لە ساڵی ١٩٤٦دا، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (زیاتر بە کۆماری مەهاباد دەناسرێت) کە هەوڵی یەکەمە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی.
بەهەرحاڵ، ئەم بێدەنگییە بەدڵنیاییەوە ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ شتێک ڕووینەداوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەم قۆناخە و لەڕاستیشدا پێویستە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دواتر لە ساڵانی ١٩٨٠کان و ١٩٩٠کاندا ڕێکخرایەوە. ئەمە تەنانەت دەتوانێ یارمەتیشمان بدات لە تێگەیشتنی هەندی لایەنی بزووتنەوەی کورد وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە. دوو پەرەسەندنی سەرەکی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم سەردەمە، کە بریتین لە سەرهەڵدانێکی گەنجانی کورد و ئاڕاستە کردنی پرۆژەسازییان لە نێو داواکارییەکی گشتگیردا بۆ ئازادی (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٧ ئە). گەنجانی کورد کە لە تورکیادا وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ دەرکەوتن لە جووڵانەوەی کورددا لە کۆتایی ١٩٥٠کان بەملاوە، ڕۆڵێکی ڕەخنەگرانە و یەکلاکەرەوەیان بینی لە وەرچەرخاندا لە هەوڵ و داواکاریی خێڵەکییانەی سەربەخۆیی لە دەوڵەتە ناوەندییەکان بەرەو بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی مۆدێرن. بەم مانایە، ساڵی ١٩٥٨ خاڵێکی وەرچەرخانە. ئەو کوودەتا سەربازییە و بەدوایدا “شۆڕشی ئەیلوول” (واتە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١)، کە “مستەفا بارزانی” بەرپای کرد، زۆرێک لە لاوەکانی کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشا لە هەموو لایەکی کوردستانەوە. ئەمەش وا ناگەیەنێت کەوا ئەکتەرە خێڵەکییەکان لەسەر شانۆی کوردی دیار نەمان لە پاش ئەم سەردەمە و ئەوەش ناگەیەنێ کە ڕاپەڕینەکانی پێشتر خاسییەتی نەتەوەیی تێدا نەبووە، بەڵام ژمارەی ڕوو لە زیادی ئەکتەرە جۆراوجۆرەکان – گەنجی خوێندکار و سەرۆکە خێڵەکییەکان و خەڵکانی شارنشین و جووتیاران – وێنەکەیان زۆر زیاتر ئاڵۆز کرد.
ئەم باسە لە سەرهەڵدانی لاوانی خوێندکاری کورد دەدوێ و پلان و پرۆژەیان بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و کۆڵۆنیکردن، کەوا پەرەسەندن و تەشەنە کردنی هۆکارە نوێکانی پەیوەندیکردن یارمەتیدەرن بۆ پەیوەندی و پێکەوە گرێدانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان. لە ساڵی ١٩٤٦دا، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (زیاتر بە کۆماری مەهاباد دەناسرێت) کە هەوڵی یەکەمە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی. دانان و ڕابەرایەتیی دانیشتووانی شارنشین و نەوەی نوێی ڕۆشنبیران، لە یەکەم دەستپێشخەرییەکانی کورد بوو کە لە دەرەوەی دینامیکییەتی خێڵەکی بەڕێوەچووە. هەرچەندە دەنگدانەوەی کۆماری مەهاباد بەگشتی لە فەزای کوردیدا سنووردار بو، بەڵام شکستەکەی ڕاستەوخۆ لەلایەن چالاکوانانەوە وا لێکدەدرێتەوە وەک ئەنجامێک بۆ ڕێکخستنی خێڵەکی و بەو پێیە وەک حاڵەتێک کە پێویست دەکات هەڵبوەشێتەوە.
“جۆردی تێجێڵ” بە واقیع جەخت لەسەر قورسیی نووسینی نا ئاسۆتەسکیی مێژووی کورد دەکاتەوە (تێجێڵ، ٢٠١٧). دابەشبوونی فەزای کورد بە سەر دەرکەوتنی نوێی دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم ڕەهەندێکی نوێی بۆ مەسەلەی کورد دروستکرد، کە ئەویش ئاڵوگۆڕەکانی ئەمدیو و ئەودیوی سنوور و کاریگەرییەکانیان بوو لەسەر بزووتنەوەی کورد. دینامیکە سنوور بەزێنەکان بە شێوەیەکی پارادۆکسییانە دەلاقەیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ کورد. لەکاتێکدا کە ڕژێمە ملهوڕەکان دەکەونە ستەمکاری و داپڵۆسینی پرۆتێست و ناڕەزاییە گشتییەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا ئاڵوگۆڕی دیوەکانی سنوور ئەگەری بەرگریی ژێرخانی سیاسی لەگەڵ خۆی دێنێتە کایەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە خۆمان لە قەرەی ئەمبەر و ئەوبەری سنوور داوە “لەسۆنگەی پەڕینەوەی بیر و ئایدیا یان ئاڵوگۆڕ پێکردنیان و ڕیفۆرم کردن لە تۆڕەکان و وێنەکان و کاڵا و بازاڕەکان و بە هەمان شێوە مرۆڤەکانیش” (هێڵگرێن و ڤاسکۆنسیلۆس، ٢٠١٠: ٢). لێرەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بە ئاڵوگۆڕی تۆکمەی بیروبۆچوونەکان لە ڕێگەی میدیای نوێوە، چەشنی ڕادیۆ یان کۆچکردنی فیزیکی و لەنێویاندا کۆڕ و کۆمەڵی ڕووناکبیرانی کورد لە تاراوگەکانی وەک (دیمەشق و بەیروت) و گەلێ لە شارە ئەوروپییەکان. مەڵبەندگەلێکی نوێی وەک ئەورووپا و زانکۆ ئەوروپییەکان، گرنگی و بایەخی بەرچاویان دەستەبەر کرد لەم سەردەمەدا. هەروەها نووسەران و دانەرانیش سەرنجیان لە “گەورەپیاوان و قارەمانەکان” وەرچەرخاند بەرەو بنکەی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی کورد و خەڵکی ئاسایی. ئەوجا ئەمەش هۆکاری دۆخ و سیاقی “جەنگی ساردە”، کە بە گەلێ سەر فاکتەرێکی بڕیاردەرە لە شێوازبەندیی زۆرێک لە ڕووداوەکانی ئەم سەردەمەمان، کە ئێمە بەتایبەتی مامەڵەیان لەگەڵ ناکەین. ئێمە مەسەلەکە لە چوارچێوەیەکی گڵۆباڵدا وەردەگرین و جەختکردنەوەش لە دینامیکەکانی بنکەوە بۆ ترۆپک دەبێت.
بەڵام وەرچەرخان لە سیاقی نێودەوڵەتیدا و هاوشان لەگەڵ گرژی و ناکۆکیی تیرە و هۆزەکانی دەوروبەری مەهاباد، خێرا زەنگی مەرگی بۆ کۆمارە کوردییەکە لێدا. یەکێتیی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیێت USSR، کە تا ئەو کاتە چالاکانە پاڵپشتی کۆماری دەکرد، پشتی تێکرد بەرەوڕووی چارەنووسی خۆی ببێتەوە، کاتێ پێکدادان سەلماندی کە پڕمەترسییە. پاشان داپڵۆسین و سەرکوت کردنێکی سەختی بەدوادا هات و لەسێدارەدانی “قازی محەمەد” کاری کردە سەر یادەوەرییەکانی کورد. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەربەست و ڕێگریی نەکرد لە میللی بوونی حەدەکا، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٥٠ی یاساداناندا، ئەم حیزبە زیاد لە ٨٠ لە سەدی دەنگەکانی مەهابادی بردەوە (قاسملوو، ١٩٩١). هەروەها لە ئێراقیش، حکوومەت ماوەیەکی دوورودرێژ بوو بە دەست یاخیبوونی بارزانییەکانەوە گیریخواردبوو و ئەمەی کردە دەرفەتێک بۆ تۆڵە سەندنەوەیەکی تووند. لە ٢٤ی مایسی ١٩٢٤دا، چوار ئەفسەری سووپای ئێراق کە چووبوونە پاڵ بارزانی لە مەهاباد بە ئاشکرا لە بەغداد لەسێدارە دران و ئەم ناوانە بوون؛ عیززەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، محەممەد مەحموود و خەیروڵڵا عەبدولکەریم (ئیگلتن، ١٩٦٣) و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر ڕای گشتیی کورد. پاشان بارزانی و بەدوایدا سەدان پێشمەرگە بڕیاریاندا “ئێراق” بەجێبێڵن بەرەو تاراوگە و داوای پەنابەری بکەن لە یەکێتیی سۆڤیێت. سێ خاسییەت بۆ ئێمە گرنگە لەم ماوە کورتەی کۆماری مەهاباد، چونکە دەبنە مۆرکی سەردەمێکی نوێی جووڵانەوەی کورد. یەکەم؛ بەپێچەوانەی زۆرێک لە ڕاپەڕینەکانی پێشتر لە مێژووی کورد، ئەمەیان خەڵکی شار ڕابەریەتییان دەکرد. دەکرێ وا تەماشای کەرتبوونی کۆتایی هۆز و خێڵەکان بکرێت کە ئەمە هۆکاری بنەڕەتییە بۆ کەوتنی کۆمار و سەرلەبەری ئەزموونەکە خەڵکی ڕۆشنبیر و شارنشین سەرکردایەتییان دەکرد، لەکاتێکدا کە دەبوو کۆمار پشت بە دەرەبەگە فیوداڵەکان ببەستێ بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆی (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣). هەڵبەت فیوداڵەکانیش نەیاندەویست پاڵپشتی چاکسازیی پێشکەوتنخوازانە بکەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیان بوو. دووەم؛ کۆمار بنەمایەکی نەتەوەیی ڕوونی هەبوو و دامەزرێنەرانی هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی ناوچەییان دەدا بۆ کورد، کە بەتەواوی نائامادەگیی هەبوو لە ئەزموونەکانی پێشتردا، ڕەنگە کۆماری کوردیی ئاراراتی لێ بەدەر بێت. سێیەم؛ ئاوارەبوونی بارزانی بۆ یەکێتیی سۆڤیێت سەرەتای ماوەیەکی دوورودرێژ پێکدێنێت کەوا یەکێتیی سۆڤیێت هێزێکی چاودێر بوو بەسەر جووڵانەوەی کوردەوە.
ئێمە زیاتر لە ئەزموونەکە خۆی، دەنگدانەوەی کۆماری مەهابادمان لە لا مەبەستە لە تێکڕا فەزا و کایەی کورددا. ئەگەرچی سەرچاوەکانی ئەم ئەم بابەتە تا ڕادەیەک نەگونجاوە و ئەوەی لێیانەوە بەدەستیدێنین ئەوە دووپات دەکاتەوە کە دەنگدانەوەی ئەم ئەزموونە سنووردار بووە، ئەگەرچی دامەزرێنەرانی کۆماری مەهاباد هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەوایی و شەرعییەتیان داوە لە تەواوی خاک و ناوچەی کوردستاندا. لەپێش دامەزراندنی کۆمار، لە ساڵانی ١٩٤٤ و ١٩٤٥دا، گەلێ لە سەرکردەکانی کورد لە (ئێراق و سووریا و تورکیا)وە سەردانی مەهابادیان کردووە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ئاڵوگۆڕی هاوکاری و یارمەتی. “حەمزە عەبدوڵا و وردی (محەمەد تۆفیق وردی – وەرگێڕ” لە ئێراقەوە هاتن، قەدری بەگی کوڕەزای “جەمیل پاشای دیاربەکر” لە سووریاوە و “قازی مەلا وەهاب” لە تورکیاوە هاتن. لە ئابی ١٩٤٤دا، کۆبوونەوەیەکی لووتکە لە چیای “داڵانپار” بەسترا، لە سێگۆشەی سنووری نێوان (ئێراق و ئێران و تورکیا). ئامانجەکەش ڕاگەیاندنی یەکێتییەکی سیمبۆڵیی گەورەتر بوو. جارێکیتر “قازی مەلا وەهاب” نوێنەرایەتیی تورکیای دەکرد (ئیگڵتن، ١٩٦٣: ٣٦). باشە ئەمە کێیە؟ چونکە زەحمەتە باس لەمە بکرێت و ئەم ناوە لە هیچ سەرچاوەیەکی تردا نەهاتووە. هاتنی “مەلا مستەفای بارزانی” لەگەڵ نزیکەی دە هەزار کەسدا مەسەلەیەکی تەواو زانراوە. بەڵام ئەوەی کەوا زانیاریی کەمی لەسەرە، ژمارەی ئەو کوردانەی کەوا لە تورکیاوە هاتوون و چوونەتە ناو لەشکرەکەی بارزانییەوە. لە باس کردنی کاروباری کەنیسەیدا “ویلیەم ئیگلتن” دەڵی نزیکەی پەنجا کەس لە ناو پیاوەکانی بارزانیدا بوون و لە تورکیاوە هاتبوون (ئیگڵتن، ١٩٦٣: ٥٦). لە کتێبیکی تردا، “حەمید بۆز ئەسەلان” دەنووسێت کەوا “ژمارەیەکی زۆری” کوردی تورکیا شان بە شانی “بارزانی” شەڕیان کردووە (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٩: ٤٣). بەڵام ئاسەوارێکی زۆر کەمی جموجووڵ و هاتنی کورد هەیە لە تورکیا یان سووریاوە بۆ کۆماری مەهاباد. بۆ نموونە، “جانیب یڵدرم” کە چالاکوانێکی کورد بووە و لە ساڵی ١٩٤٦دا خوێندکاری کۆڵێج بووە لە ئەنقەرە کە لە ساڵی ١٩٢٥ لە لایس لەدایکبووە و لە یادەوەریی خۆیدا وای دەگێڕێتەوە “ئێمە دواتر دەنگوباسی مەهابادمان بیستووە و کاتێ کە چووم بۆ فەرەنسا، لە دوای ساڵانی ١٩٥٠کانەوە. تەنانەت ئەو کاتەش لەبەر ئەوە بوو کە من مەراقم بوو و لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵ ئەو خوێندکارە کوردانەی لە ئێرانەوە هاتبوون و … ئەوانیش بۆیان باس دەکردین کە چۆن “قازی محەمەد” حوکمی سێدارەی بەسەردا دراوە و جێبەجێ کراوە” (میرئۆغڵوو، ٢٠٠٥: ١١٢). “جانیب یڵدرم” کەسێکی بە ناوی سافی ناسیوە، کە سکرتێری شەخسیی “قازی محەمەد” بووە، بەڵام ئەوە ڕووندەکاتەوە کە سافی حەزی نەکردووە لەبارەی مهابادەوە قسە بکات، چونکە لە ژێر کاریگەریی شۆک و ترۆمای لەسێدارەدانی قازی محەمەددا بووە.
لە ئەنقەرە، جانیب یڵدرم بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵ خوێندکارانی تر دەکرد کە لە دیاربەکرەوە هاتبوون بەڵام ئاشکرایە کە شتێکی لەبارەی مەهابادەوە نەبیستووە. بەڵام لە ئەستەمبووڵ شتەکان جیاواز بوون. (تاریق زیا ئیکینجی و مووسا عەنتەر”، کە لەو کاتەدا قوتابی بوون لە ئەستەمبووڵ و پێکەوە لە “بەشی ناوخۆیی یان نیشتەجێبوونی دیجلە” (Yurdu Talebe (Dicle دەژیان دەنگوباسی کۆماری مەهابادیان بیستبوو. “تاریق زیا ئیکینجی” لە کتێبی یاداشتەکەیدا دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێکیان نەجات جەمیل ئۆغڵوو لە کتێبخانەکەی کە تێیدا ئامادەکاریی بۆ تاقیکردنەوەکانی دەکرد لێی نزیکبووەتەوە و پاکەتە چکلێتی پێشکەش کردووە. کاتێ پێکەوە چووبوونە دەرەوە بۆ وەرگرتنی چکلێتەکە، نەجات جەمیل ئۆغڵوو پێی وتووە؛ گوایە هۆکارەکەی ئەوەیە کە تازە کۆماری مەهاباد ڕاگەیەنراوە و تاقە ڕێگە و شێوەیان بۆ ئاهەنگگێڕان چکلێت خواردنەکەیە. کاتێ نەجات جەمیل ئۆغڵوو ئەوەی وتووە، تاریق زیا ئیکینجی بیری هاتووەتەوە کە پەرەگرافێکی لە ڕۆژنامەدا خوێندووەتەوە و باسی لە دامەزراندنی کۆمارێکی کوردیی کردووە لە ئێران بە پاڵپشتی یەکێتیی سۆڤیێت (ئیکینجی، ٢٠١٠: ٢١١). ئەم ڕووداوە ئەوە دەردەخات کە خوێندکارە کوردەکان ئاگایان لە کۆماری مەهاباد بووە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئاهەنگگێڕانەکە زۆر سادە بووە و بەتەواوی دوور بووە لە کۆبوونەوەیەکی سیاسی و ئەویش ئەوەیە کە تەنها دوو خوێندکار بوون لە بەردەمی کتێبخانەکەدا چکلێت دەخۆن.
ڕووداوێکی هاوشێوەش باس دەکرێت لە چاوپێکەوتنێکی “شاهین جزرەئۆغلوو” کە سەر بە بنەماڵەیەکی گرنگ بوو لە دیاربەکر کە لە ساڵانی ١٩٣٠کاندا دوورخراونەتەوە بۆ تاراوگە. کاتێ کە لە ساڵی ١٩٤٦دا لێبووردنی گشتی راگەیەنرا، ئەندامانێکی کەمی خێزان و بنەماڵە گەورەکان کە لە تاراوگە گەڕابوونەوە لە ئەستەمبووڵ یەکیانگرتەوە. ئەوجا لێرە بڕیاریاندا هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر بکەن کاتێ کە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە و گوندەکانیان. ئەمە ئەو کاتە بوو، وەک شاهین جزرەئۆغلوو دەڵێ “ڕووداوی ‘کۆماری کوردیی مەهاباد’ هاتە کایەوە” (دیکەن، ٢٠١٠: ٢١٩). ئەوان لە کاتی کۆبوونەوە و یەکتر بینیندا گوێیان لە پەخشی ڕادیۆی “ئێراق” دەگرت بە کوردی. ئەم لەوە زیاتر شتێکی تری نەوت لەبارەی کۆمارە کوردییەکەی مەهابادەوە و ئەوەی لەڕاستیدا وتیان لەو بارەیەوە بوو کە چۆن ئەوەیان بیستووە یان گوێیان لێ بووە. بەڵام ئەو ڕاستییەکی سادەی بیردێتەوە کەوا مەهاباد یەکێك بووە لەو بابەتانەی مشتومڕ لەسەر کردن، جەند دەیەیەک دواتر و ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەمە پێویستە ببێتە بابەتێکی گرنگی قسە لەسەر کردن. لە مارتی ١٩٤٧دا، کۆبوونەوەیەکی سیاسیی کراوەتر سازکرا لە بەشی ناوخۆیی دیجلەی نیشتەجێی قوتابییان لە ئەستەمبووڵ، کە تێیدا “تاریق زیا ئیکینجی” بانگهێشت کرابوو بۆ کۆبوونەوەیەکی بچووک لەلایەن دوو قوتابیی کوردەوە، کە عەزیز گوڵبەدەن و شەوکەت چەلیککەنەت بوون. کۆبوونەوەکە حەوت هەشت کەسی لەخۆگرتبوو بە سەرۆکایەتیی “عەلی قەرەخان” کە تەمەنی لەوان گەورەتر بوو و لە ساڵانی پەنجاکاندا بووبوو بە چالاکوانێکی کورد. “عەلی قەرەخان” کورتەیەک لەسەر بارودۆخی “ئێران” پێشکەش دەکات؛ کۆمارێک دامەزراوە بەڵام شا بڕیاری لەناوبردنی داوە و سزای لەسیدارەدانیشی بۆ “قازی محەمەد” دەرکردووە. ئەوجا ئەوەشی وتبوو کە “ئەرکی” (پاراستنی کۆمارە کوردییەکە)، ئێستا دەکەوێتە ئەستۆی “گەلی کورد” و “لاوانی کورد”. ئەو داوای لە هەموو قوتابییانی ژوورەکە کرد کە ئەستەمبوول بەجێبێڵن و بەرەو “ئێران” بڕۆن بۆ ئەوەی شان بە شانی برا کوردەکانیان بجەنگن (ئیکینجی، ٢٠١٠: ٢١٢). لێرەدا مشتومڕێک دروستبوو لە ناو قوتابییە ئامادەبووەکاندا، ئاخۆ باشترین ڕێگە بۆ یارمەتیدان و هاوکاری کردنی گەلەکەیان چییە؟ ئایا پێویستە خوێندنیان تەواو بکەن و کار و فرمانێک پەیدا بکەن، یان دەبێ ئێرە بەجێبێڵن بۆ ئێران و دژ بە لەشکری ئێران بجەنگن؟ ئەنجام کۆبوونەوە بچووکەکە بوو بە دوو بەشەوە و قسە و گفتوگۆکەیان بێ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کۆتایی هات. بەڵام “ئیکینجی” ئەنجامگیری دەکات و دەڵێ لەڕاستیدا هیچ کەسێک ئەستەمبووڵی بەجێنەهێشت بۆ ئێران تاوەکوو لەپێناوی کۆماری مەهابادا شەڕ بکات.
ئەوەی کە پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە لەم گفتوگۆ و بێنە و بەرەیەدا تۆنی موحازەرەکەی “عەلی قەرەخان” و سووربوونی بوو لە سەر ڕۆلی “گەلی” کورد و “لاوان”. ئەمەش ئاماژەیە بۆ تێگەیشتنێکی نوێی تێکڕا فەزای کورد و هەروەها ئیشارەتیشە بۆ پەیدابوون و دەرکەوتنی گەنجانی خوێندکار وەک ئەکتەرێکی نوێی سیاسەتی کوردی. ئەنجامی مشتومڕەکە و ئەو ڕاستییەی کە لە واقیعدا هیچ کەسێک نەچوو بۆ شەڕکردن لە ئێران و بوو بە بەڵگەش لەسەر ئەو هاوکۆیی و هاوکارییە سنووردارەی نێوان بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی کورد لەو کاتەدا. لە حاڵەتەدا کە زۆربەی خوێندکاران تەواوکردنی خوێندن و کار دەستکەوتنیان هەڵبژارد لە تورکیادا، ئەوە بەو هۆیەوە بووە کە ئەوان هەستیان بە پێویستیی تێکەڵبوون کردووە لە ژیانی سیاسیی تورکیادا و دواتر بەشێکی زۆریشیان هەر وایانکرد لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا. بەکورتی؛ وا پێدەچێت کە تەنها دەستەبژێرانی کورد، لە ناویشیاندا، ئەندامە زیاتر سیاسەتمەدارەکانیان دامەزراندنی کۆماری مەهابادیان بیستبوو. خوێندکارە کوردەکان لە ئەستەمبووڵ سەر بە بنەمالە گەورەکانی کوردستانی تورکیا بوون. ئەوەی جێی سەرنجە، کەوا کۆماری مەهاباد لە کاتێکدا ڕاگەیەنرا کە زۆرێک لە گەنجە سیاسەتکردووەکان لە تورکیادا دەرکەوتبوون، بە هۆکاری ژمارەیەکی زۆری دینامیک. لە دەورووبەری ساڵی ١٩٤٨دا، پێنج خوێندکاری بەشی ناوخۆیی دیجلە، کە بریتی بوون لە (مستەفا ڕەمزیی بوجاک، یوسف عەزیز ئۆغلوو، زیا شەرەفخان ئۆغلوو، فایەق بوجاک و مووسا عەنتەر) بڕیاری دامەزراندنی کۆمەلەیەکیان دا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد، بە ناوی “کۆمەڵەی ڕزگار کردنی کورد” Kürtleri Kurtarma Cemiyeti) (عەنتەر، ٢٠١١: ٥٧). ئامانجی “ڕێکخراوەکە” هەوڵدان و داکۆکی کردن بوو لە مافەکانی هاوڵاتییانی کورد. هەرچەندە ئەم ڕێکخراوە هەرگیز ئەندامەکانی لە پێنج کەس تێپەڕی نەکرد، بەڵام ڕوون و ئاشکرا سروشتی نەتەوەیی بوو، کە دەبوایە ئەندامەکانی سوێند بە ئاڵایەکی کوردی بخۆن و یەکێک لە خۆیان، کە مووسا عەنتەر بوو، بە دەستی خۆی چنیبووی.
گرنگترین شت کە سەرنجی بدەین ئەو ڕێگە و شێوەیە بوو کەوا قوتابییەکانی ئەستەمبووڵ شکستی کۆماری مەهابادیان پێ لێکدەدایەوە. لە یاداشتەکانی “تاریق زیا ئیکینجی”دا، ڕەخنەیەکی فیوداڵیزم پەرەی پێدراوە ڕاستەوخۆ لە دوای ناوهێنانی سەردەمی کۆماری مەهاباد. بە ڕەچاوکردنی ڕووخانی کۆمار، گەنجە قوتابییەکانی ئەستەمبووڵ گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامگیرییەی خوارەوە؛ خێڵگەرایی هۆکاری لاوازبوونی جووڵانەوەی کوردە. بەسەر یەکەوە ڕاگەیاندن و کەوتنی کۆماری مەهاباد و ئەو شێوازەی کە پێی لێکدەدرێتەوە لە جوگرافیای گەورەی کورددا، خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورددا. ئەوەش خاڵی سەرەتای دینامیکە نوێکان بوو، کە بریتی بوو لە گۆڕانی خاڵی سەرۆکایەتی و دەمڕاستی لە دێهاتەوە بۆ سەنتەری شارەکان هەوڵدان و داواکاری بۆ دەوڵەتێکی خاوەن خاک و قەڵەمڕەو و سەرهەڵدانی گەنجانی قوتابی کەوا خێڵگەراییان بە مایەی لاوازیی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد دەبینی. ئەم داواکاری و ئەکتەرە نوێیانە دواتر بوون بە پێشەنگی پەرەسەندنە سیاسییەکان لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا.
لە هەردوک (تورکیا و سووریا)دا، سەرکردەی جۆری نوێ سەریانهەڵدا لە دوادوایی ١٩٥٠کاندا. لە تورکیادا، ئەم دەیەیە بۆ کورد سەردەمی تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی بەرفراوانی کۆمەڵگەی تورکی بوو. گواستنەوە لە ڕژێمی تاک حیزبییەوە بۆ سیستەمێکی فرەحیزبی بواری رەخساند کە هەندێ داواکاریی کورد گوزارشی لێوە بکرێت، بەتایبەتی لە لایەن ئەندامانی کوردی پەرلەمانەوە (چەلیك و گاراپۆن، ٢٠١٧). لە کۆتایی دەیەدا، سەرکوت کردنی تورکیا دەبێتە مۆرک و خاڵێکی وەرچەرخان. لە سووریا، کوردەکان بە شێوەیەکی سەرەکی چوونە ڕیزی پارتی کۆمۆنیستەوە، بەڵام هەژموونی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوو بە هۆکاری ئەوەی کە لە کۆتایی ساڵانی ١٩٥٠کاندا ڕیزەکانی ئەو حیزبە بەجێبێڵن.
لە پاش کوودەتای ساڵی ١٩٥٨ لە ئێراق، ژمارەیەکی زۆری تورکمان تووشی چەوساندنەوە بوون و ئەمەش کاردانەوەیەکی توندی لێکەوتەوە لە ناوەندە ڕەگەزپەرست و ڕاستڕەوە تووندئاژۆکانی تورکیادا. “عاسم ئێرەنی” کە نوێنەرێکی پەرلەمانیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بوو و (قوتابییە کوردەکان نازناوی ‘ڕۆمێل’یان لێ نابوو) ( بۆزئەرسەلان، ٢٠١٣)، لە پەرلەماندا سکاڵای ئەوەی کرد کەوا کوردەکان لە “ئێراق” تورکمانیان کوشتووە و هۆکاری ئەم کوشتارەی گێرایەوە بۆ هێزەکانی بارزانی و داکۆکیی لە سیاسەتێکی کینە و ڕق دەکرد دژ بە کورد لە تورکیادا. ئەو دەیگوت کەوا “کوردەکان براکانی ئێمەیان کوشتووە، بۆیە ئێمەش دەبێ چەند تورکمان کوژراوە ئەوەندە کورد بکوژین” (موقابەلەی بیلمیسل – مقابله بالمپل (Mukâbele-i bil misil. ئەم گوتارە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە لە ناوەندە کوردییەکاندا (عەنتەر، ٢٠١١؛ ئیکینجی، ٢٠١٠: ٣٧٥؛ پێشەنگ، ٢٠١٥)، بەتایبەتی لە ناو قوتابییان و ڕۆشنبیراندا، کە پەنجا کەسیان لێ گیرا و لە ماوەی چاوەڕوانی دادگایی کردندا یەکێکیان لێ مرد و ئەوانی تر، لەوە بەدوا، بە “چلونۆکە” (کیرک دۆکوزلەر) دەناسران. ئەوان بە “کوردیزم ‘کوردایەتی’ و کۆمۆنیزم” تۆمەتبار کران، لەبەر ئەوەی برووسکەیەکیان بۆ باڵیۆزانی بیانی لە تورکیا و ڕۆژنامەکانی تورکیا ناردبوو، بۆ پرۆتێست و ناڕەزایی دەربڕین لە سەر ئەو شێوەیەی کە ڕۆژنامەگەریی تورکیا بانگەشەیان بۆ کوشتار و قەسابخانەیەک کردووە دژ بە کورد (چاملیبێڵ، ٢٠١٥؛ پێشەنگ، ٢٠١٥).
نووسین: بیاتریس گاراپۆن و عەدنان چەلیک
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق