یەکەم سەرچاوە بانگەشەکارانی نەقشبەندییە لە ناوەڕاستی جاوادا “ڤۆرستێنلاندن”، کە شازادە نیمچە سەربەخۆکان بوون لە یۆگیاکارتا و سوراکارتا.
لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٨٨٠کاندا، دەسەڵاتدارانی دوورگە هندییەکانی هۆڵەندی، بە گومانی چالاکییە پان ئیسلامییەکان، دەستیان بەسەر پارچە کاغەزێکدا گرتبوو کە بە زمانێکی عەرەبیی کرچ و خراپ نووسرابوو لە پیاوێکی لە حەج گەڕاوە بە ناوی “حاجی محەممەد ئەرسات” یان [حاجی محەممەد ئەرشەد] و ناردبوویان بۆ سنۆک هورخرۆنیەی کریستیانی عەرەبی زانی ڕاوێژکاری کاروباری ئیسلامی بۆ ئەوەی بزانن کە چی تێدا نووسراوە. دەقەکە هەندێ ڕێنمایی بنەڕەتیی نزا و پاڕانەوی نەقشبەندیی تێدا بووە. ئەمانە بە خوێندنی دۆعا و پاڕانەوەی ئیستیغفاری ٣ و ٥ و ١٥ یان ٢٥ جاران دەستپێدەکەن و ٣ جاران خوێندنەوەی سوورەتی ئیخلاص و یەک جاریش خوێندنەوەی سوورەتەکانی ئەلفەلەق و ئەلناس و ئەلفاتیحە و خێر و چاکەی ئەم خوێندنەوانە بۆ ڕۆحیانەتی “شێخ بەهادینی نەقشبەند” نێردراوە. پاشان دەکرێ مرۆ وێنەی” شیخنا ومولانا” شێخمان و مەولامان خالیدی نەقشبەندیمان وێنا بکات، کەوا شێخ سولەیمان ئەفەندی لە مەککە باپیرانی ڕۆحیی خۆی دەگێڕێتەوە بۆیان. بەژن و باڵای ئەمیش (واتە خالید) بەرز و گەورەیە و ڕیشی لە هەردوو لای ڕاست و چەپەوە ڕەش و لە ناوەڕاستەوە سپییە، چەناکە و سینگی پانن. ئەوجا لەوەوە دەبێت داخوازیی بەهێزبوونی ڕۆحی و بەردەوامیی پەیوەستبوون بە خودای تەعالاوە بکەیت و پاش ئەمەش شێوازی نکووڵی کردن و جەختکردنەوە بێنیتەوە یادی خۆت و ئیتر ئیسمی زات بەدوای یەکدا دووبارە دەکەیتەوە لە لەتائیفە جۆراوجۆرەکاندا و … دواجار نامەکە بە ئیددیعا کردنی ئەوە کۆتایی دێت کە نووسەرەکەی ڕوخسەتی پیادەکردن و ڕێنمایی کردنی ئەم سرووت و ڕێوڕەسمی ڕێنمایی کردنی پەرستنەی داوە١.
لەم بڕگانەوە کە لە دوادوایی سەدەی نۆزدەوە بۆمان کۆبووەتەوە دەردەکەوێ کەوا لە دوای زیاد لە سەدە و نیوێک لە کۆچی دوایی مەولانا خالید، خەڵکی لە شوێن و ناوچە جۆراوجۆرەکانی باشووری ڕۆژهەلاتی ئاسیادا هێشتا هەر پەیڕەوی ڕابیتە دەکەن، کە بریتییە لە وێناکردن و یدکردنەوەی شێخ لە پێش زیکردا، لەگەڵ مەولانا خالید خۆیدا نەک لەگەڵ جێگرەوەکانی. ئەو وەسفە سادەیەی پیاوێکی تێکسمڕاوی باڵابەرزی ڕیشنی سینگ و چەناگە پان باری سەرنجی نوێژخوێنە ئیندۆنیسییەکانی بە لای ئەم گەورە و ڕابەرە کوردەدا ڕاکێشاوە. چڕبوونەوەی ڕۆحی لەسەر خالید تەریقەتەکەی پەیوەست کردووە بە ناوەندێکەوە، کەوا شوێکەوتە و دڵسۆزان لە مەککەدا وێنایان کردووە، لە سەر شاخی ئەبوقوبەیس، کە تێیدا زۆرێک لە ئیندۆنیسییەکان پابەندی تەریقەت یان ڕێبازی نەقشبەندیی خالیدیی بوون. لە سەدەکانی ڕابردوودا زۆرێک لە ڕێبازە سۆفیگەرییەکان و بەتایبەتی (سەممانی و قادری و نەقشبەندی) هەر یەکە و جەماوەرێکی شوێنکەوتەی خۆیان هەبووە، بەڵام هیچکامێکیان وەک نەقشبەندیی خالیدی گەشە کردنی خێرای بەخۆوە نەبینی. مەسەلەکە وەک ئەوە وابوو کەوا لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا مەولانا خالید ڕێبازەکەی بە ڕۆحێکی دینامیکی و تەبشیریی نوێ چاندبێت کە هاوشێوەی نەبووبێت لە لایەن هیچ یەکێک لە ڕێباز و تەریقەتەکانی ترەوە.
“یەکەمین ڕابەر و مامۆستای خالیدییە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا”
چەشنی کاریگەرییەکانی پێشتر، خالیدییەش لە ڕێگەی حیجازەوە گەیشتووەتە ئیندۆنیسیا. لەم حاڵەتەدا، بەتایبەتی ئەو زاوییەی ( تەکێیەی – و) لەسەر شاخی ئەبو قوبەیس دامەزرابوو، بوو بە تەوەر و لانکەی بەستنەوەی ئیندۆنیسییەکان بە خالیدییەوە. “مەولانا خالید” عەبدوڵڵای ئەرزنجانیی بە خەلیفەی خۆی دامەزراند لە مەککە و ئەگەریش زۆرە کەوا لە ڕێگەی ئەرزنجانییەوە ئیندۆنیسییەکانی یەکەمجار، کە بە شێوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی لە مەککە نیشتەجێ بوون، هاتبێتنە سەر ڕێبازی خالیدی.
ئەرزنجانیش سولەیمانی قرملیی لە شوێنی خۆی دانا کە خەڵکی قرم (کریمیا) بوو کە ئەویش بە ڕۆڵی خۆی سولەیمان ئەلزوهدیی لە شوێنی خۆی دانا، کە بە زۆری بە سولەیمان ئەفەندی یان “شێخی جەبەل قوبەیس” ناسرابوو. ئەوجا لەسەر دەستی ئەم سولەیمانە بوو بەتایبەتی کەوا ئەم تەریقەتە لە دواین چواریەکی سەدەی نۆزدەدا گەشەی کرد و بەرفراوانییەکی خێرای بەخۆیەوە بینی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئیندۆنیسیادا.
لە خالیدییە بەراییەکانی ئیندۆنیسیا کە ئێمە بە ناو دەیانناسین ئیسماعیل ئەلمینانکاباوی یان ئەلبەروسی بووە، کە ناوەکانیان ئاماژەیە بەوەی کە دەچنەوە سەر ناوچەی کەناراوی بارۆس، لە باکووری ڕۆژئاوای ناوجەرگەی ئیتنیکی مینانکاباوی ڕۆژئاوای سۆمەترە. ئەم ناوەش لە یەکێک لە دەقە بەراییەکانی خالیدییەدا هاتووە بە ناوی “الرحمة الهابطة فی ذکر إسم الذات والرابطة”، کە لە لایەن حوسەین ئەلدەوسەرییەوە نووسراوە، کەوا خودی خۆی خەلیفەی مەولانا خالید بووە لە ئەحسا و وەک ڕابەر و مامۆستایەکیش لەبارەی ئیسماعیلەوە دەدوێت٢. ناوی ئیسماعیل لە چەندین سیلسیلەی خالیدیدا دێت و بەعادەت لە نێوان هەردوو سولەیماندا بەڵام هەندێ جار ئەم پێشی هەردوکیان دەکەوێت. تێبینییەک هەیە لە نامەکەی سولەیمان زوهدیدا ئاماژەیەکی تێدایە بۆ لێکدانەوەیەک: عەبدوڵڵا ئەلئەرزنجانی ئیددیعای ئەوە دەکات کەوا ئەو سولەیمان ئەلقرملی کردووە بە خەلیفە و جێگرەوەی خۆی بەڵام ئیسماعیلی کردووە بە یاریدەدەری سولەیمان. هەرچەندە زوهدی بە ئاشکرا ئەوە ناڵێت، بەڵام دەکرێت بگەیتە ئەو ئەنجامەی کە دامەزراندنی یاریدەدەرێک بۆ کارکردن وەک وەرگێڕێک و ڕاوێژکارێک بۆ ئەو ئیندۆنیسییانەی هاتوون بۆ وەرگرتنی تەکنیکی مەشق و ڕاهێنانی ڕۆحیی تەریقەتی خالیدی و خەڵوەت (یان سلووک) وەربگرن لە ژێر ڕێنمایی شێخدا٣.
بەڵام دەبێ “ئیسماعیل” لەوە زیاتر بووبێت کە تەنها یاریدەدەر یان وەرگێڕێک بووبێت و ئەو لای خۆیەوە مامۆستا و ڕێنماییکاریش بووە، بەپێچەوانەی زۆربەی ئەو ئیندۆنیسییانەی نیشتەجێی مەککە بوون و ئەو تەنها هەر ئیندۆنیسییەکان شوێنکەوتەی نەبوون، بەڵکو پیاوانی گەلێ نەتەوەی جۆراوجۆریش بوون. سنۆک هۆرخرۆنجەی ڕۆژهەڵاتناس، کە لە ساڵی ١٨٨٥دا پێنج مانگی لە مەککەدا بەسەربردووە و لەوێ پەیوەندیی هەبووە بە گەلێ لە عولەماکانەوە، تێبینیی کردووە کەوا ئیسماعیل هێشتا هەر بە ڕێز و چاکە باسکراوە و “تا ڕادەیەک خوێندەوار و دەمارگرژ بووە” – کە ئەمەی دوایی هەرچییەکی بگەیاندایە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٥٠دا، پاش ئەوەی بۆ ماوەی سێ دەیە ڕابەر و مامۆستای تەریقەتی نەقشبەندی بوو، بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. ئەو لە وڵات و نیشتمانی خۆی، نەگیرسیاوە کە ئەو دەمە لە لایەن هۆڵەندییەکانەوە داگیرکرابوو، بەڵکو سینگاپوری ژێر دەسەڵاتی بەریتانیای هەڵبژارد، کەوا شوێنێکی گونجاو بوو کە لێیەوە بگاتە سۆمەترە و جاوا (یان جاڤا). (بەعادەت حاجییانی ئەو دوورگانە لە ڕێگەی سینگاپورەوە گەشتی مەککەیان دەکرد، کە بەندەری سەرەکیی ناوچەکە بوو).
“شێخ ئیسماعیل گەشتی ڕۆژهەڵات دەکات و خالیدییە بڵاو دەکاتەوە”
دەبێ ناوبانگی “ئیسماعیل” پێش خۆی کەوتبێت و هەر بە گەیشتنی بۆ سینگاپورە لە گەڕانەوەی حاجییاندا، بانگهێشتکرا کە میوانی شەخسیی تەمەنگۆنگ Temenggong ئیبراهیم بێت، کە بەرزترین دەسەڵاتی لۆکاڵی بوو لەوێ٤. ئەمە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی “ئیسماعیل” بوو لە چوونە پێشەوەی خێرای کۆڵۆنیاڵیزم و لێژبوونەوەی سیاسیی ئیسلامدا. ئەو کاتەی کە دەوڵەتی جۆهۆری بەهێزی مەلای، کەوا زۆرترین بەشی نیمچە دوورگەی لینگا – ڕیاو و چەند بەشێکی کەناری ڕۆژهەڵاتی سۆمەترەی لەخۆدەگرت، لە نێوان ناوچەکانی بندەسەڵاتی بەریتانی و هۆڵەندیدا، ئەوە هەردوو بەشەکە لە نێوان کایەی دەسەڵات و کاریگەریی بەریتانی و هۆڵەندییەکاندا دابەشکرابوو و هەردوو بەشەکە لە لایەن سوڵتانە لاوازەکانەوە حوکم دەکران کە بۆ پێگەکانیان چاولەبەری هێزە کۆڵۆنیاڵییەکان بوون.
دوا سوڵتان، کە سوڵتان مەحموود بوو و هەدێک دەسەڵاتی بەدەستەوە مابوو، ساڵی ١٨١٢ کۆچی دوایی کرد بێئەوەی هیچ نەوەیەکی نێرینەی لە پاش بەجێبمێنیت، لە ژنە پاشاییەکانی و دەستە و تاقمی جۆراوجۆری سەڵتەنەت هەر یەکە و کوڕێکی پێباش بوو لە کوڕانی-أنە ئاساییەکانی سووڵتان. هۆڵەندییەکان کە ساڵی ١٨١٨ ڕیاویان داگیرکرد، دانیان بە یەکێک لەم کوڕانەدا نا، کە ناوی عەبدولڕەحمان بوو، وەک حوکمڕان و چالاکانە لە بەرژەوەندیی ئەو دەستوەردانیان کرد و مافی پاشایەتیی بۆ بەرژەوەندیی ئەو سەندەوە. کۆمپانیای هندستانی ڕۆژهەڵاتی بەریتانی لە ڕیاو باڵادەستیی دەستەبەر کرد لە لایەن هۆڵەندییەکانەوە بە ئومێدی دابینکردنی ڕاڕەوێکی ئارام لە تەنگەکانی مەلەکادا و کۆششی خۆی لەو دوورگانەی سینگاپورەدا چڕکردبووەوە کە دانیشتووانی کەمیان تێدابوو و عەبدولڕەحمانی تەمەنگۆنگی جۆهۆر دەسەڵاتیکی ڕاستەقینە و سەربەخۆی پەیداکردبوو. جێگری حاکمی کۆمپانیاکە لە بەنگکولو متمانەی بە کوڕێکی تری “سوڵتان مەحموود”ی کۆچکردووی بەخشی بە ناوی حوسەین، وەک دەسەڵاتداری جۆهۆر و لەگەڵیدا و لەگەڵ تەمێنگۆنگدا گەیشتنە ڕێککەوتننامەیەک کە بوار بدات بە کۆمپانیای هندی ڕۆژهەڵات کەوا کارگەیەک لە سینگاپور دابمەزرێنێت.
کەرت یان ناوچەی جۆهۆر بوو بە هەمیشەیی بەگوێرەی پەیماننامەی ئەنگلۆ – هۆڵەندیی ساڵی ١٨٢٤ کەوا کایەی دەسەڵاتی هێزە ئیمپریالییەکانی دەسنیشان کردبوو. بەم پێیە نیمچە دوورگەی مەلایۆ و سینگاپورە لە ئێستا بەدواوە چوونە بازنەی دەسەڵاتی بەریتانییەوە و دوورگەکانی لە پاڵ لە ڕۆژهەڵاتی سۆمەترە بوون بە ناوچەیەکی نیشتەجێی خۆڕێوەبەریی هندی هۆڵەندی. هەردوو بەشەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن لقەکانی بنەماڵەی ڕەسەنی حوکمڕانی جۆهۆرەوە حوکم دەکران، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو پێگە و شکۆیان ڕووی لە کزیی کردبوو.
ئیسماعیل، سینگاپورەی کردە بناغەیەکی کاتی بۆ خۆی و کەوتە راهێنان و فێرکردنی تەریقەت لەوێ و ڕوون و ئاشکرا بە دەسپێشخەریی خانەخوێکەی ئیبراهیمی تەمەنگۆنگ، لە ساڵی ١٨٥٣دا پەیامەکەی ئەلدەوسەری وەرگێڕدرایە سەر زمانی مەلایۆیی٥. لە پاش تێپەڕینی ماوەیەک، ئیسماعیل ئارەزووی ئەوەی کرد کە سەردانی ڕیاو بکات. بۆ ئەو مەبەستەش یانگ دیپێرتوان مودا [سوڵتان وەكيلیی] ڕياو، ڕاجا عەلی، بەلەمە تایبەتەکەی خۆی بۆ ئەوەی شێخ ببات بۆ دوورگە بچووکەکەی پێنینگات کە ماڵ و نیشتەجێی لەوێ بوو. ڕاجا عەلی و تەواوی خزمەکانی بوون بە موریدی شێخ ئیسماعیل و ئیتر لەو کاتەوە پێکەوە هەفتەی دوو جار زیکری نەقشبەندییان پیادە دەکرد. عەبدوڵڵای برا بچووکی ڕاجا عەلی لە کاتێکی دواتردا بە خەلیفەی ئیسماعیل دامەزرا بۆ دوورگەکە. شێخ ئیسماعیل گەڕایەوە بۆ سینگاپورە بەڵام چەندین جار سەردانی ڕیاوی کردەوە و لەوێ کچی پیاوێکی ناوداری مارەکرد و کوڕێکی لێی بوو (عەلی حاجی ١٩٨٢ ب: ٢٨٥ – ٢٨٧).
هەروەها ئیسماعیل لە سینگاپورەوە کەوتە گەشتی دۆزینەوە (ئیستیکشافی) بەرەو باکوور و جارێکیان تا ویلایەتی کیدا ڕۆیشت لە باکووری مەلایۆ و لەوێ کاریگەرییەکی هەمیشەیی بەجێهێشت. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە ئیسماعیل گەڕابێتەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆی لە ڕۆژئاوای سۆمەترە، بەڵام پێدەچێت وا باشتر بووبێت بەلایەوە کە دووربکەوێتەوە لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستی ڕاستەوخۆی هۆڵەندییەکاندا بوون. لە پاش چەند ساڵێکیش گەڕایەوە بۆ مەککە و تا کۆتایی تەمەن لەوێ مایەوە.
ڕابەری و ڕێنماییەکانی ئیسماعیل بێ بەرپەرچدانەوە تێنەپەڕین لە ساڵانی سینگاپورەیدا. سەلیم بن سومەیری زانای عەرەبی حەزرەمەوتی کە ئەویش لەو دەمەدا لە سینگاپورە دەژیا زۆر بە تووندی کەوتە ڕەخنە گرتن لە ئیسماعیل و وتارێکی نووسی و تێیدا باسی لەوە دەکرد کە ئەو تەریقەتەی “ئیسماعیل” ڕینمایی و ڕاهێنانی پێدەکات نامۆ و پێچەوانەیە بە باوەڕی ئوسووڵیی ئیسلام. دواتر ئەم وتارە لە لایەن سەید عوسمانەوە، کە ئەویش زانایەکی عەرەب بوو و لە باتاڤیا دەژیا، کرا بە بنەمای مشتومڕێکی تایبەتی خۆی دژ بە تەریقەتی نەقشبەندی. ئەم “هاوپەیمانە عەرەبەی حکوومەتی دوورگەکانی هندی هۆڵەندی” (سنۆک هۆرگرۆنجە ١٨٨٧ ئە) وای پیشاندەدا کە گەڕانەوەی شێخ ئیسماعیل بۆ مەککە هەڵاتنی فێڵبازێکە و سەلیم بن سومەیر پەردەی لە ڕوو هەڵماڵیوە. ئێمە درک بە هەندێک لەو نیگەرانییانە دەکەین کەوا هاتنی ئەم ڕابەرە کاریزمییەی مەلایۆ بەرپای کردبوو لە ناو دەستەبژێری چەسپاوی ئاینیی عەرەبدا.
“خالیدییە لە جاوا لە ساڵانی ١٨٥٠کان و ١٨٦٠کاندا”
لە دەوروبەری ئەو ماوەیەدا کە شێخ ئیسماعیل لە سینگاپورە مابووەوە، تەریقەتی نەقشبەندی کەوتە گەشتی پەلهاوێشتن لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای جاوادا. هەڵبەت زۆر کەم دازانرێت لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەم تەریقەتە لەم ماوەیەدا. تەنها ئاماژەیەک کە من تا ئێستا دۆزیبێتمەوە ئەوانی چاودێرە هۆڵەندییەکانە کە لە ساڵانی ١٨٨٠کاندا نووسیویانە و وا دیارە پشتیان بە سەرچاوە زارەکییەکان بەستووە، بەڵام ئەرشیفی نیشتمانیی ئیندۆنیسی ڕەنگە زانیاریی باشتر و تۆکمەتری تێدابێت.
یەکەم سەرچاوە بانگەشەکارانی نەقشبەندییە لە ناوەڕاستی جاوادا “ڤۆرستێنلاندن”، کە شازادە نیمچە سەربەخۆکان بوون لە یۆگیاکارتا و سوراکارتا. لە وتارێکی ساڵی ١٨٨٣یدا، کە باس لە چالاکییەکانی ئەم دواییەی نەقشبەندی دەکات، ڤان دێن بێرگ باس لە چالاکیی بانگەشەکارانی نەقشبەندییە بەراییەکان دەکات کە سی ساڵێک لەوەپێش گەیشتبوون. دەسەڵاتدارانی یاگیارتا هێشتا دەگێڕنەوە کەوا هەمان پەرستشی [نەقشبەندی] لە ساڵانی ١٨٥٥، ١٨٥٨، ١٨٦١ و ١٨٦٦ بانگەشەی بو کراوە و هەموو کات دەرفەتێکیان ڕەخساندووە بۆ سەرپێچی و کارە نەشازەکانی …”٦. ئەمەش زۆر پێدەچێت کە ئەم بانگەشەکارانە قوتابیی ئیسماعیل مینانکاباوی بووبێتن و لەسەر دەستی ئەو لە مەککە یان سینگاپورە پابەندی یان تەمەسوکیان کردبێت. بەهەرحاڵ، ئێمە ناومان لە بەردەستدا نیە و بێجگە لە مەزەندە کردنی سروشتی “نەشاز و سەرپێچییەکان” کە ڕێنمایی و بانگەشەکانیان خولقاندبووی شتی ترمان لە بەردەستدا نییە. ئەوان بە هۆکاری ئەوەی كە شێخ ئیسماعیل ناوبانگی بە “دەمارگرژی” ڕۆیشتبوو پێدەچێت تەحەدای ملنەدانی سازشیان کردبێت لە نێوان باوەڕی باو و ڕەوایی ڕیبازە چەسپاوەکەدا، بەڵام زیاتر پێدەچێت کە تەنها جەماوەرێتییان بووبیتە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لە لای کاربەدەستان.
لە ناوچەی سیانجوریشدا لە ڕۆژئاوای جاڤاوە تەریقەتی نەقشبەندی لە ساڵانی ١٨٥٠کان بەملاوە چالاک بوو و ئێمە هیچ تۆمارێکی هاوچەرخمان نییە بێجگە لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ١٨٨٥. لە کاردانەوەی هۆشدارییەکاندا (لەلایەن ‘ڕاوێژکاری هۆڵەندی بۆ کاروباری خەڵکی ڕەسەنی وڵاتەکە’، هۆڵێت)، لەبارەی بووژانەوەی نەقشبەندییەوە. نیشتەجێیەکی پریانگان دەنووسێت کەوا، بە پێی هەواڵدەرانی ناوخۆیی، ئەم تەریقەتە لە سی و شەش ساڵ لەمەوبەرەوە لە سیانجوردا بوونی هەیە٧. دیسانەوە لێرەش پێدەچێت کە ڕابەران و ڕێنماییکارانی شوێنکەوتووی شێخ ئیسماعیلی مینانکاباوی بووبێتن٨.
“خالیدییە لە مینانکابا و لە ساڵانی ١٨٦٠کاندا”
لە سەردەمی شیخ جەلاەدیندا ململانی و ڕکابەرییەکی تووند دەستی پێکرد لە نێوان مەڵبەندە ئاینییەکانی کانکینگ و ئولاکاندا و ئەم حاڵەتەش جەمسەربەندییەکی بەرپاکرد لە ناو کۆمەڵگەی مینانکاباودا و (ئەمی دواییان پەیوەستە بە شەتتارییەتەوە)، بە ڕادەیەک کەوا تەنانەت خەڵکەکە باسیان لە “ئاینی نوێی ئولاکان) دەکرد، کەوا موحافزەکار و بە لای ساینکرێتیزمدا syncretism (واتە هاوسەنگی کردن یان خۆگونجاندن – وەرگێڕ) دایدەشکاند و لە عاداتی لۆکاڵیدا ڕەگی داکوتابوو، بەپێچەوانەی “ئاینی کانگکینگ”، کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا زیاتر پشتی بە شەریعەت دەبەست و لەگەڵ نەقشبەندیدا هاوتەریب بوون.