باسی دووەم/ کێشەی نێوان ئەستیاگ وهارپاکوس-هارپاک
هارپاکوس-هارپاک وەک یەکەمین وگەورەترین ناپاکی مێژوولە کوردستاندا
هەموو ئەو ناکۆکی وکێشانەی پێشووتری نێوان گەلان لەقۆناغێكی مێژوویدا ڕوویاندا، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبوو، تارادەیەک کاتی و تەمەن کورت بوون، بەڵام گەورەترین ناپاکی لە مێژوی کورددا ناپاکی وجاشایەتی هارپاک کە ئەنجامی دا لە بەرانبەر پاشا ئەستیاگی میدی و لەسەردەمی دەسەڵاتی بەهێزی میدیەکاندا و کە بووە هۆی رووخاندنی ئیمپراتۆری میدیا و گەلی فارسی، لەژێردەستیەوە کردیه گەلی سەردەستە و کوردی لە گەلی سەردەستەوە کردە گەلی ژێردەستە و تاکو ئەمرۆش کاریگەری لەسەر کورد ماوە و کورد نەیتوانیوە خۆی راست کاتەوە و دەوڵەت دروست بکاتەوە، واتە لە رووخاندنی مادەوە لە ساڵی (٥٥٠پ.ز )ەوە تاکو ئێستا کورد نەیتوانیوە خاوەن کیانێکی رامیاری خۆی بێت، جگە لە ساسانیەکان کە ئەوەش چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن لەبنەچەدا کورد بوون، بەڵام بەناوی بنەماڵەکەیانەوە فەرمانڕەوابوون. واتە لەکەوتنی دەوڵەتی مادەوە کورد کەوتووە وهەڵنەساوەتەوە.
هارپاک بە یەکێک لەشالیار و پیاوە متمانە پێکراوەکانی ئەستیاگی پاشای میدیا دانراوە وسەرۆکی سوپای بەهیزی میدیاش بووە. دوای سەرهەڵدانی کێشەی نێوان ئاستایگ وهارپاک و سزادانی هارپاک لەلایەن پاشای میدیاوە، هارپاک بیر لە تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە و ناپاکی نیشتیمانی ئەنجام ئەدات و کاربۆ سەرخستنی فارسەکان دەکات، کە دواجار پلانەکەی سەری گرت ومیدیای خستە دەست فارسەوە. هەتا مردنیشی وەک خزمەتکاری کۆرش و فارس کاری کرد. فارسەکان بۆیەکەم جارلەسەرچاوە ئاشورییەکاندا بەپارسوا-پارسواش-پارسوماش ناویان هاتووە لەسەردەمی شەلمناسری سێیەمدا، ئەمانە لەناوچەی قەوقازەوه هاتوون بۆرۆژئاوی ئێران. (ریچارد فرای) بەم شێوەیە باسی فارس وکۆرش دەکات ودەڵێت: “ئەم فارسانە لەوڵاتی ئیلام دەرکەوتن و لەناوچەی پارسوا گیرسانەوە بەسەرکردایەتی قەمبیز، دوای ئەوەی وردە وردە خۆیان بەهێزکرد. ئەم پیاوە کچی پاشای مادی بەناوی (ماندانە)مارەکرد و لەم ژنە کۆرش لەدایک بوو، هەرئەمەش بووەهۆی دروستکردنی ئەفسانەیەک لەلایەن (هێرۆدۆتیس)ەوە، هەروەک چۆن چیرۆکی لەدایک بوونی سەرجۆنی ئەکەدی پەیوەندی بەئەفسانەیەکەوەهەیە. کاتێ ئەستیاگ خەونێک دەبینێ و لەخەونیدا کچەکەی کوڕێکی دەبێت وکوڕەکە هەموو ئاسیا دەخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە، ئەمەش ترسێک لای ئەستیاگ دروست دەکات و بڕیاردەدات هەرمناڵێک لەدایک بوو لەناوی بەرن، بۆئەوکارەش هارپاکی راسپارد. کاتێ ئەم مناڵە لە دایک بوو،هارپاک بردی و پەڕۆیەکی بەخوێنی مەڕێ سوور کرد وەک سیناریۆیەک بۆکوشتنی کۆرش، بەڵام کۆرش نەمرد و چارەنووسی ئەوە بوو ببێتە پاشا، دوای ئەوەی ئەو چیرۆکە بۆ ئەستاگ ئاشکرابوو، بریاری سزادانی بۆهارپاک دەرکرد، هارپاک و کۆڕش پێکەوە دەستیان کرد بەشۆڕش دژی ئاستیاگی باپیرەی کۆرش پاشای میدیا”.(١٤)
بەپێی سەرچاوە بابلییەکان؛ هارپاک لە ئەستیاگ پاشای میدیا هەڵگەڕاوەتەوە لەهەمەدانی پایتەخدا لەساڵی (٥٥٠پ.ز)دا.(١٥) ئەمەش ئەوە دەسەلمێنیت سوپای میدیا بەسەرۆکایەتی هارپاک بووە و لەگەڵ کۆرش رێکەوتون و دەستیان بەسەرشاری هەمەداندا گرت وکۆتاییان بەدەسەڵاتی ئەستیاگ ومیدیا هێناوە. پاشان کۆڕش رووی لەوڵاتی لیدیا کرد و ساڵی ٥٤٧پ.ز داگیریکرد، داوترساڵی ٥٣٩بابلیشی گرت. هەروەها هێرۆدۆتس دەڵێت: “کاتێ کروسوسی کوڕی ئەلیاتس پاشای لیدیا هاتە سەر دەسهڵات، لەهەمانکاتدا هێزیکی تازە دەرکەوتن بەسەرکردایەتی کۆرشی کوڕی قەمبیز و توانیان ئیمپراتۆریەتی میدیا برۆخێنن و پاشایەتی لە ئەستیاگ بسێننەوە و بەوەش وڵاتی لیدیا کەوتە مەترسییەوە، چوونکە رۆژ لەدوای رۆژ، کۆرش بەهیزدەبوو.(١٦) ئەوەی جێی بایەخە ئەوەیە لە دەقێکی مێخیدا کۆرش دەڵێت: “من کوڕی قەمبیزم، پاشای گەورە، پاشای ئەنشان، دەگەڕیتەوە بۆ جیشپیش وبنەماڵەی پاشایەتی” (١٧) لەهەمان کاتدا هیڕۆدۆتیسیش دەڵێت: “کۆرش لەدایکەوە میدیە و لەباوکەوە فارسە، دایکی کچی ئەستیاگە و باوکیشی فارسە، ئەم هاوسەرگیریە هاوسەرگرییەکی پاشایەتی یان رامیاری بووکەدواترکۆرشی لێکەوتەوە”.(١٨) هەروەها هیرۆدۆتیس بەم شیوەیە چیرۆکەکە باس دەکات ودەڵێت: “ئەستیاگ کوڕی کەیخوسرە و کچێکی هەبوو بەناوی مەندانە، زۆربایەخی پێدەدا، شەوێک لەخەونیدا ئاوێکی رۆیشتووی بەهێز بەناو شاردا دەرۆی ولەهاوشێوەی لافاو بوو،هەموو ئاسیای گرتەوە. کاتێ ئەم خەونەی بۆماگی-ماگوشیەکان گێرایەوە و ئەوانیش دوای لێکدانەوە باسەکایان بۆگێڕایەوە کەمایەی ترس ودڵەراوکێیەکی گەوەرەبووبۆپاشای ماد.
هەربۆیە ئەستیاگ چاودێری کچەکەی دەکات و کاتێ گەیشتە کاتی پێگەیشتن و بەشودانی بریاردەدات نەیدات بەهیچ کەسێک کە لە خانەدانی میدیا بێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە پلەی باڵادابوون، ئەوەبوو بیری لەوە کردەوە بیدات بە بنەماڵەیەکی فارس. بۆ ئەو مەبەستەش دای بەقەمبی، بەڵام ئەم پێدانەی مەرجی لەگەڵ بوو. ئەویش دوای مارەکردن لەگەل خۆیا بردی بۆماڵی خۆی و بەوەش مەندانە بووە هاوسەری قەمبیز. ئەستیاگ بریاریدا بیخەنە ژێر چاودێرییەوە، بەڵام هەر لەساڵی یەکەمی هاوسەرگیرەکەدا ئەستیاگ خەونێکی تری دیت، ئەویش ئەوەبوو ئەستیاگ لەخەونیدا لەرەحمی کچەکەیا دارێک ئەبینێت سێبەرەکەی هەموو ئاسیای گرتۆتەوە. بۆ لێکدانەوەی ئەم خەونەشی داوای لەموگەکان کرد شی بکەنەوە و دەرئەنجامی پێ بڵێن. دوای لێکدانەوەکەبریاردرامەندانە لەپارسواوە بهیننەوە بۆلای باوکی، کە هێشتا مناڵەکەی لەدایک نەبوو بوو، خستیە ژێرچاودێری خۆیەوە و تا ئەوکاتەی مناڵەکە لەدایک دەبێت و بریاریشی دابوو کە لهدیک بوو یەکسەر بیکوژن. لەبەرئەوەی موگەکان واخەونەکەیان لێکدا بۆیەوە بۆئەستیاگ کە کچەکەی مناڵیێکی کوری ئەبێت و ئەو کوڕە دەسەڵات لە ئەستیاگ دەسێنێ وهەمووئاسیا ئەگرێت. ئەویش کۆرش بوو. کاتێ ئەم مناڵە هاتە دنیاوە ناردی بۆلای هارپاکوس کە یەکێک بوو لە پیاوە متمانە پێکراوەکانی خۆی و زۆر نزیک و دڵسۆزی ئەستایگ و میدیا بوو. بۆیە ئەستیاگ بەهارپاک دەڵێت “ئەوە مناڵی کچەکەمە و بیبەو لەوێ بیکوژە و هەرلەوێ بیخەرە ژێرخۆڵەوە و بیشارەوە”، ئەویش وتی باشە پاشام.
یەکێک لەنزیکەکانی تر، وتی هارپاک هەرگیز لەقسەی پاشامان دەرنەچووە لەرابردوودا و لەداهاتوش هەروا دەبێت، ئەوفەرمانەی پێی دراوە وەک خۆی جێبەجێی دەکات. لەو کاتەدا مناڵەکە لەناو دەستی هارپاکدا بوو، بەرگی مردنی پۆشی بوو،.کاتێ دەگاتە ماڵی خۆیان دەنگی گریانی مناڵەکە دەهات، ژنەکەی هارپاک دەڵێت: “ئەوەچیە؟ هارپاکیش دەڵێت؛ ئاستیاگ وتوێتی (کە بیکوژم) ژنەکەی وتی ئەی دواتر، پاشان هارپاک وتی ئەتەوێ شتێ بکەی لەبری ئەمە کە داواکاریی ئەستیاگەو دەبێ لەو داوا بکەی؟”(١٩) لەم کاتەدا هارپاک دەیویست بابەتەکە بگۆڕێت ودەیوت نابێت و ناکرێت چۆن شتیکی وابکەم، ئەمە کارێکی شێتانەیە! ئەمە کوشتنە! زۆرشت رێگام نادات من بیکوژم. یەکەم شت ئەم کوڕە خزم و کەسە نزیکەکانمە. هەروەها ئەستیاگ پیرە و کوڕی نیە و کوڕی نابێت، ئەگەر ئەوە رووبدات وکوڕەکە بمرێت وکچەکەی مەندانە دەبێتە میراتگری و تاجی شاهانە دەدرێت بەو. لەکاتێکدا کوڕەکە ئێستا لەبەر دەستی مندایە و ئامادەیە بۆسەربرین، بەڵام من لەم کارە ئەترسم، لەراستیدا هەوڵم داوەبە پاراستنی مناڵەکە و دەمەوێت بژی لەبری ئەوەی بمرێت، بەڵام هەندێ لەکەسەکانی تری نزیک ئاستیاگ ئەیانویست یەکسەربکوژرێت، بەڵام من هەرلەگەڵ ئەوکارەدا نەبووم. هەربۆیە بۆ ئەومەبەستە کوڕەکەمان برد بۆلای ماڵێ کە بە ئاژەڵداریەوە خەریک بوون.
پیاوی خاوەن ماڵەکا ناوی (میترادیس)بوو ژنەکەشی ناوی (سپاکۆ) بوو، کە بەزمانی میدی واتە سەگ یان رووت(العاهرە) لەگوندێکی باکوری هەمەدان، لەناوچەیەک بەناوی ئیوکسن لەسەر سنوری سیسپریانیس لەناوچەیەکی چڕوپڕی پڕ لە دارستان لەوپەڕی سنووری میدیا. کاتێ من مناڵەکەم پێدان، یەکێک لەلایەن ئاستیاگەوە نێردرابو تابزانێ من بەباشی کارەکە دەکەم و مناڵهکە کوژراوە. لەم کاتەدا هارپاک پێی دەڵێت: من داوکاریم لە تۆ ئەویە بڕۆی بۆلای ئەستیاگ و درۆ بکەی و بڵیی مناڵەکە کوژراوە، ئەمە بەر لەبری مناڵەکە تا دڵنیابێت لە کوژرانی، بەڵام ئەو کەسە بەهیچ نەهاتە ژێرباری داواکەمەوە. مردنێکی لە ناکاوی بۆهات. لەهەمان کاتدا ژنی ماڵەکە مناڵێکی بووە یەکسەر مردووە، هارپاک ئەم مناڵەی لەشوێن داناوە و ژنی جوتیارەکەش هەستی پێ نەکردووە، شیروخۆراک و پۆشاکی بۆدابین کردووە. بەو شیوەیە لەو ماڵە مایەوە، بەڵام ئەو ماڵە هەمیشە دەترسان لە پیاوەکانی ئەستیاگ، من خۆم وەک(هارپاک)چاودێریم دەکردن و ئاگاداری مناڵەکە بووم، تاوای لێهات خۆم رۆژێ پێم وت تۆ کوڕی مەندانەی کچی پاشا ئەستیاگی میدیای وقەمبیز باوکتە، پاشا دەیویست تۆ بکوژێ ئێستاش ئەوە تۆی لە ژیاندا ماوی.(٢٠)
هێرۆدۆتس درێژە بەبابەتەکەی دەدات و دەڵێت: دوای مشتومرێکی زۆر لەنێوان خاوەن ماڵەکە ژن و پیاوەکەو هارپاکدا، دواتر بڕیاردرا بیدەنەوە دەستی دایکی خۆی، مەندانەی کچی ئەستیاگ کە لەو ماوەیەدا چەندین ناویان لێ نابوو دواتر بەکۆرش ناسرا. هەروەها دەڵێت: تا تەمەنی بوو بە دە ساڵ هەر لەو گوندە مایەوە، مناڵەکانی گوندەکە وەک پاشا بانگیان دەکرد و تەنانەت ئەستیاگیش ئەو باسەی بیستبوو. جارێکیان قسەی لەگەڵ کردبوو، بەڵام نەزانرابوو ئەوە، بەناوی کوڕی پاشای گاوانەوە ناسرابوو. بەڵام کاتێ ئەستیاگ قسەی لەگەڵ کردووە هەستی پێکردووە، کە ئەم کوڕە هەوێنێکی کچەکەی تێدابێت و کاتێ لە رووخساری روانیەوە تایبەتمەندی خۆی تێدا بینیوەتەوە، بەتایبەتی کاتێ تەمەنی ئەوی زانیوە وگومان دەکات دەکەوێتە پرسیار وبانگی جووتیارەکە دەکات و دەڵێت: تۆبەڵێنت بە ئێمە نەدابوو مناڵەکە لەناوببەیت؟ جووتیارەکەش دەڵێت: بەڵێ بەدڵنیاییەوه ئەوکارە ئەنجام درا کە تۆ ویستوتە. دواتر ئەستیاگ داوا لە (ئەرتەمباریس) (رەنگە پیاوی ئەستیاگ بووبیت) دەکات کە کوڕەکەی بۆبهێنە ژورێ و بەتایبەتی قسەی لەگەڵ دەکات. لە ئەنجامی ئاخافتنەکەداهەمووشتێ ئاشکرادەبێت و لەوکاتەدا ئەستیاگ باری تەندروستی بە تەواوەتی تێکدەچێت و داودەکات بیبەنەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی، چونکە هەستی کرد رووبەروی کێشەیەکی گەوەرە بۆتەوە، کەسە نزیکەکان وپاسەوناکانی خۆی درۆیان لەگەڵ کردووە.
پاشان بانگیان دەکات بەتەواوەتی چیرۆکەکەی بۆبگێڕنەوە، تابزانێ چی کراوە و چۆن ئەوە روویداوە. دوای گێڕانەوەی بابەتەکە لەلایەن پیاوەکانیەوە، ئەستیاگ بە تەواوەتی باوەڕی پێکردن وداوای کرد هارپاکی بۆبهێنن وبیبینێت و بزانێ بۆچی وای کردووە، هارپاک دێت و ئەستیاگ لێێ ئەپرسێت: ئەی هارپاک مناڵەکە چۆن مرد، من ئەومناڵەم دایەدەستت پێویست بووبمرێت نەک بیپارێزیت، پێم بڵێ چۆن ئەوە روویدا؟ هارپاکیش وەڵامی دایەوە: من ئەم مناڵەم برد بۆلای ماڵێ لەگوندێ، پێم وتن دەبێت بیپارێزن وهەڕەشەی کوشتنم لێکردن ئەگەر کارەکە بەباشی ئەنجام نەدەن. لەکاتێکدا ژنی ماڵەکە خۆی مناڵێکی تازەی بوو مردو من ئەم مناڵەم لەشوێن داناو گۆڕینەوەمان پێکرد. هارپاک بەتەواوەتی چیرۆکەکەی بۆگێڕایەوە زۆر بەئاسانی، ئەوەش بەتەواوەتی ئەستیاگی توڕەکرد بەتایبەتی کاتێ وتی بەڵێ ئەوە مناڵەکەیە و ئەوەتا لەژیان ماوە. پاشان بانگی کچەکەی کراو وتیان بچنەوە بۆماڵ.(٢١) شەوێک رێوڕەسمی خواردن و خواردنەوە سازدرا بۆ سوپاسگوزاری خواوەند لە پاراستنی مناڵەکەدا، لەبەرئەوەی مناڵەکە بەسەلامەتی گەڕاوەتەوە.
کاتێ هارپاک ئەمەی بیست زۆردڵخۆش بووگەڕایەوه بۆماڵەوە لەبری ئەوەی سزابدرێت ،خێرابەکوڕەکەی وت بڕۆ نوێژی سوپاسگوزاری بکەولەماڵ نەچیتەدەرەوە، ئەوکات تەمەنی کوڕەکەی ١٣ساڵان دەبوو، بەڵام بەفەرمانی ئەستیاگ کوڕی هارپاک هێنراو سەربڕا و پارچەپارچەکرا و پاشان لەمەنجەڵێکدا کولێنراوە و گۆشتەکەی ئامادەکراوە بۆخواردن و خوانی ئامادەبووان، بەتایبەتی باوکی کوڕەکە (هارپاک) کاتێ دەست دەکەن بەڕازاندنەوەی مێزەکان و مێزێکی تایبەت دانراوە بۆهارپاک کە دەست وقاچ وسەری کوڕەکەی بەکوڵای دەخەنە بەردەستی، کاتێ هارپاک دەیەوێت دەست بەخواردن بکات ئەستیاگ دەڵێت:”چۆنە چێژت وەرگرت لەکارەکانی رابردووت”، کاتێ سەری چێشتەکە لادەدات سەروقاچ ودەست دەبینێ یەکسەر دەزانێ ئاستیاگ مەبەستی چی بووە و دەزانێ ئەوە گۆشتی کوڕەکەیەتی وئەستیاگ سزای داوە، بەڵام هیچ خۆی تێک نادا و وەڵامی پرسیارەکانی ئەستیاگ دەداتەوە، پاشان دەڕواتەوە بۆماڵەوە. لێرەدا راستەوخۆ ئاستیاگ سزای هارپاکی دا، بەڵام لێرەوە هارپاک کەوتە دانانی کارنامەیەک و خۆی لە کۆرش نزیک کردەوە دژی ئاستیاگ کاربکات. پاشان هارپاک کوڕەکەی واتەکۆرشی بردبۆلای ماگوشەکان وتی هائێستە ئەڵێن چی دەربارەی ئەم کوڕە؟ وتیان هەمان لێکدانەوەی پێشووومان هەیە، ئەم کوڕە دەبێت بەپاشا و بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت رێی لێبگیرێت.
هەرەوها لەم کاتەدا کوڕەکە(کۆرش) دەچێتە شوێنێکی دوورە دەستی ئەستیاگ، جارێکی تر ئاستیاگ داوا لە موگەکان دەکاتەوە خەونەکەی بۆ لێکبدەنەوە، موگەکانیش هەمان وەڵامیان دەبێت بۆ ئەستیاگ بەم شێوەیە پاشماوەیەک کۆرش بوو بە پاشا و شانیشنی فارسی دروستکرد. هەروەها هیرۆدۆتس دەڵێت؛ ئەستیاگ راستەوخۆ قسە لەگەڵ مناڵەکە دەکات و پێی دەڵێ کوڕم، مناڵەکەم من بەهۆی خەونێکی هەڵەوە ئ ەم هەڵانەم بەرامبەر بەتۆ کرد، کە هیچ نەبوو تەنیا هەڵەیهک بوو. تۆ ئەمڕۆ پارێزراوی لەلایەن خاوەنی خۆتەوە، ئەتوانی برۆی بۆ لای دایک و باوکی خۆت لەپارسوا، من هاوکاریت دەکەم هەڵبێی و برۆ، کە گەیشتیتە لای دایک و باوکت، هەر وەک دایک و باوکی ئێستەت کە میتردایتس و خێزانەکەیەتی.(٢٢) بەم وشانە ئەستیاگ کچەزاکەی لەدەست دەرچووو، گەڕایەوە بۆلای قەمبیزی باوکی و پێشوازی گەرمی لێکرا کە دەیانزانی ئەوە مناڵەکەی خۆیانە، دوای گێڕانەوی چیرۆکی رووداوەکە و بەسەرهاتەکان پاشان لێرەوە هارپاک هات بۆلای وبیریان لەدانانی پلان و تۆڵەکردنەوەکردەوە. باشترین کارنامەیەن ئەوە بوو کۆرش بکەن بەبیانوو، سەرکردەی شۆڕش بۆ لەناوبردنی ئەستیاگ ومیدیا، چونکە پێان وابوو ئەستیاگ هەڵەی گەورەی کردووە، بەمەش هارپاک ئامادەکاری کرد وئامادەی شۆڕش بوودژی میدیا. کۆرش ئەوەی پێ باش بوو، بەڵام جێبەجێکردن و بەدیهێنانی ئەوکارەی بەلاوە زەحمەت بوو، چونکە رێگای نێوان میدیاو فارس هەروا ئاسان نەبوو.
هەروەها دواتر هارپاک زیاتر کارئاسانی بۆکۆرش کرد، نامەیەکی نوسراوی لەسەرکەوڵی کەروێشک بۆی نارد کە تێیدا دەنووسێت: ئەی کوڕی قەمبیز تۆخوداهاوەڵیت دەکات وچاودێرت دەبێت، هەرگیز تووشی کێشە نابیت، ئەوەش کارێکی گرنگ دەبێت، کاتێکی گونجاوە بۆ تۆڵەکردنەوەت لە ئەستیاگی بکوژت، مردن و ژیانت بەدەست خوایە، ئەگینا ئێستا لەژیان نەدەبووی، بەبڕوای من، تۆ ئەمە هەرگیز لە بیرناکەی کە چیت بەسەر هاتووە لەلایەن ئەوەوە(ئاستیاگ)، ئەگەرمن نەبوومایە و نەمبردیتایە بۆماڵی شوانەکە تۆ کوژرا بووی یان مردبووی. ئێستا گوێم لێ بگرە، وشەکانم لێ وەرگرە، هەموو ئیمپراتۆری میدیا بۆتۆ دەبێت و ئەبێتە هی تۆ، هەرئێستا لەوڵاتی فارس هەڵگەڕانەوە راگەیەنەو پاشان بەئاراستەی میدیا بڕۆ، ئەگەرئاستیاگ هێزی هێنا دژی تۆ، هەروەها میدیا دژی تۆ وەستانەوە من هەمووی بەکاردەهێنمەوە دژی خۆیان(٢٣) تۆ لەلایەک، منیش لەلایەکی ترەوە، هەموومان بۆ لە ناوبردنی میدیا و ئەستیاگ یەکدەگرینەوە، لەم پێناوەدا هەستە بەکارەکەت زۆر بەخێرایی.
ئەم نامەیە باشترین هاندان بووە بۆ کۆرش و فارس بەوەی بیروباوەڕیان بە هەڵگەڕانەوە هەبێت، دوای ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان و گۆڕینەوەوی نامەی زیاتر، بڕیاردرا ئەم کارە کەمێك دوابخریت. ئیترلێرەوە کۆرش نەتەوەی فارسی دروستکرد و کۆمەڵێ هۆزی تریشی هێنایە سەرئەوباوەڕەی ئامادەبن بۆهەڵگەڕانەوە و شۆڕشکردن دژی میدیا و بنەمای سەرەکی شۆڕشەکەیان سەربەخۆیی بێت. بەوەش زۆربەی خێڵە فارسەکانی کۆکردەوە، وەک: (مارافیان، ماسباتیەکان).هەروەها پاسارگادەی وەک شاری خانەدان ناساند و بنەماڵەی ئەخمینی وەک بنەماڵەی پاشایەتی ناساند، کە یەکێک بوو لە خێڵە فارسەکان. پاشان کۆمەڵێ هۆزی تریش دوای کەوتن وەک؛ ((پانسیەکان، دێروسیەکان، گێرمانیەکان، درۆپیکان، ماردیەکان، پاننس، ساگارتیەکان)). ئەمانە کۆمەڵێ هۆزی کۆچەری بوون گوێڕایەڵی خۆیان دەربڕی بۆکۆرش. بەوهەنگاوانەش کۆرش دەستی کردبە کارەکانی خۆی ولەسەرەتاوە لەماوەی یەک رۆژدا توانی کۆمەڵێ ناوچە بخاتەژێردەسەڵاتی خۆیەوە. لەرۆژی دووەمدا هەرچی مەڕوماڵاتی قەمبیزی باوکی بوو کۆیکردەوە بۆ خواردنی هێزەکانی سوپای فارس. هەروەها نان و ئاو و کەل و پەلی تەواوەتی بۆ ئامادەکردن بۆبەرزکردنەوەی ورەی سوپاکەی. رۆژ لە دوای رۆژ بەهێز دەبوو وتاری بۆ سوپاکەی دەدا بەناوی پیاوی فارسەوە. (٢٤) هەرەوها وتاری تووندو و وروژێنەری بۆسەربازەکانی دەدا بۆهاندان وشۆڕش دژی میدیاو باسی ئازایەتی پیاوی فارسی دەکرد.
لەم کاتەدا ئەستیاگ درەنگ وەڵامی دانەوە، سەرەڕای ئەوەی فارسەکان بریاری هێرشیان داو هەستان بە داگیرکردنی زەوییەکی زۆری خاکی میدیا. دواجار ئەستیاگ ئارامی نەماو نامەیەکی بۆکۆرش نارد، وەک شازادەیەک و داوای بینینی لێکرد، بەڵام کاتێ کۆرش نامەکەی دەبینێ و وەڵامی دەداتەوە دەڵێت: “ئەمە بە ئەستیاگ بڵێ، من دەیبینم زیاد لەوەی خۆی حەزی لێیەتی”. کاتێ ئەستیاگ ئەم نامەیەی پێگەیشت وخوێندیەوە، خێرا فەرمانیدا سوپا ئامادەکەن وسەرجەم سەرکردەکان کۆبوونەوە و لەناویشیاندا هارپاک هەبوو، بەڵام ئەستیاگ بیری چووبوو کە چۆن هارپاکی بریندارکردووە و توڕەی کردووە. کاتێ دوو سوپاکە (میدیا وفارس)بەیەک گەیشتن شەڕ روویدا، دوای ئەوەی ژمارەیەکی کەمی سەربازی سوپای میدی کوژرا و زۆرینەی رایان کرد و چوونە پاڵ سوپای فارس، کەس لەم نهێنیە نەگەیشت کە بووە هۆی ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر بۆ سەربازەکانی تر، بەوەش ئەستیاگ تووشی شکان و شەڕێکی گەورەبۆیەوە. پاشان بڕیاریدا پاشەکشە بکەن و بگەڕێنەوە ناو قەڵای شار و لەوێ بەرگری بکەن بەگەورە و بچوکەوە، بەڵام لەم شەڕەشدا شکستی خوارد و تەواوی سوپاکەی لەناوچوو، تەنانەت خودی ئەستیاگ خۆیشی بەدیلی گیرا و خرایە زیندانەوە.
پاشان هارپاک لەزینداندا چاوی بەئەستیاگ کەوت، گفتوگۆی لەگەڵ کرد، باسی ئەوەی بۆکرد کە چۆن کوڕەکەی پارچەپارچەکردووە وکردی بەگۆشتی خواردن. هارپاک داوا لە ئەستیاگ دەکات وەڵامی باتەوە، کە چۆن کۆیلەیەکی خستە شوێن پاشا. ئەستیاگ سەیری دەموچاوی هارپاک دەکات ولێی دەپرسێ بگەڕێرەوە بۆ رووداوەکە، بۆچی هاوکاری وپاڵپشتی کۆرشت کرد؟ هارپاک وەڵامیدایەوە وتی: “نامەکەی من وای لێکرد ئەوان شۆڕش دەست پێ بکەن، هەرئەوەی منیش بووە بنەماو پایە گرنگەکانی پرۆژەی کارەکە”. پاشان ئەستیاگ ئەوەی پێ وت: “ئەوەی تۆکردت ئەوپەڕی بێشەرمی وسوکی بوو، ئەوپەڕی زوڵم بوو لە پیاوەکان، ئەوپەڕی سوکایەتی بوو، چوونکە تۆ لەوپەڕی بەهێزی توانادا بووی ئەتوانی تاجەکە بکەیتە سەری خۆت نەک بیگانەیەک، تۆ هەموو شۆڕشەکەت کرد کە دەبوو بیکەی، بەڵام بۆ کەسێکی ترت کرد، تاجەکەش بۆسەری کەسێکی ترە، ئەوپەڕی زوڵمتکرد، چونکە کۆیلەیەکت کردە پاشای میدیا و میدیات لەناوبرد، میدیات کردە کۆیلەی فارس، کۆیلەیەکت خستەجێی پاشا، بۆچی خۆت ئەوەت نەکرد؟ لەکاتێکدا دادپەروەری ئەوە بوومیدیا بەدەست بهێنی و میدیا بمێنێتەوە نەک فارس، نەک میدیا بگۆڕیتەوە بە فارس، ئەوە سەروەری بوو، نەک ئەوەی کردت، لەگەڵ ئەوەشدا میدیەکان هاوبەش و لایەنگری هەڵەکەت نین کە بۆی دەگریت، کۆیلەیەکت هێنا و گۆڕێتەوە بەپاشاکان (لەم گفتۆگۆیەدا زۆرشت روونە، پەشیمانی ئەستیاگ و بێدەنگی بەرامبەر بەکوشتنی کوڕەکەی هارپاک).
بەم شێوەیە ئاستایگ دوای ٥٣ساڵ فەرمانڕەوایەتی دەسهڵاتی لە دەست دەرچوو لەگەڵ تەواوی ئیمپراتۆریەتی میدیا، بەهۆی دڵرەقیەکەیهوە، لەکاتێکدا (١٢٨)ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئاسیایان کرد، لێرەشەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەسەڵات کەوتە دەست فارس. لەم کاتەدا کۆرش ئاستیاگی لە زینداندا هێڵایەوە بەبێ هیچ ئازاردانێک تالە ژیاندامابوو، بەڵام لەم کاتەدا میدیەکان راپەڕینیان دژی کۆڕش ئەنجامداوە و دواتریش لەسەردەمی دارادا میدیەکان جارێکی تر شۆڕشیان کرد دژی فارس، بەڵام تێکشکان و جارێکی تر ملکەچی فارس بوونەوە. (٢٥) هەروەها هێرۆدۆتس باس لەهەڵەی ئەستیاگ دەکات کە چۆن وڵاتی میدیا تووشی شکستکرد بەو سزادانەی هارپاکی پیاوی باوەڕپێکراوی خۆی. بەپێێ گێڕانەوەکانی هێرۆدۆتس هارپاک دوای ئەوەی هاوکاری کۆرشی کرد لە رووخاندنی میدیا و بەردەوام بوو لە هاوکاری کردنی کۆرش لە داگیرکردن وهێرشەکانیدا بۆسەر وڵاتی لیدیاو لەزۆربەی شەڕەکانی کۆرشدا دژی لیدیا بەشداربووە، وەک سەرکردەیەکی باڵا دەرکەوتووە و باسکراوە، تەنانەت بە فەرماندەیەکی لێهاتوو سەرکەوتوو ناوی ئەبات و ئەڵێت: “هارپاک ئەو کەسەی کۆرشی خستە شوێن ئەستیاگی پاشای میدیا”.(٢٦) هەروەها باسی رووبەرووبوونەوەی سوپای فارس دەکات بەسەرکردایەتی هارپاک دژی لیدیا ناوی زۆربەی ئەو شارانە دێنی کە هارپاک هێرشی کردۆتە سەریان، سەرەتا شاری(ئایۆنس-،ئیۆنس) داگیردەکا و پاشان هارپاک و سوپاکەی روودەکەنە شاری(کاریانس-) و داگیری دەکەن، دوای ئەمانە روودەکاتە شارەکانی تری وەک (کۆنیانس-لیسیانس-ئایۆلیانس..)سەرجەمیان ئەخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە و دواتر زۆربەی دوورگەکانی ئەو ناوچەیە داگیر دەکات، بەخۆیی سوپاکەیەوە کە بریتی بوون لەشەش کەشتی سەربازی.
دوای ئەم سەرکەوتنانەی هارپاک، کۆمەڵێ خەڵک و شاری تر بەبێ شەڕ خۆیان دا بەدەستی هارپاکەوە لە ناوچە کەنارییەکانی یۆنان، وەک شاری (لاسێدیمۆن-کندیاس-کاریا-ئیۆنیا). هەروەها دوای ئەم سەرکەوتنانەی هارپاک بەخۆی سوپاکەیەوە بڕیاریدا بچێتەسەر (خانسیەکان) لەناوچەی (لیسیانس و خانسوس)، بەڵام هارپاک چاوی بەپاشاکەیان نەکەوت، چونکە لە قەڵاکان دەرچووە و رایکرد تەنها چەند سەربازێکی لەدوای خۆی جێهێڵا و ئەوانیش کەوتنە شەڕەوە و هەر زوو شارەکە کەوتە دەست هارپاک و دەستی بەسەر ژن ومناڵ وکۆشک وزێڕوزیوی گرانبەهادا گرت و تاڵانیەکەی زۆری دەستکەوت لەگەڵ هەندێ کۆیلە، هارپاک دواتر شارەکەی سوتان، بەڵام نەیتوانی خانسیس پاشا و مناڵەکانی بگرێت کە پێشتر هەڵهاتبوون. (٢٧) هەروەها هێرۆدۆتس لەپەرتوکی شەشەمدا جارێکی تر دێتەوە سەرباسی هارپاک ودەڵێت: “هارپاک لە لووتکەی دەسەڵاتیدا بوو کاتێ لەلایەن فارسەوە نێردرابوو بۆساردیس و لەوێ ماوەیەکی زۆر مایەوە وەک بەرپرسی یەکەمی سوپای فارس، لە هەمووکارەکانیدا ئازایەتی ودڵسۆزی پێوە دیاربووە، بۆیە هەوڵی گرتنی شار و سەرکردەکانی ئەوناوچانەی دەدا کە بەرهەڵستکاری بوون، بۆنمونە هەوڵی گرتنی سەرکردەیەکی دابوو بەناوی (هیستیاس) بیگرێت زۆر لێی ئەترسا تا بڕیاریدا بۆ کوشتنی، بەڵام دواتر توانی لەشەڕێکدا بە دیل بیگرێت و ناردی بۆ وڵاتی فارس بۆلای دارا (٢٨)ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەبوو بۆفارسەکان، بەڵام دواتر دارا ئازادی کردووە و گەڕایەوەتەوە بۆ ساردیس، دواتر لەسەردەستی هارپاک ئەوکەسە کوژراوە و سەریان لێکردۆتەوە و بۆ پاشای فارسیان ناردووە بۆ وڵاتی فارس(٢٩).
سەرچاوەوپەراوێزەکانی بەشی دووەم / باسی دووەم/ کێشەی نێوان ئەستیاگ وهارپاکوس-هارپاک
(١١) Huart,Clement, Ancient Persia and Civilization Iranian,London,1972, p28.
Rollinger,R,”MEDIEN” Herrschronologien der antiken Welt,Band(1)Germeny,2004 ,p112
Daniel,C The Medes and Persians. 1965,p 42.(١٢)
(١٣) فاتح عبدالله محمد :العلاقات السياسية و العسكريةبين الآشوريين و الميديين خلال الفترة (911-612)ق.م، رسالة الماجستير في التاريخ القديم،غيرمنشورة، كلية العلوم الانسانية في جامعة السليمانية،2008،ص29.
(١٤)Richard Frye; The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, costa Mesa,California,1993,p76.
.(١٥) Joan Oates, BABYLON, London, Thames, Hudson, 2000,p134.
.(١٦)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p24.
(١٧) (Richard Frye; The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, costa Mesa,California,1993,p86.
)).(١٨) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p52.
.(١٩) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p60-62.
.(٢٠) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p 63.
.(٢١) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p66.
(٢٢)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p 67-69.
(٢٣)(ئەمە وتانەی هارپاک نیشانەی ئەوەیە تائەم کاتەش هارپاک خاوەن متمانەبووەلەلای ئەستیاگ ومیدیا)
(٢٤) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p73.
)).(٢٥) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p86-89.
.(٢٦) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p90-93.
.(٢٧) Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942,First Book , p94-96.
(٢٨)بەپێی ئەم وتانەی هێرۆدۆتس بێت هارپاک تاسەردەمی دارا-دارۆس یش هەرمابووەوخاوەن دەستەڵآت بووە.
(٢٩)Herodotus; The Persian Wars, Translated By ,George Rawlinson,The Modern Library, New York,1942, Book ,6 , p242.