تا ئەو شوێنەی لەبیرمە، دەوروبەرم هەمیشە پڕ لە کتێب بووە. دایکبابم کتێبخانەوان بوون و هەموو کات ماڵەکەمان پڕ بوو لە کتێب. دایکبابم هەردەم مژۆڵی پلاندانان بوون تاوەکوو ڕەفەی نوێ زیاد بکەن و و کتێبەکانی تێ بخنن. هەر کۆمەڵە کتێب بوو کە لە ژوورەکان و ڕاڕەوەکاندا کەڵەکە دەبوو و ناچاربووم لەنابەینی ئەو کۆمەڵە کتێبانەی هەر ئانوسات لە ڕووخاندابوون، بە گاگۆڵکێ بڕۆم. هەر زوو خوێندنەوە فێربووم و دەستمدایە خوێندنەوەی ئەو چیرۆکە کلاسیکییانەی کە بۆ لاوەکان پوختە کرابوون؛ هەزار و یەک شەوە، ئەفسانەکانی گریم، حەکایەتەکانی هانس ئەندرسۆن کریستین، تۆم سایر، ئۆلیڤەر تیویست و بێنەواکان. هەشت ساڵان بووم کە ڕۆمانێکم لە بەرگەوە بۆ بەرگ خوێندنەوە. بەڕاستی ئەو دەمە، تەواو بە خۆمەوە شانازیم دەکرد و هەر بەوبۆنەشەوە لە دەفتەری یادەوەرییەکانمدا نووسیوومە: «ئەمڕۆ کتێبێکی دووسەد و بیست لاپەڕەییم لە سەر ڕانی باپیرەم لە ماوەی سەعات و نیوێکدا خوێندنەوە!»
لە ناوەندی و ئامادەیی بەهەمان شێوە کرمی کتێب بووم. چوونە نێو دونیای نووسەرە کلاسیکییە بولگارییەکان یان نابولگارییەکان کە ئیدی دەقە کاملەکانیانم دەخوێندنەوە، تەواو دڵخۆشی دەکردم؛ دەمتوانی هەستی کۆنجکۆڵیم تێر بکەم و خۆم بدەمە دەست سەرکێشی و پێشهاتەکانی کتێب، ترس و شادی بچێژم و لەو ڕێگەوە بۆشایی نەبوونی پەیوەندیی تووندوتۆڵ لەگەڵ کوڕ و کچی هاوتەمەنی خۆم پڕ بکەمەوە. نەمدەزانی دەبم بەچی، تەنیا ئەوەم دەزانی هەرچییەک بێت بە ئەدەبەوە گرێدراوە. کەوتە سەرم خۆم نووسین تاقی بکەمەوە: شیعری کلکوگوێ کراوم نووسی؛ شانۆنامەیەکی سێ پەردەییم لەبارەی قەموورەکان و دێوەکانەوە نووسی؛ تەنانەت ڕۆمانێکیشم دەست پێ کرد، بەڵام هەر لاپەڕەیەکم نووسی. هەر زوو هەستم بەوە کرد کە کاری من نییە. کاتێک ئامادەییم تەواو کرد بەرەو زانکۆ بوومەوە و بە دڕدۆنگی و هیواوە بەشی ئەدەبم هەڵبژارد. لە ساڵی ١٩٥٦ چوومە زانکۆی سوفیا و پیشەی داهاتووم بوو بە قسەکردن لەبارەی کتێبەوە.
لەو سەردەمەدا بولگاریا سەر بە بلۆکی کۆمۆنیستی بوو و زانستە مرۆییەکان لە ژێر ڕکێڤی ئایدۆلۆژیای فەرمیدا بوو. نیوەی وانەکان لاف و گەزاف بوو و نیوەکەی تری پرۆپاگەندا بوو؛ پێوەری نرخاندنی بەرهەمە کۆن و نوێکان، ڕادەی تەبابوونیان لەگەڵ فێرکارییەکانی مارکسیزم-لینینیزم بوو. دەبوو ئەوە نیشان بدەین کە چۆن ئەم نووسینانە ئایدۆلۆژیای پەسەندکراوی حیزب دەنوێننەوە یان لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبوون. نە باوەڕم بە کۆمۆنیزم هەبوو و نە سرووشتێکی شۆڕشگێڕانەم بوو، کەواتە ئەو ڕێگەم هەڵبژارد کە زۆرێک لە هاونیشتمانییەکانم هەڵیانبژاردبوو: لە خەڵوەتدا یان بێدەنگبوون وەک ئاماژەی ڕازیبوون یان دروشمە فەرمییەکان لەسەر زمانیان بوو بەڵام لە خەڵوەتدا ژیانیان پڕ بوو لە گردبوونەوە و خوێندنەوە. ئەوان بەدوای ئەو نووسەرانەدا دەچوون کە دڵنیابوون گوێڕایەڵ و دەمڕاستی کۆمۆنیزم نەبوون، چ ئەوانەی کە دەرفەتی ژیانی پێش دەرکەوتنی مارکسیزم-لینینیزمیان هەبوو و چ ئەوانەی لە وڵاتە ئازادەکاندا دەژیان و قەڵەمەکانیان کۆت و بەند نەکرابوو.
هەر جۆرێک بایە دەبوو لە کۆتایی ساڵی پێنجەمی خوێندندا، توێژینەوەیەکمان پێشکەش بکردایە. چۆن دەکرا باس لە ئەدەب بکەیت و هاوکات ملکەچی کۆت و بەندە ئایدۆلۆژییەکانی حوکمڕان نەبیت؟ یەکێک لە ڕێگە دەگمەنەکانم هەڵبژارد کە تێیدا ناچار نەبووم هاوشێوەی زۆرینە بم، ڕێگەیەکی ئەدەبی کە پەیوەست نەبوو بە پێوەرە ئایدۆلۆژییەکانەوە؛ مانا و ناواخنی بەرهەمە ئەدەبییەکانم وەلاوە نا و دەستم بۆ فۆرمە زمانەوانییەکان برد. من تاکە کەسم نەبووم کە ئەم ڕێگایەم هەڵبژاردبوو. لە سەرەتای دەیەی دووەمی سەدەی بیست فۆرمالیستەکان ئەم ڕێگەیان ئاوەڵا کردبوو و ئەوانیتر شوێن پێکانیان هەڵگرتبوونەوە. سەرنجکێشترین مامۆستامان لە زانکۆ پسپۆڕی زانینە ئەدەبییەکان بوو. کەواتە بابەتی توێژینەوەکەم بوو بە بەراوردی نێوان دوو نوسخەی یەک چیرۆکی درێژی بولگاری کە لە سەرەتای سەدەی بسیت نووسرا بوو. خۆم بە شیکردنەوەی ڕێزمانی جیاوازییەکانی ئەم دوو نوسخەوە سنور دار کرد؛ کارە تێپەڕەکان بووبوونە تێنەپەڕ و… ڕێژەی دووبارەبوونەوەی کارە تێپەڕەکان زیاتر بوو لە کارە بەردەوامەکان و… بەم شێوەیە سەرقاڵییەکانم لە هەر جۆرە سانسۆرێک بێبەری دەبێت! بەم ڕێگەدا ڕێم لە هێڵە سورە ئایدۆلۆژییەکانی حیزب هەڵنەدەکەوت.
نەمدەزانی تا کەی دەمتوانی درێژە بەم یارییە ڕاوڕاوێنە بدەم، یارییەک کە مەرج نەبوو لە بەرژوەندی من کۆتایی پێ بێت. دەرفەتێکم بۆ هاتە پێش کە بۆ ساڵێک بڕۆم بۆ «ئەوروپا»، لەو سەردەمەدا بە ئەودیووی «دیواری پۆڵایین»مان دەوت «ئەوروپا» (دەستەواژەی «دیواری پۆڵایین» بەهیچ جۆرێک زیادەڕۆیی نەبوو، لەبەرئەوەی لەو دەمەدا پەڕینەوە لە سنورەکانەوە بە نزیکەیی مەحاڵ بوو). پاریسم هەڵبژارد، ئەو شارەی کە بە هونەر و ئەدەب بەنامێ بوو و ئەمەش سەرنجی ڕادەکێشام. خەریک بوو بۆ ئەو شوێنە دەچووم کە ئەشقمی بۆ ئەدەب جڵەو نەدەکرد. دەمتوانی تەواو ئازادانە، بۆچوونە شەخسییەکانم لە کەڵکەڵە گشتییەکان نزیک بکەمەوە و بەم بۆنەوە لەو شیزۆفرینیا گشتگیرەی کە ڕژێمی تۆتالیتاری بولگار سەپاندبوونی هەڵبێم.
ئەوەی بەسەر مندا دەهات سەختر بوو لەوە کە وێنام کردبوو. لە سەردەمی زانکۆدا لەگەڵ ئەوە ڕاهاتبووم، بپڕژێمە سەر ئەو لایەنانەی ئەدەب کە نەکەوتبوونە داوی ئایدۆلۆژیاوە: شێواز، بوونیاد، فۆرمەکانی گێڕانەوە… بە کورتی، تەکنیکە ئەدەبییەکان. موڵەتی مانەوەم تەنیا بۆ ساڵێک بوو. سەرەتاکان لەوە دڵنیا بووم کە لە ساڵێک زیاتر لە فەرانسا نامێنمەوە و پێمخۆش بوو لەم دەرفەتە کەمەدا هەموو شت لەبارەی ئەم بابەتانەوە فێر بم. ئەم بابەتانە لە بولگاریا وەلاوەنراو و سەرنراوە بوون؛ چونکە نەدەچووە خزمەتی فێرکارییە کۆمۆنیستییەکانەوە. کەواتە دەبوو لە وڵاتێکی ئازاددا هەموو لایەنەکانی بخرایەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە. کۆلێژەکانی پاریس شوێنێکی زۆر شیاو بۆ ئەم کەڵکەڵانە نەبوو، لەم کۆلێژانەدا، وانە ئەدەبییەکان بەگوێرەی مەملەکەت و سەدەکان پۆڵێن بەندی کرابوون و نەمدەزانی چۆن ئەو مامۆستایانە بدۆزمەوە کە کەڵکەڵەکانی من بۆیان پرس بێت. ئەوەش بڵێم کە چوونە ناو توناتونی دامەزراوەکانی پەروەردە و بەرنامەکانیان بۆ فێرخوازێکی وەکوو من ئاسان نەبوو.
ڕاگری کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سۆفیا، منی بە هاوتاکەی خۆی لە پاریس سپاردبوو. یەکێک لە ڕۆژەکانی مەی ١٩٦٣ دەرگای یەکێک لە زانکۆکانی سۆربونم لێدا کە هێشتا زانکۆیەکی یەکپارچە بوو، ژووری ناوبراو، ژووری ڕاگری کۆلێژی ئەدەبیات بوو، ئاندرێ ئایماری مێژوونووس. نامەکەمی خوێندنەوە و پرسی کە چیم دەوێت. پێم وت دەمەوێت خوێندەکەم لە بواری شێوازناسی، و زمانناسی و بە گشتی تیۆری ئەدەب درێژە پێ بدەم، ئەگەرچی ناکرێت بابەتی لەو جۆرە بەگشتی تاوتوێ بکرێت! پرسی دەتەوێت ببیت بە پسپۆڕی ئەدەبی کام وڵات؟ هەستم کرد کەوتمە بۆشاییەوە، لە ژێر لێوەوە و بە شەرمەوە وتم ئەدەبیاتی فەڕەنسا. لەگەڵ ئەوەی دەمزانی فەڕەنسییەکەم باش نییە و ناتوانم پشتی پێ ببەستم. ڕاگری کۆلیژەکە بە بەزەییەوە سەیری کردم و پێشنیاری ئەوەی کرد واباشترە لە ژێر چاودێری یەکێک لە پسپۆڕەکانی ئەدەبیاتی بولگاریا و ژمارەشیان کەم نییە، ئەدەبیاتی بولگاریا بخوێنم.
کەمێک نائۆمێد بووم بەڵام درێژەم بە لێکۆڵینەوەکانم دا و لەو کەمە ئاشنایانەی کە هەمبوو پرسیارم کرد. دواجار یەکێک لە مامۆستاکانی سایکۆلۆژیا کە هاوڕێی هاوڕێکەم بوو، بە بیستنی کێشەکانم وتی «کەسێک دەناسم کەیفی بەم بابەتە سەیر و سەمەرانە دێت، پرۆفیسۆری یاریدەی زانکۆی سۆربۆنە و ناوی ژێرار ژەنێتە.» یەکتریمان لە داڵانێکی کەم ڕووناکی بینایەکدا بینی کە دەکەوێتە شەقامی سێرپانتەوە و هەندێ لە وانەکانی زانکۆی سۆربۆن لەوێ پێشکەش دەکرێت. زوو کراینەوە. لە بەینی قسەکانیدا وتی مامۆستایەک دەناسێت کە لە خوێندنگەی خوێندنی باڵا سیمیناری هەیە؛ ناوی ئەو مامۆستایە ڕۆلان بارت بوو و من تا ئەو ڕۆژە ناویم نەبیستبوو.
ژیانی پیشەییم لە فەڕەنسا بەم دیدارانە دەستی پێ کرد. کاتێکی وەها تێنەپەڕی کە هەستم بەوە کرد ساڵێک بەس نییە و دەبێت زیاتر لەم وڵاتە بمێننمەوە. ناوم تۆمار کرد و یەکەم دوکتۆرانامەم لە ژێر دەستی ڕۆلان بارتدا، نووسی و لە ١٩٦٦ پێشکەشم کرد. کەمێک پاش ئەوە بووم بە کارمەندی ناوەندی نەتەوەیی لێکۆڵینەوە زانستییەکان و تا کاتی خانەنیشن بووم لەوێ کارم کرد. لەم بەینەدا بە هاندانی ژەنێت، دەقەکانی فۆرمالیستە ڕووسەکان کە لە فەرەنسا کەم تا زۆر نەناسراو بوون، وەرمگێڕان. ئەم دەقانە ساڵی ١٩٦٥ و لە کتێبێکدا بەناوی تیۆرەکانی ئەدەب بڵاو بووەوە. من و ژەنێت دە ساڵ گۆڤاری پۆتیکامان بڵاو کردەوە. بە تەنیشت ئەم کارەوە، کۆمەڵە وتارێکی ئەدەبیمان بڵاو کردەوە. هەوڵەکەمان ئەوە بوو ئاراستەی ئامووتنی ئەدەبیات لە زانکۆ بگۆڕین و لە کۆت و بەندی سەدەکان و مەملەکەتەکان ئازاد بکەین و ڕێگەیەک بکەینەوە تاوەکوو بەرهەمەکان لێک نزیک ببنەوە.
بە تێپەڕینی ساڵەکان وردە وردە لە کۆمەڵگای فەڕەنسادا ڕەگم داکوتی. هاوسەرگیریم کرد و منداڵم خستەوە و بووم بە هاووڵاتی فەڕەنسا. دەنگم دا و ڕۆژنامەم خوێندنەوە و زیاتر لەو کاتەی لە بولگاریا دەژیام کەیفم بە ژیانی کۆمەڵایەتی دەهات، لەبەرئەوەی بۆم دەرکەوت بە پێچەوانەی ئەوەی ژیان لە وڵاتی تۆتالیتاردا بەرێ دەکرا، مەرج نییە ملکەچی فێرکارییە ئایدۆلۆژییەکان بێت. بەبێ ئەوەی بکەومە داوی موجامەلەوە، چێژم لەوە دەبینی کە فەرەنسا وڵاتێکە خاوەنی دیموکراسی فرەخواز و پارێزەری ئازادییە کەسییەکان. ئەوەی دەمبینی لە هەڵبژاردنی ئەو ڕێچکەی بۆ ئەدەبیات دەمگرتە بەر کاریگەر بوو: هزرەکان و بەهاکانی بەرهەمە ئەدەبییەکان چیدی ملکەچی ئایدۆلۆژیاییەکی پێشوەختە نەبوون و پێوست نەبوو وەلاوەیان بنێین. ئەو هۆکارانەی کە ناچاریان دەکردم حەز لە بونیادی زمانەوانی دەقەکان بکەم چیدی لەناو چوو بوو. هەر ناوەڕاستی ساڵانی هەفتا بوو کە حەزم بۆ میتۆدەکانی شیکردنەوەی ئەدەبی نەما و ئارەزووم بۆ پرۆسەی شیکردنەوە جوڵا کە دەرەنجامەکەی ڕۆیشتن بەرەو لای خودی نووسەران و بۆچوونەکانیان بوو.
ئێستا ئیدی ئەشقم بۆ ئەدەب لە داوی ئەو فێرکارییانەی لە وڵاتە سەرکوتکارەکامدا بینیبووم؛ ئازاد بووبوو. چیدی دەبوو بەشوێن کەرەستەی نوێ و کارامەوە بۆ کەڵکەڵەکانم بگەڕابام. هەستم دەکرد دەبێت ئیدی ئاشنای زانیارییەکان و چەمکەکانی دەروونناسی، مرۆڤناسی و مێژوو بم. بەوپێیەی هزری نووسەرەکان لەلام بایەخدار بووبوو، بۆ باشتر فامکردنی بەرهەمەکانیان خۆم نقومی خوێندنەوەی مێژووی هزری پەیوەست بە مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکانەوە کرد، نقومی فەلسەفەی ئەخلاق و سیاسەت.
بەم بۆنەوە پانتایی ئەو بابەتانەی دەبوو ئاشنایان بم فراوانتر بوو. ئەدەب لە بۆشاییدا نایەتەبوون، بەڵکوو لە هەناوی کۆمەڵە گوتارە زیندووەکانەوە پەیدا دەبێت و خەسڵەتی هاوبەشی فراوانی لەگەڵ ئەو گوتارانەدا هەیە. کەواتە لەخۆوە نییە کە بەدرێژایی مێژوو سنورەکانی ئەدەب گۆڕاوە. وا هەستم دەکرد ئەم جۆرانە لە شێوەی دەربڕین سەرنجی ڕاکێشاوم، بێگومان نەک بە نرخی لەدەستدانی ئەدەبیات بەڵکو بە تەنیشتییەوە. بۆ نووسینی فەتحی ئەمریکا، بیرەوەری گەڕۆکەکان و فەتحکەرانی ئیسپانیای سەدەی شانزدە و هاوسەردەمە مەکسیکی و مایاکانیانم خوێندنەوە، تاوەکوو لەوە تێبگەم کە چۆنچۆنی کولتوورە تەواو بێگانەکان ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. بۆ وردبوونەوە لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئەخلاقی، نقومی خوێندنەوەی نووسینی ئەو کەسانە بووم کە بۆ کەمپەکانی کاری زۆرەملێی ڕوسیا و ئەڵمانیا نێردرابوون. [کتێبی] ئەوپەڕی ئازار دەرەنجامی ئەم ڕامانانە بوو. لە کاتی نووسینی سەرکێشیکەرانی پرسی موتڵەق نامەگۆڕینەوەی هەندێک لە نووسەرانم خوێندنەوە و ئەمە بەستێنێکی دەستەبەر کرد بۆ لێکۆڵینەوە وسەرقاڵی بە باسێکی وجوودییەوە: چۆنچۆنی ژیان دەچێتە خزمەتی ئافراندنی جوانییەوە؟ ئەو دەقانەی کە دەمخوێندنەوە – ژیاننامەکان، بیرەوەرییەکان، کتێبە مێژووییەکان، گەڕیدەنامەکان، ڕامانەکان، نامەکان و دەقە فۆلکلۆرییە بێناو و ناونیشنانەکان – بەرهەمگەلێک نەبوون کە زادەی خەیاڵی دانەرەکانیان بێت، چونکە ڕاستەوخۆ ڕووداوە واقیعییەکانیان وەسف دەکرد.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، وەکوو بەرهەمە ئەدەبییەکان، ڕەهەندە نەناسراوەکانی جیهانی بۆ ئاشکرا دەکردم، کاریان تێدەکردم و بیریان پێ دەکردمەوە. بە کورتی ئەوەی کە بواری ئەدەبم بۆ فراوان بوو؛ جگە لە شیعر، ڕۆمان، چیرۆکی درێژ و شانۆنامە، بەشێکی زۆری نووسینە گێڕانەوییەکان(چ شەخسی و چ گشتی و بڵاوکراوە) وتارەکان و ڕامانەکانیش سەرنجیان ڕاکێشام.
ئەگەر ئەمڕۆ لەخۆم بپرسم بۆچی ئەدەبم خۆش دەوێت؛ ئەو یەکەم شتانەی کە بە زیهنمدا دێت ئەمانەیە: ئەدەب یارمەتیم دەدات بژیم. چیدی ئەوەندەش وەکوو سەردەمی لاویم چاوەڕوانیم لە ئەدەب نییە تا لە زیانەکانی بەرکەوتن بە مرۆڤە ڕاستەقینەکان بمپارێزێت. ئەدەب لە ئەزموونی واقیعی ژیان بێبەریم ناکات، بەڵکوو دیمەنی جیهانگەلێک لە درێژەی جیهانی واقیعیدا بە ڕوومدا دەکاتەوە و ئەو دەرفەتەم بۆ دەرەخسێنێت تاوەکوو باشتر فامی بکەم. پێم وانییە تاکەکەس بم کە بەو شێوەیە لە ئەدەب دەڕوانێت. ئەدەب پوختر و ڕەوانتر لە ژیانی ڕۆژانە، جیهانمان فراوان دەکات و بێگومان تەواو لێی جیاواز نییە و هانمان دەدات بەشێوەی تر درکی پێ بکەین و ڕێکی بخەین. هەموومان لەو شتانە دروستکراوین کە ئەوانیتر پێیان داوین: سەرەتا دایکبابمان و دواتر ئەوانی دەوروبەرمان. ئەدەب ئەو ئیمکانەمان دەداتێ لەگەڵ ئەوانیتردا مامەڵەی ناکۆتامان هەبێت و لە ئەنجامدا زەوەندترمان دەکات. هەستی وەها دانسقەمان خەڵات دەکات کە دونیای واقیعیمان جوانتر و پڕ ماناتر دەکات. ئەدەب نە سەرگەرمییەکی سادەیە و نە کەیفخۆشییەکی تایبەت بە خوێندەوەران بەڵکوو دەرفەتێکە لەبەردەم هەموواندا تاوەکوو ئەرکی مرۆیی خۆیان باشتر و شایستەتر بەجێ بهێنن.
سهرچاوه :
ادب در مخاطره” ترجمە: محمد مهدی شجاعی
نووسین: تزڤێتان تۆدۆرۆف
وەرگێڕان: زەردەشت نورەدین