“سیاسەتی حکومەتی ئیسلامی لەبەرابەر کەمینەکاندا”
ئاخۆ سیاسەتی گشتیی دەولەتی تیۆکراتیی ئیسلامی لەئاست کەمینەی کورددا چی بوو؟ لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و قورس لەنیوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیدایە لە ئێراندا. هەرچەندە ڕژێمی نوێ سیاسەتیکی دیاریکراوی نەبوو بەرانبەر بە کورد، ڕاستەوخۆ لە قۆناغی دوابەدوای شۆڕشدا و لە سەرەتای شەڕی کوردستاندا دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵیاندا بۆ ئەوەی هێزە کوردییەکان نەبنە هەڕەشەیەکی ڕوو لە زیادی سیاسی و ستراتیجی جۆراوجۆر پەرەپێبدەن. سیاسەتی گشتیی ئەوان هەمیشە لەسەر ئەو شێوازە باوانە بەند بوو کە لەلایەن حکوومەتە ناسیۆنالیستە ناوەندییەکانەوە بەکاردەهات سەبارەت بە کەمینە ئیتنیکییەکان کە بە شێوەیەکی گشتی دەگۆڕا لە نێوان پەنابردنە بەر هێز یان ناچارکردن، تواندنەوە و ئەسیمیلە کردنی کولتووری، تەواوکاریی ئابووریی ئینتیقائی بە دروستکردن و بەهێزکردنی تۆڕی مەحسووبییەت و خزم خزمێنە و چەکدارکردنی میلیشیای خێڵەکیی ناوخۆیی. لەبەرئەوە جێی سەرسوڕمان نیە، پاش لەقەڵەمدانی کوردستان وەک ناوچەیەکی نائارام، کاردانەوەی حکوومەت لەبەرانبەر داواکارییەکانی کورددا بۆ ئۆتۆنۆمی سەرکوتکەرانە بێت و لەو سۆنگەیەوە تاران هێرشێکی بەرفراوانی دەستپێکرد و هەموو جۆرە چەکێکی قورسی بەکارهێنا، لە تانک و تۆپ و فڕۆکە، کە چەند بەشێکی شارە کوردییەکانی خاپوور کرد. سەرەڕای ئەوەش، حکوومەتی ئێرانی ئابڵووقەی ئابووریی سەپاند بەسەر ناوچە کوردییەکاندا و دانیشتووانی بێبەری کرد لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، لەنێویاندا خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی (بريگۆليكس، 1983). زیاد لە 384 گوندی کوردیی ئێرانیش کاول و وێرانکران لە نێوان ساڵانی 1980 و 1993 (هيومان ڕايتس وۆچ HRW، 1997).
دام و دەزگای نوێی دەوڵەت، هەروەک پێشتر بوو و سەرباری ئیددیعا کردنی لەبارەی جیهانگیریی ئوممەوە، کەچی هەر بەردەوام بوو لەسەر ناوەندێتیی دەولەت لە ئێراندا لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر فارسی وەک زمانێکی نەتەوەیی و مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامی (ئیثناعەشەری) وەک ئاینی دەوڵەت. لەکاتێکدا ئەوە ڕاستە کە لە بەندی ١٩ی دەستووری نوێدا بە دەق هاتووە کەوا “گەلی ئێران بەدەر لە بنەچەی ئیتنیکی و خێڵەکی، مافی یەکسانیان هەیە، کە ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و شتی هاوشێوە نابێتە هۆکاری ئیمتیاز وەرگرتن” (ڕەمەزانی، ١٩٨٠: ١٩١) و بەندی ١٥ ڕێگە دەدا بە “بەکارهێنانی زمانە ناوخۆیی و نەتەوەییەکان لە ڕۆژنامەگەری و ماسمیدیادا”، هەروەها ڕێگە دەدا بە “خوێندن و فێرکردنی ئەدەبیان لە قوتابخانەکانیاندا، شانبەشانی ڕێنماییەکانی زمانی فارسی” و فارسی بەردەوام بوو وەک زمانی ئیدارە و خوێندن. قەدەغە کردنی سەپێنراو بەسەر خوێندن و فێرکردن بە زمانی کوردیدا بەردەوام بوو و کورد لە ژیانی سیاسیی وڵات دوورخراونەتەوە و بێبەش کراون لەوەی کە بگەنە پلە و پێگەی دەسەڵاتی سیاسی.
بەو پێیە ڕاستە کەوا سیاسەتی ڕژێمی ئێرانی سەبارەت بە کورد بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەندە بە ئیجرائاتی زۆرەملێ و تواندنەوەی کولتوور و زمان و ئەمە دوورە لەوەی جێگیر بێت یان نەگۆڕاو بێت یان بە گۆڕان نەبێت. بەڵام ئەو گۆڕانانەی کە ڕووی نەداوە بەزەروورەت بونیادی و پێشکەوتوو جێگیر نەبوون. لەگەڵ مەترسیی زیادەڕۆیی لە ساناکردندا، سیاسەتی ئێران بەرانبەر بە کورد دەتوانرێت دابەش بکرێتە سەر چوار قۆناخ یان سەردەمی جیاوازدا. یەکەم، هەر دوابەدوای شۆڕش کوردستان میلیتاریزە کرا، کە بەردەوام بوو تا سەردەمی ڕیفۆرمیستەکان لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، مەسەلەی کورد تەنها وەک مەسەلەیەکی ئەمنی و مەترسیی سەرەکیی ناوخۆ تەماشا دەکرا کە هەرەشە لە یەکگرتوویی خاکی ئێران دەکات. بە ڕەزامەندیی حکومەت، یەکە سەربازییەکان و لەنێویشیاندا بەسیج، پاسدارانی شۆڕش و میلیشیا خێڵەکییەکان (کە بەفەرمی بە پێشمەرگەی موسڵمانی کورد دەناسرێن و خەڵکی کوردیش بە جاش ناویان دەبات) لە کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکان و تۆقاندنی خەڵکانی سڤیل لە ڕێگەی تووندوتیژییەکی سیستماتیک و هەروەها گۆترەکاری و بەربڵاویشەوە. حکوومەتی ئێرانی توانیوێتی سوود لە جەنگی ئێران – ئێراق وەربگرێت بۆ جێگیر کردن و چەسپاندنی بنکە و بارەگای زیاتری سەربازی لە ناوجە کوردییەکاندا. کۆتایی جەنگی ئێران – ئێراق (١٩٨٨) و مەرگی خومەینی (١٩٨٩) سیاسەتی سەرکوتکەرانە و داپڵۆسینی کەم نەکردەوە و نەبوو بەهۆی ئاساییکردنەوەی ژیان لە کوردستاندا، کە بە تەحەدایەکی بەهێز مایەوە لەبەرانبەر شەرعییەتی تاران و دەسەڵاتیدا. تەنانەت لە ماوەی دوای جەنگ و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەدا، سیاسەتی حکوومەتی ڕەفسەنجانی بەرانبەر بە مەسەلەی کورد، بە تێڕوانینی ئەوەی کە مەسەلەیەکی ئەمنییە، هەر وەک خۆی مایەوە. لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا “زیاد لە ٢٠٠ هەزار سەرباز”، کە ٢٥%ی هەموو ئاسایی و نیزامییەکانی ئێران پێکدێنن هە شێوەیەکی هەمیشەیی لە سەرتاپا ناوچە کوردییەکاندا بڵاوکرانەوە (هیومان ڕایتس وۆچ HRW، ١٩٩٧). سەربازگەی گەورە و جێگیر لە کوردستاندا دامەزران و هێزە چەکدارەکان تێیاندا ڕەگیان داکوتا و هەژموونیان بەسەر یاسادانان و کارگێڕی و بەرپرسیارێتیی داراییدا هەبوو لە کوردستاندا.
قۆناغی دووەم لەگەڵ هەڵبژاردنی محەممەد خاتەمیدا دەستیپێکرد و تا ساڵی ٢٠٠٥ بەردەوام بوو، کە کۆتایی سەردەمی ڕیفۆرمیستەکان بوو. لە ساڵی ١٩٩٧دا، بە پاڵپشتێکی بەربڵاوی کەمینەکان، حکوومەتێکی ڕیفۆرم دەسەڵاتی گرتەدەست و بەڵێنی دا بە سەردەمێکی نوێی حوکم کردن، کۆمەڵی مەدەنی، دەسەڵاتی یاسا، لێبووردەیی و “ئێرانێک بێت بۆ هەموو ئێرانییەکان” و داکۆکی کردن لە دانپیانانێکی زیاتر بە مافی کەمینەکاندا. هەوڵەکانی خاتەمی مۆرکی ئەم قۆناخەن بۆ دەستەبەر کردنی سیاسەتێکی نوێ بەرانبەر بە کەمینەکان کە بتوانێت هاوتایی بکات لە نێوان هەوڵدان بۆ بەردەوامییەکی چەسپاو و پێشخستنی ئاوێتەبوونێکی سیاسیی کورد لە سیستەمی ڕژێمی ئیسلامیدا. لەم قۆناخەدا، دەوڵەت کۆنترۆڵێکی سیاسیی توندوتۆڵی پاراستووە، بەڵام تا ئاستێکی دیاریکراو بواری بە دەربڕینی کولتووریی کورد داوە. بۆ یەکەمجار، کورد و هەندێک لە کاربەدەستان بەئاشکرا ڕەخنەیان لە هەڵوێستی تاران دەگرت سەبارەت بە مەسەلەی کورد و مامەڵە کردنی ئەمنییانە لەگەڵی. نوێنەرە کوردەکان گرووپی پەرلەمانیی خۆیان دروستکرد لە شەشەمین ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێراندا (ساڵی ٢٠٠٠) بۆ بەدواداچوونی دانپیانان بە مافە کولتووری و مەدەنییەکانی کورددا و بۆ یەکەمجار لە بەرپابوونی شۆڕشەوە، ژمارەیەکی کەمی کوردی سوننە لە ئاستی کارگێڕیی مامناوەندیدا دابنرێن. لەکۆتاییدا، حکوومەتی ڕیفۆرمیست شکستیهێنا لە جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی ڕیفۆرمی و ئەنجامدانی زۆربەی ئەو بەڵێنانەی کە دابووی بە گرووپە ئیتنیکییە جۆراوجۆرەکان لە ماوەی دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەیدا.
قۆناغی سێهەم گەڕانەوەی تووندڕەوەکان بوو بۆ سەر حوکم بە سەرکەوتنی مەحموود ئەحمەدینەژاد لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥دا. گوتار و وتاردانی پۆپۆلیستی و زمان لووسانەی سەرکۆماری نوێ هاوکات لەگەڵ مامەڵەیەکی بنەما ئەمنی لەگەڵ کەمینەکاندا، کە جارێکی تر بوو بە ستانداری نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی کەمینە ئیتنیکی و زمانییەکان لە ئێراندا. هەڵوێستی بە ئاشتی مامەڵە کردنی خاتەمی لە ئاست داواکاریی کەمینە ئیتنیکییەکان لەپێناوی یەکسانیی مافی هاووڵاتیبوون گۆڕدراوە بە سیستەمێکی سیاسیی سەربازی کە ئاماژەی داوە بە کۆتایی مەترسیی سەبارەت بە جێگیری و ئاسایشی نەتەوەیی/ نیشتمانی لە وڵاتدا. ژمارەیەکی کەمی ژمارەی ئەو کوردانەی پێگە و پۆستی ئیداریی ناوخۆییان پێسپێردراوە لە سەردەمی ڕیفۆرمدا پێچەوانە کرایەوە لەلایەن ئەو بیرۆکرات و دەسەڵاتە سەربازییانەوە کە لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەحمەدینەژاد دا بە شێوەیەکی سێنتراڵ دامەزراون. ئەو بەپێچەوانەی سەرۆکەکەی پێش خۆی، سەرۆکی نوێ و هاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ مەسەلەی کەمینەدا نەکردووە. بە سادەیی پیدەچێت ئەوان وایان دانابێت کە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا وەک بەشێک بێت لە گفتوگۆ لەبارەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە بۆ جەماوەری خەڵک. جارێکی تر، دەسەڵاتە ناوەندییەکان چالاکییەکانی لایەنداری کوردیان بەوە لەقەڵەم دا کە خیانەت بێت بە نیشتمان و بە هاندان و دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکانی بێت. حکوومەتی ئەحمەدینەژاد کەوتە چڕکردنەوەی سەرکوت کردنی سیاسی، چاودێری و سانسۆر دانان لەسەر میدیا، بێزارکردن و ترساندن و گرتنی هەڕەمەکیی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، گرتنی کەسانی دەسنیشانکراو و چەوساندنەوە بە هۆکاری سیاسی دژ بە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی. هەڵبەت زۆربەی چاپەمەنییە کوردییەکان قەدەغە کران لەبەرئەوەی وێک نەدەهاتنەوە لەگەڵ یاساوڕێسای دەوڵەتدا یان ڕێکوڕەوان لەبەر هۆكاری سیاسی (هيومان ڕايتس وۆچ HRW، 2009).
لە ماوەی کەمپەینی هەلبژاردنی ٢٠١٣دا، یەک لە بەڵێنەکەنی سەرۆکایەتی ئەوە بوو کە حەسەن ڕۆحانیی کاندید بایەخ بە داواکاریی ئاینی و ئیتنیکیی کەمینەکان بدات. ئەو لە بەیاننامەیەکی دە خاڵیدا، بانگەشەی بۆ جێبەجێ کردنی تەواوی ئەو پێدراوە دەستوورییانەی زەمانەتی مافی کەمینەکان دەکات، لەنێویشیاندا بەندی ١٥ کە مافی پێخوێندنی هەموو کەسێک بە زمانی دایکی دەپارێزێت. هەروەها بانگەشەی ئەوەشی دەکرد کە “جیاکاریی ناڕەوا نەهێڵرێت بە تەواوی شێوە و ڕەهەندەکانیەوە و مامەڵە ئەمنییەکان بگۆڕدرێت بەرانبەر گرووپە ئیتنیکییەکان” (ڕۆحانی، ٢٠١٣). ڕۆحانی ڕاستەوخۆ لەبارەی کەمینەکانەوە دوا و پاسان زۆربەی دەنگەکانی ئەوانی بەدەستهێنا. جێی سەرسوڕمان بوو هەر کە چووە سەر حوکم، عەلی یونسیی کردە ڕاوێژکاری خۆی بۆ کاروباری گرووپە ئیتنیکییەکان و کەمینە ئاینییەکان، کە پێشتر کەسایەتییەکی ئەمنی و وەزیری هەواڵگری و ئاسایش بوو. بەدەر لە هەندێ گۆڕانکاریی بچووکی وەک دامەزراندنی کۆرسێکی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستانی ئێرانیدا (کە ساڵانە چل خوێندکار ناونووس بکات)، دامەزراندنی “لائیحەیەکی مافی هاووڵاتیی” ناکارا، هەندێک دامەزراندنی کەسانی سەر بە کەمینەکان لە پێگە و پۆستی ئاست مامناوەندیدا، بەڵام “حکوومەتی خاوەن دانایی و هیوا” شکستیهێنا لەوەی کە خاوەنی هیچ بەڵێنێکی خۆی بێت سەبارەت بە مافی کەمینەکان.
بەپێی ڕاگەیاندنێکی ڕاوێژکارێکی تایبەتی سەرکۆمار، گرنگترین ڕێگر لە بەردەم جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی ڕۆحانی سەبارەت بە کەمینەکان “توندڕەوە ئاینییەکان و ناسیۆنالیستەکان بوون” (DW، ٢٠١٣). هەڵبەت دام و دەزگای موحافزەکار و نەتەوەپەرستەکان حەز ناکەن لە گۆڕینی دۆخی کەمینە. پیاوانی ئایینیی شیعە و تووندڕەوەکان دژ بە بوونی کەمینە ئاینییەکانن لەسەر ئاستی سیاسی و دادوەری و ئاستە کارگێڕییەکان و لایەنە نەتەوەپەرست سێکولارەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی زۆر بە تووندی بەرهەڵستیی دەکەن لەوەی ناوی لێدەنێن “دابەشبوونی ئیتنیکی” و لە ڕوانگەی ئەوانەوە وەک کۆسپێکی دادەنێن لە بەردەم “یەکێتیی نیشتمانیدا”. هەر لەم سۆنگەیەوە یەک کوردی سوننە نەبووە کە بووبێتە وەزیر، جێگری وەزیر، باڵێۆز، ئوستاندار یان ئەندامی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران. ساڵی ٢٠١٥، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کۆماری ئیسلامی ڕێگەی بە کوردێکی سوننە داوە، کە ساڵح ئەدیبی بوو، کە وەک باڵیۆزی ئێران لە ڤێتنام و کەمبۆدیا خزمەت بکات. نموونەیەکی تووندی تر، بەرهەڵستی کردنی توێژەران و پرۆفیسۆران و مێژوونووسانی ئێران بوو بۆ پێکهێنانی گرووپی ئیتنیکیی پەرلەمان. لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ١٧٠ مێژوونووس هۆشدارییان داوە لەبارەی ئەو هەڕەشە و مەترسییەوە کەوا گرووپەکانی ئیتنیکی و زمانەوانی دروستی دەکەن لە پەرلەماندا و تێیدا گوتوویانە کەوا “ڕێخۆشکەرە بۆ بەرپاکردنی جیاوازی لە قەوارەی نیشتمانیی ئێرانی گەورە و یەکگرتوودا” (فارس نیوز، ٢٠١٦).
“جوڵاندن و جۆشدانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستانی ئێران دا”
لەپاش چەندین ساڵی پەیوەندیی قورس و ئاڵۆز، وادیارە کەشێکی بێمتمانەیی هەردوو لا کۆنترۆڵی نێوان کورد و کۆماری ئیسلامیی کردبێت و ئەم ڕەوشە هاوکار بووە لە تووندکردنەوەی گرژیی نێوانیان لە چەندین بۆنەدا بەدرێژایی چوار دەیەی ڕابوردوو و هێشتا هەر بەردەوامە لە ڕۆڵ گێڕانێکی سەرەکی بۆ جووڵاندنی و جۆشدانی کورد لە ئێراندا. بێگومان جێی سەرسوڕمان نیە کەوا کورد سکاڵا بکات لە جیاکاریی سیستماتیکی لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریدا. توێژینەوەیەک کە ساڵی ٢٠٠٤ ئەنجامدراوە لەسەر ٥٠٠ دانیشتووی شاری مەریوانی کوردنشین، دەرکەوتووە کە ٨٣%ی ئەوانەی وەڵامیانداوەتەوە وای بۆدەچن کە ژێرخان و خزمەتگوزاری لە کوردستاندا خراپترە لەوانەی کە لە ئوستانە فارسەکاندان و ٨٣.٦% باوەڕیان وایە کە دەوڵەت هۆکاری بێبەشبوون و دواکەوتووییە لە کوردستاندا و ٨٨%ی بەشداربووان ئاماژە بەوە دەکەن کەوا نادادی و جیاکاریی دژ بە کورد هەر بەردەوامە (کۆنەپۆشی، ٢٠٠٤). توێژینەوەیەکی تری نوێ لەگەڵ هەزار کەسی ناوچە کوردییەکانی ئێران، ئەو هەستەی دەرخستووە کە جیاکاریی دژ بە کورد وادیارە بەربڵاوە دژ بە کورد. هەروەها توێژینەوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەسیاسەتکردنی شوناسی ئیتنیکی لە نێو کوردە سوننەکاندا بەرزترە بەبەراورد لەگەڵ کوردە شیعەکان کە لەجیاتیدا پێ لەسەر مافە کولتوورییەکان دادەگرن (قادرزادە و محەممەدزادە، ٢٠١٨: ٣٥).
پێدەچێت ئارەزوو کردن لە پاراستنی شوناسی کوردیی هاوبەش و خواست لەسەر کۆتاییهێنان بە جیاکاری پاڵنەرێکی دەروونیی ڕەخساندبێت بۆ جووڵاندن و جۆشدان. لەگەڵ ئەوەش، درک پێکرنی کور و پاڵنەریان بۆ کارکردن نەک هەر تەنها لە ڕێگەی دیالیکتیکی کۆنترۆڵ و بەرگریکردنەوە دیاری کراوە بەڵکوو لە ڕێگەی زنجیرەیەک ڕووداویشەوەیە کەوا گۆڕانکاریی گەورەیان بەرپاکردووە لە ژیانی کوردەکانی ئێراندا. لە چوار دەیەی پێشوودا، کوردستانی ئێران شۆڕشێک و دوو جەنگیان ئەزموون کردووە (جەنگی کوردستان و جەنگی ئێران – ئێراق)، کۆچ و ڕاگواستنی بەکۆمەڵ، بەشارستانی بوونی خێرا و بێ پلان، گۆڕانکاری لە تێکڕا بنیاتی خوێندن و ئابووریدا، چەندین هەوڵ بۆ بەشداربوون لە جێبەجێ کردنی ڕیفۆرمە دیموکراتییەکان لە ئێراندا، دەوڵەتێکی کوردیی دیفاکتۆ لە وڵاتی دەراوسێدا، گەیشتنی تەکنۆلۆجیای زانیاریی نوێ، حکومەتە موحافزکارە توندڕەوەکان و چەندین قۆناخ و سەردەم لە جوڵاندن و ناڕەزایی دەربڕینی میللی. گشت ئەمانە وادیارە کاریگەرییان دانابێت لەسەر درک پێکردنی کورد سەبارەت بە توانای جووڵاندن و جۆشدانیان و ستراتیجیان و وێناکردنیان بۆ دەوڵەتی ناوەندی. ئەمڕۆ لەوانەیە کورد تووشی خراپترین شێواندن و ناوزڕاندن بووبێتن بەڵام کەمینەیەکن بە زۆرترین جۆشدان و جووڵاندن لە ئیراندا کە دەستی دابێتە بەرگرییەکی بەرفراوان دژ بە دەوڵەتی ناوەندی، سەرباری کات و سەردەمانێکی بچڕ بچڕ.
توانای کورد بۆ جۆشدان و جووڵاندن لە فۆرمی جۆراوجۆردا خۆی دەردەخات و بزووتنەوەی کورد، کە دوورە لە تەبایی و هاوچەشنییەوە، لە بکەر و ئەکتەری جۆراوجۆر پێکهاتووە. کورد چەندین پێکهاتەی ڕێکخراوی جۆراوجۆری هەیە، کە هەندێ جار تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازن لە بەرنامە و ستراتیجی سیاسییان و سترۆکتوور و سەرکردایەتی و کاریگەرییان. بەدەر لە دەربڕینی گشتیی کوردبوون یان (کوردایەتی) و ناڕەزایی دەربڕینی ئاشکرا، ئەوان فۆرمی تری یاخیبوون و ملنەدان بەکاردێنن، کە “سیاسەتی ژێرەوەی” پێدەوترێت لەلایەن جەیمس س. سکۆتەوە (١٩٩٠: ١٨٩)، کەوا “بەرگرییەکی ڕووپۆشدار و ژێربەژێر و جاڕ لێنەدراو” دەگرێتەوە. وەک ئەنجام و لێکەوتەش، فۆرمەکانی ئەو کار و کردەوانەی بزووتنەوەکە پیادەیان دەکات ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە کە بریتین لە شەڕی گەریلایی، بەرگری کردنی کولتووری، کاری ئاژاوەگێڕیی بچڕبچڕ، ئەڵقەکانی تووندوتیژیی چەکداری، شانبەشانی پیادەکردنی تەکتیکەکانی ناتووندوتیژی وەک پرۆتێست و ناڕەزایی دەربڕین، بایکۆت کردن، یاخیبوونی مەدەنی، بەرگری کردنی نەرێنی و بگرە بەشداریی سیاسیی و هەڵبژاردنی نەریتیش.
بۆ پیشاندانی ئەوەی کە چۆن بزووتنەوەی کورد لەسەر شانۆی سیاسی دەرکەوتەوە لەپاش شۆڕشی ئێرانی و پەرەپێدانی سترۆکتوور و پێکهاتەکانی ڕێکخستن، لە چوارچێوەنانی داواکارییەکان، خێرا جۆشدان و جووڵاندنی خەڵک، ئەمانە هەموو بە درێژایی کات و سەردەم پەرەیانسەند و بەردەوامن لە پێناسە کردنەوەی شوناسیاندا، من لە شۆڕشەوە تا ئێستا مێژووی جۆشدانی شوناسم دابەش کردووە بە سەر چوار سەردەم و قۆناخدا. یەکەمیان لەگەڵ “خولەکانی ناڕەزایی” یەکیدەگرتەوە (تاڕۆ، ٢٠١١) لە یەکەم ڕۆژانی شۆڕشدا و هەڵگیرسانی جەنگی کوردستان کەوا تێیدا خێرا کاری بەکۆمەڵ تەشەنەی کرد لە “کەرتە زیاتر جۆشدراو و مۆبیلیزەکراودا بۆ کەرتە کەمتر جۆشدراوەکان” و چۆن شەڕ و ململانێکان زیاتر پەرەیانسەند لەپاش ژمارەیەکی لەدوای یەکی کارلێکی چڕی نێوان کوردەکان و دەسەڵاتی نوێ کە سەری کێشاوەتەوە بۆ حاڵەتێکی گشتیی تووندوتیژی. قۆناخ یان سەردەمی دووەم هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی ڕێکخراوە کوردییەکان لە کوردستان و لەو ماوەیەدا شەڕی گەریلایی کەوتە تەشەنە کردن و فراوانبوون لەکاتێکدا کە سیستەمی سەرکوتکاری دەوڵەت بەهێز دەکرا. قۆناخی سێهەم لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرکۆماری ڕیفۆرمیستەکان لە ساڵی ١٩٩٧دا دەستی پێکرد، دوای ئەوەی کە جۆشدان و جووڵاندنی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی بە شێوەیەکی بێوێنە لەلایەن بکەرە سیاسییەکانەوە کە زیاتر دامەزراوەیین. چوارەم قۆناخ لە ساڵی ٢٠٠٥وە دەستی پێکرد لە پاش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران، کە شەپۆلێکی نوێی هەڵكشانی سەرکوت کردنی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا لە ئێراندا و یاخیبوون و شەڕی گەریلایی بووژاندەوە لەگەڵ وەرچەرخانێکی مەعریفی بزووتنەوەی شوناسی کوردی کەوا بەهۆی تەکنۆلۆجیای نوێی هۆکارەکانی گەیاندنەوە ئاسانکاریی بۆ کراوە وەک (سیستەمەکانی ئینتەرنێت و سەتەلایت و تاد.) لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
“خولەکانی ناڕەزایی دەربڕین لە ڕۆژانی یەکەمی شۆڕش و هەڵگیرسانی جەنگ دا”
ڕاستەوخۆ لە دوای قۆناخی شۆڕش دەستە و تاقمی جۆراوجۆر لە کوردستاندا بە شێوەیەکی سەرەکی جووڵان و جۆشدران بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی کورد. کورد بەشێوەیەکی کاریگەر بەشدار بوون لە ڕووخاندنی حوکمی پاشایەتیدا و لە پاش شۆڕش، ئەوان کۆنترۆڵێکی دیفاکتۆیان ئەنجامدا بەسەر ناوچە کوردییەکاندا. ڕێکخراوە کوردییەکان، پاش ئەوەی لە حاڵەتی نهێنییەوە دەرکەوتن، بەخێرایی گەشەیان کرد لەپاش شۆڕشی ئیسلامی و کەوتنە کۆنترۆڵ کردنی شەقامەکان، جووڵاندنی خەڵک، ڕێکخستنی ژیانی بەکۆمەڵ، ئیدارەدانی دادوەری، پەرەپێدانی خوێندن و فێرکردن بە کوردی و دانوستان کردن لەگەڵ خاوەن دەسەڵاتە نوێکان. لە ١٩ی شوباتی ١٩٧٩، ئەوان کۆمەڵێک داواکاریی یەکەمیان پێشکەش کرد کە لە هەشت داواکاری پێکهاتبوو سەبارەت بە “هەڵوەسانەوەی ستەمی نەتەوەیی و مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان لە چوارچێوەی ئێرانێکی فیدراڵیدا” (ئیتیلاعات، ١٩٧٩). بەهەرحاڵ، شکست و هەڵکشانی گرژییەکان دابەشبوونی ناوخۆییان زیادکرد لە ناو کورددا. بەو پێیە، ماوەی دوای ساڵی ١٩٧٩ دەرکەوتنی گرووپبەندیی جیاوازی لێکەوتەوە و هەر گرووپێک ئامانج و ئایدیۆلۆجیی خۆی هەبوو و لێکدانەوەی تایبەتیشی ئۆتۆنۆمی بوو.
یەک لە ڕێکخراوە کوردییە سەرەکییەکان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حەدەکا) بوو، کە زۆرێک لە سەرکردایەتیی دابین کردبوو لە کوردستاندا و لەپاش سی و دوو ساڵی چالاکیی نهێنی لە مارتی ١٩٧٩دا بنکە و بارەگای خۆی دامەزراند و حیزبێکی سۆشیاڵ دیموکراتی عیلمانی بوو (قاسملوو، ١٩٧٨). درۆشمی حیزبەکە “دێموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان” بوو و داوای ئۆتۆنۆمیی هەرێمیی تەواویان دەکرد لە ناوچە کوردییەکاندا و لەئەستۆگرتنی لۆکاڵیی کاروباری بەڕێوەبردن، ئابووری، خوێندن و فێرکردن، کولتووری و کۆمەڵایەتی و حیزب بوو بوو بە خاوەنی بناغەیەکی میللیی تۆکمە و پتەو. لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایاندا کە لە ئابی ١٩٧٩دا بەڕێوەچوو، سەرۆکی حیزبەکە لە ورمێ هەڵبژێردرا ٨٠%ی دەنگەکانی بردەوە. لە پێش شۆڕشدا، ژمارەی ئەندامانی حیزب تەنها چەند سەد کەسێک بوون، کەچی یەک ساڵ دواتر، ژمارەیان بوو بە دەیان هەزار ئەندام. ڕۆژانی دوای ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن خومەینییەوە، عەبدولڕەحمان قاسملووی سکرتێری گشتیی حیزب ئیددیعای ئەوەی دەکرد کەوا “سەد هەزار پیاوی چەکداری کورد” ئامادەن بۆ شەڕکردن (نیویۆرک تایمز، ١٩٧٩). لە شوباتی ١٩٨٠دا، ٣١٠ نوێنەری حیزب بە تێکڕا تەمەنی ٣٥ ساڵ لە کۆنگرەی چوارەمیدا بەشدارییان کرد.
لە سەروەختی شۆڕشدا ڕێکخراوێکی تر هاتە ناو مەسەلەی کوردەوە کە ئەویش ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو (کۆمەڵە). ئەم ڕێکخراوە ساڵی ١٩٦٩ بەنهێنی دروستکراوە و لە پاش شۆڕش وا خۆی چەسپاند کە حیزبی هەژمووندارە لەو ناوچانەدا کە دەکەوتنە نێوان سنە و مەریوانەوە (عەلیزادە، ٢٠٠٠). ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە خۆیان دادەنا کە مارکسین و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی-سیاسییان دەویست کە سیستەم و یاساوڕێسای کۆن هەڵبوەشێنێتەوە و خەباتی چینایەتی پێشبخات بۆ زەمانەت کردنی مافی جووتیار و کرێکار و کەمینە نەتەوەییەکان. کۆمەڵە هێشتا ناتەواو و ناسێنتراڵ بوو بە بەراورد لەگەڵ حەدەکادا و کەسانی شارستانی و چەپڕەوی خوێندەوار سەرۆکایەتییان دەکرد کە پاشخانی خێزانی و بنەماڵەیی دەرکەوتوویان هەبوو. ئەو مێتۆدەی پەیڕەویی دەکرد جووڵاندن و جۆشدانی جووتیاران و کرێکاران و ئافرەتان بوو لە ڕێگەی بەڵێندان بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و هەڵتەکاندنی سیستەمی دەرەبەگایەتی (فیوداڵی) و بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی میللی دژ بە دەسەڵاتە ناوخۆیی و نەریتییەکان. ئەم دەستپێشخەرییانەی بوون بە هۆی پێکهێنانی شەپۆلێکی نوێی یەکێتی و سەندیکا و کۆمەڵەی پیشەیی لە سەرتاسەری کوردستاندا (کۆمەڵە، ٢٠١٢). لە کۆنگرەی سێهەمیدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا کۆمەڵە خەبات دەکات بۆ “ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوان و دێموکراتی بۆ کوردستان” (کۆمەڵە، ١٩٨٢).
هەروەها مەکتەبی قورئان، واتە پێخوێندن و فێرکردنی قورئان، دەستە و تاقمێکی تری ئامادەی شانۆی سیاسیی کوردستان بوون و لە ساڵی ١٩٧٨دا لە سنە دامەزرا لەلایەن ئەحمەدی موفتیزادەوە، کە بیرمەندی سەرەکیی گرووپەکە بوو و داکۆکیی لە مافە کولتووری و زمانەوانییەکان دەکرد لە چوارچێوەی حکوومەتێکی ئیسلامیدا. بە قسەی موفتیزادە بێت “ئازادییە کولتووری و زمانەوانییەکان بەردی بناغەی ئۆتۆنۆمین” (کەیهان، ١٩٧٩). لەکاتێکدا کەوا حەدەکا و کۆمەڵە بانگەشەی بایکۆتی ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامییان دەکرد، کەچی موفتیزادە هانی بەشداربوونی دەدا لە ڕیفراندۆمەکەدا (ڕاپرسییەکەدا). “بەپێچەوانەی حیزبەکانی ترەوە لە ناوچەکەدا، موفتیزادە گەشبینییەکی زیاتری هەبوو لە حیزبەکانی تری کوردستان لەبارەی کارکردنەوە لەگەڵ ڕژێمی نوێدا”. ئەم گرووپە، بەپێچەوانەی ڕێکخراوەکانی تری بزووتنەوەی کوردەوە ئیسلامیان وادەبینی کە بەشێکی دانەبراوە لە پێکهاتەی دەوڵەتی نوێدا و دوژمنی کۆمۆنیزم و چەپڕەوی و شەڕی گەریلایی بوون و جێی سەرسوڕمان نیە وا تەماشا بکرێت کە هاوپەیمانی ڕژێمە ئاینییە (کلێریکییەکە) بێت زیاتر لەوەی ڕێکخراوێکی سەر بە کورد بێت.
بێجگە لەوەش، گەلێ لە ڕابەرە ئاینییەکانی تری وەک شێخ عیززەدینی حوسەینی و ڕێکخراو و گرووپی چەکدار و میلیشیا لە کوردستاندا هەبوون. هەندێک لەوانە، لەنێویشیاندا پارتی دیموکراتی کوردستان-سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی موەقەتە) و حیزبی توودەی ئیران (کۆمۆنیست)، زۆر نزیک بوون لە خومەینییەوە لە بەرهەڵستیی کردنی ئاشکرایاندا بۆ ئۆتۆنۆمیی کورد. ئەوانیتر، کە زۆرێکیان گرووپە مارکسییەکان بوون، وەک ڕێکخراوی چریکەکانی فیدایی خەڵک و پەیکار بەرگرییان لە کەمینە نەتەوایەتییەکان و مافی چارەی خۆنووسین دەکرد٩.
بەهەرحاڵ، ئەو ستراتیجەی بزووتنەوەی کوردی پەیڕەویی دەکرد ئەوە نەبوو کە لە قۆناخی دوای شۆڕشدا گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت. دانوستان، شێوەی نەریتی و ئاسایی کاری سیاسی و بژاردەی سەربازی هەموو باڵان کێشابوو بەسەر دۆخەکەدا. کوردەکان بایکۆتی ڕیفراندۆمیان کرد لە کاتی داڕشتنەوەی کۆماری ئیسلامی و دەستووری نوێدا. ڕێژەی بەشداریکردن لە سەدا پانزە کەمتر بوو لە کوردستاندا کاتێ کە حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان بانگەشەی بایکۆتی ڕیفراندۆمی نیشتمانییان کرد سەلماندنی دەستوور لە دیسەمبەری ١٩٧٩دا. سەرەرای تەقینەوەی دۆخەکەش، کوردەکان کەناڵی پەیوەندییان لەگەڵ حکوومەتدا هێشتەوە بۆ دانوستان لەبارەی دۆخی کوردستانەوە لە سایەی ڕژێمی نوێدا. لەڕاستیدا، ئەوان لە مەسەلەی دانوستاندا کۆک نەبوون و دابەش بووبوون. ململانیی نێوان حکوومەتی کاتی و ئەنجومەنی شۆڕش، کە دوو پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوون، لەواقیعدا پرۆسەکەی زیاتر ئاڵۆز کردبوو. ئەنجامەکەش واکەوتەوە کە داواکاریی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی، لەپاش چەندین دانوستان، لەلایەن سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەتکرایەوە خومەینی نەیهێشت نوێنەرە کوردەکان بڕۆنە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و گرووپە کوردییە سێکولارەکانی قەدەغە کرد. تەنانەت موفتیزادەش، کە خومەینی وەک “نوێنەری شەرعیی خەڵکی کورد” پێناسەی کردبوو، لە ساڵی ١٩٨٢دا گیرا (عیززەتیار، ٢٠١٦: ١٢٩). لە مارت ١٩٨٠دا لەلایەن تارانەوە هێرشێکی گەورە کرایە سەر هێزەکانی کورد بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا، حکوومەت تا چوار ساڵی دواتر تەواوی کوردستانی کۆنترۆڵ نەکردەوە. پاش ئەوەی ڕێکخراوە کوردییەکان لە ساڵی ١٩٨٤دا لە شارە کوردییەکان دەرکران، بنکە و بارەگاکانیان گواستەوە بۆ ئێراق و جەنگی گەریلاییان دەستپێکرد. لە پاش پێنج ساڵی شۆڕشی ئێران، زیانی کورد ١٨ هەزار کوژراو بوو، بە ١٦٠٠ جەنگاوەری حەدەکاشەوە، کە لە شەڕەکاندا کوژرابوون و زیاد لە “١٢٠٠ کوردیش ئیحدام کران بە تۆمەتی هاندانی یاخیبوون”، کە سەدان کەسیان لەپاش دادگاییەکی کورت و هاکەزایی بوو. بێجگە لە خەسارەتی دوو هەزار کۆمەڵەش کە خرانە سەر ئەم ژمارەیە (وارد، ٢٠٠٩: ٢٣١؛ کۆمەڵە، ٢٠١٣؛ پێرۆنسێڵ – هوگۆز، ١٩٨٣).
“ماوەی شەڕوشۆڕی گەریلایی”
شکستی هەوڵدانی کورد بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی ئۆتۆنۆمی لە ئێراندا دامەزراندنی حیزبە کوردییەکانی بەدواداهات لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و ئێراقدا. جەنگ و هاتنەناوەوەی ئێراق لە مانگی ئەیلوولدا هاوکار بوو لە میلیتاریزە کردنی زیاتری کوردستاندا. لە ساڵی ١٩٧٨دا، ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی حەدەکا باس لەبارەی ئامادەیی ٢٠٠ هەزاری هێزەکان دەکات (سوپا، گارد و میلیشیای کوردی سەر بە دەوڵەت)، سێ هەزار سەربازگەی بچووک و ٢٥ بنکەی گەورە و حامییەی سەربازی لە کوردستاندا (پێجواک، ١٩٨٧). بەهەرحاڵ، سنوورە نێودەوڵەتییەکانی ئێران هەر بە کراوەیی ماونەتەوە بۆ بەزاندنی گەریلا کوردەکان کە لە ناوخۆی وڵاتدا ئەندامان و هاوسۆزانیان پاڵپشتی و هاوکارییان دەکردن. جەنگی دژ بە ڕژێم بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٨٨ توند بووەوە، ئەو ساڵەی کە ئێران ئاگربەسی لەگەڵ ئێراق قبووڵ کرد. بەگوێرەی حەدەکا، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٨٩دا، ٢٠٨٩ کەسی تر گیراون (گادانی، ٢٠٠٨ ئە: ٤٠٤). مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی ٥٠ هەزار کورد لە هەمان ئەو ماوەیەدا ژیانیان لەدەستدابێت “کە باوەڕ وایە ٤٥ هەزاریان سڤیل بووبێتن” (یڵدز و تایشی، ٢٠٠٧: ٤٢). لە ساڵانی لەوەدوادا خەستیی شەڕەکە کەمتر بووەوە. وەک لەلایەن حەدەکاوە ئیددیعا دەکرێت، لە نێوان ١٩٨٨ ١٩٩٤دا، ٦٢٤ سەربازی ئێران کوژراون و ٢٠ هەزاریشیان بە دیل گیراون (گادانی، ٢٠٠٨ بێ: ٢٤١). هەرچەندە کارێکی ئاسان نیە کەوا ئەم ژمارانە ساغ بکرێنەوە، بەڵام دابەزینی قەبارە و توندیی شەڕەکە دەردەبڕن.
دۆخە شۆڕشگێڕییەکە بەسانایی نەک هاوکۆیی و یەکگرتوویی کوردی بەرهەم نەهێنا بەڵکو قەیرانێکی ناوخۆیی نوێیشی لێکەوتەوە. لەهەمان کاتدا، کۆمەڵە و حەدەکا تا ڕادەیەک بزووتنەوەی کوردی ئێرانیان قۆرخ کردبوو و بەم ڕەنگە شەڕ و پێکدادان لەنێوانیاندا بوو بە مەسەلەیەکی حەتمی. ئەوان هەر لە یەکەم مانگەکانی شۆڕشەوە بەرەوڕووی یەکتر وەستانەوە و لە ساڵی ١٩٨٤دا لەوەدا بوو شەڕ لەگەل یەکتر بەرپا بکەن، لە لایەکی تریشەوە ئەم ڕێکخراوانە گرفتاری چەندین ناکۆکیی ناوخۆ و دابەشبوون بوونەوە (حەدەکا لە ١٩٨٠ و ١٩٨٨دا ، پارتی کۆمۆنیستی ئێرانیش لە ١٩٩١دا). ڕەنگە گەورەترین لێدان لە ڕێکخراوە کوردییەکان تێرۆر کردنی سەرکردە سیاسی و فەرماندە سەربازییەکانیان بێت لەلایەن کەسانێکی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە. عەبدولڕەحمان قاسملووی سکرتێری گشتیی حەدەکا و سادیق شەرەفکەندیی جێگرەوەشی هەردوکیان لە ئەوروپا تێرۆر کران لە کاتی دانوستانیان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئێرانیدا لە ١٩٨٩ و ١٩٩٢دا. بەپێی سەرچاوە کوردییەکان، زیاد لە ١٥٠ ئەندامی حەدەکا لە کوردستانی ئێراقیش کوژراون. یەکەم کاریگەریی ئەم گۆرانکارییانە لاوازبوونی ڕێکخراوەکانی جووڵانەوەی کورد بوو. ئەگەر دابەزینی چالاکییە سەربازییەکان وا لێکبدرێتەوە کە ئاماژە بێت بۆ پتەوی و بەهێزبوونی دەوڵەت و پەلکوتان و فراوانبوونی لە کوردستاندا و بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا، ئەوە لێکجیاکردنەوەی چەکداران بە ئاماژەی قەیرانێکی حەتمی دادەنرێت سەبارەت بە ڕێکخراوە کوردییەکان. مانگێک لەوەوپێش، حەدەکا و کۆمەڵە، لە ژێر فشاری حیزبە کوردییەکانی ئێراقدا، بەئاشکرا نیازی خۆیان ڕاگەیاند بۆ وەستاندنی هێرشەکانیان بەسەر سنووردا لە دیوی ئێراقەوە بۆ سەر هێزەکانی ئێران، کە پاش ئەوەی ڕەزامەندیی سەرکردە کوردەکانی ئێراقیان بەدەستدەهێنا، دەچوونە ناو خاکی ئێراقەوە بۆ هێرشکردنە سەر کوردە ئێرانییەکان. ڕێکخراوە کوردییە ئێرانییەکان بەکردەوە دەسبەرداری پرۆتێستی چەکداری بوون و گەلێ لە جەنگاوەرانیان وەک پەنابەر لە هەرێمی کوردستانی خاوەن ئۆتۆنۆمیی نوێدا نیشتەجێ بوون.
هەرچەندە ساڵانی بەرایی جەنگی کوردستان زیادبوونی پاڵپشتی جەماوەریی بۆ ڕێکخراوە کوردییەکان بەرهەمهێنا، بەڵام ساڵانی دواتری جەنگ، لەگەڵ ئەو زیانە ئابووری و مرۆییانەی لەم ماوەیەدا تووشی کوردستان هاتن، گومانیان پەیداکرد لەبارەی توانای کوردەوە کە لە ڕێگەی شەڕەوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەدەستبێنن. لە لایەکەوە، ناوچە کوردییەکان گرفتاری ئاستەنگ و دواکەوتوویی ئابووری و سیاسیی بوونەوە و لە ئوستانی کوردستاندا، تا ساڵی ١٩٩١، “هیچ زانکۆیەک نەبوو و هیچ کارگەیەکیش نەبوو لە پەنجا کەس زیاتر کاری تێدا بکەن (ئەتڵەسی ئێران، ١٩٩٨). تەنانەت لە ماوەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی سەردەمی ڕەفسەنجانیی سەرکۆماردا، ناوچە کوردییەکان هەر بە بێبەش مانەوە لە گەشەسەندنی ئابووری. لە لایەکی تریشەوە، کوردستان بەچڕی میلیتاریزە کرا و لە کۆتایی جەنگی ئێراقەوە، بە تاقە ناوچە مایەوە کە زیانی هێنابێت لە ململانێ و پێکدادانی چەکداری. ڕژێمی ئایینی (کلێریکی) هەوڵیدەدا کوردستان لە گەشەکردن بخات و نەهێڵێت کۆمەڵگەیەکی کوردیی مەدەنیی دروست ببیت لە ڕێگەی دەزگا و دامەزراوەی جیاوازەوە کەوا کاریان بۆ هێزە ئەمنییەکان دەکرد. بۆ ئەم مەبەستە، سەرەڕای دامەزراوە سەربازییەکان (سوپا، پاسداران، بەسیج و کۆمیتەکان)، دامەزراوە یان ڕێکخراوە نیمچە حکوومییەکان، لەنێویاندا دامەزراوەی موستەزعەفان، دامەزراوەی شەهیدان، جیهادی سازندەگی (کۆششی بنیاتنانەوە) و کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی شوێنی کار لە کوردستاندا بڵاوبووبوونەوە. ئەم دەزگا و دامەزراوانە، سەرەڕای خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتییان، وەک “دام و دەزگای ئایدیۆلۆجیی دەوڵەت” کاریان دەکرد و “پشتیوانیی تەکنیکی و لۆجستییان” دابین دەکرد بۆ هێزە ئەمنییەکان (بوختا، ٢٠٠٠: ٦٥).
ڕژێمی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە شکستی بە کورد هێنا. بەڵام ئەمە بەو واتایە نەدەهات کەوا مەسەلەی کوردی چارەسەر کردبێت، بەڵکوو بەپێچەوانەی ئەوەوە، خەڵکی کورد بەردەوام گرفتاری میلیتاریزە کردنی خاک و وڵاتیان بووبوونەوە و قەیرانی ئابووری و ستەمی سیاسی و کۆتوبەند لەسەر مافە کولتوورییەکانیان بەردەوام بوو. یەک لە لێکەوتە گرنگەکانی ئەم دۆخە بە سیاسی کردن و میللی کردنی چەمک و تێگەیشتنی ڕۆمانتیکیی شوناسی نەتەوەیی کورد بوو کە تا دەهات بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد دڵ و مێشکی کوردی داگیر دەکرد، بەتایبەتی لە ناوەندی شارستانیی چینی ناوەڕاستدا. ئەوان ئەوەیان دەربڕی کە بەتوندی مەیلیان بە لای پاڵپشتی کردنی فۆرمە نوێکانی کاری بەکۆمەڵەوەیە یان بە هەر شێوەیەک بێت بەشداربن لە ژیانی سیاسیی وڵاتدا. لەپێش سەردەمی ڕیفۆرمدا، یەک لەو بۆنەی کەمانەی کەوا کورد تێیاندا دەرفەتی ناڕەزایی دەربڕینیان هەبوو ماوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ١٩٩٣ بوو. ئەوان بەپێچەوانەی ئەودوای ناوچەکانی ئێرانەوە تێکڕا بە زۆرینەی دەنگ (٥٥%) دەنگیان بە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دا، کە ئەحمەد تەوەکولی بوو، نەک ڕەفسەنجانی کە تێوەگلابوو لە کوشتنی سەرکردە کوردەکاندا (نیویۆرک، ١٩٩٧).
نووسین: مەسعوود شەريفی درياز، توێژەرێکی سۆسیۆلۆجییە و پرۆفیسۆرە لە زانکۆی بەرشەلۆنە – ئیسپانیا
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق