“ڕانانێک بۆ فیلمی ڤێرتیگۆی هیچکۆک”
ئەمڕۆ؛ شەست و پێنج ساڵ بەسەر بەرهەمە ناوەزەکەی هیچکۆک دا تێپەڕیووە. فیلمی ڤێرتیگۆ ساڵی ١٩٥٨ بۆ یەکەمجار نمایشکرا، ئەم بەرهەمە بەگوێرەی ڕەخنەگران یەکێکە لەو کارە هونەرییە بەرزانەی ناو جیهانی سینەما، کە تا ئەمڕۆ کاریگەری قووڵ و گوماناوی بەجێهێشتووە، لە هەمان کاتدا یەکێکیشە لەو فیلمە دڵخوازەنەی کەسانی ڕوانگە-گەرا ئالوودە بەخۆی دەکات. دیمەنی سەرەتای فیلمەکە، ئەفسەرێک بە ناوی “جۆن فێرگیستن” کە ئەکتەر جەمس ستیواڕت ڕۆڵەکەی دەگێڕێت لەگەڵ هاوڕێکەیدا لە ئەرکێکی پیشەییاندا نزیکە لەوەی بکەوێتە خوارەوە، بەمەش ترسێکی بۆ دروست دەبێت لە بەرزایی (فۆبیای بەرزایی) خانەنیشینی دەکەن. لەڕێگەی هاوسەری پێشووییەوە “میدگی وود” کە خانمە ئەکتەر “باڕ باڕابێڵ” ڕۆڵکەی دەگێڕێت، ڕێنوێنی دەکرێت بۆ ئەوەی دەرباز بێت لەم ترسە ئەو پێی دەڵێت: وا چاکە جارێکی تر تووشی زەبرێکی لەمە قورستر بیتەوە، تاکوو ترست لەبەرزی نەمێنێت، لە ڕاستیدا ئەمە تەقەمەنییەکی منداڵانەیە لەلایەن هیچکۆکەوە لە فیلمەکە فڕێدەدرێت، گەمە یارییە گەورترەکە لە هەناوی “گاڤین ئڵیستەر” خۆی فڕێدەدات، کە ئەفسەرێکی باڵادەستە جۆن مۆتیڤ دەکات تا چاودێری ژنەکەی بکات بە ناوی “مادلین” کە خانمە ئەکتەر “کیم نۆڤاک” ڕۆڵی دەگێڕێت. جۆن دوای کەمێک دوو دڵی ڕازی دەبێت بەداوای پێشنیازەکەی “گاڤین” و دەکەوێتە چاودێری خێزانەکەی، بەڵام هەروا سادە و ساکار ئەمە ناچێتە پێش هیچکۆک یەک دنیا تەقەمەنی تری لە گیرفاندایە و یەک یەک بە درێژای فیلمەکە دەیخاتە ژێر پێمان، بێ ئەوەی ڕەحم بەوە بکات ڕەنگ بێت ئێمە بترسین، یاخوود نەخۆشبین و بەرگەی نەگرین.
لەهەندێک هوونەرمەندە ناوچەییەکان و سەرنجیش بۆ باقی هونەرمەندە جیهانییەکاندا؛ دەبینم، نهێنی سەرکەوتن پشت نابەستێت بە کۆنترۆڵکردنی سوبێکت و ئەوان خۆیان لەژێر عەبایی شەرمدا ناشارنەوە، بەڵکو نهێنی سەر کەوتنەکەیان لەوەدایە بە جۆرێک ناخلاقی ئەخلاقدارن، واتە شتێک لە ئەخلاق بە نا ئەخلاقی دەگوازنەوە و دەیگەننەوە بە ئەخلاق. ڕوونتر واتە گەیەنەرەکەی نا ئەخلاقیە کە ئەخلاقمان دەداتێ، خودی ئەوەی لێوەشی پەخش دەکرێت بە ئەخلاقە، تەنیا ڕێگاکەی نا ئەخلاقییە. ڕەنگ بێت پرسیارێک بێتە ئارەوە داخۆ ئەم پەیامە ئەوە دەهێنێت بەشێوەی نا ئەخلاقی بیگوازینەوە؟ بۆ ئەوەی مرۆڤ سوود لە ژیان وەرگرێت بێ کەڵکانە نەژی، دەگونجێت ئەم شێوەیە تێپەڕێنێت خۆی بداتە دەست پاڵنەری پرسەکانی ئەوەی چیدەکەم و بۆچی هەم؟ من لەکاتێکدا بزانم مرۆڤ پێشدەکەوێت یا مرۆڤێک پێشدەخەم گەر لەم ساتەدا لە بازاڕ بم، دەبێت هەر لە بازاڕ بم. ئایا چ گرنگییەکی هەیە من لەکاتێکدا نەتوانم پارەی حەقی شوفێرێک بدەم بچم دەست بە پشتی پیکابێکەوە بگرم و، بە ڕێگەیەکی ساختەچییانە خۆم بگەینمە بازاڕ؟ یان بۆ خۆم دەست لە ژێر چەناگەم دابنێم و لە شاڕێکە بڕوانم بیر لە ئەخلاق بکەمەوە؟ کامیان بە کاری مرۆڤ دێت؟ هیچکۆک لە هەموو کارەکانیدا ئەوە ڕەنگ دەداتەوە، نیگای یەکەم و سێهەمی ئەو ئەخلاق بوو، بەڵام نیگای دووەمی نا ئەخلاقی بوو. ئەو دەیزانی گەر ئەمە بکات زووتر دووکەڵ لە لوولەی قۆرییەکەی دێنتە دەرەوە و فیلمەکانی زێدەتر ئەو پەیامە دەگوازنەوە و کاریگەرتر دەبن، بە مانایەکی تر هۆشیارانە لە دەرهێنەرەکانی هاوسەردەمەکەی خۆی جیابووە و بۆ هەنووکەش قورساییەکەی دەمێنێت. فیلمی ڤێرتیگۆ لەپاڵ خوێندنەوە زۆر و زەوەندە دەروونیشکارییەکانی، دەکرێت لەسیاقی ئەخلاقیشدا خوێندەوەیەکی زۆر هەڵبگرێت، کە من بڕوام وایە فیلمەکە ئیدەکانی نا ئەخلاقی تێدا بەکارهێنراوە تاکو ئەخلاقی پێ خۆشبکات، ئەمەش لەگاڤین ئڵیستەرەوە شوێنپێکان بەجێدەهێڵێت لەسەر جۆن.
“ئەلفرێد هیچکۆک” بە سوود وەرگرتن لە ووتارەکەی فرۆید دەربارەی شتە نادیارەکان لە ساڵی ١٩١٩ بڵاو بۆییەوە فیلمەکەی بنیاد ناوە، “فرۆید” باس لەو ترسەی منداڵی دەکات تیایدا ئەمە لەو بارودۆخەدا هەستی پێدەکەین کە گەورەبووین، چونکە لەوێدا واقیعتر و ڕاستر دەردەکەوێت پاشان هەر خۆی لەوێدا شتە دیارەکان بۆ ئێمە ڕوانگەیەکی دڵخۆشانەتر وەردەگرن، جۆرێک لە نائاگایی پێشینەمایمان ڕام دەکەن، کەوابوو ئەوەی نادیارە لەساتی ناسیندە شکۆکێکی کاریگەر درووستدەکات و مانای خۆی لەوێدا دەدۆزێتەوە، گەرچی ڕوون نییە ئەم مانایە ڕاستی بێت یاخوود تەنها چالاکراوێکی نائاگایی بێت، بەڵام ڕوونە کە ترسەکەمان کۆی وێنەکانی دەوێتەوە لێمان، تا خۆی تیاماندا نمایش بکات. ئێمە بەم داواکردنە قایل نابین، چونکە دۆخەکە لە ئێمەدا ڕوودەدات، ئێمە وێران دەبین. بەلای فرۆیدەوە ئەمە ترس نیە لە نادیار، بەڵکوو ترسە لەدیار، ترسە لە ئاشنا، جارێکی تر دەیەوێت خۆی بنوێنتەوە، بۆیە دووبارە و سێبارەی وێنەکە ڕوودەدات، “فرۆید” خۆی ئەم قۆناغەی ناوناوە ناچاری دووبارە بوونەوە؛ پێشبینی ئەوە دەکات لە کەسەکەدا ژنێک بە ڕۆحی داپیرە گەورە کۆچکردووەکەیەوە هێرشی دەکاتە سەر.
فیلمەکە ڕێک لە خزمەتی ئەم مانۆڕە تارساوییەدایە، جۆن نەخۆشەکەیە نائاگایی ئەو وێنەکانی مادلین دەوێتەوە کە لە ساتیێکدا بینوێتی لەژێر پردی گۆڵدن گەیتی سانفڕانسیسکۆ، ساتێکی ئایکۆنی لەفیلمەکەدا دەوروژيت مادلین بازدەداتە ناو کەنداوە بەستووەکە. لێرەوەیە هیچکۆک تەقەمەنییەکی تر لە فلیمەکەدا دەتەقێنێت، لەبەر ئەوەی تەواوی دیمەنەکە خوڵقاندنی کەشێکە بۆ لەبیرنەکردن، جیا لەم دوانەش هەر دوانەیەکی تر ببەیتە ئەو شوێنە تووشی ڕۆمانسییەت دەبن، ڕۆمانسییەت لە ڤێرتیگۆدا زەمەینەی بۆ سازدەکرێت و حاشا لە ڕێکەوت دەکات، ئەوەی وا مرۆڤ نازانێت بۆ بەڕێدەکەوێت لەوێدا هەڵدەوشێتەوە. هیچکۆک گەرەکی بوو لەو تەقەمەنیدا بۆ ئارەزووییەکی خۆی ووریامان بکاتەوە و پێمان بڵێت: جەوهەری ژن لای منە و لە ڕاستیدا هیچ جۆرە ژنێکی لەو شێوەیە لە ئارەدا نییە کە جۆن خواستی دەکات. من دروستمکردووە، ئێوەش ئاگادار بن چی لەو داماوە دەکەم. بینەر گەر بە وردی لەو دیمەنەی فیلمەکەی ڕوانیبێت تێدەگات پیاو سەر باری خانەنیشینی و لاوازی تیایدا هێشتا بوونەوەرێکی پڕ دەسەڵاتە لەبەرامبەر ژندا، ژنیش لەو پەڕی ویقار و هێزی جوانیدا، هێشتا بوونەوەرێکی بێ دەسەڵاترە و توانای ئەوەی نییە لانیکەم وەک خۆی خۆی ببینێت. نابێت لەم سۆنگەیەوە ئێمە ستایشی هیچکۆک بکەین، وەک ئەو ژن نووقم بکەین لەدنیایی فیتشیزمدا، پۆشاکە کەشخەکانیان وەک مۆدێکی زیندانی خۆیان بیبین، کە نازانن بۆ زیندانین و بۆ بە پۆشاکی زیندان خۆیان دەچوێنن یان خۆیان بە کاڵەیەکەوە بادەدەن کە پیاو بۆ جوان بینینی خۆی درووستکردووە. ئەگەر ئەمە بەمانای فیمینزم لەسەرم نەیەتە هەژمار من ڕێک دیدێدکی پێچەوانەی ئەمەم هەیە، بڕوام وایە هیچکۆک زۆر لە ژن ترساوە بۆیە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنیان دەدات، ئاوێتەی دنیایی ڕواڵەتییان دەکات، خۆ ئەو ئامادەییە بەردەوامە لای نەبوایە تێکڕای فیلمەکانی نەدەهات ژنمان بۆ بکاتە دراوێکی ئاسنی بچووک کە لە ژێر کڵاو کڵاوێنەی دەستی پیاودا ئەنجام دەدەرێت. لەڕاستیدا گەر ئەم دیددەشی لێوەر بگرین ئەدی چۆن ئێمەی پیاو گەمەکەمان بکەین؟ کەوابوو دراوەکە گرنگە و هەر ئەوەشە یارییەکە دەباتە ڕێوە.
چەند جارێکە هیچکۆک لەسەر پرسی ونبوون لە فیلمەکانیدا دەوەستێت. ونبوونێک تۆ دەیزانیت، ئەوان بڕوای پێ ناکەن، “خانمەکە وونبوو” ساڵی ١٩٣٨ بەرهەم هاتووە، تیایدا هیچ کام لە گەشتیارەکان بڕوا ناکەن بە ئیرس هێندەرسۆن کاتێک دەڵێت لە گەشتەکەدا ژنێکی بەساڵدا چوومان لەگەڵدا بووە، تەواوی فیلمەکە بەم مۆتیڤە بڕوا بەخۆ بووە هەوڵدەدات بۆیانی بسەلمێنێت و لەکۆتایشدا ئەو کارەی بۆ دەچێتە سەر. لە ڤێرتیگۆدا ئاسان نییە چاوپۆشیکردن لە وونبوون، چونکە ئێمە داوای یارمەتیمان لێدەکرێت. لەسەرەتاوە جۆن خەریکە دەکەوێتە خوارەوە هانامان بۆ دێنێت و دەستمان بۆ درێژ دەکات، هیچکۆک ئێمە دەهێنتە ناو فەزاحەتەکەیەوە بە تەکنیک جۆرێک لە سەر سوڕانمان نیشاندەدات، دەڵێی خۆمانین، بێگومان ترس لە بەرزای هەستێکی ترسناکە لە هەمووماندا هەیە، هیچکۆک سوود لەم هاوسۆزییە وەردەگرێت تا جڵەومان بکات. تا تامی ونبوونی ئازیزێکمان پێبکات، تا ڕۆحی پرسیارەکان لە ئێمەدا زیندوو بکاتەوە. وونبوون لە ڤێرتیگۆدا وونبوونێکە نییە لەوانی تر و بەلای تۆوە گرنگ بێت، بەڵکوو ونبوونێکە لەخۆت و بۆ خۆتی دەدۆزیتەوە، گەر نەشکرا بیدۆزیتەوە ونبوونی خۆت، تێکچوونی باری دەروونیت بەوان بە شێوەیەک نیشاندەدەیت کە بزانن شتێکت لێ وونبووە، شتێک کە عەیارە بیست و چوارە لای تۆ، پێدەچێت گرنگییەکی ئەو تۆی نەبێت لایان، بەس هەر هێندە بزانن تۆ خاوەنی ئەو پاشبنەمایەیی لێت ناگرن و ڕێگەت دەدەن هەرچیت بوێ بۆ ونبوونەکەتی بکەیت، تەنانەت شوناسی کەسێک بە کەسێکی تر ئاڵوگۆڕ بکەیت هێشتا لێت ناگرن لەبەرئەوەی پیس لێت ونبووە، بێ ئەم وونبوونە ناژیت. لەڤێرتیگۆدا وڕێنەکانی شەو، خەو زڕاندنەکان بەردەوامن، جۆن لەناو ئێمەدایە و گوێبیستی ناڵەی دەبین گەرچی کزیش بێت.
ئالوودە بوون بە وونبوونەوە چیژی دۆزینەوە دەکووژێت، لەجەوی حەسرەت دەدات، ئومێد دەکاتە شتێکی بێزراو ،مرۆڤ ئیتر تاقەتی نامێنێت هیوای هەبێت، هیوا کتومت خۆی نەبێت هەر نەیاتە دی باشترە، جودی دێتە ناو ماڵەکەی جۆن، جۆن داوای لێدەکات ببێتە مادلین، داوای ئاڕایشت و ڕەنگی قژ و پۆشکێکی لێدەکات بیپۆشێت کە لەوەی مادلینە، جۆن بێ ئەوەی بزانێت ئەوە خۆیەتی،هیواکەیەتی هاتۆتە دی. ئەو ئالوودەیە بە ڕۆشتووەکەی ئەمەی لێرەدایە بڕوا پێناکراوە، ئەویش بێت من هەر ئەوەم دەوێت، شکاندنی ڕەمزە لە نێوان ڕیاڵ و فانتازیادایە، وەک ژیژەک باسی دەکات:- بەڕیاڵیزەبوونی فانتازییایە. دیمەنەکە دەکرێت لە ساتێکدا زۆر ڕاستی بێت، بکەونە سەر یەک بۆ ئەوەی ڕەمز بشکێت و لەناوبچێت، ئەم ساتە چەند گرنگی هەبێت بۆ لەناو چوون هێندەش گرنگە بۆ تۆ خ بوونەوە، کاتێک ڕاستییەکەت لە گەڵ فانتازییەکەت دێتەوە، ڕەمزەکە کۆنکرێتی تر دەبێت. چونکە خۆشەویستی بۆ خۆی ڕەمزە و ئایدۆلۆژییایەکی نەمرە.
لە شوێنکدا کە حەقیقەت شارەوەیە، دوو ڕێگا دەگیرێتە بەر بۆ کەشفبوونی یا بۆ ئاشکراکردنی، ڕێگەیەکی ئەخلاقی بێ بڕیاردان و ڕێگەیەکی نا ئاخلاقی بڕیادەرە، ئیدەی ئەخلاق بە جۆن و ئیدەی نا ئەخلاقی بە گاڤین دیمۆکراون، بە دوای حەقیقەتێکدا دەگەڕێن مادلینە، ئەوەی گاڤین دەیکات ڕۆڵی نا ئەخلاقییە، هەڵپەی خێرا ئاشکراکردنی حەقیقەتییەتی، هەرچی نەشتوانێت بیکات، چون ئەم ئیدەی ناخلاقییە بە تۆ مەت و ساخەتە شتێک درووستدەکات ناوی دەنێت حەقیقەت، ئەو حەقیقەتە بوونی نییە، بەس کاریگەری هەیە. ئەوانی تر وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئەو ساخەتەیە دا دادەکەن، کەم نەبوون لە کۆمەڵگای ئێمەش دا ئەو ئیدە نا ئەخلاقییانەی شەرەفی ژنیان بە ساختە حەقیقی دەکرد و دهیاندان بە کووشت. خۆ ئەو کوشتنەش هەڵە بوو، بەڵام کاتێک ئافرەتەکە دەکوژرا حەقیقەتەکەی کە بۆی تەزویر ببوو لەناو دەچوو، کەس و کارییان دوای مردنیان دەیزانی ئەوان بێ تاوانن و پەشیمانیش دەبوونەوە، هیچکۆک تا ئەم خاڵە لەسەر ئەو پڕۆگرامە کۆنەی تیایدا ئیدەی ئەخلاقی بڕیاری حەقیقەت بەسەر نا ئەخلاقیدا دەدات کاری کردووە، بەڵام هیچکۆک هەنگاوێک چۆتە پێشتر پرسیارێکی تر دەورژێنێت، ئایا هەر بەڕاستی گەر کەسوکارەکە کچەکەیان بووهتەوە بهچی؟ جۆن کاتێک دەزانێت مادلین جودی نییە، لە نیگای دووەمی دایە لە حەقیقەتی ساختەدا دەپچڕێت، هاواردەکات ئایا ڕاهێنانی پێکردوویت؟ ئیدی لێرەوە ئیدەی ئەخلاق بەپرسیارانە واز لە حەقیقەت ناهێنێت و ڕازی نابێت بەوەی ببێتە دەستەمۆی ئیدەی نا ئەخلاقی. ئەخلاق کاری بەوە نییە پەلەبکات لە ئاشکراکردندا، پەلەکردن لە حەقیقەت کاری ئیدەی نا ئەخلاقییە، ئەو بۆ چرکەیەک بێ حەقیقەت ناژی. بۆیە ئەو ڕاچڵەکەندنە پڕ لە ئیگۆیەیی جۆن حەقیقەت خەبەر دەکاتەوە، مادلین دەشڵەژێت، دەگری و نازانێت چی بکات، دیسان بەم تەقەمەنییە ئێمە وەک بینەر زراومان دەچێت، ئا چارەنووسی حەقیقەت لەنێوان ئەم جووت پەیڕەوەدا چی لێدێت؟.
کرداری گۆڕین نووشتییە لە تەواویدا، بەو ماناییەی نووقسانییەک لە درشتییە ئایدیاڵییەکەدا ڕووی داوە بۆیە سووبێکت هەوڵی گۆڕینی ڕاستییە ناتەواوییەکەدا دەدات، جودی بۆ مالین تەنها گۆڕین ئایدیاڵی ژنێک نەبوو، بەڵکوو لابردنی دەمامکێش بوو لەڕووی مادلین، پاشان بووە هۆی کەشفکردن و ئاشکرا بوونی نهێنی کووشتنەکە، ژنێک بە تەواوی بوونییەوە دەبێت لە دڵی پیاوێکدا بمرێت، گۆڕێکی هەبێت تا ناسنامەی دڵێک وەرگرێت کە توانای خۆشەویستنی هەیە، واتە دەبێت لانی کەم گۆڕێک هەبێت تا ناوی بنێین گۆڕستان. بە شێوازێکی تر هەربوونی ئەم گۆڕە دەتوانێت ئاساوەرێکیش بێت بۆ زیندوو مانەوەی شێوەی ئایدیاڵەکە، پیاو لە خۆشەویستیدا هەمیشە لەکەسی ناو گۆڕەکە بە گومانە، دەگەڕێت تا دڵنیا بێتەوە، وەختێک دڵنیابوویەوە ئیدی تەواوی ڕواڵەتی نووقسان دەهێنێت دەیخاتە خزمەتی وێنە ئایدڵەکە. ئەم پڕۆسەیە بێ کێشە هەروا هێناوێتی، کێشەکە لێرەدا دروستدەبێت ڕوالەت ڕێک لەوێنەی ئایدیال بچێت، سادەتر یانی پیاو دەچێت ژنێکی زیندوو لە دڵی خۆیدا دەکوژێت، تا وێنەی ژنێکی هەبێت لە ناو ژنە زیندووەکاندا بۆی بگەڕێت. ژنێکی قەشەنگی زیندوو لەو ژنە بچێت لە دڵدا نێژراوە، ئەمە بەسەر جۆندا دێت. ئەو تووشی بێ هیوایی دەبێت، تووشی کەم کوڕی دەبێت لە نیگای خۆیدا، ئەو خۆی نا پێکێت، دەکرێت ناوی بنێین شەقبوونی وەهم، وەهمەکەی شەق دەکات، ئێستا ڕووبەڕووی دووڕیانێک بۆتەوە گۆڕینی ناسنامە تەنیا بۆ سەلماندنی بوونی خۆیەتی لە چاوی ئەودا، کاتێکیش بۆی دەردەکەوێت، خۆشی دەوێت، جۆن قایل نابێت، لەبەر ئەوەی نایەوێت وێنەی ئایدیالەکەی ناو گۆڕەکەی ئاشکرا بێت، جوودی دەزانێت هەمان وێنە خۆیەتی، تەنیا دەیەوێت ئەم نووشتیە لەنیگای ئەودا چا بکاتەوە، گۆڕینەکە ئەنجامبدات، لەڕاستیدا ژن دەبێت تەرمی خۆی لە گۆڕستانی دڵی پیاودا ببینێ ئینجا ئاشق بە مردن دەبێت. جۆن کە سەلماندی پیاوی خۆشەویستییە ئیدی جودی هێزێکی دیکەی دایە خۆی تا وێنە کۆنەکەی بمرێنێ و بەوێنە ڕاستەقینەی بێگەردەکەیەوە پەڕەیەکی تری لەگەڵ هەڵبداتەوە.
لە کۆتایدا فیلمی ڤێرتیگۆ نەعلەت لە بارگۆڕین دەکات، تف لەهەموو چەشنە لەو-چوونێک دەکات، لەو چوون نا، بەڵکوو لەخودی-خۆ چوونیش، مرۆڤ نابێت هەوڵدا لەخودی خۆی بچێت، بەڵکو دەبێت هەرخۆی بێت. ناڵەی جۆن دەچێتە کەشکەلانی فەلاک بۆ ئەوەی مادلین لە مادلین نەچوو، حەقیقەت لە حەقیقەت نەچوو، جودی بەکرێگیراویش نەیتوانی خۆی لە شا دەماری ئەو پیاوە ڕزگار بکات کە بە مادلینی ناسیبوو، جودی هەرچی کرد نەبووەوە خۆی و قەڵسیش دەبوو کە داوای خۆبوونی لێدەکرا، ڤێرتیگۆ ووتی: حەقیقەت بەدوای ئەخلاقدا دەڕوات. ڤێرتیگۆ نیشانیدا ژن نایەوێت لەخۆی بچێت، ژن ئیرە بەرە بە ژنێک کە لە دڵی پیاوێکدا مردووە، ئەگەرتەنانەت ئەو ژنە هەر خۆشی بێت ئەو دیسان ئیرە دەبات، دیمەنەکانی پێش تەواو بوون، وەکو دابەش کردنی میراتی بوو لەنێوان ژن و پیاودا، ئێمە گۆڕێکی بەتاڵمان بینی لە دڵی جۆندا، هیچ مادلینێک نەبوو، تەنیا ئەوە جەوهەری ژنێک بوو، ژنێک هیچکۆک و سیناریۆ نووسان ئافراندبوویان، ژنێک کە کەس پێی ناگات، ژنێک هەرگیز نامرێت و لەگۆڕیشدایە.
سهرچاوه:
- Hitchcock, Alfred. 1958.Vertigo. Universal.
- Lecture Notes: Freud, “The Uncanny” (1919).
- Slavoj Zizek – The Pervert’s Guide to Cinema (2006)