“پێشەکی”
لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی چین ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەڵی لەبارەی پەیوەندی و هاوکاری چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بڵاوکردەوە، لەمیانەی ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ڕابردوو و ئێستای پەیوەندییەکان لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش بۆ هەردوولا. ئەم ڕاپۆرتە هاوکاتە لەگەڵ ئەو کرانەوەیەی کە لە پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بەدی دەکرێت. وڵاتانی عەرەبی دەکەونە ناوچەی لێک نزیک بوونەوەی نێوان کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا، کە کۆی ڕووبەرەکەیان نزیکەی ١٣.٢٦ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کۆی ژمارەی دانیشتووانیش نزیکەی ٤١٥ ملیۆن کەسە. وڵاتانی عەرەبی خاوەنی دانیشتوانێکی زۆر و کولتوورێکی کۆن و مێژوویەکی دوور و درێژن، وزە و سەرچاوەی زۆر و توانای گەشەسەندنێکی یەکجار زۆریان هەیە بەهۆی بوونی هەمەجەشنی سەرچاوەکانی گەشەسەندن، هەروەها کاریگەرییەکی گرنگیان هەیە لە کاروباری ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا. پرسی پەیوەندی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا کە خاوەنی ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژووییە، ئەمەش وای کردووە ببێتە بابەتێکی گەرمی نێو نەک تەنها ناوەندە میدیا و لێکۆڵینەوەکان بەڵکو لەسەر ئاستی سیاسیش جێگەی تێڕامان و گفتوگۆ ئامێز بووە لە ڕابردوودا. مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، هەروەها لە دوا سەردانی سەرۆکی چین بۆ ڕیازی پایتەختی وڵاتی عەرەبستانی سعودیە لە ماوەی ٧ تاکو ١٠ کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە میانەی لوتکەی عەرەبی – چینی زۆر بە چڕی جەخت لەسەر گەشەپێدانی پەیوەندییە دوولایەتی کرایەوە.
لە کۆنەوە هەر یەکە لە بابەتەکانی ئاشتی، هاوکاری، بەرژەوەندی و سوودی هابەش، گواستنەوە و ئەزموونی کولتووری، پەیوەندی بازرگانی و ئابووری، لە گرنگترین تەوەری سەرەکی مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی بووە. زیاتر لە ٧٠ ساڵە دوای دامەزراندنی کۆماری گەلی چین، چین و وڵاتانی عەرەبی دەستیان کردووە بە پەرەپیدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، بازرگانی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بە جۆرێک کە هەردووڵا ویستی بەرەو پێش بردنی پەپوەندییەکانی هەیە. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەش و دۆزینەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی درێژخایەن لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە مەترسی دروست بکات لەسەر ئابووری هەردوولا. “چین” کاردەکات بۆ ئەوەی سەرنجی دەوڵەتانی عەرەبی بەڵای خۆیدا ڕابکێشێت بەتایبەتی لە ڕێگەی بەستنی کۆنفرانس و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، بۆ دەستەبەر کردنی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری. هاوکاری دۆستانە لە نێوان هەردوولادا لە ئێستادا بەرەو پێش چوونێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیووە، ئەمەش لە دوا لوتکەی عەرەبی-چینی زۆر بە ووردی باسیکرا. “چین” لەو بڕوایەدایە بەرەو پێش بردنی ئاستی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەرئەنجام و دەستکەوتی جیهانی گەورە بۆ خۆی دەستبەر دەکات، بەتایبەت لە ئێستادا کە پەکین کار دەکات بۆ هێنانە کایەی سیستەمێکی ئابووری چینی لە بەرامبەر ئەو سیستەمەی کە ڕۆژئاوا کە ئەمریکا ڕێبەرایەتی دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتانی عەرەبی میحوەری سەرەکی ستراتیژیەتی چین پێکدێنن، بەم جۆرە پەیکین دەواتوانێت ڕۆڵی پردی پەیوەندییە سیاسی، بازرگانی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان ببینێت لەنێوان کیشوەرەکان.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە بێ وێنەیانەی کە جیهان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لەسەر ئاستی ناوچەکە ڕوویانداوە بە ئاشکرا ئەوە بەدیدەکرێت کە هیچ ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ئەوتۆ یان حاڵەتێکی داگیرکاری و ئیستیعماری ڕووینەداوە لە نێوان چین و دەوڵەتانی عەرەبی، ئەمەش وەک فاکتەرێکی ئەرێنی سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی داهاتووی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست و دوور لە گرێی ڕابردوو بنیات بنرێت. بۆیە سەرۆکی چین ئەوەی دووپات کردەوە کە چین و وڵاتانی عەرەبی ڕووبەڕووی دەرفەت و تەحەدای مێژوویی هاوشێوە دەبنەوە، پێویستیان بە زیاترە بۆ تەرخانکردنی دۆستایەتی مێژوویی و قووڵکردنەوەی هاریکاری ستراتیژی لە نێوانیاندا، و کارکردن دەست بە دەست بۆ بنیاتنانەوە کۆمەڵگەی چینی-عەرەبی بۆ داهاتوویەکی هاوبەش بەرەو سەردەمی نوێ. دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ پەیوەندییەکانی چین و عەرەب پێکەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا کە دابەشی سەر چوار بەشی سەرەکی کراوە گرنگترین ئەو تەوەرانەی دەخرێنەڕوو ئەمانە؛ یەکەم: پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی لە ڕابردوودا. دووەم: پەیوەندییەکانی نێوان هەردووڵا لەسەردەمی نوێدا. سێیەم: گەشەپێدانی خێرا و هاوکاری بەردەوام لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکاندا. چوارەم: بنیاتنانی کۆمەڵگەی چینی – عەرەبی بۆ داهاتوویەکی هاوبەش. لە کۆتایشدا دەرئەنجامی ڕاپۆرتەکە خراوەتەڕوو.
یەکەم: مێژووی پەیوەندیی و دۆستایەتی چینی و عەرەب.
لە ڕێڕەوی دوور و درێژی مێژوودا، چین و وڵاتانی عەرەبی خاوەنی ڕابردوویەکی باش و پێشەنگی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان گەلانی جیهاندا بوون. لەم تەوەردا بابەتی پەیوەندییەکان نێوان هەردووڵا لەسەردەمی شانشینی چین، پەیوەندییەکانی لە دوای دروست بوونی کۆماری میللی چینی، هەماهەنگی چین – کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی و دروست کردنی کۆڕبەندی هاوکاری چینی – عەرەبی خراونەتەڕوو.
(١) پەیوەندی مێژوویی لە سەردەمی شانشینی چین و شانشینی هانەوە.
پەیوەندی نێوان نەتەوەکانی چین و عەرەب زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد، کاتێک ڕێگای ئاوریشمی وشکانی لە شاری چانگانی پایتەختی شانشینی هانەوە دەستی پێکرد و بە ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەی میزۆپۆتامیادا تێدەپەڕێت، تا ئەو کاتەی کە درێژبووەوە بۆ سوریا، میسر و ناوچەکانی تر. سەبارەت بەو ڕێڕەوی بەهارات کە دواتر دروستکرا، لە شارەکانی گوانگژۆ، کوانژۆ، یانگژۆ، هانگژۆ، مینگژۆ (شاری نینگبۆی ئەمڕۆ) و هتد دەستی پێکرد و بە گەرووی مەلاکا و گەرووی هورمزدا تێپەڕی، تا گەیشتە عێراق ، عومان، یەمەن، سوریا، میسر و ناوچەکانی تر. ڕێگای ئاوریشمی کێوی و ڕێڕەوی بەهاراتەکانی دەریا بوونە دوو خوێنهێنەری سەرەکی پەیوەندی نێوان شارستانیەتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بەو پێیەی دروستکردنی کاغەز و ساردی و چاپکردن و کۆمپاس لە چینەوە بەرەو جیهانی عەرەبی ڕۆیشت و لە ڕێگەیەوە بۆ ئەوروپا. گەشەسەندن و پێشکەوتنی کولتووری و تەکنەلۆژیای لە جیهانی عەرەبی و ئەورووپا و ناوچەکانی دیکەدا بەرەوپێش برد. هەروەها فەلەکناسی، ساڵنامە، پزیشکی، دەرمانسازی و بیرکاری لە جیهانی عەرەبیەوە گواسترایەوە بۆ چین، ئەمەش دەستکەوتەکانی چینی لەو بوارانەدا دەوڵەمەندتر کرد. هەروەها بینا و جلوبەرگ و تابلۆکان بە شێوازی عەرەبی سەرنجیگەلی چینی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
مێژووی پەیوەندی چینی و عەرەب کە بە فەرمی لە شانشینی هانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد، کاتێک بان چاو، کۆمیسیاری سەربازی “چین” لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا، جێگرەکەی، “گان ینگ”، نارد بۆ ڕۆمی کۆن و دووەمیان گەیشتە “تیاوچی”. (ناوی ناوچەی عەرەبی لە تۆماری شانشینی هان)، ئەمەش بە کۆنترین تۆماری سەفەری نێردەی حکومەتی چین بۆ جیهانی عەرەبی دادەنرێت. زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر، دەریاوانی عەرەبی ئەبو عوبەید بە کەشتییەک گەیشتە گوانگژۆ کە لە بەندەری سۆهار، کە لە عومانەوە بەڕێکەوت و بە کۆنترین تۆماری گەشتکردن لە نیمچە دورگەی عەرەبییەوە بۆ چین دادەنرێت. مێژوونووسی جوگرافیای عەرەب ئەبو ئەلحەسەن ئەلمەسعوودی لە کتێبی “چۆڵەوانی زێڕ”دا دیمەنەکانی پەیوەندی دەریایی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی بە ووردی باکردووە کە لەسەرەتاوە بە چ شێوەیەک دەستی پێکرد و دواتر چۆت گەشەپ پێدرا.
شانشینی “تانگ” شاهیدی قۆناغی خۆشگوزەرانی ڕێگای ئاوریشم بوو، کە هاوکات سەردەمی خۆشگوزەرانییە لە مێژووی پەیوەندییەکانی چین و عەرەبیدا، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی کارمەندانی نێوان هەردوولا نزیکتر بووەوە. پێغەمبەری ئیسلام لە فەرموودەیەکدا دەفەرموێت: “بە دوای زانستدا بگەڕێ ئەگەر لە چینیش بێت”. دوای ڕۆشتنی، ئیمپراتۆریەتی عەرەبی چەند جارێک نێردراوەکانی نارد بۆ شانشینی تانگ، وەک لە “مێژووی کۆنی تانگ”دا تۆمارکراوە: “نێردەی دەوڵەتی داکسی (ئێستا ناوچەی عەرەبی) بۆ شانشینی تانگ پێشکەشی دەکات”. هەروەها دەوڵەتی ئومەوی نوێنەرەکەی نارد بۆ چین، کە لەلایەن ئیمپراتۆری چینەوە لە شانشینی تانگ پۆستی “ژەنەڕاڵ یاریدەدەر” و “عەبای وەنەوشەیی و پشتێنەی زێڕینی” پێبەخشرا. بەپێی بەرهەمە مێژووییەکانی وەک “زو فو یوانگوی” و “زی ژی تۆنگجیان”، نێردەی عەرەب ٤٠ جار لە نێوان ساڵانی ٦٥١ بۆ ٧٩٨ی زایینی ڕەوانەی شانشینی تانگ کراون. سلێمان ئەلسیرافی، کاسبکارێکی عەرەبە و لە سەردەمی شانشینی تانگ سەردانی چینی کردووە، لە کتێبەکەیدا بە ناوی “گەشتێکی سێرافی”، چینی بە “خاکێکی جوان و سەرنجڕاکێش” وەسف کردووە و “چینییەکان زۆرترین لێهاتوویی لە بواری نیگارکێشان و پیشەی هونەری کاری دەستی و شتی تردا هەیە”. لەم ماوەیەدا زۆرێک لە گەشتیاران و بازرگانانی چینی سەردانی ناوچەی عەرەبییان کرد، بەو پێیەی گەشتیار دوهوان سەر بە شانشینی تانگ گەیشتە داشی (ئێستا ناوچەی وڵاتانی عەرەبی)یە، و دیمەنە گەشەسەندووەکانی لەوێ تۆمار دەکات، وەسفی دەکات کە “زەوییەکانی هەموو جۆرە پێداویستییەک بەرهەم دەهێنن”. و کە “دەکەوێتە شوێنی کۆبوونەوەی گواستنەوە بازاڕەکانی پڕن لە کاڵا بە هەموو جۆر و نرخێکەوە، وەک ئاوریشم و چەرموو و مرواری و زەڕەنگەری.”
لە سەردەمی شانشینی سۆنگدا ژمارەی بازرگانانی عەرەب لە چین زیادی کرد و لە فەنفانگ (کۆمپۆیدەی نیشتەجێبوون بۆ بیانییەکان) لە گوانگژۆ و شارە کەنارییەکانی دیکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی چین نیشتەجێ بوون. حکومەتی شانشینی سۆنگ کارگێڕانی بازرگانانی عەرەبی شاری فانفەنگی دانا بۆ ئەوەی کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن. لە بنەماڵەی شاهانەی یوان، ئاشنابوونی نێوان لایەنی چینی و عەرەبی قووڵتر بووەوە، بەو پێیەی کەشتیوانی چینی وانگ دایوان گەیشتە ناوچەی عەرەبی، واتە میسر و سعودیە و یەمەن و سۆماڵ و “وڵاتانی تری عەرەبی لە سەردەمی ئێستادا” و ئەویش گەیشتە مەککە، لە کتێبی “داو یی کی لیو ( تۆمارەکانی دوورگەکان) دا باسی لەوە کرد کە “بە دیمەنە جوانەکان جیا دەکرێتەوە، کەشوهەوای مامناوەند لە چوار وەرزەکەدا، و کێڵگە بەپیتەکانی هەیە کە برنج تێیدا بە چڕی دەچێنرێت، و خەڵکەکەی تێیدا دەژین بە سەلامەتی و خۆشگوزەرانی. جوگرافیناسی عەرەب، “ئەبو عەبدوڵڵا محەمەد بن ئەلئیدریسی” لە کتێبی “نزهة المشتاق في اختراق الآفاق”دا تۆماری کردووە کە “چین وڵاتێکی فراوانە و دانیشتوانەکەی زۆرە”، هەروەها “بەندەرەکانی دانیشتووانی چڕ و گەشەسەندووە لە بواری بازرگانیدا.”
لە سەردەمی شانشینی مینگدا، کەشتیوان “ژێنگ هی” چەند جارێک گەشتێکی بۆ “دەریاکانی ڕۆژئاوا” کردووە، لە گەشتەکانیدا سەردانی دۆفەری عومان، عەدەنی یەمەن، مەککە، مۆگادیشۆی سۆماڵ و ناوچە عەرەبییەکانی دیکەی کردووە، ئەمەش زانیاریی لایەنی چینی لەجیهانی عەرەبی ستایشی دەکرا، بەپێی ئەوەی لە “مێژووی شانشینی مینگ”دا ئاماژەی پێکراوە، وەک “نیشتیمانی بەختەوەری”، کە مرۆڤە باشەکانی بەبێ تێکچوون بە سەلامەتی و هاوسەنگی دەژیا. هاوڕێکانی گەشتە دەریاییەکانی “ژێنگ هی، ما هوان، فی شین و گۆنگ چێن، کتێبیان” بە ناوی “شینگیا شێنگلان” (گەشتەکانی ئەودیوی دەریا)”، “شینگچا شێنگلان (گەشتەکانی بەلەم)” و “شییانگ فانگو ژی (لە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا)” نووسیوە. ” هەریەکەیان بەجیا، کە هەموویان تۆماری وڵاتانی عەرەبی لەخۆدەگرن”، وە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی وەک بەشێک لە بەلەمەکانی ژێنگ هی نێردراوەکانیان نارد بۆ چین، ” لە ساڵی ١٤ی سەردەمی ئیمپراتۆر یۆنگلێ، وڵاتی ئەدان (عەدەنی ئێستا) نێردراوێکی نارد بۆ ئەوەی پەیام و دیارییەکانی پاشا پێشکەشی ئیمپراتۆر بکات، دوای ئەوەی نێردراوەکە ڕۆیشت، ئیمپراتۆر ژێنگ هی فەرمانی دا کە گەشت بکات بۆ ئەدان/عەدەن، بۆ ئەوەی ئاوریشمە ڕەنگا و ڕەنگەکە بە دیاری بدات بە پاشا. دوای ئەوە نێردراوانی وڵاتی ئەدان چوار سەردانیان بۆ چین کرد بۆ هێنانی دیای.
پەیوەندی نێوان هەردوولا لە ماوەی زیاتر لە دوو هەزار ساڵدا بە تێپەڕبوونی کات و سەرەڕای دووری جوگرافی، زیادبوونی ئاشنابوون و متمانەی یەکتر لە نێوان گەلی چین و گەلانی عەرەب، ڕۆیشتنی کاڵا و پەیوەندی شارستانیانەی نێوان هەردوو لایەنی کیشوەری ئاسیا بەرزکردەوە، و بەشدارییەکی گرنگی لە گەشەکردن و پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا کرد، کە لاپەڕەیەکی گرنگی لە مێژووی پەیوەندییە شارستانییە جیهانییەکاندا تۆمارکرد.
(٢) پەیوەندی چین و جیهانی عەرەب دوای دامەزراندنی کۆماری میللی گەلی چینی.
١- هەماهەنگی خەبات لە پێناو ڕزگاری نەتەوەیی؛ کۆماری گەلی چین لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزرا و وڵاتانی عەرەبی یەک لە دوای یەک لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دوای پاشەکشە کردنی کۆلۆنیالیزم سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێنا، کۆماری چینی میللی و وڵاتانی عەرەبی لە خەباتی بەرگریکردن لە کەرامەتی میللەت و سەروەری وڵات پشتیوانی یەکتر دەکەن، ئەمەش وەک دەروازەیەکی گرنگ بەدیکرا بۆ دەست پێکردنی سەردەمێکی نوێی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبیدا. لە ساڵی ١٩٥٥ کۆنفرانسی “باندۆنگ” دەرگای دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان کۆماری گەلی چین و وڵاتانی عەرەبی کردەوە، سەرۆک وەزیران “ژۆ ئینلای” کە بە سەرۆکایەتی شاندی چین بەشداری لەم کۆنفرانسەدا کرد، زەمینەی پەیوەندییەکی بەرفراوانی هێنا ئاراوە لەگەڵ نوێنەرانی میسر، سعودیە کرد عەرەبستان، یەمەن، لوبنان، ئوردن، سودان، لیبیا و وڵاتانی دیکە. وڵاتانی عەرەبی، جەختیان لە پشتیوانی لە خەباتی میسر بۆ بە نیشتمانیکردنی کەناڵی سوێس و خستنەڕووی دۆزی فەلەستین لە کارنامەی کۆنفرانسەکەدا کرد، داوای چارەسەری پرسی پەنابەرانی عەرەبی کرد لە فەلەستین، و پشتیوانیکردن لە خەباتی گەلان لە باکوری ئەفریقا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، جەختی لەوە کردەوە کە “گەلی چین هاوسۆزی خەباتی گەلان و بە تەواوی پشتگیری لە خەباتی گەلان دەکات” لە جەزائیر و مەغریب و تونس لە پێناو چارەی خۆنووسین و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی خۆیان و خەباتی گەلانی عەرەب بۆ مافەکانی مرۆڤ لە فەلەستین.
لە ساڵی ١٩٥٦ چین پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ میسر دامەزراند، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی یەکەم لوتکە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبیدا، تا ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان چین و هەریەک لە سوریا، یەمەن، ئێراق، مەغریب، جەزائیر، سودان، سۆماڵ، تونس، مۆریتانیا و وڵاتانی دیکە دامەزرا، لە ساڵی ١٩٧١دا کورسی شەرعی چینی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گەڕێنرایەوە و ئەمەش لوتکەی دووەمی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبیدا هێنایەکایەوە، ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان چین و کوەیت، لوبنان، مانگ، ئوردن، عومان، لیبیا و وڵاتانی دیکە دامەزرا، کۆتایی ساڵی ١٩٧٨ چین دەستی کرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە سێیەم لوتکەی دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبیدا بێتە ئاراوە، ساڵی 1990 پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان چین و جیبۆتی، میرنشینەکان، قەتەر، فەلەستین، بەحرەین، سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکە بنیاتنرا.
چین پشتیوانیکرد لە خەباتی گەلانی عەرەبی دژ بە ئیمپریالیزم و بەدەستهێنان و پاراستنی سەربەخۆیی نیشتمانیان، پاڵپشتی حکومەتەکانی وڵاتانی عەرەبی کردووە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاشتی و بێلایەنی، هەروەها پشتیوانی لە خواستەکانی گەلانی عەرەب دەکات بۆ گەیشتن بە هاودەنگی و یەکگرتوویی بەو شێوەیەی کە خۆیان هەڵبژاردووە، و پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان لە ڕێگەی ڕاوێژکاری ئاشتیانە، داواشی کرد ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی عەرەبی لەلایەن هەموو وڵاتانی دیکەوە وەک پرەنسیپێکی جێگیر کاری پێ بکرێت، هەموو جۆرە دەستدرێژی و دەستوەردان لەلایەن هەر لایەنێکەوە بکرێتە سەر سەرەوەری وڵاتانی عەرەبی ڕەتدەکاتەوە، ئەم جۆرە ئاراستەیەی سیاسەتی چین بەرامبەر وڵاتانی عەرەبی بووە هۆی بەدەستهێنانی متمانەی دەسەڵاتی سیاسی و گەلەکانیان، و بناغەیەکی تۆکمەی بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، بازرگانی و کلتوورییەکان دانا.
٢- خەباتی هاوبەش لە گۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتیدا؛ لە سەردەمی شەڕی سارددا، بزووتنەوەی بێ لایەنەکان بە دەستپێشخەری جەمال عەبدول ناسر، سەرۆکی میسر، جۆسیپ برۆز تیتۆ، سەرۆکی یوگۆسلاڤیا و جەواهر لال نەهرۆ، سەرۆکوەزیرانی هیندستان هاتەکایەوە، پاشان پەرەی سەند بۆ وڵاتانی تریش، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو لەسەر ئاستی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، کۆماری میللی چینیش پێشوازی و پشتیوانیەکی باشی لەم بزوتنەوە نێودەوڵەتییە کرد و ویست و مەیلی هەبوو لە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی بێ لایەنەکانە، قووڵکردنەوەی هاوکارییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان، لەوانە وڵاتانی عەرەبی، کە سەردەمێکی نوێی بۆ یەکڕیزی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی کردەوە، و پرۆسەی فرە جەمسەری و جیهانگیری ئابووریی بەرەو پێشەوە برد .
وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتییەکی بەهێزی چینیان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی کورسییە شەرعییەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پرسی تایوان و پرسەکانی دیکە، ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر چین بووە هۆکارێکی یارمەتیدەر لە گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان. لە ساڵی ١٩٧١دا ئەو ڕەشنووسی بڕیارنامەیەی کە لەلایەن جەزائیر و ئەلبانیا پێشنیارکرابوو بۆ گەڕانەوەی کورسی شەرعی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە زۆرینەیەکی ڕەها لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکرا، لە کۆی ٧٦ وڵات کە دەنگیان بە ڕەشنووسەکە دا، لەنێویاندا ١٣ وڵاتی عەرەبی هەبوون، کۆماری گەلی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو کاتەوە هەڵوێستی بەرامبەر دەوڵەتانی عەرەبی هەڵوێستێکی ئەرێنی بووە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ چین ڕووداوێکی مێژوویی گرنگ بوو.
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، بەتایبەتی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، چین و وڵاتانی عەرەبی کاریان کردووە بۆ پێشخستنی سیستەمی فرە جەمسەری زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و دیموکراتیزەکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پابەندبوون بە پرەنسیپی سەروەری یەکسان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆدا، و مافی بەشداریکردنی یەکسانی هەموو وڵاتان لە کاروباری نێودەوڵەتیدا، گرنگ نییە چەندە گەورە یان بچووک، بەهێز یان لاواز، هەژار یان دەوڵەمەند؛ پشتیوانیکردن لە مافی هەموو گەلان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی و سەروەری بەسەر هەموو خاکەکانیاندا بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم دیدگایانە کە ڕەنگدانەوەی داواکارییە باوەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهانن، بەشدارییان کردووە لە پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و بەهێزکردنی دۆزی دادپەروەرانەی ئاشتی و گەشەسەندن لە جیهاندا.
٣- هاوکاری و دەستکەوتی هاوبەش لە بنیاتنانی نیشتمان و شەپۆلی جیهانگیری ئابووری؛ چین و وڵاتانی عەرەبی لە پڕۆسەی تەواوکەری ئابوورییدا لە ئاستێکی بەرزدا سوودمەندی یەکترن، بە جۆرێک کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا پێش دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی دەستیپێکردووە، وڵاتانی عەرەبی سوود لە سەرچاوە و وزەیەکی زۆر وەردەگرن. بەگوێرەی “ڕاپۆرتی ئابووری یەکگرتووی عەرەبی 2021” کە لەلایەن سندوقی دراوی عەرەبییەوە دەرچووە، قەبارەی یەدەگی نەوت لە وڵاتانی عەرەبی 55.7%ی یەدەگی نەوتی سەلمێنراو لە جیهاندا پێکدەهێنێن، لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا بە خێرایی گەشەی کرد. هەروەها ڕێژەی بازرگانی نەوتی نێوان هەردوولا لە کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد، لە ماوەی چوار دەیەی ساڵی 1970 تا 2010 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی زیاتر لە 620 هێندە زیادی کردووە، هاوردەکردنی نەوتی چینیش لە وڵاتانی عەرەبی نزیکەی 30 هێندە زیادی کردووە لە ماوەی دوو دەیەی سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان تا ساڵی ٢٠١٠.
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، جیهانگیریی ئابووری شاهیدە کە جیهان پێشکەوتنێکی قووڵی بەخۆیەوە بینیووە، هاوکارییەکانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنێکی خێرا و هەمەلایەنەی بەرچاویان بە خۆیەوە نینیوە، بەو پێیەی وڵاتانی عەرەبی بوونە گرنگترین دابینکەری وزە و هاوبەشی هاوکاری ئابووری و بازرگانی بۆ چین، و نیوەی هاوردەکردنی نەوتی خاو لەلایەن چینەوە بۆ ماوەیەکی زۆرە دابین دەکەن. هاوکاریی کردەیی کە سەنتەری نەوتی خاو و پترۆکیمیایی نێوان هەردوولا قووڵتر دەبێتەوە، ئەمەش پەیوەندییەکی هاوبەشی ستراتیژی سەقامگیر و متمانەپێکراوی نێوانیان لە بواری وزەدا دامەزراندووە.
(٣) پەیوەندی نێوان چین و کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی.
١- تێڕوانینێکی گشتی بۆ کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی؛ کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی لە ٢٢ی ئازاری ١٩٤٥ دامەزراوە و بارەگاکەی لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دایە، ئامانجەکانی بریتین لە جەخت کردنەوە لەسەر چڕکردنەوەی هاوکاری نێوان وڵاتانی ئەندام و هەماهەنگی چالاکییە سیاسییەکان و بەرزکردنەوەی هاوکاری نێوانیان لە بوارەکانی ئابووری، دارایی، گواستنەوە، پەیوەندی، ڕۆشنبیری، تەندروستی، چاودێری کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتی دادوەری، و کۆمەلێک ئامانجی تری هاوبەش. کۆمەڵەکە ٢٢ ئەندامی هەیە، ئەوانیش هەر یەکە لە وڵاتانی میسر، ئوردن، سوریا، لوبنان، فەلەستین، سعودیە، ئێراق، یەمەن، کوێت، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، عومان، جەزائیر، مەغریب، تونس، لیبیا، سودان، مۆریتانیا، جیبۆتی، سۆماڵ و کۆمۆرۆس.
٢- پەیوەندی نێوان چین و کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی؛ چین و کۆمکاری عەرەبی پەیوەندی دۆستانەیان هەیە، چین دوای دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ میسر لە ساڵی 1956 دەستی بە پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی کرد، بەو مانایەی میسر بوەە هۆی کرانەوەی دەرگای پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی. کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 1993 نووسینگەی خۆی لە چین کردەوە، وەزارەتی دەرەوەی چین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سەبارەت بە دامەزراندنی میکانیزمی ڕاوێژکاری سیاسی لەگەڵ سکرتاریەتی گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی ١٩٩٩ واژوو کرد. چین باڵیۆزی خۆی دەستنیشان کرد بۆ میسر وەک نوێنەری فەرمی چین بۆ کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە تشرینی یەکەمی 2005، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین میکانیزمێکی گونجاوی بۆ گفتوگۆی سیاسی و ستراتیژی لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵا دامەزراند لەگەڵ ئەمینداریەتی گشتی کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی لە حوزەیرانی ٢٠١٥.
پەیوەندی چین و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی بەرز بەدیدەکرێت، کە دەکرێت بەم شێوەیە سەردانە فەرمییەکانی نێوان هەردووڵا بخرێنەڕوو:
- ساڵی ١٩٩٦ ئەمینداری گشتی کۆمکاری ئەو کاتی دەوڵەتانی عەرەبی، ئەحمەد عسمەت عەبدولمەجید، سەردانێکی فەرمی بۆ چین کرد.
- لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٢دا، ژو ڕۆنگجی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی چین، لە سەردانەکەیدا بۆ میسر، چاوی بە عەمر موسا، سکرتێری گشتی ئەوکاتی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی کەوت.
- لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٤، سەرۆکی ئەوکاتی چین هو جینتاو سەردانی بارەگای کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی کرد و لەوێدا چوار بنەمای سەرەکی بۆ هاوکاری چین و وڵاتانی عەرەبی خستەڕوو.
- لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٩، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی چین وێن جیاباو سەردانی بارەگای کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی کرد و لەوێ وتارێکی پێشکەش کرد بە ناوی “ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی/هەمەچەشنی شارستانیەتەکان”.
- لە ئایاری ٢٠١٢ نەبیل ئێلارابی ئەمینداری گشتی ئەوکاتی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی سەردانی چینی کرد.
- لە ئابی ساڵی ٢٠١٤، وانگ یی، وەزیری دەرەوە سەردانی بارەگای کۆمکاری عەرەبی کرد.
- لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ یانگ جیچی ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەتی ئەوکات سەردانی بارەگای کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی کرد.
- لە ئازاری ساڵی ٢٠١٦، لیو یاندۆنگ جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی چین سەردانی بارەگای کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی کرد.
- لە تەمموزی ٢٠١٨، ئەحمەد ئەبول غیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی سەردانی چینی کرد و بەشداری هەشتەمین کۆبوونەوەی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی کرد.
- لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ یانگ جیچی، نوێنەری تایبەتی سەرۆک شی جینپینگ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی لێژنەی کاروباری دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندی، لەگەڵ ئەمینداری گشتی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی ئەحمەد ئەبول غەیس کۆبوویەوە لە میانەی سەردانی کردنی بۆ ولاتی میسر.
- لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠، وانگ یی، ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەت و وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ئەحمەد ئەبول غەیس ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کۆبوویەوە لە میانەی سەردانێکیدا بۆ میسر.
- لە تەمموزی ساڵی ٢٠٢١، وانگ یی، ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەت و وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ئەحمەد ئەبول غەیس سکرتێری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدا لە یانەی سەردانی بۆ میسر و هەردوولا بەیاننامەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی دەرەوەی کۆماری گەلی چین و سکرتاریەتی گشتی کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی بڵاوکردەوە.
سەرۆک شی جینپینگ گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و کۆمکاری عەرەبی دەدات. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٦ سەرۆک شی جینپینگ سەردانی بارەگای کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی کرد و لەوێ وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد بە ناوی “هاوبەشی دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ پەیوەندییەکانی چین و عەرەب”. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، سەرۆک شی جینپینگ تەلەگرامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی عەبدولمەجید تێبۆنی سەرۆکی جەزائیر کرد کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی دەکات لە ئاستی لوتکەدا، هەروەها پیرۆزبایی خۆی بەبۆنەی بانگهێشتکردنی بۆ ٣١ەمین دانیشتنی کۆمکاری عەرەبی دەربڕی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کۆمکارە لە ئاستی لوتکەدا.
سەرچاوە:
http://arabic.peopledaily.com.cn/n3/2022/1202/c31660-10179236.html
http://arabic.peopledaily.com.cn/n3/2022/1202/c31660-10179236.html
کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری گەلی چین
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: تەحسین وسو عەبدوڵڵا نوسەر و مامۆستای زانکۆ