“دەروازە”
لە دوای کوشتنی “رەفیق حەریری” سەرۆکوەزیرانی “لوبنان” لە ساڵی ٢٠٠٥، لوبنان بە چەندین قەیرانی سیاسییەوە دەرباز دەبێت، بەڵام ئەوەی کە زۆرترین کاریگەریی لەسەر لوبنان هەبووە بریتییە؛ لە قەیرانی ئابووریی، پەتای کۆرۆنا، دابەزینی بەهای دراو و بوونی چەکدارەکانی “حزبوڵا” کە چیتر ناتوانین ئەم چەکدارانە بە بوونی ”دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا” وەسفبکەین بەڵکو باشترە ئەم چەکدارانە ناوبنرێن بۆ بوونی دەوڵەتێکی بچووکی بەهێز لە ناو دەوڵەتێکی گەورەی لاوازدا. میلییشیایەک کە پابەندی هیچ رێسا و یاسایەکی ناوخۆیی ونێودەوڵەتی نییە. چونکە بە هەموو پێوەرەکان لە حاڵی حازردا، “حزبوڵا” لە حکومەتەکەی بەیروت بەهێزتر و سەقامگیرترە. تەنانەت توانای ئاراستەکردنی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی لوبنانیشی هەیە جا چ بە ئاراستەیەکی باش بێت و لەگەڵ بنەماکانی سیستەمی نێودەوڵەتی بگونجێت یاخود بە پێچەوانەی نەزمی جیهانییەوە بێت.
“قەیرانی ئابووریی”
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە لوبنان پێێ نایە کۆمەڵێک قەیرانی جیدییەوە؛ قەیرانەکانی وەک رووخانی حکومەت، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تەقینەوەی گەورەترین بەندەری ئەم وڵاتە و لە هەموویان گرنگتر؛ داڕمانی نرخی لیرەی ئەم وڵاتە بۆ نزیکەی ٨٠٪ لەهەمبەر نرخی دۆڵار. ئەمەش وایکرد کە “لوبنان” نەتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەک کارەبا و ئاوی خورادنەوە و بەنزین بۆ هاوڵاتیانی خۆی دابین بکات تا کار گەیشتە ئەوەی کە حکومەتی “بەیروت” تەنانەت پارەی نەبوو کە زبڵ و خاشاک لە کۆڵان و شەقامەکانی “بەیروت” پاک بکاتەوە. داڕمانی ئابووری لوبنان بە ئاستێک گەیشتووە کە تەنانەت ناتوانێت نە لە ناوەوە تەزوی کارەبا بۆ هاوڵاتیانی بەرهەمبهێنێت و دابین بکات و، نە دەتوانێ لە دەرەوە کارەبا هاوردە بکات. گەورە کۆمپانیای تورکی ‘کاروپاوێرشیپ” کە یەکێک لە کۆمپانیاکانی هەناردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ لوبنانە، چیتر ئامادە نییە کارەبا بۆ “لوبنان” دابینبکات ئەمەش وایکرد کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە، هاوڵاتی لوبنانی لە بیست و چوار کاتژمێردا، کەمتر لە چوار کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەبێت. هۆکاری بڕینی تەزوی کارەباش لەلایەن ئەم کۆمپانیایەوە بریتیبوو لەوەی کە، حکومەتی بەیروت ناتوانێ بڕی سەد ملیۆن دۆلار قەرزی ئەم کۆمپانیایە بداتەوە کە کارەبا بۆ “لوبنان” دابین دەکات. گشت ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا، بەیروتییەکان خۆپیشاندان لە دژی حکومەت ئەنجامبدەن و دروشمی خۆپێشاندانەکانیش بریتیبوو لە ”شۆڕشی نان”؛ دروشمێک کە شۆڕشەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا بەبیر مرۆڤ دێنێتەوە کە رەعییەت و جوتیارەکان لە دژی دەرەبەگەکان لەپێناو بەدەستهێنانی خۆراک، شۆڕشی قەبارە بچووکیان ئەنجامدەدا.
داڕمانی ئابووری و نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتبەستن بە جیهانی دەرەوە، جیهانێک کە خودی خۆی تووشی قەیرانی ئابووری و پەتای کۆڕۆنا بووە، هۆکارێکبوون کە “لوبنان” ناچار بکات لە دوو ساڵی رابردوودا لەگەڵ بانکی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی دراو لە گفتوگۆدابێت بۆ ئەوەی کە بتوانێت بڕی دە ملیار دۆلار وەک قەرز وەربگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە حاڵی حازردا “لوبنان” پتر لە ٨٠ ملیار دۆلار قەرزدارە؛ واتە نزیکەی ١٧٠٪ پتر لە ئاستی بەرهەمهێنانی نا-پوختەی نیشتیمانی ئەم وڵاتە لە یەک ساڵدا. قەرزەکانی “لوبنان” تەنیا لە چوارچێوەی ”یۆرۆ بۆند”دا، واتە؛ ئەو قەرزانەی کە لە یەکێتی ئەوروپای وەرگرتووە پتر لە ٣٠ ملیار دۆلارە.
پارساڵ، حکومەتی بەیروت رایگەیاند؛ نەک تەنیا ناتوانێ ئەم قەرزانە بداتەوە، بەڵکو تەنانەت ناتوانێ ئەو سوودەی کە هاتووتە سەر ئەم قەرزانەش بداتەوە. دوو رێکخراوە جیهانیەکەش تا ئێستا ئامادە نەبوونە کە قەرز بە لوبنان بدەن و لەهەمبەردا داوای گرتنەبەری سیاسەتی هەمووارکردنەوەی ستراکتۆرە ئابورییەکان لە لوبنان دەکات.
میژووی ئەم جۆرە سیاسەت و تێکارانەش کۆنە و زۆرتر دەبێتە هۆی لەرزۆکبوونی ئابووری ئەم وڵاتانە و ملکەچبوون بۆ هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی لەبری بەهێز بوونی ئابووریی وڵاتەکە. لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا، بانکی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی دراو، بەرنامەی هەمووارکردنی ستراکتۆرەکانی (Structural Adjustment Programmes) بەسەر وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا سەپاند، تا ستراکتۆری ئابووری خۆیان هەموار بکەنەوە و لەم ڕێگەیەوە پەیڕەوی لە بنەماکانی ئابوری نیۆلیبرال بکەن، ئەویش وەک پێشمەرجێک بۆ دانەوەی سوودی پێشینەکان (قەرز). گشت ئەم سیاسەتانەش بۆ کەمکردنەوەی دەستێوەردانی دەوڵەت لە کەرتی ئابووری و هاندان بەرەو بەتایبەتکردن و بازرگانی ئازاد و کەمکردنەوەی باج و تەعریفە لەسەر کاڵا هاوردەکان و کەمکردنەوەی “سوبسید” لەسەر کەرتی خزمەتگوزاریی لە وڵاتانی دۆخی گەشەسەندندا داڕێژرا. وڵاتە پێشکەتووەکان مەرجی قورسیان بەسەر وڵاتانی هەژاردا سەپاند، لەبری یارمەتیدانی ئەم وڵاتانە.
ئەمەی کە شارەزای سیاسەتی هەمووارکردنەوەی ستراکتۆرەکان بێت، دەزانێت کە چۆن بە پێی ئەم سیاسەتە وڵات دەبێ ملکەچی بنەماکانی بازاری ئازاد و لیبرالیزمی ئابووری لەسەر ئاستی جیهاندا بێت. چۆن ئابووری وڵات هەرەس دێنێت. بۆ نموونە، بە پێی ڕاپۆرتی گەشەسەندنی مرۆیی لە ساڵی ٢٠٠٢دا، لە کۆی ٥٠ وڵاتی ئەفریقیا ٢٩ وڵات، لەبری تەرخانکردنی زۆرترین ڕێژەی داهاتەکەیان لە کەرتی تەندروستی، زۆرترین داهاتەکەیان بۆ دانەوەی قەرزەکانیان تەرخانکردووە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندوستی جیهانی (٢٠١٣)، کە بە ڕاپۆرتی “قەرز” ناونراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە حاڵی حازردا، ٤١ وڵات بە وڵاتی هەژاری زۆر قەرزدار ناسراون، ٣٣ لەم وڵاتانە لە ئەفریقیان، چوار لە ئەمریکای لاتین، سێ لە ئاسیا و یەک وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. کۆی گشتی قەرزی وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا لە ساڵی ١٩٩٥دا، ٤١٪ کۆی گشتی بەرهەمی نا-پوختەی نیشتیمانی (GNP) ئەم ولاتانەی پێکدێنا. لە کاتێکدا، کە کۆی گشتی ئەو هاوکارییە داراییانەی کە وەریانگرتبوو کەمتر بوو لە ٠.٩٪ ی کۆی گشتی بەرهەمی نا-پوختەی نیشتیمانی ئەم وڵاتانە’ واتە پتر لە ٤٠٪ بریتی بوو لە سوودی قەرز کە بەسەر وڵاتە هەژارەکاندا سەپێنرابوو.
کەواتە بەپێێ ئەم بەڵگانەی سەرەوە؛ قەرز لەبری ئاوەدانکردن و بونیاتنانەوەی “لوبنان” دەبێتە هۆی پوکانەوەی زۆرتری ئەم وڵاتە. بەپێی راپۆرتی بانکی جیهانی کە لە ١/٦/٢٠٢١ بڵاوکرایەوە؛ لوبنان بەوە وەسفکراوە کە لە قەیرانی ئابووری قورسا دەژیت و لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە کە بە پێی راپۆرتەکە، لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم، قەیرانی دارایی “لوبنان” لە نێوان سێ قەیرانە هەرە بەرجەستەکان لەو سەردەمەوە تا ئێستا هەژمار دەکرێت. قەیرانێک کە رۆژ بەرۆژ دەبێتە هۆی لاوازکردنی توانای بەرهەمهێنانی کەرتی ئابووریی لە لوبنان. بە پێی راپۆرتی (Lebanon Economic Monitor) کە لە بەهاری ساڵی ٢٠٢١دا بڵاوکرایەوە، کۆی گشتی بەرهەمی نا-پوختەی لوبنان (GDP)لە ساڵی ٢٠١٨دا نزیکەی ٥٥ ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە، کەچی ئەم رێژەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٠، بۆ نزیکەی ٣٣ ملیار دۆلار کەمیکردووە، واتە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٨، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەرهەمی نا-پوختەی نیشتیمانی بۆ نزیکەی ٤٠٪ کەمیکردووە. ئەم دابەزینەش وەک ئاشکرایە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی بژێوی ژیانی هاووڵاتی دادەنێت و رێژەیەکی زۆرتری هاووڵاتی لە هێلی هەژاری نزیکدەکاتەوە. هەر بۆیەش بە پێێ پێشبینی و ڕاپۆرتەکانی پتر لە ٥٠٪ خەڵکی “لوبنان” لە ژێر هێلی هەژارییەوە دەژین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێژەی دانیشتوانی “لوبنان” کەمتر لە هەفت ملیۆن کەسە و وڵاتێکە کە خاوەن سەرچاوی سروشتی و دەستگەیشتن بە دەریاکان و ناوچەی سەرنجراکێشی گەشتیارین.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوی خۆراکی جیهانی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، ڕووپێوەکی لە لوبنان ئەنجامداوە، داتاکانی ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ٤١٪، خانەوادەکانی “لوبنان” کێشەیان لە کڕینی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان هەیە، واتە توانای کڕێنی پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ژیانیان نیە. بە پێی هەمان ڕاپۆرت لە مانگەکانی جولایی و ئۆگۆست نزیکەی ٢٥٪ خانەوادەکانی “لوبنان” گرفتیان هەبوو لە دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی کەچی لە دوای دوو بۆ سێ مانگ، واتە؛ لە مانگەکانی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەری هەمان ساڵ، ئەم ڕێژەیە بۆ ٣٦٪ بەرزبووەتەوە. بەهەمان شێوە رێژەی بێکاری کە لە مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٢٨٪ بوو، لە کۆتایی ساڵ بۆ پتر لە ٤٠٪ بەرزبووەتەوە. زیاد لەمەش بە پێی داتاکانی رێکخراوی شەفافیەت کە رێکخراوێکی جیهانی و متمانەپێکراوە لە بواری دیارکردنی ئاستی گەندەڵێ لە وڵاتان، لە ساڵی ٢٠٢٠، لوبنان لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان، ١٤٩یەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهان بووە و ئەم وڵاتە لە کۆی گشتی ١٠٠ خاڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنیا ٢٥ خاڵی بەدەستهێناوە.
کەواتە ئەگەر بێتوو سەیری ئەم داتانە بکەین؛ سەرەداوەکمان بە دەستدەکەوێت لەبارەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانە بەرفراوان، جەماوەری و بەردەوامەکەی خەڵکی “لوبنان” لە دژی دەسەڵاتی سیاسی. ئەمەو سەرەڕای هۆکارە سیاسی و مێژووییەکانی چۆنیەتی دامەزراندنی دەوڵەتی لوبنان کە هەر وەک ئێراق و وڵاتانیتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک نەتەوە و ئایین و زمانی جیاوازی بەزۆر پێکەوە لکێنراون و جوگرافیایەکیان دروستکردووە بە ناوی دەوڵەت کەچی کەمترین خەسڵەتی دەوڵەتی مۆدێرن تێدا بەدیدەکرێت.
“پوختە”
لە حاڵی حازردا؛ لوبنان بووەتە وڵاتی قەیران و خۆپێشاندان و مانگرتنەکان و ڕووخانی یەک لە دوای یەکی حکومەتەکان. نموونەی “لوبنان” هاوشێوەی نموونەی وڵاتانیتری ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست وەک، (ئەفغانستان، پاکستان، ئێراق، سوریا و ئێران و یەمەن و چەندین وڵاتیتر….)، نیشاندەری ئەوەن کە چیتر ئەم دەوڵەتانە بەو ستراکتۆر و قەوارەیەی کە هەن بتوانن ئاسایشی هاوڵاتی و سەقامگیریی وڵات بپارێزن. بۆیە ئەگەر واقعبین بین و هزر لە داهاتووی نەوەکانی ئەم ناوچەیە بکەینەوە، بەو راستییە دەگەین؛ شێوازێکیتری دەوڵەتداری بۆ ئەم ناوچەیە پێویستە. شێوازێک کە تێدا دەوڵەت لەگەڵ تموحاتی نەتەوە جیاوازەکانی ناو دەوڵەتەکە بگونجێت. ئەمە دوایین چارەسەر نییە، بەڵکو هەنگاوی یەکەمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.