تورکیا لە ئێستادا مەودایەکی بەرفراوان و جۆراوجۆری بڵاوکراوەی چالاکی ئیسلامی لەخۆدەگرێت کە لە هەر شوێنێکی تری جیهانی
ئیسلامی زیاترە.
بە شێوەیەکی گرنگ و بەرچاو لە ناو کۆڕ و کۆمەڵەکەی محەممەد زاهید ئەفەندیدا کەسایەتیی سەرکردەی پارتی سەلامەتی میللی Milli Selamet Partisi هەبوون وەک: نەجمەدین ئەربەکان، حەسەن ئاکسای، تۆرکوت ئۆزال و فەهمی ئەداک. ئەمەش چەندین چاودێری هێنایە سەر ئەو باوەڕ و قەناعەتەی کەوا محەممەد زاهید ئەفەندی بە “دەستی شاراوە” دابنێن لە پشتی ئەم حیزبەوە٣٣ و ئەوانیتریش وا مامەڵە لەگەڵ ناکۆکیی ناوخۆیی حیزبەکە بکەن وەک ململانێیەک لە نێوان هەردوو تاقمی نەقشبەندی و نورجوودا٣٤. بەڵام ئەربەکان نکووڵی لەوە دەکرد کە پارتی سەلامەتی میللی MSP حیزبێکی تەریقەت بێت و دوورە لەوەی کەوا کەسێکی دیاریکراوی وەک محەممەد زاهید ئەفەندی ڕەزامەندیی دەربڕیبێت لەسە هەموو ئەو مانۆڕە سیاسییانەی کەوا ئەربەکان تێکەڵی بووە و بەتایبەتی گۆڕینی هاوپەیمانێتییەکانی. ڕاستییەکەی، لە ١٠ی کانوونی دووەمی ١٩٧٠دا، محەممەد زاهید ئەفەندی کاتێ گوێی لەم نووسەرە بوو دەڵێ کە بەشداربوونی موسڵمانان لە سیاسەتدا هەڵەیەک بوو کرا و هەروەها لە ژێر سایەی ئەم بارودۆخەی کە لە ئێستای تورکیادا دەگوزەرێت ئەوە هەر هەوڵێک بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی سیاسیی ئیسلامی سەردەکێشێتەوە بۆ خوێنڕشتن و ئەنجامی سەرکەوتنیشی مسۆگەر نییە. لەجیاتی ئەوە وا باشتر بوو کەوا کۆمەڵگەی ئیسلامی سەرلەنوێ بە “نافەرمی” بنیات بنرێتەوە بە شێوەیەکی وا کە لە دواجاردا و بە حەتمی دەوڵەتێکی ئیسلامی لێوە پەیدا ببێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، پارتی سەلامەتی میللی MSP – لانی کەم لە چەمک و تێگەیشتنی بنەڕەتیدا – دەکرێ وەک پاشکۆیەکی سیاسی تەماشا بکرێت لەم پرۆسە کۆمەڵایەتییەدا، کە بەدڵنیاییەوە ئەو کار و کردەوانە ناکاتە دەرەوە کە تۆنی سیاسیی زاڵیان هەیە. محەممەد زاهید ئەفەندی لە ڕێنمایی کردنی شوێنکەوتووانیدا وای بە باش زانی، بۆ نموونە، تا چەند دەکرێت خۆ بە دوور بگرن لە کاڵا و شمەکی هاوردەکراو، بەتایبەتیش خواردن و جلوبەرگ. محەممەد زاهید ئەفەندی لە مزگەوتی ئەسکەندەر پاشا، عیزەت جۆشانی زاوای جێیگرتەوە کە پێشتر پرۆفیسۆر بوو لە فاکەڵتیی تیۆلۆجی (خوێندنی ئاینی – و) لە ئەنقەرە. مەودای کاریگەریی ئەم گرووپە نەقشبەندییە تا ڕادەیەک ڕووی لە کزی کرد لە ماوەی کارکردنی ئەمدا، بە هۆی گرژی و ئاڵۆزییەوە لەگەڵ نەجمەدین ئەربەکاندا کە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کانەوە هاتە ئاراوە.
بووژانەوەی سەرکەوتووانەی پارتی سەلامەتی میللی لە پاش ماوەیەک لە سەپاندنی قەدەغەی سەربازی و لە ژێر ناوی پارتی ڕەفادا Refa partisi وا دیارە ئیلهامبەخشی پلەیەکی متمانە بەخۆکردنی ئەربەکان بوو کەوا نەیهێشت هەمان ئەو پلەیەی ڕێز و دڵسۆزی ببەخشێتە عیزەت جۆشان کەوا دابوویە زاهید ئەفەندی و هەندێک ئاماژە هەن کەوا ئەربەکان کەڵکەڵەی سەرکردایەتیی ئاینی و بە هەمان شێوە سیاسیشی کەوتووەتە سەر بۆ موسڵمانانی تورکیا٣٥.
بەڵگەیەک هەیە لەسەر کزبوونی کاریگەریی عیزەت جۆشان، ئەگەرچی هێشتا هەر تینێکی تێدا مابوو، ئەویش دابەزینی ئاستی بڵاوبوونەوەی گۆڤاری ئیسلام بوو، کە لە ژێر چاودێریی ئەودا بڵاودەکرایەوە و سەروەختێک بەربڵاوترین گۆڤاری دەوریی تورکیا بوو لە خوێندنەوەدا.
بەڕێخستن و پرسەی محەممەد زاهید ئەفەندی (کە زیاد لە ٣٠ هەزار کەس تێیدا بەشدار بوو)، کە شێخێکی تری نەقشبەندیی ئەستەمبووڵ بە ناوی محەممەد ئەفەندی سەرپەرشتیی دەکرد و ئیمامی مزگەوتی ئیسماعیل ئاغا بوو لە چارشەمبە. پیاوێکی بە بنەچە خەڵکی ئۆف، کە ناوچەیەکی کەناراوەکانی دەریای ڕەشە و بەوە ناوی ڕۆیشتووە کە ناوچەیەکی موحافزەکاری ئاینییە و ئەم پیاوە خەلیفەی عەلی حەیدەر ئاهیشێڤی بوو (کە ساڵی ١٩٦٠ مردووە) و لە پاش کارێکی پڕ تەدریس و ڕێنمایی تۆکمە و زیرەکانە لە دوادوایی ساڵانی دەوڵەتی عوسمانیدا ئەو ساڵانەی کە لە ژیانیدا مابوو بە شێنەیی تەرخانی کردبوو بۆ ڕێنمایی و ڕاهێنانی هەزاران مورید، تەنها لەو ماوانەدا نەبێت کە ناوبەناو زیندانی دەکرا و بچڕانی تێدەکەوت٣٦. بە دیاریکراوی موسڵمانە چالاکوانەکان سەرزەنشتی محەممەد ئەفەندی دەکەن بە چاو خستنەسەر وردەکارییە دەرەکییەکان. بەهەرحاڵ، شوێنکەوتووانی لەسەر ئەم بڕیارەی دەستگرتن بە ڕواڵەتە دەرەکییەکانەوە کە پێوەرەکانی کۆماری تورکیا لەکەدار دەکات وەک هۆکاری گرنگی چاندنی شوناسی ئیسلامی. بە هۆی ئەم جەختكردنەوەیە لەسەر پابەندبوون و دڵسۆزی بۆ شەریعەت وەک ڕەگەزی سەرەکیی ڕەوت و ڕێبازی نەقشبەندی و شانبەشانی ئەولەوییەت و پێشەنگیی ئیرشاد و ڕێنمایی زارەکی و پەیوەندیی شەخسی، تا حاڵی حازریش، محەممەد ئەفەندی دەستی لە کتێب نووسین نەگرتووەتەوە. بەهەرحاڵ، لە ئێستادا و بەگوێرەی قسەی مورید و شوێنکەوتووانی لە ئەستەمبووڵدا خەریکی نووسینی تەفسیرێکی چەند بەرگییە بۆ قورئان.
گەلێ لەو شێخانەی لەسەرەوە باسکراون مورید و شوێنکەوتووی خۆیان بووە کە لە سەرانسەری تورکیادا بڵاوبوونەتەوە و خەلیفەی خۆیانیان دامەزراندووە کەوا لەبریی خۆیان کار بکەن لە شارە جۆراوجۆرەکاندا. شێخە نەقشبەندییەکانی تری سەردەمی کۆماری ڕێگرییەکی زیاتریان لەسەر بوو لە بواری پیادە کردنی کاریگەریدا، لە شارێک و دەوروبەریدا، یان هەندێ جاریش لە ویلایەتێکدا. ئەم حاڵەتە لە شێخ ئیسماعیلی سیواس ڕوویدا (کە لە ساڵی ١٩٦٠دا مردووە و بە پێی قسەی هەندێک خەلیفەی لە دوای خۆی بەجێنەهێشتووە و بە پێی قسەی هەندێکی تر جێگرەوەکەی شێخ حەمیدی دارەندەیە)، هەروەها شێخ محەممەد لوتفیی ئەرزنجانیش (کە ساڵی ١٩٥٦ مردووە بە بێ دانانی جێگرەوەیەک)٣٧. هەروەها ژمارەیەکی زۆری تری شێخە نەقشبەندییەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئەنەدۆڵ دەکەونە ناو چوارچێوەی ئەو شێخانەوە کەوا کاریگەرییان لە هەرێم و ناوچەکانی خۆیاندا دیار و ئاشکرا بووە و سەرەڕای ئەوەش هەندێکیان ناوبانگی بەرچاویان هەبووە لە ناوچە کوردییەکانی پشت سنووری تورکیاوە. لە ناو ئەو شێخانەدا هەیانبووە بایەخ و گرنگییەکی بەرچاویان بووە وەک شێخ زیائەدینی نوورسینی (حەزرەتی نوورسین) و ئەوانی لە زنجیرەی ئەو هاتوونەتە خوارەوە، وەک مەلا محەممەد ئەمین و شێخ تەها و شێخ ئەحمەدی خەزنەوی، کە لە پاش قەدەغە کردنی تەریقەت و ڕێبازە سۆفییەکان لە تورکیا هەڵات بەڵام ژمارەیەک خەلیفەی لەوێ دانا و شێخ سەعیدی سەیفەددینی جەزیرە (کە ساڵی ١٩٧١ مردووە) و نووروڵڵای کوڕیشی٣٨. هەروەها شێخانی کوردی ڕێبازەکە هەن لە موتکی و وان و دیاربەکر و هەکاری. تا ڕادەیەک فرەیی شێخەکان لە ناوچە کوردییەکاندا بە بێ گومان دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی تایبەتی و بەردەوامی مەولانا خالید بەسەر هاووڵاتییە کوردەکانییەوە و لە هەمان کاتیشدا کەمیی سەپاندنی توندوتیژی ئیجرائاتی دژە تەریقەت لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا (ئەمەش لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر).
شێخێکی کورد کە ناوبانگێکی گەورە و بەرفراوانی بەدەستهێنابوو لە سەرانسەری تورکیا لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا ڕەشید ئەفەندیی ئەدیامان بوو، کەوا عەبدولکەریم ئەفەندیی باوکی بوو بە یەکێک لە خەلیفە سەرەکییەکانی شێخ ئەحمەدی خەزنەوی لە تورکیادا٣٩. ڕەشید ئەفەندی دەیتوانی ڕاشکاوانە خەڵکی بەد و خراپەکار ناچاری ئەوە بکات کە بێتە سەر ڕێی ڕاستی و پاکی لە ژیاندا بەوەی چاو ببڕێتە ناوچاویان و لەبەر ئەم خەڵاتەی چاکسازیی چەسپاوەی مۆراڵ و ڕەفتارە پۆل پۆل هەزاران کەسی بەکێش دەکرد بۆ ئەدیامان٤٠. لە لایەکەوە، ئەم سەرکەوتنە وای لە نەقشبەندییەکانی تر کرد کە سەرکۆنەی بکەن لەسەر پشتگوێخستنی شێوازەکانی تەمەسوک و پابەندبوون و لە لایەکی تریشەوە ئەمە دەسەڵاتدارانی ناچار کرد کە لە ١٩ی ئابی ١٩٨٣دا دووریبخەنەوە بۆ چەناقەڵا، بەوەی کەوا “سووکایەتیی بە ئاسایشی نیشتمانی و نەزمی گشتی دەکات” وەک پاساوێک بۆ ئەو کار و کردەوانە٤١. کاتێ کە لێشاوی شوێنکەوتووان و دڵسۆزانی کەوتنە ناڕەزایی دەربڕین بردیانە دوورگەی ئیمرۆزی نزیکی ئەو ناوە و هەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵ دەرەوەدا بڕی. ئەم ماوەیەی دوورخستنەوەی بێئەقڵانە بوو و کاریگەریی نەڕەواندەوە. ڕەشید ئەفەندی لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٣دا کۆچی دوایی کرد و ژمارەیەک خەلیفەی چالاک لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی تورکیادا و لەنێویاندا ئەستەمبووڵیش جێگەیان گرتەوە٤٢. هەندێک لە نەقشبەندییەکانی تر سەرکۆنەی ڕەشید ئەفەندییان دەکرد بەوەی فۆرم و شێوەکانی هاتنە ناو تەریقەتەکەی فەرامۆش کردووە و بەوەی کەوا پەیڕەوی ڕابیتەی خراپ لێکداوەتەوە.
دەربڕینێکی تری بەردەوامیی ئامادەگیی نەقشبەندی لە تورکیای نوێدا پەیدابوونی ئەوەی کە ئێمە تەنها بە “تایفەی ئاینی” ناویان دێنین لە لایەن شوێنکەوتووانی دوو شێخەوە و ئەوانیش: سولەیمان ئەفەندیی توناهان (ساڵی ١٩٥٩ مردووە) و عەبدولکەریم ئەرڤاسی (ساڵی ١٩٤٣ مردووە). ئێمە وشەی (تائیفەsect ) لەبەر دوو هۆکار بەکاردێنین، یەکەم لەبەر ئەوەی ئەو شێخانەی لێرەدا ناویان هاتووە بەپێی نەریتی باو بێ دانانی خەلیفە یان جێگرەوە بۆ خۆیان کۆچی دواییان کردووە و بەو پێیە بەردەوامیی بوون و ئامادەگیی کۆڕ و تاقمێکی دڵسۆز و خۆتەرخانکردوو بۆیان لە پاش مردنیان ڕێنمایی ناکرێن وەک درێژکردنەوەیەکی سانای هێڵی تەریقەتەکەیان. دووەم بە هۆی ئەوەوە کە ئەوان یان هاوڕێبازە نزیکەکانیان خاڵی جەختکردنەوەی نوێیان هێناوەتە پێشەوە کە هەڵدەکشێن بۆ خاڵێکی چەقی مەزهەبی و دەبنە بۆنە ململانێ و دەمتێگیران لەگەڵ گرووپەکانی تردا.
سولەیمان حیلمی توناهان ساڵی ١٨٨٨ لە سیلیسترە لەدایکبووە، بەڵام لە ئەستەمبووڵ خوێندوویەتی لە مەدرەسەی سولەیمانییە و بە قازی دەرچووە. لە پاش وەستان و بچڕانی ڕاستەقینەی خوێندنی ئاینی لە ماوەی یەکەم دوو دەیەی کۆماردا، سولەیمان ئەفەندی ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆی خۆی بۆ دروستکردنی تۆڕێک لە خوێندن و ڕێنمایی قورئانی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەنەدۆڵدا. ئەمەش دوو سزای زیندانی کردنی دا بە کۆڵدا، لە ساڵانی ١٩٣٩ و ١٩٤٤دا. لە ساڵی ١٩٥٧دا، حکوومەت هەوڵیدا سیناریۆکەی مەنەمەن دووبارە بکاتەوە و کەسێکی نەناسراو وەک مەهدی خۆی ڕاگەیاند لە ئوڵوو جامیع لە بورسە و بەدوایدا سولەیمان ئەفەندی گیرا وەک پلانی بۆ دانرابوو لە ڕووداوەکەدا و لە پاش چەندین مانگ لە زیندان بەردرا و دواجار لە ١٦ی سێپتەمبەری ١٩٥٩دا کۆچی دوایی کرد٤٣.
ڕابەری کردنی شوێنکەوتووانی لە پاش مردنی سپێردرا کە کەمال کاچاری زاوای، کە بۆ ماوەیەک نوێنەری کوتاهیە بوو لە پەرلەماندا و بەردەوام بوو لە سەر کاری قوتابخانە قورئانییەکان و بەرفراوانی کرد بۆ ئەوەی سەرانسەری ئەنەدۆڵ بگرێتەوەە. ئەم قوتابخانانە بووبوونە بابەتی مشتومڕ لەسەرکردن، نەک لەبەر ئەوەی کە دروستکرابوون بۆ ڕکابەرییەکی بەئەنقەست لەگەڵ قوتابخانەکانی پێگەیاندنی ئیمام و خەتیب imam – hatip okullan کە وا هەست دەکرا خوێندنێکی کەم و کورتی ئیسلامی تێیاندا بەڕێوەدەچوو کە بە شێوەیەکی زیمنی دەبووە هۆی قبووڵ کردنی تێزی سێکولاریزم (عەلمانی). سەرەڕای ئەوەش، ئیددیعاگەلێکی تایبەت دەهێنرانە گۆڕێ سەبارەت بە پێگەی ڕۆحیی سولەیمان حیلمی، بۆ نموونە وەک دەگوترا کەوا ئیددیعای “میراتی پێغەمبەرایەتی دەکات” (فەراسەتی نبووەت) و “ئاڕاستە کردنی ڕۆحیی چەرخ و سەردەم” (asrimizin tasarrufu)٤٤. زیاد لەوەش، ئەمیش وەک مەولانا خالید لە سەردەمی ژیانی خۆیدا ڕێنمایی داوە بەوەی کە دەبێت ڕابیتە تەنها لەگەڵ خۆیدا پەیڕەوی و پراکتیزە بکرێت و شتێک کە برەوی پێدەدرا ئەو مقۆمقۆیە بوو کە هیچ بناغەیەکی ڕاستی نەبوو گوایە شوێنکەوتووانی هەمیشە پێش بەجێهێنانی فەرزی نوێژەکانیان تەماشای وێنەیەکی ئەویان دەکرد. ئەو لای شوێنکەوتووانی باوەڕیان وایە کە “مۆری ئەولیای پێوەیە” و بۆ نموونە بۆ ئەوەی قددیسی و پیرۆزی بگاتە کۆتایی و بەو پێیە تەنها لە ڕێگەی ئەمەوە دەگەیتە نهێنی و دەوڵەمەندیی ڕەوت و تەریقەتی نەقشبەندی و بەو ڕەنگە هەموو داواکارییەکان بۆ شێخایەتی لە چەرخی ئێستادا وەک فێڵ و چاوبەستیی هەستپێکراو یان هەستپێنەکراو دەردەکەوێت٤٥.
تێڕوانینێکی هاوشێوە کەوا بەرەکەت، یان هێزی پیرۆزی نەریت و ترادیسیۆنی نەقشبەندی شەکەت و بێهێز بووە و بەو جۆرە هەموو ئەوەی کە ماوەتەوە بکرێت چەسپاندنی چاوتێبڕینە بۆ سەر دوا نوێنەری هێڵەکە، وەسفکردنی دووەم تایفە sect و ئیشکچیلەر وەک موریدێکی شێخ عەبدولحەکیم ئەرڤاسی ناوزەد کرا، لە پاش حوسەین حیلمی ئیشک. ئەرڤاسی سەر بە بنەماڵەیەکی کوردە کە نەریتێکی دوور و درێژی هەیە لە سۆفیگەری و عالم یان زانای ئاینیدا و باوباپیرانی بۆ چەندین پشت لە سەر تەریقەتی قادری بوون، بەڵام وەک گەلێ لە بنەماڵە شێخەکانی کورد پابەندیی خۆیان گۆڕیوە بۆ تەریقەتی نەقشبەندی هەر زوو کاتێ کە مەولانا خالید دەرکەوتووە. ئەرڤاسی لە ساڵی ١٩١٩دا هاتووە بۆ ئەستەمبووڵ و بە پۆستنشین دامەزراوە لە تەکێی مورتەزا ئەفەندی (کە بە کە بە کەسگەریش ناوی دەرکردبوو) لە نزیک ئەیووبەوە، کە دامەزراوەیەکی نەقشبەندییە. تەکێکە زۆرێک لە شوێنکەوتووانی دڵگەرمی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و تەنانەت پاش ئەوەی کە داشخرا، شوێنکەوتووان هەر بەدوای ئەرڤاسییەوە بوون لە ماڵەکەی خۆیدا لەو نزیکانە. ئەرڤاسی دوو جار بەند کراوە، یەکەمیان لە ساڵی ١٩٢٥ و پاشانیش لە ساڵی ١٩٣٣دا و لە ساڵی ١٩٤٣دا دوورخرایەوە بۆ ئیزمیر و لەوێ تەنها چەند مانگێک ژیا و لە هەمان ساڵدا کۆچی دوایی کرد و لە گوندی باغڵەمی نزیک ئەنقەرە بە خاک سپێردرا٤٦.
جەختکردنەوەی عەبدولحەکیم ئەرڤاسی لەسەر پارێزگاری کردن بوو لە باوەڕی توند و تۆکمەی سوننی و شەڕ و ململانێی پڕ مشتومڕی نەک تەنها لەدژی “سێکولاریزم”ی کۆمار بەرپا دەکرد، بەڵکو لەدژی شیعەگەری و وەهابی و ئەوەی کە بە قوتابخانەی سەلەفیی ئەفغانی و عەبدە ناوزەد دەکرا و هەر دەربڕین و ڕاگەیاندنێکی کە بە شێوەیەکی بەربڵاو بە “ڕیفۆرمیزم” (چاکسازی reformluk) ناوی دەهات.
ئەم هەڵوێستە موحافزەکارە بەرتەسکە هەڵکشانێکی (زانایانی کلاسیکی ئیسلامی سوننە ehli sunnei ulemasi) لەخۆگرت و کارکردنیان بۆ پێگەیەکی ڕەهای دەسەڵات و توانا و کاراییەکی ئەبەدی و لێرەدا بەتەواوی گونجاوە کە قسە لەسەر ئاڕاستە بەرەو ڕابردوو بکرێت. ئەم ئاڕاستەیە هێز و گوڕی خۆی لەو قەناعەتەوە پەیدا کردووە کەوا خەتی نەقشبەندی لە واقیعدا هاتووەتە کۆتایی و وەک ئیشک باسی دەکات کەوا نووری پێغەمبەر بۆ ماوەی هەزار ساڵ درەوشاوەتەوە و پاشان سەرلەنوێ لە لایەن شێخ ئەحمەدی سرهندی گەڕاوەتەوە و پرشنگی داوەتەوە، بەڵام دیسان جارێکیتر خەفە دەبێتەوە بەبێ دەرکەوتنی نوێکەرەوەیەک لەم بوارەدا٤٧. ئەوەی کە ماوە بکرێت لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەیە لە کار و بەرهەمی ڕابوردووی عولەماکان وەک ئەوەی تێکستی پیرۆز بن، بۆ ڕاییکردن و بەڕێوەبردنی ململانێ و مشتومڕ لەگەڵ هەموو ئەوانەی کورت دەهێنن لە پێناسەی ئیشکچیدا سەبارەت بە ئوسووڵییەتی سوننی و بۆ شکۆ و شانازی دانان بۆ یاد و یادەوەریی عەبدولحەکیمی ئەرڤاسی.
پاشان دەبینین کەوا ڕێبازی نەقشبەندی ڕوون و ئاشکرا لە تورکیادا پارێزراوە و ماوەتەوە، لە ناوچەی جۆراوجۆر و لە پلە و ئاستی جیاجیای گوڕ و چالاکیدا. ڕاستیی سادە و ساکاری مانەوەی – سا ئەگەر نەقشبەندی بێت یان دینداریی ئیسلامی و دڵ و دەروون گەرمی بێت بەگشتی – بەتوندی جێی سەرسوڕمانە، هەرچەندە زۆرێک لە شیکارییەکانی ڕۆژئاواش پێدەچێت وای ببینن. پەیوەندیی هەزارەی تورکەکان لەگەڵ ئیسلامدا بەزەحمەت لە پەنجا ساڵدا دەسڕێتەوە و لەناودەچێت لەلایەن وەک بڵێی خەڵکی ئاسایی و حکوومەتی دەستەبژێر و ڕێبازە سۆفییەکانەوە، وەک توخمێکی گەوهەری لە ژیانی ئاینیی نەریتیی تورکدا و لە ڕاستیدا بەستراون بە هێشتنەوەی بە مانەوەی بێبەشکردنیانەوە. ئەم مانەوەیە ناتوانرێت بە ئەنجامی “قەیرانی شوناس یان ناسنامە” دابنرێت، یان وەک کاردانەوەیەکی ڕۆحە سادە و بێگوناهەکان بۆ “ئاڵۆزیی مۆدێرنەبوون”٤٨. هەروەها بە نیشانەی لاوەکیی پەرەسەندنە کۆمەڵایەتییە ئابوورییەکانیش دانانرێت و تەریقەتە سۆفییەکان دەکرێ لە شارەکان و شارۆچکەکان و گوندەکان بن و ئەندامەکانیان لە کەسانی دەوڵەمەند و هەژار و خوێندەوار و نەخوێندەوار بن و بەو پێیە ڕۆڵێکی تەواوکەر دەگێڕن لە کۆمەڵگەیەکی تەواو بچڕبچڕ و پاڕچەپارچەدا٤٩.
ئەوەی کە زۆر گرنگترە لە تەنها تۆمار کردنی حەقیقەتی دەبازبوون و مانەوە و ئاماژەی پێبکرێت، یەکەم سەرکەوتنی ڕێژەیی تەریقەتی نەقشبەندی لە ناو تەریقەت و ڕێبازەکانی تردا بۆ مانەوە و دەربازبوون لە دەست قەدەغە کردنەکە و دووەم سروشت و گرنگیی ئەو دەربازبوون و مانەوەیە.
لێرەدا گومانی تێدا نییە کەوا خالیدییە نەقشبەندییەکان زۆر سەرکەوتووانەتر لە هەر تەریقەتێکی تر لە ڕووی فشار و گوشاری ماوەی کۆمارییەکاندا وەستانەوە و بەرگەیان گرت. لەم ڕووەوە قادرییەکان و خەڵوەتییەکان و ڕەفاعییەکان و مەولەوییەکانیش هەبوون بەڵام بە ژمارەی زۆر کەمتر و بەڵگە و ئاماژەی بایەخی گەورەتری نەقشبەندییەکان ئەوەیە کەوا ئەوان بەرگەی قورسایی چەوساندنەوەی دژە سۆفییان گرت لە ماوەی کۆمارییەکاندا. بەردەوام هەندێ بابەتە نووسینی بچووک لە ڕۆژنامەکاندا دەردەکەوتن و ڕاپۆرتیان لە شوێنێکی دیاریکراو دەدا کەوا نەقشبەندییەکان بووبوونە مایەی سەرسوڕمان لە کاتێکدا قووڵیی باوەڕ و دڵسۆزیی خۆیان نواندبوو و وەک ئەوەی ئەڵقەیەکی مەترسیدار بن لە پیلانگێڕیدا دەسگیر کرابوو٥٠. ئەم پێشەنگییە لە ناو ڕێبازەکانی سۆفیگەریدا بەتەنها ناگەڕێتەوە بۆ ژمارە لە باڵادەستیی پێگەی نەقشبەندییەکان لە سەرەتای سەردەمی کۆمارییەکاندا. وەک پێشتر تێبینیی دەکرا کەوا قەدەغە کردنی تەریقەتەکان زۆر کاریگەرانە بوو لەوەی کۆتایی بە ژیانی تەکێکان بهێنێت – تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیشدا. بەهەرحاڵ، نەقشبەندییەکان بە شێوەیەکی تایبەتی توانییان دەسبەرداری تەکێ ببن کەوا نە ئەو سەمایەی مەولەوییەکان و نە ئەو پاڵەوانبازییە دراماتیکییەی ڕەفاعییەکان نمایش بکەن، بەڵکو پێویستییان بە ئەنجامدانی هیچ سرووت و ڕێوڕەسمێک نەبوو بۆ ئەداکردنی زیکری بێدەنگ لە پیادە و پراکتیزە کردنی جیاکاری ناوەندییاندا.
زیکری بێدەنگ لە خۆیدا خۆ حەشاردان و دەرنەخستنی ناسنامەی پێ پەسەندترە. جامی (کە ساڵی ١٤٩٢ مردووە) پێناسەی باری ئایدیاڵ و نموونەیی کەسێک دەکات لە نمایش و ئەدای زیکری نەقشبەندیدا وەک تێکڕا تۆمارێک لە زیکردا بە بێ ئەوەی دراوسێکەی ئاگای لە حاڵەتی ئەم بێت٥١. سەبارەت بە کۆڵەکەی دووەمی سرووت و ڕێوڕەسمی خواپەرستیی نەقشبەندی کە ئەویش سوحبەتە (صحبه) (واتە دیندار و خواپەرست لە هاوڕێتی شێخەکەیدا دەمێنێتەوە و سوود لە ئامادەبوون و ڕا و ئامۆژگارییەکانی دەبینێت) و ئەمەش دەکرێ لە مزگەوت یان ماڵ و شوێنی نیشتەجێبووندا ئەنجام بدرێت بە ئاسانی لەگەڵ خەڵکی دەوروبەر و بەشداربوونیاندا. هەمان شت دەکرێت لە خەتمی خواجەگاندا khatmi Khwajagan ئەنجام بدرێت، واتە بە دەنگی بەرز خوێندنەوە و چڕینی نزا و پاڕانەوەی نەریتیی نەقشبەندی.
بەڵام ئاخۆ ناوەرۆکی دەربازبوون و مانەوەی نەقشبەندی چیبێت؟ ئەوەی بەردەوام بووە لە پاڵنەری بنەڕەتیی خالیدیدا، دڵگەرمیی سەربازییانە بوو داڕشتن و بەردەوامی پێدانی باڵادەستیی شەریعەت بوو؟ لەم ڕووەوە، ئاخۆ پلە و ئاستی فێربوونی زانستەکانی شەریعەت ئێستا زاڵە لە ناو شێخە نەقشبەندییەکاندا و هەمان شتە لەگەڵ سەدەیەک لەگەڵ سەدەیەک لەمەوپێشدا؟
لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا، ئێمە پێویستە بە ڕوونی باس لە دابەزین و لێژبوونەوەیەک بکەین. مەسەلە ئەوە نییە کەوا تەقوا و خواپەرستی کەمی کردبێت و شێخەکان نەتوانن ڕێنمایی شوێنکەوتووانیان بکەن بۆ ڕێگای درککردنی ڕاستەوخۆی حەقیقەتی ڕۆحی و چەسپکردنی هەمیشەیی مۆرکی ناوی خواوەند لە دڵیاندا – کە ئەمەیان پێش هەموو شتیک ئامانجی کۆتایی ڕێگەی نەقشبەندییە. دابەزین و لێژبوونەوە تا ڕادەیەک لە دوو کایەی جمکدایە کە فێربوون و چالاکیی کۆمەڵایتی – سیاسییە. لە پاش تێکشکاندن و لەناوبردنی خوێندنی ئاینی لە قۆناخی سەرەتای سەردەمی کۆماریدا، گەلێ لە شێخە نەقشبەندییەکان ئەرکی هێشتنەوە و پاراستنی خوێندنی ئیسلامییان لەئەستۆگرت لە تورکیادا. لە کاتێکدا کەوا چینی “عولەما” بە ئاسانییەکی تەواو لە لایەن دەوڵەتەوە دەکرا بتوێنرێتەوە کە هەمیشە پابەند بوون پێیەوە، بەڵام تەریقەتەکان، بە سەربەخۆییان و نزیکییان لە خەڵکەوە، ئەوە شتێکی تر بوون. (پەرەسەندنێکی هاوشێوە ئاشکرا و بەرچاوە لە یەکێتیی سۆڤیێتدا و لەوێش دیسان تەریقەتەکان – بەتایبەتیش نەقشبەندی – هەوڵیاندا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە هەڵوەشاندنەوەی مەدرەسەکان medrese بەجێیانهێشتبوو٥٢).
بەڵام دەقێکی Nachwuch ی (لەوە دەچێت نصوص بێت – و) کەم لەم گواستنەوەی خوێندنی ئاینییەدا هەیە و نەریت هێڵراوەتەوە وەلێ لە لاوازترین فۆرمیدا. ئەوە ڕاستییەکی حەتمییە کەوا زۆر بەدەگمەن تاکە کارێکی سەرەکی لە زانستی ئاینیی ئیسلامیدا لە لایەن نەقشبەندییەکانەوە نووسراوە لە سەردەمی کۆمارییەکاندا. بێگومان لێرەدا نەقشبەندییەکان هاوبەشی چارەنووسی کۆمەڵگەی موسڵمانی تورکیا بوون کە بەشێک بوون لێی و ڕەنگە کەمالیزم خوێندنی ئیسلامیی لە تورکیادا بەتەواوی نەکوشتبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێدەچێت پەکیخستبێت و ئیفلیجی کردبێت.
سەبارەت بە بەرهەڵستیی توندی نەقشبەندی بۆ بنەما سیاسی و ئایدیۆلۆجییەکانی کۆماری، ئەمە بەتەواوی دەگمەن بوو. ڕەنگە ئەوە ڕاستتر بێت – بەتایبەتی بۆ یەکەم چل و ئەوەندە ساڵی کۆماری – کە قسە لە سەر بەرگرییەکی سەرسەختانەی پاسیڤ بکرێت و خواستی پارێزگاریی کانیاوی هۆشیاری و پەیڕەوی ئیسلامی بکرێت لە وێرانەخاکی کەمالیزمدا، بە تەنها هەوڵدانی جارجار و جۆرە شەرمنییەکەوە بۆ زیاد کردنی ڕووبەری چاندن و سەوزایی. تێهەڵکێش بوونی سیاسیی گرووپەکانی وەک سولەیمانچیلار و ئیشکچیلار، هەرچییەک بووبێت دید و ڕوانگەی تایبەتییان سەبارەت بە دامەزرێنەری کۆماری تورکیا و ئایدیۆلۆجیاکەی، لە هەر هەڵبژاردنێکدا قەدەغەی دەنگدانیان خرابووەسەر، یەکەمجار بۆ پارتی داپەروەری و پاشان بۆ پارتی ئەنەڤەتەن Anavatan (نیشتمانی دایک) کە لە لایەن تورگوت ئوزالەوە دامەزرابوو.
سەبارەت بە پارتی سەلامەتی میللیش، (کە ڕەنگە وا لەقەڵەم بدرێت، کە بە کوالیتییەکی تایبەتەوە، وەک پرۆژەیەکی نەقشبەندی دەستیپێکردبێت) و جێگرەوە هەمیشە جەماوەرییەکەی، پارتی ڕەفا، زەمینە هەیە بۆ لەقەڵەمدانیان وەک تەواوکەر، ئەگەرچی هێشتا هەر بەشێکی ڕکابەر بوو بۆ ئەو پێکهاتە سیاسییەی کە لەئارادا بوو. هەڵبەت وەک مەسەلەیەک، ئەربەکان و هەموو ئەندامانی پەرلەمان ناچار کران کە سوێندی ملکەچی بۆ دەستوورێک بخۆن کە هێشتا هەر “سێکولاریزمی” سەرپشک کردووە کە بەشدار بێت لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی مەزاری مستەفا کەمالدا. وەک ئەمە هەمووی بەس نەبێت، ئەربەکان جارێکیان وای بۆچووبوو کەوا ئەگەر دامەزرێنەری کۆماری تورکیا تا ئێستا زیندوو بوایە، ئەوە لە پارتی ڕەفادا خۆی تۆمار دەکرد و بگرە سەرنجیشی لەسەر ئەوە دەدا کەوا ئاخۆ ئەمە پرەنسیپ و بنەمای ئەو سێکولاریزمەیە کە ئەم و حیزبەکەی ڕقیان لێدەبووەوە بەڵکو شێوازێکە بۆ جێبەجێ کردن. هەڵبەت ئەم قسەیە لە ڕووی تاکتیکەوە ئیلهامبەخش بوو، بەڵام قورسە جێی دڵنیایی بێت. ئەم تەواوکارییە سەرەتاییەی پارتی ڕەفا لە پێکهاتەی کۆماری تورکیادا هەڵبەت کارئاسانیی بۆ دەکرێت بە شلکردنەوەی کۆت و بەندە تایبەتەکانی کەمالیستەوە. گرتنی نەقشبەندییەکان لەسەر بەستنی کۆبوونەوەی دڵسۆزانەیان وا دیارە بووە بە بەشێک لە ڕابردوو و بوون و مانی نەزم ڕاستییەکی قبووڵکراوە بۆ هەمووان بەڵام زۆربەی بەشە سەرسەختەکەی بیر و بۆچوونی سێکولاریستە – هەرچەندە هێشتا بە شێوەیەکی بەرفراوان بە باشی جێگەی تێگەیشتن و ڕاڤەکردن نییە. بەم ڕەنگە پێویستی بە بوێرییەکی تایبەت نییە لە لایەن ئەیوب ئاشیکەوە، کە دواتر بوو بە سکرتێری گشتیی پارتی ئەنەڤەتەن بۆ ئەوەی ڕاشکاوانە و ئاشکرا لە مایسی ١٩٨٨دا ڕایبگەیەنێت کەوا “من نەقشبەندیم”٥٣. ئەمە لەگەڵ ئاماژەی ئەو کاتەدا یەکیگرتەوە کەوا زۆرێک لە شێخە نەقشبەندییەکان لە ئامادەبوونێکی بەرچاودا بوون بۆ پرسە و بەڕێخستنی تورگوت ئۆزالی سەرۆک وەزیران لە نیسانی ١٩٩٣دا٥٤.
ئەمە ڕێک و ڕەوان ئەم کرانەوە ڕوو لە زیادییە بوو لە کۆمەڵگەی تورکیدا، هاوشان لەگەڵ بەرفراوانبوونی جۆراوجۆری لە هۆشیاری و دەربڕینی ئیسلامیدا، کە وا دیارە یەکیدەگرتەوە لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕۆڵی نەقشبەندی و (پێش ئەوەش ڕۆڵی ڕێبازە سۆفیگەرییەکانی تر). تورکیا لە ئێستادا مەودایەکی بەرفراوان و جۆراوجۆری بڵاوکراوەی چالاکی ئیسلامی لەخۆدەگرێت کە لە هەر شوێنێکی تری جیهانی ئیسلامی زیاترە و بریتییە لە: چوار ڕۆژنامەی ڕۆژانە، کۆمەڵە گۆڤارێکی دەوریی هەفتانە و مانگانە کە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوە هەنووکەییەکاندا دەکەن، چەندین گۆڤاری وەرزی کە مامەڵە لەگەڵ مەسەلە تیۆری و فەلسەفییەکاندا دەکەن، چاپەمەنیی نوێی دەقە کلاسیکییەکان، لێشاوێک وەرگێڕان لە عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و فەرەنسییەوە و توێژینەوە لەسەر ڕابوردووی عوسمانی و ئیسلامی و دواجاریش کار و بەرهەمەکانی ڕۆشنبیرە تورکە موسڵمانە هاوچەرخەکان کە قەرزاری نەریت و ترادیسیۆنی تایبەتی یان قوتابخانەی بیر نین. هەڵبەت ئەگەرێکی دوورە کەوا دەنگی شێخە نەقشبەندییەکان ببیسترێت – کە لە گەلێ حاڵەتدا کەسانی نادڵنیا و دوودڵن – و دەکرێ بێن و باڵادەست بن بەسەر ئەم ژمارە زۆرەی داواکاریی ڕەسەنایەتیی ئیسلامیدا و ئەگەری زیاتریش هەیە کەوا ڕێبازەکە تەنها ئەوانە ڕادەکێشێت کەوا بە میزاج ڕاکێشراونەتە ناوجەرگەی ڕێوڕەسمی نەریتیی سۆفیگەرییەوە. ئەگەر ئەمە مەسەلەکە بێت، ئەوە تەریقەتی نەقشبەندی بە شێوەیەکی سەرەکی وەک پردێک تەماشا دەکرێت لە نێوان سەردەمی عوسمانی و ڕابوونی هەنووکەی ئیسلامی لە تورکیادا – کە لە خۆیدا کارێکی گەوهەری و جێمتمانەیە.
سەرنج و تێبینییەکان:
١ – لێکۆڵینەوەی تەواو و گونجاو نییە لەسەر ڕێبازی نەقشبەندی، کە بە گشتی و هەمەلایەنە جیهانی ئیسلامیی گرتبێتەوە. بەهەرحاڵ، بڕوانە وتارەکەی من “ڕێبازی نەقشبەندی: توێژینەوەیەکی ڕێخۆشکەر بۆ بایەخ و مێژووەکەی”، گۆڤاری لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکان…“The naqshbandiyya Order: A Preliminery study of its history and Significance”, Studia Islamica, XLIV (1976), pp. 123 – 152.٢ – بۆ نموونە، بڕوانە موحەممەد موراد بوخاری “الرساله النقشبندیه” ….“ar – Risala an- Naqshbandyyia”. Ms. Murat Buhari (Suleymaniye) 206, f. 2b.٣- سەبارەی بە گرنگی و بایەخی ئەبوبەکر بۆ ڕێبازی نەقشبەندی، بڕوانە شێخ ئەحمەد سرهندی “مەکتوبات” (ساڵی ١٣٩٢/ ١٩٧٢ لە کەراچی چاپکراوەتەوە)، ١، ل ١٠٩.“Maktubat” n.d., (reprinted Karachi, 1392 / 1972), 1, p. 109.٤- بڕوانە حامید ئاڵگەر “ئەحرار، خواجە عوبەیدوڵڵا” ، ئینسکلۆپیدیای ئیسلام …“Ahrar, Khwaja Ubaidullah”, Encylopedia of Islam (New edition), supplementary fascicules 1 – 2, pp. 50 – 52.٥ – بڕوانە لامیع چەلەبی “نفحات اڵنس ترجمەسی”، ….“Nefehat el- Uns tercemesi”, (Istanbul, 1270/ 1854). pp. 460 – 465.٦ – محمد خلیل المرادی “سلک الدرر فی أعیان القرن الپانی عشر” ….Bulaq, 1301/ 1883, IV, pp. 129 – 131.٧ – بڕوانە پێشەکیی بایۆگرافی لەلایەن مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسەوە بۆ کۆی کارەکانی مەولانا خالید، کە لە ژێر ناونیشانی “یادی مەردان، مەولانا خالیدی نەقشبەندی” (بەغدا، ١٩٧٩).٨ – بڕوانە قاسم کوفرالی “Naksbendiligin Kurulus ve Yaylisi” کانیاوی دامەزراوەی نەقشبەندی، نامەی دکتۆرا، ئینستیتوتی تورکیا، ئەستەمبووڵ، ١٩٤٩، ل. ١٨٢. ٩ – بڕوانە سولەیمان فایەق، “مەجمووعە”، زانکۆی ئەستەمبووڵ، تورکچە یازمەلاری ٩٥٧٧.١٠ – مولانا خالد، “رساله الرابطه”، فی کتاب “المجموعه العظمی فی أسرار الطریقه”، (إسطنبول، بلا تأریخ) ص ٢٧.11. U. Igdemir “Kuleli vakrasi hakkinda bir arastirma”, (Ankara 1937), pp. 30, 62 – 63.لێکۆڵینەوەیەک لەسەر مێژووی کولێلی ….١٢ – سەبارەت بە ژیانی گویمویشخانەلی، بڕوانە فەوزی ئەفەندی، “هدایه الخالدین فی مناقب العارفین”، (إسطنبول، ١٣١٨ / ١٨٩٥).13. See Necip Fazil Kisakurek, Son Devrin Din Mazlumlari, Istanbul, 1969, pp. 195 – 196.بڕوانە نەجیب فازڵ کیساکورەک “ستەملێکراوی ئاینیی ئەم چەرخەی دوایی” …14. Hartmann, Unpolitische Briefe qus der Turkei, Leipzig, 1910, p. 75.نامە ناسیاسییەکان لە تورکیاوە ….١٥ – بڕوانە ئەحمەد مونیب ئوسکوداری “مەجمووعەیی تەکایا”، ئەستەمبووڵ، ١٣٠٧ / ١٨٨٩، ل ١٦.16. Kadir Misrioglu, Kurtulus Savasinda Sarikli Mucahitler, Istanbul, 1969, pp. 263 – 273. قادر میسری ئۆغڵوو،”موجاهیدە عوسمانییەکان لە جەنگی سەربەخۆییدا” ….17. Cevdet Dursuoglu, Milli Mucadelede Erzurum, Ankara, 1946, p. 110.جەودەت دورسوئۆغڵوو،”ئەرزڕووم لە خەباتی نیشتمانیدا” ….18. Bekir Sitki Baykal “Izmirin Yunanlilar tarafinden isgali ve bu olayin Dogu Anadoludaki tepkileri”, Turk Tarih Kurumu: Belleten, XXXIII (1969), pp. 541 – 542. بەک سیدقی بایکاڵ،”داگیر کردنی یۆنان بۆ ئیزمیر و کاردانەوەی ئەم ڕووداوە لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا” …19. Kisakurak, Son Devrin Din Mazlumlari. op. cit. p. 197.کیساکورەک، “ستەملێکراوی ئاینیی ئەم چەرخەی دوایی” …20. Concerning this generally neglected topic, see Misrioglu, Kurtulus Savasinda Sarikli Mucahitler, and Cemal Kutay, Cumhuiyatin Manevi Kuruculari, Ankara, 1977.سەبارەت بە پشتگوێ خستنی گشتیی ئەو بابەتە بڕوانە میسری ئۆغڵوو “موجاهیدە عوسمانییەکان لە جەنگی سەربەخۆییدا” … و جەمال کوتای، “دامەزرێنەرە ڕۆحییەکانی کۆمار” …21. M. van Bruinessen, Agha, Shaikh and State, UtreCht, 1978, pp. 401 ff.٢٢ – دەربڕینی devrim yobazlari (دڵگەرمیی شۆڕشگێڕانە) لە لایەن موسڵمانە تورکەکانەوە داڕێژراوە لە وەلامدانەوەی ئەو تۆمەتبارکردنەی دڵگەرمی کە بەرەوڕوویان دەکرایەوە لەلایەن دەمارگرژە دیاریکراوەکانی کەمالیزمەوە.٢٣ – بۆ دەقی یاساکە، بڕوانە سادیق ئەلبەیرەق “Turkiyede Din Kavgasi” شەڕکردنی ئاین لە تورکیادا، چاپی دووەم، ئەستەمبووڵ، ١٩٧٥، ل ١٨٨ – ١٨٩.٢٤- لە مەحموود گوڵئۆغڵوو وەرگیراوە، “Devlimler ve Teplikler” شۆڕشەکان و جاڕلێدانیان، ئەنقەرە ١٩٧٢، ل ١٣٢.٢٥ – بە ڕێکی بە هۆی کاری خورافی یان ئەفسانەییەوەکە تێهەڵکێشی بوو، ڕووداوی مەنەمەن بەتەواوی لێکۆڵینەوەی تێدا نەکرا. بەهەرحاڵ، گێڕانەوەی کیساکورەک لە کتێبی ستەملێکراوی ئاینیی ئەم چەرخەی دوایی Son Devrin Din Mazlumlari (ل ١٦٧ – ١٨٥)، کە دەبێ داشکاندنی تێدا بکرێت بە هۆی شێوازی زەق و ڕۆژنامەنووسییەوە کە تێیدا نووسراوە: ڕەزا نوور، ژیانم و بیرەوەرییەکانم Hayat ve Hatiratim ئەستەمبووڵ ١٩٦٨. سادیق ئەلبەیرەق، یۆنانییەکان لەسەر ڕێگای سورونێنلەر Yolunde Yunuyenler Surunenler، ئەستەمبووڵ، ١٩٧٩، ل ٢٣١ – ٢٣٤ و مەتە تونجای، دامەزراندنی حکوومەتێکی تاک حیزبی لە کۆماری تورکیادا Turkiye Cumhuriyetinde Tek Parti Yonetiminim Kurulmasi، ئەنقەرە ١٩٨١، ل ٢٩٣ – ٢٩٥. وێنەیەکی کاریگەر و بەهێزی ژیان لە بازنەی محەممەد ئەسعەد لە پێش هەڵوەشانەوەی تەکیە لە کتێبەکەی کارڵ ڤێتسدا دەبینرێت ئەزموونی سەیر و سەمەرە لە خەڵوەتگەی دەروێشەکاندا Seltsame Erlebnisse in einem Derwischkloster، لایپزیگ، ١٩٣١.٢٦ – بێجگە لە جێگرەوەکانی، محەممەد ئەسعەد لە دوای خۆی زنجیرەیەک نووسینی بەجێهێشت کە بەردەوام دەخوێنرایەوە و چاپ دەکرایەوە، هەندێ جاریش بە شێوەیەکی نهێنی: مەکتووبات (نامە بۆ موریدەکان و ئەوانیتر)، ڕیسالەی نەقشبەندییە (کورتەیەکی بنەما و پرەنسیپەکانی ڕیگەی نەقشبەندی)، کنز العرفان (کۆکراوەیەکی حەدیس لەگەڵ کۆمێنت لەسەریان بە زمانی تورکی) و دیوان (هۆنراوەی سۆفیگەری و خواپەرستی بە هەردوو زمانی تورکی و فارسی).٢٧ – سەرنج و تێبینییەکان لەسەر بەشداربوون لە حەجدا لە ساڵی ١٣٩٠ / ١٩٧٠.٢٨ – سامی ئەفەندی بوو نووسەرێکی فرە بەرهەم و لەسەر ژیانی پێغەمبەران و هاوەڵانی پێگەمبەری دەنووسی. ئەوەی بەتایبەتی سەرنجڕاکێشە پێداچوونەوەی دەسنووسی هەندێک لە گوتارەکانێتی، کە لە شەش بەرگدا چاپ کراوە لە ژێر ناوی موساحەبەدا (مصاحبه).٢٩ – سەبارەت بەم لقەی نەقشبەندی، بڕوانە حەسەن بورکای، “میراتگرانی حەزرەتی پێغەمبەر Hz. Peygemberin Varisleri”، ئەنقەرە، ١٩٧٩.٣٠ – گرووپە لاوەکییەکەی شێخ نازم لە چەندین بواری گرنگی نەریت و ترادیسیۆنی نەقشبەندی جیابووەوە: ئەو تاقمە پێویست بوونی بە زیکری بێدەنگ پشتگوێ خستبوو و گاڵتەی پێدەکرد، ئیددیعای ئەوەیان دەکرد کەوا ڕابەرەکەیان ئەو هێزەی هەیە دەسبەجێ و ڕاستەوخۆ پەوەندی بکات بە پێغەمبەرەوە و مەعسوومە لە هەموو هەڵە و ناتەواوییەک و زۆربەی کات لەگەڵ مەهدیی چاوەڕونکراودایە (سەرنجەکان پشت بە نیشتەجێی هەفتەیەک دەبەستێت لە تەکێی شێخ نازم لە دیمەشق، نیسانی ١٩٧٧). ڕەنگە ڕێکەوتیش کەوا شێخ نازم توانیوێتی شوێنکەوتوو بۆ خۆی بێنێتە ژێر بار لە بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناو گەنجانی ئارەزوومەندانی مەسەلە نهێنییەکاندا.٣١ – هەندێ لە نامەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا لەبارەی بابەتەکانی مۆراڵ و ڕۆحییەوە بڵاوکراوەتەوە لە گۆڤاری Sebil سەبیلی هەفتانەی ئەستەمبووڵدا، بێجگە لە وردەکاریی بیبلۆگرافی.٣٢ – بۆ قۆناخە مێژووییە سەرەکییەکانی ژیانی، بڕوانە پێشەکییەکی بێ ناونیشان بۆ ئەحمەد زیائەدین گویمویشخانێڤی،”رموز اڵحادیپ Hadisler Deryasi ” کە لەلایەن عەبدولعەزیز بەکینەوە وەرگێڕدراوە (ئەستەمبووڵ، ١٩٨٢). هەروەها بۆ ڕێزلێنان لە کارەکانی، ئەرسین گوردۆغان: مامۆستا یان زانکۆیەکی نەبینراو “Hocaefendi veya gorunmeyen universite”، Mavera 49 (January, 1980), pp. 45 – 51.٣٣ – بۆ نموونە بڕوانە ئەم بابەتە نووسینە “Politika Naksibendiligen ve Seyh Mehemed”، Devir, 27 May 1974, pp. 12 – 13.٣٤ – بڕوانە ئەم بابەتە in Milliyat, April 21, 1977 “MSP Nurcularin Destegini Kaybetti”، پارتی سەلامەتی میللی MSP پاڵپشتی نوورسییەکانی لەدەستدا…٣٥ – بڕوانە ڕۆشن چاکیر، ئایەت و دروشم “Ayet ve Slogan”، ئەستەمبووڵ، ١٩٩٠، ل ٣٨.٣٦ – سەبارەت بە عەلی حەیدەر ئەفەندی بڕوانە ئەلبەیرەق، “ئەوانەی کە لەسەر ڕێگای شەریعەت دەڕۆن” “Seryiet YolundeYuruyenler ve Surunler”، ل ١٥٣ – ١٥٨.٣٧ – بڕوانە ئەو ژیاننامەیەی کراوەتە پاشکۆی موحەممەد لوتفی: چامە شیعرییە کۆکراوەکان “خلاصه الحقائق”، ئەرزڕووم ، ١٩٧٤).٣٨ – لەبارەی ژیان و ڕەچەڵەکی سەیفەدین ، بڕوانە پێشەکیی کتێبەکەی “ڕێگەی چاکە Ihsan Yolu” (جزیرە، ١٩٧٣)، هەروەها سەبارەت بە کوڕەکەی، بڕوانە پێشەکی لەلایەن عەبدولڕەحمان ئەرزەن بۆ موحەممەد نووروڵڵا سەیدە ئەلجەزیرە “Tasavvufun Sirlan”، ئەستەمبووڵ، ١٩٨١.٣٩ – گوتارەکانی باوک لە ئەدیامان لەبەری گیراوەتەوە (نووسراوەتەوە) لە ژێر ناونیشانی عەبدولحەکیم ئەلحوسەینی “سوحبەتلەر”.٤٠ – بەڵگە بۆ ئەم دیارییە – هاوشێوەیی بۆ ئەوەی کە بە تەسەوف دەناسرێت لە عورف و عادەتی نەریتیی سۆفیدا – زۆر زیاترە لەوەی دابشکێنرێت.٤١ – بڕوانە ئەو ڕاپۆرتەی “یەنی عەسر Yeni Asir، ٢٠ی تەمووزی ١٩٨٣.٤٢ – بۆ کۆچی دوایی، بڕوانە, December, 1993, p. 96 Hatice oncul , “Seyyid Muhammed Rasid Erol (KS)”, Izlenim. لەبارەی خەلیفەکانییەوە بڕوانە فەیز Feyz، مەسەلەی تایبەت، ئۆکتۆبەری ١٩٩٥.٤٣ – بۆ ژیاننامەکەی بڕوانە کیساکورەک Son Devrin Din Mazlumlari, op. cit. pp. 205 – 248., Albayrak, Seriat Yolunda Yurunyenler ve Surunenler, op. cit. pp. 165 – 173, and Hasan Kucuk, Tarikatlar ve Turkler uzerindeki musbet tesirleri (Istanbul, 1979), pp. 250 – 251. تەریقەت و تورک و کاریگەریی ئەرێنی لە سەر تایفەکان…٤٤ – بڕوانە کیساکورەک Son Devrin Din Mazlumlari, op. cit. pp. 210 – 211.٤٥ – گوتاری چرپان خواجە لە خولی قورئانی عومرانییە، ١٢ی مارتی ١٩٧٠.٤٦ – بڕوانە ححوسەین حیلمی ئیشک “سەعادەتی ئەبەدییە”، ئەستەمبووڵ، ١٩٦٩، ل ٩٠٥ – ٩٠٩، هەروەها کیساکورەک, op. cit. pp. 249 – 280 Son Devrin Din Mazlumlari ستەملێکراوی ئاینی لەم چەرخەی دواییدا…٤٧ – چاوپێکەوتن، ئەستەمبووڵ، ١٨ی دیسەمبەری ١٩٦٩.٤٨ – لە ڕاستیدا ڕەنگە ئەمە پارێزرابێت، لەگەڵ تەنها زیادەڕۆییەک لە مشتومڕدا کەوا بە سێکولار کردنی کولتوور لە تورکیادا بە زەروورەت دابەزینی مۆراڵ و بەهای لێدەکەوێتەوە، بەو پێیە تێکەڵبوون بە ئیسلام و بەتایبەتی ڕێبازە سۆفیگەرییەکان توخمێکی دەوڵەمەندیی و فرە ڕەهەندی دابین کردووە و بەپێچەوانەوە کولتووری هاوچەرخی تورکی تێدا نییە.٤٩ – جیاوازیی جەختکردنەوەی کۆمەڵایەتی دەکرێ جێی سەرنج بیت لە ئەندامێتیی گرووپە نەقشبەندییە دیاریکراوەکاندا، بەڵام هەوڵدان بۆ شیکاریی چینایەتی بەزەروورەت بەندە بە مەودایەکی تەواوی ئەندامێتی لە ڕێبازەکەدا بەتەواوی.٥٠ – بۆ نموونە، بڕوانە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی میللییەت Milliyet، ٣ی حوزێرانی ١٩٧٧، سەبارەت بە گرتنی شەس نەقشبەندی لە کۆزان.٥١ – عەبدولڕەحمان جامی “سەرڕشتەیی تەریقەی خواجەگان”، کە لەلایەن عەبدولحەی حەبیبییەوە بڵاو کراوەتەوە (کابوڵ، ١٣٤٣ سۆلار/ ١٩٦٤)، ل ٧.٥٢ – بڕوانە ئە. بێننیگسۆن و سی. لێمێرسێ – کەلکەجەی، “ئیسلام لە یەکێتیی سۆڤیێتدا”، پاریس، ١٩٦٨، ل ١٨٥ – ١٨٦. ٥٣ – ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی میللییەت Milliyet ، ١٢ی مایسی ١٩٨٨.٥٤ – بڕوانە ڕاپۆرتە وێنەدارەکەی ڕۆژنامەی زەمان Zaman، ٢٣ی نیسانی ١٩٣٣.
سەرچاوە: گۆڤاری Islam World Reportنووسین: حامید ئاڵگەر
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق