“پێشەکی”
ئەم وتارە دەپڕژێتە سەر خەسارەکانی زمانی کوردە کۆچێندراوەکانی کەلار دەشتی مازەندەران و بۆ دەسپتێکی ئەم باسەش بەکورتی لە بابەتگەلێکی گرنگ و بنەڕەتیی پەیوەندیدار تێپەڕ دەبین. بە مەبەستی تیشک خستنەسەر خەسارەکانی زمانی کوردە کۆچێندراوەکانی کەلاردەشت و گرنگیی ئاماژەدان بەم بابەتە، دەبێت لە پێشدا باسێک لەسەر “زمانی دایک، زمانی شوناس” بکەین و ئەم باسەش خۆی پێویستی بە پێشگریمانەیەکە بۆ جەختکردنەوە لەسەر بایەخداربوون و گرنگیی بابەتەکە؛ کەواتە باسەکەمان بە چەند چەمکی پێوەندیدار، واتە “زمان، کولتوور، شوناس” دەست پێ دەکەین. لە درێژەی بابەتەکەدا بە شێوەیەکی کورت و پوخت دەپرژینە سەر ناساندنی کوردەکانی کەلاردەشت و پاش ئاماژەدان بە خەسار و کێشە پێوەندیدارە زمانەوانییەکان، کە تاکوو ئێستە بەرۆکی خۆیان و زمانەکەیانی گرتووەتەوە، هەروەها ڕێچارە و چارەسەرگەلێکیش بۆ ڕزگارکردنی ئەم شیوەزارەی زمانی کوردی لەم بارودۆخەی کە تێی کەوتووە، دەخرێنە ڕوو.
دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە بەشی “زمان، کولتوور، شوناس”، بنەماییترین و گرنگترین بەشی باسەکەمانە، تاکوو بتوانین لە بەشەکانی تردا بەڵگاندنەکانی خۆمان لەسەر ئەو بنەمایە پێشکەش بکەین، بۆیە لە شێوەیەکی زانستی و لۆژیکیی بەڵگەناندن کەڵک وەرگیراوە. لە درێژەی ئەم بابەتەدا مێتۆدێکی دەربڕین بەکار هێنراوە، تاکوو نووسەر بتوانێت ئەو شتەی کە لە ئاکامی توێژینەوەکەیدا بەدەستی هێناوە (ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییە) زۆر بە سانایی بیانخاتە بەرباس.
“زمان، کولتوور، شوناس”
ویتگێنشتاین دەبێژێت: “زمانی من، جیهانی منە و جیهانی من، زمانی منە”. زانا و بیرمەندانی تریش بە شێوەگەلی جۆراوجۆر و لە دێڕگەلێکی جیاوازدا باسێکی هاوشێوەیان کردووە و ئاماژەیان بە گرنگیی زمان داوە. هەر لەم پێوەندییەدا ئێدوارد ساپیر (E. Sapir) دەڵێ: “ڕیزبەندی تەواوی وشەکانی زمانێک دەتوانین وەکوو ڕیزبەندی بیرۆکە، حەز و داڵغە هزرییەکانی کۆمەڵگەیەک کە بەردەوام زمانەکەی خۆیان بەکار دەهێنن، وێنا بکەین”. (دەیڤید دابیلۆ، ١٣٩٥: ٢-٣).
“ج. هێردێر (Herder) لە ساڵەکانی دەیەی ١٧٨٠ تیۆرییەکی پیشنیار کرد و دواتر لەلایەن “هومبۆلدتـ”ـەوە (Humboldt) گۆڕانکاریی بەسەردا هات و لە سەدەی بیستەمیشدا ویتگێنشتاین (Wittgenestein) زیاتر پەرەی پێ دا؛ کەواتە زمان پۆلێنکردن و جیاوازیگەلێک دروست دەکات کە مرۆڤەکان لەو ڕێگەیەوە واتا بە ژیان و جیهان دەبەخشن. بۆیە هەر زمانێکی تایبەت، لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا دروست دەبێت و بەو کۆمەڵگەیەش گرێ دەدرێتەوە، یان بە واتایەکی تر گرێدراوی خودی ئەو کۆمەڵگەیەشە کە واتای ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە جەماوەری ئەو کۆمەڵگەیە و بۆ کەسێکی بێگانە یان چاوەدێرێکی بیانی هیچ واتایەکی نییە. برایانی گریم (Grimm) تا ئاستێک چوونە پێشەوە کە هاوکات لەگەڵ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر زمانی ئاڵمانی، سەرجەم ئەفسانە فۆلکلۆرە ئاڵمانییەکانیان کۆ کردەوە و تاکە هاندەریشیان لەم کارەدا، ئەو باوەڕەی پێڕەوانی قوتابخانەی ڕۆمانتیک بوو کە بەپێی ئەو باوەڕە؛ زمان و کولتووری جەماوەریی کۆمەڵگە، پێوەندییەکی چڕوپڕیان پێکەوە هەیە. (سەرچاوەی پێشوو: ٦) بونیادنانی ئەفسانە، ئوستوورە و نەزیلە کۆمەڵایەتییەکان و گرێبەستەکانی هەر کولتوورێک گرێدراوی هێماکانە و زمان یەکێک لە گرنگترین پێکهاتەکانی ئەو هێمایانەیە. “زمان سیستەمێکە لەو هێمایانەی کە دەرخەری جۆری تێفکرین و بیرکردنەوەکانە، لەم پێوەندییەشدا ئەلفبێی کەڕ و لاڵەکان، ڕێوڕەسمە سیمبۆلیکەکان، شیواز و ڕەوشتی ئەدەب و ڕێزگرتن، نیشانە سەربازییەکان و … هەڵدەسەنگێندرێت”. (کالێر، ١٣٩٣: ١٠٥) زمان، کولتوور و شوناس وەکوو بازنە پێکهێنەرەکانی زەنجیرێکن؛ وەک “لیۆنێل تریلینگ” دەبیژێت، ئەوە فرۆید بوو “ئەوەی بۆمان ئاشکرا کرد کە تا چ ئاستێک گرێدراوی کولتوورین… و کولتوور و فەرهەنگ تا چ ئاستێک دزەی کردووەتە نێو قووڵاییی مێشک و بیرکردنەوەمانەوە” و بەستێنی بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک هەست، کردار، ڕەفتار و تەنانەت چەمکی ناسنامەی تاکی بەدی هێناوە.
کاتێک باس لە زمان و پێوەندیی لەگەڵ کولتوور و شوناس دێتە ئاراوە، ناکرێت باسی تیۆرییەکانی “سوسور” نەکەین. ” تێڕوانینی سوسور بۆ زمان لەسەر چەند بنەمایەک چڕتر بوو و سەرەنجی دەخستە سەر شێوازە مۆدێڕنەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ، بەتایبەت خۆی لە پێوەندیی قووڵ و بنچینەییی نێوان زمان و هزر دەبینییەوە. ئەگەر “مرۆڤ” بەڕاستی “بوونەوەرێکی زماندار و قسەکەرە” و بۆ ئەوەی بە ئافرێنراو هەژمار بکرێت کە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ جیهاندا لە ڕووی کردەوەی بونیادنەر و جیاوازەوە بناسرێتەوە، واتە هەمان کردەوە نموونەیەکی زۆر باشی لە زمانی مرۆڤەوە خۆی دەردەخات، ئەو کات دەبێت باوەڕ بکەین کە تیۆریی “سوسور” ئێمەی گەیاندووەتە ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە. (سەرچاوەی پێشوو: ٧)، “سوسور” زمانی وەک هەبوون یان بوونێکی بەتەواوەتی مێژوویی پێناسە دەکات کە بەردەوام ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و نوێ دەبێتەوە (سەرچاوەی پێشوو: ٣٩) و هەروەها شوناس و ناسنامە دروست دەکات؛ شوناس بە واتای ڕۆڵی جیاکاری و جیاوازییەکان لە سیستەمدا. (سەرچاوەی پێشوو: ٢٩) لە پێناسەکەی سوسوردا زمان لە ڕووی سیستەمی گرێبەستی نێوان تاکەکانەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە. (هەمان سەرچاوە: ٨٤) پێناسەیەک کە ئێمە دەگەیەنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە لە ڕوانگەی سوسورەوە زمان لەگەڵ کۆمەڵگە و کولتووردا پێوەندەییەکی گرێدراویان پێکەوە هەیە.
“جاناتان کالێر”، پێی وایە کە ئێمە لە شیکاریی زماندا لەگەڵ شیکاریی ڕاستی و کەتوارە کۆمەڵایەتییەکان و لەڕاستیشدا لەگەڵ بەکارهێنانی توخمەکانی زمان بەرەوڕوو دەبینەوە. ئەوەی کە لێرەدا گرنگە و بەڕاستییش بەروەجە، هەر ئەو جیاوازی و پێوەندییانەن کە کۆمەڵ و کۆمەڵگە واتایان پێ دەبەخشێت. بەم شێوەیە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زمانەوانی و زمانناسی تەنیا ناپرژێتە سەر کۆمەڵێکی زۆر لە زنجیرە فۆنیم و دەنگەکان، بەڵکوو لە سیستەمێکی گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان دەکۆڵێتەوە… زمان وەک سیستەمێک لە بەها دیاریکراوە کۆمەڵایەتییەکان ئەژمار دەکرێت. (سەرچاوەی پێشوو: ٥٦-٥٧)
لە تیۆرییە بونیادگەراکاندا جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە شوناس بونیادێکی کۆمەڵایەتییە و بەرهەمی ململانێی واتاسازی و نواندنەوەیە (واتە بەکارهێنانی زمان بۆ بەرهەمهێنانی مانا). دووفاقێتی و دروستکردنی “ئەوی تر” یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەو نواندنەوەیە (بەکارهێنانی زمان) و “ئەوی تر” هەمیشە بەرهەمی نواندنەوەیە. یان بە واتایەکی تر شوناس لە بیروڕای گشتی و بەتایبەت لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە هیچ شێوەیەک پرسێکی تاکەکەسی، تایبەت بە کەسێکی دیاریکراو و دەروونی نییە، بەڵکوو دیاردەیەکی بەکۆمەڵ و گشتییە کە گرێدراوی بناغە و بنەماکانی کولتوور، مێژوو و باوەڕەکانی کۆمەڵگەیە و ئەو وێژمانە کولتوورییەی کە لە کۆمەڵگەیەکدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، لە ڕێگەی هەموو توخمەکان و بەتایبەت لە ڕێگەی زمانەوە خۆی بڵاو دەکاتەوە. واتە زمان کەرەستەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی واتا و بووژاندنەوەی شوناسێک و ڕەتکردنەوەی شوناسێکی تر؛ بۆیە چەمکی “ئەوی تر” گرێدراوی بابەتی شوناس و پێکهاتەی ناسنامەسازییە و ئەم شوناسە و ناسنامەیەش لە نێوان سیستەمی نوانەکردن و بەکارهێنانی زمان بۆ گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی تەوەرە ناوخۆییەکان بنیاد دەنرێت. (ئەکوانی، ١٣٩١: ٣١)
“پێوەندیی زمانی، بەو هۆکارەوە لواو و مەیسەرە کە ئێمە سیستەمێکی ئاڵۆزی نۆرمە گرووپی و هاوبەشەکانمان بەدەست هێناوە و لەنێو خۆماندا جێی کردووەتە کە جهیانی دەرەوە ڕێک دەخەن و واتا بە دەربڕینە زمانییەکان دەبەخشن، یان بە باوەڕی “دوورکهایم”: ڕاستییەکانی ژیان بۆ مرۆڤ (تاک) ژینگەی فیزیکی نییە، بەڵکوو ژینگەی کۆمەڵایەتییە؛ سیستەمێک لە یاسا و نۆرمەکان، سیستەمێک لە دیمەنە گرووپی، گشتی و هاوبەشەکان کە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی دەلوێنێت یان بە واتایەکی تر هەڵسوکەوت و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان مەیسەر دەکات”. (کالێر، ١٣٩٣: ٨٤) لەسەر پێوەندیی نێوان شوناسی تاکەکەسی و زمان دەبێت بڵێین: کاتێک کەسێک قسە دەکات، لەڕاستیدا بە شێوەیەکی زیرەک و زانایانە “پێڕەوی لە زمان دەکات”؛ زمان بۆ دەربڕینی ویست و داخوازییەکان و دروستکردنی پێوەندی لە کۆمەڵگەدا، لەلایەن ئێمەوە قسە دەکات. تەنانەت وێناکردنی شوناسی تاکەکەسییش لە ڕێگەی وێژمانی کولتوورێکەوە دابین دەکرێت. “من” شتێک نییە لە پێشدا بوونی هەبووبێت، لە قۆناغێکدا بەرجهستە و ڕەنگدانەوەی دەبێت کە هەر لە منداڵییەوە سەر هەڵ دەدات و دەست پێ دەکات، واتە هەر لەو دەروانەدا ئەو “منـ”ـە دەبینرێت و دەبێتە لایەنی بەرانبەری ئەوانی تر. (سەرچاوەی پێشوو: ٩٠)
لەسەر پێوەندیی نێوان کولتوور و زمان وەک سیستەمێک لە نیشانە و هێماکان دەبێت بێژین: “تاکوو چە ڕادەیەک کولتوورێکی باشتر و بەهێزتر بێت، بەو ڕادەیەش گەشەکردن و پەرەسەندنی هێماکانی وەک هێما سروشتییەکان سەرکەوتووتر دەبێت. بەم هۆکارەشەوە شیکاریی هێماناسی پێویستی بە مێتۆدێکە کە جەخت لەسەر گرێبەستیی هێماکان بکاتەوە، واتە جەخت لەسەر بنەمای کولتوور و فەرهەنگ بکاتەوە و بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونە بێت کە هێماکان بە سرووشتی و ئاسایی لەقەڵەم دەدات”. (سەرچاوەی پێشوو: ١٠٨)لەسەر پێوەندیی نێوان کۆمەڵگە و زمان و ناسنامەی کۆمەڵایەتیی تاک، ـ”ڕوزالین کوارد و جان ئێلیس” لە کتێبی “زمان و ماتریاڵیزمـ”ـدا نووسیویانە: “هەموو ئەو کردەوە و کردارانەی کە گشت کۆمەڵگە لە بیچم دەدەن، لە زماندا شاراوەن و بەم هۆکارەشەوە ئەو دەرفەتە دێتە ئاراوە کە زمان وەکوو ئامراز و سەکۆی بیچمگرتنی تاک یان کەسێکی کۆمەڵایەتی لەقەڵەم بدەین”. (سەرچاوەی پێشوو: ١٣٩)
بە چاوخشاندنێکی خێرا بەو کورتە بۆچوونانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێ کراوە، دەتوانین وابێژیی ئەوە بکەین کە زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی پەیامەکانی ڕۆژانە؛ بەڵکوو کەرەستەیەکی تێگەیشتنی “بوونـ”ـە و بەم هۆکارەشەوە، شوناس و ناسنامەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی هەر مرۆڤێک دیاری دەکات.
“زمانی دایک، زمانی نەتەوەیی”
کاتێک سەیری ئاوێنە دەکەیت، نەک تەنیا شێوە و سیمای خۆت، تۆ مۆزەخانەیەک لە بەرانبەر خۆتدا دەبینیت. ئێمە بەردەوام ڕابردووی دهوروبەرمان لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین و ئەو کارەش تەنیا لە جەستەدا نییە: بەڵکوو لە چوارچێوەی نەریت و نۆرمە کلاسیک و سونەتییەکانی ئێمەدا وەکوو چۆنیەتیی قسەکردن، درێژەی هەیە و بەردەوام بوونی دەبێت. ڕابردوو کۆمەڵە گردیلەگەلێکن کە نابینرێن، بەڵام بەردەوام لە بەرچاومانن و لەو ڕیگەیەشەوە لە جیهان تێ دەگەین و هەروەها جیهانیش بەو شیوەیە لە ئێمە تێ دەگەن. ئێمە بەردەوام لەسەر شانی ئاژداد و پیشینیانمانەوە ڕاوستاوین؛ جا ئەگەر ئەوان بناسین یان نە… (دیڤید دابلیۆ، ١٣٩٥: ١-٢) ئەگەر چاوپۆشی لە شێوەی نووسینی شیعریی ئەو دەقەی سەرەوە بکەین، سەرنجمان دەخرێتە سەر ئەو چەمکە قووڵ و واتادارانە کە ورووژێندراون؛ چەمکگەلێک کە لە بەشی “زمان، کولتوور، شوناس”دا باسمان لێوە کردووە و لە درێژەی ئەم بابەتەشدا بە شێوەیەکی ساناتر و لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە دەپرژینەوە سەریان و شەنوکەویان دەکەین.
دەکرێت بڵێین زمان گرنگترین فاکتەری ناسنامەسازیی کۆمەڵەکان و کۆمەڵگەکانن؛ فاکتەرێک کە نزیک بە سەد ساڵی ڕابردوو و لە کاتی سەرهەڵدان و دروستکردنی حکوومەتی مۆدێڕن لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە بووەتەوە؛ ئاستەنگێک کە بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک لە زمانەکانی هەنووکە کە ئاخێوەرەکانیان لەناو چوارچێوەی ئەو جوگرافیا سیاسییەدان، بەپێی ئەو پێناسەیەی لە هزر و مێشکماندا لە زمانی دایک هەمانە، ئیتر وەک زمانی دایک ئاوڕیان لێ نەدەینەوە. بەم هۆکارە و هەروەها بۆ گرنگیی بابەتەکە، باسەکەمان بە چەند پرسێکی زانستیی زمانناسی و زمانەوانی دەست پێ کردووە. زمانی دایک ئەو زمانەیە کە منداڵ لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە بەرکەوتەی بووە و پێی فێری قسەکردن دەبێت و هەروەها خۆی و جیهان بەو زمانە دەناسێت. بە درێژاییی هەزاران ساڵ زمانی دایک هەمان زمانی شوناس یان زمانی نەتەوەیی بووە، بەڵام بەداخەوە هەنووکە دەکرێت زمانی شوناس (زمانی نەتەوەیی) ببێت یان نەبێت؛ واتە ئەگەری هەیە دایک و باوک هەر لە سەرەتای لەدایکبوونی منداڵەکەیانەوە بە زمانێکی تر جگە لە زمانی خۆیان لەگەڵ منداڵەکەیان قسە بکەن؛ بەڵام لەم بابەتەدا دوو چەمکی “زمانی دایک” و “زمانی نەتەوەیی” بە جیا باسیان لێوە دەکرێت و بە دوو چەمکی جیاواز بەکار دەهێندرێن.
“لە جیهانی مۆدێڕندا پەرەگرتنی ڕۆژانەی ڕەوتێکی کولتووری و فەرهەنگیی ڕەنگاڵە لە مۆسیقی، هونەر، ناوەندە هەواڵدەرییەکان و تەنانەت لە پێکهاتەی حەشیمەتەکان (ڕابردووی کۆچکردن لە هەموو مێژوودا) و لە زمانەکاندا دەبینین (زۆرینەی خەڵک بە دوو یان سێ زمان قسە دەکەن). لەگەڵ پەرەگرتنی گرنگیدان بە دیاردەی لێکنزیکبوونەوەی کولتووری لە ساڵەکانی ١٩٨٠دا، کۆمەڵێک لە زانایان لە چەندین گرووپی زانکۆکاندا دەستیان بە دوزینەوە و پێداچوونەوەی زمانگەلێک و کولتوورگەلێک کرد کە لە سەرەدمانێکدا وەکوو ناوەڕۆک و جەوهەرگەلێکی تاک و جیاواز لێک دەدرانەوە”. (سەرچاوەی پێشوو” ١٤) پاش سەرهەڵدانی مۆدێڕنیتە، “شوناس” لە بنەڕەتدا بە ناوەندی هاوکێشە کولتووری و سیاسییەکاندا دادەنرێت. مۆدێڕنیتە لەگەڵ شۆڕشی تەکنۆلۆژی، ئالوگۆڕ و جێگۆڕکێی جەماوەریی خەڵک، دروستبوونی دەوڵەتە مۆدێڕنەکان و پڕۆژەکانی دەوڵەت – نەتەوەسازی، دەرفەتی نواندنەوەی ناسنامە و شوناسەکان و هەروەها بەستێنی ململانێی نێوان شوناسەکانی ڕەخساندووە.
لە ئێرانیشدا پاش دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێڕن و بیچمگرتنی پڕۆژەی دەوڵەت – نەتەوەسازی لە سەردەمی پەهلەویی یەکەمدا، وێژمانی دەسەڵاتداری زاڵ بەسەر ئێراندا بەردەوام ویستوویەتی داخوازی و جیاوازییە زمانییەکانی ناو ئەو وڵاتە وەک “ئەوی تر”ی خۆی پێناسە و سەرکەوت بکات. بەپێی ئەم بنەمایە، یان ئەو جیاوازییە نەتەوەیی و شوناسانەی ناوی ئێرانیان پشتگوێ خستووە و حاشای لێ دەکەن، یان وەکوو وردە کولتوور، شێوەزار، فەرهەنگ و زارە ناوچەیییەکان و …هتد. پێناسەی دەکەنەوە؛ مەبەست و ئاکامی ئەم کارە ئەوەیە کە ئەو گشتە جیاوازییانە وەک بەشێک لە وێژمانی “شوناسی نەتەوەیی، شوناسی ئێرانی” پێناسەیە بکەن. بەڵام دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەو کێشەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تایبەت بە ئێران نییە؛ داڕمان و هەوڵوەشانەوەی پێکهاتە سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئاکاری و ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، سەرەڕای پاراستن و مانەوەی جوگرافیا سیاسییەکانی وڵاتانی ئەو ناوچەیە، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری هەوڵاواردن و جیاوازییەکانی زمانی _ ناسنامەیی. هەڵاواردنگەلێک کە ڕیشەی لە پێکهاتە و قەوارە نادێموکراتیکەکان و ڕێژیمە سەرەڕۆ و تاکڕەوگەراکاندا هەیە؛ پێکهاتەگەلێک کە لە ڕنگاڵەبوون و فرەڕەنگیی شوناس و نەتەوەیی چاوپۆشی دەکەن و پشتگوێ دەخەن و هەروەها لەگەڵ کەمینەکاندا وەکوو سەردەست – ژێردەست هەڵسوکەوت دەکەن.
ڕەوتی سەردەست – ژێردەست لە ئێراندا کاریگەرییەکی زۆر نەرێنیی لەسەر شوناسە زمانییە جیاوازەکان داناوە کە زۆرینەی کۆمەڵگە زمانییە ژێردەستەکان، لەناکاو و لەژێر کاریگەریی پڕوپاگەندهی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سیستەمی سەردەستدا بڕیاریان داوە شوناسێکی زمانیی تازە بۆ نەوەی نوێی دوای خۆیان پێناسە بکەن؛ بۆیە هەر لە سەرەتای لەدایکبوونی منداڵەکانیانەوە لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی فارسی قسەیان کردووە تاکوو ئەوانیش (منداڵەکانیان) تێکەڵ بە بەشی سەردەستی کۆمەڵگەی سەرانسەریی ئێران بکەن. لێرەدا بەم هۆکارەوەیە کە لە زۆربەی ناوچەکانی ئێراندا “زمانی دایک” ڕێگەی خۆی لە “زمانی شوناس” جیا دەکاتەوە؛ لە ئاکامدا شوناسێکی نوێتر بەڵام دەستکرد بۆ نەوەیەک سەر هەڵ دەدات و دروست دەبێت کە ئیتر بە زمانی باوا و باپیرانیان قسە ناکەن. ئەو نەوەیە، بە گۆڕینی شوناسەکەیان و دیاریکردنی شوناسێکی دەستکرد کە بۆیان دیاری کراوە، دوای هەڵبژاردنی زمانێکی بیانی و بێگانە وەکوو زمانی دایک – بەپێی پێناسەیەک کە بۆ زمانی دایک کراوە – لە جەستە و پێکهاتەی کۆمەڵگەی شوناس و نەتەوەییی ڕاستەقینەی خۆیان جیا دەبنەوە. ئەو شوناس و زمانە دەستکرد و ساختەیە، بە تێپەڕبوونی کات بەرەبەرە لەو کۆمەڵگەیانەی کە سەری هەڵ داوە بچووکتریان دەکاتەوە و پەرە بە کۆمەڵگەی سەردەست (ئەوی تر) دەدات؛ بەم شێوەیە ئاسمیلاسیۆن و تواندنەوەی کولتووری – شوناسی – زمانی دێتە ئاراوە، هەروەها ڕێژەی ئاخێوەرانی زمانەکانی ژێردەست کەم دەبێتەوە و ڕێژەی ئاخێوەرانی زمانی سەردەست زۆرتر دەبێت، لە ئاکامدا و لە ماوەیەکی دیاریکراودا شوناسی یەکەیەکی بچووک بۆ هەموو یەکە پێکهێنەرەکانی ناو جوگرافیایەکی سیاسی پێناسە دەکرێت، یان بە واتایەکی سادەتر لە ئاکامدا شوناسێکی یەکدەست و گشتی بۆ سەرجەم جوگرافیایەکی سیاسی پێناسە دەکرێت.
“کوردەکان و زمانی کوردی لە کەلاردەشت”
کەلاردەشت شارێکە لە ڕۆژاوای پارێزگای مازەندران. پێکهاتەی دێموگرافیی ئەو شارە لە خەڵکی خۆجێی کەلاردەشت، ڕێژەیەکی بەرچاو کوردی کۆچێندراوەکان و تا ڕادەیەکیش تورکی کۆچیندراو پێک هاتووە. کوردەکان نزیک بە حەفتا لە سەدی ڕێژەی دانیشتووانی کەلاردەشت پێکدەهێنن. لەڕاستیدا خستنەڕووی بۆچوونێکی یەکلاکەرەوە و ورد سەبارەت بە بنەچە و زێدی سەرەکیی ئەو کوردانەی کە بە ناوی “خاجەوەند” لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا هاتوونەتە کەلاردەشت نەلواوە. کۆچاندن و گواستنەوەی ئەو کوردە کۆچێندراوانە تەنیا بەسەرهاتێکی بێ ئامانجی مێژوویی نەبووە، بەدڵنیایییەوە ئەو بەسەرهاتانە ئامانجگەلێکی دوولایەنەی بەدواوە بووە، هەم لە زێدی خۆیان و هەم بۆ شوێنەی کۆچێندراون. “یەکێک لە ڕووداوە گرنگە مێژوویییەکان لە کەلاردەشت پاش هێرشی مەغولەکان، سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی کۆچکردن و کۆچادندنەکان بوو کە دواتر بوو بە سەرچاوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە گرنگەکانی ناوچەکە.” (مەلەکپوور، ١٣٩٣: ١٠٣) ئەم بابەتە پێوەندیی بە کۆچاندنی زۆرەملێی چەند هۆزێکی نەتەوەی کورد لە ڕۆژاوای ئێرانەوە هەیە کە بۆ کەلاردەشت و ناوچەکانی دەوروبەری کۆچێندراون. بەپێی هەندێک بەڵگەی مێژوویی، ئەو کوردە کۆچێندراوانەی کەلاردەشت لە “بیجاڕی گەڕووس و پارێزگای سنە”وە کۆچێندراون و بڕێک لە بەڵگە مێژوویییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن لە “پارێزگای لوڕستان و گەڕووسـ”ـەوە کۆچێندراون کە لێرە و لە درێژەی ئەم باسەدا دەپرژینە سەر ئەم بابەتە.
“سەبارەت بە مێژووی دروستی کۆچاندنی خاجەوەندەکان گێڕانەوەگەلێکی جیاواز هەیە، بەڵام بەپێی بەڵگە مێژوویییەکان ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە سەردەمی “شا ئیسمائیلی سەفەوی”دا گواستنەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو لە نەتەوەی کورد بە شێوەی زۆرەملێ بۆ ناوچەگەلێکی جیاوازی ئێران دەستی پێکرد و ڕەوتی کۆچاندنی کوردەکان لە دەورانی دەسەڵاتداریی پاشاکانی دیکە وەک “شا عەباس” و تەنانەت پاش لەناوچوونی دەسەڵاتی سەفەوییش لەلایەن نادر شای ئەفشار و کەریم خانی زەند و… درێژەی هەبووە. لەڕاستیدا خاجەوەندەکان پاش ئاریایییەکان، دووهەمین کۆمەڵی کۆچبەر بوون کە بە مەبەستی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی و مانەوەیان بۆ ئەو ناوچانە گواستراونەتەوە.” (مەلەکپوور، ١٣٩٣: ١٠٤-١٠٥) بە وتەی “هێنری فیڵد”، شا عەباس سەفەوی لە مانگی ڕەبیع ئەوەڵی سەدەی حەڤدەهەمی زایینیدا هۆزە کوردەکانی “خاجەوەند”ی لە شارەکانی کۆجوور (فارسییەکەی کجور) و پۆل و کەلاردەشت بە مەبەستی ترساندنی خەڵکی خۆجێی و ڕەسەنی – بەو هۆکارەی کە پێشتر ئاماژەی پێ کراوە- ئەو ناوچەیە کۆچێندراون. فیڵد هەروەها وتوویەتی: خاجەوەندەکان زۆرتر لە دەوروبەری ناوچە کوێستانییەکان نیشتەجێ کراون و بە خەڵکێکی بەهێز و بەتوانا ناسێندراون. “هێنری فیڵد” خاجەوەندەکان بە بەشێک لە نەتەوەی کورد لەقەڵەم داوە و لەو باوەڕەدایە کە لە ساڵی ١٩٢٠ی زایینی، لە شاری کەلاردەشت پێنج لق و تیرەیان لێ کەوتووەتەوە کە بریتین لە: سوڵتان قولی خان، کاکەوەند، لەک، خاجەوەند و دۆلفان. ئەو هۆزانە لە سەرەتاوە لەلایەن نادر شای ئەفشار و لە ناوچەی گەڕووس و پارێزگای سنە کۆچێندراون. کۆمەڵێک لەو کوردە کۆچێندراوانە لە کۆتایییەکانی دەسەڵاتی پاشایەتیی کەریم خانی زەند بۆ نیشتمانی سەرەکی و زێدی ئاژدادیی خۆیان گەڕێندرانەوە، بەڵام “محەممەد خانی قاجاڕ” دیسان ئەوانی گەڕاندەوە بۆ ئەو شوێنەی کە کۆچێندرابوون تاکوو دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ملکەچی خۆی بکات و وەکوو ژێردەستی خۆی بەکاریان بهێنێت. (فیڵد، ١٣٣٤: ١٩٩- ٢٠١)
هەروەها “ڕابینۆ” لەم بارەیەوە باوەڕی وایە کە خاجەوەندەکان لە بنەڕەتدا خەڵکی لوڕستانن، “محەممەد خان” ئەوانی لە لوڕستان و گەڕووسەوە بۆ مازەندەرانی ڕۆژاوا کۆچاندووە. “ڕابینۆ” سەبارەت بە شێوازی ژیانی خاجەوەندەکان لە سەردەمی خۆیدا وتوویەتی: هەرچەند تاکوو ئێستە خاجەوەندەکان لە گوندەکاندا نیشتەجێ بوون، بەڵام لە هاویندا لە دەورووبەری گوندەکان و بە ڕەشماڵەوە ژیانی خۆیان دەبەنە سەر و سەرقاڵی مەڕداری و ئاژەڵدارین. هەروەها ئەوان ئەسبگەلێکی تا ڕادەیەک ڕەسەن ڕا دەهێنن و ڕام دەکەن و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و باخدارین و زۆربەی مەزراکانیشان دێمەین و ئاویی نین. خاجەوەندەکان باشترین شوێنی گەرمەسێری ئەو ناوچەیەیان لە ژێردەستدایە، بەڵام دانیشتووانی ئەو ناوچەیە پێیان ناخۆش بوو و تەنانەت لە ڕابردووش و بەتایبەت لە سەرەتاکانی کۆچاندنی کوردە کۆچێندراوەکانەوە ئەو کێشەیە شەڕ و تێکهەڵچوونی خوێناویی لێ کەوتووەتەوە. گرووپێک لە خاجەوەندەکان هەبوون کە بە کوردە ڕۆزەکییەکان ناسرابوون و دواتر ئەوانیش بەتەواوەتی لەناو چوون. (ڕابینۆ. هـ ل، ١٣٤٣: ٥٢)
ئەو چەند نموونەی کە ئاماژەیان پێ کراوە، گرنگترین بۆچوونەکانی مێژوونووسان، لێکۆڵەران و ڕۆژهەڵاتناسان لەسەر کۆچاندنی مێژوویی و هەمیشەییی کوردەکان بۆ کەلاردەشت بوو. بۆچوونگەلێک کە زۆر خوێنەریان هەیە و ژێدەر و سەرچاوەی لێکۆڵەرەکانی تری ئەو بوارەن، بۆچوونگەلێک لەوانەیە بێکەموکۆڕی و کەمایەسی نەبن و پێویست بێت بە شێوەیەکی زانستی و مێتۆدێکی دروستی لێکۆڵینەوەیی پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت. بەبۆچوونی نووسەر _ وەک کوردێکی کەلاردەشت کە تا ڕادەیەک زانیاریی لەسەر کولتوور و زمانەکەی خۆی هەیە_ بەپێی ئەوە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە زمانناسییانەی کە لەسەر زمانی کوردی و شێوەزار و زارەکانی کراوە، دەکرێت وەکوو باشترین و پێویستترین لێکۆڵینەوەکان لەو بوارەدا ئەژمار بکرێن.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند نموونە بکرێت:-
یەکەم:- ئەو هۆزانە لە کۆمەڵیک سەرچاوە و کتێبدا وەکوو کتێبەکانی “د.عەلی مەلەکپوور” و خوالێخوشبوو “تەهموورس فەقیهـ نەسیری”، کە هەردووکیان بە ناوی “کەلاردەشت” و بەپێی نووسراوەکانی فیڵد، ڕابینۆ و مەککەنزی، لەژێر ناونیشانی “هۆزەکانی کورد و لوڕ” ناسێندراون؛ بەڵام لەنێوان ئەو کۆچێندراوانەدا کە لە ڕۆژاوای ئێران و لە سەردەمە مێژوویییە جیاوازەکاندا بۆ شارەکانی کەلاردەشت و کۆجوور کۆچێندراون، هیچ هۆز یان گرووپێکیان بە شێوەزار و لکەزارەکانی لوڕی قسە ناکەن و لوڕئاخێوەر لێرەدا بوونی نییە. شایانی باسە کە کۆچاندنی لوڕەکان بۆ ناوچەکانی “سیب دە چالووس” و “خۆڕەم ئاوا تەنکابن” لە ڕۆژاوای مازەندەران و ئەلبۆرزی ناوەندی، بەسەرهاتێکی بەڵگەمەندی مێژوویییە؛ بەڵام ئەوەی کە بوترێت گشت کوردەکانی کەلاردەشت لوڕن، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە و نووسراوە مێژوویی و زارناسییەکان هەڵەیە و دروست نییە.
دووەم: لە کۆمەڵێک بەڵگە و سەرچاوەی مێژووییدا – هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێ کراوە- هاتووە کە چەند هۆزێک لە بیجاڕی گەڕووس بۆ کەلاردەشت و کۆجوور کۆچێندراون.
لە ڕووی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە مێژوویی و زمانەوانییەکانەوە، تووشی هەندێک حاڵەت دەبین کە پێویستیی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە ناوچەی گەڕووس نیشان دەدەن. زۆر گرنگە بەپێی شێوەزاری کوردە کۆچێندراوەکان بگەینە ئەو ئاکامەی کە ئاخێزگەی ئاژدادی و زێدی باپیرانیان کوێیە، یان بە واتایەکی تر بەپێی شێوەزاری کوردە کۆچێندراوەکان پێویستە بنەچە و ڕەچەڵەکیان بدۆزرێتەوە، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستە لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن کوردەکانی کەلاردەشت و کۆجوور یان توێژەرانی دیکەوە لەسەر ئەو بابەتە نابیندرێت. پێویستیی ئەو لێکۆڵینەوە لەوەدایە کە شێوەزاری کوردەکانی کەلاردەشت شێوازێک لە شێوەزاری لەکییە؛ لە لایەکی دیکەوە بیجاڕی گەڕووس چەند هۆزی لەکی تێدایە. ئەو هۆزانە لە سەردەمی “مەلووکەلتەوایف” بۆ دەستبەسەرداگرتن و دەسەڵاتداریی ناوچەی گەڕووسی پارێزگای سنە چووبوون و لەوێ ماونەتەوە. گریمانەیەکی نووسەر لەم بارەیەوە ئەوەیە کە گرووپێک لە کۆچێندراوەکانی کەلاردەشت، لەو کۆمەڵە کۆچێندراوانەن کە پێشتر بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی بیجاڕ بۆ ئەوێ چووبوون؛ سەلماندنی ئەو گریمانەیە پێویستی بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەگەلێکی زۆر باش هەیە کە بەداخەوە تاکوو ئێستە نەکراوە.
بێگومان پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی تر لەو بارەیەوە بکرێت؛ ئەویش ئەوەیە کە شێوازی ئاخاوتن و شێوەزاری دۆلفانەکان لەگەڵ کوردەکانی تری کەلاردەشت جیاوازن و لە لایەکی ترەوە – جگە لە پێکهاتەی ئورگاتیڤ – ڕێک وەکوو لەکە کوردەکانی ناوچەی دۆلفان لە پارێزگای لوڕستان قسە دەکەن. هەنووکە پرسیار ئەوەیە کە تاکوو چەند ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ لە ناوچەی دۆلفانی پارێزگای لوڕستانی ئێستەوە بۆ کەلاردەشت کۆچێندرابێتن؟ سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە لەسەر ئەم بابەتە، پێویستە چەند خاڵێکی تر زێدە بکەین: لەسەر بابەتی کۆچاندنی کوردەکان لە گەڕووسی بیجاڕەوە بۆ کەلاردەشت و کۆجوور، بەتەواوەتی پشت بە بۆچوونەکانی هێنری فیڵد دەبەستین. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە توێژەر و لێکۆڵەران ئەم بۆچوونانەی هێنری فیڵد بە هەڵە دەزانن و پێیان وایە بنەماڵەی “سۆفی ئەملەش” لە گەڕووسی بیجاڕەوە بۆ ئەو ناوچانە کۆچێندراون نە کوردەکانی کەلاردەشت و کۆجوور! ئەم کۆمەڵە توێژەرانە پێیان وایە کە دەبێت گومانت لە ڕاستی و دورستیی بۆچوونەکانی هێنری فیڵد هەبێت.
سێیەم: خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش سەبارەت بە کوردەکانی کەلاردەشت و تەنانەت کۆجووریش ئەوەیە کە سەرەڕای جیاوازیی شێوەزار و لکەزارەکانیان، هەموویان بە “خاجەوەند” دەناسرێن. “خاجەوەند” لەقەڵەمدانی هەموو کۆچێندراوەکان، تەناتەت وێڕای جیاوازییە دیار و بەرچاوەکان لە شێوەزار و شێوازی ئاخاوتنی خاجەوەندەکانی کەلاردەشت لەگەڵ کۆجوور و هەروەها جیاوازیی زاراوە و شێوازی قسەکردنی دۆلفانەکانی کەلاردەشت لەگەڵ کوردەکانی تری ئەو ناوچەیە، دەتوانێت ئاماژە بە بنەچەی ناخێڵەکیی ئەم ناولێنانە بکات، یان بە واتایەکی تر دەکرێت درخەری هۆکاری ناخێڵەکیبوونی ئەو ناولێنانە بێت؛ بۆیە دەکرێت بڵێین ئەم کوردانە لە هۆزگەلێکی جیاواز بوون و لە یەک هۆزەوە سەرچاوەیان نەگرتووە و هەر بەو شێوەیەش کە لە ناوی ئەو “تیرە”ەوە دیارە، هەموویان پێکەوە یەکیەتی و هاوپەیمانییەکی سیاسیی سەربازییان پێک هێناوە و خۆیان بە “خاجەوەند” دەناسێنن. هەروەها دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە سەرجەم دانیشتووانی کەلاردەشت و کۆجوور بە خەڵکی ڕەسەن و خۆجێی ئەو ناوچەیە و کوردەکانیش، بە هۆکاری دابونەریت و ڕەچەڵەکی کوردە کۆچێندراوەکانەوە پێیان وایە ناوبانگیان “خاجەوەند”ە و بەو ناوبانگە دەناسرێن، چونکە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کوردانە پێڕەوی ئایینی یارسانن؛ بێگومان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە پێناسەی دەستەواژەی “تیرە” و ئەرک و ڕۆڵی پێکهاتەکەی لە کۆمەڵگەی پێشمۆدێرندا.
هەر بەو جۆرەی کە پێشتر ئاماژەی پێ کراوە، هێنری فیڵد ئەو کۆچێندراوانەی بۆ پێج لق دابەش کردووە کە بریتین لە:
١ـ سوڵتان قولی خان ٢ـ کاکەوەند ٣ـ لەک ٤ـ خاجەوەند ٥ـ دۆلفان
دەبێت ئەوەش بوترێت: ناوەکانی “خاجەوەند، لەک و دۆلفان” هەنووکەش لە کەلاردەشت بوونیان هەیە، بەڵام کاکەوەند و سوڵتان قولی خانی هیچ ناوێکیان نییە. خاڵی جێی تێڕامان ئەوەیە کە شێوەزار و شێوەی قسەکردنی گشت ئەو هۆزانە لە کەلاردەشت “لەکیـ”ـیەکی زۆر نزیک لە یەکترە و جیاوازیی بەرچاوی کوردەکانی کەلاردەشت کە بە “لەک” ناسراون لەگەڵ کوردەکانی تری ئەو ناوچەیە، تەنیا لە شێوەی دابونەریت و ڕێوڕەسمگەڵێکی ئایینیدایە. ئەو کوردانەی کە لە کەلاردەشت بە “لەک” ناسراون، پێڕەوی ئایینزای شیعەن و سەرجەم کوردەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە – کە زۆرینەی کوردە کۆچێندراوەکان پێک دەهێنن- پێڕەوی ئایینی یارسانن. لێرەدا دەگەڕینەوە سەر ئەو باسە شیکاری – مێژوویییەی کە پێشتر باس کراوە و لانی کەم دەپرژینە سەر دوو ئامانجی سەرەکیی کۆچاندنی زۆرەملێ و کۆچێندرانی خاجەوەندەکانی کەلاردەشت و ناچەکانی دەوروبەری. ئەم دوو ئامانجەش بریتین لە:-
١ــ پێکهێنانی هاوسەنگییەکی نوێی سیاسی و دیمۆگرافی لەو هەرێمەی کە خاجەوەندە کۆچێندراوەکانی تێدا نیشتەجێن، واتە لە کەلاردەشت و کۆجوور و ناوچەکانی دەوروبەری، بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەندێک ئاڵۆزی و ئاژاوەگێڕی و هەروەها کێشە و گێچەڵی خەڵکی ڕەسەنی خۆجێی ئەو ناوچەیە بە دژی حکوومەتە ناوەندییەکانی ئێران.
٢ــ پێكهێنانی دووبەرەکێ و لاوازکردنی هۆزە کوردەکان لە ناوچەکانی زێدی ئاژدادیی خۆیان – لە ناوچەکانی ڕۆژاوای ئێران- و دیسان بە مەبەستی ملکەچکردن و گوێڕایەڵبوونیان لە بەرانبەر حکوومەتی ناوەندیدا.
“خاجەوەندەکان لە زێدی خۆیاندا و بەپێی نەریتی خێڵەکیی بە شێوەیەکی سونەتی، کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و بەهێز بوون. ئەوان خاوەنی شوناس، مێژوو و کولتووری ڕوون و ناسراون؛ ئەمەش بۆ حکوومەتە ناوەندگەراکانی ئەو سەردەمە زۆر لەبار نەبووە، بۆیە بڕیاری بڵاوەپێکردنی خاجەوەندەکان داوە”. (مەلەکپوور، ١٣٩٣: ١٠٧)
پاش ئەوەی کە خاجەوەندەکان هاتنە کەلاردەشت و جێگیر بوون، لە بەسەرهات و ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی ئەو ناوچەیە پشکدار بوون و بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبووە. ئەم بەشداریکردن و ئامادەبوونە لە سەرەتاکانەوە، بوو بە هۆی ململانێ و تێکهەڵپرژانی خێڵەکی و هۆزەکی لەگەڵ خەڵکی خۆجێی ڕەسەنی ناوچەکە.
سوارەکانی خاجەوەند کە لە زێدی خۆیاندا خاوەن کۆمەڵێک گەلەڕان و لەوەڕگەی گەورە و باش بوون، زۆر گرنگ بوو لەو ناوچە نوێیەشدا کە بۆی کۆچێندرابوون درێژە بە ئابووری و بەرهەمهێنانی سامانی خۆیان بدەن. بەپێی ئەوەی کە پاشا و دەسەڵاتداران لە ناوچەکەدا پێویستیان بەو هێزە جەنگاوەرە سوارانە بوو، بۆیە بەشێک لە لەوڕگە باشەکانی خەڵکی ڕەسەن و خۆجێی ناوچەکەیان بۆ ئەو تازەهاتووانە دابین کرد؛ ئەم کارە بۆ بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕگەلێکی خوێناوی لە نێوانیاندا، بەڵام لە کۆتاییدا و وردەوردە هەردوو گرووپ تا ڕادەیەک پێویستیی بوونی یەکتر و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیان قەبووڵ کرد. کوردەکانی کەلاردەشت تا هەنووکەش توانیویانە کولتوور، ئایین، زمان و شوناسی خۆیان بپارێزن؛ بەڵام لە ماوەی ئەم چەند دەیەیەی دواییدا کەوتوونە بەر مەترسی و هەڕەشەی گۆڕانکاریی شوناس و ناسنامەیان. ئەو مەترسی و هەڕشانە زۆر بە چڕی و بە خێرایی لەسەر ناسنامەی ئەو کۆچبەرانە کاریگەریی هەبووە کە دوورن لە زێدی خۆیان، بە شێوەیەک ئەگەر ڕێکارێکی خێرا و زانستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسی و هەڕەشانە نەگیردرێتە پێش، شوناسی ئەو کۆچێندراوانە بە زووترین کات وەکوو زۆربەی کوردە کۆچێندراوەکانی گیلان و مازەندران لەنێو دەچێت و دەتوێنەوە. دەبێت ئەوەش بوترێت کە کوردەکانی ناوچەی کۆجوور و مازەندەرانیش ڕێک دۆخێکی لەو چەشنەیان هەیە: شوناسێک کە تاکوو ئێستە پارێزراوە، بەڵام هەنووکە مەترسیی لەنێوچوون و تواندنەوەی زۆر خێرای لەسەرە. بەشێکی هەرە زۆری ئەم مەترسی و هەڕەشانە، هەر ئەو خاڵانەن کە لە بەشی “زمانی دایک، زمانی نەتەوەیی” باسمان کردن، ئەگەرچی هۆکارگەلێکی تریش هەیە کە لە بەشەکانی دواییدا زۆرتر باسیان دەکەین.
نووسین: موژگان کاڤووسی
وەرگێڕان: کاروان مێراوی