“پێشەکی”
“ههورامانی” یان “ههورامی” بە کوردی. هەورامی؛ یەکێک لە زاراوەکانی زمانی کوردییە. لە بڕێک شوێن لە (ئێراق و ئێران)دا کە لە زمانی باودا بە “هەورامان” ناسراوە، قسەی پێدەکەن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم زمانە بوون و جیاکردنهوهی مێینە و نێرینەیە لە ناوەکاندا. “محەمەدی موعیین” دانەری یەکێک لە وشەدانە گرنگه فارسییهکان بە ناوی (وشەدانی موعیین لە شەش بەرگ)لە پێشەکی ئەم وشەدانەدا لەبارەی زمانی فارسییەوە ئەڵێت؛ بۆ ناسینی زیاتری زمانی “پەهلەوی” کۆن کوردیی هەورامی سەرچاوەیەکی گرنگە. پەهلەوی بە کێشێکی تایبەت وەک گۆرانی دەخوێنرایەوە، بڕێک جار پێیان دەوت؛ پەهلەوی و بڕێک جاریش اورامه، اورامن و اورامنان. ڕەنگە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە کە “اورمنان” هەر ئەو وشه فارسییەی (هەورامە نان)ی هەورامییە و لە گەڵ وشەی هەورامان یەکێکە پێویستی بە ههوڵێکی ئهوتۆ نەبێت. ههورامەنان – هورامانان = هور + امان(هاتن) + ێن – کاتی ههڵاتن یان دهرکهوتنی خۆر. هەر بەو جۆرەی کە دەڵێن؛ بەیانییان یان ئێواران. زاراوهی کوردی هەورامی بە درێژایی سەدەگهلی دوور و درێژ زمانی ئەدەبی زاڵ لە کوردستانی باشوور (لهخۆگری پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و بەشێک لە باشووری کوردستان) بووە و زۆربەی شاعیرانی کورد شێعرەکانی خۆیان بەم زمانە وتووە. کە لە نێوانیاندا دەتوانین ئاماژە بە شاعیرانی گەورەی وەک (مەولەوی کورد-تاوگۆزی)، سەیدی هەورامی، میرزا عەبدولقادری پاوەیی، بکەین. ناوی زۆربەی ئەم شاعیرانە لە کتێبی “حەدیقەی سولتانی”دا هاتووە و نمونەیەک لە شیعرەکانیانی خستۆته ڕوو. زۆربەی کتێبەکانی ئایین ئههلی حهق یان یارسانی بەم زمانە نووسراونەتەوە کە لە کۆنترین کتێبە نووسراوەکان بە زمانی کوردی بووه و هەروەها لهو دهگمهن کتێبه نووسراوانه به زمانه غهیره عهرهبییهکان له سهدهکانی سهرهتای پاش هاتنی ئیسلام ئهژمار دهکرێت. سدیقی سەفی زادە (بۆرکەیی) لە پێشەکی کتێبی “کهلتووری ماد”- بەرگی یەکەم، مێژوویەکی کورتی لە مێژووی ئەدەبیاتی هەورامی خستۆتە ڕوو.
زاراوەی هەورامی لە زمانی کوردیدا به ” ماچۆ” و لە تورکیدا به ” زازا” و لە فارسیدا به” گۆرانی” ناوی دەبرێت. ئەم زمانە زمانی شیعری بارەگای “ئەمیر ئەردەڵان” و “بابانی سلێمانی” بووه و به سواخدراوتر و بێگهردتر لە زاراوەکانی دیکەی کوردییان دهزانی. ههنووکه قزڵباش (کڵاوسوور)ەکانی تورکییا و کاکەییەکانی ئێراق و خەڵکی هەورامانی ئێران و دانیشتوانی ناوچەکانی ناوەندی زاگرۆس هەتا باشووری شاڕێی خانەقین – کرماشان، بەم زمانە قسە دەکەن. زاراوەی هەورامی لە زمانی کوردیدا؛ پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە. بەشی گەورەی ئەدەبیاتی ئەم زمانە شیعرە کە لە نەریتە نهتهوهییهکان کاریگهریی وهرگرتووه. ئامراز و ڕێگەی گواستنەوەی شیعری سهر زاری خهڵک، نەریتی زارەکییە. بەڵام ئەدەبیاتێکی نووسراویش هەیە کە پێشینەیەکی زۆری هەیە. بۆ نموونە؛ لە سەدەی دوازدەی زایینی لە سلێمانی پێستێک دۆزرایهوه کە چهند کۆپلە شێعرێک سەبارەت بە هێرشی عەرەبەکان بۆ ئێرانی لهسهر نووسرابوو. بۆ زانیاریی زیاتر دهتوانن چاو له کتێبی “کورد و وڵاتهکهی” نووسینی “درێک کینان” به وهرگێڕانی “ئیبراهیمی یونسی” بکهن. دهبێ بزانین؛ له کتێبی زهردهشتی پێغهمبهر که له خۆگری 4 گاتا( یهسنا، یهشتا، وهندیدا و ورده ئاوێستا)یه سێ بهش و گاتای به ههورامییه.
“دێرینهناسی زاراوهی هەورامی”
سەبارەت بە ناوچەی هەورامان، سەرچاوەیەکی ئهوتۆ کە بتوانێت مێژووی وردی ئەم وڵاتە لە کۆنترین چاخەکان بە خهڵکی ڕۆژگاری ئێمە بناسێنێت، لە بەردەست نییە. بەڵام چەند بەڵگەیەکی مێژوویی هەن کە نیشان دەدات هەورامان لەباری دێرینەناسییهوە جێگەیەکی تایبەتی هەیە. دۆزینەوەی بەڵگەکانی هەورامان لە ساڵەکانی سەرەتای سهدهی بیستی زایینی؛ دەکرێ وەک ڕووداوێکی سهرنجڕاکێش لەبارەی مێژوو و زمانی نهتهوهی کورد لە قەڵەم بدرێت. بەدەستهێنانی سێ قەباڵەی کۆنینە لە ناوچەی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ساڵی ١٩١٣ی زایینی له لایهن ئیلیس مینس، لە گۆڤاری موتاڵاکانی چاخی هیلینی بڵاو بوویهوه، قۆناغێکی نوێی بۆ خوێندن و توێژینەوە لە دێرینەناسی هەورامان و نهتهوهی کورد خسته بهردهم. دەتوانین تایبەتمەندییە زمانییهکان، پێوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵک پێکەوە و دین و ئایینی دانیشتوانی ناوچەکه له ڕێگهی خوێندنەوەی بەڵگە سێیانه دۆزراوهکان و لە ناوچەی هەورامانی ڕۆژههڵاتی کوردستان لێک بدهینهوه.
لێکۆڵێنەوە لە سەر ئاسەوارە کۆنەکانی هەورامان دەریدەخات؛ خەڵکی هەورامان، پێش لە هاتنی ئیسلام لە سەر ئایینی زەردەشتی بوون و هۆگر و پهیڕهوکاری ئاوێستا و مەعریفەی پیری شالیار (مەعریفەتی پیری شەهریار)بوونه. پیری شالیاری یەکەم لە ڕێبەرانی گهورهی ئایینی زەردەشت بووە و کتێبەکەشی وەک ئاوێستا بە هەورامی کۆن نووسراوەتەوە. مەعریفەی پیری شالیار، دوو بەشی هەیە کە بەشی یەکەمی سرووت و پاڕانهوەکانی زەردەشت و بەشی دووهەم کە لە ڕۆژگاری پیری شالیاری دووهەمدا نووسراوە و لەبارەی ڕێگە و شێوازی ئایینی ئیسلام و چۆنیەتی هەڵسوکەوت و قسە کردنی پێڕەوکارانیهتی. لەم کتێبەدا سرووتگهل و هۆنینهوهی ئامۆژگارانه هەیە کە دەتوانین لە نێوانیاندا وێنهسازیی و نەخشانەوەی ئەدەبێکی نوێ ببینین. لە نێو ئەم سرووتانەدا دارەکانیش وەک ئینسانهکان زیندوون و گەڵاکان و ڕیشەکان دڵ و گیانیانی ئهوانن و ڕۆژگارێک پڕ گەڵا و زیندوون و دوای ماوەیەک گەڵاکانیان دەوەرێت و دەمرن. هەروەها لە نێو ئەم سرووتانەدا لهبارهی زاوزێ و بووژانەوەی هەر بوونەوەرێک لە هاوڕەگەزی خۆی باس کراوه. دیمەنی جوان و دڵڕفێنی “هەورامان” لە گەڵ شاخە عاسییهکان و دارستانە جوانەکان و ترۆپکه پڕ بەفرەکان و دۆڵە سەرسەوزەکان، چاوی هەر بینەرێک زاخاو دەدات و نێوی “هەورامان ” مرۆڤ دەخاتە نێو گومان و بیرکردنەوەوه کە ئایا ئەم وشەیه، لە دوو بەشی (هور- امان) دروست بووە و لە زمانی سۆرانیدا بە مانای (ههڵاتنی خۆر) و دهرکهوتن و دیارکهوتنی ڕۆژه؟ یان بە مانای ئاسمانی هەوری و بارین و پەنابەری و پەناگا و قەڵای قایم و پتەوی عاسی و بهرز و بڵنده؟ زمانی هەورامی( گۆرانی)، زاراوەی جۆراوجۆری هەیە کە ئاخێوەرانی کورد ساڵانی زۆر قسەیان پێکردووە. بە پێی پۆلێنبەندی زمانی، هەورامی لە زاراوە سەرەکییەکانی گۆران و به تێکەڵنەبووترین و بێخهوشترین و کۆنترین زاراوەکانی کوردی دهناسرێ، کە سەرەڕای ئاخێوەرانێکی کەم، بەرهەمی ئەدەبی بەپێزی پێ نووسراوە و هۆنراوەتەوە.
“ناوچەکانی هەورامان”
دیارە “هەورامان” بە شێوەی گشتی ناوچەیەکی یەکدەست نییە و هێندێک لە گوند و ناوچەکانی، بە هۆی سنوورە دەستکردەکان لە یەک جیا بوونەتەوە. ناوچەکانی هەورامان لە نێوان دوو وڵاتی (ئێران و ئێراق) دابەشکراوە. بەشی زۆری هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە دابەشکاری و ناو لەسەردانانی ناوچەکانی هەورامان هاودەنگی و هاوکۆکی نییە. نووسەران و لێکۆڵەران لە بەرهەمە دانراوەکانی خۆیاندا هەورامانیان بە چەند شێوە، کە لێرەدا ڕوونی دەکەینەوە، دابەشکردووە.
“محهمهد بههائودینی مهلا ساحیب” له کتێبهکهی خۆیدا به شێوهی خوارهوه ههورامان دابهش دهکاته سهر دوو ناوچهی گهوره؛
•هەورامان تەخت.
•هەورامانی لهۆن.
بەڵام لە دابەشکارییەکی دیکەدا؛ ڕەشید هەورامی، “هەورامان” بە سهر پێنج ناوچەدا دابەشدەکات؛
•هەورامانی تەخت.
•هەورامانی شامیان.
•هەورامانی جوانڕۆ.
•هەورامانی ژاوهرۆ.
•هەورامانی لهۆن.
ناوچەکانی “هەورامان” لە دابەشکاری “محەمەد ئەمینی هەورامی” بەم شێوەی خوارەوەیە؛
•هەورامانی لهۆن.
•هەورامانی دزڵی.
•هەورامانی کەنوولە.
•هەورامانی تەخت.
•هەورامانی ڕهزاو.
•هەورامانی جوانڕۆ.
لە بارەی مێژووی ناوچەی هەورامان سەرچاوەیەکی تەواو و کامڵ لە بەردەستدا نییە، تا بتوانین ئەم مێژووە بە وردی دەستنیشان کەین و لێی بکۆڵینەوە، بەڵام لە چەند سەرچاوەدا بینراوە کە هەورامان لەباری مێژووییەوە لەچاوەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بایەخی زۆرتری پێدراوە. “توێژینەوە هەورامانناسی”یهکان لە ڕوانگەکانی زمانناسی، بیر و بڕواناسی و نهتهوهناسی لە کۆمەڵەی کوردناسیدا ئەنجام دەدرێت، لە ڕێگەی بەدەستهێنانی قەواڵەکانی هەورامان (کۆنترین بەڵگە کوردییهکان بە زمانەکانی یۆنانی و پارتی کە به زمانی ئێرانیی ناوەڕاستی باکووری، ناوزهد دهکرێت) ئهم ههورامانناسییه لە ساڵەکانی ١٩١٣-١٩١٩ گەیشت بە ترۆپکی خۆی. لە سەرەتای ساڵەکانی سهدهی بیستهمدا، یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە کەلتوورییەکانی جیهان ڕوویدا کە لە چەشنی خۆیدا وەکوو گەورەترین دەرکەوتن لە گۆڕەپانی مێژوو و زمانی “نهتهوهی کورد” لە قەڵەم دەدرێت. ئەم ڕووداوە مێژووییە بێگومان دەرکەوتنی سێ قەواڵەی کهونینه لە هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە باسەکەی لە ساڵی ١٩١٣ زایینی بە دەستی “پرۆفسور ئیلیس مینیس” لە بڵاڤۆکی موتاڵاتی چاخی هیلنیی بڵاو بوویهوە. دوای لێکۆڵینەوە گەلێکی بەردەوام کە لهبارهی ئەم بەڵگانە ئەنجامدراون، وادێتە بەرچاو کە سێیەمین قەواڵە، لە قەواڵە ناوبراوەکان کە بە زمانی ئارامی (هەورامی کۆن) دەستکاریکراو نووسراوه، وەکوو کۆنترین بەڵگەی نووسراوی دۆزراوهی زمانی کورد دەناسرێت.
“چۆنێتی دۆزرانهوهی قەواڵەکانی هەورامان”
بۆ ئهم بابهته چەندین گێڕانەوە لە دووتوێی سەرچاوە مێژووییەکان و نووسراوە زمانناسییەکاندا تۆمارکراوە کە بە کورتی دەخرێتە ڕوو. وادیارە پێش شەڕی یهكهمی جیهانیی، یەکێک لە تۆبەکارانی سەر دەستی “شێخ عەلائهدینی نەقشبەندی” بە ناوی “سۆفی عەبدوڵا” لە گوندی “بیارە” لە گوندەکانی هەورامان، شێخ ئاگادار دەکاتەوە کە پیاوێک لە سەر تاشە بەردێک لە بەرزایی لوتکەی شاخێک لە هەورامان، نیگاری پیاوێکی بینیوە کە تیرێکی بە دەستەوهیه. بە دەستووری شێخ؛ سۆفی ناوبراو ڕادەسپێردرێت کە دەورووبەری تاشە بەردی ناوبراو بگەڕێت و ههڵیکۆڵێت. پاشان سۆفی لە گەڵ چەند تۆبەکارێکی شێخ دەڕۆن بۆ لووتکەی شاخەکە. ئاڕاسته و ئاماژهی تیرەکە کە بە دەستی پیاوە نەخشاوەکە لە سەر بەردەکەیە بەرە و ئەشکەوتێک لەو دەورووبەرە ڕێنموونیان دەکات. تۆبەکارانی شێخ، پاش گەڕان لە نێو ئەشکەوتەکە گۆزەیەکی گڵی پڕ لە هەرزن ئەدۆزنەوە و بەم شێوەیە لە نێو هەرزەنەکەدا سێ توغری(مۆرکی حوکومهتی) قەواڵەی باستانی هەورامان ئەدۆزرێتەوە. ئەم بەڵگانە لای “شێخ عەلائهدین” دەپارێزرێن. لە سەرەتای سەدەی بیستدا، سهردهمێک دکتۆر “سەعیید خان کوردستانی” بۆ تیماری چاوی “عەباس قولی خان”، دەڕوات بۆ مەریوان، بەڵگە ناوبراوەکان دەدرێت بە دکتۆر سەعید. قەواڵە سێیانەییەکانی هەورامان ئێستە لە مووزەی لەندەن هەڵگیراون.
هەروەها دانەری “مێژووی مهردووخ” لەبارەی چۆنێیەتی دۆزینەوە و خوێندنەوەی ئەم قەواڵانە وا دەنووسێت؛ هەر بهو شێوهیه سێ بەڵگه؛ ئیجارەنامە لە ساڵی ١٣٢٨ کۆچی مانگی له لایهن سەید حسەین ناوێک لە شێخ عەلائهدین لە ناوچەی هەورامان لە ناو کووپەیەکی پڕ لە هەرزن دۆزراوهتەوە و دواجار قەواڵە ناوبراوەکان لە ڕێگەی “پرۆفیسۆر براون” بە دەستی پرۆفیسۆر میس؛ پسپۆڕی زمانی یۆنانی گەیشتووە. لەم بابهتهوه سی. جی. ئهدمۆندز؛ بەڕێوەبەری بهریتانییا لە ئێراق لە کتێبێک بە ناوی (کوردەکان، تورکەکان و عەرەبەکان) بەم شێوەیه باس لە چۆنێیەتی دۆزینەوەی قهواڵەکانی هەورامان دەکات؛ “سێ قەواڵەی نووسراو لە سەر پێستی ئاسک کە دوانیان بە زمانی یۆنانی و سێهەمینیان بە زمانی پارتییە، دوکتۆر سەعید خان کوردستانی لە ساڵی ١٩١٣ هێنای بۆ ئینگلیز و دوای ماوەیەک مۆزهی بهریتانییا لێی کڕی. بە وتەی دوکتۆر سەعید خان، ئەم قەواڵانە لە ئەشکەوتێک لە شاخی سالمان لە نێزیکی شاری هەورامان دۆزراوهتهوه که لە ناو گۆزەیەکی سەرداخراودا بوون”.
“شێواز، بابەت، ڕێنووس، ڕێکكەوت و زمانی قەواڵەکانی هەورامان”
هەر کام لەم قەواڵە ناوبراوانە بە پێی نەریتێکی کۆن دوو دەقی هەیە؛ دەقی یەکەم لە نیوەی سەرووی قەواڵەکە دایە و بە شێوەی توغڕایە کە بە پەتێکەوە کە لە ناوەراستی تۆمارەکە ڕەت دەبێت پێچراوەتهوه و مۆر کراوە. بەشی خوارهوهی قەواڵەکە، کراوه و هەموو کات ئامادەی بینین بووه. بابەتی قەواڵە سێیانەکانی هەورامان لەبارەی کرێی باخی مێوێکە و له ڕواڵهتدا هەر سی قەواڵەکە لەبارەی یەک باخی مێوه. هەروەها شێوەی کرێدانهکهش خۆی سرنجڕاکێشە و باس لە جۆرە موڵکدارییهکی مەرجدار دەکات. بە پێی توێژینەوەی پسپۆڕە زمانناسهکان، قهواڵەی یەکەم بە خەت و زمانی یۆنانی نووسراوە و ڕێکكەوتی دەگەڕێتهوە بۆ ساڵی ٨٧ تا ٨٨ ی پێش زایین و چاخی دەسەڵاتداری “میهردادی دووهەمی ئەشکانی”. دووەمین قەواڵەش بە خەت و زمانی یۆنانی نووسراوە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢١ بۆ ٢٢ ی پێش زایین و چاخی دەسەڵاتداری فەرهادی چوارەم کوڕی پاکووسی ئەشکانی، بەڵام سێهەمین قەواڵە بە پیتی ئارامی دەستکاریکراو نووسراوە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١١ تا ١٢ پێش زایین و چاخی ئیمپراتۆریی فەرهادی چوارەمی ئەشکانی، بە بڕوای پرۆفیسۆر کاولی قەواڵەی سێهەمی هەورامان بە زمانی پەهلەوی پارتییە لە حاڵێکدا پرۆفیسۆر مینس نێزیک له زمانی کوردی لێکیداوهتهوه.
“بەها و گرینگی قەواڵە کۆنەکانی هەورامان”
لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی هەورامان لە ڕوانگەکانی زمانناسی، مێژووی پێوەندییە کۆمەڵایەتییهکان، ئابووری و خوێندنەوەی ئایین و بڕوا کۆنەکان لە چوارچێوەی جوگرافیایی خۆرهەڵاتی ناوەراست، بە تایبەت ناوچەی هەورامانی کوردستان، شیاوی گرینگی پێدانە. ئەم قەواڵانە لایەنانێکی تاریک و ڵێڵ و نەخوێنراوەی مێژووی کورد ڕوون دەکهنهوه. هەروەها له سۆنگهی لێکۆڵینەوەکانی کوردستانناسی، دۆزینهوه و ناسینی قەواڵه کۆنهکانی هەورامان، زانیاریی و دهیتاگهلێکی زۆر سەرنجڕاکێش و بەهادار لە زمان، خەت، دین و ئایین، بڕوا و پێوەندییە کۆمەڵایەتییهکان و ئابووری وڵاتێک کە لە ڕەوتی دوور و درێژی مێژوودا، ناوی هەورامانی کوردستانی لە خۆی گرتووە، دەخاتە بەر دەست کە دەتوانین بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم دەستهاتە زۆر گرینگانە لە باڵ و لقه جۆراوجۆرەکانی خوێندنەوە لە بوارەکانی مێژوویی، پێشینەی پێوەندییە ئابوورییهکان، پێوهندییه کۆنه یاسایی و دادوهرییهکان، بڕوا دینییەکان و زمانناسی بخهینە بهر توێژینەوە و شیکردنەوە و لێکدانەوەوه.
سەرچاوەکان؛
دوکتور مەحموودی فەزیلەت – مانگنامەی کوردی رامان، ژمارەی ٦٣، ئاوریلی ٢٠٠١، وەرگێرانی وتاری هەورامان نووسراوەی عەفان موحەمەد شەریف – ڕۆژنامەی هاوشاری ژمارەی ٢١٨٩، ٢٠ گەلاوێژی ١٣٧٩، قەواڵەکانی کۆنی هەورامان نووسراوەی سۆران کوردستانی- کتێوی بەشی بایەخداریئێران لە کەلتووری جیهان بەرگی دووهەم نووسراوەی عەبدولحەمیدی نێرنووری لاپەڕەکانی ٨٠٩-٨١٨( خولی سێ بەرگی). هەر ئەو کتێبە لاپەڕەی ٤٧٤- خولی یەک بەرگی – وشەدانی کەیخودا.
ئهم بابهته له ئامادهکردنی زههرا عهزیمی به زمانی فارسی نووسراوه.
وهرگێڕان و ئامادهکردن: سپێده ساڵحی