رابوونی کوردانی ئێراق لە ساڵی ١٩٦١دا، بە شەڕکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەستی پێکرد، کە تیایدا پێکهێنانی حکومەتی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەر لە کوردستان و ئامادەبوونی نوێنەرانی حزبەکانی کوردستان لە دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندیدا، وەک ئامانجی رابوونەکە ناسێنرا.
بەشداریکردن و ئامادبوونی KRG لە دانوستانەکانی پەرلەمانی ئێراقدا کە لەژێر چاودێری ئەمریکا و بە مەبەستی پەسەندکردنی دەستووری بنەڕەتی بەڕێوە چوون، دەستکەوتێکی سیاسی گەورە بوو.
ماوەی چل ساڵە لە بارەی کوردەوە دەنووسم، بەڵام هێشتا نەمتوانیوە لە بارەی ناسنامەو ئامانجەکانییەوە بە تێگەیشتنێکی تەواو بگەم. لە سەرەتای هەوڵەکانمدا بۆ ناسینی کورد، بە گەلێکی کۆچەر و نیوە کۆچەرم گریمان دەکردن کە حەزدەکەن وەکوو عەرەب، فارس و تورکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەت پێک بێنن. شارەزایەک لەبارەی ئەو گریمانەی من پێی وتم؛ زۆرینەی کۆچەرییەکانی ئەم گەلە چیدی کۆچەر نین و هەریەکە و لە ناوچەیەک نیشتەجێ بوون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە من گرنگیم بە زمان و مەزهەبەکەیان نەدابوو.
کە ئاوڕ لە رابردوو دەدەمەوە، دێتەوە بیرم؛ زۆربەی ئەو کوردانەی ماوەیەک لەگەڵیان لە پێوەندیدا بووم، خۆیان بە کۆچەر و جوتیار نەدەزانی و شارنشین بوون. لە راستیدا ئەوانەی قسەم بۆ دەکردن شارنشین بوون و لەگەڵ خێڵەکان و چیاییەکان تێکەڵییان هەبوو و ماوەیەکی زۆر بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ خەباتیان کردبوو، بەڵام من ئەو پێناسەیەم وەرگرت کە خۆیان بۆ خۆیان دەکرد. پێناسەکەیش بەمشێوەیە بوو: “کورد ئەو کەسەیە کە خۆی بە کورد بزانێ و خەڵکانی دەوروپشتیشی بە کوردی بزانن”.
کورد خاوەنی بەڵگەنامە و دۆکیومێنتی مێژووییە کە لە گەلانی دیکە جیای دەکاتەوە، بەڵام هەرگیز پێناسەیەکی ورد و ئاشکرا لە ناسنامەیان نەخراوەتە روو. بەسترانەوە بە گەل، زمان، مەزهەب و ناوچە، فاکتەری گرنگن بۆ ناسنامەی کوردی، بەڵام ئەم ئاماژانە نامانگەیێنن بە پێناسەیەکی ورد لە ناسنامەی کوردی. بەسترانەوە بە خێڵێکی کورد بە ناچاری تاک دەخاتە بەرامبەر خێڵە کوردەکانی دیکە و کۆمەڵگە ناخێڵەکییەکان. بەسترانەوە بە زمان یا زاراوە و مەزهەب، دەبێتە هۆی پێکهاتنی سنوری ناڕاست لە ناو نەتەوەی کورددا.
هەر وەک چۆن لە کوردستانی ئێراق بە ئاشکرا ناسنامە ناوچەییەکان دەبینین کە یەکێتی و یەکپارچەیی لە بەر چاو ناگرن. لە ناو ئەو کەسانەدا کە بە ئاشکرا لە بارەی ناسنامەیانەوە قسە دەکەن، کەسانێک هەن کە بە هیچ خێڵێک نەبەستراونەوە و بە کوردی قسە ناکەن. سوننە مەزهەب نین و تەنانەت تا چەند پشتیان لە دەرەوەی کوردستان ژیاون.
بە یارمەتیوەرگرتن لە ناسنامەی سیاسی، کە مەبەست لێی رادەیەک لە ناسین و دیاریکردنی چارەنووسی خودە، یا ئامادەیی لە ناو رابوونێکی کوردی بەرینتردا، دەکرێ کورد بە؛ زمانەکان، زاراوەکان و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان و شاریی و گوندییەکانی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا و تەنانەت کوردانی دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان، یەکگرتوو بکرێت، بەڵام ئەو کوردانەی ناسنامەی خۆیان بە مسوڵمان بوون (یا عەلەوی یا ئێزدی بوون) پێناسە دەکەن و بزووتنەوە سێکیۆلارەکان رەت دەکەنەوە و پابەندی بزووتنەوە و حزبە مەزهەبییەکانن، ئەم رێسایە نایانگرێتەوە.
بە کردار ناسنامە بە نەبوونی تایبەتمەندییەک دیاری دەکرێت نەک بە بوونی ئەو تایبەتمەندییە. بە شێوەیەکی گشتی کەسەکان ناسنامەی خۆیان لە بەرامبەر و لە بەراورد بە ئەویدیدا پێناسە دەکەن. واتە بە لەبەرچاوگرتنی پێگە، کەس لە ئەوانیدی جیا دەکرێتەوە. بۆ نموونە کوردێک لە سوریا یا لە ئێراق، ئاشکرایە کە عەرەب نییە، یا لە ئێران فارس یا ئازەری نییە و لە تورکیا لانیکەم لە هەندێک پێگەدا تورک نییە، بەڵام ئەم ناسنامە گەلییانە بەراورد بە بەرامبەر، تایبەتمەند نین بە تاک. لە ساڵی ١٩٧٥دا گوێگرێکی ئێرانم پێداگری دەکرد کە فارس و ئازەری و هاوکات کوردیشە، تەنانەت لەو پرسیارە سادەیەی من تێنەگیشت کە بەراستی چ ناسنامەیەکی هەیە؟. لە تورکیا، کورد هەبوون کە دڵنیا بوون لەوەی لە گەلی تورکن. ئەو کوردانەی لە دەیەی ١٩٦٠دا لە ئەڵمانیا کاریان دەکرد، ئەڵمانی نەبوون، بەڵام بە پێویستیان نەدەزانی خۆیان لە کرێکارانی تورک جیا بکەنەوە.
بێگومان خەباتی سەربازی دەیەی ٨٩ی زایینی لە سەر هەست و بیرکردنەوەی خەڵک لە بارەی ئەوەیکە کێن؟، کاریگەری قوڵی دانا. من هەرگیز ئەو ئێرانییەم نەبینییەوە کە ساڵی ٧٥ دیدارم کرد، رەنگە ئەگەر ناچار نەبووایە، یەکێک لەو سێ ناسنامە گەلییەی هەڵبژاردبایە. بۆ من مایەی سەرسوڕمان بوو، سەرباری ئەو دژایەتیکردنەی تورکیا دروستی کردبوو و لە رۆژهەڵات خەڵکی لە ناسنامە گەلییەکان بە ئاگا کردبوو. هاوکات لە ئەورووپای رۆژئاوا پەنابەرانی کورد بە توندی لە پەنابەرانی تورک جیا دەکرانەوە. ئەم زاراوەی (ئەوانیدی)یە زیاتر لە واتایەکی هەیە، کاتێک ناسنامەی سیاسی کورد پێک هات، لە لایەن ئەم (ئەوانیدییەوە) بووە شوێنی باس.
بزووتنەوەی کوردانی ئێراق، بیر و بۆچوونی سیاسی خۆیان پەرەپێداو لە باس و خواسەکان و مشتومڕەکاندا، شێوازی خۆگونجاندنی لەگەڵ بزووتنەوە ناسیۆنالیستی و سۆسیالیتییەکانی عەرەبدا پەرە پێ دا و لەگەڵ بەشێک لە گوتارەکەیان رێک کەوت. لە تورکیا رابوونی کورد لەگەڵ حزبی چەپی تورک پێوەندی نزیکی هەبوو، هەروەها لەگەڵ بزووتنەوەی کوردانی ئێراق پێوەندی باشی هەبوو. دەکرێ بڵێین گەشەی ناسنامەی سیاسی بۆ کوردستانی ئێران و سوریایش کەم و زۆر بە هەمانشێوە بوو.
کورد لە وڵاتانی جۆراوجۆر، بەتایبەت خوێندەوار و شارنشینەکەی، شێوازی هەڵسوکەوتیان جیاواز بوو و زۆربەی جار وەک هاوتا عەرەب، فارس و تورکەکانی خۆی کە لە وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێ بوون دەجوڵاوە. هەر بەشێکی کوردستان بزووتنەوەی کوردی تایبەت بە خۆی هەبوو. هەر چەند پێوەندییان پێکەوە هەبوو، بەڵام هەر یەکە و تایبەتمەندی خۆیشی هەبوو. لە هەر بەشێکی کوردستان گرووپ و ئەنجومەنگەلێک هەبوون کە لە لایەن دراوسێکانیانەوە یا کەوتبوونە بەر مشت و مڕ یا رەت کرابوونەوە.
ئێزدییەکان، عەلەوییەکان و بەکاربەرانی زاراوەکانی گۆرانی یا زازا(کرمانج یا سۆرانی) و جوتیارانی دەرەوەی خێڵی ناوچەکە، پێدەچێت خۆیان بە کورد بناسێنن و پێشدەچێت خۆیان بە کورد نەناسێنن. بۆ هەموو بەکاربەرانی زاراوەی کرمانجی، کوردە سوننە مەزهەبە خێڵەکییەکان، بەشێکن لە گرنگترین غەوارەکان (ئەوانیدی). بەتایبەت ئێزدییەکان و عەلەوییەکانیش وەک کەمینەی مەسیحی، بیرەوەری تاڵیان لە دراوسێ کوردە سوننە مەزهەبەکانیان هەیە. زۆربەیان حەز بە پێوەندی لەگەڵ کوردانی سوننە ناکەن و خۆ لە تێکەڵیکردنیان دەپارێزن. لەلایەکی دیکەوە کوردە سوننە پارێزکار و دەمارگیرەکان کە دەیەی ٧٠ پێوەندیم لەگەڵیان هەبوو، سڵیان دەکردەوە لەوەی عەلەوییەکان و ئێزدییەکان وەک کورد وەربگرن، هەرچەند بە زمانی کوردیش قسەیان دەکرد.
لە دەیەی ٦٠ی زایینیدا ئێزدییەکان و بە تایبەت عەلەوییەکان لە سەرکردایەتی بزووتنەوە سیاسییەکاندا نوێنەریان هەبوو، کە لەناو کۆمەڵگەی خۆیاندا هەوڵی زۆریان بۆ بەئاگا هێنانەوە لە ناسنامەی کوردی دەدا. ئەوانە خەباتی زۆریان کرد و لە ساڵانی ١٩٨٠ بەدواوە بە توانایەکی روو لە گەشەوە بەشێک بوون لەو چالاکە سیاسییانەی پێداگرییان لەسەر ناسنامە گەلییەکانی دیکەی وەک زازا، عەلەوی و ئێزدی دەکرد. پێدەچێت قسەکردن لەبارەی خەڵکی کوردەوە، ناوەندێکی سەرەکی بە ناسنامەیەکی کوردیی دیار و ئاشکرا بگرێتەوە، هەروەها سنووری تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی بەرین بە پلە و ئاستی جۆراوجۆر لە بەسترانەوە بە ناسنامەی کوردی و یا ناسنامەی گەلانی دیکە بگرێتەوە.
مەبەست لە سنوور واتا پێچوێندراوەکەیەتی، بەڵام زۆربەی ئەم کۆمەڵگەیانە لە راستیدا خاوەنی سنووری جیوگرافین. لە تورکیا ئەو ناوەندە سەرەکییەی ئاماژەم پێدا، پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەناتۆلی هەیە و سنوورەکانی لە رووی گەلییەوە ناوچەکانی گازین تەپ تا ئەرزنجان و ئەرزرووم دەگرێتەوە. لە عێراق حکومەتی هەرێمی کوردنشین، زۆرینەی بەشی ناوەندی لە کۆنترۆڵدایە و، بەشە گەورەکانی کەرکووک و موسڵیش دانیشتووانە کوردەکەی پەرتەوازەن و پێوندییەکی دوو لایەنەیان لەگەڵ ناسنامەی کوردیدا هەیە.
سەرکردەکانی شیعە و سوننە، عەرەب و تورک و نەتەوە خوازە کوردەکان، هەوڵی زۆر دەدەن تاوەکوو دانیشتووانی ئەو سنوورانە بخەنە ژێر دەسەڵات و ناو قەلەمڕەوی خۆیانەوە.
لە ئێران لە ناو کوردانی سوننە و ئازەرییە شیعەکاندا لە بەشی کوردنشینی باکوور سنوورێکی دیاریکراو هەیە، بەڵام لە بەشی کوردنشینی باشوور ناوەندێتی کوردانی ئەهلی حەق، شیعە و بەکاربەرانی زاراوەی هەورامی، لەکی و گۆرانی سێبەری فراوانترە. هەموو ئەو کۆمەڵگەیانە لەڕووی ناسنامەوە زیاتر لە یەک جۆر تایبەتمەندییان هەیە کە لە بزووتنەوەی کورددا گرنگیەکی ئەوتۆیان نییە.
لە پرسی ناسنامەدا، مەزهەب زیاتر لە زمان و زاراوە دەبێتە هۆی سنووردانانی هەڵە. لە تورکیا دابەشکاری عەلەوی – سوننە کاریگەری قوڵی داناوە و بووەتە هۆی بێمتمانەیی. هەرچەند لە ئێران و ئێراق لەم ساڵانەی دواییدا تێکگیرانی جدیی لەنێوان شیعە و سوننە نەبیندراوە و وا دێتە پێشچاو لە دوای بەهاری ئیسلامی پێوەندییەکانیان بەراورد بە رابردوو کەم بکەنەوە. کۆمەڵگەی ئێزدی زۆر پەیوەستی ناوخۆیەتی و کەمتر حەز دەکات لەگەڵ کوردانی دیکە پێوەندی و دانوستان هەبێ.
هەڕەشە و هێرشەکانی داعش دژبە ئێزدییەکان، بووە هۆی ئەوەی پێویستیان بە پشتگیری کوردانی دیکە هەبێت، بەڵام ئێزدییەکان، خراپەی کوردانی سوننەیان لەبیر نەکردووە، بۆیە پێوەندییەکانیان سێبەری بێمتمانەیی بە سەرەوەیە. وا دێتە پێشچاو کەمینە مەزهەبییەکانی دیکە، وەکوو ئەهلی حەق (یارسان یا کاکەیی)، شەبەک و سارلی لە دۆخێکی ناسکتردا بن. لە رابردوودا بۆ ئەوەی پشتگیری بکرێن خۆیان بە کورد، تورکمان و تەنانەت عەرەب ناساندووەو هەندێکجاریش خۆیان خستووەتە پاڵ مەزهەبەکانی شیعە و سوننە. ناسنامەو نەتەوایەتی کورد بە شێوەیەکی جیاواز و لە بارودۆخی جۆراوجۆردا پێکهاتووە و لەسەر بنەمای ئەمە خواستەکانیشی دەگۆڕێت.
دوو دەستکەوتی گرنگی سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەم بۆ کورد، بریتییە لە: دامەزراندنی حکومەتی خودموختاری کورد لە عێراق و راگەیاندنی چەند بەشێکی سەربەخۆ لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا. ئەم دوو رووداوە گرنگە بوونە هۆی ئەوەی روانگە سیاسییە پێوەندیدارەکان بە پرسی کورد، بە شێوەیەکی دیارتر بێنە ئاراوە و دەربکەون. رابوونە سیاسییە زاڵەکانی ئەم دوو ناوچەیە، نەتەوەخوازیی کوردییان بە شێوەی جۆراوجۆر پێشان داوە. جگە لەم دوو ناسنامە خۆ دەربڕە، لە دوای شۆڕشی ٧٩ی ئێران جۆری سێیەمیش بەناوی ئیسلامخوازی کوردی سەری هەڵداوە. لە بەشەکانی دیکەی ئەم وتارەدا، لە بارەی ئەم سێ ناسنامەیە و ناسنامە بانگەشە بۆکراوەکانی دیکەو کاریگەرییان لە سەر پێکهاتنی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەم، باس دەکەم.
بزووتنەوەی کورد لە ئێراق:
رابوونی کوردانی ئێراق لە ساڵی ١٩٦١دا، بە شەڕکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەستی پێکرد، کە تیایدا پێکهێنانی حکومەتی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەر لە کوردستان و ئامادەبوونی نوێنەرانی حزبەکانی کوردستان لە دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندیدا، وەک ئامانجی رابوونەکە ناسێنرا. هەرچەند ئەم دوو ئامانجە لای کورد بەقەدەر یەک گرنگ نەبوون. بەشە شارنشینەکان دەیانویست نوێنەرانی پارتی دیموکرات لە حکومەتی ناوەندیدا ئامادەبن، لە حاڵێکدا خێڵەکان دەیانویست ئاستی ئامادەبوون و دەستوەردانی حکومەتی ناوەندی لە ناوچە کورد نشینەکان کەم بکرێتەوە.
ئەم بزووتنەوەیە لە ناو خۆیدا هاوپەیمانی زۆری هەبوو، بە بیروبۆچوونی جۆراوجۆرەوە. لەلایەکەوە دەستەبژێری شارنشین کە هێزی کاریگەر و بە دەسەڵاتی حزب بوون (پارتی دیموکراتی کوردستان KDP)، لەلایەکی دیکەوە خێڵەکان کە خاوەنی هێزی سەربازی بوون، بەڵام بەوەفابوونیان شوێنی دڵنیایی نەبوو. لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی بارزانی کە بە شوێنکەوتووە شەڕکەرەکانییەوە کاکڵی سەرەکی هێزە خەباتکارەکانی بزووتنەوە بوو. لە دەیەی ١٩٦٠دا چالاکانی حزب، خەڵکی سلێمانی و شارەکانی دیکە بوون بە زاراوەی سۆرانییەوە، واتە (بەکاربەرانی زاراوەی سۆرانی). کاتێک لەنێوان مەلا مستەفای بارزانی و پارتی دیموکرات (بە سەرۆکایەتی برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی)دا ناکۆکی گەیشتە ئاستێکی بەرز، بارزانی بۆ ئەوەی جڵوەی کاروباری بزووتنەوەکە لەدەست بگرێت، بە ئاسانی گرووپی تاڵەبانی لاخست و بەڕێوەبردنی حزبی دایە دەست ئەو پیاوانەی لەئاست خۆیدا بەوەفا بوون. گرژی نێوان بارزانی و حکومەتی بەغدا، لە ساڵی ١٩٦٦دا بووە هۆی ئەوەی گرووپی ئەحمەد – تاڵەبانی دژی بارزانی بوەستنەوە. ئەو گرژییە بووە هۆی ناکۆکییەکی سیاسی بەردەوام لە بزووتنەوەی کوردستانی عێراقدا و چەندین قۆناغی تێکگیرانی توندوتیژانەی بە دوادا هات، بەڵام دواتر شوێنی خۆیان دا بە قۆناغێکی پێکەوە گونجان و هاوکاریکردن.
ساڵێک دوای شکستی بارزانی، لە ساڵی ١٩٧٥دا جەلال تاڵەبانی حزبێکی نوێی دامەزراند بە ناونیشانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان PUK ). ئەندامانی ئەم حزبە، گرووپێکی خوێندکاران و روناکبیرانی سلێمانی بوون، لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەی وەفایان بۆ تاڵەبانی هەبوو. ناوەندی فەرماندەیی ئەو حزبە لە سنوورەکانی نێوان ئێران و ئێراقدا بوو. مەسعود و ئیدریس و نیهاد بارزانی (کوڕانی مستەفا بارزانی)، سەر لەنوێ KDPیان رێکخستەوە و هێزە چەکدارەکانیان لە سنووری نێوان تورکیا و ئێراق جێگیرکرد. دوای چەند ساڵێک و لە کاتی شەڕی ئێران – ئێراقدا، هەر دوو حزب چالاکی تا رادەیەک سیمبۆلی خۆیان بۆ لەدەستگرتنی بەشەکانی باکوور و باشووری کوردستانی عێراق خستە گەڕ. هاوکات خۆیان لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای عێراق دەپاراست و جگە لە چەند بەریەککەوتنێکی توند، تێکگیرانێکی جدی لە نێوانیان رووی نەداو ئێستایش هەردوو حزب بە رق و تووڕەییەوە یادی رووداوەکانی ئەو قۆناغە دەکەنەوە. بە پشتگیری نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩١دا بەشێکی زۆری کوردستانی ئێراق بەو دوو حزبە سەرەکییە سپێردرا. هەر حزبە و کۆنترۆڵی ناوچەی خۆی گرتە دەست و وەک یەک لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا پشکیان وەرگرت. حزبی KDP کۆنترۆڵی ناوچە سنورییەکانی نزیک لە تورکیای گرتەدەست کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەی، ئەو بازرگانییە بوو لە سنوورەکان دەکرا. ناوچە سنوورییەکانی نزیک لە ئێرانیش کەوتنە دەست PUK کە لە رووی ئابوورییەوە لە حزبە رکابەرەکەی لاوازتر بوو. لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ٩٠دا ئەو دوو حزبە لەسەر دابەشکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیان، شەڕی ناوخۆیان کرد. بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەکان شەڕی ناوخۆ کۆتایی هات و ئەو دوو حزبە بۆ ماوەی چەند ساڵێک، یەکیان لە هەولێر و یەکیان لە سلێمانی حوکمڕانیان کرد. دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێراق (ساڵی ٢٠٠٣)، دوو حکومەتەکە بوون بە یەک و حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) پێکهات.
بەشداریکردن و ئامادبوونی KRG لە دانوستانەکانی پەرلەمانی ئێراقدا کە لەژێر چاودێری ئەمریکا و بە مەبەستی پەسەندکردنی دەستووری بنەڕەتی بەڕێوە چوون، دەستکەوتێکی سیاسی گەورە بوو. لە حاڵێکدا ئەمریکا هۆگری ئێراقی یەکپارچە و ناوەندگەرا بوو، لە ساڵی ٢٠١٤دا حکومەتی کاتی بە حکومەتی هاوپەیمانی رازی بوو و رێگەی دا حکومەتی خۆبەڕێوەبەر KRG بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکە لەدەست بگرێت و جگە لەوەی لە حکومەتی ناوەندیشدا ئامادەیی هەبێ لە بوودجەی نیشتمانیش پشکی خۆی هەبێ. دوای هەڵبژاردنی ٢٠٠٥ مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی KRG لە ئەستۆ گرت و هۆشیار زێباری بوو بە وەزیری دەرەوەی حکومەتی ناوەندی کە سەرۆکایەتییەکەی خرابووە ئەستۆی جەلال تاڵەبانی. پۆستەکانی کابینەی KRG لەنێوان دوو حزبی KDP و PUKدا دابەش کران، حزبەکانی دیکە بە رێککەوتن سەرۆک وەزیریان هەڵبژارد. دوای بەردەوامبوونی خۆبەڕێوەبەری دوو لایەنەی ئەو دوو حزبە، وا دێتە پێشچاو حزبیKDP و بنەماڵەی بارزانی هۆگرییەکی زۆر بۆ خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی ناوخۆیی پێشان دەدەن. لە حاڵێکدا تاڵەبانی و PUK بە گرتنە ئەستۆی رۆڵی رابەرایەتی، هۆگری زیاتر بۆ ئامادەبوون و نوێنەرایەتی لە حکومەتی ناوەندیدا پێشان دەدەن.
سیاسەتمەدارانی عەرەب متمانەیان بە تاڵەبانی هەیە وەک سیاسەتمەدارێکی کورد، پێیانوایە تاڵەبانی گرنگی بە پرس و کێشەکانی ئەوان دەدا. زۆرینەی کوردەکانی ئێراق چیدی حەزیان نەدەکرد وەک ویلایەتێک و بەشێک بن لە عێراق، ئەوان جگە لە سەربەخۆیی بیریان لە هیچ شتێکی دیکە نەدەکردەوە. ئەزموونی ساڵی ١٩٨٨، واتە جینۆساید لەژێر ناوی ئەنفالدا (کە زیاتر لە ٨٠ هەزار ژن و پیاو و منداڵی کورد کۆمەڵکوژ کران) بۆی سەلماندوون کە سەربەخۆیی باشترە. هەرچەند رابەرانی سیاسی لەو کێشە زۆرانە بەئاگا بوون کە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی دێتە سەر رێیان، بەڵام ئەو فشارانەی کە لەلایەن خەڵکەوە لە سەریان بوو، بە تایبەت بارزانیان وا لێکرد بۆ سەربەخۆیی کە ئامانجە سەرەکییەکە بوو، دەست بە دانوستاندن بکات. لە ناو کوردانی ئێراقدا رێککەوتنێکی گشتی هەیە، کە ئەویش پەرەپێدانی سنوورەکانی ناوچەی خۆبەڕیوەبەرو گرتنە دەستی دەسەڵاتی زۆرینەی شارە کوردنشینەکانی وەکوو کەرکوک و ناوچە کورد نشینەکانی دیکەی ئێراقە.
قەیرانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ کە بەرۆکی موسڵی گرت، هێدی هێدی رووی کردە کەرکوک و هەولێر و سوپای ئێراقی تێوە گلاند. ئەوە دەرفەتێک بوو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە بەرەوڕووی داعش ببنەوە و ناوچە هێرش بۆ کراوەکان وەربگرنەوە. پێشمەرگە حەز ناکات لە ناوچە عەرەب نشینەکان شەڕی داعش بکات و زیاتر بەرگری لە ناوچە کوردنشینەکان دەکات. هۆکاری ئەم هەڵسوکەوتەیان بۆ دەمارگیری نەتەوەخوازانەی کلاسیک و پێکهێنانی سنورە سیاسی و گەلییەکان دەگەڕێتەوە.
هەرچەند دەسەڵاتخوازی بۆ پەرەپێدانی قەلەمڕەو لە کوردستانی ئێراقدا بە سنورداری مایەوە، بەڵام هەموو سیاسەتمەداران و حزبەکان بیرۆکەی یەکپارچەکردنی کوردستانیان قبوڵ نەکرد و KRG بەمدواییە بڕیاریدا کە تەنیا زاراوەی سۆرانی وەک زمانی فەرمی بناسێنێت و گرنگی کەمتر بە زاراوەی کرمانجی بدات کە لە بادینان قسەی پێ دەکرێت.
وا دێتە پێشچاو ئەم زاراوەیە لە سنوری نێوان تورکیا و ئێراقدا وەک زاراوەی سەرەکی رێککەوتنی لە سەر بکرێت. پێشتر وەک ناسنامەی تایبەتمەند بە تاک لە کوردستانی عێراق سەلمێنراوە. هەرچەند KDP خۆی وەک برا گەورەی حزبە گرێدراوەکانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە تایبەت کوردستانی سوریا و تورکیا پێشان دەدات و لەگەڵ ئەوەیش زۆرینەی حزب و بزووتنەوەکانی کوردی وڵاتانی دراوسێی، نوێنەرایەتی یا تەنانەت کەمپی سەربازییان لە کوردستانی ئێراق هەیە، بەڵام حزبی وەک پەکەکەیش هەیە کە لە رووی ئایدۆلۆژییەوە لەگەڵ KDP دژە.
ناوچە کوردنشینەکانی ئێراق لە ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە سەقامگیری زیاتریان تیادایە و ئازادترن. هەرچەن بەپێی دەستووری بنەڕەتی، سیستەمەکە دیموکراسی لیبرالە و هەڵبژاردن دەکرێ و سەرۆکی هەڵبژێردراو دەسەڵاتی سنووردارە، بەڵام بە کردار گشتێتی سیستەمەکە بە شێوازێکی دیکە بەڕێوە دەچێت.
خێڵەکان کە لە ساڵی ١٩٨٠دا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی هاوپەیمان بوون و دژی بزووتنەوەی کوردستان شەڕیان دەکرد، لەگەڵ دوو حزبی سەرەکی پێوەندییان دروست کرد، دیارە ئەمەیش بۆ توند و توڵکردن و جێگیرکردنی پێگەی سەرۆک خێڵەکانە.
لەم ساڵانەی دواییدا حزبی گۆڕان دامەزرا کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک ئاراستەی دیموکراتی گرتە بەر و کەمتر بیری لای بەرتیلخواردن بوو، بەڵام زۆری نەخایاند ئەم حزبە گۆڕا بە ئامرزاێکی سیاسی و سیستەمێکی ئاغاواتی.
هاوشێوەی ئێراق، بزووتنەوەی کورد و رابوونە ژێر زەمینییەکەی لە تورکیا و سوریا، لە دەیەی ٦٠ی زایینی بەدواوە دەرکەوت و لەلایەن خوێندەواران و دەستەبژێرەوە پشتگیری کرا (لەو قۆناغەدا دەرفەتی ئەوە رەخسابوو خەڵک بخوێنێت و بڕوانامەی باڵا بەدەست بێنێت). زۆرینەی بزووتنەوەکان یەک یا چەند جۆر سوسیالیزمیان وەک ئایدۆلۆژیای حزبی وەرگرتبوو. هەر چەند سەرۆک خێڵەکان لە پێگەی سەرۆکایەتی خۆیاندا مانەوە، بەڵام پەکەکە جیاواز بوو. لە سەرەتاوە هەوڵیدا بۆ نوێنەرایەتیکردنی دەستەبژێر، چینە دیارەکان و وەرگرتنی سەرۆک خێڵەکان، وەک هاوبەشی خۆی لە بە کۆلۆنیکردنی کوردستاندا.
پەکەکە لە سەرەتاوە ئەوەی پێ قبوڵ نەدەکرا کە کات و ناکات لەگەڵ گرووپێکی خێڵەکی رێک بکەوێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپێکی دیکە. کەواتە ئەم حزبە دژی دەسەڵات و بەها نەریتییە خێڵەکییەکان وەستاو بەرەوڕووی بووەوەو لەماوەی ٥٠ ساڵ شەڕی پارتیزانیدا، توانی لە زۆر ناوچە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت و خراپترین شێوازەکانی چەوساندنەوەی فیۆدالی لەناو بەرێت. (بە هاوکاری هێزە دژە شۆڕشەکانی حکومەت، کاریگەری زۆری لەسەر پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دانا و بەزۆر گوندەکانیان چۆڵ کرد و بوونە هۆی ئەوەی ژمارەی شارنشینانی هەژار زیاد بکات و پێوەندییە خێڵەکییەکان لاواز بن).
پەکەکە لە ساڵانی سەرەتای دروستبوونیدا، بوو بە ئەندامی حزبی کرێکاریی مارکسی لینینی و کەوتە دژایەتیکردنی کۆلۆنیالیزم و کوردستانی وەک کۆلۆنییەک پێناسە دەکرد کە لە چنگی حکومەتەکان و چینە دەسەڵاتدارە هەرێمییەکاندایە. هەروەها رایگەیاند کە هەوڵ بۆ ئازادکردنی کوردستان و یەکپارچەکردنی هەموو بەشەکانی دەدات. لە پرسی نەتەوە خوازی پەکەکەدا، تەنیا گەل لەئارادا نەبوو، ئەوان لە مافی یەکسان بۆ گرووپە جۆراوجۆرە گەلییەکانی ناو کۆمەڵگەی کورد و رەزامەندان و بەڵێندەرانی ناکورد بە ئایدۆلۆژیای خوازراو، بەئاگا بوون.
بوونی رابەرانی سیاسی و دامەزرێنەرانی ناکورد لە حزبدا، مایەی شانازی بوو، ئەوە بە دەرکەوتەیەکی جیهانبینینی شۆڕشگێڕانە لە قەلەم دەدرا. پەکەکە شێلگیرانە لەناو ئەندامان و خەڵکانی پابەندی خۆیدا، هێزی تازە نەفەسی کۆکردەوەو بەرەوڕووی هەموو حزبە دامەزراوەکان بووەوە.
لە سەرەتای دەیەی ٩٠دا لە رەوتی چالاکییەکانی پەکەکەدا، گۆڕانکاری بەرچاو کرا. ئەم حزبە هەوڵیدا ناوبانگی خۆی لە دلێربوونی چەکدارییەوە بگۆڕێت بۆ چالاکی سیاسی و چەند هەوڵێکیدا بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکی یاسایی حزبی، لەناو سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی تورکیادا. لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە بەناوبانگەکەی ساڵی ١٩٩٣دا لە دیمەشق، ئۆجەلان رایگەیاند؛ ئاگربەست یەکلایەنەیەو ئامانجی حزب، بەرگریکردنە لە مافەکانی کوردانی تورکیا، گوتیشی دەکرێ لەگەڵ سەرۆک کۆمار تورگوت ئۆزالدا، رێککەوتنی سیاسی بکەن.
پرۆسەی ئەم دواییەی Türkiyelileşme، هەرچەند سروشی لە بیرۆکەکانی پێکهێنانی دیموکراسی رادیکال وەرگرتووە، بەڵام زیاتر لەلایەن پەکەکەوە پێشوازی لێ کرا و لەگەڵ پرۆسەی گۆڕینی رێڕەوی حزب کە لە دوو دەیەی رابردووەوە دەستی پێ کردبوو، تەواو گونجاو بوو. بەرنامەکانی دیموکراسی خەڵکییانەو پێکهاتەی لە خوارەوە بۆ سەرەوەی یەکێتییەکان، هەمووان بەشێکن لە ئایدۆلۆژیای نوێ، کە بزافێکی گەورەیە لە دامەزراوەی ناوەندییەوە بەرەو رێکخستنی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، هەرچەند پەکەکە بەئاسانی ناتوانێ ئەم گۆڕانکارییە بکات و توێکڵی کۆن فڕێ بدات.
پەکەکە بەئامانجی پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ و یەکگرتوو لە رێگەی شۆڕشی پرۆلتاریا (کرێکاری)وە دامەزرا و بە نواندنی چالاکی سەربازی و سیاسی زۆر، لە شێوەی ئێستایدا دەرکەوت، هەرچەند بە شێوازی جۆراوجۆر لە وڵاتانی دراوسێیدا چالاکی دەکات، بەڵام سەرنجی چڕی ئەو حزبە لەسەر تورکیایە. بیری دیموکراسی رادیکال و دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەر، لە نووسینەکانی موری بوکچین، ئیکۆلۆجیست و سۆسیالیستی ئازادیخواز وەرگیرابوو، کە بابەتی وەک؛ خود ئۆرگانی و بڕیار بەدەستبوونی ئەنجومەنە خۆجێییەکان و رێکخستنی لە خوارەوە بۆ سەرەوە لە رێگەی یەکێتی ئەنجومەنە هەرێمییەکانەوەو نوێنەرایەتی لە ئەنجومەنە باڵاکاندای، لە خۆ دەگرت.
چیدی بزووتنەوەی نەتەوەخواز یا ناسیۆنالیست نەماوە، بەڵام پۆست ناسیۆنالیست بە رێگاوەیە کە تیایدا دۆخی ئایدیالی نەتەوەی کورد لە پێوەند بە کوردستان، وەک ناسنامەی ناوچەیی لەناوچووە و لە شێوەی بەهایەکی چارەنووسسازی سیمبۆلی ماوەتەوە.
ناسنامەی کوردی لە حکومەتی خۆبەڕێوەبەری پەکەکە و بەڵێندەرانیدا، توخمێکی پێناسەکراو نییە، ئەمەیش کاردانەوەیە بەرامبەر بارودۆخی ناوچەکە، چونکە لەناو نەتەوەی کورددا کەمینەی مەزهەبی و گەلی جۆراوجۆر هەن. بیرۆکەیی خودموختاری لەئاستی ناوچەکانی شارو گونددا، بە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ یەکێتی خۆبەخشی کۆمەڵگە هاوشێوەکان، بەشێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ نموونە خوازراو و باوەکەی خودموختاری لە کوردستانی ئێراق یا تورکیا جیاوازە. لە هاوپەیمانی ئەنجومەنە خۆجێییەکاندا، پێویست بە لەبەرچاوگرتنی سنوورە گەلی یا ویلایەتییەکان ناکات. کوردستان بەگشتی خاوەنی ناسنامەی جیۆگرافی بزوووتنەوەکانە، بەڵام ئەم نموونە رێکخراوە، دەکرێ زۆر بەشی تورکیا و سوریا بگرێتە خۆ و لەگەڵ گەلانی دیکە لە هەلومەرجی یەکساندا هاوکاری و تێکەڵی بکات.
وادێتە پێشچاو لە کوردستانی سوریا (رۆژئاوا) ئەم بارودۆخە لە ژێر کۆنترۆڵی دەستە خوشکەکانی پەکەکەدا بێ، وەکوو PYD . KCK (کۆما جڤاکێن کوردستان) لە ساڵی ٢٠٠٧دا دامەزراوە و خاوەنی ئەندامانی پلە باڵا و رێکخراوی پاراستنی سەربازی و زۆر تۆڕی سیاسی و مەدەنییە، کە پەکەکە و حزبە دەستە خوشکەکانی لە وڵاتانی دراوسێ لەخۆدەگرێت. سەرەڕای دیموکراسی رادیکال، ئەم رابوونە لە لایەن یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی پەکەکەوە بەڕێوە دەبرێت. راپەڕین لە سوریا، واتای دیموکراسی رادیکالی بە کوردانی سوریا ناساند. زۆر حزب و رێکخراوی کورد لە سوریا هەن کە زۆرینەیان کەم یا زۆر شوێنکەوتووی KDP و PUK ن لە کوردستانی عێراق، دەگمەن تیایاندایە لەگەڵ PYD بن. PYD یەکێک لە نموونە جیاوازەکانە کە بە پێچەوانەی حزبەکانی دیکە توانیویەتی بە پێڕەوکردنی نموونەیەکی سەربازی سەرنجڕاکێش، سێ بەشی باکوری سوریا لە دەست بگرێ، تەنانەت لە باکوری رۆژهەڵات، ناوچەی سیزرە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. سەرەتا ناوچە کوردنشینەکان لە تێکگیرانە خوێناوییەکانی سوریا بە دوور بوون. PYD و هێزە سەربازییەکانی (YPG و YPJ) راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی نەچوونە شەڕەوە و سوپای سوریایان ناچارکرد کە لە ناوچە کوردنشینەکان بکشێتەوە، پاشان خۆی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی لە دەست گرت.
هوروژمی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و هێرشی بۆ سەر کۆبانێ، زیان و وێرانییەکی زۆری لێ کەوتەوە و زۆربەی خەڵکی کۆبانێ لە ناو چوون، بەڵام PYDو هێزە سەربازییەکانی، دلێرانە بەرگرییان لە ناوچەکانی خۆیان کرد، بە جۆرێک کە هاودەردی نێودەوڵەتییان بۆ لای خۆیان راکێشا.
رێکخراوی سەربازی و حکومەتی مەدەنی PYD، لە سەر بنەمای دیموکراسی رادیکال دامەزراوە کە خودموختاری خۆجێی و ئەنجومەنەکانی ناوچەکان، یەکسانی رەگەزی، گەلی و پێکهێنانی هاوپەیمانی بە رێکخستنیان لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێڕەو دەکات. سێ بەشی گەورەی کۆبانێ، سیزرە و عەفرین، کەوتنە رۆژئاوای سوریا و لە کۆنترۆڵی ئەو حزبەدا بوون. لە هەموو ئاستەکانی ئەم سیستەمەدا سەرۆکایەتی لە نێوان ژن و پیاودا هاوبەشە و هەوڵ دەدرێ مافەکانی گەلانی ناکورد: تورک، عەرەب، سوری و ئێزدی بپارێزرێت و هەموو گەلان و مەزهەبەکان پێکەوە یەکسان و یەکگرتوو بن. هەندێک لە حزبەکانی دیکە رازی بوون بەوەی لەو سیستەمەدا چالاکی بکەن، بەڵام هەندێک حزبی دیکە پێی رازی نەبوون و ناچالاک مانەوە. هەندێک لە کۆمەڵگەکانی مەسیحی لە بەشە مەدەنی و سەربازییەکاندا چالاکی دەکەن و وادیارە دادپەروەرانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام لایەنی دیکە خۆ لەوە دەبوێرن رەوایەتی بە یاساکانی PYD بدەن. بە هۆی دۆخی شەڕ لە ناوچەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی کاری ئەنجومەنە سەربەخۆکان (خودموختارەکان) ناکرێت، چونکە منیش شایەتحاڵ نیم و زانیاری و ئاگایی تەواوم نییە.
لە بارەی شەڕی کۆبانێوە راپۆرتی زۆر بڵاو کرانەوە کە بە زۆری هاودەردی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان تیادا بوو، بە تایبەت بوونی ژنانی خەباتکار لە ناو PYD و لە ژێر ناوی YPJ دا سەرنجی زۆر رۆژنامەنووسی هەندەرانی راکێشا. شارەزا زیادەڕۆکان زۆر ستایشی ئەم ئەزموونە دەکەن و وەک جۆرێک لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە بارودۆخی ناهەمواردا باسی دەکەن، بەڵام ئەم هەڵسەنگاندنە لە سەر بنەمای وتەکانی خانەخوێیە، نەک ئەوەی خۆیان لە نزیکەوە بینیبێتیان.
سەردانکەران بە هاوسۆزییەوە وێنای گوڵێک لە شۆڕش دەکەن کە لە حاڵی گەشەکردندایە، لە حاڵێکدا رێکخراوە بەئاگاکان و دیدەوانە کوردەکان کە لەگەڵ حزبی سیاسی رکابەردا پێوەندییان هەیە، هەوڵ دەدەن بەتوندی رەخنە لە هەڵسوکەوتی PYD بگرن.
شتێکی ئاساییە کە ئەو ئەنجومەنانەی بە پشتیوانی خەڵکێکی زۆر پێک هاتوون، لە بڕیارداندا بەشدار بن. گرنگ ئەوەیە ئەو ئەنجومەنانە تا چەند دەتوانن بە بێ وەرگرتنی فرمانی سەربازی و سیاسی لە PYD و YPG لە بڕیارداندا سەربەخۆ بن.
ئەزموونی بەشداربوون لە بڕیاردان لە ناو ئەنجومەنە سەربەخۆکاندا، خۆی پرۆسەیەکە بە گۆڕانکارییەوە، رەوتی یەکسانکردنی ژن و پیاو لە پۆستەکانی سەرۆکایەتی و یەکسانی ماف بۆ گەل و پێڕەوانی مەزهەبە جۆراوجۆرەکانیش بە هەمان شێوەیە. لە تورکیا ئەزموونی لەو شێوەیە لە ئەنجومەنە ناوچەییەکان، نەک هەر لە ناوچە شارنشینەکان بگرە لە باشوری رۆژهەڵات و رۆژئاوای تورکیایش هەیە. لە رووی تیۆرییەوە ئەم شێوازە لە خود ئۆرگانی و کۆنفیدراسیۆن لە سنورەکانی کوردستاندا پەرەی سەندووە و بەشە گەمارۆدراوەکانیشی گرتووەتەوە و بووە بە نموونەیەکی رێکخستن لە هەموو بەشەکانی تورکیا و سوریادا. پێدەچێت ئەمە هەڕەشە لە سەر سیستەمی دەوڵەت دروست نەکات، دیارە ئەگەر دەوڵەتەکان بتوانن تا رادەیەکی شوێنی سەرنج بە پرۆسەی دوورکەوتنەوە لە ناوەند رازی بن.
بەدیهێنانی دیموکراسی بە رێگەی رێکخستنی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، کارێکی دژوارە و پێویستی بە روانینی زۆر جیاواز و گۆڕینی بیرکردنەوە هەیە. سەیر لەوەدایە رەنگە پەکەکە تا رادەیەک بگات بەم پێوەرە، ئەویش بەهۆی دیکتاتۆرییە خۆخوازەکەیەوە کە پاشماوەی قۆناغی مارکسیزم – لینینیزم بوونیەتی. ئەم حزبە لەگەڵ ئەوەی لێکدانەوەی بۆ بەرنامە و بیرۆکەکانی ئیکۆلۆژی، دیموکراسی خەڵکییانە و یەکێتییانە هەیە کە وا دیارە لای ئەندامەکانیشی پەسەندە و شرۆڤەی لۆژیکییانەی بابەتەکانیان دەکات، ناتوانێ خەونی کوردستانی سەربەخۆ لە سەری دەربکات. نەتەوە خوازانی KDP ی کوردستانی ئێراق و پۆست ناسیۆنالیزمی پەکەکە، دوو ئایدۆلۆژیای رکابەرن کە شێوازی جیاجیا بۆ خۆدەربڕین و دەرخستنی بوونی خۆیان دەنوێنن.
ئەم دوو حزبە وەک هێزی سیاسی سەرەکی و گرنگ ئەژمار دەکرێن کە لەسەر کۆنترۆڵکردنی بەشەکانی کوردستان رکابەری دەکەن. ئەگەرچی چەند نموونەیەکی دەگمەنی هاوکاری لەنێوانیادا هەیە، وەکوو ئەوەی کە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٤دا گرووپێک لە پێشمەرگەکانی کوردستانی ئێراق لە رێگەی تورکیاوە چوونە کۆبانێ بۆ بەرگریکردن لەو شارە لە بەرامبەر داعشدا. دوای کەمتر لە ساڵێک ئەوانیش بەشدارییان لە رزگارکردنی شنگالدا کرد کە لەلایەن داعشەوە داگیر کرابوو. بەڵام زۆربەی جار ئەم دوو حزبە بە دژی یەکتر کاردەکەن. KDP پشتگیری هاوپەیمانی حزبە کوردییەکانی سوریا دەکات کە ئامادەنین هاوکاری PYD بکەن.
لەلایەکی دیکەوە دەوترێ ئەو حزبانە کە لە کوردستانی ئێراق خولی سەربازییان بینیوە، بە فەرمانی PYD رێگرییان لێدەکرێت بچنە ناو رۆژئاوا. پەکەکە رەخنەی ئەوە لە KDP دەگرێت کە فیۆدالییە و گەندەڵی و بەلاڕێداچوونی لە حزبدا هەیە، KDP یش سەرکۆنەی پەکەکە دەکات بە هۆی ئەوەی کە پێیوایە سیاسەتەکانی دوژمنکارانەن و هاوکاری حزبەکانی دیکە ناکات.
حزب و رابوونەکانی تورکیا زیاتر هۆگرییان بۆ KDP یە و وەک سەرۆکی سیمبۆلی رێز لە مەسعود بارزانی دەگرن و هۆگرییەک بۆ پەکەکە پێشان نادەن. هەروەها ئەوانەی لە پەکەکە دوورخراونەوە هەوڵدەدەن پشتگیری KDP بە دەست بێنن. وا دێتە پێشچاو کە رکابەری نێوان ئەم دوو حزبە و ئایدۆلۆژییەکانیان وەک فاکتەرێکی گرنگ تا داهاتووی دووریش وەک خۆی بمێنێتەوە.
نووسین: مارتن ڤان برۆنسن
توێژەری هۆڵەندی، شارەزا لە کاروباری کورد، نووسەری کتێبی (شێخ و ئاغا و دەوڵەت)
وەرگێڕانى: شەهرام عەبدوڵڵا