١.چەمک و زاراوەی (نەورۆز)
چەمکی وشەی (نەورۆز) لە زاراوەیەکی پەھلەوی کۆن وەرگیراوە، کە (نوروز)ە. زاراوەکەش لە دوو بڕگەی (نو) واتە (نوێ)و (روز) واتە (رۆژ) پێکھاتووە و بەھەردوو بڕگەکەش واتای (ڕۆژی نوێ)ی بەخشیووە. لە زمانی پەھلەوی کۆنیشدا بە (نۆک ڕۆج-Nokroc) ھاتووە، کە ھەمان مانای بەخشیووە.
(ئەبو نواس)یش وەک شاعێرێکی عەرەبی سەردەمی عەباسی یەکەم، کە لەسەدەی دووەمی کۆچی بەرامبەر بەسەدەی ھەشتەمی زایینی ژیاوە بە (ئەلنوکروز-النوکروز) دەری بڕیووە.
(ئەلمقەدسی)ش کە ساڵی (٣٨٧ک/٩٩٧ز) کۆچی دوایی کردووە، لەکتێبەکەیدا (البدء و التاریخ) زاراوەی (نەورۆز)ی بۆ ھەمان مانا گێڕاوەتەوە، بەڵام ئەو پێی وابووە وشەی (نەورۆز)، کە ھاوکات یەکەمین ڕۆژی مانگی (فەروەردین)ی ئێرانییە، لەوەوە ناونراوە، چونکە یەکەمین دەرکەوتنی خۆر لەو ڕۆژەدا بووە. بەوەش ڕۆژێکی نوێ دەرکەوتووە، بۆیە ناونراوە (نەورۆز).
ئەمەش باوەڕی گەلانی کۆن بووە، کە لایان وابووە یەزدان ڕووناکی لەو ڕۆژەدا دروستکردووە. دیارە ئەگەرچی ئەم بۆچوونەش زانستی نییە، بەوەی تائێستاش نازانرێت یەکەمین دەرکەوتنی خۆر کەی بووە؟ بەڵام پێدەچێت مەبەستی ئەو مێژوونووسە عەرەبی و ئیسلامییە ئەوە بووبێت، کە (نەورۆز) یەکەمین ڕۆژی ساڵ و ژیانەوەیە بە دەرکەوتنی خۆرەوە دوای وەرزی سەرما و بەفر و بارانی زستان.
(عەبدولعەزیم ڕەزایی)ش، کە توێژینەوەیەکی لەسەر نەورۆز ئامادەکردووە، بە (نۆک ڕۆچ) دەری بڕیوە. ھەمان زاراوەش لە فەرھەنگی زمانی فارسیشدا بە ھەمان واتا ھاتووە، بۆیە پێناچێت خودی زاراوەکە لەبنەڕتدا نە کوردی و نە فارسی بێت، بەڵکو زاراوەیەکی ئێرانی کۆنە و چۆتە نێو ھەردوو زمانی فارسی و کوردییەوە.
(ئەحمەد ئەمین)یش پێ وایە ئەم چەمکە بۆ قۆناغی زۆر دواتر و سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا بەکارنەھێنراوە و زاراوەکە (نیروز)ی عەرەبییە نەوەک (نەورۆز)، بەڵام ئەو بۆچوونە دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە ئەم جەژنە نەک تەنیا وەک جەژنێکی نیشتمانی لای فارسەکان و نەتەوەیی لای کوردەکان ناسراوە، بەڵکو لای نەتەوەکانی وەک (تاجیک و ئەفغان و بەلوچ و ئازەر، قیبتی)یش یادکراوەتەوە و یاد دەکرێتەوە.
ئەمەو لای زەدەشتییەکانی ھیندستان بە (جەژنی ئافروزی پەتیتی) ھاتووە، کە مەبەست لە (پەتیتی) مانای (تەوبەکردن) بووە. لە لوبنانیش بە (جەژنی نیریز)و لە وڵاتی میسر بە (نەوۆز)و لای قیبتییەکانی میسر و ئەسیوبییەکان بە (جەژنی شەھیدان) ناسراوە.
لەلایەکی دیکەوە جەژنەکە، کەوتۆتە یەکەمین ڕۆژی وەرزی ساڵ بۆ نیوگۆی باکووری زەوی، کە وەرزی بەھارە. واتا سەرەتای وەرزێکی نویێ ژیانە، کە بە ھاتنی وەرزی زستانی سەخت و بەفر و باران کۆتایی پێدێت و ماڵئاوایی دەکات و بە دوایدا ڕۆژ و مانگ و وەرزێکی نوێ دەردەکەوێت، کە وەرزی بەھارە.
کۆی ئەو وتانەش ئەمان گەیەننە ئەوەی، کە (نەورۆز) بە مانای (ڕۆژی نوێ) ھاتووە. مەبەستیش لە (ڕۆژی نوێ) ھاتنی ڕۆژ و مانگ و وەرزێکی نوێی بووە لە ساڵدا. بەمەش ڕۆژەکە یەکەمین ڕۆژی ساڵێکی نوێیە. بەو پێیەشی پێگەی خاکی کوردستان لەسەر ڕووی زەوی کەوتۆتە نیوگۆیی باکور و بەری خۆرھەڵاتی ئەو نیو گۆییە، بۆیە خاک و دانیشتوانەکەی لە لایەک (باکوری) واتە (چیایی) و لە لایەکی دیکەوە بە (خۆرھەڵاتی) ناسراون. بەم پێگەیەش یەکەمین گۆڕانکاری دەرکەوتنی ڕۆژی نوێ لە ساڵدا کەوتۆتە (١ی نەورۆز)، کە لە ساڵنامەی زایینیدا بەر (٢١ی ئازار) کەوتووە. ئەم ڕووداوەش لە ڕوانگەی زانستی جوگرافیاوە گۆڕانکارییەکی لەگەڵ خۆی ھێناوە. ئەم واقیعەش وای لە نووسەرێکی کورد کردووە، کە جەژنی نەورۆز بە جەژنی ھاتنی وەرزی بەھار و سەرەتای کرانەوە و جوانی سروشت بزانێت.
٢.نەورۆز لە ڕوانگەی زانستی جوگرافیاوە
جوگرافیاش بۆ زانستێک ڕۆڵی خۆی لە دەرکەوتنی ئەو جەژنەدا گێڕاوە. ئەوەش بەوەی، خودی جەژنەکە بەر لەوەی یاد و بۆنەیەکی مێژوویی بێت، ھۆکاری جوگرافی لەپشتەوە بووە. ھۆکارەش بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە، کە گۆی زەوی، کە شێوەیەکی ھێلکەی وەرگرتووە و بەھۆی ھێڵی ستوونی (ئیستوا) بۆ دوو نیوە گۆ دابەشکراون، کە ھەردوو نیوە گۆی باکور و باشورن. لەم ڕووەشەوە بەو پێیەی گۆی زەوی لە ماوەی (٣٦٥.٢٥) ڕۆژدا بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، (چوار) وەرزی ساڵ دروست دەکات، کە وەرزەکانی (بەھار و ھاوین و پاییزە و زستان)ن.
بەو پێیەش خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستانیشەوە کەوتونەتە نیوە گۆی سەروو، یەکەم ڕۆژی مانگی نەورۆز، کە (٢١)ی ئازار دەکات، تیشکی خۆر بۆ ماوەی (سێ) مانگ بە لاری دەیدات لەو نیوە گۆیە. بەوەش سەرەتای وەرزێکی نوێ دەردەکەوێت و بەردەوام دەبێت، کە وەرزی بەھارە، بەڵام لە (سێ) مانگی دواتردا، واتە لە نێوان (١ی ڕەزبەر تا ٣١ی پووشپەر) بەرامبەر بە(٢١ی حوزەیران تا ٢٣ی ئەیلول)ی ساڵنامەی زایینی بە ستوونی دەیدات لەو نیو گۆییە. بەمەش وەرزی ھاوین دێت، کە وەرزێکی گەرم و وشکە. لە کاتێکدا ناوچەکانی نیوە گۆی باشور لەکاتی یەکەمدا دەبێتە وەرزی پاییز و لەکاتی دووەمدا دەبێتە وەرزی زستان. ئەوەش بەوەی ئەو کاتەی تیشکی خۆر بە ستوونی دەیدات لەنیو گۆی سەروو، زۆر بە لاری دیدات لەنیو گۆی خواروو، بۆیە لەنیو گۆیی باکور دەبێتە (ھاوین) و لەنیو گۆی باشور دەبێتە وەرزی زستان. بەو پێیەشی بەر لە وەرزی (زستان) وەزری (پاییز)ە، بۆیە ئەو کاتەی لە نیوە گۆی سەروو (بەھار)ە لە نیو گۆی خواروو (پاییز)ە. ئەو کاتەشی لە نیو گۆی سەروو (ھاوین)ە لە نیو گۆی خواروو (زستان)ە، پێچەوانەکەشی ھەر ڕاستە.
بە واتایەکی دی بەو گۆڕانکارییە نیوە گۆی سەروو لە وەرزی زستان ڕزگاری دەبێت و نیوە گۆی باشوریش لە وەرزی ھاوین. لەو ڕوانگەیەوە سەرەتای بەھار و یەکەم ڕۆژی، کە ڕێکەوتی جەژنی نەورۆزە دەکەوێتە سەرەتای ئەو گۆڕانکارییەوە، بۆیە کۆمەڵانی کونی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و لە نێویشیاندا کۆمەڵانی میسۆپۆتامیا وەک (سۆمەری و ئەکەدی و ئاشووری و میسری کۆن و ھەروەھا سوئی و لۆلۆبی و کوتی و خوری و کاشی و میتانی…تاد)، ئەو گۆڕانکارییەیان ھەستپێکردووە و وەک ڕۆژێکی نوێ و وەرزێکی نوێی ژیانیان سەیریان کردووە و لێیان ڕوانیووە و یادی ئەو ڕۆژەیان بەبەردەوامی و خۆشی و ئاھەنگەوە کردۆتەوە.
٣. (جەژنی نەورۆز) لە ڕووانگەی مێژووەوە
کاتێک دەمانەوێت سەرەتاکانی مێژووی سەرھەڵدانی جەژنەکە دیاری بکەین، دەکەوینە نێو چەندین سەرچاوەو بیروڕای جیاواز لەسەری، کە زۆربەیان لە ئەفسانە کۆنەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. ساغکردنەوەو ڕاستی و ناڕاستی ئەو ڕووداوەو ئەفسانانەش، دەیان توێژینەوەی گەورەی پێویستە، تا ڕەسەنایەتی ئەو جەژنە لەئەفسانە ھەڵبەستراوەکان جیابکاتەوە، چونکە لە گەورەیی ئەو جەژنەیان ھێناوەتە خوارەوە.
سەرەتا نابێت ئەوە لەیاد بکەین، کە بەو پێیەی (نەورۆز) وەک سەرەتای ڕۆژ و یەکەم مانگ و وەرزی ساڵ لێ ڕوانراوەو چەندین مێژووی بۆ بیرەوەرییەکان دروستکردووە، ھەر بۆیە زۆرترین سەرنجی ھۆنەر و نووسەرو مێژوونووس و تەنانەت خەڵکانی دی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، تا ئەوەی زۆرترین ھۆنراوە بۆ وەرزەکە، کە (بەھار)ە بۆیادەکە ھۆنراوەتەوە.
لەڕووی مێژووییەوە باس لەوە کراوە، کە یەکەمین کەسێک یادی جەژنی نەورۆزی کردۆتەوە (جەمشید)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی پیشدادییەکان بووە. خودی ئەو پادشایەش لای عەرەبەکان بە (مەتوشلخ) ھاتووە. (مەتوشڵخ)یش کوڕی (ئیدریس/س.خ)ی پەیامبەر و باپیری (نوح/س.خ) پەیامبەر بووە. کاتێکیش دەچینە نێو ئەو تۆمارانەوە دەگەینە ئەوەی، کە (مەتوشڵخ) لەسەردەمی سۆمەرییەکاندا ژیاوە لەسەر خاکی ئێراقی ئێستا نەوەک لە وڵاتی ئێران. ئەمەو لەتۆمارەکانی مێژووی کۆندا ئەوە ساغکراوەتەوە، کە ھەریەک لە (ئیدریس و نوح) وەک (دوو) پەیامبەری مێژووی مرۆڤایەتی خەڵکی شاری (ئور)ی سۆمەری بوون لەباشوری ئێراقی ئێًستا و ھیچیان لە ئاست پایەی پادشادا نەبوون، ئیتر جێگای سەرنج و پرسیارە کەسێکی وەک (متوشڵخ)ی کرابێتە (جەمشید) وەک پادشا لە وڵاتی ئێراندا فەرمانڕەوایەتی کردبێت؟
(د.جەواد برومەند سەعید)یش (جەمیشد)ی بە یەکەمین دروستکراوەی پەروەردگار زانیووە، کە لەیەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا دروستکراوە. مەبەستیش لەیەکەمین دروستکراو، (ئادەم/س.خ) بووە، کە ئەویش باوکی مرۆڤایەتی و باپیرە گەورەی (مەتوشلخ) واتە (نوح/س.خ) بووە( ).
ھەروەھا بەر لەوەی ئەم جەژنە بە ڕووداوێکی ئەفسانەییەوە ببەسترێتەوە، کە (کاوە و زوحاک)ە، سۆمەرییەکان وەک یەکێک لە کۆنترین کۆمەڵانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و میسۆپۆتامیا بەر لە (سێ ھەزار) ساڵ پێش زایین و بابلییەکانیش بەر لە (دوو ھەزار) ساڵ پێش زایین، یادی ئەم جەژنەیان کردۆتەوە.
جەژنەکەشیان بە ڕۆژی دار و درخت و سەوزایی و دابارینی بەخشندەیی خودا لە ئاسمانەوە بۆ بەندەکانی لەسەر زەوی زانیووە. واتە ئەو ڕاڤەیان بۆ (نەورۆز) کردووە، کە پەروەردگار ساڵانەو لە یەکەمین ڕۆژی ساڵدا بەخشندەیی تەواویی ساڵەکەی بەسەر زەوییدا باراندووە. ئەوەش کاتێک مرۆڤە بەندەکانی خودا لەو ڕۆژەدا ڕووخۆش و دەم بە خەندە بووبن و پۆشاکی نوێیان لەبەر کردبێت و بۆنی خۆشیان لە خۆیان دابێت. ئەوەش بەو مانایە بووە، کە مرۆڤە بەندەکان لە بەخششەکانی پەروەردگار ڕازیبوون، بەڵام ئەگەر ئەو ڕۆژە مرۆڤەکان خەمناک و پەست و ڕووگرژ بووبن، ئەوا مانای ئەوە بووە، کە بەندەکانی خودا بەو ھەموو بەخششانەی خودا ناڕازی نەبوون، بۆیە پەروەردگار لەبری بارینی بەخششەکانی بۆ ساڵی نوێ، توڕەیی خۆی بەسەریاندا باراندووە.
ئەم لێکدانەوەیەی سۆمەرییەکانیش بۆ ھاتنی ئەو ڕۆژە، بۆتە باوەڕی ئەو کۆمەڵ و دانیشتوانی میسۆپۆتامیا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و ساڵانە وەک ئەرکێکی ئایینی یادیان کردۆتەوە. لەم ئەرکەشەوە نەریتی ئایینی بۆ ئەو یادکردنەوەیە سەری ھەڵداوە.
ھەر لەم چوارچێوەیەدا (ئیبن قوتەیبە)و (مەقریزی)وەک (دوو) مێژوونووسی عەرەبی و ئیسلامی و (بەدلیسی) وەک مێژوونووسێکی کورد ھەوڵی ئەوەیانداوە ئەم جەژنە بە کوردەوە ببەستنەوەو وەک جەژنێکی مێژوویی کورد بیناسن، بەڵام باسیان لەڕیشەی مێژوویی جەژنەکە نەکردووە.
بەپێچەوانەی ئەوانیشەوە ھەریەک لە (جاحیز)و (نویری)و (نەوفل موحەممەد نوری)، کە ماستەرنامەیەکی لەسەر جەژن و بۆنەکانی شاری (بەغداد)لە سەردەمی عەباسیدا ئامادە کردووە، مێژووی جەژنەکەیان بۆ فارسەکان گێڕاوەتەوە، نەوەک کوردەکان.
لە قۆناغی دواتریشدا و لەگەڵ دەرکەوتنی ئایینی زەردەشتی یادی ئەم جەژنە وەک بۆنەیەکی ئایینی کراوەتەوەو بڕوایان وابووە، کە ئەو جەژنە ھۆکاری گۆڕینی دونیایی ماددییە بۆ دونیایی ھەتاھەتایی. بەو پێیەشی دەرکەوتنی ئایینەکە بۆ (زەردەشتی کوڕی پورشاسپ) دەگەڕێتەوە، کە بەپێی چەندین سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، بۆیە لەو سەردەمەوە جەژنەکە بەو باوەڕە ئایینییە بە سەرەتای دەرکەوتنی بەخششەکانی پەروەردگار بۆ بەندەکانی و کۆتایی لێپێچینەوەش لە ھەڵەو کەم و کوڕییەکانی ساڵی ڕابردوو ناسراوە.
ئامانجیش لەوە ئەژمارکردنی خەرمان و کرداری ساڵی رابردووی ھەر تاکێک بووە لای پەروەردگار بۆ ڕۆژی دوایی. تەنانەت (ھاشمی ڕەزی) یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆزی بە ڕۆژی لەدایکبوونی (زەردەشتی کوڕی پورشاسپ) داناوە، بۆیە ئاسایی لەو سەردەمەوە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەھار، کە دەکاتە (١ی نەورۆز) وەک جەژنێکی پیرۆز سەیر کراوەو یاد کراوەتەوە.
بەو پێیەشی دەرکەوتنی ئەم ئایینەو پەیامبەرەکەی لە سنووری قەلمڕەوی (دەوڵەتی ماد)دا بووە، بۆیە ماددەکانیش ئەم بۆنەیان وەک جەژنێکی ئایینی لەچوارچێوەیەکی سیاسیدا کردۆتەوەو بایەخیان پێداوە.
دوای (دەوڵەتی ماد)یش ھەریەک لە دەوڵەتانی ھەخامەنشینی و ئەشکانی و بەدوایشدا ساسانییەکان نەورۆزیان وەک جەژنێکی گەورە سەیر کردووەو ساڵانە لەپاڵ (جەژنی میھرەگان)دا یادیان کردۆتەوە.
لەم بوارەدا ساسانییەکان لەوجەژنەدا باج و دیاری بەنرخیان پێشکەشی پادشاکانی ساسانی کردووەو بۆ ماوەی (شەش) ڕۆژ ئاھەنگیان بۆگێڕاوە. ئەمەو لەو جەژنەشدا پادشاکانی ساسانی تاجیان کردۆتە سەر و ئاڵوگۆڕیان بە پۆستەکانی دەوڵەت کردووەو سکەی پارەی نوێیان لێداوەو ئاتشەکەدەکان پاککردۆتەوە. تەنانەت لەگەڵ ھاتنی یەکەم ڕۆژی جەژنەکەدا خۆیان شتووەو پۆشاکی نوێیان لەبەر کردووە.
(خسرەو پەروێزی ساسانی)ش، کە لەنێوان ساڵانی (٥٩٠-٦٢٨ز)دا فەرمانڕەوایەتی کردووە، لەگەڵ ھاتنی جەژنی نەورۆزدا بۆ ماوەی (دوو) ھەفتە دەچووە باخەکەی بە خۆشی و بەزم و شایی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی و میوانەکانی و گەورەکانی کۆشک و وڵاتەکەی بەسەری دەبرد.
لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ساسانیش لەساڵی (٦٤١ز) و دەرکەوتنی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی، یادکردنەوەی ئەو جەژنە ڕووی لە کاڵبوونەوە برد، بەڵام بە زیندووی مایەوە یادکرایەوە، وەک لە بەشی حەوتەمی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا سەرنجی دەخەینە پاڵ.
بەدەریش لەو ڕووداوانە بۆ مێژووش پێویستە ئاماژە بە ڕاستییەک بکەین، کە (سوڵتان مەلکشای سەلجوقی)ش یەکەمین دەسەڵاتداری سیاسی بوو لەساڵی (٤٦٧ک/١٠٧٤ز) لیژنەیەکی لە ھەریەک لە (عومەری خەیام، عەبدولکەریم ئەلخازنی، موزەفەر ئەلئەسفزازی) پێکھێنا بۆ چاککردنی ساڵنامەی ئێرانی.
لیژنەکەش ساڵنامەکەی بە مانگی فەروەردین و یەکەم ڕۆژی ئەو مانگەشی بە (نەورۆز) وەک سەرەتای گۆڕانێکی سروشتی و سەرەتای وەرزێکی نوێ، کە بەھارە دیاریکرد.
تەنانەت (عومەر خەیام) بۆ ئەومەبەستە (نەورۆزنامە)ی داناو پێشکەشی سوڵتانی سەلجوقی کرد.
٤. (دەوڵەتی ماد)و سەرەتایەک بۆ جەژنی نەورۆزی کورد
کوردستان و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، کە دوای شاڵاوی کۆچی (ھیندو ئەوروپای)یەکان قۆناغێکی تریان بەخۆوە گرت، سیمای چەند گەلێکیان ھێنایە دنیای بوون، کە پێشتر ناویان لە مێژوودا نەبوو. یەکێک لەو گەلانەش لە باشوری دەریاچەی ورمێ دەرکەوتن، کە دواتر بە (ئامادای- AMADAI) یان (میدی- MEDIOI) ناویان چووە تۆمارەکانی مێژووەوە. ھەر وەک لە لای مێژوونووسی گەورەی یۆنانی (ھیرۆدۆت/٤٨٥-٤٢٥پ.ز)یش ئاماژەی پێکراوە.
زۆری نەبرد لە سەدەکانی (ھەشتەم و حەوتەم و شەشەم)ی پێش زایین سیمای دەوڵەتێکیان بەخۆوە گرت، کە بە (دەوڵەتی ماد) یان (دەوڵەتی میدی) لە مێژوودا ناسرا.
سەرھەڵدانی دەوڵەتێک بە ناوی (دەوڵەتی میدی) یان (دەوڵەتی ماد)
لەساڵی(٧٠٠پ.ز) ھاتە دنیای بوون و گۆڕەپانی سیاسی و ناوچەیی و جیھانی. دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتەش کەسایەتییەکی میدی بوو بەناوی (دایکۆ)، کە ھەر ئەم کەسایەتییە لای مێژوونووسی یۆنانی (ھیرۆدۆت) بە (دیوکس) ھاتووە. ماوەی فەرمانڕەوایی ئەم دەسەڵاتدارەی میدیش لە نێوان ساڵانی (٧٠٠-٦٧٣پ.ز) بوو، کە لە ماوەی (٢٧ساڵ) فەرمانڕەوایەتیدا توانی شاری (ئاکباتانا- ھەمەدانی ئەمڕۆ) بکاتە پایتەختی دەوڵەتەکەی. دواتر سەرجەم خێڵە میدییەکان یەکخست و (ھەرێمی ماننا)ی بە ناوبانگ بە بەرھەمی دانەوێڵە و لە نێویشیاندا (گەنم)ی خستە ژێر دەسەڵاتی. ئەوەش دوای ئەوەی جەماوەری ھەرێمەکە لەئەنجام زیادکردنی باجەکان لەسەریان، ڕاپەڕین و فەرمانڕەوای دەسەڵاتەکەیان(ئۆرارتو) بە ناوی (ئاخشیری) کوشت.
ئەم ڕووداوەش کوڕەکەی (ئاولیلی) ناچارکرد پەنا بۆ دەوڵەتی ئاشووری ببات، تا بۆ دەسەڵاتی بیگێڕێتەوە. لەم ڕووداوەشدا، جەماوەری ھەرێمی (ماننا) داوایان لە پادشای میدی کرد بە ھانایانەوە بێت و ھەرێمەکە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە . دواتر دەست بەسەر قەڵمڕەوی دەوڵەتی ئورارتودا بگرێت. بەو ڕووداوەش دەوڵەتی ماد بە دەستگیربوونی ھەرێمی ماننا باری دارایی باش بوو، بۆیە (دیاکۆ) بیری لە پەلاماردانی ئێمپراتۆڕێتی ئاشووری کردەوە. ئەوەبوو لەھێرشێکدا، کە ساڵی (٦٧٣پ.ز)دا (دیاکۆ) کردیە سەر ئاشوورییەکان شکستی خوارد و بەدیلگیرا. دواتر بە خۆی و چەند ئەندامێکی خێزانەکەیەوە، کە لەو پەلاماردانە بەدیلگیرابوون، بۆ شاری (حەما)ی سەر بە ئیمپراتۆڕٍێتی ئاشووری دوورخرانەوە.
دوای ئەو ڕووداوەش کوڕەکەی بە ناوی (فراورتیس) شوێنی باوکی گرتەوەو درێژەی بە سیاسەتی باوکی بدات بۆ بەگژاچوونەوەی ئاشوورییەکان، بەڵام ئەمیش لە شەڕێکدا لەبەرامبەر سووپای ئمیپراتۆرێتی ئاشووری لەساڵی (٦٥٣پ.ز) کوژرا.
کوشتنی (فراورتیس) لەو شەڕەدا بواریان بۆ خێڵێکی ئاسیایی بەناوی سکیسەکان ڕەخساند، تا کەم تەمەنی (کەی ئەخساری کوڕی فراورتیس) بقۆزنەوە، تا دەست بەسەر (دەوڵەتی ماد)دا بگرن و بۆ ماوەی (٢٨ساڵ) فەرمانڕەوایەتی بکەن. ئەوە بوو دواجار (کەی ئەخسار) لەساڵی (٦٢٥پ.ز) بەسەریاندا سەرکەوت و لە دەسەڵاتی میدی دوری خستنەوە. بەوەش سەر لە نوێ توانایەکی نوێی بەو دەوڵەتە درایەوە.
بە دوایدا دژایەتیکردنی دەوڵەتی ئاشووری درێژەی کێشا. بۆ ئەو مەبەستەش کەوتە خۆ بۆ کۆکردنەوەی ئەو ھێز و لایەنانەی دوژمنی سەرسەختی ئاشوورییەکان بوون. ئەوە بوو توانی بە پەیمانێک دوژمنێکی گەورەی ئاشوورییەکان، کە (دەوڵەتی کلدانی) بوو بھێنێتە چوارچێوەی سیاسەتەکەی خۆیەوە، تا بە ھەردوولا پەلاماری ئیمپراتۆڕێتی ئاشووری بدەن. سەرئەنجام ڕێکەوتنامەیەکی (کۆمەڵایەتی-سەربازی-سیاسی) بەدواھات.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنامەیەش (کەی ئەخسار)ی پادشای میدی کچەکەی خۆی بە ناوی (ئامیتس) دایە (نبوخوز نەسری کوڕی نەبوبەلاسەر)ی پاشای کلدانی. ئەوەش لە بەرامبەر ھاوکاریکردنی سەربازی و سیاسی دەوڵەتی کلدانی بۆ دەوڵەتی میدی، بە مەبەستی لەناوبردنی ئیمپراتۆرێتی ئاشووری.
پەیمانەکە سەری گرت بەوەی ھەردولا لە شاڵاوێکی ھاوبەشدا ساڵی (٦١٢پ.ز)دا شاری (نەینەوا)ی پایتەختی ئاشورییەکانیان گرت و سووتاند. (دوو) ساڵیش دواتریش (ئاشوور ئۆبلەت)ی دوایەمین ئیمپراتۆڕی ئاشووری لە شاری (حەران)ی دوایەمین قەڵای ئاشوورییەکان بەدەستی مادەکان کوژرا. بەمەش سەرجەم سامان و میراتی ئەو دەوڵەتە زلھێزەی مێژووی کۆن لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد. لێرەوەش سنووری دەوڵەتی میدی لە باشوورەوە گەیشتە (کەنداوی عەرەبی) و لە خۆرئاواشەوە گەیشتە (دەریای ڕۆم- ناوەڕاست) و لە باکوریشەوە گەیشتە (دەریای ڕەش).
بەم شێوازە (کەی ئەخسار) تا ساڵی (٥٧٥پ.ز) فەرمانڕەوایەتی کرد و پاشان کۆچی دوایی کرد. دوای کۆچی دوایی ئەویش کوڕەکەی بە ناوی (ئەستیاگز) شوێنی گرتەوە، کە دواتر بە (ئەژدەھاک- چحاک) ناسرا. ئەم دەسەڵاتدارەش لە دوا ڕۆژەکانی دەسەڵاتی خۆیدا بەھۆی خەریک بوونی بە خواردنەوە و ڕابواردن، ئاگای لە قەڵەمڕەوی سیاسەتی دەوڵەتەکەی نەما. ئەمەش وای لە (کۆرشی کوڕی کەمبوجە)ی پارسی ئەخمینی کچەزای واتە (کۆرشی کوڕی ماندانای کچی ئەستیاگز) کرد بە ھاوکاری (ھارپاک)ی گەورە وەزیری دەوڵەتەکەی، بە پیلانێک (ئەستیاگ) لەساڵی (٥٥٠پ.ز) بکوژێت. بەمەش کۆتایی بە (١٥٠) ساڵی دەسەڵاتی دەوڵەتی ماد ھات و دەوڵەتی ئەخمینی پارسی شوێنی گرتەوە. بە واتا (دەوڵەتی پارسی- فارسی) لەسەر میراتی ئەو دەوڵەتە گەورەیە بنیاتنرا، کە ڕۆژگارێک بە (دەوڵەتی میدیا)یان (دەوڵەتی ماد) ناسرا.
کۆتایی ھاتن بە دەسەڵاتی (دەوڵەتی ماد) بووە ھۆی نامۆبوونی کورد بەو قەوارە سیاسیەی ماوەی (١٥٠ ساڵ) لە مێژووی کۆندا بنیاتینا. دوای ئەو ڕووداوانەش کورد و خوێنەرانی کەوتنە ھەڵەیەکی مێژوویی، بەوەی دوای گەڕانەوە بۆ سەرچاوە فارسی و عەرەبی و تورکییەکان، ناو و مێژووی دەوڵەتەکە و دەسەڵاتدارەکانی لێ شوێندرا . لەوەش ترسناکتر (ئاستیاگز)ی دوایەمین پادشای دەوڵەتی مادیان، کردە (چحاک)ی خوێنڕێژ و (کۆرشی پارسی)یش بووە (کاوەی ئاسنگەر)، کە خیانەتی لە باپیری خۆی کرد!
٥. مێژووی جەژنی نەورۆز و ساڵنامەی کوردی
ساڵنامە بە یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی ژیان و زانینی ڕووداوەکانی مێژوو ئەژمار کراوە، تا ئەوەی ساڵنامەکان وەک بەھێزترین پشتیوان و دەقی مێژوویی، ھۆکاری ڕەسەنایەتی ڕابردووی کۆمەڵ و نەتەوە و گەلان و ئایینێک بوون، کە بەھۆیانەوە لەلایەک ڕووداوەکانی مێژوویان بۆ پاراستووین، لەلایەکی دیکەوە ھۆکاری گەیشتنی ئەو ڕووداوانە بوون بە نەوەکانی ئایندە و نەفەوتاندنی بۆ داھاتوو.
لەم پێودانگەوە ھەر کۆمەڵ و نەتەوە و گەل و ئاینێک لەسەر ڕووی زەوی خاوەنی ساڵنامەی تایبەت بە خۆیان بوون، کە بەھۆیانەوە واقیعییەتی مێژوویی خۆیان پاراستووە.
جووەکان وەک پەیڕەوانێکی ئایینی، کە لە دێر زەمانەوە خۆیان بە (نەتەوەی عیبری) ناساندووە بڕویان وابووە نەتەوەیەکی سەربەخۆن و ساڵنامەیەکی تایبەت بە خۆیان بووە، کە بە (ساڵنامەی عیبری) ناسراوە. ئەوان بۆ سەلماندنی ڕاستی ساڵنامەکەیان، ئاماژەیان بە مێژووییەک کردووە، کە بەر لەساڵی (٣٧٦٠پ.ز) یەکەمین دەسەڵاتی سیاسیان لە سەر خاکی (ئورشەلیم) دامەزراندووە.
لەو کاتەشەوە تا بە ئێستا دەگات جووەکانی جیھان و لە نێویشیاندا دەوڵەتی ئیسرائیل کار بەو ساڵنامەیە دەکەن. ئامانج لەو کارەشیان سەڵماندنی ئەوەیە، کە ئەوان بەر لە (٣٧٦٠پ.ز) خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی بوون.
ئەوەش بۆ ئەوەی بۆ عەرەب و سەراپای نەتەوە و کۆمەڵ و گەلانی جیھانی بسەلمێنن، کە ئەوان سەر بە ھیچ ئایین و نەتەوەیەکی تر نەبوون و خاکی فەڵەستین، کە (دەوڵەتی ئیسرائیل)یان تێدا دامەزراندووە، خاکی ڕەسەنی خۆیان بووە و سەربەخۆ بوون و سەر بە ھیچ نەتەوە و ئایینێک نەبوون.
ئەو ساڵنامەشیان بە فەڕمی لە یەکەمین بەیاننامەی دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان لە (١٤ی مایسی١٩٤٨ز) بە (٥٧٠٨عیبری) ڕاگەیاند.
لە لایەکی دیکەوە مەسیحییەکانی جیھان و لە نێویشاندا ئەو دەوڵەتانەی سەر بە ئایینی مەسیحین، ڕۆژی ھاتنە قسە و خەتەنەکردنی (عیسای کوڕی مەریەم-س.خ)ی پەیامبەریان لە حەوتەمین ڕۆژی تەمەنیدا بەسەرەتای (ساڵنامەی زایینی) زانیووە، چونکە ئەو پەیامبەرە لە (٢٥ی کانوونی یەکەم) لەدایکبووە و دوای (حەوت) ڕۆژ لە لەدایکبوونی لەلایەک کەوتۆتە قسە، تا پەرەدە لەسەر بێتاوانی دایکی لاببات، کە بێ ئەوەی بچێتە ژیانی ھاوسەرییەوە مناڵێکی بە ناوی (عیسا) بووە، لەلایەکی دیکەوە بەو خەتەنەکردنەی سیمای پیاوەتی بەبەردا کراوە، تا لەگەڵ پایەی پەیامبەرایەتیدا بگونجێت، چونکە نەدەبوو منداڵێک پەیامبەر بێت، یان بانگەشە بۆ پایەی پەیامبەری بکات.
ھەربۆیە بە وتەی گێڕانەوەکانی مێژوو ھەر لەو ڕۆژەدا ھاتۆتە قسە، خەتەنەش کراوە. بەوەش لای باوەڕدارانی مەسیحی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی سەلماندی کوڕیەتی و ناسینی وەک پەیامبەرێکی مێژووی مرۆڤایەتی ناسراوە، بۆیە کردویانە سەرەتایی (ساڵنامەی زایینی).
ئەمەو موسڵمانانی جیھانیش کۆچی پەیامبەری ئیسلام (موحەممەد کوڕی عەبدولڵا-د.خ) لەگەڵ (ئەبوبەکری سدیق-ڕ.خ) لە شاری (مەککە)ەوە بۆ شاری (یەسرب)، بە سەرەتایی دەرکەوتنی ساڵنامەیەک زانیووە، کە ناوی (ساڵنامەی کۆچی)یە.
ئەو ساڵنامەیەی لە سەردەمی دووەمین خەلیفەی ڕاشدی (عومەری کوڕی خەتاب-ڕ.خ) و ھەر لە لایەن خۆیەوە دانرا. بەوەش ساڵی (٦٢٢ز) بووە یەکەمین ساڵی کۆچی و ھاوکات کرا لەگەڵ (١ی موحەڕەم).
لەو کاتەشەوە ساڵنامەی کۆچی بۆتە ساڵنامەیەکی باوەڕ پێکراوەی مێژوویی بۆ موسڵمانانی جیھان تێکڕا و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی. ڕووداوەکەش لە شوێنی خۆیدا بوو، چونکە بە گەیشتنی پەیامبەری ئیسلام بۆ شاری (یەسرب) سەرەتاکانی دەرکەوتن و دامەزراندنی (دەوڵەتی ئیسلام) بە ناوی (دەوڵەتی مەدینە) دەرکەوت، کە بووە یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامی لە مێژوودا.
لێرەوەش تاکە ڕووداوێکی مێژوویی، کە ساڵنامەی کوردی بۆ بگەڕێتەوە دامەزراندنی (دەوڵەتی ماد)ە. ئەو دەوڵەتەی بەر لە (حەوت سەدە) لە ھەرێمی موکریانی خۆرھەڵاتی کوردستان دامەزرا. دیارە گێڕانەوەی ساڵنامەی کوردی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ماد لە لایەن ھەر مێژوونووس و توێژەر و نووسەر و ھۆنەری کورد یان خۆرھەڵاتناس و بێگانەوە بووبێت، جێگای ستایشە، چونکە گێڕانەوەی تاکە ساڵنامەی کوردی بۆ بیرەوەری دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسە رخاکی کوردستان، کە زۆربەی ھەرە زۆری بنەماکانی دەوڵەت و کوردستانیبوونی لەخۆگرتبێت و زۆر لە دەرکەوتنی نەتەوەی کوردەوە نزیک بێت لە شوێنی خۆیدا بووە.
ئەمەو جگە لە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە ھیچ دەقێکی مێژووی یان گێڕانەوەی چیرۆک و ئەفسانەیەکیش پشتیوانی لەوە ناکەن، کە بەر لە (حەوت) سەدە کەسێکی بە ناوی (کاوەی ئاسنگەر) توانیبێتی پادشایەک بە ناوی (زوحاک) بکوژێت.
تەنانەت ئەگەر ڕووداوەکەش بۆ (کۆرشی ھەخامنشینی) پادشای ھەخامەنشینی و (ئەستیاگز)ی دوایەمین پادشای ماد بگەڕێتەوە، ئەوا ئەو ڕووداوەش وەک لە چەندین دەقی میژووییدا سەلمێنراوە بۆ ساڵی (٥٥٠پ.ز) دەگەڕێتەوە نەوەک بۆ (٧٠٠پ.ز)، کە ساڵنامەی کوردی بۆ دەگەڕێتەوە.
لە پەراوێزی وەھا ڕووداوێکی مێژووییدا جێگای خۆیەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە، ئاماژە بەوە بکەین، کە گێڕانەوەی مێژووی جەژنی نەورۆز بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ماد، جگە لەوەی ساڵنامەی کوردی پشتگیری و پشتیوانی لێدەکات، لەھەمانکاتدا بەڵگەی ئەوەشە، کە ئێمە کورد بەر لە (٧٠٠پ.ز) خاوەنی دەوڵەتێکی بەھێزی وەک (ماد) بووین و لە نێوان ساڵانی (٧٠٠-٥٥٠پ.ز) فەرمانڕەوایەتی خاکی کوردستانی کردووە.
لاشمان وایە بە ھەڵەدا نەچووبین، کە ئەوەندی ئێمەی کورد لە دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی مادەوە عەوداڵی دەوڵەت و گەیشتن بە سەربەخۆیی خاکی کوردستان بووین، ئەوەندە کێشەمان لەگەڵ قارەمان و پاڵەوانەکاندا نەبووە، چونکە ھەر تاکێک بۆ تەنیا قۆناغێکی مێژوویی بڕوانێت، دەگاتە ئەوەی، کە ئێمەی کورد بۆ ھەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو، خاوەنی چەندین قارەمان و سەرکردەیی مێژوویی بووین، بێئەوەی ھیچ یەک لەوان توانیبێتیان کورد بە بچووکترین مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بگەیەنن، کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە، بۆیە گەڕانەوەی ھەر تاکێکی ئێمەی کورد بۆ سەروەرییەکانی دەوڵەتی ماد و بانگەشەکردن بۆی مانای ئەوەیە، کە ئێمەی کورد لە ڕابردوودا خاوەن قەوارەی سیاسی بووین و لە قۆناغێکی مێژوویی و تا بە ئێستاش دەگات لێمان زەوتکراوە.
ئەوەش ئەو ڕێگا ڕاستەقینەیە، کە ئێمەی کورد بە ئایندەیەکی گەش و ڕووناک دەگەیەنێت.
٦. (کورد) چۆن لە (جەژنی نەورۆز) بڕوانێنت؟
بۆ (کورد) وەک نەتەوەیەکی خۆرھەڵاتی لە باشوری خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا، وا پێویستە (دەوڵەتی ماد)بە کۆنترین ئاماژە بۆ سەرەتایی دەرکەوتنی جەژنی نەورۆز دابنێت. ئەوەش بەوەی ئەو دەوڵەتە بە نزیکترین دەوڵەت دادەنرێت لە مێژووی کۆندا، کە (ڕەگەزی کورد)تێدا دەرکەوتبێت و لە دەرکەوتنی ساڵنامەی کوردییەوە نزیک بێت، چونکە ئاماژەکان بۆ سەلماندنی ئەوەی، کە ھەریەک لە کۆمەڵ و گەلانی کۆنی وەک (سۆمەری و سوئی و لۆلۆبی و کوتی و کاشی و میتانی و نائیری و خوری) کورد بووبن، بەھێز نین. ئەوەش بەو بەڵگەیەی، کە لەو سەردەمەی ئەوانی تێدا ژیاون، (کورد) وەک نەتەوە دەرنەکەوتووە، بەڵکو ئەوان وەک چەند کۆمەڵەیەک لەسەر خاکی کوردستان دەرکەوتوون، کە دواتر ڕۆڵیان لە دروستبوونی نەتەوەی کوردا بینیووە.
کاتێکیش (دەوڵەتی ماد) لەساڵی(٧٠٠) ساڵ پێش زایین وە ھێزێکی سیاسی لە شاری (ئەکباتانا) و دواتر لە ناوچەکانی دەوروبەری دەرکەوت. تۆمارەکانی مێژووش بۆ ئەوە دەچن، کە (مادەکان) یەکەمی ریشەی دەرکەوتنی نەتەوەی کورد بن، وەک (نەتەوە). ئەمەو لە لایەکی دیکەوە دەرکەوتنی ساڵنامەی کوردی لە ژێر ھەر دەق و سیاسەت و بارودۆخێکدا دانرابێت، ڕێچکەی مێژوویی خۆی وەرگرتووە و وەک ساڵنامەیەکی تایبەت بە کورد سەلمێنراوە. تاکە مێژوویەکیش بەو ساڵنامەیەوە بەسترابێتەوە دامەزراندنی دەوڵەتی مادە، کە لە سەدەی ھەشتەمی پێش زایین سەری ھەڵدا و دامەزرا، بۆیە گومانی تێدا نییە، کە (نەورۆز) وەک جەژن و بۆنەیەکی نەتەوایەتی بۆ کورد بۆ یادی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە دەگەڕێتەوە.
ئەوەشی، کە پێویستە بە لای ھەموو کوردێکەوە بێ جیاوازی ڕەگەز و ئایین و ئاستی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی وەک سەروەری و دەسکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی لێی بڕوانێت، بەستنەوەی ئەو جەژنەیە بە دەوڵەتی مادەوە، چونکە گرێدانی گەورەترین یاد و جەژنی نەتەوەیی کورد بە دەوڵەتێکی وەک (ماد)ەوە سەروەرییە. ئەویش بەم بەڵگانەی خوارەوە:
یەکەم:- سەراپای خەباتی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی لە مێژوودا بۆ گەیشتن بووە بە ماف و داوا ڕەواکانی. لەسەر ھەمووشیانەوە (دەوڵەتی کوردی) بووە، بۆیە گرێدانی ئەم بۆنەیە بە (دەوڵەتی ماد)ەوە مانای ئەوەیە، کە ئێمەی کورد بە بەڵگەی ئەو ساڵنامە و جەژنە لە مێژوودا خاوەنی دەوڵەتێکی وەک (دەوڵەتی ماد) بووین. ئەو دەوڵەتی داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام کۆسپی بەردەم دەرکەوتن و دامەزراندنی بوون، بۆیە بەستنەوەی ئەو جەژنە بە (دەوڵەتی ماد)ەوە مانای ئەوەیە، کە ئێمە خەباتەکەمان ڕەوایە و کوێرانە شوێن ڕێگەیەکی نادیار نەکەوتووین.
دووەم:- لە دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی ماد لەسەر دەستی (کۆرشی ھەخامەنشینی پارسی) و بە یارمەتی (ھارپاک)ی وەزیری (ئەستیاگز)ی دوایەمین پادشای ماد لەساڵی (٥٥٠پ.ز)، کورد لە خاکی خۆیدا بووە ژێر دەستە. لەو سەردەمەشەوە لە لایەن زلھێزە یەکێک لە دوا یەکەکانی ناوچەکە و جیھانەوە داگیرکراوە. تەنانەت ھەتا ئێستاش جگە لەو بەشە ئازاکراوەی باشووری کوردستان لە (ھەرێمی کوردستان ئێراق)دا، کە لە بەھاری (١٩٩١ز) لە ھەر (سێ) پارێزگای (دھۆک، ھەولێر، سلێمانی) سەربەخۆیی بەخۆوە بینیووە و خاوەنی حکومەتێکی خۆماڵی خۆیەتی، نزیک بە (٨٨%) خاکی کوردستانی گەورە داگیرکراوە. بەو پێیەشی خەونی ھەموو کوردێکیش لە ڕابردوو و ئێستادا، گەیشتن بووە بە (دەوڵەتی کوردی)، بۆیە شوێنی خۆیەتی ئەو جەژنە وەک یادی ئەو دەوڵەتە مێژووییەی کوردستانی کۆن و کورد بکەینەوە.ھەروەھا بیکەینە پەیامێک لە دژی ئەوانەی کوردیان وەک (نەتەوە) و کوردستانیان وەک (خاکێک بۆ کورد) قبوڵ نییە.
سێیەم:- بەستنەوەی یادی جەژنی نەورۆز بە دەوڵەتێکی وەک (ماد)ەوە، بەڵگەی ئەوەیە، کە کورد لە کۆندا سەرباری بوونی قەوارەیەکی سیاسی، خاوەن سیاسەتی خۆشی بووە، بەوەی ھاوپەیمانی لەگەڵ کلدانییەکاندا کردووە بۆ لێدانی (ئاشوورییەکان)، کە سەرئەنجام بە ڕووخاندنی ئیمپراتۆریتی ئاشووری لەساڵی (٦١٢پ.ز) کۆتایی پێھات. ئەو ئیمپراتۆیەتەی بۆ ماوەی زیاتر لە (دوو ھەزار) ساڵ دژایەتی دانیشتوانی کوردستانی کۆن کرد و بەردەوام لە ھەوڵی داگیرکردنی خاکەکەیدا بوو.
چوارەم: ئەگەر ئێمەی کورد لە (دەوڵەتی ماد)وە سەیری مێژووی جەژنی نەورۆز نەکەین و ئەو جەژنە نەتەوەییە ببەستینەوە بە ئەفسانەکەی (کاوەی ئاسنگەر و زوحاکی ستەمکار)، دەکرێت بپرسین، کە ئایا ئەو ڕووداوە چی لەسەر ئێمە زیاد کردووە و چ سوودێکی پێگەیاندووین؟ واتە ئەگەر مەبەست لەو ئەفسانەیە و یادکردنەوەی بۆ ئەوە بێت، تا بە داگیرکەرانی کوردستان بڵێین، کە ئەگەر ئێوە (زوحاکی ستەمکاری سەردەمە بووبن، ئەوا بۆ ھەر سەردەمێک کاوەیەکی ئاسنگەر بووە، لێتان بدات و لە دەسەڵات دوورتان بخاتەوە)، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاستییەشدا، ئەی بۆ نەپرسین، کە لەگەڵ ئەوەی مێژووی نەتەوایەتیمان ھەزاران قارەمان و تێکۆشەری بەخۆەوە بینیووە و زۆربەیان خۆیان کردۆتە قوربانی خاک و نیشتمان و نەتەوەکەیان، بەڵام ئەو ھەموو قارەمان و قوربانیانە ھیچی لە خەبات و تێکۆشانی ئێمە سەوز کردووە؟ یان لانی کەم خەباتی ئەو ھەموو قارەمانانەی مێژووی نەتەوایەتیمان، کوردی لە سەدەی بیست و یەکدا بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ گەیاندووە و لە ژێر دەستی داگیرکەرانی کوردستان ڕزگاری کردووە؟ بێگومان نەخێر. ھەربۆیە باشتر و زانستیتر بووە، کە لێرە بەدوا وەک دامەزراندنی دەوڵەتی ماد لەو جەژنە نەتەوەییە بڕوانین.
ئەوەش (دوو) سوودی گەورە بە خۆمان وەک کورد و مێژووەکەمان و ئایندەی سیاسیمان دەگەیەنێت، ئەوانیش:
یەکەم: بە ھاوڵاتیانی نێوخۆمان و دۆستان و تەنانەت نەیارەکانیشمان دەڵێن، کە ئەو تاکە جەژنە نەتەوەییەی ئێمە وابەستەی ئەفسانەیەک نییە وەک لە ساڵانی ڕابردوودا بۆی چووین، بەڵکو مێژووی جەژنەکە وابەستەی مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتێکە بە ناوی (دەوڵەتی ماد)، کە ھەر لەو دەوڵەتەشەوە ساڵنامەیەکی بۆ ئێمەی کورد لێ دەرئەنجام کراوە.
دووەم: بەو مێژووە بە خۆمان و دۆست و نەیارەکانیشمان دەڵێن، کە ئێمە نەتەوەیەک نین، ئەفسانە بکەینە پێوەری مێژوو و جەژن و بۆنەکانمان، بەڵکو ئەفسانەکان تەنیا وەک چەند دەقێکی ئەدەبی سەیر کراون، نەوەک مێژوو و جەژن و ستراتیجییەتی ئایندەی نەتەوە و خاکەکەمانی لەسەر دابڕێژین.
لێرەوە بە ھەمووان دەڵێن، کە ئێمە نەتەوەیەکی خاوەن مێژووی ڕاستەقینەین، نەوەک مێژووییەک لەسەر داستان و ئەفسانەکان بنیاتنرابێت. ھەربۆیە باشترە لێرە بە دوا ھەموومان وەک (کورد) و لە سەرتاسەری کوردستان (نەورۆز) وەک یادی دامەزراندنی (دەوڵەتی ماد) بکەینەوە. نەوەک بیبەستین بە ئەفسانەیەکی ھەڵبستراوی وەک (کاوەی ئاسنگەر و زوحاکی ستەمکار!). ئەو ئەفسانەیەی نە ھیچیان لە بارودۆخی ئێمەی کورد گۆڕیووە، نە لێی دەگۆڕن، بەڵکو تەنیا ئەوە نەبێت، کە ساڵانە بە یادی (کاوەی ئاسنگەر و زوحاکی ستەمکار)ەوە لاو و خوێن گەرمەکانی کوردیان ڕاپێچی زیندانە تاریکەکانی دوژمنان بە کورد کردووە! ئەوەش بۆ ئەوەی ژمارەی قوربانییەکانمان زیاد بکات، بەڵام کاتێک یادەکە بە دەوڵەتێکەوە ببەستینەوە زیاتر لە مافەکانمان نزیک دەکەوینەوە، چونکە گێڕانەوەی جەژنێکی نەتەوایەتی بە ئەفسانەوە مانای گەیشتنە بە مافەکان بە خەیاڵ و خەون. بەستنەوەشی بە دەوڵەتەوە واتە گرێدانەوەی بە واقعێکی ڕاستەقینەی مێژووی، کە دەبێت پێ بگەین. دیارە ئەوەش دوای ئەوەی ڕٍێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (شەست و چوارەمین) کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە (١٠ی مایسی٢٠١٠ز) بەپێ بەندی (٤٩)ی کارەکانی، جەژنی نەورۆزی وەک جەژنێکی جیھانی بە فەڕمی ناسی و خستیە نێو چواچێوەی ئەو جەژنە جیھانیانەی لەلایەن چەند نەتەوە و کۆمەڵگایەکەوە یاد دەکرێنەوە، کە یەکێک لەوان (نەتەوەی کورد)ە.