“ده‌ستێكی شاراوه: هه‌ماهه‌نگیی نێوان ڕێبازی نەقشبەندیی – خالیدی و باوه‌ڕداره ئوسووڵییهكان له حه‌ڵه‌بدا”
له ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی په‌یدابوونیدا، له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزدەهەمهوه تا ئێستا لقی خالیدیی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی – موجه‌ددیدی وه‌ك كاریگه‌رترین و به‌ربڵاوترین ڕێکخراو خۆی ڕاگرتووه، له ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دوای ئه‌ویش له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. سه‌ركه‌وتنی سه‌ره‌كیی ئه‌م ڕێکخراوه به هۆی دوو خاسییه‌تی چاكسازییهوهیه، كه‌وا دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی كه شێخ خالیدی شاره‌زوورییه (1776 – 1827). له بۆچوون و ڕێنمایی موجهددیدییهوه كه له هندستان فێری بووبوو هه‌ڵیهێنجاوه و بایه‌خی پێداوه. یه‌ك له‌وانه پابه‌ندبوونی ڕەها به ئوسووڵی ئاینه‌وه، كه‌وا ڕەگی له زانیارییه‌كی به‌ربڵاوی نائاساییدا داكوتابوو له بواری زانستیی شه‌رعی و تیۆلۆجیدا، ئه‌ویتری په‌یوه‌ندیداره به ئاره‌زوو كردنی نه‌قشبه‌ندی له ڕێبازی ئهكتیڤیزم (واته به‌كارهێنانی هێز بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌ست) و خالید كاری بۆ به‌هێزكردنی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی ده‌كرد له ڕێگه‌ی موتوربه كردنی به بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمەلایهتی – ئاینیی سێنتراڵ و تۆكمه‌وه. بزووتنه‌وه‌ی خالیدی به ئیلهام و ڕابەریی خۆی كه‌وته یاریده‌دان و پشتگیریی سوڵتانه‌كان: مەحموودی دووه‌م (1808 – 1839) و عه‌بدولمه‌جید (1839 – 1861) له هه‌وڵ و تەقەلایاندا بۆ ئه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بخه‌نه سه‌ر ڕەوتی نوێبوونه‌وه‌و پاشه‌كشێ سهرشۆڕانهكانی رابگرن له به‌رانبه‌ر هێزه ئهوروپاییهكاندا١.
چوونه پێشه‌وه‌ی به‌مۆدێرنكردن وه‌رچه‌رخایه سه‌ر گواستنه‌وه‌ی له سنوور به‌ده‌ری ئایدیا و دامه‌زراوه ڕۆژئاواییه‌كان (واته به ڕۆژئاواییكردن)، له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزدەهەم بەملاوه جێگره‌وه‌كانی خالیدی ڕووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌یه‌كی تووند و سه‌خت كردبووه‌وه. له كاتێكدا ئه‌و بۆچوونه ئوسووڵییهی ئه‌و له سه‌ری بوو پابه‌ندیى بوو به نه‌ریتی ئیسلامییه‌وه، به‌ڵام كولتووره ئهكتیڤیزمهكهی وای پێویست ده‌كرد كه خۆ بگونجێنن له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای نوێ‌دا. من له گه‌لێ بۆنه‌ی پێشتردا ئه‌وه‌م پیشانداوه كه‌وا ڕێبازی خالیدی به‌و پێیه له نێوان دوو جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌كدا ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری كردووه، یه‌كێكیان موحافزهكار و ئه‌ویتریان ئوسووڵی (واته كۆنسێرڤاتیزم و فه‌نده‌مێنتاڵیزم). له سه‌ده‌و نیوی رابوردوودا، ڕابەرهكانی خالیدی به‌گشتی له خانه‌ی ئیسلامی نه‌ریتیدا مابوونه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌وڵدانیان بۆ داكۆكیكردن له نه‌ریت ناچاری كردن ببنه به‌شێك له‌و پرۆسه‌یه‌ی كه باڵاده‌ستیی ڕۆژئاوای تێدا به‌رچاوبوو، هاوكاریی حکوومەته‌كان بكه‌ن. له‌لایەکی تره‌وه، هه‌ندێك له په‌یڕه‌وانی ته‌ریقه‌ته‌كه، كه به‌زۆریی سه‌ر به‌چینی ناوه‌ڕاست بوون، ئیسلامیان له به‌ر ڕۆشنایی بیر‌و مۆدێلی مۆدێرندا وێناكردهوه. ئه‌وان به ئه‌فسانه‌یه‌كی نوێ پاكانه‌یان بۆ خۆیان ده‌كرد، كه‌وا پێشینانی ئیماندار (السلف الصالح) مشتومڕی ئەقڵانی و ڕەخنەگرانهیان ئاڕاسته ده‌كه‌ن، به‌ره‌و هه‌ردوو بواری نه‌گونجاوی نه‌ریت و ده‌وڵه‌تی سه‌ركوتكه‌ر. له حاڵه‌تی شامدا، باکگراوندی خالیدیی باو به‌عاده‌ت ئه‌نجامی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوو ڕێبازی نه‌ریتی و فه‌نده‌مێنتاڵیست بوو٢.
له‌م نووسینه‌دا من به لای پەرەسەندنی ته‌ریقه‌تی خالیدیدا شكاندوومهتهوه، له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌دا كه به‌سه‌ریهاتووه له شاری حه‌ڵه‌بدا. ته‌ریقه‌تی خالیدی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌سته‌مبووڵ، دیمه‌شق یان به‌غداوه نه‌یتوانی ڕەگی خۆی له پایته‌ختی باكووری سووریادا داكوتێت و، به‌و مانایه‌ش دێت كه هه‌رگیز به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه له‌وێ نه‌بوو، وه‌ك سه‌رچاوه ناته‌واو و بچڕبچڕهكانمان ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوێنه‌واری خالیدی ناوبه‌ناو باسی دێت له هه‌ردوو پێكهاته‌ی به‌ره‌ی نه‌ریتی و بزووتنه‌وه ئوسووڵی، یان فهندهمێنتاڵهكانی حه‌ڵه‌بدا. ئه‌مه‌ی دواییان ڕێبازی به‌رایی سه‌له‌فی له‌خۆدەگرێت، به “عه‌بدولڕه‌حمان الكواكبیی” نوێنه‌ری دهمڕاستیانهوه و كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌ریقه‌ت و ڕێکخراوه‌كانی موسڵمانه‌وه. دواجار؛ ئه‌م نووسینه به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی كاریگه‌ریی شاراوه‌ی ته‌ریقه‌تی خالیدیدا ده‌گه‌ڕێ له سه‌ر هه‌ردوو ئاڕاسته‌ی نه‌ریتى و ئوسووڵى له حه‌ڵه‌بدا، هه‌روه‌ها باسی زیاتریش له‌وه ده‌كه‌م كه‌وا په‌رده‌پۆش كردنی له‌م چه‌شنه لە ڕاستیدا هانی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان زانایان و ئیسلامیسته‌كانی داوه كه بووبووه مۆرك و ڕوخساری ئایینیی ئه‌و شاره له دوادوایی سه‌ده‌ی نۆزدەهەم و سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به گشتی و ڕاپەڕینی ئیسلامیی دژ به ڕژێمی به‌عس له ساڵی 1976وه بۆ ساڵی 1982 به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی.
“پاشخانی کۆمەڵایەتی – سیاسی”
به درێژایی سه‌رده‌می عوسمانی، حه‌ڵه‌ب گه‌وره‌ترین سه‌نته‌ری شارستانی بوو له نێوان ئه‌سته‌مبووڵ و قاهیره‌دا و ڕۆڵی پایته‌ختێكی ئیداریی ویلایەتێكی جیاكاری ده‌بینی، كه باكووری ئه‌مڕۆی سووریا و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیای گرتبووه‌وه. له نزیكه‌ی سه‌د هه‌زار كه‌سی دانیشتووانی له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا هه‌شتا له سه‌دیان موسڵمان بوون و ئه‌و دواشی كه‌مینه‌ی مه‌سیحی و جوویان پێكدههێنا٣. شاره‌كه سەنتەرێکی گه‌شه‌كردووی مانیفاكتۆره و چه‌قی ڕێگای بازرگانیی باكووری ئه‌وروپا بوو بۆ هندستان٤. لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی عوسمانی پاش ساڵی 1760 هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مێكی ئاژاوه و پشێوی له حه‌ڵه‌بدا، كاتێ دوو تاقمی چه‌كداری ناوخۆ، كه ئه‌شراف و یهنگیچهری بوون، ڕکابەریی یه‌كتریان ده‌كرد بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. بارودۆخه‌كه به هۆی بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی وێرانكه‌ره‌وه ساڵی 1822 هێنده‌ی تر تێكچوو، بێجگه له بڵاو بوونەوەی چه‌ند جاری درم و په‌تا به‌شێكی بنه‌ڕه‌تیی دانیشتوانی لهناوبرد٥. له‌لایەکی تره‌وه، ئه‌م ماوه‌یه دوو هێزی کۆمەڵایەتی نوێ یه‌كیان گرت كه بریتیبوون له:- بنه‌ماڵه موسڵمانه ناوداره‌كان (أعیان) كه سه‌رچاوه‌ی سامان و ده‌ستكه‌وتیان دێهات بوو٦ له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌ی بازرگانه‌كاندا كه‌وا په‌یوه‌ندییان به كارگه‌كانی ئه‌وروپاوه هه‌بوو و تۆڕی بازرگانییان بهڕێوهدهبرد٧.
دوابه‌دوای كۆتایی هاتنی داگیركردنی میسر له ساڵانی 1830كاندا، حه‌ڵه‌ب به یه‌كێك له‌و شارانه هه‌ڵبژێردرا بۆ جێبه‌جێ كردنی تاقیكردنه‌وه‌ی ڕیفۆرمی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه به (ته‌نزیمات) ناسرابوو (1839 – 1876). باج سه‌ندن و بەسهربازگرتنی زۆره‌ملێ، شانبه‌شانی ئاڵۆزی و تێكچوونی باری کۆمەڵایه‌تی و ئابووریی كه تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ بازاڕی جیهانیی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژئاوادا هێنایه ئاراوه، له ساڵی 1850دا ئاژاوه و پشێویی تائیفیی بهرپاكرد٨. به‌دوای ئه‌مه‌دا ده‌سته‌و تاقمه كۆنه‌كان هه‌ڵوه‌شانه‌وه و کۆنترۆڵی عوسمانی گه‌ڕایه‌وه و ئهعیانهكان و كه‌مینه‌ی بازرگانه‌كان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ناوخۆ و، ویلایەتهكهدا تێكه‌ڵ بوون و گه‌لێ له‌مانه چوونه گه‌ڕه‌كی نوێی ده‌ره‌وه‌ی شار. به‌هه‌رحاڵ، له پاش ساڵانی 1870كان دووبه‌ره‌كییه‌كی تر په‌یدابوو له ناو پیاوماقووڵانی حه‌ڵه‌بدا، ئه‌مه كاری كرده سه‌ر لایەنگرانی ڕیفۆرمی ته‌نزیماتی ئه‌م دواییه (1854 – 1876) كه باوه‌شیان كردبوو به بیر و بۆچوونی ڕۆژئاواییدا سەبارەت بە هاووڵاتیبوون و نیشتمانیبوون و بره‌ویان پێده‌دا، دژ به ڕكابه‌ره موحافزکار یان كۆنسێرڤاتهكانیان، كه خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سوڵتان و ده‌ستباڵایی موسڵمانان بوون له ئیمپراتۆرییەتەكهدا٩. گرووپی دووه‌م، كه له سه‌رده‌می حوكمڕانیی عه‌بدولحه‌میدی دووه‌مدا (1876 – 1909) به ته‌واوى ده‌ستیان ده‌ڕۆیشت، پاش هه‌ندێك پشێوی له سه‌رده‌می توركه لاوەکاندا (1908 – 1918) دیسان گه‌ڕانه‌وه هه‌مان دۆخ.
ئه‌و دۆخه دژوار و ناله‌باره‌ی كه له كۆتایی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی تێكه‌وتبوو، بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ بوو به كۆسپ بۆ پایه و شوێنی حه‌ڵه‌ب وه‌ك سەنتەرێکی بازرگانی و، په‌یوه‌ندیی به ناوچه‌ی دووره‌ده‌ستی ئەنەدۆڵهوه. هاوكات شاره‌كه ئه‌و بایه‌خه‌ی جارانی نه‌ما و دیمه‌شق جێی گرته‌وه، له سه‌رده‌می حکوومەتی عه‌ره‌بیی فه‌یسه‌ڵدا (1918 – 1920) و دواى ئه‌وه له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى ماندێتی فه‌ره‌نساشدا، كه له ساڵی 1924دا دیمه‌شقی به پایته‌ختی فیدراڵیی سووریا دانا. دواجار له ئاخر و ئۆخری جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا ڕێگەی سرووشتیی حه‌ڵه‌ب بۆ سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاستیش داخرا، كاتێ كه قه‌زای ئهسكهندەروونه ڕادەستی توركیا كرا١٠. له‌و سیاسه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌ی كه له ئه‌نجامی شۆڕشی گه‌وره‌ی سووریادا هاته كایه‌وه (1825 – 1927)، ناوبانگی كۆنی حه‌ڵه‌ب وه‌ك شارێکی ده‌ركه‌وتووى ئاست ناوه‌نجى زیره‌كانه په‌راوێز خرا١١. له پاش كشانه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له ساڵی 1946دا هه‌مان خه‌ڵكانی ناوداری شار پارتی گه‌لیان دروستكرد بۆ ململانێ كردنى هاوشێوه دیمهشقییهكانیان له پارتی نه‌ته‌وه‌ییدا له سه‌ر تێكشكانی حکوومەت، سیستمی كۆنی پیاوماقووڵان به‌رده‌وام له لایەن سوپاوه بەرەنگاریی دهكرا١٢ و له ساڵی 1963دا له لایەن حیزبی به‌عسی (ئێستاوه) ڕاماڵرا، كه نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دێهات و خه‌ڵكی ناموسڵمانیشی ده‌كرد، لە کاتێکدا كه ڕژێمی به‌عس پاش ساڵی 1970 له لایەن حافز ئه‌سه‌دی ئه‌فسه‌ری عهلهوییهوه١٣ خۆی گرت و به‌هێز بوو، به‌ڵام شاری حه‌ڵه‌ب، كه به درێژایی ڕۆژگار له بارێکی ڕاوه‌ستاودا بوو١٤، وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی به‌رهه‌ڵستكاری له ژێر ئالای ئیسلامی‌دا خۆی هێشته‌وه.
“ڕوخساری ئایینی”
حه‌ڵه‌ب، سه‌ره‌ڕای قه‌باره و دانیشتووانی و ئه‌وقافی ده‌وڵه‌مه‌ندی كه له سه‌رده‌مانی پێشووه‌وه بۆی مابووهوه١٥، كه‌چی نه‌یتوانی جێگه‌ی شیاوی خۆی بگرێت وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی خوێندن و فێركردن له سه‌ده‌كانی نۆزده و بیستدا. ژیانی ئایینیی شار له چه‌رخی نوێ‌دا له ژێر ڕکێفی مه‌عنه‌ویى مه‌ڵبه‌نده شارستانییه گه‌شه‌كردووه‌كانی قاهیره و دیمه‌شقدا به‌ڕێوه‌ده‌چوو. له حهڵهبیشدا، وه‌ك له شاره‌كانی تری سووریای دوادوایی عوسمانی‌دا، پۆسته ئایینییه ڕەسمی و سه‌ره‌كییه‌كان، چه‌شنی نه‌قیبی ئه‌شراف و موفتیی حه‌نه‌فی، هه‌ر قۆرخی ژماره‌یه‌ك بنه‌ماڵه‌ی ناودار بوون. له ده‌سپێكی ڕیفۆرمه‌كانی تهنزیماتیشدا ئه‌م پۆستانه كه‌وتنه ژێر ده‌ستی ئه‌و بنه‌ماڵه ئهعیانانهی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان خسته خزمه‌تی سیاسه‌تی نامهركهزییهوه، له ماوه‌ی نێوان سه‌ده‌كانی دوادوایی هەژدەهەم و سه‌ره‌تای نۆزدەهەمدا. بنه‌ماڵه ده‌ركه‌وتووه‌كانی ناو ئه‌وانه‌ش بریتیبوون له: جابرییهكان، كهواكیبییهكان، ڕهفاعییهكان، كهییالییهكان، قودسییهكان و مودهڕیسییهكان. بنه‌ماڵه‌كانی له‌وان خوارتر به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی مامۆستایانی ئایینیی خاوه‌ن پایه و مه‌قامیان بۆ شار دابین ده‌كرد، چه‌شنی بنه‌ماڵه‌كانی تیرمانینی كه پۆستی موفتیی شافیعی به زۆریی بۆ ئه‌وان بوو، حهججارهكان و زووهیتینییهكان١٦ .
له ساڵانی كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزدەهەمدا و به تایبه‌تی له سه‌رده‌می حوكمڕانیی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌مدا، بنه‌ماڵه ئهعیانهكان تا ڕادەیەک لە لایەن پیاوانی ئایینیی تازه پیاكهوتووهوه ڕکابەریی ده‌كران، له‌وانه‌ی زیاتر ملكه‌چی ویست و خواستی حکوومەتی مه‌ركه‌زی ده‌بوون. له ساڵی 1876دا پۆستی موفتیی حه‌نه‌فیی شاری حه‌ڵه‌ب له جابرییهكانهوه گوێزرایه‌وه بۆ به‌كری ئهلزوباری، كه پێشتر عهترسازێك بوو، دواتر له میسر بووبوو به زانای ئاینى١٧، له هه‌مان كاتیش‌دا نیقابهتی ئه‌شراف، كه به زۆری ته‌رخان بوو بۆ كهواكیبییهكان، بڕایه به‌ر ئهبولهودای سه‌ییادی، كه هه‌وادارێکی ڕەفاعیی خه‌ڵكی شارۆچكه‌یه‌كی نزیك حه‌ما بوو١٨. ده‌بوو ئهبولهودا به‌په‌له بچێت بۆ ئه‌سته‌مبووڵ و ببێته ڕاوێژکارێکی نزیكی سوڵتان، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی ده‌سبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی خۆی بێت له حه‌ڵه‌ب. بێجگه له‌وه‌ش له ساڵی 1898دا پۆستی موفتیی حه‌نه‌فیی شاری بۆ محەممەد ئهلعبوسی دابینكرد كه هه‌وادارێکی خۆی و خه‌ڵكی حه‌ما بوو. ئهلعبوسی توانی پارێزگاریی له جێگه‌كه‌ی خۆی بكات له شۆڕشی ساڵی 1908ی توركه لاوەکاندا و تا كۆچی دوایی له ساڵی 1922دا له‌و شوێنه‌دا مایهوه١٩.
له ڕووی پراكتیكه‌وه، هه‌موو ئه‌و زانایانه‌ی له سه‌ره‌وه باسكراون په‌یوه‌ندیدار بوون به كایه سۆفی و باتینییهكانی ئه‌و دوا سه‌رده‌مه‌ی ترادیسیۆنی موسڵمانان له‌و ڕۆژگارهدا٢٠. به‌رفراوانترین و كاریگه‌رترین ڕێکخراوی سۆفیگه‌ری له حه‌ڵه‌بی كۆتایی سه‌رده‌می عوسمانی‌دا ته‌ریقه‌تی قادری – خه‌ڵوه‌تی بوو٢١. ئه‌م ته‌ریقه‌ته له ده‌ورووبه‌ری كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزدەهەمدا و له سه‌ر ده‌ستی ئیبراهیم ئەلهیلالی (1742 – 1822) لێره دامه‌زرا، كه توانی پابه‌ندێتیی بنه‌ماڵه‌كه‌ی به ته‌ریقه‌تی قادری و ڕێبازی ڕیفۆرمیستی خه‌ڵوه‌تی پێكه‌وه گرێبدات، كه له سه‌رده‌می خوێندندا له ئه‌زهه‌ر تهمهسسوكی پێوه كردبوو. له جوغزی میسردا، ڕیفۆرمیزمی خه‌ڵوه‌تی له زانیاریی به‌رفراوانی ڕابەرانیدا ڕەنگیدابووهوه و به هه‌مان شێوه‌ش له‌و ڕۆڵه کۆمەڵایەتییهدا كه‌وا گرتبوویانه‌به‌ر بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵك دژ به سته‌مكاریی ده‌سته‌بژێری مهملووكهکان٢٢. بارەگای هیلالیی له ته‌كێی بنه‌ماڵه‌كه‌یان بوو له گه‌ڕه‌كی جهللومدا٢٣. پێگه‌ی ئه‌م ڕێبازه له ساڵانی 1870كاندا زیاتر خۆی گرت، كاتێ كه مسته‌فا ئەلهیلالی (1851 – 1919) بوو به ڕابەری ته‌كێكه، چوونکە ڕەوتی سۆفیگه‌ری و ئیرشادی ئایینیی لێكدا و ژماره‌یه‌كی زۆر وه‌چه‌ی نوێخوازی ئاینی له حه‌ڵه‌بدا چوونه پاڵی٢٤. دوای ڕێبازی هیلالی ته‌ریقه‌تی ڕیفاعی ده‌هات، كه شێخه‌كانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌كانی ڕیفاعی و كهییالی بوون. بناغه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م خێزان و بنه‌ماڵانه له دوادوایی سه‌ده‌ی هەژدەهەمدا له لایەن ئه‌بولوه‌فای ڕیفاعی (1765 – 1848) و ئیسماعیلی كهییالی (1816 كۆچی دوایی كردووه)، داڕ‌ێژرابوو. هەڵبەت به‌هادینی كوڕی ئه‌بولوه‌فای ڕیفاعی (ساڵی 1873دا كۆچی دوایی كردووه) بووه كه ئهبولهودای سهییادیی هێناوه‌ته ناو ئه‌و تهریقهتهوه٢٥. ئه‌نجام، ئهبولهودا ته‌كێیه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له گه‌ڕه‌كی ئهوغاڵبهك دروستكرد و سپاردیه “محەممەد ئهلعبوسی” و پاشان بوو به مه‌ڵبه‌ندێكی گرنگی به‌ره‌ی كۆنسێرڤاتیڤ٢٦. كۆمه‌ڵه یان ڕێبازێكی تر كه هه‌ر له‌و كاته‌دا هاته حه‌ڵه‌به‌وه، ناوی یهشڕووتی بوو، بریتی بوو له لقێكی شازلی و به زۆریش بازرگانی بچووك و جووتیاره‌كان به لای ئه‌م ڕێبازه‌دا دایانده‌تاشی، ئه‌وانه‌ی كه به‌زۆری له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌وه‌دا بوون كه سووریا بچێته ناو بازاڕی جیهانه‌وه و هه‌واداری و مه‌یلی دژ به‌یه‌كی لێكهوتهوه٢٧.
له حه‌ڵه‌بی ئاخر و ئۆخری سه‌رده‌می عوسمانی‌دا، تاقمێك خوێنده‌واری ئه‌قڵ ڕیفۆرمیست په‌یدابوون دژ به‌زانا ڕەسمییهكان و سۆفییه باوه‌كان، ئه‌مانه هه‌ڵگری بیر‌و به‌های ڕۆژئاوا بوون و، ده‌یانویست ئیسلام له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی نوێباودا بگونجێنن و ڕێبازی سه‌له‌فیی نوێخوازیان له حه‌ڵه‌بدا دامه‌زراند، كه له نه‌وه‌ی بنه‌ماڵه ئهعیانهكان پێكده‌هات و پشتگیریی چاكسازییه‌كانی ته‌نزیماتی ده‌كرد، شانبه‌شانی خوێنده‌وار و مونه‌وه‌رانی چینی ناوه‌ڕاستی نوێی شار. له نێو ئهعیانهكاندا عبدالرحمن الكواكبی (1849 – 1092) و عبدالحمید الجابری (1864 – 1951) ده‌بینین. له نێو مونه‌وه‌ر و خوێنده‌وارانیشدا كامل الغزی (1852 – 1933) و بشیر الغزی (1857 – 1921) و محمد راغب الطباخ (1877 – 1951) دهبینین٢٨. ئه‌م كه‌سایه‌تییانه له چوارچێوه‌ی پابه‌ندبوونی نه‌ریتیی ئایین دابڕان و، بوێرانه چوونه نێو ئه‌و بواره تازانه‌وه كه له ناوه‌ندی میللی‌دا په‌یدا بووبوون وه‌ك ڕۆژنامه‌گه‌ری و بانگه‌شه‌ی لیبراڵییه‌ت و خوێندن و فێركردنی نوێ٢٩.
ته‌واوی ده‌زگا و دامه‌زراوه ئایینییه‌كان له حه‌ڵه‌بدا، له ساڵانی 1880كان بەملاوه بوون به جێی سه‌رنج و مشتومڕی قوتابخانه حکوومییه‌كان له شاردا٣٠. ئه‌مانه هه‌ستیان ده‌كرد كه‌وا قوتابخانه ڕەسمییهكان مۆنۆپۆڵ كردنی خوێندن و فێركردنیان تێكده‌شكێنن و هه‌ڕه‌شه‌ن له سه‌ر به‌های ئیسلامیی گه‌نجه‌كان. سه‌ره‌نجام ئه‌مانیش ناچار بوون داموده‌زگا نه‌ریتییه‌كانی خۆیان باش بكه‌ن و، به‌و پێیه كه‌وتنه به‌رجه‌سته كردنی دیسپلین و میتۆدی نوێ و له‌م هه‌وڵ و كۆششه‌دا هێزی پاڵنه‌ر و كارا سه‌له‌فییه نوێخوازه‌كان بوون. كه هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵانی 1890كانه‌وه كه‌وتنه بووژاندنه‌وه‌ی حوجره و مه‌دره‌سه‌كان. ساڵی 1921، واته ساڵێك دوای ماندێتی فه‌ره‌نسا، پیاوانی ئایینیی حه‌ڵه‌ب هێز و توانایان یه‌كخست بۆ دامه‌زراندنی كۆڵێجی شه‌ریعه‌ی خوسره‌وییه. پۆستی شكۆمه‌ندی مامۆستای ئایین و عه‌ره‌بی له‌م دامه‌زراوه نوێیه‌دا درا به ئهلتهبباخی ڕیفۆرمیست، كه له ساڵی 1937دا بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌ڵبژێردرا. خوێندن له‌م كۆلێجهدا قورسایی خۆی خسته سه‌ر فیقه و ئیشتیقاقهكانی، به‌ڵام به‌پێی قۆڵه‌كان و به‌رنامه‌ڕێژییه‌كی مۆدێرن٣١ له ساڵی 1929دا ده‌سته و تاقمه‌كانی سه‌له‌فییه نوێخوازه‌كان له حه‌ڵه‌ب دوو ڕۆژنامه‌ی ئیسلامی‌یان دەرکرد: “الإعتصام” (واته پابه‌ندبوون به خوداوه)، كه ماوه‌ی پێنج ساڵی خایاند و له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له ئاینی و ئەخلاقییهكاندا مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ “الجماعة الإسلامیة” (واته یه‌كبوونی ئیسلامی)، كه به‌رده‌وام بوو له سه‌ر ده‌رچوون تا سه‌ره‌تای ساڵانی1960كان و له هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا تێكه‌ڵ بوو٣٢.
بڵاوبوونەوە خوێندن و خوێنده‌وارى زۆرترین ئێشى گه‌یانده دۆخى سۆفیگه‌رى له حه‌ڵه‌بدا و، ئه‌ندامانى هه‌ندێك له بنه‌ماڵه ئهعیانهكانى سۆفیگه‌ریى وه‌ك ڕیفاعییهكان و كهییالییهكان پیشه‌ى نوێیان ده‌ستكه‌وت و، چوونه نێو ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه و به ته‌واوى ده‌سبه‌ردارى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌ریتییه بوون كه له تهكێكانیانهوه بۆیان ده‌سته‌به‌ر بووبوو٣٣. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ڕێبازى هیلالى كه خۆى به‌ستبوو به كه‌سانى چینى ناوهنجیى شار له سه‌له‌فییه نوێخوازه‌كان، له پاش جه‌نگى جیهانیى یه‌كه‌مه‌وه لادانیكى هه‌ستپێكراوى به‌خۆوه بینى، چوونکە ئه‌و كه‌سانه به‌رده‌وام هه‌نگاو به هه‌نگاو له سۆفیگه‌رى دوور ده‌كه‌وتنه‌وه. به درێژایى ماوه‌ى ماندێت (ئینتیداب) سۆفیگه‌رى جەماوەرییهتى خۆى هه‌بوو له حه‌ڵه‌بدا، هه‌روه‌ها له سه‌رانسه‌رى سووریاشدا، به‌ڵام وایلێهات كه زیاتر كه‌سانى نه‌ریتیی ناو بازاڕ و ئاسته نزمه‌كانى كۆمه‌ڵ به‌ده‌میه‌وه بچن و پراكتیزه‌ى ڕێوڕه‌سمى بكهن٣٤.
لەولاشەوە، ساڵانی1930كان ده‌ركه‌وتن و په‌یدابوونى كۆمه‌ڵه و ڕێكخراوى ئایینیى میللیى به‌خۆوه بینى كه ئایدیاى ڕۆشنبیران و سۆفى و ڕیفۆرمخوازى ئاوێته ده‌كرد له شێوه‌ى ڕێکخراودا. دهركهوتووهكانى ناو ئه‌وانه كۆمه‌ڵه‌ى چاكه و ڕه‌وشت (جمعیة البر والأخلاق)، كه سه‌رۆكه‌كه‌ى محەممەد ئه‌لحه‌كیم (1904 – 1980)، مامۆستا بوو له كۆڵێجى خوسره‌وییه و وتارخوێنى مزگه‌وتى ئهمهوى و له هه‌مان كاتیش‌دا پارێزه‌ر بوو. كۆمه‌ڵه‌كه پاره‌ى كۆده‌كرده‌وه بۆ یارمه‌تیدانى هه‌ژاران و له ساڵى 1937 یشدا بۆ بنیاتنانى كۆڵێجێكى ئیسلامیى نوێ بۆ گواستنه‌وه‌ى بابه‌تى مۆدێرن شان به شانى ئه‌و بنه‌ما ئایینییانه‌ى كه له لایەن قوتابخانه ڕەسمییهكانهوه پشتگۆى خرابوون. كۆڵێجهكه ساڵى 1943 ده‌ستكرا به دروستكردنى له ژێر سه‌رپه‌رشتیى بازرگانێكى ده‌وڵه‌مه‌نددا. سێ ساڵ دواتر ئه‌لحه‌كیم به سه‌رۆكى ڕابیتەى زانایانى حه‌ڵه‌ب هه‌ڵبژێردرا (رابطة العلما‌ء)٣٥. نه‌وه‌ى نوێى ئایین پهروهرانى خه‌ڵكى حه‌ڵه‌ب ساڵى 1936 كۆمه‌ڵه‌ى (دار الأرقم) یان دامه‌زراند، كه یه‌كێك بوو له كۆمه‌ڵه‌كانى ئه‌و ده‌مه‌ى سووریا و به ناوى (شه‌باب محەممەدهوه) ناونرابوون. به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى یانه‌یه‌كى ڕ‌ۆشنبیرى و وه‌رزش دامه‌زرا و به‌ره به‌ره كه‌وته سیاسه‌ت كردن له ساڵانی جهنگدا٣٦ و له ساڵى 1946دا چووه پاڵ كۆمه‌ڵه‌ى ئیخوان موسلیمینى سه‌رانسه‌رى سووریا به سه‌ركردایه‌تیى مصطفى السباعی٣٧.
سه‌ركرده ئایینییه‌كانى حه‌ڵه‌ب چوونه ناو ئه‌زموونه كورتخایهنهكهى دیموكراتییه‌وه له پاش سه‌ربه‌خۆیى، به‌ڵام خۆیان كرده پێشه‌نگى ئۆپۆزیسیۆن كاتێ كه ڕژێمه میلیتارییهكان ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست. بهركوڵێكى ئه‌وه‌ى كه لێى به‌نیاز بوون له سه‌ر ده‌ستى كۆڵۆنێڵ ئه‌دیب ئهلشیشكلى دا به‌رجه‌سته بوو (له ساڵى 1949 – 1954حوكمى كرد)، كه ئیخوان موسلیمینى هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ئه‌و دام و ده‌زگا ئاینییانه‌ى نه‌هێشت كه ئه‌وقاف یارمه‌تیى ده‌دان و ته‌كێ و خانهقاكانى داخست، به تایبه‌تى هى ڕێباز و ڕێکخراوه‌كانى ڕەفاعی٣٨. زۆربه‌ى ئه‌مانه هه‌رگیز جارێکى تر نه‌كرانه‌وه و عه‌له‌وى جێى گرتنه‌وه كه لقى ڕێبازى شازلى – دهڕقاوى بوو. ده‌سه‌ڵاتى ڕابەرى ئه‌م ڕێبازه له حه‌ڵه‌ب، عه‌بدولقادر عیسا (ساڵى 1993 كۆچى دوایى كردووه) پێده‌چێت له ڕێگەى نووسین و دانانى كتێبه‌وه بووبیت وه‌ك له‌وه‌ى شه‌خسى بێت، چوونکە زۆرترینى كات وا ناوى دێت كه دانه‌رى كتێبێكه له سه‌ر زانیاریى سۆفیگه‌رى كه‌وا به شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان دهخوێنڕێتهوه٣٩. به‌دواى هاتنه سهرحوكمى حیزبى به‌عسدا لقى حه‌ڵه‌بى ئیخوان موسلیمین تێكه‌ڵى بزووتنه‌وه‌یه‌كى به‌رهه‌ڵستكارى ڕادیکاڵى بوو به ڕابەریى زانایانى چالاکى وه‌ك أحمد عزالدین البیانونى (ساڵ 1974 كۆچى دوایى كردووه) و عبدالفتاح أبو غده (1917 – 1997). جێگره‌وه‌كانى دواى ئه‌مان به‌شێك بوون له سه‌ركردایه‌تییه‌كى هاوبه‌ش كه له ساڵى 1980دا پێكهات بۆ ڕێکخستن و به‌ڕێوه‌بردنى خه‌باتى هه‌ڵكشاو، كه ترۆپكهكهى ڕاپه‌رینى حه‌ما بوو له ساڵى 1982دا٤٠. له نێو ئه‌و حهڵهبییانهدا كه له وڵات هه‌ڵاتن كه ئه‌نجامى داپڵۆسین و سه‌ركوتكردنى دڵڕهقانهدا سه‌ركرده‌كانى ئیخوان موسلیمین و زانایان و سۆفییه‌كان بوون.
“فاكته‌رى خالیدی، بیروباوه‌ڕى چه‌سپاو و مه‌زهه‌بى ئهكتیڤیزم”
یه‌كه‌م كه‌سایه‌تیى كارا و بلیمه‌تى سه‌ر به ته‌ریقه‌تى خالیدى، كه‌وا كاریگه‌رییه‌ك له حه‌ڵه‌بدا به‌رپا بكات موریدێكى خودى شێخ خالید خۆى بوو، به ناوى ئه‌حمه‌د ئه‌لحه‌ججار (1776 – 1861)، كه زانایه‌كى به‌ناوبانگى زه‌مانى خۆى بووه و گه‌لێك باسى پایه و ژیاننامه‌ى دەکرێت٤١. ئه‌م پیاوه سه‌ر به خێزانێكى هه‌ژارى حه‌ڵه‌ب بووه و له ته‌مه‌نى منداڵى و لاوێتییه‌وه شه‌یداى خوێندنى ئایینیى و هه‌وادارى ڕه‌وتى سۆفیگه‌رى بووه، به ڕابەریى ئیبراهیم ئەلهیلالیی دامه‌زرێنه‌رى ڕێبازى قادرى – خه‌ڵوه‌تى. له ده‌وروبه‌رى ساڵى 1810دا ڕابهرهكهى ئه‌لحه‌ججار روخسه‌تى پێدا بچێته دیمه‌شق و له‌وێ درێژەى به خوێندنه‌كه‌ى دا له سه‌رده‌ستى زانایانى ئه‌و شاره. به گه‌یشتنى خالید بۆ دیمه‌شق له ساڵى 1822دا ئه‌لحه‌ججار بوو به قوتابیى ئه‌و، له هه‌مان كاتیش‌دا بوو به موریدى خه‌تى نه‌قشبه‌ندى و پێده‌چێت به خه‌لیفه‌ش دانرابێت٤٢.
له سه‌ره‌تاكانى ساڵى 1830دا، ئه‌حمه‌د ئه‌لحه‌ججار گه‌ڕایه‌وه بۆ دیمه‌شق له سه‌ر داواكارى و پێداگرتنى هاوشاربیهكانى و پاش ئه‌وه پهتایهكى سه‌خت زۆرێک له خوێنده‌وار و زانایانى شاره‌كه‌ى كوشت. لێره له‌گه‌ڵ “ئه‌حمه‌د ئهلترمانینى” كه‌وتنه یه‌ك، كه‌وا پێشتریش له‌گه‌ڵ باوكی‌دا ده‌ستى كردبوو به خوێندن و هه‌ردوو زانا كه‌وتنه هه‌وڵى بووژاندنه‌وه‌ى خویندن و فێركردنى ئایینى له شارى حه‌ڵه‌بدا. ئهلترمانینى (1793 – 1876) موریدى ئه‌حمه‌د ئهلساویى ڕابەرى خهڵوهتییهى میسر بوو، له‌و ده‌مه‌دا كه له ئه‌زهه‌ر دهیخوێند٤٣. به هه‌ر حاڵ، ئه‌م له حه‌ڵه‌ب قورسایى خۆى خسته سه‌ر زانسته ئایینییه‌كان و پاش ماوه‌یه‌ك كرا به موفتیى شافیعیی شار و مامۆستا له مزگه‌وتى ئه‌مه‌ویدا. ئهلترمانینى خۆى به دوور ده‌گرت له هاوڕێیه‌تى فه‌رمانڕه‌وا و كاربه‌ده‌ستانى، هه‌رچه‌نده ئه‌وان به‌دواى دۆعا و تهبهڕوكى ئه‌مه‌وه بوون، وه‌ك ژیاننامه‌كه‌ى دهرهیدهخات. له‌برى ئه‌وه و هاوشان له‌گه‌ڵ نه‌ریتى خهڵوهتیدا له مینبه‌رى وه‌عزه‌وه سه‌رزه‌نشتى ئه‌وانه‌ى ده‌كرد كه له ده‌سه‌ڵاتدان به هۆى سته‌م كردنیانه‌وه له خه‌ڵك هه‌مان شێوه زانا‌و بازرگان و هه‌ژارانیش به هۆى كه‌مته‌رخه‌مى و ده‌ستبڕین و تهمهڵییانهوه٤٤.
ئه‌حمه‌د ئه‌لحه‌ججار، كه له مزگه‌وتى ئه‌مه‌ویدا وانهبێژیشى ده‌كرد، زۆر سەرقاڵى مه‌سه‌له‌ى چاككردن و نوێكردنه‌وه‌ى مزگه‌وت و مه‌دره‌سه وێرانه‌كان بوو. یه‌كێك له‌مانه له گه‌ڕه‌كى فهرافیرهى ده‌ستڕۆیشتووه‌كان، ناوى ئه‌مى ههڵگرتبوو٤٥. كاتێ قونسوڵێكى بێگانه مزگه‌وتێكى كۆنى ڕووخاند و شوێنه‌كه‌ى كرده ته‌ویله‌ى به‌رزه وڵاخ، حه‌ججار خۆپیشاندانێكى ڕێکخست و والیى ناچار كرد به‌ڵێنى دروستكردنى مزگه‌وتێكى نوێ بدات له شوێنه‌كه‌یدا. ئه‌م كار و چالاکییانه ڕێز و پایه‌ى حهججارى لای فه‌رمانڕه‌وایان و لای خه‌ڵكى ئاسایى وه‌ك یه‌ك به‌رزكرده‌وه. ئه‌و له پێناوى خه‌ڵكى سته‌م لێكراودا به زمانى زبر و به ڕەقى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران قسه‌ى ده‌كرد و ئه‌وانیش لێى ده‌ترسان. له ساڵى 1845دا، حه‌ججار له‌گه‌ڵ گه‌وره پیاوانى ئاینیى سه‌رتاپا ئیمپراتۆرییەتى عوسمانی‌دا بانگهێشتى ئه‌سته‌مبووڵ كرا، بۆ ئاماده‌بوون له ئاهه‌نگى خه‌ته‌نه كردنى كوڕانى سوڵتان عهبدولمهجیددا. سێ ساڵ دواتر و له میانه‌ى ئاژاوه و پشێویى ساڵى 1850دا، تێكهوتنى ئه‌م ژیانى “ته‌قیه‌دین ئهلمودهڕیسى” موفتیى حهنهفیى پاراست و له كوشتن ڕزگارى كرد له لایەن ئاژاوهگێڕانهوه٤٦.
“ئه‌حمه‌د ئهلترمانینى و ئه‌حمه‌د ئه‌لحه‌ججار” به‌وه ده‌ناسران كه زانیارى به‌رفراوانى ئایینى و خواناسیى له سه‌ر ڕێبازى سۆفیگه‌رى ئاوێته‌ى یه‌كتر ده‌كه‌ن. له به‌رانبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنى ترسناكى خوێندن و فێركردندا له‌و سه‌رده‌مه‌ى حه‌ڵه‌بدا، هه‌ردووكیان قورسایى خۆیان خستبووه سه‌ر ئه‌وه‌ى كه مامۆستاى عیلم بن له سه‌ر حیسابى ئه‌رك و په‌یامى هاوشێوه‌یان، وه‌ك ڕابه‌رانى ته‌سه‌وف. بۆیه به یه‌كخستنى كۆششیان توانییان نه‌وه‌یه‌كى ته‌واوى خوێنده‌وار و زانا پێ بگه‌یه‌نن له حه‌ڵه‌بى سه‌رده‌مى ته‌نزیماتدا، نه‌ك موریدى سۆفیگه‌رى. به‌ڵام سه‌رچاوه‌ى پابه‌ندبوونى سۆفیگه‌رى بوو به مۆركى جیابوونه‌وه‌ى ئه‌و دووانه، چونکە میتۆدى ڕاسته‌وخۆى ئه‌لحه‌ججار له نه‌ریتى نه‌قشبه‌ندى – خالیدییه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبوو كه‌چى باكگراوندى خه‌ڵوه‌تى بووبووه مۆرك و خاسییه‌تى ناڕاسته‌وخۆى ترمانینى. حه‌ججار وه‌ك دڵسۆزییه‌ك بۆ میراتى نه‌قشبه‌ندى ده‌یویست كار بكاته سه‌ر فه‌رمانڕه‌وایان له هه‌وڵدانیدا بۆ بووژاندنه‌وه‌ى مزگه‌وت و مه‌دره‌سه‌كان، نه‌وه‌ك سەرقاڵ بوونى ته‌واو به وه‌عز و وانه وتنه‌وه. جیاوازییه‌كه له‌و باسه‌دا كورتبووه‌ته‌وه كه ئه‌م گله‌یى له ترمانینى ده‌كات چوونکە خۆى دابڕیوه و ئه‌وه‌ى له‌بیرچووه‌ته‌وه كه له ڕۆژى قیامه‌تدا خودا پرسیار له هه‌موو پیاوێكى ئایین ده‌كات كه‌وا چى كردووه له پێناوى به‌رز ڕاگرتنى شكۆى عیلمدا٤٧.
نووسین: ئیسحاق وایزمان: پرۆفیسۆر لە زانکۆی حەیفا
وەرگێڕان: محەمەد حەمە ساڵح