بەغدا کێشەی لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە نییە؛ بە پێچەوانەوە، نەوتی باکور (کەرکوک)و هەرێمی کوردستان هەر دەبێت لەو ڕێگەیەوە هەناردە بکرێت. تەنانەت ئەو هێڵەی هەرێمی کوردستان کە دەوترێ نا- قانوونییە، بەغدا لە ساڵی (٢٠١٧)ەوە ڕۆژانە (٨٠ بۆ ١٥٠)هەزار نەوتی کەرکوکی پێدا هەناردە دەکات بۆ بەندەری جەیهان. ئەوەش لە بەرئەوەی داعش لە (٢٠١٤)ەوە هێڵی بۆڕی کەرکوک- جەیهانی تەقاندۆتەوە، تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە.
ئایا بۆچی هەرێم نەوتی سەربەخۆ فرۆشتووە؟!
من پێموایە، هەڵەکە لەوەدا نییە سەربەخۆ یان سەربە – بەغدا فرۆشراوە! هەڵە گەورەکە ئەوە بوو، لە بری دامەزراندن و سەرپێ-خستنی کۆمپانیای- کوردیی- نیشتیمانیی-خۆماڵی بواری خزمەتگوزارییە نەوتییەکان (لە کاتێکدا لە یاسای ژمارە ٢٢ ی نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧ ی پەرلەمانی کوردستانیشدا باس کراوە)هاتن گرێبەستیان لەگەڵ دەیان کۆمپانیای بیانییدا واژۆکرد. لەوەشدا، لە یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان (٣) کەس ئیمزایان لەسەر گرێبەستی نەوتیی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان (٢)کەس، بزوتنەوەی گۆڕانیش (١)کەس واژۆیان کردووە.
لە لایەکی ترەوە، پێویستە ئەو ڕاستییە فەرامۆش نەکەین، کە بۆ هەر دیاردەیەک، چوارچێوەی کات و قۆناخە مێژووییەکە و سەردەمەکە گرنگە. ساڵانی (٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤)جیهان و ئێراقییەکان و ناوچەکەش بەرەو ئەوە دەچوون، کۆ ڕا بن لەوەی “سەددام”ێکی تر لە ئێراق داری گرتۆتە دەست، بەڵام ئەمیان شیعەیە. چەندین جار ئەو سەرۆکوەزیرانەی ئێراق لەو سەردەمەدا بەبێ هۆ پەلاماری کەرکوک و خانەقین و شوێنی دیکەی دەدا (بەهەمان شێوە کەوتە پاکتاوکردنی سووننەکان). لە بەرانبەردا، کورد وەها بیری کردەوە کە کۆمپانیا جیهانییە فرەڕەگەزەکان بەرەو هەرێم ڕابکێشێت، بەمەش لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەر داگیرکاریی و جینۆسایدێکی نوێدا، پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر دەبێت. هەروەها ئەو سەرۆک وەزیرانە لە ماوەی هەشت ساڵدا، هیچ ڕێگەیەکی بە تورکیا نەدا کە لە ئێراقدا پەیوەندییەکی بازرگانی و ئابوریی و سیاسییان هەبێت. بۆیە تورکیاو هەرێم پێکەوە کەوتنە قۆناخی پەیوەندیی دوو قۆڵییەوە.
بەگشتی، چەند خاڵێک گرنگە:
– نەوت هێندەی کارتێکی سیاسیی بەهێزە، ئەوەندە کاڵایەکی ئابوریی نەبووە. ئایا کەس هەیە کارتێکی وەها بەهێز بەیەکجاریی بخاتە دەستی بەرانبەرەکانییەوە؟
– سەیرم لێ دێ، من لە چەمچەماڵ هاتوومەتە دونیا، لادێکەمان دەکەوێتە ناو کێڵگەی کۆرمۆرەوە، دکتۆرام لە ئابوریی سیاسیی هایدرۆکاربۆندا هەیە، شەش ساڵە بەرێوەبەری پەیمانگەیەکم بۆ توێژینەوە (بەردەوام بە سێ زمان ڕاپۆرتی پۆلەسی و لێکۆڵینەوەو ئەنەلایزمان ئامادەکردووە). تەنانەت دەستوەردان لەوەشدا ناکەم بۆچی داناگاز دوو دەمی شۆڤڵی لە ڕێگەی گوندەکەمان نەداوەو (هێشتا ڕێگەی بۆ نەکراوە و کارەبای نییە، ٥٦ شەهیدو ئەنفالمان هەیە)هیچ ئیمتیازێکی نەوتیی و ماددیی-کەسییم لە هەرێمی کوردستاندا نییە. کەچی کۆنە-پەرلەمانتار، پلە باڵای حکومیی ئەم کوردە کەیفیان لێ دێ هەرێمی کوردستان تەڵقینی بخوێندرێ! بە دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار سوودمەندن، هێشتا ئەوان دنەی دۆخەکە بەرەو لاربوونەوە دەدەن!؟ نەک خوێندەواری، بەڵکو ئاگای لە دونیا نییە بووە بە ملیۆنێر لەسەر حیسابی ئەو ئەزموونەی هەرێم، کەچی داوای ژێرکەوتنی دەکات؟! لایەنی کەمی گاز و داناگاز، سنووری کێڵگەکانی تر، لە سنورەکانی خۆیاندا، بوونە هۆی سەرچاوەی ژیان و داهات بۆ دەیان هەزار خێزان: چۆن گوایە کارو دەرفەتی ئەوانە بکەونە مەترسییەوە، کێشە بۆ من و تۆش دروست نابێت؟!
– ئەوە نۆ ساڵە ئێراق سکاڵای لەدادگای نێوبژیوانی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە بازرگانییەکان لە پاریس تۆمارکردووە. ئەوە پێنج ساڵە بەردەوام قسەی لەسەر دەکەین، دوو مانگە دادگا ئەنجامە چاوەڕوان کراوەکەی یەکلایی کردۆتەوە. کەچی ئەم پرسە تەنها لەوەدا زەق دەکەنەوە تورکیا دۆڕاوە و ئێراق بردوویەتییەوە؟! ڕاستییەکەی ئەوەیە، پێش یەکلابوونەوەی ئەنجامەکە ئێراق و تورکیا لە ڕووی سیاسییەوە ئەم گرفتەیان لە نێوان خۆیاندا یەکلایی کردۆتەوە. هەروەها بەغداو هەولێریش لەم بابەتە و لە پرسی بودجەو دەرچواندنی یاسای نەوت و گازدا چوونەتە پێشەوە. بەتایبەتی تورکیا، ئەوەندە گوێ بۆ هەندێک دادگای نێودەوڵەتیی ڕاناگرێت، چ جای ئەو دادگایە بارەگاکەی لە “پاریس”یش بێت! بیرمانە هەموو ئەوروپا و ئەمریکا “بە هەڕەشەی دەرکردنی لە ناتۆ” فشاریان خستە سەر تورکیا مووشەکی ئێس-٤٠٠ لە ڕووسیا نەکڕێت، کڕی.
مەترسییەکە لە کوێوە دێت؟
مەترسییەکە لەوێوە دێت، کە خاسییەتە هەرە جیاکەرەوەکەی “پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان”لەم قۆناخەدا، ئەوەیە گۆڕانکارییەکان زۆر دراماتیکیین. هەروەها، لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا دەرزەنێک ئاساییبونەوەی پەیوەندیی دوو قۆڵی بۆ پێناسەکردنەوەی سیستەمیی هەرێمایەتی ڕوویداوە: ئاسایبونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، ئیمارات و تورکیا، تورکیاو ئیسرائیل، سوریاو سعودییە، تورکیاو میسر، ئاشتەوایی ئێران و سعودییە. کەچی کورد هێشتا لە ئێراقدا پێناسەیەکی یەکگرتووی بۆ بونیادنان لە ناوەوە و میکانیزمەکانی پەیداکردنی “ددانپیانان”لە دەرەوە نییە. هێشتا پارادایمێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان نییە بەرەو هاتنە دەست و هاتنە سەر پێ بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی قۆناخەکە و ئەو پێشهاتانەی بەرەو ڕووی دێن!لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، دانیشتن بە دیار گوتاری پۆپۆلیستییەوە، خزمەت بە ئایندە ناکات. پلانێکی گشتگیریی پۆلێن کراو بۆ ئاستەکانی: دەرەوە، ئێراق، ناوخۆ ئەگەری دەربازبوون لە تونێلە تاریکەکە زیاتر دەکات، بیرکردنەوە لەو ئالیەتانەی تۆ دەکەنە بەشێک لە ستراتیجی زلهێزەکان گرنگە نەک پێچەوانەکەی، زلهێز وەک پێڵاو وایە لە پێی پیاوێکی کەتەدا، تۆ دەبێت وەک بزمار بیت لە پێڵاوەکەی دا، بۆ ئەوەی پرۆژەکەی خۆتی بیر بخەیتەوە.لە ڕاستییدا، ئێمە دەتوانین بڵێین “مەترسیی ستراتیجی”لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، نەک “مەترسیی وجودی”. ئاگرەکە لە شوێنێک کراوەتەوە و ڕووداوەکان لە جێگەی دیکەن. ئەگەر ئەردۆگان دەرنەچێتەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل و میسر هەنگاوی گەورە دەبڕن، ئەوکاتە پرسی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان پێ دەخاتە مێژووییەکی نوێوە. چوونکە دەرگا بۆ تورکیا دەکرێتەوە بچێتە ناوهاوپەیمانی گازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. ئەگەر دیاردەی ناردنی پارە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕووسیاو ئێران بەردەوام بێت، وا بکەن لەم ڕێگەیەوە ئێران و ڕووسیا لەو سزایانەی خراوەتە سەریان دەربازیان ببێت، بێگومان ئابوریی ئێراق و هەرێمی کوردستان تووشی داڕمان دەبێتەوەو، هاوسەنگی و دۆخی سیاسیی لە ئێراقدا دەشڵەقێت؛ چوونکە هەرێم و بەغدا بەرگەی سزای ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ناگرن.لە هەرلایەکییەوە تەماشای دەکەیت، دەرفەتەکان زۆرن لە بەردەم کورددا، بەڵام هەر ئاوا بەردەوام نابن. کارە قورسەکە لە ناوخۆی هەرێمدا، نەبوونی هەلی کارە بۆ گەنجان. تێناگەم! ئێستا چی تێدەچێت ئەگەر دوو ئەندازیاری “چینی”و هەندێ ماددەی سەرەتایی “مەوادی ئەوەلی”بهێنیت، لە چەمچەماڵ دا دوو کارگەی گەورەی قووماش و پێڵاو بکەیتەوە، هەزارەها گەنجی تیادا سەرقاڵ بکەیت؟! ئەو پیشەسازییەی لە تورکیاو ئەڵمانیاش هەیە، ماددە سەرەتاییەکانی هی وڵاتانی ترە.