پۆست-جەنگی ساردی نێوان یەکێتیی (سۆڤییەت و ئەمریکا)، بووە هۆی دروستبوونی فۆرمێکی تازە لە پێوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا-ئەمریکا و چین، هەروەها ڕووسیا و چین، ئەم فۆڕمە تازەیەی سیستەمی جیهانی، شێوەی سێگۆشەیەکی تەژیی لە پێشهات و ئاڵنگاریی بۆ سیستەمی جیهانی کێشاوە، بە شێوەیەک؛ ئەو سێگۆشەیە هەر لە سەردەمی چینۆ-سۆڤییەت، هاوکات سەردەمی نیکسۆن-چین، لە سەدەی بیستەمەوە تا ئەم ساتە هەڵبەز و دابەزی پڕ لە هاوکاری و ڕکابەریی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لە دوای 2017 و پێڕەوکردنی سیاسەتێکی جودای ئەمریکا لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ئاراستەی ئەو سێگۆشەیە بۆ قۆناغێکی مۆدێرن گۆڕدرا، تا ئاستێک لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بایدن، بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، جۆبایدن پێوەندییەکانی ئەمریکای لەگەڵ ڕووسیادا، بە مەترسیی کورت مەودا و ڕکابەرییەکانی لەگەڵ چیندا، بە دوور مەودا ناوهێنا، دوو مانگ لەمەوبەریش پەنتاگۆن هەمان گوزارشتی جۆبایدنی دووبارە کردووە. لە هەمانکاتدا دەزگای هەواڵگریی ئەمریکایش لە ڕاپۆرتی “Global Trends 2040”، پێوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ڕووسیا و چینی سەبارەت بە داهاتوو بە مەترسیدار پێناسەکردووە. لێکدانەوە بۆ وتەکانی بایدن و پەنتاگۆن و جووڵە ستراتیژییەکانی “ڕووسیا” لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها لە ئاسیا و ئەمریکای لاتین، بەو پرسیارەمان دەگەیەنن ئاخۆ ڕووسیا مەترسییە یان کێشەیە بۆ ئەمریکا؟ مەترسییەکە لە چیدایە؟ پێگە و شوێنەوارەکانی سیاسەتی ڕووسیای فیدراڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هۆکارن بۆ خوڵقاندنی مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؟
لە سەدەی بیست و یەکدا؛ کاتێک باسە جیهانییەکان دێنە سەر ڕۆڵ و دەستنیشانکردنی زلهێز و باڵادەستەکانی سیستەمی جیهانی، ئەوا دەستەواژەی ڤێرژنی دووەمی جەنگی سارد “Cold War 2.0” یەکێکە لە دەستەواژە زاڵ و باوەکان لەناو پەڕاوی لێکۆڵینەوە ستراتیژییە جیهانییەکاندا، ئەمەیش بە هۆی پێڕەوکردنی سیاسهتی تاکجەمسەریی ئەمریکاوە بووە دوای ڕووداوەکانی جەنگی تیرۆر، بەڵام خاڵی جیاکەرەوەی جەنگی ساردی ئەم سەردەمە لەگەڵ سەدەی ڕابردوودا، بوونی سیستەمی فرەجەمسەریی زلهێزەکانە. واتە خاڵی گەوهەری و جیاکەرەوەی سەردەمی پۆست-جەنگی سارد (ئەمریکا – ڕووسیا)، بەهێزبوون و دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕووسیا و بوونی چین بە دووەم زلهێزی ئابووریی جیهانە دوای ئەمریکا. بە مانایەکی تر ڕکابەرییەکانی نێوان (ئەمریکا، ڕووسیا و چین) بوونەتە هۆی دروستبوونی سێگۆشەیەکی مۆدێرنی پڕ کاریگەری لە سیاسەت و هەژموونی هەرسێ وڵات لە سەدەی بیست و یەکدا.
لە ئێستادا لە ڕووی ئابووری و سەربازی و جەنگی تەکنەلۆژیا و هەڕەشەکانی بۆشایی ئاسمانەوە، هەریەکە لە ئەمریکا و چین، وەک دوو هێزی سەرەکی و زلهێز نمایشەکانیان دەخەنەڕوو، هەروەها کۆششیانە بۆ بوون بە تیرەی سەرەکیی ئەو سێگۆشە مۆدێرنە، بەڵام جیاوازتر لە جەنگی ساردی سەدەی بیستەم، ڕووسیا بووەتە هێز و کلیلی لووتکەی ئەو سێگۆشەیە و لە چەندین ڕووەوە (چەکی ناووکی، هێزی سەربازی، هێزی نەرم و بەکارهێنانی وزە وەک چەک، ستراتیژی پێوەندییەکانی دەرەوەی و ئامادەبوونی لە سووچە گرنگەکان)ــی جیهان، کۆی هاوکێشەی جەنگە ساردە تازەکەی نێوان چین و ئەمریکای لە جیهانی فرەجەمسەردا گۆڕیوە. پێگەی جوگرافیایی ڕووسیا کە لە زەریای هیندییەوە بۆ زەریای بەستەڵەکە بەستووەکان درێژدەبێتەوە (دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز)، بووەتە هۆی داگیرکردنی سێ یەکی ڕووبەری کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا، هاوکات پردی بەیەکبەستنەوەی سنوورە بازرگانییەکانی نێوان ئەو دوو زەریایە ستراتیژییەیە، پێگەی ڕووسیای لە ڕووی جیۆ-ئابووری و جیۆ-سیاسییەوە بەهێزتر کردووە. دروست بەکارهێنانی پێگەی جوگرافیا و سیاسەتی ورد و تیژی ڕووسیا لە سەردەمی ڤلادیمێر پووتینەوە، بوونە هۆی گۆڕینی فۆڕمی سیاسەتی جیهانی بە تایبەت لە ڕووداوەکانی پۆست – داعشدا.
لە سەردەمی جەنگی سارد، ڕکابەرییەکانی “ڕووسیا” لەگەڵ “ئەمریکا”، بڵاوکردنەوە و گەیاندنی پەیام و کرۆکی بیری سۆسیالیستی بوو بە وڵاتانی دەرەوەی سنوورەکانی و بە تایبەت ئەو وڵاتانەی جێگەی بایەخی “ئەمریکا” بوون لە ڕووی ئابووری و بەرژەوەندییەکانییەوە، بەڵام لە پۆست – داعشدا و لە ساڵی 2015، ڕووسیا لە ڕێگەی یەکێتیی ئابووریی ئۆڕاسیاوە Eurasian Economic Union (EAEU)، توانی هەژموونەکانی فراواتر بکات و کۆی هاوکێشە سیاسی و جیۆ-ئیکۆنۆمییەکانی ناوچەکە بگۆڕێت. هاوکات گۆرینی ئاراستەی جووڵەکانی لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵاتی سنوورەکانی وڵاتەکەی، هەروەها لە ساڵی 2016 پێوەندییە دیپلۆماسییەکان و دیدگای ڕووسیا لە چوارچێوەی پرۆژەی پووتین بە ناوی the Greater Eurasian Partnership (GEP)، توانی ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ چین واژوو بکات و وڵاتە ئەندامەکانی پێشووی یەکێتیی سۆڤییەت و ئاسیای ناوەڕاست، لە چوارچێوەی یەکێتیی (EAEU) کۆ بکاتەوە و لە ڕێگەی سیاسەتی دەرەوەیەوە، هانی وڵاتانی تر بدات بۆ بەئەندامبوون لەو یەکێتییەدا بە تایبەت هیندستان و ژاپۆن. لە هەمانکاتدا ڕووسیا بە هێزی سەربازییەوە گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە بەندەری تەرتووسی سووریا جێگیر بوو.
ئەو گۆڕانکارییانە لە سیاسەتی ڕووسیادا هاوکاتن لەگەڵ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی هەریەکە لە (یەکێتیی ئەورووپای بێ بەریتانیا، هیندستان، ژاپۆن و بەریتانیای مەزن) وەک جووڵەی سەربەخۆیی هەر گۆشەیەکی نێو ئەو سێگۆشە مۆدێرنە. درووستبوونی یەکێتیی ئۆراسیا، پێکهێنان و ئەندامبوونی وڵاتان لە ڕێكخراوی شەنگەهای بە سەرپەرشتیی وڵاتی چین، هەروەها ئەندامبوونی ڕووسیای لە هێڵی ئاوریشمیی چینی بەدوادا هات، کە لە داهاتوودا پێکەوە دەبنە هۆی دروستکردنی هاوکێشەی تازە و تەژی لە گۆڕانکاری لە ئۆڕاسیا، هیندۆ-زەریای ئارام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە پرسی سیاسەتەکانی ڕووسیا لە بەرانبەر ئەمریکا و چیندا و شرۆڤەکردنی جووڵە و هەژموونەکانی، بە کاریگەریی ئەو ناوچانەی کە لە پۆست – داعش (دوای جەنگی داعش)ـەوە پێوەستن، ڕووسیا زۆرترین کاریگەری و هەژموونی بەسەریانەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی بەراوردکردنی ئەو جووڵانەی مۆسکۆ لە پۆست جەنگی سارد و پۆست داعش، زۆرترین گۆڕانکاری لە ستراتیژی ڕووسیا دەخاتەڕوو و مەترسی و هەڕەشەکانی هەژموونی ڕووسیا لە پۆست ترامپیزمیش بۆ ئەمریکا نمایش دەکات. کەواتە بۆ سەرنجدان و خوێندنەوەی هێزی ڕووسیا، ناوچەکانی ئۆراسیا و هیندۆ-زەریای ئارام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتین لە ناوچە پڕ ڕکابەری و هەماهەنگییەکانی ڕووسیا – ئەمریکا، لە هەمانکاتدا چینیش.
“پێوەندییەکانی ڕووسیا – ئەمریکا لە پۆست جەنگی سارد”
دوای بیست و پێنچ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕووداوەکانی دوای جەنگی ساردی نێوان (ئەمریکا-ڕووسیا) ئاست و جۆری پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە هاوبەشی و ڕکابەری لە لاپەڕەکان تۆمارکران بە تایبەتی دوای جەنگەکانی تیرۆر لە ئەفگانستان و ئێراق. ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەت دەرفەتێكی کراوە بوو بۆ ڕۆژئاواییەکان، لە گۆشەگیرکردنی هەژموونەکانی ڕووسیا لە سنوورە هاوبەشەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا، بە تایبەت لەو وڵاتانەی پێشتر ئەندام بوون لە یەکێتیی سۆڤییەت. ئامانجی هەرە سەرەکیی ئەمریکا و ئەورووپا لە ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەتدا، کۆنترۆڵکردنی ناوچە دەوڵەمەندەکانی وزە و هاوکات ئەو وڵاتانە بوون کە وەک پردێک بۆ گواستنەوەی وزە و کاڵای بازرگانیی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی ئەورووپا بەکاردەهێنران. نموونەی بەرجەستە و واقیعی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نێوان (ڕووسیا و ئەمریکا) و ئەورووپاوە، دەستپێکی فشارەکانی ڕووسیایە لە وەستاندنی هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ بازارەکان لە ڕێگای ئۆکرانیاوە، لە سەرەتاکانی 2006ــەوە ئەو فشارانەی ڕووسیا بۆ دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئەورووپا تەنیا لە ئۆکرانیا و کریمیا و جۆرجیا نەوەستان، بەڵکوو دوای ڕووخانی سەدام حوسێن و فراوانبوونی هەژموومی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕووسیا توانی لە ڕێگەی ئێرانەوە ئاستنەگ بخاتە بەردەم هەژموونی ئەمریکا و ئەورووپا، بە تایبەت لە ئێراق، سووریا و لوبنان. یەکێک لە ئامانجە ئاشکراکانی ڕۆژئاواییەکان، سەپاندن و بڵاوکردنەوەی سیستەمی دیموکراسی بوو لەو هەرێم و ناوچانەی جێگەی سەرنجی ڕووسیا بوون، بەڵام ئامانجە شاراوە و سەرەکییەکانیان، کۆنترۆڵکردنی هەژموونی ڕووسیا بوو لە دەریای قەزوین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا، بە تایبەت لە بواری وزە و چەکسازییدا. لێ دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەت، ڕووسیا توانی پێگەی جوگرافیایی تورکیا، ئێران و وڵاتانی باڵکان بۆ دووبارە گەڕانەوەی هەژموونی ڕووسیا بۆ جیهان، لەژێر ناوی The Return of Global Russia بەکاربهێنێت.
بۆ ڕووسیا گەییشتن بە بازاڕەکانی یەکێتیی ئەورووپا پێشەنگی هەر جووڵەیەکی ئەو وڵاتەن لە پرسە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان، چونکە بازاڕەکانی ئەورووپا زامنی دابینکردنی ئاسایشی پاراستنی سنوور و دابینکردنی ئاسایشی وزەی مۆسکۆن، لە پێناوی گەییشتن بەو ئامانجە، ڕووسیا توانی پێگەی هەرێمەکانی تر بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت سزا ئابوورییەکان و هەژموونەکانی ناتۆ لەسەر سنوورەکانی و لە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات کەم بکاتەوە و باشتر و کاریگەرتر بتوانێت دەست بەسەر بازاڕەکانی ئەورووپای ڕۆژئاوا دابگرێت. ڕووسیا لە ڕێگەی فرۆشتنی چەک و هەناردەکردنی وزە و دیپلۆماسییەکی بەهێز و ئارامەوە، توانی ڕێگری لە بە ئەندامبوونی “ئۆکرانیا” لە یەکێتیی “ئەورووپا” بکات و هاوکات لە ڕێگەی دیپلۆماسییەتێکی کارا و تیژیشەوە، توانی سەرکەوتوو بێت لە سەرنەگرتنی پرۆژەکانی هەناردەکردنی وزەی وڵاتانی باڵکان، ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی سپیی دەریای ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بە تایبەت لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی بێ بەشداریی ڕووسیا. لە هەمانکاتدا ئابووریی “ڕووسیا” بوژایەوە، بە جۆرێک بەراورد بە ساڵی 2000، لە 2014ــدا، ئاستی هەناردەکردنی ڕووسیا لە گازی سرووشتیدا، لە 16 ملیار پێ سێجاوە بۆ زیاتر لە 65 ملیار پێ سێجا بەرزبوویەوە، هەروەها داهاتی تاکی ڕووسیایی لەو ماوەیەدا، بە ئاستێکی بەرچاو بەرزبوویەوە، جگە لەوەی ئێستا دوای ئەمریکا و ڕووسیا خاوەن زۆرترین ڕێژەی هەناردەکردنی چەکە بۆ سنوورەکانی دەرەوەی وڵاتەکە، ئەم هەڵكشانە بێ شوومارەی ئابووریی ڕووسیا بە پێڕەوکردنی سیاسەتێكی پڕ لە جووڵەی “ڤلادیمێر پووتین” جێبەجێکرا، تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2012ـدا، نەخشە ڕێگای ڕووسیا بۆ داهاتوو، بە ناوی The Return of Global Russia دابڕێژرێت.
“ڕووسیا و ئەمریکا لە پۆست داعش-دا”
بە پێڕەوکردنی سیاسەتی پڕکردنەوەی بۆشاییە ستراتیژییەکان کە لە لایەن ئەمریکاوە درووست بوون، ڕووسیا توانی کۆی هاوکێشە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی بەرژەوەندیی ڕووسیای فیدراڵ لە جیهانی پۆست تیرۆر و داعشدا بگۆڕێت. شکستهێنانی “ئەمریکا” لە کۆنترۆڵکردنی جەنگی تیرۆر و کۆکردنەوەی هێزە هەرێمییەکان، بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی دوای جەنگە دوایی نەهاتوو و پڕتێچووەکانی تیرۆر لە ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بوونە هۆی دووبارە گەڕانەوەی هێمنانەی ڕووسیا بۆ ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر هەژموونی یەکێتیی سۆڤییەت بوون، بەڵام گەڕانەوەی ئەمجارە، جیاوازتر بوو لەوەی سەدەی ڕابردوو، چونکە سەردەمی مۆدێرنی ڕکابەرییەکانی (ئەمریکا و ئەورووپا) بە سەپاندنی سزا ئابوورییەکان بۆ ئابووریی ڕووسیا، لەبری ئەوەی ڕووسیا بێ هێز بکات، بووە هۆکاری واژووکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی لە نێوان ڕووسیا و چین لە 2014ــدا. ئەم هەنگاوەی ڕووسیا بووە هۆی گۆرینی سیاسەتی ناچارییانەی ئەمریکا بەرانبەر ڕووسیا، هاوکات گواستنەوەی ئاراستەی جووڵە سیاسییەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەی ئاسیای پاسەفیک (هیندۆ-زەریای هێمن). دوای دووبارە سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی ڕەنگەکان لە سنوورەکانی ڕووسیا، هەروەها ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015ــی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەورووپا، هاندەری سەرەکی بوون لە دووبارە گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ سووریا.
واژووکردنی ڕێککەوتنامەی 45ـساڵە لە نێوان حکوومەتی (مۆسکۆ و سووریا) بۆ جێگیرکردنی هێزی سەربازیی ڕووسیا لە بەندەری تەرتووس، بەیەکەم گەڕانەوەی بەهێزی ڕووسیا دادەنرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئەمە جگە لەوەی جێگیربوونی ڕووسیا لە سووریا بە مانای کۆنترۆڵکردنی سنوورە بازرگانییەکانی ئەورووپا و کەنداوی فارس و دەریای سپیی ناوەڕاست و بەندەرە گرنگەکانی دەریای سوور دێت، بۆ گەییشتن بە بازاڕەکانی ئەفریقا. لە هەمانکاتدا دروستبوونی یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا بە سەرپەرشتیی ڕووسیا، بووە هۆی بوواژنەوە و دەربازبوونی ئابووریی ڕووسیا لەو سزا ئابوورییانەی دوای ڕووداوەکانی ئۆکرانیا بەسەر ڕووسیادا سەپێنران و لە ئەنجامدا وڵاتانی هەرێمیی ناوچەکە وەک تورکیا و ئێران، هاوشانی وڵاتانی ئۆراسیا، بوون بە ئەندام لەو یەکێتییە. لە لایەکی ترەوە؛ ڕێککەوتنی نێوان (ڕووسیا و چین) فاکتەرێکی سەرەکی بوو لە گواستنەوەی هەژموونەکانی ڕووسیا، بۆ ئاسیای پاسەفیک و تەنانەت ئەمریکای لاتینیش، جگە لەوەی حکوومەتی “مۆسکۆ” توانی لە ڕێگەی پێوەندییەکانی لەگەڵ چین، دەرگای تازە لەبەردەم ئابووریی وڵاتەکەی بکاتەوە و هاوپەیمانێتییەکانی لەگەڵ وڵاتانی باشووری ئاسیا و کەنارەکانی دەریای “چین” پەرە پێ بدات و ببێتە هۆی خوڵقاندنی ئەگەری مەترسی زیاتر بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام دووبارە گەڕانەوەی بەهێزی ڕووسیا بۆ سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاراستەی ستراتیژی ئەمریکای بەرانبەر ڕووسیا گۆڕی، بە تایبەت دوای ئەوەی پێوەندیی ڕووسیا لەگەڵ وڵاتە عەرەبی و ناعەرەبییەکان (تورکیا، ئیڕان، ئیسرائیل و کورد) بەهێزتر بووە و لە پێشکەوتنی بەردەوامیشدایە.