هونهری گۆرانی بهگشتی بهشێکه له کهلهپوور و سامانی ههر وڵات و کۆمهڵگا و نهتهوهیهک، بهر له ههر شتێکیش جۆره نهوا و ڕیچواڵێکی ئایینی و ئۆستوورهیی بووه بۆ پهیوهندیگرتن لهگهڵ سرووشت و دیارده بان سرووشتی و میتافیزیاییهکان، زێدهڕۆیی نییه گهر بڵێین ئهم زایهڵه ڕهسهن و کهونارایه تا ئێستهش له ناو گۆرانی و دهنگ و چریکهی دهنگبێژ و سترانبێژه ڕهسهنهکانی کورددا ماوهتهوه، لهڕاستیدا ئهمه دهکریت بڵێین جۆره پاراستن و ڕهسهنایهتییهک بووه که هیچ ههژموون و ههیمهنهیهک دهرهقهتی نههاتووه و داگیرکهران بههیچ شێوهیهک نهیانتوانیوه گۆرانی و ئاوازی کوردی له ڕاسته ڕێکهی خۆی بترازێنن بێگومان لهم سامان و کهلهپوورهیان بردووه و دزیویانه له شهجهریانهوه بگره تاکوو ئیرهجی بهستامی و کوڕی شهجهریان و دهیان گۆرانیبێژی کۆن و نوێی ئێرانی، ڕاسته ئهم بێگهردی و ڕهسهنمانهوهیهی فۆرمی گۆرانی کوردی خۆی هۆکارێک بووه که داگیرکهرانی دهستهوئهژنۆ کردووه، بهڵام بهداخهوه لهم ساڵانهی دواییدا له ژێر کاریگهریی کولتووری عهرهبیدا گهعده و حهفلهی ڕابواردن نهک تهنها خهریکه گۆرانی کوردی له ڕاسته ڕێکهی خۆی دهترازێنیت، بهڵکوو وهکوو جێگرهوهیهکی نابهجێ و دژه کولتووری له ههمبهر ئهو سامانه مهزن و گهورهیهدا دهوهستێتهوه، ئهگهر تهنها له نیو سهدهی ڕابردوودا ناوی گۆرانییبێژه کوردهکان ڕیز کهین و گۆرانییهکانیان به خهیاڵماندا بێنین دهزانین چ مهوادایهکی کارهستاوی له نێوان گۆرانی ڕهسهن و بێگهردی ئهوکات و ئهم چهلهحانێ و شهڕهبهند و جوێن بێژی و سووکایهتییه که به ناوی گۆرانی کورد و گۆرانیبێژی میلی پێمان دهفرۆشنهوه، ههیه. ئهمه خهسارێکی گهورهیه و دهشێت زیاتر لهسهر بڕۆین، بهڵام من لێرهدا ههر وهکوو بهرکوڵێک باسم کرد واته وهکوو زهمینهیهک بۆ بیرکردنهوه له دۆخی ئهوسا و ئیستای گۆرانی کوردی، با سهرنجی مێژوویهکی کورتی هونهری گۆرانی کوردی بدهین.
مێژووی تەمەنی ھونەری گۆرانی لە ھونەری مۆسیقا کۆنترە. ئەگەر بمانەوێ تەمەنی گۆرانی کوردی دەستنیشان بکەین، دەبێ لەو کاتەوە دەست پێ بکەین کە کورد بوونی ھەیە. حەمەی حەمەباقی لە کتێبی (مێژووی مۆسیقای کوردی) دا دەڵێت: دەستنیشان کردنی ساڵێکی دیاریکراو یان سەردەمێکی دیاریکراو بۆ مێژووی سەرھەڵدان و لە دایکبوونی گۆرانی کوردی کارێکی ئێجگار دژوارە. سەرەتای نەشونماکردن و سەرھەڵدانی گۆرانی کوردی دەگەڕێتەوە سەردەمی زەردەشت و سروودەکانی ئەو ئایینە پیرۆزە. دەکرێ سروودی گاتا (گاسا) و (یەشت)ەکان کە لە کتێبی پیرۆزی ئاڤێستادا ھاتووە، بە سەرەتای گۆرانی کوردی ئەو سەردەمە دەستنیشان بکەین. ئەو سروودانە کە جۆرە گۆرانییەکی ئەو چاخە بوون، لە بەر ئەوەی لە باری ئایینییەوە دەرەتانیان پێ درابوو، زۆر زوو توانیویانە گەشە بکەن و پێش کەون. وەک فتوای ئایینی لە لایەن موغەکان واتە ڕێبەرە ئایینییەکانی زەردەشتەوە، بە پەیڕەوانی ئەو ئایینە ڕاگەیەندراوە کە ھەر کەسێ سروودەکانی ئاڤێستا بە ئاوازەوە بخوێنێ، کاریگەرتر و باشتر ئامانجەکانی دەپێکێ.
وشەی گاتا، گاسا، گاسە یان گازە بە مانای بانگ و ھاوار و داد و سکاڵا لێک دراوەتەوە. واتە سکاڵا و ڕاز و نیاز بە ئاواز و مۆسیقاوە لەگەڵ خودا. سروود لە پلەی ھونەریدا لە گۆرانی بەرزترە و بۆ بۆنەکانی نیشتمانی و ئایینی بە کار دەبرێ. سروود دەکرێ زۆر جار پلەی حەقیقی (پیرۆز)ی پێ بدرێ و گۆرانی مەجازی (دڵداری و…). سروود لە ئاتەشکەدەکانی زەردەشتی و کەڵام(یارسان) لە جەمخانەکانی ئایینی یاری (ئەھلی حەق) و ئیزەدیدا لەگەڵ تەموورە کە یەکێکە لە ئامێرە ھەرە پیرۆزەکانی کورد، پێشکەش کراوە و دەکرێ.
سدیقی بۆرەکەیی لە کتێبی (مێژووی مۆسیقای کوردی) دا دەڵێت: مۆسیقا سەرەتا بە ھۆی شمشاڵی شوانەوە ھاتۆتە نێو کورد و پاشان پەرەی پێ دراوە. بە گشتی ئەو سێ ئایینە (زەردەشت، یارسان و ئیزەدی) کە لە کوردستاندا سەریان ھەڵداوە، بوون بە ھۆی پێشکەوتنی ھونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی. چونکە ھەر سێکیان ھانی خەڵکیان داوە ڕاز و نیازەکانیان لەگەڵ پیر و خاوەنکاری خۆیاندا بە ئاوازەوە بخوێنن.
(ناوهندی ئایینی زەردەشتی لە ورمێ، یارسان لە ھەورامان و داڵەھۆ و لوڕستان، ئیزەدی لە موسڵ و سەنجار و دیاربەکر ھەڵکە وتووە کە ھەموویان لە کوردستانن). لە ئایینی زەردەشتدا وتراوە: ئەگەر دووعا و سکاڵاکانتان بە ئاوازەوە لەگەڵ تەموورەدا بخوێنن، زووتر دەگاتە جێی خۆی. لە ئایینی یاریشدا بە دەیان وتەی ڕێبەر و پیرەکانیان لە کتێبە پیرۆزەکانی ئەو ئایینەدا بەرچاو دەکەوێ کە ھانی خەڵک دەدەن ئەو ئەرکە بە ئاوازەوە ھاوڕێ لەگەڵ تەموورەدا بخوێنن. ئەم ھەڵبەستەی خوارەوەی دەروێش زوڵفەقاری گۆران وێنەیەکی ئەو ڕاستییەیه کە دەفەرموێ:
خاوەندکارم تەنبوورش ئاوەرد
پەری یارانش ھەر سەوگەندش وەرد
واتش ھەر کەسێ تەنبوور نەژەنۆ
مەبۆ جە دینش دڵش بکەنۆ
دەسا ئەی یاران، ئەر شاد، زگارن
تەنبوور بژەنن ئەگەر وەکارن
واتە: خاوەنکار تەموورەکەی ھێنا و سوێندی بۆ یارانی خوارد کە ھەر کەسێ تەنبوور نەژەنێ دەبێ دەست لەو دینە ھەڵبگرێ، بۆیە یاران ئەگەر شادن و ئەگەر خەمبارن، تا توانا و ھونەرتان تێ دایە تەموورە بژەنن. ئایینی ئێزدی ئەزدایش وەک لە کتێبی پیرۆزی مەسحەفا ڕەشدا ھاتووە، ڕێوڕەسمی جەژنەکانیان بە دەنگی قەواڵ چەلەبی لەگەڵ تەموورە له لایان پیرەکانەوە بە شادی کردن و بە ئاگرا کردنەوە بە ڕێوە دەبەن. قەواڵ گۆرانیبێژی ئیزدییەکانە و ئەوپەڕی ڕێزی لێ دەگیرێ.
دەبێ کۆڕی زیکری دەروێشانی تەریقەتەکانی قادری، بەرزنجی و نەقشبەندی لە تەکیە و خانەقاکان لە جەوھەری ئایینی ئیسلام جوێ بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی ناوەرۆکی ھەڵبەستەکان پێدا ھەڵگوتنە بە شێخ و پیرەکانی ئەو تەریقەتانەدا، بەڵام شێوەی بەیان کردنی وەرگرتەیەکە لە ئایینەکانی زەردەشتی و یاری و یەزیدی. ئامێرە ڕەسەنەکانی مۆسیقای کوردی تەمبوور، دەف، شمشاڵ، بلوێر، دەھۆڵ و زوڕنا، ساز و زۆری دیکەن. وەک دەزانین بە لە دەستدانی دەسەڵاتی مادەکان و ھاتنە سەر حوکمی فارسەکان بە سەرۆکایەتی کوروشی ھەخامەنشی، ھونەرەکەشمان وەک چارەنووسی نەتەوەکەمانی لێ هات. بە چەشنێک ھونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی وەک ھونەری نەتەوەیەکی جیا لە فارس چاو لێ نەکراوە و ناوی مۆسیقای مەحەللی واتە لۆکاڵ و ناوچەیی لە سەر دانراوە. تا سەد ساڵ لەمەوبەر کە بنەماڵەی فەراھانی، واتە کوڕەکانی عەلی ئەکبەرخان کە بریتی بوون لە میرزا عەبدوڵڵا و میرزا حوسەین قولی، سەر لە بەری دەزگاکانی مۆسیقای گەلانی ئێرانیان گرد و کۆ کردەوە و بە ناوی دەزگاکانی مۆسیقای ئێران ناودێریان کرد، پێشتر ئەو دەزگایانە بە ناوی ھەموو ئەو نەتەوانەوە دەناسرا کە لە چوارچێوەی ئێراندا دەژیان.
بە واتایەکی دیکە مۆسیقای کوردی لەگەڵ مۆسیقای ئێرانی کۆندا ھاوبەشە و بە بێ ناو ھێنانی کورد ئەو مۆسیقایە ھەم ناتەواوە و ھەم تاڵان کراو. لە کاتێکدا ڕەزاخان بە بیانووی یەکدەست (متحدالشکل) کردنی جل و بەرگەوە، تەواوی نەتەوەکانی غەیرە فارسی پێچا بووە ھەتیتە و بە سەردەمی دەواردڕان لە مێژوودا بەناوبانگە، برایانی فەراھانی پێش ئەوەی دەزگاکانی مۆسیقای ئێران بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە ناودێر بکەن، بە ھەموو دەسەڵاتێکی میرییەوە بە ئێراندا سووڕان و سەرجەمی ئەو دەزگایانەیان کۆ کردەوە. میرزا عەبدوڵڵا بۆ خۆی پێنج مانگ لە کوردستان مایەوە و چی گەنجینەی مووزیکی کوردی ھەبوو، کۆی کردەوە و پاشان ناوچەکانی دیکەی وڵات گەڕان و لە دواییدا ناوی دەزگاکانی مۆسیقای ئێران یان لە سەر دانا. ئەو دهزگایانه که بریتین له حەوت دەزگایە ئهمانهی خوارهوهن:
ماھوور (دەزگا)، ھومایۆن (دەزگا)، سێگا (دەزگا)، چوارگا (دەزگا)، شوور (دەزگا)، نەوا (دەزگا)، ڕاست پێنج گا (دەزگا)، ھەر وەھا ٧ نیمچە دەزگاش (ئاواز) وەک پاشکۆی ئەو حەوت دەزگایە ھەیە کە بریتین لە:
ئەبوو عەتا (ئاواز)، شووشتەری (ئاواز)، ئەفشاری (ئاواز)، بەیاتی زەند (ئاواز) یان بەیاتی تورک (ئاواز)، دەشتی (ئاواز)، بەیاتی کورد (ئاواز)، ئیسفەھان (ئاواز)
وەک لە سەرەتاوە باسمان کرد، فارسەکان بێجگە لە مۆسیقای فارس، مۆسیقای نەتەوەکانی دیکە بە موزیکی مەحەللی ناو دەبەن. ئەم ناودێرکردنەش لە باری نێونەتەوەیییەوە ئەو مافە بە نەتەوەی فەرمانڕەوا (فارس) دەدا کە وەک بەشێکی بچووک و ناوچەیی چاو لە مووزیکی کوردی و گەلانی دیکەی دانیشتووی ئێران بکا و بە ژێر تەوشێی خۆیانی بزانێ. پێ بە پێی سیاسەتی شۆڤینیستی ئێران دژی کورد، لە تورکیادا ھەوڵ دراوە سەرلەبەری ئاوازە کوردییەکان کۆ بکرێتەوە و ھەڵبەستی تورکییان لە سەر دابنرێ. لە بەر ئەوەی ھیچ ھۆیەکی ڕەگەزی و کولتووریی کورد و تورک بە یەکەوە نابەستێتەوە، سەرەتا ھاتووە گۆرانی ھەموو ناوچەکوردنشینەکانی کۆ کردۆتەوە و پاشان بە ھۆی کوردە دەنگبێژە تورکی خوێنەکانەوە کردوونی بە تورکی. نموونەی ئەو کوردە تورکی خوێنانە زۆرن کە دەکرێ ناوی جەلال گوزەل سەس، عزت ئاڵتمش، برایم تاتلیسەس، بورھان چاچان، مەحموود تونجەر، کوچوک ئەمرە، بەشیر کایا و بەڵقیس ببەین. پاشان ناوی سەنعەت مووزیک و خەڵک مووزیکی لە سەر ئەو تاڵان کردنە داناوە.
لە کوردستانی بن دەستی ئێراق و سووریادا(باشوور و ڕۆژئاوا)، ئێران و تورکیا بۆ تواندنەوەی فەرھەنگ و کەلەپووری کورد زۆرتر لە بواری میلۆدی و ڕیتم دا ھەوڵیان داوە مۆسیقای کوردی بشێوێنن. بۆ وێنە ئەگەر گوێ لە مووزیکی ئەو گۆرانییانە بگرین کە حەسەن زیرەکی نەمر لە بەغدا تۆماری کردوون و بەراوردی بکەین لەگەڵ کارەکانی ڕادیۆ کوردی کرماشاندا، پتر ئەو دەست تێوەردانەمان بۆ دەردەکەوێ. ئەوەی بەغدا تەواو عەرەبییە و ئەوەی کرماشان کوردییەکی پەتی. لەگەڵ ھەموو ئەو تاڵان و بڕۆیە کە بە سەر مووزیکی کوردیدا ھاتووە، ھەندێ شێوازی گۆرانی کوردیمان ھەیە کە نە نەتەوەکانی دراوسێ ھەیانە و نە داگیرکەران توانیویانە بیکەن بە موڵکی خۆیان. ھۆکەشی ئەوەیە کە ئەو جۆرە ئاوازانە تەنیا بە کورد دەوترێ و بەس. ئەویش ئەم ئاوازانەیە:-
ھۆرە، سیاوچەمانە، لاوک یان لاوژە، حەیران، بەیت، چەمەری، سۆزی گەرمیان