پێشەکی وەڕگێر
ئەم وتارەی پۆتین لە مانگی حەوتی سالی 2021 لە سایتی کرملین بەلاوکرایەوە، پۆتین هەولیداوە بە پشتبەستن بە مێژوو یەکێتی نەتەوەی رووس و ئۆکرانیا بسەلمێنی، تا ڕادەیەکی زۆر خوێندنەوەی ئەم وتارە یارمەتیدەر ئەبێ بۆ تێگەیشتن لە ئەقلیەتی خوودی پۆتین لە دونیا بینی پۆتین کە ئەمەش یارمەتیدەر ئەبێت بۆ شیکردنەوەی رووداو و ئەو شەرەی ئێستا لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا هەیە، ئەم وتارە پڕێتی لە ناوی شوێن و رووداو و ناوی کەسایەتیە مێژووییەکان کە لەوانەیە هەندێک سەرلێشێوێنەر بێت بۆ خوێنەر، وەک پۆتین خۆی لە سەرەتای وتارەکە ئەلێت: (شتێکی مەحالە کە بتوانین هەموو رووداوە مێژوویەکان لە یەک وتار باسبکەین).
لەم ماوەیەی دواییدا کە لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی راستەوخۆ پرسیارێکم ئاراستەکرا دەربارەی پەیوەندیەکانی رووسیا و ئۆکرانیا، من وتم کە رووسیەکان و ئۆکرانیەکان یەک نەتەوەبوون، یەک نەتەوەی تەواو، ئەم وشانە لەسەر بنەمای پاڵنەری کورت مەودا یان لە چوارچێوەی دۆخی ئێستای سیاسی نەوتراوە، ئەمەم لە چەندین بۆنە وتووە و بە تەواوی باوەڕم پێیەتی، لەبەر ئەمە من بە پێویستی ئەزانم تێڕوانین و هەڵسەنگاندنەکانی خۆم بۆ بارودۆخی ئیمرۆ بە وردی روون بکەمەوە.
پێش هەموو شتێک ئەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا دیوارێک لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەرکەوتووە، لە کاتێکدا رووسیا و ئۆکرانیا هەمان مێژووی و رووحی هاوبەشیان هەیە، بۆ من ئەم لێکترازانەی رووسیا و ئۆکرانیا بەدبەختی و تراژیدیاییەکی گەورەی هاوبەشی هەردوولایە ، پێشەکی ئەبێ بزانین کە ئەم لێکترازانە بەرهەمی ئەو هەڵانەی کە خۆمانە، کە بە درێژایی مێژوو لە چەندین کاتی جیاواز ئەنجاممان داوە، هەروەها بەشێکی ئەم لێکترازانە دەرئەنجامی هەوڵی بەردەوامی ئەو هێزە دووژمنکارانەیە کە ویستوویانە لە یەکگرتوویی نەتەوەکەمان کەم بکەنەوە.ئەو ستراتیژییەی ئەوان لە دژی ئێمە بەکاریان هێناوە لە دێر زەمانەوە ناسراوە کە ئەوش ستراتیژی (پەرت بکە و حوکم بکە)، کە ئەمەش شتێکی نوێ نییە، لێرەدا ویستراوە یاری لەسەر تەوەری ناسیۆنالیزم بکرێت بۆ ئەوەی درز بکرێتە ناو نەتەوەکەمان، کە ئامانج لێی پارچە پارچەکردنی نەتەوە یەکگرتووەکەمانە دواترش بەکارهێنایانە لە دژی یەکتر.
بۆ ئەوەی تێڕوانین و تێگەیشتنێکی زیاتر و باشترمان هەبێت بۆ ئێستا و داهاتوو، پێویستە لەسەرمان بگەرێینەوە بۆ مێژوو، شتێکی مەحالە لەم وتارە بتواندرێت هەموو ئەو گەشەسەندنانەی کە زیاتر لە هەزار سالی رابردوو روویانداوە باسی لێوە بکرێ، بەلام دەکرێ سەرنجم بکەمە سەر ئەو خالە وەچەرخانە مێژوویانە کە بۆ ئێمەی ئۆکرانی و رووسی گرنگن و بە بیرمان بهێنێتەوە.
رووسەکان، ئۆکرانیەکان و بیلارووسیەکان هەموویان ئەگەرێنەوە سەر ڕەچەلەکی رووسی دێرین، کە سەردەمانێک گەورەترین دەوڵەتی ئەوروپا بوون. خەلکی سلاڤیک و هۆزەکانی تر نبە پانتایی ناوچە فراوانەکانی لادۆنگا، نۆڤگۆرۆد و پسکۆڤ تا کیێڤ و چیرنیگۆڤ بەڵاوبووبوونەوە، زۆر شت هەیە کە ئەم خەلکەی پێکەوە ئەبەستیەوە وەک: زمانێکی هاوبەش (کە مەبەست لێی زمانی رووسی کۆنە)، پەیوەندییە ئابووریەکان و حاکمیەتی میرنشینی بنەماڵەی روریک بەسەر ناوچەکە، دواترش بەڵاوبوونەوەی مەسیحی-ئەرپەدۆکسی بە ناو رووسەکان، کە هەلبژاردنی مەسیحیەت هەلبژاردەیەکی رووحی سەینت ڤلادیمێیر بوو، سەینت ڤلادیمێیر لە یەک کاتدا میری نۆڤگۆرۆد و میری گەورەی کیێڤ بوو، ئەم ڕاستی و رووداوانە بە یەکمان ئەبەستێتەوە تا ئیمرۆ.
تەختی پاشایەتی لە کیێڤ دەسەڵاتێک بوو کە دەستی گرتبوو بەسەر رووسی دێرین، ئەمەش لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆیەم بوو بە نەریت، )چیرۆکی سالە ڕۆشتووەکان( وتەکانی ئۆلیگی پێغەمبەرمان دەربارەی کیێڤ بۆ دەگێرێتەوە کە وتووێتی ” با کیێڤ ببێتە دایکی هەموو شارە رووسیەکان.،،
لە دواتردا وەک هەموو دەوڵەتە ئەوروپیەکانی سەردەمی خۆی، دەسەلاتی ناوەند لە رووسی دێرین بەرەو لاوازی چوو و دەوڵەتەکە و تووشی پارچە پارچەبوون بوو، سەرەڕای ئەمە لە هەمان کاتدا خانەدانەکان و خەلکی ئاسایی رووسیا بەردەوام بوون لەوەی کە خاکی رووس بە نیشتمانی خۆیان بزانن.
لە دوای داگیرکاریە مالوێرانکاریەکەی باتۆ خان کە شارە رووسیەکان و کیێڤی وێرانکران، درزەکان لە ناو خەڵکی فراوان تربوون، باکوری رۆژهەلاتی خاکی رووس کەوتە ژێردەست هۆردی ئالتونی (سوپای مەغۆلەکان)، هەرچەنە دواتر ئەم ناوچەیە توانی هەندێک سەروەری بۆ خۆی بگەرێنێتەوە، خاکەکانی باشوور و رۆژهەلاتی رووسیا بە شێوەیەکی گشتی بوونە بەشێک لە دوقیەی مەزنی لیپوانیا، گرنگە بزانین کە ئەم بەشە لە تۆمارە مێژوویەکان ناوی بە ناوچەی دوقیەی مەزنی لیپوانیا و رووسیا ناوی هاتووە.
ئەندامەکانی سەرۆک هۆزەکان و بۆیارەکان بەردەوام ئینتمایان لە نێوان میرەکان ئەگۆری هەرجارە وخزمەتی میرێکیان ئەکرد، کێشەیان لەگەل یەک دەنایەوە و هاوپەیمانی تازەیان هەر لە ناو خۆیان دروستدەکرد، ڤۆیڤۆدی بابرۆکی ڤۆلین لەگەل ئەندرێی پۆلۆتسک و دمیتری بریانسک کە کوری ئەلگیرداسی دوقی مەزنی لیپوانیا بوون، لە دەشتی کولیکۆڤۆ شەریان لە دژی دمیرتی ئیڤانۆڤیچ کرد کە دوقی مەزنی مۆسکۆ بوو، لە هەمان کاتدا دوقی مەزنی لیپوانیا کە یۆگالیای کوری میری تڤێر بوو سوپاکەی ناردە لای مامای سەرکردەی هۆردە ئالتونیەکان، ئەم لاپەرانەی مێژوو پەیوەندیە ئالۆزەکان و سروشتی فرە-ڕەهەندەکانی مێژووەکەمان پێشێن ئەدا.
لە هەموو شت گرنگتر ئەوەیە کە خەلکی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی رووسیا هەموویان بە یەک زمانی هاوبەش قسەیان ئەکرد، هەموویان باوەرێکی ئەرپەدۆکسیان هەبوو، ئەمەش تا ناوەراستی سەدەی پانزە بەردەوام بوو، کە تا ئەو کاتە رووسیا یەگرتوو بوو لە ژێر دەسەلاتی حوکمەتی کەنیسە.
لێرەدا قۆناغێکی مێژووی نوێ گەشەی سەند کە تیایدا رووسی لیپوانیا و رووسی مۆسکۆ بوونە خالی بە یەکگەیاندن و یەکخستنی خاکی رووسی دێرین، رووسی مۆسکۆ بوونە ناوەندی ئەم یەکخستنەی رووسیا و بە هەمان شیوەی رووسە دێرینەکان بەردەوام بوون لەسەر نەریتی دەوڵەتداری، میرەکانی مۆسکۆ کە نەوەی میر ئەلێکساندەر نێڤسکی بوون توانیان داگیرکارەکان لە خاکی رووسیا دەربکەن و هەرێمەکانی رووسیا یەک بکەنەوە.
لەم کاتەدا لە دوقیەی مەزنی لیپوانیا مێژوویەکان بە ئاراستەیەکی تردا دەچوون، نوخبەی دەسەلاتداری لیپوانیا لە سەدەی چواردەمدا وازیان لە ئەرپەدۆکسیەت دەهێنا و دەچوونە ناو کاپۆلۆکیەتەوە، لە سەدەی شانزە یەکێتی لۆبلین دروستکردنی کۆمنوێلپی پۆلەندی-لیپوانی واژووکرد لەگەل شانشینی پۆلەندا، ئەمەش وایکرد خانەدانە پۆڵەندیەکان زەوی و زار و ئیمتیازاتێکی زۆریان لەسەر خاکی رووس دەستبکەوێ، بەپێی یەکێتی برێست لە سالی 1596 بەشێک لە پیاوانی ئاینی ئەرپەدۆکسی لە رۆژئاوای رووسیا ملکەچی دەسەلاتی پاپای کاپۆلۆکی بوون، لەمەوە پرۆسەی بە پۆلەندیکردن و بە لیپوانیکردنی ئەو ناوچەیە دەستی پێکرد، کە ئامانچ لێی وەدەرنانی ئەرپەدۆکسیەت بوو.
لە ئەنجامی ئەمەدا لەسەدەکانی شانزە و حەڤدە لە هەرێمێ دنێپێر جولانەوەی ئازادی خوازی دانشتوانە ئەرپەدۆکسیەکەی ڕوو لە بەهێزی بوو ئەمەش لە کاتی رووداوەکانی هێتمان بۆهدان خمێلنیتسکی بووە خالی وەچەڕخان، شوێن کەوتووەکانی تێئەکۆشان بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆیان بە دەست بهێنن لە کۆمنوێلپی پۆلەندی-لیپوانی.
لە سالی 1649 ناوچەی زاپۆریاژیان داوای لە کۆمنوێلپی پۆلەندی-لیپوانی کرد کە رێز لە مافەکانی رووسە ئەرپەدۆکسیەکان بگترێت و ئەبێ ڤۆیڤۆدی کیێڤ رووسیەکی ئایندار بێت و چەوساندنەوەکانی دژ بە کەنیسەکانی خودا بوەستێندرێت، بەڵام گوێ لەم داواکارییانەی کۆساکەکان نەگیڕا.
لەبەر ئەمە دواتر بۆهدان خمێلنیتسکی چوو بۆ مۆسکۆ و لەوێش لە لایەن زێمسکی سۆبۆر پێشوازی لێکرا و لە 1 ئۆکتۆبەری سالی 1653 ئەندامانی باڵای نوێنەرایەتی ناو حوکمەتی رووسیا بڕیاریاندا کە پێویست ئەکا پاڵپشتی لە برا هاوئاینەکانیان بکەن و بیانکەنە ژێر پارێزبەندی خۆیان، لە ئۆکتۆبەری سالی 1654 کۆنسۆلی پێرێیاسلاڤ ئەم بڕیارەیان پەسەندکرد و هەر دوای ئەمەش نوێنەرەکانی بۆهدان خمێلنیتسکی و مۆسکۆ سەردانی کیێڤ و دەیان شاریان کرد، خەلکانی ئەم شارانە سوێندی دلسۆزیان بۆ سیزاری رووسی دەخوارد، کە پێشتر شتێکی لەو جۆرە رووینەدابوو لە یەکێتی لوبلین.
لە نامەیەک بۆ مۆسکۆ لە سالی 1654، بۆهدان خمێلنیتسکی سوپاسگوزاری نارد بۆ سیزار ئەلێکسەی میخالۆیلۆڤیچ بۆ دەست بەسەرا گرتنی ناوچەی زاپۆریاژیان، هەروەها دەست بەسەرا گرتنی هەموو جیهانی رووسی ئەرپەدۆکسی لە ژێر دەسەلاتێکی بەهێزی سیزار، ئەمەش مانای ئەوەیە کۆساکەکان ڕوویان لە پاشای پۆلەندا و سیزار رووس کرد ئەوەی پێیان بلێن کە کۆساکەکان شوناسی خۆیان وەک خەلکی رووسیای ئەرپەدۆکسی پێناسە کرد.
لە ماوەی جەنگە دوور و درێژەکەی نێوان دەوڵەتی رووسیا و کۆمنوێلپی پۆلەندی-لیپوانی، هەندێک کەسایەتی پلە بەرزی سەربازی و شوێنگرەوەکانی بۆهدان خمێلنیتسکین خۆیان لە مۆسکۆ دابڕاند و ویستیان پالپشتی سوید، تورکیا و پۆلەندا بە دەست بهێنن، بەلام جارێکی تر میلەت ئەم جەنگەی بە جەنگی رزگارخوازی بینی، کە کۆتایی هات بە پەیمانی ئاشتی ئەندرۆسۆڤۆ لە سالی 1667، تەواوی باروودۆخەکە بە رێکەوتنی هەتا هەتایی ئاشتی لە سالی 1686 کۆتایی هات،
کە بە پێی ئەم ڕێکەوتنامەیە دەوڵەتی رووسا توانی تەواوی بەری چەپی رووباری دنێیپێر بە کیێڤەوە بگرێت و هەروەها توانی هەرێمی پۆلتاڤا و چێرنیگۆڤ و زاپۆراژیا بە دەست بهێنێت، بەم شێوە دانشتوانەکانی ئەم ناوچەیە دیسان گرێدرانەوە بە میلەتی ئەرپەدۆکسی رووسیا. ئەم ناوچێنە ناودەهێندران بە مۆلارووسیا (رووسیای بچووک).
ناوی ئۆکرانیا لە زمانی رووسی کۆن وشەیەکە کە بەمانای (ناوچە سنووریەکان) هاتووە، ئەمەش لە سەرچاوە نوسراوەکانی سەدەی دوانزەهەم دۆزراوەتەوە، وشەی ئۆکرانیا لە دێکیومێنتە ئەرشیڤ کراوەکان چەندینجار ناوی هاتووە وەک ئاماژەدانێک بە ناوچە سنوورییەکان، لە بنەڕەتدا ئەم وشەیە بۆ پاسەوانەکانی سەر سنوور بەکارهاتووە کە سنوورەکانیان لە هێرشە دەرەکیەکان ئەپاراست.
لای راستی ئۆکرانیا هەر لە ژێر دەسەلاتی کۆمنوێلپی پۆلەندی-لیپوانی مایەوە، بارودۆخەکە هەر وەک خۆی لێهاتەوە لەوێ، ستەمی ئاینی و کۆمەلایەتی دژی خەلکی ناوچەکە زۆر زیاتر بوو، لە بەرامبەردا ناوچەکانی لای چەپی ئۆکرانیا پێشکەوتنێکی زۆری بە خۆیەوە دیت لە ژێر دەوڵەتێکی یەگرتووی رووسی کە پارێزگاریان لێ ئەکرا، خەلکی لای راستی رووباری دنێیپێر کە لە ژێر دەسەلاتی کۆمنوێلپی پۆلەندی-لیپوانی بوون بە کۆمەل کۆچیان ئەکرد بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی دەولەتی رووسیا، لەوێش پێشوازیان لێکرا لە لایەن ئەو خەلکەی کە بە هەمان زمان قسەیان ئەکرد و باوڕیان بە هەمان ئاینیان هەبوو.
لە ماوەی جەنگی گەورەی باکوور لە دژی سوید، خەلکی مۆلارووسیا جگە لە ژمارەیەکی کەمی کۆساک کە پالپشتی ڕاپەرینەکەی مازێپایان کرد هیچ هەلبژاردەیەکیان نەبوو لەوەی بچنە پاڵ کام لایەن، خەلکی مۆلارووسیا بە هەموو چین و جۆرەکانی خۆیان وەک رووسیەکی ئەرپەدۆکسی ئەبینی.
ئەفسەرە پلە بەرزە خانەدانەکانی کۆساک دەیانتوانی بگەنە بەرزترین ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی لە دەوڵەتی رووسیا، دەرچووەکانی ئەکادیمیای مۆهیلا لە کیێڤ رۆڵێکی سەرەکیان هەبوو لە هەڵسوورانی کارووباری کەنیسە، باروودۆخەکە لە هەرێمی هێتماناتێ بە هەمان شێوە بوو، کە سەربەخۆبوو، لە ناوەوە هەیکەلی دەوڵەتێکی تایبەتی هەبوو، مۆلارووسییەکان دواتر لە ناو ئیمبراتۆریەتی رووسیا یارمەتیدەری ئەم دەوڵەتە هاوبەشە گەورەیە بوون لە بنیادنانی دەوڵەتداری، کلتور و زانست تێیدا، هەروەها مۆلارووسەکان بەژداربوون لە گەشەپێدان و گەڕان بە ناوچەکانی ئۆڕال، سیبیریا، قەوقاز و رۆژهەلاتی دوور، بە هەمان شێوە لە سەردەمی سۆڤییەت خەلکی ئۆکرانیا سەرەکیترین و بەرزترین پۆست و پلەکانیان هەبوو لە یەکێتی سۆڤییەتدا، هەر ئەوەندەمان بەسە کە ناوی نیکیتا خروشۆڤ و لیۆنید بڕێژنیڤ بهێنین و باسی پەیوەنداری ڕەچەلەکە گڕێدراوەکەیان بە ئۆکرانیا بکەین، کە نزیکەی 30 سال حوکمی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەتیان کردووە.
لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدە، لە دوای جەنگەکانی دژ بە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی، رووسیا توانی قرم و ناوچەکانی هەرێمی دەریای ڕەش بخاتە سەر رووسیا، کە بە نۆڤارووسیا ناسرا بوو، ئەم زەویانە دانشتوانی هەموو ناوچەکانی رووسیای لێ نیشتەجێ بوو، دوای کەرتبوونی کۆمنوێلپی پۆلەندی-لیپوانی، ئیمبراتۆریەتی رووسیا خاکەکانی رۆژئاوای رووسیای کۆنی بە دەست هێنایەوە، تەنها ناوچەکانی گالیسیا و ترانسکارباپیای لێ دەربچێت کە بوونە بەشێک لەئیمبراتۆریەتی نەمسا، دواترش ئیمبراتۆریەتی نەمسایی-هەنگاری.
پێکەوە لکاندنەوەی خاکەکانی رۆژئاوای رووسیا بە دەوڵەتی یەگرتووی رووسی تەنها دەرئەنجامی بڕیارە سیاسی و دیپلۆماسیەکان نەبوو، ئەم یەکگرتنەوەیە پاڵنرابوو بە یەک باوەڕ، کلتوور و بەهای هاوبەش، ئەمەوێت جارێکی تر جەخت لەسەر لێکچوونی زمان بکەم، لە سەرەتای سەدەی حەڤدە یەکێك لە سەرۆکەکانی کەنیسەی یەگرتوو کە جۆزێڤ روتسکی بوو، رۆمای ئاگادارکردەوە کە خەلکی مۆسکۆڤیا رووسەکانی ناو کۆمنوێلپی پۆلەندی-لیپوانی بە برای خۆیان ناودەهێنن، زمانی نووسینیان دەقا و دەق لێکئەچن و هەروەها جیاوازیەکی زۆر کەم هەیە لە نێوان شێوەزارەکانیان، نموونەی ئەم جیاوازییەی بە جیاوازیەکانی نێوان خەلکی رۆما و بێرگامۆ هێناوەتەوە کە وەک ئەیزانین ئەکاتە باکوور و ناوەندی ئیتالیای ئێستا.
بە شێوەیەکی سروشتی چەندین سەدە لە لێکترازان و ژیانکردن لە ناو دەوڵەتی جیاواز تایبەتمەندی زمانەوانی جیاوازی دروستکرد لە نێوان ناوچە جیاوازەکان و کە ئەنجامی سەرهەڵدانی دیالێکی جیاوازی لێکەوتەوە. شێوەزارە جیاوازەکان کاریگەری خۆیان لەسەر زمانی ئەدەبی دەرخست. ئیڤان کۆتلیارێڤسکی، گریگۆری سکۆڤۆرۆدا و تاراس شێڤچێنکۆ ڕۆلێکی گرنگیان گێرا لە بە کاردن لەسەر شوناسی ئەدەب و کلتووری هاوبەشمان، تاراس شێڤچێنکۆ شعری بە زمانی ئۆکرانی نووسیوە و قسەی ئاسایی بە گشتی بە رووسی نووسیوە، نیکۆلای گۆگۆڵ کە نیشتمان پەروەرێکی رووسی بوو کە خەلکی پۆلتاڤشچینا بوو کتێبەکانی بە رووسی ئەنووسیوە، کەچی وتە فۆلکلۆریەکانی بە زمانی مۆلارووسایی ئەنووسی، چۆن ئەکرێ ئەم شۆناسە لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لەتبکرێت؟ ئەی ئەمە بۆ بکرێ؟
خاکەکانی باشووری-رۆژئاوای ئیمبراتۆریەتی رووسیا، مۆلارووسیا و نۆڤۆرۆسیا و قرم پێشکەوتنی بە خۆیەوە دیت لە رووی ئیپنیکی و ئاینی و کیانی جۆراوجۆری بە خۆیەوەبینی، قرمیە تاتارییەکان، ئەرمەنیەکان، یۆنانییەکان، جوولەکەکان، قرائییەکان، کریمچاکەکان، بولگارییەکان، پۆلەندییەکان، صربییەکان و ئەلمانییەکان و خەلکی ترش لێی ئەژێن، هەموویان پارێزگاریان لە باوەر و شێوازی ژیان و دابوونەریتەکانیان ئەکرد.
من نایەم و پێم وابێ هەموو شتەکان ئایدیالیست (نموونەیی) بکەم، ئێمە هەموومان دەزانین کە نوسراوی ڤالوێڤی سالی 1863 و ئمس ئوکاز لە سالی 1876 بوونی هەبووە، کە تێیدا بەڵاوکراوە و هاوردەکردنی ئەدەبی ئاینی و کۆمەلاتی-سیاسی بە زمانی ئۆکرانی قەدەغەکرا، بەلام گرنگە کە ئاگاداری ئەو ناوەڕۆکە مێژووییە بین کە وای کرد ئەم بڕیارانە دەربکرێن، ئەم بڕیارانە دوای رووداوە دراماتیەکان پۆلەندا هات، هەروەها ویستی سەرکردە نەتەوەگەراییە پۆلەندییەکان بۆ بەلاڕێدا بردنی قەزییەی ئۆکرانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بەڵام ئەبێ ئەوە زیاد بکەم کە کتێبی خەیالی (رۆمان و چیرۆک، و) و شیعر و گۆرانی فۆلکڵۆری بە زمانی ئۆکرانی بەردەوام بوون لە بەلاوکردنەوە، ئەمەش بەلگەیەکی بابەتییە کە ئیمبراتۆریەتی رووسی پرۆسەیەکی چالاکی بە خۆیەوە بینی لە گەشەپێدانی ناسنامەی کلتووری مۆلارووسییەکان لە ناو نیشتمانی رووسیایەکی مەزنتر، کە ڤێلیکۆرووسیەکان، مۆلارووسیەکان و بیلارووسیەکانی یەکگرتووکرد.
لە هەمان کاتدا بیرۆکەی بوونی نەتەوەی ئۆکرانیا وەک خەلکێکی جیاواز لە رووسیەکان دوای ئەوە دەستی پێکرد کە لە ناو نوخبەی پۆلەندی و بەشێک لە ڕۆنشنبیرە مۆلارووسیەکان رەواجی پەیداکرد، ئەم بیرۆکەیە هیچ بناغەیەکی مێژووی نەبووە و هەروەها هەرگیز ناتوانی هەیبێت لەبەر ئەمەش دەرئەنجامەکانی ئەم بیرۆکەیە سەرچاوەکانی وەک چێشتی مجێور تێکەڵبووە، بە شێوەیەک زیادەڕۆیی تیاکراوە تا ئەو رادەیەی کە بلێ ئۆکرانییەکان سلاڤی ڕەسەنن نەک مۆسکۆڤیەتەکان، ئەم (گریمانانە) زیاتر وەک ئامرازێکی کایە و کێبرکێی سیاسی نێوان دەولەتە ئەورووپیەکان بەکاردەهات.
وەرگێڕان: عومەر عەدنان