چ شتێک جەوهەری بوونی ئێمە دیاری دەکات؟ مرۆڤ دوولەت و کەرت دەکات؟ ئارەزوو بۆ بە دیهێنانی یۆتۆپیا “بەهەشت” دەکات؟، یاخوود ترس لە دۆزەخ دیتستۆپیایەک بەرهەم دەهێنێت؟ گەشەسەندنی مرۆڤ و ئاسانکاری قۆناغەکانی نوێ بوونەوە لەسەرهتاوە ئامانجی دروستکردنی ژیان بوو، لەوێدا هەوڵدرا لەترسی مردن چەند پارچەیەک لەو “ژیانە” لەبەر بگیرێتەوە، بەڵام نەک بەو شێوەیە، بەڵکو بەشێوەیەکی ئاسانتر و سەلامەتر خاڵیبکرێتەوە لە ئازار و ناڕەحەتی، زۆر جار مەینەتی و بەدبەختییش، ئیدی ئەم لەبەرگیراوە ناونرا (بەهەشت) بەجۆرێک بیرۆکەکەی هەوڵدانێکی ئەبەدیی بوو بۆ کەمکردنەوەی خواستی ژیان، چونکە مۆرڤ دەیزانی ژیان بەهەشتی تێدا نیە، بۆیە کردیە ژیانی ئەوی تر، ژیانی دووەم؛ ئەڵتەرنەتیڤەکانیش عادەتیان وایە هێز لەبەر یەک دەبڕن. بەمانایەکی دی ئەو ژیانەی تێیداین کە کۆتایی ناڕوونە و نادیارە پێوویست بوو مەعلووم بێت بە کوێ دەگات؛ مرۆڤ لە فۆرمدا پرسیار و گومانی کرد، دەروونی تێکچوو بە نیگەرانییە مەجازی و وشەییەکان، هەرچەندی کرد کۆتایی نەبینی، بۆیە دەیووست تا خۆی ماوە ژیانێکی دی وەک کۆتای بناسێت.
ساڵانێک مرۆڤە سەرەتایییەکان ڕەنجیان داوە و تێکۆشان تا ژیان و چارەنووسیان بدەنە دەست ڕۆبۆتە زیرەکەکان. کێ بڕوا دەکات ئەو ئاکامەش هەوڵدانی بۆ ژیانی باشتر هێنایە ئاراوە؟ بەڕاستی ژیانی باشتر چییە؟ ژیانێک کە ئارامتر کارە ڕۆژانهییەکان دەکەین و ئەرکەکانمان کەمتر دەبنەوە. “سایبەرپانک” تێکەڵ بوونی مرۆڤەکانە دەگەڵ ڕۆبۆتەکاندا. ئەمە لە بەدیهێنانی ئایدیاڵی بەهەشتەوە سەرچاوەی گرت، بەڵام دڵنیام بەوەشەوە ناوەستین، توانای مرۆییەکانمان لەسەرتر و باڵاترە؛ ڕۆژێکدێت وەهمی بەهەشت مێشکمان ئاوستر دەکات، توانامان کەمتر دەکاتەوە و ڕۆبەتەکان ئەرکەکانمان ڕادەپەڕێنن، بیر دەکەینەوە و هیچ ناکەین؛ بەڵام ئایا لەبەهەشتداین؟ ئێمە بۆ خۆدزینەوە لە کار بەهەشتمان دەوێت؟
کتێبەکان و فیلمە زانستییەکان خەیاڵییەکان بە گوێماندا دەچپێنن کە ئێمە لەڕێگای بەهەشت لامانداوە و نیازمان گۆڕاوە. دڕندەمان لێدەرچووە؛ بۆیە دەبێت بەخۆماندا بچینەوە و ئاسانکاری نەکەینە نۆرم، هیوای بەدی نههێنان، تەنانەت گەر لەشوێنکدا شتێک هەڵەبوو وەک نموونەکانی چەوساندنەوە لە ئەفریقا ناوچە هەژار نیشینەکان دەبێت بپرسیت چ شتێکی ترسناکت لە پێشە، وا ئاستەکانی خۆت و هاوەڵانت فەرامۆشدەکەیت؟
خەونی مرۆڤ نەگۆڕاون، هێشتا ئالوودەی زانست و هۆشیارییە، هەمووشتێک دەکات لە پێناوی تامەزرۆی زانین. لەڕووی دەروونیشەوە بوونەوورێکی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمیین، وەک لەقۆناغی منداڵاندا ڕەنگی داوەتەوە، غەریزەکانیان وەهایە ڕوو لەشوێنێک بکەن کە تۆ لێت قەدەغە کردوون، واتە دەچنە ئەو شوێنەی تۆ ئاگارداییان دەکەیتەوە بۆی نەچن. ئایناس و دەقە تیۆلۆژییەکان پشت ڕاستی دەکەنەوە، خوا بە مرۆڤی گوتووە کە لەو میوە مەخۆن تا زانست و هۆشیاری جیهانی دەرەوە بەدەستنەهێنن، بەڵام مرۆڤ ڕەتیکردۆتەوە گوێیبداتێ، بۆیە خۆی لە جیهانی دەرەوە بینیەوە.
لەجێگەیەکدا “دۆیستۆڤیسکی” ڕەخنەی بیرۆکەی بەهەشت دەکات، ناڕازەیەتییەکە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی دەردەبڕێت “هەموو نیعەمەتێکی بەسەردا ببارێنن، لە دەریایی بەختەوەرییدا بیخنکێنن، خۆشگوزارانی و ئابووری پێببخەشن بە جۆرێک نابێت هیچ بکات جگە لەوەی بخەوێت و کێک بخوات و خۆی سەرقاڵبکات، بەڵام گەر واشبێت ئەوکاتیش لەبەر بێ منەتیەکی تەواو ڕق و کینەیەکی تەواو هەندێک فێڵی ناشرینت پێدەکرد” ناڕەزایەتییەکەی واها دەکەوێتەوە کە مرۆڤ بەو شێوەیە دروست نەکراوە سالاری دابنیشێت و بەخۆشگوزارانی بژی. دەبێت هەمیشە شتێک بکات، تا دەست بە ئەقڵییەوە بگرێت. ئازاد ژیری بسەلمێنێت نەکا شێت بێت لە مت بوون، متبوونێک کە هەموو شتێک بشکێنیت و بیری بچێتەوە کە مرۆڤە، ئاگاداریی شوێنک نییە بۆت داناوە و بۆی دەچێت، بەڵام ئاگادارە پێت ووتووە نەیخوات، بۆیە دەیخوات. هەموو ئەمەش تەنیا بیرخستنەوەیەک بوو لەخۆی، بزانێت مرۆڤە کۆنترۆڵی خۆی زیاتر لەفرمانی خوا دەوێت، یان ڕەنگ بێت لەزانینەوە بێت. ئادەم گەر بیزانییە بەهەشتی بێ کارکردن لە ڕاکەکەی ژیان باشترە خۆی بەدەرکردن نەدەدا.
نووسەرە ڕووسییەکە زیاد لە پێوویست دەیویست بیسەلمێنێت ئێمە بۆ یۆتۆپیا دروست نەکراوین، گەر هەموو (٢+٢) یەک بکاتە (٤) کەوابوو هیچ سەرگەرمییەک و هەیجانێک نامێنێت، ئەوە سرووشتی ئێمەیە و ئێمە بۆ یۆتۆپیا دروست نەکراوین. “ئەلبێرت کامۆ” ستایشی ژیان بە دۆزەخ دەکات. لە ئەفسانەی سیزفیدا لەخەرمانی ژیان کەمدەکاتەوە و هاوتای ڕەنج و ئازاری دەکات.”سیزیف بە قورستر لە مردن سزا دەدرێت، “ئێمە وەک سیزیف بەردێکی گەورە بەسەر گردێکدا دەگێڕین، هەرجارێک لە لووتکە نزیک دەبینەوە دەگەڕێتە خوارووە، دیسان ئەم کردارە دووبارە دەکەینەوە”.
“لیڤیاسان” حوکمەتە گوێڕاڵەکەی هۆبز بوو کە ڕەخنەی لە دیکتاتۆری تۆتالیتاری دەکرد، بەپشبەستن بەفەیلەسووفانی پێش خۆی ئارگومێنتەکەی خستە سەر ڕێ، دەیگووت “پیاوەکان ئارەزووی دەسەڵات لە سەرووی دەسەڵاتەوە پاڵیان پێوە دەنێت، ئەمەش تەنها بە مردن بە کۆتایی دێت.” نەگبەتییەکانی ئەو دەرئەنجامەش ملاملانێی و کێبڕکێ بوو بۆ ئاسانکاری، حکومەتێکیان دامهزراند تا کۆنترۆڵی هەموو ژیانیان بکات، بەڵام دواتر خۆی بوویەوە بە دیکتاتۆر و دۆزەخی بەرهەمهێنا، واتە ئەوان گەیشتن بە بەهەشت بەلەدەستدانی مرۆڤایەتییان. ئەوانەی خوارەوەش ئارەزووی بەهەشت وای لێکردن بیر لەوەبکەنەوە چۆن مرۆڤایەتییان بە کەمترین زیان لەدەست بدەن، بەو جۆرە ئەو دووکەڵەی لەئەگزۆزی بەهەشتەوە دەردەچوو دۆزەخی فڕێدەدا.
فەلسەفەکەی هایدیگەر تەواو تەسلیمی سرووشت بوو، بەختەوەری دەگەڕاندەوە بۆ نیشتن، هەر لەبەر ئەمەش بوو هایدیگەر لە ئەڵمانیا تا کۆتایی ژیانی مایەوە، باوەڕی بە چوونە ناوەوە بوو، ئەو دەیگووت «ئەو هەلوو مەرجەی دازاین دەیهێتە ئارەوە دەبێت لە”نیگەرانییەوە” سەرچاوە بگرێت»” بەڵام چۆن سەرچاوە گرتنێک؟ “لە بوون و کات”دا شوێنپی نیگەرانییەکان بۆنی پڕۆژەی پشێخستنی سرووشتی لێدێت، ئەو ڕوونیکردەوە ئێمە ژیانمان زەحمەت کردووە لەخۆمان، پێشبینی دەکرد گوێڕایەڵی فەرمانی سرووشتبین بۆ ختەوەری خۆمان.
ئەم دیدگا لای سارتەر پێچەوانە کەوتەوە، ئەو بە ووتە باناوبانگەکەی «دۆزەخ ئەوانی ترە» خۆی لەو چاوپۆشی کێبڕکێی مرۆڤاکانی چواردەوری نەپاراست، بە باوەڕی ئەو گرفتەکە لەئێمەدا نییە، چلۆن هەستی ململانێ لەواندا کاڵ بکەینەوە؟ بۆیە ئەو زیاتر بەفەیلەسووفی ڕووبەڕوو بوونەوە ناسرا بوو، کاتێک ئەمەش ناچێتە سەر ئیدی جۆرە پووچییەکی لێ بەرهەم دەهێنێت. بڕوانە لەم قۆناغەی ئێستاشماندا کە لەسەردەمی تەکنەلۆژیادا دەژین؛ چەند تارمایی بیرکردنەوەکەی سارتەر ماوەـ داخۆ مرۆڤە ڕۆشنبیرەکانیش فزووڵ نین لە زانین و پشکنینی پەیوەندییەکانت کاتێک تۆ پاسۆردی مۆبایلەکەتیان لا جێدەهێڵیت؟
پڕۆژە کاری هیتلەر (١٩٣٩-١٩٤٥) ئیدعابوو لە پێناو فەراهەمکردنی یۆتۆپیا. زاڵبوون بوون بەسەر جیهاندا بۆ بیرۆکەی بەهەشت، بەڵام ئەمە باڵادەستی ڕەگەزی بەرهەمهێنا، بە تێکچوون کۆتایی هات. چووە ناو شەڕێکەوە کە سەرکووتی ناوخۆیی، هۆڵۆکۆست، سێداردان و جینۆسایدی لێکەوتەوە. هاوشێوەی ئەمەش سەدام دەسڵاتی وەها لێک دایەوە گەر گەلانی چواردەور ترسیان لێی هەبێت دۆزەخی بۆ درووست ناکەن، بۆ درووستکردنی ئەو ترسەش دەبوو سەرەتا خۆی دەست بووەشێنیت، لەئێران و کووەیت و کورد و عەرەبی شیعە … بدات. تا وەک دەسهڵاتێکی ترسناک دەرکەوێت، بەمانایەکی تر وەک هەر فاشیزمێکی تر بۆ لانە تێکنەچوون یا لە ترسی ئاوارە بوونی بەهەشتی خۆی؛ دۆزخێکی وەهای بۆ خوڵقاندین کە هەرگیز لە یادی نەکەین. بروانە کارەساتەکانی ئەنفال.
پێتان وایە یۆتۆپیا چۆن دەبێت؟ کە هەموو گەلان کاری بۆ دەکەن. ئایا ئێمە بۆ ئەوە درووست نەبووین؟ یانیش ئەوەیە پشوو لە ژیانی دووەمدایە؟ زۆر کولتوور و ناوچە بەداخی بەهەشت و دۆزەخ سەریان نایەوە، بیرۆکەی بەهەشت چییە؟ دۆزەخ چییە؟ تەواوی پێکهاتەکانی مرۆڤایەتی بە ترس لە دۆزەخ و ئارەزوو بۆ بەهەشت سەنتەرکرد. لۆردەکان و خاوەندەکان باوەڕییان بەم دوو بیرۆکەیە گۆش بوو؛ بە نموونە ڤایکینگەکان بەهەشتیان “ڤالهالا” بوو دۆزەخییان هێڵ بوو، جانگاوەران بەو نیازە کووشتارییان دەنایەوە، تاکوو چانسیان هەبێت سەرببڕدڕێن، چونکە ئەوەی ئەم شەرەفەی پێببڕدرێت چانسی ئەوەی هەیە لەگەڵ “ڤالهالا” خواوەندی بەهەشت نان بخوا. یۆنانییە کۆنەکان ئەلیسۆمیان بۆ بەهەشت و تاتارۆسیان بۆ دۆزەخ دادەنا، میسڕییە کۆنەکانیش ئارۆ و {کێڵگەی کانیان} هەبوو بۆ هەشت دوعاتیان هەبوو بۆ دۆزەخ. هەرچەند زۆربەی بۆچوونەکان لایان وایە هەرگیز میسڕییە کۆنەکان باوەڕییان بە دۆزەخێکی ڕاستەقینە نەبووە، بەڵام خۆ لارییان نەبووە هەوڵدەن بۆ بەهەشت. لەناو میتۆلۆژیایی یابانیش ئەم بیرۆکەیە هەبووە، “ئاکیرا کۆراساوا” لە فیلمی سێڤن سامۆڕای کە باس لە هەندێک قەبیلە و خێڵی کۆندەکات؛ ئەوە لەزوو بانی کارەکتەری ژنێکەوە پشت ڕاستدەکاتەوە کاتێک دەڵێت{ دەترسم لەو دنیاش ڕەنج و بەدبەختی چاوڕێمم بکات}.
لە کۆتاییدا لەناو هەموو کولتوورێک و هۆزێک و خێڵێکدا جیاوازییەکی زۆر ئاشکرا لەنێوان بەهەشت و دۆزەخدا هەیە، گەر تێکڕای دوو دۆمەینەکەش بتوانن لە ژیانێکی ئێستادا کۆبنەوە، هەرگیز ناتوانن لە ژیانی دووەمدا کۆبنەوە، هەر ئەوەیە سەرچاوەی هەموو بەد بەدختیەکان و هیچ کاتێک مرۆڤ ناتوانێت لە هێماسازی هزری ئەم دوو ئایکۆنە گومڕا بێت، لەوانە بێت گەر سڕینەوەیەکیش لە ئارادا بێت، مرۆڤ خۆی نەیەوێت، ئەو سێوەی دەستی ئادەم ژەهریش بوایە هەر قەپاڵێکی لێدەدا و گەمەکەی ژیان ڕێک هەوڵدانە و بۆ تامکردنی ژیان و تێپەڕین بەسەر هەوراز و سەختیەکانیدا، بەهەشتێکی خۆم دۆزەخێک بۆ ئەوان فەرەهام نەکەم، چونکە بەهەشتی پیاوێک دۆزەخی پیاوێکی ترە.
سهرچاوهكان؛
- Notes from Underground, Novella by Fyodor Dostoevsky_published 1864.
- Being and Time. Book by Martin Heidegger_published 1927.
- Being and Nothingness. Book by Jean-Paul Sartre- published 1943.
- Leviathan: Or the Matter, Forme and Power of a Commonwealth, Ecclesiasticall and Civil.Book by Thomas Hobbes_published 1651..
- The Myth of Sisyphus. Book by Albert Camus 1942..
- Seven Samurai_akira kurosawa.1954.