نزیكه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی دانیشتوانی جیهان له بنده‌ستی رژێمه دیكتاتۆرییه‌ته‌كاندا ده‌ژین، ئه‌و رژێمانه كۆماری و پادشایه‌تین و هه‌ندێكیشیان به هه‌ڵبژاردن گه‌یشتونه‌ته ده‌سه‌ڵات. دیكتاتۆره‌كان هه‌ندێكیان خۆیان به هه‌ڵبژارده‌ی خودا و هه‌ندێكی دیكه‌یان خۆیان ده‌به‌نه‌وه سه‌ر په‌یامبه‌ره‌كان. ئه‌وان ده‌ستوه‌رده‌ده‌نه ورده‌كاری ژیانی هاوڵاتیان و خاوه‌نی ره‌فتاری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ن، ئه‌م راپۆرته مشتێك له خه‌رمانی ره‌فتاره سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی دیكتاتۆره‌كان ده‌گێڕێته‌وه. كتێبی دیكتاتۆر‌و دیكتاتۆرییه‌ت “تێگه‌یشتن له رژێمه ده‌سه‌ڵاتگه‌راكان و سه‌رۆكه‌كانیان”، له نووسینی “ناتاشا ئیزرۆو ئیریكا فرانتز”ه، د.بایه‌زید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا كردوویه‌تی به‌كوردی. ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م له دووتوێی (500) لاپه‌ڕه‌دا بڵاویكردۆته‌وه. كتێبه‌كه له (13) به‌ش پێكهاتوه، له رژێمه دیكتاتۆرییه‌كانی جیهان به پادشایه‌تی و كۆمارییه‌وه ده‌كۆڵێته‌وه. وه‌كوو له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا هاتووه به‌گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌ی رێكخراوی فریده‌م هاوس، نزیكه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی دانیشتوانی جیهان له بنده‌ستی رژێمه دیكتاتۆرییه‌ته‌كاندا ده‌ژین، دوو ملیار كه‌س به‌ده‌ست فه‌رمانڕه‌وایی سته‌مكارییه‌وه ده‌ناڵێنن. له جیهاندا (106) رژێمی فه‌رمانڕه‌وایی دیكتاتۆری یان نیمچه دیكتاتۆری هه‌ن. واته (54%) ده‌وڵه‌تانی سه‌ر گۆی زه‌وی. نزیكه‌ی له هه‌ر سێ وڵات له جیهاندا، یه‌كێكیان له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی دیكتاتۆرییه‌تدایه.
“به‌فیڕۆدانی سامانی وڵات”
یه‌كێك له ره‌فتاره‌كانی دیكتاتۆره‌كان؛ به‌هه‌ده‌ردانێكی بێشوماری سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته له‌پێناوی خۆشگوزه‌رانی خۆیاندا. له‌م كتێبه‌دا چه‌ندین نمونه له‌وباره‌یه‌وه باسكراون. به‌جۆرێك مه‌زه‌نده ده‌كرێت “فێردیناند ماركۆسی فلیپین و سانی ئاباشه‌ی نایجیریا”، هه‌ریه‌كه‌یان كاتێك له ده‌سه‌ڵاتدا بوون زیاتر له پێنج ملیار دۆلاریان دزی بێت. هه‌روه‌ها كه‌سێكی وه‌كوو؛ بۆكاسای سه‌رۆككۆماری ئه‌فریقای ناوه‌ند، له ئاهه‌نگی تاج له‌سه‌ر نانه‌كه‌ی، (22) ملیۆن دۆلاری خه‌رجكرد، ئه‌و بڕه پاره‌یه (24%) داهاتی نه‌ته‌وه‌یی كۆماره‌كه‌ی پێكده‌هێنا. له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ژارییه ترسناكه‌ی هایتی، “بیبی دۆك” زیاتر له حه‌وت ملیۆن دۆلاری له ئاهه‌نگی ژنهێنانه‌كه‌ی خه‌رجكرد. ساڵانه سه‌د هه‌زار دۆلار وه‌ك مووچه ده‌درا به ژنه‌كه‌ی، وه‌ك دیبلۆماته‌كان باسی ده‌كه‌ن، ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ كڕینی تاقمێكی زۆر جوان له قاپووتی كه‌وڵی مینك خه‌رجده‌كرا. وه‌زیری دارایی پێشوی هایتی و كارمه‌ندێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، دوای لێكۆڵینه‌وه بۆیان ده‌ركه‌وت كه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه (36%) داهاتی حكومه‌ت له هایتی له‌ژێر سایه‌ی حوكمڕانیی بیبی دۆك دزراوه. له فلیپین و له‌ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ماركۆسدا (1972 – 1986)، ته‌واوی كه‌رتی بازرگانی له ده‌ستی هه‌شتاو یه‌ك خێزاندا چڕكرابووه‌وه. خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت به رێژه‌ی (92%) زیادی كردبوو. ژماره‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی حكومه‌ت خاوه‌نیان بوو سێ هێنده زیادیان كردبوو، به‌جۆرێك (30%) خه‌رجییه گشتیه‌كانیان خه‌رجده‌كرد. له (1970 بۆ 1975) قه‌رزه ده‌ره‌كییه‌كان به رێژه‌ی (214%) زیادیان كردبوو. ئه‌و پاره‌یه‌ی زیاد بوایه له پێداویستی پیشه‌سازی شه‌كر كه حكومه‌ت خاوه‌نی بوو، ده‌ڕۆیشت بۆ خێزانی یه‌كه‌می فلیپین بۆ خه‌رجكردنی له پێداویستییه سیاسی و كه‌سییه‌كانیان. بۆ نمونه (10%) بودجه‌ی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان ده‌درا به پڕۆژه تایبه‌ته‌كانی خانمی یه‌كه‌م. حكومه‌تی ئێستای فلیپین مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ماركۆس و ژنه‌كه‌ی زیاتر له (500) ملیار دۆلار قه‌رزاری وڵاتن.
هه‌ر له بواری به‌ڕێوه‌بردن‌و ئابورییدا، دیكتاتۆره‌كان خاوه‌نی بڕیار‌و ره‌فتاری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ن. به نمونه “عیدی ئه‌مین”ی سه‌رۆكی “ئۆگه‌ندا” له (1972)، بڕیارێكی ده‌ركرد بۆ ده‌ركردنی نزیكه‌ی سه‌د هه‌زار ئاسیایی له ئۆگه‌ندا كه خه‌ڵكی وڵاته‌كه نه‌بوون، ئه‌مین به‌و كاره‌ی وڵاته‌كه‌ی تووشی گێژاوێكی ئابوری كرد. هه‌روه‌ها له ساڵی (1997) قه‌زافی بڕیاریدا كه ده‌بێت هه‌موو خێزانه‌كانی لیبیا له ماڵه‌كانیان مریشك به‌خێوبكه‌ن، وه‌ك هۆیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی لیبیا به‌شی خۆی له مریشك دابین بكات و مریشك هاورده نه‌كات. هه‌رچه‌نده ئه‌و بڕیاره قورس نه‌بوو بۆ ئه‌وانه‌ی له لادێكان ده‌ژیان، به‌ڵام بۆ دانیشتوانی شاره‌كانی لیبیا شتێكی مه‌حاڵ بوو. له مانگی تشرینی دووه‌می (2005)دا، سه‌رۆكی رژێمی دیكتاتۆرییه‌تی “بۆرما” “سان سوان”، له‌ناكاو پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی له رانگونه‌وه بۆ پینمانا گواسته‌وه، له‌كاتێكدا پینمانا جه‌نگه‌ڵێك بوو له باكوری وڵاته‌كه‌و (250) كیلۆمه‌تر له رانگونه‌وه دوور بوو. فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت و ئه‌فسه‌رانی سووپا ماوه‌ی دوو رۆژیان درایه بۆ گواستنه‌وه‌و به كاروانێكی لۆری گه‌وره‌ی پڕ له كه‌لوپه‌ل گواستیانه‌وه بۆ پایته‌خته نوێیه‌كه.
“سوپا‌و شه‌ڕ”
قه‌به‌كردنی سووپاو به‌خشینه‌وه‌ی پله‌و پۆستی سه‌ربازی له‌سه‌ر بنه‌مای ئاره‌زوو به‌رپاكردنی شه‌ڕو جه‌نگ به‌شێكی دیكه‌یه له ره‌فتاری دیكتاتۆره‌كان. به‌جۆرێك به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی “دان رایته‌رو ئالان ستام” له‌ماوه‌ی ساڵانی (1946 – 1992)، نۆزده دیكتاتۆرییه‌تی تاكڕه و جه‌نگیان به‌رپاكردووه، له هیچیشیاندا جه‌نگه‌كه‌یان نه‌بردۆته‌وه. سه‌دام حسێنی دیكتاتۆری ئێراق شه‌ڕێكی هه‌شت ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا به‌رپاكرد. له‌ماوه‌ی جه‌نگی ئێراق ئێران‌دا، وه‌زیری ته‌ندروستی ئێراق پێشنیاری كرد سه‌دام بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی واز له ده‌سه‌ڵات بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رجه‌ی ئێران بۆ ئاشتی جێبه‌جێ بكات. سه‌دام سوپاسی ئه‌و هه‌ڵوێسته راشكاوانه‌ی وه‌زیره‌كه‌ی كرد. پاشان ته‌رمه‌كه‌ی به پارچه پارچه كراوی له كیسه‌ی مردواندا بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی نارده ماڵه‌وه. جۆزێف مۆبۆتۆی زائیر (ئه‌مڕۆ كۆماری دیموكراتی كۆنگۆیه)، له سووپادا به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی پله باڵاكانی تاڕاده‌یه‌كی زۆر به سیاسی كردبوو، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر لێهاتوویی و ئه‌زمون بێت. ئه‌و سووپایه‌ی له‌ژێر ده‌ستی مۆبۆتۆدا بوو ناوبانگییان له نه‌بوونی دیسپلین ده‌ركردبوو. چه‌ند باره بێ‌توانا ده‌رده‌كه‌وت، كه بتوانێت سوپایه‌كی بچوكی دوژمن كه پڕچه‌كیش نه‌بێت، ببه‌زێنێت. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه له ساڵانی (1978و 1979) سووپای “زائیر” نه‌یتوانی به‌رگری بكات به‌رامبه‌ر گروپێكی بچوكی نزیكه‌ی (1500) كه‌سیی به‌كرێگیراوی ئه‌نگۆلی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا “مۆبۆتۆ” له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌واییدا ملیۆنان دۆلاری وه‌ك كۆمه‌كی سه‌ربازی و راهێنانیان وه‌رگرتبوو. موعه‌ممه‌ر قه‌زافی سه‌رۆكی لیبیا، زنجیره‌یه‌كی بۆ فه‌رمانده‌كردن دروستكردبوو، كه پله‌و ناونیشان مانایه‌كی وایان نه‌بوو. به‌رپرسیارێتی هیچ كه‌سێك دیار نه‌بوو. بۆ نمونه كاپتنه‌كان جاروبار راپۆرتیان ده‌نووسی بۆ كه‌سێك كه هیچ پله‌یه‌كی سه‌ربازی نه‌بوو. ئامانج له‌م جۆره پێكهاته‌یه‌ش بۆ دڵنیابوون بوو له‌وه‌ی كه ئه‌و پله نزمانه‌ی سووپا كه خواستی به‌رزیان هه‌یه، له‌ژێر كۆنترۆڵدا بن و هه‌ریه‌كه‌یان چاودێریی ئه‌وی تریان بكات. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه رافایل ترۆجیلۆی سه‌رۆككۆماری “دۆمینیكان” كوڕه چوار ساڵه‌كه‌ی كرد به عه‌قید و له نۆ ساڵیدا كردی به عه‌مید. دیكتاتۆرێكی وه‌كو عیدی ئه‌مینی سه‌رۆكی ئۆگه‌نداش وای بڵاوكرده‌وه له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا سه‌د تا شه‌شسه‌د هه‌زار خوێنده‌واری كوشتووه.
“گه‌مژه و نمایشكاری جلوبه‌رگ”
ره‌فتارێكی دیكه‌ی سه‌یری دیكتاتۆره‌كان؛ بڕیاردان و به‌خشینی پۆسته باڵاكانی حكومه‌ته له‌سه‌ر بنه‌مای ئاره‌زووی كه‌سی، نه‌وه‌كو لێهاتوویی و شاره‌زایی. به‌نمونه گعیدی ئه‌مین”ی ئۆگه‌ندا به‌زۆری راوێژكاری نه‌خوێنده‌واری هه‌ڵده‌بژارد، له‌و كه‌سانه بێزار بوو كه خوێنده‌واری باشیان هه‌یه. هه‌ر بۆیه “تۆرۆ باگایا” كه له‌پێشدا نمایشكارێكی جلوبه‌رگ بوو، ئه‌مین كردی به وه‌زیری ده‌ره‌وه. یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی باگایا له ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بوو به پۆشاكێكی زێڕ كه‌شی ته‌سكه‌وه. لابردنی باگایه له پۆسته‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌وه بوو ئه‌مین تاوانباری كردبوو به‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ پیاوێكی ئه‌وروپی نه‌ناسراو له ئاوده‌ستدا دڵداریی كردوه. دوای ئه‌وه‌ی گیرا حوكمی نیشته‌جێبوونی به‌زۆری له ساڵی (1975)دا به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، به‌ڵام هه‌ڵهات و وڵاته‌كه‌ی به‌جێهێشت. هه‌ر له ئۆگه‌ندا هه‌ر كه‌سێك گومانی له راستییه‌كانی عیدی ئه‌مین بوایه، ئه‌وا لێدانی ده‌خوارد. جارێكیان وه‌زیری دارایی راپۆرتێكی به‌ڕاستی ئاماده‌كرد ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می لۆكه به‌ڕێژه‌ی (60%) دابه‌زیوه، یه‌كسه‌ر دوای راپۆرته‌كه وه‌زیره‌كه دیارنه‌ما. دیكتاتۆرێكی وه‌كو “فرانسیكۆ ماسیاس نگویما”ی سه‌رۆكی گینیای ئیستیوائی، هه‌موو جۆره ده‌رمانێكی هاوچه‌رخی له وڵاته‌كه‌یدا قه‌ده‌غه‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆلێرای ترسناكیشدا. هه‌روه‌ها كاتێك گۆڤاری فه‌ره‌نسی (لی نۆڤل ئۆبسێرڤاتور) گوتارێكی بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به سه‌دام حسێن كردبوو وه‌ك “گه‌مژه‌یه‌كی ته‌واو، پیاوكوژ، دڕنده”. سه‌دام له دادگا داوای له‌سه‌ر ئه‌و گۆڤاره تۆماركرد كه ناویان زڕاندوه، به‌ڵام داواكه‌ی دۆڕاند.
“ناو و وێنه‌ی دیكتاتۆره‌كان”
دیكتاتۆره‌كان له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیاندا رۆده‌چنه ناو ورده‌كاری ژیانی هاووڵاتییانه‌وه، ده‌یانه‌وێت ژیانی هاوڵاتیان به‌و جۆره‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت ره‌نگڕێژ بكه‌ن. له‌وباره‌یه‌وه قه‌زافی ساڵنامه‌ی گریگۆریی گۆڕی بۆ ساڵنامه‌ی هه‌تاوی و ناوی هه‌موو مانگه‌كانیشی گۆڕی بۆ ئه‌و ناوانه‌ی خۆی دایهێنان. هه‌روه‌ها “ساپارمورات نیازۆڤ”ی توركمانستان ناوی مانگ و رۆژه‌كانی هه‌فته‌ی به‌ناوی خۆی و خێزانه‌كه‌ی كردبوو. سه‌مای بالێی قه‌ده‌غه‌كرد، چونكه به جاڕسكه‌ری ده‌بینی. زانینی زنجیره وانه‌یه‌كی “روخنامه” كه كتێبێكی بیركردنه‌وه‌ی ئایینی بوو، نیازۆڤ نوسیبووی؛ مه‌رج بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی شۆفێری.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه جۆزێف مۆبۆتۆ (1965 -1997) بڕیاریدابوو وێنه‌كه‌ی له هه‌موو شوێنێكی وڵات‌دا هه‌ڵبواسرێت. فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی ناچار كردبوو وێنه‌ی مۆبۆتۆ له به‌رۆكی چاكه‌ته‌كانیان بده‌ن، فه‌رمانیان پێكرابوو له‌بری مۆدێلی جلوبه‌رگی رۆژئاوایی، جلوبه‌رگی وه‌ك مۆبۆتۆ بپۆشن. هه‌موو شه‌وێك پێش ده‌ستپێكردنی ده‌نگوباس ده‌بوو ته‌له‌فزیۆن وێنه‌ی مۆبۆتۆ پیشانبدات، له ئاسمان له‌ناو هه‌وره‌كانه‌وه ده‌هاته خواره‌وه. دیكتاتۆرێكی وه‌كو هاستنگس باندای سه‌رۆكی مالاوی، بڕیارێكی ده‌ركردبوو كه نابێت ژنان پانتۆڵ له پێ بكه‌ن. عیدی ئه‌مین له (1971 – 1979) ده‌ستی به‌سه‌ر “ئۆگه‌ندا” گرت. خولیای ئه‌وه بوو رێزی لێ بگیرێت. سور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌م نازناوه ئاماژه‌ی بۆ بكرێت: خاوه‌نشكۆ سه‌رۆككۆماری ئۆگه‌ندا جه‌نه‌راڵ حاجی عیدی ئه‌مین دادا. رادیۆی كه‌مپالا فه‌رمانی پێكرابوو رۆژانه چه‌ندین جار ئاماژه به‌و نازناوه‌ی بكات. ئه‌فسه‌رانی په‌روه‌رده‌نه‌كراو له پۆسته گرنگه‌كانی حكومه‌ت داده‌نران. كارمه‌ندانی رۆشنبیر به زۆری له كاره‌كه‌یان ده‌رده‌كران له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه دڵسۆزی حكومه‌ت نین‌و كه‌سانی نه‌شاره‌زا له شوێنه‌كانیان داده‌نران. بڕیاری سیاسی له‌خۆوه‌و بێ پلان ده‌رده‌كرد. پێی باش بوو متمانه بكاته سه‌ر فاڵچی‌و خه‌ونه‌كانی یان هه‌ست‌و سۆزه زگماكییه‌كانی بۆ بڕیاردان وه‌ك له ئامۆژگاریی پسپۆڕان.
فرانسوا دوڤالی سه‌رۆكی هایتی به پاپا دۆك ناسرابوو. له (1956) به سه‌رۆكی وڵات هه‌ڵبژێردرا. له هه‌ڵبژاردنی (1961)دا هه‌ڵبژاردنه‌كانی به (13) ملیۆن ده‌نگ به‌رانبه‌ر به سفر برده‌وه. له (1964) رایگه‌یاند تا مردن سه‌رۆكی هایتی یه. وێنه‌كانی خۆی له هه‌موو شوێنه‌كانی وڵات‌دا دانا. له وێنه‌یه‌كدا له ته‌نیشت عیسای مه‌سیح وه‌ستاوه و مه‌سیح ده‌ستی له‌سه‌ر شانی داناوه له‌گه‌ڵ نووسینێك كه ده‌ڵێت؛ من پاپا دۆكم هه‌ڵبژاردووه. “دۆك” جادوگه‌ریی بۆ كۆنترۆڵكردنی جه‌ماوه‌ر به‌كارده‌هێنا. ره‌نگی ئاڵای وڵاته‌كه‌ی له شین و سووره‌وه بۆ ره‌ش و سوور گۆڕی. ئه‌و ره‌نگانه په‌یوه‌ست بوون به جادوگه‌ریی نهێنی كۆمه‌ڵگه‌كان. زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر جادوگه‌ری بۆ چه‌سپاندنی ترس‌و گوێڕایه‌ڵی له ده‌روونی جه‌ماوه‌ردا به‌كارده‌هێنا. بۆكاسا له (1966) له كۆماری ئه‌فریقای ناوه‌ند ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرت‌و تا (1979) به‌رده‌وام بوو، دوای ئه‌وه‌ی كوده‌تای به‌سه‌ر ده‌یڤد داكۆی ئامۆزایدا كرد. هه‌موو پۆسته مه‌ده‌نییه گرنگ و سه‌ربازییه‌كانی له حكومه‌تدا بۆ خۆی وه‌رگرت. به‌رپرسی چه‌ندین وه‌زاره‌ت بوو كه وه‌زاره‌ته‌كانی: به‌رگری نیشتیمانی، ناوخۆ، راگه‌یاندن، كشتوكاڵ، هێزی ئاسمانی سه‌ربازی‌و خزمه‌تگوزاری گشتی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرته‌وه… نازناوی پاپا بۆكی له خۆی نابوو. ناوی خۆی له خوێندنگه و دامه‌زراوه و شه‌پقه‌ی سه‌ربازی و رێگه نابوو. وێنه‌كانی له هه‌موو شوێنێكی وڵات‌دا ده‌رده‌كه‌وتن. له‌ناو جه‌ماوه‌ردا خۆی به كۆمه‌ڵێكی جۆراوجۆر له مه‌دالیا ده‌ڕازانده‌وه، ئه‌وپه‌ڕی پاره‌ی به‌فیڕۆده‌دا. له ئاهه‌نگی تاج له‌سه‌ر نانه‌كه‌ی (22) ملیۆن دۆلاری خه‌رجكرد. ئه‌و بڕه پاره‌یه (24%) داهاتی نه‌ته‌وه‌یی كۆماری ئه‌فریقای ناوه‌ندی پێكده‌هێنا. زۆرجار به جلوبه‌رگی زۆر نابه‌جێ له‌ناو جه‌ماوه‌ر ده‌رده‌كه‌وت. بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك به بۆكاسا پێكه‌نیبایه ئه‌وا به‌توندی به قامچی لێیده‌درا. كاتێك كۆمه‌ڵێك له منداڵان ره‌تیانكرده‌وه ئه‌و جلوبه‌رگه یه‌كپۆشانه‌ی كه یه‌كێك له پیاوه‌كانی بۆكاسا ده‌یفرۆشت بكڕن، بۆكاسا ئه‌و منداڵانه‌ی گرت و زیندانی كردن. زۆر له هاووڵاتییان ده‌ڵێن؛ چه‌ندین له‌و منداڵانه ره‌نگه كوژرابن. له (1979) كاتێك له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، سه‌ربازانی فه‌ره‌نسا كوده‌تایه‌كیان كرد‌و داكۆی سه‌رۆك كۆماری پێشویان هێنایه‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵات. زۆر سه‌یر بوو تا ئه‌و كاته به زیندویی مابووه‌وه.
“خودا‌و په‌یامبه‌ر”
دیكتاتۆره‌كان بۆ به‌خشینی شه‌رعییه‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌كانیان، په‌ناده‌به‌نه به‌ر بانگه‌شه‌ی ئایینی و بنه‌چه‌ی خۆیان ده‌به‌نه‌وه سه‌ر په‌یامبه‌رانی ئاینه‌كان و خۆیان وه‌كو نماینده‌ی خوداوه‌ند نمایش ده‌كه‌ن. له‌وباره‌یه‌وه بۆ نمونه له وڵاتی مه‌غریب “شاحه‌سه‌نی دووه‌م” بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه له بنه‌چه‌ی په‌یامبه‌ره، هه‌موو ساڵێك زنجیره‌ی بنه‌چه‌ی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌و وای پیشان ده‌دات كه راسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بنه‌چه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام. شا حه‌سه‌نی دووه‌م ده‌ڵێت كه “امیر المومنین”ه‌و پۆشاكی نه‌ریتی له‌به‌ر ده‌كات و پاره بۆ پڕۆژه‌ی ئیسلامی ته‌رخان ده‌كات. ماده‌ی نۆزده‌ی ده‌ستووری مه‌غریب ده‌ڵێت؛ شا هێمای یه‌كێتیه و له‌لایه‌ن خوداوه‌نده‌وه دانراوه. هه‌روه‌ها شا حسێنی ئه‌رده‌ن ده‌ڵێت؛ له وه‌چه‌ی په‌یامبه‌ر محه‌مه‌ده‌و خزمه‌تكارێكی حه‌ره‌می ئه‌لشه‌ریفه له قودس. له نیپاڵ ئه‌ندامانی خێزانی پادشایه‌تی ده‌ڵێن؛ له بنه‌چه‌ی ڤیشنوی خوداوه‌ندی هیندۆسن و پارێزه‌ری راسته‌قینه‌ی ئاینی هیندۆسین. ره‌زاشای پادشای پێشووی ئێران، خۆی وه‌ك باوكی خه‌ڵكی ئێران وێناده‌كرد‌و هه‌وڵیدا خۆی وه‌ك نورێكی عیرفانی پیشانبدات. بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌وڵه‌ی فه‌رمانیكرد كه مۆنۆمێنت‌و وێنه‌كانی له هه‌موو شوێنێكی سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌دا دابنرێن.