بنەماڵەی بابان وەك بنەماڵەكانی دیكەی كوردستان، لە هەوڵی ئەوەدابوون لە دوای ئاگربەستی جەنگی جیهانی یەكەم سەرۆكایەتی كوردستان، یان بەشێكی كوردستان بگرنە ئەستۆ، كەسێكی ناوداری ئەو بنەماڵە بە مەبەستی زیندووكردنەوە میرنشینی بابان لە هەوڵ و تەقەلادابوو، بەڵام لە ژێر ناونیشانی “حكوومەت ـ دەوڵەتی باشووری كوردستان”
ئەحمەد حەمدی بەگ، كوڕی محەمەد پاشا، كوڕی سڵێمان پاشا، كوڕی ئەوڕەحمان پاشای بابانە. ساڵی 1870 لە دایكبووە، ئەوڕەحمان پاشای باپیرە گەورەی یەكەم كەسبووە نەخشەی بۆ ئازادی كوردستان كێشابوو، حەمدی بەگ لە ئەستەنبوڵ لە مەكتهبی “سوڵتانیە” خوێندویەتی، ژیانی لاوێتی لە ئەستەنبوڵ، سویسرا بەسەر بردووە، دواتر لە بەغداد گیرساوەتەوە، تاوەكو بتوانێت سەرپەرشتی میراتی باوانی بكات كە موڵك و ماڵێكی زۆری هەبووە، سەرباری موڵكی ناو شار هەموو ناوچەی حارسیە بووە، سەرباری بەشێكی ناوچەی سەوز و…هتد.
لە سەردەمی سوڵتان عهبدولحهمیدی دووەمدا زیندانی كراوە، چونكە داوای ئازادی و ڕۆشنفكری كردووە، دوای شۆڕشی كۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی ساڵی 1908 ئازادكراوە، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی بەغداد بووە، ئەوكارەش هۆكاربووە تا شارەزایی باشی لە بەڕێوەبردندا هەبێت. دوای گرتنی “شێخ مەحمود” و ڕەوانەكردنی بۆ هندستان لە ساڵی 1919 زیاتر كەڵكەڵەی ڕێبەرێتی لە مێشكیدا سەرهەڵدەدات، لەمبارەوە نوێنەری مەدەنی بەریتانیا دەڵێت:- بە دوور خستنەوەی “شێخ مەحمود” بنەماڵەی بابان بە دەسەڵاتربوون و زیاتر گەشانەوە.
حەمدی بەگ، كەسێكی خوێندەوار و خاوەن كەسایەتی بووە، وەك پادشا هەڵسووكەوتی كردووە، تەنانەت هەمیشە لە دەستە ڕاستی شا فەیسەڵەوە دادەنیشت بە تایبەت ئەوكاتانەی بانگهێشتی بۆنەیەك كرابا، ئەو ڕۆژگارە ئینگلیز لە ئێراقدا خاوهن فەرمان و دوا بڕیار بووە، زۆر بەڕێز و به ویقار تەواشایان كردووە.
ڕەفیق حیلمی دەربارەی كەسایەتی حەمدی بابان دەنووسێت:_ خاوەن ئاكاری بەرزو زەردەخەنەی بەردەوام بووە، بەڕادەیەك ڕێزی لە میوان دەگرت، دەبوو بە كۆیلەی، بەڵام كۆت و بەندی داب و نەریتی ئۆرستۆكراتیانە بووە و نەیتوانیوە دەستبەرداری بێت، زمانەكانی ئینگلیزی و فەرەنسی دەزانی، لە تەك مندا “ڕەفیق حیلمی” بە توركی قسەی دەكرد، چونكە كوردی نەدەزانی و لە ئەستانە گەورەبوو بوو. بەڕای “ڕەفیق حیلمی” نەزانینی زمانی باپیرانی ئاستەنگی سەرەكی بوون لە بەردەم بەدیهێنانی ئاواتەكەیدا چونكە وەك كەڕو لاڵ وابوو.
بەهۆی نوێنەرایەتی مەدەنی بەریتانیاوە لە میسۆپۆتامیا، گەشتێك بە كوردستاندا دەكات، سەردانی سلێمانی و هەولێر دەكات، لەگەڵ گەورەپیاوان و كەسایەتێكاندا كۆدەبێتەوە، مێجەرسۆن سەردانەكە بە باش لە قەڵەم دەدات. سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردن حەمدی بەگ بە باشی زانیوە حكومەت یان ئەنجوومەنی كوردستان بدرێت بە كۆمەڵێك كەسی شارەزا و دیاریكراو و لە ژێر چاودێری بەریتانیادا بەڕێوە ببرێت، هەروەها باوەڕی وابوو پێویستە گرنگی تەواو بدرێت بە ڕێگاو بان وەك هۆكارێك بۆ تێكهڵابوونی شارستانییەت.
دوای ئەوەی حكوومەتی ئێراق لە 11/ تشرینی دووەمی/1920 بە سەرۆكایەتی “عهبدولرهحمان نەقیب” پێكهات داوا لە كۆمەڵێك كەسایەتی كرا ببن بە وەزیر یەكێك لەو كەسانە حەمدی بەگ بوو، ئەو داوەتنامەكەی رەد كردەوە، چونكە هەرگیز گەرەكی نەبووە كوردستانی باشوور بەشێك بێت لە ئێراق، تەنانەت لە كەڕنەڤاڵی تاج لە سەرنانی مەلیكدا بەشداری نەكرد. دواتر مەلێك داوایكرد موڵكەكانی پێ بفرۆشێت، ئەو رازینەبوو، لە لایەن دام و دەزگای مەلیكەوە گشت موڵكەكانی بە 350000 ڕوپیە خەمڵێنرا! تەنانەت ڕازینەبوو ئەو بڕەپارەیەش وەربگرێت و داخوازی و پارەكەی فەیسەڵی ڕەد دەكاتەوە، پاشان پارەكە دەخرێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە و دوای بە سەرچوونی ماوەی قانوونی حكوومەت دەستی بەسەردا گرت. لە بەرانبەردا “حەمدی بەگ” یەكێك لە باشترین پارێزەرانی بەریتانیا دەگرێت بۆ بە دەستخستنەوەی موڵكەكانی، بەڵام سەركەوتوو نابێت. بە توڕەییەوە ئێراق بە جێدەهێڵێت ڕوو دەكاتە لەندەن، ساڵی 1954 لەو شارە ژین ئاوایی دەكات و ئەسپەردەی خاك دەكرێت.