“خەسار ناسیی زمانی کوردی لە کەلاردەشتی مازەندەران”
“کالێر” پێی وایە زمان بوونێکی بەتەواوەتی مێژوویییە و هاوکات لە گۆڕانکاریدایە؛ دەتوانین بێژین مێژووی زمانەکان پڕاوپڕن لە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی دەنگ و واتا. (١٣٩٣: ٣٨-٣٩) کاتێک کۆچاندنیش -وەک دیاردەیەک بە ناوەڕۆکێکی مێژوویییەوە- بەم ڕەوتە مێژوویییە زیاد دەکەین، لەڕاستیدا بە وتەی دیڤید دابیلۆ “ئاماژەمان بە کردارێکی مرۆیی زۆر گرنگ و کاریگەر لەسەر گۆڕانکاریی زمانی کردووە”. (١٣٩٥: ١٦)
کۆچکردن لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە زماندا؛ لەوانەیە لەم بەشەدا دەرفەت نەبێت بپرژینە سەر ئەو کاریگەرییە جۆراوجۆرانەوە، یان لەوانەیە تەوەری باسەکەی ئێمە کە لسەر کەلاردەشتە نەگرێتەوە. لە سەرەتا و پێش ئەوەی کە هەر باسێک لەم بوارەدا دەست پێ بکەین، ئاماژە بە “شێوەی نکۆڵیکردن” لە زمان و شێوەزاری کوردەکانی کەلاردەشت لەلایەن نووسەری ئەو دوو کتێبەوە دەکەین کە هەردوو کتێبەکە بە ناوی “کەلاردەشت” چاپ و بڵاو بوونەتەوە؛ بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێین کە هەردوو نووسەری ئەم کتێبانە بە کەسانی خۆجێی کەلاردەشت ئەژمار دەکرێن، دوکتۆر “عەلی ملەکپوور” و خوالێخۆشبوو تەهموورس فەقیهـ نەسیری”، نووسەرانی هەردوو کتێبی “کەلاردەشت”ن کە بە دوو جۆری جیاواز نکۆڵییان لە زمان و شێوەزاری کوردەکانی کەلاردەشت کردووە.
تەهموورس فەقیهـ نەسیری بەشێکی کورتی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ زمانەکان و لە دوو وردەبەشی “شیوەزارەکانی باکوور” و “شێوەزارە خوجێییەکان” پرژاوەتە سەر ئەو دوو بەشە؛ (١٣٨٣: ١٦٠_١٦٢) بەم پێیە چاوەڕوان دەکرا لە بەشی “شێوەزارە خۆجێییەکان”دا ئاماژەیەکیشی بە شێوەزار و زمانی کوردەکانی کەلاردەشت بکردبا. هەرچەند دەستەواژەی “شێوەزارە خۆجێییەکان” خۆی زەلیلانە و نزمبینییەکی سەردەستانەیە بۆ زمان و شێوەزاری کەمینەکانی ناو ئێران، بەڵام تەنانەت لەو ئاستەشدا ئاماژە بە شێوەزارەکانی زمانی کوردی لە کەلاردەشت نەکراوە و بە بێدەنگییەکی مەبەستدار و واتادار نکۆڵی لە شوناسی زمانیی بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەکانی کەلاردەشت کراوە کە زیاتر لە حەفتا لەسەدی خەڵکی ئەو شارە پێک دەهێنن.
“د. عەلی مەلەکپوور” لە لاپەڕەی ٢٨٤ تاکوو لاپەڕەی ٢۵٢ی کتێبەکەی خۆی تەرخان کردووە بە “شێوەزارەکانی کەلاردەشت” و لە دوو وردەبەشی “شێوەزاری گیلەکی” و “شێوەزاری خاجەوەندەکان (لەکی)” پرژاوەتە سەریان. ناوبراو لە بەشی “شێوەزاری خاجەوەندەکان (لەکی)”دا بە بچووککردنەوە و بێبایەخکردنی ئەو شێوەزارەی زمانی کوردی لە کەلاردەشت، بە جۆرێک دەستی بە سووکاتەتیی زمانیی کردووە یان بە واتایەکی تر دەستی بە سووککردنی زمانەکە کردووە. “مەلەکپوور” نووسیویەتی: “شێوەزار و شێوی ئاخاوتنی سەرەکیی ئەو قەومە لە کەلاردەشت، شێوەزارێکە لە نێوان کوردی و لوڕی. شێوەزاری لەکی یان خاجەوەندیی کەلاردەشت سەرەڕای بۆچوونی کۆمەڵێک لە کەسانی نیشتەجێی ئەوێ، نابێت بە شێوەزاری کوردی لەقەڵەم بدرێت، بەڵکوو خاجەوەندیی باو لەو ناوچەیە لەگەڵ کوردیی ڕەسەندا زۆر جیاوازییان هەیە. لە نێوان ئاخێوەرانی لەکی یان خاجەوەندیی کەلاردەشت و کوردیی مەهاباد و سنە تێگەیشتن و تێگەیاندن نایەتە ئاراوە و بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ یەکتر لە زمانی هاوبەشی فارسی کەڵک وەردەگرن”. (١٣٩٣: ٢٥٠-٢٥١)
ڕەخنەگرتن لە دەستەواژەی “قەوم” کە بە مەبەستی ژێردەستانە بەکار دەبرێت جێ دەهێڵین و وەڵامی بۆچوونەکانی تری د. مەلەکپوورە – کە تیۆرییەکی نەناسراویش نییە- دەدەینەوە. لەکەکان هەمیشە بەشێکی جیانەکراوە لە شوناسی نەتەوەییی کورد بوون و دەبنیش. شێوەزاری لەکیی زمانی کوردی، پاش شێوەزاری هەورامی، کۆنترین و ڕەسەنترین شێوەزاری زمانی کوردییە. تێڕوانینی تێکەڵاوکردنی “کورد” و “لوڕ” و سەرهەڵدانی “لەک”، تیۆرتییەکی نازانستی و گشتییە.
لەم بەشەدا دەپرژینە سەر ڕەخنەگرتن لە دەستەواژەکانی تری وتارەکەی دوکتۆر مەلەکپوور.
هەر بەو شێوەیە کە پێشتر ئاماژەی پێ کراوە، بەڕێزیان نووسیویەتی: “شێوەزاری لەکی یان خاجەوەندیی کەلاردەشت سەرەڕای بۆچوونی کۆمەڵێک لە کەسانی نیشتەجێی ئەوێ نابێت بە شێوەزاری کوردی لەقەڵەم بدرێت”.
لەم پێوەندییەدا نووسەر -وەک کوردێکی کەلاردەشت- پێشتر و لە نووسراوەکانی تر و تەنانەت لە بەشەکانی پێشووی ئەم وتارەدا، زۆر جار ئاماژەی بەم بابەتە کردووە کە ئاژداد و باب و باپیرانی ئەو کۆچێندراوانە لە چەند سەدەی لەمەوبەرەوە تا هەنووکە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان شوناس و ناسنامەی کوردییان پێناسە کردووە.
دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە پێش لە دەستپێکی هاتوچووەکانی کوردەکانی کەلاردەشت بۆ ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژاوای ئێران کە نزیک پانزە ساڵ پێش پەرەی گرتووە، هەروەها سەرهەڵدان و بەربڵابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان –ئەمە خۆی بوو بە هۆکاری گۆڕانکارییەک لە سەردەمی پێوەندییەکاندا- کوردەکای کەلاردەشت، بە هیچ شێوەیەک زانیارییان لەسەر “شێوەزاری لەکی” نەبوو؛ ئەو کۆچێندراوانە پاش هاتوچووەکانی ئەم دوایییانەی ئەوان بۆ ناوچە کوردنشینەکان و هەروەها پێوەندییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زانییان کە ناوی شێوەزارەکەی ئەوان “لەکیـ”ـیە. بە شایەتیی نووسەر و کوردەکانی تری کەلاردەشت، ئەو کۆچێندراوانە هەنووکەش وەکوو ڕابردوو، خۆیان بە “کورد” و زمانەکەیان بە شێوەزارێک لە زەنجیرە شێوەزارەکانی زمانی کوردی دەزانن؛ ئەو هەڵێنجان و تێڕوانینە هەموو کوردەکانی ئەم ناوچەیە دەگرێتەوە و بە درێژاییی ئەو سەدانەی کە لە کەلاردەشتدا ژیاون، هەبووە و بەردەوام هەیە، بۆیە بۆچوون و تێڕوانینی د. مەلەکپوور لە نووسینی دەستەوشەی “سەرەڕای باوەڕی کۆمەڵێک لە دانیشتووان” بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە ڕەخنەی لەسەرە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژە بچووککەرەوەیە، خۆی بە جۆرێک دوو هێندەی تر نکۆڵیکردنە.
دەپرژینە سەر درێژەی هەڵسەنگاندنەکانی ئەم پاراگرافە؛ لەو شوێنەی کە -وەک پێشتریش ئاماژەی پێ کراوە- مەلەکپوور نووسیویەتی: “بەڵکوو خاجەوەندیی باو لەم ناوچەیە لەگەڵ کوردیی ڕەسەندا زۆر جیاوازییان هەیە، بە شێوەیەک کە لە نێوان ئاخێوەرانی لەکی و خاجەوەندیی کەلاردەشت و هەروەها کوردیی مەهاباد و سنە تێگەیشتن و تێگەیاندن نایەتە ئاراوە و بۆ پێوەندیگرتنیان لەگەڵ یەکتر، لە زمانی هاوبەشی فارسی کەڵک وەردەگرن”. لە وەڵامی بەڕێزیاندا دەبێت بوترێت: زمانی کوردی، زمانێک نییە کە تەنیا شێوەزارێکی هەبێت. زمانی کوردی زەنجیرەیەک شێوەزاری هەیە و بەپێی پێناسەی زەنجیرەی شێوەزاری یان زەنجیرەی زاراوەیی، هەموو شێوەزارەکان لە پێکهێنانی گشت زەنجیرەکەدا بە یەک ئاست بایەخیان هەیە؛ ئەگەرچی هەر بەو شێوەیە کە پێشتر باسمان کرد، لەکی یەکێک لە کۆنترین و ڕەسەنترین شێوەزارەکانی ئەم زەنجیرە شێوەزارەی زمانی کوردییە. نووسەر لە درێژەی وتاری “لەکی و پێکەوەبەستنی لەگەڵ زمانی کوردیدا” پرژاوەتە سەر پرسی شێوەزاری لەکی و بەهۆی ئەوەی کە دەرفەتی پێویستمان نییە لەم وتارەدا بە وردی باسی ناوەڕۆکی ئەو وتارە تێرتەسەلە بکەین، بۆیە سەرەنجی خوێنەرانی بەڕێز و هەروەها د. مەلەکپوور بۆ خوێندنەوەی ئەو وتارە ڕادەکێشێت.
لێرەدا ئاماژە بە بابەتێکی تری ئەو پاراگرافە، واتە بەکارهێنانی هاوکاتی دوو دەستەواژەی “تێگەیشتن” و “تێگەیاندن” دەکەین. ئایا بۆ بەکارهێنانی ئەو دوو دەستەواژەیە لە کاتی بەراوردکردنی کوردیی کەلاردەشت و کوردیی مەهاباد و سنە، مەبەستێکی تایبەتی هەبووە کە بتوانێت پاساو بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەی “تێگەیشتن” بهێنێتەوە؟ چونکە ڕستەکەدا دیارە کە دەستەواژەی “تێگەیاندن” پێویستە، بەڵام دەستەواژەی “تێگەیشتن” کە واتایەکی دیکەی هەیە، لێرەدا پێوەندیی بە بابەتەکەوە نییە. بەڵام لەسەر “پێوەندی لە ڕێگەی زمانی هاوبەشی فارسییەوە” کە بەڕێزیان هێناویانە بەرباس، ئاماژەی بە خاڵێک کردووە کە داوا لە خوێنەرانی هێژا دەکەم بە تێروتەسەلی وتاری “قەند پارسی” کە بە قەڵەمی ئەم نووسەرە نووسراوە، بخوێننەوە.
ئەگەر ئێران کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگ بە ڕهچاوکردنی دادپەروەریی زمانی بێت و ڕێز لە مافی سەرەتاییی کەمینە زمانییەکان بگرێت، پێویست ناکات کە کوردیی کەلاردەشت لەگەڵ کوردیی ناوچەکانی تردا – کە هەموویان شێوەزارەکانی زەنجیرەی یەک زمانن – بە زمانی فارسی قسە بکەن؛ بەڵکوو ئەوان لە نێوان شێوەزارەکانی زمانی خۆیاندا شێوەزارێکی هاوبەش کە لەلایەن زمانەوان و شارەزایانی کوردەوە دیاری دەکرێت و لەسەری ڕێک دەکەوەن و لە کۆمەڵگەیەکی دادپەوەرانەدا ڕاهێنان و پەروەردەی لەسەر دەکرێت، قسەیان دەکرد.
لەوانەیە لە ڕوانگەی خوێنەرانی بەڕێزەوە، باسکردنی ڕەخنەکان لەسەر ئەو بەشە سەرقاڵمان بکات و لە هەڵسەنگاندنی خەسارە زمانییەکانی کەلاردەشت دوورمان بخاتەوە؛ بەڵام لەڕاستیدا مەبەستی نووسەر لە هەڵبژاردنی ئەم نموونەیە و شرۆڤە و تاووتوێکردنی ئەو باسە بۆ ئەوە بووە تاکوو خەسارە پێوەندیدارەکان بە شێوەیەکی ڕوونتر و بەرچاوتر باس بکات؛ بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە هۆکاری زیان و خەسارەکان دەستنیشان بکەین و بە وردی بیانخەینە بەرباس. هەر بەو شێوەیەی کە لە بەشی “زمانی دایک، زمانی نەتەوەیی”دا باسمان کردووە، گرنگترین هۆکارەکانی خەسارگەیاندن بە زمانە نەتەوەیییەکانە لە ئێران و بەتایبەت لە کەلاردەشت، فاکتەری ڕەوتی سەردەست ـ ژێردەست و هەروەها فاکتەری نکۆڵیکردن لەو زمانانە دەبێتە هۆکاری ئاسمیلاسیۆنی کولتووری ــ شوناسی ــ زمانی.
ئەم هۆکار و فاکتەرە بۆ کوردە کۆچێندراوانی کەلاردەشت دووبەرابەرە؛ چونکە جیا لە کاریگەریی سەدان ساڵەی سیستەمی تاکزمانی لە ئێراندا، ئەگەر هۆکاری چەند سەدەی کۆچاندن و نۆڕگەی باڵادەستیی کولتووری ـ زمانیی خەڵکی خۆجێی و ڕەسەنی کەلاردەشت بۆ سەر کۆچێندراوەکانیشی پێی زیاد بکەین، بەم پێیە خەسارەکان لە دوو بەشی جیاوازدا شی دەکەینەوە.
“خەسارەکانی کۆچاندن”
١ـ دووری لە زێد و ئاخێزگە و نەبوونی پێوەندی لە ماوەی چەند سەدەدا لەگەڵ شێوەزارەکانی تری زمانی کوردی.
کوردەکانی کەلاردەشت تاکوو چەند ساڵی ڕابردوو هاتوچوویەکی ئەوتۆ و گشتگیریان لەگەڵ ناوچەکانی تری کوردنشیندا نەبووە. ئەو کۆچێندراوانە لە ماوەی چەندین سەدەی کۆچاندنیاندا، جیا لە کوردەکانی کۆجوور کە چەندین سەدەیە لە نزیکی کەلاردەشت نیشتەجێ کراون و بە شێوەزارێکی کوردیی خوارین قسە دەکەن، لەگەڵ هیچ شێوەزارێکی تری زمانی کوردیدا بەرکەوتەیان نەبووە؛ بەپێچەوانەشەوە ئەم کۆچێندراوانە لەگەڵ مازنی و گیلەکی و فارسیدا بەرکەوتەیان هەبووە.
ئەم بابەتەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە لەگەڵ دەستەواژە و وشەگەلێکی دیکەی شێوەزارەکان و پێکهاتەی ڕیزمانیی زمانی کوردی پێوەندییان نەبێت؛ بەڵام ئەم سنوورداربوونە کە خەساری بە کوردەکانی کەلاردەشت گەیاندووە، لە لایەکی ترەوە دەکرێت وەکوو دەرفەتێکیش ئەژمار بکرێت، چونکە ئەگەر ئەو دەستەواژە و وشە فارسییانە تا ڕادەیەکیش ئەو وشە گیلەکییانەی هاتوونەتە ناو شێوەزاری کوردەکانی کەلاردەشت لەناو ئەم شێوەزارە دەربهێنین و بسڕینەوە، وشەکانی دیکە ڕەسانەیەتیی چەندین سەدەی خۆیان لەم دۆخەی دابڕانی کولتووری ــ زمانییەدا بەدەست دەهێننەوە.
٢ـ نکۆڵیکردنی زمانی لەلایەن خەڵکی ڕەسەن و خۆجێی کەلاردەشتەوە.
جیا لەو نکۆڵیکردنە لە کتێبی کەلاردەشت کە باسمان کرد، دەپرژینە سەر نکۆڵیکردنی مچلگەیی و دیالۆگیی نێوان خەڵکی ڕەسەن و کۆچێندراوەکان، ئەگەرچی نکۆڵیکردنی نووسەری کتێبی “کەلاردەشت” خۆی هەڵکۆڵراو و ڕەنگدانەوەی هەمان نکۆڵیکردنی مێژووییی کۆمەڵگەیە. هەر لەمێژە تاکوو ئێستە شێوەزاری گیلەکی لە کەلاردەشت، شێوەزاری زاڵی ئاخاوتنی خەڵکەکە بووە؛ واتە لە پێوەندیی نێوان خەڵکی خۆجێی و کۆچێندراوەکاندا هەموو کات زمانی گیلەکی زاڵ بووە و سەرەڕای ئەوەش کە خەڵکی خۆجێیی ئەوێ شێوەزاری کوردەکانی کەلاردەشت دەزانن، زۆرینەیان بەهۆی گۆڕانکاریی زمانییەوە بەو زمانەش قسە دەکەن، بەڵام ئەوە کۆچێندراوەکان بوون کە هەردەم لە قسەکردن لەگەڵ خۆجێییەکانی دوروبەریاندا ناچارن بە گیلەکی قسە بکەن. ئەم ڕەوتە بووەتە یاسایەکی نەنووسراو، گشتی، هەمشەیی و بێبەرهەڵست لە کەلاردەشتدا.
سەرەنجڕاکێش ئەوەیە کە هەم خەڵکی خۆجێیی ئەوێ و هەمیش کۆچێندراوەکان بەتەواوەتی لە زمانی یەکتر تێ دەگەن و هەردوو لایەنیش حازر نین بە زمانی یەکتر قسە بکەن، بەڵام تەنانەت ڕیگەیەکی سێهەمیش بۆ چارەسەریی ئەو زاڵبوون و نکۆڵییە زمانییە نەگیراوەتە پێش. ئەو ڕێگەیەش ئەوەیە کە هەر کامی ئەو لایەنانە لە قسەکردن و ئاخاوتنیاندا بە شێوەزاری خۆیان قسە بکەن.
لە تاووتوێکردنی ئەم ڕەوتەدا دەپرژینە سەر دوو خاڵی کۆمەڵناسی:-
ئەلفـ ـ خەڵکی خۆجێیی ئەوێ لە بەرانبەر زاڵبوونی ئاشکرای سەربازی و ئابووریی کۆچێندراوەکان بەسەر ئەو ناوچەیەدا، ڕێگەی زاڵبوونی شوناسی – زمانیی خۆیان و نکۆڵیکردنی زمانی و لە ئاکامدا شوناسیی کۆچێندراوەکان گرتووەتە پێش. ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە پێش لەوەی هەر جۆرە ئاسمیلاسیۆنێکی زمانی لەلایەن سیستەمی تاکزمانیی دەوڵەتی مۆدێڕنەوە دەست پێ بکات، لە هەندێک گوندی کەلاردەشت کە گیلەکەکان و کوردەکان پێکەوە نیشتەجێن و ژیان دەکەن، کوردەکان بکەونە ژێر ئاسمیلاسیۆنی چڕوپڕی زمانی و دواتریش بکەونە ژێر تەوژمی ئاسمیلاسیۆنی شوناسییەوە؛ بە جۆرێک کە هەنووکە زۆر بە کەمی و تەنیا لەنێوان کەسانی بەتەمەن و بەساڵاچووانی ئەو گوندانە ئاخێوەری کورد بوونی هەیە و ئەوانی تریان بەتەواوەتی بە گیلەکی قسە دەکەن. گوندەکانی “وەلبال” و “موکا” لە کەلاردەشت نموونەیەکی بەرچاوی ئەم پێشهاتە ناخۆشەیە. بێگومان زۆر سەرەنجڕاکێش و جێی ئاماژەیە کە کۆچێندراوەکان لەو جۆرە گوندانە کە لە ڕووی زمانییەوە لەناو گیلەکیدا ئاسملیە بوون و تواونەتەوە، لە ڕووی ئایینییەوە لەسەر ئایینی یارسانیی خۆیان ماونەتەوە.
بـ ــ کوردەکان هەمیشە لەسەر کولتوور، زمان و ئایینە جیاوازەکان ڕوانگەیەکی نەرمونیانیان هەبووە و جیاوازی و فرەڕەنگییان قەبووڵ کردووە. کورد هیچ کاتێک نەیویستووە بە شێوەیەکی نا دیموکراتیک خۆیان بەسەر کولتوور و زمانەکانی تردا بسەپێنن؛ ئەو ڕێزگرتنە خۆڕسک و دروونییە بۆ مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانی مرۆڤەکان کە بە شێوەیەکی خۆماکی لەنێو کوردەکاندا هەیە، لەنێو کوردە کۆچێندراوەکانی “کەلاردەشتـ”ـیش کە چەندین سەدەیە لە زێدی خۆیان دوور خراونەتەوە، هەر هەیە و بە شێوەیەک دەبیندرێت کە بە نەرمونیانیی خۆیان لە بەرانبەر کولتوور، ئایین و زمانی خەڵکی خۆجێیی ئەوێدا، توانیویانە پێشوەخشە شەڕ و تێکهەڵچوونە خوێناوییەکان بکەن ئاشتی و پێکەوەسازان.
٣- ئاوێتەبوونی وشە و دەستەوشەکان لەگەڵ زمانی گیلەکی.
بڕێک لە گوندەکانی کەلاردەشت بەتەواوەتی کوردنشینن، بڕێکیشیان بەتەواوەتی گیلەکنشینن و هەندێکیشیان تێکەڵاوێکە لە خەڵکی خۆجێی و کۆچێندراوەکان. بارودۆخی هەرکام لەو گوندانە لە ڕووی خەسارناسیی زمانییەوە جیاوازە. ئەو گوندانەی کە بەتەواوەتی کوردنشین وەک گوندەکانی “کەلنوو” یا “ئەوجابیت” کەمترین ئاوێتەبوونی وشە و دەستەواژەیییان لەگەڵ گیلەکەکاندا هەیە؛ ئەگەرچی لەم کێشەیەش بەدوور نین. ئەم قەرزوەرگرتنە یان ئەم جێگۆڕکێی وشەگەلە لەو ئاستەدا نییە کە هەستی پێ بکرێت؛ بەڵام لە گوندە تێکەڵاوەکاندا بارودۆخەکە بە جۆرێکی دیکەیە، بارودۆخێک کە گوندەکان بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەکات. دەستەیەکیان ئەو گوندانەن کە دانیشتووە کوردەکانیان بەتەواوەتی شوناسی زمانیی خۆیانیان بۆ گیلەکی گۆڕیوە، وەک پێشتریش باس کرا و دەستەیەکی تریش ئەو گوندانەن کە دانیشتووە کوردەکانیان هێشتا شوناسی زمانیی خۆیانیان پاراستووە، بەڵام بە چڕوپڕی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی تێکەڵاویی وشە و دەستەواژە لەگەڵ زمانی گیلەکیدا، وەکوو گوندی “تەبەرسوو”.
ئەو دوو دەستەیەی کە ئاماژەیان پێکرا، لەو گوندانەن کە دانیشتووانی کورد و گیلەکیان هەیە و بەبێ هیچ سنوورێکی تایبەت لە هەموو گوندەکەدا بە بەربڵاوی ژیان دەکەن؛ بەڵام گوندی “لاهو” کە دانیشووانی کورد و گیلەکی ئەو گوندە کێشە و ململانێی کۆن کە هی سەدەیەک لەمەوپێشە بۆیان ماوەتەوە، هێشتا لە دوو بەرەی گوندەکە بە ناوەکانی “گەڕەکی گیلەک” و “گەڕەکی خاجەوەند” ژیان دەکەن، تووشی خەسار و زیانی زمانی نەبوون. لێرەدایە بیرهێنانەوەی ئەو قسەیەی دیڤید دابیلۆ کە دەبێژێت: “جیاوازیی بۆچوون، پەرەگرتنی گرژییەکان، دەبێتە هۆی پێکداهەڵپرژانیش” (١٣٩٥: ٣) خراو نییە.
“خەسارەکانی سیستەمی تاکزمانی لە ئێراندا”
سیستەمی تاکزمانیی فارسی تەوەر بە تەقالای نزیک بە سەد ساڵە لە ئێراندا هەوڵی نواندنەوەی ئەرێنیی “خۆی” و نواندنەوەی نەرێنیی “ئەوی تر”ی داوە؛ بە شێویەک کە سڕینەوەی شوناس و گۆڕانکاریی بنچینەیی بە بیانووی لەنێوچوونی زمانەکانی تری ئێران، پانتاییی ئاخێوەرانی خۆی زیاتر کردووە. ئەو سیستەمە زاڵ و سەردەشتە بە دوو شێوە دەبێتە هۆکاری فەوتانی زمانی کەمینەکان، بۆ نموونە شێوەزاری کوردەکانی کەلاردەشت.
ئەلفـ ــ ئەوی ترسازی بە گۆڕانی لەناکاو و بەکۆمەڵی زمانی دایک.
کەلاردەشتیش لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بە چڕوپڕی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەم سیستەمە ئەوی ترسازییە گشتییگیرە کە لە ئێراندا هەبووە؛ ئەم جارە تەنیا کوردە کۆچێندراوەکان نین کە لەژێر کاریگەریی سیستەمێکی هزریی زاڵکراودا کەوتوونەتە بەر گۆڕانکاریی خێرای شوناس و ناسنامەوە، بەڵکوو خەڵکە خۆجێییەکان و کۆچێندراوەکانی تریش کە ڕێژەیان کەمە وەک تورکەکان، ڕووبەڕووی سۆنامییەکی ترسێنەر بوونەتەوە. سۆمانیی قسەکردن لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی بێگانە و جیاواز لە شوناس و ناسنامەی خۆیان، واتە زمانی فارسی. بەداخەوە چەندین ساڵە کە دایک و باوکەکان لە کەلاردەشت لەگەڵ منداڵەکانیان هەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە بە زمانی فارسی قسە دەکەن و ئەم بابەتەش لەتمەیەکی قەرەبوونەکراوی لە جەستە و پەیکەرەی شێوەزار و زمانە ناسنامەیییەکانی ئەو شارە داوە کە ئەمەش کوردە کۆچێندراوەکانی کەلاردەشتی گرتووەتەوە.
ئەم ڕەوتە، ڕەوتێکی ئاساییی مێژوویی نییە کە توێژەران، لێکۆڵەران، شارەزایان و خاوەنڕایانی بواری زمانناسی لەم بارەیەوە باس دەکەن. ئەم دیاردەیە، دیاردەیەکی سیاسییە کە ئامانجی ڕاستەوخۆشی کاریگەریی کولتوور ـ شوناس ـ زمانییە. ڕەوتێک کە شوناسە جیاوازەکان پێناسە ناکاتەوە. “کاتێک گرووپێک، کەمینەیەک، نەتەوەیەک و هەر شوناسێکی تر لەلایەن شوناسی سەردەستەوە پێناسە ناکرێتەوە، خراپترین شێوەی ڕەتکردنەوەیە؛ چونکە بەم جۆرە بوون، ژیان و ناسنامەیان لێ دەگرێتەوە و دەیهەوێت بە وەگەڕخستنی میکانیزمگەلێکی سووکاتیکردن، بچووککردنەوە، لە ناوخۆ و لە رێگەی میکانیزمگەلێکی ناوخۆیییەوە ئەو شوناسە بەتاڵ بکاتەوە. ئەم بارودۆخە کاتێک ڕوو دەدات کە نەک بە ڕووبەڕووبوونەوەی جیاوازییەکان، بەڵکوو بە پێناسەی “ئەوی تر” وەک “هەمان” و پێناسەی “ئەوی تر”ی خوارتر لە “خۆی” و پێناسە نەکردنەوە، دێتە ئاراوە”. (حەقمورادی، ١٣٩٥: ٣٦)
بـ ــ کاریگەریی ژینگە بەهۆی سیستەنی تاکزمانییەوە.
ئەم بابەتەش تەنیا کوردەکانی کەلاردەشت ناگرێتەوە، کێشەکە لەسەر هەموو کەمینە ئاخێوەرەکانە لە ئێراندا؛ کاتێک لەژێر سیستەمێکی تاکزمانیدا دەژین، لە هەموو شوێنێک زمانێکی دیاریکراو زالە؛ لە دامودەزگاکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان، ڕاگەیاندنەکان، شەقامەکان، گشتی یەک زمانە و، ئێمە تەنیا گوێمان لە یەک زمان دەبێت و یەک زمان دەخوێنین و بە یەک زمان دەنووسین، لەم بارودۆخەدا چی ڕوو دەدات؟
بەدڵنیایییەوە وشە و دەستەواژەکان و ڕێزمانی ئەو زمانە دیاریکراوە کە لە ئێراندا زمانی فارسییە، بەسەر مێشک و بیرکردنەوە و تێفکرینی تاکەکانی کۆمەڵگەدا زاڵ دەبێت. ئەو تاکانە تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆش نەکەونە ژێر کاریگەریی سیستەمی ئەوی ترسازییەوە، واتە بەردەوام زمانی نەتەوەییی خۆشیان بەکار بهێنن، دیسان تووشی گۆڕانکاریی چڕوپڕی زمانیی دەبن؛ کەواتە زاڵکردنی وشە و دەستەواژەکان و ڕێزمانی زمانی سەردەست واتە فارسی بەسەر زمانە نەتەوەیییەکانی تردا، دوو جار خەسار و زیانی هەیە کە کوردەکان لە کەلاردەشت زۆر خراپ تووشی ئەم دۆخە بوون. زمان لە لایە و تۆژاڵە جیاوازەکان پێک دێت: لایەکانی وشەیی، ڕێزمان و دەنگ. تۆژاڵەکانی زمان لە بەرانبەر فاکتەرە کاریگەرەکاندا دژکردەوەی یەکسانیان نییە و خۆڕاگریی بڕێک لەو لایە و تووژاڵانە لە لایەکانی تر زۆرترە. تۆژاڵەی وشەکان بە سانایی کاریگەری و گۆڕانکارییەکان وەردەگرن و سیستەمی دەنگیی زمان زۆر خۆڕاگرترە. (زوڵفەقاری، ١٣٩٦: ١٥٤)
بەکارنەهێنانی زمانی کوردی لە کەلاردەشت بەهۆی کاریگەریی ڕاستەوخۆی سیستەمی تاکزمانی کە باسمان لەسەری کرد، بووەتە هۆکاری لاوازیی ئەم زمانە. بەگوێرەی ئەوەی کە لاوانی کەلاردەشت بە فارسی قسە دەکەن و بەساڵاچووان و پیرەکانیش لە شێوەزاری کوردیی خۆیاندا بە ئاسانی کەڵک لە وشەی فارسی وەردەگرن، بۆیە وشەی نوێی پێویست دروست نابێت. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەو وشە ڕەسەن و کۆنانەش کە هەنووکە لە باتی وشە فارسییەکان بەکاری ناهێنن، خەریکە لەبیر دەچنەوە؛ بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە وشەگەلێکی وەک “تاڵ و دەرزن” و “ئەسر” بکەین کە ئێستە وشەکانی “نخ و سوزن” و “اشک” جێیانی گرتووەتەوە. قەرز وەرگرتنی زمانی دەبێتە قەرز وەرگرتنی وشە و لاسایی یان دەقاودەقگیری، بووەتە هۆکاری ئەوەی کە شێوەزاری کوردیی کەلاردەشت لاوازبێت. قەرزکردنەکان و لاساییکردنەوە ناپێویستەکان کە تەنیا دەبێتە هۆکاری زاڵبوونی ژینگەییی زمانی فارسی. لە لایەکی ترەوە کوردەکانی کەلاردەشت بە سانایی وشە فارسییەکان بەکار دەهێنن، لە بەرانبەر قەرز وەرگرتنی وشەکان لە شێوەزارەکانی تری زمانی کوردی ـ لە کاتی پێویست و ناچاریداـ بەتووندی بەرەنگاریی دەکەن؛ بەڵام بەگوێرەی ئەوەی کە نووسەر بۆی دەرکەوتووە، ئەو کێشەیە تایبەت بە کوردەکانی کەلاردەشت نییە و لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا دەبیندرێت. ئەمەش ڕەخنەیەکە لەسەر کوردەکان ڕەوایە و بێگومان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی تایبەتی دەروونناسی و کۆمەڵناسیی هەیە.
باسمان لە لاساییکردنەوە و دەقاودەقگیری کرد کە ئەو شێوەزاری زمانی کوردی لە کەلاردەشت بە چڕی تووشی بووە و بێگومان زیاتر مەبەستمان “لاساییکردنەوەی ڕێزمانیـ”ـە. “ئەم جۆرە لاساییکردنەوە گۆڕانی پێکهاتەی ڕستەکانی ئەو زمانەیە کە قەرز وەردەگرێت؛ واتە لاساییکردنەوەکان بە وردی لەسەر بنەمای نموونەی ڕێزمانی و پێکهاتەی زمانی یەکەم دادەڕێژرێتەوە.” (سەرچاوەی پێشوو: ١٧٣) شێوەزاری کوردی کەلاردەشت تایبەتمەندییە ڕێزمانییەکانی خۆی لەدەست داوە و بەپێی تایبەتمەندییەکانی ڕێزمانی زمانی فارسی ڕستەسازی دەکات؛ ئەگەرچی ڕوون نییە کە ئەو تایبەتمەندییانە پێش لە کۆچاندن بۆ کەلاردەشت لەنێو چوون یان دوای کۆچاندن، بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ئاسمیلاسیۆنی ڕێزمانیی ئەو شێوەزارەیە لەلایەن زمانی فارسییەوە. کاتێک لە نێوان ئەو سێگۆشەیەی تۆژاڵەکانی زمانێک کە پێشتر ئاماژەمان پێ کردووە، لە دۆخی دەنگی دەکۆڵینەوە، دیسان ناڕەحەت دەبین و ئاخ هەڵدەکێشین؛ چونکە ئەم شێوەزارەی زمانی کوردی، تایبەتمەندیگەلێکی دەنگیی تایبەت بە خۆی لەدەست داوە.
زاڵبوونی زمانی بەسەر شێوەزاریی کوردیی کەلاردەشت، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم شێوەزارەی زمانی کوردی بەتەواوەتی ڕەنگی زمانی فارسی لێی نیشتووە؛ بۆیە ئاخێوەر و بەردەنگ، هەردوولایان ئەمە بە جوانی هەست پێ دەکەن کە ئەم شێوەزارە لە زمانی کوردی دوور کەوتووەتەوە و لە زمانی فارسی نزیک بووەتەوە؛ لە کاتێکدا بەڕاستی بەم شێوەیە نەبووە و کاریگەریی زمانیی ئەم دوایییانە بووەتە هۆکاری هاتنەئارای وەها کێشەیەک. بەو شێوەیە کە ئاخێوەری کوردزمانی کەلاردەشت لە بواری شوناس و ناسنامەشەوە، خۆی لە ئاخێوەرانی شێوەزارەکانی تری زمانی کوردی دوور دەگرن. بەپێی ئەو بابەتانەی کە باس کران دەگەڕێنەوە سەر باسی شوناس و ناسنامەی سەرەتاییی خۆمان؛ کە لەو بەشەدا بۆچوون و تێڕوانینەکانی سوسور و بیرمەندانی دیکەی ئەم بوارەمان دووپات کردەوە. ئاکامی ئەم خەسارە زمانییانە بۆ کوردەکانی کەلاردەشت لە کۆتاییدا دەبنە خەسارگەلێکی قەرەبوونەکراوی شوناس و ناسنامەیی. کارەساتێک کە بە زووترین کات دەیبین و هەوڵ و تێکۆشانی چەندین سەدەی کوردەکان لە کەلاردەشت بۆ پاراستنی شوناس و ناسنامەی خۆیان لە خاکێکی بێگانە و دوور لە نیشتمان و زێدی خۆیاندا، بێئاکام دەبێت.
“ڕێکارەکان”
“ڕاوستانی بەردەوام لەسەر وەزە و تواناییی پێشینیانمان، هیچ کاتێک بەشێک لە ئەندێشە و تێفکرینی زۆرینەی کولتوورە بەرخۆرەکانی ئەمڕۆ نییە، ئێمە هەنووکە لە جیهانێکدا ژیان دەکەین کە بۆ هێشتنەوەی ئابووریی خۆمان، بەستراوینەتەوە بە قەرزوەرگرتن و بەکارهێنانی “شتە نوێیەکانـ”ـەوە. ئێمە لە رێگەی کەونارناسی، مێژووی ڕەچەڵکناسی و تەنانەت نزا و پاڕانەوە، هزر و ئەندێشەی خۆمان تاکوو پانتاییی نەوەکانی پێشوومان دەگەڕێنینەوە دواوە.” (دیڤید دابیلۆ، ١٣٩٥: ٢). بۆ ڕزگارکردنی زمانی کوردی لە کەلاردەشت، بەر لە هەموو کارێک پێیوستی بە هۆشیارکردنەوەی گشتی و فەرهەنگسازییە. بەپێی ئەزموونی چەندین ساڵەی نووسەر وەکوو چالاکێکی زمانی نەتەوەیی، سەلمێندراوە کە بەهۆی سیاسەت و ویستی سیستەمی تاکزمانیی زاڵ و دەسەڵاتدار، نابێت لەم پێوەندییەدا هیچ هیوا و چاوەڕوانییەکمان لە هاوکاریی دامودەزگاکان و ناوەندە دەوڵەتییەکان هەبێت، بۆیە ئەو بەرپرسیارەتییە دەکەوێتە ئەستۆی شارەزایان تاکوو ئەم زانیارییانە بۆ گشتیی بڵاو بکەنەوە و ئەم هۆشارییە لە هەموو کۆمەڵگەدا پەرە پێ بدەن. ئەرک و بەرپرسیارییەکی قورس و تاقەتپڕووکێنە کە بەڕاستی لەسەر شانی چەند کەسێکە و بەبێ کەرەستە و تیم و دابینکردنی بوودجەی پێویست نایەتە دی و ئاکامێکی باشی نابێت؛ سەرەڕای ئەوەش چالاکانی ئەو بوارە تەنیا بە پشتبەستن بە ئەڤین، باوەڕ و تواناییی خۆیان لەم پێناوە و لەم ڕێگە قورسەدا هەنگاویان هەڵگرتووە.
گرنگترین هەوڵەکان هۆشیارکردنەوەی کوردەکانی کەلاردەشتە لەسەر گرنگیدان بە پاراستنی شوناس و ناسنامەی کوردی و گواستنەوەی ئەو شوناسە بۆ نەوەکانی داهاتووە، هەنووکە لە ماوەی چوار ـ پێنج دەیەی ڕابردوودا پەراوێزخستنی زمانی نەتەوەیی، بازنەی گواستنەوەی ئەم زەنجیرەی پچڕاندووە، ڕێگەچارە تەنیا پێناسەکردنەوەی شوناس و ناسنامەمانە لە ڕێی گەڕانەوە بۆ زمانی نەتەوەیی؛ بۆیە گرنگترین و پێویستترین هەنگاوەکان لە کەلاردەشت، کارکردن و کاریگەرییدانان لەسەر خەڵکە و هاوکات لێکۆڵینەوە و توێژینەوە پێویست لە پێوەندیی بە زمانی کوردی لەو ناوچەیەدایە. هەوڵ و تێکۆشانەکان بۆ هۆشیارکردنەوە و وریاکردنەوەی خەڵک لەم پێناوەدا دەبێت هەستی داخوازیی شوناس و ناسنامەی زمانی لە کۆمەڵگەی کوردەکانی کەلاردەشت بە ئاکام بگات. پاش بەدەستهێنانی ئەم داخوازییەیە کە باسی پێناسەکردنەوە و ناسناندن دێتە ئاراوە. ئەم دۆخە لە ناوچە کوردنشنەکانی دیکەی ئێران بەتایبەت لە خۆراسان سەری هەڵداوە، بەڵام لە کەلاردەشت بەهۆی دوورکەوتنەوەی کوردە کۆچێندراوەکان لە زێد و نیشتمانی خۆیان و تێنەگەیشتن لە بارودۆخی کۆمەلایەتیی نیشتمان، هێشتا ڕووی نەداوە؛ بە واتای تر لە کەلاردەشت سەبارەت بە پاراستنی شوناسی خۆیان، بەتایبەت ناسنامەی زمانی، بێئاگا و کەمتەرخەمن.
نموونەی ئەم هەوڵ و تێکۆشانە کاریگەرانە لەم بوارەدا دەتوانین ئاماژە بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسگەلێکی پێوەندیدار بە باسەکەمان وەک؛ بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکان لەسەر ئەدەبی کوردی، خوێندنی زمانی کوردی، بەرهەمهێنانی کولتووری بە شێوەزاری کوردەکانی ئەو ناوچەیە و بەتایبەتی شێعر، چیرۆک، وەرگێڕان، فیلم، شانۆ، مۆسیقا و گۆرانی و… بەتایبەتیتر بۆ تەمەنە جیاوازەکانی منداڵان و مێرمنداڵان بکەین. ئەم هەوڵانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە کەلاردەشت دەستی پێ کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەو بەربەستانەی کە پێشتر باسمان لەسەری کرد، زۆر بە خاوی و هێواشی دەچنە پێشەوە. کێشەیەکی تر کە لەم ڕێگەیەدا هەیە، دۆزینەوەی بەردەنگی خولیا بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بوارە کولتووری و فەرهەنگییانەن کە ئاماژەیان پێکرا لە پێناوی بووژاندنەوەی ئەم شێوەزارەیە. کێشەیەک کە تاکوو ئێستە چارەسەر نەکراوە و بەرنامە ئاماژەپێدراوەکان تا هەنووکە بەو ڕادەیە لەلایەن گشتیی کوردەکانی کەلاردەشتەوە پێشوازیی لێ نەکراوە. وێڕای ئەمانەش دەتوانین بێژین باسی کولتوورسازی و فەرهەنگسازی بۆ پێناسەکردنەوەی ناسنامەی زمانی و لە کۆتاییدا شوناسی کوردەکانی کەلاردەشت لە بازنەیەکی بەتاڵدا گیری خواردووە؛ بەڵام هیوای چالاکانی ئەم بوارە، تێکشکاندنی ئەم بازنە بەتاڵ و بۆشەیە بە هەوڵ و تێکۆسانی خۆیان.
یەکێک لەم هیوایانە هەبوونی ئایینی کوردیی یارسانە لەنێوان کوردەکانی کەلاردەشتدا. ئەم ئایینە خاوەن توانایی و تایبەتمەندیی هەرە زۆری ناسینەوە و پێناسەکردنەوەی شوناسە. بەپێی ئەزموون سەلمێندراوە کە چالاکان و دڵسۆزانی شوناس و زمانی کوردی لە کەلاردەشت، کەسانێکن کە لە ڕێگەی ئایینی یارسان و هاتوچووکردنیان بۆ زیارەتگە و شوێنە پیرۆزەکانی ئەو ئایینە لەو ناوچە کوردنشینەکاندا سەبارەت بە شوناس و زمانی کوردیی خۆیان هۆشیار و هەستیار بوونە. جیا لە باسی زیارتگەکان و دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ ناوچە کوردەکانیش، دەفتەرەکانی یارسان وەکوو گەنجینەی ڕەمز و پیرۆزییە ئایینییەکان و هەروەها دابونەریتە سونەتییە کوردییەکانن کە تا هەنووکە پێوەندی و هەستی کوردەکانی ئەو ناوچەیە (کەلاردەشت) سەبارەت شوناس و ناسنامەی کوردیی خۆیان پاراستووە. جەمخانەکان لە کەلاردەشت، پێگەی کەلامی دەفتەرەکان و مۆسیقای مەقامی تەنبوورەن. ئەو دووانە لە ڕابردووەیەکی دێرینەوە، گێڕەرەوە ڕاستەقینە و پارێزەرەکانی کولتوور و زمانی کوردی بوون.
یەکێکی تر لە هۆکارەکانی پاراستنی زمان و شوناسی کوردەکانی کەلاردەشت و کۆجوور ــ تاکوو ئێستەش ــ بوونی ئایینی پێناسەدەری یارسان لەنێوان ئەم کۆچێندراوانەدا بووە. ئەگەرچی لەم بارەوەیەوە نابێت کاریگەریی بارودۆخی جوگرافیایی لە بەرچاو نەگرین؛ چونکە کۆێستانەکان ـ سەرەڕای سنوورداربوونی پێوەندییەکان ـ هەمیشە سەنگەرێک بۆ پاراستننی هێما و نیشانە کولتوورە، شوناسی، زمانی و ئایینییەکان بوون. ئەگەرچی ئایینی یارسان لە کەلاردەشت، خۆی لەژێر ئاسمیلاسیۆنی ئایینیدایە و بەداخەوە ـ بە هۆکارگەلێک کە لێرەدا مەجالی باسکردنیان نییە ـ هەندێک لە چەمک و ئەفسانە و ئوستوورەکانی لە گۆڕانکاریدان، بەڵام هەر بەردەوام وەکوو شوناسێکی ئایینی، بە پاڵپشتیی دەفتەرەکانی خۆی، فاکتەری پێناسەدەری زمانییش ئەژمار دەکرێت؛ بۆیە ئەرکی چالاکی بواری زمانی شوناسە لە کەلاردەشت کە پێویستە لە پێناوی ژیناندنەوە و بووژاندنەوەی شوناس و ناسنامەی زمانیی خۆیان لە هێزی ئەم ئایینە کەڵک وەربگرن.
بەدڵنیایییەوە هەوڵەکانی ئەو چالاکانە بە پێناسەکردنەوە و بووژاندنەوەی شوناسی کوردەکانی ئەو ناوچەیە کۆتایی پێ نایەت. ئەگەرچی ئەم پێناسەکردنەوەیە کارێکی نەلواوە، بەڵام ئەگەر نەلواویش بێت، دیسان هەولەکان بەردەوامن. کوردەکانی کەلاردەشت تەنانەت لە کاتی پێناسەکردنەوەی شوناسی و زمانیی خۆیان، بە هۆکاری دابڕانی ئەم دەیان ساڵەیان، تووشی خەسارگەلێکی قەرەبوونەکراوە دەبن. بەدڵینایییەوە یەکێک لە خەسارەوە جیددی و مەترسیدارەکان، لەدەستچوونی بەشێکی گەورە لە حەشیمەتی ئەو کۆمەڵگەیە بەهۆی “ئەوی ترسازیـ”ـیەوە بووە. واتە بەشێک کە شوناسی “ئەوی تر”ی هەڵبژاردووە و نەگەڕاوەنەتەوە سەر “خۆ پێناسە کردنەوە”. خەسار و زیانێکی تر، خەسارە چڕوپڕە زمانییەکانن کە دەبنە هۆکاری ئەوەی تاکوو ئەو شێوەزارە لە جاران زیاتر فارسیزە بکرێتەوە. بەم هۆکارانەوە نووسەر باوەڕمەندە کە دەبێت هەوڵ و تێکۆشانەکان و دۆزینەوەی ڕێکارەکان بەردەوام، لێبڕاوانە و چڕوپڕ بن. نموونەیەک لەو هەوڵ و تێکۆشانانە تۆمارکردنی شێوەزارە جیاوازەکان هاشێوەی کوردەکانی کەلاردەشت دەبێت؛ چونکە لە هەردوو ئەگەری بووژاندنەوە یان لەنێوچوونی ئەو شێوەزارانە، پێویستمان بە ئارشیوێکە تاکوو وەک سەرچاوە بمێنێتەوە. بۆیە دەبێت کۆکردنەوەی فەرههنگێکی زانستی و تێروتەسەل لە پێش ئەو هەوڵ و تێکۆشانانەوە بێت.
بەهیوای ئەوەی کە بە هیمەت و تێکۆشان، ئەو کارە دڵخۆشکەری چاوەڕان دەکرێت بێتە دی.
سەرچاوە و ژێدەرەکان:
١ــ اکوانی، سید حمدلله، »زبان و هویت در میدان رسانهای غرب: ایران بهمثابهی “دیگری”، مطالعات ملی، ١٣٩١، ٥١
٢ــ حقمرادی، محمد، »بازشناسی هویتها و نفی خشونت«، روانگه، سال دوم، شماره ٥ و ٦، زمستان ١٣٩٥
٣ــ دیوید. دابلیو، آنتونی، هندو- اروپاییان/ نقش اسب و چرخ در گسترش زبانهای هندو- اروپایی، ترجمه خشایار بهاری، تهران: نشر فروزان روز، ١٣٩٥
٤ -ذوالفقاری، حسن، آموزش ویراستیاری و درستنویسی، تهران: نشر علم، ١٣٩٦
٥ -رابینو، ه ل، مازندران و استرآباد، ترجمه غالمعلی وحید مازندرانی، تهران: بنگاه ترجمه و نشر کتاب، ١٣٤٣
٦ــ فقیهنصیری، طهمورث، کلاردشت: زادگاه عالمه میرزا محمد طاهر تنکابنی طبرسی “فقیهنصیری”، تهران: شاهنامه ١٣٨٣
٧ -فیلد، هنری، مردمشناسی ایران، ترجمه عبدالله فریار، تهران: انتشارات کتابخانه ابن سینا، ١٣٣٤
٨ -کالر، جاناتان، فردینان دوسوسور، ترجمه کورش صفوی، تهران: هرمس، ١٣٩٣
٩ -ملکپور، علی، کلاردشت، تهران: کارآفرینان، ١٣٩٣
نووسین: موژگان کاڤووسی
وەرگێڕان: کاروان مێراوی