به‌گوێره‌ی ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌نامه، دیكتاتۆری “ئێراق” سه‌دام حسێن دوای كوده‌تای به‌عسیه‌كان و گه‌یشتنی به لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و حكومی، رۆژ و ساڵی له‌دایكبوونی خۆی ساخته‌كردوه، تاوه‌كو ته‌مه‌نی خۆی له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی هاوژینه‌كه‌ی هاوتا بكات، له‌و كاته‌شه‌وه تائێستا ساڵی له‌دایكبوونی بووه‌ته (28/نیسان/1937).
سه‌دام حسێن (1937 – 2006)، دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی (1979) بووه سه‌رۆك كۆماری ئێراق، ساڵانه له رۆژی (28/نیسان)دا ئاهه‌نگی رۆژی له‌دایكبوونی له شار و شارۆچكه‌كان‌و له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌ده‌چوو. له‌كاتێكدا به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان، نه له‌و رۆژه‌ی مانگی نیساندا له‌دایكبووه، نه له‌و ساڵه‌شدا كه كردبووی به ساڵی له‌دایكبوونی.
“له‌دایكبوونی سه‌دام له سێ به‌ڵگه‌نامه‌دا”
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌ی تۆماری له‌دایكبوونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری شارستانی/ كه‌رخ له ساڵی (1957)، رۆژی له‌دایكبوونی سه‌دام به (1/7/1939) تۆماركراوه، هاوشێوه‌ی زۆرێك له هاوڵاتیانی ئێراق كه رۆژی له‌دایكبوونیان دیارنییه، رۆژی (1/ته‌مموز) به رۆژی له‌دایكبوونی دیاریكراوه. كه‌واته وه‌كو له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌دام له (1939) له‌دایكبووه، به‌ڵام دواتر (28/نیسان) كرا به رۆژی له‌دایكبوونی. به‌و هۆیه‌وه ساڵانه هه‌موو میدیاكانی ئێراق له‌و رۆژه‌دا ئاهه‌نگیان بۆ ده‌گێڕا، خه‌ڵكیش بڕوایان به‌وه هێنابوو كه ئه‌وه رۆژی له‌دایكبوونێتی. به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی دیكه كه ساڵی له‌دایكبوونی سه‌دام ساغ ده‌كاته‌وه، نوسراوێكی ناوه‌ندی كه‌رخه كه به‌هه‌مانشێوه ساڵی له‌دایكبوونی سه‌دامی به (1939) دیاریكردووه. ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ش له ژماره (761) گۆڤاری (ئه‌لف با) له (27/نیسان/1983) له به‌غدا بڵاوكراوه‌ته‌وه. گۆڤاره‌كه له‌و ژماره‌یه‌دا بیست و یه‌ك لاپه‌ڕه‌ی بۆ بۆنه‌ی رۆژی له‌دایكبوونی سه‌دام ته‌رخانكردووه، كه تیایدا ژماره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتنی له‌خۆگرتووه بۆ باسكردن له هه‌موو لایه‌نه‌كانی كه‌سایه‌تی سه‌دام، له‌نێویاندا چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ “خه‌یروڵا تڵفاح” خاڵی سه‌دام. ناوبراو ده‌ڵێت؛ سه‌دام له ساڵی (1937) له‌دایكبووه. سێ مانگ پێش ئه‌وه‌ی (حسێن مه‌جید)ی باوكی بمرێت، داوای له باوكم كردبوو ساجیده بكاته هاوژینی سه‌دام، چونكه له‌و كاته‌دا ئه‌وه داب و نه‌ریتی كه‌سوكارمان بووه، دوای مردنی باوكی، سه‌دام و دایكیم برده ماڵی خۆم، دایكی سه‌دام بووه خانمی ماڵ به‌و پێیه‌ی خوشكی گه‌وره‌م بوو. سه‌دام له ماڵی مندا پێگه‌یشت و مایه‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی رۆیشت بۆ ماڵی ئیبراهیم حه‌سه‌نی باوكی به‌رزان.
یه‌كێكی دیكه له به‌ڵگه‌نامه‌كان، كتێبه‌كه‌ی “فوئاد مه‌ته‌ره”، ئه‌و له سه‌روه‌ختی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دامدا، كتێبێكی به ناونیشانی (صدام حسین: رجل و قضیة و المستقبل) بڵاوكرده‌وه، تیایدا ساڵی له‌دایكبوونی سه‌دامی به (1937) دیاریكردووه. به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت كه‌وتووه‌ته لێكدژییه‌كی روونه‌وه، چونكه ده‌ڵێت؛ له‌و ساڵه‌دا كه بیرۆكه‌ی گۆڕینی بزوتنه‌وه‌ی به‌عسی عه‌ره‌بی بۆ حیزب له‌لای “میشێل عه‌فله‌ق” له دیمه‌شق له پێگه‌یشتن نزیكببۆوه، سه‌دام حسێن كه به هه‌تیوی له‌دایكبوو بوو له هه‌شت ساڵی نزیك كه‌وتبووه‌وه، هێشتا نه‌چووبووه قوتابخانه، چونكه خێزانه‌كه‌ی ده‌یانویست ببێته جوتیار وه‌كو هه‌موو جوتیاره‌كانی دیكه‌ی گونده‌كه‌یان.
لێكدژی قسه‌كه‌ی مه‌ته‌ر له‌وه‌دایه بزوتنه‌وه‌ی به‌عسی عه‌ره‌بی له ساڵی (1947) گۆڕا بۆ حیزب. له‌و ساڵه‌شدا “سه‌دام حسێن كه به هه‌تیوی له‌دایكبوو بوو له هه‌شت ساڵی نزیك كه‌وتبوه‌وه”. كه‌واته ئه‌مه ده‌ریده‌خات سه‌دام له (1939) له‌دایكبووه.
به‌وته‌ی ئه‌و نووسه‌ره، ئه‌و كه‌سه‌ی چاره‌نوسی سه‌دامی گۆڕی، عه‌دنان خه‌یروڵای كوڕه خاڵی سه‌دام بوو. چونكه عه‌دنان هاوته‌مه‌نی بوو، كاتێ باسی قوتابخانه‌ی بۆ كرد، هه‌روه‌ها چۆن ده‌ستی به نووسین و خوێندنه‌وه‌و وێنه‌كێشان كردووه، ئه‌وه‌ش سه‌دام حسێنی هاندا له‌گه‌ڵ خزمه‌كه‌یدا بچێته شارۆچكه‌ی “تكریت” تا له‌وێ بچێته قوتابخانه، ئه‌مه‌ش به یه‌كه‌م یاخیبوونی سه‌دام له ویستی خێزانه‌كه‌ی داده‌نرێت كه له‌و كاته‌دا له ناوچه‌ی شوه‌یش ده‌ژیان. پێده‌چێت له پاداشتی ئه‌و هاندانه‌دا بووبێت، كاتێك سه‌دام بووه سه‌رۆك كۆمار، عه‌دنان خه‌یروڵای كرد به وه‌زیری به‌رگری. له‌میانی وردبوونه‌وه و سه‌رنجدان به قوڵی له‌و بڕگه‌یه، زیاتر مێژوی له‌دایكبوونی راسته‌قینه‌ی سه‌دام حسێن روونده‌بێته‌وه‌و مێژووه ساخته‌كه پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه. چونكه لای هه‌موان روونه بزوتنه‌وه‌ی به‌عسی عه‌ره‌بی له ساڵی (1947) گۆڕا بۆ حیزب، واته ئه‌و ساڵه‌ی سه‌دام حسێنی بێباوك ته‌مه‌نی له هه‌شت ساڵی نزیك كه‌وتبووه‌وه. كه‌واته سه‌دام له (1939) له‌دایكبووه، هه‌ر له هه‌مانساڵدا بووه كه عه‌دنان خه‌یروڵا تڵفاحی كوڕه خاڵی سه‌دام، هانیداوه بچێته قوتابخانه. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بێت و بزانین كه عه‌دنان خه‌یروڵا له (1940) له‌دایكبووه، له‌كاتی مردنیشیدا كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن زۆر باسیان له‌و ساڵه ده‌كرد، بۆیه دروسته بڵێین؛ عه‌دنان هاوته‌مه‌نی سه‌دام بووه‌و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له‌نێوانیاندا نه‌بووه. چونكه ئه‌گه‌ر سه‌دام له‌دایكبووی (1937) بووایه، ئه‌وا جیاوازی ته‌مه‌نیان ده‌یكرده دوو ساڵ. له‌لایه‌كی دیكه‌وه “حه‌نا به‌تاتوو” له كتێبه‌كه‌یدا (ئێراق: شیوعییه‌كان و به‌عسیه‌كان و ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز)، له زیاتر له شوێنێكدا مێژووی له‌دایكبوونی سه‌دامی به (1939) دیاریكردووه، له‌مه‌شدا كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری راگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئێراقییه‌وه و خۆی به گه‌ڕان به‌دوای راستییه‌كان و ته‌ته‌ڵه‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌كاندا ماندوو نه‌كردوه.
“به‌عسیبوون و كوشتن”
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیكردنی به حیزبی به‌عسه‌وه، فوئاد مه‌ته‌ر له كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت؛ سه‌دام حسێن له كۆتاییه‌كانی ساڵی (1957)دا، ته‌مه‌نی بیست ساڵێك ده‌بوو، هاته ریزه‌كانی حیزبی به‌عسه‌وه. هه‌روه‌ها فله‌یح حه‌سه‌ن جاسم، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی حیزبی به‌عس و وه‌زیری پیشه‌سازی، ده‌ڵێت؛ من له ساڵی (1956) چوومه ریزی حیزبی به‌عسه‌وه، سه‌دام ساڵێك دوای من هاته ریزی حیزبه‌وه، ئێمه به نه‌وه‌ی دووه‌می حیزب ده‌ژمێردرێین.
سه‌دام دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته ئه‌ندامی حیزبی به‌عس، به هاندانی خه‌یروڵا تڵفاحی خاڵی یه‌كه‌م، تاوانی كوشتن ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌ویش كوشتنی خزمێكی خۆیان بووه به‌ناوی (سه‌عدون تكریتی) كه ئه‌ندامی حیزبی شیوعی بووه‌و پله‌كه‌ی له سوپادا جێگری ئه‌فسه‌ر بووه. سه‌عدون سه‌ر به عه‌شیره‌تی (ئه‌لبو ناسر) بووه، له‌كاتێكدا سه‌دام و خه‌یروڵا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردوه سه‌ر به‌و عه‌شیره‌ته‌ن. سه‌دام حسێن، به‌هۆی تێكه‌ڵابوونی به كاری حیزبایه‌تی نه‌یتوانیوه زانكۆ ته‌واو بكات و ببێته خاوه‌نی بڕوانامه، چونكه له ساڵی (1959) كاتێك خوێندكاری قۆناغی ناوه‌ندی ده‌بێت به‌شداری له هه‌وڵی تیرۆركردنی عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌كات، له‌و رووداوه‌دا بریندار ده‌بێت و پاشتر ئێراق به‌جێده‌هێڵێت و رووده‌كاته وڵاتی میسر، له قاهیره له ناوه‌ندی (قه‌سر نیل) قۆناغی ناوه‌ندی ته‌واوده‌كات و په‌یوه‌ندی به كۆلێژی مافی زانكۆی قاهیره‌وه ده‌كات، به‌ڵام خوێندنه‌كه‌ی ته‌واوناكات و له (1963) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێراق. له ئێراق له نوسینگه‌ی جوتیاران ده‌ستبه‌كار ده‌بێت و خوێندنه‌كه‌ی ته‌واوناكات. له (1964) زیندانی ده‌كرێت و له زیندانه‌وه درێژه به خوێندنه‌كه‌ی ده‌دات، به‌ڵام ناتوانێت قۆناغی دووی زانكۆ ببڕێت، چونكه له ساڵی (1966) له زیندان هه‌ڵدێت و هه‌تا كوده‌تای حه‌ڤده‌ی ته‌مموزی (1968) خۆی له چاوی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌شارێته‌وه.
“بۆچی ته‌مه‌نی خۆی گۆڕی؟”
سه‌دام حسێن له ساڵی (1979) ساڵی له‌دایكبوونی خۆی گۆڕی، ئه‌و هۆكارانه‌ی ناچاریانكرد دوو ساڵ بۆ ته‌مه‌نی زیاد بكات، بۆ ئه‌وه بوو تاوه‌كو ته‌مه‌نی هاوتای ته‌مه‌نی هاوژینه‌كه‌ی (ساجیده خه‌یروڵا) بكات، چونكه به‌م گۆڕانكارییه ویستی رێگای پرسیاركردن له به‌رده‌م نه‌یاره‌كانی دابخات، ده‌ترسا ئه‌م باسه ببێته بابه‌تێك له شه‌قامی ئێراقیدا، یاخود ببێته بابه‌تێكی رۆژنامه‌وانی‌و میدیاكاران پرسنی خۆیانی پێ تێربكه‌ن، چونكه له نه‌ریتی خێڵه‌كی ئێراقدا ده‌گمه‌ن بووه پیاو له‌گه‌ڵ ژنێكدا هاوسه‌رگیری بكات كه ته‌مه‌نی له خۆی گه‌وره‌تر بووبێت، ته‌نها ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكی ناچاریدا نه‌بووبێت، هه‌رچه‌نده ساجیده كچه خاڵی سه‌دام بووه، به‌ڵام پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییان به ئاسانی مه‌یسه‌ر نه‌بووه، له‌و پێناوه‌شدا سه‌دام هه‌وڵێكی زۆری داوه. چونكه ساجیده پێگه‌ی خۆی له سه‌دام به به‌رزتر بینیووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكی ساڵی (1941) بووه‌ته ئه‌فسه‌ر، پاشان له (1958)دا كراوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌عاریفی لیوای به‌غدا (واته؛ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی ئێستا). له‌كاتێكدا له‌و ده‌مه‌دا سه‌دام له دۆخێكی په‌راوێزخراو و فه‌رامۆشیدا له ماڵی خزمه‌كانی ده‌ژیا، هاوسه‌رگیری سه‌دام و ساجیده له‌دوای كوده‌تای به‌عسییه‌كان له هه‌شتی شوباتی (1963) روویدا، دوای ئه‌وه‌ی گه‌نجه شه‌قاوه ده‌ركراوه‌كه بووه به‌رپرس له نوسینگه‌ی جوتیاران، ساجیده ملكه‌چی فشاره‌كان بوو. به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ش پێنج منداڵ بوو، دوو كوڕ و سێ كچ به‌ناوه‌كانی: عوده‌ی، قوسه‌ی، ره‌غد، ره‌نا، حه‌لا.
“ناونانی سه‌دام”
له‌باره‌ی ناونانی سه‌دامه‌وه بیروڕای جۆراوجۆر هه‌یه. به‌جۆرێك “خه‌یروڵا تڵفاح” له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری (الف با) ده‌ڵێ؛ من ئه‌و ناوه‌م لێنا، ئه‌وه‌ش له پێكدادانه‌وه وه‌رگیراوه، به‌ڵام رۆژنامه‌ی (الجمهوریة) له پاشكۆیه‌كی تایبه‌تدا كه بۆ ژیاننامه‌ی سه‌دام حسێن ته‌رخانیكردبوو، ده‌ڵێت؛ ئه‌حمه‌د عه‌بد هاوسه‌ری یه‌كێك له پوره‌كانی سه‌دام ئه‌و ناوه‌ی لێناوه. سه‌بحه تڵفاح دوای مردنی مێردی یه‌كه‌می، له ماڵی خوشكه‌كه‌ی (دایكی ده‌حام) ده‌مایه‌وه‌و سه‌دام رۆژه‌كانی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی له‌و ماڵه‌دا به‌سه‌ربرد، ئه‌حمه‌د عه‌بد (باوكی ده‌حام) ناوینا سه‌دام. له‌لایه‌كی دیكه‌وه “فوئاد مه‌ته‌ر” له كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت؛ حه‌سه‌ن مه‌جید مامی سه‌دام ئه‌و ناوه‌ی لێناوه. مه‌ته‌ر ده‌ڵێت؛ له ژیانی سه‌دامدا چوار كه‌سایه‌تی شوێنێكی گه‌وره‌یان له ویژدانی سه‌دامدا هه‌بووه، كه یه‌كێكیان دایكی بووه كه ناوی ته‌واوی سه‌بحه تڵفاح مه‌سڵه‌ت ئه‌میر عومه‌ره، چونكه كاتێك سه‌دامی بووه، باوكی له‌ده‌ستداوه و ئه‌ویش له سكی دایكی‌دا بووه. به‌و هۆیه‌وه حه‌سه‌ن مه‌جیدی مامی ناوی ناوه سه‌دام، نووسه‌ری كتێبی (حكومة القریة)، ده‌ڵێت؛ كارێكی ئاساییه كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی گوندی عۆجه له بابه‌تی ناولێنانی سه‌رۆكدا پێشبڕكێ و ركابه‌ری یه‌كتر بكه‌ن، چونكه سه‌دام بووه پیاوێكی ده‌سه‌ڵاتدارو هه‌موان ده‌یانویست خۆیانی لێ نزیك بكه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر وه‌كو دانیشتوانی گونده‌كه‌ی له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیدا ده‌یانویست، سه‌دام وه‌كو جوتیارێك بمابایه‌ته‌وه‌و نه‌گه‌یشتایه به لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا قسه‌و باسه‌كان به ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌بوون.
* زانیارییه‌كانی نێو ئه‌م راپۆرته له‌م كتێبه‌وه وه‌رگیراوه: طالب الحسن: حكومة القریة: فصول من سلطه النازحین من ریف تكریت، دار الحكمه، بغداد، الطبعة السادسة، 2014، لاپه‌ڕه‌كانی (341 – 349).