به هه‌ڵوه‌شانی ئیمپراتۆرییه‌تی ڕووسیای تزاری له كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كپارچه‌یی خاكی ئێرانیش كه به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی تێكده‌رانه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته فراوانخوازه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه و په‌لامار ببۆوه، بۆ ماوه‌یه‌ك له مه‌ترسی قوتاری بوو.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌دا، ده‌وڵه‌تی ئێران له‌م دۆخه‌دا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی (وسوقولدهوله) دا بوو (1336-1918ز)، وێڕای ئه‌و زیانه ئابوری و سیاسییه‌ی له سه‌رده‌می پێشوو به‌سه‌ریدا سه‌پێنرابوو، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه سود له ده‌رفه‌تی هه‌ڵوه‌شانی ڕووسیا بگرێت، كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی جۆراوجۆر له‌پێناو په‌ره‌پێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات، بخاته دووتوێی به‌رنامه‌ی كاره‌كانی.
له‌ته‌ك هه‌ندێ له‌م هه‌وڵانه‌دا له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش بۆ وڵاته‌كه، ڕیفۆرمی دارایی، پێكهێنانی سوپای یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵێك پێشنیاز و ستراتیژی بۆ گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئێران بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كانی ئێران خسته‌ڕوو له ئاسیای ناوه‌ند، قه‌فقاز (به‌تایبه‌ت له نه‌خچه‌وان)، كوردستانی عوسمانی و شوێنه پیرۆزه‌كان (عتبات عالیات).
وێڕای ئه‌مانه‌ش، وه‌فدی نوێنه‌رایه‌تی له ئێرانه‌وه به‌ره‌و كۆنفرانسی ئاشتی پاریس نێردرا ، پڕوپاگه‌نده‌ی به‌رفراوانی چاپه‌مه‌نی و سیاسیش بۆ سه‌رنجڕاكێشانی )هاوپه‌یمانان(سه‌باره‌ت به خواسته‌كانی ئێران له‌باره‌ی خاكه‌كه‌ی ئه‌نجام درا. داواش له نوێنه‌رانی سیاسی وڵاتانی ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا كرا تا هه‌نگاو بۆ پشتیوانی له‌م داخوازییانه بنێن.
شرۆڤه‌ی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی ئه‌م هه‌نگاوانه و شكسته‌كانیان كه ده‌ره‌نجامی پێشێلكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا بوون، هه‌ندێك له به‌رپرسانی ئێرانی هان دا تا له‌ڕێگه‌ی به‌ستنی په‌یماننامه‌ی به‌ناوبانگی (1919ز) ه‌وه وێڕای ڕیفۆرمی ئابوری و سوپا، بۆچوونی هاوپه‌یمانان له‌پێناو پشتیوانی له ئامانجه زه‌مینییه‌كانی ئێرانییه‌كان فه‌راهه‌م بكه‌ن. ئه‌گه‌رچی ئه‌م بابه‌ته له‌وه به‌رفراوانتره لێره‌دا بتوانرێ به كورتی بخرێته‌ڕوو، به‌ڵام له‌م نوسینه‌دا ته‌نها ئاماژه به یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه ده‌ده‌ین.
ده‌وڵه‌تی (وسوقولدهوله) بۆ به‌ده‌ستهێنانی هاوسۆزی ئه‌وانه‌ی به‌ره‌گه‌ز ئێرانین و له ناوچه‌كانی دراوسێدا ده‌ژین، به‌شێوه‌ی نهێنی كۆمه‌ڵێك نوێنه‌ری به‌ئه‌زموون و گۆشكراوی بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌رانه نارد تا له‌ڕێگه‌ی دیدار و دانوستاندن، بۆچوونی سه‌رانی ئه‌و ناوچانه له‌پێناو لكاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان به ئێرانه‌وه ڕاكێش بكه‌ن. یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی ئه‌م نوێنه‌رانه ئه‌وه بوو كه به‌رپرسانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه ڕازی بكه‌ن تا له ڕێگه‌ی ناردنی ته‌له‌گراف و نامه‌وه بۆ كۆنفرانسی ئاشتی پاریس و سه‌رانی وڵاتانی هاوپه‌یمان، ئه‌م داخوازیه‌ی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، كۆمه‌ڵێك نوێنه‌ر بۆ (باكۆ، نه‌خچه‌وان، وان و هه‌كاری، بایه‌زید و موسڵ…) نێردران.
دوای دیدار و چاوپێكه‌وتنی (مشاورولمهمالیك) وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ وه‌فدی نوێنه‌رایه‌تی ئێران له كۆنفرانسی ئاشتی پاریس له (جه‌مادی یه‌كه‌می 1337ق-شوباتی 1919ز)، په‌یوه‌ندی به هه‌ردوو كه‌سایه‌تی كوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی واتا (شێخ عه‌بدولقادر) و (شه‌ریف پاشا) له ئیسلامبول بكرێت، هه‌ردوو كه‌سایه‌تییه‌كه هان بدرێن. وه‌فدی ده‌وڵه‌تی ئێران به چاودێری وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه، نوێنه‌رێ به كارنامه‌ی نهێنیه‌وه بۆ موسڵ بنێردرێت تا نوێنه‌ره‌كه چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌ركرده ناوچه‌ییه‌كاندا بكات و هانیان بدات ببنه به‌شێك له ئێران .
یه‌كێك له‌م نوێنه‌رانه، (ئه‌سه‌دوڵڵا خان موئه‌یه‌دی حزوور) بوو، ناوبراو له به‌ڕێوه‌به‌ره بهئهزموونهكانی وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بوو كه وه‌ك نوێنه‌ر بۆ شاری موسڵ نێردرا.
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی له كارنامه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه به ناوبراو ڕاگه‌یه‌نرا، بریتی بوو له‌وه‌ی كه ده‌بوایه:”…هۆزه‌كانی كورد هان بدات تا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆیان كه هاوڵاتێتی ئێرانییه و ببنه به‌شێك له ئێران، به‌هه‌ر چه‌شنێك بێ دڵی هه‌مووان كه‌مه‌ندكێش و ئومێده‌وار بكه‌ن تا خودی كورده‌كان ڕه‌زامه‌ندی خۆیان بۆ ده‌وڵه‌تی ئێران به سه‌ركرده‌كانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته و سه‌فاره‌تخانه بیانییه‌كان له تاران و ده‌وڵه‌ته مه‌زنه‌كان به‌تایبه‌ت به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا ڕابگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها ته‌له‌گراف و نامه‌ی نوسراو بۆ كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی ئاشتی له پاریس بنێرن….”
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان، شێخ عه‌بدولقادر و شه‌ریف پاشا له درێژه‌ی دانوستاندنه‌كانیان له‌گه‌ڵ (مشاورومهمالیك) له ئیسلامبول له په‌راوێزی كۆنفرانسی ئاشتی پاریسیش، دوای دیدار و ڕاوێژیان له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئێرانی‌دا كۆمه‌ڵێك ڕێككه‌وتنیان ئه‌نجام دا، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش كۆمه‌ڵێك نامه‌یان له‌ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران و حكومڕانانی كوردستانی ئێرانه‌وه بۆ سه‌رانی كوردی عوسمانی نارد.
ته‌نانه‌ت له‌م قۆناغه‌دا، به‌رپرسانی ئێرانی بڕیاریان دا كه وێڕای ئاگاداركردنه‌وه‌ی به‌رپرسانی به‌ریتانیا له ده‌ڤه‌ری میزۆپۆتامیادا، زه‌مینه بۆ نوێنه‌ره‌كانی ئێران له موسڵ له‌پێناو هێنانه‌دی ئه‌و داخوازییه‌ی كورد بڕه‌خسێنن . ئه‌ركی نوێنه‌رانی ئێران له موسڵ ئه‌و بوو كه دیدار و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ لێپرسراوان و زانایان و سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌نجام بده‌ن، هۆشداری ئه‌وه‌شیان بده‌نێ كه هه‌ركام له عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن ده‌یانه‌وێ ناوچه كوردنشینه‌كان به وڵاتانیانهوه بلكێنن، له‌كاتێكدا ئێوه‌ی كورد هیچ جۆره ته‌بایی و گونجانێكی نه‌ته‌وه‌یی و میللیتان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ندا نییه، زاڵبوونیشیان به‌سه‌ر كورد به قازانجی ژیارییانه‌ی كورده‌كان نییه. كه‌واته:”…وڵاتی ئێران خاكی ڕه‌سه‌نی ئێوه‌یه و وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی بێگانه مامه‌ڵه‌تان له‌ته‌كدا ناكات…”.
له‌پێناو یاریده‌دانی نوێنه‌رانی ئێران له موسڵ، كارنامه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ویلایه‌ت و ئه‌یاله‌ته‌كانی سه‌رسنوری ئێران و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه نێردرا تا هاریكاریی و ئاسانكاری پێویستیش بۆ ئه‌و نوێنه‌رانه ئه‌نجام بده‌ن. یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه، ده‌بوایه ئاڵوگۆڕی نامه و نامهكارییهكان نهێنی بن. (موییهدی حزور) ڕا‌سپێردرا تا بۆ ده‌وروبه‌ری شاری موسڵ بچێ، دوای ئه‌نجامدانی هه‌نگاوی پێویست، ڕاپۆرته‌كانی خۆی له موسڵه‌وه به ته‌له‌گراف و به‌شێوه‌ی ڕه‌مز بنێرێ، له‌كاتی بوونی كۆنتڕۆڵ و سانسۆری بهریتانییهكانیشدا، سه‌ره‌تا ڕاپۆرته‌كان له‌ڕێگه‌ی قاسیدهوه له موسڵه‌وه به‌ره‌و ورمێ و سابڵا‌غ یا نزیكترین خاڵی سه‌رسنور بنێردرێن، پاشان له‌وێوه بۆ تاران بنێردرێن یاخود ته‌له‌گراف بكرێن.
كاتێك له ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفرانسی ئاشتی پاریس ئاشكرا بوو كه ئینگلیزه‌كان نایانه‌وێ كورد ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ به حكومه‌تێكی ئه‌رمه‌نی له ئاسیای بچوك یاخود عه‌ره‌ب له ناوچه‌ی نێوان دووڕووبارهوه بلكێنن ، (مشاورولمهمالیك) وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه و (مومتازولسهڵتهنه) باڵیۆزی ئێران له پاریس، بڕه‌وی زیاتریان به چالاكییه‌كانی خۆیان دا، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ (شه‌ریف پاشای خه‌ندان) داوایان لێ‌كرد تا دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان ئه‌نجام بدات بۆئه‌وه‌ی ڕازی ببن كه ڕه‌زامه‌ندی ده‌رببڕن له‌سه‌ر لكاندنی ناوچه كوردنشینه‌كان به ئێرانه‌وه.
له‌م دیداره‌دا، شه‌ریف پاشا به وه‌فدی ئێرانی ڕاگه‌یاند خودی خۆی ڕه‌زامه‌نده له‌سه‌ر لكاندنی به ئێرانه‌وه، نامه‌یه‌كی له‌باره‌ی ئینتیمای ئێرانیانه‌ی خۆی ڕاده‌ستی (مشاورولمهمالیك) كرد تا كۆپییه‌كی له ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه بۆ (نامیق به‌گ) بنێردرێ كه یه‌كێك بوو له سه‌رۆكه‌كانی كورد له موسڵ، شه‌ریف پاشا له نامه‌كه‌ی خۆیدا بۆ (نامیق به‌گ) نوسیویه‌تی:”… بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان زۆر ناهه‌مواره، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌وڵه‌تی عوسمانی دابه‌ش ده‌بێ. ده‌یانه‌وێ كوردستان ببێته به‌شێك له ئه‌رمه‌نستان یان پاشكۆی عه‌ره‌بستان، من و سه‌رۆكه‌كانی كورد به‌تایبه‌ت شێخ عه‌بدولقادر ئه‌فه‌ندی و مسته‌فا پاشا و ئه‌وانی دیكه‌ش، له‌و بڕوایه‌داین كوردستان (عوسمانی) له‌ژێر حكومڕانی ئێران‌دا بێت ئه‌وا دین و نه‌ته‌وه‌كه پارێزراو ده‌مێنێته‌وه، تۆش له‌م بواره‌دا له ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستان و لای مه‌حمود پاشای سه‌رۆكی هۆزی جاف، هه‌نگاوی خۆت بنێ و خه‌ڵك وه‌ها لێبكه هه‌مان داخوازییان هه‌بێت….”.
به‌گوێره‌ی ئه‌م دانوستاندنانه‌ی سه‌ره‌وه، (موییهدی حزور) ڕا‌سپێردرا كه پڕوپاگه‌نده بۆ تێڕوانین و بۆچوونه‌كانی شه‌ریف پاشای خه‌ندان و شێخ عه‌بدولقادر له سنوری چالاكییه‌كانیدا بكات، نامیق به‌گیش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه بۆ به‌ڵێنی هاریكاریی بانگهێشت بكات و وه‌ك راوێژكارێك سودی لێوه‌ربگرن.
چوونی (موییهدی حزور) بۆ ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایانی به‌ریتانیا له به‌غداد، هه‌ستیارییان له هه‌مبه‌ریدا دهربڕٍیوه، بۆ ناساندنی ناوبراویش داوای ڕوونكردنه‌وه‌یان له سه‌ركونسوڵگه‌ری ئێران كردووه، وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ش ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسیاره ڕایگه‌یاندووه كه ناوبراو بۆ سه‌رپه‌رشتی هاوڵاتیانی ئێرانی، بۆ شاری موسڵ نێردراوه.
(موییهدی حزور) كۆمه‌ڵێك ته‌له‌گرافی ده‌رباره‌ی دۆخی سیاسی و سه‌ربازی ناوچه‌كه بۆ تاران نارد، به‌تایبه‌تی ده‌رباری شۆڕشی كورده‌كان دژ به به‌ریتانیا، له‌به‌ر ئه‌م فاكته‌ره‌ش كاتێك ئینگلیزه‌كان گه‌شه‌یان به پلانی ئاسایش دا، چاودێری به‌سه‌ر ته‌له‌گراف و نامه پۆستییهكانیش زیاد كرا. ناوبراو ناچار بوو ڕاپۆرته‌كان به په‌یك بگه‌یه‌نێته سابڵاخ، له‌وێشه‌وه به ته‌له‌گراف بۆ تاران بنێردرێن.
له‌به‌ر ئه‌م فاكته‌ره‌ش، وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێران پێشنیازی كرد كه حكومه‌تی كوردستان دوو كه‌س وه‌ك په‌یك دابنێ و به‌په‌له ڕاپۆرته‌كان بگه‌یه‌ننه نێو خاكی ئێران، تا له‌وێوه به ته‌له‌گراف بۆ تاران بنێردرێن.
هاوكات له‌گه‌ڵ قه‌یرانی دۆخی موسڵ و ده‌وروبه‌ریدا، فه‌رمانڕه‌وای ئینگلیز له موسڵ (كۆلۆنێڵ لیچمان) بانگهێشتی (موییهدی حزور)ی كرد، داوای لێ‌كرد نامه‌یه‌كی متمانه‌پێكراو (ئیعتبارنامه) بهێنێ به‌مه‌رجێك سه‌فاره‌تی به‌ریتانیا له تارانه‌وه پشتیوانی كردبێت. (موییهدی حزور) ڕایگه‌یاند كه سه‌رپه‌رشتی هاوڵاتیانی ئێرانی ده‌كات و كونسوڵ نییه. ناوبراو له ڕاپۆرته‌كه‌ی خۆیدا بۆ تاران، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ی وه‌ك كه‌سێكی به‌دكار ناوبردووه، داواشی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌فاره‌تی به‌ریتانیا له تاران، راسپارده‌ی پێویست ده‌رباره‌ی ئه‌و بۆ فه‌رمانڕه‌وای موسڵ بنێرێت.
فه‌رمانره‌وای به‌ریتانیا له موسڵ، (20) رۆژ دواتر له (15ی ره‌مه‌زانی 1337 قه‌مه‌ری به‌رامبه‌ر 6ی حوزه‌یرانی 1919ز) به (موییهدی حزور)ی ڕاگه‌یاند كه له تاران پرس و ڕاوێژیان له‌باره‌یه‌وه كردووه، تا ساتی گه‌یشتنی وه‌ڵامی سه‌فاره‌تی به‌ریتانیا له تاران، تۆ به فه‌رمی ناناسین و مافی ده‌ستوه‌ردانت له كاروباری هاوڵاتیانی ئێران‌دا نییه.
(موییهدی حزور) له تهلهگرافێكیتردا به وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌ی بۆ شاری موسڵ هه‌ڵه بووه، ده‌بوایه له شاری سلێمانی سه‌رقاڵی چالاكی و دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورد بووایه، چونكه دانیشتوانی شاری موسڵ بریتین له عه‌ره‌ب، مه‌سیحی و تورك. هۆزه‌كانی كوردیش له چه‌ند فرسه‌خێكی دوور له شاری موسڵ نیشته‌جێن، ئه‌ویش به‌هۆی شێواوی و جه‌نگی كورد له‌گه‌ڵ ئینگلیزدا، رێگاكه داخراوه و كێشه‌ی بۆ هاتوچۆ و چالاكییه‌كانی دروست كردووه.
ئینگلیزه‌كانیش كه ئاگاداری هه‌نگاوه‌كانی (موییهدی حزور) بوون، به‌و بیانووه‌ی ناوبراو به فه‌رمی له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وای موسڵ نه‌ناسێنراوه، ده‌ستگیری ده‌كه‌ن.
(موییهدی حزور) ده‌رباره‌ی دواهه‌نگاوی خۆی ده‌نوسێ:”… دوو رۆژ به‌رله چوونم بۆ شاری موسڵ، چاوم به شێخ به‌هائه‌دین و شێخ سه‌لیم كه‌وت كه له شێخ مه‌زن و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردن و چه‌ند فرسه‌خێك له دووری موسڵه‌وه نیشته‌جێن، تهلهگرافمان نوسی تا بیده‌نه هۆزه‌كانی موسڵ بۆئه‌وه‌ی ئیمزای بكه‌ن، فدێویش بنێرم بۆ سابڵا‌غ تا له‌وێوه بینێرێ، نوێنه‌ری تایبه‌تیشم نارد بۆ وه‌رگرتنی ته‌له‌گراف له خه‌ڵكی هه‌ولێر و ره‌واندز….”.
له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وای ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا له شاری موسڵ، نیگه‌ران بوو له چالاكییه نهێنییه‌كانی نوێنه‌رانی ئێران له كوردستانی عوسمانی و مه‌سه‌له‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك هۆزه‌كانی كورد له ئێران، هه‌ربۆیه ده‌یویست به یه‌كجاره‌كی كۆتایی به چالاكییه‌كانی (موییهدی حزور) بهێنێ.
(موییهدی حزور) له‌م باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی:”….له‌كاتێكدا سه‌رجه‌م كوردستانی عوسمانیم به‌هۆی ئینگلیزه‌كانه‌وه لێ قه‌ده‌غه كرا و هاتوچۆ داخرا، بۆ خوله‌كێكیش ئاسوده نه‌بووم، ته‌نانه‌ت دانیشتوانی شاری موسڵ ده‌یانویست كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به به‌شداری سه‌رۆك هۆزه‌كان ئه‌نجام بده‌ن، دانوستاندنی تیادا بكه‌ن و دوابڕیاری خۆیان بده‌ن كه له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌گرافه‌وه ئاره‌زووی خۆیان بۆ ئه‌م كاره ده‌رببڕن (واتا بۆ پشتیوانی له پرۆسه‌ی لكاندنی ویلایه‌تی موسڵ به ئێران…)، به‌هۆی ئه‌م پێشهاتانه‌وه:”هه‌موو ماندووێتی (فدێوی) به‌فیڕۆچوو، ئاسانیشه له چاوه‌نۆڕی دانیشتوانی موسڵدا، سوكایه‌تیش به ده‌وڵه‌ت كرا”.
(موییهدی حزور) ده‌رباره‌ی ڕێگریی ئینگلیزه‌كان، نووسیویه‌تی:”مه‌به‌ستی ئینگلیزه‌كان له‌م ره‌فتارانه‌یان بۆ ئه‌وه بوو كه ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر دانیشتوانی موسڵدا بسه‌پێنن، وێڕای ئه‌مانه‌ش ناوی ئێران لێره نه‌بێ”.
(موییهدی حزور) به‌رله‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێت، سه‌رجه‌م ڕاپۆرت و بڕیاره‌كانی خۆی ده‌شارێته‌وه، ته‌نها زیانی ئابوری پێده‌گه‌یه‌نن، هه‌ربۆیه‌شه داوای هاریكاریی ماددی ده‌كات تا بتوانێ بگه‌ڕێته‌وه.
وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش له نامه‌یه‌كی نوسراودا، ڕه‌خنه له‌م هه‌نگاوه‌ی ئینگلیزه‌كان له‌هه‌مبه‌ر (موییهدی حزور) ده‌گرن و ده‌نوسن:”…كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی به‌غداد، ئازاری موییهدی حزورییان داوه كه بۆ سه‌رپه‌رشتی هاوڵاتیانی ئێرانی له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌وه بۆ شاری موسڵ نێردرابوو، ناوبراویان بۆ ماوه‌ی شه‌ش كاتژمێر له شاری موسڵ ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه و بۆ به‌غدادیان ناردووه….”.
وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێران داوای له باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا كرد كه به‌خۆیاندا بچنه‌وه له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و ره‌فتاره توند و سوكایه‌تیانه‌ی له‌گه‌ڵ موییهدی حزوردا ئه‌نجامیان داوه، له نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌شیان وه‌بیر هێنایه‌وه “….ره‌فتاری حكومه‌تی به‌غداد له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی ڕاشكاوانه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا ناگونجێ و سوكایه‌تییه به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كه‌مان…”.
سه‌ره‌نجام وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه وێڕای داواكارییه‌كه‌ی ئێران بۆ داوای لێبورده‌یی له‌م ره‌فتاره سوكایه‌تییه، ڕایگه‌یاند:”….پێویستیش ناكات ئه‌وه ڕوون بكه‌ینه‌وه كه ده‌ركردنی نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی ئێران به‌م چه‌شنه له شاری موسڵ، چ كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر دانیشتوانی ئه‌وێ هه‌بووه كه هه‌میشه نوێنه‌رانی ئێران به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه له‌گه‌ڵیاندا جوڵاونه‌ته‌وه…”.
(موییهدی حزور) به‌هۆی نه‌بوونی مۆڵه‌ته‌وه كه‌لوپه‌له سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی كۆكردۆته‌وه‌و له شاری موسڵ جێی هێشتوون، به‌ناچاری دوو ئه‌سپ و ئێسترێكی خۆی كه به بڕی (360) تمه‌ن كڕیونی، به (32) لیره فرۆشتویه‌تی هه‌ربۆیه‌شه زیانی ماددی به‌ركه‌وتووه، ده‌وڵه‌تی ئێران بڕی (400) تمه‌نی بۆ حه‌واڵه ده‌كات تا (موییهدی حزور) بتوانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران.
به‌سه‌رهاتی (موییهدی حزور) و هه‌وڵه سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌ی بۆ ڕێگاخۆشكردن له‌پێناو زه‌مینه‌ی گه‌شه‌پێدانی ڕۆڵی ئێران له ده‌ڤه‌ره كوردنشینه‌كانی دراوسێ، ته‌نها یه‌ك نمونه‌یه له كۆی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی (وسوقو لدهوله) له‌و بواره‌دا، ئه‌م حكومه‌ته له بوارهكانیتریشدا كۆمه‌ڵێك چالاكی هاوشێوه‌ی ئه‌نجام دا، ئه‌و هه‌وڵانه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م به‌هۆی بێ به‌ڵێنی و دژایه‌تی به‌ریتانییه‌كانه‌وه كه وابڕیار بوو به‌پێی ڕێككه‌وتنامه‌ی (1919ز) وه‌ك هاوپه‌یمانێكی ئێران جێبه‌جێیان بكات، نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام.
یهكێكیتر له‌م هه‌نگاوانه‌ش، هه‌وڵدان بوو بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌شه داگیركراوه‌كه‌ی ناوچه‌ی خۆراسان بوو كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیادا بوو، ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كیش كه‌وته ژێر ڕكێفی ئێران. ههوڵێكیتریش ناوچه‌ی (نه‌خچه‌وان) بوو كه وێڕای حه‌ز و ئاره‌زووی ڕاشكاوانه‌ی دانیشتوانه موسڵمانه‌كه‌ی بۆ لكاندنیان به ئێرانه‌وه، به‌هۆی بێ به‌ڵێنی به‌ریتانیاوه نه‌گه‌یشته ئه‌نجام.
پەراوێزەکان:
١- وسوقولدهوله (1873-1950) چه‌ندین خول سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێران بووه. (وه‌رگێر)
سەرچاوە:
رضا أذري شهررضايي: مامور ما در موصل (1337ق-1919م)،ص (194-200) مجله گفتگو، بهمن 1384، شماره 45.
نووسین: ره‌زا ئازه‌ری شههررهزایی
وەرگێڕانی: د. کارزان محەمەد