ناسیۆنالیزمی کوردی بەرەوڕووی ئالینگارییەکی تووند و قورس بووەوە بە هۆی مەیل و کەمەندکێشییەوە لەلایەن ئایدیۆلۆجیا و حیزبی کۆمۆنیستەوە. لە ناو هەر چوار پارچەی کوردستاندا.
لەپاش کۆتایی هاتنی ماندێتی فەرەنسی لە سووریا لە ساڵی ١٩٤٦، دانیشتووانی کوردی ئەو وڵاتە تێکەڵاوی بەشداریی سیاسی بوون لەسەر ئاستی نیشتمانی. لەم بەشدارییەدا کورد دوودڵ نەبوون لەنێوان “ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزمی کوردیدا” (تێجێڵ، ٢٠٠٨: ٤٢). زۆرێک لە کوردەکان کەوا لە یەکەکانی هێزی ماندێتی فەرەنسیدا خزمەتیان دەکرد لە ماوەی ماندێتی فەرەنسیدا بەردەوام بوون بەردەوام بوون لەسەر چالاکیی خۆیان لە قۆناغی دوای ماندێتدا و پاشان لایەنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی سوورییان گرت، کە لەو دەمەدا زۆر نزیک بوو لە چەپەوە. لە ساڵی ١٩٤٩دا دووان لە سێ دیکتاتۆرەکەی سووریا کە بەدوای یەکدا هاتن (حوسنی ئەلزەعیم و ئەدیب ئەلشیشکلی و سامی ئەلحینناوی) بە ڕەگەز کورد بوون (تێجێڵ، ٢٠٠٨: ٤٤). ئەمە تا ڕادەیەک جێی سەرسوڕمان بوو کاتێ ئەوەمان بیر دەکەێتەوە کە لە ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کاندا، “سووریا” بووبووە مەڵبەندی جالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد، پێکەوە لەگەڵ لوبناندا. ئەم چالاکییانە، کە بە شێوەیەکی گەورە و بەرچاو هاوکار بوون لە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوچەکەدا، لەلایەن ئەو ڕووناکبیرە کوردانەوە بەڕێوەدەبران کە بە هۆی سەرکردە ناسیۆنالیستەکانی تورکیاوە دەرکرابوون و ئاوارە بووبوون، “جەسنی” نەوەکانی “جەمیل پاشا” کەوا کوڕەزاکەی لە ساڵی ١٩٤٤دا سەردانی مەهابادی کردبوو وەک کوردێكی سەرکردە و قسە ڕۆیشتوو. (گوینەش، ٢٠١٩: ٦٣؛ تێجێڵ، ٢٠٠٨). لەپاش کشانەوەی “فەرەنسا” لە ساڵی ١٩٤٨دا، ڕووناکبیرانی کورد بەردەوام بوون لەسەر کۆششی خۆیان بۆ بووژاندنەوە و پەرەپێدانی هۆشیاری و کولتوور و شووناسی نەتەوەیی کورد لە سووریادا.
بەهەرحاڵ، ناسیۆنالیزمی کوردی بەرەوڕووی ئالینگارییەکی تووند و قورس بووەوە بە هۆی مەیل و کەمەندکێشییەوە لەلایەن ئایدیۆلۆجیا و حیزبی کۆمۆنیستەوە. لە ناو هەر چوار پارچەی کوردستاندا، کوردستانی سووریا بەراییترین و بەربڵاوترین شوێن بوو کە پارتی کۆمۆنیست تێیدا تەشەنە و گەشە بکات و جێگەی شیاوی خۆی بکاتەوە. بەگوێرەی هاڕیت ئەڵسۆپ (٢٠١٥)، چەندین فاکتەر هەیە بۆ ئەمە. یەکەم، پارتی کۆمۆنیستی سووریا، کە لە ساڵی ١٩٢٧دا دامەزراوە، لەلایەن “خالید بەکداش”ەوە ڕابەرایەتیی دەکرا، کە خۆیشی کورد بوو، لە ساڵی ١٩٣٦وە تاوەکوو مردنی لە ساڵی ١٩٩٥دا. بەکداش ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە هێشتنەوەی پشتگیریی بنکەیەکی جەماوەریی بەرچاوی کورد بەدرێژایی مێژووی ئەو حیزبە (جگەرخوێن، ٢٠٠٣). دووەم، بەچڕی هێنانی مەکینە و ئامێری کشتوکاڵی بۆ وڵات گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی-ئابووریی گرنگ و بەرچاوی دروستکرد لە ناوچە کوردییەکانی سووریادا و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ ئەوەی گرووپە جۆراوجۆرەکان بە شێوەیەکی سەرەکی خاوەن مڵکە زەویدارەکان و جووتیارەکانیان، بکەونە هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەستەبەر کردنی توانا و دەسەڵات. بەو پێیە حیزبی شیوعی بوو بە حیزبیکی میللی لە چیا کوردییەکاندا. مامەڵە و سەوداکردنی حیزبی شیوعی لەگەڵ مەسەلەکانی وەک یەکسانی و مافی جووتیاران و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سامان و خۆشگوزەرانی بوو بە مایەی پەسەندی و دڵبەندییەکی خێرا لەلایەن چینی جووتیارانی کوردەوە و لە ناو ڕۆشنبیرانیشدا. هەروەها حیزبی شیوعیی سووری سەرنجی جگەرخوێنی شاعیری کورد و ڕۆشنبیرانی کوردیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا وەک (محەممەد فەخری و ڕەشید حەممۆ و شەوکەت نەعسان) پشتیوانیی سۆڤیێت بۆ مەلا “مستەفای بارزانی” لەپاش ئاوارەبوونی فاکتەرێکی سێیەمی گرنگە کەوا کوردی سووریای بەرەو حیزبی شیوعیی سووریا ڕاکێشا (ئەڵسۆپ، ٢٠١٥: ٦٨ – ٦٩). لەبەر ئەم هەموو هۆکارانە و بەزۆریش پێدەچێت بە هۆی ئاڕاستەی چەپڕەوییەوە کە سەدا و دەنگدانەوەی مێشکی جووتیارە هەژار و بێ زەوییەکانی داگیر کردبوو و هەروەها لاوە خوێندەوارەکانیش، کە لە ئایدیۆلۆجیای مارکسی-لینینیدا هۆکارێکیان دەبینییەوە بۆ ڕەخساندنی ڕزگاربوون و یەکسانی و دادپەروەری بۆ گەلی کورد، بۆیە حیزبی شیوعی بوو بە سەنتەری چالاکییە سیاسییەکانی کورد لە دوادوایی ساڵانی ١٩٤٠کانەوە تا ساڵی ١٩٥٧ (ئەڵسۆپ، ٢٠١٥: ٦٩). لە ساڵانی ١٩٥٠کانەوە شتەکان کەوتنە ئەوەی گۆڕانکارییان بەسەردابێت کاتێ کە سەرهەڵدان و برەوسەندنی دوژمنکارانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی پاڵی بە چالاکوانە کوردەکانەوە نا لە سووریا کەوا حیزبێکی نوێ دابمەزرێنن کە ڕوون و ئاشکرا وا نەخشەی بۆکێشرابوو کە بەرگریی لە مافەکانی کورد بکات و ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا بوو. هەژموونی گوتاری نەتەوەیی عەرەب لە سووریادا لە نێو هۆکارە یەکەمەکانی دامەزراندنی ئەو حیزبە کوردییە بوو. لە ساڵی ١٩٥٨دا، یەکگرتنی سووریا لەگەڵ میسری ناسریدا لە “کۆمارێکی عەرەبی یەکگرتووی” کورتخایەندا نموونەیەکی ئاشکرای دڵبەندیی بەرپرس و کاربەدەستە سوورییەکانە بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبی. بەڵام مەسەلەکە زۆری تریشی بەدەمەوە هات و وەک بەرپرسانی پارتی کۆمۆنیست وادیار بوو سڵیان لەو ژمارە زۆر و بەرچاوەی پاڵپشت و لایەنگرانە کردەوە و ترسان لەوەی حیزبەکەیان ببێتە حیزبێکی کوردی (جگەرخوێن، ٢٠٠٣: ٣٠٧ – ٣٠٩)، بۆیە هەڵوێستی پارتی کۆمۆنیست، لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا، لە بەرانبەر داواکارییەکانی کورددا لە ئاسانکاری و چاوپۆشییەوە گۆڕا بۆ ڕەتکردنەوە و ویستیشی چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی بەرتەسک و سنووردار بکات و تەنانەت هەڵوێستیکی فەرمیشی وەرگرت و رەتیکردەوە کە دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا بنێت لە سووریادا. ئا لەم بارودۆخەدا بوو کەوا لە ساڵی ١٩٥٧دا پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا دامەزرا و ئامانجی گشتیی دانپیانان بوو بە مافە فەرهەنگی و کولتوورییەکانی کورد و بە گۆرانکارییە دیموکراتییەکان لە سووریادا. ئەم ڕێکخراوە زۆر دەوامی نەکرد و لە ساڵی ١٩٦٠دا سەرکردەکانی گیران و هەر زوو چالاکییەکانی خۆی کردە نهێنی.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کاریگەریی خۆی هەر بە گەورەیی مایەوە لە ناو ئەو خوێندکارە کوردانەدا کە بە مەبەستی خوێندن نێردران بۆ ئەوروپا. ئەم خوێندکارانە و ژمارەیەکی کەمی ڕۆشنبیران ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینیوە لە ڕێکخستنی پشتیوانی لە دەرەوە بۆ شۆڕشی بارزانی لە ئێراق (وەک عیسمەت شەریف وانلی و نورەدین زازا؛ بڕوانە وانلی، ٢٠١٤؛ زازا، ١٩٩٣). لە ڕاستیدا، ساڵی ١٩٥٨ لە سووریادا دەسپێکی سەردەمێکی فرەیی سنووردارە بە هۆی یەکگرتنەوە لەگەڵ میسری تاکڕەوی ژێر دەسەڵاتی ناسردا و ئەوە لە ئێراقدایە کە سەرلەنوێ بزووتنەوەی کوردی تێدا لەدایکدەبێتەوە.
“دینامیکە نوێکانی سنوور بەزاندن؛ ڕێگەوبانەکان و ڕادیۆ و ئەوروپا وەک سەنتەرێکی نوێ”
شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨ و گەڕانەوەی بارزانی بۆ ئێراق و “شۆڕشی ئەیلوول” لە ساڵی ١٩٦١وە و دەنگدانەوەیان لە فەزای کورددا هەرێمی کوردی ئێراقیان خستە ناوجەرگەی کوردستانێکی نوێی وێناکراوەوە. بەڵام ئەمەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆرانکارییە قووڵانەی پەیوەندی کردن و تێپەڕاندنی سنوورەکان و ئەو دینامیکە ترانسناشناڵانەی کار لەسەر گۆڕانکاریی ناوچەی کوردی دەکەن بەگشتی.
“تێپەڕاندنی سنوورەکان لە فەزای کوردیدا؛ دینامیکە کۆن و نوێکانی ترانسناشناڵ”
سنوورەکانی نێوان (ئێراق-ئێران، ئێران-تورکیا، تورکیا-سووریا) هەمیشە هەمیشە ڕاگوزەر و شوێنی پەڕینەوە و ئەمبەر و ئەوبەر بوون. بە شێوەیەکی نەریتی هاتوچۆ کردن لە سنوورەوە و کۆچە وەرزییەکان فاکتەری گرنگ بوون بۆ بەلێشاو ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری و قسە و باس. خێڵە نیمچە کۆچەرەکان، کە هەموو هاوینێک لە سنوور دەپەڕینەوە، تا تووندوتۆڵ کردنی سنوورە نێودەوڵەتییە نوێکان، هێزیکی سنووربەزێن بوون. حکوومەتە نیشتمانییەکان زۆریان هەوڵدەدا کە کۆنترۆڵیان بکەن بەڵام سەرکەوتنێکی کەمیان بەدەستدەهێنا. لە ساڵی ١٩٤٣دا، لەسێدارەدانی بێ دادگایی کردنی سی و سێ جووتیاری کورد لە تورکیا کە بەردەوام و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە سنووری ئێران دەپەڕینەوە دەکرێ بەو هەوڵدانەوە گرێبدرێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو خێڵانە (بڕوانە بێشکچی، ١٩٩١؛ ئوێزگەن، ٢٠٠٣). لە ساڵی ١٩٦١دا، ڕاپۆرتێکی دیبلۆماسی لەلایەن پێیەر لیسکۆی ڕاوێژکاری باڵوێزی فەرەنسا، ئیشارەت بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی ئێران باجی سەر ئاژەڵیان زۆر بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی خێڵەکان واز لە پەڕینەوەی سنوور بێنن١. گواستنەوەی هەموو جۆرە کاڵایەک، تووتن، ئەلکوهول و چەک، لە هەندێ ناوچەی دیاریکراو هۆکاری بژێویی بوون بۆ زۆربەی دانیشتووان.
قاچاخچێتی هەر لەسەر ئەو کاڵایانە ڕانەوەستاوە کە دەوڵەت قەدەغەی کردوون، بەڵکو دەبێ وا پێناسەش بکرێت کە “تەحەدایەکە” و ڕێی خۆی گرتووە بەدوای ڕەهەندە مادییەکانەوەیە. لە ڕاستیدا، قاچاخچێتی دوورە لە سنووردار کردنیەوە بۆ ئازوگوێزی کاڵای قەدەغەکراو، بەڵکو شکاندنی سنووریشە. چونکە قاچاخچی کاری قاچاخی بە هەموو شتیکەوە دەکات کە دەوڵەت ڕێی لێ بگرێت یان قەدەغەی بکات یان مامەڵەی پێوە بکرێت. قاچاخچی یارمەتیی کەسی حوکمدراو یان هەڵاتووی دەدا کەوا کۆماری تورکیا بەدوایەوە بوو بیگرێت، یان ئەو خەڵکەی هەوڵیان دەدا بگەنە بەیرووت بۆ کارکردن لە ماوەی گرانی و برسێتییەکەی ساڵانی ١٩٤٠کاندا و هەروەها تا ساڵانی ١٩٥٠کانیش، ئەو قوتابییانەی مەدرەسەش (فەقێ) کە دەیانویست بچن بۆ خوێندن لە مەدرەسەکانی بنخەت (لە کوردستانی بەشی سووریا) (تێبینی؛ مەدرەسە لە کوردستانی لای ئێمە پێیدەوترێت حوجرە و بە زۆری لە مزگەوتەکاندا بووە. بنخەت؛ مەبەستی ئەو هێڵی شەمەندەفەرەیە کە لە بەغدا و مووسڵ و حەڵەبدا تێدەپەڕی بۆ ئەستەمبووڵ بە ناو خاکی دەوڵەتی عوسمانیدا و دواتر بوو بە خەتی سنووری نێوان سووریا و تورکیا، کە بەری سووریا پێی دەوترا بنخەت واتە خواری خەتی ئاسنەکە و سەرەوەشی کە بەشی تورکیا بوو پێی دەوترا سەرخەت – وەرگێڕ). هەروەها قاچاخچییەکان دەشیانتوانی ئەو کەسانە لەخۆ بگرن و بیانپارێزن کە دوژمنایەتیی خێڵەکییان هەبوو وەک تۆڵەکردنەوە یان ژن فڕاندن. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دیبلۆماسیی فەرەنسی، چەک لە یەکێتیی سۆڤیێتەوە دەگوێزرایەوە بۆ شوێنی جۆراوجۆری کوردستان و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرا و یاخیبووان یان شۆڕشگێرانی گەلێ ڕاپەڕینی پێ چەکدار دەکرا٢. ئەم بازرگان و خێڵانە بەشدار بوون لە خولقاندنی فەزایەکی کوردیی هەماهەنگ و تۆکمەدا. بەڵام دینامیکە نوێکانیش لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا پاڵێکی نوێی دا بەم جووڵانەوەیە.
قاچاخچییەکان، بە شێوەیەکی ڕوو لەزیاد لە ساڵانی ١٩٦٠کان بەملاوە، نەواری کاسێت و کتێب و گۆڤاری قەدەغەکراویان بە سنوورەکاندا دەپەڕاندەوە و هەروەها ئەو خەڵکە گەنجانەش کە دەیانخواست بچنە ڕیزی ئەو بزووتنەوەیەوە کە بارزانی سەرکردایەتیی دەکرد لە ئێراق لە ساڵانی ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کاندا، بە هەمان شێوە ئەو کەسانەش کە لە کوودەتا سەربازییەکانی ١٩٧١ و دواتر ١٩٨٠ لە تورکیا هەڵدەهاتن و بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکان دەپەڕینەوە (چەلیک، ٢٠١٩: ١٧٥). ڕاپۆرتەکەی لیسکۆ کە لە ١٩٦١دا نووسراوە باس لە دروستکردنی ڕێگەیەکی نوێ دەکات کە باکوور و باشووری کوردستان بەیەکەوە دەبەستێ لە ئێران٣. ئەم ڕێگەیە، وەک دیبلۆماسییەکە دەڵێ، ڕەنگە یارمەتیی گەشەکردنی پەیوەندیی بازرگانی بدات لە نێوان ئەم دوو دەڤەرەدا، لەکاتێکدا کە تا ئەو کاتە تۆڕی بازرگانی کوردستانی باکووری بە ئازەربایجانەوە دەبەست. ئەو دەڵێ کە ئەم ڕێگە تازەیە ڕەنگە ڕۆڵێک ببینێ لە پێکهێنانی شووناسێکی کوردیی گونجاوتر و پتەوتر. ئەمە دیسان بۆ بەشەکانی تری کوردستانیش راستە، بەتایبەتی کوردستانی تورکیا. گەشەکردن و پەرەسەندنی ڕێگە نوێکان مەوداکان کورت دەکاتەوە و هەستێکی گەورەتر دەدا بە کوردەکان بۆ چوونەوە سەر هەمان کولتوور. لەپاش کوودەکەی ساڵی ١٩٥٨، گەلێ لە کوردەکانی ئێراقیش پەنایان بردە بەر (تورکیا و ئێران). لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٥٩دا، هێنری سپیتزمویلەری باڵیۆزی فەرەنسا لە تورکیا، باس لەوە دەکات کە نزیکەی دوو هەزار پەنابەری ئێراقی لە تورکیادان لەو کاتەدا٤. هەندێک لەوانە وادەزانرێت کە بەرهەڵستکاری “مستەفا بارزانی” بوون و بۆ ئێرانیش هەڵاتبوون٥. ئەوان بەدڵنیاییەوە هەواڵەکەیان لە ڕێگەی ڕۆژنامەیەکەوە بڵاوکردووەتەوە، بە ناوی ” کوردستان” کە بەنهێنی دابەش دەکرێت. لیسکۆ باس لە واتەواێک دەکات لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە و بەردەوام دووپات دەکرێتەوە و هەمووان بەباشی ئاگایان لە گرتنەکانی ئەم دواییەیە لە ئێراق و تورکیا٦.
بەڵام گرنگترین داهێنان لەو کاتەدا بەدڵنیاییەوە ڕادیۆ بووە، کەوا کوردەکانی پێکەوە گرێداوە بەسەر جوگرافیای کورددا. لە ساڵی ١٩٣٩دا پەخشکردن بە کوردی دەستی پێکردووە و یەکێک بووە لە بەرهەمی ڕووناکبیرانی کورد لە تاراوگە. ئەوجا لەبەر ئەوەی کە قسە کردن و بڵاوکردنەوە بە کوردی قەدەغە بووە و بە تاوان دانراوە لە تورکیادا لە ساڵی ١٩٢٥ بەملاوە، بۆیە ئێزگەکانی پەخش کردنی ڕادیۆ بە زمانی کوردی لە دەرەوەی تورکیا جەماوەری زۆر گەرەی هەبوو لە ناوچە کوردییەکاندا (ئینانچ، ٢٠١٧؛ ئونگۆر، ٢٠١١). یەکەم سێ ئێزگەی ڕادیۆ کە بە کوردی پەخشیان دەکرد، ڕادیۆی بەغدا (١٩٣٩ – ١٩٤٠)، شەرق ئەلئەدنا (١٩٤٣ – ١٩٤٥) و ڕادیۆی وڵاتی شام – بیلادولشام (١٩٤١ – ١٩٤٦) (حەسەنپوور، ٢٠٠٥: ٤٣٨). ڕادیۆ یەریڤان کە دواینی ئەم ڕادیۆیانە بوو، لە نێو ناسراوترین و زۆرترین گوێگری هەبوو لە ناو کوردەکانی تورکیادا (ئاغجەکولو، ٢٠١٢). ئەم ڕادیۆیە لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٥دا دەستیکرد بە پەخشکردنی بەرنامەکانی. ئەو کارمەندانەی ئێزگەی ڕادیۆکەیان بەڕێوەدەبرد بە شێوەیەکی سەرەکی کوردی “یەزیدی و ئەرمەن” بوون و لەلایەن حکوومەتی سۆڤیێتییەوە مۆڵەتی پێدرابوو بە خەرج و تێچوونی داراییشەوە و بێگومان چاودێریی ناوەرۆکی بابەتەکانی دەکرا بێجگە لە ڕێنمایی هەڵبژادنی بەرنامەکانیشی (جەمیلە جەلیل، ٢٠١٧). ڕادیۆ یەریڤان یەکەم و گرنگترین هۆکاری میدیای کولتووری بوو لە ناو کوردەکانی تورکیادا وەک ئامرازێکی نوێ. دەنگی کوردی لەو پەخشە ڕادیۆییەوە نوێ بوو بۆ کوردەکان. لە تورکیادا، پراکتیزە کردنی تواندنەوە ئامانجی سووککردنی زمان و کولتووری کوردی بوو. بەڵام ڕادیۆ یەریڤان گۆرانیی کوردیی نەریتیی پەخشدەکرد و بە هەمان شێوە گۆرانییەکانی دەنگبێژانیش و ئەو مێژووەی گۆرانییەکە باسی دەکرد و پاشان گۆرانییەکانیش راڤە دەکران لەلایەن ئەو مێژوونووسە کوردانەوە کە بانگهێشت دەکران بۆ ئێزگەی ڕادیۆکە. زانا و توێژەران کارەکانی خۆیان لەبارەی کوردەوە دەنارد بۆ ئەوەی لە ڕادیۆوە پەخش و بڵاو بکرێتەوە (جەلیلێ جەلیل، ٢٠١٧: ٣٧). بەو پێیە رادیۆ وەک “مانگێکی سەتەلایتی دەسکردی بەرگری کردن” کاری دەکرد (چەلیک، ٢٠١٨: ٣٦٠). لە هەلومەرجی پەخشکردندا، ڕژێمی کەمالی کوردستانی تورکیای بە ناوچەیەک دانابوو کە دەبێت “تورکبوونی” تێدا بڵاوببێتەوە. مەبەست لە دابەشکردنی دەستبڵاوانەی ئێزگەکانی ڕادیۆ لەم ناوچانەدا بەئاشکرا بڵاو کردنەوەی مێژووی تورک و کولتوور و فەرهەنگی ڕەسمی بوو. بەڵام نەدیم گوێرسلی ڕۆژنامەنووسی تورک، لە سەردانیدا بۆ ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵات لە ساڵی ١٩٦٢دا، بۆی دەرکەوتووە کەوا خەڵک لەجیاتیی ئەوەی گوێ لە ڕادیۆی (TRT (Türkiye Radyo Televizyon Kurumu بگرن کە کەناڵی گشتیی تورکیا بوو گوێیان لە ڕادیۆی تاران دەگرت، یان لەوەش خراپتر گوێیان لە ڕادیۆی یەریڤان دەگرت. دەسەڵاتداران لە کاردانەوەی ئەوەدا بڕیاریان دا سیگناڵی ڕادیۆی یەریڤان پەکبخەن و ئیزگەی ڕادیۆی زیاتر بنێرن بۆ ناوچەکانی سنوور (ئونگۆر، ٢٠١١: ٢٠١).
لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا، ڕادیۆ کەوتە ئەوەی ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لە داڕشتنەوە و سەروبەرگرتنی کوردستان وەک ڕووبەرێکی یەکگرتووی کولتووری. لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا پەخشی ڕادیۆ زۆر تەشەنەی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ نموونە لە تورکیادا نزیکەی هەموو قاوەخانەیەک (یان چایخانەیەک) ئامێرێکی ڕادیۆی تێدابوو لە کۆتایی ١٩٥٠کاندا (بیلەی، ١٩٧٠). لە ساڵی ١٩٤٦دا، کوردەکانی ئەستەمبووڵ گوێیان لە پەخشی کوردیی ڕادیۆی ئێراق دەگرت. لە کوردستانی ئێرانیش، وەک لێسکۆ ڕاپۆرتی لەسەر دەدا “پەخشی ڕادیۆی کوردی لە یەکێتیی سۆڤیێت و ئێراق و تەنانەت لە قاهیرەشەوە بە بایەخێکی گەورەوە گوێیان لێ دەگیرا”. لە مەهاباد، هەموو دووکانێکی بازاڕ بەئاشکرا ڕادیۆیان دەکردەوە و خەڵکی گوێی بۆ ڕادەدێرا و بە پێی لێسکۆ، “هەرکەسێک ئامێری ڕادیۆی هەبوایە بە وردی و ڕێکوپێکی درێژیی شەپۆل و کاتەکانی پەخشی بەرنامەکانی دەزانی”٧. وەک هۆکارێکی نوێی پەیوەندیکردن دینامیکییەتی نوێی ترانسناشناڵی (نێوان وڵاتانی) بەهێزکرد و شوێنەکانی دەرەوەی کوردستان بایەخێکی تەواوی وەرگرت بۆ جموجووڵ و یەکێتیی سۆڤیێت، لە ڕێگەی پەخشی ڕادیۆییەوە یەکێک بوو لەو شوێنانە. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوروپا بەتەواوی گرنگیی خۆی هەبوو، کەوا خوێندکارانی گەنج لە بەشە جیاجیاکانی کوردستانەوە لە نێوان خۆیاندا پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان دەبەست و بەرکەوتەیان هەبوو لەگەڵ گوتاری مارکسی و دژە کۆڵۆنیاڵیدا و بۆ نموونە، ئەمە زۆر ڕوونە لە یاداشتەکانی ئیکینجیدا (ئیکینجی، ٢٠١٠).
هەموو چالاکییە کولتووری و دیبلۆماسییەکانی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوە کۆمۆنیستی و دژە کۆڵۆنیاڵییەکان، بەتایبەتیش یەکێتیی سۆڤیێت، لەنزیکەوە بەسترابوو بە سەرهەڵدانی گوتاری چەپەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەدیاریکراویش لە ناو کورددا. پەرەسەندنی چالاکیی چەپ تەنها لە ڕێگەی تاکەکەسەوە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵکو کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی خوێندکارانیش ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە. لە ماوەی جەنگی سارددا، زۆرێک لە خوێندکاران و ڕۆشنبیرانی کورد لە چەندین پایتەخت و شاری گەورە نێشتەجێ بوون، وەک دیمەشق و بەیرووت، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەوروپادا وەک (لۆزان و پراگ و پاریس و ستراسبۆرگ و مۆسکۆدا) بوون. تا ساڵی ١٩٧٥، زۆربەی خوێندکارە کوردەکانی ئەوروپا لە ئێراق و سووریاوە ڕۆیشتبوون. بە هۆی گەشەکردنی گەورەی ئەم دوو وڵاتەوە، بەتایبەتی لە سیستەمی ئابووری و خوێندندا، پەیوەندیی نێوانیان و وڵاتە ئەوروپییەکان ڕووی لە زیادبوون کردبوو، وەک بەریتانیا لە حاڵەتی ئێراقدا و فەرەنسا لە حاڵەتی سووریادا، وەک هێزگەلێکی ئیمپریالیی پێشتر. هەڵبەت زیادبوونی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی سوودیان لە زەمالە و یارمەتیی حکوومییەکان وەرگرتبوو لە وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا ڕەنگە یارمەتیدەربن لەم مەسەلەیەدا (شێخمووس، ١٩٨٩: ٤ – ٥).
یەکەم ڕێکخراوێک بۆ خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا ساڵی ١٩٤٩ لە سویسرا دامەزرا. ئەم ڕێکخراوە گۆڤارێکی دەرکرد بە زمانی کوردی و فەرنسی بە ناوی “دەنگی کوردستان – La Voix du Kurdistan” (زازا، ١٩٩٣). بەڵام لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە تا ساڵی ١٩٧٥، تا ڕادەیەک هەموو چالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد لە دەرەوە و بەتایبەتی لە ئەوروپادا، لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورددا لە ئەوروپا کۆبووەوە (KSSE)، کە ساڵی ١٩٥٦ لە شاری ڤیسبادنی ئەلمانیای ڕۆژاوا دامەزرا، لەلایەن ١٧ خوێندکاری کوردەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە لە وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپا دەیانخوێند. دوتر کۆمەڵەی خوێندکاران گەشەی کرد بۆ نزیکەی سێ هەزار ئەندام لە ساڵی ١٩٧٥دا و لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان لقی کردەوە. کۆمەڵەکە چەندین گۆڤاری دەردەکرد بە کوردی و زمانە ئەوروپییەکان و بەشداریی دەکرد لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی لاوان و قوتابییاندا و ئێوارە کۆڕی کولتووری و فەرهەنگیی ڕێکدەخست و وەک نوێنەرانی دیپلۆماسیی جووڵانەوە کوردییەکان کاری دەکرد لە ناو کوردستاندا و یارمەتیی قوتابییە کوردە تازە گەیشتووەکانی دەکرد بە ڕەخساندنی ڕێنمایی و خزمەتگوزاری بۆیان (شێخمووس، ١٩٨٩: ٣). کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە تۆڕە نێودەوڵەتییەکان و نیشتمانییەکانی خوێندکاراندا بەشدار دەبوو و پاڵپشتیی بزووتنەوەکانی ڕزگاریی نیشتمانیی “جیهانی سێهەم” و تۆڕە شۆڕشگێرە ترانسناشناڵەکانی دەکرد (تێجێڵ، ٢٠١٨). لەبەر ئەوەی کۆمەڵەکە بە “کۆمۆنیست” لەقەڵەم دەدرا، بۆیە دەسەڵاتدارانی گەلێ وڵات بایەخێکی گەورەیان دەدایە (ئەممان، ٢٠٠١). چالاکییەکانی کۆمەڵە و کۆمیتە لاوەکییەکانیشی حکوومەتی ئێراقیان بە ڕادەیەک بێزار کردبوو کەوا ڕادیۆی بەغدا بە چەند مانگێکی کەم لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی “عەبدولکەریم قاسم” ئەندامەکانی دەسنیشان دەکرد. هەر لەسەر هەمان ڕێچکە، حکوومەتی ئێراق داوایەکی سەرکەوتووانەی لە حکوومەتی نەمسا کرد بۆ ئەوەی نەهێڵێت ئەم کۆمەڵەیە کۆنگرەی دوانزەهەمی خۆی لەو وڵاتە ببەستێت (تێجێڵ، ٢٠١٨). هەروەها ڕێکخراوەکانی تریش چالاک بوون، وەک هەڤرێ – کۆمالا شۆڕشڤانێن کوردێن تورکیا لە ئەوروپا (پێکەوە – کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردی تورکیا لە ئەوروپا). ئەم ڕێکخراوە لە نێوان ساڵی ١٩٧١ – ١٩٧٤دا گۆڤارێکی بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی دەردەکرد بە ناوی “ڕۆناهی Ronahî”٨.
پەیوەست بە کۆمەڵەی خوێندکارانەوە، لە نووسینێکدا کە لە ڕۆناهیدا بڵاو بووەوە بە ناونیشانی “ژ بۆچی”، هەڤرێ خۆی بەوە دانابوو کەوا ڕێکخراوێکە نەک تەنها بۆ قوتابییە کوردەکان بەڵکو بۆ کرێکارانی کوردیشە (ڕۆناهی، ١٩٧١: ١). هەروەها هەندێ نامیلکەشی بۆ عیسمەت شەریف وانلی و کەمال بورقای چاپ کردووە (گوینەش، ٢٠١٢: ٧١).
“ساڵانی ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کان لە ئێراق و تورکیادا؛ چۆن گەنجە کوردەکان پشتگیریی مارکسیزمیان دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”
کوردایەتی (کوردیزم) و مارکسیزم هێشتا هەر بنەمای کولتوور و فەرهەنگێکی هاوبەش پێکدێنن و هاوبەشیشن لە گەلێ ئەکتەری ئەمڕۆی ناوچەی کوردیدا ئەگەرچی بێ گرژی و دژوارییش نەبوون. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کار و چالاکیی یەکێتیی سۆڤیێت، بە پشتبەستن بە شوێن و کات و پاشان جووڵاندن و جۆشدانی تۆڕەکانی کەمینە لە ئێران و سووریا و لوبنان و فەلەستین و میسر لە ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کاندا (تێرمیناسیان، ١٩٩٧). لەڕاستیدا باسی ڕۆڵی ڕژێمی سۆڤیێتمان کرد لە مەسەلەی کۆماری مەهاباددا. ئاوارەبوونی بارزانیش لە یەکێتیی سۆڤیێتدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی لەپێش ساڵی ١٩٥٨دا. بەڵام دیسانیش، وەک “حەمید بۆز ئەسەلان” بۆی دەچێت، ئارەزووی پەیوەندی کردن لەگەڵ “جیهانی مارکسییەتدا”، کە بوو بە هۆی ئەوەی لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا و بەلای کەمەوە لە ناو فەزای ئەمبەر و ئەوبەری سنووردا، کورد ببێتە “فرۆشیاری گەڕۆکی کۆمینتێرن” (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٧ب) . لە ساڵانی ١٩٦٠کان بەملاوە و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردەکان حیزب و ڕێکخراوە نیشتمانییەکان بەجێدێڵن و هی خۆیان دادەمەزرێنن و بایەخی خۆیان لەسەر شووناسی کوردی چڕدەکەنەوە. هەروەها داواکارییەکانی کورد زیاتر ڕادیکاڵ بوون و لە مافە کولتووری و فەرهەنگییەکانەوە گۆڕان بۆ “مافی چارەی خۆنووسین”.
“شۆڕشی ئەیلوول لە ئێراق؛ تووندڕەوی و توندوتیژیی بەکۆمەڵ”
لە ساڵی 1958دا، کوودەتایەک ئەنجام درا لەلایەن ئەفسەرانی سوپای ئێراقەوە دەسەڵاتی گرتەدەست و حوکمی پاشایەتیی ڕووخاند. سەرکردەی ئەو شۆڕشە، کە عەبدولکەریم قاسم بوو، بنەچەیەکی تێکەڵی هەبوو؛ باوکی موسڵمانێکی سوننە و بە ڕەگەز کورد بوو، دایکیشی موسڵمانێکی شیعەی خەڵکی بەغدا بوو (بەپێچەوانەوە وەک باس دەکرێت باوکی عەرەبی سوننە بووە و دایکی کوردێکی فەیلیی شیعە بووە – وەرگێڕ). ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی خولیا و هیوایەکی گەورەی لە کوردستانی ئێراقدا پەیداکرد. چەند هەفتەیەک لە دوای کوودەتاکە، “مستەفا بارزانی” لە تاراوگەکەی لە یەکێتیی سۆڤیێتەوە گەڕایەوە کە دەیەیەکی خایاندبوو، کە لەپاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا داوای پەنابەریی کردبوو. لێرەوە ئیتر حیزبەکەی، پ.د.ک (پارتی دیموکراتی کوردستان) دۆخێکی یاسایی وەرگرت و بەخێرایی کاریگەرییەکی گەورەی بەدەستهێنا لە کوردستانی ئێراقدا. بارزانی هەوڵیدا دۆخێکی ئۆتۆنۆمی دەستەبەر بکات بۆ کوردستانی ئێراق بەڵام شکستی هێنا لە قەناعەت کردن بە “عەبدولکەریم قاسم”. لەپاش وەستانی دانوستان شۆڕشێک لە ئەیلوولی ١٩٦١دا هەڵگیرسا. مێژووی نوێ باس لەوە دەکات کە شۆڕشەکە لەلایە ن “مەلا مستەفا” خۆیەوە دەستی پێنەکردووە بەڵکوو لەلایەن باڵە چەپەکەیەوە بووە کە لە دەوری ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی کۆبووبوونەوە (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٩: ٥٠). بەو پێیە، جووڵانەوەی کورد کە توانی یەکێتییەکی ناوخۆیی دەستەبەر بکات لە کۆتایی ساڵانی ١٩٤٠کانەوە، دابەش بووبووە سەر دوو تاقمدا کە شەڕی یەکتریان دەکرد. مەلا مستەفای بارزانی کە گۆڕابوو بۆ کەسێکی موحافزەکار لەپاش ئەو مانەوە دوورودرێژەی لە یەکێتیی سۆڤیێتدا، کەسایەتییەکی ڕێزلێگیراو بوو لە ناو کەسە دەمڕاست ناودارەکانی هۆزەکان و شارستانیدا. بەڵام هێزەکانی، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە باڵی چەپی پارتی بوون و سەرۆک و دەمڕاستەکانیان وەک چینی دوژمن تەماشا دەکرد. لە ساڵی ١٩٦٤دا، ناکۆکییەکە تەواو قووڵبووەوە و بگرە وای لە کەساتەتییەکانی باڵی چەپ کرد، کە “ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانی” بوون، شان بە شانی هێزەکانی ئێراق دژ بە بارزانی شەڕ بکەن لە ساڵی ١٩٦٦دا (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٩: ٤٩ – ٥٠).
بە شێوەیەکی گشتی، ناجێگیری و پشێوی لە ئێراقدا بەردەوام بوو بۆ ماوەی نزیکەی چواردە ساڵ و بوو بە هۆی زیان لێکەوتنێکی قورس لە سوپای ئێراق. هەڵبەت ڕێکخستنێکی کارای گەریلا بەدڵنیاییەوە یەکێکە لە هۆکاری گورجی و چاپووکی، بەڵام دۆخ و سیاقی جەنگی ساردیش ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری بینی. پاڵپشتی کردنی شای ئێران، کە بڕیاری دابوو پێشمەرگەی کورد چەکدار بکات بۆ لاواز کردنی دەوڵەتی ئێراق، بە هەمان ئەندازە گرنگ بوو. بەهەرحاڵ، لە بەهاری ١٩٧٥دا و لەگەڵ توانەوەی بەفری چیاکانی ناوچەکەدا ئەم پاڵپشتییە هاتە کۆتایی. لە کۆبوونەوەی ئۆپێکدا کە لە مارتی ١٩٧٥دا لە جەزائیر بەسترا، شای ئێران و سەددام حوسێن ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتییان مۆر کرد و ئەنجامەکەی کێشانەوەی پاڵپشتیی ئێران بوو لە کورد و شۆڕشەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تێکشکا و کۆتایی هات (زازا، ١٩٧٥: ٤٩). خەباتی نەتەوەیی کورد بەرەوڕووی شکستێکی گەورە بووەوە. ئەمجارەیان کوردەکانی تورکیا بە بایەخ و سەرسامییەکی گەورەوە تەماشای تێکۆشانی نەتەوەیی کورد دەکەن بە سەرکردایەتیی بارزانی کە خەباتی نەتەوەیی لەئەستۆ گرتووە، ئەگەرچی بە هۆکاری جۆراوجۆریش بێت.
ی
نووسین: بیاتریس گاراپۆن و عەدنان چەلیک
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق