لوتكەی وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی گەورەی جیهان G7 بۆ یەکەمجار لەساڵی 1975 لە دوای قەیرانی ئابووریی و دارایی جیهان و قوڵبونەوەی ململانێكانی جەنگی سارد و قەیرانی نەبوونی سوتەمەنی، بەهۆی بایكۆتی هەناردەكردنی نەوتەوە لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە بۆ ئەوروپا، لوتكەی شەش وڵاتە پیشەسازیەكەی جیهان بە بەشداری ( ئەمەریكا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، یابان)دامەزرا، دواتر كەنەداش بوو بە ئەندامی لوتكەكە، ساڵی 1998 لە دوای هەڵوەشاندنەوەی (یەكێتی سۆڤیەت)بوو بە ئەندامی لووتكەكە و ناونرا G8 بەڵام دوای 20 ئەندامێتی ساڵی 2014 بەهۆی كێشەی ئۆكرانیاوە ڕووسیا لە لووتكەكە دەركرا. لووتکەی ئەمساڵ کە لە ژاپۆن بەڕێوەدەچێت 49مین لووتکەی گرووپەکەیە.
گروپی G7 ڕێژەی دانیشتوانیان لەسەدا 10% دانیشتوانی جیهانە، دەکاتە بەشی زۆری دەوڵەتە زلھێزەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەمی ناوخۆیان لە 40% بەرهەمی جیهانە و پوختەی داهاتیان لەسەدا 58ی داهاتی جیهانە. بەرنامەی ڪاری گروپی G7 بریتیە لە گرنگی دان بە پرسە سیاسییە جیهانیەڪان و تاوتوێی گۆڕانە ئابوورییەکان. ووڵاتانی ( ئەمریڪا و ڪەنەدا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و بەریتانیا و یابان و ئەڵمانیا) لەهەردوو گرووپدا هاوبەشن.
چین ئەندامی G7 نیە
چین هیچ کاتێک ئەندام نەبووە، سەرەڕای ئابوورییە گەورەکەی و بوونی گەورەترین ژمارەی دانیشتوانی جیهان. ڕێژەی نزمی ئاستی سامانەکەی بۆ هەر کەسێک واتە وەک ئابوورییەکی پێشکەوتوو بەو شێوەیەی کە ئەندامەکانی G7 لێ نراوە.
ئەوەی لوتکەی جیهانی لە ساڵەکانی ڕابردوویدا جیاکردەوە، بەشداریکردنی سەرۆکی ئۆکراینا بوو لە لووتکەی G7، هەر لەو کاتەشدا ئەمریکا بڕیاریدا فڕۆکەی ئێف16 بەو وڵاتە بدات. لە دوای ئەوەش وەزیری دەرەوەی رووسیا بەرپەرچی هەنگاوەکەی ئەمریکای دایەوە بەوەی؛ وڵاتانی بەشداربووی لووتکەی G7 لە ژاپۆن ئامانجیان ئەوەیە “دژایەتی” خۆیان بۆ رووسیا و چین “دووهێندە” زیاد بکەن.
لوتکەکە کە لە هێرۆشیمای یابان بەڕێوەدەچێت، خاڵی سەرەکی و تەرکیزی لەسەر فراوانکردنی سزاکانی سەر کەرتی ئابووری ڕووسیا و هاوکارییەکانیانە بۆ ئۆکراینا هەر وەک چۆن لە ڕاگەیەندراوی یەکەم ڕۆژیدا وڵاتانی G7 ئاماژەیان بەوەدا کە؛ رووسیا شەڕەکەی دەستپێکردووە، هەر خۆیشی دەتوانێت کۆتایی پێبهێنێت.”
توانای ئەتۆمیی کۆریای باکوور یەکێکی دیکەیە لە مژارە گەرمەکانی لووتکەی G7، چونکە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ماوەی ڕابردووی سەرۆکی ئەو وڵاتە بێ گوێدانە هۆشدارییەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، هێندەی دیکە مەترسییەکانی زیادکردووە، بەتایبەت لەوەی کە کۆریای باکوور لە ئەگەر هەر جەنگێکدا توانا سەربازییەکەی بەکاربهێنیت و دۆخێکی دژوار و ناهەموار دروست بکات.
لە ماوەی لووتکە سێ رۆژییەکەدا، بەگوێرەی میدیاکانی رۆژئاوا، جۆ بایدن و سەرکردەکانی دیکە هەوڵی “پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە دژی رووسیا و چین دەدەن.” ئەمە بۆ خۆی دەرەنجامەکانی لووتکەکە دەخاتە ڕوو کە ئەمجارە وڵاتانی بەشدار مەبەستیانە کە سنوور بۆ فراوانخوازییەکانی ڕوسیا و چین دابنێن کە هەردوو دەوڵەتی زلهێز ئێستا لەمپەرێکی گەورەی جیهانی بەردەم سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپایە بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و سیاسیی و حەزی فراوانخوازی لە سنوورەکانیان، لەو کاتەی لووتکەکە داوا لە چین دەکات کە کێشەکانی لەگەڵ تایواندا بە ئاشتیانە چارەسەر بکات و بیر لە ڕێگەی سەربازی نەکاتەوە. هەرچەندە سەرکردەکانی لووتکەکە ئامادەی خۆیان دەربڕیووە کە پەیوندییەکی پتەو و جێگیر لەگەڵ چین بنیات بنێن، بەڵام ئەمە ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە، کە سەڕەرای پەیوەندی سیاسیی و ئابوورییەکان، بەڵام لەبەرامبەر یەک لە کەمیندان و شەڕی ساردی یەکدی دەکەن.