندۆ-ئەورووپی گرتەوە. هەرچەندە هەندێک لەروانگەی ئەم دوو تیۆرییەوە باوەڕی وایە هەریەکن و بۆهەمان کۆمەڵە خەڵک بەکاردێن کە خاوەن پێستێکی سپین، لەروی زمان و رەگەزەوە لەیەکەوە نزیکن و پەوەندییان هەیە زۆر جاریش بە (هیندۆ-ئاری) ناودەبرێن وەکو زاراوەیەک کە هەمان مانا و واتای ئەوانیتر بدات .(٢٢)
هەروەها لەسەربەکارهێنانی ئەم زاراوانە هێشتا رێکەوتنێکی یەکلاکەرەوە نەکراوە، هەرتوێژەرێک بە بۆچوون و رای خۆی و بەرژەوەندی گەل و نەتەوەکەی خۆی بەکاری هێناوە، هەندێکیشیان هەوڵی ئەوەی داوە راستی دروستی ئەوچەمک و تیۆرانە بسەلمێنێت، لەراستیدا ئەمەش لەوەوە هاتووە کە زاراوەی (ئاری) ماناو مەودایەکی فراوانی هەیە، لەرووی مێژوویەوە رەگەزێک پێکدێنێت کە لەرووی زمان و کۆمەڵایەتی و جوگرافی و رەگەزەوە پەیوەندی بەهێزیان هەیە و لەو روو وە یەکدەگرنەوە، ئەمانەش ژمارەیەک خەڵک و گەل و نەتەوەی جیاوازن لە بنەچەدا دەگەڕێنەوە سەریەک کۆمەڵە کە لەرووی زمان و رەگەزەوە دەگەرێنەوە سەر یەک شوێن، بۆیە لەسەردەمی سەرهەڵدانی ئەم چەمکانەوە زاناکان کۆک نین، بۆ نمونە هەندێ لە زانایانی زمان، چەمکی (زمانی ئاری)یەکانیان بەکارهێناوە، کەچی هەندێکیان زاراوەی هیندۆ ئەوروپی یان بەکارهێناوە لەبری زاراوەی ئاری، بۆ ئەوەی ئاسانتر بێت و تێکەڵ وئاڵۆز نەبێت.(٢٣) بۆ ئێمەی کوردیش پێوستە لەبری هەردوو زاراوەکە زاراوەی (هیندۆ زاگرۆسی) یان هیندۆ ئاری یان تەنها ئاری بەکاربهێنین، وەک پێشتر باسکراوە.
بۆئەوەی خۆمان دوربگرین لەلایەنە رامیاری و مانا سەردەمیەکەی و دوور کەوتنەوە لەبەکارهێنانی چەمکی ئێرانی و هیندۆ ئێرانی، چونکە ئەو زاراوەیە بۆ بچوککردنەوەی کوردە نەک مانا راستیەکەی کەمانای شکۆ و گەوره و خانەدان دەبەخشێت، واتە بۆ کورد ئاریای ئاری بەکاربهێنرێت باشترە لە هیندۆ ئێرانی یان ئێرانی وەک زۆر توێژەری کورد لەبواری زمانەوانی و مێژوو بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن لەکارەکانیاندا کورد بە ئێرانی و هیندوئێرانی دادەنێن، ئەمەش بێ ئاگایانە لەخزمەتی دەوڵەتی بە زۆر سەپێنراو و دروستکراوی ئێرانی فارسی رەگەز پەرستدایە و کورد دەکاتە بەشێکی تواوەی ئەو گەل و دەوڵەتە، کە کۆڵۆنیزمی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئینگلیز بۆبەرژەوەندی خۆی لەسەدەی رابردوو دروستی کردووە. مێژوو گەواهیدەری ئەو راستیانەن کورد زۆر لە پێشترە بۆ دەوڵەتداری و مافداری ئاریا و ئێران نەک کەمینەیەکی فارس، هەربۆیە (ریچارد فرای-١٩٢٠-٢٠١٤ )وەک شارەزایەکی بواری ئێرانناسی و زمانەکانی وەک فارسی کۆن و ئاڤێستا وسوگدیان، لەپەرتووکی خۆیدا بەوردی باسی شارستانیەت و گرنگی میدیا و گەلانی ئاری دەکات لە هاتنیان بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان و رۆڵی سەرەکی گەلانی هیندۆئەوروپی وەک کاسی و میتانی و میدی و ئورارتو لەدروستکردنی شارستانیەتی کوردستاندا روون دەکاتەوە.(٢٤)
لەگەڵ ئەمانەشدا ئەم تیۆرییانە تاکو ئەمرۆ کێشەیان لەسەرەو نەتوانراوە یەکلای بکرێنەوە، ئەگەر بەڵگە شوێنەواریەکان بکرێتە بەڵگەی سەلماندنی ئەم گریمانانە ئەوا دەبێت لەسەرەتاکانی شارستانیەتەوە دەست پێ بکەین، کە ئەوانیش لەکوردستانەوە سەریان هەڵداوە، پاشان بڵاوبوونەتەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی تری ئاسیا و ئەوروپا، بۆ ئەمەش دەبێت لەچاخەکانی پێش مێژووە دەست پێ بکەین لەئەشکەوتی شانهدهر و هەزارمێرد و پاڵیگەورە و زەرزیەوە تاپەیدا بوونی گوندی کشتوکاڵی وەکو بێستانسور، چەرموو، ئەبو هەریرە،حەلەف، تەپەگیان و گەنجدەرە لەکوردستاندا ودەرکەوتنی گەل و نەتەوەکان و جێگیربوونی رەگەز و زمان و سنووری جوگرافی کۆمەڵە خەڵکانیکی دیاری کراو، لێرەدا دوو نمونەی گرنگ باس دەکەین: یەکەم، رهودانی تۆفان، دووەمیش گەلانی جێگیربووی کوردستان لەهەزارەی چوارەم وسێیەمی پێش زایندا، ئەگەر ئاری بوونی کورد لەرێی میدیەکانەوە بێت ئەوە میدیا بە(مدی) یان (مدای) کوڕی(یافث)ی نەوەی نوحە، نەوەکانی نوحیش ئەمانەبوون( سام، حام و یافث ) وەکو لەم دەقەی پەرتوکی پیرۆزدا هاتووە (نەوەکانی آدم، شیث، آنوش ، قینان، مهللئیل، بارد، خنوخ، متوشالح، لیک، نوح بوون. نەوەکانی نوح، سام، حام و یافث بوون. نەوەکانی یافث، جومر، ماجوج، مدای، یاوان، توبال، ماشک و تیراس بوون. نەوەکانی جومر، آشکناز، ریفات و توجرمه بوون. نەوەکانی یاوان، اليشه، ترشيش، کتیم و رودانیم بوون. نەوەکانی حام، کوش، مصرایم، فوط و کنعان بوون. نەوەکانی کوش، سبا، خویله، شبتا، رغمه و شبتکا بوون. نەوەی رعمه، صبا و ددان بوون آموریان، چرجاشیان،جویان، عرقیان، سینیان، آروادیان، صماریان و خماتیان بوون. نەوەکانی سام، عیلام، آشور، آرفکشاد، لود و آرام بوون. نەوەی آرام، عوص، حول، جاتر و ماشــک بوون) (٢٥)
هەروەها لەچەندین شوێندا ناوی میدییەکان هاتووە لە پەرتووکی پیرۆزدا بەشێوەی جیاواز بە (مدی، مادای) و لەریزی دوژمنەکانی باکووردا باسی کردووە.(٢٦) ئەمەش ئەوەدەسەلمێنێت کە(میدیەکان)یش دوای تۆفان هەرلە کوردستانەوە بڵاوبوونەتەوە، چونکە بەپێی دەقی ئایینی و تابلۆ مێخییەکان کەشتییەکەی نوح لەکوردستان جێگیربووە، ئەو خەڵکانەی تێدا بوون لەو ناوچەیە ژیان و دواتر بڵاوبوونەتەوە بەناوچەکانی دەوربەری کوردستانی ئەمرۆدا. هەروەک چۆن قورئانیش نکوڵی لێ نەکردووە و باسی کردووە وەکو لە سورەتی موئمینون لەم دەقەدا هاتووە﴿ وَقُل رَّبِّ أَنزِلْنِي مُنزَلًا مُّبَارَكًا وَأَنتَ خَيْرُ الْمُنزِلِينَ﴾،(المؤمنون؛٢٩) هەروەها باسی شاخی جودی (گودی-گوتی) دەکات وەکو لەسورەتی هوددا هاتوە: ﴿ وَقِيلَ يَا أَرْضُ ابْلَعِي مَاءَكِ وَيَا سَمَاءُ أَقْلِعِي وَغِيضَ الْمَاءُ وَقُضِيَ الْأَمْرُ وَاسْتَوَتْ عَلَى الْجُودِيِّ ۖ وَقِيلَ بُعْدًا لِّلْقَوْمِ الظَّالِمِينَ﴾ (هود؛٤٤) دوای ئەوەی کەشتییەکە نیشتۆتەوە لەسەر شاخی جودی و لەوێوە ژیان دەستی پێکردۆتەوە، خەڵک، کۆمەڵ کۆمەڵ و بەناوچەکاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەوانەی لێکدانەوەی ئەم ئایەتانەیان کردووە شاخێکی نزیک موسڵ دیاری دەکەن کەپێ دەچێت شەنگال (شنعال)سنجار بێت.(٢٧) ئەم رووداوە هەر لەسەر چاوە ئایینیەکاندا باس نەکراوە لەدەقە مێخیەکانیشدا باسکراوە، لێردا بۆچوونی توێژەرانی میژووی کۆن و شوێنەواری دەخەینەروو (جولێان ریدەر) وەک توێژەرێک بەم شێوەیە باسی تۆفان دەکات (جگە لە سەرچاوە ئایینیەکان سەرچاوە مێخییەکانیش باسیان لە روودانی تۆفان کردووە، کاتێک مرۆڤەکان دەست بە خراپەکاری دەکەن لەخودا پەرستی دووردەکەونەوە، خودا بە (اتراهاسیس) دەڵێت؛ من ژیانی ئەم مرۆڤانە تێکدەدەم و تۆش کەشتیەک دروست بکە خۆت و خێزان و ئەو کەسانەی لەگەڵتن و هەموو جۆرێک لەگیانداران بخەرە کەشتییەکەوە، پاشان لافاوەکە دەستی پیکرد).
ئەم چیرۆکە لەلای سومەریەکان پشاتا و پشت باسکراوە لەسەردەمی گەلگامێشدا، لە بابەتی تۆفاندا باسکراوە، دواتر لای گەلانی تر باسکراوە وەکو بابلی و ئاشورییەکان، نیشتنەوەی کەشتیەکەش لەسەر شاخی پیرەمەگرون بووە لە باکووری رۆژهەڵاتی کەرکوک.(٢٨)پاش سەرهەڵدانی زانستی شوێنەوار ئەم رووداوە پشتراستکراوەتەوە، تەنها گرفت لەکاتی روودان و دیاریکردنی شوێنیکی تایبەتە بۆ نیشتنەوەی کەشتیەکە، بە هەموو بۆچونە جیاجیاکان شوێنەکە هەر کوردستانە، هەر لێرەوە ژیان دەستی پێکردۆتەوە و گەلان بڵاو بوونەتەوە، هەرئەوەشە کە ناوچەکانی زاگرۆس لەناوەندی کوردستان بە بنکەو لانکەی مرۆڤایەتی دادەنرێت. وەکو پێشتر باسکرا؛ هەرسێ ئایینە سەرەکیەکەی جوو، مەسیحی، ئیسلام باسی ئەم رووداوەیان کردووە، بەناوی تۆفانی نوح و لەسەر شاخی ئارارات نیشتۆتەوە لەنێوان ١٠،٠٠٠هەزارساڵ تا٧،٥٠٠ساڵ بووە لەنێوان کەنداو دەریای سوور و دەریای رەش و گەرووی هورمزدا و دەریای ناوەڕاستدا بووە، لەچاخی بەردینی نوێدا ئیدی دواتربۆتە ئەفسانەی تۆفانی گەورە، سەلماندنی ئەم بابەتەش لە لایەن کۆمەڵەی جیولۆجی ئەمریکا سالی ٢٠٠٣ بڵاوکراوەتەوە.(٢٩)
هەروەها دۆزینەوەکانی شوێنەوارەکانی (گردە ناڤۆکی) وەک یەکەم پەرستگای جیهان لەئورفا، گوندەکانی ئەبوو هوریرە، بێستانسور، چەرموو، حەلەف، عوبێد و شارەسۆمەرییەکان و سوسە، ئیلام، سەرجەم شوێنەوارەکانی تری زاگرۆس و میسۆپۆیامیا کە یەکەمین بنەمای شار و دەوڵەت و یاساو کارگێڕی و بازرگانی وسوپا و نووسین و هونەر و موسیک لەکوردستانەوە سەری هەڵداوە، ئەمانە هەمووی بەڵگەن لەسەرئەوەی سەرهەڵدانی گەلانی بەناو (ئاری و هیندۆئەورپی) لەزاگرۆس و کوردستانەوە بڵاوبوونەتەوە، ئەگەر رۆژێک زانست پشت راستی ئەم تیۆرانەی کردەوە و تیۆری (ئاری،هیندۆ-ئەوروپی، هیندۆئاری) سەلماند کوردیش بە بەشێک لەو گەلانەدانرا، ئەوە هیچ لە پێگەو رەسەنایەتی و شارستانیەتی کورد کەم ناکاتەوە، هەرچەندە ئەم تیۆرییانە تا ئێستاش وەکو گریمانەیهک باس دەکرێن، لە هەمان کاتدا زانستی نوێ ئەوەی سەلماندووە کورد نەوەی باوانێکە خەڵکی رەسەنی کوردستانن و دەگەڕێنەوە سەر کۆمەڵە خەڵکێک بەرلەهاتنی ئارییەکان.(٣٠)
لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێک تیۆر و گریمانە هەن کە کورد بۆهەندێ گەلانی کۆنی کوردستان دەگێڕنەوە و دەیبەنەوە پێش هیند-ئەوروپی و ئارییەکان. بەشێکی زۆر لەشارەزا و زاناکانی کورد و بیانی نەتەوەی کورد دەبەنەوە سەر رەچەڵەکی گەلانی دێرینی کوردستان لەهەزارەی سێیەم و دووەمی پ.ز دا. نەک میدی و ئارییەکان، هەروەها لەکاتی دروست بوونی میدیەکاندا چەندین گەلی رەسەنی ترهەبوون لەناوچەکەدا وەکو گوتی خوری و لولو کاسی هیتی وهتد لەم بارەیەوە “قەناتی کوردۆیڤ” زانای کورد و سەرۆکی پەیمانگای لینینگراد بۆ توێژینەوەی کوردناسی دەربارەی دروست بوونی کورد، پێی وایە کورد پێکهاتەی کۆمەڵێک نەتەوەی دێرینی کوردن لە کوردستاندا، لەئەنجامی تێکەڵاوی بیروباوەر و ئایین و رەگەزی جیاواز دروست بووە هەروەکو دەڵێت؛ (ئەوە روونە کە کورد گەشە کردوی دەرئەنجامی تێکەڵاوی هەندێ خێڵ و نەتەوەن لەناوچە شاخاوییەکانی زاگرۆس ژیاون) بەبەڵگەی بوونی گەلانی دێرین و ئەو پاشماوانەی ئێستا لەکوردستان هەن و دەژین، ئەم راستیە دەسەلمێنن وەکو هۆزی کاسییەکان کە لە کاسیەوە هاتووە کە لەزاگرۆس گەشەیان کردووە، هەروەها هۆزی لولو کە لە نەتەوەی لولووە هاتووە لەباشووری زاگرۆس، پاشان هۆزی (کورت) کە لەناوی کورتەوە هاتووە لە باکووری رۆژهەڵاتی زاگرۆس، یان هۆزی داستی کە لەناوی نەتەوەی (تاسانی)ەوە هاتووە، ئەمانە رەگێکی قووڵی مێژووییان هەیە.(٣١)
یەکێکیتر کە باوەڕی وایە کورد نەوەی نەتەوە کۆنەکانی کوردستانە زانا (ئیفراهایم سپایزەر-١٩٠٢-١٩٦٥ز)ە ئەو لەبارەیەوە ئەوەی خستۆتە روو هەوڵی داوە بیسەلمێنیت کە باوە گەورەی کورد گوتی و لولییەکانن کە دانیشتوانی رەسەن و بنچنەیی ناوچەکانی زاگرۆس و میسۆپۆتامیا و کوردستانن.(٣٢) هەروەها هەندێک لە توێژەرانی تریش رەچەڵەک و بنەچەی کورد دەبەنەوە پێش کۆچی ئارییەکان بۆ کوردستان، دەیبەنەوە سەر کۆمەڵە خەڵکانێک کە حەوت (٧٠٠٠) هەزار ساڵ پ.ز لەم ناوچەیە هەبوون و بەکشتوکاڵەوە خەریک بوون، بۆ پاڵپشتی ئەم بۆچوونە هەریەک لەزانایان (کۆڵین رافریو)، (تۆماس گامکرالیدز) لەگەڵ ئەوەدان کە گوتییەکان لەو شەپۆلە خەڵکەن بن هەرئەم خەڵکانە بنەچە و رەگەزی کورد پێکدێنن.(٣٣) هەروەها چەندین زانای تر لەبواری کوردناسیدا لەگەڵ ئەم بۆچوونەدان، بە بوونی بەڵگەی ئەوەی گوتییەکان خاوەن دەستەڵات و ئیمپراتۆری خۆیان بوون سەدەیەک فەرمانڕەوای ناوچەکەبوون.(٣٤) هەروەها زانا “ئیرنیست رونان” پێی وایە کورد لە باونێکەوە هاتووە کە ئاریایی نیە، خەڵکی ناوچە شاخاو ییەکانی زاگرۆس و ئاسیای بچوکن، زمانی کوردیش هەر لەوێوە لەدایک بووە، لەهیچ شوێنێکی تر نەبووە، دواتر لەژێر کاریگەری شارستانیەتی گەلانی تردا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، وەک چۆن زمانی (خالدی، جۆرجی) گۆڕاون بۆ زمانی هیندوئەوروپی، کەئێستا هاوبەشە لەنێوان کورد و ئەرمەن و فارس، ئەم گۆرانکارییە بەهۆی کۆمەڵە خەڵکێکەوە بووە کە بەئارییەکان ناسرابوون، کۆچیان کردۆتە ناوچەکە و کاریگەری کۆمەڵایەتی و چینایەتی بوونە سەرچاوەی نوێ و گۆڕانکاری نوێ لە رەگەزی کورد و زمانی کوردیدا، ئەم راستیانەش بە پاڵپشتی زانستی رەگەزناسی و زماناسی و ئاینی کوردان دەردەکەوێت.(٣٥)
بەکورتی دەکرێت بڵێین کورد ئاری بوون نەک هیندۆئەوروپی و هیندۆئێرانی، یان لەبری هەموو ئەوانە ئاریایی-زاگرۆسی بەکاربهێنین باشترە. دەکرێت بڵێن کورد ئاری (هیندۆئاری-ئاریاییە) نەک هیندۆئێرانی، وەک توێژەر(وڵفرام ڤۆن سۆدن- Wolfram Von Soden)لەپەتووکی (ڕۆژهەڵاتی کۆن، Ancient Near East) ئەم چەمکەی بۆکورد و میدییەکان بەکارهێناوە، واتە بەکارهێنانی هیندۆئەوروپی و هیندۆئێرانی بۆ کورد کارێکی نازانستی و ناراستە بەتایبەتی لەرووی رەگەزییەوە، چونکە کورد خاوەن رەگەزێکی سەربەخۆیە و بەر لە هیندۆ-ئەروپی و هیندۆئیرانی دروست بووە.(٣٦) کەواتە نەتەوەی کورد ئیرانی نیە، هیندۆ ئێرانیش نیە،هیندۆئوروپیش نیە،بەڵکو هیندۆئارییە وەک نەتەوەیەکی سەربۆخۆ خاوەن زمان و رەگەزی تایبەتی خۆیەتی. هەروەک شارەزای بواری شوێنەوار و میسۆپۆتامیا زانا (جۆرجیس روخ-Geoges Roux) لەپەرتووکی (ئێراقی کۆن Ancient Iraq ) دابەهەمان شێوە ناو یان زاراوەی ئاری وهیندۆئاری بەکارهێناوە بۆکاسی وهیتی وگەلانی تری زاگرۆس وباوانی کورد.(٣٧)لەم دوایانەدا کۆمەڵێک بۆچوون هاتنە ئاراوە کە دەڵێت:- نیشتیمانی یەکەمی ئارییەکان کوردستان بووە، کۆچی گەلانی ئاریای لەزاگرۆسەوەبووە بۆ هەموو ناوچەکانی هیندو باڵکان و ئۆراسیا و ئەوروپا و جیهان.(٣٨).
سەرچاوەوپەراوێزەکانی بەشی دووەم / کورد و رەگەزی ئاری وئاری نەژاد
(15) Georges Roux: Ancient Iraq,New Edition ,USA,1992.p229-231.
Joshua .J.Mark; Aryan )https://www.britannica.com/topic/Aryan(
https://www.worldhistry.org/Aryan
رەفیق شوانی : چهند بابهتێكی زمان و ڕێزمانی كوردی، چ١،هەولێر،٢٠٠١،ل ٩٩.-
(16)Michaol Coulson, Complete Sanskrit, London,2010,p1-10.
(17)سۆران حەمەرەش: کورد کێێە ؟ مێژووی کوردو رەچەڵيکی، لەندەن، ٢٠١٣، ٣٦٢
(18)غلام علی ادریسیان: کردوکردستان درهزارهای ماقبل تاریخ وعهدباستان ،ل ٤٠١
(19)Tom Holland : Persian Fire, The First World Empire And The Battle For The West ,Little, Brrown, UK,2005,P5.
(20)Wolfram Von Soden: The Ancient Orient, Translated by: Donald G.Schley,USA,Michgan,1994,p27-28-غلام علی ادریسیان: کردوکردستان درهزارهای ماقبل تاریخ وعهدباستان ،ل٣٩١ .
(21) سۆران حەمەرەش: کورد کێێە ؟ مێژووی کوردو رەچەڵيکی، لەندەن، ٢٠١٣، ل ٣٥٩
(22) Georges Roux: Ancient Iraq,New Edition ,USA,1992,p81,p229.
Joshua .J.Mark; Aryan )https://www.britannica.com/topic/Aryan(
.(23) رەفیق شوانی : چهند بابهتێكی زمان و ڕێزمانی كوردی، چ١،هەولێر،٢٠٠١،ل ١٠٣.
(24)Richard Frye; The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, ,California,1993,p17-24.- Wolfram Von Soden: The Ancient Orient,USA,Michgan,1994,p27-28
(25) کتاب مقدس ؛ ترجمه، هزاره تو از زبانهای اصلی عبری و یونانی ، چاپ ، ۲۰۱۶ میلادی، انتشارات ایلام ، اول تواریخ،١:٣-٢:٣، ل ٤٩٨
(26) الکتاب المقدس،العهد القدیم،ط٤،بیرت،١٩٩٥ل٩٨٧
(27) الْقُرْآنِ الْكَريمِ: دار المعریفە،دیمشق،١٩٩٦
(28) Julian Reade: Mesopotamia, British Musem Press, Second Published, 2000,p39.
(29)Paul Kriwaczek; Babylon, Misopotamia and Birth of Civilization, NewYork, 2012,p67-76.- Nils Billing, Susanne Carlsson, Ragnar Hedlund,Allan Klynne,Michael Lindblom,:Hugo Montgomery: ANTIKEN Från faraonernas Egypten till romarrikets fall,NATUR & KULTUR,2017,p39.
(30) Ferdinand Hennerbichler:The Origin of Kurds, Advances in Anthropology. Vol.2, No.2:( 2012),p64-69.
.(31) غلام علی ادریسیان: کردوکردستان درهزارهای ماقبل تاریخ وعهدباستان،چاپ دوم ،سەردەم،٢٠١٩، ل٣٩٧،
(32) Ephrahaim Avigdor Speiser,p110-119.
Ferdinand Hennerbichler: Kar-daKI-ka 21st ce. B.C.E. Karda Land of Valiant Mountain People Central Zagros East Terminological Analysis, 2014,p10.
Ephraim Avigdor Speiser (1902-1965) Kurds = Guti(ans) K/Qurti-Kurhi-Tribes of Guti(ans) “Third Ethnic Element in Eurasia http://creativecommons.org/licenses/by/4.0/
(33)غلام علی ادریسیان: کردوکردستان درهزارهای ماقبل تاریخ وعهدباستان،چاپ دوم ،سەردەم،٢٠١٩،ل٣٨٥
(34)ئو.ل.ڤیلیڤیچسکی : نەژادی کوردورەوتی میێژووی دروست بوونی میلەتی کورد، وەرگێڕانی ،رەشاد میران،چ٢،هەولێر،٢٠٠٠،ل٥٨.
(35) غلام علی ادریسیان: کردوکردستان درهزارهای ماقبل تاریخ وعهدباستان،چاپ دوم ،سەردەم،٢٠١٩،ل٣٩٤
(36) Wolfram Von Soden: The Ancient Orient, Translated by: Donald G.Schley,USA,Michgan,1994,p27-28
(37)Georges Roux: Ancient Iraq,New Edition ,USA,1992.p80,p229-231
(38)A new study squelches a treasured theory about Indians’ origins، The Aryans did not come from India; https://www.economist.com/asia/2018/04/05/a-new-study-squelches-a-treasured-theory-about-indians-origins