بەزۆری کوردستانی سەردەمی عوسمانی لە لایەن مێژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کوردەوە وا وەسف دەکرا؛ لە جۆرێك چەرخی زێڕیندا بووە. هەڵبەت وەک چەرخێک تێی دەڕوانرێت کە وا بە شێوەیەکی لەناکاو کولتوورێکی بەرزی چەسپیوی تێدا دەرکەوتووە لە چوارچێوەی میرنشینە کوردییە ئۆتۆنۆمیدارە گەشەکردووەکاندا. لەم وێناکردنە پێشوەختەدا ئایدیا و بۆچوونێک دێتە ئاراوە کە وا کێشەی هاوچەرخی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی، لەگەڵ هەڵگیرسانی پڕ لە ترۆما و هێدمەی (جەنگی جیهانیی یەکەمدا) ڕاستەوخۆ لە ئایدیاڵێکی ڕابردووی عوسمانییەوە سەری هەڵداوە. لەگەڵ ئەوەشدا، با سرووشتی تەموومژی چەمک و تێگەیشتنی کوردستانی عوسمانی لەبیر نەکەین، چونکە لەوانەیە ملکەچیی کوردیش بگەیەنێت بۆ “ئیمپراتۆرییەتی تورکی” و ئیسلام لە چاوی کوردە نەتەوەییەکانەوە. بەهەرحاڵ، بەدەگمەن چەرخ و سەردەمەکانی پێشوو ڕەچاو دەکرێت لە پرۆسەی دیاریکردنی هەل و مەرجی ڕوونیی دیاردەی ترانسمێژوویەکی کورددا. ئەم باسە جەخت لە سەر دیدگایەکی درێژخایەن دەکات، بەستراوە بەوەوە کە وا شیکارێکی کۆمەڵایەتیی سیاسی پێویستە بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتنی ئۆتۆنۆمیی میرنشینەکان لە ماوەی سەردەمی عوسمانیدا. من هەوڵدەدەم کە هەردوک بنەماکانی پێش عوسمانیی ئیمارەتە کوردییەکان و دۆخی ئاڵۆزی میرنشینە کوردەکانی عوسمانی و پەیوەندییان لەگەڵ سەنتەری عوسمانیدا لێکبدەمەوە، لە سەدەکانی پانزەوە تا نۆزدە. هەڵبەت پێکهاتە و بووژانەوەی میرنشینە کوردییەکان لە ماوەی سەرەتای چەرخی نوێی عوسمانیدا لە سێ هۆکاری سەرەکییەوە سەرچاوەی گرتووە:-
(1) ئەو بارودۆخە جیۆپۆڵیتیکییە ناوچەییە تایبەتانەی کە دۆخێکی هەلپەرستیی جۆشدانی سیاسەتە کوردییەکانی دروستکردبوو بۆ قەواری عوسمانی.
(2) بوونێکی دوور مەودای ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سیستەمێکی ناوخۆیی کورد کە لە دۆخی کەوتنە نێوانی خاک و ناوچەکانی کوردەوە هاتبووە ئاراوە.
(3) بەرهەمهێنانەوەی نەخشەیەکی سیاسیی کۆن و باش پێ ڕاهاتوو لە نێوان دەسەڵاتدارانی کورد و هێز دەسەڵاتە گەورەکانی ناوچەکەدا.
بەو پێیە بێت کوردستانی عوسمانی دراوێکی دوو دیو یان لایەنە بووە، کە لایەکی سیاسیی ناوخۆی بچووکی کوردی بووە لەبەرانبەر لایەکی سیاسیی گەورەدا کە وا بەند بووە بە سیاسەتی چواردەوری سەڵتەنەتی عوسمانییەوە. ئەو سێ کایەیەی لەسەرەوە باسکران یەکلاکەرەوەن لە دەسنیشان کردنی دۆخی کورد لە مەودایەکی دووردا. وادیارە ئەم هاوکێشەیە بە هەلومەرجی ئەنسرۆپۆڵۆجیی ناوخۆیی دیاری دەکرێت لە ڕێگەی کۆمەڵێکی دیاریکراو لە سیاسەتە ئیمپراتۆرییەکان کە بە شێوەیەکی دژوار (پارادۆکس) مۆرکی نزیکخستنەوە و دوورخستنەوەی لەخۆگرتبوو. بەو پێیە، کوردستان و هەر یەکە لە میرنشینەکانی کوردی عوسمانی بە نیمچە چواردەور و تەواو ببینرێت بەڵام پەراوێزکەوتووش بێت، زۆر نزیک بێت لە چەق و ناوەندی عوسمانییەوە بەڵام سەربەخۆش بێت. لەم دیدگا فرەگۆڕاوانەوە، ئەم باسە دەڕوانێتە رەگ و بنەچەی میرنشینە کوردەکانی عوسمانی. پاشان لە پێکهاتەی سیاسی و کولتووریی ئەم ئیمارەتانە دهدوێ پێش ئەوەی بارودۆخی هەڵوەشانەوە و ڕووخانیان دەربکەوێت.
“پێناسەکردنی پێش مۆدێرنی پەیوەندییەکانی کورد؛ کۆچەرێتی و جێگیر بوونی ناوچەیی”
سەرچاوە عەرەبی و فارسییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست باس لەوە دەکەن ، گرووپە سەرەکییەکانی کورد لەو شوێنانەدا ژیاون ناوچەی فارس دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتیەوە و جەزیرەی سووریا ڕۆژئاوایەوە و جۆرجیا دەکەوێتە باکوورییەوە و خووزستانیش باشووری. هەمان ئەم سەرچاوانەش تێبینیی ئەوەیان کردووە ؛ کورد لە ژینگەی فرەجۆردا نیشتەجێ بوون، لە بیابانی پڕ هەردە و تەپە و تەلانەوە بۆ چیا بەرزە بە بەفر داپۆشراوەکان. بەهەرحاڵ، لەپاش ڕووماڵێکی هەمەلایەنە بۆ سەرچاوەکان لەنێوان سەدەکانی هەشت و چواردەدا، ئەو وێنەیەی دەرکەوتووە کە وا دانیشتووانێکی کشتوکاڵی و شوانکارە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا نیشتەجێن (جەیمس، ٢٠١١).
لە سەرەتای سەدەی دەوە بە هۆی نووسینەکانی ئیبن حەوقەلەوە (1939: 1/215، 240، 271)، هەواڵی کۆچ و کۆچباری کوردمان زانیوە. ناوەندی نەخشەی هەرێمی جیبالیش (إقلیم الجبال – و) کراوەتە پاشکۆی کتێبەکەیەوە (کتاب صورة الأرض) و تێیدا هەردوک هاوینەهەوار و زستانەهەواری پاکژ و پاوانی لەوەڕخۆریی کوردەکانی دیاری کردووە (مصایف الاکراد ومشاتیهم). ئەم نەخشەیە دوو سەدە دواتر لە ئەتڵەسە گەورەکەی ئیدریس ئەلئیدریسیدا (١١٥٤) بەرهەمەمهێنرایەوە. لە فەسڵی جەزیرەدا ئیبن حەوقەل ئاماژە بەوە دەکات کە ناوچەکە لەوەڕگە و هاوینەهەوار دابین دەکات بۆ کوردە هەزبانییەکان و زستانەهەواریش بۆ عەرەبەکانی بەنو شەیبان. بە هەمان شێوە، تێبینی کراوە کوردەکانی وڵاتی فارس بە هاوین لە چیاکاندا بە دوای لەوەڕدا گەڕاون و بە زستانیش داگەڕاون بۆ دەشتاییەکان. ئەم جوگرافیناسە ئیشارەت بەوە دەکات کە تەنها چەند هۆزێکی کەم تیکەڵ بەم شێوازی ژیانە نەبوون و هەندێک بەوە دادەکەوتن “کە لە ناو ئەو زەوی و ناوچە جۆراوجۆرانەدا کە خۆیان خاوەنی بوون هاتوچۆیان کردووە” بە بێ ئەم کۆچە وەرزییانە.لە سەردەمی ئیبن حەوقەلدا، جووڵە و کۆچی وەرزی لە ناو کوردەکانی وڵاتی فارسدا و ڕەنگە لە شوێنانی تریش باو بووە (ئیبن حەوقەل، 1939: 240 ؛ ئەلمەسعوودی، 1966: 3/249 ؛ قەزوینی، 1915، 74) موسعیری کوڕی موهەلهەل ئاماژە بە شەست هەزار ماڵی کورد دەکات کە لەوەڕگە و زستانە هەواریان لە شارەزووردا بووە ( ئەمڕۆ ناوچەی سلێمانییە) و هەر بەم شێوازە ژیاون. بەهەرحاڵ، یاقووت لە سەردەمی ئەییوبیدا (سەدەی سیانزە)، پاش ئەوەی قسەکانی ئیبن موهەلهەل دووبارە دەکاتەوە، دەنووسێت: “ئەمڕۆ دۆخەکە ئارامە و تەواو جیاوازە لەوەی ئیبن موهەلهەل باسی کردووە (یاقوت الحموی،1866- 1973: 3 / 375 – ٣٧٦). ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی ناوچەی شارەزوور، کە لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی بەکتەکینی تورکمانیدا بووە، چیتر خێڵە کوردە “ئاژاوەگێڕەکان” ئاژەڵیان تێدا نەلەوەڕاندووە (هەرچەندە بەگوێرەی سەرچاوە مەملووکییەکان بێت ئەوان لە سەردەمەکانی دواتردا گەڕاونەتەوە سەر ئەم شێوازە ژیانە).
بۆ ماوەی چەندین سەدە خەڵکی کۆچەری کورد لە ماوەی وەرزی زستاندا ئاژەڵەکانیان لە ناوچەکانی جەزیرە و شارەزووردا لەوەڕاندووە و زستانە هەواریان بووە. بەڵام لە وەرزی هاویندا ئەم شوێنانەیان بۆ خێڵە عەرەبەکان جێهێشتووە و خۆیان بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵات چوون بۆ ناوچەی زۆزان لە باکووری (ویلایەتی) مووسڵەوە نزیک بە دەریاچەی وان. (تێبینی: زۆازن هەموو ئەو ناوچە کوێستانیانە بووە کە خێڵە کوردەکان بۆ لەوەڕخۆریی ئاژەڵەکانیان لە هاویناندا ڕوویان تێکردووە، ئارانیش ناوچە دەشتاییە گەرمەکان بووە کە لە زستاناندا بۆیان گەڕاونەتەوە و بەم پرۆسەیە وتراوە ئاران و زۆزان یان گەرمیان و کوێستان کردن و هەروەها بەو ناوچانەش وتراوە هاوینەهەوار و زستانەهەوار – وەرگێڕ). زۆر پێدەچێت کە سەقامگیریی ڕێکخستنی ئەو شێوازە ژیانە بە هاتنی تورکەکانی بۆ ناوچەکە تێکچووبیت لە دەوروبەری سەدەی یانزەهەمدا، لەگەڵ بەرپابوونی هەندێ شەڕ و ململانێ لەنێوان کورد و خێڵە تورکمانەکاندا لەو کاتە و دواتردا (ئیبنولئەپیر، ١٩٩٨: ١٠/ ١٣٦).
بەهەرحاڵ، لەپاش سێ سەدە دواتریش وادیارە ئابووریی کۆچی گەرمیان و کوێستانی کورد هەر بەردەوام بووبێت، تەنانەت لە کاتی پشێوی و شەڕوشۆڕی سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی مەغۆلەکانیش بەسەر بەشی سەرەوەی میسۆپۆتامیادا بە هۆی ڕێکخستنی خەتی پانی ئاژەڵ لەوەڕاندنی کوردەوە، کە تا چەند کورد بەرەو ژوور ڕۆیشتووە مەغۆلەکانیش ئەوەندە ڕۆیشتوون (ماسۆن سمیپ، ١٩٩٩: ٤٥ – ٤٧). ڕێکخستنی وەرزی و هێڵی پانی لەوەڕگەکان پێدەچێت ڕێگەی لە هەر تێهەڵکێشێکی کورد و مەغۆلەکان گرتبێت. لەوانەیە لەوەڕگە و زستانەهەوارەکانی کورد زۆر ناڕێک و هێجگار وشکوبرینگ بووبێت بۆ هێشتنەوەی لەشکرێک کە دەیان هەزار سوارچاکی لەخۆگرتبێت.
وێنەی شوێنگۆڕکێ و کۆچی بەردەوامی کورد ئەو ڕاستییەی بەرانبەر دەبێتەوە کە وا لە چەرخ و سەردەمەکانی ناوەڕاستدا هەر یەکە لە هۆزەکانی کورد بەوپەڕی هێز و توانای خۆیەوە لە قەڵەمڕەوی ناوچەیەکی دیاریکراودا جێگیر بوون. لە ماوەی سەردەمی ئەیوبیدا (سەدەکانی دوانزە و سیانزە) شوێن دیاری کردن ئاسان بووە بۆیان. بەگوێرەی نووسەرانی سەدەی سیانزە، یاقووت و ئیبنولئەپیر و ئیبن خەلەکان بەشناوییەکان لە فینک و دەوروبەری بوون، هەزبانییەکان لە ناوچەی مەراغە بوون، زەرزارییەکان لە سنجار، هەکارییەکان لە جەبەل هەکاری بوون (ناوچەی ئامێدی) و حومەیدییەکان لە ناوچەی ئاکرێ بوون (جەیمس، ٢٠٠٦). لە سەردەمی مەملووکەکاندا (سەرەتای سەدەی چواردە)، ئەلعومەری (١٩٩٨: ٣/ ١٢٤ – ١٣٥)، لە ئینسکلۆپیدیا جوگرافییەکەیدا (مسالک الأبصار فی ممالک الأمصار – واتە گەشتی چاو بەسەر مەملەکەتان و وڵاتاندا)، بەتەواوی ناوی شوێنە جوگرافییەکان و خێڵەکانی تێکەڵ کردووە. دانەر یان نووسەر بە ئیقلیمی جیبالدا ڕۆیشتووە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا و ناوی ئەو خێڵە کوردانەی ڕیز کردووە کە هاتوونەتە ڕێی و یەک بە یەک لەم خێڵ بۆ ئەو خێڵ ڕۆیشتووە تا گەیشتووەتە نزیکی جەزیرە و دەنووسێت ” لەپاش ئەوان [خێڵی ئە، خێڵی بێ] دەبینین و ئەو ڕیزبەندییانەش کە بەکاردێن بەڵگەیەکی ترە لەسەر کەمیی جووڵەی ئەم خێڵانە، کە ئەندامەکانیان لە کوێ دەژین و چییان هەیە… حوکم دەکەن یان نیشتەجێی ئەم یان ئەو شوێنن. بەو پێیە، تەواو بێهوودەیە، ئەگەر بڵێێن ئەم خێڵانە تەنها بە شێوەیەکی نەریتیی هەر کۆمەڵگەیەکی کۆچەر بە ناوچەکەدا دەڕۆیشتن. بێجگە لەوەش “ئەلعومەری” باس لە ناوچەکانی هەندێ لە خێڵەکان دەکات وەک شوێنی نیشتەجێبوونیان و هەواریان و “نیشتمانیان”. هێزەکانی خەفارەت یان پاراستنی ئەو باجەی لەلایەن ئیمپراتۆرییەتەوە دەبەخشرایە هەندێ لە میرەکان و خێڵە کوردەکان – شان بە شانی هەمان ئارگومێنتی هەرێمی دەڕۆیشت. لەگەڵ ئەو ڕاستییەشدا نیمچە کۆچەری و کۆچباری دیاردەیەکی زۆر بەهێز بووە لە شێوازی ژیانی کورددا، بەڵام ئەمە تاقە شێواز نەبووە و ناوچەی قەڵەمڕەوی خێڵەکان و شوێنی نیشتەجێبوونیان تەواو ئاسان بووە بۆ دەسنیشان کردنیان. بێجگە لەوەش، لە کاتێکی زوودا دەکرا ڕووبەرێکی کورد ئەگەر ناوچەیەکیش نەبوایە دەسنیشان بکرێت تەنانەت ئەگەر زۆر ڕوونیش نەبوایە (جەیمس، ٢٠١٩). بەو پێیە، کوردەکان وەک کۆمەڵێکی ئیتنیکی و ناوچەیی وادیارە کەوتوونەتە شوێنێکی نێوان دوو کۆمەڵی سەرەکیی خەڵکی کۆچەرەوە، کە بەدووە عەرەبەکان لەلایەک و گەلانی تورکی مەغۆلی لە لایەکی ترەوە.
بۆ ئەنجامگیری لەسەر پرسی جووڵە، پێویستە ڕۆشنایی بخرێتە سەر ئەوەی کە وا گەلێ لە تاکەکانی کورد و خێڵەکان کۆچیان کردووە بۆ شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک (بەغدا، مووسڵ، حەڵەب، دیمەشق، قاهیرە،… تاد.) لە کاتێکی زووی سەدەی یانزەهەمەوە. ئەم کۆچکردنە ئەوەی لێکەوتەوە کە وا کوردەکان لە ناو گەڕەک و شوێنی نیشتەجێبوونی نیمچە شارستانیدا بەردەوامی بە شێوازی ژیانی کۆچەری یان نیمچە کۆچەری بدەن، یان لە ناو شارەکاندا پەیڕەویی شێوازی ژیانێکی شارستانی بکەن. بێجگە لەمەش، داگیرکاریی مەغۆل لە ماوەی سەدەی سیانزەدا بوو بە هۆکاری جووڵە و کۆچێکی هێجگار گەورەی دانیشتووانە کوردەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەرەو ڕۆژاوا بڕۆن، بۆ سووریا و فەلەستین. بەڵام هەموو ئەم کۆچانە گواستنەوەی هەمیشەیی نەبوون چونکە ئەڵقەی پەیوەندی لەگەڵ دەڤەرە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتدا هەر مایەوە و پارێزرا. ئەم خەڵکانەی کە لە جیهانێکی فرە سەنتەردا ژیان دەکرێ تاکەکەس ببەسترێت بە ئابووری و کۆمەڵگە و سیاسەتی سەرەکیی سەنتەرە شارستانییەکانی وەک دیمەشق و بەغداوە، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندیی خۆیان بهێڵنەوە بە خێڵەکانیان و ئابووریی گوێزراوە و “ناوچە کوردییەکانیانەوە”.
“یاسا و ڕێسای کورد؛ لەنێوان دەمارگرژی (عەسەبییەت) و هاوپەیمانیدا”
ڕەگەزی یاسا و ڕێسای ناوخۆیی لە خاکی کورداندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێ لەسەر دوژمنکاری و چارەسەری کێشە و ململانێکان دادەگرێت. یەکەم، بێ ئەوەی بچینە وردەکاریی زۆرەوە دەکرێ بڵێین؛ کە وا دابەشبوونی خێڵە کوردەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەردەوام یەک شەڕی ئەویتریان کردووە و لەڕاستیشدا تا ڕادەیەک دەکرێ وا باسی ئەو ناکۆکی و ململانێیە بکەین وەک کار و فەرمانێکی بوونیادیی کۆمەڵگەی کوردی لەو کاتەدا. ئەم ڕێسایە نەدەکرا بەردەوام بێت بێ میکانیزمی چارەسەری ئەو کێشە و ناکۆکییەی کە هاوسەنگیی دەگێڕایەوە و لەمەدا بە دیاریکراوی پەیڕەویی یاسای شەڕ و ئاشتییان دەکرد. هەڵبەت جەنگ گشتگیر نابێت، چونکە هۆکاری بەرپابوونی تەنها لەو چارەسەرەدا خۆی دەبینێتەوە. وەک “ئەلعومەری” ئاماژەی پێدەکات، کاتێ کە دوو خێڵ یان هۆز دەکەونە حاڵەتی شەڕەوە، بۆ نموونە چەشنی زێبارییە و مازەنجانییە، ئەوە دەبێت لەکۆتاییدا هەر ئاشتببنەوە (ئەلعومەری، ١٩٨٨: ٣/١٣٣). ئەوەی دادەنرێت شەڕەکەی دۆڕاندووە داوای لێخۆشبوون ( ئەمان) دەکات و ملکەچی ئەویتر دەبێت بێ ئەوەی تووشی شوورەیی و ئابڕووچوون ببێت. هەروەها خێڵە کوردەکان لەناوخۆیاندا هاوپەیمانیشیان دەکرد، بەتایبەتی لە حاڵەتی شەڕکردن دژ بە دوژمنە دەرەکییەکانی چەشنی غوززی تورکی لە سەدەی یانزەدا (ئیبنولئەپیر، ١٩٩٨: ٨/ ١٧٧ – ١٧٨). بە هەمان شێوە دەتوانرێت پەیوەندیی دۆستانەی نێوان دوو خێڵی دەراوسێ یان زیاتر ببەسترێت، چەشنی ئەوەی نێوان مەرکە وان لەلایەک و زەرزارییە و جولەمێرکییە لە لایەکی ترەوە، لە سەردەمی مەملووکییەکاندا (ئەلعومەری، ١٩٨٨: ٣/١٣٢). هەروەها دەکرێ خولی جەنگی خێڵەکی بە دوو بەهای سەرەکیی خێڵ لێکبدرێتەوە، کە ئەوانیش یەکگرتوویی ڕیزەکانی ناوخۆی خێڵ خۆیەتی و میوانداری و بەخشندەیی لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆیدا. یەکگرتوویی ناوخۆیی خێڵ هەندێ جار پێیدەوترێت “عەسەبییەت”، کە بە زیمنی بەشداریی هەموو ئەندامانی دەگرێتەوە لە گیانی تۆڵەکردنەوەدا lex talionis. بێجگە لەوەش، ڕێز نەگرتنی هەر خێڵێکی دیاریکراو بۆ یاسا و ڕێسای نەنووسراوی میوانداری و بەخشندەیی ڕەنگە سەری بکێشایەتەوە بۆ دەستێوەردانی تووندوتیژانەی خێڵەکانی تر. ئەم پرەنسیپە بنەڕەتییانە سیستەمێک لە گەمەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئاڵۆز دەگەیەنن. بەڵام ئەمانە، بە ئەندازەی پرەنسیپی ڕەچەڵەک چوارچێوەی سیمبۆڵییان هەبووە بۆ حوکم کردنی فۆرمی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە ناو کوردەکاندا و ڕێگەیان لە ئەگەری دەسکاریی بنەماکانی دەگرت. بە هەمان شێوە ئەم یاسا و ڕێسا نەنووسراوانەش قەڵغانێکیان پێکدەهێنا دژ بە دەستێوەردانی دەرەکی و هەروەها دابینکەری سەربەخۆیی خێڵ بوون و لە پشتی ئەوەشەوە وەک توخمی ئایدیاڵ کاریان دەکرد بۆ ستراکتووری ڕاگرتنی خاک و قەڵەمڕەوی کورد و سنوورەکانی.
سەرەڕای ئەو عورف و یاسایانەی بواریان بۆ خێڵەکان دەڕەخساند کە زاڵبن بەسەر حاڵەتی بەردەوام بوونی شەڕ و پشێوی بەڵام ئاڕاستەیەکی ترە کە وا جێگیربوونی سیاسسیی ناوخۆیی و یەکگرتنی خێڵەکی دەڕەخسێنێت. لە سەردەمی کلاسیکی بەملاوە (سەدەی دە) حوکمڕانە بچووکەکان توانای خۆیان پێشانداوە لە کۆکردنەوەی خێڵ و هۆزە کوردەکان. هەڵبەت پێویست ناکات باس لە مێژوویەکی دوورودرێژی ئەم سەردەمە بکرێت و ڤلادیمیر مینۆرسکی وەک “ئاوازی ناوبەینی ئێرانی” ناوی بردووە و بەتایبەتی سەرهەڵدانی میرنشینە دەیلەمی و کوردییەکان لە ماوەی سەدەکانی دە و یانزەدا (مینۆرسکی، ١٩٥٣). ئەوە بەسە بگوترێت کە وا ژمارەیەک لە قەوارەی بنەماڵەیەک هەن، بۆ نموونە شەددادییەکانی خێڵی ڕەوادی لە کۆنفیدراسیۆنی هەزبانییە (لە سەدەی دەوە بۆ دوانزە) لە (ئازەربایجان و ئەرمینیا) و هەروەها ڕەوادییەکان، کە ئەمانیش سەر بە هەزبانییەکانن (لە سەدەکانی نۆ و دەدا) لە ئازەربایجان و مەروانییەکان کە بە بنەچە حومەیدین (لە سەدەکانی دە و یانزەدا) لە دیارباکر و دەوروبەری دەریاچەی وان و حەسناوییەکانی سەر بە خێڵی بەرزیکانی (سەدەکانی دە و یانزە)، کە حوکمی حەلوان و دینەوەر و نەهاوەندیان دەکرد تا ناوچەکانی هەمەدان و شارەزووریش. ئەم بنەماڵانە کە لە خێڵێکی تایبەتییەوە سەرچاوەیان گرتووە چەندین کۆمەڵ و گرووپی تریان یەکخستووە و ڕۆڵی نێوەندگیریان لە نێوانیاندا بینیوە. بەپێچەوانەوە، ئەو خێڵانەی لەم پرسەدان دەکرێ وەک خێڵگەلێکی مەلیک درووستکەر دابنرێن کە وا ئەم دۆخەیان بە هەل زانیوە بۆ ئەوەی بەهێزتر پەرەبسێنن لە ناو هێز و توانای ئەو بنەماڵانەدا کە ناویان هاتووە. مەروانییەکان بە پەرەپێدانی کولتوورێکی پوخت ناویان دەرکردووە و نموونەیەکی سەرکەوتوون بۆ خێزانێک کە لە کۆنفیدراسیۆنێکی خێڵەکییەوە گواستوویانەتەوە بۆ میرنشینێکی بەهێز و نیمچە مەملەکەتێک (ڕیپەر، ٢٠٠٠).
بۆریس جەیمس
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق