مرۆڤ هەموو رێگایەکی تاقی کردۆتەوە بۆ دۆزینەوەی باوانی خۆی و دیاریکردنی رەچەڵەکی خۆی، سەرەڕای ئایین و سەرچاوە شارستانییەتە کۆنەکان و چەندین بابەتی تری زانستی سەرقاڵی ئەم بابەتەن، وەکو زانستی شوێنەوارناسی، رەگەزناسی، بایۆلۆژی و شیکارییە خانە زیندووەکانی توێکاری پزیشکی (دی. ئێن. ئای)، جیولۆجی و زمانناسی، لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین بیرۆکەی ئەفسانەی و بۆماوەیی و لێکدانەوەی جیاواز کراوە بۆ سەرڵدان و گەشە و دروست بوونی مرۆڤ و نەتەوەکان، هەرگەلە و ئەفسانەی تایبەت بەخۆی هەیە یان لە ڕووی بۆماوەییەوە رەگ و بنەچەی خۆی دەباتەوەسەر باوانێک کە بەهی خۆی دەزانێت، هەتا ئەمڕۆش کۆمەڵێک گەل و خەڵک بەدوای ناسنامە و شوناسی نەتەوەی خۆیاندا دەگەرێن و دەیانەوێت بزانن لەچی باونێکەوە هاتوون، بۆیە زۆر گریمانەو تیۆر و بیرۆکەش داهێنراون، لەوانەش تیۆری ئاری بوون و هیندۆ ئەوروپی و رەگەزی زەرد و ئەتڵەسی و جۆرەکانی تری گەلانی دنیا.
ئەم باس و خواسە لای زۆربەی گەلان بووە بە جێی تێڕامان و کارکردن و دۆزینەوەی راستی و درستی بابەتەکە، بۆ ئێمەی کوردیش زیاتر پێویستی بە روونکردنەوە و دەرخستنی زیاتر و لێکدانەوە و شیکردنەوەی زۆرتر هەیە، لەبەرئەوەی کورد لەبەردەم توانەوەیەکی بەردەوامی شۆفێنزمی عەرەبی و تورکی و فارسدایە، لەبەرئەوەی کورد دەوڵەتی نیە ،ئەو گەلە دەستەڵاتدار و داگیرکارە بێگانانە دەیانەوێت کورد بسڕنەوە و بەیەکجاری خاک و زمان و خەڵک و فەرهەنگ و شارستانی بکەن بەهی خۆیان و شتیک نەمینێت بەناوی کورد و کوردستانەوە، هەربۆیە بۆتوێژەری کوردیش قۆناغەکە زۆر ئاڵۆز و دژوارە. هەر بۆیە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم توێژینەوەکان لەسەر رەچەڵەکی کورد و زمانی کوردی، بوونی چەندین چەمک و زاراوە و وشەی جیاوازە لەمێژوی دێریندا، بەشێکی زۆر لە لێکۆلەرەکان زاراوەی زاگرۆس بەکاردێنن بۆ پاشماوە شارستانیەتیەکانی کوردستان و گەلانی دێرینی کوردستان بەزاگرۆسی ناوی دەبەن، لەباس کردنی ناوی شوێن وگەل و بنەچەی کورد وزمانی کوردیدا زاگرۆس دەکەنە نیشتیمانی رەسەنی کورد و باوانی کورد. بێ گومان ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت زاگرۆس کە ناوەندی کوردستانە و مەڵبەندی لەدایکبوونی زۆرێک لەگەلانی دێرینی کوردستان و شارستانیەتی مرۆڤایەتییە.
لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێین ئەم چەمکە سنورێکی دیاری کراوی کوردستان دەگرێتەوە نەک هەموو کوردستان، لێرەدا نابێت تەنها ناوچەکانی زاگرۆس بکهینە بنەما بۆ سنووری کوردستان، بەڵکو زاگرۆس بەناوەندێکی گرنگ و دەوڵەمەندی کوردستان دادەنرێت. خەڵکی کورد و خاکی کوردستان و شارستانیەتی کوردستان بە هەردوو دیوی رۆژهەڵات و باکووری زاگرۆس و دووی رۆژئاوا باشوری زاگرۆسدا بڵاوبوونەتەوە بوونیان هەیە. هەروەها هەندێکی تر لەتوێژەران زاراوەی میسۆپۆتامیا(١) دەکەنە سنوور و نیشتیمانێک بۆ ئەو گەل و شارستانی و پاشماوە شوێنەواریانەی دۆزیویانەتەوە باسی دەکەن،
دیارە چەمکی میسۆپۆتامیا لەلایەن یۆنانیەکانەوە داهێنراوە مەبەستی وڵاتی نێوان دوورووبارە کە (دیجلەوفورات)ە ئەمەش دیسان بەشێکی سەرەکی خاکی کوردستان و ناوجەرگەی کوردستانە، ئەم چەمکە دەکەنە بنەمای سەرەڵدان و لەدایک بوونی شارستانیەتی مرۆڤایەتی، واتە شوێنی میسۆپۆتامیا و زاگرۆس بەلانکەی شارستانی دادەنێن وەکو زانای دێریناس ومرۆڤناس (براین فاگان- Brian. M. Fagan) لەپەرتووکەکەی خۆی دا بەناوی (مرۆڤی سەر زەوی- People of the Erarth) باسی دەکات.(٢) ئەمەش بۆخۆی ناوهێنانی کوردستانە بەشێوازێکی ترلای تویژەران. یان بەکارهێنانی ناوەکۆنەکانی کوردستانن هەرچەندە میسۆپۆتامیا و هەموو ناوچەکانی دەورووبەری بەشێوەیەکی گشتی خاکی کوردستانن. هەروەها بەشێکی تری توێژەران زاراوەی قەوقاسی و ئاسیایی بەکاردێنن بۆ دیاری کردنی نیشتمانی گەلانی دێرینی کوردستان و زمانی کوردی، هەروەها زاراوەی رەگەزی دەریای ناوەڕاستیش بەکاردینن، وەکو تەها باقر کە قەوقاس دەکاتە بنەمای سەرەکی لە جوڵە و ئاراستەی کۆچی گەلان.(٣) هەروەها هەندێکی تریان زاراوەی ئەنادۆڵ و ئاسیای بچوک (گەلی هیتی) و کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست و خابوور بەکاردێنن بۆ باسی هەندێ شوێنەواروگەلی دێرینی کوردستان.
رەنگە تا ئێرە کێشە نەبێت ئەم چەمکە جوگرافیانە هەرخودی خۆیان مانایەکی تری کوردستان دەبەخشن وەک خاک و سنوور، وەک گەل و نەتەوە، وەک شارستانی، بەڵام ئەوەی زیاتر جێی تێرامانە و هەڵوەستە لەسەرکردنە، ئەوتوێژەرانەن کە زاراوەی رامیاری بەکاردێنن بۆ باسکردنی ئەم بابەتە وەکو (ئێران، باشوور و رۆژئاوای ئێران، تورکیا، باشوو ر و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا، ئێراق، باکوورو رۆژهەڵاتی ئێراق، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا. دیارە ئەم ناوانەش بەمەبەستی رامیاری بەکارهێنراون بۆ بەتورک کردن و بە فارس کردن و بە عهرەب کردنی شارسانیەتی کوردستان بەکارهاتوون لەلایەن توێژەرانی ئەم دەوڵەتانەوە، هەروەها بەکارهێنانی لەلایەن بێگانەکانی تری رۆژئاوا و ئەوروو پاشەوە بیانویان ئەوە بووە کە کوردستان دەوڵەت نیە و شتێک نیە بەناوی کوردستان یان دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئەوان مامەڵە لەگەڵ سنوورێکی رامیاری دەوڵەتدا دەکەن، هەرچەندە لەم دوایانەدا چەند توێژەرێکی بیانی لەکنە و پشکنینەکانیان لە ناوەڕاستی کوردستان (باشوور) ناوی کوردستانی ئێراق دێنن، وەک پشکنین و دۆزینەوەکانی کوردستان/ باکووری ئێراق، بەڵام زیاتر زاراوەی باشوور و رۆژئاوای ئێران، باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا، باکوورو رۆژهەڵاتی ئێراق، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەکاردێنن.(٤) بۆیە هەر توێژەرێک کە باس لە رەچەڵەکی کورد و زمانی کوردی و گەلانی دێرین و شارستانیەتی ئەم ناوچانە دەکات، یان کنە و پشکنینی شوێنەوارەکان دەکات، ئەم زاراوانە بەکاردێنێت، بۆ نموونە زانایەکی سویسری بەناوی (ئەلبێرت سوسن-١٨٤٤-١٨٩٩ز) لەبەرهەمێکیدا باسی کورد دەکات وپێی وایە کۆچی کورد و هاتنی کورد لە لە رۆژهەڵاتەوە بووە، دواتر بەهۆی میدییەکانەوە بەرەو رۆژئاوا هاتوون.
هەروەها ئەم تیۆرەش بە تیۆری باکووری رۆژهەڵاتی ئێران ناسراوە، هەروەها لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠دا زانایەکی ئیتالی بەناوی (لوکا کاڤیلی سفۆرزا ) تیۆری رەگەزی/ تیۆری باکووری رۆژئاوای ئێرانی باسکرد بۆ دیاری کردنی رەگەزی کورد کەپشتی بەزمان بەستووە.(٥) هەرچەندە لە راستیدا هەموو ئەو شوێنانەی ئەم ناوانەیان لێنراوە هەرکوردستان دەکات و دەبنەوە شوێنی بنەچەی کورد و شارساتنی کورد و دایکی زمانی کوردی، واتە هەریەک لەو زاراوانەش کە بەکارهاتوون هەر مانای ناوچەیەکی دیاریکراوی کوردستان دەکات، هەرچەندە زۆربەی پاشماوە شارستانیەتەکانی کوردستان لە ژێر ناونیشانی ئەو وڵات و ناوانەدا نیشان دراون. هەرلەم بارەیەوە زۆربەی شارسانیەتی کوردستان بەهی گەلانی تر کراوە بۆ نموونە بە فارس و ئێرانی و ئەخمینی کراوون، زۆربەی شارستانیەتی میدییەکان لە پەرتووک و مۆزەخانەکاندابە هی فارس و ئەخمینی دانراوە، هەرچەندە ئەمەش ئەو راستیە دەگەیەنێت سەرەڕای گۆڕانکاری و پێشکەوتنی سوپا لە سەردەمی ئەخمینیدا هێشتا کاریگەری شێوازی سەربازی میدی لەرووی چەک و پۆشاکەوە بەسوپاوە بەروونی دیارە.(٦) زۆر لایەنی شارستانی کوردستان دزراوە و کراوە بە موڵکی گەلانی سەردەستەی خاکی کوردستان.
بۆ نموونە فارس، زۆربەی زاناکان باس لەوەدەکەن شارستانیەتی فارس بنهماکانی شارستانیەتی فارس هی ئیمپراتۆریەتی مادە کردویانە بەهی خۆیان تەنانەت زۆربەی ئەوانەی باسی مێژوو شارستانیەتی ئێران دەکەن ناتوانن رۆڵی گەورەیی (میدیا، ئیمپراتۆری میدیەکان) کەم کەنەوە، زۆریشیان بەمێژووی شارستانیەتی ئێرانی دادەنێنن، ئەگەر لەهونەر و داتاشراوەکانی “پێرسیپۆلس” وردی بینەوە بەروونی سەربازی میدی و هونەری میدی بەدی دەکەین.(٧) ئەوەی لەمانە زیاتر گرفتی دروست کردووە هەندێ گریمانەو بیرۆکەیە لەسەر بنەچەرەچەڵکەی کورد و بنەمای زمانەکەی، سەرهەڵدان و دانانی تیۆری ئاری و هیندۆ ئاری و هیندۆ-ئەورووپیە، لە ژێر ئەم ناوانەدا هیندۆ ئێرانی و هیندۆ زاگرۆسیش بەکاردێنن بۆ دۆزینەوەی بنەچەی کورد و زمانی کوردی. ئەگەرچی ئەم گریمانانە بۆخۆی جێی پرسیار و گومانە، دەبێت هەڵوەستەی لەسەربکەین، چونکە ئەم بیرۆکانە (ئاری نەژاد و هیندۆئەوروپی) زیاتر بنەچەیەکی ئایینی و زمانەوانی و رامیاری هەیە، تاکو ئەمڕۆش زانایان مشتومڕی لەسەر دەکەن و نەگەیشتونەتە دەرئەنجامێکی زانستی و یەکلاکەرهوەی باوەڕپێکراو بەپێی بەڵگەی زانستی شوێنەواری و رەگەزناسی و شیکاری تاقیگەکاری، تەنها وەکو تێور و گریمانە ماوەتەوە و کاری لەسەردەکرێت، خۆشیان ناکۆکن لەسەر ئەوەی کوێ نیشتیمانی سەرەکی هیندۆ ئەوروپی و ئارییەکانە، هەرلەم روانگەیەوە ئاری بوون و هیندۆ ئەورووپی بوونی نەتەوەی کوردیش خراوەتە بەرباس و لێکۆڵینەوە، هەرچەندە بەشێک لە زانایان لەگەڵ ئەم تیۆرەن، کە رەگ و ریشەی کورد و زمانی کوردی دەبەنەوە سەرئەم تێورە، ئەم بیرۆکەیەش زیاتر بنەمایەکی زمانی هەیە، وەکو لەوەی بنەمایەکی نەژادی و زانستی پەتی هەبێت، ئەم تێورە زمانی کردۆتە بنەما بۆ بنەچە و ریشەی کورد، واتە زمانی کردۆتە پێوەری سەرەکی بۆدیاری کردنی بنەچەی کورد، هەرئەمەش وای کردووە کورد بە (ئاری و هیندۆ ئەورووپی و ئێرانی و هیندۆ ئێرانی) بزانن.
دیارە لەبەرامبەر ئەم گریمانانەدا کاری گرنگ و زانستیش ئەنجام دراوە بۆ دیاری کردنی بنەچەی کورد و زمانی کوردی، وەک لەچەندین توێژینەوەی زانستیدا، ئەوە خراوەتە روو کە کورد بۆ باوانێک دەگەرێتەوە کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، هەرلەوێوە سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە و بڵاوبوونەتەوە بەناوچەکانی تری کوردستان و هەرێمەکانی دەرەوەی کوردستاندا، ئەم کۆمەڵە خەڵک و باوانەی کورد کە لە (٥٠٠٠-٤٠٠٠)پ.ز یان لەهەزارەی چوارەمی پ.زدا بوون، بوونە بنەمای دروست بوونی نەتەوەی کورد.(٨) ئەوانیش (فوراتیەسەرەتایەکان و سوباری، سومەری، گوتی ولولو، خوری)بوون و زمانی کوردیش لەوێوە گەشەی کردووە، بووە بەزمانێکی گرنگ و بەربڵاو. پاشان هەرلەمانەوە کۆمەڵێک خەڵک و نەتەوەی تر کەوتوونەتەوە، زیاتر بنەماکانی کوردبوون و زمانەکەیان پتەوتر کرد، وەکو (کاشی ومیانی ومیدی وهیتی وئورارتوی وماننا و نائیری و کاردۆخی)، دیارەئەمانەش لە ژێر کاریگەری زمان و فەرهەنگی ئەوانەی پێشوتر بوون، ئەگەر گریمان ئەمانە ئاری و هیندۆئەورووپی بن، چۆن و کەی و لەکوێوە هاتوون چۆن پەیدابوون، چونکە بوونی تۆفان لەسەرچاوە ئایینی و شوێنەوارناسییەکانی وەک تابلۆ قورینەکانی سومەر و ئەکەد و بابلدا ئەوە دەسەلمێنن کەشتیەکەی نوح لەکوردستان جێگیربووە و لەوێوە مرۆڤ بڵاوەی کردووە بەناوچەکانی تردا، کەواتە هیند و دانیشتوانی دۆڵی هیندۆكش و دانیشتوانی قەوقاس و باشووری ڕووسیاش لێرەوە گەشەیان کردووە، سەرچاوە زانستیەکانیش ئەوە دەسەلمێنن زۆربەی لایەنی شارستانی لە کوردستانەوە سەری هەڵداوە بەتایبەتی لە (میسۆپۆتامیا و زاگرۆس). دەکرێت ئەم گەلانەش پاشماوەی گەلانی کۆنی تری کوردستان بن و لە دواتردا رۆڵی سەرەکی رامیاری و شارستانی دەگێڕن کە دوای سومەر و گوتی و هوری، دەرکەوتوون وهاتوونەتە گۆڕەپانی رامیارییەوە. لێرەدا بابزانین هیندۆئەورووپی و ئاری چیە چۆن ئەم گریمانەیە سەری هەڵداوە و کاری لەسەرکراوە؟
هیندۆ-ئەوروپیەکان- الهندواوربيين-(Indo-Europeans)
لەکورترین پێناسەدا دەتوانین بڵێین؛ ئەمانە کۆمەڵە خەڵک و کۆمەڵێ گەل و هۆزبوون لەرووی زمانەوە پەیوەندی پتەویان بەیەکەوە هەیە، بەکۆمەڵە شەپۆلێک کۆچ دەستیان پیکردووە، لەناوچەکانی باکوور یان رۆژهەڵاتەوە هاتوون بەرەو رۆژهەڵاتی کۆن لە ناوچەکانی میسۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ و شام جێگیربوون و بە باوە گەورەی کۆمەڵە خەڵکانێکی زۆر دادەنرێن و بەتایبەتی ئەوروپیەکان.(٩) هەروەکو زانای رۆژهەڵاتناس ( سیر لیونارد وللی -Sir Leonard Woolly) دەڵێت؛ (ئەم کۆمەڵە خەڵکە نیشتیمانی رەسەنیان باشووری رووسیا بووە بەهۆی چەند کێشەیەکەوە کە نازانرێت بۆچی نیشتیمانی خۆیان جێهێشتوە، لە ڕێی قەوقاسەوە روویان کردۆتە ناوچەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای خۆیان، بە دوای شوێنێکی باشتر و گونجاوتردا گەڕاون بۆ ژیانێکی باشتر و ئارامتر لەوێ نیشتەجێبوون، ئەم کۆمەڵە خەڵکە ژن و مناڵ و ئاژەڵ و هێز و چەکدار و ئەسپسواریان لەگەڵدا بووە، بەکۆچی خێڵ و هۆزە هیندۆ ئەورووپییەکان ناسراون، لە گرنگترین لقەکانیان ئەمانەبوون:-
یەکەم:- کاسی- کاشیەکان سەرەتا بەرە و ژێردەسەڵاتی ئەکەد هاتوون، دواتر لەبابل جێگیر بوون دەسەڵاتیان گرتەدەست، نزیکەی (٥) سەدە فەرمانڕەوایەتیان کرد.
دووەم:- میتانی- میتانیەکان بەرەو باشوور و رۆژئاوا هاتن، دوای ئەمانیش شەپۆلێکی تر وەکو (پێرسیا و هەندێکی تر بەرەر و بلوجستان و هیند رۆیشتوون لە ١٥٠٠پ.زدا)(١٠) بەپێی ئەم قسانە بێت کۆچی ئەم گەلانە لەکاتێکدابووە لە کوردستان هەموو بنەماکانی شارستانی و نەتەوە بەتەواوەتی جێگیربووە، وەک بنەچەورەگ و ریشەی نەتەوەیی و زمان، واتە ئەگەر لە زۆر لایەنەوە ئەم گەلانە کاریگەریش بووبن هاتونەتە سەر پاشخانێکی شارستانی گرنگ لە ناوچەکەدا، واتە لەسەر بنەمای سەرەکی پایەکانی گەلانی تر راوەستاون، وەکو ئەوەی باس دەکرێت شارستانیەتی میدیا لەسەر بناغەی شارستانی مانناییەکان دروست بووە، شارسانی ئەخمیین لەسەر بنەما و کۆڵەکەکانی شارستانی میدیا دروست بوون.
ئەمە هەروەکو چینی شوێنەواری لەسەریەک کەڵەکەبوون و دواتر ئەوەی لێ بەرهەم هاتووە، ئەمەش مانای وایە هیچ شارستانیەتێک لەخۆیەوە سەری هەڵنەداوە، ئەگەر پێش خۆی بناغە و بنەمای گرنگتری نەبووبێت، ئەمەش وەکو کەڵەکەبوونی ژیری و زنجیرەی رۆشنبیری لێدێت، بەپێێ کات و سەردەم و شوێن ئەم هۆز و خێڵە هیند ۆ ئەورپایانە توانیویانە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ کەش و هەوا و شارستانیەتی گەلانی ناوچەکە، ورده وردە خۆیان سەپاندووە. سەرهەڵدانی ئەم گریمانیەش تیۆری گەلانی هیندۆ ئەورووپی تا رادەیەک لێکدانەوەیەکی زمانەوانیە، زمانی کردۆتە چوارچێوەیەک بۆ پۆلێنکردنی ئەو گەلانەی لەرووی زمانەوە لەیەکەوە نزیکن و پەیوەندی زارو زمان و زاراوە و ریشە و بنچەیان سەر بەیەک خێزانی زمانن، دواتر ئەم خێزانانەی کە لە سەریەک خێزانی زمان دانران لەرووی رەگەزیشەوە بەیەک بنەچە دانراون، هەرئەم بیرۆکەیە بووە بنەمای دروست بوونی ئەم تیۆرە، لەسەر ئەم بابەتە چەندین تێوری زمان و زمانەوانی و بەراوردکاری زمانەوانی دانران لەلایەن زانایانی زماناسەوە، بۆناساندی کۆمەڵێ گەل کە لەرووی زمان و نەژادەوە لێک نزیکن و بە هیندۆ ئەوروپی ناسران. دیارە مێژووی سەرهەڵدانی ئەم گریمانهیەش یان زاراوەی (هیندۆ-ئەوروپی) و تێوری زمانی هیندۆ ئەورپی دەگەرێتەوە بۆسەدەی نۆزدە(١٩) لەسەردەستی چەندزانایەک خرایەروو وەکو (جایمس مالری) لەزانکۆی کالیفۆرنیا، ئەم زانایە ساڵی ١٧٨٤ز رایگەیاند کەباس لە بوونی پەیوەندی زمانێک دەکەن لەنێوان ئاسیا و ئەورووپادا کە یەک رەگ وریشەیان هەیە.
ئەم زانایەش رەگی ئەم زمانەی بردەوە سەر کۆمەڵەخەڵکانێک کەکۆچیان بۆ ئەم ناوچانە کردووە، زمانەکەشیان دابەشکراوە بۆ دووبەشی سەرەکی وەکو (هیدۆ-ئێرانی، هیندۆ-ئەوروپی).(١١) هەروەها زانا (سیر ولیەم جۆنس) لەساڵی ١٧٨٦ز لەهندستان درکی بەو نزیکایەتیەکرد بوو، ئەمەش لەوەوە هات کاتێک ئەو سەرنجیدا بوو پەیوەندیەکی زۆر هەیە لەنیوان زمانی سانسکریتی و یۆنانی و لاتینیدا، ئەو هات باسی پەیوەندی زمانەوانی ئەم زمانانەی کرد و بووە بنەمایەک بۆ سەرهەڵدانی تیۆری هیندۆ ئەورووپی، هەرچەندە ئەم نووسەرە خودی خۆی زاراوەی هیندۆ ئەورووپی بۆ تیۆرەکە دانەنا، بەڵکو تەنها کارێکی گرنگی لەو روووە ئەنجام داو بنەمایەکی بۆ ئەو تیۆرە داڕشت، کە دواتر هەندێ کەسی تر کاریان لەسەرکرد و بووە بنەمای تیۆری زمانی هیندۆ ئەورووپی، ئەوەبوو ساڵی ١٨١٣ز توێژەرێکی ئینگلیزی بەناوی (تۆماس یەنگ) بۆیەکەمجار دەستەواژەی (هیندۆ-ئەورپی) بەکارهێنا، بۆئەو کۆمەڵە زمانانەی لەیەکەوە نزیکن، پاشان لەزۆربەی ناوەندەکانی زانستی جیهاندا بەکارهاتوو کاری لەسەرکراوە، هەندێکیان بەوردی کار لەسەر ئەو کۆمەڵە زمانە دەکەن و ئەوە دەسەلمێنن کە گەلانێکی زۆر لەرووی زمانەوە سەر بەیەک خێزانن، بوونی زاراوە و وشەی هاوتا و هاو مانا و هاوشێوە و هاوبەش لە زۆربەی زمانی ئەوگەلانەدا دەبینرێت وەکو (کوردی، ئیگلیزی،سویدی، ئەڵمانی و….هتد).
بەڵام لەلایەکی ترەوە بۆ مەبەستی رامیاری بەکارهاتووە، وەک ئەوەی ئەڵمانەکان بەدوای بنەچەیەکی پاکدا دەگەڕان تا بنەچەی خۆیانی ببنەوە سەر و مێژووی خۆیانی پێوەگرێبدەن.(١٢) دوایش هەندێ لە زاناکان بەشێک لەگەلانی کوردستانیان بەهیند ۆ ئەورووپی داناوە، کوردیش دەبەنەوە سەر هیندۆ ئەوروپیەکان، وەکو ئەوەی(سیر ولی) باس لە کاشی و میتانیەکان دەکات و بە هیندۆ ئەوروپیان دادەنێت.(١٣) هەروەها مینۆرسکیش میدییەکان بە هیندۆ ئەورووپی دادەنێت لەو روانگەشەوە کورد دەباتەوە سەر ئاری و هیندۆ ئەورپی.(١٤) هەرچەندە خۆی بەکارهێنانی زاراوەی هیندۆ ئەورووپی بۆ کورد هەڵەیەکی زەقە، چونکە هیندۆ ئەورووپی بۆ ئەو گەلانە راستە کە لە ئەورووپادا دەژین و نزیکایەتی زمانیان لەگەڵ زمانی کوردی دا هەیە، بەکارهێنانی هیندۆ ئێرانیش بۆ کورد خۆی هەڵەیەیەکی گەورەیە، چونکە ئەم چەمکەش رامیارییە و زۆر نوێیە، ئێرانی نوێ لەکۆندا وڵاتێک نەبوو بەناوی ئێران جگەلە شارێک نەبێت، دەکرێت بڵێین کورد ئاری بوون نەک هیندۆئەورووپی و هیندۆ ئێرانی، یان لەبری هەموو ئەوانە ئاریایی-زاگرۆسی بەکاربهێنین باشترە. دەکرێت بڵێین کورد هیندۆئاریایە نەک هیندۆ ئێرانی، واتە بەکارهێنانی هیندۆ ئەوروپی و هیندۆ ئێرانی بۆ کورد کارێکی نا زانستی و نا راستە بەتایبەتی لە رووی رەگەزییەوە، چونکە کورد خاوەن رەگەزێکی سەربەخۆیە و بەر لە هیندۆ ئەورووپی و هیندۆ ئیرانی دروست بووە، لەرووی زمانیشەوە دەکرێت بڵێین هیندۆ ئەورووپی و هیندۆئێرانی لەکوردستان سەریان هەڵداوە، ئەو پەیوەندییەی هەیە لەنێوان زمانی کوردی و کۆمەڵەی هیندۆ ئەورووپی و هیندۆ ئێرانیدا دەگەرێتەوە بۆئەوەی زۆربەی ئەو لقە زمانەوانیانە لەگەلانی دێرینی کوردستان و کوردەوە وەرگیروان و لەکوردستانەوە بەجیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەمانایەکی تر هیندۆئەوروپی و هیندۆ ئێرانی لەژێر کاریگەری زمانی کوردی و رەگەز و توخمە شارستانیەتیەکانی کورد دا بوون (ئاڤێستا و پەهلەوی/فەهلەوی) بەنمونە.
سەرچاوەوپەراوێزەکانی بەشی یەکەم / کورد و رەگەزی ئاری وهیندۆ-ئەوروپی:-
١) زاراوەی میسۆپۆتامیا؛ ئەم زارەویە بۆیەکەمجار لەلایەن یۆنانیەکانەوە بەکارهاتوە، لەدووبەش پێکهاتوە (میسۆ-پۆتامیا) (Meso+Potamia),(Mesopotamia) (میسۆ) واتەنێوان (پۆتامیا)واتە رووبارواتە وڵاتی دوروبارە، یان وڵاتی نێوان دوروبار کەمەبەست لێی دیجلەوفورات بووە،ئەم ناوچەیە وزاگرۆس لەچاخی نوێی بەردیندا بوونەتە پێشەنگی داهێنانی کشتوکاڵ وئاژەڵداری لەنزیکەی (١٠٠٠٠)ساڵ ودواتر گەشەی کرد بۆناوچەکانی تری رۆژهەڵاتی کۆن هەتا میسر وئاسیای بچوک،هەرئەم ناوچانە دواتر گەورەترین بنەمای شارستانی تێیدا سەری هەڵداوە وەکو یەکەم پیتی نووسین نوسینەوەی داستان وبنەماکنی شارستانی، چونکەئەم ناوچانە هاوسەنگی نێوان ئەفریقا، ئاسیا،ئەوروپابوون لەنزیکەی ساڵی ٢٠٠٠ پ.ز خەڵکی بیانی زۆر هێڕشیان کردۆتەسەرئەم ناوچەیە لەبەرگرنگی ودەوڵەمەندی، ئەم ناوچەیە زیاترخاکی کوردستان دەکات. بۆزانیاری زۆرتربڕوانە:
Nils Billing, Susanne Carlsson, Ragnar Hedlund,Allan Klynne,Michael Lindblom,:Hugo Montgomery:(2017) ANTIKEN Från faraonernas Egypten till romarrikets fall, NATUR & KULTUR, Sweden,p33.
-Kent Eklind:Iran Fran Datid TillNutid, Stockholm, 2010,p23.
Timothy Darvill: (2002),Archeology, Oxford University.
Rev.W.A Wigram: The Assyrians and Neighbours,London,1929,p1-2.
(36) J.N.Postgate:Early Mesopotamia,Society,and Economy at the Dawn of History, NewYork,2002,p3-6.
(2) Brian. M. Fagan People of the Earth, USA, 1998,p262-263.
Paul Bahan and Brian Fragan: The Iron Age and the Ancient World 1000 BC- 500 AD, 2017,Archaeology the World History,Thames and Hudson,London.p224
٣) طه باقر: مقدمة في تأريخ الحضارات القديمة الوجيز في تاريخ حضارات وادي الرافدين، ج1، ط1، بغداد، ،1973ص90.
(4)Ephraim A. Speiser :Southern Kurdistan in the Annals of Ashurnasirpal and Today، JOURNAL -Hannon, N: Studies in The Historical Geography of Northern Iraq,TORINTO,1985.P 291 – 292.
(5)Ferdinand Hennerbichler: The Origin of Kurds, Advances in Anthropology. Vol.2,( 2012) No.2, p 64, (Published Online May 2012 in SciRes (http://www.SciRP.org/journal/aa) DOI:10.4236/aa.2012.22008.
(6) Richard Frye; The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, costa Mesa,California,1993,p116.
(7) Herodots: The Persian Wars, Translated By, George Rawlinson, the Modern Library,New York, (1942) P77-78.
(8) (Hennerbichler : The Origin of Kurds 2012, Vol.2, No.2 64)
(9)Georges Roux: Ancient Iraq,New Edition ,USA,1992.pp226-229-231.
– كلين دانيال: موسوعة علم آلاثار،ترجمة،لوين يوسف ، ج2، بغداد، 1990، ص 576
(10)Sir Leonard Woolly, Jacquetta Hawkes : History of Mankind Cultral And Scientific Development, V1, Prehistory and Beginnings of Civilization, London,1964,387.
(١١)غلام علی ادریسیان: کردوکردستان درهزارهای ماقبل تاریخ وعهدباستان،چاپ دوم ،سەردەم،٢٠١٩ ،ل٤٠١-٤٠٢.
(١٢) سۆران حەمەرەش: کورد کێێە ؟ مێژووی کوردو رەچەڵيکی زمانەکەی لەسەرەتای شارستانیەوە هەتاکو سەدەی دەیەمی زاینی، لەندەن، ٢٠١٣، ل٣٥٨
(13) Sir Leonard Woolly, Jacquetta Hawkes : History of Mankind Cultral And Scientific Development, V1, Prehistory and Beginnings of Civilization, London,1964,p279-,389.
(١٤)غلام علی ادریسیان: کردوکردستان درهزارهای ماقبل تاریخ وعهدباستان ،ل٣٩١٣) طه باقر: مقدمة في تأريخ الحضارات القديمة الوجيز في تاريخ حضارات وادي الرافدين، ج1، ط1، بغداد، ،1973ص90.