ئه‌م وتاره‌ی به‌رده‌ستتان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که خه‌سارناسییه‌کی باش و ورد، به پشتبه‌ستن به کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌ی سه‌رده‌می حوکمڕانی په‌هله‌ویی یه‌که‌م و ڕه‌زا شا، ده‌خاته ڕوو. پرۆژه‌ی مودێڕنکردنهوهی ئێران به زۆره‌ملی و تۆپزی و به‌دواداهاته‌کانی یه‌کسانسازیی و یه‌کسانکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئیتنیک و، نه‌ته‌وانه‌ی که له جوگرافیایه‌ک به ناوی ئێران‌دا ده‌ژین له ڕووی که‌لتوور و جلوبه‌رگ و زمانه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و به پرۆژه‌یه‌کی زۆره‌ملی و ناته‌ندروست، نه‌ک پرۆسه‌یه‌کی خۆڕسک و ئۆرگانیک و سرووشتی باسی ده‌کات، به‌ڵام خۆی به‌ده‌ر نییه له ده‌سته‌واژه و کایه‌ی دیسکۆرسیڤی ئه‌و گوتار و دیسکۆرسه‌ی که خۆی به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ره‌خنه‌ی لێ گرتووه، به‌رپه‌رچێکی تیۆریک و کۆمه‌ڵناسانه و مێژوویی داوه‌ته‌وه، به تێڕوانینێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه ده‌کرێ بڵێین؛
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که وتاره‌که کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌ی گرینگ ده‌خاته ڕوو، به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان هه‌ر جۆره ڕه‌تکردنه‌وه و نه‌هێشتنی ئه‌ویدی له ڕووی زمانییه‌وه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، به‌ڵام به هۆی به‌رگریی له پێگه و جێگه‌ی تایبه‌ت و سه‌رتری زمانی فارسی و داڕشتنی پلان و به‌رنامه بۆ گه‌شه‌پێدانی له سه‌رتاسه‌ری دونیادا و، هه‌روه‌ها به‌کاربردنی وشه‌گه‌لێکی وه‌کوو “محلی”(ناوچه‌یی، خۆجێیی) که له کۆنتێکسته سیاسییه‌که‌یدا مانای لاوه‌کی و په‌راوێز و بچووک و ناگرینگ ده‌گه‌یه‌نێت، لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌م هه‌وڵه ئه‌کادیمی و زانستییانه‌ی زانکۆکانی ئێران به گشتی و زانکۆی ته‌ورێز به تایبه‌تی ده‌رده‌که‌وێت که ئیراده و نیازپاکییان به ئاڕاسته‌ی ڕوانینێکی واقیعبینانه بۆ دۆخی زمانی و شووناسی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. واته ئه‌گه‌رچی ڕۆح و کرۆکی وتاره‌که ڕه‌تکردنه‌وه و ڕه‌خنه‌یه له‌سه‌ر هاوکۆکی و هاوڕایی ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیری سه‌رده‌می په‌هله‌ویی یه‌که‌م و ڕه‌زا شا، بۆ سه‌پاندنی زمانی فارسی وه‌کوو ئامرازێکی یهکسانساز و یهکانگیرکهر به ئاڕاسته‌ی نه‌ته‌وه‌سازیی ئێرانی(فارسی)دا، به‌ڵام لێره‌شدا هه‌ر هه‌مان ئامانج هه‌یه، به‌ڵام به شیواز و ستراتیژێکی دیکه، واته؛
لێره‌دا لایه‌نی دژایه‌تیی زمانه‌کانی دیکه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ناکرێت کال بووه‌ته‌وه، ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین ئه‌م به‌ڵگانه که باس له جێگیرکردنی زمانی فارسی له قوتابخانه‌کان و لاوازکردنی زمانه‌کانی دیکه له کوردستان و خوزستان و…ده‌که‌ن، هاوکاتیش پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که زمانی کوردی قه‌ده‌غه بێت له قوتابخانه‌کان و مامۆستا و قوتابی نابێ پێکه‌وه کوردی قسه بکه‌ن، بۆ پێکانی سه‌د له سه‌دی ئه‌م ئامانجه‌ش؛ هێنانی مامۆستا غه‌یری کورد و فارسه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ده‌خه‌نه ناو پرۆژه‌که‌یانه‌وه که مووچه‌یه‌کی زیاتریشیان بۆ دابین ده‌که‌ن، تاکوو ناو‌کی ئامانجه‌که‌یان پێکابێ. ئه‌م وتاره ڕه‌خنه له‌و حاڵه‌ته زۆره‌ملی و تۆپزییه ده‌گرێت، به‌ڵام له ئه‌نجامدا به هه‌ر هۆیه‌ک بێت خۆی ناپه‌رژێته سه‌ر ئه‌وه‌ی که بۆچی ده‌بێ زمانی فارسی له هه‌موو گۆشه و قوژبنێکی دونیا په‌ره‌ی پێ بدرێت، به‌ڵام زمانی کوردی هێشتا له قوتابخانه‌کان نه‌بووبێت به زمانی خوێندن و چالاکانی بواری زمانی کوردی بگیرێن؟ هۆکاره‌که‌ی ڕه‌نگه یه‌کیان ئه‌مه بێت که فه‌زای ئه‌کادیمی و زانکۆیی ئێران له ژێر هه‌یمه‌نه و ده‌سه‌ڵاتی تێڕوانینی سیاسی و ئه‌منی نیشتیمانی ئێرانیدایه، یه‌کی دیکه‌شیان هاوکات هاوکۆکی و هاوده‌نگیی ڕۆشنبیران و ده‌سه‌ڵات بێت بۆ جێبه‌جێکردنی پرۆژه و پلانێکی دیکه‌ی نه‌رمونیانتر که هه‌مان ئامانجه‌کانی ڕه‌زا شا به ڕیگه و ڕێبازێکی دیکه بپێکیت. که خودی ئه‌م دوو هۆکاره تێکه‌ڵ و ته‌واوکه‌ری یه‌کترین. یه‌کێک له‌و ده‌سته‌واژه و وشانه‌ی که له مێژه له ئێران‌دا به کار ده‌برێت “محلی” واته ناوچهییبوونه و بۆ ئه‌و زمان و که‌لتوورانه‌ی به‌کار ده‌چێت، که فارسی نین ئیتر له تورک و کورد و عه‌ره‌ب و گیله‌ک و مازه‌نی و تالشیهوه هه‌موو ده‌گرێته خۆ، لایه‌نی ئایرۆنی و ته‌نزاوی بابه‌ته‌که ئه‌وه‌یه که وشه‌ی محلی له زمانی فارسی‌دا به زۆری دوو کارکرد و ده‌لاله‌تی هه‌یه، یه‌کیان؛ ئه‌وه‌یه که وه‌کوو وتم، بۆ زمان و که‌لتوور و…دیکه‌ی غه‌یری فارسی دوور له پایته‌خت به‌کار ده‌برێت و یه‌کی دیکه‌یان؛ بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه خۆماڵییانه‌ی وه‌کوو ماست و په‌نیر و دۆ به‌کار ده‌چێت که له شوێنه‌کانی دوور له پایته‌خت و ناوه‌ند دروست ده‌کرێن و به جۆرێک له جۆره‌کان ئه‌میش هه‌ڵگری تامێکی تایبه‌ت و ڕه‌سه‌ن و جیاوازه، به‌ڵام نه ناوه‌ندییه نه هه‌میشه‌ییه و نه جیگیر ته‌نها محلییه و گونده‌کی! ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی که لێره‌دا باسم کرد ته‌نها کڵاوڕۆژنه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌تی ڕاسته‌قینه‌ی گوزار و ڕسته‌کانی ناو وتاره‌که له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی نووسین و هه‌وڵه ئاکادیمییه‌کان و خواستی ده‌سه‌ڵات پێکه‌وه ببینین و ئه‌وجار به باشی ورد بینه‌وه له کرۆک و ڕۆحی وتاره‌که، و سه‌ره‌ڕای بینینی ده‌لاله‌ت و هه‌وله باش و ئه‌رێنی وزانستییهکه لایه‌نی لاواز و جێگه‌ی ڕه‌خنه‌شی بۆمان ڕوون و دیار بێت.
1-زمان و نه‌ته‌وه‌سازیی.
به سه‌رنجدان به ڕۆڵی زمان له یه‌کده‌نگی و هاوکۆکی گشتی، ده‌کرێت وه‌کوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی و گرینگ‌ترین پێوه‌ری دروستکردنی نه‌ته‌وه‌کان و دیاریکردنی شووناسی ئینسانه‌کان له‌قه‌ڵه‌می بده‌ین. هه‌ر بۆیه؛ زمان ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی له دروستکردنی بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستییه‌کاندا هه‌بووه، هۆکاری سه‌ره‌کیش بووه له به‌دیهاتنی وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی له ناو نه‌ته‌وه نوێکانی ئه‌ورووپا. له ناسیۆنالیزمی به‌رمه‌به‌ستی ڕۆشنبیرانی سه‌رده‌می قه‌جه‌ردا زمانی فارسی گرینگی و پێگه‌یه‌کی به‌رزی هه‌بووه. فه‌تحعه‌لی ئاخوندزاده؛ نووسه‌ر ڕۆشنبیر، چاکسازیی، گۆڕین و سڕینه‌وه‌ی وشه عه‌ره‌بییه‌کان له زمانی فارسی‌دا کرد به بواری کار و چالاکی و تیکۆشانی خۆی. پاش ئه‌و میرزا ئاقا خانی کیرمانی و جه‌لاله‌دین میرزای قهجهریش هه‌ر له‌م پێناوه‌دا تێده‌کۆشان. ڕۆشنبیران و پیاوانی ده‌وڵه‌ت له سه‌رده‌می په‌هله‌ویی یه‌که‌میشدا به ئاگاداربوون و وشیاری له‌سه‌ر ڕۆڵی مێژوویی زمانی فارسی له پته‌وکردنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و زاڵبوونی هه‌ژمونیکی ئه‌م زمانه به‌سه‌ر زمانه‌کانی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، په‌ره‌پێدانی زمانی فارسییان کرد به پێوه‌ر و ته‌وه‌ری بنه‌مایی و سه‌ره‌کی سیاسه‌تی یه‌کسانسازیی و یه‌کده‌ستکردنی که‌لتووری. له ڕوانگه‌ی ڕۆشنبیرانی (ئه‌ڵقه‌ی به‌ڕلین) که کاریگه‌رییه‌کی ئێجگار زۆریان له سیاسه‌ته که‌لتوورییه‌کانی سه‌رده‌می په‌هله‌ویی یه‌که‌م هه‌بوو، زمانی فارسی گرنگییه‌کی زۆری هه‌بوو. زۆربه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه بوون “که یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی ته‌نها له چوارچێوه و قه‌واره‌ی دوو هێزی بنه‌ڕه‌تی واته که‌لتوور و زماندا ده‌پۆڕێت و دێته ئاراوه و جگه له دوو بواری ئایین و زمان، ده‌بێت له هه‌موو شته‌کانی دیکه‌دا پێڕه‌وکار و ملکه‌چی ڕۆژئاوا(ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا) بین.” گۆڤاری “کاوه” یه‌کێک له ڕێگه‌چاره‌کانی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی به پاراستنی زمانی فارسی ده‌زانی، له هه‌موو قۆناغه‌کانی ده‌رچوونیدا هیچکات بۆ چه‌سپاندنی زمان و ئه‌ده‌بی فارسی وه‌کوو تاقهزمان و ڕاستی و پێوه‌ر له هیچ هه‌وڵێک درێخی نه‌کرد. مه‌حموودی ئه‌فشار، ئامراز و ئامێری گه‌شه و که‌ماڵی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی له ئێران‌دا گشتاندنی زۆره‌ملی و گه‌شه‌پێدانی زمانی فارسی و له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌کان، له ڕووی جلوبه‌رگ و پۆشاکه‌وه ده‌زانی و باوه‌ڕی وابوو که (کورد و لوڕ و قه‌شقایی و…نابێ هیچ جیاوازییه‌کیان پێکه‌وه هه‌بێ و هه‌ر کامه‌یان جلوبه‌رگ و زمانێکی تایبه‌تیان هه‌بێت)، که‌واته هه‌موومان ده‌بێ یه‌کدڵ و یه‌کده‌نگ بمانه‌وێ و تێ‌بکۆشین، زمانی فارسی له هه‌موو جوگرافیای ئێران‌دا جێگیر بێت و جگه له‌م زمانه، به هیچ زمانێکی دیکه قسه نه‌کرێت و به‌ره‌به‌ره جێگه‌ی زمانه نامۆکان بگرێته‌وه. ئه‌حمه‌دی که‌سره‌وه‌ی بۆ دروستکردنی یه‌کپارچه‌یی سیاسی، جوگرافیایی و هاوشێوه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌بوونی یه‌ک زمان و یه‌ک ئایینی هاوبه‌شی به پێویست ده‌زانی تا شوێنێک که گۆڤاری “په‌یمان” دروشمی خۆی به‌م شێوه‌یه ده‌ربڕیبوو؛ یه‌ک ئاڵا، یه‌ک ئایین، یه‌ک زمان.
ئه‌و خوازیاری ئه‌مه بوو که زمانه جۆراوجۆره‌کان له‌وانه (تورکی، عه‌ره‌بی، ئه‌رمه‌نی، ئاشووری و نیوهزمانهکانی پارێزگاکان له‌وانه گیله‌کی، کوردی(به وته‌ی که‌سره‌وه‌ی!)، لوڕی، شوسته‌ری و وه‌کوو ئه‌وانه) له‌ناو ببرێن و، هه‌موو ئێران خاوه‌نی زمانێک بێت که هه‌مان زمانی فارسییه. “عیسا سدیق”، یه‌کێک له که‌سه کاریگه‌ره‌کان له سیاسه‌ته که‌لتوورییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش باوه‌ڕی وابوو که هیچ هێز و هۆکارێک وه‌کوو یه‌کێتی زمان ناتوانێت نه‌ژاده جیاوازه‌کان پێکه‌وه یه‌ک بخات و یه‌کێتی زمان ده‌بێته هۆی یه‌کێتی بیر و هه‌سته‌کان. سه‌عیدی نهفیسیش، نه‌ته‌وه‌ی به کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک ده‌زانی که له زمان و ئه‌خلاق و دابونه‌ریت و باوه‌ڕ و ئایین و جلوبه‌رگ و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و هیوا و ئاوات و…یه‌کسان بیر بکه‌نه‌وه.
2.دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی نوێ له کوردستان و گه‌شه‌دان به زمانی فارسی.
دامه‌زراندن و په‌ره‌پێدانی قوتابخانه نوێکان له گرینگ‌ترین ئامرازه‌کانی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م بوون، له پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیدا و سیاسه‌تی گشتیی فێرکاریی نوێش به‌فارسیکردنی که‌مینه زمانییه‌کان بوو. بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دابینکردنی بودجه‌ی زیاتر بۆ دامه‌زراندنی قوتابخانه‌کان، له ناوچه غه‌یری فارسه‌کان له‌پێش چاو و مه‌به‌ستی پلاندانه‌رانی سیاسه‌تی که‌لتووری بوو؛ له‌وانه به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌زاره‌تی مه‌عاریف داواکاریی زیادکردنی بودجه‌ی 1304ی هه‌تاوی (1926) بۆ په‌ره‌پێدانی مه‌عارف؛ “ئه‌یالات و ویلایات” به تایبه‌تی له ناوچه سنوورییه‌کانی وه‌کوو ئازه‌ربایجان، خووزستان(ئه‌هواز) و کوردستان بوو.
به‌ڵگه‌کان ئاماژه‌ن بۆ گرینگیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری دامه‌زراندنی قوتابخانه‌کان و گه‌شه‌پێدانی مه‌عاریفی له پارێزگای کوردستان. وه‌زاره‌تی ناوخۆ له نامه‌گۆڕینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف له ساڵی 1307ی هه‌تاوی(1929) ئاماژه به پێویستیی دامه‌زراندنی قوتابخانه له کوردستان و به‌تایبه‌تی له ناوچه عه‌شایه‌رییه‌کانی هه‌ورامان ده‌کات. نووسینگه‌ی تایبه‌تی پاشایه‌تی له نامه‌یه‌کدا و له هه‌مان ساڵدا بۆ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف و ئه‌وقات فه‌رمان ده‌رده‌کات، که دوو قوتابخانه له سابڵاخی موکری(مه‌هاباد) دامه‌زرێت و(گورج و خێرا ئه‌م فه‌رمانه به سه‌رۆکی مه‌عاریفی ئازه‌ربایجان ڕابگه‌یه‌ندرێت، تاکوو هه‌رچی زووتره بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌نگاو هه‌ڵگرن). فه‌رمانده‌ی لیوای سه‌ربه‌خۆی خووزستانیش له نامه‌یه‌کدا بۆ سه‌رۆکایه‌تیی نووسینگه‌ی تایبه‌تیی پاشایه‌تی داواکاری گه‌شه‌پێدانی مه‌عاریف له ناوچه عه‌شایه‌ری و خێڵه‌کییه‌کانه، تاکوو (به‌زوویی زمانی فارسی له نیو عه‌شایه‌ردا په‌ره بستێنێ و ئه‌وان له‌م قۆناغ و دۆخه ده‌رچن و، له دواجاردا دواهه‌مین یادگار و پاشماوه‌ی سه‌رده‌مانی نووشوستی له‌ناو بچێت و له‌بنه‌مادا به‌هۆی دامه‌زراندنی قوتابخانه سه‌ره‌تاییه پێویسته‌کان ده‌بێ منداڵان و گه‌نجانی عه‌شایه‌ر زمانه‌که‌یان ببێت به فارسی). به سه‌رنجدان به گرینگیی بابه‌ته‌که و پێویستیی دهستوبردکردن له‌م بواره، نووسینگه‌ی تایبه‌تی پاشایه‌تیش له نامه‌یه‌کی نهێنی له ڕیکه‌وتی 21/12/1313 هه‌تاوی (1935) فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی ڕه‌زاشا به وه‌زاره‌تی باڵای مهعارید و ئه‌وقاف ڕاده‌گه‌یه‌نێت؛
به‌پێی بیراوڕای گه‌وره‌ی پیرۆز، ڕاده‌گه‌ینرێت که زیادکردنی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی له خووزستان و کوردستان واته هه‌موو ناوچه کوردنشینه‌کان له کاره هه‌ر پێویست و واجیبهکانه. ئه‌م بابه‌ته نه‌ک ته‌نها له ڕووی گه‌شه‌پێدانی مه‌عاریف و په‌روه‌رده و خوێندنه‌وه گرینگه به‌ڵکوو له ڕووی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتیمانییهکانیشهوه له بابه‌ته هه‌ره گرینگه‌کان دێته ئه‌ژمار. به‌تایبه‌تیش بڕیاریان فه‌رموو ڕابگه‌یه‌ندرێت، لانیکه‌م به هه‌مان شێواز و ڕه‌وت که له ده‌شتی گورگان گیرایه به‌ر له کوردستان و خووزستانیش ده‌بێ ئاوه‌ها بجووڵێنه‌وه.
وه‌زاره‌تی مه‌عاریفیش له وه‌ڵامدا ئاماژه ده‌کات که له ساڵه‌کانی 1313 و 1314 هه‌تاوی (1935 و 1936) بۆ گه‌شه‌پێدانی مه‌عاریف و دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی له خووزستان و کوردستان زیاتر له 320 هه‌زار تمه‌ن بودجه دابینکراوه. وه‌کوو له‌و به‌ڵگانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بینین، ده‌ستێوه‌ردان، هه‌وڵ و پێداگریی نوسینگه‌ی تایبه‌تی پاشایه‌تی و خودی ڕه‌زاشا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ، سووپا و باڵه سه‌ربازییه‌کان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی قوتابخانه‌کان له ناوچه‌گه‌لێکی وه‌کوو کوردستان نه‌ک ته‌نها نیشانده‌ری گرینگیی بابه‌ته‌که‌یه، به‌ڵکوو نیشانده‌ری ده‌ستێوه‌ردان و خۆتێهه‌ڵقورتاندنی لایه‌نه سه‌ربازییه‌کانه له بڕیاردان و پلانه که‌لتوورییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه و ئه‌مه به گوێی ئێمه‌دا ده‌دات که وه‌زاره‌تی مه‌عاریف زیاتر ڕۆڵی جێبه‌جێکاری گێڕاوه.
به سه‌رنجدان به‌مه‌ی که یه‌کێک له گرینگ‌ترین ئامانجه‌کانی گه‌شه‌پێدانی مه‌عاریف و خوێندن له ناوچه‌گه‌لێکی وه‌کوو کوردستان، گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانی گشتیی زمانی فارسیی بووه، له‌م قۆناغ و سه‌رده‌مه‌دا زیاتر سه‌رنج ده‌درایه سه‌ر دامه‌زراندن و په‌ره‌پێدانی قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کان له‌چاوه‌ی قوتابخانه ناوه‌ندییه‌کان. له هه‌موو سه‌رده‌می حوکوومه‌تی په‌هله‌ویدا ته‌نها ژماره‌یه‌کی که‌م له قوتابخانه ناوه‌ندییه‌کان دامه‌زران، ئه‌مه له حاڵێکدایه که له کۆتاییه‌کانی حوکوومه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌مدا له هه‌موو گوونده‌کان و زۆرێک له شاره‌دێکان ده‌ستیان دایه دامه‌زراندنی قوتابخانه سه‌ره‌تاییه نوێباوه‌کان. پێویسته ئاماژه‌ش به‌مه بده‌ین که له ساڵه‌کانی کۆتایی حوکوومه‌تی ڕه‌زاشادا سه‌ره‌ڕای فێرکاریی قۆناغی سه‌ره‌تایی سه‌رنجێکی تایبه‌تیش درابووه گه‌شه‌پێدانی فێرکاریی ئهکابر(گه‌وره‌کان) به ئامانجی فێرکردنی خوێندن و نوسینی و فێرکاریی تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تیی که‌سه‌کانیش. له پلانه‌کانی دیکه‌ی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م بۆ گه‌شه‌پێدان و بره‌ودانی نه‌ته‌وه‌خوازیی و زمانی فارسی، هه‌ناردنی گۆڤاری خۆڕایی و ڕۆژنامه‌کان بۆ خوێندنگاکانی ناوچه‌گه‌لێکی وه‌کوو کوردستان بوو. به‌پێی به‌ڵگه‌کان، ده‌وڵه‌ت هه‌وڵی ده‌دا گۆڤاره‌کان و ڕۆژنامه فارسییه‌کان به شێوه‌ی خۆڕایی و به‌لاش بدات به خوێندنگاکانی ئه‌م ناوچانه. له نامه‌ی سه‌رۆکی خوێندنگه‌کانی مه‌هاباد بۆ وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ له‌وه‌ی که (له سه‌ره‌تای نه‌ورۆزی ساڵی 1318 هه‌تاوی (1949) ڕۆژنامه‌ی ئێران و ئیتلاعات و گۆڤاره‌کانی دیکه نه‌گه‌یشتوونه‌ته بنکه‌ی خوێندنگه‌که) گله‌یی کردووه و داوای کردووه که ( هه‌ر وه‌کوو پێشتر ئیداره‌ی گشتیی نووسینگه‌ی خوێندنگه‌کانی په‌هله‌ویی له مه‌هاباد به ناردنی بڵاڤۆکه‌کان بخه‌نه به‌ر تیشکی سوود و قازانجی خۆیان). وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگیش له نامه‌گه‌لێک بۆ ڕۆژنامه‌کانی ئێران و ئیتلاعات، هاوکاریی له‌گه‌ڵ خوێندنگه‌ی په‌هله‌ویی له مه‌هاباد له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه به‌پێویست زانیوه و وتوویه‌تی؛
به‌تایبه‌تی باردۆخه‌که ئه‌مه ئیجاب ده‌کات و ده‌یسه‌پێنێت که هه‌ر که‌سێک و به‌تایبه‌تی به‌رپرسانی بڵاڤۆکه‌کانی وڵات که هۆگرییان به گه‌شه‌پێدانی زمانی فارسی و چڕکردنه‌وه‌ی بنه‌ماکانی نه‌ته‌وه‌سازیی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌م خوێندنگه‌یه هاوکاریی و به‌خششیان هه‌بێت. هه‌ربۆیه وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ چاوهڕانه هه‌ر وه‌کوو جاران فه‌رمان بده‌ن ڕۆژنامه بۆ ئه‌و خوێندنگه‌یه ڕه‌وانه و هه‌نارده بکرێت. ئه‌م به‌ڵگه‌یه به باشی ده‌ریده‌خات که سه‌ره‌کیترین ئامانج له ناردنی گۆڤار و ڕۆژنامه‌کان، بۆ ناوچه کوردنشینه‌کان په‌ره‌پێدانی زمانی فارسی و بووژانه‌وه و ڕه‌گئاژۆکردنی به‌ها و، بایه‌خه که‌لتوورییه‌کانی به‌رمه‌به‌ستی به‌رپرسان و به‌ڕێوه‌به‌رانی حوکوومه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م بووه و هه‌ر کرده‌یه‌ک که له به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی ئه‌م بابه‌ته کێشه و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی دروست بکردایه به توندی ڕه‌ت ده‌کرایه‌وه.
3-قه‌ده‌غه‌کردنی به‌کارهێنانی زمانی کوردی له قوتابخانه و ئیداره‌کانی کوردستان.
ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م، بۆ په‌ره‌پێدانی زمانی فارسی له ناوچه کوردنشینه‌کان ته‌نها به‌مه ڕانه‌وه‌ستا که قوتابخانه‌ی نوێ دامه‌زرێنێت و په‌ره‌ی پێ بدات، به‌ڵکوو هه‌ندێک سنووری بۆ به‌کارهێنانی زمانی کوردیش له‌م قوتابخانانه دانا و هه‌وڵیدا تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌لوێت له مامۆستا غه‌یری کورده‌کان،هیچ ناسیاوهتییهکیان له‌گه‌ڵ زمانی کوردی نییه که‌ڵک وه‌ربگرێت و دایانمه‌زرێنێت. سه‌رۆکی ئیداره‌ی ماعاریف و خوێندنی کوردستان له بڕیارێکدا له ڕێکه‌وتی 15/6/1307ی هه‌تاوی(1929) به قوتابخانه‌کان ڕاده‌گه‌یه‌نێت:-
(هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی قوتابخانه‌کان، ئه‌رکه له‌سه‌ر شانیان له به‌شی په‌ره‌پێدانی زمانی فارسی‌دا ئاگادار و وشیار بن، له قوتابخانه هه‌م مامۆستا و هه‌م قوتابی، ته‌نها و ته‌نها به زمانی فارسی قسه بکه‌ن). هه‌روه‌ها حوکوومه‌تی کوردستان له نامه‌یه‌کی نهێنیدا بۆ وه‌زاره‌تی باڵای ناوخۆ له ڕیکه‌وتی 7/12/1310ی هه‌تاوی(1932) به ئاماژه به‌مه‌ی که له کوردستان ته‌نها له قوتابخانه و ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌کان زمانی فارسی به‌کار ده‌هێنرێت ده‌نووسێت (بۆ ئه‌وه‌ی که له داهاتوودا هه‌موو خه‌ڵکه‌که پێملی ئه‌وه بن به زمانی فارسی قسه بکه‌ن، دامه‌زراندنی قوتابخانه جۆراوجۆره‌کان له ناوچه و شاره‌کان و ناردنی مامۆستا له پایته‌خت پێویسته که له ئه‌نجامی په‌روه‌رده‌یه‌کی بنه‌ماییدا، دواتر به هیچ شێوه‌یه‌ک ناسیاوه‌تییان له‌گه‌ڵ زمانی کوردی نه‌بێت). ئه‌م به‌ڵگه‌یه به‌باشی ده‌ریده‌خات؛ ئامانجی سه‌ره‌کیی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویی له دامه‌زراندنی قوتابخانه زۆروزهبهندهکان له ناوچه کوردنشینه‌کاندا نه‌ک ته‌نها په‌ره‌پێدانی زمانی فارسی به‌ڵکوو لاوازکردنی زمانی خۆجێی و ڕه‌سه‌نی خه‌ڵکه‌که‌ش بووه. هه‌روه‌ها له نامه‌ی ڕاسته‌وخۆ و نهێنیی ئیداره‌ی مه‌عاریف و ئه‌وقافی کوردستان بۆ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف له ڕێکه‌وتی 25/10/1312 هه‌تاوی(1934)به ئاماژه‌ی به‌مه‌ی که خه‌ڵکی کوردستان زمانێکی تایبه‌تیان هه‌یه و که‌متر که‌سێک به تایبه‌تی له (گوند و شاره‌دێ)کان فارسی به باشی تێده‌گه‌ن، داوا له وه‌زاره‌تی مه‌عاریف ده‌کات (به هیچ شێوه‌یه‌ک مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری کورد له قوتابخانه‌کانی کوردستان ته‌عیین نه‌کرێن و دانه‌مه‌زرێن، ئه‌وانه‌ش وا خه‌ریکی ده‌وام و ئیشن بۆ شوێن و ناوچه‌ی دیکه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بگوازرێنه‌وه). هه‌روه‌ها داوای زیادکردنی مووچه‌ی ئه‌و مامۆستا غه‌یری کورد سنه ده‌کات، وا له کوردستان ده‌وام ده‌که‌ن (تا بتوانرێت مامۆستا شایسته به‌ئه‌زموون و ته‌مه‌نداره‌کان له یه‌زد و ئیسفه‌هان و فارس و تاران بگوازرێنه‌وه بۆ کوردستان). له کۆتاییشدا هیوای ئه‌وه ده‌خوازێت (ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه سه‌رنجی بدرێتێ، هیوایه‌کی پته‌و هه‌یه که مه‌عاریف له درێژه‌ی ده ساڵدا بتوانێت ڕۆحی نه‌ته‌وه‌په‌رستی(ئێرانپه‌رستی)له ناو دانیشتووانی کوردستان ببووژێنێته‌وه و زمانی گشتیش بکات به زمانی فارسی).
یه‌کێک له فه‌رمانبه‌ره حوکوومه‌تییه‌کان که له ساڵی 1313هی هه‌تاوی(1935) بۆ لێکدانه‌وه و شیکاریی بارودۆخی سیاسی و فه‌رهه‌نگی به‌ره‌و سابڵاخ(مه‌هاباد) نێردرابوو له نامه‌ی نهێنی خۆی بۆ سه‌رۆکی تایبه‌تی نوسینگه‌ی پاشایه‌تی، پاش باسکردن له‌سه‌ر بایه‌خ و گرینگیی سیاسیی جوگرافیای ناوچه‌که ده‌نوسێت (شایسته‌یه که هه‌نگاوی جیددی له‌م ناوچه‌یه هه‌ڵبگیرێت، تاکوو دانیشتوانه‌که‌ی بههر جۆرێک بووه له‌ناو بازنه‌ی ئێرانیبوونی په‌تیدا بتوێنه‌وه، له داهاتووی به‌رده‌مدا هه‌ڕه‌شه‌ی سیاسی و ئابووری بۆ وڵات نه‌یه‌ته پێشه‌وه). بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م پلان و مه‌به‌سته داوا له وه‌زاره‌تی مه‌عاریف ده‌کات که ژماره‌ی قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کان زیاد بکات (به‌و مه‌رجه‌ی مامۆستاکان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه فارس‌زمان بن، من فه‌رمانمدا که مامۆستا کوردزمانه‌کان بگۆڕن، قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کانیش په‌ره‌یان پێ بدرێت). هه‌روه‌ها پێشنیار ده‌کات؛ تاکوو وه‌زاره‌تخانه‌کانی دیکه (هه‌م له‌م ناوچه‌یه و هه‌م له ناوچه‌کانی ئازه‌ربایجان، فه‌رمانبه‌ر و به‌رپرسی تورکزمان و کوردزمان نه‌نێرن، چوون به‌دڵنیاییه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ناوچه‌که به زمانی خۆیان قسان ده‌که‌ن و زمانی فارسی که ده‌بێت به‌پێی پێویست له نیو خه‌ڵکدا بڵاو ببێته‌وه به‌پێی پێویست و شایسته بڵاو نابێته‌وه و جێگیر نابێت). هه‌روه‌ها ئیداره‌ی مه‌عاریف و ئه‌وقافی کوردستان له ساڵی 1317هی کۆچی (1939) له دووتوێی باسکردنی ڕاپۆرت و گێڕانه‌وه‌کانی په‌یوه‌ست به جه‌ژنه ههزارینهکانی فیرده‌وسیی له شاری سنه ئاماژه ده‌کات که (له‌لایه‌ن نوێنه‌ری مه‌عاریف و دوو که‌س له ئه‌ندامانی مه‌عاریف سیمینارگهلێک له‌باره‌ی بابه‌ته‌کانی خواره‌وه به‌ڕێوه چوو؛ یه‌کێتی و سه‌ربه‌خۆیی زمان و پێویستیی نه‌هێشتن و لابردنی زمانه لاوه‌کییه‌کانی ئێران له‌وانه کوردی، لوڕی، تورکی و…). به‌ڵگه‌ی ناوبراو و به‌ڵگه‌کانی دیکه به ڕوونی ده‌ریده‌خه‌ن که یه‌کێک له گرینگ‌ترین ئه‌رکه‌کان و به‌رپرسیارێتییه‌کانی ئیداره‌ی مه‌عاریفی کوردستان هه‌وڵ بۆ یه‌کسانسازیی زمانی بووه. دامه‌زراندنی قوتابخانه جۆراوجۆره‌کان له ناوچه جیاوازه‌کانی کوردستان، دانهمزراندن و تهعییننهکردنی مامۆستا کوردزمانه‌کان، ناردنی مامۆستایانی خۆجێیی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌کانی کوردستان، زیادکردنی مووچه‌ی مامۆستا غه‌یره‌کورد و غه‌یره خۆجێییه‌کان بۆ هاندان و دنه‌دانیان بۆ نیشته‌جێبوون و وانه‌وتنه‌وه‌ی له کوردستان و به‌ڕێوه‌بردنی جه‌ژنه جۆراوجۆره‌کان و کۆڕه ئامانجداره‌کان ته‌نها به‌شێک له پلان و ستراتیژه‌کانی دوڵه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م بوون بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه.
حوکوومه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م بۆ سه‌لماندنی ئێرانیبوونی کورده‌کان، له هیچ هه‌وڵ و کرده‌وه‌یه‌ک درێخی نه‌ده‌کرد و سڵی نه‌ده‌کرده‌وه. ته‌نانه‌ت له ساڵی 1316ی هه‌تاوی (1938) (چوون له‌باره‌ی نه‌ژاد و ڕه‌گه‌زی کورده‌کان که ئێرانیی په‌تی و ڕه‌سه‌نن هه‌ندێ قسه‌وباسی نه‌شیاو هاتبووه ئاراوه)، له کابینه‌ی وه‌زیران بڕیار درا(بۆ پێش‌گرتن له شێواندنی زه‌ین و ڕای گشتی و پته‌وکردنی ڕۆحی نه‌ته‌وایه‌تی(ئێرانی‌بوون) له‌واندا) سه‌ره‌ڕای بونیاتنانی دامه‌زراوه نوێ که‌لتوورییه‌کان، کتێبگه‌ل و نامیلکه‌گه‌لێک له‌م باره‌یه‌وه که (کورده‌کان له ڕه‌گه‌ز و توخمه په‌تی و بێگه‌رده‌که‌ی ئێرانی کۆنن و به‌شیکی دانه‌بڕاوه‌ی ئه‌م وڵاته‌ن، بنووسرێت و بڵاو بکرێنه‌وه. هه‌ر بۆیه به‌پێی بڕیاری وه‌زیران، ڕێژه‌ی 50 هه‌زار ڕیاڵ له بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی سێ به‌رگ کتێب له‌باره‌ی مێژوو و نه‌ژادی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌کان له لایه‌ن به‌ڕێزان مه‌ردوخی کوردستانی و ڕههشیدی یاسیمی و پرۆفیسۆر مینورسکی)دابینکرا و پاره‌که‌یان دراوه‌تێ. به‌ڵام خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌مه‌یه که له پراکتیکدا و به‌پێی به‌ڵگه‌کان جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له نیوان هه‌ڵسوکه‌وت و ئاکاری پیاوانی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی له‌گه‌ڵ کورد، وه‌کوو یه‌کێک له زمانه ئێرانییه‌کان(به وته‌ی خۆیان!) و زمانه غه‌یری ئێرانییه‌کانی وه‌کوو تورکی و عه‌ره‌بی، بوونی نه‌بوو. حکوومه‌ت به تێڕوانینێکی سووکانهوه هه‌موو هه‌وڵی خۆی بۆ لاوازکردنی ئه‌م زمانانه خستبووه گه‌ڕ.
له حاڵێکدا له‌م به‌ڵگه‌یه‌دا که کورده‌کان وه‌کوو (توخمی ڕه‌سه‌ن و په‌تیی ئێرانی کۆن وبه‌شێکی دانه‌بڕاوه له‌م وڵاته) باسکراون، به‌ڵام له به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌دا که پێشتر باسی کرا نه‌ک ته‌نها کورده‌کان وه‌کوو (توخمه ڕه‌سه‌ن و په‌تییه ئێرانی) یه‌که باسیان لێوه نه‌کرا، به‌ڵکوو وه‌کوو دواتر باسکرا یه‌کێک له به‌رپرسان له نامه‌که‌یدا داواکاری هه‌وڵ و هه‌نگاوی جیدیی وه‌زاره‌تی مه‌عاریفه له کوردستان، بۆ تواندنه‌وه‌ی دانیشتووان و بهئێرانیکردنیان (به‌هه‌ر شێویه‌ک که ده‌لوێت) ده‌بێت. شتێکی جێگه‌ی سه‌رنجی زیاتر ئه‌وه‌یه که عه‌لی ئه‌سغه‌ری شه‌میم، له کتێبێک که له‌باره‌ی میژوو و جوگرافیای کوردستان له 1312ی هه‌تاوی (1934) نووسیویه‌تی سه‌ره‌ڕای پێداگری له‌سه‌ر ئێرانیبوونی نه‌ژادی کورده‌کان، له هه‌وڵه‌کانی وڵاتی تورکییه (بۆ گۆڕینی دابونه‌ریت و ڕه‌وشت و زمانی کورده‌کان) و (تواندنه‌وه و قه‌ڵاچۆکردن)ی کورده‌کان له ناو قه‌ومی تورک‌دا ڕه‌خنه‌ی گرتووه و شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران و شۆڕشه‌کانی خێڵه کورده‌کانی ئێراق دژی تورکییه به ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانانه ده‌زانێت (که ده‌وڵه‌تی ناوبراو له گۆڕینی ڕه‌وشت و دابونه‌ریت و زمانی کورده‌کان کردوویه‌تی، به‌تایبه‌تی که ده‌وڵه‌تی به‌رمه‌به‌ست ده‌یه‌ویست کورده‌کان پێملی قبووڵکردنی ئه‌دگار و دابونه‌ریت و ڕه‌وشت و زمانی نه‌ته‌وه‌یی تورک بکات، که هیچ جۆره لێکچوون و هاوبه‌شییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌واندا نه‌بوو). خاڵ و بابه‌ته‌کانی سه‌ره‌وه پیشانده‌ری جۆرێک لێکدژی و دژایه‌تیی له سیاسه‌ته ڕاشکاو و نهێنییه‌کانی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م له‌باره‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورده. له‌حاڵێکدا که له زۆرێک له به‌ڵگه و کتێبه بڵاوکراوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌سه‌ر ئێرانیبوونی نه‌ژادی کورده‌کان پێداگیری کرابوو و له‌و هه‌وڵانه‌ی که ده‌یانه‌ویست کورده‌کان به غه‌یری ئاریایی له‌قه‌ڵم بده‌ن ڕه‌خنه‌یان ده‌گرت، هه‌وڵگه‌لی وڵاتانێکی وه‌کوو تورکییه به ئاڕاسته‌ی گۆڕینی زمان و تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌کان ڕه‌فز ده‌کرایه‌وه، به‌ڵام له کرده‌وه و پراکتیکدا ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م وه‌کوو زۆرێک له وڵاتانی دیکه به سه‌رنجدان به بارودۆخ و پێویستییه‌کانی سه‌رده‌م و به ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی سیایی خۆی له هیچ هه‌وڵیک بۆ په‌ره‌پێدان و جێگیرکردنی زمانێکی یه‌کگرتوو و لاوازکردن و نه‌هێشتنی زمان و زاراوه ئێرانی(جگه له فارسی) و غه‌یره ئێرانییه‌کان درێخیان نه‌ده‌کرد.
ئاماده‌کردن و وه‌رگێڕان: حه‌بیب ساڵحی