هەر لە حکومەتەکەی مەلیک محموود، تا جوڵاندنهوەکانی ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو، پاشان سەردەمی کۆماری “عهبدولكهریم قاسم” و حکومەتەکانی ساڵانی شەستەکان، دواتر ڕژێمی “بەعس” لە کودەتاکەی تا ڕووخاندنی هەمان سیاسەتی تەعریب و، تەبعیس و، تەرحیلی پیادە-دهکرد. ئەوەی پێیان کرا درێغییان نەکرد لەهەموو هەنگاوێکی قەدەغەکراو؛ لەئەنفال و، کیمیاباران و، هەموو هۆکارەکانی لەناوبردن. لێرهدا دەمەوێت؛ زیاتر تیشک بخەمە سەر ئێراقی نوێی دوایی بەعس و، سەردەمی دەستوری هەمیشەیی ئێراق و، چۆنێتی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی ناوەند لەگەڵ کورد و، ئامادەی بۆ هاوبەشی پێکردنێكی ڕاستەقینە لەگەڵ کورد.
ئامانجی من لەم بابەتە ئەوهیە؛ لە ئێستادا بەشێکی زۆر لەخەڵکی کوردستان، بەغداد وەک فریادڕەس تەماشادەکەن، گوشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەوێت و، بە مەرجە نا-دەستورییەکانی بەغداد ڕازی بێت، بەدەر لەچوارچێوەی دەستور لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەون و پێکی ژەهری مەرگی خۆیان بخۆنەوە. لە ڕاپەڕینی ساڵی(1991-2003) کورد؛ لە نیوەی خاکەکەی بەشێوەی سەربەخۆ و دوور لەدەسەڵاتی بەغداد پیادەی حوکمڕانی خۆی کرد و هیچ پەیوەندیەکی بەبەغداد-ەوە نەبوو.
سەردەمی نوێ لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی ئێراق -2005:
لەدوایی ڕووخاندنی “بەعس” کورد بەخواستبێت یان گوشار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی بەغداد لەچوارچێوەی دەستوردا یەکیگرتووە و، وەکو هەرێمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی ئێراق یەکیگرتووە. ئایا دەسەڵاتدارانی بەغداد لە چوارچێوەی دەستوردا کاریان کردوە؟ یان پێچەوانەکەی و، ئامانجییان چی یە؟
دەستوری هەمیشەیی ئێراق پێکهاتووە؛ لە دیباجەیەک و 143 ماددە و زیاتر لە 23 ماددەیان بە ئاشکرا مافەکانی کوردی دیاری کردوە. لەخوارەوە هەموو ئەو ماددانە شیدەکەینەوە پێویستە حکومەتی ناوەندی جێبەجێیان بکات کە تایبەتن بەکورد:
۱ـ دیباجەی دەستور: دەڵێت؛ گەلانی ئێراق بە ئازادی ئەم دەستورەیان نوسییەوە و، پەسەندیان کرد و، دەستەبەری مانەوەی یەک پارچەیی ئێراق بەندە بە پابەندبوون و جێبەجێکردنی ئەم دەستورەوە. پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا ئەم دەستورە جێ بەجێ کراوە ؟ ماددەی چوار؛ پەیوەستە بەزمانی کوردی، ئایا تا ئێستا زمانی کوردی لەسەر دراوی نوێی ئێراق هەیە؟
۲ـ ماددەی نۆ: پەیوەستە به پشکی کورد لە سوپای ئێراق، کورد مەگەر بەڕەمزی بوونی هەبێت لە سوپای ئێراقدا و تا ئێستاش ئەوە سوپا پەلاماری کوردیان داوە لە نیوەی خاکی داگیرکراوی کوردستان بەتایبەت لە شانزەی ئۆکتۆبەر.
۳ـ ماددەی دە؛ ڕەمزی کورد لە ئاڵای ئێراق بەهیچ شێوەک نییە.
٤ـ ماددەی ٦٥؛ پەیوەستە بە دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی، کە نوێنەری هەرێمەکانی تێدایە و مافی ڤیتۆی هەیە، بۆ ئەوەی کورد ئەو مافەی نەبێت تا ئێستا ئەو ئەنجومەنە دروست نەکراوە کە هاوسەنگی هێزو هاوبەشی ڕاستەقینە ڕادەگرێت.
٥ـ ماددەی ۱۰؛ تایبەتە بەدروستکردنی ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ کاری دادوەری و، ئیداری تائێستا دروست نەکراوە.
٦ـ ماددەی ۱۰۲؛ تایبهتە بە دەستە سەربەخۆکان. هەمویان دروستنەکراون بۆ ئەوەی کورد سودی لێ نەبینێت.
۷ـ ماددەی ۱۰٦؛ تایبەتە بە دروستکردنی دەستەی سەربەخۆی چاودێری، کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهاتەکانی ئێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هەموو تاکەكانی ئێراق.
٨ـ ماددەی ۱۱۱ ،۱۱۲؛ تایبەتە بە خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و غاز. پێویستە پەرلەمانی ئێراق بەپشت بەستن بە ماددەی ۱۱۲ ی دەستور یاسای بۆ دەربکات، تا ئێستا دەرینەکردووە و، کار بە یاساکەی بەعس کە ژمارە ٨٤ ی ساڵی ۱۹٨٥ و ناوی یاسای پارێزگارییە لە هایدرۆکاربۆنات و بەیەک ووشە باسی کورد ناکات و، ئێراق تا ئێستا یاسای بەڕێوەبردنی نەوت وغازی نییە. لەخوارەوه شیکارییەکی ورد دەکەم؛ بۆ مافی هەرێمی کوردستان لە مافی خاوەندارێتی نەوت و غاز لە چوارچێوەی دەستوری ئاینی پیرۆزی ئیسلام ، دەستوری هەمیشەی ئێراق، بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەو دەوڵەتە فیدراڵیانەی کە چۆن مافی خاوەندارێتیان داوە بەهەرێمەکانیان؛
یەکەم؛ خاوەندارێتی نەوت لە ڕوانگەی دەقەکانی قورئانی پیرۆز. ئاینی پیرۆزی ئیسلام دانی بە خاوەندارێتی و سود لێوەرگرتنی هەموو ئەو دروستکراوانەی خودای مەزن لە ژێر زەوی-سەر-زەوەی و، ئاسمان دروستیکردوە بۆ ئەوەی مرۆڤ سودی لێ ببینێت. پاڵپشت بۆ ئەم مافە خودای مەزن لە قورئانی پیرۆز لە سورەتی “لوقمان ئایەتی ٢٠” دا دەفەرمووێت:
(( أَڵمْ تَرَوْاْ أَنَّ ٱللَّهَ سَخَّرَ ڵكُم مَّا فِی ٱلسَّمَٰۆٰتِ ۆمَا فِی ٱلْأَرْچِ ۆأَسْبَغَ عَڵیْكُمْ نِعَمَهُۥ ڤَٰهِرَەً ۆبَاگِنَەً ۗ ۆمِنَ ٱلنَّاسِ مَن یُجَٰدِلُ فِی ٱللَّهِ بِغَیْڕ عِلْمٍۢ ۆڵا هُدًی ۆڵا كِتَٰبٍۢ مُّنِیرٍۢ ))
سورە لقمان- الایە 20
پوختەی مانای ئایەتەکە ئەوەیە؛ ئایا سهرنجتان نهداوه که بهڕاستی ههرچی له ئاسمانهکان و زهویدا ههیه ههر ههمووی خوا بۆ خزمهتی ئێوهی دروست کردووه و، ملکهچی کردووه. ههروهها بهفراوانی نازو نیعمهتی ئاشكراو پهنهانی بهسهردا ڕژاندون، لهگهڵ ئهوهشدا ههندێک له خهڵکی موجادهله و، گفتوگۆی نابهجێ دهربارهی خوا و، بهرنامهکهی دهکهن بێ هیچ بهڵگهیهکی زانستی و ڕێنمووییهکی پێغهمبهران و کتێببێکی ڕوونکهرهوهی خوای.
سەرنجتان بۆئەوە ڕادەکێشم لە ناوەڕۆکی ئایەتەکەدا هاتوو؛ە ئەوەی لەناو زەوی و لەسەر زەویداهەیە بۆ خزمەتی مرۆڤەکان خودا پێی بەخشیون و بۆ خزمەتی ئێوەیە .نەوت وەک یەکێک لەو سامانانەی لەناخی زەوی کوردستادا هەیە، خودا لەدەستورەکەی کە قورئانە ئەو مافەی بە ئێمەی کورد بەخشیوە، وەکو دروستکراوێکی خۆی لەسەرئەم خاکە کەناوی کوردستانە. ئەم خاکە پیرۆزە و سامانەکانی خودا بەئێمەی بەخشیوە، هیچ دەسەڵاتێکی خۆمانی تێدانیه و خاکی هیچ کەس نییە تا داگیرمان کردبێت، سروشتی ئێمە ئەوەیە؛ کوردین و ئەمە خاکمانە خودا پێی بەخشیوین و تەنها خاوەندارێتیەکەی بۆ خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە.
دووەم؛ مافی هەرێم لەخاوەندارێتی نەوت و غاز بەپێی دەستوری هەمیشەی ئێراق ساڵی 2005.
– ماددەی 111ی دەستوری عێراق دەڵێت؛ گەلانی ئێراق لەهەموو هەرێمەکان و پارێزگاکان خاوەندارێتی نەوت وغاز دەکەن بەبێ جیاوازی. دەستور ئەم مافەی لە حکومەتی بەغدا سەندووهتەوە و، داویەتی بەهەرێمەکان و پارێزگان.
ـ ماددەی 112 ی دەستور بڕگەی یەکەم؛ بەهەمان شێوە بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگانە کە هەبوون، دەبێت ناوەند لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکان بەڕێوهی ببات و، لەڕێگەی پەرلەمانی ئێراقەوە یاسای بۆ دەربکرێت. لەهەمان کاتدا دەبێت بڕێک لەداهاتی نەوت بۆماوەیەک بدرێت بەوهەرێمانەی بەعس زیانی پێ گەیاندوون، لەم بڕگهیەدا بەهەمان شێوە ناوەند دەبێت لەگەڵ هەرێمەکان نەوت بەڕێوە ببات، یاسای بۆ دەربکات، بەڵام بەغداد بۆ ئەوەی مافی هەرێم نەدات ئامادەنییە یاسا دەربکات و، کار بەیاسای سەردەمی بەعس ژمارە 84 ی ساڵی 1985 کەناوی یاسای پارێزگاریە لەهایدرۆکربۆنات دەکات.
بڕگەی دووەم هەمان ماددە؛ دەربارەی ئەو کێڵگە نەوتییانەی لەدوایی ڕێکەوتی جێبەجێکردنی دەستوور دەدۆزرێنەوە لەلایەن هەرێمەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. دەستوری هەمیشەیی ئێراق لەمادەی 115 دا دەڵێت؛ لەکاتی دروستبوونی کێشە لەنێوان “هەرێم و ناوەند” ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمەکانە، بەمەرجێک ئەو کێشە لەچوارچێوەی مادەی 110ی دەستور نەبێت نەوت و غازیش لەچوارچێوەی مادەی 110 نییەو دەسەڵاتی ڕەهای ناوەند نییە و، بە شێوازێکی تایبەت دەسەڵاتەکانی دیاری کردووە دەستور. هەروەها مادەی 121ی دەستوور مافی بەهەرێم داوە دەستور و یاسا بۆخۆی دەربکات بەمەرجێک پێچەوانەی ماددەکانی دەستور نەبێت.
کەواتە؛ هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوری ساڵی 2005 مافی خاوەندارێتی و، بەکارهێنانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی هەیە.
سێیهم؛ مافی هەرێم بەپێی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان.
بڕیاری (١٨٠٣) لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەڕێکەوتی 14 کانونی یەکەمی ساڵی 1962 دەرچوە دەڵێت “سەروەری هەمیشەیی گەلانی بەسەر سامانی سروشتییەکەیدا پەسەندکردوە” ئێمەش وەک گەلی کورد لەهەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی ئەم بڕیارەدا دەتوانین خاوەندارێتی نەوت وغاز بکەین. هەروەها کۆمەڵێک بڕیاری دیكهی نەتەوە یەکگرتوەکان هەمان مافیان بۆگەلان سەلماندوە لەوانەبڕیارەکانی(٢١٥٨ ی ساڵی١٩٦٦ ٫ ٢٦٩٢ی ساڵی١٩٧٠ ٫ ٣٠١٦ ی ساڵی ١٩٧٢ ٫ ٣١٧١ی ساڵی ١٩٧٣ ٫١ ٣٢ -١ ساڵی١٩٧٤ٚ .لە بڕگەی دووەم ماددەی-یەکەم لەجزئی یەکەم لەپەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافی ئابوری ، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، ڕێکەوتی ١٦ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٦دا دەڵێت “هەموو گەلان هەوڵدەدەن بۆ ئامانجێکی کە سەربەستانە دەتوانن خاوەندارێتی بکەن بەداهات و سامانی سروشتیانەوە”.
چوارەم؛ ڕێکخستنی خاوەندارێتی سامانی نەوتی لە دەوڵەتە فیدراڵیەکان.
بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوون، بە مافی هەرێمەکان لەدەوڵەتە فیدراڵیەکانی بەرهەمهێنی نەوت، دەوڵەتانی ئەمریکا، کەنەدا، میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەب ( الامارات العربیە المتحدە) وەک نمونە دەهێنینەوە و بەراوردکاری دەکەین بەم شێوەیه؛
ئەلیفـ ولایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا (USA).
لە ئەمریکا دۆخێکی تایبەت بەنەوت هەیە، چونکە دەستوری ئەمەریکا لەساڵی ١٧٨٧ نوسراوە و لەوکاتە نەوت نەدۆزراوەتەوە، پاش ٧٢ساڵ لەساڵی ١٨٥٩ نەوت دۆزراوەتەوە و سامانی سروشتی نەوت و غاز لەدەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی نیە و دەسەڵاتی هەرێمەکانە. خاوەندارێتی نەوت و غاز، خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تاکەکان و، کۆمپانیا تایبەتەکان و، هۆزە هندییەکان کە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکان. هەر کە خاوەنی هەر زەوییەک بێت بەشێوەی ستوونی، چی لە ژێر زەویدا بێت هی خاوەن زەوییەکە، خاوەن زەوییەکە وەک هەر ماڵێکی تری خۆی کە خاوەندارێتی پوختە، دەتوانێت بیفرۆشێت. واتە؛ دەتوانێت نەوتەکەش وەک زەویەکە بفرۆشێت.
ئەو نەوتەی دەکەوێتە سنوری ئاوی هەر ویلایەتێکەوە حکومەتی هەرێمەکە خاوەنداڕێتی دەکات، وەک ویلایەتەکانی (ئالاباما-نیۆرک-کالیفۆرنیا) لەهەندێ ویلایەتی تر خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ هەموو دانیشتوانی هەرێمەکە وەک؛ کانساس-کۆلۆرادۆر-میرلاند-مسیسبی-واشنتۆن- و ژمارەیەکی تر لەویلایەتەکان.
ب- خاوەندارێتی سامانی نەوتی لەکەنەدا.
کەنەدا دەوڵەتێکی فیدراڵی خاوەندارێتی دەستوریە، پێکهاتوە لە دە مقاتەعە و سێ هەرێم، دەوڵەتێکی بەرهەمهێنی نەوت لەکەنەدا مافی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی نەوت و غاز دراوە بەهەرێمەکان. بەپێی مادەی ( ١٠٩) ی دەستوری کەنهدی هەموارکراوی ساڵی ١٨٦٧کە دەڵێت؛ هەموو زەوی و، سامانی کانزای و، سروشتی خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمەکانی وڵاتی کەنهدا.
ج- خاوەندارێتی سامانی نەوتی لە ئیماراتی عەرەبی المتحدە.
دەستوری ئیماراتی ساڵی ١٩٧١ مافی خاوەندارێتی نەوت و غازی داوە بە میرنشینەکان، واتە هەرێمەکان و، لە ماددەی (٢٣) دەڵێت؛ خاوەندارێتی سامان و مواردی سروشتی لە هەموو میرنشینەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میرنشینە بەتایبەتی و، گەلەکە. بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی بەکاری دەهێنن. بەپێی ئەم ماددە حکومەتی ناوەندی ئیمارات ناتوانێت خاوەندارێتی بکات بەڵکو بۆ میرنشینەکانە.
(۹ـ ماددەی ۱۱٤؛ پەیوەستە بە بەڕێوەبردنی داهاتی گومرگ و، دەسەڵاتێکی هاو بەش. پێویستە بەپشت بەستن بەبڕگەی یەکەمی ئهم یاسایە پەرلەمانی ئێراق یاسای بەڕێوەبردنی گومرگ دەربکات، تا ئێستا دەرینەکردووە، دەیەوێت بەئیتیفاق ڕێکبکەوێت. هەرکات بیەوێت پاشگەزبێتەوە بەهەمان شێوە بۆ دۆسێی نەوتیش.
(۱۰ـ مادەی ۱٤۰؛ تایبەتە بەچارەسەرکردنی نیوەی خاکی دابڕێنراوی کوردستان، گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی کوردستات، کوردێک نیه ئەوە نەزانێت چی بەسەر ئەو ماددەدا هێنراوە و، ئامادە نەبوو بەغداد جێ بەجێی بکات.
ئەنجام
ئێراق: بەپێی شیکردنەوەکەی سەروەمان؛ گەیشتیە ئەو ئەنجامەی حکومەتی ناوەندی نە لەڕابردوو نە لەئێستا و، نە لەداهاتوو باوەڕی بە هاوبەشێتی ڕاستەقینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەگەڵ کورد نییە، ئاشکرایە ئەو دەستورە هەمیشەییەش بە دەستوری خۆیان نازانن و، بەسەپێنراوی دەزانن و لەماوەی پانزەساڵی ڕابردوو، یەک ماددەیان جێبەجێنەکردوە و ڕێگریان کردوە. هەرکاتێکیش پێویستی کردبێت لە پەرلەمان بەزۆرینە یاسایان تێپەڕاندوە و، لەدەروەش سوپا و حەشدی شەعبیان بەکارهێناوە .لەماوەی ڕابردوو، لەسەرەتا لەبەر بێهێزی و پاشان لەژێرگوشاری ئەمریکا و هەندێکجاریش بۆڕاگرتنی باڵانسی هێزی دەسەڵاتدارەکانیان لەبەغداد، هاوکاری کاتی کوردیان کردوە بەئێستای کازمی-شەوە، هەرکات ئامانجەکەیەیان دەست کەوتبێت چونەتەوە سەر پلێتی ئەسڵی خۆیان. بەغداد لەئێستادا دوور لە دەستور یارییەکی جوان دەکات لەڕێگەی ڕێکەوتنی کاتییەوە مامەڵە لەگەڵ کوردبکات، وەک تاکتیک ئیدارەی کورد دەدەن و، هەرکاتیش بیانەوێت لەڕێکەوتنەکە پاشگەزدەبنەوە، چونکە پشتیوانی دەستوری و یاسایی نییە، لە ستراتیجیشدا کاربۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستوردەکەن بەهەر ڕێگایەک گونجاوبێت.
هەرێمی کوردستان: هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەم پلانە نەگریسەی بەغداد هاتووە بەخۆشی بێت یان ناچاری، لە هەندێک وێستگە باشی پێکاوە بەتایبەت لە مافی خاوەندارێتی نەوت، بەڵام بەهەندێک کەم و کورتییەوە، بەڵام تائێستاش تاکە کارت بەدەستی هەرێمەوە بۆدانوستان گەڵ بەغداد-هەرێمی کوردستان پێویستە؛ لەو ڕاستییانەی سەرەوە باش تێبگات کە پلانی نەگریسی بەغدا چی بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان کە جارێکی تر خستنەوە ژێردەستی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغداد.
لەبەرئەوەی ڕۆڵی کورد لەبەغداد لە ئێستادا زۆر لاوازە و، بەبەڵگەی ئەوەی لەپەرلەمان هەمووشتەکان بەزۆرینە دەسەپێنن بەسەرکوردلەحکومەت کوردهیچی پێناکرێت، لەسەرۆکایەتی کۆماریش، کەسەرۆکی کۆمار پارێزەری دەستورە و پێویستە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو دەستورە بدات و پارێزگاری لەمافی هەموو گەلانی ئێراق بکات، بەڵام نەیانهێشتوە و، ناشهێڵن سەرۆکی کۆمار بەئەرکەکەی خۆی هەستێت. ئستا کورد لەبەغداد هیچ ڕۆڵی نەماوە و عەرەب وەک ناچاری و بۆ ئامانجی تایبەت هەڵسوکەوت دەکەن لەگەڵی، ئەگەر پێیان بکرێت هەر ئەمڕۆ کۆتایی بەبوونی کورد لەبەغدا دەهێنن. بەڵام کۆمەلێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی ڕێگایان پێنادات ئەوەبکەن. نمونە پرۆسەی نەگریسی تەعریب لەناوچە داگیرکراوەکان شاهیدە و بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە. پێویستە هەرێمی کوردستانیش وەک تاکتیک سەیری بەغدابکات و، قۆڵی مەردانەی لێ هەڵماڵێت و، ئەوەی پێویستە بۆخەڵکی کوردستان و بوژانەوەی ئابوریەکەی پلانێکی تۆکمەی سەرکەوتوو دابنێت. ئەگەر هەرێمی کوردستان دۆسێی نەوت و گومرگ بەدەر لە دەستور و یاسا ڕادەستی بەغدادبکات ئەوا؛ ژەهری مەرگی خۆی وخەڵکی کوردستان دەخواتەوە.
سەرچاوەکان:
ـ قورئانی پیرۆز.
ـ پێگەی quran7m.com.
ـ دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005.
ـ پەرتوکی ( التنڤیم الدستوری لاستغلال الموارد النفتیە فی الدول الفدرالیە ،هاشم عبدللە محمد ،التبعە الاولی ٢٠١٩ XMA Header Image
-القران الكریم: موقع السبع المپانی للقران الكریم quran7m.com