دەکرێ بە شێوەیەکی دروست نەقشبەندی بە ڕێبازیکی گەردوونی دابنرێت.
دەکرێ بە شێوەیەکی دروست نەقشبەندی بە ڕێبازیکی گەردوونی دابنرێت. دووەم لە کایەی بڵاوبوونەوەیدا تەنها لە سەر حیسابی قادری بێت، کە هاوشانێتی بۆ ئەوەی لە هەموو هەرێمێکی جێهانی ئیسلامیدا هەبێت، بێجگە لە زۆربەی ناوچە موسڵمان نشینەکانی ئەفریقا١. ئەم لە هەموو شوێنبوونەی نەقشبەندی ئەوە دەگەیەنێت کەوا ڕێبازەکە ئەوە دەگەیەنێت کەوا لە خەسڵەتی خۆیدا ڕەنگدانەوەی بەشێک لە پێویستترین ڕەهەندەکانی سرووش و دەرخستنی ئیسلامی تێدایە و وەک ئەوەی – بە شێوەیەکی کلاسیکی ئیددیعا دەکات – کە ڕێگەی پێغەمبەر و هاوەڵەکانێتی، “بەوەی نە ئیزافەی تێدابێت و نە لێبڕین”٢. تەواوی ڕێبازە سۆفیگەرییەکان، هەر هیچ نەبێت بە تیۆریش بێت هاوسەنگییەکیان ڕاگرتووە لە نێوان ئەوەی بە هەمووان و بە ژمارەیەکی کەم و دیاریکراو ئاشنایە، واتە لە نێوان شەریعەت و تەریقەتدا، بەڵام هیچیان شان لە شانی نەقشبەندی نادەن لە پابەندیی توندیدا بە شەریعەتەوە لە ئەزمووندا و لە پاراستنی پێشەنگیی ڕەها بە شەریعەتەوە. ئەم پابەندی و دڵسۆزییەی نەقشبەندی بە شەریعەتەوە بایەخێکی گەورەی هەیە لە شێوازبەندیی هەردوک خاسییەتە ڕۆحییەکەی و ڕۆڵە مێژووییەکەی، نەک لانی کەم هەر لە تورکیادا.
بەم جەختکردنەوەیە لەسەر ڕێوڕەسمی شەریعەت، دەکرێ نەقشبەندیی٣ زیاتر وەک ڕێبازێکی “هاوسەنگ” دابنێین و کەسێک کە خۆ بە دوور بگرێت لەو ئەزموون و پراکتیزە کردنانەی کەوا ناوبانگی بۆ گرووپەکانی تر پەیدا کردووە و بە شێوەیەکی قیاسی سوورە لە سەر هێشتنەوەی تەنانەت زیکریش – واتە پاڕانەوە و یادکردنەوەی ناوی گەورەی ئەڵڵا – بە بێدەنگی و لە دڵەوە. جۆری ئەو هێمنی و لەسەرخۆییە بەرەنجامی زیکری بێدەنگ هەردوک لە ئەبوبەکرەوە سەرچاوە دەگرن و بە پێی نەریتی ڕێباز یان تەریقەتەکە: ئەوە ئەوە کە بنەچەی هێڵی سەرەتایی پێکدێنێت و لە پێغەمبەرەوە دەسپێدەکات و دێتە خوارەوە بۆ بەهائەدینی نەقشبەند (١٣٨٩ مردووە)، کە خاوەنی ڕێبازی نەقشبەندییە. حەقیقەتی بنەچەی بەکری، بە گرێدان لەگەڵ دەرکەوتنی ڕێبازی نەقشبەندی لە جیهانی بەرفراوانی ئیسلامیدا لە سەردەمی ململانێ و ڕکابەریی گرژ و ئاڵۆزی نێوان سوننی و شیعەدا مۆرکێکی لاوەکیی ڕق و کینەی دا بە نەقشبەندی دژ بە ئیسلامی شیعی. هەردوک ئەم خەسڵەتانە بە شوێنکەوتنیان بۆ بنەچەی بەکری – وەک جووڵاندن و جۆشدانێکی جەنگاوەرانەی “هێمن” و بەهێزی سوننی – یارمەتیدەر بووە لەوەی کە ڕێبازی نەقشبەندی شوێن و پێگەیەکی گرنگ دەستەبەر بکات لە مێژووی تورکیادا.
“دامەزراندنی” ڕێبازێکی سۆفیگەرانە پێویستە وا بیری لێنەکرێتەوە کە مەسەلەیەکی بەئەنقەستی فەرمییە، بە شوێنکەوتنی مێژوویەکی دیاریکراو. بەگشتی یەکێک یان زیاتر لە نەوەکان بەسەردەچێت لە پاش مردنی ڕابەر یان ئیپۆنیم لە پێش ئەو ڕستە پراکتیزانەی کە پەیوەستن پێیەوە و بۆ هەندێک پلەی پێشینانییەوە لە زنجیرەی سەرەتاییەوە بە کاریگەریی هەندێ کاراکتەری دەسەڵاتداری ڕێکخەری ئەوەی ئێمە بە ڕێبازێکی دادەنێین. کەسایەتی یان کاراکتەرێکی لەم چەشنە، بۆ نەقشبەندی، خواجە عوبەیدوڵڵای ئەحرارە (کە لە ساڵی ١٤٩٠دا مردووە) کە سوود و بایەخی ڕێبازەکەی لەسەر شەریعەت جێبەجێ کردووە بە ملکەچ کردنی دوو حوکمڕانی لەدوای یەکی تەیمووریی ئاسیای ناوەڕاست بۆ دەسەڵاتی خۆی، کە ئەوانیش ئەبو سەعید و سوڵتان ئەحمەد بوون و بوو بە هۆکاری ئەوەی کە حوکمی توند بکەن بە پێی چەمک و تێگەیشتنەکانی یاسای ئیسلامی. بە هەمان ئاستیش گرنگە کەوا توانیوێتی موریدێکی هێجگار زۆری هێناوەتە سەر ئەو ڕێبازە و لە دەرەوەی خاک و نیشتمانی ناوەڕاستی ئاسیادا بنەمای بڵاوبوونەوەی جیهانیی داڕشت. بەشێکی بەرەوخوار ڕۆیشت بۆ هندستان و ئەفغانستان، هەندێکیش بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ مەنگۆلیا و چین و ئەوانیتریش بەرەو ڕۆژئاوا بوونەوە بۆ ئێران و بە شێوەیەکی گرنگتر بۆ تورکیا٤.
هەڵبەت ئەوە مەلا عەبدوڵای ئیلاهی خەڵکی سیماڤ بووە (ساڵی ١٤٩٠ مردووە) کەوا لە سەمەرقەند چووەتە سەر تەریقەتی نەقشبەندی و لە لایەن ئەحرارەوە دەسەڵاتی پێدراوە کە نەقشبەندی لە تورکیا دابمەزرێنێت. ئەو یەکەم تەکێی نەقشبەندیی لە ئەستەمبووڵ دامەزراند لە مەدرەسەی زەیرەک کە پێشتر کەنیسە بووە و ژمارەیەکی زۆری شوێنکەوتووانی بۆ خۆی ڕاکێشا (تێبینی: لە کوردستاندا شوێنی کۆبوونەوە و کۆڕی زیکری تەریقەتی قادری پێیدەوترێت تەکێ و هی نەقشبەندی ناوی خانەقایە – وەرگێڕ) ئەو تا ڕادەیەک بۆ ئەوەی خۆی دەرباز بکات لە فشار کردنی دڵسۆزانی کۆچی کرد بۆ ڤاردار یەنیجەسی لە ڕوملیا (بەری ئەوروپیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی پێیدەوترا ڕوملی یان ڕوملیا – وەرگێڕ) و لەوێ خۆی تەرخان کرد بۆ نووسین و ڕاهێنانی مورید و خەلیفەکانی کە تا ئەوپەڕی باکووری وەک سەراییڤۆ پابەندی ڕێبازەکە بووبوون. ئەو هێڵی میراتگرییەی کە ئەو دایمەزراند لە ئەستەمبووڵ لقەکانی خۆی لە بورسە و ئەرزڕووم و شوێنانی تریش بەرەو هەڵکشان چوو و بەو پێیە لە ماوەیەکی کورتدا ڕێبازی نەقشبەندی بەتەواوی تەشەنەی کرد لە هەردوک ڕوملیا و ئەنەدۆڵدا٥.
پەیوەستبوونی تورکیا لەگەڵ ڕێباز یان تەریقەتی نەقشبەندیدا لە سەدەی پانزەهەمەوە بەردەوامە. بەڵام ڕێبازەکە لە تورکیا هەرگیز بە خەسڵەتی نیشتمانی یان هەرێمی وەرنەگرت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەو ڕێبازە پەیوەندیی توندوتۆڵی خۆی پاراستووە لەگەڵ مەڵبەندەکانی تری ڕێبازەکەدا- بەدیاریکراویش ناوەڕاستی ئاسیا و هندستان – و زنجیرەی ڕەچەڵەکی شێخە پابەندەکانی تورکیا لەگەڵ ڕابەرانی گەورەی نەقشبەندیدا تێکئاڵاوە لە هەموو شوێنێک تا دەگاتە سۆمەترە. دوو شەپۆلی گرنگی نوێکردنەوەی ڕێبازی نەقشبەندی لە تورکیادا لە هندستانەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکەمیان لە موجەددیدی (نوێکەرەوەی) هەزارەی دووەمی ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێت (کە لە ساڵی ١٦٢٤دا مردووە)، کە ئەویش بە دیاریکراوی ئەوەیە کە شێخ موحەممەد مورادی بوخارا بووە بە موریدی خواجە موحەممەد مەعسوومی کوڕی سرهندی و پاشان گەشتی ئەستەمبووڵی کردووە لە ڕێگەی حیجاز و سووریا و ئەنەدۆڵەوە و لەوێ (واتە لە ئەستەمبووڵ) تەکێیەکی نەقشبەندیی موجەددیدیی دامەزراندووە لە کەنارەکانی قۆچی زیڕین٦. پاشان ژمارەیەکی هێجگار زۆری مورید و شوێنکەوتوو لقی موجەددیدیی ڕێبازەکەیان بڵاوکردووەتەوە، کە پێدەچێت لە کات و زەمانی خۆیدا بە شێوەیەکی گەورە و بەرچاو زۆربەی تەریقەت و ڕێبازەکانی تری خستووەتە لاوە و جێگەی گرتوونەتەوە.
دووەم و گرنگترین بزووتنەوەی بووژاندنەوە و نوێکردنەوە کە لە هندستانەوە سەرچاوەی گرتبێت ئەوەیە کە بەستراوە بە مەولانا خالیدی بەغدادییەوە (ساڵی ١٨٢٦ مردووە)، کەوا کوردێکی خەڵکی شارەزوورە و گەشتی هندستانی کردووە و لەسەر دەستی شێخ غوڵام عەلی (کە بە عەبدوڵڵای دەهلەویش دەناسرێت) چووەتە سەر ڕێباز یان تەریقەتی نەقشبەندی. دەهلەوی خۆی موجەددیدی بووە، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ مەولانا خالید لەم ڕێباز و تەریقەتەدا کە ئەو بە داهێنەری لقێکی سەربەخۆ دادەنرێت و لەپاش خۆی وەک خالیدییە ناسراوە. مەولان لە ساڵی ١٨١١دا لە دەلهییەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام هەر زوو ئەوێی بەجێهێشت، یەکەمجار بۆ بەغدا و پاشانیش بۆ دیمەشق، کە دواجار تێیدا بە پەتای تاعوون کۆچی دوایی کرد و جەماوەرێکی تەواوی خەلیفە و مورید پێکەوەنا لەمیانەی گرنگترین جموجووڵی نوێکردنەوەی سۆفیگەریدا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا٧.
هەندێک لە خەلیفە و شوێنکەوتووانی مەولانا خالید تەریقەتی نەقشبەندییان گەیاندە باشووری ڕۆژهەلاتی ئاسیا و قەوقاز و کریمیا، بەڵام لە هەمووی زۆرتر و گرنگتر ئەوانە بوون کەوا لقی تەریقەتەکەیان لە تەواوی ناوچە کوردنشینەکان و سەرانسەری ڕوملیا و ئەنەدۆڵدا چاند. تەهای هەکاری، کە یەکێک بوو لە جێگرەوە و خەلیفەکانی، باپیرەی ڕۆحیی گەلێ لەو بنەماڵە کوردییانەیە کەوا لە کات و زەمانی دواتردا ناوبانگیان پەیداکرد لە بوارەکانی ئاین و سیاسەتدا و لە ڕاستیشدا تاڕادەیەکی گەورە دەکرێ بڵێین کەوا ناسیۆنالیزمی کوردی دیوێکی بەسێکولار کراوی بنەچەی مۆتیڤی خالیدییە. مەولانا خالید لە ئەستەمبووڵ چەندین شوێنکەوتەی گرنگ و بایەخداری هەبووە، کە لە ناویاندا شێخولئیسلام، مستەفا عاسم ئەفەندی و تۆڕێکی تەواوی ئەو خەلیفانەی هەموو لایەکی ئەنەدۆڵیان گرتبووەوە، کەوا گرنگترینیان کۆنییە، کاستۆمۆنوو، ترابزۆن، ئەماسیا، قەیسەری، ئەرزڕووم، ئەرزنجان و ئورفە بوون. ئەو هەژموونە ڕۆحییەی کە بەتەواوەتی باڵی بە سەر ئەنەدۆڵدا کێشاوە لە لایەن مەولانا خالیدەوە دامەزراوە و – بەوە ناسراوە کە سرهندی وەک “نوێکەرەوەیەک”، هەرچەندە لە کەیسەکەی ئەودا تەنها سەدەیەکە نەک هەزارەیەک – کەوا چەندین شێخی لقەکانی تری نەقشبەندی لە ئەنەدۆڵدا هاتوونە لای و داوای نوێکردنەوەی پابەندبوونیان لێکردووە٨. ڕاستییەکەی لە پاش مەولانا خالید، خالیدییە بوو بە هاوشان و هاوواتای نەقشبەندی لە سەرانسەری ئاسیای ڕۆژئاوادا.
مەولانا خالید وەک “نوێکەرەوەیەکی” ڕێباز یان تەریقەتەکە جەختیکردووەتەوە لەسەر خاسییەت و تایبەتمەندییەکانی پەیڕەوی نەقشبەندی و جەختیشی لەسەر خاڵی نوێی تر کردووەتەوە. ڕابیتە، کە بریتییە لەوەی بە تێڕامان دڵی مورید ببەسترێت بە ڕابەر و مامۆستاکەیەوە، کە لە ئامرازی درککردنی ڕۆحیدا بوونی هەیە لە ناو نەقشبەندییەکاندا و مەولانا خالید جەختێکی تایبەتی لەسەر دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت تەنها حەسری یا قۆرخ بێت بۆ خودی خۆی و تەنانەت لە پاش کۆچی دواییشی. ئەم بیرۆکە و داهێنانە نوێیە، هاوڕێ لەگەڵ ڕەگ و بنەچەی کوردیی دێهاتییانەی مەولانا خالید، هەندێ بەرهەڵستیی بەرپاکرد لە ناو شێخە تۆکمە و دامەزراوەکانی ئەستەمبووڵدا، بەڵام وا دیارە هەر زووبەزوو قوبووڵ کرابێت٩.
بە لای کەمەوە بۆ بایەخ پێدانی یەکسان ڕەهەندە سیاسییەکانی کارەکەی مەولانا خالیدە. ئەو لە پەیامەکەیدا ئەنجامگیریی ئەوە دەکات سەبارەت بە ڕابیتە rabita لەگەڵ نزاکار و نوێژخوێنێکدا بۆ خێر و چاکەی “دەوڵەتی شکۆدار و پایەبەرزی عوسمانی کە مایەی پایەداری و سەرکەوتنی ئیسلام” و بەزین و شکستخواردن و کوڵۆڵیی “کریستیانە نەفرەتییەکان و فارسە کافر و خوانەناسەکانە”١٠. دڵسۆزی و ملکەچی بۆ دەوڵەتی عوسمانی، وێنای هۆکار و ئامرازێکی دەگەیاند بۆ جێبەجێ کردنی شەریعەت و شکۆداری و پایەبەرزیی ئیسلام و ئەمەش بوو بە هۆکاری ئەوەی کە خالیدییەکان پێشوازی بکەن لە ڕیفۆرمە سەربازییەکانی سوڵتان مەحموودی دووەم، کە بە سەردانی بەردەوامی بۆ تەکێی سەلیمییەی خالیدییەکان لە ئوسکودار پاداشتی دەدانەوە. سەبارەت بە “هەردوک کریستیان و فارسە کافرەکانیش”، وەک دوژمنی دەرەکیی باڵادەستیی شەریعەت تەماشا دەکران، بەوەی کەوا هێز و دەسەڵاتە مەسیحییەکان بە بەردەوامی دەستدرێژییان دەکردە سەر خاک و وڵاتی عوسمانی و ئێرانیش بەردەوام بوو لەوەی کە سوودمەند بێت لە کۆنترۆڵ کردن و دەست بەسەرداگرتنی نیشتمانە کوردییەکەی مەولانا خالید.
هەڵوێستی دڵسۆزانەی خالیدییەکان گرژی و کۆسپی هاتەڕێ کاتێ کەوا جێگرەوەکانی مەحموودی دووەم ئەولاتر ڕۆیشتن لە کار و کردەوەی ڕێکخستنەوەی سەربازیدا بۆ تێکشکاندنێکی گشتگیری دەوڵەت و بە شێوەیەکی بەرچاو خۆیان لە شەریعەت دوورخستەوە و پرۆسەی “بەسێکولاربوونی” لەسەرخۆیان دەستپێکرد کەوا ڕوون و ئاشکرا (ئەگەر بەتەواوی حەتمیش نەبێت) بەرەو ترۆپکی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەچوو. خالیدییەکان لە ژمارەیەک جووڵانەوەوە گلابوون کە دژ بە مەیل و ئاڕاستەی بە سێکولار کردنی سەردەمی تەنزیمات Tanzimatوەستابوونەوە، لەنێویاندا ئەوەی کە پێیدەوترا ڕووداوی ساڵی ١٨٥٩ی کولێلی١١ و خۆپیشاندانەکانی دژ بە سوڵتان عەبدولعەزیز لە ئەستەمبووڵ لە ساڵی ١٨٧٦دا.
لە سەردەمی حوکمی سوڵتان عەبدولحەمیددا، ڕێبازەکانی سۆفیگەری ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا لەسەر هەردوک ئاستی ناوخۆ و جێبەجێ کردنی سیاسەتی پان ئیسلامیزم. لەو شێخانەی کە بە شێوەیەکی دیار و ئاشکرا پەیوەست بوون بە سوڵتانەوە شێخ زیائەدین گویمیشخانێلی بوو (کە ساڵی ١٨٩٤ مردووە) کەوا بە وابەستەگییەک لە زنجیرەی تەمەسوکدا لە مەولانا خالید جیابووبووەوە. ئەم بە درێژایی کەناری دەریای ڕەش تەریقەتی نەقشبەندیی بڵاودەکردەوە و لەگەڵ موریدەکانیدا خۆی بۆ جەنگی ساڵی ١٨٧٧ی ڕووس و عوسمانی ناونووس کردبوو١٢. بەهەرحاڵ، زۆربەی ئەو شێخانەی گرێدراوی سوڵتان عەبدولحەمید بوون چووبوونە سەر ئەو تەریقەت و ڕێبازانەی کە لە نەقشبەندی زیاتر لە وڵاتانی عەرەبدا تەشەنەیان کردبوو، چەشنی ڕەفاعی و شازلی و نەقشبەندییەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو زۆر کۆک نەبوون لەگەڵی و شێخ موحەممەد ئەسعەدی بەناوبانگ لە لایەن سوڵتانەوە لە ئەستەمبووڵەوە دوورخرایەوە بۆ هەولێر و هۆکاری ئەوەش نەزانرابوو١٣.
پەیوەندیی نێوان تورکە لاوەکان و ڕێبازەکانی سۆفیگەری، بەپێی زانیاریی من، بەتەواوی ئەزموون نەکرابوو. ئەگەر هەیە کەوا ڕابەرانی نەقشبەندی کۆک نەبووبێتن لە مەسەلەی ڕووخاندنی سوڵتان عەبدولحەمیددا، هەرچەندە لە ساڵی ١٩١٠دا مارتن هارتمانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمان هەڵوێستی سیاسیی نەقشبەندییەکان بەوە وەسف دەکات کەوا بێ جیاوازی “کۆنەپەرستانە” بووە١٤. بەڵام ئەوەی لێی دڵنیاین کەوا نەقشبەندییە خالیدییەکان، بە چاوپۆشی لە هەڵوێستە سیاسییەکانیان، گەورەترین و کاریگەرترین ڕێبازی سۆفیگەری بوون لە ماوەی داتەپینی حوکمی عوسمانی و تەنها لە ئەستەمبووڵدا زیاد لە شەست تەکێیان هەبوو، کە زیاتر بوو لە هەر ڕێباز و تەریقەتێکی تر١٥.
لە پاش ڕووخانی عوسمانی، ژمارەیەکی گرنگ و بەرچاوی شێخە نەقشبەندییەکان بەشدارییان کرد لە خەباتی ڕزگاریدا (مەبەست لێرەدا ئەوەی کە جەنگی سەربەخۆیی یان ئیستیقلال ناوزەد کراوە لە مێژووی نوێی تورکیای کۆماریدا کەوا مستەفا کەمال ئەتاتورک سەرکردایەتیی دەکرد – وەرگێڕ)، کە بناغەکەی لە جیهادەوە سەرچاوەی گرتبوو، بە ئامانجی گێڕانەوەی سەروەریی ئیسلامی لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی موسڵماندا.
بە شێوەیەکی تایبەتی زۆر باش ڕۆڵی عەتا ئەفەندی زانراوە، کە شێخی تەکێی ئۆزبەکلەر بوو لە ئوسکودار، کە لە تەکێدا داڵدەی خەڵکی جۆراوجۆری دەدا کە پۆلیسی هاوپەیمانان لە ئەستەمبووڵدا بە دوایاندا دەگەڕان و خودی عیسمەت ئینۆنو ماوەیەک لەوێ خۆی حەشار دابوو١٦. حەسەن فەوزی ئەفەندیی خەڵکی ئەرزنجان خۆبەخشانە لەگەڵ شوێنکەوتووانیاندا چوونە جەنگەوە و دواتر ئەم بوو بە نوێنەری ئەرزنجان لە یەکەم ئەنجومەنی نیشتمانیدا کە لە ئەنقەرە کۆبووەوە١٧. تەنانەت دوو کەسیش کە لە مێژووی فەرمیی کۆماری تورکیادا زۆر بە خراپی ناویان هێنراوە، کە شێخ سەعید و شێخ محەممەد ئەسعەدن، پشتگیریی خۆیان بۆ خەبات دەربڕیوە. یەکەمیان کەسێکی سەرەکی بوو لە دامەزراندنی جەمعییەتی مودافەعەی حقووق١٨ ، دووەمیشیان لە شوێنی نیشتەجێی خۆی لە ئەرەنکۆیی ڕۆڵێکی بینی هاوشێوەی ئەو ڕۆڵە بوو کە عەتا ئەفەندی لە ئوسکودار گێڕای، لە نێو ئەوانەشدا کە هاتبوون بەدوای بەرەکەت و پیرۆزیی ئەودا دەگەڕان فەوزی چەکماک بوو١٩.
دەوڵەتی تورکیای نوێ کەوا ئەم نەقشبەندییانە – پێکەوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری پیاوانی ئاینی، هەردوک “عولەما” و شێخەکان٢٠ – یارمەتیدەر بوون لە دامەزراندنیدا بڕیاریدا سیاسەتێکی دژایەتیی ڕادیکاڵی لەبەرانبەر ئیسلامدا بگرێتەبەر کەوا دروشمی فەرمیی سێکولاریزم هەرگیز توانای نەبوو بیشارێتەوە. چونکە سێکولاریزم بەدڵنیاییەوە دەبێ واتای جیاکردنەوەی کایە ئاینی و سیاسییەکان بگرێتەوە و هەردوکیان سەربەخۆیی خۆیانیان هەبێت و لەوانەشە پلەیەک لە سەرپەرشتیی گشتیی توانا و لێهاتوویی چەسپاویش لە دەسەلاتی سیاسیدا. بەهەرحاڵ، “سێکولاریزم” لە واتا و تێگەیشتنە تورکییەکەیدا هەژموون و دەسەڵاتێکی کایەی ستەمکارانەی دژ بە ئاین دەگەیەنێت لە لایەن دەسەڵاتی دەوڵەتێکی دوژمنکارانەی نائاینییەوە.
لێرەدا سووک و ئاسان ئەوەیە کەوا کۆماری تورکیا بڕیاری داوە کە دەوڵەت دابڕێت لە پاشماوەی دڵسۆزی و باوەڕ بە شەریعەت و بەو کۆد و یاسایانەی کە سەرچاوەیان ئەوروپییە جێگەیان بگرێتەوە و خوازیار بوو ئیسلام وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی – کولتووری بخاتە لاوە و بەو پێیە بە قورسی و توندی دەستوەردانی کرد لە کاروباری پەرستن و خوێندنی ئاینیدا. کەوابوو دەوڵەت لەم چوارچێوەیەی ڕق و دوژمنکارییە گشتییەی بۆ ترادیسیۆن و دامەزراوە ئاینییەکان پێویستە دوورخستنەوە و قەدەغە کردنی ڕێبازە سۆفییەکان بسەپێنرێت. بێگومان قەدەغە کردن لە سێپتەمبەری ١٩٢٥دا کرا بە ڕاست، لە پاش سەرکوتکردنی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پاڵوو (یان پیران – و)، بەڵام ئەو شۆڕشە بەزۆری بەهانە بوو بۆ تاقیکردنەوە، چونکە هەمیشە ئەگەری ئەوەی هێنابووە پێشەوە کە بە شێوەیەکی ئینتیقائی دژ بە تاکەکەسان و ڕێبازی تایبەتی بجووڵێتەوە، بەڵام ئەمە نەکرا (هەرچەندە ئاستی جیاجیای ستەم و دڵڕەقی تێبینی دەکرا لە جێبەجێ کردنی یاسادا).
یەکێک لە خاسییەتە بەرچاوەکانی یاخیبوونەکەی شێخ سەعید، لەلایەن مارتن ڤان بروونەسنەوە بە جوانی باس کراوە٢١، ئەو کایە سنووردارە ڕێژەییە بوو کە هەیبوو. هەموو شێخە نەقشبەندییەکان (تەنانەت لە ناوچە کوردنشینەکانی ئەنەدۆڵیشدا) پشتگیریی خۆیان ڕانەگەیاند بۆ ئەو یاخیبوونە و وادیاربوو بەشداریی چالاکی تورکی کەم بوو. مەسەلەکە ڕێکوڕەوان بە زۆرییەکی ڕەها بەشداریی کورد بوو لە ڕاپەڕینەکەدا کە سەرباری ئەوەی ئەم جووڵانەوە کوردی بوو وەک جیهادێکی ئیسلامی لێکبدرێتەوە، کە خۆیشی بەو شێوەیە جاڕی لە خۆی دابوو. هەڵبەت جێی بایەخ پیدانە کەوا تەمومژ لەم مەسەلەیە ئاڵاوە و وەک جەختکردنەوەیەک لەم خاڵە ئەمە تاقە ڕووداوی بەرگریکاری چەکدارانەی نەقشبەندییە بۆ نەزمی کۆماری. ڕاستێیەکەی کاتێ پێداچوونەوە بە مێژووی تەریقەتی نەقشبەندیدا دەکرێت لە پەنجا ساڵی ڕابردووی تورکیادا، زەحمەت و گران دەکەوێتەوە باس لەو ترس و تۆقینە بکرێت کە لە لایەن دێڤریم یۆبازلەرییەوە devrim yobazlari (شۆڕشی دەمارگرژان) دەردەبڕێت٢٢ لە “کاردانەوەی” ئاینی بەگشتی و “کاردانەوەی” نەقشبەندی بەتایبەتی، تا ئەو کاتەی دەبێتە مەسەلەیەکی ویژدانیی خراپ لای خۆیانەوە. چونکە ئەوەی جێی سەرنجە لەبارەی نەقشبەندییەکان و دەستە و تاقمە گریمانەکراوی سەربازیی ترەوە کەوا نەرێنی و شکستی خۆیان هەیە کەوا بگەنە ئاستی بەرگریی بڕیارلێدراو بۆ نەزمی دژە ئیسلامی.
یاسای سێپتەمبەری ساڵی ١٩٢٥ سەبارەت بە قەدەغە کردنی ڕێباز و تەریقەتە سۆفییەکان ڕاشکاوانە ئەوە ڕادەگەیەنێت کەوا “لەمڕۆ بەدواوە هیچکام لە تەریقەتەکان یان دەروێشەکان و موریدەکانی سەر بەو تەریقەتانەن، لە ناو سنووری کۆماری تورکیادا نامێنن”٢٣. هەڵبەت ئەنجامەکەی وا کەوتەوە کە دیارنەمانی سەرلەبەری ڕێباز و تەریقەتەکان نەگرێتەوە، بەڵکو داخستنی تەکێکان و زیاتر ڕووکاری دەرەکیی تەریقەتەکان نەک کاکڵە و ناوەرۆکی بوون و ئامادەگییان. بەڵام وردە وردە مەسەلەکە بەرجەستە و گەڵالە بوو و دەست کرا بە جێبەجێ کردنی ئیجرائاتی تری وەک گرتن و بەندکردنی ستەمکارانە، ئیعدام کردن، دوورخستنەوە و دەرکردن و .. تاد. بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێباز و تەریقەتەکانی سۆفیگەری و دەروێشی و بەتایبەتی نەقشبەندی. لە ساڵی ١٩٣٠دا، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ڕایگەیاند کەوا: “تەریقەتی نەقشبەندی مارێکە و ئێمە نەمانتوانیوە سەری پان بکەینەوە”٢٤.
لە دیسەمبەری ١٩٣٠دا ڕووداوی بەدناوی مەنەمەن بەرپا کرا و لە میسۆلۆجیای بەناوبانگی مێژوویی کۆماری تورکیادا وەک پارادایمی شەڕ و پێکدادانێکی نموونەیی نێوان هێزەکانی ڕووناکی و تاریکی و کۆنەپەرستی دێتە باسکردن. بەڵگەکە زیاتر ئەوە دەگەیەنێت کە ڕووداوەکە بە هەل و دەرفەت قۆزراوەتەوە و ئەگەریش هەیە کە لە لایەن عیسمەت ئینۆنۆوە ڕێکخرابێت وەک بیانوویەک بۆ بەدەستهێنانی هەندێ مەبەستی سیاسی و گرتن و کوشتنی شێخ محەممەد ئەسعەد، کە شێخی سەرەکیی نەقشبەندی بوو لە ئەستەمبووڵ لە دەیەی یەکەمی کۆماردا. لە ٢٣ی دیسەمبەری ١٩٣٠دا، دەروێش محەممەدێک هەوڵی هاندان و ورووژاندنی خەڵکی مەنەمەنی دا بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین و خۆی وەک مەهدی (چاوەڕوانکراو – و) ڕاگەیاند و ئەفسەرێکی گەنجی سەربڕی کە هەوڵیدابوو ڕێگریی لێبکات و بیگرێت. هیچ پەیوەندییەک دەرنەکەوتبوو لە نێوان دەروێش محەممەد و شێخ محەممەد ئەسعەددا، بەڵام شێخ و زۆرێک لە نەقشبەندییەکانی تری ئەستەمبووڵ گیران و برانە مەنەمەن بۆ دادگایی کردن و لە ناو ئەوانەدا کە لە سێدارە دران کوڕە گەورە شێخ محەممەد ئەسعەد و خودی شێخ خۆیشی لە نەخۆشخانەدا بەندکرا (لانی کەم بەپێی گومانی بەجێی هەندێ لە شوێنکەوتووانی دەربازبووی)٢٥.
ئەم تراجیدیایە کاریگەریی ڕۆحیی شێخ محەممەد ئەسعەدی کۆتایی پێنەهینا٢٦. لە ناو خەلیفە زۆرەکانی شێخدا پیاوانێک هەبوون کە دەسەڵات و کاریگەریی گەورەیان هەبوو و پراکتیزەی فۆرمێک لە دەسەڵاتی ئاینییان دەکرد کە سنووری شوێنکەوتووانیان تێدەپەڕاند. لە نێو ئەوانەدا کە لەم ساڵانەدا مردوون دەکرێ ئەم ناوانە یاد بکرێنەوە: خەلیل ئەفەندی خەڵکی دوزچە، نووری ئەفەندی خەڵکی سانییەر، خڵووسی ئەفەندی خەڵکی بەیکۆز، محێدین ئەفەندی خەڵکی بۆڵوو. خەلیفەش هەن لە یۆزگات و بالیکەسەر کە دەربازبوون.
گرنگترین و ڕێزلێگیراوترین جێگرەوەی شێخ محەممەد ئەسعەد کۆچکردوو مەحموود سامی رەمەزانئۆغڵوو بوو، کە بۆ شوێنکەوتووانی بە سامی ئەفەندی ناسرابوو. بە پێی خوێندن و ڕاهێنانی فەرمی پارێزەر بووە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەو بەگشتی وەک کەسایەتییەکی خواپەرست و ڕابەر ناسرابوو. بەپێچەوانەی شێخە کاریگەرەکانی تری ئەستەمبووڵ کەوا کار و فەرمانی خۆیان بە نیمچە کراوەییەک پیادە دەکەن لە ڕێگەی سەرپەرشتیی مزگەوتەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەی شوێنکەوتووانیانەوە، سامی ئەفەندی لە جۆرە تەریکی و دابڕانێکدا دەژیا لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئەرەنکۆیی و بە هێمنی پێشوازیی لە گرووپی بچووک بچووکی مورید و شوێنکەوتووانی دەکرد. ئەمەش ڕێگەی بەکێشکردنی ژمارەیەکی زۆر و بەربڵاوی شوێنکەوتووانی لێنەگرتبوو، کە بەئاشکرا لە حەجی هەموو ساڵێکیدا دەردەکەوت، لەگەڵ ئەو ڕێگرییانەی “سێکیولاریزمدا” کە لە دوای خۆیەوە لە تورکیا جێیدەهێشت بەڵام چەندین هەزار حاجی لە دەوری سامی ئەفەندی کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی لە پشتیەوە نوێژ بکەن و بەرەکەت و پیرۆزییان دەستبکەوێت٢٧. هەروەها ناوبانگ و شوێنکەوتووانیشی لە سنووری تورکیا تێپەڕی کردبوو بۆ بۆسنیا و سووریا. ئەم پیاوە لە ساڵی ١٩٧٩دا کۆچی کرد بۆ حیجاز تاوەکو ئەو ساڵانەی تەمەنی کە لە ژیاندا ماویەتی وەک داب و نەریتی باو ببێتە مجەورێک لە مەدینەدا و دواجار لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٤دا کۆچی دوایی کرد. لە پاش خۆی تۆپباس جێیگرتەوە وەک ڕابەرێکی ئەم کۆڕ و کۆمەڵە تایبەتییەی نەقشبەندی بوو، هەرچەندە بێ هەندێک کەرتبوونی ناوخۆیی نەبوو. گۆڤاری ئاڵتونۆلوک ڕۆڵی زمانحاڵی ئەم ئۆرگانەی دەبینی و لە کاتێکدا کە خۆیشی لە سەرنج و تێبینی کۆمەڵایەتی – سیاسی بەدوور نەدەگرت، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی چاوی دەخاتە سەر پێشکەوتنی مۆراڵی و ڕۆحیی تاکەکان وەک مەسەلەیەکی بنەڕەتی٢٨.
لێرەدا بوار نییە هەموو هێڵە بەهێزەکانی ترادیسیۆنی خالیدی لیست بکرێت کەوا لەدەست توندئاژۆیی و دڵڕەقیی قۆناخی بەرایی کۆمارییەکان دەرباز بوون و ئێمە لێرەدا کەمێکیان لێ باس دەکەین. یەکەم، هێڵێک کە لە بنەڕەتدا پەیوەندیدارە بە پەنابەرانی داغستانییەوە، کە لە لایەن ئەبو محەممەد مەدەنییەوە دامەزراوە (ساڵی ١٩١٣ مردووە)، کە پاش هەڵاتنی لە دیلێتیی سیبیریا خۆی گەیاندووەتە تورکیا و لە چیاکانی پشتی یەڵۆڤا گوندێکی دروستکردووە و تەکێیەکی تێدا دامەزراندووە. لە پاش خۆی سەیفەدین زەینولعابیدین جێیگرتووەتەوە، کە ساڵی ١٨٧٦ لە داغستان لەدایکبووە و دواتر چووەتە لای شێخی ڕابەری لە تورکیا. لە جەنگی ڕزگاریدا (جەنگی ئیستیقلال – و) گوندەکە و تەکێکە لە لایەن گریکەکانەوە (یۆنانییەکانەوە) ڕووخێنرا و پاش قەدەغە کردنی تەریقەتە سۆفییەکان، سەیفەدین ماوەیەک تووشی زیندانی کردن هات لە ئاسکیشەهر و لەوێ بوو بە هاوزیندانی سەعیدی نوورسیی بەناوبانگ٢٩.
لەگەڵ ئەوەشدا، لقی داغستانیی نەقشبەندییە خالیدییەکان لە تورکیادا دەرباز بوو و هەر مایەوە. سەیفەدین، کە لە ساڵی ١٩٣٦دا کۆچی دوایی کرد و لە پاش خۆی دوو جێگرەوەی سەرەکیی هەبوو: عەبدوڵڵا داغستانی، کە لە دیمەشق نیشتەجێ بوو و لەوێ جێگرەوەکەی ئەم، کە شێخ نازم قوبروسیە و لە ئێستادا سەرۆکایەتیی لقێکی لاوەکیی ئەم تەریقەتە دەکات کە لایەنگران و شوێنکەوتووانی لە تورکیا و سووریا و لوبنان و قوبروس هەن٣٠ و محەممەد نەجاتی ئەفەندی پیاوێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشە کەوا بووژاندنەوەی نموونەکەی ئەبو محەممەد مەدەنیی گرتووەتە ئەستۆ لە جیهانی هاوچەرخدا چەشنی: دروستکردنی گوندێکی نەقشبەندی، لە نزیک ئەنقەرەوە لەگەڵ تەکێیەک بۆ مورید و شوێنکەوتووانی و نیشتەجێیەکیش بۆ شێخ. هەندێ لە شوێنکەوتووانی شێخ بە دەوری گوندەکەدا، لە کاتێکدا ئەوان کەوا کار و پیشەکانیان لە دادوەرەوە دەیگرێتەوە تا کرێکارێکی سادە، ڕۆژانە دەچوون بۆ کارکردن لە ئەنقەرە.
ژمارەیەک لە هێڵەکانی تر کە لە شێخ زیائەدین گویموشیخانێلییەوە بە ڕەچەڵەک هاتوونەتە خوارەوە و لە سەرەوە باسکران. یەکێکیشیان لە شێخ عەبدوڵڵای بێشکتاشدا کۆتایی دێت (لە ساڵێ ١٩٥٧دا مردووە)، کە وەک ئیمام کاری کردووە لە مزگەوتی یەحیا ئەفەندی و پێدەچێت ژیانێکی تا ڕادەیەک ئارامی بەسەربردبێت٣١ و کۆچی دوایی کرد بێئەوەی جێگرەوەیەک دابمەزرێنێت.
هێڵی گویمویشخانێلی گرنگترین و ناسراوترین لقە و کۆچکردوو محەممەد زاهید ئەفەندی (محەممەد زاهید کۆتکو) لەخۆدەگرێت، کە ئیمامی مزگەوتی ئەسکەندەر پاشا بوو لە ناوچە یان گەڕەکی فاتیحی ئەستەمبووڵ و لە ١٣ی نۆڤەمبەری ١٩٨٠دا کۆچی دوایی کردووە٣٢. عەبدولعەزیز ئەفەندیی ئیمامی ڕاستەوخۆی پێش ئەم هەوڵیدابوو بەرەوڕووی مەیل و ئاڕاستەی سەردەم ببێتەوە لە ڕێگەی وتاردان بۆ قوتابییان و گەنجانی زانکۆکان بۆ ڕۆشنکردنەوەی بیر و مێشکیان بە ئیسلام و بەمەش محەممەد زاهید ئەفەندی سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بەدەستهێنا و ئەو مزگەوتەی کە ئەم سەرەوکاریی دەکرد لە کۆتایی ١٩٦٠کاندا بوو بە سەنتەرێک بۆ ئەوانەی کە تووڕە و ناڕازی بوون بەو کەمە ڕۆشنبیری و بایەخە ڕۆحییەی کە دەیاندرایە بە دامەزراندی ئایدیۆلۆجی و دەیانخواست ڕێگەی خۆیان بدۆزنەوە بۆ بەرجەستە کردنی داب و نەریتی ئیسلامی. مزگەوتەکە بەردەوام بوو لەسەر جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکە تەنانەت لەدوای مردنی محەممەد زاهید ئەفەندیش. بۆیە قوتابییان و مامۆستایانی زانکۆ، هاوشان لەگەڵ کەسانی بیروکراتی و خاوەن و کار و فەرمانی بەرز زۆرینەی کۆڕ و کۆمەڵی محەممەد زاهید ئەفەندییان پێکدەهێنا.
نووسین: حامید ئاڵگەر
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق