ئه‌م ناوچه‌یه له مێژوودا به ناوی جیاواز ناسراوه. سه‌لجوقییه‌کان که له سه‌ده‌ی دوازده‌می میلادیدا به سه‌ر ئێران فه‌رمانڕه‌وا بوون، بۆ یه‌که‌م جار له باکووری ئه‌و ناوچه‌یه هه‌رێمێکی ئیداری داده‌مه‌زرێنن به ناوی کوردستان، ناوچه‌ی له‌که‌کان ئه‌وسا به‌شێک بووه له‌و هه‌رێمه ئیدارییه، دواتریش به ناوی دیکه‌ی وه‌ک لوڕستانی فه‌یلی و لوڕی بچووک ناسراوه. له‌که‌کان به زارێکی کوردی قسه ده‌که‌ن که له هه‌موو ئاسته‌کانی زمانه‌وه له زاره‌کانی دیکه‌ی کوردییه‌وه نزیکه به تایبه‌ت له زاره کوردییه‌کانی باشوور وه‌ک که‌لهوڕی و لوڕی. له ماوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوودا کورده‌کانی ئه‌م هه‌رێمه به هۆکاری سیاسی و فه‌رهه‌نگی، هه‌روه‌ها شیعه‌بوونی دانیشتوانه‌که‌ی، له سه‌رده‌می ڕه‌زا شای په‌هله‌ویدا که سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه له ئێران‌دا زۆر به چڕی ڕووبه‌ڕووی ئه‌سیمیله‌بوون هاتوون، به به‌رنامه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌وڵ دراوه پێکهاته کورده‌کانی ئه‌م هه‌رێمه له ناسنامه‌ی کوردبوونیان داماڵرێن و بکرێن به چه‌ند پێکهاته‌یه‌کی ئه‌تنیکی سه‌ربه‌خۆ و زاره کوردییه‌کانیشیان بکرێن به چه‌ند زمانێکی سه‌ربه‌خۆ. هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م هه‌وڵانه له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له لایه‌ن میراتی فه‌رهه‌نگی ئێرانه‌وه به ڕه‌سمی زاری له‌کی وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆ تۆمار کرا، ئه‌مه له کاتێکدا به هه‌موو پێوه‌ره‌کانی زمانه‌وانی و کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌کی زارێکی زمانی کوردییه و زمانێکی سه‌ربه‌خۆ نییه، بۆیه ئه‌م هه‌وڵه‌ی که له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی له‌کی بکات به زمان و له‌که‌کانیش به نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ، ته‌نیا هه‌وڵێکی سیاسییه و زمانه‌وانی نییه. به‌رنامه‌یه‌کی سیاسیی ده‌وڵه‌تی ئێرانه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ک له کورد دابڕێت.
وشه سه‌ره‌کییه‌کان: له‌کی، لوڕی، لوڕستان، ئه‌ده‌بی زاره‌کی، زار، زمان، نه‌ته‌وه‌سازیی ئێرانی.
The Lak is a group of Kurdish tribes throughout history who are considered to be an essential constituent of the Kurdish people. They live in a region in the eastern part of Kurdistan, which is known as the Luristan region. There are three Kurdish components in that region known as Lur, Lak and Kalhur. This region has been called different names throughout history. This area has been called by different names such as Kurdistn, Luristan Faili and Lesser Lur.
The Laks speak a pure Kurdish dialect and, in all linguistic aspects, is close to other Kurdish dialects, particularly with southern Kurdish dialects such as Kahluri and Luri. During the past century the Kurds of this area were subjected to intense assimilation and loss of cultural identity, especially in the time of Reza Pahlavi, an Iranian army officer who became the Shah of Iran in 1925, when he took power; he was trying hard to build a nation-state in Iran, with one language within one nation. He planned to establish a central modern, secular and national state, so to achieve these goals he focused on the Kurdish tribal area in the Luristan Region of Iran, subjugating them to the rules and orders of central government. In addition, he also adopted a systematic policy of divide and rule to break the national identity of the Kurdish people and transfer them to independent ethnic groups and their Kurdish dialects into separate and independent languages. On other hand, the Kurdish people in that region are followers of Shia, contrary to the majority of Kurdish people are followers of Sunni, this religious differences played a significant role that Iranian authority as a dominant Shia state to separate them from the majority of the Kurdish nation. As a continuation of this policy, the Iranian cultural heritage officially declared in recent years that Laki is a distinct language in itself and not a dialect; however, in all linguistic and social criteria, Laki is a dialect of the Kurdish language and has never been an independent language, these attempts therefore, are politically motivated by central government and has no linguistic background; in other words, they are trying to separate the Laks from the Kurdish nation.
This paper explains the subject in the light of sociolinguistics; that Laki is a dialect of Kurdish because Laki is mutually intelligible with other Kurdish dialects in that area. In addition, the Laks are socially and culturally part of the Kurdish people and have, throughout history, established cultural unity with the Kurds. Laki does not have a literary written history because the Gurani dialect was a Koiné for centuries for speakers of Luri, Kalhuri and Laki. But in the field of Oral literature Laki is very rich with different genres, sharing the same oral literature with the Kalhuri and Luri; this is also additional evidence that Laki belongs to a common culture with the other Kurdish components in Luristan.
Keyword: Laki, Luri, Luristan, Oral literature, dialect, language, Iranian nation building.
له‌کی وه‌ک زارێکی زمانی کوردی ئاخێوه‌رانی له هه‌رێمێک نیشته‌جێن له مێژوودا پێی گوتراوه لوڕستان، ئه‌م هه‌رێمه هه‌رچه‌نده به سه‌رزه‌مینی لوڕه‌کان ناو براوه، به‌ڵام دانیشتوانه‌که‌ی هه‌موو لوڕ نه‌بوون، به‌ڵکو گروپی دیکه‌ی وه‌ک که‌لهوڕ و له‌ک له باکووری ناوچه‌ی لوڕه‌کان نیشته‌جێن، که هه‌ر یه‌ک له‌م گروپانه به نه‌ته‌وه کورد و به زمانیش ئاخێوه‌ری چه‌ند زارێکی زمانی کوردین. ئه‌م هه‌رێمه وه‌ک جوگرافییایه‌کی کوردستان و زمانی کوردی، له ماوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوودا زۆر به چڕیی ده‌که‌وێته به‌ر پرۆسه‌ی ئه‌سیمیله‌بوون، به تایبه‌ت له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا کاتێک ڕه‌زا شا له ئێران له هه‌وڵی به‌مۆدێرنکردن و دروستکردنی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه بوو بۆ ئێران به یه‌ک زمان، که ئه‌ویش زمانی فارسی بوو. له‌م سه‌رده‌مه هه‌وڵ ده‌درێت به هه‌ر ڕێگه‌یه‌ک بێت کورده‌کانی ئه‌م هه‌رێمه له کورد جودا بکرێنه‌وه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ بناسرێن و دواتریش به زمان له نێو زمانی فارسی ئه‌سیمیله بن و خۆیان له بیر بکه‌ن که کوردن، واته له ناسنامه و فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردی داماڵرێن. له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌م هه‌رێمه که دانیشتوانه‌که‌ی زۆرینه‌ی به مه‌زهه‌ب شیعه‌ی ئیمامین، به هۆی ئه‌و ململانێ مه‌زهه‌بییه‌ی که له نێوان شیعه و سوننه له ئێران‌دا به درێژایی مێژوو هه‌بووه، له‌گه‌ڵ کورده سوننییه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی خۆیان په‌یوه‌ندییان به‌هێز نه‌بووه، ئاڵوگۆڕی فه‌رهه‌نگیش له‌نێوانیاندا نه‌بووه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می نوێشدا ئه‌م هه‌رێمه هه‌میشه له مه‌ڵبه‌ندی بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردی دوور بووه، بۆیه نه‌ته‌وه‌خوازیی کوردی له‌وێ زۆر لاواز بووه یان هه‌ر نه‌بووه، بۆیه له ڕووی ناسنامه‌ی کوردبوونهوهش ناسنامه‌یه‌کی به‌هێزیان نه‌بووه. ئه‌م کێشه مه‌زهه‌بییه کاریگه‌ریی له‌سه‌ر زمان و زاره کوردییه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌ش داناوه، زاره کوردییه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه له زاره‌کانی دیکه‌ی کوردی دوور ده‌که‌ونه‌وه له فارسی نزیک ده‌بنه‌وه.
هه‌ر له درێژه‌ی هه‌وڵی ئه‌سیمیله‌کردنی پێکهاته کورده‌کانی ئه‌م هه‌رێمه، به‌م دواییه له لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە به‌رنامه‌یه‌کیان خسته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌کی، که به درێژایی مێژوو هه‌میشه زارێکی زمانی کوردی بووه، له زمانی کوردی جودا بکه‌نه‌وه، و وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆ بیناسێنن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته میراتی فه‌رهه‌نگی ئێران له ڕێکه‌وتی ١٠ مرداد ١٣٩٦ (١ ئابی ٢٠١٧) به‌رنامه‌یه‌ک ڕێک ده‌خات و به ڕه‌سمی ڕایده‌گه‌ینێت که له‌کی زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه و زار نییه، له پاڵ ئه‌وه‌شدا کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری له‌کی زمان هان دراون بۆ ئه‌وه‌ی له نووسینه‌کانیاندا له‌کی وه‌ک زمان و له‌که‌کانیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ ناو ببه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش کۆمه‌ڵێک کتێب سه‌باره‌ت به زمان و فه‌رهه‌نگی له‌کی به فارسی له ئێران چاپ کراون تێیدا نکوولی له کوردبوونی له‌که‌کان ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌لفوبێی لاتینیان بۆ له‌کی داناوه بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌لفوبێ و ڕێنووسیش له‌کی له ئه‌لفوبێ و ڕێنووسی کوردی دوور که‌وێته‌وه.
له‌م توێژینه‌وه‌یه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ڕوانگه‌ی زمانه‌وانیی کۆمهڵایهتییەوە تیشک بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م زاره کوردییه و له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه ڕوونی بکه‌ینه‌وه که له‌کی زارێکی کوردییه، بۆ به‌رچاوڕوونی باسه‌که له پێشدا به کورتی باسی جوگرافیا و مێژووی لوڕستان و له‌که‌کان ده‌که‌ین، دواتریش پێوه‌ره‌کانی جوداکردنه‌وه‌ی زار و زمان ڕوون ده‌که‌ینه‌وه و ده‌ستنیشانی ده‌که‌ین که به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره‌کان له‌کی زارێکی کوردییه. ئه‌وجا به‌کورتی باسی پاشخانی نووسراوی ئه‌ده‌بی بە له‌کی ده‌که‌ین، له‌گه‌ڵ نیشاندانی چه‌ند ده‌قێکی فۆلکلۆریی له‌کی.
له‌که‌کان کۆمه‌ڵه عه‌شیره‌تێکی کوردن له نێو چیاکانی زاگرۆس له هه‌رێمێک نیشته‌جێن که له مێژوودا پێی گوتراوه لوڕستان. له‌که‌کان له‌م هه‌رێمه له ئێران به‌رده‌وام تێکه‌ڵ به‌و ڕووداوانه بوون که له سه‌ده‌ی ده‌یه‌می میلادییه‌وه هه‌ڵمه‌تی به‌شیعه‌کردن له هه‌رێمی لوڕستان ده‌ست پێ ده‌کات. ئه‌م هه‌رێمه دوای به‌شیعه‌کردنی گۆڕانێکی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به سه‌ردا دێت، هه‌رێمه‌که‌ش له سه‌رده‌می جیاواز به ناوی جیاواز ناوی هاتووه. له‌که‌کان له هه‌موو پێکهاته‌کانی دی زیاتر له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه له‌سه‌ر زێدی خۆیان کۆچبه‌ر کراون و بۆ ناوچه‌ی جیاواز له ئێران دوور خراونه‌ته‌وه. له هه‌ر ناوچه‌یه‌کیش له ئێران و ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌که‌کان ناسنامه‌ی کوردبوونیان پاراستووه. له لوڕستانیش له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی دیکه فه‌رهه‌نگێکی هاوبه‌شیان هه‌یه، و پردی به‌یه‌کگه‌یاندنی لوڕ و کهلهوڕن پێکه‌وه. له‌م به‌شه به خێرایی ئاوڕێک له مێژوو و جوگرافیای لوڕستان ده‌ده‌ینه‌وه به تایبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌وه که دانیشتوانه‌که‌ی ده‌کرێن به شیعه.
هه‌رێمی لوڕستان وه‌ک هه‌رێمێکی ئیداری له مێژوودا چه‌ندین ناوی جیاوازی هه‌بووه. له سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلام ئه‌م هه‌رێمه به‌هۆی شاخاویبوونی به (منطقە الجبال) ناوی هاتووه.
دواتر له سه‌رده‌می سه‌لجوقییه‌کان له سه‌ده‌ی دوازده‌می میلادیدا که به سه‌ر ئێران و ناوچه‌که‌دا فه‌رمانڕه‌وا بوون، له باکووری هه‌رێمی لوڕستان، له سه‌رده‌می سوڵتان سه‌نجه‌ر دوایین پاشای سه‌لجوقی، هه‌رێمێکی ئیداری پێک دێنێت به ناوی کوردستان که مه‌ڵبه‌نده‌که‌ی قه‌ڵاتی به‌هار بوو له باکووری ڕۆژئاوای هه‌مه‌دان، ئه‌م هه‌رێمه‌ش له ڕۆژهه‌ڵاتی زنجیره چیای زاگرۆس، ویلایه‌ته‌کانی هه‌مه‌دان و دینه‌وه‌ر و کرماشانی ده‌گرته‌وه و له ڕۆژئاواشی شاره‌زوور و سه‌نجابی ده‌گرته‌وه (نیکتین، ١٣٦٦: ٧٥). که ئه‌مه به یه‌که‌م ناوهێنانی کوردستان داده‌نرێت له مێژوودا، ناوی کوردستان وه‌ک هه‌رێمێکی ئیداری له‌و ناوچه‌یه سه‌ری هه‌ڵداوه که شوێنی نیشته‌جێبوونی له‌ک و که‌لهوڕ و لوڕه.
دوای ئه‌وه له سه‌رده‌می مه‌غۆل ئه‌م ناوچه‌یه ناوه‌که‌ی ده‌بێت به لوڕستان و دابه‌ش ده‌بێت بۆ لوڕی بچووک و لوڕی گه‌وره. ناوچه‌کانی لهکنشین له‌گه‌ڵ هه‌ندێک ناوچه‌ی کهلهوڕنشین به لوڕی بچووک ناویان هاتووه. ناوچه‌کانی خواره‌وه پێی گوتراوه لوڕی گه‌وره که شوێنی نیشته‌جێبوونی لوڕی به‌ختیاری و مامه‌سه‌نی و بویر ئه‌حمه‌د و کۆهگیلۆییه. له‌و کاته له‌که‌کان به لوڕی بچووک ناویان هاتووه، هه‌روه‌ها فهیلیشیان پێ گوتراوه، ناوچه‌که‌ش پێی گوتراوه لوڕستانی فه‌یلی، له سه‌رچاوه مێژووییه‌کانیش هه‌ردوو لوڕی بچووک و گه‌وره به کورد ناویان هاتووه (گاهری، ١٣٩٧). دواتریش له سه‌رده‌می قاجاری ناوچه‌ی لوڕستانی فه‌یلی یان لوڕی بچووک بۆ دوو یه‌که‌ی ئیداری دابه‌ش بووه به‌ناوی پشتکۆ و پێشکۆ. ناوچه‌که به‌پێی زنجیره کێویک به ناوی کێوی که‌بیر (کبیر کوه) له یه‌ک جودا کراوه‌ته‌وه: ئه‌و ناوچانه‌ی پشت ئه‌و کێوه پێی گوتراوه پشتکۆ که ئوستانی ئیلامی ئێستا ده‌گرێته‌وه و دانیشتوانه‌که‌ی به زاری که‌لهوڕی ده‌دوێن، ناوچه‌کانی پێش ئه‌و کێوه پێی گوتراوه پێشکۆ که ئوستانی لوڕستانی ئێستا ده‌گرێته‌وه که شوێنی نیشته‌جێبوونی له‌ک و لوڕی خورهمئابادییه. بێجگه له‌م ناوانه سه‌رزه‌مینی له‌که‌کان له ناوخۆیان پێشی گوتراوه له‌کستان، به‌ڵام ئه‌م ناوه‌ی دوایی هه‌رگیز ناوهێنانێكی ڕه‌سمی نه‌بووه، به‌ڵکو ناوچه‌یی بووه.
له سه‌ده‌ی بیسته‌م دوای هاتنه سه‌ر کاری ڕه‌زا شا بۆ ئێڕان جارێکی دی ئه‌م ناوچه‌یه دابه‌ش ده‌کرێته‌وه، له هه‌رێمی پشتکۆ ئوستانێکی نوێ دروست ده‌کات به ناوی ئوستانی ئیلام که ئه‌م ئوستانه هه‌تا ئێستا به هه‌مان ناو ماوه. (Amanolahi, 2002:215)و دانیشتوانه‌که‌ی به که‌لهوڕی ده‌دوێن.
به‌پێی یه‌که‌ی ئیداری ئه‌مڕۆ له ئێران، ناوچه‌ی له‌کنشینه‌کان ده‌که‌وێته ئوستانه‌کانی کرماشان و لوڕستان و هه‌مه‌دان و ئیلام. که دواتر له باسی ناوچه‌ی له‌کنشینه‌کان به درێژی له‌سه‌ری ده‌دوێین.
له خستنه‌ڕووی ناوی ئه‌م هه‌رێمه به چه‌ندین ناوی جیاواز وه‌ک دیاره که ناوه‌کان زیاتر ناوی جوگرافی و ئیقلیمی بوون ناوێک نه‌بوون که نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو پێکهاته‌کانی ئه‌م هه‌رێمه بکات. هه‌ر بۆیه که به‌م هه‌رێمه گوتراوه لوڕستان به‌و مانایه نه‌بووه که گشت هه‌رێمه‌که دانیشتوانه‌که‌ی لوڕن، به‌ڵکو ئه‌م هه‌رێمه بێجگه له لوڕ دوو گروپی دیکه‌ی ئه‌تنیکی کوردی له خۆ گرتووه که ئه‌وانیش که‌لهوڕ و له‌کن، بۆیه پێویسته ئه‌م سێ گروپه له‌م هه‌رێمه له یه‌ک جودا بکرێنه‌وه، چونکه له ڕووی زمانه‌وه‌ش به زاری جیاوازیی کوردی ددوێن. له زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌کان به تایبه‌ت عه‌ره‌بییه‌کان ئه‌وانه‌ی له‌باره‌ی کورده فه‌یلییه‌کان و هه‌رێمی لوڕستان نووسراون، فه‌یلییه‌کان و که‌لهوڕ و له‌ک و لوڕ هه‌موو به لوڕ ناویان هاتووه، که ئه‌مه‌ش به هه‌ڵه ناوه‌که‌ی ڕۆیشتووه. فه‌یلییه‌کان به شێوه‌زارێکی کوردیی که‌لهوڕیی ده‌دوێن، له‌کیش به شێوه‌زارێکی دیکه‌ی کوردی ده‌دوێن و له ڕووی پێکهاته‌ی عهشیرهتییهوهش له‌گه‌ڵ لوڕه‌کان جیاوازن، لوڕیش زارێکی دیکه‌ی کوردییه له‌گه‌ڵ له‌کی و که‌لهوڕی جیاوازه.
شیعه له هه‌رێمی لوڕستان:
له دوای فتوحاتی ئیسلام هه‌رێمی لوڕستان له ئێران خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌بن به موسڵمان و له سه‌ره‌تا سوننی مه‌زهه‌ب بوون، به‌ڵام له دوای سه‌ده‌ی ده‌یه‌می میلادی که ئه‌م هه‌رێمه ده‌که‌وێته ژێر فه‌رمانڕه‌وایی ئال بویه که بنه‌ماڵه‌یه‌کی حوکمڕانی شیعه بوون به‌سه‌ر به‌شێکی زۆری ئێران فه‌رمانڕه‌وا بوون به لوڕستانه‌وه، له‌و سه‌رده‌مه خه‌ڵکه‌که‌ی لوڕستان ورده ورده به شیعه ده‌کرێن. ئه‌م هه‌رێمه له نێوان ساڵانی ١١٨٤ تا ١٥٩٧ زنجیره‌یه‌ک ئهتابگی لوڕ واته فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌یه‌یی حوکمی لوڕستانیان کردووه. به‌ڵام دوای هاتنی سه‌فه‌وییه‌کان هه‌تا سه‌رده‌می ره‌زا شا له نێوان ساڵانی ١٥٩٧ تا ١٩٢٨ بنه‌ماڵه‌ی والی له هه‌رێمه‌که حوکمڕان بوون. ئه‌م دوو بنه‌ماڵه حوکمڕانهش له هه‌رێمه‌که بۆ ماوه‌ی نزیک به هه‌شت سه‌ده جۆرێک له حوکمڕانی نیوه ئۆنۆنۆمییان هه‌بووه. ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه بۆ ئه‌و ماوه درێژه هه‌رێمی لوڕستانیان به یه‌کگرتوویی هێشته‌وه، و له هێرشی عوسمانییهکانشیان پاراست. (Amanolahi, 2002:193)
– سه‌رده‌می سه‌فه‌وی و شه‌ڕی چاڵدێڕان:
به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی سه‌فه‌وییه‌کان له سه‌ده‌ی شازده‌م دێنه سه‌ر حوکمڕانی ئێران گۆڕانیكی سیاسی و مه‌زهه‌بی گه‌وره له ئێران دێته کایه‌وه، ئه‌مجاره ده‌وڵه‌تی ئێران به ڕه‌سمی ده‌بێت به ده‌وڵه‌تێکی شیعه، ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وییه‌کان له هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی شیعه‌دا ده‌بن له ئێران و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری. ململانێ و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی له‌گه‌ڵ عوسمانییه‌کان ده‌ست پێ ده‌که‌ن که سه‌ر به مه‌زهه‌بی سوننی بوون.
له سه‌ره‌تای حوکمڕانی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌ویدا ئهتابگهکانی لوڕستان پشتیوانیان له سه‌فه‌وییه‌کان کرد، دوای ئه‌وه کۆتایی به ئهتابگهکانی لوڕ دێنێت و لوڕستان ده‌کات به یه‌کێک له چوار والینشینی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی. هه‌رێمی لوڕستان ده‌بێت به به‌شێک له قه‌ڵه‌مڕه‌وی شیعه‌ی ئیمامی. ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی تیشکی خستبووه سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه و زۆر بایه‌خی پێ ده‌دات، چونکه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی سوننی هاوسنوور بووه. والییه‌کانی لوڕستانیش له لایه‌ن شایه‌کانی سه‌فه‌وی هه‌میشه جێگه‌ی ڕیز و په‌یوه‌ندیشیان به‌هێز بوو.
دواتریش له شه‌ڕی چاڵدێڕان له نێون هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی، که بووه هۆی شکستی هێزه‌کانی سه‌فه‌وی، کورده لوڕ و له‌که‌کان به حوکمی ئه‌وه‌ی که شیعه بوون له‌م شه‌ڕانه به‌شدارییه‌کی گرنگیان هه‌بووه و پشتیوانیان له ده‌وڵه‌تی شیعه‌ی سه‌فه‌وی کردووه.
له‌م پاشخانه کورته مێژووییه‌ی لوڕستان ڕوون ده‌بێته‌وه که ئه‌م هه‌رێمه له‌م ماوه مێژووییه چۆن گۆڕانی سیاسی و مه‌زهه‌بی به سه‌ردا هاتووه، چۆن ئه‌م هه‌رێمه کوردنشینه له زۆرینه‌ی کوردی سووننه به سیاسه‌ت و مه‌زهه‌ب دوور که‌وتوونه‌ته‌وه و له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی شیعه نزیک بوونه‌ته‌وه، که بێگومان ئه‌م دوور که‌وتنه‌وه‌یه کاریگه‌ریی له‌سه‌ر زمان و زاره‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌ش داناوه، به زمانیش ورده ورده له زاره‌کانی دیکه‌ی کوردییه‌وه دوور که‌وتوونه‌ته‌وه له فارسی نزیک بوونه‌ته‌وه. به‌ڵام هیچ گومانی تێدا نییە که سه‌ره‌ڕای جودابوونه‌وه‌یان به مه‌زهه‌ب له کوردی سوننه، له ڕووی نه‌ته‌وه و زمان ئەوان هه‌میشه به‌شێک بوون له کورد. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌ش بووه که شه‌ره‌فخانی بدلیسی له شه‌ره‌فنامه‌دا ده‌ستنیشانی پێکهاته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کات و چوار پێکهاته‌ی کورد ناو ده‌بات: کرمانج. لوڕ، که‌لهوڕ، گۆران (بدلیسی،١٣٤٣: ٢٣) ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کی ڕوونه که لوڕەکان بە لەک و کەلهوڕەوە هه‌موو پێکه‌وه له‌و سه‌رده‌مه به‌شێک بوون له کورد.
– سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه له ئێران:
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م قۆناغێکی گرنگ له مێژووی ئێران ده‌ست پێ ده‌کات، به تایبه‌ت دوای نه‌مانی حوکمڕانی قاجاره‌کان و ده‌ستپێکردنی حوکمڕانی ره‌زا شا له ئێران‌دا به ناوی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی، که سه‌رده‌می ناسیۆنالیزمی ئێرانییه. ڕه‌زا شا له ساڵی ١٩٢١ به هۆی کودتایهکهوه ده‌سه‌ڵاتی له ئێران گرته ده‌ست. هەر لە سەرەتای حوکمڕانییەکەی ده‌یویست ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی به ناسنامه‌ی ئێرانی و به یه‌ک زمان دروست بکات، که ئه‌ویش نه‌ته‌وه‌ی ئێرانی و زمانی فارسی بوو، ئه‌م زمانه‌ش وه‌ک زمانی یه‌که‌م و ڕه‌سمیی وڵات به سه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌سه‌پێنێت، زمان و زاره‌کانی دیکه‌ی غه‌یری فارسی بۆ خوێندن و چالاکی نووسین و چاپه‌مه‌نی و ڕۆژنامه‌گه‌ری قه‌ده‌غه ده‌کرێن. دژی فره‌زمانی و فره‌له‌هجه‌یی بوو، ده‌یویست هه‌موو ئێران یه‌ک زمانی هه‌بێت و زمانه‌کانی دی ئاسیمیله بن.
ڕه‌زا شا له سیسته‌می حوکمڕانیدا هه‌وڵ ده‌دات له ڕووی سوپا و ئیداره و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئێران به مۆدێرن بکات، له هه‌مان کاتدا ده‌یویست ئێران وڵاتێکی عه‌لمانی بێت و به شێوازێکی فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپی به‌ڕێوه بچێت (ترابی،١٣٨٧:٣٣). له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدا بوو که ئێران ده‌وڵه‌تێکی مه‌رکه‌زی و خاوه‌ن سوپایه‌کی نوێی به‌هێز بێت، خاوه‌ن سیسته‌می حوکمڕانی سه‌رانسه‌ری بێت و له هه‌موو سووچێکی وڵاته‌که یه‌ک قانوون و یه‌ک حکومه‌ت بێت، هه‌ر بۆیه زۆر دژی سیسته‌می والینشینی عه‌شایه‌ری و ده‌ره‌به‌گی بوو، ده‌یویست هه‌موو عه‌شیره‌ته‌کانی ناو ئێران ملکه‌چی یه‌ک قانوونی حکومه‌تی مه‌رکه‌زی بن و نیشته‌جێ بن و گه‌رمێن و کوێستان نه‌که‌ن.
له‌م ڕووه‌وه هه‌رێمی لوڕستان که ناوچه‌یه‌کی عه‌شیره‌تی و والینشینی نیوه‌سه‌ربه‌خۆ بوو، بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە حوکمڕانییە نوێیە له هه‌موو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران زیاتر له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ڕه‌زا شا ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه. له نێوان ساڵانی ١٩٢٢ تا ١٩٢٨ شه‌ڕ و ململانێیه‌کی توند له نێوان عه‌شیره‌ته‌کانی لوڕستان و سوپای حکومه‌تی مه‌رکه‌زی ڕوو ده‌دات. ڕه‌زا شا سوپا ده‌نێرێت بۆ لوڕستان به تایبه‌ت له‌و ناوچه‌یه‌ی که به پشتکۆ و پێشکۆ ناسراو بووه واته شوێنی نیشته‌جێبوونی عه‌شیره‌ته‌کانی له‌ک و لوڕ، بۆ سه‌رکووتکردنی عه‌شیره‌ته‌کان و ملکه‌چپێکردنیان به ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زیی ئێران. شه‌ڕ و کوشتارێکی خوێناوی بووه له نێوان هه‌ر دوو لا، تا له‌کۆتاییدا سوپا توانیویه‌تی ئه‌و هه‌رێمه بخاته ژێر کۆنترۆلی خۆی، ئه‌و سه‌رۆک عه‌شیره‌تانه‌ش که سه‌رپێچیان کردووه له سێداره دراون. به کۆنترۆلکردنی ئه‌م هه‌رێمه، ڕه‌زا شا ئه‌و سیسته‌مه عهشیرهتییهش کۆتایی پێ دێنێت که پێی ده‌گوترا والی و بۆ ماوه‌ی نزیک به هه‌شت سه‌ده له لوڕستان به‌رده‌وام بووه (Amanolahi, 2002: 193-218). که ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی پچڕاندنی هه‌موو په‌یوه‌ندییه عه‌شیره‌تییه‌کان که خه‌ڵکه‌که بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ پێوه‌ی پابه‌ند بوون، دوای ئه‌وه ڕاسته‌وخۆ ده‌به‌سترێنه‌وه به ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی مه‌رکه‌زی له تاران. ئیدی بۆ ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی ئاسان ده‌بێت له‌و هه‌رێمه قانوونه‌کانی حکومه‌تی مه‌رکه‌زی به سه‌ر خه‌ڵکه‌که جێبه‌جێ بکات، که ئه‌ویش سیاسه‌تی یه‌ک فه‌رهه‌نگ و یه‌ک زمان بوو، واته سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی ئهسیمیلهکردنیان له نێو بۆته‌ی ئێرانی و زمانی فارسی‌دا. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ره‌زا شا له ساڵی ١٩٣٥ به ڕه‌سمی ناوی وڵاته‌که‌ش ده‌کات به ئێران بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر ناوی ئێرانی، له‌نێو نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی وڵاته‌که‌ی، ناسنامه‌یه‌کی ئێرانی به یه‌ک زمانیان بۆ دروست بکات (Abrahamian, 2008: 86).
له‌و سه‌رده‌مه و به‌و سیاسه‌ته فه‌رهه‌نگییه نوێیه، هه‌رێمی لوڕستان سه‌رزه‌مینێکی له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیی ئێرانی تێدا جێبه‌جێ بکرێت. هه‌روه‌ها لوڕ و له‌ک و که‌لهوڕ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعه بوون، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێک بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران که زۆر به‌چڕی له پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیی ئیرانی به نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستیان ببه‌ستنه‌وه که شیعه‌ن و دووریان بخه‌نه‌وه له ڕیشه‌ی کوردبوونیان. به تایبه‌ت لوڕه‌کان که زمانه‌که‌شیان له دابه‌شکردنی زمانه ئێرانییه‌کاندا له‌گه‌ڵ فارسی له ڕیزی زمانه ئێرانییه‌کانی باشووری ڕۆژئاوا دانراوه، چونکه لوڕی له نێو هه‌موو زاره کوردییه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه نزیکی له فارسی زیاتره هه‌تا زاره‌کانی دیکه‌ی کوردی.
له هه‌مان کاتدا قه‌ده‌غه‌کردنی خوێندن به زمانی خۆیان و سه‌پاندنی خوێندن به زمانی فارسی، نامۆکردنیان به مێژوو و ڕابردووی خۆیان له سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا، ناسنامه‌یه‌کیان پێدرا که ئه‌وان ئێرانین و زمانی فارسی زمانی باڵاده‌ست و زمانی نه‌ته‌وه‌کانی ناو ئێرانه، که له به‌رانبه‌ردا زمانی خۆیان هیچ بایه‌خێکی نییه و شایه‌نی ئه‌وه‌ش نییه زمان بێت، به‌ڵکو زارێکی ئێرانییه و هیچ پله‌وپایه‌یه‌کی نییه. له لایه‌کی دیکه‌وه شیعه‌بوونی هه‌رێمی لوڕستان که په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ کوردی سوننی که‌مه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێکی له‌بار بووه بۆ ئه‌وه‌ی له کوردی سوننی جودایان بکه‌نه‌وه و به ناسنامه‌ی ئێرانی شیعه و زمانی فارسییه‌وه بگیرسێنه‌وه.
له‌م هه‌وڵانه به چه‌ند قۆناغێک کاریان کردووه: له پێشدا له قۆناغی یه‌که‌مدا ناسنامه‌ی کوردبوونیان لاواز کردووه، له قۆناغی دووه‌مدا به پرۆسه‌ی بهئێرانیکردن له کورد دایان بڕیون و ناسنامه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی ناوچه‌ییان بۆ ساز ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌ر به ئه‌سڵ ئێرانین، له قۆناغی سێیه‌م زاره‌که‌یان به زمان ده‌ناسێنن بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی له هاونه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ کورد و زمانی کوردی دوور که‌ونه‌وه، تا له کۆتاییشدا زمانه‌که‌یان ئه‌وه‌نده بێ بایه‌خ ده‌بێت به ته‌واوی له ناو زمانی فارسی و ناسنامه‌ی ئێرانی ده‌توێنه‌وه.
ئه‌م سیاسه‌ته له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ پێکهاته کورده‌کانی ئه‌م هه‌رێمه: لوڕ، له‌ک، که‌لهوڕ له سه‌د ساڵی رابردوودا زۆر به‌چڕی جێبه‌جێ کراوه، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بوونی کورد له ئێران ڕۆژ له دوای ڕۆژ که‌م بێته‌وه و جوگرافیای کوردستانیش له ئێران قه‌واره‌ی بچووک بێته‌وه و زمانه کوردییهکهشیان ورده ورده بێبایه‌خ بکرێت و له ناو بچێت.
له‌م هه‌وڵه‌یان له‌گه‌ڵ لوڕه‌کان(لوڕی به‌ختیاری و مامه‌سه‌نی و کۆهگیلۆیی) سه‌رکه‌وتوو بوون که ئێستا لوڕه‌کان ته‌واو به زمان و مێژووی خۆیان نامۆ بوون و خۆیان به لوڕ داده‌نێن نه‌ک کورد. ئه‌مڕۆش هه‌مان به‌رنامه له‌گه‌ڵ له‌ک و که‌لهوڕ جێبه‌جی ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ کهلهوریش ئه‌م هه‌وڵه هه‌یه، هێشتا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵام زۆر به‌چڕی کاریان له‌سه‌ر ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی زمانه‌که‌یان بکرێت به فارسی و چیدی به کوردی قسه نه‌که‌ن. له شاری کرماشان که گه‌وره‌ترین شاری کوردییه و دانیشتوانه‌که‌ی به که‌لهوڕی ده‌دوێن، ئێستا له‌م شاره دانیشتوانه کورده‌که‌ی به ڕاده‌یه‌ک ئه‌سیمیله بوون زۆر به که‌می له‌م شاره به کوردی قسه ده‌کرێت. ئێستا له‌گه‌ڵ ههورامییەکانش لە ئێران هه‌مان به‌رنامه له ئارادایه که وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆ بیان ناسێنن بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوویه‌کی نزیک ئه‌وانیش له کورد و زمانی کوردی دابڕن.
جوگرافیای لهکنشین:
له‌که‌کان چه‌ند ناوچه‌یه‌ک له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ئێران‌دا نیشتەجێن. له ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئوستانی کرماشان له هه‌رسین و سه‌حنه و که‌نگاوه‌ر دانیشتوانی له‌ک هه‌یه، له ئوستانی لوڕستانیش نیوه‌ی شاری خوڕه‌مئاباد له‌کن، هه‌روه‌ها نوورئاباد و ئهڵیشتهر له باکوور ئوستانی لوڕستان و کوهده‌شت و پولدوخته‌ر له ڕۆژئاوای ئوستانی لوڕستان ته‌واو شاری لهکنشینن. له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئوستانی ئیلام، و باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌مه‌دان دانیشتوانی له‌ک هه‌یه.
ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له زۆر شوێن به په‌رشوبڵاوی له دووری زێدی خۆیان له ئێران تیره و عه‌شیره‌تی له‌ک هه‌یه، چونکه له ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌به‌ر هۆکاری سیاسی و عه‌سکه‌ری، له‌که‌کان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه بۆ قه‌زوین و شیراز و کرمان و زه‌نجان و قوم و خوراسان کۆچیان پێ کراوه (نجفزاده قبادی، ١٣٩٥: ٦٩ – ٧٤).
له که‌لارده‌شت و مازنده‌رانیش له باکووری ئێران هه‌ندێک عه‌شیره‌تی له‌ک هه‌یه (قمندار، ٢٠١٤: ٧٤). له ده‌شتی هه‌ولێریش دوازده گوندی له‌ک هه‌یه، که نزیک به دوو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر له ناوچه‌ی له‌که‌کان له ئێرانه‌وه کۆچیان کردووه بۆ ده‌شتی هه‌ولێر (حه‌مه‌خورشید، ١٩٨٥: ٦٠).
میهرداد ئیزه‌دی ئاماژه به‌وه ده‌دات که چه‌ند هۆزێک به ناوی له‌ک له ئه‌ده‌نه‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی ئانادۆل هه‌یه، به‌ڵام ئیستا به له‌کی قسه ناکه‌ن، هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات که له ناوچه‌ی نێوان ئه‌دیامان بۆ ڕووباری جه‌یهان له ڕۆژئاوای باکووری کوردستان له تورکیا، دانیشتوانی له‌ک هه‌یه (Izady, 1992: 167). له‌باره‌ی ژماره‌ی لەکەکان ئامارێکی ته‌واو له‌به‌ر ده‌ستدا نییه، به‌ڵام نزیک به یه‌ک ملیۆن تا یه‌ک ملیۆن و نیو له‌ک هه‌یه (شهسواری، ١٣٩٤: ٤ و ٦).
له‌که‌کان زۆربه‌یان بە دین موسڵمان و سه‌ر به مه‌زهه‌بی شیعه‌ی دوازده ئیمامین، به‌ڵام هه‌ندێکیان سه‌ر به دینی ئه‌هلی هه‌قن. وا باوه‌ڕ ده‌کرێت که له ڕابردوودا هه‌موویان په‌یڕه‌وییان له ئه‌هلی هه‌ق کردووه، له ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی ڕابردوو بوون به شیعه‌ی ئیمامی (هه‌ر ئه‌وه).
له‌کی زاره یان زمان؟
تۆمارکردنی له‌کی وه‌ک زمان له لایه‌ن میراتی فه‌رهه‌نگی ئێرانه‌وه، ئه‌م پرسیاره دێنێته پێش که بۆچی ده‌یانه‌وێت له‌کی زمان بێت و زار نه‌بێت؟ چونکه ئه‌گه‌ر زار بێت ئه‌وه دیاره لقێکی زمانێکه و ئه‌و زمانه‌ش سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌که، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چیدی زار نه‌بێت و به زمان بناسرێت، واته زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه و زاری هیچ زمانێک نییه و به نه‌ته‌وه‌ش سه‌ربه‌خۆیه.
له‌م به‌شه هه‌وڵ ده‌ده‌ین جیاوازیی زار و زمان ڕوون بکه‌ینه‌وه، پێوه‌ره‌کانی جوداکردنه‌وه‌ی زار و زمان ده‌ستنیشان بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕوون بێته‌وه که ئایا له‌کی زاری زمانێکه یان زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه؟
بۆ جوداکردنه‌وه‌ی زار له زمان کۆمه‌ڵێک پێوه‌ری زمانه‌وانی دانراون، وه‌ک له‌یه‌کگه‌یشتن و لهیهکنهگهیشتنی دوو شێوه‌زمان واته ئه‌گه‌ر ئاخێوه‌ری ئه‌و دوو شێوه زمانه له‌یه‌ک گه‌یشتن، دوو زاری زمانێکه، ئه‌گه‌ر له یه‌ک نه‌گه‌یشتن دوو زمانه. پێوەری دووەم نزیکیی پێکهاته‌ی هه‌ردوو شێوهزمانە له یه‌ک، واته ئه‌گه‌ر دوو شێوه‌زمان پێکهاته‌ی زمانه‌که‌یان یه‌ک بوو یان له یه‌ک نزیک بوو ئه‌وا هه‌ردوو شێوه‌زمان دوو زاری زمانێکن، ئه‌گه‌ر جیاواز بوون ئه‌وا دوو زمانن. ئه‌گه‌ر به‌م دوو پێوه‌ره زمانهوانییانهش نه‌گونجا بۆ ئه‌وه‌ی دوو شێوه‌زمان له یه‌ک جودا بکرێنه‌وه و پۆلێن بکرێن زارن یان زمان، ئه‌وا پێوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت، که ئه‌مه‌یان زمانه‌وانی نییه. له‌م پێوه‌ره واته هه‌ردوو شێوه‌زمان کۆمه‌ڵێک په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و نه‌ته‌وه‌یی به یه‌که‌وه‌یان گرێ ده‌دات، وه‌ک مێژوویه‌کی هاوبه‌ش، دابونه‌ریت و که‌له‌پووری هاوبه‌ش، ئه‌مانه ده‌بن به پێوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م شێوه‌زمانه ناسنامه زمانییه‌که‌ی دیاری بکرێت. زۆربه‌ی زمانه‌وانه‌کان پێیان وایه جوداکردنه‌وه‌ی زمان و زار له ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ره‌کانی زمانه‌وانییه و زیاتر کۆمه‌ڵایه‌تییه (Chambers & Trudgill, 1998: 4-5). بۆیه ئه‌گه‌ر دوو شێوه‌زمان له یهکگهیشتنیش بە باشی له نێوانیاندا نه‌بوو، به‌ڵام ئاخێوه‌رانی مێژوویه‌کی هاوبه‌شیان به یه‌که‌وه هه‌یه و سه‌ر به یه‌ک نه‌ته‌وه‌ن، که‌واته ئه‌مانه دوو زاری سه‌ر به زمانێکن. نموونه‌ی ئه‌م زارانه له زمانه‌کانی دنیا زۆره وه‌ک زاره‌کانی زمانی چینی یان زاره‌کانی زمانی عه‌ره‌بی، که له‌هجه‌ی زۆریان هه‌یه و له یهکگهیشتنیش له نێوان هه‌موو زاره‌کاندا وه‌ک یه‌ک نییه. له نێوان هه‌ندێک له زاره‌کانی زمانی کوردیش له‌یه‌کگه‌یشتن سه‌خته. هه‌ندێک زاری کوردی له‌گه‌ڵ زارێکی دی جیاوازیی له ڕێزمان و وشه‌سازی و فه‌رهه‌نگۆکی وشه‌یان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر به دوو زاری کوردی داده‌نرێن، چونکه ئاخێوه‌رانی به درێژایی مێژوو سه‌ر به گروپێکی ئه‌تنیکی هاوبه‌ش بوون که کوردن، بۆیه زمانه‌که‌شیان زارێکی زمانی کوردییه، وه‌ک هه‌ورامی له‌گه‌ڵ زاری کوردیی ناوه‌ند، یان کوردیی باکوور له‌گه‌ڵ کوردیی ناوه‌ند، له‌یه‌کگه‌یشتن له نێوانیاندا که‌مێک سه‌خته، به‌ڵام هه‌ر به دوو زاری زمانی کوردی داده‌نرێن، ئه‌مه‌ش به هۆکاری هاونه‌ته‌وه‌یی ئاخێوه‌رانی هه‌ردوو زاره. ئه‌م پێوه‌ره به گونجاوترین پێوه‌ر داده‌نرێت بۆ جوداکردنه‌وه‌ی زار له زمان.
ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌وه سه‌یری له‌کی بکه‌ین به هه‌موو پێوه‌رکانی زمانه‌وانی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ زارێکی کوردی بێت، چونکه ئه‌م زاره له‌گه‌ڵ زاره کورییه‌کانی دیکه‌ی باشوور وه‌ک که‌لهوڕی و لوڕی له‌یه‌کگه‌یشتن له نێوانیاندا هه‌یه، هه‌موو پێکه‌وه‌ش زنجیره دیالێکتێک پێک دێنن که درێژبوونه‌وه‌یه‌کی سروشتی یه‌ک زمانه، به پێکهاتی زمانیش هه‌مان پێکهاته‌ی زمانیی له‌گه‌ڵ که‌لهوڕی هه‌یه به که‌مێک جیاوازی. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به پێوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌کی ده‌بێ زارێکی کوردی بێت، چونکه به مێژوو و فه‌رهه‌نگ و زمان به درێژایی مێژوو له‌که‌کان کورد بوون و زمانه‌که‌شیان هه‌میشه کوردی بووه.
که‌واته به هه‌موو پێوه‌ره‌کان له‌کی زارێکی کوردییه، چونکه له هه‌موو ئاسته‌کانی زمانه‌وه له‌کی زارێکی ڕه‌سه‌ن و پاراوی کوردییه (بڕوانه هه‌ردوو ده‌قی فۆلکلۆریی له‌کی له کۆتایی ئه‌م باسه). له هه‌موو سه‌رچاوه‌کانیش له‌کی هه‌ر به زارێکی کوردی ناوی هاتووه، نه‌ک هه‌ر له‌کی، به‌ڵکو لوڕی و به‌ختیاریش هه‌ر وه‌ک چه‌ند زارێکی کوردی ناویان هاتووه. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی چه‌ند کتێبێک بده‌ین که له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له ئێران چاپ کراون، واته پێش ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌سیمیله‌کردنی لوڕستان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه ده‌ست پێ بکات. بۆ نموونه له کتێبی (جغرافیای مفصل أیران) له نووسینی مه‌سعود که‌یهان که له ساڵی ١٣١١ هه‌تاوی (١٩٣٢ م) له تاران چاپ کراوه، که دێته سه‌ر ئه‌و زمانانه‌ی که له ئێران قسه‌یان پێ ده‌کرێت، ناوی زمانی فارسی و به‌لوچی و کوردی دێنێت، له باره‌ی زمانی کورییه‌وه ده‌ڵێت: “کوردی که به چه‌ند له‌هجه قسه‌ی پێ ده‌کرێت، هه‌رچه‌نده له‌هجه‌ی به‌ختیاری و لوڕی که‌مێک له‌گه‌ڵ کوردی جیاوازییان هه‌یه، به‌ڵام به هۆی نزیکیی ڕیشه‌ی ئه‌م زمانانه له‌گه‌ڵ یه‌ک، ده‌کرێ هه‌ر به کوردی حیساب بکرێن” (کیهان، ١٣١١: ٤٨) ئه‌مه‌ش دووباره به‌ڵگه‌یه که هه‌تا سییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م نه‌ک هه‌ر له‌کی به‌ڵکو لوڕی و به‌ختیاریش چه‌ند زارێکی زمانی کوردی بوون.
که‌واته ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی که ئه‌مڕۆ له ئێران له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی له‌کی بکه‌ن به زمانێکی سەربەخۆ بەرنامەیەکی سیاسییە و زمانەوانی نییە، ئامانجی ڕوونه که ده‌یه‌وێت له‌که‌کان له کورد دابڕن و چیدی کورد نه‌بن. وه‌ک دیاره به‌ری خۆر به بێژینگ ناگیرێت، ئامانجی سیاسی چه‌نده به‌هێز و بە ده‌سه‌ڵات بێت بۆ چه‌واشه‌کردنی ڕاستییه‌کان، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر ڕاستییه زانستییه‌کان ناتوانێت خۆی بگرێت و به‌رده‌وام بێت.
زاری کوردیی له‌کی:
ئه‌م زاره له نێو زاره کوردییه‌کانی باشوور له‌گه‌ڵ که‌لهوڕی و لوڕی له ڕووی ده‌نگسازی و وشه‌سازی و ڕێزمانه‌وه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و ده‌که‌وێته نێوان کوردیی که‌لهوڕی و لوڕییه‌وه وه‌ک پردی په‌ڕینه‌وه‌یه له نێوان که‌لهوڕی به‌ره‌و باشوور بۆ زاری لوڕی. ئه‌مه‌ش زنجیره دیالێکتی نێوان زاره کوردییه‌کان نیشان ده‌دات.
له‌کی به هۆی نزیکی له ڕووی جوگرافییه‌وه له که‌لهوڕی به تایبه‌ت له کرماشان له ڕووی وشه و ماناناسییهوه نزیکیان هه‌یه، به‌ڵام له ڕووی پێکهاتی ڕێزمانییه‌وه لێی جودا ده‌بێته‌وه به تایبه‌ت له لایه‌نی ئێرگه‌تیڤ که له‌کی هه‌یه‌تی و که‌لهوڕی نیه‌تی، هه‌ر بۆیه به زارێکی سه‌ربه‌خۆ دانراوه. به‌ڵام له ڕووی ده‌نگسازییه‌وه له زاری گۆران نزیک ده‌بێته‌وه، هه‌ر بۆیه هه‌ندێک له توێژه‌ران له دابه‌شکردنی دیالێکته‌کانی کوردی له‌کی له‌ژێر زاری گۆرانی داده‌نێن (جیهانفه‌رد، ٢٠١٥: ٢٦٥). توێژه‌رێکی دیکه‌ی له‌کی زمان ته‌یب تاهیری له توێژینه‌وه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به بنه‌چه‌ی له‌ک و زمانه‌که‌یان پێی وایه له‌کی له بنه‌ڕه‌تدا زمانه‌که‌یان گۆرانی بووه، به‌ڵام دواتر له گۆرانی جودا بووه‌ته‌وه تێکه‌ڵ به وشه‌ی فارسی و زار و زمانه‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆی بووه و زارێکی نوێی کوردی لێ په‌یدا بووه به ناوی له‌کی (طاهری،١٣٩٧).
نزیکیی له‌کی له‌گه‌ڵ گۆرانی وای کردووه هه‌ندێک جار ده‌قی گۆرانی به سه‌ختی له‌گه‌ڵ له‌کی جودا بکرێته‌وه، چونکه کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی گۆرانی له له‌کیدا هه‌یه. به‌ڵام له‌که‌کانی باشوور له ئوستانی لوڕستان به هۆی تێکه‌ڵاوبوونیان و پێکه‌وه‌ژیانیان له‌گه‌ڵ لوڕه‌کان، زاره‌که‌یان زیاتر له لوڕی نزیک بووه‌ته‌وه.
زۆرینه‌ی له‌که‌کان له هه‌ردوو ئوستانی کرماشان و لوڕستان نیشته‌جێن، ئه‌وانه‌ی له کرماشان له‌گه‌ڵ کورد ده‌ژین خۆیان به کورد ده‌زانن، به‌ڵام به‌ره‌و لوڕستان و بۆ شاری خوره‌مئاباد له‌وێ له‌که‌کان خۆیان به لوڕ ده‌ناسێنن، بۆیه ئه‌وان له‌م بهینه دابه‌ش بوون له نێوان کورد و لوڕ.
– بنزاره‌کانی له‌کی:
زاری له‌کی له ناوچه‌یه‌ک بۆ ناوچه‌یه‌کی دی جیاوازی هه‌یه، چه‌ند بنزارێکی هه‌یه:
کووده‌شتی: ئاخێوه‌رانی ئه‌م بنزاره له‌کییه له ڕۆژئاوای ئوستانی لوڕستانه.
هه‌رسینی: ئاخێوه‌رانی ئه‌م بنزاره له‌کییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ئوستانی کرماشانه و نزیکی له‌گه‌ڵ که‌لهوڕی هه‌یه.
ئهڵشتهری: ئاخێوه‌رانی ئه‌م بنزاره له باکووری ڕۆژئاوای ئوستانی لوڕستان نیشته‌جێن (شهسواری، ١٣٩٤).
له‌کی له کاری ڕۆژهه‌ڵاتناسیدا:
له پێشترین ڕۆژهه‌ڵاتناسان که له نێو له‌که‌کان له‌سه‌ر له‌کی کاریان کردووه ئۆسکار مان و ڤلادیمێر مینۆرسکییه که هه‌ردووکیان ته‌ئکیدیان کرووه‌ته‌وه له‌کی یه‌کێکه له زاره کوردییه‌کانی باشوور. دوای مردنی ئۆسکار مان، کارل هادانک کاره‌کانی ئه‌و ته‌واو ده‌کات، ئه‌ویش ته‌ئکید ده‌کاته‌وه که له‌کی کوردییه و له لوڕی جیاوازه، هه‌روه‌ها هه‌موو توێژه‌ران له‌وه دڵنیا بوون که له‌کی له‌گه‌ڵ زاره‌کانی دیکه‌ی کوردی سه‌ر به باکووری ڕۆژئاوای زمانه ئێرانییه‌کانه، لوڕیش سه‌ر به باشووری ڕۆژئاوایه. ئۆسکار مان پێی وا بووه که جیاوازیی له‌کی له‌گه‌ڵ زاره کوردییه‌کانی دیکه‌ی باشوور زۆر که‌مه، هه‌ر بۆیه له‌کی له‌گه‌ڵ زاره کوردییه‌کان پۆلێن ده‌کات.
ڤلادیمێر مینۆرسکی که چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به هۆزه‌کانی ڕۆژئاوای ئێڕان نووسیوه، له وتارێکی له‌باره‌ی له‌ک له ئینسکلۆپێدیای ئیسلامدا ئاماژه به‌وه ده‌دات که له‌ک له هۆزه کوردییه‌کانی باشوورن له ئێران (Anonby, 2004: 9).
هه‌ر له کاری ڕۆژهه‌ڵاتناسیدا، به‌م دواییه، نووسه‌رێکی که‌نه‌دی ئه‌ریک جۆن ئانۆنبی توێژینه‌وه‌یه‌کی به‌راوردی زمانه‌وانی له‌باره‌ی له‌کی له‌گه‌ڵ کوردی و لوڕی نووسیوه، ده‌یسه‌لمێنێت له ڕووی ئاسته‌کانی زمانه‌وه له‌کی له کوردی نزیکتره هه‌تا لوڕی، چونکه له ڕووی دابه‌شکردنی زمانه ئێرانییه‌کان له‌کی له‌گه‌ڵ کوردی سه‌ر به باکووری ڕۆژئاوای زمانه ئێرانییه‌کانه، به‌ڵام لوڕی و فارسی سه‌ر به باشووری ڕۆژئاوایه، بۆیه به‌پێی ئه‌م داتا زمانییه ئه‌م زاره سه‌ر به کۆمه‌ڵه زاره کوردییه‌کانه. (Anonby, 2004: 7-22)
مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی به له‌کی:
ئه‌م زاره کوردییه وه‌ک زاره‌کانی دیکه‌ی باشوور به ده‌گمه‌ن نه‌بێت ئه‌ده‌بی نووسراوی نه‌بووه، چونکه زۆربه‌ی شاعیرانی له‌کی زمان له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌ده‌بییاتی گۆران‌دا بوون و هه‌ر به‌و زمانه ئه‌ده‌بییه‌ش شیعریان نووسیوه، له‌کی ته‌نیا زارێکی زاره‌کی بووه.
کاتێک باسی مێژووی ئه‌ده‌ب به زاری له‌کی ده‌کرێت له سه‌رچاوه‌کان ناوی کۆمـه‌ڵێک شاعیر دێن که گوایه ئه‌وانه به له‌کی شیعریان نووسیوه، به‌ڵام له ئه‌سڵدا زمانه‌که له‌کی نییه، زاری کوردیی گۆرانییه، له‌وانه‌یه ئه‌مه له‌به‌ر دوو هۆکار بێت یه‌که‌م: ئه‌و شاعیرانه به بنه‌چه له‌کن یان دانیشتوانی ناوچه‌ی له‌که‌کان بوون، دووه‌م: به زمانی ئه‌ده‌بیی گۆرانی شیعریان نووسیوه که زمانه‌که تێکه‌ڵ بووه به وشه و ده‌سته‌واژه‌ی له‌کی، هه‌ر بۆیه کاتێک یه‌کێکی له‌ک ده‌یخوێنێته‌وه پێی وایه ئه‌مه زمانه‌که‌ی له‌کییه، به‌ڵام له ئه‌سڵدا هه‌ر ئه‌و زمانه ئه‌ده‌بییه‌ی گۆرانییه که له‌و سه‌رده‌مه زمانی زاڵی ده‌قی شیعری بووه، نه‌ک هه‌ر بۆ ئاخێوه‌رانی له‌کی، به‌ڵکو بۆ ئاخێوه‌رانی زاره‌کانی که‌لهوڕی و لوڕیش، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتی زمانی ئه‌ده‌بیی گۆرانی ئه‌وه‌نده فراوان بووه گه‌یشتووه به باشووری کوردستانیش، ئاخێوه‌رانی کوردیی ناوه‌ندیش پێش ده‌رکه‌وتنی زمانی ئه‌ده‌بی به کوردیی ناوه‌ند هه‌ر به‌و زاره شیعریان نووسیوه، وه‌ک مه‌وله‌وی و فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ند.
کۆنترین شاعیری ئه‌م هه‌رێمه که بابا تاهیری عوریانییه، له زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌کان شوێنی له‌دایکبوونی ئه‌م شاعیره له ناوچه‌یه‌ک ده‌ستنیشان ده‌که‌ن که لهکنشین بووه. دوو به‌یتییه‌کانی بابا تاهیر وه‌ک له پێشدا وا ناسراو بوو که شیعره‌کانی به لوڕییه، به‌ڵام ده‌قه شیعرییه‌کانی ئه‌م شاعیره له ماوه‌ی هه‌زار ساڵی ڕابردوودا وشه و پێکهاته‌ی ڕێزمانییان کراون به فارسی و له ده‌قه ئه‌سڵییه‌که‌ی دوور خراوه‌ته‌وه. توێژینه‌وه نوێکان سه‌باره‌ت به‌و شاعیره به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ٢٥ به‌یتی شیعره‌کانی بابا تاهیر که له مۆزه‌خانه‌ی قۆنییه دۆزراوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له شیعره‌کانی که له کتێبخانه‌ی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی هه‌یه، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م ده‌قانه، هه‌ندێک نووسه‌ری له‌کی زمان پێیان وایه ئه‌و زمانه‌ی که بابا تاهیر شیعره‌کانی پێ نووسیون زمانێکه له له‌کی نزیکه و لوڕی نییه (موسوی، ١٣٩٣: ٣٦). ئه‌م نزیکییه‌ی شیعره‌کانی بابا تاهیر له‌گه‌ڵ زاری له‌کی به‌شێکه له‌و ئه‌ده‌بییاته‌ی که به زاره ناوچه‌ییه‌کانی ڕۆژئاوای ئێران له‌و ناوچه‌یه هه‌بووه و به ئه‌ده‌بییاتی په‌هله‌وی یان فه‌هله‌ویات ناسراوه، که له دوای سه‌ده‌ی ده‌یه‌می میلادیدا ئه‌م شێوازه شیعرییه له ئێران به ده‌رکه‌وت و چه‌ند شاعیرێک به‌و زمانه شیعریان نووسیوه، که زارێکی ناوچه‌یی بووه و تێکه‌ڵ بووه به وشه و ده‌سته‌واژه‌ی زاره‌کانی ئه‌و هه‌رێمه، هه‌ر بۆیه ئه‌م نزیکییه له‌گه‌ڵ زاری له‌کی و لوڕی و زاره‌کانی دیکه‌ی ئه‌و هه‌رێمه له ناو شیعره‌کانی بابا تاهیردا هه‌یه هه‌مان نزیکیی دوو به‌یتییه‌کانی بابا تاهیر له‌گه‌ڵ زاری گۆرانیشدا هه‌یه، به تایبه‌ت له ڕووی ئه‌و فرمانانه‌ی له دوو بهیتییهکاندا به کار هاتوون، زیاتر ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که زمانه‌که‌ی سه‌ر به زاری گۆرانییه (حسینی ێبباریکی، ١٣٩٢: ٤).
چه‌ند شاعیرێکی دی که گوایه به له‌کی شیعریان نووسیوه وه‌ک سه‌ید نوشاد ابوالوفایی که له سه‌رده‌می نادر شای ئه‌فشار (١٦٨٨-١٧٤٧م) ژیاوه. خاوه‌ن داستانێکی شیعری به ناوبانگه به ناوی (دار جه‌نگه = دار جنگه) (غضنفری، ١٣٧٨: ٥٧) که ئه‌ویش زمانی داستانه‌که‌ی به‌شێک بووه له ئه‌ده‌بییاتی گۆرانی و له‌کی نییه. مه‌لا مه‌نوچێهری کولیوه‌ند شاعیرێکی دیکه‌ی به بنه‌چه له‌که له ئهڵیشتهر له دایک بووه، له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌می میلادی ژیاوه و کۆمه‌ڵێک شیعر و قه‌سیده و غه‌زه‌ل و مه‌سنه‌وی له پاش به جێ ماوه، و دیوانه‌که‌شی چاپ کراوه (Dehqan, 2008: 298). خان ئه‌لماسی لوڕستانی شاعیرێکی دیکه‌ی به بنه‌چه له‌که له سه‌ده‌ی یازدهم بۆ سه‌ره‌تای دوازده‌می هجری (١٠٧١٢ – ١١٣٨هجری) ژیاوه سه‌ر به دینی ئه‌هلی هه‌ق بووه، و له نوورئاباد له دایک بووه.
ئه‌مانه و چه‌ند شاعیرێکی دیکه که به بنه‌چه له‌ک بوون بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کرێت که به له‌کی شیعریان نووسیوه، به‌ڵام زمانه‌که له‌کی نییه، به‌ڵکو به زمانێکی گۆرانی تێکه‌ڵ به له‌کی شیعریان نووسیوه، بۆیه له‌که‌کان پێیان وایه ئه‌م زمانه له‌کییه، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌ر ئه‌و زمانه ئه‌ده‌بییه‌ی گۆران بووه و لەکی نییە.
به‌ڵام هیچ گومان له‌وه‌دا نییه که له‌کی له ڕووی ئه‌ده‌بی زاره‌کییه‌وه زارێکی یه‌کجار ده‌وڵه‌مه‌نده. چه‌ندین ژانری ئه‌ده‌بی زاره‌کی له نێو له‌که‌کان ده‌ماوده‌م هاتووه، ڕه‌نگه گرنگترینیان ئه‌ده‌بی زاره‌کی دینی بێت به هه‌ر دوو گروپی دینی شیعه و یارسانی، هه‌ر له زووه‌وه که‌لامی یارسان به شێوه‌ی زاره‌کی له نێو له‌که‌کاندا هه‌بووه. ژانرێکی دیکه‌ی گرنگی ئه‌ده‌بی زاره‌کیی له‌کی، هورهی له‌کییه، که له لایه‌ن هورهخوێنهوه به شێوه‌ی شیعر ده‌خوێنرێته‌وه، له‌باره‌ی ڕووداوێکی سروشتی وه‌ک بوومه‌له‌رزه، لافاو، یان دڵدارییه‌کی ناکام، هه‌ندێک جاریش له‌باره‌ی مردنی که‌سێک، هوره به ئاوازێکی به سۆزه‌وه به شیعر ده‌خوێنرێته‌وه. بابه‌تی دیکه‌ی ئه‌ده‌بی زاره‌کی، شیعری فۆلکلۆرییه که باسی سروشت و ژیانی ڕۆژانه ده‌کات. فاڵگرتن ئه‌ویش پێی گوتراوه فاڵنامه به شێوه‌ی زاره‌کی گوتراوه. شینگرتن، که ئه‌مه‌یان شینگێڕه‌کان ئافره‌تن، تایبه‌ته بۆ مردنی که‌سێک به تایبه‌ت لاوێک که جوانه‌مه‌رگ بووه شینی بۆ ده‌گێرن به شیعر به شێوه‌ی زاره‌کی ده‌گوترێت. (Ibid. P. 299 -300).
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێت هه‌مان ژانره‌کانی ئه‌ده‌بی زاره‌کی له ئوستانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان له لایه‌ن ئاخێوه‌رانی زاره‌کانی دیکه‌ی کوردییه‌وه هه‌یه وه‌ک زاره‌کانی ده‌وروبه‌ری له‌کی، که لوڕی و که‌لهوڕییه. ئه‌مه‌ش جارێکی دی ئه‌و هاوفه‌رهه‌نگی ئاخێوه‌رانی ئه‌م زارانه ده‌سه‌لمێنێت که سه‌ر به یه‌ک فه‌رهه‌نگن و یه‌ک نه‌ته‌وه‌ن و یه‌ک زمانن.
ده‌قی ئه‌ده‌بی زاره‌کی فۆلکلۆری به له‌کی ئه‌م دوو ده‌قه‌ی خواره‌وه دوو ده‌قی زاره‌کیی له‌کییه و نووسراونه‌ته‌وه.
ده‌قێکی فۆلکلۆریی له‌کی (لایه لایه) بۆ منداڵ
لاوه لاوه که‌م لاوه‌م به‌ر بارێ تا کوڕه‌م بچوو دهسگیرۆن بارێ
لاوه لاوه که‌م لاوه‌م دوهروو بوو ژیر سه‌ر بهراکهم ڤهلگه چوهروو بوو
لاوه لاوه که‌م لاوه‌م ئێ ڕاسه ژیر سه‌ر بهراکهم ڤهلگه ڕێواسه
لاوه لاوه که‌م لاوه‌م به‌ر بارێ وێژم پا بوی کوڕه‌م ژه‌ن بارێ
لاوه لاوه که‌م وه توهنه مووشهم دهنۆنێت زه‌ڕه کاکوڵ ئهورێشم
هه‌ی لاوه لاوه بهرقهکهم لاوه ساتێ تۆ نوینهم جه‌رگه‌م که‌واوه
لاوه لاوه که‌م ئێ ماڵ به‌ینۆ ده‌ر چوارشێو ئه‌رووسی بکشینۆ سه‌ر
لاوه لاوه که‌م هه‌ر ئێ دویرهوه دوشمن کوڕه‌که‌م بو ڤه تیره‌وه
لاوه لاوه که‌م ئه‌ڕا ئێ تفڵه شه‌ماڵ بشانۆ زه‌نجیر ئێ زوڵفه
(نجفزاده قبادی، ١٣٩١: ٨٦-٩٣)
ده‌قێکی گۆرانیی له‌کی
ده‌سماڵ ده‌سه‌که‌ت بیلا دوو تابوو یه‌کی ئهورێشم یه‌کێ که‌تان بوو
ئه‌ر دووس بزۆنێ هالم چوینه نه زوڵفێ مه‌یڵی نه خاڵ ڤه سێنه
ده‌مه‌که‌ت بارۆ بنهر نۆم ده‌مم به‌ڵکه‌م ساکت بوو دڵێ پڕ خه‌مم
بنویسن ڤه بۆن سه‌نگ مهزارهم کوشته‌ی ئه‌شقم نه‌که‌ن ئازارم
کراست نازک مه‌خمه‌ل ڤه پوسه خوهشاڵ ڤه کوڕه‌ی ڤه گه‌ردت دووسه
خودا بسینێ هه‌قم ژه دایه‌ت مه ڕه‌نجم کیشا کی نیشت ڤه سایه‌ت
نه قازێ دێرم نه قه‌ڵه‌م ده‌وات ڕازێ دڵه‌که‌م بنویسم ئه‌رات
(هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو: ١٦٦ -١٧٥)
به سه‌رنجدان له هه‌ر دوو ده‌قی فۆلکلۆری، جارێکی دی ئه‌و ڕاستییه ڕوون ده‌بێته‌وه که زمانه‌که له ڕووی پێکهاته‌ی ڕسته و فه‌رهه‌نگۆکی وشه و ده‌سته‌واژه‌کانی، زمانێکی کوردییه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت که جیاوازیی له‌هجه‌یی هه‌یه له‌گه‌ڵ زاره‌کانی دیکه‌ی کوردی.
ئه‌نجام
له‌که‌کان به درێژایی مێژوو به‌شێکی جودانه‌کراوه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوون و بێگومان زمانه‌که‌شیان زارێکی کوردی بووه. هه‌موو داتا زمانه‌وانییه‌کان ئه‌م ڕاستییه ده‌سه‌لمێنن که له‌کی نزیکترین زارێکه به زمانی کوردییه‌وه. به هه‌موو پێوه‌ره‌کانی ده‌ستنیشانکردنی زار و زمان، له‌کی زارێکی زمانی کوردییه و زمانێکی سه‌ربه‌خۆ نییه، چونکه له‌که‌کان به ئاسانی له‌گه‌ڵ زاره‌کانی دیکه‌ی کوردیی ده‌وروبه‌ری خۆیان له‌یه‌ک تێ ده‌گه‌ن، به پێوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌گه‌ڵ کوردی ده‌وروبه‌ری خۆیان هاوفهرههنگن و به نه‌ته‌وه کوردن و به زمانیش زاره‌که‌یان کوردییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه له ڕووی ئه‌ده‌بی زارهکییهوهش زمانه‌که‌یان ته‌واو کوردییه، هه‌موو ئه‌و ژانره ئه‌ده‌به زاره‌کییه‌ی که له له‌کیدا هه‌یه له زاره کوردییه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا هه‌یه. بۆیه به پشتبه‌ستن به‌م بنچینه زمانه‌وانی و کۆمەڵایەتییە، هه‌رچی هه‌وڵێک بدرێت بۆ جوداکردنه‌وه‌ی له‌کی له زمانی کوردی، هه‌وڵێکه به ئامانجی سیاسییه و زمانه‌وانی نییه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ڕه‌ته ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌مڕۆ له ئێران سه‌باره‌ت به‌و زاره کوردییه له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌م زاره کوردییه وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆ بیناسێنن، ئه‌مه هه‌وڵێکی سیاسییه بۆ ئه‌وه‌ی له‌که‌کان له زۆرینه‌ی کورد دابڕن و بیانکه‌ن به نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌وه‌ی به نه‌ته‌وه و جوگرافیاش له ئێران له کورد و خاکی کوردستان جودا ببنه‌وه، ئه‌م جۆره سیاسه‌ته‌ش له ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوودا له ئێران به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئاخێوه‌رانی کوردی ئه‌م هه‌رێمه له لوڕستان جێبه‌جێ کراوه، له ڕابردوودا لوڕ له کورد جودا کراوه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ به هه‌مان به‌رنامه هه‌وڵ ده‌درێت له‌کیش له کورد جودا بکه‌نه‌وه، به‌ڵام ڕاستییه مێژووییه‌کان و زمانه‌وانییه‌کان له‌باره‌ی پێکهاته‌ی دانیشتوان و زمان له لوڕستان له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌وڵه سیاسییه بۆ دابڕینیان له کورد دژ ده‌وه‌ستێت.
سه‌رچاوه‌کان
– به ئینگلیزی
1-Anonby Erik (2004), Kurdish or Luri? Lakis disputed identity in the Luristan province of Iran, Kurdish Studien, no. 4-5.
2-Abrahamian Ervand (2008), a History of Modern Iran, Cambridge University Press, UK.
3-Chambers, J.K. and Trudgill, Peter(1998), Dialectology, Cambridge University press.
4-Izady, Mehrdad R.(1992), a Concise Handbook, the Kurds, Taylor & Francis, London.
5-Dehqan, Mustafa (2008), Zîn- Hördemîr: A Lekî Satirical Verse from Lekistan, Journal of the Royal Asiatic Society, Third Series, Vol. 18, No. 3, Cambridge University Press.
6-Amanolahi, Sekandar (2002), Reza Shah and the Lurs: The Impact of the Modern State on Luristan, Iran & the Caucasus. 6 (1/2).
– به فارسی
7- بدلیسی، أمیر شرف خان (١٣٤٣)، شرفنامه، تأریخ مفصل کردستان، بامقدمه و تعلیقات و فهارس بقلم محمد عباسی، چاپ أفست علی اکبر علمی.
8- غضنفری، اسفندیار (١٣٧٨)، گلزار ادب لرستان، مجموعه اشعار، انتشارات مفاهیم، تهران.
9- نجف زاده قبادی، امید علی(١٣٩٥)، مردم شناسی قوم لک، انتشارات واژگان، تهران.
10- نجفزاده قبادی، امید علی (١٣٩١)، ادبیات عامه لکی، انتشارات شاپور خواست، خرم آباد.
11- شهسواری، فرامرز (١٣٩٤)، واج، تکواژ و واژه در زبان لکی، انتشارات طاق بستان، کرمانشاه.
12- شهسواری، فرامرز (١٣٩٤)، توصیف ساختار زبان لکی، انتشارات طاق بستان، کرمانشاه.
13- حسینی آبباریکی، سید آرمان. (١٣٩٢). بررسی ویژگی زبانی و دستوری دو بیتیهای باب طاهر همدانی، پیام بهارستان، د ٢، س ٥، ش ٢٠.
14- موسوی، سید حشمت الله. (١٣٩٣). هزار سال گمگشتگی، چاپ اول، تهران.
15- طاهری، طیب (١٣٩٧)، شناسنامه‌ی هویتی لک، هفتهنامه غرب، شماره ٥٨٥ و ٥٨٦.
16- کیهان، مسعود (١٣١١)، جغرافیای مفصل ایران، مطبعه مجلس، تهران.
17- ترابی، یوسف (١٣٨٧)، درآمدی بر ناسیونالیسم در ایران، فصلنامه خط اول ، سال دوم، شماره ٥.
18- نیکتین، واسیلی(١٣٦٦)، کرد کردستان، ترجمه: محمد قاضی، انتشارات نیلوفر، چاپ دوم، تهران.
– به عه‌ره‌بی
19- قمندار، اسماعيل (٢٠١٤)، دراسة اللهجات الکردية الجنوبية، مکتبة عدنان للطباعة و النشر و التوزیع، بغداد.
– به کوردی
20-جیهانفه‌رد (ژیار)، سه‌جاد(٢٠١٥)، زمانی کوردی شێوه‌زاره‌کانی، گۆڤاری زمان‌ناسی، ژماره ١٧، هه‌ولێر.
21-حه‌مه‌خورشید، فوئاد(١٩٨٥)، زمانی کوردی و دیالێکته‌کانی، شیکردنه‌وه‌یه‌کی جوگرافیایی، چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی.
تێبینی: ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری شنروێ ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو بووەتەوە.
بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://www.journal.yaresan.com/fa/1/12-vol1no1summer2020