بۆ لێکدانه‌وه‌ی بابه‌ته‌که، هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌ره‌ڕای سه‌رنجدان به زه‌مینه‌ی بابه‌ته‌که، ڕووداوه‌کان بخه‌ینه ڕیزبه‌ندییه‌کی لۆژیکییه‌وه.
“لێکدانه‌وه‌ی بابه‌ت”
بۆ لێکدانه‌وه‌ی بابه‌ته‌که، هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌ره‌ڕای سه‌رنجدان به زه‌مینه‌ی بابه‌ته‌که، ڕووداوه‌کان بخه‌ینه ڕیزبه‌ندییه‌کی لۆژیکییه‌وه. مه‌به‌ست و کاری لێکۆڵه‌ر له لێکۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی‌دا ده‌بێت “دیاریکردنی ئه‌وه‌ی وا ڕوویداوه، پێناسه‌ی ڕووداوه‌کان به‌ڕیز، شیکردنه‌وه و راڤه و شرۆڤه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م ڕوواداوانه و له ئه‌نجامدا دۆزینه‌وه‌ی یاسایه‌کی زانستی بێت تاکوو له ڕێگه‌یه‌وه بتوانێت تێبگات که ئه‌م ڕووداوانه چۆن و بۆ ڕوویانداوه. وڵاتی ئێراق پاش جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م و له پاش دابه‌شبوونی ئیمپراتۆریای عوسمانی له ژێر چه‌تری ئینگلیزدا دروست ده‌بێت. ئێراق له دوو ئیتنیکی کورد و عه‌ره‌ب پێکه‌وه ده‌نرێت که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه عه‌ره‌به‌کان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست و کورده‌کان وه‌کوو کرده‌یه‌کی شووناسخوازانه ده‌ست ده‌که‌ن به به‌رخۆدان و به‌رگری. ڕژێمی به‌عسی ئێراق له ساڵی 1968 دێته سه‌ر ده‌سه‌لات. ئه‌م ڕژێمه له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیای به‌عسی و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی بونیاد ده‌نرێت و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا سیاسه‌تی ته‌عریب و ڕاگواستن له‌هه‌مبه‌ر کورده‌کان ده‌گرێته به‌ر. له ده‌یه‌ی 1970 و 1980 دا کورده فه‌یلییه شیعه‌کان و ئێزه‌دییه‌کان ئاواره ده‌کات و ده‌یانگوازێته‌وه. له ساڵی 1974 شاری قه‌ڵادزێ قه‌ڵاچۆ ده‌کات و نێزیکه‌ی 400که‌س له خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئه‌و شاره ده‌کوژێت. پاش نسکۆی شۆڕشی ئهیلوول له ساڵی 1975دا ده‌یان گوند قه‌ڵاچۆ ده‌کات و به‌شێک له بنه‌ماڵه‌کان له‌وانه عه‌شیره‌تی بارزانی له شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ ده‌کات.
ئێستا ده‌بێت وه‌ڵامی پرسیاری لێکۆڵینه‌وه‌که بده‌ینه‌وه و پێویسته بزانین ئایا ده‌وڵه‌تی به‌عسی ئێراق هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌تێکی تۆتالیتاره یان نا؟ به‌و هۆیه‌وه که دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌سۆنگه‌ی جه‌وهه‌ر و کرۆکی بگۆڕ و له‌گۆڕانی مرۆڤ و بارودۆخی تایبه‌ت، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی بزۆز و خۆنهگرتوویان هه‌یه، (ماکس ڤیبه‌ر)؛ کۆمه‌ڵناسی ناوداری به‌ره‌و ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه هاندا تاکوو پێوه‌رێک به‌ناوی (تیپی ئایدیال-Ideal type) بۆ دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دیاری بکات که له ڕاستیدا جۆرێک پێوه‌ری تیۆریکه و نموونه و هاوشێوه‌ی له دونیای واقیعدا نییه. به‌م پێوه‌ره ده‌کرێت به شێوه‌یه‌کی وشیارانه فاکتۆرێک زیاد یان که‌م بکرێت. ئێمه شه‌ش تایبه‌تمه‌ندی که پێشتر بۆ تۆتالیتاربوونی ده‌وڵه‌تی به‌عس باسمان کرد له‌به‌رچاو ده‌گرین. ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی به‌عس فاکتۆرگه‌لێکی زیاتر یان که‌متریشی هه‌بێت له گرینگی بابه‌ته‌که که‌م ناکاته‌وه و له سۆنگه‌ی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌وه ئه‌م ده‌وڵه‌ته هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئاوه‌ها ده‌وڵه‌تێکه. ئێراقی سه‌رده‌می سه‌دام حسێن تاقه حیزبییه. حیزبی به‌عس به ئایدۆلۆژیای تایبه‌تی خۆی، جۆره ئایدۆلۆژیایه‌ک که ڕه‌گوڕیشه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ندێشه‌کانی ناسریزم و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و له هه‌مان کاتدا له که‌لتووری عه‌ره‌بی یان ده‌مامک و ڕواڵه‌تێکی ئایین و هه‌ندێجاریش له ئه‌ندێشه‌گه‌لی سۆسیالیستی به‌پێی پێویست، که‌ڵک وه‌رده‌گرێت.
ئایدۆلۆژیای به‌عس و حیزبی به‌عس و سه‌دام به‌شێوه‌یه‌ک لێک نێزیک و گونجاون وه‌ک ده‌ڵێی شتێکی یه‌کانگیر و تاقانه بن. ئه‌م سێ جه‌مسه‌ره یه‌کانگیره به یارمه‌تی یه‌کتر هه‌موو شتێک کۆنترۆڵ ده‌که‌ن، ئابووری، میدیاکان، ئاسایش و زانیاری، گاردی کۆماری، هه‌موو له ژێر فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدان. ئێراق و سه‌دام و حیزبی به‌عس هه‌ر یه‌ک شتن. که‌س نه‌یده‌توانی له ده‌ره‌وه‌ی ئاراسته و چوارچێوه‌ی به‌عس یان سه‌دام له شوێنێک له شوێنه حکوومییه‌کان دامه‌زرێت. هیچ کتێبێک که به‌دڵی سه‌دام یان به‌عس نهبووبایا چاپ نه‌ده‌کرا. هه‌ر که‌س و لایه‌نێک له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌یه‌دا بجووڵایه‌ته‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌بوو. به‌م باس و خواسه‌وه ئه‌وه‌ی که دێته زه‌ینمانه‌وه ئه‌مه‌یه که ئاوه‌ها حکوومه‌تێک، حکوومه‌تێکی یهکدهستکهرهوهیه و حیزب و ئایدۆلۆژیایه‌کی دیکه قبووڵ ناکات. ئه‌وانی دیکه‌ش ده‌بێت به‌عسی بن و هه‌موو ده‌بێت له ژێر یه‌ک ئاڵا بوه‌ستن و چالاکی بکه‌ن. ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌عسی نه‌بێت که‌واته سه‌ر به ڕه‌نگێکی دیکه‌یه و چونکه یه‌کده‌ستی و هاوشێوه‌یی تێک داوه ده‌بێ له‌ناو بچێت و بسڕدرێته‌وه و پاکتاو بکرێت. بیر و ئه‌ندێشه‌ی یه‌کده‌ستکردنه‌وه و یه‌کڕه‌نگکردنه‌وه، بیرۆکه و ئه‌ندێشه‌یه‌کی په‌یوه‌ست به سه‌رده‌مانی کۆن و خێڵه‌کییانه‌یه. لێره‌دایه پێویسته هه‌ندێ له تایبه‌تمه‌ندییه که‌ونینه و نه‌ریتییه‌کانی کۆمه‌ڵگا بیر بخه‌ینه‌وه تاکوو تایبه‌تمه‌ندی دانسقه‌ی ده‌وڵه‌تی تۆتالیتاری به‌عس ئاشکرا بکه‌ین چون له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌یه که لایه‌نێکی دیکه‌ی بابه‌ت و پرسه‌که بۆ ئێمه ڕوون ده‌بێته‌وه.
له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیدا تاک و ئه‌وانیتر(Others)ی جیاواز مانا و جێگه و پێگه‌یه‌کیان نییه و هه‌موو ئه‌ندامان ده‌بێت له خزمه‌ت به‌رژوه‌ندی و خواستی گشتیدا بن. تاک له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا ئه‌گه‌ر له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کاندا نه‌بێت یان سه‌رپێچی بکات، به تووندی سزا ده‌درێت. به وته‌ی دوورکیم ڕا و ویژدانی گشتی به‌هێزه و مافه‌کان ئازارده‌ر و چهڵهمهسازن. ئێستا با بزانین ئایا ئه‌ندێشه‌ی نه‌ریتی له‌سه‌ر حیزبی به‌عس له ئێراقدا زاڵ بووه یان نا؟ ئه‌م حیزبه تاقه حیزبی ئێراقه و حکوومه‌ت له ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و هێزهکهیدایه. سه‌دام له ڕیگه‌ی کووده‌تاوه ده‌بێت به سه‌رۆککۆماری ئێراق که شێوه‌ی ناڕه‌وای گه‌یشتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته و کووده‌تا ته‌نها له کۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌کاندا دێته ئاراوه و ته‌نهاش له‌م کۆمهڵگایانهدایه که ڕه‌وایی په‌یدا ده‌کات. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌یه که سه‌دام پێش هه‌ر شتێک پاڵپشتییه‌کی بنه‌ماڵه‌یی بۆ خۆی دروست ده‌کات. ئه‌و پشت به خۆی، کوڕه‌کانی؛ عوده‌ی و قوسه‌ی، براکانی، مامۆکانی، کوڕهمامۆکانی و له درێژه‌دا خه‌ڵکی تیکریت و ئه‌وانه‌ی که خۆی ده‌یانناسێت و هاوڕێکانی و که‌سانێک که وه‌کوو ئه‌و بیر ده‌که‌نه‌وه، ده‌به‌ستێت.
سه‌دام به ئه‌قڵییه‌تێکی نه‌ریتییه‌وه خۆی به گه‌وره و سه‌روه‌ری خێڵ ده‌زانێت. که‌سێک که بوار نادات هیچ که‌سێک ڕه‌خنه‌ی لێبگرێت و گومانی بخاته سه‌ر چوون ئاوا ئه‌گه‌ر و مافێک له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی و سونه‌تیدا هه‌ر بوونی نییه و له بنه‌مادا پیناسه نه‌کراوه.. ” ده‌ربڕینی ئه‌ندێشه له بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگای مۆدێڕنه”. هه‌ر خێڵێک بۆ خۆی هه‌ڵگر و خاوه‌نی هه‌ندێک هێما و نیشانه‌یه که له خێڵه‌کانی دیکه جودای ده‌کاته‌وه، که‌سێک که هه‌ڵگری ئه‌م هێما و نیشانانه بێت، دۆست و که‌سێک که هه‌ڵگری نه‌بێت، دۆست نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوژمنیش نه‌بیت. له حکوومه‌تی سه‌دام حسێندا شتێک به‌ناوی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات نه‌بوو. سه‌دام هه‌م ڕێبه‌ر و هه‌م یاسادانه‌ر بوو، هه‌م حاکم بوو و هه‌م چالاک، له هه‌ر بوارێک‌دا حه‌زی بکردایا. سه‌دام زۆرێک له‌و که‌سانه‌ی که وه‌کوو دوژمن ده‌یناسین و هه‌ستی ده‌کرد دۆست نین، به بێ هیچ سێ و دوو و دادگایکردنێک بڕیاری مه‌رگ و کوشتنی بۆ ده‌رده‌کردن و مه‌ودایه‌کی ئه‌وتۆ له نێوان بڕیار و جێبه‌جێکردنی بڕیاردا نه‌بوو.
هه‌ر له‌م ڕووه‌وه؛ بیروڕای یه‌کێک له نووسه‌ره‌کان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که ”حکوومه‌تی به‌عس هه‌ڵگری هه‌ندێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مۆدێڕنیته بووه جێگه‌ی سه‌رنجه”. له بنه‌ڕه‌تدا به‌پێی پێناسه، ده‌وڵه‌تێک به مۆدێڕن ناو ده‌برێت که “پانتای کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی پێناسه کردبێت و خۆی به‌رگری لێ ده‌کات”. له ئێراقی پێشوودا کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی هیچ پێگه‌یه‌کی نه‌بوو. دواتریش ده‌وڵه‌تگه‌لێکی مۆدێڕنی زۆر و زه‌به‌ند هه‌ن که که‌س ناکوژن. ئه‌مه هۆی هه‌بوونی ده‌وله‌تی مۆدێڕن نییه که ده‌ست بداته کوشت‌وبڕ به‌ڵکوو هاونه‌وایی ته‌کنه‌لۆژیای مۆدێڕن و ئه‌ندێشه‌ی نه‌ریتییه که کاره‌سات ده‌خولقێنیت. کێشه له بیرکردنه‌وه و ئایدۆلۆژیای نه‌ریتی و سونه‌تییه که ئه‌ویتر قبووڵ ناکات و کاتێک که ته‌کنه‌لۆژیا ده‌که‌وێته به‌رده‌ستی به ئاسانی ده‌توانێت ئه‌ویتر له پانتاکه بکاته ده‌ره‌وه و بیسڕێته‌وه. له ڕاستیدا له‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا، جوێبوونه‌وه‌ی که‌لتووری مادی له مه‌عنه‌وی دێته ئاراوه یان “دواکه‌وتوویی که‌لتووری”(Culture lag) ڕووده‌دات. ” کاتێک که‌لتووری مادی و مه‌عنه‌وی پێکه‌وه نه‌چنه پێشه‌وه، قه‌ڵشتێکی که‌لتووری دێته ئاراوه”. ئه‌م بابه‌ته خه‌سار و ئاسیوێکه به‌ڵام ئه‌م ئاسیو و خه‌ساره کاتێک جیدی‌تر ده‌بێته‌وه که ئه‌ندێشه‌یه‌کی نه‌ریتی، بوروکراسی و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی و ئامرازه‌کانی کووشتنی به کۆمه‌ڵ به بێ هیچ چاودێرییه‌کی به‌رته‌سککه‌ره‌وه و سنووردار ده‌گرێته ده‌ست.
هه‌ر ده‌وڵه‌تێک به بیرکردنه‌وه و کردهوهکانێتی که ڕووخسارێکی نه‌ریتی یان مۆدێڕن وه‌رده‌گرێت. هه‌ر بۆیه له تێڕوانینی ئێمه‌دا ده‌سه‌ڵات و زاڵبوونی به‌عس ناوک و کرۆکێکی نه‌ریتی و خێڵه‌کییانه‌ی هه‌یه. هه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی که “مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی” لێکۆڵه‌ر پێی وایه ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام کاریزمایه ده‌لاله‌ت بۆ ئه‌مه‌یه که ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی نه‌ریتی و سونه‌تییه. سه‌دام له‌ڕێگه‌ی کوشتن به بێ پرۆسه‌ی دادگاییکردنه‌وه‌ی که‌سه‌کان، پیشان ده‌دات که خۆی یاسادانه‌ر، دادوه‌ر و جێبه‌جێکاری یاسایه. ته‌نها له کۆمه‌ڵگایه‌کی نهریتیدایه که دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له بنه‌مادا چه‌مکێکی پێناسه‌نه‌کراو و بێ مانایه و چاودێریکردن به سه‌ر کرده‌وه‌کانی سه‌رۆکی خێڵدا بێمانایه. تا ئێره ئێمه گه‌یشتین به‌م خاڵه که له ئێراقدا، سه‌دام حسێن حکوومه‌تێکی تۆتالیتاری بونیات ناوه و ده‌سه‌ڵاتی به‌شێوه‌ی سه‌خت و نه‌رم له ژێر ده‌ستیدایه. ڕێبه‌ری حیزب و خاوه‌نی نه‌وت و پاره و ته‌کنه‌لۆژیایه. گالبرایت له کتێبی (ئاناتۆمیی ده‌سه‌ڵات) سه‌رچاوه‌کانی ده‌سه‌ڵات به سه‌ر سێ به‌شی “که‌سایه‌تی، دارایی و ڕێکخراو” دابه‌ش ده‌کات. سه‌دام هه‌ر سێ سه‌رچاوه‌که‌ی هه‌یه. واته سه‌دام خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی کاریزمایه، خاوه‌نی داهاته‌کانی نه‌وتی ئێراقه و زاڵیشه به‌سه‌ر په‌یکه‌ری ده‌وڵه‌تی ئێراقدا، هه‌ربۆیه ئێراق حکوومه‌تێکی تۆتالیتاره که تایبهتمهندیگهللی دیاریکراوی خۆی هه‌یه. ئه‌م حکوومه‌ته پێکهاتێکی بونیات ناوه که ئێمه ئاماژه به چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م پێکهاته‌یه ده‌ده‌ین:-
1-سه‌دام ته‌واوی سه‌رچاوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی له ئێراقدا له‌به‌رده‌سته.
2-پێوه‌ری مانه‌وه و باشبوونی هه‌ر که‌سێک به‌عسیبوون و هاوڕێی و هاودهنگیییهتی له‌گه‌ڵ به‌عس.
3-ده‌سه‌ڵات ناوه‌ندگه‌را و چڕکراوه‌یه و له ژێر ده‌ستی به‌عسدایه و هه‌مووان له ژێر سێبه‌ری سه‌دام دان.
4-ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، باوکسالاره و ته‌کنه‌لۆژیای مۆدێڕنیشی له‌به‌ر ده‌سته.
5-فه‌رهه‌نگی ئه‌م حکوومه‌ته بۆ خه‌ڵک و هاووڵاتییان فه‌رهه‌نگی ملکه‌چی و فهرمانههڵگرییه.
سه‌دام نه‌ک وه‌کوو ڕێبه‌ر، به‌ڵکوو وه‌کوو داهێنه‌ر و خالیق له وڵات‌دا ده‌رده‌که‌وێت و ده‌ناسرێت. ئافرێنه‌رێک که له هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یی و سیاسی و که‌لتووریی ئێراقدا، ده‌بێت هێما و نیشانه‌ی هه‌بێت. هه‌موو خه‌ڵک ده‌بێت ئه‌م ڕاستییه بزانن و به پێست و ئێسقانیانهوه هه‌ستی پێ بکه‌ن. ئاماده‌یی و سێبه‌ری سه‌دام له ته‌واوی ئێراقدا زاڵ و پهلکوتاوه. وێنه‌ی ئه‌و له هه‌موو ئیداره‌کان و په‌یکه‌ره‌ی ئه‌و له گۆڕه‌پانه‌کانی هه‌موو شاره‌کان ده‌بێت دابنرێت. نامه ده‌بوو به ناوی ئه‌وه‌وه ده‌ست پێ بکات. هه‌ر داوکاری و داخوازییه‌ک ده‌بێت ته‌نها و ته‌نها له شه‌خسی سه‌دام حسێن بێت. بۆ نموونه گۆڤاری(ڕه‌نگین) هه‌میشه له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌مدا وێنه و لێدوان و ئامۆژگارییه‌کانی سه‌دامی چاپ ده‌کرد، لاپه‌ڕه‌کانی دیکه گرینگ نه‌بوون که چ بابه‌ت و ناوه‌رۆکێکیان هه‌ڵگرتووه. به‌ڵام به هه‌موو ئه‌م هۆکارانه‌شه‌وه، سه‌دام هه‌ر ده‌ترسا. سه‌دام بۆ په‌یداکردنی ئاوه‌ها پێگه‌یه‌ک و درێژه‌دان به‌م دۆخه، هه‌ڵگری ئه‌م پێنج پله‌یه بوو؛ سه‌دامی ڕێبه‌ر، سه‌رۆککۆمار، سه‌رۆکی حیزبی به‌عس، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌کداره‌کان و سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی شۆڕش.
هه‌ر کام له‌م پلانانه به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی که سه‌دام وه‌کوو ڕێبه‌رێکی سه‌ربازیی تۆتالیتا‌ر بناسێنێت. ته‌نانه‌ت ئه‌مانه بۆ کۆنترۆڵکردنی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها لای سه‌دام به که‌م هه‌ژمار ده‌کرێن. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه ده‌بوو هه‌موو لایه‌ن و په‌نا و په‌سیوه‌کان له خوارترین ئاسته‌وه تاکوو به‌رزترینیان له ژێر کۆنترۆڵی سه‌دامدا بێت. کوڕه‌کانی متمانهپێکراوترینن. ئه‌گه‌ر بابه‌تی ته‌مه‌ن دهستوپێگیر نه‌بێت عوده‌ی و قوسه‌ی نموونه‌ی ئه‌م کوڕانه‌ن. عوده‌ی کوڕی سه‌دام؛ سه‌رۆکی ڕۆژنامه‌ی بابیل، سه‌رۆکی ڕادیۆی ده‌نگی ئێراق، سه‌رۆکی سێ که‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی، سه‌رۆکی ده‌یان هه‌فته‌نامه و گۆڤار، سه‌رۆکی سه‌ندیکای ڕاگه‌یاندن، دامه‌زرێنه‌ر و ڕێبه‌ری گیانبازانی سه‌دام و سه‌رۆکی کۆمیته‌ی وه‌رزشه.
قوسه‌ی کوڕی بچووکتری سه‌دام؛ چاودێری گاردی سه‌رۆککۆماری، سکرتێری حیزبی به‌عس و ئه‌ندامی باڵای ئیستیخباراته. عه‌لی کیمیاوی کوڕه مامی سه‌دام، له بنه‌ماڵه‌که‌ی، متمانه‌پێکراو و ده‌ستی ڕاستی سه‌دام، ژه‌نه‌ڕاڵ، ئه‌ندامی حیزبی به‌عس و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی فه‌رمانده‌یی شۆڕشه. زاوا و کوڕ و براکانی دیکه، هه‌موو ئه‌ندامانی حیزبی به‌عس و خاوه‌نی پله و پۆستی حکوومه‌تی بوون. ئه‌م حکوومه‌ته،”به‌عسیبوون”ی کردووه‌ته پێوه‌ر و پێودانگی ڕاستی و دروستی و هۆکاری جیاکردنه‌وه و دیاریکردنی (خود) له (ئه‌ویدی)یه. له نێو ئه‌ندامانی حکوومه‌ت، کورده شیعه و مه‌سیحییه‌کانیش هه‌ن. فاکتۆر و هۆکاری سه‌ره‌کی ئاماده‌یی و سه‌رکه‌وتنیان شایسته‌ییان نییه به‌ڵکوو بهعسیبوونییانه. به‌عسیبوون هۆکاری متمانه و هاوڕهنگییه. “ته‌ها محێدین مه‌عرووف” کورده، “سه‌عید سه‌حاف” شیعه و “تاریق عه‌زیز” مه‌سیحییه. تاریق عه‌زیز له هه‌مووان زیاتر جێگه‌ی متمانه‌یه چونکه بچووکترین ئاره‌زووی بۆ ده‌سه‌ڵاتداری تێدا نییه. به‌رپرسانی دیکه‌ش هه‌ر له عه‌شیره‌ته‌که‌ی سه‌دام هه‌ڵبژێردراون؛ یان تیکریتین یان خه‌ڵکی ڕهمادین. له پێکهاتی ده‌سه‌لاتی نه‌ریتی و سوونه‌تیدا شوێن و جوگرافیا ڕۆڵێکی سه‌ره‌کییان هه‌یه.
بنه‌مایه‌کی دووهه‌م که ئه‌م سیسته‌مه وه‌کوو سیسته‌مێکی نه‌ریتی خێڵه‌کییانه ده‌نوێنێته‌وه، نائاماده‌یی ژنان له سیسته‌می ئیداریی وڵاتدایه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م ژنانه هاوسه‌ر یان کچه‌کانی سه‌دام بن. کاتێک که زاوا هه‌ڵاتووه‌کانی سه‌دام له کوه‌یت گه‌ڕانه‌وه و له‌سێداره دران، که‌مترین مه‌ترسی ڕووبه‌ڕووی کچه‌کان نییه چوون له تێڕوانینی حیزبی به‌عسدا ژن به که‌سێکی بێئه‌قڵ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. پێڕستی 55 که‌سی له که‌سانی خوازراو له لایه‌ن ئه‌مریکاوه له ئێراقی پاش سه‌دام، ئه‌م قسه‌یه‌ی ئێمه پشتڕاست ده‌کاته‌وه. له‌م جۆره له حکوومه‌ته‌دا ڕه‌خنه‌گرتن قه‌ده‌غه‌یه، گومانکردن قه‌ده‌غه‌یه و بیرکردنه‌وه له هه‌ر جۆرێکی دیکه که له ده‌ره‌وی بازنه‌ی به‌عس بێت، قه‌ده‌غه‌یه. کاتێک له بۆردومانی کیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌دا، یه‌کێک له به‌رپرسه باڵاکان که ئاماژه ده‌دات به هه‌ڵسوکه‌وتی ناڕه‌وا و نادروست له کیمیاییدا، ئان‌وسات له‌سێداره ده‌درێت. پاش “ئه‌نفال” کاتێک که پیره‌پیاوێک له‌باره‌ی بێسه‌روشوێنکراوانی بنه‌ماڵه‌ی خۆی له فه‌رماندار پرسیار ده‌کات وه‌ڵام ده‌داته‌وه:- “ئێمه له تۆ بێده‌سه‌ڵاتترین، تۆ ده‌توانی پرسیار بکه‌ی به‌ڵام ئێمه ته‌نانه‌ت ناشتوانین پرسیار بکه‌ین”. کوشتن له‌م که‌لتووره‌دا بابه‌تێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره نییه، به‌ڵکوو ئه‌ویتر کوشتن ته‌نانه‌ت بۆ ڕابواردنیشه و به‌سه‌ربردنی کاته. ئه‌م حکوومه‌ته هه‌ر بوونه‌وه‌رێک که بڵێت (نا) ده‌کوژێت. ڕه‌نگه ئه‌م بابه‌ته بتوانێت به‌شێک له کوشتنی بنه‌ماڵه‌ی سه‌دام خۆی و شیعه‌کان ڕوون بکاته‌وه. تۆتالیتاریسم هه‌میشه ناڕازییه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی پهلوپۆداکوتان و پێشهڕۆیانهی هه‌یه. به‌م حاڵه‌شه‌وه سه‌دام دیسان ناڕازی بوو. له ڕوانینی ئه‌ودا ژماره‌یه‌ک لاده‌رن و هێشتا باوه‌ڕیان نه‌هێناوه. ژماره‌یه‌ک ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ڵده‌بڕن و ده‌بێ کۆنترۆڵ بکرێن. خه‌ڵک هه‌رچه‌نده دۆعا ده‌که‌ن: (اللهم احفظ صدام و عراق) به‌ڵام سه‌دام دیسان ڕازی نییه و ئارام ناگرێت، هه‌ربۆیه ده‌بێ هه‌موو شتێک بۆ ئه‌و، له خزمه‌تی ئه‌و و به‌ره‌و ئه‌و بێت. ئێراق به بێ سه‌دام بێ‌مانا ده‌رده‌که‌وێت و ده‌بێت ئه‌مه هه‌مووان بیزانن.
له بیرکردنه‌وه‌ی سه‌دامدا، پرسی کورد، سه‌رپێچیکردنی ئه‌وان له یاسا و فه‌رمانه‌کانی سه‌دام، هه‌ڵه‌یه‌ک بوو که چاوپۆشی هه‌ڵنه‌ده‌گرت. ئه‌مانه که‌مینه‌یه‌کن که “له مێژووی دامه‌زراندنی ئێراقی نوێوه و ته‌نانه‌ت زیاتر له‌وه‌ش پێشینه‌ی جیاوازنوێنی و پێکه‌وه‌هه‌ڵنه‌کردن و به‌رخۆدانێکی پێشڤهچوونانهیان هه‌یه.” ئه‌وان به جاروبار لێیان دراوه به‌ڵام هه‌ر جاره‌و تووندتر و به‌هێزتر له جاری پێشوو ده‌ستیان کردووه به به‌رخۆدان و به‌رگری. ڕه‌نگه ده‌رفه‌تێکی مێژوویی پێویست بێت تاکوو بۆ هه‌میشه ئه‌م جیاوازی و به‌رخۆدانه له‌ناوبچێت. ئه‌نفال ئه‌م ده‌رفه‌ته مێژووییه‌یه. ئه‌م بابه‌ته‌ش پیشان ده‌دات که ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال، بێپلان و پێشه‌کی نییه به‌ڵکوو درێژه‌ی پرۆژه‌ی (ئه‌ندازیاریی ڕه‌گئاژۆکردنی کوشتن) و سه‌رکوتکردنه له ئێراقدا، پاش هاتنه‌سه‌ر کاری حیزبی به‌عس و ته‌نانه‌ت پێش له‌وه‌ش. له ڕاستیدا زۆرێک له دیارده‌کان مێژوویین و بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر لێیان سه‌رنجدان به‌م مێژووه پێویسته. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا “به‌شیرییه” ده‌نووسێت:-“ڕوانگه‌ی تیۆریک و نامێژوویی له کۆمه‌ڵناسیدا کارێکی سه‌خت و ماندووکه‌ره”.
له یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێراقدا بوونی کورده‌کان وه‌کوو ئیتنیکێک قبووڵکراوه به‌ڵام ئه‌وه‌ی که خواست و ئاره‌زووی حکوومه‌تی ئێراق بوو، بێده‌نگی و ملکه‌چی گرووپه ئیتنیکییه‌کان له‌هه‌مبه‌ر حیزبی به‌عس و خودی سه‌دام بووه. ئه‌ندامێتی له به‌عسدا به مانای قبووڵکردنی ده‌سه‌ڵات و زاوته‌ی سه‌دام و هاونه‌وایی و هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و بووه. کورده‌کان دژی حکومه‌تی به‌عس و سه‌دام بوون ئه‌گینا ئه‌وان زیاتر له هه‌زار ساڵه ئیسلامیان قبوول کردووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش؛ شووناسی کورده‌کان له ئێراقی نوێ‌دا قبووڵ کراوه و فێرکاریی زمانی کوردی له‌م وڵاته‌دا ئازاد بووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش بۆچی کورده‌کانی به‌غدا ئه‌نفال ناکرێن. له به‌غدا خوێندکارانی کورد ده‌ژین و له زانکۆی موسڵ و به‌غدا، زمان و ئه‌ده‌بی کوردی ده‌خوێنرێت. فه‌رهه‌نگستانی ئه‌ده‌بی کوردی له به‌غدا چالاکه و جلوبه‌رگی کوردیش قه‌ده‌غه نییه. هه‌ر حکوومه‌تێک ده‌توانێت که‌لتوورێکی ده‌ستکرد و ساخته بۆ خۆی دروست بکات. له ڕاستیدا حکوومه‌ته‌کان یه‌کێک له دوو جۆره‌کانی که‌لتوور له‌وانه‌ی خواره‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنن.
(که‌لتووری به‌شداریکردن) و (که‌لتووری ملکه‌چی). حکوومه‌تی پلۆراڵ و چهندهنگخواز به شوێن که‌لتووری (به‌شداریکردن)ه و حکوومه‌تی تۆتالیتا‌ر به شوێن که‌لتووری (ملکه‌چی)یه. که‌لتووری به‌عس که‌لتووری دیکتاتۆری یانی به‌رهه‌مهێنان و به‌ڕێوه‌بردنی (فه‌رهه‌نگی ملکه‌چی)بوو. ئه‌م بابه‌ت و ناوه‌رۆکه هه‌م له ئه‌ندێشه‌ی نه‌ریتی و سووننه‌تی پاتریمۆنالیسم سه‌رچاوه ده‌گرێت و هه‌میش باوه‌ڕی به باوکسالاریی سیاسی، فه‌رماندان و ملکه‌چی بێ ئه‌ملاولای هۆگرانیانن. “بهقودسیکردنی ده‌سه‌ڵات و ڕهخنهههڵنهگریی، له‌ناوبردنی کێبڕکێکه‌ر له بنه‌ماکانی ئه‌م پێکهاته‌یه.” کورده‌کان به‌شوێن به‌شداری و سه‌دام به شوێن ملکه‌چکردنیان بوو. ئه‌م دیالیکتیکه‌ی ڕاگه‌یاندن بۆ بهڵێنوهرگرتنی ملکه‌چی له لایه‌ن دوڵه‌ت و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه، ساڵانێکی دوور و درێژ به تووندوتیژییه‌وه به‌رده‌وام بووه و نه‌گه‌یشتووه‌ته هیچ ئه‌نجامێک. عه‌لی کیمیایی له ساڵی 1987دا حوکمی فه‌رمانده‌یی یان له ڕاستیدا سه‌رکوتکردنی”شیمال” له سه‌دام وه‌رده‌گرێت. مانای ساده‌ی ئه‌م حوکمه ئه‌مه‌یه که هه‌رچی پێت خۆشه بیکه، چونکه هیچ که‌س لێپرسینه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ ناکات. “سه‌دام فه‌رمان ده‌دات به فه‌رمانده عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید -که به‌هۆی هۆگریی به بۆوردومان و که‌ڵکوه‌رگرتن له چه‌کی کیمیایی ناوی به عه‌لی کیمیاوی ده‌رکردووه-، تا فه‌رمانده‌یی ئه‌م تاوانانه بگرێته ئه‌ستۆ و بیباته بوار و قۆناغی جێبه‌جێکردنه‌وه…ئێستا ده‌بێت به یارمه‌تیی ته‌کنه‌لۆژیا و به بێ هیچ شایه‌تحاڵێکی ڕۆژئاوایی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه جێبه‌جی بکرێت. جۆرێک چاره‌سه‌ری کۆتایی بۆ له‌ناوبردنی پرسێک به‌ناوی پرسی کورد. ئه‌م له‌شکرکێشی و هێرشه دڕندانه‌یان له ژێر ناوی ئه‌نفالدا ناساند.
عه‌لی کیمیاوی سکرتێری یه‌که‌می شیمال(یانی کوردستان) ده‌ڵێت:- “هێزه ئه‌منییه‌کان ده‌بێت موخه‌ڕیبه‌کان له گونده موحهڕهمهکاندا ئاشکرا بکه‌ن و ده‌ریانبخه‌ن”. په‌یوه‌ندی گوندییه‌کان ده‌بێت له‌گه‌ڵ که‌سانی تێکده‌ر و خراوکار بپچڕێت…به ئامانجی کوشتن ته‌قه‌یان لێ بکه‌ن و هێزی ئاسمانی بۆردومانی شه‌وانه و ڕۆژانه‌ی ناوچه‌کان به شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی(Random) ده‌ست پێ بکات. ئامانج له‌مه قه‌تڵوعام و له‌ناوبردنی زیاتری دانیشتووانه و دیسان ده‌ڵێت:- “هه‌موو ده‌ستبه‌سه‌رکراوه‌کان دوای وه‌رگرتنی زانیاری و به‌تایبه‌ت که‌سانی نێوان 15 بۆ 70 ساڵ ته‌مه‌ن، له‌سێداره بده‌ن”.
ئه‌وان له ڕووی ئه‌منییه‌وه ناوچه‌گه‌لێک پۆلێنبه‌ندی ده‌که‌ن. “ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان(موحه‌ڕه‌مه)” له‌خۆگری هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌یه که له ژێر کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تدا نییه. لێره به‌دواوه له هه‌ر شوێنێک ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و سه‌دام نییه، ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌کراوه و فرمانه‌کان تێیدا جێبه‌جێ ده‌کرێن؛ هه‌ڵبه‌ت به شێوه و تێگه‌یشتن و له‌ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌وه. عه‌لی کیمیاوی ده‌ڵێت:- “من حه‌ز ده‌که‌م به شۆڤڵ بیانخه‌مه ژێر خاکه‌وه”. ئه‌م ئهویدیکوژییه، په‌شیمانی و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی بۆ نییه. عیزه‌ت ئه‌لدوری له ساڵی 1991دا ده‌ڵێت:- (ئه‌ی کورده‌کان با به بیرتان بهێنینه‌وه که ئێمه ئاماده‌ین ئۆپه‌راسیۆنی پێشوو دووباره بکه‌ینه‌وه). عه‌لی کیمیاوی له جێگه‌یه‌کی دیکه‌دا ده‌ڵێت:- “ئێمه ده‌مانه‌وێت کورده‌کان به چه‌کی کیمیاوی له‌ناو ببه‌ین، که‌سیش ناتوانێت هیچ بڵێت. ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان؟…”ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و ئه‌وانه‌ی که گوێ بۆ قسه ده‌گرن؟”
ساڵی 1988 ترۆپکی ده‌رکه‌وتن و مانیفێستکردنی ئاشکرای دیارده‌ی ئه‌نفاله. پێشتر به‌پێی نامه‌یه‌کی نهێنی به ژماره‌ی 4686/28 له به‌رواری 29/6/1985 ئاوه‌ها فرمانێک ده‌رکراوه که له‌م ناوچانه‌دا بنه‌ماکانی خۆراک و خوارده‌مه‌نی له‌ناو ببه‌ن جگه له‌وانه‌ی که مۆڵه‌تیان هه‌یه، گواستنه‌وه‌ی کاڵاکان له پارێزگایه‌که‌وه بۆ پارێزگایه‌کی دیکه قه‌ده‌غه بکه‌ن، پێشگری بکه‌ن له گه‌یشتنی خۆراک و خوارده‌مه‌نی به ده‌ستی خراپکاران و تێکده‌ران. خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و گوندانه‌ی که له‌گه‌ڵ تێکده‌ران و خراپه‌کاراندا هاوکاری ده‌که‌ن ڕابگرن، له گواستنه‌وه و کڕین و فرۆشتن بۆ ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان پێشگری بکه‌ن و له فرمانێکدا ده‌ڵێت:- “په‌یوه‌ندیی که‌سانی پله دوو له‌گه‌ڵ تێکده‌ران بپچڕێنن. به هه‌مان شێوه که هێڵی ته‌له‌فۆنه‌کانیان ده‌پچڕێنن”.
له جێبه‌جێکردنی فرمانه‌که‌دا پێشوه‌خت “ئه‌م ناوچانه به ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌کراو،(المنگقه المحژوره یا منگقه المحرمه) ناو ده‌بات. دواتر فرمان ده‌رده‌کرێت که ئاو، کاره‌با، سیسته‌می گواستنه‌وه و پێداویستییه‌کانی تری گونده‌کان ڕابگیرێت. له‌م قۆناغه‌دا خه‌ڵکی گونده‌کان به‌شێوه‌ی یاسایی و ئیداری سه‌رکوت ده‌کرێن. خه‌ڵکی گونده‌کانی ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان پاش ئۆپه‌راسیۆنه‌که مافی یاسایی کڕین و فرۆشتنیان نامێنێت. ته‌نها چه‌ند حه‌وته پاش ده‌ستپێکردنی ئۆپه‌راسیۆن، گونده‌کان چۆڵ ده‌کرێن و له شوێن و نیشتنگه‌ی نوێ‌دا له ژێر ناوی موجتهمهعهکان نیشته‌جێ ده‌کرێن. عه‌لی کیمیاوی ده‌ڵێت:- ئه‌گه‌ر ئاوه‌ها نه‌که‌ین، تێكده‌ری و خراپه‌کاری ملیۆنان ساڵ درێژه‌ی ده‌بێت”.
ئه‌نفال ئهندازیاریکردنێکی کوشتنی به‌کۆمه‌ڵه. پرۆژه‌یه‌ک که له خۆگری سێ قۆناغی پێکه‌وه‌گرێدراوه:-
1-پێناسه‌کردن(ناساندن)ی ناوچه (definition)
2-ده‌ستبه‌سه‌رکردن(Concentration-Seizure)
3-قه‌تڵوعامAnnihilation
واته له قۆناغی یه‌که‌مدا ناوچه‌ی ئۆپه‌راسیۆن دیاری ده‌کرێت، له قۆناغی دواتردا ئه‌م ناوچه‌یه گه‌مارۆ ده‌درێت و هێرشی ده‌کرێته سه‌ر و له قۆناغی سێهه‌میشدا هه‌موو ئاسه‌واره مرۆیی و که‌لتوورییه‌کانیان و ته‌نانه‌ت په‌ز و پۆڵه و ئاژه‌ڵه کێوییه‌کانی ناوچه‌که ده‌که‌ونه به‌ر هێرش و قڕانکردن. له ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالدا فهرماندهگهلێکی وه‌کوو سوڵتان هاشم، عادل خه‌لیل زه‌کی و هێزه‌کانی به‌رگری نیشتیمانی، کورده جاشه‌کان، هێزه‌کانی تایبه‌ت، هێزی فریاکه‌وتن، هێزی گارد، هێزی ئاسمانی، هێزی به‌رگریی سه‌رۆککۆماری و هێزه‌کانی زانیاری و ئیستیخبارات به‌شدار بوون. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه که زیاتر له ساڵی 1988 جێبه‌جێ کرا له هه‌شت قۆناغی یه‌ک له دوای یه‌کدا له ناوچه زیاتر گوندییه‌کانی باشووری کوردستان به‌شێوه‌ی خواره‌وه جێبه‌جێ کرا؛
“قۆناغی یه‌که‌می ئۆپه‌راسیۆن”
ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه ناوچه و دۆڵی جافایه‌تی له 23ی فێڤرییه‌وه تاکوو 19ی مارسی 1988 له‌خۆ ده‌گرێت. ئۆپه‌راسیۆن له ناوچه‌ی سوورداش، بنگرد، ماوه‌ت، قه‌یوان، وڵاخلوو، سه‌رگه‌ڵوو، به‌رگه‌ڵوو، هه‌ڵه‌دن، مالوومه، یاخسه‌مه‌ر، گه‌وره‌دێ، گه‌ڵاڵه و گۆمهزل جێبه‌جێ کرا. پاش یه‌که‌مین قۆناغی ئه‌نفاله که هێرشی کیمیاویش ده‌کرێته سه‌ر هه‌ڵه‌بجه. له بۆردومانی هه‌ڵه‌بجه‌دا چاودێری مافی مرۆڤ ناوی 3200کوژراو ده‌خاته ڕوو، به‌ڵام زۆربه‌ی ئاماره‌کان له ژماره‌یه‌ک له نێوان 5 بۆ 7 هه‌زار قوربانی ده‌دوێن.
“قۆناغی دووهه‌می ئه‌نفال”
ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه به هێرشی کیمیاوی بۆ سه‌ر گوندی سێوسێنان ده‌ستی پێ‌کرد. به‌ڵام ئۆپه‌راسیۆنه‌که زیاتر له ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ جێبه‌جێ ده‌کرێت و له 22ی مارسه‌وه تاکوو 1 ئه‌ڤریل درێژه‌ی ده‌بێت و ناوچهگهل و گونده‌کانی گۆمه‌زه‌رد، سه‌گرمه، جافراوا، قه‌ره‌داغ، کۆشکی سوور و ته‌کیه له‌خۆ ده‌گرێت.
“قۆناغی سێیه‌می ئۆپه‌راسیۆن”
قۆناغی سێهه‌می ئۆپه‌راسیۆن له ناوچه‌ی گه‌رمیان جێبه‌جێ ده‌کرێت و ناوچه‌کانی له‌یلان و چه‌مچه‌ماڵ و گونده‌کانی تالیبان، سه‌نگاو، پونگڵه، درۆزنه، چارمگ، قادرکه‌ره‌م، تازه‌شار، عه‌زیز قادر، ئیبرائیم غوڵام و کوڵه‌جۆ له‌خۆ ده‌گرێت. له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا 100 هه‌زار که‌س له دانیشتوانی ناوچه‌ی گه‌رمیان له‌ناو ده‌برێن.
“قۆناغی چواره‌می ئۆپه‌راسیۆن”
قۆناغی چواره‌می ئۆپه‌راسیۆن له که‌رکووک و کۆیه جێبه‌جێ ده‌کرێت و ناوچه‌ی شوان، شێخ زێنی، نراگین، سێگردهکان، کانی ڕه‌ش، سه‌رچنار، قه‌ره‌ناو و قه‌سرۆک له خۆ ده‌گرێت.
“قۆناغه‌کانی پێنجه‌م، شه‌شه‌م و حه‌وته‌می ئۆپه‌راسیۆن”
که له دوو ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی و باڵه‌کایه‌تی جێبه‌جێ ده‌کرێت
“قۆناغی هه‌شته‌می ئۆپه‌راسیۆن”
که له ناوچه‌ی بادینان جێبه‌جێ ده‌کرێت.
له‌م ئۆپه‌راسیۆنه گه‌وره‌یه‌دا له هه‌لیکۆپته‌ر، جێتی میگ و سۆخۆی ڕووسی و چه‌کی کوشنده‌ی کیمیاوی که‌ڵک وه‌رده‌گیرێت. له‌م نێواندا هه‌ر بوونه‌وه‌رێک چ ئینسان و چ ئاژه‌ڵ، ده‌کرێت به ئامانج. هه‌ر که‌س ده‌کوژرێت ده‌کوژرێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێت. پاش ده‌سبه‌سه‌رکردن دوو جۆر جیاکردنه‌وه و هه‌ڵاواردن دێته ئاراوه. هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و ته‌مه‌نی. که‌سانی خواره‌وه‌ی 15 ساڵ و سه‌ره‌وه‌ی 75 ساڵ ئازاد ده‌کرێن و ئه‌وانی دیکه ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ئۆردگاکانی ناو بیابان و ناوچه هاوسنوورییه‌کانی ئێراق و ئۆرده‌ن و ئێراق و عه‌ره‌بستانی سه‌عوودیا. ئۆردووگاکانی تۆپزاوا، دوبز و نوگره سه‌لمان له خراپترین و به‌دناوترینی ئه‌م ئۆردووگایانه بوون. له‌وێدا پیاوه‌کان ده‌درانه به‌ر ده‌ستڕێژ و پاشان به شۆڤڵ ده‌کران به ژێر خۆڵه‌وه و ژنان به که‌نیزه‌ک ده‌بران و کۆیله ده‌کران. “له کۆتایی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا وه‌ها خه‌مڵا که نێزیکه‌ی 150 بۆ 200 هه‌زار که‌س له‌ناوبراون و لانیکه‌م5/1 ملیۆن که‌س له شارۆچکه نوێکاندا نیشته‌جێ کران، له جوولای ساڵی 1988، 4500 کیلۆمه‌تر له 7500 کیلۆمه‌تر خاکی باشووری کوردستان قه‌ڵاچۆ کرابوو.
ئۆپه‌راسیۆنه بهدناوکهی ئه‌نفال به قه‌ڵاچۆکردنی ناوچه گوندییه‌کانی کوردستان و له‌ناوبردنی 4000 گوند، 1757 قوتابخانه، 245 مزگه‌وت و 271 نه‌خۆشخانه و ناوه‌ندی ته‌ندروستی و پزیشکی هاته ئه‌نجامدان و به‌گشتی ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌رکه‌وتوو دژی هێزه کوردییه‌کان بوو. بابه‌ته‌که هه‌ر به‌مه‌وه ناوه‌ستێته‌وه و له یه‌کێک له به‌ڵگه‌نامه به‌جێماوه‌کاندا ناوی 19 کچی کورد هاتووه که به وته‌ی به‌عس بۆ ته‌مبێکردن و بهپهندکردنی کورده‌کان ناردوویانن بۆ یانه‌ی شه‌وانه‌کانی وڵاتی میسر. عه‌لی کیمیاوی له‌و کاته‌دا گوتبووی:- ” چاوه‌ڕوانن من زیندوو و گه‌ش و شاد بیانبینم…نه‌خێر، من به شۆڤڵ ده‌یانکه‌م به‌ژێر گڵه‌وه”.
تا ئێره ڕوون بوویه‌وه که بۆچی له‌م ناوچه‌ی جوگرافییه‌دا خه‌ڵک ئه‌نفال ده‌کرێن. هه‌روه‌ها که ده‌بینین که‌سه‌کان ده‌ناسران، ده‌سبه‌سه‌ر ده‌کران و دواتر قه‌تڵوعام ده‌کران، به‌ڵام ئه‌م جوگرافیایه هێشتا کێشه‌که چاره‌سه‌ر ناکات، چون که‌سانی دیکه‌ش هه‌ن که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که نایهکدهستن به‌ڵام له ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی به‌عسدان، هه‌ربۆیه عه‌لی کیمیاوی فرمان ده‌رده‌کات که بنه‌ماڵه‌ی تێکده‌ران و یاخییه‌کانی ناوچه‌کانی دیکه‌ش بناسرێن، ده‌ست به‌سه‌ر بکرێن و پاش گواستنه‌وه بۆ ناوچه‌ی جوگرافیی پلانی ئه‌نفال، ئه‌وانیش قه‌تڵوعام بکرێن. به‌م شێوه‌یه ڕژێمی به‌عس پیوه‌رێک داده‌هێنێت که له ڕێگه‌یه‌وه سه‌دان هه‌زار که‌س ده‌کوژرێن. ئه‌وانه‌ی که کوژران بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جیاواز و ئه‌خلاقێکی جیاوازیان هه‌بوو و نه‌یانده‌توانی قبووڵ که‌ن که به‌ڵێن بده‌ن به به‌عس و سه‌دام. ئه‌وانه‌ش که هۆکار و بکه‌ری جێبه‌جێکاری ئه‌م ئۆپه‌راسینه بوون به ئایدۆلۆژیاوه ئاماده‌بوون بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه و وایان بیر ده‌کرده‌وه که قه‌تڵوعامی خه‌ڵک کارێکی ڕه‌وا و ئه‌رکێکی حیزبی، نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه. ئیستالین سه‌رده‌مێک گوتبووی:” تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ر بهلشویکێک ده‌بێت ئه‌مه بێت که بتوانێت لانیکه‌م یه‌ک دوژمنی حیزبی له هه‌ر چوارچێوه‌یه‌کدا بووبێت، بناسێنێت”.
“ئه‌نجامگیری”
ده‌وڵه‌تی سه‌دام له ئێراقدا به‌شێوه‌یه‌کی نایاسایی حکوومه‌ت ده‌گرێته ده‌ست و داگیری ده‌کات. له هه‌مان سه‌ره‌تاوه و هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌وڵه‌تێکی تۆتالیته‌ر داده‌مه‌زرێنیت و هه‌موو دژبه‌ران و دوژمنانی خۆی له‌ناو ده‌بات. له ساڵی 1988 ئۆپه‌راسیۆنی کوشنده و دڕنده‌ی ئه‌نفال به بیرکردنه‌وه‌یه‌کی خێڵه‌کییانه و ته‌کنه‌لۆژیای مۆدێڕن وه‌کوو به‌کارهێنانی فڕۆکه و چه‌کی کیمیاوی ئه‌نجام ده‌دات که به هۆیه‌وه هه‌زاران گوند وێران بوون و سه‌دان هه‌زار ئینسان کوژران و بریندار و بێسه‌روشوێن و بێ لانه‌و بوون. له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا سیسته‌می ئاژه‌ڵداری و کشتوکاڵ له‌ناو ده‌چێت، پیاوان قه‌تڵوعام ده‌کرێن، هه‌زارن که‌س سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و ئه‌وانی دیکه له موجتهمهعهکاندا نیشته‌جێ ده‌کرێن. هیچ ناوێکی دیکه ناکرێت له‌م ئۆپه‌راسیۆنه بنرێت جگه له ژینۆساید و پاکتاوکردن. ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاته له هه‌موو دونیادا. ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له ڕێگه‌ی یاساوه سنووری بۆ دانه‌نرێت، به‌دواداهاتی مه‌ترسیداری بۆ کۆمه‌ڵگا ده‌بێت. هه‌ر حکوومه‌تێکی تۆتالیتا‌ر تۆقێنه‌ره. ئه‌گه‌ر له پێکگه‌یشتن و گرێدانێکی مێژوویی‌دا حکوومه‌تێکی تۆتالیتا‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی نه‌ریتی و ته‌کنه‌لۆژیای مۆدێڕن پێک بگه‌ن، تێچوو و بهدواداهاتێکی زۆری له‌سه‌ر دژبه‌رانی خۆی ده‌سه‌پینێت. ده‌وڵه‌ت له زات و هه‌ناوی خۆیدا ده‌سه‌ڵاتێکی زۆری هه‌یه و له ده‌وڵه‌تی تۆتالیتاردا هه‌موو میکانیزمه‌کانی کۆنترۆڵ و چاودێریی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، له‌کار ده‌که‌ون و ده‌وه‌ستن.
ده‌وڵه‌ت خۆی سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و هیزێکی سه‌رسووڕهێنه‌ره و ئه‌گه‌ر میکانیزم و ڕێگه‌یه‌ک بۆ کۆنترۆڵی له‌ئارادا نه‌بێت زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێت. ڕێبه‌ره‌کان له حکوومه‌تی تۆتالیتاردا هه‌موو له‌مپه‌ره‌کان بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌وڵتیان له‌ناو بردووه. هه‌ربۆیه دژبه‌رانی خۆی به ئاسانی له پانتاکه ده‌سڕێته‌وه و له‌ناویان ده‌بات، به بێ ئه‌وه‌ی نیگه‌ران بێت له به‌دواداهاتی کرده‌وه‌کانی خۆی. هێز و ده‌سه‌ڵاتیان به تهکنهلۆژیاگهلی نوێوه چه‌ند قات زیاتر ده‌بێت. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به بێ میکانیزم و ڕێگه‌ی کۆنترۆڵکردنی بێت، مه‌ترسیداره و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی تۆتالیتا‌ر به ئه‌ندێشه‌ی نه‌ریتی و ته‌کنه‌لۆژیای نوێوه ئهنفالساز ده‌بێت. ده‌وڵه‌تی تۆتالیتا‌ر زیاتر سه‌رنجی به‌ره‌و دوژمنی ناوخۆیه و له حاڵه‌تی پێناسه‌کردنی ئاوه‌ها دوژمنێکدا له‌ناوی ده‌بات. حکوومه‌تی به‌عسی ئێراق له پرۆسه و ڕه‌وتێکی مێژوویی‌دا هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هیزی مۆنۆپۆل کرد و ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تۆتالیتارانه‌ی وه‌رگرت و دوژمنان و دژبه‌رانی یه‌ک له دوای یه‌ک له‌ناو برد. حکوومه‌ته ڕههاخوازهکان تایبه‌تمه‌ندییه‌کی پێشڤهچوونانهیان هه‌یه و که‌لتووری ملکه‌چی و “به‌ڵی قوربان” په‌ره پێده‌ده‌ن. هه‌ر که‌س یان گرووپێکی دیکه ئه‌گه‌ر له که‌لتووری ئه‌م ده‌وڵه‌ته پێڕه‌وی نه‌کات، ده‌وڵه‌تێک که ئه‌گه‌ر توانایی هه‌بێت و یاسایه‌کی ناوخۆیی یان چاودێرێکی ده‌ره‌وه کۆنترۆڵی نه‌کات، له‌ناوده‌چێت و ده‌پلیشێته‌وه.
سه‌رچاوه: فصلنامهی علوم اجتماعی، سال 25، شماری 70، پائیز 1394
نووسین: د.حسه‌ین محه‌مه‌دزاده؛ مامۆستای کۆمه‌ڵناسی
وه‌رگێڕانی: موحسین عه‌لیڕه‌زایی-تاران