بە پشت بەستن بەو بۆچوونانەی لە بەشی ” ئاسیای ناوەڕاست لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران ” کە لە سەرەوە باس کرا، دەکرێت ئامانجە لە پێشینەکانی ئێران لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست بەو شێوەی خوارەوە کورت بکرێتەوە:
1-پارێزگاریکردن لە هاوسەنگییە جیهانی و هەرێمییەکان لە ئاسیای ناوەڕاست
ئەمەش بەو مانایە دێت ئێران دژی زیادبوونی کاریگەری ئەکتەرەکانی دەرەوەی ئاسیای ناوەڕاستە لە ناوچەکەدا، وەک ئەمریکا و تورکیا. لەم ڕووانگەیەوە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ڕووسیا وەک زلهێزێکی جیهانی زۆر گرنگە بۆ تاران لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست. کەواتە ئەوەی لێرەدا دەوترێت ئەوەیە کە ئێران بەرژەوەندی ڕووسیا لە ئاسیای ناوەڕاست لەبەرچاو دەگرێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ئێران لە ناوچەکەدا هیچ جۆرە سیاسەتێک لەپێش ناگرێت کە زیان بدات لە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران. ئەم جۆرە تێڕوانینەش لەسەردەمی عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئێران بەم شێوەیە گوزارشتی لێکراوە “ئێمە سیاسەتی خۆمان لە هەرێمەکە لەسەر بیرۆکەی شەڕنەکردن و رووبەڕوونەبوونەوە لەگەڵ مۆسکۆ بنیات دەنێین دوای هەموو شتێک دەرئەنجام ئێمە دراوسێین”
2- پشتیوانی لە ئاشتی و سەقامگیریی ژینگەی سیاسی لە ئاسیای ناوەڕاست
ئامانجی ئێران دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتییە لە ئاسیای ناوەڕاست، ئیران کە لە لایەن دراوسێ ناسەقامگیرەکان لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتەوە گەمارۆ دراوە، بۆیە باکوری ڕۆژهەڵات داوای ئاشتی دەکات. هەروەک سەرۆک کۆماری پیشووی ئێران هاشمی رەفسنجانی دەڵێت “ئێران بە هیچ شێوەیەک تەحەمولی ناسەقامگیری ناکات لە سنوورەکانی خۆیدا” لێرەدا بەو ئەنجامە دەگەین کە تاران پشتگیری لە ڕژێمە سەقامگیرەکان دەکات لە ئاسیای ناوەڕاست. کەواتە ئەو ووتەیە کە رۆبرت کاگان (Robert Kagan) دەڵێت “یەکگرتنی ئۆتۆکراتەکان لە دژی تەوەری دیموکراسییەکان بۆ ئێران زۆر گرنگە” هاوکاری و نزیکی ئێران لەگەڵ ڕژێمە ئۆتۆکراتەکانی وەک ڕوسیا و چین لە بەرامبەر شەپۆڵەکانی دیموکراسی کە دەتوانێت ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیری ببات لە ڕووانگەی شوناسەوە بۆ تاران مانادارە. بە هەمان شێوە ئێران ئامانجی ئەوەیە کە ڕێگە لە دەوڵەتانی هەرێمی بگرێت کە بەرەو شەڕی ناوخۆ ڕادەکێشرێن، لەم چوارچێوەیەشدا ئێران لە ساڵانی 1990ەکانەوە لە شەڕی ناوخۆیی تاجیکستاندا ڕۆڵی ناوەنگیری بینی، ئەم هەڵوێستەی ئێرانیش نموونەیەکی بەرچاوە.
3 – پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست
ئەو هەڵوێستەی ئێران دەربارەی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی ڕوسیالە ناوچەکە، بەمانای ئەوە نایەت کە تاران لەگەڵ ئەوەیە ڕووسیا سەر لە نوێ لە ئاسیای ناوەڕاست ئیمپراتۆرییەتی خۆی زیندوو بکاتەوە. ئێران بۆ ڕێگە گرتن لەوەی کە ناوچەکە دەستی بەسەردا نەگیرێت لەلایەن ڕووسیاو چین، هاوکاری و پشتگیری لە بەهێز بوونی دەوڵەتەکانی ناوچەکە دەکات. لەبەر ئەمە تاران دەیەوێت پەیوەندییە پچڕاوەکانی خۆی بە درێژایی حەفتا ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دەوڵەتەکانی ئاسیای ناوەراست سەر لە نوێ بنیات بنێتەوە، واتە یارمەتی دووبارە تێکهەلکێشکردنەوە لەگەڵ ناوچەکە دەدات. لەبەر ئەم هۆکارەش تاران هاوکاری و پەیوەندییە ئابووری، فەرهەنگی و سیاسییەکانی لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکە زیاتر گەشە پێدەدات.
ئێران هاوکاری و هەماهەنگی خۆی لە بواری ئابووری لە چوارچێوەی “ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری” لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست جێبەجێ دەکات. هەروەک ئاشکرایە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەش بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە نێوان تورکیا، ئێران و پاکستان. لە لوتکەی تاران لە ساڵی 1992 دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئازەربایجان و ئەفغانستان چوونە ڕێکخراوەکە. لە ڕووانگەی ئێرانەوە ئەم ڕێکخراوە بە سەرەتای تێکەڵبوونی ئابووری جیهانی ئیسلامی لێکدەدرایەوە. هەروەها ئێران لە چوارچێوەی بووژانەوەی ڕێگای ئاوریشم ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری گرنگییەکی ستراتیژی هەیە. ئەم ڕێکخراویە لەسەر ئاستی جیهانیش خزمەتی ستراتیژییەتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکات لە ئاسیای ناوەڕاست. ئێران ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری بەکاردێنێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تورکیاوە بەڕووی ئەوروپا، لە ڕێگەی پاکستانەوە بەڕووی رۆژهەڵاتی ئاسیا و لە ڕێگەی ئاسیای ناوەڕاستەوە بەڕووی چینەوە دەکرێتەوە. بە مانایەکی تر، ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری بە پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی تاران دادەنرێت.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی گومرگی ئێران قەبارەی بازرگانی لە ڕێگەی ئەندامانی ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری لە ساڵی ٢٠١٦ بەم شێوەیەیە، قەبارەی هەناردەکردن بڕی 411.728 ملیار دۆلار، قەبارەی هاوردەکردنیش بە بڕی 433.519 ملیار دۆلار بووە، کە کۆی قەبارەی بازرگانی دەکاتە 845.247 ملیار دۆلار، قەبارەی ئەم بازرگانییەش بەپێی دەوڵەتەکان بەم شێوەیە دابەش بوو:
ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری بۆ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست گرنگییەکی زۆری هەیە، بەهۆی ئەم ڕێکخراوەوە ئاسیای ناوەڕاست کە دەرچەیەکی دەریاییان لەناو کیشوەرەکەدا نییە دەتوانن لە ڕێگەی تورکیاوە بگەنە دەریای ناوەڕاست، لە ڕێگەی ئێران بۆ کەنداوی فارس و لە ڕێگەی پاکستانیشەوە بۆ دەریای عەرەبییەوە. هێڵی مەشهەد- تێجن لە نێوان تورکمانستان و ئێران کە لە ساڵی 1996 دا کراوەتەوە، بوو بە یەکەم هێڵی ئاسنی کە ئاسیای ناوەڕاست بە جیهانی ئیسلامییەوە دەبەستێتەوە. ئەم هێلی ئاسنەش لە ڕۆژهەڵاتدا لە ساڵی 1996 چین و کازاخستانی بەیەکەوە بەستەوە، لە ڕۆژئاواشدا ئەگەر لە هێلی ئاسنی نێوان ئێران و تورکیان زیاد بکرێت، ئەوا ئەو هێڵە لە ڕاستیدا بەندەرەکانی چین لە زەریای هێمن بە بەندەرەکانی لە ڕۆژئاوای تورکیا دەبەستێتەوە. دەروازەی ڕێگەی ئاوریشم کە بە ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت، بووهتە بەدیلێک بۆ ئەو دەروازەیەی کە لە باکوری دەریای خەزەرەوە تێپەڕ دەبێت، بەم شێوەیە دەروازەی کرانەوەی ئاسیای ناوەڕاست بۆ نێو بازاڕەکانی جیهان هەمە جۆر دەکات. ئەم بارودۆخەش پەیوەست بوونی ڕوسیابۆ ناوچەکە بەرەو کەمبوونەوە دەبات. لە چوارچێوەی هێلی بۆرییەکان تاران پشتیوانی لە پرۆژەکان دەکات بۆ فرۆشتنی وزەی ئاسیای ناوەڕاست لە دەرەوەی خاکەکەی و بەهۆی ڕاکێشانی بۆرییەکانی ڕۆژئاوا لە دەریای خەزەرەوە دەستی تورکیا بەهێز دەکات. دەرئەنجام ئەم هەڵومەرجە سەربەخۆی دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست بەهێز دەکات.
لەبواری کلتووریشەوە وابەستەی ئێران بە دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست لە چوارچێوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامییەوە. لە ڕێگەی ئەم ڕێکخراوە قیبلەی دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست لە مۆسکۆوە بەرەو مەککە دەگوازێتەوە تەنانەت ئەگەر پڕۆسەکە شێوەیەکی هیواشیش بێت. لە ڕووانگەی تارانەوە زۆر گرنگە ئاسیای ناوەڕاست خۆی لەگەڵ جیهانی ڕوسیانابەستێتەوە بەڵکو لەگەڵ جیهانی ئیسلامی خۆی وابەستە دەکات. بەهێزبوونی ئایینی ئیسلام لە ناوچەکە، دەبێتە هۆی زەمینەسازی بۆ بەرزکردنەوەی نفوزی ئێران لە ناوچەکە. لەڕاستیدا ململانێی کلتووری ئێران و سعودیەو تورکیا کە لەسەرەوە گفتوگۆمان لەبارەوە کرد ، هەوڵدانێکە بۆ شێوەپێدانی ئاراستەکردنی ناوچەکە بۆ ئیسلام، ئەمەش لە بەبەرژەوەندی خودی تارانە.
4-هەناردەکردنی ئیسلامی سیاسی بۆ ناوچەکە
پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و کلتوورییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە لە ماوەیەکی درێژ مەودا دا خزمەت بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی تاران دەکات بۆ ئاسیای ناوەڕاست. ئەگەرچی لەلایەن سەرکردەکانی ئێران بە شێوەیەکی کرداری بیرۆکەی سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ ئەم ئامانجە ئاماژەشی پێ نەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ناسنامەی نەتەوەیی ئێرانی و پێکهاتەی دەوڵەت پێویستی بەم جۆرە سیاسەتەیە لە ڕووانگەی بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی. سروشتی هەر شۆڕشێک پێویستی بە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوە هەیە، ئەگەر شۆڕش تەشەنەی نەکرد، بە پێی کات مەترسی لەناوچوونی لێ دەکرێت. لەبەر ئەوە ئامانجی ئێران لە ماوەیەکی درێژ مەودا لە ئاسیای ناوەڕاست بریتییە لە هەناردەکردنی بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ناوچەکە. بە شێوەیەکی گشتی پسپۆڕان پێیان وایە تاران لە ئاسیای ناوەڕاست ئازەربایجان بەکاردێنێت کە لە بنەرەتدا سەر بە مەزهەبی شیعەن. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بکرێت ئازەربایجانییەکان لە کازاخستان، قرغیزستان و ئۆزبەکستان ناسنامەی ئیتنیکییان بەهێزتر دەزانن لە ناسنامەی ئایینی ئەمەش بەهۆی پاشماوە ومیراتی سۆڤیەتی لە ناوچەکە. بۆیە ئازاەربایجان لە جیاتی ئەوەی تاران وەک ناوەندی سەرەنج یان رووتێکەر ببینێت، بە پێچەوانەوە نەک باکۆ بەڵکو ئەنقەرە وەک خاڵی مەرکەزی سەرنجی خۆی دەزانێت.
سەبارەت بە سیاسەتی شیعەگەرێتی ئێران لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، هەر یەکە توێژەران (Sebastien Peyrouse &Sadykzhan Ibraimov ) سێباستیەن پیرۆیوز و سادیژەن ئیبراهیمیمۆڤ ، کە هەوڵدانی تاران بۆ هەناردەکردنی بیری شۆڕشگێڕی ئیسلامی بۆ ناوچەکە زۆر گەورە کردووە، هەروەها تەشەنەکردن و بەهێزبوونی وەهابیزمی عەرەبستانی سعودی لە ئاسیای ناوەڕاست، وای کردووە کە ئێران بە کردارێکی هاوسەنگی فیکری شیعەگەرێتی خۆی بەکاربهێنێت. لیرەدا دەرئەنجام هەرچۆنێک بێت دەربارەی تەشەنەسەندن و بڵاوکردنەوەی سیاسەتی شێعەگەرێتی ئیسلامی، ئامانجی سەرەکی تاران لە پێناو پاراستن و بەرگری کردن لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی پراگماتیستی هەڵسوکەوت دەکات. ناکۆکی و ململانێی نێوان ئیران و عەرەبستانی سعودیە لە تاجیکستان هەستی پێدەکرێت و ڕەنگی داوەتەوە، لەبەر ئەمە توێژەران و پسپۆڕان تاجیکستان وەک بەرەیەکی نوێ لە ململانێی نێوان تاران – ریاز لێکدەدەنەوە. ئەم بابەتەش لە باسی تاجیکسان زیاتر تیشکی دەخرێتەسەر و باسی لێوە دەکرێت.
لە دەرئەنجامدا، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست لە چوارچێوەی ئەم ئەولەویاتانە جێبەجێ دەکرێت. تاران کار دەکات بۆ ئەوەی سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر ئاسیای ناوەڕاست لە چوارچێوەی هاوکێشە جیهانی و هەرێمایەتییەکان و تایبەتمەندییە ناوخۆییەکان بەردەوامی پێبدات. ئێران خۆی بە دوور دەگرێت لە شەپۆڵی شۆڕش و ناڕەزاییەکانی ناوچەکە، بۆیەش زیاتر بەلای پەیڕەو کردنی سیاسەتی عەقلانییەوەیە لەوەی سیاسەتێکی ئایدیالیستی هەرێمی گونجاو بگرێتەبەر، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی هەوڵ و کۆششەکانی بێ کاریگەر بمێنێتەوە هەم لە لابردنی نیگەراییەکانی نوخبەی سیاسی ناوچەکە، هەمیش لە پاشەکشە پێکردنی هێزە نیزامییەکان لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا.
ئەگەر گوزارشتەکە پوخت بکرێتەوە، دەکرێت بگوترێت کاریگەرییەکانی نێوان ئێران و ئاسیای ناوەڕاست بەشێوەی دوو لایەنە بەدی دەکرێت، هەر چەندە ئەگەر چەمکی “سیاسەتی ئێران لە ئاسیای ناوەڕاست” بەکاربهێنرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە لە ئاستی جیاواز بەدی دەکرێت، چونکە کاردانەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ ئێران بە شێواز و ئاستی جیا جیا دەبینرێت. لەگەڵ ئەوەی هەر دەوڵەتێک لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە شوێنی جوگرافیای (جیۆپۆلیتیک) جیاواز، ناسنامەی جیاواز و سیاسەتی دەرەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە.
پەراوێزەکان:
(1) Dr. Dinmohammed AMETBEK, İran ve Orta Asya: Tarih, Kültür ve Politika, ANKASAM Yayınları, No:12, 2017.
(2)Dr. Kaan DİLEK, İranın Orta Asya Politikalrı, 2011.