مەلا موحەمەدى جەلیزادە زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لە نامەیەکدا بۆ کاربەدەستانى ئینگلیز دەنووسێت: ئێوە کە ئیدیعاى ئەوە دەکەن کە گەلانى ناوچەکە لەژێر دەستەیى و ئیستیعمارى عوسمانى رزگار دەکەن، دەوڵەتى نەتەوەییتان بۆ هەریەکە لە فارس و عەرەب و تورک دامەزراندووە، کوردیش لەو مافە بێ بەش مەکەن و میللەتى کوردیش حەقیەتى دەوڵەتى خۆى هەبێت. هەروەها لە شیعرێکدا داوادەکات نەوتى کوردستان رادەستى شیعەکان نەکرێت. ناوبراو کە بە مەلاى گەورەى کۆیە ناسراوە، داوا لە نەتەوەکەى دەکات خۆیان رۆشنبیر بکەن و یەکگرتووبن، بۆ ئەوەى وەکو گەلانى دیکە ببنە خاوەنى دەوڵەت، کاتێک پادشاى ئێراق داواى لێ دەکات لە بەغدا نیشتەجێ بێت، دەڵێت: میللەتەکەم پێویستى بە منە، دەبێ لەناویاندا بم، ئەگەر نان و پیازێکیش هەبێ بیخۆم لەناو ئەواندا مورتاحم و نایەمە بەغدایێ.
“مەلاى گەورە”
مەلا موحەمەدى کوڕى مەلا عەبدوڵاى کوڕى مەلا ئەسعەدى جەلى ناسراو بە مەلاى گەورەى کۆیە، لە ساڵى (1876) لەدایکبووە. سەرەتا لەلاى موستەعیدەکانى باوکى دەستیکردوە بە خوێندن، دواتر لەلاى باوکى زانستەکانى تەواوکردوە، لە ساڵى (1894) لە تەمەنى هەژدە ساڵیدا ئیجازەى مەلایەتى وەرگرتوە و دەستیکردوە بە دەرس وتنەوە. لە (1912) کراوە بە موفتى کۆیە، ئەوەش یەکەم موفتى بووە لە سەردەمى عوسمانییەکاندا. لە ساڵى (1915) کراوە بە ئەندامى ئەنجومەنى زانستیى ویلایەتى موسڵ. ساڵى (1919) بووەتە قازى کۆیە. یەکەم کەس بووە بەڵگەنامەکانى دادگاى بەکوردى نووسیوە. ساڵى (1924) کراوەتە ئەندامى ئەنجومەنى دامەزراندنى ئێراق لە بەغداد. ساڵى (1928) وازى لە فەرمانبەرى هێناوە و خۆى تەرخانکردوە بۆ نوسین و خوێندنەوە و دەرس وتنەوە. لە (12/10/1943) لە تەمەنى (67) ساڵیدا بەهۆى نەخۆشى گەدەوە کۆچى دوایى کردوە.
“والیى و قوتابخانە”
مەلا موحەمەد لە ساڵى (1915) بووەتە ئەندامى ئەنجومەنى زانستیى ویلایەتى موسڵ. جارێکیان لە بۆنەیەکدا بەبێ ئامادەکارى پێشوەختە داواى لێدەکرێت وتارێک پێشکەش بکات، ئەویش وتارێکى هێندە کاریگەر دەدات، سەرنجى سلێمان نەزیف رادەکێشێت، کە کوردێکى خەڵکى دیاربەکر بووە و پێش دامەزراندنى دەوڵەتى ئێراق والیى موسڵ بووە، بۆیە سێ چوار رۆژ مەلاى گەورە لاى خۆى گل داوەتەوە، لە دەرفەتێکدا لێى دەپرسێت: لە پێداویستى و داواکارییەکانى ژیان چیت دەوێ تا من بە شانازییەوە بۆت بکەم؟ لە وەڵامدا مەلاى گەورە دەڵێت: هیچم ناوێ، تەنها مەکتەبێکم بۆ بکەوە لە کۆیە، تا مناڵى کورد فێرى خوێندەوارى ببن.
“مەلیک و مەلا”
مەلا موحەمەد لە ساڵى (1924) دەکرێتە ئەندامى ئەنجومەنى دامەزراندنى ئێراق لە بەغداد. لەوێوە ئاشنایەتى لەگەڵ شا فەیسەڵى پادشاى ئێراق دروست دەکات، فەیسەڵ هێندە سەرسامى ئاستى زانستى مەلا موحەمەد دەبێت دەیەوێت بچێتە کۆیە و ماوەى سێ مانگ لەلاى ناوبراو زانستەکان بخوێنێت، بەڵام بەهۆى گۆڕانکارییەکانى وڵاتەوە پێى ناکرێت و نامەیەکى پۆزش و چەند کتێبیکى گرنگ بۆ مەلاى گەورە دەنێرێت، مەلیک فەیسەڵ بە مەلاى گەورە دەڵێت وەرە لە کۆشکى پاشایەتى خۆم بژى و هەموو پێداویستیەکانت بۆ دابین دەکەم و لەگەڵ خۆم بژى، بەڵام مەلا موحەمەد لە وەڵامدا دەڵێت: میللەتەکەم پێویستى بە منە، دەبێ لەناویاندا بم، ئەگەر نان و پیازێکیش هەبێ بیخۆم لەناو ئەواندا مورتاحم و نایەمە بەغدایێ.
“هیتلەر و مەلاى گەورە”
یەکێک لەو کەسایەتیانەى کە مەلاى گەورە وەک نموونەیەک هێناویەتیەوە کە دەبێت موسڵمانان سودى لێ وەرگرن، ئەدۆڵف هیتلەرى ئەڵمانى بووە، چونکە وەک تاکەکەسێک توانیویەتى هەموو گەلى ئەڵمانیى بۆ یەک مەبەست گردبکاتەوە، بەڵام هیچ کوردێک نەیتوانیوە هەموو کوردەکان بۆ یەک مەبەست کۆبکاتەوە و لە زیللەت دەرچن.
لەبارەى هیتلەرەوە دەڵێت: نانۆڕنە هیتلەرى.. پاش شکستى ئەڵمان ئوممەتى ئەڵمانى گردکردەوە، روحەکى هاویشتە بەر… ئێمە (مع الاسف) دڵ عاجز نازانین چیمان بەسەردێ؟ ناڕێکوپێک، نەفس پڕ لە خەباسەت، کسول و بێ نەشات، وەک حوشترێ لە چیا و بەردەڵاندا بڕوا، وەک کەرى ناو قوڕێ، بەتیئ و گران، روو لە پاشکەوتوو بێتەدبیر، خەریکى قومارو دزى و حیزى، بزانین عاقیبەت کو ئەبى؟ ئێ بە هاناى ئێمە بێ خۆمانین، ئینسان بۆ ئینسان، ئینسانى مومتاز زۆرباشە، بۆ هەیکەلى ئیجتیماعى روحە، حەیاتبەخشە، بەسیە! بەسیە! بەسیە! ئینسان بەخێوکەن، ئینسان بەخێوتان ئەکا، پیاو، پیاو، پیاو، مەدارى فەخرن، (مع الاسف) ئێمە لە کوللى جیهەتێ پاشکەوتووین، مردنێکمان بەسەردا هاتیە ئومێدى زیندبووبوونەوەمان نییە”.
“یادى نەورۆز”
مەلا موحەمەد لە بۆنە نەتەوەییەکاندا بە جبە و مێزەرەوە بەشداریى کردووە. تەنانەت پەخشان و شیعریشى خوێندۆتەوە. لەگوتارێکى مێژوویدا کە لەبارەى نەورۆزەوە لە (21/3/1938) لەبەر دەرکى سەراى کۆیە خوێندویەتیەوە، جۆشوخرۆشى بە خەڵکانى ئامادەبوو داوە، لەکاتێکدا خەڵکانى دیکە کوردیان بە ئاگرپەرست و مەجوسى ناودەبرد، ئەو بە جبە و مێزەرەکەیەوە بەشداریى ئاهەنگى نەورۆز دەکات و دەڵێت: “ئەمڕۆ رۆژێکە پڕ لە نوور، دونیا مالاماڵە لە سروور، ژاڵە دەدرەوشێتەوە، لالە دەگەشێتەوە، دار و درەخت دەپشکون، بەر و سەمەر دەردەکەون، فەلەک وەک خێوەتى زبر جەدى هەڵداوە، زەمین کەواى ئەتڵەسى سەبزى گوڵگوڵى لەبەر کرا، ئافتابى عالەم درەخشانە، خورشیدى خاوەرى بە ئەشیعەى زەهەبى زەڕ ئەفشانە، نێزیکە بڵێم ئەرز و سەما کەوتیتە رەقس و سەما، ئەمە چ باس و خواسە؟ چ ئەسەرە؟ چ خەبەرە؟ بەڵێ ئەمڕۆ رۆژى مرادە، نەورۆزى گەلە، حەقە، رۆژى زۆر موبارەکە، ئەوەڵى بەهارە، یەکى ئیعتیدالى لەیل و نەهارە، جەژنە جەژنى ئۆمەتە، جەژنى مەحەبەت و ئولفەتە”.
“نامە بۆ ئینگلیزەکان”
لە ساڵى (1918) بەدواوە کە باشورى کوردستان دەکەوێتە ژێر ئینتیدابى بەریتانیا، مەلا موحەمەد لەڕێگەى نوێنەرى دەوڵەتى بەریتانیاوە کە لە هەولێر نیشتەجێبووە، داوایکردوە کوردیش هاوشێوەى فارس و تورک و عەرەب دەوڵەتێکى بۆ دروست بکرێت. لەوبارەیەوە سێ نامەى داواکاریى لەم شێوەیە لە ئەرشیفى دەوڵەتى بەریتانیادا هەیە، ئەوەش گەورەترین هەوڵى دیبلۆماسى بووە لەو کاتەدا کە مەلاى گەورە بۆ کورد و کوردستان داویەتى.
یەکێک لەو نامانە لە رۆژى (6/3/1920) لەگەڵ موحەمەد حەوێزى نووسیویەتى، دەڵێت: ئێوە کە ئیدیعاى ئەوە دەکەن کە گەلانى ناوچەکە لەژێر دەستەیى و ئیستیعمارى عوسمانى رزگار دەکەن، دەوڵەتى نەتەوەییتان بۆ هەریەکە لە فارس و عەرەب و تورک دامەزراندوە، کوردیش لەو مافە بێ بەش مەکەن و میللەتى کوردیش حەقیەتى دەوڵەتى خۆى هەبێت.. ئەگەر ئێوە لەم سەردەمەیا کورد نەکەنە خاوەن دەوڵەتى خۆى، ئەوا بۆ سەد ساڵى دیکەش کورد لەو مافەى خۆى دوادەکەوێت.
لەو دەمەدا مەلاى گەورە بەلایەوە باش بووە کوردستان لەژێر هەیمەنەى ئینگلیزدا بێت باشترە تاوەکو تورکیا، چونکە بڕواى وابووە ئینگلیزەکان شارستانیتر و پێشکەوتووترن لە تورکەکان. پێی وابووە کە دەبێت ئینگلیزەکان قەوارە بۆ کورد دروست بکەن، نەک بۆ شێخ مەحمود. لە یاداشتێکدا کە لەگەڵ جەمیل ئاغا نووسیویەتى و دەیداتە مەندوبى بەریتانیا لە کۆیە و ئەویش بەرزى دەکاتەوە بۆ حاکمى ئینگلیز لە هەولێر، بە ئینگلیزەکان دەڵێن: ئەگەر ئێوە دەتانەوێت قەوارەیەک بۆ کورد دروست بکەن، ئەوە شێخ مەحمود رۆیشت، بەڵام کورد ماوە و کورد دەوڵەت و قەوارەى خۆى دەوێت، بۆیە پێشنیارتان بۆ دەکەین کە ئێوە بەهاوکارى بنەماڵەى بابانییەکان دەتوانن ئەو کارە بۆ کورد بکەن”.
لەکاتى یەکلاکردنەوەى چارەنووسى ویلایەتى موسڵدا، کاتێک لیژنەکەى (عوسبەتول ئومەم) پرسیارى چارەنووسى ویلایەتى موسڵ دەکەن ئایا دەیانەوێت بخرێتە سەر تورکیا یان ئێراق، مەلاى گەورە زۆر بە تووندى دژى ئەو راپرسیە دەوەستێتەوە و دەڵێت: مەگەر ئێمە ژنین دەماندەنە تورک یان عەرەب؟ هەڵوێستێکى دیکەى مەلاى گەورە بەم جۆرەیە، ئینگلیزەکان جارێک دەچنە لاى مەلاى گەورە تاوەکو تکا لە شێخ مەحمود بکات واز لە شۆڕش بهێنێت، لەوەڵامدا مەلاى گەورە دەڵێت من یەک پرسیارتان لێ دەکەم: ئەگەر شێخ مەحمود بێتە سەر وڵاتى ئێوە و داگیرى بکات، ئێوە بێدەنگ دادەنیشن؟ ئەوانیش دەڵێن: نەخێر بێدەنگ نابین، ئەویش دەڵێت: کەواتە شێخ حەقیەتى بەو شێوەیە هەڵوێست وەربگرێت. ئینگلیزەکانیش کاتێک ئەو وەڵامە دەبیستن دەکشێنە دواوە و وازدەهێنن.
“نەوتى کوردستان و شیعە”
لە ساڵى (1932) دەست بە دەرهێنانى نەوتى کەرکوک لە کێڵگەى بابەگوڕگوڕ دەکرێت و پڕۆژەکە لە ساڵى (1934) تەواو دەبێت، لە ساڵى (1935) دەست بە گواستنەوەى نەوتەکەى دەکرێت. لەو دەمەدا مەلاى گەورە نامەیەک بۆ سەید ئەحمەدى خانەقا لە کەرکوک دەنێرێت و پێى دەڵێت: ئاگات لێ بێت ئەو نەوتە هەمووى غازاتى پڕ مەترسیە، دوایى دەنیشێتە سەر کشتوکاڵ و خواردنەکانتان و دەبێتەوە ژەهر بۆ جەستەتان.
مەلاى گەورە لە شیعرى (هەناسەى نەوتاوى)دا دەڵێت:
ئەو نەوتە لە خاک و موڵکى کوردى
کێ خستیە دەست و هات و بردى
ئەم موڵکە بە قیمەت و وەسیعە
بۆچى دەدرێ بە کاکى شیعە
قولتێکى لە دەورى بابەگوڕگوڕ
نایدەم بە منارەکەى ئیمامى دوور
بستێ لە وڵات و موڵکى کوردى
نایدەم بە مەرقەدى سەهرەوەردى
چ بکەم چ بڵێم لە تاوى کوردان
ئاگر دەگرى دڵم لە دەردان
ئەو زوڵمە قەبووڵ نەکەى خودایە
ئەسڵەن ئەمەلم بە کەس نەمایە
وەک دێتە دڵم خەیاڵى نەوتێ
هەندە نامێنێ جەرگم بسووتێ
تا ئێوە لە حەق ئێکدى خراپ بن
بەد خواه و حەسوود و ناتەبا بن
تا ئێوە لە هەق ئێکدى بە کەیدن
هەر لەژێر چەپەڵۆکى عەمر و زەیدن
“ئایین و خوێندەوارى”
مەلاى گەورە لەگەڵ ئەوەى خەریکى عیلم و مەعریفەت بووە، بەڵام هەرگیز وڵات و خۆشەویستى بۆ وڵات و نیشتیمانەکەى لەبیرنەچووەتەوە، زۆر هەوڵیداوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد و بەدەوڵەتکردنى کوردستان. پاشان لەڕێگەى شیعرەکانیەوە کە بە زمانێکى زۆر سادە نووسیویەتى داواى کردووە کە خەڵکى هۆشیار ببنەوە و خۆیان لە ژێردەستەیى و بیرى دواکەوتوویى رزگار بکەن. مەلاى گەورە زۆر رەخنەى لە نەخوێندەوارى کورد گرتووە و دەڵێت: کورد ناتوانێت بەو جەهل و نەخوێندەوارییەوە دەوڵەت دروست بکات.. کورد نە لە دین تێگەیشتوە نە لە حەزارەت و پێشکەوتن، ئەوروپا بۆیە پێشکەوتووە چونکە وازى لە ئایینى مەسیحى هێناوە، لەبەرئەوەى سەرچاوەى خورافیات و ئەفسانەیە، بەڵام ئێمە بۆیە دواکەوتوین چونکە وازمان لە دینەکەمان هێناوە کە سەرچاوەى عیلم و زانستە.
لە شیعرێکیدا دەڵێت:
من یەخەى خۆم لە بۆیە دائەدڕم
ئێوە نابن بە هیچ و من دەمرم
دەبێ من کەیفى چیم بە دنیا بێ
قەومى من وا رەزیل و ریسوا بێ
لە شیعرى ئاهوناڵەدا دەڵێت:
هەتا دەمرم لە بۆ کوردان دەناڵم
عیلاجیان چۆن بکەم هاوار بە ماڵم
بە زۆرى جاهیل و نەخوێندەوارن
لەلاى نەوعى بەشەر بێقەدر و خوارن
لە شیعرى من و گاندى دەڵێت:
منیش هەروەکو غاندى
هەناسە سارد و ماندى
لە قەومى کورد و هیندى
هەرچى خێر بوو نەماندى
لەکۆتایى ئەو شیعرەدا دەڵێت:
چەندی لە قەومی کوردی تێدەفکرم بەوردی
بەهیچ وەجهێکی نەمدی ئاساری ئیتحادی
قەومێکی وا لە یەک دوور بێ ڕابیتە و بێ شعور
تاڵ و تیژ و تفت و سو خۆبەخۆیی ئەعادی
نەبوونە و نینە و مەگەر جاوەیی وا بن
سەد حەیف و سەد مخابن بۆ سەلاح و ئەولادی
دەرحەق یەکتری دوژمن خوێنی مێشکی یەک دەمژن
باب و کوڕ یەکدی دەکوژن لەسەر چشتەکی عادی
میللەتی بێ هۆش و گۆش کەڵاش لەپێ نمد پۆش
خواردنی پولکە و بڕوش بە کفتەکی حشاندی
مەلایان بێ عیلم و ماڵ شێخیان بێ کەشف و کەماڵ
ئاغایان ڕووت و ڕەجاڵ قوتەی مل نێرکە کاردی
* زانیارییەکانى ناو ئەم راپۆرتە وەرگیراوە لە: کتێبى (مەلاى گەورە)، ئامادەکردنى دڵدار جەلیزادە، لە بڵاوکراوەکانى کەناڵى ئێن ئاڕتى چوار، چاپى یەکەم، 2021.